هه‌واڵ / جیهان

(درەو): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕووبەڕووی گەورەترین نەهامەتی بووەتەوە لەمێژووی خۆیدا، بەتایبەت كە چەند مانگێكی تر و بەدیاریكراوی لەمانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەچێتەوە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی. داڕمانی كارەساتاوی نرخی نەوت، هەڕەشە لە ئایندەی سیاسی خۆی‌و پارتی كۆماری دەكات لە ویلایەتە نەوتییە گرنگەكان لەخۆرئاواو ناوەڕاستی خۆرئاوای ئەمریكا، هاوشانی دروستكردنی فشارێكی چڕ لەسەری لەلایەن لۆبی كۆمپانیا نەوتییەكان‌و پشتیوانەكانی لە كۆنگرێس.  ئەو كۆمپانیایانە لەپشتیوانە بەهێزەكانی بوون لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016دا، بەوەش هەر دەستبەردابونێك لێیان، ئایندەی سیاسی ترەمپ ڕووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە.  لەگەڵ ئەوەی ترەمپ چەندین جار بەڵێنیداوە بە ڕزگاركردنی ئەو كۆمپانیایانە لەداڕمان، ڕەنگە لەئێستادا كەرەستەیەكی كەمی لەبەردەستدابێت بۆ ڕزگاركردنیان. ترەمپ ئێوارەی سێ‌ شەمەی ڕابردوو لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" ڕێگەنادەین پیشەسازی نەوت‌و غاز ئەمریكی دووچاری داڕمانبێت، داوامان لە وەزیرانی ووزەو گەنجینە كردووە پلانێك دابڕێژن بۆ ڕەخساندنی هاوكاریكردنی ئەو كۆمپانیا گرنگانەو، وەزیفەكان تێیاندا سەقامیگربن لەئایندەدا ". بازاڕەكانی نەوت دەكەون دوای "دووشەمەی ڕەش"  پیشەسازی نەوتی ئەمریكا نزیكەی 10 ملیۆن كارمەندی خستوتەكار، پێش داڕمانی نەوت بەوشێوە مەترسیدارە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نزیكەی 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بەرهەمدەهێنا. بەڵام سیناریۆ پێشنیازكراوەكان بۆ ڕزگاركردنی پیشەسازی نەوتی ئەمریكی كامانەن، بەتایبەت ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان ڕووبەڕووی مایە پووچبوون دەبنەوە، دوای ئەوەی بڕە پارەیەكی زۆریان داوە بە كڕیاران بۆ ڕزگاربوون لە گرێبەستەكانی ئایار، بەهۆی نەبوونی شوێنی ئەمباكردن بۆ نەوتەكانیان؟.   تائێستا ترەمپ سێ‌ پێشنیازی لەبەردەمدایە، ئەویش پێشكەشەكردنی پشتیوانی دارایی ڕاستەوخۆ پێیان تابتوانن قەرزەكانیان بدەنەوەو، دەستەبەركردنی شوێنی ئەمباركردن لە گەنجینەی یەدەگی ستراتیجی ئەمریكی، یاخود قەدەغەكردنی هاوردەی نەوت لەو وڵاتانەی نەوت بۆ ئەمریكا هەناردە دەكەن.    لەسەر ئاستی دەستەبەركردنی هاوكاری دارایی، لۆبی كۆمپانیا نەوتییەكان لەكۆنگرێس داوا لە بانكی یەدەگی فیدراڵی"بانكی ناوەندی ئەمریكا" دەكات، بە دروستكردنی میكانیزمێكی نوێ بۆ هاوكاری‌و بەوپێیەش قەرز پێشكەش بە كۆمپانیاكان بكرێت كە بەهاكەی بە نزیكەی 600 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەوەش بەگوێرەی شیكردنەوەیەك كە "ئۆیەڵ پرایس"بڵاویكردووتەوە. زۆرێك لەكۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا لەسەرەتای جەنگی نەوتی نێوان ڕیازو مۆسكۆو داخستنی ئابوری ئەمریكاو ئەو ئابورییانەی لەئاسیاو ئەوروپا نەوتی خاوی هاوردە دەكەن، بەدەست كێشەی بەڕێكردنی بەرهەمەنەوتییەكانییەوە دەناڵێنن. لەئێستادا دەیان بارهەڵگری زەبەلاحی نەوت لەكەناراوەكانی كالیفۆرنیا لەنگەریانگرتووەو چاوەڕێی كڕیار دەكەن.   شرۆڤكاران پێیانوایە، مایەپووچبوونی كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان تەنها لەخاوەنەكانیاندا ناوەستێت، بەڵكو لێكەوتەكانی ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بانكەكانی ئەمریكاو بازاڕی سەندەدات.  بەگوێرەی ڕۆژنامەی "فاینانشناڵ تایمز" گەورە قەرزدەرەكان بەم كۆمپانیایانە بانكە گەورەكانی لەنمونەی "جی بی مۆرگان"و"سیتی گروپ"و "بانك ئۆف ئەمریكا"و "وێل فارگۆ"ن. ئەوەش بەونامایەی، ڕزگارنەكردنیان دروستبوونی قەیران لەكەرتی بانكی دەگەیەنێت كە ڕووبەڕووی داڕمان بووەتەوە لەنرخی پشكەكانی لەبازاڕی"وۆڵ ستریت". سەبارەت بە بژاردەی دووەمیش بۆ ڕزگاركردنی كۆمانیا نەوتییە بەردینەكان، ئەوەیە قەدەغەی هاوردەی نەوت لەسعودیەوە بكرێت‌و، ڕەنگە لەسەرجەم وڵاتانی "ئۆپێك پلەس" بەڕوسیاشەوە. ئەوەش یەكێك لەو بژاردانەی ترمەپ لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ڕۆژی شەمەی ڕابردوودا قسەی لەبارەوەكرد.  ئەم بژاردەیە ڕەنگە لەلایەن كۆنگرێسەوە بەخێرایی پەسەندبكرێت، بەهۆی توڕەیی سیاسییەكانی ئەمریكا لە نوقمكردنی بازاڕی نەوت لەلایەن كۆمپانیای ئارامكۆو چالاككردنی قەیرانی داڕمانی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو.  بەڵام شرۆڤەكاران دەڵێن، ڕەنگە ئەم بژاردەیە پیشەسازی نەوت ڕزگارنەكات، چونكە ئەو نەوتەی ئەمریكا لەوڵاتانی "ئۆپێك پڵەس" هاوردەی دەكات 3 ملیۆن بەرمیل تێپەڕناكات، كە زۆربەی لە سعودیەو ڕوسیاوەیە. بانكی "گۆڵد ساكس" ڕۆژی سێ‌ شەممە لەیاداشتێكدا ڕایگەیاند:" پیشەسازی نەوتی ئەمریكا چەند ملیۆن بەرمیل نەوتێك لەهەفتەكانی داهاتوودا لەدەستدەدات". بانكەكە پێشبینی كردووە: فشار لەسەر گرێبەستەكانی نەوتی خاوی تەكساس بۆ مانگەكانی حوزەیران هاوشێوەی مانگی ئایار بەردەوامبێت. ترەمپ‌و سعودیە.. ئیبتیزازكردن كۆتایی نایەت شارەزایانی بواری نەوت بەدووری نازانن لەمانگی داهاتوودا نەوتی خاوی كۆمپانیاكان ڕووبەڕووی  "قەسابخانەی نرخەكان" ببێتەوەو ئەمریكا ناچاربكات  بە داخستنی دەیان بیرە نەوتی بەردین.  مایكل گارفی سەرۆكی بەشی ووزە لەبانكی "ئادۆر كابیتاڵ" وەبەرهێنانی سویسری پێیوایە، گەڕانەوەی نرخەكان بۆ ئاستی سروشتی خۆی، ڕەنگە پێویستی بە ماوەیەكی درێژبێت. گارفی لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری فۆربس ڕایگەیاندووە:"ئێمە لەسەرەتای ماوەی تاقیكردنەوەی پیشەسازی نەوتیداین".  هەرچی بژاردەی سێیەمیشە، كە تەرخانكردنی ڕووبەڕێكە لە گەنجینە نەوتییەكان لە گەنجینەی یەدەگی ستراتیجی ئەمریكا بۆ بەرهەمی كۆمپانیا نەوتییەكان، ترەمپ وتی: ڕووبەڕبەڕی 77 ملیۆن بەرمیل لە گەنجینەی ستراتیجی دەدات بە كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان. بەڵام شارەزایان پێیانوایە، ئەو بڕە تەنها بەشی چەند ڕۆژێك دەكات بۆ گلدانەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا كە لەئێستادا بەرهەمهێنانی  نزیكەی 12 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەیە، شارەزایان پێشبینی دەكەن، ئەمبارە نەوتییە بازرگانییەكان لە ناوچەی كاشینگ لە ئۆكلاهۆما لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا پڕببن. هاوكات بانكی "گۆڵدمان ساكس" پێشبینی دەكات، لەباشترین حاڵەتدا قەیرانی نرخ لەمانگی حوزەیران بەردەوام بێت. ئەوەش بەومانایەی بەشێوەیەكی كرداری لەماوەی هاویندا بەكارهێنانی نەوتی ئەمریكی بەرزدەبێتەوە، ڕەنگە لەدەرەوەی پلانی بەرزبوونەوەی داواكاری بێت لەسەر وزە لەویلایەتە یەكگرتووەكان. لەنێو بژاردە پێشنیازكراوەكانی تریشدا، فشاركردنە لەسەر "ئۆپێك پڵەس" بۆ جێبەجێكردنی زیاتری كەمكردنەوەی تێكڕای بەرهەمهێنان. بەڵام پێدەچێت ئەم بژاردەیە سەرنەگرێت، بەهۆی ئەو لێدوانانەی لە مۆسكۆوە بڵاوبووتەوە. بەگوێرەی ڕۆیتەرز، كریملین ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندووە: هێشتا زۆر زووە بۆ هەڵهێنجانی هەر ئەنجامێك سەبارەت بەگرتنبەری هەنگاوی زیاتر بۆ ڕێگەگرتن لەدابەزینی نرخی نەوت پێش ئەوەی ڕێككەوتنی جیهانی كە كۆمەڵەی "ئۆپێك پڵەس" بچێتە بواری جێبەجێكردنەوەی لە سەرەتای مانگی ئایار.      سەرچاوە: ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"


(درەو): نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی تاكساس بۆ خوار سفر دابەزی، بەڵام نرخی نەوتی خاو (21 )دۆلار و برێنت (26) دۆلار راوەستاوە، دابەزینی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی تایبەتە بە بازاڕی نرخی نەوتی ئەمریكاوە بەڵام بێكاریگەری نابێت لەسەر بازاڕی نەوتی جیهان. كەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت لە بازاڕی جهانیدا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی خۆرئاوای تێكساس بۆ كەمتر لە سفر دابەزاند، ئەمە دابەزینێكی مێژوویی بوو لە نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی هاوكات لەگەڵ پڕبوونی ئەمبارەكانی نەوتدا. چاودێرانی بازاڕی نەوت دەڵێن، ئەوەی رویداوە حاڵەتێكی تایبەتە بە بازاڕی نەوتی ئەمریكی و بەهای نەوتی برێنت لە شوێنی خۆیدایەو ئەمڕۆ گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوە نەبینیوە. هۆكاری دابەزینی نرخی نەوتی تاكساس دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمبارەكانی نەوت لە ئەمریكا پڕبوون، خەرجی ئەمباركردن زیاتربووە، فرۆشیارەكان دەیانەوێت بەشێوەیەكی خێرا خۆیان لە نەوتی ئەمباركراوی مانگی ئازار رزگاربكەن، بۆیە نرخی نەوتیان توشی داڕمان كرد. دابەزینە مێژوییەكەی ئەمڕۆی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكیی، بەڕای هەندێك لە چاودێران دەریخست ئەو رێككەوتنەی كە سەرەتای ئەم مانگە رێكخراوی "ئۆپێك پڵەس" كردی بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەمەبەستی جێگیركردنی نرخ لە بازاڕدا، هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییەو ناتوانێت لەم كاتەدا كە جیهان بەدەست قەیرانی كۆرۆناوە دەناڵێنێت نرخی نەوت سەقامگیر بكات. لە ساڵی ١٩٨٣وە كە دەستكراوە بە فرۆشتنی نەوتی خاوی ئەمریكی بەشێوەی گرێبەست، ئەمە نزمترین ئاستی نرخ بوو كە ئەمڕۆ نەوتی خاوی ئەمریكیی تۆماریكرد. 🔸ئەمریكا رۆژانە (15 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸سعودیە رۆژانە (12 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸روسیا رۆژانە (10 ملیۆن و 800 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸عێراق رۆژانە (4 ملیۆن و 450 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. لەبارەی نەوتی خاوی (تاكساس) ئەمریكیەوە 🔹نەوتی خاوی ئەمریكی كە بە نەوتی خۆرئاوای تاكساس ناسراوە، خراپترین جۆری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان لەرووی كوالێتیەوە كە نەوتێكی سوكەو كەمترین چڕی هەیە، نرخەكەی هەمیشە لە نەوتی خاوو برێنت كەمترە لە بازاڕەكانی جیهان، نەوتی خاوی تەكساس بریتیە لەو نەوتە سوكەی لە (تاكساس و لویزیانا و باكوری داكۆتا)ی ئەمریكا بەرهەمدەهێنرێت.  🔹 نەوتی برێنت كە لە بازاڕەكانی جیهاندا نرخەكەی ئێستا (26) دۆلارەو بەشێوەیەكی كەم نرخەكەی دابەزی، ئەو نەوتەیە كە لە (دەریای باكور لە نێوان دوورگەكانی شێتلاندی بەریتانیا و وڵاتی نەرویج) بەرهەم دەهێنرێت. 🔹نەوتی خاوی ئۆپێك كە ئێستا نرخەكەی (21) دۆلارە ئەو نەوتەیە كە لە وڵاتەكانی (عێراق، ئێران، سعودیە، كوەیت ، بەحرەین ، ئیمارات، عومان، نەیجیریا، لیبیا، جەزائیر، ئەنگۆلا، كۆنگۆ، كۆڵۆمبیا، ڤەنزوێلا، گینیای ئیستیوائی و گابۆن)، بەرهەمدەهێنرێت و زۆرترین بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێكدێنێت.    


(درەو):  لەكاتێكدا چین ڕووبەڕووی هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی بێوێنە بووەتەوە، بەهۆی مامەڵەكردنی لەگەڵ قەیرانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە تایبەت لەلایەن ویلایەتەكگرتووەكانی ئەمریكاوە،  پەكین بەهێواشی پشتیوانییەكانی فراوان دەكات لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا.  ڕۆژنامەی "ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست" لەژمارەی دوێنێ‌ یەكشەممەدا بڵاویكردەوە، چین لەئێستا ڕۆلێكی میحوەری دەگێڕێت لەوەی كە ئێستا بە" دبلۆماسیەتی دەمامكی خۆپارێزی" ناسراوە، بۆ ڕاكێشانی بەڕەكە لەژێر پێكانی واشنتۆن لەوڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا. پەكین بەم دواییە تیمی شارەزایانی ڕەوانەی هەریەك لە كەمبۆدیاو فلیپین‌و میانمارو پاكستان كردووە، بەمنزیكانەش ڕەوانەی مالیزیای دەكات، بۆ گواستنەوەی ئەزموونیان بۆ ئەو وڵاتانە سەبارەت بە چۆنییەتی ڕوبەڕووبونەوەی پەتای كۆرۆنا. هەروەك چین دەمامكی خۆپارێزی‌و ئامێری هەناسەدانی دەستكردی بەخشی یان ئاسنكاریكرد بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستیان پێیەتی لە باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا، كە لەلایەن خۆیانەوە پێشوازیان لەو هاوكارییانە كرد.          ئامادەیی وێڕایی گومان چین زنجیرەیەك لە كۆبونەوەی تایبەتی لەڕێی ئینتەرنێتەوە لەگەڵ هاوسێ ئاسیاییەكانی ئەنجامداوە، كە دواترینیان ڕۆژی سێ‌ شممەی ڕابردوو بوو، تێیدا (لی چیانگ) سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت تاتوێی ئەزموونی وڵاتەكەی كرد لە قەلاچۆكردنی نەخۆشییەكەو دووبارە خستنەوەگەڕی دامەزراوە ئابورییەكانی، لەگەڵ سەركردەكانی گروپی وڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا ناسراو بە (ئاسیان)، لەگەڵ ژاپۆن‌و كۆریای باشوریشدا.  ژمارەیەك لە سیاسییەكانی خۆرئاوا بە ئاشكرا گومانیان هەیە لەڕۆڵی پەكین لەچارەسەری قەیرانی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنادا، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو، تۆمەتباریدەكەن بە ناشەفافی، سەبارەت بە ژمارەی مردوان‌و ئەوتووشبوانەی ڕایگەیاندووە.  بەڵام سەركردە ئاسیاییەكان، لەنێویاندا ڕۆدریگۆ دۆتیرتی سەرۆكی فلیپین‌و، شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن، هیچ لۆمەكی چین_یان نەكرد، كە نزیكترینن لێی لەڕووی جوگرافییەوە، هەروەك سنورەكانیان بەشێوەیەكی تەواوەتیش لەگەڵی دانەخست.  ڕۆژنامە چینییەكە لەزاری بەرپرسێكی ئاسیاییەوە كە ناوەكەی نەهێناوە، بڵاویكردووتەوە، دواكەوتنی وەڵامدانەوەی حكومەتەكانی وڵاتانی خۆرئاوا لەمامەڵەكردن لەگەڵ بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا تایبەتمەندی بەچین بەخشی، سەرەڕای ئەوەی لەسەرەتاوە بەشێوەیەكی شەفاف سەبارەت بە بڵاوبونەوەی پەتاكە مامەڵەی نەكرد.  وتوشیەتی: خۆرئاوا كارێكی باشتر لەو چوارچێوەیەدا ناكات، جەختیشی كردووە، حكومەتەكەی ئاماژەی لە پەكینەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە بایەخی بەكارهێنانی ڕیكلامی میدیایی لەدروستكردنی ڕای گشتی‌و بەهێزكردنی هەست‌و سۆزی نیشتمانی لەساتەوەختی قەیرانەكاندان. دبلۆماسیەت لەنێوەندی قەیراندا  شارەزایانی ئاسیایی جەخت دەكەن، هەڵمەتی چڕی دبلۆماسیەتی پەكین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو زیانەی بەر ناوبانگی كەوتووە بەهۆی مامەڵەی لەگەڵ قەیرانی كۆرۆنا، لە ئاسیا ڕووبەڕووی بەرەنگارییەكی كەمتر بووەتەوە بە بەراورد بەو گومانەی وڵاتانی خۆرئاوا هەیانە.  ڕیچارد هیداریان، ئەكادیمی نیشتەجێ لە مانێلای پایتەختی فلیپین دەڵێت: بەدرێژایی دوو مانگی ڕابردوو، چین هەوڵێكی زۆریداوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو بۆچوونەی دەڵێت، چین بەرپرسیارە لەو پەتا جیهانییە. هیدریان ڕاشیگەیاندووە:بۆچوونی ئەمریكا هیچ هاوكارییەكی ئەووڵاتەی نەكردووە لە دەربازبوون لە قەیرانەكەی، جەختیشی كردووە: سەرۆك ترەمپ زیاتر بایەخ بە گەمەی لۆمەكردن دەدات لەبری هەڵسوكەوتكردن وەك ڕابەرێكی جیهانی.  لای خۆیەوە، شەهرمان لۆكمان، گەورە شرۆڤەكار لە پەیمانگای مالیزیا بۆ دیراساتی ستراتیجی‌و نێودەوڵەتی، دەڵێت: لەكاتێكدا ئەمریكا سەرقاڵی لەناوبردنی پەتاكە بوو، چین خاكێكی بەپیتی دۆزییەوە لە وڵاتانی باشوری ئاسیا بۆ دروستكردنی وێنەی ڕزگاركەر بۆ خۆی.  لۆكمان ڕوونیشیدەكاتەوە: سەردانی وەفدەكانی پەكین لەو وڵاتانە ڕوومالێكی میدیایی گەورە كرا، هەروەك پێشكەشكردنی هاوكاری پزیشكی بەو وڵاتانە ناوبانگی پەكینی باشكرد لایان، حكومەتی چین لەوەدا بەشێوەیەكی بەرچاو سەركەتووبوو. *سكای نیوز عەرەبیە


 (درەو): پرۆفیسۆرێكی ئەڵمانی كە بەرێوەبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ڤایرۆساتە رایدەگەیەنێت" زۆرێك لەو زانیارییانەی لەبارەی كۆرۆناوە بڵاوكراونەتەوە ناڕاستن و كەرەنتینەكردن لە ماڵەكاندا سودی نیەو كۆرۆنا بە دەستلێدان و تەوقەكردن ناگوازرێتەوە". "هندریك شتریك" پرۆفیسۆری ئەڵمانی و بەڕێوبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ڤایرۆسات‌و لاوازی بەرگری جەستەیی لەزانكۆی بۆن، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (ZDF) ئەڵمانی زۆرێك لەو زانیارییە باوانەی  لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لەبارەی ڤایرۆسەكەوە بڵاوكراونەتەوە، ڕەتیدەكاتەوەو دەڵێت: 🔹زۆرێك لەو زانیارییانەی ڕاگەیاندنەكان بڵاویانكردووەتەوە ناڕاستن. 🔹 كۆڤید_19 لەسەر ڕووكاری شتەكان ناژی. 🔹ڕووپێوێكمان لەسەر كێلونی دەرگای ئەو ماڵانە ئەنجامداوە كەچەندین تووشبووی تێدابووەو هیچ ڤایرۆسكمان نەدۆزیوەتەوە.  🔹 ڤایرۆسەكە بە دەست لێدان‌و تەوقەكردن ناگوێزرێتەوە. 🔹  پشیلە بەتەواوی سەلامەتە لەڤایرۆسی كۆرۆنا. 🔹  ڤایرۆسەكە تەنها لەڕێی هەواوە لەكەسی تووشبووەوە دەگوزرێتەوە بۆ كەسی بەرامبەر لەڕێی كۆكەو پژمین یان زۆر نزیكبوونەوە لێی. 🔹   كەرەنتینەكردنی  كۆی خەڵك لەماڵەكانیان سودی نییە. 🔹  پێویستە تەنها ئەوانە كەرەنتینە بكرێن كە تووشبون دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی‌و تاقیگەیی. لینكی وتەكانی پرۆفیسۆر هندریك شتریك  


(درەو): پسپۆڕانی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دیراسەیەكیان لەبارەی دۆخی جیهان دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجامداوەو گە یشتونەتە ئەو ئەنجامەی، ڤایرۆسەكە كاریگەرییە تەندروتستییەكانی لەسەر خەڵك تێدەپەڕێنێ‌و زەمین لەرزەیەكی سیاسی‌و ئابوری دەخولقێنێ‌، گوزر لە بازرگانی جیهان دەدات‌و، سەقامگیری لەژمارەیەك لەوڵاتانی جیهان دەهەژێنێت.  ئامادەكارانی دیراسەكە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی: 🔹 جیهانگیری‌و بازرگانی ئازاد لەجیهان وەك پێش بڵاوبونەوەی كۆرۆنا نامێنێت. 🔹جیهان بەرەو قەیرانێكی ئابوری گەورە هەنگاودەنێت بە قەبارەی ئەو قەیرانەی كە لەكۆتایی بیستەكان‌و سەرەتای سیییەكانی سەدەی ڕابردوودا سەریهەڵدا. 🔹بەرهەمی ناوخۆیی كەرەستەی خاو لەجیهان تائێستا بەڕێژەی 12% دابەزیووەو پێشبینی دەكرێت لەمانگەكانی داهاتوو دابەزینەكە بەردەوامبێت. 🔹 بەرزبوونەوەی بەرچاو هەیە لە ڕێژەی بێكاری بەتایبەت لەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو وڵاتانی جیهان. 🔹 هاوشانی قەیرانی ئابوری كێبڕكێ‌و، ناكۆكی سیاسی‌و ڕەنگە سەربازیش لەنێوان وڵاتان دروستبێت لەسەر بەدەستهێنانی كەرەستەی پزیشكی.  🔹 بەهۆی پەككەوتنی جوڵەی فرۆكەوانی جۆرێكی تر لە بازرگانی جیهانی دادەمەزرێ‌و بازرگانی ئازاد بەمشێوەیەی ئێستا نەمێنێت. 🔹ڕەنگە وڵاتان پەنابەرنە بەر كۆت‌وبەندكردنی بەرهەمهێنان‌و ئاراستەكردنی زیاتر بۆ ناوخۆ بەتایبەت لەو بوارانەی زۆر گرنگن بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، سەرەڕایی زۆری تێچووەكەی. 🔹 ڕەنگە وڵاتان كۆتوبەند بخەنە سەر هەناردەكردنی كەرەستەی گرنگ، وەك ئامێری پزیشكی، لەڕێی سەپاندنی باج‌و هەندێ كۆت‌و بەندی تری تایبەت بە هەناردەكردن‌و هاوردەكردن. 🔹 كۆرۆنا دەبێتە هۆكاری خێراكردنی گەورەبوونی ڕۆڵی چین وەك دەوڵەتێكی مەزنی جیهانی. 🔹ئەو هاوكارییانەی كە چین پێشكەشی وڵاتانی زەرەرمەندی دەكات‌و،غیابی ئەمریكا، پێگەی چینی بەهێزتركردووە بە بەراورد بە ئەمریكا. 🔹 گۆڕانی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتە زلهێزە، ئاڵۆزییەكانی ئێستا قوڵتر دەكاتەوە. 🔹پێشبینی دەكات كۆرۆرنا قەیرانی سیاسی‌و سەربازی ناوخۆیی‌و دەرەكی نوێ‌ لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بخولقێنێ‌‌و، ڕەنگە سەقامگیری هەندێك وڵاتی وەك میسرو ئوردون بهەژێنێت. 🔹 بلاوبونەوەی كۆرۆنا ئەوەی ماوەی لەئابوری  ئێران وێرانی دەكات. 🔹 ڕەنگە ئەو قەیرانە جیهانییە ببێتە هۆی فراوانكردنی ڕۆڵی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكانی وەك داعش‌و قاعیدە. سەرچاوە:شەرق ئەلئەوسەت


وەرگێڕان:درەو زاناكان‌و لێكۆڵەرەوەكان لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەوەستان لەهەوڵەكانی زانینی سەرچاوەی پەتاكە. لەسایەی نادیاری شوێنی دروستبوونی ڤایرۆسەكە تازەكە، تێۆری جۆراوجۆری بێبەڵگە بڵاوبووەوە كە لەچوارچێوەی هەوڵە شێلگیرەكاندایە بۆ زانینی سەرچاوەی ڤایرۆسەكە. هەندێك پێیانوایە ڤایرۆسی كۆرۆنا پیلانگێڕییەكی ئابورییە، هەندێكی تر تەكنەلۆجیای نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت تۆمەتباردەكەن، لەكاتێكدا تێۆرێكی تر هەیە دەڵێت، چەكێكی بایۆلۆجیە لەچین دروستكراوە، یان سوپای ئەمریكا دروستیكردووەو هێناویەتی بۆ چین، بەڵام زۆرترین ئەو تێۆرانەی لەناو خەڵكدا باوە جەختدەكات، سەرچاوەكەی بازاڕی شاری وۆهانە.  تۆڕی "CNN"ی ئەمریكی لەزاری ژمارەیەك شارەزای بواری ڤایرۆساتەوە بڵاویكردووەتەوە، هەر كەسێك بانگەشەی ئەوە بكات سەرچاوەی "كۆڤید_19" دەزانێت خەمڵاندن دەكات، جەختیشدەكەن كە هیچ  بەڵگەیەك نییە  بیسەلمێنێت حكومەتی چین یان ئەمریكا ڤایرۆسەكەی لەناو خەڵك بەدەستی ئەنقەست بڵاوكردووەتەوە، تائێستاش ئەگەری  هەر لەنزیك لەواقیعەوە ئەوەیە، ڤایرۆسەكە لەشەمشەكوێرەوە گوازرابێتەوە. لەگەڵ ئەوەی زاناكان تێۆری پیلانگێڕی بەدوور دەزانن سەبارەت بەوەی ڤایرۆسەكە وەك چەكێكی بایۆلۆجی بەكارهاتبێت، بەڵام ئەوان لەبارەی هەندێ‌ پرسی ترەوە دابەشبوون، بەو تێۆرەشەوە كە بەلای زۆرێكەوە پەسەندە بەوەی ڤایرۆسەكە لە بازاڕێكی وۆهان دروستبووە، ئەوانەی لایەنگری ئەم تێۆرەن پێیانوایە ئەو بازاڕە قەرەباڵغە بەخەڵك‌و ئاژەڵی كێوی بەهێزترین ئەگەرە. بەڵام ئەوانەی گومانیان هەیە لەودیراسەیە جەختدەكەن چەندین كەس لە تووشبووەكانی سەرەتا هیچ پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان نەبووە لەگەڵ بازاڕەكە.      ڕووداوێكی ڕێكەوت بووە لەسەرەتای مانگی شوباتدا دوو لێكۆڵەرەوەی چینی تیۆرەیەكیان خستەڕوو كە جەختدەكات ئەسڵی ڤایرۆسەكە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێكی ڕێكەوت لەیەكێك لەو دوو تاقیگەیەی دەكەوێتە نزیك شاری وۆهان. بەڵام زۆربەی شارەزایان ئەو تێۆرەیان ڕەتكردەوەو، ڕایانگەیاند هیچ بەڵگەیەك پاڵشپتی ئەتیۆرە ناكات، هەروەك حكومەتی چین ئەو تیۆرەی بەتوندی ڕەتكردەوە. لەبەرامبەردا، ڕیچارد ئەبرایت پسپۆڕی بواری چەكی بایەلۆجی لەزانكۆی ڕۆتجەر ڕایگەیاند،" تیۆری ڕووداو پێدەچێت لۆژیكی بێت و، ئەگەری گەیشتنی ڤایرۆسەكە بە مرۆڤ  لەڕێی ڕووداوێكی تاقیگەوە بەدوور نازانرێت".  تیۆری بازاڕ بەدوور دەزانێت وپێیوایە هیچ پەیوەندییەكی بەدروستبوونی ڤایرۆسەكەوە نییە، ڕەنگە بەشداریكردبێت لە بڵاوبوونەوەیدا، بەڵام لەشوێنێكی تری  وۆهان دروستبووە نزیكەی مانگێك لەوەو پێش. لێكۆڵەرەوەكان كۆكن لەسەر ئەوەی ڤایرۆسەكە لە ئاژەڵەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ، 27 لێكۆڵەر لەبواری تەندروستی گشتی لەسەرانسەری جیهان، نامەیەكیان لە گۆڤاری "زە لانسێت"ی پزیشكی نوسی‌و تێیدا ئیدانەی تیۆری پیلانگێڕیان كردو، ئاماژەیان بەوەكرد:" تیۆرەكانی پیلانگێڕی هیچ ناكات جگە لەخولقاندنی ترس‌و پروپاگەندەو، ئەو لایەنداریانەی  دەبنە بەربەست لەبەردەم هاوكاری جیهانی بۆ قەلاچۆكردنی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە".  ئەو شارەزایانە بەڵگەی زانستیان خستووەتەڕوو كەپشتیوانی ئەو تیۆرە دەكات بەوەی ڤایرۆسەكە لەسەر زەوی درستبووە، یەكێك لەوانەش (بیتەر داسزاك)ە، كە شارەزایەكی دیاری ڤایرۆساتەو ماوەی 10ساڵە لە چین كاردەكات‌و، ڕایگەیاندووە، ئەوان دڵنیان كە "كۆڤید_19" لە شەمشە كوێرەوە هاتووە، بەڵام بەدیاریكراوی ئەو ناوچەیە نازانن كە لێوەی سەریهەڵداوە، یان بەدیاریكراوی لەچی جۆرە شەمشە كوێرەیەكەوە بووە، هەروەك نازانن ژمارەی ئەو ڤایرۆسانەی تر كە بوونیان هەیەو ڕەنگە لەئایندەدا دەربكەون. شەمشەمە كوێرە لەلایەكی ترەوە، مشتومڕ سەبارەت بەوەیە ئاخۆ ڤایرۆسەكە ڕاستەوخۆ لە شەمشەمە كوێرەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، یاخود ئاژەڵێكی تر هەیە لەو نێوەندەدا، داسزاك پێیوایە ڕەنگە شەمشەمە كوێرەیەك ئاژەڵێكی ماڵی لە مەزرایەك توشكردبێت، دواتر ئەو ئاژەڵە بەزویندووی  هێنرابێتە بازاڕ، لەنێو خەڵكدا ماوەتەوە لەیەكێك لە گونجاوترین شوێنەكان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسات، كەئەویش بازاڕی وۆهانی شێدارە. بەڵام ئەو دیراسەیەی كە گۆڤاری " زە لانسێت" بڵاویكردووەتەوە، هەندێك گومانی وروژاندووە سەبارەت بەو تیۆرەو، ڕونیكردووتەوە كە" نزیكەی یەك لەسەرسێی نەخۆشە سەرەتاییەكان پەیوەندییان نەبووە بە بازاڕەكەوە، لەنێو ئەوانەشدا یەكەم نەخۆش كە لە 1 كانوونی دووەم  نیشانەكان لەسەری دەركەوتن، كە هیچ پەیوەندییەكەی پەتایی لەنێوان ئەو و حاڵەتەكانی دوای ئەودا نەدۆزرایەوە.  هەر لەم چوارچێوەیەدا، فنسنت راكانیلۆ مامۆستای زانستی زیندەوەرزانی وورد لەزانكۆی كۆلۆمبیا پێیوایە خەڵك چونەتە بازاڕی فرۆشتنی ماسی‌و هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون. ئەو تیۆرەیەكی تر بە ڕاست دەزانێت‌و پێیوایە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جوتیارێك بووە، ڤایرۆسەكە لە پیسایی شەمشەمە كوێرەدایە كە جوتیارەكان لەچەندین وڵات وڵات بەكاریدێنن بۆ بەپیتكردنی زەوییەكانیان، دوای تووشبوونی، ئەو جوتیارە چووەتە وۆهان‌و خەڵكی تری تووشكردووە.        سەرچاوە: عەرەبی جەدید


درەو: 🔻 نەوتی برێنت لە 23دۆلارەوە بۆ 31 دۆلار بەرزبوەوە 🔻 نەوتی خاو لە 20 دۆلارەوە بۆ 25 دۆلار بەرزبوەوە درەو: نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوەوە لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سوعودیە . لەدوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەوە ترەمپ رایگەیاند پێشبینی دەكەم رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبكرێـەوە بەوەش راستەوخۆ نرخی نەوتی بەرزكردەوە بە جۆرێك نرخی نەوتی برێنت لە 23 دۆلارەوە بۆ 31 دۆلار بەرزبوەوەو نرخی نەوتی خاویش لە 20 دۆلارەوە بۆ 25 دۆلار بەرزبوەوە.   🔹 ئێستا نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا بەم شێوەیەیە: 🔸 نەوتی برێنت: 31.68 دۆلارە 🔸 نەوتی خاو : 25.87 دۆلارە   🔹 بەڵام لە 2020/3/30 نرخی نەوت بەم شێوەیە بوو : 🔸 نرخی نەوتی برێنت : 23.3 دۆلار 🔸 نرخی نەوتی خاو : 20.34 دۆلار


درەو: لەكاتی سەرهەڵدانی بەڵای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌، زاناكان دەستەواژەی كۆڤید_19 یان بەكارهێنا وەك ناوی فەرمی بۆ ڤایرۆسەكە. بەسادەیی، دەكرێت دەستەواژەی كۆڤید_19 دابەشبكرێت بۆ "CO" كوتكراوەی(كۆرۆنا)، (VI) كورتكراوەی (ڤایرۆس)، پیتی (D)یش كورتكراوەی وشەی نەخۆشییە(Disease)، ژمارە 19ش، ئاماژەیە بۆ ساڵی 2019، ئەو ساڵەی بۆ یەكەم جار ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا دەركەوت.  لەسایەی ئەو دۆخی شڵەژانەی لەئاكامی ڕێوشوێنی توندی حكومەتەكان بۆ ڕاگرتنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە هاتوەتە ئاراوە، پرسیارەكان لەبارەی ڤایرۆسەكە زۆتردەبن، بەجۆرێك زۆرێك دەیانەوێت تەواوی زانیاری‌و وردەكاری لەبارەیەوە بزانن. لەگەڵ ئەوەی ئاشكراكردنی هەموو دەستەواژە زانستییەكان ڕەنگە دۆخی دڵەڕاوكێ‌  سەبارەت بە تەندروستیمان‌و، ڕەنگە ببێتە هۆی فشارێكی ناپێویستیش لەدۆخێكی ناهەمواری وەك ئێستادا. لەنێو ئەو پرسیارانەدا كە زۆر دەكرێن لەبارەی كۆرۆنا ئەوەیە، ناوی كۆڤید_19 واتای چییە‌و، بۆچی ئەو دەستەواژەیە بەكاردەهێنرێت؟. بەسادەیی، دەكرێت دەستەواژەی كۆڤید_19 دابەشبكرێت بۆ "CO" كوتكراوەی(كۆرۆنا)، (VI) كورتكراوەی (ڤایرۆس)، پیتی (D)یش كورتكراوەی وشەی نەخۆشییە(Disease)، ژمارە 19ش، ئاماژەیە بۆ ساڵی 2019، ئەو ساڵەی بۆ یەكەم جار ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا دەركەوت. ئەو نەخۆشییەی كە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە سەریهەڵدا، لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە ئەم ناوەی لێنراو لەوبارەیەشەوە دەڵێت:"بوونی ناوێك گرنگە بۆ ڕێگریكردن لەبەكارهێنانی ناوی تر كە ڕەنگە ووردودروست نەبێت. شارەزایانیش دەڵێن: ناوی نەخۆشی سود بەخشە لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتاكە. پێش ئەوەی بە فەرمی ناوی بنرێت COVID-19، زانایان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان دەوت  nCoV-2019))، ئەوەش مانای ڤایرۆسی تاجی نوێی لەساڵی 2019. ڤایرۆسی تاجی نوێ SARS-CoV-2 یشی پێدەڵێن، پێشتر بە ناوی nCoV-2019))، ئاماژەی پێدەكرا، كە وەچەیەكی نوێیە لەلایەن مرۆڤەوە پێشتر دیارینەكراوە. ڤایرۆسی تاجی گروپێكی گەورەن لەو ڤایرۆسانەی كە دەكرێت ببنە هۆی نەخۆشی لەنێوان  هەڵامەت بۆ نەخۆشی مەترسیدارتری هەناسەدان (MERS)‌و هەوكردنی توندی سیییەكان .(SARS) لەگەڵ ئاشكراكردنی بۆ یەكەمجار لە شاری وۆهانی چینی لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2019، بەشێوەیەكی خێرا بڵاوبووەوە، بەجۆرێك ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كۆڤید_19ی بە بەڵایەكی جیهانی ناوبرد. نیشانە سەرەتاییەكانی كۆڤید_19 خۆی لە تاو كۆكەو قورسی هەناسەدان‌و ئازاری ماسولكەكان‌و ماندووبوون دەبینێتەوە. ئەو حاڵەتانەشی كە مەترسیدارترن، دەبنە هۆی هەوكردنی توندی سیییەكان‌و توندیی هەناسەدان. هەواڵی خۆش سەبارەت بە كۆڤید_19 ئەوەیە، 80% نەخۆشەكان چاكدەبنەوە، لەكاتێكدا تەنها 6% تووشبوان بەتوندی پێوەی دەناڵێنن. لەگەڵ ئەوەی هەموو ڕۆژێك ژمارەی كەسانی تووشبو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرزدەبێتەوە، دەتوانین هەریەكەمان ڕۆڵمان هەبێت لە سنورداركردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە، لەڕێی پیادەكردنی ئەو ڕێنماییانەی حكومەت دایناون، كە خۆی لەمانەوە لەماڵەوە دەبینێتەوە، لەگەڵ دەست شۆردن بەسابوون بەشێوەیەكی ڕێك‌وپێك.  سەرچاوە: ڕۆژنامەی زە سەن


(درەو): پرۆفیسۆرو زانایەكی ناوداری ئەمریكی كە پێشتر پێشبینی كردبوو كۆرۆنا بەجیهاندا بڵاوبێتەوە، دەڵێت: بەمزوانە كۆرۆنا كۆتایدێت.  ڕۆژنامەی "لۆس ئەنجلس تایمس" بڵاویكردەوە: (مایكل لیفیت) زانای بواری كیمیا لەزانكۆی ستانفۆرد كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە، ڕایگەیاندووە: "هەموو شتێك باش دەبێت"، پێشبینیشی كردووە پەتای كۆڤید_19 كە هۆكارەكەی ڤایرۆسی SARS_CoV_2  بەمزوانە كۆتایبێت. (مایكل لیفیت) لەمانگی شوباتی ڕابردوودا پێشبینیكرد ڤایرۆسەكە لەچین پەرەبسێنێت، تەواوی قسەكانیشی وەك خۆی هاتەدی.  بەجۆرێك خاڵی وەرچەرخانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەو سەرەتاو كۆتایهاتن‌و كەمبونەوەی ژمارەی مردوانی لەچین دەستنیشانكرد. هەروەك پێشبینی كرد ژمارەی ئەوكەسانەی بەهۆی پەتاكەوە لەچین دەمرن بگاتە (3250)كەس، ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكەش دەبن بگاتە (80 هەزار) كەس. ڕاستییەكان، پێشبینییەكانی ئەو زانایە تەئكید دەكەنەوە، لەچین (81)هەزار تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، (3200)كەسیش گیانیان لەدەستدا.  بەپێی پێشبینییە نوێكانی ئەو زانایە، لەوادەیەكی زۆر نزیكدا ئەو پەتایە لەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا‌و ناوچەكانی تری جیهان كۆتایدێت، ڕاشیگەیاندووە:خاڵی هەرە گرنگ لەئێستادا كۆنتڕۆڵكردنی ترس‌و پشێوییە. ژمارەیەك شارەزای تریش پشتیوانی ئەو پێشبینیانە دەكەن لە نێویاندا (سێرگی كیسیلیۆف)، بەڕێوەبەری سەنتەری تەكنیكی شانەكان لە پەیمانگای بافلۆف بۆ بۆماوەیی گشتی‌و،ڕایگەیاندووە: ڤایرۆسەكە لاواز دەبێت، نیشانەكانی بەو بەهێزییە دەرناكەون‌و سوك دەبن. لای خۆیەوە، دكتۆر (ئەلكسەندەر میاسنیكۆف) دەڵێت: هەموو نەخۆشییەكی ڤایرۆسی سنوری هەیە، بە تەواوبوونی، ڤایرۆسەكە كە هۆكاری نەخۆشییەكە دەمرێت.  


نووسینی: یۆڤاڵ نوح هەراری وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هیوا فایەق ئەم زریانە تێدەپەڕێت، بەڵام ئەو بژاردانەی کە لەبەردەمماندایە ژیانمان بۆ ساڵانی داهاتوو دەگۆڕێت   ئێستا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی قەیرانێکی جیهانی بۆتەوە، پێدەچێت ئەمەش بۆ نەوەی ئێمە گەورەترین قەیران بێت. بڕیارەکانی خەڵک و حکومەت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕەنگە فۆرمی چەند ساڵی داهاتووی جیهانمان بۆ دروست بکات. ئەوەش بەتەنها فۆرمی سیستەمی کەرتی تەندروستی ناگرێتەوە، بەڵکو فۆرمی ئابووری و سیاسەت و کەلتوریشمان بۆ دیاری دەکات. دەبێت زۆر بە پەلەو یەکلاکەرانەوە کاربکەین. واش پێویست دەکات کە حسابی دەرنجامی مەودای دووری ئەم ئاکشنەمان بکەین. کاتێک لەنێوان ئاڵتەرناتیڤەکاندا دەمانەوێت یەکێکیان هەڵبژێرین، باشتر وایە بەتەنها پرسیاری ئەوە لەخۆمان نەکەین کە ئایا چۆن بەسەر ئەم هەرەشەیەی ئێستادا سەردەکەوین، بەڵکو لەهەمانکاتدا پرسیاری ئەوەش لە خۆمانبکەین کە ئایا ئێمە لە داهاتوودا لە چ دنیایەکدا دەژین ئەو کاتەی ئەم زریانەمان تێپەڕاند. بەڵێ، ئەم زریانە تێدەپەڕێت، مرۆڤایەتی ڕزگاری دەبێت و زۆرێکیشمان لە ژیاندا دەمێنێتەوە، بەڵام ئێمە ئەو کاتە لە دنیایەکی جیاوازدا دەژین. زۆرێک لەو ڕێوشوێنە فریاگوزارییە مەودا کورت و کاتیانە دەبنە هەمیشەیی لە ژیانماندا. ئەمە سروشتی حاڵەتە فریاگوزارییەکانە. ئا ئەمەشە کە ڕەوڕەوەی مێژوو خێراتر دەکات. ئەو بڕیارانەی کە گفتوگۆکردن لەسەری لە کاتە ئاساییەکاندا ساڵانێکی دەخایاند، ئێستا بە چەند کاژێرێک تێپەردەبێت. هەموو تەکنەلۆژیا نا کامڵەکان و تەنانەت مەترسیدارکانیش خراونەتە ئیشەوە، لەبەر ئەوەی مەترسییەکانی ئەوەی کە هیچ شتێک نەکرێت گەلێک گەورەیە. هەموو دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی فراوان بوونەتە بەرازی تاقیکردنەوەی ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان. باشە چی روودەدات ئەگەر هەموو کەسێک لە ماڵەوە ئیشەکانی خۆی بکات و تەنها لە دوورەوە لە پەیوەندی کردندابن لەگەڵ یەکتریدا؟ ئەی چی روودەدات ئەگەر سەرجەم خوێندنی قوتابخانەکان و زانکۆکان بە ئۆنلاین ئەنجام بدرێت؟ لەکاتی ئاسایدا، نە حکومەت، نە کۆمپانیاکان و بۆردە فێرکارییەکان رەزامەندی لەسەر ئەم جۆرە ئەزموونە دەرنابڕن. بەڵام ئەم کاتانەی ئێستا هیچ ئاسایی نین. ئێمە ئا لەم ساتەوەختە قەیراناوییەدا، لەبەردەم دوو هەڵبژاردەداین. هەڵبژاردەی یەکەم لەنێوان چاودێریکردنێکی تۆتالیتاریی و دەسەڵاتی هاوولاتی دایە. هەڵبژاردەی دووهەمیش لە نێوان خۆگۆشەگیرکردنێکی نەتەوەیانەو هاوکاریکردنی نێو دەوڵەتییدایە. چاودێریکردن لەژێر پێستەوە بۆئەوەی چیتر ئەم پەتایە بوەستێنین، پێویستە هەموو هاووڵاتیان بچنە ژێرباری ئەو ڕێساو یاسایانەی کە دانراوە. دوو ڕێگای سەرەکیمان لەبەردەمدایە تاوەکو ئەمە بە ئەنجام بگەێنین. ڕێگایەکیان ئەوەیە حکومەت چاودێری خەڵک بکات و سزای ئەو کەسانە بدات کە پێچەوانەی یاسا و ڕێساکان دەجوڵێنەوە. ئەمرۆ بۆ یەکەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەهۆی تەکنەلۆجیاوە دەتوانرێت لە هەموو ساتەوەختێکدا هەموو کەسێک چاودێری بکرێت. پەنجا ساڵێک لەمەوبەر، KGB توانای ئەوەی نەبووە رۆژی ۲٤ سەعات چاودێری ۲٤٠ ملیۆن سۆڤێتی بکات. تەنانەت بەخەویش ئەوەیان نەدەبینی دوایی چۆن ئەو هەموو زانیارییە کۆکراوەیە بە شێوەیەکی کارا شیبکەنەوە. KGB پشتی بە سیخورەکانی خۆی بەستبوو بۆ شیکارکردنی ئەو زانیاریانە، هەروەها توانای ئەوەشی نەبووە بۆ هەر هاوولاتییەک سیخوڕێک دابنێ تا چاودێری بکات. بەڵام ئەمرۆ حکومەتەکان دەتوانن پشت ببەستن بەو سانسۆرکردنە باو و توانا خواریزمیانەی کە لە ئێستادا هەیە لەبری بەکارهێنانی گۆشت و خوێنی تارماییئاسا. حکومەتەکان بۆ شەڕکردن لە دژی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆرێک لە ئامرازی چاودێریکردنی مۆدێرنیان خستۆتەگەڕ. دیارترینیشان کەیسی ووڵاتی چینە. ئەویش لە ڕێگەی ئەو چاودێریکردنە ووردەی کە لەسەر مۆبایلە زیرەکەکانی خەڵک دەکرێت، یان بەهۆی ئەو سەدەها ملیۆن کامێرایەی کە رووخساری مرۆڤەکان دەناسێتەوە، هەروەها سەپاندنی پشکنینی گشتی بەسەر خەڵکداو ناچارکردنیان تا پلەی گەرمی خۆیان وەربگرن، پاشان بە ڕاپۆرتێک دۆخی تەندروستی خۆیان بنێرن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان. حکومەتی چین بەتەنها و بەخێرایی دەستنیشانی ئەو کەسانە ناکات کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەڵکو تەنانەت چاودێری جوڵەکانیان دەکات تا بزانێت لەگەڵ کێ بەرکەوتنیان هەبووە. زۆرێک لە ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایل هاووڵاتیانی لەو کەسانەی بوونەتە هەڵگری ڤایرۆسەکە و نەخۆش کەوتون، ئاگادار کردۆتەوە. ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایانە بەتەنها لەسنووری رۆژهەڵاتی ئاسیادا نییە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆ، ئەوەندە نابێت کە ڕێگەی بە دەزگای ئاسایشی ئیسرائیلیدا تابتوانن چاودێری ئەو کەسانە بکەن کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەخۆش کەوتون کە خۆی لە بنەڕەتدا یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی تێرۆر بوو، لەکاتێکدا ئەو لیژنە پەرلەمانییەی کە لێپرسراو بوو لەم کەیسە ئەم شێوازی چاودێریکردنەی رەت کردبۆوە، بەڵام نەتەنیاهۆ لەژێر ناوی" حالەتی لەناکاو" دا خستە بواری جێبەجێکردنەوە رەنگە ئێستا تۆ بڵێیت ئینجا خۆ ئەمە هیچ شتێکی تازەی تیا نییە. لەم چەند ساڵەی پێشوودا حکومەتەکان و کۆمپانیاکان پێشکەووتوترین تەکنۆلۆژیایان بۆ شوێن کەوتن و چاودێریکردن و یاریپێکردنی خەڵک خستە گەڕ. ئەگەر ئێمە ئاگاداری ئەم حاڵەتە نەبین، ئەوا ئەم پەتایە دەبێتە خاڵی وەرچەرخاندنێکی گرنگ لە مێژووی چاودێریکردندا. ئەمەش نەک تەنها لەبەرئەوەی هەوڵبدرێت کە بڵاوەپێکردنی ئامرازەکانی چاودێریکردن بە شێوەیەکی بەرفراوان ئاسایی بکرێتەوە لەو ووڵاتانەی کە تا ئەم ساتەوەختە رەتی دەکەنەوە، بەڵکو زۆر لەوە زیاترە، چونکە دەبێتە هۆی گۆرانکارییەکی دراماتیکی لە چاودێری کردنی سەر پێستەوە بۆ چاودێریکردنی ژێر پێست. هەتاوەکو ئەم ساتەوەختە، کاتێک کە پەنجەت دەخەیتە سەر شاشەی مۆبایلە زیرەکەکەت و کلیک لەسەر لینکێک دەکەیت، حکومەت دەیەوێت بە تەواوی بزانێت پەنجەت لەسەر چ شتێک کلیک کردوە، بەڵام لە گەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرنجدان لەسەر شتەکان گۆرانکاری بەسەردا دێت. ئێستا حکومەت دەیەوێت بزانێت پلەی گەرمی پەنجەت وفشاری خوێنت لەژێر پێستەوە چەندە. حەڵوای ئێمێرجنسی یەکێک لەو کێشانەی لە کاتی ئیشکردنماندا ڕووبەڕوی دەبینەوە ئەوەیە کە کەس لە ئێمە بە تەواوەتی نازانێت چۆن چاودێری دەکرێین، هەروەها ساڵانی داهاتوو چی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. تەکنۆلۆژیای چاودێریکردن بە خێراییەکی ترسناک لە گەشەسەندندایە، ئەوەی کە ۱٠ ساڵ لەمەوبەر خەیاڵی زانستی بوو، ئەمڕۆ دەبێتە هەواڵێکی کۆن. وەک ئەزموونێکی فکری، بیر لەوە بکەرەوە کە حکومەتێکی گریمانکراو هەبێت، داوای ئەوە لە هەموو هاووڵاتیەکانی خۆی بکات هەریەکەو بازنێک بکاتە دەستی تاوەکو چاودێری پلەی گەرمی لەشیان بکات و بشزانێت رۆژانە لە ۲٤ کاژێردا چەند جار ترپەی دڵیان لێدەدات. ئەنجامی ئەم زانیاریانەش کۆدەکرێتەوە و پاشان هەڵدەگیرێت، ئینجا بەهۆی حکومەتێکی خواریزمییەوە شیکاری بۆدەکرێت. ئەم خواریزمییەتەش دەتوانێت تەنانەت پێش تۆ درک بەوەبکات تۆ نەخۆشی، هەروەها دەشزانێت لە کوێ بوویت و لەگەڵ کێشدا بوویت. ئابەم شێوەیە دەتوانرێت ڕێگای تووش بوون بەشێوەیەکی بەرچاو کورت بکرێتەوە، تەنانەت بەتەواوی لەیەکیان داببڕێت. ئائەم جۆرە سیستمانە توانای ئەوەی هەیە لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا کاریگەری ئەو پەتایە بوەستێنێت. ئەمەش شتێکی خۆشە، وانییە؟ بێگومان لایەنی خراپەکەی ئەمە ئەوەیە کە شەرعیەت بەم سیستمە تازە و ترسناکەی چاودێریکردن دەدات. ئەگەر بزانێت، هەر بۆ نموونە، کە من زیاتر کلیکم لەسەر لینکی فۆکس نیوز کردوە وەک لە لینکی سی ئێن ئێن، ئەوا دەتوانێت ئاراستە و تێروانینی سیاسی منت پێبڵێ، تەنانەت رەنگە پێت بڵێ کە کارەکتەری من چۆنە. بەڵام ئەگەر تۆ بتوانیت چاودێری ئەوەم بکەیت کە پلەی گەرمی لەشم چەندە، چی بەسەر فشاری خوێن و ترپەی دڵی من دێت لەکاتی سەیرکردنی پارچەیەک ڤیدیۆ ، ئەو کاتەش دەزانیت چی من دەخاتە پێکەنین و چ شتێکیتریش دەمخاتە گریان، چیش بەتەواوی واملێدەکات کە توڕەبم. گرنگە ئەوەشت لە بیر بێت کە توڕەبوون، خۆشی ، بێزاربوون و خۆشەویستی هەروەکو کۆکەو تا، دەرکەوتەی بایۆلۆژین. هەمان ئەو تەکنەلۆژیایەی کە دەتوانێت دەستنیشانی کۆکەیەک بکات، لە هەمان کاتدا دەتوانێت دەستنیشانی پێکەنینەکانیشت بکات. ئەگەر کۆمپانیا و حکومەتەکان دەست بکەن بە کۆکردنەوەی سەرجەم زانیارییە بایۆمیترییەکانمان، ئەوا ئەوان لە خۆمان باشتر ئێمە دەناسن. ئەوان بەتەنها پێشبینی بە چۆنییەتی هەستکردنی ئێمە ناکەن، بەڵکو یاریشی پێدەکەن و دەتوانن ئەوەشمان پێبفرۆشن کە خۆیان دەیانەوێت، ئیتر ئەگەر بەرهەمێک بێت یان کەسێکی سیاسی بێت. چاودێریکردنی بایۆمێتری وادەکات ئەو زانیارییانەی کە کاتی خۆی کامبرج ئەنالیتیک هاکی کردن، وەک ئەوەیە شتێک بێت لە چاخی بەردینەوە هاتبێت. تۆ کۆریای باکور لە ساڵی۲٠۳٠ بهێنەرەپێش چاوی خۆت کاتێک هەموو هاوڵاتیەک ئەوەی بەسەردا دەسەپێنن کە ۲٤ کاژێر بازنێکی بایۆمیتری لە مەچەکدا بێت. ئەگەر گوێ لە ووتاری سەرۆکی مەزن بگریت و پاشان بازنەکە لەکاتی ووتارەکەدا ئاماژەی تورەبوونەکانی تۆی تۆمار کردبێت، ئەوا رۆژت تەواوبووە. بێگومان دەتوانیت ئەم کەیسی چاودێریکردنی بایۆمیترییە وەک رێوشوێنکی کاتی لە حاڵەتە کتوپڕو لەناکاوەکاندا وەربگریت و لەکاتی کۆتایی هاتنی حاڵەتەکدا کۆتایی پێ بهێنرێت. بەڵام رێوشوێنی کاتی دەبێتە خویەکی قێزەوەن ئەگەر دوای حالەتە لەناکاوەکان درێژە بکێشێت، بەتایبەت لەوکاتانەدا کە هەمیشە لە ئاسۆوە خەریکە حاڵەتێکی نوێی کتوپڕ و لەناکاو خۆی دەردەخات. ئیسرائیل کە ووڵاتی منە، بۆ نموونە، لە ساڵی ۱۹٤۸ وە دوای شەڕی سەربەخۆیی حاڵەتی لە ناکاوی راگەیاندوە بە بیانوی کۆمەڵێک رێوشوێنی کاتی هەر لە سانسۆرکردنی رۆژنامەگەری و داگیرکردنی زەوییەوە، بگرە تاوەکو دروستکردنی حەڵواش ( گاڵتەت لەگەڵ ناکەم). دەمێکە شەڕی سەربەخۆیی براوەتەوە، بەڵام ئیسرائیل بەهیچ جۆرێک کۆتایی بە دۆخی لەناکاو ناهێنێت. شکستیشی لە زۆرێک لە رێوشوێنە کاتییە لەناکاوەکانی ساڵی ۱۹٤۸ هێناوە ( لە ساڵی ۲٠۱۱ بوو کە مەرسومێک بۆ رەتکردنەوەی حاڵەتی لەناکاوی حەڵوا راگەێندرا). تەنانەت کاتێک کە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەبەزێت بۆ سفر، هەندێک لەو حکومەتانەی تینووی زانیاری خەڵکن، هەر بە بیانوی هێرشی شەپۆلی دووهەمی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێویستیان بە هێشتنەوەی سیستەمی چاودێرکردنی بایۆمیتری دەبێت، یان بە بیانووی گەشەسەندنی شانەیەکی تازەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ناوەراستی ئەفریقاوە، یاوەخود بە هۆی....تێگەشتیت. لەم چەند ساڵەی رابردوودا شەڕێکی گەورەو سەخت لەسەر تایبەتمەندێکانمان هەڵگیرسا. رەنگە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتە خاڵی وەرچەرخانی ئەم جەنگە. کاتێک کە خەڵک دەکەوێتە نێوان بژاردەی تایبەتمەندێتی یان تەندروستییەوە، ئەوا عادەتەن تەندروستی هەڵدەبژێرێت. پۆلیسی دەست شتن خەڵک خستنە بەردەم ئەوەی کە لە نێوان پاراستنی تایبەتمەندێتی یان تەندروستیەوە یەکێکیان هەڵبژێرێت، لە راستیدا ئەوە بە تەواوی ڕەگی گرفتەکەیە. لەبەرئەوەی ئەوە هەڵبژاردنێکی تەواو هەڵەیە. ئێمە دەتوانین لە یەککاتدا سوود لە هەردوو هەڵبژاردەکە ببینین. بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تەندروستیمان بکەین و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەستێنین، دەتوانین تەندروستی هەڵبژێرین بەبێ ئەوەی پێویستمان بە دەزگای چاودێریکردنێکی سەر بە ڕژێمێکی ستەمکارانە هەبێت، بەڵام ئێمە زیاتر پێویستمان بە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان هەیە. لەو چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، هەندێک هەوڵی سەرکەووتوو درا بۆ تەنگ پێهەڵچنینی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ووڵاتانی کۆریای باشور ، تایوان و سەنگافورە. ئا لەو کاتانەی کە ئەم ووڵاتانە خۆیان چەند ئەپلیکەشنێک تاقی دەکەنەوە، لەهەمان کاتدا پشت دەبەستن بە تاقیکردنەوەیەکی فراوان و راپۆرتی راست و دروست و هەروەها هاوکاری وەگرتن لە تەواوی ئەو کەسانەی کە هۆشیارییەکی بەرزیان لەسەر سروشتی ڤایرۆسەکە هەیە. بەسێنتڕالکردنی چاودێریکردن و سزادانی قورسی ئەو کەسانەی کە ملکەچی ئەو ڕێ پیشاندەرە بەسوودانە نین، ئەوە تاکە ڕێگە چارە نییە. کاتێک حەقیقەتە زانستیەکان بۆ خەڵک دەخەیتە ڕوو، وەکاتێکیش خەڵک باوەڕ بە ئەو دەستەڵاتە گشتییە دەکەن کە ئەو حەقیقەتانەیان بۆ دەسەلمێنێت، ئەوا هاووڵاتیان بە بێئەوەی (براگەورە) بە سەر سەریانەوە بیێت و سەیریان بکات، ئەوکاتە دەزانن چی پێویستە لەسەر خۆیان کە بیکەن. خۆ هاندان و پڕ زانیاریکردنی هاووڵاتیان زۆر لە دەستەڵاتی پۆلیس و گەمژە کردنی خەڵک بەهێزتر و کاریگەرترە. بروانە، هەر بۆ نموونە، دەست شتن بە سابوون، ئەمە یەكێکە لە گەورەترین و پێشەنگترینی کاری مرۆڤایەتی بۆ پاکوخاوێنی. ئائەم کردارە سادەیە ساڵانە ژیانی ملیۆنەها خەڵک ڕزگار دەکات. زاناکان ئەم عادەتی دەست شتنەیان لە سەدەی نۆزدەهەمدا دۆزییەوە و بە گرنگیان زانی کە دەستەکان دەبێت بە سابوون بشۆردرێن. لە پێش ئەوە تەنانەت دکتۆر و پەرستیارەکان کاتێک نەشتەرگەرییەکیان دەکردو دەچوونە نەشتەرگەرییەکی دیکەوە، دەستەکانیان نەدەشووشت. ئەمڕۆ بە ملیارەها خەڵک رۆژانە دەستەکانیان دەشۆن، ئەمە نەک لەبەرئەوەی ئەوان لە پۆلیسی سابوون دەترسن، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە حەقیقەتەکانی تێگەیشتوون. من کە دەستەکانم بە سابوون دەشۆم لەبەر ئەوەیە کە بیستوومە ڤایرۆس و بەکتریا هەیە، لەوەش تێگەیشتووم کە ئەم بوونەوەرە ووردانە هۆکاری نەخۆشیەکانن و دەشزانم ئەم سابوونە پاکیان دەکاتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامی ئەم ئاستە لە ملەکەچی و هاوکاریکردن، پێویستمان بەمتمانە هەیە. خەڵک پێویستی بەوەهەیە متمانەی بە زانست هەبێت، بە دەستەلاتی گشتی هەبێت، متمانەی بە میدیا هەبێت. لە ساڵانی ڕابردووەوە، سیاسییە نا بەرپرسەکان هەر بەدەستی ئەنقەست ڕۆڵیان لە سستکردنی متمانە بوون بە زانست و دەسەڵاتی گشتی و میدیا هەبووە، ئێستاش هەمان ئەو سیاسییە نابەرپرسانە دەیانەوێت بەرەو حوکمێکی ستەمکارانەمان بەرن گوایە ناتوانین باوەڕ بە دەستەڵاتی گشتی بکەین کە کاری ڕاستمان بۆ بکات. ئەوە شتێکی ئاساییە ناتوانین ئەو متمانەیەی کە ساڵانێکە لەدەست چووە بە شەورۆژێک دروستی بکەینەوە. بەڵام لەم کاتانەدا هیچ ئاسایی نین و لەساتەوەختی ئەم جۆرە قەیرانانەدا زۆر بە خێرای بیروبۆچونەکان گۆرانکاری بەسەردا دێت. ئەگەر ساڵانێک لەگەڵ خوشک وبراکانتدا لە گفتووگۆیەکی تاڵدا بووبیت، بەڵام کاتێک کە حاڵەتێکی لەناکاو ڕوتان تێدەکات، یەکسەر گەنجینەیەک لە متمانەو هاودەمی خۆی دەردەخات و هەریەکە و پەلەیتی یارمەتی ئەوی دیکە بدات. لەبری دروستکردنی ڕژێمێکی چاودێریکەر ، ئێستاش درەنگ نییە بۆ بنیاتنانەوەی متمانەی خەڵک بە زانست، بە دەسەلاتی گشتی و بە میدیا. ئێمەش بەدڵنیاییەوە دەبێت تەکنەلۆژیای نوێ بەکاربهێنین، بەڵام ئەم تەکنەلۆژیایە دەبێت هاووڵاتیان سەرپشک بکات. من حەز دەکەم چاودێری پلەی گەرمی لەشم بکەم و بزانم فشاری خوێنم چەندە، بەڵام ئەم زانیاریانە نابێت هەمووی بۆ بەهێز کردنی دەسەلاتی حکومەت بێت. باشتروایە ئەم زانیاریانە وا لەمن بکات زیاتر زانیاریم لەسەر هەڵبژاردنی پێداویستییەکانی خۆم دەستبکەوێت، هەروەها حکومەتیش بتوانێت لێپرسراویتێکانی خۆی هەڵبگرێت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر شتەکان بدات. ئەگەر من توانای ئەوەم هەبوو هەموو رۆژێک ۲٤ کاژێر ئاگام لە حاڵەتی تەندروستی خۆم بێت، ئەوا ئەوکات دەشزانم نەک بەتەنها بووبێتم بە مەترسی بۆسەر تەندروستی چواردەورەکەم، بەڵکو ئەو خووانەش دەناسمەوە کە منی گەیاندوە بەو بارە تەندروستییە. ئەگەر من ڕێگەی ئەوەم پێبدرایە کە شیتەڵکاریم بکردایە بۆ ئەو ژمارە باوەڕپێکراوانەی دەربارەی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، ئەوا دەمتوانی حوکمی ئەوە بدەم کە ئایا حکومەت حەقیقەتەکانم پێدەڵێت، ئاخۆ ئامادەشە کە ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر و سیاسەتی ڕاست بەکار بهێنێت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم پەتایە. ئەو کاتەی خەڵک قسە لەبارەی چاودێریکردنەوە دەکەن، بیرت نەچێ کەهەمان ئەو تەکنۆلۆژیای چاودێریکردنەی هەیە، بەتەنها بۆ ئەوە نییە کە حکومەت بتوانێت چاودێری تاکی پێبکات، بەڵکو لەهەمانکاتدا تاکیش دەتوانێت چاودێری حکومەت بکات. بەم جۆرە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا تاقیکردنەوەیەکی سەرەکییە بۆ هاووڵاتیان. ڕۆژانی داهاتوو ، هەر یەکێک لە ئێمە پێویستە ئەوەی هەڵبژاردبێت کە متمانەمان بەو زانیارییە زانستیانە و پاشان پسپۆڕی ئەو دەزگا تەندروستیانە هەبێت یان خۆمان تەسلیم بکەین بە تیۆری پیلانگێڕی و قسەی ئەوسیاسیانەی لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا دەیکەن. ئەگەر شکستمانهێنا لەوەی کە بڕیارێکی ڕاست بدەین، ئەوا ئێمە وازمان لە بەنرخترین بەهای خۆمان هێناوە کە ئازادییە و دەگەینە ئەو بڕوایەی کە هیچ چارەیەکمان نییەو ئەمە تاکە ڕێگەیەکە بۆ پاراستنی تەندروستیمان. پێویستیمان بە پلانێکی جیهانییە دووهەم گرنگترین هەڵبژاردە بۆ رووبەڕونەوەمان کە دەبێت بیکەین لە نێوان دابڕانی نەتەوەیی و هاوکاری جیهانیدایە. خودی پەتاکە و قەیرانە ئابوورییەکانی وەک دەرنجامێک، هەردووکیان دوو کێشەی جیهانین. تەنها لە ڕێگەی هاوکاریکردنی جیهانییەوە دەتوانرێت ئەم كێشانە بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەر بکرێن. پێش هەموو شتێک، لە پێناوی ئەوەی بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا سەرکەوین، پێویستمان بەوەیە کە هەموو جیهان زانیارییەکان لەگەڵ یەکتریدا بەشبکەن، ئەمە دەبێتە گەورەترین دەستکەوت بەسەر ڤایرۆسەکەدا. بە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا، ئەو دوو ووڵاتە نەیانتوانیوە زانیاری ئاڵوگۆڕبکەن لەسەر ئەوەی چۆن بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بەڵام چین دەتوانێت هەندێک وانەی بەنرخ دەربارەی ڤایرۆسەکەو چۆنێتی هەڵسوکەوت لەگەڵیدا فێری ئەمریکا بکات. ئەوەی کە دکتۆرێک لە شاری میلانی ئیتالیا لە بەرەبەیانێکدا دەیدۆزێتەوە رەنگە سەر لەئێوارەکەی لە شاری تاران ژیانی خەڵکێکی زۆر ڕزگار بکات. کاتێکیش کە حکومەتی بەریتانیا نازانێت لەناو کۆمەڵێک ڕێکاردا کام سیاسەتەیان پەیڕەو بکات، دەتوانێت ئامۆژگاری لە کۆریاوە وەربگرێت کە مانگێک لەمەوبەر بەهەمان شێوە رووبەڕووی ئەویش بوو بۆوە. بۆ ئەوەی ئەمەش رووبدات، پێویستمان بە رۆحی هاوکاری جیهانی و متمانە هەیە. هەموو ووڵاتان پێویستیان بەوەهەیە ئامادەبن زانیارییەکانیان لەگەڵ یەکدا بەش بکەن و زۆر لە خۆبردوانە داوای ئامۆژگاری لەیەکتری بکەن و دەبێت متمانەشیان بەو زانیاری و تێگەیشتنە قووڵە هەبێت کە وەریدەگرن. هەروەها ئێمە پێویستمان بەو هەوڵە جیهانیانە هەیە کە بەرهەم و ئامێرە پزیشکییەکان دابەش دەکات. بەتایبەت پێداویستی پشکنین و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد. لەبری ئەوەی هەموو ووڵاتێک هەوڵی ئەوە بدات لە ناوخۆی خۆیدا دروستی بکات و هەرچی هەیەو نییە بەکاریبهێنێت نەیمێنێت، هاوئاهەنگییە جیهانییەکان دەتوانێت زۆر بەخێرای و بە مەزنی ئەو پێداویستیانە دروست بکات و پاشان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشبکرێت و ژیانی زۆرێکی پێ رزگار بکرێت. هەروەک ئەوەی کە دەوڵەتەکان لە کاتی جەنگدا سێکتەری پیشەسازییە سەرەکییەکانیان خۆماڵی دەکرد، ئەم جەنگی مرۆڤایەتییەش دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستی بە"مرۆڤدۆستی" کردنی هێڵەکانی بەرهەم هێنان و یەکلاکردنەوەی هەیە. ئابەم جۆرە ئەو ووڵاتە دەوڵەمەنانەی کە کەمتر دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، دەتوانن ئامێرە بەهادارەکان بۆ ووڵاتە هەژارەکان ڕەوانە بکەن بۆ زۆر لەحاڵەتەکان بەکار بهێنرێت، بێگومان متمانەی ئەوەش دروست بێت کە ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئەوان تووشی کەم بوونەوەی پێویستییەکان بوون، هەمان یارمەتی لەووڵاتانیترەوە بۆ دابین بکرێت. وا پێویست دەکات ئێمە ڕەچاوی هەمان ئەوهەوڵە جیهانییە بۆ تیمە پزیشکێکانیش بکەین. ئەو ووڵاتانەی کە لە ئێستادا کەمتر لێکەوتەکانی ئەم پەتایەی بەسەرەوە دیارە دەتوانن تیمە پزیشکییەکانیان بنێرنە ئەو ووڵاتانەی لە جیهاندا حاڵیان زۆر خراپە. ئەمەش لەبەر دوو هۆکار، تاوەکو یارمەتی پێویستییەکانیان بدەن، وە هەروەها بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئەزموونە بەنرخەی کە وەریان گرتووە. ئەگەر لەدوایشدا پەتاکە روویخۆی وەرگێرا بۆ ئەو ووڵاتانەی کە تیمە پزیشکێکانیان ناردوە، دەبێت لە بەرامبەردا هەمان یارمەتی وەربگرێتەوە. ئەم هەمئاهەنگییە جیهانییە بەهەمان شێوە لەئاستی ئابووریشدا زۆر پێویستە. بە چاو پیاخشاندنی سروشتی ئابووری جیهان، ئەگەر هەرحکومەتێک سەربەخۆیانە بەبێ گەرانەوە بۆ ووڵاتانیتر هەڵسوکەوت بکات، ئەوا ئەنجامەکەی خوڵقاندی گێرەشێوێنی و قووڵبوونەوی قەیرانەکە دەبێت. ئەم کردارەش پێویستی بە پلانێکی زۆر بەپەلەی جیهانی هەیە. یەکێک لە داواکارییەکانی تر گەیشتنە بە ڕێکەوتنێکی جیهانی سەبارەت بە گەشتکردن. هەڵسپاردنی کۆی گەشتە نێودەوڵتییەکان نارەحەتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. پێویستە ووڵاتەکان هاوکاری تەواوی یەکتری بکەن تاوەکو بەلایەنی کەمەوە ڕێگە بە گەشتکردنی موسافیرە سەرەکییەکان بدەن وەک زانا و دکتۆرەکان، رۆژنامەنووس و سیاسییەکان و هەروەها سەرمایەدارەکان. ئەمەش دەکرێت لەڕێگەی رێکەوتنێکی جیهانییەوە بکرێت و ئەو کەسانەشی کە گەشت دەکەن پێش گەشتکردنەکەیان لەووڵاتەکانی خۆیاندا پشکنینیان بۆ بکرێت. ئەگەر ئەوەش زانرا کە ئەو موسافیرانە پشکنیان بۆ ئەنجامدراوە ئینجا ڕێگەی گەشتکردنیان پێدراوە، ئەوکاتە زۆر بەگەرمی پێشوازی لێدەکەیت کە پێبخەنە ووڵاتەکەتانەوە. بەداخەوە، لە ئێستادا ووڵاتەکان زۆر بەزەحمەت ئەم شتانە دەکەن. ئەمەش کۆمەڵە نێودەوڵەتێکانی ئیفلیج کردووە. وا دەردەکەوێت لە ناو ژوورەکەدا خەڵکانێکی عاقڵی تێدا نەبێت. یەکێک لەوشتانەی کە چاوەڕوان دەکرا لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەنجام بدرایە، کۆبونەوەیەکی بە پەلەی سەرکردە جیهانییەکان بوو تاوەکو پلان و ئەرکەکانیان دەستنیشان بکردایە. سەرکردەکانی G7 ئەم هەفتەیە ڤیدیۆ کۆنفراسییەکیان ئەنجامدا، بەڵام ئەنجامەکەی هیچ یەکێک لەو پلانانەی لە خۆ نەگرتبوو. لە قەیرانەکانی پێشوودا وەک قەیرانی ئابووری ساڵی ۲٠٠۸ و پەتای ئیبۆلا لە ساڵی ۲٠۱٤ دا، رۆڵی ئەمریکا ئەوکات سەرکردایەتیکردنی جیهان بوو. بەڵام ئەم ئیدارە تازەیەی ئەمریکا لە ئێستادا ئەو ئەرکی سەرکردایەتییەی لەدەست داوە، ئەوەش هەتا بڵێی ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمریکا ئەوەندەی لە خەمی مەزنبوونی ئەمریکادایە ئەوەندە لە خەمی داهاتووی مرۆڤایەتیدا نییە. ئەم ئیدارە تازەیە تەنانەت وازی لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی خۆشی هێناوە. ئەوکاتەی سەرجەم گەشتی هاتن و چوونی بۆ ئەوروپا هەڵسپارد، هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختی نەکردن ـ واز لە ئەورپا بهێنە با خۆیان گفتووگۆ لەسەر ئەو ڕێوشوێنە توندانە بکەن. ئەمە جگە لەو ئابڕووچونە گەورەیەی کە ئۆفەری یەک ملیار دۆلاری ئەو کۆمپانیا دەرمانسازییەی ئەڵمانیای کردبوو بەرامبەر مافی مۆنۆپۆڵکردنی ئەو ڤاکسینیە نوێیەی کە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنایە. تەنانەت ئەم ئیدارەیەی ئێستا ئەگەر لە کۆتایشدا ئەم هەڵسوکەوتەی خۆی بگۆڕێت و پلان و کرداری جیهانی بخاتە بەردەست، ئەوا زۆر کەمن ئەوانەی دوای سەرکردەیەک بکەون کە هیچ لێپرسراوێتیەک ناگرێتە ئەستۆی خۆی و هەرگیزیش دان بە هەڵەکانی خۆیدا نەنێت، جگە لەوەی بە شێوەیەکی ڕۆتینیش هەموو سەرکەوتنەکان بۆ خۆی حساب دەکات لەکاتێکدا هەر لۆمە کردنێکیش بێتە ئاراوە دەیخاتە ئەستۆی ئەوانی دیکە. ئەگەر ئەو بۆشاییەی کە ئەمریکا دروستی کردوە لە لایەن ووڵاتانی ترەوە پڕنەکرێتەوە، ئەوە نەک بە تەنها وەستاندی ئەم پەتایە لە ئێستادا کارێکی گەلێک قورس دەبێت، بەڵکو ئەم میراتییە بەردەوام پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان لە ساڵانی داهاتوودا ژەهراوی دەکات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەموو قەیرانێک هەلێکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. دەبێت هیواخوازی ئەوەبین کە ئەم پەتایەی ئێستا بەڵکو یارمەتی مرۆڤایەتی بدات تاوەکو لەو مەترسییە گەورەیەی ئەم درز و کەلێنە جیهانییە تێبگات. مرۆڤایەتی پێویستی بەوەیە شتێک هەڵبژێرێت، ئایا ئێمە بەرەو لێکترازان هەنگاو بنێین، یاخود رێگەیەک بۆ هاوکاریکردنی جیهانی بگرینەبەر؟ ئەگەر ئێمە لێکترازان هەڵدەبژێرین ، ئەوە نەک بەتەنها قەیرانەکە درێژ دەکەینەوە، بەڵکو رەنگە دەرەنجامی زۆر وێرانکەرتری هەبێت لە داهاتوودا. ئەگەر هاوکاریکردنی جیهانیش هەڵدەبژێرین، ئەوە دەبێتە سەرکەوتن بەسەر نەک تەنها ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵکو بەسەر هەموو ئەو پەتاو قەیرانانەی کە رەنگە لەسەدەی بیست و یەکدا یەخەی مرۆڤایەتی بگرێت.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە کە بە "کۆڤید-۱۹" ناسراوە، زانایان لەسەرتاسەری جیهان لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشیەکەدان. بەپێی راپۆرتی تۆڕی هەواڵی (BBC)، لەسەر ئاستی جیهان (۸) تیمی پزیشکی سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرن، بەڵام تائێستا چارەسەر نەدۆزراوەتەوەو ئەوەی باسدەکرێت چارەسەر نییە، بەڵکو هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرە لەڕێگەی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکان و زانینی ئاستی کاریگەرییان لەسەر ڤایرۆسە نوێیەکە. پسپۆڕان دەڵین چارەسەرەکانی نەخۆشی ئەنفلۆنزاو مەلاریاو هەوکردنی جومگەکان و ڤایرۆسی کەمی بەرگریی لەش لەو چارەسەرانەن کە دەرکەوتووە ئومێدیان لێ دەکرێت بۆ چارەسەری "کۆڤید-۱۹". سایتی (زە سەن) لە راپۆرتێکدا باسی هەندێک لەو هەوڵانەی کردووە کە خراونەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ. 🔹 هیدروكسی كلوروكوین (Hydroxychloroquine) ئەم چارەسەرە کە بۆ نەخۆشی مەلاریا بەکاردەهێنرێت، یەکەمین چارەسەرە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی دراوە بۆ چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ. بەپێی راپۆرتەکان، بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و چارەسەرەکان لە ئەمریکا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر بەکارهێنانی (هیدروكسی كلوروكوین)و دەکرێت وەکو چارەسەرێکی پزیشکی خێرا ناوببرێت. ئەم دەرمانە کە لەژێر ناونیشانی بازرگانی (Plaquenil) دەفرۆشرێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاوە کە بە (NHS) ناسراوە، وەکو چارەسەر بۆ هەوکردنی جومگەکان و مەلاریا ناسێندراوە. بەپێی راپۆرتی (سکای نیوز)، کاریگەری ئەم دەرمانە لەسەر نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیاش خەمڵاندنی بۆ دەکرێت. 🔹 فافیبیرافیر (Favipiravir) بەرپرسانی تەندروستی لە چین دەڵێن یەکێک لە پێکهاتە کاراکانی دەرمانی ئەنفلۆنزا (Avigan) کە بە "فافیبیرافیر" ناسراوە، ئەنجامی باشی هەبووە لەسەر ئەو کەسانەی کە دوچاری "کۆڤید-۱۹" بوون. چانگ شین مین بەرپرس لە وەزارەتی زانست و تەکنەلۆژیای چین دەڵێ:" دەرمانەکە دراوە بە ۳٤۰ نەخۆش لە وۆهان و شنچن". چانگ شێن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: فافیبیرافیر یارمەتی چاکبونەوەی ئەو نەخۆشانەی داوە، بەبێ دروستبوونی هیچ لێکەوتێکی لابەلای روون لەسەر تەندروستییان. دەوترێت رەگەزی کارای ناو ئەو دەرمانە رێگری دەکات لە زیادبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو جەستەی کەسانی توشبوودا. ئەم دەرمانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاوە بەکارناهێنرێت و لەلایەن کۆمپانیایەکی سەربە (Fujifilm) لە ژاپۆن بەرهەمدەهێنرێت. 🔹 ئیبوبروفین پسپۆڕانی پزیشکی ئاشکرایان کردووە کە (ئیبوبروفین) پشتی پێنابەسترێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە دانیشتنیکی راوێژکاری لیژنەی (Health Select)دا، پاتریک فالانس گەورە راوێژکارانی زانستی وتی:" نمونەی ئیبوبروفین، دەکرێت راست بێت یان نا، نازانم، بەڵام ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە ئەو دەرمانە لە ئێستادا وەرنەگیرێت، چارەسەرێکی تر بەکاربهێنرێت لە نمونەی پاراسیتامۆڵ". بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا دەڵێ:" لەکاتێکدا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی بەهێز نییە لەبارەی ئەوەی ئیبوبروفین دەکرێت ڤایرۆسی کۆڤید-۱۹ خراپتر بکات، تا ئەوکاتەی زانیاری زیاترمان دەستدەکەوێت، با پاراسیتامۆڵ بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەری نیشانەکانی کۆرۆنا، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر پزیشک ئاگادارت نەکات لەوەی کە بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ بۆ تۆ گونجاو نییە. دەکرێت هەریەکە لە پاراسیتامۆڵ و ئیبوبروفین پلەی گەرمی (تا) داببەزێنن و چارەسەری ئەو نیشانانە بکەن کە هاوشێوەی ئەنفلۆنزان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیبوبروفین و دەرمانەکانی تری دژە هەوکردن، جگە لە ستیرویدی (NSAIDs) گونجاو نین بۆ هەموو کەسێک، رەنگە لێکەوتی تریان هەبێت لەسەر تەندروستی، بەتایبەتیش لەسەر ئەو کەسانەی کە نەخۆشی رەبۆ و دڵ و کێشەی سوڕی خوێنیان هەیە. هەندێک بەڵگە هەن کە ئیبوبروفین دەبەستنەوە بە نەخۆشییەکی زۆر مەترسیدارەوە کە پەیوەندیدارە بە هەوکردنی کۆئەندامەکانی تری هەناسەوە. 🔹 دەرمانی هەوکردنی جومگەکان دەرمانی چارەسەری هەوکردنی جومگەکان (rheumatoid) کەناوی (Sarilumab)ەو بەناوی (Kevzara) دەخرێتە بازاڕەوە، بەپێی راپۆرتەکان، تاقیدەکرێتەوە لەسەر نەخۆشیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم دەرمانە کە لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاش هەیە، لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دەرمان (Sanofi)و (Regeneron) دەدرێت بەو کەسانەی کە بەدەست "کۆڤید-۱۹"وە دەناڵێنن، بەمەبەستی زانینی کاریگەری دەرمانەکە لەسەر وەڵامدانەوەی توانای بەرگری لەش بەرامبەر بە ڤایرۆسەکە. دەرمانەکە کاردەکات لەسەر بەستنی بەشێک لە سیستمی بەرگری، کە رەنگە ببێتەهۆی هەوکردن، ئەمەش شتێکی باوە لای ئەو کەسانەی کە هەوکردنی جومگە (rheumatoid)یان هەیە. 🔹لوبینافیر/ ریتونافیر ئەم دەرمانە کە لەژێر ناوەکانی (Kaletra)و (Aluvia) دەفرۆشرێت، بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە کێشەی کەمی بەرگریی لەشیان هەیە، بۆ رێگریکرن لەوەی حاڵەتەکەیان،سەربکێشێت بۆ ئایدز. زانایان دەڵێن ئەم دەرمانە لە بواری روبەڕووبونەوەی کۆڤید-۱۹دا کاریگەری دەرکەوتووە، دەکرێت ببێت بەرێگر لەبەردەم خۆنوێکردنەوەی ڤایرۆسەکەو بڵاوبونەوەی زیاتری پەتاکە. چین بەکارهێنانی ئەم دەرمانەی بۆ چارەسەری کۆرۆنا راگەیاندووە، بەڵام بەشێوەیەکی زانستیانە سەلمێندراوە. 🔸 سەرچاوەی زانیارییەکان: زە سەن- بی بی سی


ئامادەكردنی: هونەر حاجی جاسم- خوێندكاری دكتۆرا –روسیا    پرۆسەی خوێندن لەو  10 دەوڵەش وەستاوە كە خاوەنی باشترین سیستەمی خوێندن، دەرگای خوێندن بەڕویی زیاتر لە (850 ) ملیۆن قوتابیدا داخراوە، پرۆسەی وەستانی خوێندن هەر شەش كیشوەرەكەی دونیای گرتۆتەوە، زۆرترین ئەو وڵاتانەی خوێندنیانیان تێدا وەستاوە له كیشوەری ئەوروپان، سەرەرای قوتابخانەكان ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتە هۆی وەستانی سەدان كۆنفرانس و داخستنی سەدان ناوەندی توێژینەوەی زانستی. سەرەتا:  دەكرێت بلێین پرۆسەی خوێندن گەورەترین پڕۆسەی  گەشەی مرۆییە، كە مێژووی مرۆڤایەتی شانازی پێوە دەكات. هەر ئەمەش وایكردوە گەشەكردنی هەر كات و زەمەنێكیش ببسترێتەوە بە ئاستی گەشەی پڕۆسەی خوێندن بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. چونكە لەوەتەی بەشەریەت لەسەر روخساری زەوی بونی هەیە پێویستی بە زانست و زانیاریە، چونكە هەر ئەم زانست و زنیاریە وایكردوە رەو ڕەوەی مێژووی ئادەمیزاد بگۆرێت بە ئاستێكی پێشكەوتوو. هەر ئەم تایبەتیمەندیشە وایكردوە مێژووی پرشنگداری یۆنانیەكان ببسترێتەوە بە پڕۆسەی فەلسفەی خوێندن نەك بە پرۆسەی سەربازی و كایە‌كانی تری شارشتانیەتی یۆنانیەكان. پسپۆڕانی بواری پەروەردە و فێركردن پێیان وایە كە كەوتنی پڕۆسەی خوێندن یەكسانە بە دامەزاروەكانی دەولەت و نیشتمان گەشەپێدانی مرۆیی و داهێنانەكانی مرۆڤ، وە بە پێچەوانەش هەر پرۆسەی خوێندنە كە دامەزراوە نیشتمانیەكان پڕۆسەی ژیاری بەهێز دەكات.  دوای بلاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر روخساری زەوی بەشێوەیێكی گشتی، پڕۆسەی خوێندن كەوتە قەیرانێكی گەورە. چونكە لەبەردەم وەستانێكی گەورەو پرسیارێكی گەورە دایە، بەهۆی بلاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمەش وایكردوە چەند پرسیارێك بە دوای خۆی دابێنێت، یەكێك لەم پرسیارانەش بریتیە لە زیانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ سەر كەرتی پەروەردە و خوێندنی بالا ؟. وە هەروەها كاریگەرەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆسەر پرۆسەی خوێندن بە گشتی چین؟.  پرۆسەی خوێندن و  ڤایرۆسی كۆڕۆنا:  پێوەری پێشكەوتنی پرۆسەی خوێندن بەستراوەتەوە بە ئاستی پێشكەوتنی ولات، چونكە پێوەری پێشكەتنی هەر كۆمەلگایێك بەستروەتەوە بە ئاستی خوێندنی خوێندنگەو ڕانكینگی زانكۆكانی لەسەر كۆمەلگای نێودەولەتی. هەر ئەمەش وایكردوە، ئەو ولاتانەی باشترین سیستەمی خوێندنیان هەیە لە دونیا، لە هەرە ولاتە پێشكەوتوەكانی دونیان، بڕوانە خشتەی ژ ‌(1)‌. لیستی ئەم دە ولاتیە كە لە سالی 2020 باشترین سیستەمی خوێندنیان هەبووە، لەسەر ئاستی جیهان. بەلام لە ناوەراستی مانگی ئاداری سالی 2020 لە 100% ئەم ولاتانەی باشترین سیستەمی خوێندنیان هەیە، پرۆسەی خوێندنیان تێدا وەستاوە لەبەر مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا.  خشتەی باشترین ولات لە پرۆسەی خوێندن لەسەر ئاستی جیهان بۆ سالی 2020 مەبەست لە پرۆسەی خوێندن بریتیە له پرۆسەی پەروەردە و فێركردن, هەم لە كەرتی پەروەردە، وە هەمیش لە كەرتی خوێندنی بالا. هەروەها پسپۆڕانی بواری پەروردە پێیان وایه،‌ ئەمە سەد سالیش دەبێت گورزێكی وا گەورە بەر ژێرخانی پڕۆسەی خوێندن نەكەوتەوە. بۆیە ئەمەش وا دەكات لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا وا بە ئاسانی نەڕوات لەسەر پرۆسەی خوێندن، چونكە بلاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە كاتێك دابوو، كە نیوەی وەرزی دوەمی خوێندن بوو، ئەمەش گومانی تێدانیە كە زیانی زۆر ئەرێنی دەبێت لە زۆر لایەنەوە. هەروەها روداوی ئەم جارهی‌ بەسەر پڕۆسەی خوێندن هاتوە لەسەر دەستی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتە هۆی ڕاگرتنی ژیانی كۆمەلگای مرۆیی لە كۆی كایە ژیاریەكاندا بە تایبەت  پڕۆسەی خوێندن. ئەمەش بە كارەساتی مرۆیی لێك دەدرێتەوە، هەر چەندە لە زۆربەی ولاتە پێشكەوتوەكان پرۆسەی خوێندن كراوەتە ئۆنلاین، بەلام ئەم هەر چارەسەری بنەڕەتی ناهێنتە كایەوە.  كاتێك تەماشای لیستی ژمارە دوو دەكەین بۆمان روون دەبێتەوە كە ئەو ولاتانەی بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانیش لە هەرە ولاتە پێشكەوتوەكانن دونیان لە سیستەمی پەروردە، پرۆسەی خوێندن لە سەدا 90% ئەم ولاتانە وەستاوە. بڕوانە خشتەی ژمارە (2).  خشتەی باشترین سیستەمی پەروەردە لەسەر ئاستی جیهان بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان لە 2020 زیانەكانی ڤایرۆسەكە لەسەر پڕۆسەی خوێندن: رێكخراوی یۆنسكۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا بە گەورەترین روداوی كارەساتبار دادەنێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، وە پسپۆرانی پەروەرده و خوێندنی بالاش لە رێكخراوی یونسكۆ، پێیان وایە ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە هۆی دابەشبونی دوو قۆناغی مێژووی. بە جۆرێك ئەگەر قسە لەسەر پڕۆسەی خوێندن بكرێت، دەبێت بلێین پرۆسەی خوێندن پێش ڤایرۆسی كۆرۆنا یان دوای ڤایرۆسی كۆرۆنا. تاكو ئێستا هیچ رێكخراوەیێكی یان دامەزاراوەیێكی پەروردەی ئاماری وردی زیانەكان نازانێت. ئەوەی هەیە لە رێگای ڕیكخراوی یونسكۆ رۆژانە بلاو دەكرێتەوە، لەسەر زیانەكانی پڕۆسەی خوێندن لەسەر ئاستی ولاتانی دونیادا. بەلام ئەوەی لە ئیستادا بلاو دەكرێتەوە تەنیا ناوی ئەم ولاتانەیە بە گوێرەی كیشورەكان كە خوێندنیان تێدا وەستاوە.بروانە خشتەكانی ( ژمارە 3 تاكو ژمارە 7 ). لێرە هەندێك لەم زیانانە ئاماژە پێ دەكەین، كە راستەوخۆی كاریگەریان لەسەر پرۆسەی خوێندن هەیە!.  یەكەم. بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی یونسكۆ تاكو ئیستا لەسەر ئاستی جیهان تاكو 20 ئادار 850 ملیۆن فێرخواز گەنج لەسەر ئاستی جیهان لە خوێندن بێ بەش بوینە.  دووەم. هەلوەشاندنەوەی سەدان كۆنفرانسی زانستی لەسەر ئاستی دونیا. سێیەم. هەلوەشاندنەوەی هەزاران كۆرسی زمان لەسەر ئاستی ولاتان، بە تیابەتیش ولاتانی ڕۆژئاوا. چوارەم. بێ كار بوونی ملیۆنان فەرمانبەران و ستافی وانەبێژو فەرمانبەر لە كەرتی پەروەردە و خوێندنی بالا.  پێنجەم. وەستانی سەدان ناوەندنی توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی ئەو ولاتانەی كە ڤایرۆسەكەی تێدا تۆمار كراوە. شەشەم. هەلوەشانەوە وەستانی هەزاران زەمالەی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان، لەسەر ئاستی جیهان.  خشتەی ژمارە (3) ولاتانی كیشوەری ئاسیا خشته‌ی ژماره‌ (4) ولاتانی کیشوه‌ری ئه‌وروپا  خشته‌ی ژماره‌ (5) ولاتانی کیشوه‌ری ئه‌فریقیا خشته‌ی ژماره‌ (6) ولاتانی کیشوه‌ری ئه‌مریکای لاتینی خشته‌ی ژماره‌ (7) ولاتانی کیشوه‌ری ئه‌مریکای باکوور  دەرەنجام:  وەستانی پرۆسەی پەروەردە یەكسانە بە وەستانی پرۆسەی گەشەی مرۆیی. كۆرۆنا بۆتە هۆی راوەستانی زانكۆ و قوتابخانە و باخچەی ساوایان. لە هەر 10 دەولەتی باشترین سیستەمی خوێندنیان هەیە پرۆسەی خوێندن تێدا وەستاوە. هەروەها زیاد لە 850 ملیۆن قوتابی لەسەر ئاستی دونیا لە خوێندن بێ بەش بوینە. لە هەر شەش كیشوەری دونیا پرۆسەی وەستانی خوێندنی گرتۆتەوە. زۆرترین ئەو ولاتانەی خوێندنیانشیان تێدا وەستاوە له كیشوەری ئەوروپان، وە هەروەها زۆرترین ولاتی پێشكەوتوو پڕۆسەی خوێندنیان تێدا وەستاوە. ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتە هۆی وەستانی سەدان كۆنفرانس و داخستنی سەدان ناوەندی توێژینەوەی زانستی.  


درەو: لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا لە ئیتالیا (3 هەزارو 590) كەس توشی كۆرۆنا بوون و (368) كەس مردوون و (369) كەس چاكبونەتەوە. لەسەر ئاستی جیهانیش ( 12هەزارو 771) كەس توشبوون و (681)كەس مردوون (هەزارو 837) كەس چاكبونەتەوە. دوێنی 15/3/2020 🔹توشبون: 21.157 🔹مـــردن : 1.441 🔹چاكبوەوە: 1.966 🔹كەیسی ماوە: 17.750 ئەمرۆ 16/3/2020 🔹توشبون: 24.747 🔹مـــردن : 1.806 🔹چاكبوەوە: 2.335 🔹كەیسی ماوە: 20.603 لەسەر ئاستی جیهان  دوێنێ 15/3/2020 🔹توشبوو: 157.300 🔹مردن: 5.844 🔹چاكبوەوە: 75.941 ئەمرۆ 16/3/2020 🔹توشبوو: 170.071 🔹مردن: 6.525 🔹چاكبوەوە: 77.778 ئامارەكان لەم لینكەوە وەردەگیرێت


درەو: بەراورد  بە 48 كاتژمێری رابردوو زیادبونی  رێژەی توشبون و مردن بە كۆرۆنا لە جیهاندا بە رێژەی (50%) كەمیكردووە. لە ماوەی 48 كاتژمێری رابردوو ( 2020/3/13 - 2020/3/14 )  ژمارەی توشبوان( 16 هەزارو 86 )كەس زیادیكردووە و ژمارەی مردن بە كۆرۆنا( 718) كەس زیادیكردووە، بەڵام لە 24 كاتژمێری رابردوودا ( 2020/3/14 - 2020/3/15 )  ژمارەی توشبوان ( 8 هەزارو 740 ) كەس زیادی كردووەو ژمارەی مردووان (287) كەس زیادی كردووە، واتا رێژەی توشبون و مردن لە نێوان 48 كاتژمێری رابردوودا بەرێژەی زیاتر لە (50%) كەمیكردووە.  كاتژمێر شەشی ئێوارە ئامارەكان وەرگیراوە لە (worldometers.info) تەنها لەماوەی 24 كاتژمێردا بەراوردی نێوان ( 2020/3/14 - 2020/3/15 )   🔹11 وڵاتی دیكە توش بوون بە كۆرۆنای راگەیاند  🔹287 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹1975  كەس چاكبونەتەوە 🔹 8740كەس توش بون لە كاتێكدا لەماوەی 24 كاتژمێردا لە نێوان ( 2020/3/13 - 2020/3/14 )   🔹15 وڵاتی دیكە توش بوون بە كۆرۆنای راگەیاند  🔹718 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹3572  كەس چاكبونەتەوە 🔹 16086كەس توش بون 13/3/2020 🔹131 وڵات توش بوون بە كۆرۆنای    🔹5.080 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹70.690 كەس چاكبونەتەوە 🔹 138.132كەس توش بون 14/3/2020 🔹146 وڵات توش بوون بە كۆرۆنای    🔹5.798 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹74.262كەس چاكبونەتەوە 🔹 154.218كەس توش بون 15/3/2020 🔹157 وڵات توش بوون بە كۆرۆنای    🔹6.085 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹76.219كەس چاكبونەتەوە 🔹 162.958كەس توش بون


درەو:  كۆرۆنا بەملیارەها دۆلار زیانی لە سەرمایەدارو دەوڵەمەندانی جیهان داوە:  🔹 جیف بیزۆس دامەزرێنەری ئەمازۆن ( 8 ) ملیار دۆلار 🔹بێرنارد ئارنۆ خاوەنی  لویس فویتۆن و دیور" ( 7.7 )ملیار دۆلار 🔹مارك زوكەربێرگ دامەزرێنەری فەیسبوك ( 5.7) ملیار دۆلار 🔹 بیل گیتس دامەزرێنەری هاوبەشی مایكرۆسۆفت (5.3 )ملیار دۆلار 🔹لاری بیدج یەكێك لە دامەزرێنەرانی گوگل (4 )ملیار دۆلار سەرچاوە: RT  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand