Draw Media

یەكێتی و پارتی پۆستەكانیان پێ یەكلا ناكرێتەوە

یەكێتی و پارتی پۆستەكانیان پێ یەكلا ناكرێتەوە

2025-08-15 11:58:35



درەو:
تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پۆستەكان رێكنەكەوتون و پۆستەكانیان پێ یەكلا نەكراوەتەوە، تەنیا رێككەوتوون كە هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی مانگی ئەیلول پەرلەمان دەستبەكار و چالاكییەكانی بكات، لەكاتێكدا لەسەر پۆستەكانی پەرلەمانیش رێكنەكەوتوون.
دوێنێ لە بارەگانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر وەفدی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتبوو: هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاساییی خۆی بکات و هەنگاوەکانی تری پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوام بن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەبەرپرسانی پارتی و یەكێتیەوە دەستی كەوتووە، تا ئێستا یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستەكان رێككنەكەوتوون و هیچ پۆستێكیان یەكلا نەكردووەتەوە، پارتی بە بەشێك لە پێشنیازو داواكانی یەكێتی رازی نیەو یەكێتیش بە داواكانی پارتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان رازی نیە.
سەبارەت بە راگەیەندراوەكەی دوێنێش، تەنیا ئاماژە بەوە كراوە كە پێویستە هەوڵی چڕ بدرێت كە لە مانگی ئەیلولدا كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، نەك رێككەوتبێتن بۆ ئەوەی پەرلەمان دانیشتنەكانی دەستپێبكات، چونكە یەكێتی و پارتی تا ئێستا لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان رێكنەكەوتوون بە پۆستەكانی پەرلەمانیشەوە، ئیتر چۆن كارو چالاكییەكانی پەرلەمان دەستپێدەكاتەوە، رەنگە ئەوە بۆ دامركانەوەی داواو فشاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت كە بەردەوام داوا دەكەن پەلە بكرێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بەردەوام لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای حكومەت و پارتی و یەكێتی لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵی وڵاتان جەخت لەوە دەكەنەوە كە كابینەی نوێ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێكبهێندرێت. 

سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لەسەر وەرەقەو كارنامەی حكومەت رێككەوتوون و شوباتی رابردوو رێككەوتنەكەیان راگەیاند، تەنیا دابەشكردنی پۆستەكان ماوەو تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك، گفتوگۆكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان بەردەوامە بەشێوەیەك هەرلایەكیان پێشنیاز و داوكاری خۆی هەیە: 

-    پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستانەی بۆخۆی دایناوە:
•    سەرۆكی هەرێمی كوردستان
•    سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
•    سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری كوردستان
•    جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
•    وەزارەتی ناوخۆ
•    وەزارەتی سامانەسروشتییەكان
•    وەزارەتی كارەبا
•    وەزارەتی پەروەردە
•    وەزارەتی شارەوانی 
•    سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران

ئەو پۆستانەی پارتی بۆ یەكێتی پێشنیاز كردووە:
•    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
•    جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان
•    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم 
•    وەزارەتی دارایی 
•    وەزارەتی خوێندنی باڵا
•    وەزارەتی پلاندانان
•    وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەلایەتی 
•    وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە 
•    وەزارەتی كشتوكاڵ 
•    وەزارەتی بازرگانی 
•    وەزارەتی پێشمەرگە 

ئەوەی یەكێتی داوای دەكات تا ئێستا 
•    سەرۆكی هەرێمی كوردستان
•    یان سەرۆكی حكومەت دوو ساڵ بە دووساڵ
•    وەزارەتی ناوخۆ 
•    وەزارەتی سامانەسروشتییەكان
•    وەزارەتی كشتوكاڵ
•    وەزارەتی دارایی
•    وەزارەتی خوێندنی باڵا
•    وەزارەتی كشتوكاڵ 
•    وەزارەتی پلاندانان
•    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران 

بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) تا ئێستا گفتوگۆكان دوورن لەیەكەوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، تا ئێستا چەندین پێشنیازی یەكترییان رەتكردووەتەوەو هەرلایەك پێشنیازی نوێ پێشكەشی ئەوەی تریان دەكات.

رێكارەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ
بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتان و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە پێویستە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كابینەی نوێ پێكبهێندرێت، بۆیە بە هەموو پێوەرەكان پێكهێنانی حكومەت بۆ دوای هەڵبژاردن دەكرێت چونكە كات نەماوە:
 بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2019یاسا كاراكردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواری شێوازی سەرۆكی هەرێم، بەپێی مادەی (4) لە خاڵی یەكەمی بڕگەی یەكەمی دا هاتووە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (30)رۆژدا رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەستپێدەكات.
واتا هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەی (30) رۆژ دەخایەنێت، بەپێی بڕگەی (3) و (4) لەمادەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوی 1992 دەستنیشانكردنی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و متمانەپێدانی سەرۆكی ئەنجومەن و كابینەكەی لەدەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە وبەڵام بەپێی برگەی (12) لەماددەی (10)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (1) ساڵی 2005ی هەموارکراو، (پاش  ناونانی لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری لە ماوەیەکدا کە لە (30) رۆژ تێپەر نەکات.
واتا ناونان و راسپاردن و سوێندخوادرنی كابینەی نوێ ئەویش (30) رۆژی پێدەچێت بۆیە، واتا دوای رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ، 
لەبەر ئەوە ئەگەر ناوەڕاستی مانگی ئەیلول سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پێكبهێندرێت ئەوا هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و رێكارەكانی كابینەی نوێ و سوێندخواردنی بەهەردووكیان (60) رۆژی پێویستە،  بە تێكڕای ئەم كاتانە پرۆسەی پێكهێنان و متمانە بەخشین بە كابینەی نوێ ئەوا دەكەوێت ناوەڕساتی مانكی تشرینی دووەم واتا هەفتەیەك دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر لەسەر تەواوی پۆستەكان رێكەوتبێتن و هیچ كێشەیەكیان نەیەتەڕێ.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand