بۆچی سوپای ئەفغانستان هەرەسی هێنا؟

Draw Media

2021-09-07 12:49:28



درەو:
مانگی رابردوو تالیبان  هێرشیكردە سەر كابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و لەماوەیەكی كورتداو بەبێ‌ شەڕ كۆنترۆڵی كرد,هەرەسهێنانی خێرای سوپای ئەفغانستان جیهانی توشی شۆك و سەرسوڕمان كرد كە چۆن سوپایەكی مەشقپێكراو‌و هاوكاریكراو لەلایەن خۆرئاواوە بەو ماوە كەمە هەرەسی هێنا‌و داڕما.
چەند بەرپرسێكی دیاری حكومەتی پێشووی ئەفغانستان لە لێدوانیاندا بۆ  ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێن سەركەوتنی بروسكە ئاسای تالیبان بە تەواوەتی پێشبینی نەكراو نەبوو ئەوە دەرەنجامی شكستی سەركردایەتی‌و گەندەڵی بەرفراوان‌و پروپاگەندەی تالیبان بوو لەگەڵ " خیانەتی" ئەو هێزانەی كە ئەمریكا فەرماندەیی دەكردن بە خێرا كشانەوەیان.
بەرپرسێكی گەورەی نزیك لە ناوەندی دەسەڵات دەڵێت كە دوو رۆژ پێش ئەوەی چەكدارەكانی تالیبان بگەنە كابوڵ ئامادەی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بووە كە ئەشرەف غەنی سەرۆكی پێشوو  لەگەڵ وەزیرەكانو فەرماندەكانی سوپا‌و دەزگاكانی هەواڵگری ئەنجامیداوە.
بەرپرسەكە دەڵێت:" پێیان وتین كە چەك‌و تەقەمەنی‌و پارەی ئەوتۆ لەبەردەستدایە كە بتوانن بۆ ماوەی 2 ساڵ بەرگری پێ لە كابوڵ بكەن". 
ئاماژە بەوەشدەدات كە 100 ملیۆن دۆلار پارەی نەقد لە بەردەستدا بووە بۆ گەرەنتیكردنی پاراستنی كابوڵ بەڵام نەتوانرا شارەكە بۆ دوو رۆژ بپارێزرێت.

" درۆ"
ئەو بەرپرسە ئەفغانیە كە لە ترسی تۆڵەكردنەوە نەیویستووە ناسنامەی خۆی ئاشكرا بككات دەڵێت بە رادەستكردنی كابوڵ شۆك نەبووە و دەڵێت" وەزیرەكان درۆیان بۆ ئەشرەف غەنی دەكرد‌و دەیانوت هەموو شتێك باشە بۆئەوەی بتوانن پارێزگاری لە پۆست‌و ئیمتیازەكانیان بكەن, لە كاتێكدا بزوتنەوەی تاڵیبان لە سەرتاسەری وڵاتدا هێرشی دەكرد بازنەی ناوخۆ گفتوگۆیان لەسەر چاكسازیی سیاسی دەكرد."
دەشڵێت: " بە شێوەیەكی دروست كارە لە پێشینەكانمان دیاری نەكردبوو, لەگەڵ كەوتنی یەك لەدوای یەكی شارەكانی ئەفغانستان, ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كۆبوەوە بۆ تاوتوێَكردنی سەربازیی زۆرەملێ‌‌و چاكسازی دامەزراوەیی".
هێزەكانی تالیبان تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا هەموو ئەفغانستانیان كۆنترۆڵ كرد لە زۆربەی جارەكاندا بەبێ‌ تەقاندنی یەك فیشەك پایتەختی ویلایەتەكانیان دەگرت, بەرپرسێكی تری حكومەتی پێشووی ئەفغانستان دەڵێت: هیچ كام لەوانەی لە لوتكەی هەرەمی دەسەڵاتدا بوون رۆڵی سەركردایەتیكردنیان نەگێڕا, هیچیان قسەیان بۆ میدیاكان نەكرد بۆئەوەی دڵنیایی بدەین بە سەربازەكانمان, هیچیان نەچوونە مەیدان".
ئەم راوێژكارە نزیكەی سەرۆكی پێشوو ئاماژە بەوەشدەدات كە ئەشرەف غەنی سەرۆكیش هەڵەی ستراتیژی بنەڕەتی كردووەو دەڵێت:" پێشنیازم كرد باشوور بەجێبهێڵین چونكە هێزی مرۆیی تەواوەتیمان نییە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بەرگری بكەین. بەڵام سەرۆك رەتیكردەوەو وتی ئەفغانستان هەمووی سەر بە حكومەتە".

" گەندەڵی" 
بەلای سوپای ئەفغانستانەوە وەستانەوەو خۆراگرتن بەرامبەر بە تالیبان لە هەموو ناوچەیەك ئەركێكی ئەستەم بوو, سەرەڕای چەندان ملیار دۆلار لە هاوكاری سەربازیی‌و پێشكەشكردنی كەرەستەی سەربازییو مەشقو راهێنان لەلایەن ئەمریكاوە تواناكانی سوپا بەهۆی گەندەڵییەوە زۆر كەمبوەتەوە. ئەفسەرە باڵاكانی سوپا دەستیان بۆ دزینی موچەی سەربازەكان بردووەو سوتەمەنی‌و تەقەمەنیان دەدزی و كاتێكیش شوباتی 2020 ویلایەت  یەكگرتووەكانی ئەمریكا رێككەوتنەی لەگەڵ تالیبان ئیمزاكرد بۆ كشانەوەی هێزەكانی دۆخەكە ئاڵۆزتربوو.
ژەنەراڵ سامی سادات كە یەكێكە لەو فەرماندانەی سوپای ئەفغانستان كە بە ئازایەتی لە شەڕی دژ بە تالبیان بەناوبانگەو چەند رۆژێك پێش كەوتنی كرا بە فەرماندەی هێزە تایبەتەكان لە كابوڵ دەڵێت:" خیانەتمان لێكرا", نەمانی هاوكاریی ئاسمانی ئەمریكی‌و وەستانی فڕۆكەوانی سەربازی ئەفغانی دوای ئەوەی واشنتۆن كارمەندە گرێبەستەكانی بواری سیانەی فڕۆكەكانی كشانەوە, سوپای ئەفغانستان تایبەتمەندییە ستراتیژییەكەی لەدەستدا.

" سریالی"
سادات لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت: رێككەوتنەكەی ئەمریكا تالیبانی هاندا, چەكدارەكانی هەستی سەركەوتنیان لا دروست بوو, پێش ئەو رێككەوتنە تالیبان لە هیچ شەڕێكی گرنگدا دژی سوپای ئەفغانستان سەركەوتنی بەدەستنەهێناوە, بەڵام دوای رێككەوتنەكە رۆژانە دەیان سەربازمان لەدەست دەدا.
سادان ئاماژە بۆ رۆژەكانی دوایی شەڕ دەكات‌و دەڵێت " سریالی" بوو, ئێمە لەسەر زەوی بە سەختی شەڕمان لەدژی تالیبان دەكرد, فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بەسەرسەرمانەوە وەك تەماشەكەر دەهاتن‌و دەچون".
سادات پاساوەكانی جۆ بادینی سەرۆكی ئەمریكای رەتدەكاتەوە كە وتبووی سوپای ئەفغانستان بەبێ‌ شەڕ هەرەسی هێناوەو دەڵێت: زۆر ئازایانە هەتا كۆتایی شەڕمان كرد. لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا 66 هەزار  سەربازمان لەدەستدا كە دەكاتە یەك لەسەر پێنجی هێزی شەڕكەرمان".
دەربارەی سەربازانی هێڵی پێشەوەی شەڕیش هیچ هۆكارو پاڵنەرێك نەبوو رووبەڕووی مەرگ ببنەوە كاتێك دەبین فەرماندە باڵاكانیان رادەكەن‌و ئەفسەرێكی سوپا دەڵێت:" كاتێك تالیبان گەیشتە دەروازەكانی كابوڵ سەربازەكان زانیان كە سەرۆك وڵات بەجێدەهێڵێت لەبەرئەوە شەڕیان نەكرد".
بزوتنەوەی تالیبان لە جەنگەكەدا زۆر بەباشی دەزگاكانی راگەیاندنی بەكارهێنا بۆئەوەی سەربازانی سوپای ئەفغانستان خۆیان رادەستبكەن‌و ئەوەش ورەی سوپای زۆر دابەزاند, ئەو ئەفسەرە دەڵێت: ئێمە بە تەواوەتی جەنگی  نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانمان لەدەستدا, تالیبان بە سەربازەكانی دەوت كە بەبێ‌ هودە دەجەنگن چونكە لەسەر ئاستی باڵا رێككەوتن ئیمزاكراوە".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand