عوسمان کاڤالا کێیە؟ ئەردۆغان بەهۆیەوە باڵیۆزی 10وڵات دەردەکات

Draw Media

2021-10-24 15:26:22



درەو:
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد باڵیۆزی ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیاو حەوت وڵاتی تر لە ئەنکەرە دەربکات. ئەمەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتانە لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە تورکیا کرد عوسمان کاڤالای بزنسمان ئازاد بکات کە لە ساڵی 2017ەوە لە زینداندایەو تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتای ئاراستەکراوە.
ئەردۆغان داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد کە باڵیۆزەکانی ئەو دە وڵاتە لە ئەنکەرە وەک  کەسانی ناپەسەند بناسێنێت و ئەوەش دەبێتە هۆی دەرکردنی ئەو باڵیۆزانە لە تورکیا.
ئەو وڵاتانەی کە داوای ئازادکردنی عوسمان کاڤالایان کردووە بریتین لە ئەمریکا، کەنەدا، هۆڵەندا، نیوزلەندا، دانمارک، فینلەندا، ئەڵمانیا، نەرویج و سوید.
کاڤالا بزنسمان، یان نەیاری ئەردۆغانە؟
عوسمان کاڤالا کۆتاییەکانی ساڵی 2017 دەستگیرکرا،  بە تۆمەتی هاوکاریکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013  گەزی پارکی گۆڕەپانی تەقسیم لە ئیستانبوڵ.
کاڤالا لە تۆمەتەکەی گەزی پارک بێ تاوان دەرجوو، بەڵام لە شوباتی 2020 دادگایەکی تورکیا  تۆمەتباریکرد بە هاوکاری پلانێک بۆ  هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی2016.
 لە دۆسیەی دوومدا کاڤالا تۆمەتبارکراوا بە ئەنجامدانی چالاکی سیخوڕی و سیاسی و سەربازی و پێشێلکردنی دەستور بە هاوکاری توێژەر هێنری پارک بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەڕێگەی بەدەستهێنانی زانیاری نهێنی پەیوەست بە بەرژەوەندییە ئەمنیی و سیاسییەکانی تورکیا.
لە پەڕاوی تۆمەتبارکردنەکەدا هاتووە:"  بە ڕێکەوت نەبوە کە سەردانی هێنری پارکی بۆ تورکیا هاوکات بووە لەگەڵ ڕودانیدۆخێکی دژوار لە وڵاتدا و لێدوانەکانی گومانلێکراویش جەخت لەوە دەکەنەوە"، واتە لەکاتی هەوڵی کودەتاکەدا هێنری پارکی لە تورکیا بووە.
هەتا ئێستا کەڤالا لەلایەن دادگاوە لەسەر تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتا شکستخواردووەکە لەلایەن تاوانبار نەکراوە.
کاڤالا خۆی وا دەناسێنێت کە خەبات دەکات لە پێناوی دیموکراسیەت و ئازادی ڕادەربڕین و ڕەتیشیدەکاتەو هیچ سەرپێچییەکی کردبێت و لە چەند لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: 
باوەڕم وایه کە هۆکاری ڕاستەقینەی دەستگیرکردنی بەردەوامم ئەوەیە کە حکومەت پێویستی بەوە هەیە کە  گێڕانەوەی بوونی پەیوەندی لە نێوان خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک و پیلانێکی بیانی بە زیندویی بهێڵێتەوە".
بەڕای مافناسان خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک خۆڕسکانە دەستیان پێکردووە لەدژی پلانێک بۆ لابردنی پارکێکی گشتی نزیک مەیدانی تقسیم لە ئیستانبوڵ، بەڵام دواتر فراوان بوون و بون بە خۆپیشاندان لە دژی حکومداریی ئەردۆغان و داواکاری ڕوخاندنی حکومەت.
ئەگەر کاڤڵلا تۆمەتەکانی پەیوەست بە هەوڵی کودەتای بەسەردا ساغببێتەوە، ئەوا ڕوبەڕوی سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێندرێت و ئەگەری ئەوەشی نابێت بە مەرج ئازاد بکرێت و بڕیاریشە 26 نۆڤەمبەری داهاتوو دانیشتنی دادگاییکردنی بەڕێوەبچێت.

بنەچەی كاڤالا

عوسمان کاڤالا ساڵی 1957 لە پاریس لەدایکبووەو بنەماڵەکەی خەڵکی شاری کاڤالای یۆنانن،  کە بۆ چەندین سەدە ئەو شارە لەژێر حوکمڕانی عوسمانییەکاندا بووە.
خێزانەکەی کاڤالا کە لە بواری بازرگانی توتندا کاریان کردووە بیستەکانی سەدەی کۆچیان کردووە بۆ تورکیا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی هاوڵاتیانی یۆنانی نیشتەجێی خۆرئاوای تورکیا لەگەڵ ئەو موسوڵمانانەی لە یۆنان ژیاون لە کۆتاییەکانی داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا.
کەڤالا لە زانکۆی تەکنیکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنکەرەی پایتەخت ڕشتەی کارگێڕی خوێندووەو پاشان ڕشتەی ئابوری لە زانکۆی مانچستەری بەریتانی  تەواوکردوە.
ساڵی 1982 لەکاتی سەرقاڵی خوێندنی دکتۆرا  لە ئەمریکا باوکی کۆچی دوایی دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ ئیستانبوڵ بۆ سەرپەرشتیکردنی خانەوادەکەی و کۆمپانیاکانی باوکی و  لەو کاتەشەوە چەندان خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی کردووەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand