هه‌واڵ / جیهان

درەو: دەنگی ئەمریكا سەرەڕای دژایەتییەکی بەرچاوی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو بەڕێوەچوو و تیایدا جۆو بایدن سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دۆناڵد ترەمپ بە نیازە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 20 ی مانگی 1 کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت. ئەویش هەمان ڕێچکەی هەمو سەرۆکەکانی پێش خۆی دەگرێتەبەر. هەتا ئێستا لە مێژووی ئەمەریکادا ڕووینەداوە هیچ سەرۆکێک ئامادە نەبێت دەسەڵات ڕادەستی جێگرەوەکەی بکات. بەڵام ئایا چی ڕوودەدات ئەگەر دەسەڵات ڕادەست نەکات؟ براین کاڵت پرۆفیسۆری یاسا لە زانکۆی مشیگەن دەڵێت " ئامانجی سەرەکی لە داڕشتنی سیستمەکەمان ئەوە بوو پاشایەکمان نەبێت کە ماوەیەکی نادیاری هەبێت. خولی سەرۆکایەتی چوارساڵە، ئەگەر جارێکی تر هەڵبژێردرێتەوە، زۆرباشە، بەڵام ئەگەر نا، ئەوا دەڕوات." دەستور، یاسای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەڵێت دەبێت سەرۆک " لە ماوەی خولێکی چوارساڵیدا دەتوانێت دەسەڵاتی بگرێتە دەست." کاڵت گوتیشی " بەندی 20 ی دەستور ئەوە ڕادەگەیەنێت کە دەسەڵاتەکانی لە کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆی 20 ی مانگی 1 تەواو دەبێت کاتێک سەرۆکی نوێ سوێندی یاسایی دەخوات و ئەو کەسەی تر ئیدی سەرۆک نامێنێت". چی ڕوودەدات ئەگەر سەرۆکێک ئامادە نەبێت کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت؟ مێژووناس بروس کەکلیک دەڵێت " پاش ئەوەی سەرۆکی نوێ سوێندی یاسایی دەخوات، ئەو تەلەفۆن بۆ هێزی تایبەت یان لەشکر دەکات سەرۆکی کۆن لە کۆشکی سپی دەربکەن." جگە لەوەش داگیکردنی کۆشکی سپی کەسێک ناکات بە سەرۆک. کەیت ماسور یاریدەدەری پرۆفیسۆری مێژوو لە زانکۆی Northwestren دەڵێت " ئەوەی کە دەتکات بە سەرۆک سوێندخواردنی یاساییە وەکو سەرۆکی ئەمەریکا لە ئەنجامی ئەو بڕیارانەی کە کێ هەڵبژاردنی بردۆتەوە. دەستوری ئەمەریکا هیچ شتێکی وای تیا نییە کە بڵێت دەبێت سەرۆک لە کۆشکی سپی بیت." کاربەدەستەکانی سەرتاپای حکومەت گرنگن بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە. بەشێکی زۆری کارمەندانی حکومی، لە ناویاندا ئەوانەش کە لە ناو هێزەکانی لەشکریدان، پاسەوانانی تایبەتی سەرۆک و FBIسوێندی یاسایی دەخۆن بۆ بەرگری کردن لە دەستور، ئەمەش مانای ئەوەیە، دەبێت دانبنێن بە براوی دەنگی نوێنەران. ماسور دەڵێت " دەستور ئاماژە بە نوێنەرانی هەڵبژاردن دەکات، و ئەوە دیاری دەکات چۆن سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێردرێت. و ئەگەر ئامادە نەبیت بۆ هاوکاری کردنی ئەو کڵێشەیەی کە لە دەستوردا هاتووە بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆک، ئەوا تۆ سەرپێچی سوێندە یاساییەکەت دەکەیت." مێژووناس کەکلیک دەڵێت قورسایی نەریتی سیاسی و ڕای گشتی لەوەدایە ڕێگری دەکات کە سەرۆکەکانی ئەمەریکا لە کاتی خۆیان زیاتر بمێننەوە. کەکلیک دەڵێت نەریتە دیموکراسییەکانی وەکو هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا و گواستنەوەی دەسەڵاتی ئاشتیانە گرنگن بۆ ئەوەی ئەمەریکاییەکان چۆن خۆیان دەبینن. و ئەم نەریتی ڕێزگرتنانە شتێک نین کە بە ئاسانی ڕێگە بدرێت نەمێنن. ئەو دەشڵێت " ئەگەر تۆ ئەمەریکاییەک بیت، هەر لەو کاتەوەی کە دەچیتە باخچەی ساوایان گوێت لەو چیرۆکانە دەبێت کە ئەمەریکا چۆن بەڕێوە دەچێت و چ جۆرە دەستورێکی دیموکراسی هەیە. و لە ژیانی خۆتدا دەبینیت سەرۆکەکان دەڕۆن و دەسەڵات بەجێدەهێڵن، ئەمە هەموی بەشێکن لە پلانو شکۆمەندی ئەم دەستورە."


درەو: كاتی دووركەوتنەوەی دۆناڵد ترەمپ‌و تیمەكەی لە دەسەڵات‌و حوكمی ئەمریكا زۆری نەماوەو كاتی ئەوەیە جانتاو كەلوپەلەكانی بپێچێتەوەو بە شێوەیەكی ئاشتیانە لە كۆشكی سپی بچێتە دەرەوە‌و كلیلەكانی بداتە دەست جۆ بایدنی سەرۆكی هەڵبژێردراو, هەرچەندە ترەمپ لە چەندین لێدواندا جەختیی دەكردەوە كە ساختەكاری لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا كراوەو ئەو براوەی هەڵبژاردنەكەیە. پێنج رۆژی تر مەراسیمی دەستبەكاربوونی بایدن وەك چلو شەشەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت‌و ترەمپ‌و تیمەكەی لەم ماوەیەدا كۆشكی سپی چۆڵ دەكەن‌و شوێنەكە ئامادەدەكرێت بۆ سەرۆكی نوێ‌ كە لانی كەم چوار ساڵ تێیدا دەمێنێتەوە ئەگەر زیاتر نەبێت. چۆڵكردنی كۆشك دەستیپێكردووە بەیانی رۆژی چوارشەممە 13ی كانونی دووەمی 2021ەوە ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبیل گەیشتنە كۆشكی سپی‌و پرۆسەی رۆیشتنی ترەمپ‌و خێزانەكەی لە كۆشكی سەرۆكایەتی دەستیپێكرد, هەر زوو وێنەی چەندین سندوق‌و كارتۆنی بەتاڵ گەیەنرانە كۆشكی سپی‌و رادەستی بینای نوسینگەی جێبەجێكاری ئایزنهاوەر كران, ئەو شوێنەی كە ئیدارەی بایدن لە ئێستاوە تا هەفتەیەكی تر‌و رۆژی 20 كانون تێیدا دەستبەكاردەبن. چەند دیمەنێكی تریش كە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردنەوە دەریدەخەن كە چەندین كەس سندوق‌و كەلوپەلی تریان لە كۆشكی سەرۆكایەتی دەگواستەوە‌و ئەوەش سەلمێنەری ئەوە بوو كە رۆیشتنی ترەمپ و تیمەكەی لە كۆشكی سپی بەفیعلی دەستیپێكردووە. لە دیمەنێكی تردا كە بڵاوكرایەوە, پیتەر ناڤارۆ راوێژكاری كۆشكی سپی بۆ بازرگانی بۆ بازرگانی بەشی خۆرئاوای كۆشكی سپی بەجێدەهێڵێت‌و وێنەیەكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاو شی جین بین سەرۆكی چینی هەڵگرتووە كە لە واشنتۆن گیراوە. ناڤارۆ یەكێك بوو لەو بەرپرسانەی كە جەختیدەكردەوە لەوەی كە ترەمپ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردووەتەوەو ئامادەنەبوو دان بە بردنەوەی ركابەری دیموكراتەكەی جۆ بایدندا بنێت. هەڵمەتێكی پاككرنەوەی بەرفراوان‌و گران هەمیشە پرۆسەی دەرچوونی سەرۆكی ماوە كۆتایی پێهاتوو لە كۆشكی سپی‌و هاتنی سەرۆكی نوێ‌ بە خێراییو لە پشتی پەردەوە بەڕێوەدەچێت, بەڵام ئەم ساڵ پرۆسەكە جیاوازە, گۆڕینی سەرۆكایەتی بە واتای دووبارە رێكخستنەوەی كۆشكی سپی دێت‌و كەلوپەلی نوێ دەهێنرێتە كۆشكەكەو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناشەوە هەڵمەتێكی پاككردنەوەی گشتگیر بەڕێوەدەچێت. سەرۆكی نوێ‌ جۆ بایدن تەمەنی 78 ساڵە‌و دەبێتە بە تەمەنترین سەرۆكی ئەمریكا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا‌و ئەگەری ئەوە هەیە كە رووبەڕووی مەترسیی ببێتەوە بەهۆی توشبونی بەو ڤایرۆسە, لەبەرئەوە دوای بەجێهێشتنی كۆسكی سپی لەلایەن ترەمپەوە هەڵمەتێكی بەرفراوانی پاككردنەوە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەموو بەشەكانی كۆشكەكە لە سەرەوە بۆ خوارەوە‌و لە بەشی خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی داتاكانی گرێبەستە فیدراڵییەكان كە تۆڕی سی ئێن ئێن بینیویەتی, كۆی خەرجی پاككردنەوەی كۆشی سپی بۆ ئامادەبوونی سەرۆكی نوێ‌ دەگاتە نزیكەی نیو ملیۆن دۆلار. ئیدارەی  خزمەتگوزارییە گشتییەكانی سەرپەرشتی پرۆسەی پاككردنەوە دەكات‌و هەرچی دەسكی دەرگاو قادرمە‌و ئاودەست‌و دوگمەی تەلەفۆن‌و ئەسانسۆر‌و تابلۆی كلیل‌و هەموو كەلوپەلێكی كۆشكەكە دەگرێتەوە كە روبەرەكەی 55 هەزار پێ‌ چوارگۆشەیە لەسەر شەقامی 1600 پەنسلڤانیا. بە هاتنی رۆژی مەراسیمی دەستبەكاربوون رۆژی 20ی كانونی دووەمی 2021 و پێش ئەوەی سەرۆكی نوێ‌و خانمی یەكەم بچتە كۆشكی سپییەوە دەبێت هەموو شمەك‌و كەلوپەلەكانیان گواسترابنەوە و لە شوێنەكانی خۆیاندا ئامادەبن‌و سەلاجەكان دەبێت پڕبن لە خواردنیی باش‌و گەرماوی سەرەكیش دەبێت بە شامپۆی دڵخوازی خۆیان ئامادەكرابێت. روبەری كۆشكی سپی دەگاتە 55 هەزار پێ‌ چوارگۆشە ( 5110 هەزار مەتر چوارگۆشە) لە 6 نهۆم پێكهاتووەو 132 ژووری لەخۆگرتووە كە 16 یان ژووری خێزاندارین بۆ میوان, جگە لە بوونی 35 گەرماو. بە گوێرەی سایتی رەسمی كۆشكی سپی, لە كۆشكەكەدا 28 ئامێری گەرمكەرەوەو 8 قادرمە‌و 3 ئەسانسۆرو 412 دەرگا‌و 147 پەنجەرە هەیە, چێشتخانەیەكیشی هەیە كە لە توانایدایە خواردنی تەواوەتی بۆ 140 میوان‌و موقەبیلات بۆ زیاتر لە هەزار میوان ئامادەبكات‌و كاتێك بۆیاخی كۆشكەكە نوێ دەكرێتەوە هەر 4 بۆ 6 ساڵێك پێویستی بە 570 گاڵۆن ( 2158) لیتر بۆیاخ هەیە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بەزۆرینەی دەنگ بڕیارێكی پەسەندكرد، لەبریارەكەدا داوالە مایك پێنس جێگری سەرۆكی ماوەتەواوبووی ئەمریكا كراوە، ماددەی (25)ی دەستوری وڵات، كارا بكات، ماددەی (25)ی چییە ؟ ئایا ترەمپ لەكاردەخرێت ؟ ئەگەر لەكاربخرێت ترەمپ بۆ داهاتووی ژیانی خۆی چی لەدەستدەدات ؟ ماددەی 25ی دەستور چی دەڵێ ؟ خاتو نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران‌و چاك شومر رێبەری دیموكراتەكان لەو ئەنجومەنە، داوایان لە مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا‌و ئەندامانی ئیدارەی ماوەتەواوبووی ئەمریكا كرد، ترەمپ لە پۆستی سەرۆكی وڵات دوربخەنەوە، ئەمە بەهۆی ئەوەی ترەمپ خەڵكی بۆ "یاخیبوون" هانداوە، لەمەشدا مەبەستیان لە پەلاماری رۆژی 6ی ئەم مانگەی لایەنگرانی ترەمپە بۆسەر بینای كۆنگرێس.  خاتوو پیلۆسی كە یەكێكە لە نەیارە سەرسەختەكانی ترەمپ، دەیەوێت لەرێگەی كاراكردنی ماددەی (25)ی دەستوری ئەمریكاوە، لە كۆتا رۆژەكانیدا، ترەمپ لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا دوربخاتەوە.  ماددەی (25)ی دەستور كە داوای كاراكردنی دەكرێت، رێگەی بە جێگری سەرۆكی وڵات دەدات، لە شوێنی سەرۆك كاروبارەكان بەڕێوەببات، ئەمە لەكاتێكدا دەبێت كە سەرۆك توانای بەڕێوەبەردنی كارەكانی نەمێنێت، بۆ  نمونە ئەگەر سەرۆك بەهۆی نەخۆشییەكی جەستەیی یان عەقڵییەوە، پەكی بكەوێت.  ئێستا كە لە ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارەكە تێپەرێندراو داوا لە مایك پێنسی جێگری ترەمپ كرا مادەی (25)ی دەستور كارا بكات، مایك پێنس تەنیا (24) كاتژمێر ماوەی لەبەردەمدایە ئەو ماددە دەستورییە كارا بكات، ئەگەر نا ئەنجومەنی نوێنەران كە دیموكراتەكانی نەیاری ترەمپ زۆرینەی تێیدا، خۆیان هەنگاو هەڵدەگرن بە ئاڕاستەی دەستپێكردنی رێوشوێنەكانی لەكارخستنی ترەمپ.  بەڵام بڕگەی چوارەمی ماددەی (25)ی دەستور، جێگەی مشتومڕە، چونكە رێگە بە جێگری سەرۆك‌و زۆرینەی ئەندامانی حكومەت دەدات، ئەوە رابگەیەنن كە سەرۆك ترەمپ توانای بەڕێوەبردنی ئەركەكانی سەرشانی نییە.  ئەم بڕگەیە بەواتای ئەوەدێت، دەبێت مایك پێنس‌و وەزیرەكانی ئیدارەی ترەمپ ئیمزا لەسەر نوسراوێك بكەن‌و تێیدا بنوسن سەرۆك ترەمپ توانای حوكمڕانی نییە‌و ئەم نوسراوە ئاڕاسەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی پیران بكەن، لەم حاڵەتەدا ئیتر بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی مایك پێنس، پۆستی سەرۆكی ئەمریكا لە شوێنەكەی ترەمپ وەردەگرێت.  بەڵام ماددە دەستورییەكە رێگە بە سەرۆك دەدات، تانە بدات لەو نوسراوەی كە جێگری سەرۆك‌و ئەندامانی حكومەتەكەی لەسەر توانای ئەو بەرزی دەكەنەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران‌و پیران، ئەگەر ئەم ئەنجامە رەتكرایەوە، ئەوا بابەتەكە بەرزدەكرێتەوە بۆ كۆنگرێس بۆ ئەوەی كۆنگرێس بڕیار بدات. هەر جۆرە دەنگدانێك لەناو ئەنجومەنی پیران‌و ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر دورخستنەوەی سەرۆك لە پۆستەكەی، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی (دوو لەسەر سێ) هەیە. لەم كاتەدا كە ئەم مشتومڕ دروست دەبێت، تاوەكو بابەتەكە بەلایەكدا دەكەوێت، جێگری سەرۆك كاروبارەكانی سەرۆك بەڕێوەدەبات. بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی مایك پێنس‌و لانی كەم (8) كەس لە وەزیرەكانی ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتی كاراكردنی ماددەی (25)ی دەستور دەكەن، بەپێچەوانەشەوە هەندێك راپۆرت هەن باسلەوە دەكەن، جێگری سەرۆك دژی كاراكردنی ئەو ماددەیە. سەرباری ئەوەی هەندێك راپۆرت هەن باسلەوە دەكەن، لەسەر ئاستێكی باڵا گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە كراوە، بەڵام تائێستا تەنیا دوو وەزیری ئیدارەی ئەمریكا ناڕازیی بوون لە هەڵسوكەوتی ترەمپ، ئەوانیش دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، بۆیە ئەو وەزیرانەی كە تائێستا ماونەتەوە، پێناچێت دژی ترەمپ رابوەستنەوە.   دورخستنەوە  ئەگەر مایك پێنس بە ئاڕاستەی كاراكردنی ماددەی (25)ی دەستور هەنگاو نەنێت، ئەوا نانسی پیلۆسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ جاری دووەم، هەنگاو بە ئاڕاستەی لەكارخستنی ترەمپ هەڵدەگرێت.  پێشتریش بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی كە باسیان لەوەدەكرد، یارمەتی لە ئۆكرانیا وەرگرتووە بۆ سودوەرگرتن لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا، ترەمپ روبەڕووی هەوڵی لەكارخستن بووەوە، بەڵام ئەنجومەنی پیران ئەستۆی ترەمپی لەو تۆمەتانە پاككردەوە.  رەنگە دۆناڵد ترەمپ ببێت بە یەكەمین سەرۆك لە مێژووی ئەمریكادا كە لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا دووجار روبەڕووی هەوڵی لەكارخستن ببێتەوە، بەڵام هەوڵی لەكارخستن پێویستی بەوەیە لیستی تۆمەتەكان لەسەر سەرۆك بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران‌و دەنگی لەسەر بدات، پاشان دۆسیەكە بەرزدەكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی پیران، تۆمەتباركردنی سەرۆك پێویستی بە پاڵپشتی‌و دەنگی زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامان هەیە.  ئەگەر ترەمپ بەفەرمی تۆمەتەكانی لەسەر ساغكرایەوە، ئەنجومەنی پیران دەنگدانێك دەكات‌و بەو دەنگدانە ئیتر قەدەغەی دەكات جارێكی تر ترەمپ هیچ پۆستێكی فەرمی لە ئەمریكا وەربگرێت، لەم حاڵەدا، ترەمپ جگە لەوەی مافی ئەوەی نامێنێت جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا‌و هیچ پۆستێكی تر كاندید بكات، هاوكات هەموو ئەو مافانە لەدەستدەدات كە سەرۆكەكانی ئەمریكا دوای خانەنشینبوونیان سودمەند دەبن لێی، لەوانە (موچەی خانەنشینی، بیمەی تەندروستی، تیمی پاسەوانان).  تائێستا هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا نەگەیشتوەتە ئەو دۆخەی ئێستا سەرۆك ترەمپ تێی كەوتووە، كە هەوڵی لەكارخستنی دەدرێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی ئەوتۆ نییە لەبارەی ئەوەی دیموكراتەكان بتوانن دەنگی دوو لەسەر سێ لەناو ئەنجومەنی پیراندا بۆ رێگریكردن لە خۆكاندیدكردنەوەی ترەمپ كۆبكەنەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە لە ئەنجومەنی پیراندا دیموكراتەكان تەنیا نیوەی كورسییەكانیان هەیە‌و نیوەكەی تر لای كۆمارییەكانە.  یاداشتی یەكێك لە یاریدەدەرەكانی میچ ماكۆنیل سەرۆكی ئەنجومەنی پیران كە سەربە كۆمارییەكانە، باسلەوە دەكات، وادەی دانیشتنی ئەنجومەنی پیران بۆ تەماشاكردنی هەر لیستێكی تۆمەتباركردنی ترەمپ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، دەكەوێتە رۆژی 19ی ئەم مانگە، واتە رۆژێك بەر لە تەواوبوونی وادەی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ‌و دەستبەكاربوونی جۆ بایدن.  یاداشتەكە دەڵێ:" بنەماكانی كاری ئەنجومەنی پیران رێگە بە دادگایكردنی دۆناڵد ترەمپ نادات مەگەر دوای كاتژمێرێك یاخود رۆژێك دوای چۆڵكردنی پۆستەكەی".  بەڵام دیموكراتە دیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران باسلەوە دەكەن، تاوەكو جۆ بایدن ماوەی (100 رۆژ)ی یەكەمی خۆی لە پۆستی سەرۆكایەتی نوێی ئەمریكا تەواو نەكات، پارتەكەیان هیچ لیستێكی تۆمەتباركردنی ترەمپ رەوانەی ئەنجومەنی پیران ناكات.  ئەم ماوەیە دەرفەتی ئەوە بە جۆ بایدن دەدات ئەندامانی نوێی ئیدارەی ئەمریكا هەڵبژێرێت‌و دەستبكات بە جێبەجێكردنی سیاسەتە سەرەكییەكانی خۆی لەوانە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی كۆرۆنادا، ئەگەر دیموكراتەكان لیستی تۆمەتەكانی ترەمپ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە رەوانەی ئەنجومەنی پیران بكەن، جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی بایدن دوادەخەن. سەرباری ئەمە، پسپۆڕانی دەستوریی لە ئەمریكا ناكۆكن لەبارەی ئەوەی ئایا رێوشوێنی لەكارخستنی سەرۆك لە پۆستەكەی دەكرێت سەربكێشێت بۆ دادگایكردنیشی لەبەردەم ئەنجومەنی پیراندا، دوای ئەوەی سەرۆك پۆستەكەی بەجێهێشتووە ؟ لێخۆشبوون بۆ خۆی دەردەكات ؟ راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە كە ناوەكەیان ئاشكرانەكردووە، باسلەوە دەكەن ترەمپ بە یاریدەدەرەكانی خۆی وتووە" تاوتوێی ئەوە دەكەم لە رۆژانی كۆتایی سەرۆكایەتییەكەمدا، فەرمانێكی لێخۆشبوون بۆ خۆم دەربكەم". سەرباری تۆمەتی هاندان بۆ ئاژاوە‌و پەلاماردانی كۆنگرێس، ترەمپ روبەڕووی چەند تۆمەتێكی تریش دەبێتەوە، لەوانە لێكۆڵینەوەكانی ویلایەتی نیویۆرك سەبارەت هەڵخەڵەتاندنی دەسەڵاتدارانی باج‌و بانك‌و هاوبەشە بازرگانییەكان.  پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا سەرۆك دەتوانێت لێبوردن لەسەر ئەم تۆمەتانە بۆخۆی دەربكات ؟ بەهۆی ئەوەی دەستوری ئەمریكی بە كورتی نوسراوەتەوە‌و بەڵام بەشێوەیەكی پانوپۆڕ جێبەجێ دەكرێت، نازانرێت ئایا سەرۆك دەتوانێت لێبوردن بۆ خۆی دەربكات، لە مێژووی ئەمریكاشدا روی نەداوە سەرۆكێك لێبوردن بۆ خۆی دەربكات.  بەڵام هەندێك لە شارەزایانی یاسا دەڵێن "رێگەپێدراو نییە"، بۆ ئەمەش ئاماژە بە بۆچونە دەكەن كە بەر لە چەند رۆژێك وەزارەتی دادی ئەمریكا دەریكرووە لەبارەی دەستلەكاركێشانەوە ریچارد نیكسۆن سەرۆكی لەپێشینەی وڵات، كە ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە "ناتوانێت لێبوردن بۆخۆی دەربكات"، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی كە دەڵێ:" دادوەر نابێت لە دۆسیەیەكدا بڕیاردەر بێت كە خۆی تێیدا بەشدار بێت". بەڵام لەبەرامبەردا هەندێكی تر دەڵێن:" دەستور رێگری لەوە ناكات سەرۆك لێخۆشیبون بۆخۆی دەربكات".  ئەوەی نەبووە روودەدات ؟ سەرباری ئەوەی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیدا لەسەر ئەوەی رێوشوێنی لەكارخستنی ترەمپ بخرێتەبواری جێبەجێكردن، هاوشێوەی ئەوەی مانگی كانونی یەكەمی 2019 رویدا، بەڵام هێشتا پێشبینی ناكرێت دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران كە زۆرینەیان كۆمارین، دەنگ بۆ لەكارخستنی ترەمپ بدەن.  تائێستا ژمارەیەكی دیاریكراو لە كۆمارییەكانی ناو ئەنجومەنی پیران داوای ئەوە دەكەن ترەمپ پۆستەكەی بەجێبهێڵێت‌و تاوتوێی تادگایكردنی دەكەن، بەڵام هێشتا هیچ یەكێكیان بەڕاشكاوی ترەمپی بە ئەنجامدانی سەرپێچی تۆمەتبار نەكردووە.  سەربارەت بە كاركاكردنی ماددەی (25)ی دەستوریش، بەهەمان شێوە، پێشبینی ئەوە ناكرێت ئەو ماددەیە كارا بكرێت.   


درەو: لەدوای هەڵکوتانەسەر بارەگای کۆنگرێس لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە، ئێستا لەسەر ئاستی باڵا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە داوا دەکرێت بە گوێرەی هەمواری 25 مینی دەستوری ئەمریکا، ترەمپ لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە، هەرچەندە ماوەی یاسایی ترەمپ لە پۆستی سەرۆکایەتیدا چەند ڕۆژێکی کەمی ماوەو 20 ی ئەم مانگە بەڕەسمی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاردەبێت، هەمواری 25 چیە؟ چۆن جێبەجێ دەکرێت؟ هەمواری 25 ی دەستوری،ئەمریکا ساڵی 1967 پەسەندکرا، دوای تیرۆرکرنی سەرۆک جۆن کنێدی، ئەم هەموارە ڕێگاکانی گواستنەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دیاریدەکات لە کاتی:  ٭ دەستلەرکێشانەوەی سەرۆک ٭ مردنی سەرۆک ٭ لەسەرکارلابردنی سەرۆک ٭  پەککەوتنی کاتی سەرۆک بەگوێرەی هەموارەکە دەکرێ سەرۆک کۆنگرێس ئاگاداربکاتەوە کە ناتوانێ ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، بو نمونە بڵێ نەشتەرگەریی بۆ دەکرێ، وەک چۆن جۆرج بوشی کوڕ ساڵی 2007 کاتێک بڕیاردرا نازوری کۆڵۆنی بۆ بکرێ و بەهۆیەوە بێهۆشکرا، دیک چینی جێگری بەوەکالەت کرد بە سەرۆک. هەروەها هەموارەکە ڕێگە بە جێگری سەرۆک دەدات ڕۆڵی سەرۆک بگێڕێت، هەتا سەرۆک دەگڕێتەوە. هەروەها هەموارەکە ڕێگە بە جێگری سەرۆک و ئەندامانی حکومەت دەدات، سەرۆک لە پۆستەکەی دوور بخەنەوە، ئەگەر پێیان وابوو سەرۆک توانای بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی نیە. بڕگەی چوارەمی هەموارەکە کە تائێستا بەکارنەهێنراوە، دەڵێت، ئەگەر جێگری سەرۆک بە پشتیوانی زۆرینەی ئەندامانی حکومەت، یان دەستەیەک کە کۆنگرێس بەیاسا دایبمەزێنێت، هەردوو سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران ئاگاداربکاتەوە بەوەی کە سەرۆک توانای بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی نیە، دەکرێ دەستبەجێ جێگری سەرۆک بەشێوەیەکی سەرۆکی کاتی ئەو ئەرکانە بەڕێوەبەرێت.  ئەگەر سەرۆک سەرۆک نکوڵی لەوەکردو ڕایگەیاند کە توانای بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی لەدەستنەداوەو جێگرەکەی و ئەندامانی تری حکومەت سوربوون لەسەر پەککەوتنی سەرۆک، ئەوا پرسەکە ڕەوانەی کۆنگرێس دەکرێت، بۆئەوەێ دەنگی لەسەر بدات و دیاری بکات کە سەرۆک توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لەدەستداوە یان نا.


(درەو): دوای سێ ساڵ لە داخستی سنورەکان و شەڕی میدیایی قورسی نیوان کەناڵی (جزیرە)و (عەرەبییە)، دواجار قەتەرو سعودیە بڕیاریاندا پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوەو سنورەکانیان بەڕووی یەکتردا بکەنەوە، ئەمە دواین هەوڵی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئێران. رێککەوتن بە فشاری ئەمریکا ئەحمەد ناسر سوباح وەزیری دەرەوەی کوەیت ئاشکرایکرد، رێککەوتن کراوە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سنوری وشکانی و دەریایی و ئاسمانیی لەنێوان سعودیەو قەتەردا بکرێتەوە. کردنەوەی دەروازەکان، بەهۆی نێوەندگیری  شێخ نەواف ئەحمەد جابر سوباحی میری کوەیتەوە بووە، شێخ نەواف لەبارەی ئیمزاکردنی ئیمزاکردنی بەیاننامەی لوتکەی (عولا) بەتەلەفۆن لەگەڵ هەریەکە لە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەو تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر قسەی کردووە. بەگوێرەی قسەی وەزیری دەرەوەی کوەیت، قەتەرو سعودیە رێککەتوون لەسەر ئەوەی هەموو کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. ئەم رێککەوتنە بەر لە چەند کاتژمێرێک دێت لە (٤١)هەمین کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو کە بڕیارە سبەینێ لە شاری (عولا)ی سعودیە دەست بەکارەکانی بکات. کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو بڕیاربوو مانگی کانونی یەکەمی رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەو هەوڵی نێوەندگیرییەی کە لەنێوان قەتەرو سعودیەدا هەبوو، وادەی کۆبونەوەکە دواخرا، لەڕاستیدا کێشەی نێوان قەتەرو سعودیە لەوە گەورەتر بوو بەنێودەندگیری میری کوەیت چارەسەر ببێت، بەڵام فشاری دواین رۆژەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کاری خۆی کرد. لەبارەی کێشەی سعویەو قەتەرەوە  سعودیەو هاوپەیمانەکانی لەناوچەی کەنداوی عەرەبی واتا (بەحرەین و ئیماراتی عەرەبی) هەروەها میسر، مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ هەموو پەیوەندییەکی خۆیان لەگەڵ قەتەردا راگرت. سعودیەو هاوپەیمانەکانی ئەوکات قەتەریان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پاڵپشتی "گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان" دەکات و سەرباری ئەمەش لە ئێرانەوە نزیکە. بەڵام دواجار فشارەکانی ئەمریکا سعودیەی هێنایە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ قەتەر، ئەمریکا دەیەوێت ئێران لەناوچەکەدا بەتەواوەتی پەراوێز بخات، یەکێتی نێوان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی هوکارێکی باشە بۆ ئەم پەراوێزخستنە. سێ ساڵ لەمەوبەر کاتێک سعودیەو ئیمارات و بەحرەین و میسر بڕیاریاندا بایکۆتی قەتەر بکەن، هەر چوار وڵاتەکە بواری ئاسمانی و دەروازە وشکانی و ئاوییەکانی خۆیان لەگەڵ قەتەر داخست و ئەم بایکۆتە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بوو، بەڵام سعویە وەکو رێبەری وڵاتانی دژە قەتەر ئیتر دەروازەکانی خۆی کردوەتەوەو پێشبینی دەکرێت رێککەوتنەکە لانی کەم بەحرەین و ئیماراتی عەرەبیشی بۆ زیاد بکرێت. لەوکاتەوە کە لەلایەن سعویەو وڵاتانی تری کەنداوەوە بایکۆت کراوە، قەتەر بۆ دابینکردنی پێداویستی خەڵکی وڵاتەکە کە ژمارەیان (٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار) کەسە پشتی بە هاوردەکردنی پێداویستییەکانی لە دەرەوە بەستووە بەتایبەتیش تورکیا. چوار وڵاتەکە پێشتر (١٣) مەرجیان دانا بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەنییەکانیان لەگەڵ قەتەر، یەکێک لەو مەرجانە داخستی کەناڵی (جەزیرە) بوو لەلایەن قەتەرەوە، مەرجێکی تر ئەوە بوو قەتەر پەیوەنییە سەربازییەکانی لەگەڵ تورکیا سنوردار بکات و بنکەی سەربازی تورکیا لە وڵاتەکەی دابخات و پەیوەندی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی (ئیخوان موسلیمین) رابگرێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران کەمتر بکاتەوە، بەڵام ئەوکات قەتەر جێبەجێکردنی تەواوی ئەو مەرجانەی رەتکردەوە. یەکێک لە نیگەرانییەکانی سعودیەو میسرو ئیمارات و بەحرەین لە قەتەر، بوونی کەناڵی (جەزیرە)، ئەم کەناڵە کە بارەگاکە لە شاری دەوحەی قەتەرە، لەلایەن ئەو وڵاتانەوە تۆمەتبار دەکرێت بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاژاوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت دوای رێککەوتنی قەتەر لەگەڵ سعودیە ئیتر کەناڵی جەزیرەش تۆزێک هەواڵەکانی لەبارەی سعودیەوە نەرم بکاتەوە. هەوڵی وڵاتانی کەنداو بۆ ئاشتەوایی لەنێوان خۆیاندا هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانیان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن، هەروەک ئاشتەواییەکە دوای ماوەیەکی کورت دێت لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل، ئیسرائیلییەکان چاویان لەوەیە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چەند وڵاتێکی تری کەنداو بەتەواوەتی ئاسایی بکەنەوە لەوانە سعودیەو قەتەر. ‌ئاسایبونەوەی پەیوەندی نێوان قەتەرو سعودیە کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی لیبیاو یەمەن و سوریاش دەبێت کە هەردوو وڵات تێڕوانینی جیاوازیان هەیە لەبارەی دۆخی ئەو وڵاتانەوە.


(درەو): (10) وەزیری بەرگری لە مێژووی ئەمریكادا كە هێشتا زیندون‌و لەژیاندا ماون، پێكەوە نامەیەكیان نوسیوە‌و لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) بڵاویانكردوەتەوە. لەنامەكەدا دەڵێن، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كۆتایی هاتووە، هۆشداری دەدەن لە ئەگەری هەرجۆرە دەستێوەردانێكی سوپا لەكاتێكدا كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە نكولیكردن لە دۆڕاندنی لەبەرامبەر جۆ بایدن.  نامەكە ئەم كەسانە ئیمزایان لەسەر كردووە كە پێشتر وەزیری بەرگری بوون:  •    دیك چینی •    جیمس ماتێس •    مارك ئیسپر •    لیۆن بانێتا •    دۆناڵد رامسفێڵد •    ولیام كۆهین •    چاك هاگل •    رۆبەرت جیتس •    ولیام بیری •    ئاشتۆن كارتەر نامەكەیان هێندە توندە، گەیشتوەتە ئاستی ئەوەی داوا دەكەن هێز بەكاربهێنرێت دژی هەوڵە "تێكدەر"ەكانی ترەمپ بەر لەوەی كۆنگرێس ئەنجامی دەنگدانی گروپەكانی هەڵبژاردن پەسەند بكات.  وەزیرانی بەرگری لەنامەكەیاندا دەڵێن:" هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، دووبارە دەنگەكان ئەژماركراونەتەوە‌و پێداچوونەوە كراوە. لەلایەن دادوەرانەوە بەشێوەیەكی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگارییەكان كراوە، حاكمی ویلایەتەكان ئەنجامەكانیان پەسەندكردووە. دەستەی هەڵبژاردنەكان دەنگی داوە، كاتی گومانكردن لە ئەنجامەكان تێپەڕێوە". نوسینی ئەم نامەیە لەلایەن وەزیرانی بەرگرییەوە لەكاتێكدایە، هەندێك لە ئەندامانی كۆماری لە كۆنگرێس دەیانەوێت پاڵپشتی لە ترەمپ بكەن‌و پلان بۆ ئەوە دادەنێن تانە لەسەركەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بدەن لەكاتی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن كۆنگرێستەوە لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوودا.  وەزیرانی بەرگری ئەمریكا لەنامەكەدا ئاماژەیان بەوەكردووە، هەر هەوڵێكی سوپا بۆ دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، دەمانباتە ناوچەی مەترسیدارو كاری نایاسایی‌و نادەستوریی.  هۆشداری دەدەن لەوەی، بەرپرسانی مەدەنی یاخود سەربازی كە ئەم جۆرە هەوڵانە جێبەجێ دەكەن، روبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.  


درەو: فەرماندەی ناوەندیی ئەمریكا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند فڕۆكەی جۆری بی 52ی ناسراو بە ستراتۆفۆرترس گەیشتوەتە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر لایەنێك كە بیەوێت زیان بە ئەمریكییەكان‌و بەرژەوەندییەكانیان بگەیەنێت. فڕۆكەكان بە بنكەی مینۆت لە ویلایەتی نۆرس داكۆتاوە دەستیان بە فڕین كردووە بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەوەش سێیەمجارە لەماوەی 45 رۆژدا بۆ ئەو ئەركە بێنە ناوچەكە. B52, مێژوو, توانایەكی تێكشكێنەر فڕۆكەی بی 52 مێژوویەكی زۆری لە هێزی ئاسمانی ئەمریكادا هەیە چلەكانی سەدەی رابردوو نەوەی یەكەمی لەلایەن كۆمپانیای بۆینگەوە دیزاین كراوە 5ی ئابی 1954 یەكەمین جۆری B-52 A چوەتە بواری خزمەتكردنەوە كۆمپانیاكە چەندین شێوازو جۆری جیاوازی لەو فڕۆكەیە بەرهەمهێناوە لە نێوان ساڵی 1952 بۆ 1962 ژمارەی گەیشتە 744 فڕۆكە جۆری بی 52 سترارتۆ فۆرتس نوێتریان جۆریەتی كە بۆ چەندین ئەركی تایبەت‌و جۆراو جۆر دروستكراوە لە توانایدایە تا بەرزی 50 هەزار پێ‌ بفڕێت دەتوانێت تەقەمەنی ئەتۆمیی و كلاسیكیش هەڵبگرێت كە زۆر بە وردی ئامانجەكانی دەپێكێت. لە ئایاری 2014 هێزی ئاسمانی ئەمریكا یەكەم فڕۆكەی ئاشكراكرد كە نوێكراوەتەوە بە پێشكەوتوترین سیستمی پەیوەندیكردن. لەو ساڵەدا هێزی ئاسمانی ئەمریكا 76 فڕۆكەی لەكاردابوو كە پلان دانرابوو نوێبكرێنەوە ئێستا 58 فڕۆكە لە خزمەتكردندان لەگەڵ 18 فڕۆكەی یەدەگ. درێژی بی 52 ستراتۆر فۆرترس 48 مەترو بەرزییەكەی 12.4 مەترەوە كێشی فڕۆكەكە 83 هەزار‌و 250 كیلۆگرامە سێ‌ بزوێنەری هەیە‌و زۆرترین خێرایی دەگاتە 1046 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا. نرخی یەك فڕۆكە 83 ملیۆن دۆلارە لە توانایدایە بڕێكی زۆر تەقەمەنی هەڵبگرێت كیشوەربڕەو لە توانایدایە ماوەیەكی زۆر بفڕێت ‌و لە ئاسمانیش سوتەمەنی وەربگرێت. فڕۆكەكە لە ئۆپەراسیۆنەكانی جەنگی سارد‌و پرۆسەی گەردەلولی بیایان لە ساڵی 1990 بەشداری كردووە. لە رۆژی 2,3 ی سێپتەمبەری ساڵی 1996 درێژترین گەشتی بۆ لە ئەركی شەڕكردنیدا تۆماركردووە. لەو كاتەدا لە لویزیاناوە گەشتی كردووە بۆ بەغداو ماوەی گەشتەكەی 34 كاتژمێری خایاندوووە‌و بەبێ‌ وەستان 16 هەزار میلی بڕیوە.؟ لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراقدا لە ساڵی 2003 بەشداری كردووەو لەیەك ئەركی شەوانەیدا 100 موشەكی كروزی ئاراستەی ئامانجەكانی كردووە. ساڵی 2016 لە شەڕی دژ بە داعش لە سوریا‌و عێراق هاتوەتە ناوچەكەو 1800 فڕینی هەبووە. ساڵی 2018 بەشداریكردووە لە هێرشەكانی دژ بە  سوپای رژێمی سوریا. هێزی ئاسمانی ئەمریكا پێشبیندەكات بی 52 هەتا ساڵی 2050 لە خزمەتكردن بەردەوام بێت. لە توانایدایە 12 بۆمبی هێرشی راستەوخۆی جۆری (JDAM) هەڵبگرێت كە لە رێگەی مانگی دەستكردەوە ئاراستە دەكرێت‌و كێشی 226 بۆ 900 كیلۆگرام دەبێتز دەتوانێت بۆمبی جۆری " بایفوای" زیرەك هەڵبگرێت كە بە لەیزەر ئاراستە دەكرێت. چەندین شوێنی تایبەت بە قەناس بەدەستی تێدا ئامادەكراوە. دەتوانێت موشەك تەقێنی جۆری روتاری هەڵبگرێت كە توانای تەقاندنی 20 موشەكی كروزی لە جۆری JASSM هەیە. لە توانایدایە 12 موشەك لە باڵەكانی جێگیر بكرێت‌و هەشت موشەكیش لە ناوەوە هەڵبگرێت. توانای هەڵگرتنی موشەكەكانی جۆری AGM-158 JASSM كە مەوداكەیان دەگاتە 250 میل‌و كڵاوەیەكی تەقەمەنیشی هەڵگرتووە كە كێشەكەی دەگاتە 450 كیلۆگرام.


درەو : لێكۆڵینەوەیەكی نوێ گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە بەرگری لەشی مرۆڤ پاش تێپەڕاندنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ(COVID-19) بەردەوامیی دەبێت بۆ ماوەی هەشت مانگ. بەپێی لێكۆڵینەوەكە، ڕێژەی خانە بەرهەمهێنەكانی دژە تەن لە بەرزبونەوە بەردەوام بوو لە لەشی كەسە خۆبەشە بەشداربووەكان لە لێكۆڵینەوەكەدا بۆ ماوەی ١٥٠ ڕۆژ،  تا ٢٤٠ ڕۆژیش هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە، ئەمەش توانای لەشیان دەردەخات لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكەدا بۆ ماوەی هەشت مانگ. بەپێی ڕۆژنامەی ”تایمز ئۆف ئیسرائیل” دوو لێكۆڵینەوەی دیكە باس لەوە دەكەن ئەو نەخۆشانەی لەشیان دژە تەنی پەیداكردووە چانسی پۆزەتیڤ بوونی پشكنینەكانیان كەمترە بۆ ماوەیەك كە لە شەش مانگ كەمتر نیە. ئەم ئەنجامانەش ئەگەری سەركەوتنی ئەو پێكوتە(ڤاكسین)انە زیاد دەكەن  كە كار لەسەر هاندانی لەش دەكەن بۆ بەرهەمهێنانی دژە تەنەكان.  


راپۆرتی: BBC وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ ماوەیەكە لەناوخۆی ئێراندا خراپبوونی تەندروستی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران مشتومڕی لەسەر دروستبووە‌و باس لە ئەگەری مردنی كتوپڕ‌و جێگەگرتنەوەی دەكرێت. پرسی ئەو پیاوە تەمەن 81 ساڵانەی كە سەرۆكی باڵاترین دەسەڵاتی یەكێك لە وڵاتە گرنگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەو پرسە ئەوەی لەدوای مردنی كێ‌ جێگەی دەگرێتەوە جێی بایەخە لە ئێران‌و ناوچەكە‌و جیهاندا. چۆن رابەری باڵا هەڵدەبژێردرێت؟ رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران كە خامنەیی دووەمین رابەرە لە ساڵی 1979ەوە لەلایەن 88 پیاوی ئاینییەوە هەڵدەبژێدرێت بەناوی ئەنجومەنی شارەزایان " خوبرەگانی رهبری", ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە هەر هەشت ساڵ جارێك لەلایەن هاوڵاتیانی ئێرانەوە هەڵدەبژێردرێن, بەڵام دەبێت كاندیداكانی ئەو ئەنجومەنە لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستورەوە رەزامەندییان لەسەر بدرێت, ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوریش بە شێوەیەكە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن رابەری باڵاوە هەڵدەبژێردرێن. لێرەوە دەردەكەوێت كە رابەری باڵا هەژمون و دەسەڵاتێكی زۆری لە هەردوو ئەنجومەنەكەدا هەیە. لە سێ‌ دەیەی رابردوودا. خامنەیی كاری بۆئەوە كردووە گەرەنتی ئەوە بكات كە كاندیدە موحافیزكارەكان لەو دوو ئەنجومەنەدا هەبن، چونكە ئەوان زیاتر گوێڕایەڵ رێنماییەكانی دەبن لە هەڵبژاردنی جێگرەوەیداو رابەری باڵا بە هەڵبژاردنی هەتا لە ژیاندا بێت لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە. بە گوێرەی دەستوری ئێران دەبێت رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران پلەی ئاینی ( ئایەتوڵا) بێت، واتە دەبێت كەسایەتییەكە ئاینی دیاربێت, بەڵام كاتێك خودی خامنەیی بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێردرا پلەی ئایەتوڵای نەبوو, بۆئەوەشی بتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێت یاساكان دەستكاری كران‌و دەشكرێ جارێكی ترو لە هەڵبژاردنی رابەرێكی نوێدا‌و بە گوێرەی كەشی سیاسی دەستكاری یاساكان بكرێت. گرنگی پۆستی رابەری گشتی چییە؟ رابەری باڵا دەسەڵاتی رەهای هەیە لە ئێراندا‌و قسەی یەكلاكەرەوەی هەیە لە گرنگترین پرسەكاندا‌و سیاسەت‌و ئاراستەی سیاسی وڵات بەرامبەر جیهانی دەرەوە دیاریدەكات, ئێران بەهێزترین دەوڵەتی شیعەیە لە جیهاندا‌و لە سایەی رابەرێتی خامنەییدا هەوڵیداوە هەژمونی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر‌و پتەوتر بكات بەوەش مردنی تەنها رەوڕەوەی مێژوو لە ناوچەكەدا ناگۆڕێت بەڵكو سەدای دەگاتە سەرتاسەری جیهان, بۆ نمونە دوژمنایەتی ئێران‌و ئەمریكاو ئیسرائیل كە كینەو رقی شەخسی خامنەیی بەرامبەر ئەو وڵاتانە بۆ چەندین ساڵە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا هێناوەتە ئاراوە‌و رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی جێگرەوەشی ئەگەری ئەوە زیاتر دەكەن كە رابەری داهاتووش هەمان بیروبۆچونی خامنەیی هەبێ‌. كێ‌ رابەری داهاتووی ئێرانە؟ بەرژەوەندی رەوتە سیاستە جیاوازەكانی ئێران وادەخوازێت كە رۆڵیان هەبێت لە دیاریكردنی رابەری داهاتودا. بەڵام هیچ كەسایەتییەكی بەهێز نیە كە بتوانێت وەك " دروستكەری پاشاكان" رەفتار بكات‌و ئەو پرسە بەبێ‌ سەرهەڵدانی قەیران یەكلابكاتەوە. خامنەیی وەك رابەری پێشوو ( خومەینی) هەژمون‌و وەلائی سیاسی كەمە, هەژمون‌و دەسەڵاتی خۆی لە رێگەی تۆڕێكی پەیەوەندی كەسییەوە بونیاتناوە‌و ژمارەیەكی زۆر كەسی هەیە لە گرنگترین دەزگای وڵاتدا كە سوپای پاسدارانە‌و پێشبینی ئەوەش دەكرێت كە سوپای پاسداران رێگەنەدات هیچ كاندیدێك بگات بە پۆستی رابەری ئەگەر بەلایەوە گونجاو نەبێت. سەرەڕای ئەوەی كە دەنگۆ بوونی لیستێكی نهێنی بۆ كاندیدەكانی رابەر بەربڵاوە. بەڵام كەس نازانرێت كێن ئەوانەی لەو لیستەدان‌و كەسیش باسی لەوە نەكردووە كە زانیاری لەسەری هەبێت. بە گوێرەی چەند گێڕانەوەیەك دڵخوازترین كاندیدەكانی خامنەیی بۆ جێگرتنەوەی بریتین لە موجتەبای ‌و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی‌و دەنگۆی ئەوەش هەیە كە سادق لاریجانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی دادوەر‌و‌و حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێستا ویستی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەیە. موجەتبا خامنەیی كێیە؟ موجتەبای كوڕیعەلی خامنەیی تەمەن 51 ساڵ لە شاری مەشهەدی ئاینیی لە دایكبووە‌و هاوشێوەی باوكی  پیاوی ئاینییە, بەڵام كەسایەتییەكی كەمێك ئاڵۆزی هەیە.  لە كاتی هەڵمەتی سەركوتكردنی ئەو خۆپیشاندانانەی كە بەهۆی  قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ساڵی 2009ەوە هاتە ئاراوە تیشكخرایە سەر موجەتباو باوەڕ وایە كە ئەو بەرپرسی سەرەكی ئەو هەڵمەتی سەركوتكردنە بووە. سەرەڕای ئەوەی كە خامنەیی پادشا نیەو ناتوانێت بە ئاسانی دەسەڵاتەكانی بۆ كوڕەكەی بگوازێتەوە. بەڵام موجەتبا دەسەڵاتێكی زۆری لە ناو فەرمانگەكانی باوكیدا هەیە، لەوانەش نوسینگەی رابەر كە سەرپەرشتی دەستە دەستورییەكان دەكات‌و ئەگەر پشتیوانی سوپای پاسداران بەدەستبهێنێت ئەوا رۆڵی دەبێ لەوەی لە پرۆسەی یاساییدا تای تەرازووەكە بەلای خۆیدا بخات. ئیبراهیم رەئیسی كێیە؟ رەئیسی تەمەن 60 ساڵان‌و پیاوی ئاینی لە مەشهەد لە دایكبووە‌و باوەڕ وایە كە بەهێزترین كاندیدە كە چانسی ئەوەی هەیە جێگەی خامنەیی بگرێتەوە. رەئیسی هەرگیز ئەو دەنگۆیانەی رەتنەكردووەتەوە كە باس لە ویست‌و ئارەزووی دەكەن ببێتە رابەری باڵای داهاتوو. جموجوڵە زۆرەكانی ئاماژە بەوە دەدەن كە بۆ ئەو رۆڵە ئامادەدەكرێت, چەندین پۆستی لە دەسەڵاتی دادوەریدا بەڕێوەبردووە‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی شارەزایانیش بووە. تۆماری رەئیسی لە بواری مافەكانی مرۆڤ‌و بە تایبەتی رۆڵی لە پرۆسەی لەسێدارەدانی بەكۆمەڵی زیندانییە سیاسییەكانی ساڵی 1988دا ئاماژە بەوەدەدەن كە پشتیوانی جەماوەریی نیە، هەرچەندە ساڵی 2017 لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا شكستی هێنا، رابەری باڵا كردی بە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەرییو لەو كاتەشەوە كە ئەو پۆستەی وەرگرتووە بەردەوام لەوەی پێی دەوترێت" جەنگ لە دژی فەساد" ئامادەیی لە بواری راگەیاندندا هەبووە‌و هاوشێوەی خامنەیی گومانی لە سود‌و كەڵی رێكەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 هەیە‌و زۆریش لە سوپای پاسدارانەوە نزیكە.


(درەو): عمران خان سەرۆکی وەزیرانی پاکستان رەزامەندی نیشاندا لەسەر پروژەیاسایەک تایبەت بە روبەڕووبونەوەی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان. بەگوێرەی پرۆژە یاساکە، ئەو کەسانەی تاوانی دەستدرێژی سێکسییان بۆسەر ژنان بەسەردا ساغ دەبێتەوە، سزاکەیان بریتییە لە (خەساندن) بەشێوەی کیمیایی. بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانی، عیمران خان لە کۆبوەنەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵدا رەزامەندی لەسەر پرۆژە یاساکە نیشانداوەو باسی لەوە کردووە ئەو ژنانەی کە لە تاوانی دەستدرێژی سێکسی رزگاریان بووە، دەتوانن بەبێ ترس سکاڵایی یاسایی لەسەر دەستدرێژیکاران تۆمار بکەن و لەمەشدا حکومەت پاڵپشتییان دەکات و دەیانپارێزێت. دوای دەستدرێژیکردن بۆسەر ژنێک لە شاری لاهور، عیمران خان پێشنیازی کرد سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێندرێت کە دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنان. بەمدواییەش بەهۆی رفاندنی ژنێک و منداڵە چوار ساڵەکەی لەلایەن سێ پیاوەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە، رایگشتی لە پاکستان لەبارەی پرسی دەستدرێژی سێکسی وروژا. ئەوانەی لە پاکستان تاوانی دەستدرێژییان لەسەر ساغ دەبێتەوە، بەپێی یاسا سزاکەیان (٢٥ ساڵ) زیندانییە یان لە قورسترین حاڵدا سزای لەسێدارەدانە، بەڵام ئەمە ئەگەر کەسی تاوانبار روبەڕووی دادگا بکرێتەوە، پرۆسەی دادگایکردن لەسەر ئەم کەیسانە لەپاکستان زۆر هیواشە.


د.هەردی مەهدی میکە – تایبەت بە (درەو) لە جەنگی قەرەباخدا ئێران بێلایەنی هەڵبژارد و هەڵوێستی نەرمی نواند، بەڵام وەک بڵێیت مێژووی هاوچەرخی ئێران، بێلایەنی لێنەیەت یان لێی قبوڵ نەکەن، لە جەنگی ٤٥ڕۆژەی قەرەباخدا ڕاستە ئێران خاک و سەروەریی پێشێل نەکرا، بەڵام زیانە ئاییندەییەکانی  هێندە زۆرن کە ڕەنگە جەنگەکەی لە ئاییندەدا سەختر نەبێت لە جەنگی خاک یان ململانێ گەرمەکانی لە کەنداو و عێراقدا.  جەنگی قەرەباخ یادەوەری دوو جەنگی جیهانی(یەکەم و دووەم) هێنایەوە یادی ئێرانییەکان، تاران لە هەردوو جەنگەکەدا بێلایەنی ڕاگەیاند و زیانمەندترین وڵاتیش لە ناوچەکەدا دەرچوو، ڕاستە بێلایەن بوو بەڵام هاوپەیمانانی وەک بەریتانیا و ڕووس خاکەکەیان بەکارهێنا، ئابووریی، سەروەریی و سیاسەتی ئەو وڵاتەیان بە جۆرێک شکان تا ئەمڕۆش ئێرانییەکان یادگاریی هەرەتاڵی مێژووی هاوچەرخیان لێی دەڕوانن. جەنگێک فراوانتر لە قەرەباخ هیچ کات هێندەی جەنگی قەرەباخ, ئێران، کەم جووڵە و بێلایەن نەبووە، لە جەنگێک کە ڕێک لە پشتسەریدا هەردوو دراوسێیکەی (ئەرمینیا و ئازەربایجان)بە گژیەکداچوون، ئەوەی یەکەمیان دۆستێکی دێرینی ئابووری و دووەمیشیان برایەکی ئایینی و هاومەزهەبی شیعەی دوانزەئیمامی. ئێرانێک لەسەر سوریا، لوبنان، یەمەن و عێراق قسەی یەکەم نەکات شەرکی قسەکەری یەکەمە لە داڕشتنی سیاسەت و جەنگی ئەو وڵاتانەدا، بەڵام لێرەدا بێدەنگ. وا جەنگەکە بەڕێژەیەکی بەرچاو بە قازانجی ئازەربایجان تەواو دەبێت. بەڵام لە گۆڕەپانی سیاسییدا تەنها باکۆ و ئیرەوان نەجەنگاوون، ئانکارا و تاران و مۆسکۆش بە جۆرێک بەشداری جەنگەکە بوون، تورکیا هەر زوو ئەمەی نەشاردەوە و بە ئاسمان و زەوی و هەژموونی، داکۆکییەکی "تورکانەی" لە ئازەرییە هاونەتەوەکانی کرد، کۆی توانای مرۆیی و سیاسیی خۆشی هەبوو خستییە گرەو و لە شامەوە بیگرە تا لێوارەکانی دەریای ناوەڕاست، هەرچی پرۆتورکیی ناتورکیش بوو خڕی کردەوە و خستنیە نێو جەرگەی جەنگە گەرمەکەی قەرەباخ.  مۆسکۆش کە هەم لە درواسێ و پارچە جیابووەوەکانی خۆیدا پریشکی سیاسیی و ئابووریی جەنگەکەی بەرکەوت و هەم هەندێ وردە حسابیشی لەڕێی جەنگی قەرەباخەوە لەگەڵ تورکیا و ئەرمینیا و ئازەریدا ساغ کردەوە. بۆ ڕووسیا گرنگە کەمترین ئاژاوە هەبێت لە قەوقازدا، چونکە خۆڵەمێشی هەندێ ململانێی ئاییندەیی قەوقاز موژدەیەکی خۆشیان بۆ مۆسکۆ پێی نییە و بریسکەکانی ئەو ململانێێەش تاڕادەیەک سێ لای تەنیووە. مۆسکۆ دەمێکە لە سەرۆکوەزیرانەکەی ئەرمینیا نیگەرانە، چونکە مەیلێکی ڕۆژئاوایی و سووککردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ مۆسکۆدا هەبوو، ئەمەش نیگەرانی بۆ پۆتین درووست کرد و لە جەنگی قەرەباخدا بە بێلایەنی خۆی، وانەیەکی تووندی بە ئیرەوان دا، هاوکات بەهۆی تورکیا و پشتنەگرتنی ئەرمینیاشەوە، تا ڕادەیەک دڵی ئازەرییەکانیشی هێنایەوە کە هەر لە سەرەتای جیابوونەوەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە  پشتی لە مۆسکۆ و ڕوو لە واشنتۆن و ئەنکەرە و تەلئەبیب بوو. دوو شیعەمەزهەبی ناجۆر بەڵام بۆ ئێران دۆخە زۆر سەخت تەواو دەبێت، ئەو بێلایەنێکی ناچاریی هەڵبژارد. ئازەربایجان دراوسێیەکی باکووری ستراتیژییە، هاومەزهەبییەتی، بە بەشێک لە ئێرانی کولتووری و وڵاتانی نەورۆزی دەزانێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە سیاسەتی گشتی ئازەربایجان لە تەمەنی زیاتر لە چارەکە سەدەیی خۆیدا پراگماتیک، واقیعییتر بووە و پشتی لە کارتی مەزهەبی شیعەگەریی و نەورۆزیی کرد و بە بەکارهێنانی کارتی نەتەوەیی(ئازەریی)-ڕۆژئاواگەریی و دۆستایەتی ئیسرائیل دەرگای لەگەڵ ئێراندا لە نەوەدەکانەوە داخست، ئەمە یارییەکی ئاگرین بوو، لەنێوان دوو بەرداشدا (ڕووس و ئێران)، خۆی گەیاندە ئانکارا و بە دۆستایەتی ئەو ڕێگای ئابووریی(وزە)، ڕێگای سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیگەرایی بەڕووی خۆیدا کردەوە. تورکیا لە نێوان فشاری ڕووس و ئێراندا بە تاڵەمووی سنوورەکانی، ئازەربایجانی نزیککردەوە لە ئیسرائیل، ڕۆژئاوا و ئەمریکا. بە جۆرێک ئێستا سەرەڕای شوناسی شیعەگەریی، هاوپەیمانی یەکەمی واشتنتۆنە لە ناوچەکەدا.  لێرە ئەوەی رۆڵ دەبینێ شوناس نیە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایەی کە وڵاتە کاریگەرەکان مەزهەب و ئاین و ئایدۆلۆژیا دەکەنە کارت بۆ دەستێوەردان، لە شەڕی قەرەباغدا مەسیح و موحەممەد قوربانین، ئیسلام و مەسیحیەت شوێنگۆڕکێیان کردوە، ئاخر ئەگەر ئاین کاریگەر بوایە دەبوو تورکیا و ئێران لە پشتی ئازەربایجانی موسڵمان و روسیا و ئەمریکاش لە پشتی ئەرمینیا بوونایە. لە نەوەدەکانەوە، لەسەر ناوچەی جێناکۆکی قەرەباخ، هەردوو وڵات شەڕی سارد و کەم کەم گەرمیش بەڕێوە دەبەن. ئەم جەنگە ساردە چارەکە سەدەییە بوویە جەنگی گەرم و تاڕادەیەک یەکلاکەرەوە. دیارە ئەمە قوربانی گۆڕەپانێکی تری ئاگر و دیاری بلۆکبەندی ئێستای دنیای سیاسەتە و بەشێکیش دەبن لە گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکان یان ئەگەر راست بێت "سایکس-بیکۆی نوێ". شەڕی قەرەباخ وەک یەمەن، لوبنان، عێراق و سوریا نیە کە شوناسە مەزهەبییەکان ڕوخساری ململانێکان بن، لێرە بلۆکبەندی جیهانی و بەرژەوەندیەکان ڕوون و ئاشکران، ئاین و مەزهەب و یادەوەریی مێژوویی ناوچەکەش جۆرێک لە قوربانی و فەرامۆشکراوە. چونکە ئازەربایجانی ئیسلامی شیعەمەزهەب، پشتیوانی لە بلۆکی ئەمریکا-ئیسرائیل و تورکیای سوننە وەردەگرێت، ئەرمینیای عیسایی پەناگەکەی کە پێشتر ئێرانی شیعەمەزهەب و مۆسکۆ بوو. ئێستا ئیتر ئازەربایجان وەک نەوەدەکان نییە تەنها خەمی مانەوەی بێت، پێش پەلاماردان و گێڕانەوەی ئەو ناوچانەی کە بانگەشەیان بۆ دەکات، هەڵوێستی جیهانی بەلای خۆیدا ساف کرد و لە یەککاتدا ئێران و ڕووسیای  بێلایەن ڕاگرت، ئەمریکای بە بێدەنگی هێشتەوە، تورکیا و فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی و گرووپە توندئاژۆ هاوپەیمانەکانی تورکیاشی لە سووریا بە چڕیی هێنایە مەیدانەکە. ئیسرائیلیشی لە ڕووی سەربازیی و سیاسییەوە بەکارهێنا و کردییە جەنگاوەرێکی نێو ململانێی قەرەباخ. لە ڕاستییدا ئەم یارییەی عەلیێفی سەرۆکی ئازەربایجان، تێکۆشان و تەقەلاکانی ئەتاتورکی باوکی تورکیای نوێی لە دەیەی بیستی سەدەی ڕابردوودا هێنایەوە بیر، کاتێک بەشێوەیەکی ئاڵۆز و چڕ مانۆڕە سەربازییەکانی ئەنجام دا و خاکی تورکیای لە مەترسی لەناوچوون و لە چنگی بەریتانیا، یۆنان و فەرەنسا  دەرهێنایەوە. ئێران؛ بێلایەنێک بە تامی دۆڕان گەرچی ئێران بێلایەن و دڵۆپێک خوێنی لە جەنگەکەشدا خەسار نەکرد، بەڵام زۆرجار بێلایەنی کشانەوە و ناچارییە و تامی دۆڕان دەبەخشێت. بۆچی ئێران زیانمەندی جەنگی قەرەباخە؟ لە ئێستادا فشارەکانی واشنتۆن لەسەر تاران لەوپەڕیدایە، کۆرۆنا یەخەی ئابووریی و ژینگەی ئێرانی چەقاندووە، دەستی وەک جاران لە سووریا و عێراق کراوە نییە، وا دۆخی سنوور-ئاسایشیی-سیاسیی لای باکووریشی گۆڕانی بەسەردا هات و چی¬تر وەک سێ دەیەی ڕابردوو نامێنێتەوە.   - لەم جەنگەدا ئێران دۆستێکی سیاسیی و ئابووری خۆی(ئەرمینیا) کە باش بەکاری دەهێنا دژی تورک و ئەمریکا و ئیسرائیل، وا بە دۆڕاوی لە جەنگی قەرەباخ دەچێتە دەرەوە و بەمەش بنکەی هاوکێشەکانی ململانێی ئێران گۆڕانی بەسەردا دێت چی دیکە ناتوانێت بە هەمان قەبارە نەرمەهێز و توندەهێزەکانی لە ئەرمینیا بەرامبەر باکۆ و ئەنکارا بەکار بهێنێت. - ڕوسیا بە هاوبەشی تورکیا، بە گرتنەدەستی جڵەوی ئاگربەست و ڕێکککەوتنی جەنگەکە ئێرانی پەراوێز خست، ئەمەش تاڕادەیەک هاوشێوەی جەنگی سوریای لێهات، کاتێک ئێران سەرەتا قسەکەر و پشتیوانی یەکەمی بەشار ئەسەد بوو، بەڵام پاشتر بە هاتنی مۆسکۆ بۆ نێو جەنگەکە، هێدی هێدی ڕووسیا لەگەڵ تورکیادا مێزیان کردەوە یەک و ئێرانیان پەرواێز خست لە بڕیار و دابەشکردنی کێکی پاراستنەوەی خاکی سوریادا. - تورکیا بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی لە ئازەربایجان، چیتر کارتەکانی دەستی بەرامبەر ئێران بەهێزتر دەبن و لەلایەک مەسەلەی برایەتی ئازەریی-توورکی و وروژاندنی کارتی نەتەوەیی، لەلایەکی دیکەوە دەتوانێت باجگیری زیاتری سیاسی وەدەست بهێنێت و لە ڕووی ئابووریی، بازرگانی و وزەشەوە بە کۆمەکی ئازەربایجان موزایەدە و هەڕەشەی پتر لەسەر تاران بسازێنێت.  - مەترسیەکی دیکەی ئاسایشیی-سیاسیی بۆ ئێران، بریتییە لەو گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکی و ئابووریی و سنووریانەی باکوری ئێران، بەهۆی سەرکەوتنی ئازەربایجانەوە و دەستخستنەوەی بەشێکی سنووری لەگەڵ ئێراندا کە پێشتر بەدەست ئەرمینیا بوو، بەڵام ئێستا لەدەستی باکۆدان. ئەمە ئێران ناچار دەکات هەم بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و هەم نیوەی فۆکەسی لە ناوچەکانی کەنداو، عێراق، یەمەن و لوبنان وەرچەرخێنێ بەرەو باکوری وڵاتەکەی، کە پێشتر بەهۆی ڕوسیا و ئەرمینیاوە لێی دڵنیا بوو. - خاڵێکی دیکە، پشتیوانی ئیسرائیل و بوونی باڵێۆزەکەی لە باکۆ، بۆ لەمەودوا ئیتر ئیسرائیل وەک دۆستی تەنگانەی ئازەربایجان، وەک دراوسێیەکی باکووری ئێران لە ڕێی خاکی ئازەربایجانەوە دەردەکەوێت و بۆ ئاییندە مەترسی ئەمنی-سیاسی و ستراتیژی جێدەێڵێت. -لەوەش بترازێ هەبوونی گرووپە توندڕەوە سوورییەکان و ئیسلامییە جیهادییەکان کە زۆرینەیان سوننەن و تورکیا بە بیانووی پشتیوانی باکۆی هێنانیە قەرەباخ، ئێرانی نیگەران کردووە و دوور نییە بۆ ئاییندە، هەڕەشەی تیرۆر و تۆقاندن لەناوخۆی ئێران و سنورەکانیدا زیاتر بکەن. - لە ناوخۆشدا، بە غرووری براوەی ئازەری مەترسیی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دروست دەکات، دووەمین نەتەوەی ئێران ئازەریەکانن، هەم پێکهێنەریی سەرەکی کولتووریی وهەم لە پێگە ستراتیژی و سیاسیی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتەدا خاوەن هەژموونن، بەهۆی جەنگی قەرەباخەوە مەیلی ئازەریی ئازەرییەکانی نێو ئێران بووژایەوە و بۆیە نەیتوانی وەک ساڵانی ڕابردوو ڕاشکاوانە لە پشتی ئەرمینیا بووەستێت، ئەم هەڕەشەیە لەمەودوا کاریگەرتر دەبێت و چەندین بزووتنەوە و جوڵانەوەی نێو ئێران و تورکی و ئازەربایجانیش لە چالاکیدان بۆ یەکخستنەوەی ئازەریی و تورکەکان و سازاندنەوەی "ئازەربایجانی مەزن"، ئەمە ڕایەڵەیەکی هەستیاریی پرسی ئاسایشیی نەتەوەیی ئێرانە و دوور نییە ببێتە کارتێکی مەترسیدار و کاریگەر کە مل و قۆڵی سیاسەتی گشتی ئێران لە ناوخۆدا خوار بکاتەوە. بەمشێوەیە دەردەکەوێت، گەرچی بە هەڵوێست و سیاسەتی ڕەسمی ئێران بەشداری جەنگ نەبووە، بەڵام بە ئەنجام و لێکەوتەکانی پشکی زیانەکانی ئێران کەم نین و ئاییندەیەکی دڵنیا لەبەردەم تاراندا نییە.  


درەو:  ئامادەکردن و وەرگێڕان: هێمن محمد قادر- گۆڤاری ئاییندە ناسی   بەرایی لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە كە کار بۆ ڕوونکردنەوە و هەڵسەنگاندنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و ئایندەی پەیوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بکرێت. چوارچێوەی گشتیی ئەم توێژینەوەیە، کارکردنە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر ئاستەكانی ئاسایش، ئابووری، پەیوەندیی مێژوویی و کولتووری لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. گرنگیی هەڵکەوتە و پێگەی جوگرافیی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیوپۆلەتیك و جیۆستراتیژییەوە، بەتایبەتی بە هۆی بەردەوامیی ڕکابەری و گرژی و ئاڵۆزییەکانی کێشەی قوبرس، سووریا، لیبیا و ئیسرائیل/فەڵەستین، دەوڵەمەندیی ناوچەکە بە سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و غازی سروشتی و کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئابووریی تورکیا، وای کردووە حکومەتی ئەنقەرە لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەیدا گرنگی و بایەخێکی ئێجگار زۆر بەم ناوچەیە بدات. بەردەوامیی جموجووڵ و چالاکییەکانی تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و کارکردن بۆ چەسپاندنی هێز و دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، چ لە ڕووی دەستتێوەردان لە کاروباری نێوخۆی دەوڵەتانی ناوچەکە وەک ئەنجامدانی لەشکرکێشیی سەربازی بۆ سەر خاکی سووریا، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا، چ لە ڕووی بەردەوامیدان بە کاری هەڵکەندن و گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، بووەتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە لەسەر ئاستی هەرێمی نێودەوڵەتی لە ئێستا و ئایندەدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند و چەندین گرفت و ئالنگاری ببێتەوە. زەمینە زۆرێک لە توێژەران کۆکن لەسەر پرسی دیاریکردنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست. گرنگترین ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە ئەم ناوچەیە، بریتین لە ئەلبانیا، چیای ڕەش (قەرەداغ)، یۆنان، لیبیا، ئیسرائیل، میسڕ، تورکیا، بۆسنە، سووریا، فەڵەستین و تونس. سەرباری ئەوەی دەریای سپیی ناوەڕاست تەنیا لە ١%-ی کۆی ڕووبەرە ئاوییەکانی جیهان پێک دەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێگە ستراتیژییەکەیەوە، نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی کەشتییە بارهەڵگرەکانی جیهان لە گواستنەوەی وزە و کاڵادا بەم دەریایەدا تێدەپەڕن. لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان وڵاتانی هەناردەکاری وزە و وڵاتە بەرهەمهێن و پێشکەوتووەکانی جیهاندا کە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان پشت بە وزەی دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە دەبەستن، دەستبەرداربوون لەم ڕێگایە، چ لە ئێستادا و چ لە ئایندەدا کارێکی ئاستەم و نەکردەیە. لە لایەکی دیکەوە گرنگیی جیۆستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وەک پردێک لە پێکەوەبەستنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەورووپا بە درێژایی چەندین سەدە لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی، گەشەسەندن و پێشکەوتنی تەکنیکەکانی گەڕان و پشکنین بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا و دۆزینەوەی چەندین کێڵگەی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا، وای کردووە ئەم ناوچەیە بەبەردەوامی ببێتە جێگەی گرنگیپێدان و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.(1) لەگەڵ گەشەسەندنی گرنگیپێدانی زیاتر بەم ناوچەیە لەلایەن هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، لە ئێستادا تورکیاش وەک دەوڵەتێکی هەرێمیی بەهێز؛ گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە دەدات. دەکرێت لێرەدا ئاماژە بۆ چەند فاکتەرێکی جیاواز بکرێت کە کاریگەریی ڕاستەخۆیان لەسەر ئایندەی ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هەیە. هۆکاری سەرەکیی گرنگیپێدانی زیاتری تورکیا بەم ناوچەیە لە ئێستادا، زیاتر بۆ لایەنی ئەمنی و ئابووری دەگەڕێتەوە. فاکتەرێكی تر کە پاڵ بە تورکیاوە دەنێت تا گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە بدات، بریتییە لە ناسەقامگیریی بارودۆخی ناوچەکە و بەردەوامیی ڕکابەری و ململانێ و پێکدادانەکانی( لیبیا، سووریا، ئیسرائیل/فەڵەستین، کێشەی قوبرس) و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی میسڕ و لوبنان و کاریگەریی بۆ سەر ئاسایش و ئابووریی تورکیا لە ئایندەدا. لە لایەکی دیکەوە پێویستە ئەوە لەبیر نەکەین کە سیاسەتی هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمەریکا، ڕووسیا و یەکێتیی ئەورووپا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان بۆ سەر ئایندەی سیاسەت و پەیوەندییەکانی تورکیا هەیە لە ناوچەکەدا. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە تورکیا لە داڕشتن و دیاریکردنی ئایندەی ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا لە هەریەک لە لیبیا و سووریا، سیاسەتی دەرەوەی هێزێکی نێودەوڵەتیی وەک ڕووسیا، لە یەکلاییکردنەوەی ئایندەی کێشەکانی فەڵەستین، سووریا، لیبیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا هەڵوێست و سیاسەتەکانی هێزێکی نێودەوڵەتیی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە باڵادەستیی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپاندووە، لەبەرچاو بگرێت. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە، دەتوانین ئاماژە بۆ هەڵوێستی توندی هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا بکەین بەرامبەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە پرسی یەکلاییکردنەوەی کێشەی قوبرس لەگەڵ هەریەک لە قوبرسی یۆنانی (کۆماری باشووری قوبرس) و یۆناندا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە هۆی ئەندامێتیی هەریەک لەم دوو وڵاتە لە یەکێتیی ئەورووپادا. لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە توێژەران کە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئایندەی سیاسەتەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکەن، پێیان وایە یەکێکی دیکە لەو فاکتەرانەی کە بایەخێکی گرنگی هەیە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، فاکتەری ئابوورییە. گرنگی و بایەخی ئەم هەرێمە بە هۆی دەوڵەمەندی بە سەرچاوەکانی وزەی وەکوو نەوت و غازی سروشتی و ڕۆڵی لە پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانی تورکیا لە ئایندەدا، پاڵ بە حکومەتی ئەنقەرەوە دەنێت تا گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە بدات، بەتایبەتی لە ئێستادا کە تورکیا ناچارە بۆ دەستخستنی وزەی پێویست پشت بە وڵاتانی دەرەکی ببەستێت. تورکیا لە ڕێگەی دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزەوە لە ئاوە نێودەوڵەتییەكانی خۆی لە ئایندەدا، یاخود لە ڕێگەی بەدەستهێنانی سەرچاوەکانی وزە لەو هێزە وەبەرهێنەرانەی کە ئەگەری هەیە لە ئایندەدا لە ناوچەکەدا دەربکەون، دەتوانێت لە بابەتی دابینکردنی غازی سروشتی بۆ وڵاتەکەی، خۆی لە پاشکۆیەتیی دەوڵەتانی وەک ڕووسیا ڕزگار بکات.  پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین جگە لە فاکتەرەکانی ئاسایش و ئابووری، نزیکەی تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە کەوتوونەتە ئەم ناوچەیەوە، لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە پەیوەندییەکی نزیک و هاوبەشیان لەگەڵ تورکیادا هەیە. بۆیە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی تورکیا لە ئێستا و ئایندەدا، کارکردنە بۆ دووبارە تازەکردنەوە و بەهێزکردنەوەی ئەو پەیوەندییانە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەكەدا. بەڕێوەبردنی تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە ئەم ناوچەیەوە، بە درێژایی چەندین سەدە لە ئەستەنبوڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانییەوە، فاکتەرێکی گرنگە بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە و تورکیادا. بۆیە هۆکاری لە نزیکەوە چاودێریکردن و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆی تورکیا لە جەنگ و پێکدادانە ناوخۆییەکانی سووریا، لیبیا، کێشەکانی ئیسرائیل/ فەڵەستین و میسڕ، بۆ ئەو پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییە دێرینە دەگەڕێتەوە کە لەنێوان هەردوو لادا هەیە. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە تیشک بخرێتە سەر پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی تورکیا، سیاسەتی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست لە ڕوانگەی ئاسایش، ئابووری، پەیوەندیی مێژووی-کولتووری، شیکردنەوەی هەڵوێست و سیاسەتی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە سیاسەتەکانی تورکیا لەم ناوچەیە. ئاسایش گرنگیی پێگەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیۆستراتیجی و جیۆپۆلەتیکییەوە، بە یەکێک لە گرنگترین ئەو فاکتەرانە دادەنرێت کە پاڵ بە تورکیا دەنێت تا لە ڕوانگەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە چ لە ئێستادا یاخود لە ئایندەدا گرنگیی زیاتر بەم ناوچەیە بدات. بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی ئەم ناوچەیە لە ڕووی جیۆستراتیژییەوە، هێندە بەسە کە تەماشای ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵات و نفوزی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. زۆرێک لە هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی وەک ئەمەریکا، ڕووسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، تورکیا، یۆنان، ئیسرائیل، میسڕ، ئیمارات و عەرەبستانی سعودی بەشێکن لەو دەوڵەتانەی کە بەشدارن لە ململانێکانی ناوچەکەدا. لە ڕووی جوگرافییەوە هاوبەشیی چەندین دەوڵەتی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزە لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، هەبوونی کەناڵێکی ئاویی وەک نۆکەندی سوێس کە بە یەکێک لە گرنگترین ڕێگا ئاوییەکانی جیهان دادەنرێت لەم ناوچەیەدا، بەردەوامیی کێشە و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لەم جوگرافیایەدا، هاندانی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی باڵادەستیی خۆی بەسەر ناوچەکەدا لەلایەن لۆبی ئیسرائیلییەوە، خەونی کلاسیکیی گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان لەلایەن ڕووسیاوە، خەونی زیندووکردنەوەی باڵادەستیی سەردەمی ئیمپڕاتۆری لەلایەن بەریتانیا، ڕووسیا و فەڕەنساوە، بەرداوامیی گەڕان و پشکنینەکانی تورکیا بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە، هۆکارە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکەوە بە یەكێک لە گرنگترین ناوچەکانی جیهان دابنرێت.  ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی کەنداوی سوێس، دابینکردنی ئەمن و ئاسایشی ئیسرائیل، گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان، بەدەستهێنانی بەشێک لە سەرچاوەکانی وزە لە سووریا، وای کردووە دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی لیبیا و قوبرس گرنگییەکی زیاتر بەدەست بهێنێت. لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە خێرایەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە بینیوە لەم ماوانەی دواییدا، پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش تا ڕادەیەک گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. بێگومان تورکیاش وەک هێزێکی هەرێمیی گرنگ، لە ڕێگەی پیادەکردن سیاسەتێکی سەربەخۆوە کار بۆ پاراستن و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات. سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی ئەم ململانێیانەدا وای کردووە ئەو وڵاتە چ لەسەر ئاستی هەرێمی یاخود نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی چەندین گرفت ببێتەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا کار بۆ گەمارۆدان و فشارخستەسەر ئەم وڵاتە دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. لێرەدا هەوڵ دەدەین بەکورتی ئاماژە بۆ هەندێک لەو گرفتانە بکەین، لەوانە:  قوبرس بە یەکێک لە گرنگترین ئەو ناوچانە دادەنرێت کە لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گرنگی و بایەخێکی تایبەتی هەیە. پاش دامەزراندنی کۆماری قوبرس لە ساڵی ١٩٦٠دا، کێشە و ململانێکانی نێوان تورکیا و یۆنان لەسەر ئەم ناوچەیە تا ئێستا بەرداوامیی هەیە. ئەم کۆمارە گەرچی لە سەرەتادا بە شێوەیەک دامەزراێنرا کە نوێنەرایەتیی هەردوو نەتەوەی (تورک، یۆنانی) بکات، بەڵام پاش تێپەڕینی ماوەیەکی کەم بەسەر دامەزراندنیدا، یۆنانییەکان لە ڕێگەی ئەنجامدانی چەند پەلامارێکی خوێناوییەوە بۆ سەر تورکەکان لە ساڵی ١٩٦٣دا، هەوڵیان دا گۆڕانکاری لە کۆمارەکەدا بکەن و بیگۆڕن بۆ کۆمارێکی یۆنانی. وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ئەم کارەدا، تورکیا پلانی دانا دەستتێوەردان لە بارودۆخی نێوخۆی قوبرسدا بکات، بەڵام بە هۆی دژایەتییەکانی ئەمەریکاوە، تورکیا نەیتوانی ئەم پلانە جێبەجێ بکات. تەنانەت دوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٧٤یش، ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لە دەستتێوەردانی تورکیا، بۆ ماوەی سێ ساڵ دوورگەی قوبرسی وەک ناوچەیەکی لە چەک داماڵراو ڕاگەیاند(1). پاش قبووڵکردنی ئەندامێتیی یۆنان لە یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی١٩٨١دا، وە پاشانیش قبووڵکردنی بەئەندامبوونی قوبرسی یۆنانی (کۆماری باشووری قوبرسی یۆنانی) لە ١/٥/٢٠١٤دا وەک نوێنەری هەموو قوبرس لە یەکێتیی ئەورووپا، هەریەک لە ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا لە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی قوبرسدا، بەتایبەتی لە پرسی دیاریکردنی سنووری ڕووبەرە ئاوییەکانی ناوچەکە و چەسپاندنی دەسەڵات تیایدا کە بە گرنگترین کێشە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دادەنرێت، زیاتر وەک لایەنگری یۆنان و قوبرسی یۆنانی دەردەکەون لەبەرامبەر تورکیادا. سەرباری ئەوەی تورکیا لە پێشەنگی ئەو دەوڵەتانە دێت کە خاوەنی درێژترین کەناراوی ئاوین لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی تورکیا دەدرێت بەسەر پانتاییە ئاوییەکانی ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەریای ئیجەدا (2). بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی یۆناندا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دوورگەکانی میس، ڕۆدۆس، کاشۆت و دوورگەی کریت وەک بەشێک لە خاکی خۆی، تورکیا لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕێککەوتننامەیەکی ڕێگەپێدانی لەگەڵ قوبرسی تورکی (کۆماری باکووری قوبرسی تورکی) ئەنجام دا. لە ڕێگەی ئەم پەیماننامەیەوە، تورکیا لەدوای ساڵی ٢٠١٠-ەوە توانیی هێزە دەریاییەکانی لەنزیک دوورگەی قوبرس جێگیر بکات و کاری پشکنین و گەڕان بەدوای سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و غازدا لە پانتاییە ئاوییەکانی ناوچەکە ئەنجام بدات(3). لە درێژەی ململانێ و ڕکابەرییەکانی ناوچەکەدا، هێزە دەریاییەکانی تورکیا لە ٩/٢/٢٠١٦دا هەستان بە ڕێگریکردن لە کەشتییەکی سەر بە کۆمپانیای نەوتی ئیتاڵی (ENI)، بە تۆمەتی ئەوەی بەنیاز بووە کاری گەڕان و پشکنین بوو لە ڕووبەرە ئاوییەکانی کۆماری قوبرسی تورکی ئەنجام بدات. بەردەوامیی تورکیا لە هەنگاوەکانی کاری گەڕان و پشکنین لەنزیک کەناراوەکانی قوبرس و یۆنان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گوێنەدان بە ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەیەوە، ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قوبرسی یۆنانی و یۆناندا، بەتایبەت پاش تۆمەتبارکردنی دەوڵەتی قوبرس بە گرتنەبەری هەنگاوی تاک لایەنە و پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی گەڕان و پشکنین بەدوای سەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەکەدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافەکانی هاوڵاتیانی تورک لە باکووری قوبرس، وای کردووە تورکیا لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دووچاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی بێت لەگەڵ هەریەکە لە دەوڵەتانی یۆنان، قوبرسی یۆنانی، ئەمەریکا و فەڕەنسادا. یەکێکی دیکە لەو ناوچانەی کە لە ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا گرنگی و بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت و وەک بە بەشێک لە پرسی ئەمن و ئاسایشی نیشتمانیی ئەنقەرە سەیر دەکرێت، بریتییە لە کێشەی لیبیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. تورکیا بە ئامانجی فراوانکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، هەستا بە ئەنجامدانی یاداشتنامایەکی لێکتێگەیشتن لە ٢٧/١١/ ٢٠١٩ لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لە (تەرابلوس/لیبیا) بە سەرۆکایەتیی سەراج، بە مەبەستی دیاریکردنی سنووری دەسەڵات بەسەر ڕووبەرە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا. جگە لەوەش تورکیا بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە بواری ئەمنی و سەربازی، ڕێککەوتننامەیەکی دیکەی لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی ئەنجام دا. بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتننامەیە و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی تەرابلوس، تورکیا هەستا بە ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بە مەبەستی یارمەتیدانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لە پێکدادانە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتەدا، بێگومان ئەمەش بوو بە هۆی ئاڵۆزبوون و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپای نیشتمانیی لیبیادا بە سەرۆکایەتیی خەلیفە حفتەر. سڵنەکردنەوەی تورکیا لە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ لە کاروباری نێوخۆی لیبیا و ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و چەسپاندنی هێز و دەستەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کاردانەوەی توندی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم وڵاتە ناچار بە پاشەکشەکردن بکات لە خاکی لیبیا. یەکێکی دیکە لەو ڕەهەندانەی کە ئەنقەرە لە ئەجێندای ساسیەتی دەرەوەیدا لە ناوچەکە گرنگییەکی زۆری پێ دەدات و کاری بۆ دەکات، بریتییە لە هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ زیندووکردنەوە و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە ڕووی سیاسی، ئابووری، مێژوویی و کولتوورییەوە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە لەژێر دەستەڵاتی عوسمانییەکاندا بوون. بەتایبەتی لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیی پارتی داد و گەشەپێداندا، تورکیا هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست وەک سووریا، میسڕ، لیبیا و فەڵەستین بەهێز بکات و پەرەی پێ بدات. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لەلایەن گەلانی میسڕ، لیبیا و سووریا دژ بە سیستمە دیکتاتۆرییەکانی وڵاتەکانیان بەئومێدی کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆری و بەدیهێنانی دیموکراسی لە وڵاتەکانیان، تورکیا هەر لە سەرەتای ئەم شۆڕش و یاخیبوونانەوە پاڵپشتیی خۆی بۆ گەلانی ناوچەکە ڕاگەیاندووە بە جۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەیدا. لەم چوارچێوەیەدا پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلی میسڕ، وە بەتایبەتی پاش بردنەوەی پارتی ئیخوان موسلمین و هاتنەسەرکاری محەمەد مورسی لە ڕێگەی دەنگدان و بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەوە، تورکیا پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆی بۆ حکومەتەکەی محەمەد مورسی ڕاگەیاند. بە هەمان شێوەی میسڕ، تورکیا لە ڕێگەی پاڵپشتیی یارمەتیدانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیک لە خۆی لە سووریادا، دژایەتیی خۆی بۆ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ڕاگەیاند. هەڵوێست و جموجووڵەکانی تورکیا لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەر لە ڕەتکردنەوەی کودەتا سەربازییەکەی سیسی لە میسڕ، دەستتێوەردانی کاروباری نێوخۆی سووریا و ئەنجامدانی لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا و دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە، پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندیی ژمارەیەک لە دەوڵەتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا و ناڕەزایی و هەڵوێستوەرگرتنی ئەو دەوڵەتانە دژ بە جموجووڵ و چالاکییەکانی تورکیا لە ناوچەکە، وای کردووە پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە چ لەسەر ئاستی هەرێمی یاخود نێودەوڵەتی، تووشی گرفت و لاوازی  ببێت. لەم چوارچێوەیەدا هەریەک لە وڵاتانی ئیمارات، ئیسرائیل، ئەمەریکا، فەڕەنسا، ڕووسیا و عەرەبستانی سعودی، هەنگاوەکانی ئەنقەرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و زیادکردنی دەسەڵات و نفوزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، وەک مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینین و کار بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەی هێز و دەسەڵاتی تورکیا لە ناوچەکە دەکەن. لە ئێستادا لەسەر ئاستی هەرێمی بەرەیەکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ئیمارات، میسڕ و عەرەبستانی سعودی دروست بووە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هێز و نفوزی تورکیا لە ناوچەکەدا بە سەرۆکایەتیی پارتی داد و گەشەپێدان. وەک دەبینرێت لە ئێستادا ئەم بەرەیە کۆکن لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش لە کێشەی لیبیا و دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەبەرامبەر تورکیادا، لەبەرامبەر پشتیوانی و هاوکارییەکانی وڵاتانی ئیمارات، میسڕ و عەرەبستانی سعودی بۆ هێزەکانی سوپای نیشتمانیی لیبیا بە سەرۆکایەتیی خەلیفە حفتەر. بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە هۆی ڕکابەری و پێکدادانی بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلهێزەکان، تا ئێستا نەتوانراوە بەرەیەکی هاوبەش لەبەرامبەر تورکیادا دروست بکەن، بۆ نموونە  هەریەک لە فەڕەنسا و ڕووسیا بەگوێرەی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان سیاسەتێکی جیاواز و دژیەک لە سووریادا پیادە دەکەن، بەڵام لە لیبیادا هەردوو وڵات لە یەک بەرەی هاوبەشدان و پشتیوانی لە حکومەتەکەی خەلیفە حفتەر دەکەن. لە درێژەی هەوڵەکانیاندا بۆ گەمارۆدان و لاوازکردنی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، پێویستە ئاماژە بۆ سیاسەتی دەوڵەتی ئیسرائیل و کاریگەریی دیار و بەرچاوی لۆبی ئەو وڵاتە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا لە ناوچەکە بکەین. لەگەڵ گەشەسەندنی تواناکانی تورکیا لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیی پارتی داد و گەشەپێداندا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان، حکومەتی ئەو وڵاتە هەوڵەکانی خۆی چڕ کردووەتەوە بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی سەربەخۆ لە کاروباری ناوخۆ و دەرەوەیدا، هەر لە داننان بە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی وەک نوێنەری ڕاستەقینەی هاوڵاتیانی فەڵەستین، بەتایبەت پاش بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٦-ی ئەو وڵاتە، پێشوازیکردن لە خالید مەشعەلی سەرۆکی ئەو بزووتنەوەیە لە ئەنقەرەی پایتەخت و دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر گەمارۆکانی سەر کەرتی غەزە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، حکومەتی تەلئەبیبی لە ئەنقەرە نیگەران کردووە. بەردەوامیی هەڵوێستەکانی تورکیا لەبەرامبەر کێشەی فەڵەستین، وەستانەوە دژ بە سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و بەردەوامیی چالاکییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وای کردووە ئیسرائیل هەوڵەکانی تورکیا وەک مەترسی بۆ سەر خۆی ئەژمار بکات، بێگومان ئەم دۆخەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی بۆ سەر هەڵوێست و سیاسەتەکانی واشنگتۆن دەبێت لەبەرامبەر تورکیادا. زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین مەترسی و نیگەرانییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرامبەر تورکیادا بە جۆرێک زیادی کردووە کە لە ڕووی سیاسی، ئابووری و میدیاییەوە پەنا بۆ سوودبینین لە تواناکانی لۆبی خۆی بەرێت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە مەبەستی دژایەتیکردن و لاوازکردنی دەوڵەتی تورکیا(4). ئابووری یەکێکی دیکە لەو فاکتەرانەی کە پێویستە لە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەبەرچاو بگیرێت، بریتییە لە گرنگیی ئەم ناوچەیە لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا. ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیادا خاوەنی پێگەیەکی ئێجگار گرنگ و ستراتیجییە، هەم بە هۆی دەوڵەمەندیی بە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و غاز و هەم بە هۆی گرنگیی پێگەکەی لە پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی دوولایەنەی نێوان تورکیا و دەوڵەتانی ناوچەکە. تورکیا لە ڕێگەی بەهێزکردنی نفوزی خۆیەوە لەم ناوچەیە، لە لایەکەوە کار بۆ ئەوە دەکات کە لە بابەتی دابینکردنی وزەی پێویست بۆ وڵاتەکەی، پەیوەستبوونی خۆی بە وزەی دەرەکی کەم بکاتەوە، لە لایەکی دیکەوە دەیەوێت پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان زیاتر پەرە پێ بدات. گەر لەم سۆنگەیەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە سەرباری ئەوەی تورکیا لە ئێستادا بە شێوەیەکی چڕ سەرقاڵی کاری گەڕان و پشکنینە بەدوای نەوت و غازدا لە ناوچەکەدا، لە هەمان کاتدا کار بۆ جێبەجێکردنی پلانی گواستنەوە و گەیاندنی غازی سروشتیی ناوچەکە دەکات لە ڕێگەی خاکی خۆیەوە بۆ بازاڕەکانی ڕۆژئاوا(5). بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، بڕی غازی سروشتی لە کێڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا یەکسانە بە  ٤,٥%-ی کۆی یەدەگی غازی سروشتی لە جیهاندا. لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە بەشێکی گرنگی کێڵگەکانی غازی سروشتی لەم هەرێمە لە ناوچەی تامار و لێڤیاتان-ەوە لە خاڵی بەیەکگەیشتنی کەناراوەکانی قوبرس، میسڕ و ئیسرائیلەوە تا ڕۆژئاوای دەلتای نیل لە کەناراوەکانی میسڕ درێژ دەبێتەوە. گەورەترین کێڵگەکانی غازی سروشتی کە دەکەونە سەر ئەم هێڵە، بریتییە لە کێڵگەکانی: 1. تامار: ٣١٨ ملیار مەتر سێجا 2. لێڤیاتان: ٦٠٥ ملیار مەتر سێجا 3. ئافرۆدیت: ١٢٩ ملیار مەتر سێجا 4. کالیپسۆ: ٢٣٠ ملیار مەتر سێجا 5. زۆهر کە ٨٥٠ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت ناوچەکانی نێوان لەڤانت و دەلتای نیل، بڕی ٨,٩ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ بگرێت(6). لەگەڵ ئەوەشدا جگە لە لێکۆڵینەوەکانی ناوچەی لەڤانت و حەوزی ڕۆژئاوای ڕووباری نیل، تا ئێستا نەتوانراوە کاری گەڕان و پشکنین بە شێوەیەکی چڕ لە ئاوە کیشوەرییەکانی باشووری ڕۆژئاوای کەناراوەکانی تورکیاوە تا کەناراوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی لیبیا و ڕۆژئاوای میسڕ ئەنجام بدرێت. هەر چەندە تورکیا لەم ماوانەی دواییدا لە ڕێگەی کڕینی چەند کەشتییەکی تایبەت بەم بوارە، دەستی کردووە بە کاری گەڕان و هەڵکەندن لە ناوچەکەدا. سەرەڕای ئەوەش بە هۆی ناکۆکی و ململانێکانی لەگەڵ یۆناندا سەبارەت بە دیاریکردنی ڕووبەری دەسەڵاتی دەریایی نێوانیان لە دەریای ئیجە، تا ئێستا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی چڕ کاری گەڕان و هەڵکەندن بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا لەم ناوچەیە ئەنجام بدات. جێگەی باسە کێڵگەکانی غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەتەنیا ناکەونە قووڵایی ئاوی دەریاوە، بەڵکوو لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە هەندێک ناوچە لە سنووری کەناراوەکانی لیبیا و میسڕدا دەوڵەمەندن بە لەخۆگرتنی بڕێکی زۆر لە غازی سروشتی. وڵاتی لیبیا لە ڕێگەی خاوەندارێتیکردنی چەندین کیڵگەی دەوڵەمەند بە غازی سروشتی وەک کێڵگەکانی وەفا و بۆری، کە بڕی ٥,١ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت، لەسەر ئاستی دونیا لە پلەی 22 دایە. هەر چی وڵاتی میسڕە، بە خاوەندارێتیکردنی کێڵگەکانی زوهر، دەلتای نیل و ئاتۆڵ، کە بڕی ٢,٢ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت، لەسەر ئاستی دونیا لە پلەی 16 دایە (7). بۆیە جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە هۆکاری سەرەکی لە نزیکەوە گرنگیپێدانی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە کاروباری نێوخۆی لیبیا و دەستێوەردان لە جەنگی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا، بۆ دەوڵەمەندیی ئەو وڵاتە بە سەرچاوەکانی وزە دەگەڕێتەوە. لەپاڵ دەوڵەمەندیی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە غازی سروشتی، ئەم ناوچەیە لە هەمان کاتدا دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکانی دیکەی وزە، لە چەشنی نەوت و پێکهاتەکانی. لە ئەنجامی بەردەوامیی گەڕان و پشکنینەکاندا تا ئێستا توانراوە بڕی ٦٤ ملیار بەرمیل نەوت لە کۆی گشتیی ڕووبەری دەریایی و وشکانییەکانی ناوچەکە بدۆزرێتەوە. دۆزینەوەی ئەم بڕە لە نەوتی خاو لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، وا دەکات کە ئەم ناوچەیە نزیکەی ٧,٣ %-ی کۆی کێڵگە نەوتییەکانی جیهان لەخۆ بگرێت (8). لیبیا خاوەندارێتیی نزیکەی ٤,٤٨ ملیار بەرمیل نەوتی خاو دەکات، کە نزیکەی ٢,٣ %-ی کۆی کێڵگە نەوتییەکانی جیهان دەکات، لەپاڵ لیبیادا وڵاتی میسڕیش خاوەندارێتیی نزیکەی ٣,٣ ملیار بەرمیل نەوتی خاو دەکات لە جیهاندا(9). وەک دەبینین دەوڵەمەندیی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە سەرچاوەکانی وزەی وەکوو نەوت و غازی سروشتی، لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگی و بایەخێکی ئێجگار زۆری هەیە بۆ دەوڵەتێکی هاوردەکاری وزەی وەک تورکیا، کە ناچارە لە دابینکردنی بڕی وزەی پێویست بۆ وڵاتەکەی پشت بە دەوڵەتانی دەرەکی ببەستێت. لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکیی تورکیا، دۆزینەوەی نەوت و غازە لە سنووری دەسەڵاتی دەریای تایبەت بە خۆیدا، هاوکات کار بۆ ئەوە دەکات کە لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ڕێگەپێدانی تایبەتەوە لە دەوڵەتانی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزەی وەک لیبیا، کاری وەبەر‌هێنان لە بواری وزە لە ناوچەکە ئەنجام بدات. بەم جۆرە حکومەتی ئەنقەرە دەتوانێت هەم پێداویستییە نێوخۆییەکانی خۆی لە بواری وزەدا لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە دابین بکات لەبریی پشتبەستن بە دەوڵەتێکی دیاریکراوەوە، هەم دەتوانێت ببێتە پردی گواستنەوەی وزە لەنێوان ڕۆژهەڵاتی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزە و بازاڕەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا کە زۆر پێویستیان بەو سەرچاوانە هەیە. بەم جۆرە تورکیا دەتوانێت ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بپێکێت و پێگەی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی زیاتر بەهێز بکات. خشتەی ژمارە (١)، بڕی وزەی هاوردەکراو لەلایەن تورکیاوە لەنێوان ساڵانی (٢٠١٠-٢٠٢٠)(10) وەک لەم خشتەیەدا دیارە، تورکیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا، ناچارە پشت بە وڵاتانی دەرەوە ببەستێت و ساڵانە برێکی زۆر وزە لە وڵاتان هەناردەکار بکڕێت. بۆیە لە ئێستادا تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کار بۆ ئەوە دەکات بەردەوامی بە کاری گەڕان و هەڵکەندن بدات بە مەبەستی دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە، تاکوو بتوانێت لە ئایندەدا لە ڕێگەی دەرهێنانی سەرچاوەکانی وزەی ئەم ناچەیەوە هەم لە ڕووی ئابوورییەوە سوودمەند بێت، هەم خۆی لە پەیوەستبوونی دەرەکی ڕزگار بکات. لەم چوارچێوەیەدا تورکیا پاش ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەیەک لە ساڵی ٢٠١١دا لەگەڵ کۆماری قوبرسی تورکی و ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەیەکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لە لیبیا، لە ڕێگەی کەشتیی تایبەت بە هەڵکەندن و لەرزاندن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە، لە سنووری ئاوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان ناوچەکەدا دەستی کردووە بە ئەنجامدانی کاری گەڕان و هەڵکەندن.  تورکیا لەپاڵ هەریەکە لە کەشتییەکانی تایبەت بە کاری هەڵکەندن بە ناوەکانی فاتیح و یاوز، کەشتیی گەڕانی لەرزێنەری (سیسمیک) بە ناوەکانی باربارۆس خەیرەدین پاشا، کەشتیی لێکۆڵینەوەی لەرزێنەری ئێم تی ئەی ئۆروچ ڕەیس، بە مکوڕی و سووربوونەوە لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدا، درێژە بە چالاکییەکانی گەڕان و هەڵکەندن دەدات و لەم ڕێگەیەوە توانیویەتی بچێتە ڕیزی ئەو دەوڵەتانەی جیهان کە توانای ئەنجامدانی کاری گەڕان و ‌هەڵکەندنیان هەیە لە دەریادا(11). جگە لەو کەشتییانە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا کەشتیی “قانوونی” تایبەت بە کاری هەڵکەندن لەلایەن تورکیاوە خراوەتەوە کار (12). بە مەبەستی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ ئەو کەشتییانەی کە لە سەرەوە ناویان هێنرا، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا لە دەریای ناوەڕاست، جگە لە ناردنی هێزی دەریایی بۆ هاوڕێیەتیکردن و پاراستنیان، تورکیا لە ڕێگەی ئەنجامدانی مانۆڕی دەریایی و بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیەوە لە دوورگەی قوبرس، بەمکوڕییەوە کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات(13). جگە لەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا کە ئامانجی ئەوەیە بچێتە ڕیزبەندیی ١٠ بەهێزترین وڵاتانی خاوەن ئابووریی جیهان، لە ڕووی چالاکی و جموجووڵی ئابووری و بازرگانییەوە ناوچەیەکی ئێجگار هەستیار و گرنگە. گەر بێتوو تەماشای قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و وڵاتانی درواسێی بکەین لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیکردنی پارتی داد و گەشەپێدان لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٢٠دا، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵ لەدوای ساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە. بۆ نموونە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەشت لەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٢٠دا پێنج هێندە زیادی کردووە. دەتوانین بڵێین ئەم زیادبوونەش بە شێوەیەکی گشتی زیادبوونی قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا بووە لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەو دەوڵەتانە، بەشێوەیەك كە قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەو وڵاتانە تەنیا، ٦, ٢ ملیار دۆلار بووە، ئەوا لە ساڵی ٢٠١٥دا قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا بۆ ٣,١٥ ملیار دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. هەر لەم ماوەیەدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەتایبەتی لەگەڵ میسڕ و لیبیادا، بۆ دە هێندە زیاتر بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.   خشتەی ژمارە (٢)، بەراوردی گەشەسەندنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان تورکیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٢- ٢٠١٩/ملیۆن دۆلار)(14)   پەیوەندیی مێژوویی و کولتووری   یەکێکی دیکە لەو بوارانەی کە تورکیا لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەوردی کاری لەسەر دەکات بۆ زیاتر بەهێزکردنی پێگەی خۆی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە، بریتییە لە هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە. بەتایبەتی لە ماوەی فەرمانڕەوایی پارتی داد و گەشەپێداندا، حکومەتی ئەنقەرە زیاتر گرنگیی بەم پرسە دەدات و کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات. لەم ڕووەوە ئەوەی یارمەتیی تورکیا دەدات و ئاسانکاریی بۆ دەکات، پەیوەندیی لەمێژینەی مێژوویی و کولتووریی گەلانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی-تورکیادا. جگە لە ماڵتا و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کەناراوەکانی دەریاکانی ئەدریاتیک، تەواوی ئەو ناوچانەی کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە، بە درێژایی چەندین سەدە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریای عوسمانیدا بوون.  بۆیە دەتوانین بڵێین زۆرێک لەو دەوڵەتانەی دەکەونە ئەم ناوچەیە، هەر لە تونسەوە بۆ باڵقان، لە ناوچەی لەڤانتەوە بۆ کەناراوەکانی میسڕ و لیبیا، بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ تورکیادا هەیە. زۆرێک لەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، وەک میسڕ بۆ ماوەی ٣٦٥ ساڵ، لیبیا ٣٦٠ ساڵ، تونس ٣٢٣ ساڵ، چیای ڕەش ٣٩٩ ساڵ، ئەلبانیا ٤٤٥ ساڵ، سووریا، فەڵەستین/ئیسرائیل و لوبنان بۆ ماوەی ٤٠٢ ساڵ، لەلایەن ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییەوە بەڕێوە براون. لەبەر ئەوە بەشێکی گرنگی مێژووی ئەم گەلانە کە ماوەی زیاد لە سێ سەدە بۆ چوار سەدەی خایاندووە، لە هەمان کاتدا بەشێکە لە مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی. سەرباری ئەوە لە بەشێکی گرنگی ئەم جوگرافیایە کە بەشێک بووە لە جوگرافیا/مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، چەندین کەمینەی بە ڕەگەز تورک ژیاون. لە هەمان کاتدا تا ئێستا وەک میراتێکی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی ژمارەیەکی زۆر لە موسوڵمان لە ناوچەکانی باڵقان درێژە بە ژیان دەدەن، بۆ نموونە لە وڵاتانی وەک ئەلبانیا و بۆسنە هەرسک موسوڵمانان زۆرینەی دانیشتووانی وڵات پێک دەهێنن، تەنانەت لە یۆنان و مەقدۆنیا ژمارەیەکی گرنگ لە هاوڵاتیانی تورک و موسوڵمان دەژین. ئەم نزیکایەتییە کولتوورییە کە مێژووی هاوبەش لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، خاڵێکی گرنگە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان تورکیا و دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. حکومەتی ئەنقەرە هەر لە سەردەمی تورگوت ئۆزاڵ و نەجمەدین ئەربەکانەوە تا دەگاتە ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان، گرنگییەکی زۆری بەم بابەتە داوە و بە بەرنامە کاری بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکانی باڵقان، لەڤانت و باکووری ئەفەریقا کردووە و دەکات، ئەمەش وای کردووە هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمەریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا، بەنیگەرانییەوە لە هەوڵەکانی حکومەتی ئەنقەرە بڕوانن لە ناوچەکەدا، کە ئامانج لێی گەڕانەوەیە بۆ جوگرافیای سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی لە ڕێگەی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. جێگەی ئاماژەپێدانە، تورکیا بە درێژایی چەندین دەیە هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی بەم جوگرافیایە نەداوە کە جێگەی باس بێت، بۆیە دەتوانین بڵێین سەرەتای گەڕانەوە و گرنگیپێدانی تورکیا بەم جوگرافیایە، بە شێوەیەکی کرداری بۆ کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٠ دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی حکومەتی ئەنقەرە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ڕۆژئاواوە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا وەرچەرخاند. بۆ ئەم مەبەستەش لە سەرەتادا لە ڕێگەی پیادەکردنی سیاسەتی “گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” و دواتریش لە ڕێگەی پیادەکردنی سیاسەتی “عوسمانیی نوێ”وە، هەوڵی داوە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ناوچەکەدا بپێکێت(15). ئەنجام هەڵکەوتە و پێگەی جوگرافیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست لەسەر ڕێگای تێپەڕینی کاروانە بازرگانییەکان لە ئۆقیانووسی هیندەوە بەرەو ئەورووپا، تێپەڕینی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، گواستنەوەی نەوتی قەوقاز لە ڕێگەی هێڵی بۆریی باکۆ-جیهان و گواستنەوەی وزە و کاڵا بە ڕێگای دەریایی لە ڕێگەی لە نۆكەندی سوێسەوە، پێگەی دوورگەی قوبرس وەک ناوەندێکی سەربازی، دۆزینەوەی چەندین کێڵگەی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست، وای کردووە ئەم ناوچەیە لە  ڕووی ستراتیژییەوە نەک تەنیا پێگە و گرنگیی مێژووی خۆی بپارێزێت، بەڵکوو لە سۆنگەی سیاسەتی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە پێگە و گرنگیی مێژووی خۆی بپارێزێت. دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە و زیادبوونی گرنگیی ستراتیژیی ناوچەکە، لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێ و ڕکابەریی نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر ئەم دەریایە بۆ دەستبەسەرداگرتن و چەسپاندنی ‌هێزی خۆیان، ڕۆڵی تورکیاش وەک هێزێکی چالاک لە ناوچەکە زیادی کردووە. لە ڕاستیدا هۆکاری بنەڕەتیی گرنگیدانی تورکیا بە پێشخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتێکی وەکوو لیبیادا، بۆ ستراتیژیی ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە. گۆڕینی ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات و خواست و خولیای تورکیا بۆ بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵات و نفوزی خۆی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دووبارە زیندووکردنەوەی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی لەگەڵ هەریەکە لە دەوڵەتانی لیبیا، سووریا و فەڵەستین و کۆی دەوڵەتانی ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای سیاسەتی دەرەوەیدا لە ناوچەکە، بووەتە مایەی دروستکردنی نیگەرانی و مەترسی بۆ سەر بەشێک لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. لەبەر ئەوە لە ئێستادا ژمارەیەک لە هێزە هەرێمییەکانی وەک ئیمارات، میسڕ، عەرەبستانی سعودی و یۆنان و هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەمەریکا، فەڕەنسا و ڕووسیا، کەوتوونەتە جموجووڵ و چالاکی دژ بە خواست و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکە. بەردەوامی و سووربوونی حکومەتی ئەنقەرە لە درێژەدان بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گوێنەدان بە ناڕەزایەتییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، دوور نییە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە زیانی خۆی بشکێتەوە بە هۆی زیادبوونی فشارەکان لەسەر ئەو وڵاتە.   بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە. _________________________________________________________ سەرچاوەکان   Yaycı, C. ‘Doğu Akdeniz’de Deniz Yetki Alanlarının Paylaşılma Sorunu ve Türkiye’. Bilge Strateji, 4:6, 2012, ss.1-72. Kemal İnat, “Türkiye’nin Kıbrıs Politikasının Dönüşümü”, Bilgi, Sayı: 2, (2005), s. 44-45. Nasıh Sarp Ergüven, “Adaların Deniz Alanı Sınırlandırmasına Etkisi ve Doğu Akdeniz”, Doğu Akdeniz Sorunu ve Türkiye, der. Kemal İnat, Muhittin Ataman ve Burhanettin Duran, SETA, İstanbul Nurşin Ateşoğlu Güney, “Türk Dış Politikasını Anlamak: Doğu Akdeniz Stratejisi”, Yeni Şafak, 3 Şubat 2020. Burhanettin Duran, “NATO’nun ‘Güncellenmesi ve Doğu Akdeniz Hamlesi?”, Sabah, 3 Aralık 2020; Burhanettin Duran, “Doğu Akdeniz’de Üç Kritik Adım”, Sabah, 28 Aralık 2019. Deniz İstikbal ve Hacı Mehmet Boyraz, “Doğu Akdeniz Enerji Kaynaklarına Ekonomi-Politik Bir Yaklaşım”, Kıbrıs Araştırmaları ve İncelemeleri Dergisi, Cilt: 3, Sayı: 5, (2019), s. 69-86. Yunus Furuncu, “Doğu Akdeniz’de Türkiye Dışındaki Ülkelerin Hidrokarbon Arama ve Sondaj Faaliyetleri”, Doğu Akdeniz Sorunu ve Türkiye, ed. Kemal İnat, Muhittin Ataman ve Burhanettin Duran, (SETA, İstanbul: 2020). International Energy Statistics”, EIA, www.eia.gov/international/data/world, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020. “Oil Data: Upstream”, OPEC, www.opec.org/opec_web/en, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020). “BP Statistical Review of World Energy, 2019 68th Edition”, BP, bp.com/content/dam/bp/business-sites/en/global/corporate/pdfs/energy economics/statistical-review/ bp-stats-review-2019-full-report.pdf, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020. Doğal Gaz Piyasası Yıllık Sektör Raporları”, EPDK, www.epdk.org.tr, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020); “Petrol Piyasası Yıllık Sektör Raporları”, EPDK, www.epdk.org.tr, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020); “2018 Kömür Sektör Raporu”, TKİ, www.enerjiportali.com, (Erişim tarihi: 25 Mart 2020). Büşra Zeynep Özdemir, “Uluslararası Deniz Hukuku Perspektifinden Türkiye’nin Doğu Akdeniz Politikası”, Doğu Akdeniz Sorunu ve Türkiye, ed. Kemal İnat, Muhittin Ataman ve Burhanettin Duran, (SETA, İstanbul: 2020); Barış Şimşek, “Türkiye Gemileri Dörtlüyor”, Sabah, 17 Temmuz 2019. “Sondaj Gemisi ‘Kanuni’ Türkiye’de”, TRT Haber, 15 Mart 2010. “Doğu Akdeniz-2019 Davet Tatbikatı Tamamlandı”, TRT Haber, 20 Kasım 2019; “Fatih’i, Yavuz’u Milli Savaş Gemileri Koruyor”, Akşam, 27 Haziran 2019. Kaynak: TÜİK verilerinden derlenmiştir. Burhanettin Duran, “Türk Dış Politikası Ortadoğululaşıyor mu?”, Ortadoğu Yıllığı 2008, (Küre, İstanbul: 2009), s. 385-402.   گۆڤاری ئایندەناسی ژماره(4‌)تشرینی دووەمی 2020


دانا حەمەعەزیز بەدریژایی میژوی تازە، چوار ساڵی ڕابردوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ناکاریگەرترین قۆناغ دا تێپەڕیوە. ترەمپ، پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی ئەمریکای لەگەڵ جیهان، دوچاری پاشاگەردانیی کردۆتەوە. پارسەنگ و ڕاستکردنەوەی  ئەم سیاسەتە، یەکێکە لە ئەرکە قورسەکانی  جۆ بایدن لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی  زەرەر یان قازانجیان کردوە. زۆربەی وڵاتان بە گەشبینی و هەندێکیشیان بە نیگەرانیەوە ئەڕواننە ئیدارەی تازەی ئەمریکا.   کوردوستانی عێراق  لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەمریکا پێنج سەرۆکی گۆڕیوە، بەڵام  لەسایەی هیچیاندا بە ترەمپیشەوە، ئەمریکا پشتی لە کورد نەکردوە  تەنانەت لەکاتی شەرمەزاریی و هەڵە کوشندەکانی بارزانیشدا بە ٣١ی ئاب و دەستبەردار نەبونی دەسەڵات و چەسپاندنی حوکمی خێڵ و هەڵەی جەرگبڕی ڕیفراندۆمیشەوە. لە سەردەمی ترەمپدا، پشتیوانیەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردوستان بەردەوام بوون، تەنانەت حکومەتی ئەمریکا دڵسۆزانە لە بارزانی پاڕایەوە ڕیفراندۆم نەکا، لەبەرامبەردا لە دۆکیمێنتیکی مێژووییدا بەدیلیکی زۆر گرنگی خستە بەردەم و هاوکات لە مەترسیەکانی ڕیفراندۆم و ئەنجامە خراپەکانی ئاگاداری کردەوە. تا ئێستا ئەمریکا دەستبەرداری پشتیوانی کوردی عێراق نەبوە، بەڵام ئەمریکا و هەمو دۆستە خۆراوایەکانی کورد نا ئومێدن لەم مۆدێلەناشیرینەی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردوستان. بارزانی هێشتا خۆی بەسەرۆك و تەنانەت هاوڕێی بایدنیش ئەزانێ بەڵام ناچێێتە ژێر باری بەرپرسیاریەتی هیچ کام لە و شکست و کارەساتانەی لەژێر فەرمانڕەوایی ئەودا دوچاری کوردوستانی عێراق بوە. تائیستا ئاماژەیەك نیە بۆ راگرتنی پشتیوانیەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردوستان، بەڵام ئەم شیوازە گەڕوگولەی حوکمڕانیی هەرێم دواجار مایەیی بەزەیی و پشتیوانی نیە، بەتایبەتی لە وجودی بەغدایەکی بەهێزدا کە بایدن پشتیوانیەتی. تورکیا تورکیا و ئەردۆغان، سودمەند بون لە ڕەفتارەکانی ترەمپ. داگیرکردنی بەشێك لە کوردوستانی سوریا لەلایەن سوپای تورکەوە بە تویتیکی بێ مەعنای ترەمپ، دەسکەوتێکی کەم نەبوو بۆ ئەردۆغان ئەگەر کاتیش بێ!  سەرکوتکردن و پێشێلکاری ئازادیە سەرەتاییەکانی ناوخۆ، کڕینی سیستەمی موشەکیی ڕوسیی، پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ ناو ئاوەکانی قوبرس و یۆنان و ناردنی هێز بۆ لیبیا و بەئاشکرا پشتیوانیکردنی گروپە جیهادیەکانی سوریا، ئەنجامی بیدەنگیی ئیدارەی واشنتن بوە. لەگەڵ ئیدارەی تازە و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ پرەنسیپەکانی، حکومەتەکەی ئەردوغان ترسی هەیە ڕوبەڕوی سزای ئابوری و لە قاڵبدانی سیاسی و سەربازی ببێتەوە بەتایبەتی لەم کاتەدا کە باری ئابوری زۆر دژوارە.  ئێران ئەگەرچی بایدن حەز بە گەڕانەوە بۆ پەیمانی ساڵی ٢٠١٥ ئەکات بۆ سنوردارکردنی توانا ئەتۆمیەکانی ئێران، بەڵام سەرکێشی و گاڵتەکردنی ئاخوندەکان (لەسەرویانەوە خامنەیی) بەتوانای ئەمریکا و بە سەرۆکی نوێ، ڕێگەی وتوێژ سەختتر ئەکا. ئەگەر ئاخوندەکان سور بن لەسەر ئەم سیاسەتەیان، گوشار و سزاکانی ترەمپ لە دژی ئێران ئەگەر زیاد نەکا، وەك خۆی ئەمێنێتەوە. لەلایەکی ترەوە ئاشتبونەوەی بەشێك لە وڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسرایل، هەڵوێستی دەوڵەتی عیبری توندتر و بەهیزتر کردوە بەرامبەر ئێران. ئیسرایل بەئاشکرا ئەڵێ ئێران مەترسیە بۆسەر ئاسایشی ئیسرایل و ئیمارات و سعودیە و ڕێگەی پێنادەن لە قەبارەی خۆی دەرچێت! چین بە قسە بێتامەکانی ترمپ بێ، پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ چین لەئاستێکی زۆر خراپدایە، بەڵام جگە لە ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەدریژایی چوار ساڵی ڕابردو و تائێستاش، چین سودمەندی گەورەی چەوتیەکانی سیاسەتی دەرەوەی  ترەمپ بوە. چینیەکان نایشارنەوە کە لەسایەی ئیدارەی نوێی و ئەوکاتەی ئەمریکا ئەچیتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی، دوچاری گوشاری سیاسی و سزای ئابوری زیاتر ئەبنەوە بەهۆی پێشێلکردنی ئازادیی و سەرپێچی بازرگانیی لەلایەن چینەوە. تاکە هیوای چین بە ئیدارەی نوێ، گەیشتنە بەڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئاو و هەوا و هاوکاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.  ڕوسیا ڕوسیا هۆکاری سەرەکی دەرچونی ترەمپ بوو لە هەڵبژاردنی ٢٠١٦دا. بێدەنگیی ئەمریکا بەرامبەر پەلهاویشتن و پێشیلکاریەکانی ڕوسیا لە چوار ساڵی ڕابردودا، پوتین ی بەرەوە دیکتاتۆری و تاکڕەوەی زیاتر بردوە. لەم چوارساڵەدا، ڕوسیا هیچ بەرهمێکی ئابوری نەچنیوەتەوە، بەڵام دەرفەتی باش بۆ بەپاڵەوان بونی پوتین ڕەخسا بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی سوپاکەی لە سوریا وەك هێزێکی بێ ڕکابەر و مامەڵەکردن بە خاکی سوریاوە لەسەر مێزی ئاشتی لەگەڵ تورکیا و ئێراندا. پوتین مەترسی زۆری لە سزای  ئیدارەی تازەی واشنتن هەیە بۆ گێڕانەوەی مۆسکۆ بۆ قەبارەی خۆی، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە ڕوسیا بە قۆناغێکی ئابوری زۆر سەختدا تێئەپەڕێ، بارودۆخی سیاسی ناوخۆی نالەبارە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەلمانیا و یەکێتی ئەوروپا خراپە. ساڵی ٢٠١١ بایدن بە ئاشکرا بە پۆتین ی وت: " ئەگەر لەشوێنی تۆبومایەوە خۆم هەڵنەئەبژاردەوە، چونکە ئەوە بۆ خۆت و بۆ ڕوسیا باشتر بوو"! ئەلمانیا و ئەوروپا ئەڵمانیا وەك چوارەم گەورەترین ئابوری جیهان و گەورەترین هاوبەشی ئابوری ئەمریکا، زەرەرمەندی سیاسەتی ئابوری ئیدارەی ترەمپ بوە. بەپێی سەنتەری لێكۆڵینەوەی Pew، بەدرێژایی مێژوو، ترەمپ ناپەسندترین سەرۆکی ئەمریکا بوە و تەنها لە ١٠% ئەڵمانەکان متمانەیان پێی هەیە. هەوڵدانی ترەمپ بۆ کۆسپ دروستکردن لەبەردەم هاوردەی تەکنۆلۆجیای ئەڵمانی و گاڵتەکردن بە ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی، زۆرترین توڕەیی لە ناوەندە پیشەسازیەکانی ئەڵمانیا دا دروستکردوە. لەلایەکی ترەوە بەهۆی مامەڵەی نادروستی بازرگانیی ترەمپەوە، هەناردەی پیشەسازی ئەلمانیا بۆ چین زەرەری پیگەیشتوە. چوار ساڵە ئیدارەی ترەمپ هەر خەریکی سەرزەنشتکردن و سوکایەتی کردنە بە توانای هێزە ئەوروپیەکانی ناو ناتۆ، لە دوو ساڵی ڕابردودا هاریکاریی و پشتیوانی بەرنامەی ناتۆ لەلایەن ئەمریکاوە، پاشەکشەی زۆری کردوە.  بریتانیاش لە سایەی کۆنە پارێزە دژە ئەوروپیەکاندا، ڕۆڵی نیودەوڵەتی خۆی لەدەست داوە. لە ئیستادا فرەنسا، بەتەنیا سەرکردایەتی سیاسەتی دەرەوەی خۆرئاوا ئەکات. لەم قۆناغەدا پشتیوانی فرەنسیەکان بەپلەی سەرەکیی هێزی ئابوری ئەڵمانیا و وڵاتە بچوکەکانی باکوری ئەوروپایە. بەپێچەوانەی ترەمپ، بایدن ئاواتەخوازی ناتۆیەکی بەهێز و  فروانکردنی ڕۆڵ و گەشەپیدانی تواناکانیەتی.   ترەمپ بەئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ یەکێتی ئەوروپا و ئەوروپایەکی یەکگرتوو نیشانداوە،  چوار ساڵە هانی ئینگلیز ئەدا بۆ دورکەوتنەوە لە ئەوروپا و ڕەتکردنەوەی شەراکەتی ئابوری و بازرگانی ئازاد لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا. بەڵام جۆ بایدن بەدرێژایی ئەو هەشت ساڵەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوە، خۆیی و سەرۆکەکەی، پشتیوانی یەکیتی ئەوروپا و ئەوروپایەکی یەکگرتوو بون، دژیی برێکست و بەداخ بون بۆ جیابونەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا. لای بایدن مامەڵکردن لەگەڵ بەرلین و پاریس پەسندترە لە (لەندەن)ێکی تەنیا.  بایدن، دژی هەر سەرکێشیەکی بریتانیایە کە ببێتە هۆی پێشێلکردنی ڕێکەوتن نامەی ئاشتی ئیرلەندای باکور. بایدن بە توندی دژی هەر هەوڵێکی بریتانیایە بۆ توندکردنی سنوری نێوان ئیرلەنداکان و کۆنترۆڵ و پشکنینی کاڵا لە نێوان ئیرلەندای باکور و بریتانیای مەزن(ئینگلتەرا، سکۆتلاند، وێڵز).  جۆ بایدن بەرەچەڵك ئیرلەندیی و  هاوڕێی نزیکی جێری ئادەمزی سەرکردەی شین فینە. بایدن شانازی بە کاریگەریی لۆبی ئیرلەندیەوە ئەکات کە  هەژمونێکی باشی بەسەر سیاسەتی ئەمریکاوە هەیە، ئەمە جێگەی نیگەرانی کۆنەپاریزەکانی ئینگلیزە و بە نیگەرانیەوە ئەڕواننە ئایندەی پەیوەندیەکانی بریتانیا و ئەمریکا بەتایبەتی دوای بەتەواوی دەرچونی  بریتانیا لە یەکیتی ئەوروپا لە مانگی یەکی ٢٠٢١ دا.


درەو: جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، تا ئێستا (290) دەنگی هەڵبژاردنی كۆكردووەتەوە كە سەركەوتن پێویستی بە (270) دەنگ ی هەڵبژاردنی هەیە. هەرچەندە هێشتا بە فەرمی ئەنجامەكان رانەگەیەنراوە، بەڵام میدیاكانی ئەمریكا سەركەوتنی بایدنیان راگەیاند تا ئێستا: بایدن : (74 ملیۆن و 857 هەزارو 880) دەنگی بەدەستهێناوە ترەمپ: ( 70 ملیۆن و 598 هەزارو 535) دەنگی بەدەستهێناوە  بایدن لە تویتێکدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، دەبمە سەرۆکی هەموو ئەمەریکییەک. راشیگەیاند، ئەو ئەرکەی لە پێشمانە سەختە، بەڵام بەڵێن دەدەم، سەرۆکی هەمووان بم، ئەگەر کەسەکە دەنگی دابێت بە من یا خود بە پێچەوانەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمپین کۆتایی هات، کاتی ئەوەیە توڕەیی و رق وەلا بنێین، وەکو نەتەوەیەک یەکبگرین.


(درەو): رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، كەسە نزیكەكانی، ئامۆژگاری ترەمپیان كردووە خۆی ئامادە بكات بۆ ئەگەری دۆڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی. ئەمە لەكاتێكدایە وتاری داننان بە شكست كە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەحاڵی راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردن‌و دۆڕاندنیان دەیخوێننەوە‌و تێیدا پیرۆزبایی لە كاندیدی براوە دەكەن، لەلایەن تیمی ترەمپەوە تائێستا ئامادە نەكراوە.  رۆژنامە ئەمریكییەكە باسی لەوەكردووە، ماوەی دوو رۆژە راوێژكارەكانی سەرقاڵی قسەكردنن لەگەڵ ترەمپ لەبارەی ئەوەی دەكرێت هەڵبژاردن بدۆڕێنێت‌و ئەگەر ئەمە روبدات دەبێت چۆن مامەڵە بكات.  (واشنتۆن پۆست) پێشبینی ئەوەی كردووە، ئەگەر بدۆڕێت، پێناچێت ترەمپ بەشێوە نەریتییەكە (واتا خوێندنەوەی وتاری شكست) دان بە دۆڕانەكەیدا بنێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە یەكێك لە كارمەندەكانی كەمپەینی ترەمپ باسی لەوەكردووە هیچ ئامادەكارییەك بۆ نوسینی وتاری داننان بە شكستدا نەكراوە.  رۆژنامەكە پێشبینی ئەوەشی كردووە، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنیش بدۆڕێنێت، ترەمپ بەردەوام بێت لەسەر بانگەشە "بێ بنەماكان"ی سەبارەت بەوەی سەركەوتنەكەیان لێ دزیوە. بەپێی زانیارییەكانی (واشنتۆن پۆست)، دەوروبەرەكەی ترەمپ دابەشبوون بەسەر دوو كەمپدا، ئەندامانی خێزانەكەی باوەڕیانوایە هێشتا ترەمپ دەتوانێت سەركەوێت‌و دەبێت هەوڵی بەدیهێنانی سەركەوتن بدات، بەڵام ئەندامانی كەمپەكەی تر كە زۆرینەن‌و پێكهاتوون لە گروپێك لە راوێژكارانی سەرۆك‌و سەركردەی كۆمارییەكان، دانیان بە دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكەدا ناوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand