ئایا ئەردۆغان ئابوریی تورکیا لەناودەبات؟ یان ئابوریی تورکیا ئەردۆغان لە ناودەبات؟

Draw Media

2021-10-25 05:48:20



درەو:
ئەلكسەندەر نازارۆڤ - RT
رەجب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی سیاسەتێکی جیاواز لە پەیوەندییەکانی دەرەوی وڵاتەکەیدا پەیڕەو بکات، بەنیازە لەو سۆنگەیەوە تەحەدای کۆمەڵێک وڵات بکات کە بەراورد بە وڵاتەکەی خۆی زۆربەهێزترن. 
ئەو شێوازەی کە ئەردۆغان، ئێستا پەیڕەوی دەکات تاڕادەیەکی زۆرهاوشێوەی ئەو سیاسەتەیە کە پێشتر(ئەدۆڵف هیتلەر) کە لە دەمی جەنگی جیهانی دووەمەدا پەیڕەوی کردبوو، کە بریتی بوو لە قۆستنەوەی خاڵە دژ بەیەکەکانی نەیارەکانیی ودواتر بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەجۆرێک بتوانێت دواتر دژ بەلایەنی سێهەمیش بەکاریان بهێنێت.
 ئەم جۆرە پلان وگەمانە پێدەچێت دواتر بگۆڕدرێت بۆ بابەتێکی ئەرێنی، کێشەکانی ئەنکەرە و واشنتن، ئێستا زۆر دڵخۆشکەرن بۆ روسیا، هاوکات کێشیەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیاش بەتایبەتی لە ناوچەکانی "قەرەباغ وئوکراینا" دڵخۆشکەرن وسودی بەرچاویان هەیە بۆ واشنتن.
ئەو گەمانەی کە لەم جۆرەن، یاریزان تێیدا ناچاردەبێت لەیەک کاتدا پارێزگاری لە هەماهەنگیی وململانێیەکانی بکات بەهەمان ئاراستەو و لەگەڵ هەموو کارکتەرەکانی نێو ئەو گەمەیە، هاتنەناوەوەی یاریزانی نوێیش بۆ ناو گۆڕەپانەکە، وادەکات ئەو لایەنه وبەرێژەیەکی باش بتوانێت پارێزگاریی لە هاوسەنگی ومانۆڕی خۆی بکات، بۆیە نامۆ نییە خەڵکانێکی زۆر ڕقیان لە ئەردۆغان بێت، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستیانیش پێی هەیە.   
کەمی سامانە سروشتییەکانی تورکیا، پاڵنەڕێکی سەرەکی بووە بۆئەوەی ئەردۆغان ئەو جۆرە سیاستە بگرێتەبەر، لەسەرووی هەموویانەوە سەرچاوەکانی وزە، تورکیا بەراورد بە بەشێک لە دراوسێیەکانی نە نەوتی هەیە نە گازی سروشتی، لە هەمانکاتیشدا کەلێنێکی گەورە و بەرچاو بەدی دەکرێت لە داهاتەکانیدا، بۆیە ئەو خاڵە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لەتێکدانی و شڵەژانی سەقامگیری وڵاتەکەی.
ئەنجامی کۆتایی ئەم جۆرە گەمانە "گێژاوە"، گەمە ئابورییە بچووکەکەی تورکیا ئێستا بێت یان دواتر هەر بە شکست کۆتایی دێیت. سەرباری ئەوەی کە دۆخی ئابوریی تورکیا ناهەموارە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت تا ئەم ئان وساتە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
رێژەی کورتهێنان لە بودجەی گشتی تورکیا لەنێوان مانگەکانی کانونی یەکەم وتەموزی ئەمساڵدا 9)ملیار( دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام سەرباری ئەوەش دۆخی ئابوریی ئەو وڵاتە زۆرباشتربووە لەو دۆخەی کە تورکیا پێیدا گوزەریکرد لەسەروبەندی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، ئەو بەراوردە وەک ئەوە وایە کە هەموو کەس دەزانێت مردن یەکە ( ڕێژەی نەگۆڕە)، بەڵام هۆکارەکانی جیاوازن بۆ نمونە شێوازی مردنەکە بە "گولـلـه" بێت یان بە تەقینەوەی "بۆمبی ئەتۆمی"، بۆیە ئەنجامی ئەو گەمەیە بۆتورکیا هەرمایە پووچبوونە لە کۆتاییدا.
ئەردۆغان پارەدارکردنی سەرکێشییەکانی دەرەوەی بووەتە "مۆتەکە" بۆی، کورتهێنانی بودجەش زیاتر دۆخەکەی ئاڵۆزترکردووە، سەرەڕای ئەوەش کێشەکانی لەگەڵ ئەمەریکا دۆخەکەی زیاترنەرێنی ترکردووە. هەوڵە بەردەوامەکانی ئەردۆگان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی تەمویل، وایکردووە سیستمی دارایی تورکیا دوچاری هەرەس و ڕۆچوون بکاتەوە، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە ناچاربکات دراوی بێ پشتیوان (بێ کەڤەر) چاب بکات ورێژەی سوود بۆ ئاستێکی کەمتردیاری دەست نیشان بکات. خستنەڕووی نەختینەی (M1) بەرێژەی 18% زیادی کردووە لەنێوان مانگی تشرینی یەکەمی 2020 و تاوەکو مانگی ئەیلولی 2021.
پێش هەفتەیەک لەمەوبەر، ئەردۆگان سێ ئەندامی لیژنەی سیاسەتی نەختینەیی لە بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی لەکارەکانیان دوورخستەوە کەدژایەتی رێکارەکانی کەمکردنەوەی زیاتری نرخی سودیان کردبوو، پێشترئەردۆگان سێ جار سەرۆکی بانکی ناوەندی وڵاتەکەی گۆڕیوە بە بیانووی جیاجیا.
ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو بانکی ناوەندیی تورکیا نرخی سودی بۆ جارێکی دیکە کەمکردەوە بۆ 16%، کە ئەوەش وایکرد بەهای لیرەی تورکیا زیاتر پاشەکشەی بکات بەڕێژەی 2.7% کە ئەوەش بەراورد بەساڵی رابردوو لیرە بەرێژەی 27% بەهاکەی لە دەستداوە. بانکی ناوەندی لەهەوڵی ئەوەدایە هاڕەکردنی دراوی نیشتیمانی وڵاتەکەی لە ئاستێکدایە رابگرێت، ئەوەش لەرێگەی زیادکردنی رێژەی خەرجکردن لەیەدەکی وڵات.
لە نیسانی ئەمساڵدا، ئەردۆغان ڕایگەیاند، بەمەبەستی فەراهەمکردنی سەقامگیری ئابوری لە وڵاتەکەیدا، نزیکەی( 165 ملیار) دۆلاریان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا خەرجکردووە، کە ئەوەش وایکردووە یەدەگی نەختینەیی بیانی لە بانکی ناوەندی تورکیا لە کۆتایی 2019 بەرێژەیەکی مەترسیدار وبێ پێشینە لە (41 ملیار) دۆلارەوە  کەم بکات  تەنها بۆ( 8 ملیار دولار)، بەڵام جارێکی تر ئاستی یەدەکی بانکی ناوەندی تورکیا لەمانگی ئەیلولی رابردوو بەرزبوویەوە بۆ زیاتر لە( 27 ملیار ) دۆلار. 
هاوکات تورکیا بەبەهای زیاترلە(40 ملیار دۆلار) خاوەنی  زیری عەمبارکراوە، وبە بەهای( 65 ملیاردۆلار) یەدەکی پارێزراوی هەیە کە تایبەتە بە بە بانکە بازرگانییەکان.   
سەرچاوەی سەرەکی بەدەستهێنانی دراوی بیانی( نەختینەی سەخت) بۆبانکی ناوەندیی تورکیا، ئەو رێککەوتنانەیە کە پێیان دەگوترێت ( ڕێکەوتنی  ئاڵۆگۆڕی دراوەکان). لەمانکی حوزەیرانی ئەم ساڵدا بانکی ناوەندیی تورکیا بڵاویکردەوە، لەگەڵ چوار وڵات گەیشتوون بە لێکتێگەیشتن. هەرلە مانگی حوزەیراندا ئەردۆگان ڕایگەیاند، وڵاتی چین ڕەزامەندی داوە لەسەر پلانی زیادکردنی ئاڵۆگۆڕ  لە نێوان هەردوو وڵات بە بەهای (6 ملیار دۆلار)، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر وڵاتی قەتەر بڕی( 15 ملیار دۆلار)ی بەخشی بوو بە تورکیا.ئەوەی جی سەرنجە هەر لەمانگی حوزیراندا، بانکی ناوەندیی تورکیا بڕیاریدا مامەڵەکانی بە دراوی " یوان" چینی ئەنجامبدات وەک بەشێک لەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژووی کردووە.
داڕمانی بەهای " لیرە"ی تورکیا ئازاربەخش و کەمەرشکینە بۆ تورکیا،  جگەلەوەش کایەی بازرگانیی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەدەست کورتهێنانێکی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت کە بەهاکەی لەمانگی ئابی 2021 گەیشتە( 4.26 ) ملیار دۆلار، هاوکات (ئەژمێری ئێستا)" ی ئەو وڵاتەش دوچاری کورتهێنان بووەتەوە.  بۆیە شتێکی سەیرو نامۆنییە ئەگەر رێژەی هەڵاوسان لەماوەی ساڵێکدا لە 11% هەڵکشێت بۆ زیاتر19%. 
ئەو جۆرە گرفتە ئابوریانەی کەڕووبەڕووی وڵاتان دەبێتەوە، هەندێک جار وادەکات هەڵاوسان ڕادەبەدربێت وتێکرای دیاریکراوی خۆی تێپەڕبکات، لەدۆخێکی لەو شێوەیەدا ئەستەمە هیچ  سیستمێکی دارایی بتوانێت بەربەرکانی بکات و بەزیندوویی بمێنێتەوە. کە ئەوەش دواتر بەدڵنیاییەوە لێکەوتەی  کۆمەڵایەتی و ئابوریی سەختی لێدەکەوێتەوە. 
سەرۆککۆماری تورکیا لەهەوڵی بێ وچاندایە بۆ ئەوەی رێژەی هەڵاوسان نزیک بکاتەوە لەتێکرا ئاساییەکان، بەڵام ئەو هەوڵانە بەئاسانی ناتوانن ئامانجەکانی خۆیان بپێکن، ئەو شڵژانە نوێیانەی کە دووچاری بازار بوونەتەوە پێدەچێت ڕەوتی ئەو بابەتە خێراتر بکات وتورکیا بە هەمان رێچکەی فینزویلا پیادە بکات.  
پێیم وایە ئەم دۆخە، ئەردۆگان ناچار دەکات دەستبەرداری چالاکییەکانی تورکیا بێت لە سیاسەتی دەرەوە، بێ گومانیش دەتوانێت کۆنتڕۆڵی دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەی بکات، بەڵام دەبێت دەستوبرد بکات وخۆی یەکلایی بکاتەوە لە بەردەوامبوون لەسەر ڕەوتی سیاسەتی دەرەوەی، یان تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ناوخۆیی وڵاتەکەی، ئەوکات دەبێت بزانین کە ئەمەریکا وچین دوو کڕیاری سەرەکی دەبن، بەڵام من پێیم وایە چین چانسی زیاتری هەیە بۆ ئەوەی تورکیا بکڕێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand