هه‌واڵ / جیهان

ئیدریس مستەفا بەریتانیا و ئەمریکا دوو هیزی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپان و هەر یەکەیان مەبەستێکی هەیە لە خوڵقاندنی شەڕی روسیا-ئۆکرانیادا. ئەمریکا کە هەموو ئەوروپای وەک ئاگرگرەیەک بەکار دەهێنێ دژ بە روسیا ئەوا بەریتانیا دەیەوێ ئەلمانیا لەو جەنگە تێوەگلێنێ. جا ئایا ئەو تەڵەیەی بەریتانیا بۆ ئەلمانیای ناوەتەوە سەردەگرێ یان نا ئەوە پەیوەستە بە هزری سیاسیە دەسەلاتەدارەکانی ئەڵمانەوە.ئاماژەکانی ناحەزێتی یاخود دوژمنکارانەی بەریتانیا دژ بە ئەڵمانیا کە لەم ئاریشەیەی ئۆکرانیادا دەتوانرێ ببینرێ رەگێکی مێژوویی هەیە و ئەوەی لێرەدا بۆ خزمەتی ئەم باسە من دەمەوێ باسی تەنها هەندی هەڵوێست و رووداوی سیاسی سەدەی پێشوو هەروەها هەندێ دۆکیومێنتی نوێ لەو بارەیەوە کە تاکو ئیستا لە ئەدەبیاتی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ئەوە ئەدەبیاتی سیاسی خۆمان هەر هیچ، ئاماژەی پێ نەدراوە یاخود زۆر کەم ئەگەرنا هەر دەکەوتە بەرچاوان جارێ لە جاران. کەواتە پرسیار ئەمەیە: بۆچی بەریتانیا رقی لە ئەڵمانیایە و بۆچئ بە دیاریکراوی دەیەوێ چۆن تێوەی گلێنێ لەم شەڕەی روسیا-ئۆکرانیادا؟ ئەلمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا سێ وڵاتی گەورەی ئابوری و زلهێزی ئەوروپا و جیهانیشن. ئەڵمانیا لە هەردووکیان زیاتر بە دڵی ئەوروپا دادەنرێت هەم بەهۆی شوێنگە جوگرافیەکەیەوە کە لە ناو کیشوەری ئەوروپادا هەڵکەوتەی کردووە و هەم بەهۆی بارە ئابوریە بەهیزەکەیەوە. دیارە فەرەنسا و بەریتانیا خاوەن ئابوری گەورەن بەڵام وەک ئەڵمانیا خاوەن ئابوریەکی بەهێزنین. لەم نوسینەدا دەردەکەوێ گەورەیی و بەهێزی ئابوری ئەڵمانیا لە چیدایە کە ئەوانی تر لە ئەوروپا نیانە.  باری مێژوویی:  ململانێی ئەڵمانیا و بەریتانیا مێژوویەکی گەلێک کۆنی هەیە کە بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە بەڵام ساڵی ١٨٧١ بە خاڵی وەرچەرخانی بەریتانیا دادەنرێت دژ بە ئەلمانیا چونکە لەو ساڵەدا راوێژکاری گشتی ئەلمانیا، ئۆتۆ ڤۆن بیسمارک، ئەڵمانیای یەکگرتووی دروست کرد. بەریتانیا بەم هەنگاوە زۆر قەڵس بوو. ئەم هەنگاوە هەم ئەڵمانیای کرد بە هیزێکی گەورەی ئەوروپا و جیهانیش، هەم لەو ساڵانەدا ئاسۆی خۆرئاوابوونی ئیمبراتۆریەتی بەریتانی بەرەو کزی دەچوو. خاڵی دووەم رێگەی خۆش دەکرد بۆ ئەڵمانیا وەک ئیمبراتۆریەتێک یان وەک هیزێکی گەورەتر لە بەریتانیا دەرکەوێت. هەرواش بوو، سەدەی بیست و بە تایبەت بیست و یەک سەدەی ئەڵمانیا بوو بەسەر بەریتانیادا.  لە ماوەی دوو سەدەی رابردوودا بەریتانیا هەردەم لە هەوڵی ئەوەدابووە ئەڵمانیا لە گەورەیی بخات. جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم دوو بەڵگەی مێژوویی گەورەن کە لە هەردوو جەنەگەکەدا ئەلمانیا و بەریتانیا دژ بە یەک بوون و بەریتانیا رۆڵی سەرکی هەبوو لە پشت ئەو قەید و بەندانەی کە ئەڵمانیایان پێ سزادا لە هەردوو جەنەگەکەدا. سەرباری لە دەستدانی لە سەدا شانزەی قەبارەی خاکی وڵاتەکە، ئەڵمانیایان خستە ژێر قەرزێکی زۆرەوە بەوەی بەشێکی زۆر لە زەرەری وڵاتانیان بەسەردا سەپاند. تەنها دانەوەی قەرزی جەنگی جیهانی یەکەم ٩٢ ساڵی خایاندا. واتە ساڵی ٢٠١٠ ئەڵمانیا لە دوایین قەرزەکانی تەواو بوو کە رێژەکەی ئەودەم بە زێر لەسەریان حساب کرد ٦٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو، واتە ٧٦٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی ئیستا. (س١) ئەم سزایە لە پەیماننامەی سێرڤای لە رۆژی ١٩ی مانگی ٦ی ١٩١٩ لە بەندی ٢٣١ی پەیماننامەکە لە ژیر ناوی بەشی تاوانبارانی شەڕدا ئەو سزایانە بەسەر ئەڵمانیادا سەپێنرا. (س٢) قەرزی جەنگی جیهانی دووەم کە تەنها کەوتە سەر شانی رۆژئاوای ئەڵمانیا، چونکە ئەڵمانیا بوو بە بە دوو بەش رۆژهەڵات و رۆژئاوا. رۆژهەڵات کەوتە بەرەی یەکێتی سۆڤیەتەوە و فلسێک قەرزیان نەدایەوە. ئەڵمانیای رۆژئاوا کە لە بەرەی رۆژئاوادا مایەوە بڕی ٢٣ ملیارد دۆلاری ئەمریکی کەوتە سەرشان. دیارە، ئەڵمانیا موفلیس کەوتەوە و ئەو برە پارەیەی نەبوو. هەمان وڵاتان بە تایبەت بەریتانیا بە قەرز پارەیان پێ بەخشی و دواتر لەگەڵ سووەکەیدا ئەڵمانیا دەبوو بیداتەوە. تاکو ئیستاش پۆڵەندا داوای قەربووکردنەوەی زیاتر لە ٨٥٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی دەکاتەوە لە ئەڵمانیا. (س٣) جگە لەوەی لە دانوستانەکانی وەستاندنی جەنگ و سزاکانی سەر ئەڵمانیا بەریتانیا دەورێکی بنەڕەتی گێڕا لە زەلیل کردنی ئەڵمانیا بەوەی هەرچی زەرەر و زیانی جەنگ هەیە خستیانە سەر شانی، بەسەریاندا سەپاند کە نابێ خاوەن هیچ سوپایەک و چەکێکی گەورە بێت وەک چەکی ئەتۆمی. لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا لە ئیستادا بە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی دنیا دادەنرێت بۆ چەک فرۆشتن بەڵام ناتوانێ چەکی گەورە هەڵبگرێت بۆخۆی.  پەرەسەندن و گەشەی ئابوری و سەربازی ئەڵمانیا لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، بەریتانیای نیگەران کرد. حکومەت و دەزگای هەوالگری بەریتانی دەیانزانی هیتلەر و دروشمەکانی ئەڵمانیا بەرەو هەلدێرێک دەبات بۆیە کەوتنە پیاهەڵدان و رێگەخۆشکردن بۆی کە پەلاماری هەندێ ناوچە بدات. لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٦-١٩٣٨ ئەڵمانیا نەمسا و ناوچەی سەتلاندی چیکۆسلۆڤاکیای ئەڵمانی زوبانی داگیر کرد. بەریتانیا نەک هەر سەرەکۆنەی ئەم هەنگاوەی ئەڵمانیای نەکرد بەڵکو لە مانگی ٩ی هەمان ساڵدا، ١٩٣٨، "رێکەوتننامەی میونیخ" کە سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی بەریتانیا "نڤیڵ چامبەرلین" بوو بەشداری تێدا کرد؛ لە رێکەتننامەی میونیخدا بەریتانیا بە رەسمی دانی نا بە داگیرکاریەکانی هیتلەر بۆ ئەو ولاتانە. (س٤) ئەم هەنگاوەی بەریتانیا هەندێک لە رۆژنامەکانی ئەو دەمی بەریتانیا بە ترسنۆکی حموکەت ناوبرد بەڵام لە راستیدا ئەوە هاندانێک و تەڵەیەکی ئینگلیز بوو بۆ هیتلەر تاکو تیوەگلێ لە شەڕێکدا و ئامانجەکەش لاوازبوونی ئەڵمانیایە. بەریتانیا ئەمەیان کرد و ئەوە بوو هیتلەر جەنگی جیهانی هەڵگیرساند و ئەڵمانیای پێش هەر وڵاتێکی تری ئەوروپی توشی وێرانکاری و کارەساتی مێژوویی کرد.  هەستانەوەی ئەڵمانیا: سەرباری ئەو دوو کۆستە گەورەیەی بەسەر ئەڵمانیادا هات واتە ئەنجامەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، لەگەڵ قەرز دانەوەی ولاتانی ئەوروپا لەگەڵ سووەکەیدا، دەبوو وڵاتەکەی خۆی سەر لە نوێ دروست بکاتەوە. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تاکو ئیستا ئەڵمانیا نەک هەر قەرزەکانی سەدەیەکی دایەوە و وڵاتەکەی خۆی لە جاران باشتر و پتەوتر بنیات نایەوە بەڵکو ئەڵمانیا بوو بە یەکێک لە هێزە گەورە ئابوریەکانی دنیا و بگرە لە ئەوروپادا سوپەرپاوەر خۆیەتی و لە و بلۆکی رۆژئاوادا کە ئەمریکا و کەنەداشی تێدایە لە دوای ئەمریکاوەیە.  ئەو هۆکارانەی وایان لە ئەڵمانیا کردووە کە هەردەم هێزی گەورە بێت سەرباری ئەو هەموو کارەسات و رووداوە جەرگبڕە مێژژوییانە ئەو توانا مرۆییەیە کە ئەڵمانەکان وەک میللەتێک هەیانە، توانا فکری و فەلسەفی و سیاسی و پیشەسازی و داهێنانە تەکنۆلۆجیەکان. هیچ کەس ناتوانێ نکوڵی لەو خاسیەتە تایبەتانە بکات کە میللەتەکانی پێ دەناسرێنەوە، دیارە ئەو خاسیەتانە ئەزەلی نین کە لە میللەتێکدا هەبی و لە ئەوی تر نەبێ، بەڵام درک و عەزیمەت و ماندوو بوونی بەردەوام و هەوڵی عاقڵانە لە ژینگەیەکی لە باردا ئەو خاسیەتانەیە کە ئەڵمانەکانی کردووە بەوەی وڵاتەکەیان دروست بکەنەوە تا رادەی سوپەرپاوەر. هەر ئەم خاسیەتانەیە، کە من بە خاسیەتی عەقڵی ئەڵمانی ناوی دەبەم، بەریتانیەکانی تۆقاندووە و نایانەوێ ئەڵمانیایەکی بەهێزبببنن.  کاتێک هێزی هاوپەنیمانان لە جەنگی گێتی دوودا چوونە ناو ئەڵمانایەوە لەوانە بەرلین، یەکێک لەو کارە سەیرانەی بەریتانیا ئەنجامیدا رفاندنی زانا و زانستخواز و کەسە پیشەسازیە سەربازیەکانی ئەڵمانیا بوو تاکو سوود لە توانییەکانیان ببینن. رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ساڵی ٢٠٠٧ راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناوی (چۆن مێشکە باشەکانی ئەڵمانیا رفێندرا لە لایەن بەریتانیاوە) و دەڵێ: " بەڵگە نهێنە باڵاکان کە ئاشکرابوون پیشانی دەدەن کە لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیدا، دەسبژێرێک لە هێزی سەربازی بەریتانی بە سەدان زانا و زانستخواز و میکانیزان دەڕفێنن و لە لایەن وەزارەتەکانی حکومەتی بەریتانیاوە دادەمەزرێن یاخود لە کارخانەکانی کۆمپانیا شەخسیەکانەوە کاریان پێدەکرێت." هەر لە پەیوەند بەم بابەتەوە " داوایان لە بزنسمانە ئەڵمانیەکان کردووە لە دوای جەنگەکە کە دەبێ بێن بۆ بەریتانیا بۆ لێ پرسینەوە و زانیاری وەرگرتن لەو بارەیەوە و ئەمەیان بە نهێنی پێگوتوون و بە نهێنی کراوە." (س٥) ئەوەی ئەو دەم بەریتانیا کردی ئێستا لە سیاسەتی وڵاتە رۆژئاواییەکانی تردا بە ئاشکرا پیادە دەکرێت لە ژێر ناوی کۆچ و پەنابەرێتیدا. بۆ نموونە وڵاتی کەنەدا کە بە یەکێک لە پڕ چالاکترین وڵاتەکانی دونیا دادەنرێت بۆ کۆچ و پەنابەرێتی، سیاسەتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵی کەنەدا هەیە لە ژێر ناوی چەندان پرۆگرامدا بۆ بۆ راکێشانی توانا مرۆییەکانیانی وڵاتانی تر لە هەموو جیهانەوە و سالانەش دەیان هەزار کەس دێنە ناو کەنەداوە. سەرنج راکێشانی ئابوری و ژیانێکی باش لە کەنەدا بۆ خەڵکانی شراەزا و بە توانا و خاوەن کارامەیی و خوێندنی بەرز یاخود خوێندن لە کەنەدا و دواتر توانای مانەوە لە کەنەدا لە ریگەی چەندان پرۆگرامەوە دەچێتە پێشەوە وەک (سکیڵد وۆرکەر، ئێکسپرێس ئینتری، ئێڵ ئێم ئای ئەی، کەنەیدیەن ئێکسپریەنس کلاس، پرۆڤینشاڵ نۆمینی، فەدراڵ نۆمینی، ئینڤەستمەنت یان بزنس پرۆگرام، ئینتەرناشناڵ ستیودنت "کە دواتر دەتوانن داوای مانەوە بکەن بە مەرجێک کارێک بدۆزنەوە بە ناوی"، پۆست گراجوەیت وۆرک پێرمت.) دیارە لە پێنچ شەش ساڵی رابردووە و تەنانەت بۆ سێ و چوار ساڵی داهاتوش کەنەدا هەر ساڵە پێشوازی لە زیاتر ٤٠٠ هەزار کۆچبەر دەکات کە لە سەدا هەشتایان لە بوارە ئابوری و بزنسی و بەرهەمهێنانە مرۆییەکانی تردایە. سەرداری ئەوروپا: یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەریتانیا لەگەڵ ئەلمانیا مەسەلەی سەردارێتی ئەوروپا و یەکێتی ئەرووپا و دراوی یەکگرتووی ئەوروپی، ئیرۆ، بوو کە دەیزانی ئەم هەنگاوانە ئەڵمانیا زیتار دەکەن بە سەرداری ئەوروپا لە کاتێکدا بەریتانیا ئەوە بە خۆی رەوا دەبینێ بەو پێودانگەی کە خاوەن گەورەترین ئیمبراتۆریەتی مێژوویی بووە و زمانەکەشی بۆتە زمانێکی جیهانی بێ رکابەر. ئابوری وڵاتە کلاسیکیە گەورەکانی وەک بەریتانیا و فەرەنسا هەر بە ەگورەیی مایەوە بەڵام وەستاون لە خاڵێکدا کە لەوە زتار بەرەو بەهیزی ناچێ وەک ئابوری ئەڵمانیا بەرەو بەهێزیەکی بێ پایان دەڕوا کە جگە لە ئەمریکا و چین هیچ هیزێکی تر لە دنیادا ئابوری بەهێزی وەک ئەڵمانیای نیە بە پێی وێبسایتی "راستیەکان دەربارەی ئەڵمانیا" کە لینکەکی لە سەرچێ‌وەی ژمارە ٦ دایە. بۆ نموونە کەرتی پیشەسازی ماشین دروستکردنی ئەڵمانیا هەموو جیهانی نەک هەر داگیر کردووە بەڵکو جیهانی پیشەسازی سەرسام کردووە بەوەی باشترین و چاکترین ماشینی دونیا دروست دەکەن کە بێ وێنەیە لە جیهاندا. ئەم دیدە هەر لە کەسێکی شارەزاوە تاکو کەسێکی ئاسایی مۆری لێدراوە کە ئەو رایە جەندە دروستە.  هۆکاری سەرەکی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی رەسمی لە ٣١ی مانگی ١ی ٢٠٢٠ ئەڵمانیا بوو. دیارە بەریتانیا هەرگیز لەگەڵ دروای یەکگرتووی ئەوروپیدا نەبوو تا ئەو رۆژەشی لە یەکێتی ئەوروپا هاتە دەر هەر دروای ئوستەرلینی خۆی پاراست ئەمە جگە لەوەی هەردەم لە بۆڵە بۆڵدابووە بەرامبەر بە خودی قەوارەی ئەو یەکێتی ئەوروپایەی کە ئەڵمانیا هیزە گەورە ئابوریەکەیەتی ئەوەبوو لە قەیرانی بە شەپۆلی پەنابەرانی سوریدا تەقیەوە کاتێک ئەڵمانیا بڕیاری کردنەوەی دەرگای بۆ هەزارانیان کردەوە. بەهۆی شوێنگە جوگرافیەکەیەوە کە بەریتانیا دوورگەیەکە لە دەرەوەی نەخشی ئەوروپای گەورە، هەروەها رەەگەزی ئەنگلۆساکسۆنی بەریتانیا کە یەکێکە لە سێ هیزە جیهانیە گەورەکەی بلۆکی ئینگلیزی کە لە ئەمریکا-کەنەدا و ئوسترالیا و بەریتانیادا رەنگ دەداتەوە، ئەو پاڵپێوەنەرە بوو کە بەریتانیا خۆی لە یەکێتی ئەوروپای دیوچلاند و فلاندەرەکان و فەرەنگیەکان دوور بخاتەوە.  ئابوری ئەڵمانیا کە یەکەمینە لە چاو هاوئەوروپیەکانیدا بە تایبەت "ئابوری ئەڵمانیا گەورەترین ئابوری هەیە و پێشڕەوەترینە لە داهێنانەکان و ناردنەوە دەرەوەی کاڵاکاندا لە دنیای کێبڕکێی جیاهنگیریدا بە تایبەت لە بوارەکانی تەکنۆلجی و پیشەسازی ماشین سازی و تەندروستی و میکانیکی و مادە کیمیاییەکاندا." (س٦) ئەمە لە کاتێکدایە گەر ژمارەی دانیشتوان و قەبارەی جوگرافی وڵاتەکان لێ بدەیتەوە ئەڵمانیا خاوەنی کەمترین دانیشتوان و بچوکترین نەخشە وڵاتە بە چێ‌و وڵاتێکی وەک چینی یەک و نیو بلیۆن دانیشتوانی و ئەمریکای زیاتر لە ٣٣٠ ملیۆن ژمارەی دانیشتوان،  لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا هاوت بووە لە قەرەبوو دانەوەی زیانی دوو جەنگی جیهانی گەورە لە ماوەی یەک سەدەدا.  بەو ئامارانەی کە رێژەی بەهێزی هەر ئابوریەکی جیهانی پێ دەپێورێ وەک لە سەرچێ‌وەی "کتێبی راستیەکانی سی ئای ئەی" دا تۆمارکراوە و دواتر لە سایتی ماستەر نەیشندا بەرواردکاریەی کراوە لە نیوان ئەڵمانیا و بەریتانیدا هاتووە کە داهاتی ساڵانەی وڵات، هاوردە و نێردراو، قەرز، کرەدیتی بانکی، ناووناوبانگی کۆمپانیای بزنسی و ماڵی ئەڵمانی لەم هەموو ئاستە بنەرەتیاناەدا باڵاترە لە بەریتانیا. (س٧) ترس لە یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا: مارگرێت تاتچەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ١٩٧٩-١٩٩٠، کە بە ژنە ئاسنینەکەی بەریتانیا ناسراوە بەهۆی ئەو رق و کێنەیەی هەبوو دژ بە بلۆکی کۆمۆنیزم لە جیهاندا و بەتایبەت یەکێتی سۆڤیەت و بگرە لە دیدارێکدا دەلێ گرنگترین شت لە ژیماندا کە رووی دابێ هەڵوەشانەوەی بلۆکی کۆمۆنیستی و روخانی یەکێتی سۆڤیەت بوو. روخانی دیواری بەرلین ساڵی ١٩٨٩ کە دواتر بووە هۆی رووخانی ئەڵمانیای کۆمۆنیستی و یەکگرتنەوەی یاخود چونە ناو باوەشی ئەڵمانیای رۆژئاوای سەرمایەداری رۆژئاوایی هەنگاوی بناغەیی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو، کەچی مارگرێت تاچەر دژی یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیاکە بوو. تا ماوەیەکی زۆر هەر ئاوها مایەوە بەڵام دواتر لە ژیر فشاری ئەمریکا و ئەوروپا دانی پیدا نا. ئەم هەڵویستەی تاتچەر دەیسەلمێنێ کە بەریتانیا چەندە ترسی هەیە لە ئەڵمانیایەکی یەکگرتوو.  دیارە لەو ساڵەوە ئەڵمانیا بوو بە بەهێزترین وڵاتی ئەوروپا و جیهانیش لە هەموو روویەکەوە جگە لە رووی سەربازیەوە کە ئەمەش خودی خاڵی نهێنی سەرکەوتنی ئەڵمانەکانە تاکو ئیستا. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەڵمانیا، بە سیاسی و رۆشنبیر و کەسانی ئاساییەوە، گەیشتن بەو بڕوایەی کە شەڕ جگە لە نەهامەتی هیچ شتێکی تری بۆ نەهێنان بۆیە ئادیای شەڕ چ وەک جەمکێکی فکری و چ وەک مۆراڵێک و هەڵوێستێکی سیاسی لە لۆجیکی عەقڵ و دەستوری ئەڵمانیا دەرهێنرا و هەر وەک بڵێی نا بۆ شەڕ هەتا هەتایە. لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا بە یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی پیشەسازی چەک و تەقەمەنی لە جیهاندا دادەنرێت بۆ ناردەی کاڵای سەربازی بەڵام خۆی خاوەن هێزی سوپایی گەورە و چەکی قورسی وێرانکەری شەڕ نیە و لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیشەوە لە هیچ شەڕێکدا بەشداریان نەکردووە جگە وەک بەشێک لە هێزی ناتۆ کە ساڵی ٢٠٠١ کرایە سەر تاڵیبانی ئەفغانستان. شەڕی روسیا-ئۆکرانیا و ئەڵمانیا: ئەوەندەی بەریتانیا بە دوای هەڵگیرسانی ئەم شەڕەی روسیا-ئۆکرانیاوە بوو مەگەر ئەمریکا بەو رادەیە نەبوو. گەر بۆ ئەمریکا پاوازنخوازیە جیهانیەکەی بێ ئەوا بۆ بەریتانیا هەم پاوانخوازیە جیهانیەکەی و هەم ئەوروپیەکەشی مەبەستی سەرەکی بوو. ئەوەندەی بەریتانیا ژێر بە ژێر ئاگری ئەو پشکۆی شەڕەی خۆش دەکرد ئەمریکا بەو رادەیە نەبوو چونکە ئەمریکا دەیزانی روو بە روو بوونەوەی روسیا واتە جەنگی جیهانی سێیەم، بۆ بەریتانیا ئەوەی گرنگ بوو تێوەگلانی یەکێتی ئەوروپا بوو لەو بەرامبەرکێیەدا. ئامانجی سەرەکی بەریتانیا لەم شەرەدا ئەڵمانیایە و بەو هیوایەی ئەڵمانیا توشی سەڕی روسیا-ئۆکرەین ببێ و وەک سەدەی رابردوودا بکەوێتە ژێر باری شەڕیکی قورسەوە بە تایبەت کە ئەڵمانیا  لە هەر دوو ئاستی ئابوری و جوگرافی نزیکە لە روسیاوە و بچوکترین تێوەگلان ئەڵمانیا توشی نەزیفی ئابوری دەکات.  لەگەڵ هەموو ئەو فشارانەی لەسەری هەیە، ئەڵمانیا هێشتا نەچۆتە پای تەواوی گەمارۆی ئابوری کە لە لایەن یەکێتی و ئەوروپا و ئەمریکاوە سەپێنراوە بەسەر روسیادا. هۆیەکە ئەو تایبەتمەندێتیەیە کە ئەڵمانیا لە تەواوی وڵاتانی تری ئەوروپا جیا دەکاتەوە. بۆ نموونە، هیچ وڵاتێک لە ئەوروپا و جیهان هێندەی ئەڵمانیا زەروور نیە بە گاز و نەوتی روسی چونکە " ئەڵمانیا لە ٥٥٪ پێوستیەکانی گازی سروشتی و لە ٣٠٪ نەوتی خۆی لە روسیاوە بۆ دیت. هەر بۆیە قورسە بۆی راستەوخۆ بچێتە پاڵ گەمارۆ ئابوریەکانی سەر روسیا." (س٧)  دیارە ئەوە نابێ لە یاد بکرێ "نۆرد ستریم٢" کە بڕی تێجوونەکەی زیاتر لە ١٠ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە زۆرتر هەر بە خاتری ئەڵمانیا بووە و روسیا بە هاوکاری لەگەڵ ئەڵمانیادا تەواویان کرد هەرچەندە هێشتا کاری پێ نەکراوە. لەوانەیە ئەڵمانیا لە کۆتاییدا مل بدات بە گەمارۆکانی سەر روسیا بەڵام تاکو ئەم ساتەی کە من ئەم بابەتە دەنوسم هەناردەیکردنی گاز و نەوتی روسیا بۆ ئەڵمانیا بەردەوامە و ئەڵمانیا هەروەها فەرەنساش تاکو ئیستاش کار بە سیستەمی سویفت کۆدی بانکی، واتە سیستەمی حەواڵەی پارە ناردن، دەکات لەگەڵ روسیادا.  ئەمریکا داوای لە قەتەر و جەزائیر کردووە بە تایبەت قەتەر کە بتوانن بەشی روسیا لە گاز و نەوت بۆ ئەوروپا هەناردە بکەن. بەڵام هەنگاوە یەکسەر مەحکوم بوو بە هەندێ بەربەست لەوانە سیاسی و ماڵی. روسیا ارستەوخۆی داوای لە قەتەر کرد کە نەجێتە پاڵ ئەو داوایە و قەتەریش دوێنێکە بە رەسمی رایگەیاندا لە میانەی دانیشتنێکیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیادا کە قەتەر پابەستە بە بڕیارەکانی ئۆپیکەوە. ئەمە لە کاتێکدا رۆژێک پێش پەلامارەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا پۆتین نامەیەکی شەخسی دەسنوسی نارد بۆ ئەمیری قەتەر. شایەنی یادهێنانەویە کە دە ساڵ پێش گرژیەک دروست بوو لە نێوان نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حمد بن جاسم سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر سەبارەت بە کێشەی سوریا. حمد بن جاسم بە ڤایتاڵی تشۆرکینی نوینەری ئەو دەمی روسیای گوت: "ڤیتۆ لە دژی بڕیارەکەمان بەکارمەهێنە ئەگەرنا ئەوا پشتیوانی هەموو دەولەتانی عەرەبی لە دەست دەدەیت." تشۆرکین زۆر بە هێمنی بە حمد بن جاسمی گوت " جارێکی تر ئاوها قسەبکەیت ئەوا لە بەیانیەوە ولاتێک نامێنێت بە ناوی قەتەر." (س٩)   خاڵێکی تر ئەوەیە کە تێچوونی گواستنەوە و بەربەستی رێگەی گەیشتنی گازی قەتەر بۆ ئەوروپا نرخی گازی سروشتی چەندان قات بەرز دەکاتەوە کە لە وتانای کڕینی هاوڵاتی ئاسایی ئەوروپیدا نامێنێ کە بتوانێ وەک جاران گاز و نەوت بۆ کار بهێنن هەر بۆیە ئەڵمانیا و تەنانەت فەرەنساش ئیستاش هەر دەستیان بە گاز و نەتوی روسیەوە گرتووە و لەوەش ناچێ بە ئاسانی دەسبەرداری ببن.  پەیوەندی ئابوری روسیا و ئەلمانیا: ئەو پەیوەندیە ئابوریە دووسەرەیەی ئەڵمانیا لەگەڵ روسیا هەیەتی زۆرترە وەک ئەوەی لەگەڵ بەریتانیدا هەیبێ. بۆ نموونە، "گەر تەنها ساڵی رابردوو بە پیوەر بگرین بڕی هەناردەی ئابوری ئەڵمانیا بۆ روسیا گەیشتە نزیکەی پەنجا بلیۆن دۆلاری ئەمریکی واتە روسیا یەکیک لە یازدە وڵاتە گەورەکانی ئەڵمانیایە کە هەناردەی کاڵای بۆ دەکات و ئەڵمانیاش یەکێک لە حەوت وڵاتە گەورەکانی دنیایە کە روسیا هەناردەی کاڵای بۆ دەکات. ئەم پەوەیندیەی ئەڵمانیا لەگەڵ بەریتانیدا رێک نیوەی ئەم رێژەیەیە." (س١٠) ئەم پەیوەندیە و ئەو ئابوریە بەهیزەی ئەڵمانیا هەیەتی بەریتانیای ئێجگار نیگەران کردووە هەر بۆیە بەریتانیا پێش ئەڵمانیا کەوتە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا پێش ئەوەی پەلاماری روسیا دەست پێ بکات. تەنانەت کاتێک هەردوو وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئەمریکا لە دانیشتندا بوون لە سویسرا بۆ ئەوەی شەڕ دروست نەبێ بەریتانیا بە سەر سەری ئەواندا چەک و تەقەمەنی بە فڕۆکەی جەنگی گەورە رەوانەی ئۆکرانیا کرد. ئامانجەکەش بۆ بەریتانیا تەنها تێوەگلانی ئەڵمانیایە لە شەڕی روسیا-ئۆکرانیادا؛ بەڵام، تاکە ئێستا ئەلمانیەکان عاقڵێ‌نە سیاسەت دەکەن دوور لەهەر دروشمێکی ناتۆیی و پلانێکی ئەنگلۆساکسۆنی بەریتانیا. ١٥ی ٣ی ٢٠٢٢ سەرچاوەکان: س١: https://study.com/academy/lesson/german-war-reparations-in-wwi-wwii.html س٢: https://study.com/academy/lesson/german-war-reparations-in-wwi-wwii.html س٣: https://www.reuters.com/article/us-poland-germany-reparations-idUSKCN1S215R س٤: https://www.iwm.org.uk/history/how-britain-hoped-to-avoid-war-with-germany-in-the-1930s#:~:text=Instituted%20in%20the%20hope%20of,as%20a%20policy%20of%20weakness. س٥: https://www.theguardian.com/science/2007/aug/29/sciencenews.secondworldwar س٦: https://www.tatsachen-ueber-deutschland.de/en/germany-glance/strong-hub#:~:text=The%20German%20economy%20has%20its,over%20half%20of%20total%20sales. س٧: https://www.nationmaster.com/country-info/compare/Germany/United-Kingdom/Economy#2014 س٨: https://edmontonsun.com/opinion/columnists/goldstein-germany-rejects-u-s-call-to-ban-russian-energy-exports/wcm/d8f11727-dc58-49d9-96b3-35e003434a15#:~:text=Germany%2C%20which%20relies%20on%20Russia%20for%2055%25%20of,for%20an%20international%20ban%20on%20Russian%20energy%20exports. س٩: https://alwafd.news/%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%80%D9%8A/159003-%D9%88%D8%B2%D9%8A%D8%B1-%D8%AE%D8%A7%D8%B1%D8%AC%D9%8A%D8%A9-%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A%D8%A7-%D9%8A%D9%87%D8%AF%D8%AF-%D8%A8%D9%85%D8%AD%D9%88-%D9%82%D8%B7%D8%B1-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D8%B1%D9%8A%D8%B7%D8%A9?fbclid=IwAR3JCR_m-v6xzo5G-QBt0a4j6tr6dAeInDubo08Li3mOEzL0cvgleaRTXcg س١٠: https://www.bbc.com/news/business-28423733#:~:text=Economic%20ties%20On%20the%20latest%20figures%2C%20Russia%20is,goods%20and%20services%20%28about%20the%20same%20as%20Britain%29.  


پاپلۆ ئۆجاوا- بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت سەرباری ئەو جەنگەی لەنێوان روسیا‌و ئۆكراینادا هەیە، هێشتا پسپۆڕان پێیانوایە لەمساڵدا ئابوری جیهان گەشە دەكات، بەڵام كاریگەریی جەنگەكە لەسەرتاسەری جیهان بەرجەستە دەبێت، ئاستی زیان لەسەر ماوەی درێژەكێشانی جەنگ راوەستاوە.  ئەم زیانەش دەكەوێتەسەر ئاستی بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییە لە بازاڕەكاندا، سەبارەت بەوەی ئایا ئەمە شۆكێكی كاتییە یان قەیرانێكی بەردەوام.  جەنگ چۆن كاریگەری لەسەر ئابوری جیهانی دادەنێت، ئایا سەردەكێشێت بۆ داتەپین ؟ بە جیاوازی ئەو شوێنەی تێیدا دەژیت؛ كاریگەریی دەگۆڕێت بەگوێرەی كۆمپانیای راوێژكاریی (ئۆكسفۆرد ئیكنۆمیكس) كە بارەگاكەی لە بەریتانیایە، ئاكامە ئابورییەكانی جەنگ بۆ روسیاو ئۆكراینا "كارەساتبار" دەبێت، بەڵام سەبارەت بە ناوچەكانی تری جیهان جیاوازە. بۆ نمونە، هەریەكە لە پۆڵەنداو توركیا پەیوەندی بازرگانی گرنگیان لەگەڵ روسیادا هەیە، ئەم دوو وڵاتە زیاتر دەكەونە بەردەم كاریگەرییەكانی جەنگ بە بەراورد بە وڵاتانی تر.  پۆڵەندا زیاتر لە نیوەی پێداویستی نەوتی خۆی لە روسیاوە هاوردە دەكات، هەروەك توركیاش زیاتر لە یەك لەسەر سێی پێداویستی خۆی بەهەمان شێوە لە روسیاوە هاوردە دەكات.  مامەڵەی بازرگانی ئەمریكا لەگەڵ روسیا رێژەی 0,5%ی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی تێناپەڕێنێت. سەبارەت بە چین، ژمارەكە 2,5%ە، بۆیە كاریگەریی قەیرانەكە لەسەر ئەم وڵاتانە زۆر سنوردار دەبێت.  (بن مای) بەڕێوەبەری "گڵۆباڵ ماكرۆ ریسیرچ" لە "ئۆكسفۆرد ئیكۆنۆمیكس"ی پێشەنگ لەبواری پێشبینی جیهانیی‌و شكاریی چەندێتی دەڵێ: پێشبینی دەكرێت جەنگ بەرێژەی نزیكەی 0,2% ئاستی گەشەی ئابوری لەمساڵدا كەمبكاتەوە، واتە رێژەكە لە 4ەوە دابەزێت بۆ 3,8%، بەڵام ئەمە مەرجدارە بەوەی ململانێكە بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام نەبێت".  "ئەگەر جەنگ بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام بوو، كاریگەرییەكان زۆر خراپتر دەبن". "هەڵاوسان بە داتەپینەوە" لەگەڵ نرخی نەوتدا پاڵنەرێكی تر هەیە كە زۆر گرنگە‌و دەبێت لەبەرچاوبگیرێت، كە كاریگەرییە لەسەر نرخی نەوت‌و ئەوەش بەشێوەیەكی كردەیی بووەتە هۆی ئاڵۆزی لە بازاڕەكاندا، بەگوێرەی ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا، روسیا سێیەم گەورە وەبەرهێنی نەوتە لەسەر ئاستی جیهان لەدوای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا‌و سعودیەوە.  لە ساڵی 2020دا روسیا رۆژانە (10 ملیۆن‌و 500 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لەم بڕە (5 بۆ 6 ملیۆن) بەرمیلی هەناردە كردووە‌و نیوەی هەناردەی بۆ ئەوروپا بووە.  7ی ئازار نرخی نەوتی خاوی برێنت كە لە دەریای باكور دەردەهێنرێت، بەنزیكەیی بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریكا‌و ئەوروپا وتیان تاوتوێی قەدەغەكردنی هاوردەی نەوتی روسی دەكەن.  دوای ئەوەی بەرێژەی 21% لە هەفتەی پێشوو بەرزبووەوە، بەرێژەی 18%ی تر بەرزبووەنەوەی بەخۆوە بینی‌و نرخی بەرمیلێكی گەیاندە نزیكەی 140 دۆلار، ئەمەش بەر لەوەی كەمێك نرخەكە پاشەكشێ بكاتەوە.  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆژی 8ی ئازار هاوردەی نەوتی روسیی قەدەغەكرد، بەریتانیاش بەڵێنیداوە لە كۆتایی 2022دا هەمان كار بكات. روب ویست سەرۆكی كۆمپانیای توێژینەوەی "سندەر سید ئینێرجی" بە رۆژنامەی فاینانشیال تایمز-ی وتووە:" رەنگە ئەم ئاڵۆزییانە نرخی نەوت بگەیەنێتە زیاتر لە 200 دۆلار بۆ یەك بەرمیل".  لە 8ی ئازاردا ئەلیكسەندەر نۆڤاك جێگری سەرۆك وەزیرانی روسیا لەمە زیاتریش رۆیشت‌و وتی:" بەرزبوونەوەی نرخەكان پێشبینی نەكراو دەبێت. دەگاتە 300 دۆلار بۆ یەك بەرمیل، ئەگەر زیاتریش نەبێت". نۆڤاك لە بەیاننامەیەكدا كە تەلەفزیۆنی حكومی بڵاویكردەوە، رایگەیاند" زۆر روونە قەدەغەكردنی نەوتی روسیا دەبێتە كۆتاییەكی خراپ بۆ بازاڕی جیهانیی".  زیادبوونی نرخی نەوت تەنیا نابێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی، بەڵكو دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخی هەموو كاڵایەك. هەڵاوسان زیاد دەكات، چونكە سوتەمەنی‌و وزە تێچووی بنەڕەتین لە دروستكردن‌و گواستنەوەی كاڵاكاندا.  ئەم تێكەڵەیە لە شۆك، رەنگە ببێتەهۆی "هەڵاوسانێكی هاوتا لەگەڵ داتەپین"دا، ئەمە بەگوێرەی قسەی ئابوریناسانی بانكی باركلیز-ی بەریتانی، كە ئاستی پێشبینی خۆیان بۆ گەشەی ئابوری جیهان لەمساڵدا بەرێژەی یەك پۆینت لەسەد دابەزاندووە. "هەڵاوسان بە داتەپینەوە" كاتێك روودەدات كە ئابوری دەوڵەت لە یەككاتدا بەرزبونەوەی لە نرخەكان‌و داتەپین بەخۆوە ببینێت.  بەرزبونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان دەكرێت جەنگ ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان، چونكە هەریەكە لە روسیا‌و ئۆكراینا لە گەورە وەبەرهێنەرانی ماددە خۆراكییەكانن، ئەم دوو وڵاتە رێژەی 14%ی گەنمی جیهان بەردەم دەهێنن‌و سەرچاوەی 29%ی هەناردەی جیهانن، ئەمە بەگوێرەی قسەی لواندیل سیهلوب گەورە توێژە لەبواری ئابوری كشتوكاڵیدا لە زانكۆی (ستیلینبوش)‌و بانكی (جی پی مورگان). لەپاڵ ئەمەشدا، هەردوو وڵات لە گەورە وەبەرهێنەرانی زەیتی گەنمەشامی‌و گوڵەبەڕۆژەن. ئاڵۆزییەكان كاریگەرییان دەبێت لەسەر گەیشتنی دانەوێڵە بە هاوردەكاران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەفریقا‌و توركیا.  لوبنان زۆرینەی گەنمی خۆی لە روسیا‌و ئۆكراینا دەكڕێت، هەروەها میسرو توركیاش، سودان‌و نەیجیریا‌و تەنزانیا‌و جەزائیر‌و كینیا‌و باشوری ئەفریقا پشت بەو دانەوێڵەیە دەبەستن كە لە روسیا‌و ئۆكرایناوە هاوردە دەكرێن.  سڤن توری هولسیتیر سەرۆكی كۆمپانیای "یارا" كە یەكێكە لە گەورە كۆمپانیاكانی پەین لەسەر ئاستی جیهان دەڵێ" بەلای منەوە، بابەتەكە ئەوە نییە ئایا ئێمە بەرەو قەیرانێكی جیهانیی خۆراك دەڕۆین، بەڵكو قەبارەی قەیرانەكەیە".  بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی غازەوە، نرخی پەین بەرزبووەوە، روسیا گەورەترین هەناردەكاری ئەو پەینەیە كە لە بواری كشتوكاڵدا بەكاردەهێنرێت.  هولسیتیر بە بی بی سی رایگەیاند" بەر لە جەنگ لە دۆخێكی سەختدا بووین، نیوەی دانیشوانی جیهان خۆراك لە ئەنجامی پەینەوە بەدەستدەهێنن، ئەگەر هەندێك لە چێندراوەكان پەین نەكرێن، ئاستی بەرهەم بەرێژەی 50% دادەبەزێت".  بەرزبونەوەی نرخی سود پێشبینی دەكرێت زیادبوونی نرخی وزە‌و خۆراك ببێتەهۆی زیادبوونی هەڵاوسان لە وڵاتانی تازەگەشەكردوودا، بەجۆرێك بگاتە یەك پۆینت لە سەد، ئەمە وەكو ئەوەی (جێنیفەر ماكیون) سەرۆكی بەشی خزمەتگوزاری ئابوری جیهانیی لە كاپیتاڵ ئیكۆنۆمیكس دەڵێت.  لە هەندێك وڵات كە خۆیان بەدەست هەڵاوسانەوە دەناڵێنن، بەتایبەتیش لە ئەوروپای ناوەڕاست‌و ئەمریكای لاتینی، بانكە ناوەندییەكان لەرێگەی بەرزكردنەوەی نرخی سودەوە دەیانەوێت روبەڕووی هەڵاوسان ببنەوە.  ماكوین بە بی بی سی وت:" ئەمە دەبێتە هۆی سەختییەكی زیاتر بۆسەر ئەو ئابورییانە".  هاوكات، بەشێك لە ئەروروپای خۆرهەڵات‌و ئەڵمانیا‌و ئیتالیا‌و توركیا كە بەشێوەیەكی زۆر پشت بە هەناردەی غازی روسیا دەبەستن، بەرزبوونەوەی نرخی بژێوی بەخۆیانەوە دەبینن. پێداویستییەكانی بەكاربەر ماكیون دەڵێ، پاشەكشێی توانای كڕین لەلایەن بەكاربەرانەوە لەسەر ئاستی جیهان، رەنگە گورز لە ئابوریی ئاسیا بدات.. لەوباوەڕەدام كاریگەری سەرەكی لەسەر ئاسیا لە پاشەكشێی خواستی بەكاربەران‌و خواست لەسەر هەناردەی ئاسیاوە سەرچاوە دەگرێت".  "بۆ نمونە ئەگەر بینیمان بەهۆی جەنگەوە خواست لە ناوچەی یۆرۆ پاشەكشێ دەكات، لەگەڵ زەرەرمەندبوونی توانای كڕین بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، ئەمە كاریگەری گەورەی لەسەر هەناردەی ئاسیا دەبێت". بوژانەوەیەكی ناڕێك هێشتا شیكەرەوەكان پێشبینی گەشەیەكی بەهێز دەكەن لەمساڵدا، هۆكاری بەشێكی ئەمەش بۆ گەڕانەوەی ئابورییەكان بۆ ئاستی بەر لە پەتای كۆرۆنا، دەگەڕێتەوە.  بن مای بەڕێوەبەری "گڵۆباڵ ماكرۆ ریسێرچ" دەڵێ، گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی لەڕووی گەشەی ئابورییەوە "دەستكەوتی پێشبینی نەكراو" دروست دەكات.  تاوەكو ئێستا، جەنگ هەڕەشە لە هەندێك لەم گەشەكردنە دەكات، بەڵام كاریگەرییەكە بەشێوەیەكی زیاتر پشت بە ماوەی جەنگەكە‌و ئاستی تێكچوونی بارودۆخەكە دەبەستێت.  مای ئاماژە بەوەدەكات" ئەمە شتێك نییە كە پاڵ بە ئابوری جیهانییەوە بنێت بۆ داتەپین یان هەر شتێكی تری لەوشێوەیە"، بەڵام دان بەوەدا دەنێت دۆخەكە بەشێوەیەكی گشتی حاڵەتێكی نەبوونی متمانە دروست دەكات‌و ئاستی تێكچوونی بارودۆخەكە نەزانراوە.   


لە هۆڵەندیەوە: خالید ڕەزا ئەمین ڤلادمیر پوتین ٢٠ ساڵ زیاترە سەرۆکی ڕوسیایە. بەردەوام بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەلاتدا، داهێنان دەکات. بەهەرحاڵ پوتین کێ یە؟ ئایە ئەیەوێ ڕووسیا گەورەتر و فراوانتر بکات؟ چۆن هێزو توانای خۆی زیادە دەکات؟ (١) پوتین کێ یە؟ پوتین لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ١٩٥٢ لە خێزانێکی مامناوەند لە لیننگراد(سانت بگرسبرغ) لەدایک بووە. لە ساڵی  ١٩٧٥ چوەتە ناو دەزگای موخابەراتی یەکێتی سۆڤێت(کەی جی بی) و ژیانی پیشەیی دەستپێکردوە، لەکاتی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سوڤێت دا لە (١٩٨٥-١٩٩٠) لە شاری (دریسدن)ی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بووە، هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت زۆر کاری تێکردوە و پێێ خەمبار بووە. لە دوای هەڵوەشانەوەکە، ئەم لە ناو کەی جی بی دا، لە چالاکی سیاسی و ئەمنی دا بەردەوام بووە. لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٩٩ دا سەرۆکی ئەوکاتی ڕووسیا (بۆریس یڵتسن) پوتین ی کرد بەسەرۆک وەزیران و لە مانگی سێپتەمبەردا خۆی وازی لە سەرۆکایەتی ڕوسیا هێنا و بەکاتی ئەو ئەرکەشی بە پوتین سپارد. بەهۆی ئەم متمانەیەی پێ درا و بە هۆی سەرکەوتنییەوە لە دووەم جەنگ دژی چیچانیەکان، پوتین ناوبانگی زۆری دەرکرد و لە ساڵی ٢٠٠٠ دا هەڵبژاردنی بردەوە و بوو بە سەرۆکی ڕووسیا. سیاسەتی ئابوری پوتین لەسەرو هەمووشتێکەوە، لیبراڵیە، شێوازی سیاسەتکردنی تۆتالیتاری: خۆی سەرۆکە، ئازادی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی سنوردار کرد، بەرهەڵستکارەکانی خۆیی زیندانیکرد. سور بوو لەسەر ئەوەی کە متمانەی ڕووسەکان کە لەدوای ڕوخانی یەکێتیی سۆڤێت شکابوو، بگەڕێنێتەوە. زۆر نیگەران بوو لەو وڵاتانەی یەکێتیی سۆڤێتی جاران کە بوبون بە ئەندامی هاوپەیمانی باکوڕی ئەتڵەسی (ناتۆ)، وەکو وڵاتەکانی هەنگاریا، پۆڵۆنیا و چیک لە ساڵی ١٩٩٩دا، وڵاتەکانی بولغاریا،ئیستوانیا، لێتلاند، لیتوانیا،ڕۆمانیا، سلۆڤەینیا، سلۆڤاکیا لە ساڵی ٢٠٠٤ و کرواتیا لە ساڵی ٢٠٠٩دا. بەم جۆرە ڕووسیا بوو بە هاوسنوری بەشێک لە وڵاتانی ناتۆ. لەم کاتەدا ڕووسیا ئەو هێزە گەورەیەی جارانی نەمابوو کە دنیا حسابی جارانی بۆ بکا، بەڵام ئەم هاوکێشەیە لەسەردەمی حوکمی پوتین دا وردە وردە گۆڕانی بەسەردا هات. لەساڵی ٢٠٠٥ دا پوتین هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤێتی "بە گەورەترین کارەساتی جێوسیاسی لە سەدەی بیستەمدا ناوزەدکرد"، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ ڕوسەکانی یەکێتیی سۆڤێتی جاران لەهەر وڵاتێک دا بن بە باشی بپارێزرێن لەوانە روسەکانی(ئۆکراینا)، وە هەروەها لە ئیستوانیا و لێتوانیا و لێتلاند. لە ساڵی ٢٠٠٧ دا و لە کۆنفرانسی میونیخ، نیگەرانی خۆی لە مەیلی ئەمریکا بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان نەشاردەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووسیاوە نزیکن. ئەم زمانە توندەی کە دژی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەکاری هێنا بوە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی جەماوەری لە ڕووسیادا.  پەیامەکەی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٨ دا، دا بەگوێێ دنیادا داو  پێێ وتن کەدەبێ حساب بۆ ڕوسیا بکەن، لەو ساڵەدا دەبابەی ڕووسی چوە ناو وڵاتی جۆرجیا، کە پێشتر بەشێک بوە لە یەکێتیی سۆڤێتی و لە هەردوو ناوچەی ئۆسیتیای باشور(Zuid-Ossetië) وئەبخازیا(Abchazië) سوپای ڕوس شانەبەشانی ئەمان دژی سپای جۆرجیا شەڕیانکرد کە ئەم دوو ناوچەیە زۆرینەیان رووسن و داوای سەربەخۆییان دەکرد. ڕوسیا لەم جەنگەدا سەرکەوت و جۆرجیا نفوزی خۆیی لەم دوو شوێنە لەدەستدا و بە پاڵپشتی ڕووسیا سەربەخۆیی خۆیان ڕێ‌گەیاند و لە جۆرجیایان دابڕی. وڵاتە یەگرتوەکان و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا ئیدانەی ئەم دەسدرێژییە ڕووسیایانکرد و جەختیان لە سەربەخۆیی جۆرجیا وەک یەک وڵات، کردەوە. (٢) پوتین چۆن ڕوسیا ئەگەڕێنێتەوە بۆسەر شانۆی نێودەڵەتی؟ لە ساڵانی ئایندەدا، ڕوسیا و ڕۆژئاوا  زیاتر ڕوبەڕووی یەکتر دەبنەوە. پوتین پێێ وایە مادام وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی بەهێز مافی هەبێ دەستبخاتە ناو دەوڵەتانی ترەوە، بێگومان بۆ ڕوسیاش ڕەوایە هەمان دەستێوەردان بکات لەو وڵاتانەی کە نەتەوەی ڕوس یان تێا ئەژین. ئەم هەڵوێستانەی زیاتر لەسەر شانۆی سیاسی دونیا دەریانخست. ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیا و ئاسایشی ئەو وڵاتانەی دەوربەری روسیا  کە نەتەوەی ڕوس یان تیائەژی، بوو بە کاری لە پێشینە و گرنگی پێدانی  پوتین. لە دیدی پوتین ەوە  دەوڵەتانی ناتۆ مەترسی جدین لە سەر ڕوسیا.   لەساڵی ٢٠١٤ دا، ڕوسیا دەستیگرت بەسەر نیوەدورگەی کریم Krim  (قرم)دا لە لێواری دەریای ڕەش کە جاران بەشێک بوو لە یەکێتیی سۆڤێت، دواتر بو بەشێک لە ئۆکراینا. ئەگەر چی زۆربەی دانیشتوانی نیوەدورگە کە لەنەتەوەی ڕووسن، بەلام ئەمە ماف نادات بە ڕووسیا بەشێک لە وڵاتێکی سەربەخۆ داگیر بکات. لەکاردانەوەی ئەم داگیرکاریەی ڕووسیادا، دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گەمارۆی ئابورییان خستە سەر ڕووسیا. ڕووسیا لەهەمان ساڵدا دەستی خستە ناو کێشە و ڕووداوەکانی ئۆکرانیاوە. بەر لەساڵێک، لەوێ ڕێپێوان و خۆپیشاندانی گەورە لەلایەن هەوادارانی ئەوروپاوە ڕیکخرا دژ بە سەرۆکی ئۆکراینا فیکتۆر یانکۆڤیش (Viktor Janoekovytsj)کە بڕیاری دا بوو ئالوگۆڕی بازرگانی لە گەڵ ئەوروپا زۆر کەم بکاتەوە و لەگەڵ  پوتین فراوانی بکات. لەکار دانەوەی ئەمەدا خۆپیشاندەران دەستیان گرت بەسەر گۆڕەپانی مەیدان(Majdanplein )دا لە کیێف و چۆڵیان نەکرد، حکومەت بڕیاریدا بەهێز بڵاوەی پێکردن، لە فێبراوەریدا پارلەمانی ئۆکراینا متمانەی لە یانکۆڤیج سەندەوە، ئەمەش نەیتوانی ڕێگە لە شەڕی ناوخۆ بگرێ و هەتا ئەمرۆ بەردەوامە. کاتێک کە هەردوو هەرێمی لوخانسک(Loegansk) ودۆنیتسک (Donetsk) کە هەوادارانی ڕوسیان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا و زۆریان رووسن، بە توندوتیژی سەربەخۆبونی خۆیان ڕاگەیاند. پوتین ، ئەمریکای تاوانبارکرد کە لەپشتی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی سەر بە ئەوروپای گۆڕەپانی مەیدانەوەیە، هێزی ڕوسی نارد بۆ ئۆکراینا  بۆ پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینی  هەوادارنی ڕووس لە هەردوو هەرێمەکە. هەرچەندە ڕوسیا نکۆڵی لەوە دەکرد کە هێزی روسیا لە ئۆکراینا بێ، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا بڕیاریاندا گەمارۆی ئابوری لەسەر ڕوسیا توندتر بکەن. روسیا نەک هەر بەهێزی سەربازی بەشداریکرد، بەڵکو یارمەتی پرۆ-روسەکانی ئەدا بۆ فراوانبوونی نا سەقامگیری لە ئۆکراینا.  ڕوسیا لەدژی ئەو گەمارۆ ئابورییەی خرایە سەری، بڕیاری دا خواردن و خواردەمەنی لە رۆژئاواوە هاوردە نەکات. ئەمە زلەیەکی گەورە بوو بۆ هۆڵەندا کە نەیتوانی بیبەر و تەماتە هەناردەی ڕوسیا بکات. جامی توڕەبوونی ڕۆژئاوا بەرامبەر ڕوسیا و پرۆ-ڕوسەکان ئەوکاتە سەرڕێژیکرد  کە فرۆکەیەکی مەدەنی MH17  لە ئەمستردام ەو بەرەو کۆلالمپور بەڕێوە بو لەسەر ناوچەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، خرایەخوارەوە. ٢٩٨ مەدەنی مردن، کە ٢٠٠ کەسیان هۆڵەندی بوون. ڕەنگە بە هەڵە و  کردەوەیەکی ئەنقەست نەبوبێ، بەڵام چەکدارە پرۆ-ڕوسەکان خستبویانە خوارەوە کە لەلایەن ڕوسیاوە پڕچەک کرابون. بە سیستمی موشەکی بوک (Boek-raketsysteem) خراوەتە خوارەوە، کە ئەو جۆرە موشەکە بەتەنها ڕوسیا دروستی دەکات و جوداخوازەکانی  ئۆکراینای بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس پڕ چەک کردبوو. ئەمەش نێگەرانی و بیزاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە چونکە ڕوسیا زۆر خاوخلیچک خەمسارد بوو لە هاوکاریکردن بۆ لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لە کارەساتەکە، بۆ ئەمەش زیاتر گومانیان لە پوتین بوو کە نایەوێ هاوکاربێ بۆ ئەم پەرەسەندنە نێونەتەوەییە: بەتوندی ڕەخنەیان لێگرت، دژایەتی کردنی پوتین بۆ لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە و سەربەخۆ و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاری نادروست بۆ ئەوەی خۆی لەم کارەساتە بێ بەری بکات.  هەروەها پوتین  بەلایەوە گرنگ بوو دەستبخاتە ناو شەڕی ناوخۆی سوریا و لەگەڵ ڕۆژئاوادا لەسەر یەک هێڵ نەبوو. لە کاتێکدا پوتین پشتیوانی لە بەشار ئەسەد و مانەوەی لە دەسەڵاتدا دەکرد، بەڵام سازمانی ئاسایشی نێودەوڵەتی  پشتیوانیان لە بەرهەڵستکارانی ئەسەد و لابردنی ئەکرد. بەهەمان شێوەی ئۆکراینا و قرم، بەشداریکردنی ڕوسیا لە شەڕی سوریاش بەشێکی  بۆ ئاسایشی ڕوسیابو، ئەم سێ شوێنە گرنگیەکی گەورەی هەیە لە ڕوی ستراتیژی بنکەی سەربازییەوە. بەڵێ‌م بۆ پوتین ئەمە شێوازێک بوتا هێزو توانای خۆی پیشاندانی دەرەوە و نەتەوەی روس لە ناوخۆی وڵێ‌تەکەیدا بدات. ئەم هەژمون و باڵادەستیەی پوتین زیاتر بوو کاتێک لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا لە پڕ و خێرا هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کشانەوە، پوتین لە گەڵ هاوتا تورکیەکەی ئەردۆگان لەسەر سنوری باکوڕی سوریا ڕێکەوتنیانکرد. بەشێک لە بەرزبونەوەی جەماوەری پوتین بۆ ئەم جۆرە کارە بەهێز و ئایندەییانە دەگەڕێتەوە. لایەنە تاریکەکانی پوتین برێتیە لە یاریکردن بە پرۆسەی هەڵبژاردن، کۆت و بەندی ڕۆژنامەوانی، سەرکوتکردن و زاڵ بونی بەسەربەرهەڵستکارەکانی و ئابوریەکی خراپ کە بە ئاسانی لەلایەن زۆرێک لە روسەکانەوە قبوڵ دەکرێ. (٣) پوتین دەیەوێ ڕوسیا فراوانبکات؟ بەهۆی ئەو پەرەسەندنانەی لە قرم، ئۆکراینا و سوریا ڕویاندا و پەیوەندی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا بە خێراییەکی دراماتیک خراپتر بوو. بارودۆخی شەڕی سارد گەڕایەوە، بە جیاوازی ئەوەی ئێستە لەچاو جاراندا دەوڵەتانی ناتۆ و ڕوسیا زۆر لەیەک نزیکترن و لە هەندێک شوێن سنوریان بە یەکەوەیە. هەردوولا پەرەیان بە لایەنی سەربازی دا. ناتۆ هەزاران سەربازی رەوانەی وڵاتانی بەڵتیک کرد و لە وڵاتی پۆلۆنیا دەستی بە ڕاهێنان کرد. ڕوسیا ش موشەکی ئەتۆمی لە نزیک سنورەکانی پۆلۆنیا و لیتوانیا، جێگیر کرد، بە بەردەوامی مەشق و ڕاهێنانی لە نزیک وڵاتانی ناتۆ دەست پێکرد.  ڕۆژئاوا بە گومانن لە نیازی ڕوسیا و متمانەیان پێێ نیە بەرامبەر ئێستلاند، لێتلاند و لیتوانیا. ئەم وڵاتانە لە ساڵی  ١٩٤٠دا  بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە داگیرکراون. ترسیان لە ڕوسیا زیاتر بوە بەهۆی ئەو بودجە گەورەیەی کە بۆ بەرگری خەرجی دەکات. لە کاتیکدا بودجەی بەرگری لە سەر ئاستی  هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا  ساڵ بەساڵ کەمیکردوە، لە بەرامبەردا ڕوسیا ساڵ لە دوای ساڵ بودجەی زیاتربۆ سوپا تەرخان دەکات.   پرسیاری گەورە لێرەدا ئەوەیە ئامانجی کرداری پوتین چیە: بەتەنها دەیەوێ سنورەکانی ڕوسیا بپارێزێ و بەرگری لە ڕوسەکان ی وڵاتانی دراوسێێ بکات، یان چاوی فراوانکردنی خاک  و ئامانجی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی جارانە کە ئێستە سەر بە ناتۆن، وەکو پۆلۆنیا؟ بە دڵنیاییەوە ئەو نوکی تیرەکەی ڕوو لە بلۆکی رۆژئاوا وهیوای ئەوەیە کە تۆوی لێکترازان لە ئەوروپا و لە ناو دەوڵەتانی ناتۆدا بچێنێ ولە ڕێڕەوی دەولی دا هەژمونی خۆی زاڵتر بکات. زۆر کەس بڕوایان وایە ئەوەی کە پوتین لەسەر شانۆی نێونەتەوەیی ئەیڵێ بۆ خەڵەتاندنە و بەرزکردنەوەی ئاستی جەماوەری خۆیەتی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا. تا هەوڵ بدات لەم ڕێگەیەوە سەرنجی هاوڵاتیان لەسەر کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی  وڵاتەکەی خۆی لاببات: لە ساڵی ٢٠١٥ وە روسیا بەدەست ئابوریەکی نەخۆشەوە ئەناڵێنێ  و لەسایەی حوکمی پوتین دا ڕەوشی دیمۆکراسی و حوکمی یاسا زۆر بە خراپی بەرەو دواوە ئەڕوات.  لەم ساڵانەی دوایدا پەیوەندی نێوان ڕوسیا و ڕۆژائاوا لە دەوروبەری ئۆکراینا بەرەو گرژی و ئالۆزی چووە. قسەکردنی نێوان پوتین و بایدن لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ شتێکی وای لێ سەوز نەبوو. بایدین پێی وایە پوتین زیادەڕۆیی دەکات ئەگەر بیەوێ ڕاستەوخۆی هیچ شتێ بەرامبەر وڵاتانی ناتۆ بکات. لەم حاڵەتدا وڵاتانی ناتۆ بەهانەیەیان بەدەستەوەیە کە بەرگری لە خۆیان بکەن  دژی ڕوسیا، بۆ نمونە گەمارۆی ئابوری بخەنە سەر، ئەمە ئەشێ گورزێکی گەورە لە ئامانجە گرنگەکەی پوتین بدات: ئاسایشی سنوری ڕوسیا  و پێرەوکردنی سیاسەتی سەربەخۆی نێونەتەوەیی.  لە لایەکی ترەوە  ڕوسیا هەست بە مەترسی بۆسەرخۆی دەکات لەڕێی کۆ کردنەوەی لەشکری ناتۆوە لە نزیک سنورەکانی ڕوسیا، لە ئەگەری فراوانبونی ناتۆدا بۆنمونە ولاتی ئۆکراینای هاوسنوری ڕوسیا کە ئەمە پرسێکی دووبارەیە و مایەی نیگەرانی پوتین ە. ئەشێ هەروا بمێنێ کاتێک کە ناتۆ وڵاتانی درواسێی ڕوسیا پڕچەک دەکات. جێگیر کردنی سیستمی بەرگری موشەکی ئەمریکی لە رۆمانیا لە ساڵی ٢٠١٦ دا، پوتین ئەمەی بە گەورەترین هەڕەشە دانا. پوتین وتی هیچ کەس بیر لەوەنەکاتەوە کە لەڕوی سەربازیەوە بەسەر ڕوسیادا سەردەکەوێ. لەم ڕستەیەدا تۆ دەتوانی ڕەفتاری پوتین وەکو ڕەددانەوەی ڕۆژئاوا ببینی، نەک بە پێچەوانەوە. پوتین وتی ئێستە ئەو کاتەیە کە روسیا کۆتایی بە باڵادەستی ستراتیژی رۆژئاوا بهێنێ.  پوتین، لە قسەکردنی ساڵانەیدا کە لە پارلەمانی وڵێ‌تەکەیدا  لە ١ی مارتی ٢٠٠١٨دا، کاتێک باسی توانا سەربازیەکانی ولاتەکەی کرد، بەرامبەر ئەمریکا و ئەوروپا  وتی: کەس گوێ لە ئێمە ناگرێ، ئێستە گوێمان لێبگرن. ناتۆ خۆی بۆ هەڕەشە و مەترسیەکانی ڕوسیا ئامادە دەکات. لە ڕاستیدا ڕوسیا دەیەوێ سنورە کۆنەکانی خۆی وەربگرێتەوە. ناوچەکانی دەوروبەری نیوە دورگەی کریم (قرم) وەک نموونە. لە ساڵانی دواتردا پوتین فشارەکانی لەسەر ئۆکراینا زیاتر کرد. هێزی سەربازی نارد بۆ سەر سنوری ئۆکراینا و سەربازگەی بۆ کردنەوە. هەوڵی دیپلۆماسی لە نێوان ڕوسیا، یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکادا هیچی لێ سەوز نەبوو. لە دواجاردا لەشکری ڕوسیا لە ٢٤ی مانگی ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دا، لە سێ ناوچەوە هاتنە ناو ئۆکرایناوە. سوپای ڕوسیا بۆردومانی فڕۆکەخانەکانی ئۆکراینا کرد. وڵاتانی ڕۆژائاوا دژ بەڕوسیا بڕیاریان دا گەمارۆی قورسی ئابوری بخەنە سەر. پوتین ئاگاداری رۆژئاوای کرد کە نابێ هیچ کاردانەوەیەکی سەربازی یان هەبێ و خۆیانی تێ هەڵنەقورتێنن ئەگەر کارێکی وا بکەن بە پێچەوانەوە " ئەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی وا کە لەوە و پێش نەتان بینی بێ". هەروەها وتی: هەر کەسێک دژایەتی و هەڕەشە لە گەل و وڵاتەکەمان بکات، دەبێ بزانن یەکسەر وەلامیان ئەدەینەوە. (٤) پوتین چۆن دەسەلاتەکانی لە وڵاتەکەیدا گەورەتر کرد؟ هەتا ئێستە پوتین زیاتر لە ٢٠ ساڵە دەسەڵاتدارە. هەمووی وەک سەرۆکی وڵات، نا. چونکە بەپێی دەستوری ڕوسیا، سەرۆک تەنها بۆ دوو خولی یەک لەدوای یەک دەتوانێ ببێ بەسەرۆک.  بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا دمیتری میدڤیدیڤ (Dmitri Medvedev)ی خستە جێێ خۆی. پوتین بوو بە یەکەم سەروەزیرلە حکومەتەکەی دمیتری دا. بە نزیکی هەموو لەسەر ئەوە کۆکین کە پوتین لەو کاتەدا سەرۆکی بێ ڕکەبەری وڵاتەکەبوو، ئەو گۆڕانکاریەش فێڵێکی یاسایی بوو بۆ ئەوەی لە خولی داهاتودا خۆی بۆ سەرۆک کاندید بکاتەوە. ئەوە بوو بینیمان لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٢ دا هەڵبژاردنی بردەوە و بوەوە بە سەرۆکی وڵات، لە ساڵی ٢٠١٨ شدا بۆ دووەم جار بوەوە بە سەرۆک. لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ڕاپرسیەکی ئەنجامدا بۆ ریفۆرمی یاسای حکومەت  لە بەرژەوەندی ماوەی سەرۆکایەتی خۆی . ئەمەش هەلی دا بە پوتین کە هەتا ساڵی ٢٠٣٦ لە سەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە. لەکاتی سەرۆکایەتیەکانی دا پوتین چەندین ڕێوشوێنی گرتەبەر بۆ گەورەکردنی دەسەڵاتەکانی. دەسەڵاتی دا بە حکومەت کە چاودێری ورد بخاتە سەر هاوکاری ڕێکخراوە نا حکومیەکان(NGO) و هاوکاری دەرەکی لێ قەدەغەکردن. ئەمەش ئاستەنگی گەورەی بۆ دروستکردن تا بتوانن بەرامبەر فشارەکانی رژیم بوەستن. کۆسپەکانی لە دیاریکردنی ڕیژەی بەشداریکردن لەهەڵبژاردن لابرد و ماوەی سەرۆکایەتی لە ٤ ساڵەوە وە بۆ ٦ ساڵ درێژ کردەوە. ئازادی رۆژنامەوانی بەرە بەرە کەمکردەوە و دەمی بەرهەڵستکارەکانی داخست. لەدوای پەلاماردانی ئۆکراینا کریملین وشەی داگیرکردن و هیرش کردنی لە ژۆرنالیستەکان قەدەغە کرد، لەماوەی یەک هەفتەدا یاسای رۆژنامەوانی بە پارلەمانی روسیادا تێ پەڕاند و هەموو جۆرە ڕەخنەگرتنێکی قەدەغەکرد. خەڵک و رۆژنامەوانەکان هەر هەواڵێک بڵاو بکەنەوە کە لە چاوی حکومەتەوە بە بەدرۆ هەژماربکرێ (nepnieuws)، سزای مادی قرس ئەدرێ و  سزای زیندانیکردنی هەتا ١٥ ساڵ ئەدرێ. بەهۆی ئەم یاسایەوە هەموو ڕاگەیاندکارەکانی وڵاتان روسیایان بەجێ هێشت، لەوانە بی بی سی(BBC)، سی ئین ئین (CNN)و پەیامنێرانی هۆڵەندا. (٥) نەیارو بەرهەڵستکارەکانی پوتین کێن؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕوسیا نیزامێکی دیمۆکراسی هەیە و ئەگەری ئۆپۆزسیۆن بوون هەیە. پوتین بەردەوام لە بەریەک کەوتن دایە لەگەل ئەم بەرهەڵستکارانەیدا. هەتا ئێستا هیچیان لە بەرامبەر پوتین دا سەرکەوتو نەبوون.  یەکێ لە بەرهەڵستکارە دیارەکانی ئەلێکسی نافاڵنی (Aleksej Navalny)ە. وەکو پارێزەرێک و چالاکوانێک چەندین ساڵە دژایەتی گەندەڵی ئەکا لە ڕوسیادا. بەردەوام دەگیرێ و دەخرێتە زیندانەوە و زوو زووش ئازاد دەکرێ. نافاڵنی حیزبی دروستکرد ولە هەڵبژاردنی  ساڵی ٢٠١٨ دا، خۆی بۆ سەرۆکی ڕوسیا پاڵاوت، بەڵێ‌م بەردەوام ڕوبەڕوی هێرش و پەلاماردان دەبوەوە، بۆنمونە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا پەلامار درا و شلەیەکی سەوز(zeljonka‌) یان کرد بە دەموچاویدا و چاوی ڕاستی خراپ بوو. لە کۆتایی دا دادگای ڕوسیا مافی خۆ کاندیدکردنی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا، لە نافاڵنی سەندەوە، بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن و ڕێکخستنی خۆپیشاندانی سیاسی بێ مۆڵەت. لە ٢٠ ی ٨ی ٢٠٢٠ دا نافاڵنی بەگازی دەمار نۆفیتشوک (zenuwgif novitsjok) ژەهراوی کرا. لەدوای ژەهراوی بوونی بەتەواوی چاک بوەوە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کە نەتەوە یەکگرتوەکان پشتی گرت بۆیان دەرکەوت کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی ڕوسییەوە ئەو کارە کراوە. کاتێک کە نافاڵنی گەڕایەوە بۆ ڕوسیا دەستگیر کرا، بە دووساڵ و نیو سزادرا.  ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانیی بڕیارەکەی بە ناداد پەروەرانە دانا وڕایگەیاند کە مۆتیڤی سیاسی لە پشتەوەیە. لە هەڵبژاردنی پارلەماندا لە ساڵی ٢٠٢١ دا لە زیندانەوە پەیامێکی بۆ دەنگدەران نارد داوای لێکردن "زیرەکانە " دەنگ بدەن، واتە دەنگ بدەن پارتی کۆمۆنیست نەک حیزبی یەکێتی ڕوسیا کە پوتین سەرۆکایەتی دەکات. سیاسی ئۆپۆزسیۆن بۆریس نیمتسۆف(Boris Nemtsov) یەکێکی تر بوو لە بەرهەڵستکارەکانی پوتین کە شەڕی مردن ی لەگەڵ دەکرد. چەندین ساڵ وەک کەسێکی لیبراڵ ئەندامی (دۆما) بوو، کە تێدەکۆشا بۆ ڕیفۆرمی ئابوری و خەڵکی لە مەترسی گەورە بوونی دەسەڵاتی پوتین ئاگادار دەکردەوە، لە رۆژی ٢٧ ی فێبریوەری ٢٠١٥ دا، Nemtsov کوژرا. بکوژەکە گیرا و حوکم درا تائێستە نادیارە کە ئاخۆ پوتین دەستی لەم کارەدا هەبووە یان نا. لەگەڵ ئەوەی کە هەموو کەس دەیزانی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ دا جارێکی تر پوتین ئەیباتەوە، رۆژنامەوانی گەنج و بێژەری تەلەفزیۆن کسینیا سۆبتسجاک (Ksenia Sobtsjak) بڕیاری دا خۆی بۆ سەرۆکایەتی بەربژێر بکات. ئەمە شێوازێک بوو بۆ پرۆتێستکردنی کەڵتووری سیاسی ڕوسیا. پرسیارە ڕەخنە ئامێزەکانی دژ بە پوتین هیچ کاریگەرییەکی نەبو، زۆر بە ئاسانی خستیە لاوە. لە ٢٠٢١ یشەوە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە لایەن پوتینەوە قسەی زیاتر هەڵدەگرێ.  لە ڕوی فەرمیەوە پوتین تەنها دەسەڵاتدار نییە، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆیدا بەدەسەڵاترین کەسە. هەروەها لە سەر شانۆی نێودەوڵەتیس بەردەوام ڕۆڵی گەورە دەگێڕێ. ئەمە بەتەنها لە سوریا و ئۆکراینا نا. بەڵکە لە ئەفریقاش کاریگەری ڕوو لە زیاد بوونە. کۆبونەوەی لوتکەی روسیا- ئەفریقا لە سۆتسجی(Sotsji) لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لەگەڵ چل سەرۆکی ولاتانی ئەفەریقا، ئەوەی بە دونیا ووت کە پوتین ئەیەوێ لە بەشێکی ئەم جیهانەدا ڕۆڵ بگێڕێ.  بەکورتی + لە ٢٠٠٠وە ئەفسەرێکی کەی جی بی (KGB) پوتین سەرۆکی ڕوسیایە، دوای ئەوە کە لەسەر دەمی سەروەزیریەکەیدا ڕۆڵی گەورەی لە شەڕی دژ بە چیچاچیەکاندا گێرا. + پوتین ئازادی رۆژنامەوانی کۆت و بەند کرد و بەسەر نەیارەکانیدا سەرکەوت، بەڵام لە سیاسەتی دەرەوەی دا لای زۆرێک لە ڕوسەکان وەک پێاوێکی بەهێز سەیر دەکرێ. + ئەوەی پوتین دەیکات بۆ سەلامەتی سنوری ڕوسیایە ئەوەی کە زۆرجار پوتین دەیڵێت بۆ گەورەکردنی ئاستی جەماوەری خۆیەتی. + پوتین زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە دەسەڵاتدایە و لە سایەی  ئەو گۆڕانکاریەی لە ماوەی سەرۆکایەتی دا  کردی ئەتوانێ هەتاساڵی ٢٠٣٦  بەسەرۆک بمێنێتەوە. بەردەوام نەیارەکانی سەرکوت دەکات و چانسی بردنەوەیان ناداتێ.      


درەو: "جەنگی روسیا لە ئۆكرانیا نزیك بووەتەوە لە كۆتایی، چونكە روسیا ئامانجەكانی خۆی بەدەستهێناوەو نایەوێت هەموو خاكی ئۆكرانیا داگیر بكات" ئەمە وتەی  ئوسامە تۆفیق بەدر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی میسر و باڵیۆزی پێشوی میسرە لە ئۆكرانیا. ئوسامە تۆفیق بەدر لە وتارێكیدا ئاماژە بەوەدەدات كە روسیا  لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی لە هێرشەكەی بۆسەر ئۆكرانیا نزیكبوەتەوەو شەڕەكە بەرەو كۆتایی دەچێت. باڵیۆزی پێشووی ئۆكرانیا لە وتارێكیدا كە سەبارەت بە جەنگی نێوان روسیاو ئۆكرانیا دەڵێت: روسیا نایەوێت هەموو ئۆكرانیا داگیربكات‌و چەند ئامانجێكی هەیە لەو جەنگەو ئامانجەكانی بەدیهێناوەو جەنگەكە نزیك بوەتەوە لە كۆتایی. بەوتەی ئەو باڵیۆزە ئامانجە تایبەتەكانی روسیا لە هێرشەكەی بۆسەر ئۆكرانیا ئەمانەن: •    گرنتیكردنی كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی ئاوی سازگار بۆ كریمیا كە ئۆكرانیا نزیكەی ساڵێكە برێویەتیو بە داگیركردنی ئاری  خیرسۆن ئەو ئامانجەی روسیا بەدیهات. •    كۆنترۆڵكردنی وێستە ئەتۆمییەكانی  ئۆكرانیاو لەوەشدا روسیا سەركەوتوو بووە. •    گەرەنتیكردنی مافی كەمینەی روسیی لە سێ‌ شارە گەورەكەی ئۆكرانیا ( خاركێڤ, دینبرۆپترۆڤسكی, ئۆدیساو بەندەرە ستراتیژییەكەی) بۆئەوەی ئۆكرانیا هیچ دەروازەیەكی لەسەر دەریای رەش نەبێتو هەموو ئەو شارانەش دەكەونە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا‌و زۆرینەی دانیشتوانەكەیان روسن‌و رویاری دینپرۆ خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا لە خۆرئاوای جیادەكاتەوە و روسیا خۆرئاوای ئۆكرانیای ناوێت‌و دانیشتوانەكەی روس نین‌و تەنها دەیەوێت ببێتە ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك لە نێوان خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا‌و پۆڵەندا كە یەكێكە لە وڵاتەكانی ئەندامی ناتۆ. •    روسیا زۆرینەی ئامانجەكانی تائێستا بەدیهێناوە‌و ئەوانەی دیكەش تەواو دەكات‌و شێوازێك پەیڕەو دەكات كە راستەوخۆ ناچێتە ناو شارە گەورەكان‌و گەمارۆیان دەدات‌و ژێرخانی بە تەواوەتی وێراندەكات و كە ئەوەش بەدیهات یەكەكانی سوپای روسیا بە ئاسانی دەچنە نێو شارەكانەوە.


(درەو): فەرەنسا دەستی بەسەر یەختێكی گرانبەهای سەرۆكی كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسیدا گرت، ئەمە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەیە كە ئەوروپا بەهۆی شەڕی ئۆكرایناوە بەسەر روسیادا سەپاندووە، ئەم كۆمپانیا روسییە خاوەنی 60%ی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان‌و لە پێنج كێلگەی هەرێمدا كار دەكات.   برۆنۆ لۆمێر وەزیری دارایی فەرەنسا ئاشكرایكرد، گومرگی وڵاتەكەی دەستی بەسەر یەختێكدا گرتووە كە سەربە كۆمپانیایەكی (ئیگۆر سیچین) بەڕێوەبەری كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسییە.  وەزیرە فەرەنسییەكە باسی لەوەكرد، یەختەكە ویستویەتی بەندەری (لا سیوتا) لەسەر كەناری دەریای ناوەڕاست بەجێبهێڵێت، ئەمەش پێشێلكردنی ئەو سزایانە بووە كە یەكێتی ئەوروپا بەسەر ئەو سەرمایەدارە روسیەیدا سەپاندووە، بۆیە دەست بەسەر یەختەكەدا گیراوە.  دەستگرتن بەسەر ئەم بەختە گرانبەهایەدا، لەچوارچێوەی ئەو سزا زۆرانەدایە كە وڵاتانی خۆرئاوا بەهۆی هێرشەكەی بۆسەر ئۆكراینا، بەسەر روسیایاندا سەپاندووە، خاوەنی یەختەكە یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی ڤلادیمیر پوتنی سەرۆكی روسیا.   بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا، ئەم یەختە كە ناوی "ئەمور فیرۆ"یە، رۆژی 3ی كانونی دووەم گەیشتوەتە بەندەری (لا سیوتا)، بڕیار بووە تاوەكو رۆژی 1ی نیسان بمێنێتەوە بەمەبەستی نۆژەنكردنەوە، بەڵام دوێنێ بەرپرسانی گومرگ تێبینی ئەوەیان كردووە یەختەكە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی خێرا بڕوات لەكاتێكدا كاری نۆژەنكردنەوەی تەواو نەبووە، بۆیە بڕیاریانداوە دەستی بەسەردا بگرن، چونكە یەختەكە سزا ئابورییە نوێیەكان دەیگرێتەوە.  هەر ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئاماژەیان بەوەكرد، لە بەندەری (لۆریان)، دەست بەسەر كەشتیەكی بارهەڵگری روسیدا گیراوە.  لەلایەكی ترەوە بەگوێرەی هەواڵێكی گۆڤاری (فۆربس)، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دەستیان بەسەر یەختێكدا گرتووە كە بەهاكەی (600 ملیۆن) دۆلارەو خاوەندارێتییەكەی بۆ ملیاردێری روسی (عەلی شێر عوسمانۆڤ) دەگەڕێتەوە. روسنەفت لە هەرێمی كوردستان كۆمپانیای روسنەفت-ی روسی خاوەنی رێژەی 60%ی پشكەكانی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان (ئەو بەشەی بۆرییەكە كە دەكەوێتە ناو خاكی هەرێم تاوەكو سنوری توركیا)، لەپاڵ ئەمەدا كۆمپانیاكە كاری گەڕان‌و پشكنین بەدوای نەوتدا دەكات لە (6) كێڵگەی كوردستان، ئەو كێلگانەی روسنەفت كاریان تێدا دەكات دەكەونە سنوری (هەولێرو دهۆك)‌و بریتین لەم كێڵگەكانی (بەرتلە، زاوێتە، هەریر، بجیل، قەسرۆك، دارەتوو).  


درەو: سەرچاوە: الحرە دوای چەند كاتژمێرێك لە هێرشی روسیا بۆسەر خاكی ئۆكرانیا, ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەند سزایەكی نوێ لەدژ مۆسكۆ راگەیاند‌و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتەیەكیدا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند دەركردنی روسیا لە سیستمی "سویفت" تایبەت بە مامەڵە داراییەكان یەكێك دەبێتە لە بژاردەكان. بایدن رونیكردەوە كە ئەم بژاردەیە هێشتا لەلایەن ئەوروپییەكانەوە جێگەی رەزامەندی نیە, ئاماژەی بەوەشدا ئەو سزایانەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان‌و هاوپەیمانەكانی بەسەر روسیایان سەپاندووە هەمان كاریگەری دەبێت, بگرە كاریگەری گەورەتریشی دەبێت لە دوورخستنەوەی مۆسكۆ لە سیستمی سویفت. هاوكات ئۆكرانیاش رۆژی پێنج شەممە داوای كرد مۆسكۆ لە سیستمی سویف دووربخرێتەوەو سەرۆكی ئەو وڵاتە ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە تویتەر رایگەیاند داوادەكەن روسیا لە سیستمی سویف دووربخرێتەوە‌و ئاسمانی ئۆكرانیاش بكرێتە ناوچەی قەدەغەكردنی فڕین. سیستمی سویفت چیە؟ دامەزراندنی سیستمی سویفت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973 كاتێك كۆمەڵەی پەیوەندییە داراییەكانی جیهانی نێوان بانكەكان دامەزرێندرا كە بارەگاكەی لە بەلجیكایە. بانكی نیشتمانی بەلجیكی بە هاواكاری لەگەڵ بانكە ناوەندییە سەرەكییەكانی تری وەك یەدەگی فیدراڵی ئەمریكی‌و بانكی ناوەندیی ئەوروپی و بانكی ئینگلتەرا سەرپەرشتی ئەم كۆمەڵەیە دەكات. كاری سویفت تەنها لە حەواڵكردنی دراودا چڕنابێتەوە بەڵكو وەك سیستمێكی ئاڵۆگۆڕكێكی نامەی سەلامەت كاردەكات‌و زیاتر لە (11 هەزار) دامەزراوەی دارایی لە زیاتر لە (200 )دەوڵەتدا بەیەكەوە بەستوەتەوە. ژمارەكانی سویفت ئاشكرایدەكەن كە لە ساڵی 2021دا لە یەك رۆژدا (42 ملیۆن) نامە ئاڵۆگۆڕكراوەو لە 2020دا روسیا نزیكەی لەسەدا (1.5) ی جوڵە داراییەكانی دارایی لە رێگەی سویفتەوە ئەنجامداوە. رێكخراوی سویفت لە ساڵی 2014 لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە كۆمەڵەیەكی جیهانیی بێلایەنە‌و هەر بڕیارێك بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دەوڵەتان و قەوارەكاندا دەكەوێتە سەر شانی حكومەتەكان‌و دەسەڵاتە تەشریعییە پەیوەندیدارەكان. بە دورخستنەوەی چ كاریگەرییەك دەكاتە سەر روسیا راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن" ئاماژەبەوەدەكات كە لە حاڵەتێكدا ئەگەر روسیا لە سیستمی سویفت بكرێتە دەرەوە ئاستەم دەبێت دامەزاراوە داراییەكانی بتوانن پارە بۆ ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات حەواڵە بكەن, ئەوەش كۆمپانیا گەورەكانی روسیا دەخاتە حاڵەتی شۆك بە تایبەتی بۆ كڕیارەكانی نەوت‌وغاز. ئاماژەیبەوەشداوە كە لە پێشترداو ساڵی 2012 ئێران لە سیستمی سویفت كرایەو دەرەوە بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەریدا لەبەر پرۆگرامە ئەتۆمییەكەیو تاران نزیكەی نیوەی داهاتی هەناردەكردنی نەوتی لەدەستدا‌و لە سەدا 30ش جموجوڵی بازرگانی دەرەكی زیانی بەركەوت. هەروەها راپۆرتێكی تۆڕی " ئێن بی سی نیوز" جەختدەكاتەوە كە دوورخستنەوەی روسیا لەو دامەزراوە بانكییە گرنگە دەبێتە هۆی دەستبەجێی گەیاندنی زیان بە ئابوری روسیا بە تایبەتی كە ئەوە بەواتای دابڕاندنی روسیا دێت لە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەكانی لەوانەش داهاتی بەرهەمهێنانی نەوت‌و غاز كە زیاتر لە 40%ی داهاتی روسیا پێكدەهێنێت. راپۆرتەكە دەڵێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سیستمی سویفتەوە قایل كرد بۆ دەركردنی ئێران بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوە, دەركردنی روسیا لەوانەیە زیان بە ئابوری وڵاتانی تری وەك ئەڵمانیا بگەیەنێت. جیهان روسیا لە سویفت دووردەخاتەوە؟ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رۆژی پێنجشەممە جەختیكردەوە كە بەباشتری دەزانێت كۆمەڵێك سزای نوێ‌ بەكاربهێنرێت كە چوار بانكی گەورەی روسیای گرتوەتەوە بەڵام چەند كۆنگرێسمانێكی ئەمریكی دەیانەوێت روسیا لە سویفت بكرێتە دەرەوە‌و بایدنیش ئاماژەی بەوەدا كە پێویستی بە پاڵپشتی هاوتا ئەوروپییەكانی هەیە كە وادەردەكەوێت كەمتر حەماسەتیان بۆ ئەو رێوشوێنە توندە هەبێت چونكە روسیا سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی وزەیە بۆ ئەوروپا. رێوشوێنەكانی روسیا بەگوێرەی راپۆرتێكی " سی ئێن ئێن" روسیا لەماوەی رابردوودا هەنگاوی ناوە بۆ دامەزراندنی سیستمێكی تایبەت بەخۆی بۆ حەواڵەكردنی دراو كە لەسەدا 20ی حەواڵە ناوخۆییەكانی پشتی پێدەبەستن. راپۆرتەكە ئاشكراشیكردووە كە سیستمی ئاڵۆگۆڕ‌و حەواڵەی بانكیی روسیی بواری ئەوە بۆ مۆسكۆ دەڕەخسێنن كە بتوانێت لەگەڵ بانكەكانی چیندا مامەڵە داراییەكانی بكات.


  راپۆرتی: درەو بەپێی ئامارەکان بەرهەمهێنانی ناوخۆی ئۆكرانیا  لە ساڵی (2021) گەیشتووە بە (200) ملیار دۆلار، یەدەگی نەختینەیی (31.6) ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا بەهای هەناردەکردنی بەرهەمەکانی خۆی داوە لە (68.24) ملیار دۆلار، بەم پێیەش تێکڕای گەشەی ئابوری لە وڵاتەکەدا برتیبووە لە (3.4%) بەپێی خەملاندنە نێودەوڵەتییەکان. پێگەی جوگرافی ئۆکرانیا ئۆکرانیا لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتەوە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، دووەم گەورەترین وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ئەورووپایە، ڕوبەرەکەی بریتییە لە (603 هەزار و 628) کیلۆمەتر دووجا، لەگەڵ ڕووسیا لە ڕۆژھەڵاتەوە بە درێژایی (1576) کیلۆمەتر هاوسنورە، لە باکورەوە لەگەڵ بیلاڕووس بە (891) کیلۆمەتر، پۆڵەندا بە (428) کیلۆمەتر، سلۆڤاکیا بە (90) کیلۆمەتر و ھەنگاریا لە ڕۆژئاواوە بە (103) کیلۆمەتر، ڕۆمانیا بە (169) کیلۆمەتر و مۆلدۆڤا بە (939) کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوا، ھاوسنوورە. جگە لەوەی لە باشورەوە بەسەر دەریای ڕەش و دەریای ئازوف دا دەڕوانێت.  زۆربەی خاکی وڵاتەکە تەختاییە و نزمە لەگەڵیدا ڕووباری گرنگی پیا تێدەپەڕێت لەوانە ڕووباری "دنایپەر" جوگرافیای وڵاتی ئۆکرانیا هەمەجۆرە و بەپێی هەرێمەکانی دەگۆڕێت، تاکە زنجیرە چیای هەڵکەوتەی وڵاتەکە "کارپاسیان"ە لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا، کە سێیەم درێژترین زنجیرەچیای کیشوەری ئەورووپایە بە ١٥٠٠ کیلۆمەتر، توانەوەی بەفری چیاکان دەبنە هۆی سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو بۆ ڕووبارەکانی و چەندین تاڤگەش لەم وڵاتەدا هەڵکەوتووە. گرنگترین سەرچاوە سرووشتییەکانی وڵاتەکە بریتین لە (نەوت، گازی سروشتی، ئاسنی خاو، مەنگەنیس، خەڵووز، خوێ، گۆگرد، گرافایت، تیتانیۆم، مەگنیسیۆم، نیکل و جیوە و چەندان کانزای بەنرخی تر) ئەم وڵاتە لە مێژوویدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ژینگەیی سرووشتی و دەستکرد بووەتەوە و بوونەتە بۆی پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و هەوای وڵاتەکە و کەوتنە ژێر کاریگەری تیشکیدانەوەوە، لەناویاندا کارەساتە بەناوبانگەکەی چێرنۆبڵە کە لە ٢٦/٤/١٩٨٦ دا ڕوویدا و بە یەکێک لە کارەساتە گەورە دەستکردەکانی مێژوو دەژمێردرێت، کارەساتی چێرنۆبڵ لە کارگەیەکی درووستکردنی چەکی ئەتۆمیدا ڕوویدا لە شاری پریپیاتی باکووری وڵاتی ئۆکرانیا کە لەو کاتەدا وڵاتی ئۆکرانیا سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوو، ئەم کارەساتە بە گەورەترین هەڵە و کارەساتی ئەتۆمی لە مێژوودا دەژمێردرێت چ لەڕووی قووربانیانەوە چی لەڕووی زیانی ئابوورییەوە، ڕێژەی تیشکدانی بە ڕادەیەک زۆربوو کە ناوچەکانی چواردەوری بە تیرەی ٣٤ کیلۆمەتر قەدەغەی نیشتەجێبوون کرا و کاریگەرییەکە لەسەر ئەو ناوچانە و تەواوی وڵات تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش ماوە. ئەم کۆمارە لە ساڵی (1922)ەوە تا کەوتنی یەکێتی سۆڤییەت بەشێک بووە لەو یەکێتییەو لە (28/8/1991) سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە. شاری (کیێڤ) کە گەورەترین شاری ئوکراینایە کرایە پایتەختی وڵاتەکە. لە ڕووی کارگێڕییەوە وڵاتی ئۆکرانیا، جگە لە دورگەی (قرم) کە خاوەنی خود موختارییە، دابەشکراوە بۆ (24) ناوچە یان پارێزگا. کە بریتین لە پارێزگاکانی (کیێڤ، بولتافا، خارکۆڤ، ئۆدیسا، سومی، لەفیف، کیرۆفۆغراف، لۆستک، دنیبرۆبێترۆفسک، چەرنۆبڵ، زابارۆجیا، ڤینیتسا، دۆنیستک، ئۆرجغورود، لۆغانسک، ئیڤانۆ فرانکیڤسک، خیرسۆن، لیکۆلایڤ، تشیرکاسی، ریڤنا، تشیرنیڤتسی، تشیرنیهیڤ، خمیلنیتسکی، جیتۆمیر). بەپێی ئامارەکان ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی ئوکرانیا زیاتر (44) ملیۆن کەسە کە دەکاتە (0.62%) دانیشتوانی جیھان. تەمەنی مام‌ ناوەندی دانیشتوانی  وڵاتەکە (39.8) ساڵە (69%) دانیشتوانی وڵات لە شارەکان دەژین. دانیشتوانی وڵاتەکە وەک چۆن لە پێکهاتەی نەتەوەوی ڕەگەزی جیاواز پێکهاتوون، بە هەمان شێوە پەیڕوانی ئاینی جیاوازی تێدایە. توانا ئابورییەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ ئەوەی ئۆکرانیا بەسەرەتایەکی خراپ دەستی پێکرد، لەگەڵ جیابوونەوەی لە یەکێتی سۆڤییەت خاوەنی ئابورییەکی بەهێز نەبوو، چونکە بەردەوام لەدوای ساڵی (1991)ەوە لەگەڵ ڕوسیا پەیوەندییەکانی ڕوو لە قەیران دەکات زۆرجاریش بڵاوبوونەوەی گەندەڵی گورزی گەورەی لە ئابورییەکەی داوە.  بەڵام بەم دواییانە یەکێک بووە لە دەوڵەتە خاوەن ئابورییە بەهێزەکان لە ناوچەکە، چونکە بایەخێکی گەورەی ئابوری ستراتیجی بۆ وڵاتانی ئەوروپی هەیە، ئەمەش یارمەتی دەربووە بۆ گەشەی خێرای وڵاتە، جگە لەوەی خاوەن سەرچاوەیەکی گەورەی سروشتییە لە بواری کانزاو کشتوکاڵ، سەرباری ئەو میراتە پیشەسازییەی لە یەکێتی سۆڤییەت بۆی بەجێمابوو.  بەپێی ئامارەکان بەرهەمهێنانی ناوخۆی وڵاتەکە لە ساڵی (2021) گەیشتووە بە (200) ملیار دۆلار، یەدەگی نەختینەیی (31.6) ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا بەهای هەناردەکردنی بەرهەمەکانی خۆی داوە لە (68.24) ملیار دۆلار، بەم پێیەش تێکڕای گەشەی ئابوری لە وڵاتەکەدا برتیبووە لە (3.4%) بەپێی خەملاندنە نێودەوڵەتییەکان. کەرتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا پشکی گەورەی بەخشیبووە بە گەشەسەندی ئابوری وڵاتەکە، ئەمەش بایەخێکی گەورەی بەخشیوە پێیان لەسەر ئاستی جیهان، چونکە ناردەنی بواری کشتوکاڵ (45%)ی هەناردەی ئۆکرانیا پێکدەهێنێت، بەشی زۆری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گونجاوی و فراوانی و بەپیتی خاکەکەتی کە نزیەکەی (40) ملیۆن هێکتار زەوی شیاوی هەیە بۆ ئەو بوارە.  ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئۆکرانیا ساڵانە (50) ملیۆن تەن بەروبوومی کشتوکاڵی بەرهەم دێنێت، لەنێویاندا بەرهەمهێنانی (28) ملیۆن تەن گەنم و هەناردەکردنی زیاتر لە (18) ملیۆن تەنی، ئەمەش پلەی شەشەمی وڵاتانی هەناردەکەری گەنم و چوارەم هەناردەکەری گەنمەشامی و پلەی سێیەم لە بڕی بەرهەمهێنان، پلەی دووەم لە بەرهەمهێنانی جۆ و پلەی چوارەم لە هەنارەکەری لەسەر ئاستی جیهان پێ بەخشیوە.  سەرەڕای گرتنی پلەی یەکەمی سەرئاستی جیهان لە هەنارەکردنی زەیتی گوڵەبەڕۆژەو پلەی سێیەم لە بەرهەمهێنان وهەنارەدەکردنی هەنگوین کە ساڵانە بەنزیکەی (81) هەزار تەن دەخەمڵێنرێت. هەروەها هەناردەکردنی میوەی وڵاتەکە ساڵانە دەگات بە (55) هەزار تەن لە میوەی جۆراوجۆر، جگە لە هەنارەکردنی  (450) هەزار تەن لە گۆشتی سور و (431) هەزار تەن لە گۆشتی سپی. لە بواری کازاشدا پشکێکی گەورەی هەیە لە بەرهەمهێنانی ئاسنی خاو کە ساڵانە (60) ملیون تەنە و بەم پێیەش پلەی شەشەم دەگرێت لەبەهەمهێنانی ئاسن لەسەر ئاستی دنیا و پلەی دووەم لە خاوەندارێتی یەدەگی جیوە لەسەر ئاستی ئەوروپا. پلەی یەکەم لە کبریت و پلەی دەیەم لەسەر ئاستی جیهان لە یەدەگی خاوی تیتانیۆم. لە بواری پیشەسازیدا ئۆکرانیا پلەی چوارەمی هەیە لە هەناردەکردنی ماتۆڕ (تۆڕباین) بۆ ویستگەی وزی ئەتۆمی و پەلەی دوانزەیەمیشی هەیە لە هەنادەکردنی چەک کە بە ملیارێک دۆلار دەخەمڵێنرێت، کە نزیکەی (700) هەزار کەس کاری لە کارگەکانی چەک کاردەکەن. ئابوری ئۆكرانیا بە ژمارە روبەری ئۆكرانیا (604 هەزار) كیلۆمەترە  70%ی روبەرەكەی زەوی كشتوكاڵیە 15% دارستانە  لە ئۆكرانیا  6.9 ملیۆن تەن زەتی گوڵە بەرۆژەی هەناردەكردووە 431 هەزار تەن پەلەوەری هەناردەكردووە 81 هەزار تەن هەنگوینی هەناردەر كردووە 55 هەزار تەن میوەی هەناردەكردووە 30 هەزار تەن مەعكەرۆنی هەناردەكردووە  لە جیهاندا لە هەناردەی گەنمدا لە پلەی سێیەمدایە  ساڵی 2020 (24 ملیۆن) تەن گەنمی بەرهەمهێناوە (18 ملیۆن) تەنی هەناردەكردووە واتا 75%ی هەناردەكردووە. لە جیهاندا لە هەناردەی گەنمەشامیدا لە پلەی چوارەمدایە سامانی كانزایی 20 هەزار كانی دەرهێنانی كانزایی هەیە  5%ی یەدەگی خاوی ئاسن لە جیهاندا لە ئۆكرانیایە  خاوەنی گەورەترین یەدەگی كیبریتە لە جیهاندا لە یەدەگی جیوەدا پلەی دووەمی جیهانی هەیە  


درەو: ئۆلگا ئیفشینا- كاترینا كینكۆلۆڤا - بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت لە چەند هەفتەی رابردوودا، ڤیلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا دەستی بە وەرگرتنی بڕیاری یەكلاكرەوە كرد، كۆمەڵێك بڕیار كە كاریگەری بەردەوامیان دەبێت، ئەمەش نەك تەنیا لەسەر ئۆكرانیا‌و روسیا، بەڵكو لەسەر جیهان بەگشتی.  ئەو كەسانە كێ بوون، كە پوتین راوێژیان پێدەكات لەكاتێكی دەركردنی  ئەم بڕیارانەدا ؟ ئایا دەنگی سەربازی مۆسكۆ لە كاریگەری بەهێزی ئەو گروپەوە سەرچاوەی گرتووە كە بە "سیلۆڤیكی" ناسراوە‌و ژمارەیەك لە وەزیرو سەرۆكی ئاژانسە ئەمنییەكان لەخۆدەگرێت- وەكو ئەوەی هەندێك لە شیكەرەوەكان دەڵێن ؟ دەكرێت روسیا بە كۆماری سەرۆكی ئەفسانەیی ناوببرێت، سەرۆك پوتین هەموو دەسەڵاتەكانی بەدەستەوەیە، هەموو بڕیارە سەرەكییەكان كە پەیوەندیدارن بە بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە، لە كۆتایدا ملكەچ دەبن بۆ بڕیارە تایبەتەكانی ئەو.  بەڵام سەرباری ئەم هەموو دەسەڵاتە بەرفراوانە، پوتین راوێژ بە كەسانێك دەكات كە لە دەوروبەریدان، بەتایبەتیش ئەوانەی كە بۆ ماوەیەكی زۆر هاوڕێی بوون، ئەوانەی كە زۆر متمانەی پێیان هەیە. ئەم بازنەیە كۆمەڵێك لەو بەرپرسانە لەخۆدەگرێت كە كاریان لە ئاژانسە ئەمنییەكاندا كردووە‌و دەنگی بەهێزیان هەیە. لە روسیا ژمارەیەك ئاژانس هەن كە لە بواری ئەمن‌و جێبەجێكردنی یاسادا كاردەكەن‌و بە گروپی "سیلۆڤیكی" ناسراون.  پوتین كاروانی خۆی لە یەكێك لەم ئاژانسانەوە دەستپێكردووە، بەدیاریكراویش دەزگای هەواڵگری پێشووی سۆڤیەت (KGB)، كە كاركردنی لە قۆناغی دوای یەكێتی سۆڤیەتەوە لەژێر ناوی (دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSB) دەستپێدەكات. لەوكاتەوە كە پوتین گەیشتوەتە دەسەڵات، كاریگەری گروپی "سیلۆڤیكی" زیادی كردووە.  پێنج گەورەكە زۆرینەی بڕیارەكانی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە‌و ناوخۆی روسیا لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیادا دەدرێن، ئەم ئەنجومەنە لە (30) ئەندام پێكدێت، ئەمانە گرنگترین پایەكانی گروپی "سیلۆڤیكی"ی پێكدەهێنن، لەناویاندا سەرۆكەكانی هەواڵگری دەرەوە‌و دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSB‌و وەزیرانی ناوخۆ‌و دەرەوە‌و بەرگری لەگەڵ سەرۆك وەزیران‌و سەرۆكی هەردوو هۆڵەكەی پەرلەمان.  نیكۆلای پاترۆشیڤ سكرتێری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا، ئەلیكسەندەر بۆرتنیكۆڤ سەرۆكی دەستەی ئاسایشی روسیا، سێرگی ناریشكین سەرۆكی هەواڵگری دەرەوەی روسیا، ماوەی چەندین ساڵە سەرۆك ڤیلادیمیر پوتین دەناسن‌و لە سانت بترسبۆرگ كە پێشتر بە "لینینگراد" دەناسرا، لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا كاریان لەگەڵدا كردووە.  لەگەڵ ئەو سێ ناوەی پێشوودا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە‌و سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری، ئەو گروپە پێنج كەسییە پێكدەهێنن كە دەوترێت نزیكترین كەسن لە ڤیلادیمیر پوتینەوە، كە سەرۆكی روسیا بەشێوەیەكی زۆر رێز لە بۆچونەكانیان دەگرێت بەتایبەت لەبواری سیاسەتەكانی دەرەوەدا.  نیكۆلای پاتروشیڤ نیكۆلای پاترۆشیڤ سكرتێری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیایە، كە پوتین سەرۆكایەتی دەكات، پاترۆشیڤ بە "هەڵۆی سەرەكی" تیمی سەرۆك دادەنرێت، پاترۆشیڤ لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا لە دەزگای هەواڵگری روسیا KGB لەگەڵ پوتیندا كاریكردووە.  ساڵی 1999 چوەتە شوێنەكەی پوتین‌و بووە بە سەرۆكی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSB، ئەم دەزگایە لەدوای KGB دروستبوو، پاترۆشیڤ تاوەكو ساڵی 2008 لەم پۆستەدا مایەوە، دەوترێت ئەو نزیكترین كەسە لە پوتین‌و لە هەركەسێك زیاتر گوێی بۆ ئەو دەگرێت.  سێرگی شویگۆ رەنگە لە راستیدا سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری، نزیكترین هاوڕێ‌و راوێژكاری پوتین بێت، ئەم پیاوە هاوكات بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگری سەربازی روسیایە، ئەندامانی ئەم ئاژانسە تۆمەتبار دەكرێن بە ژەهراویكردنی سیخوڕی پێشووی روسیا (سێرگی سكریباڵ) لە بەریتانیا لە 2018دا، هەروەها ژەهراویكردنی سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆنی روسیا (ئەلیكسی ناڤالنی) لە سیبریا ساڵی 2020دا.  سەرچاوەكان دەڵێن حەفتاكانی سەدەی رابردوو، پەیوەندی باش لەنێوان شویگۆ و پۆتیندا گەشەی كردووە، بەڵام لە سەرەتای سەدەی نوێوە، ئەم دوو پیاوە بوون بە هاوڕێی نزیكی یەكترو زمانێكی هاوبەش هەردووكیانی كۆكردوەتەوە، هەردووكیان بەشێوەیەكی بەردەوام لە پشووەكاندا سەردانی سیبریا دەكەن كە زێدی وەزیری بەرگرییە.  ئەلیكسەندەر بۆرتنیكۆڤ  ئەلیكسەندەر بۆرتنیكۆڤ سەرۆكی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا FSB لەگەڵ پۆتیندا لە نوسینگەی KGB لە لینینگراد خزمەتی كردووە، ساڵی 2008 لەدوای پاترۆشیڤ پۆستی سەرۆكی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیای وەرگرتووە، لە بواری روبەڕبووبونەوەی سخوڕیدا كاریكردووە‌و چەند دەیەیەك شارەزایی هەیە.  چاودێران دەڵێن سەرۆكی روسیا زیاتر لەو راپۆرتانەی كە لە سەرچاوەكانی ترەوەی پێی دەگات، راپۆرتە هەواڵگرییەكانی دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیاوە بەدڵە‌و پەسەندی دەكات. ئەم دەستەیە كاریگەری لەسەر ئەو لایەنانە هەیە كە یاسا جێبەجێ دەكەن، لەوانە وەزارەتی ناوخۆ‌و نوسینگەی داواكاری گشتی، ئەم دەستەیە هێزی تایبەتی خۆی هەیە، لەناویاندا هێزی دەستەبژێری "ئەلفا"‌و گروپەكانی "فیمبیڵ".  سێرگی لاڤرۆڤ لە توندڕەویدا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لەبەرامبەر بۆرتنیكۆڤ-دایە، ئەو شارەزاترین دیپلۆماتكاری روسە، لە ساڵی 2004ەوە سەرۆكایەتی وەزارەتی دەرەوەی روسیا دەكات، واتە نزیكەی دوو دەیە دەبێت. سەرباری ئەوەی لەگەڵ پوتین نەیخوێندووە‌و لە دامەزراوە ئەمنییەكاندا كاری نەكردووە، دەوترێت پوتین زۆر رێز لە لاڤرۆڤ دەگرێت.  لاڤرۆڤ لەناو بازنەی هاوڕێ تایبەتەكانی پوتیندا نییە، بەڵام رێزی سەرۆكی بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی پیشەیبوون‌و كارە جدییەكانی‌و هەڵەنەكردنییەوە لەماوەی دورودرێژی كاركردنیدا.  سێرگی ناریشكین سێرگی ناریشكین سەرۆكی هەواڵگری دەرەوە هاوشێوەی بۆرتنیكۆڤ‌و پاترۆشیڤ لە لینینگراد لەگەڵ پوتیندا خزمەتی كردووە، سەرباری ئەوەی سەرۆكی هەواڵگرییە، بەڵام بەشێوەیەكی رێژەیی بەرپرسی گشتییە، چەندین چاوپێكەوتنی لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن كردووە، لەناویاندا لەگەڵ ستیڤ رۆزنبێرگ پەیامنێری BBC. ئەەوانەی ناریشكین لە نزیكەوە دەناسن دەڵێن، موخلیسی پوتینە‌و بەسروشت كەسێكی بە زەبت‌و رەبتە، ملكەچی فەرمانە‌و پابەندە بەو هێڵەی كە بۆی دەكێشرێت، باگراوەندە ئەمنییەكەی‌و بیرتیژی‌و شارەزاییە پیشەییەكەی یارمەتی داوە بچێتە ناو بازنە نزیكەكەی پوتینەوە، دەوترێت ڤلادیمیر پوتین پشت بەو یاداشتە هەواڵگرییانە دەبەستێت كە ئاژانسەكەی ناریشكین پێشكەشی دەكات.  ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا: شوێنی بڕیاردان كۆبونەوەی ئەمدواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا كە تێیدا گفتوگۆكرا لەبارەی داننان بەو "دوو كۆمارە"دا كە جوداخوازەكان لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا دەستیان بەسەردا گرت، نیگایەكی روونی لەبارەی دینامیكی كاری ئەم ئەنجومەنە نیشاندا. سارە راینسفۆرد پەیامنێری BBC لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا ئەم كۆبونەوەیەی بە پارچە شانۆگەرییەك ناوبرد كە هەركەسێك تێیدا رۆڵ‌و سیناریۆیەكی دیاریكراوی هەیە.  وتی" زۆرینەی گەورە بەرپرسانی روس بەشێوەیەكی شەرمنانە لە نیوەی مێزەكەدا دانیشتوون، بەر لەوەی ڤلادیمیر پوتین یەك لەدوای یەك داوایان لێبكات لە میكرۆفۆنەكە نزیك ببنەوە‌و ئەو شتانەی پێ بڵێن كە دەیەوێت بیبیستێت".  سەرباری ئەوەی ئەمە تەنیا گەمەیەكی بیزەنتییە لە سیاسەتێكی تایبەتی‌و كەسیدا، بەڵام هەندێك لە چاودێرانی تر وای دەبینن، دینامیكیەتی پڕگرێوگۆڵی ئەم گروپە رۆڵی خۆی دەبینێت. ئەلیكسەندەر باونۆڤ پسپۆڕی سەنتەری كارینگی لە مۆسكۆ دەڵێ" دەبێت تێبگەین ئەنجومەنی ئاسایش كۆبونەوەی كۆمەڵێك كەسە كە هاوڕێ نین‌و دەكرێت بكەونە ململانێوە لەگەڵ یەكتردا".  باس لەوە دەكات" هەموو ئەوەی وتویانە – لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا- تەنیا گوزارشت نەبووە لەوەی بیریان لێكردوەتەوە، بەڵكو هەوڵدانیان بووە بۆ ئەوەی لەبەردەم پوتیندا بە یەكتری نەدۆڕێنن، لەم گەمەیەدا كە دەزگا ئاگاداریەتی".  كۆبونەوەكە تیشكی خستە سەر قەبارەی كۆنترۆڵی تایبەتی ڤیلادیمیر پوتین بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە، هەروەها چۆن دەتوانێت بەشێوەیەكی ئاشكرا سەرزەنشتیان بكات‌و  بیانكات بە فیلم، بەوپێیەی هاوڕێی كۆنن، تەنیا كەمێك پارێزبەندییان هەیە.  سەرباری ئەوەی هاوڕێیەكی دێرین بوو- رەنگە هاوڕێیەتی تایبەتیش- بەڵام سێگری ناریشكین سەرۆكی هەواڵگری دەرەوە پلارێكی توندی لەلایەن پوتینەوە بەركەوت، بەهۆی ئەوەی "بەڕوونی قسەی نەكرد" كاتێك پێشنیازی كرد دەرفەتێكی تر بە "هاوبەشە خۆرئاواییەكان" بدرێت بەر لەوەی دان بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یاخیبواندا بنرێت، ئەمە بەشێوەیەكی روون، پوتینی بێزار كرد، فشاری لە ناریشكین كرد پشتیوانی خۆی بۆ داننانی خێرا بەو ناوچانەدا رابگەیەنێت، ئەمەش ئەو شتە بوو سەرۆكی هەواڵگری رەزامەندی لەسەر نیشاندا، دەركەوت كە زۆر بێزارە.  مارك جالوتی لە پەیمانگای شاهانە بۆ توێژینەوەی ئەمنی‌و بەرگریی لە تویتەر نوسی:" لە راستیدا ناریشكین لە خراپترین دۆخ رزگاری بوو، بەهۆی تێكەڵكردنەكەیەوە، پوتین پێیدا هەڵگژا. ئەم دیمەنە دەریخست ئەو خزمەتكاری سەرۆكەكەیەتی نەك هاوڕێی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەمدواییە یەكێك بووە لە راشكاوترین قسەكەرە گشتییەكان، ئەمە نیشانیدا ستایش ناكرێی لەبەر ئەوەی پێشتر خزمەتت كردووە".  جێگەی باسە، ئەندامانی تری ئەنجومەنی ئاسایش وەكو ناریشكین هەستیان بەو شەرمەزارییە نەكرد، جگە لە وەزیرەكانی بەرگری‌و دەرەوە‌و بۆرتنیكۆڤ سەرۆكی دەستەی ئاسایشی، داوا لە ئەندامانی تری ئەنجومەن كە ژمارەیان 30 كەسە نەكرا بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم قسە بكەن.  لاڤرۆڤ پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەكان نیشاندا، بەڵام شویگۆ و بۆرتنیكۆڤ توندڕەوتر بوون‌و سوور بوون لەسەر داننان بە جوداخوازەكانی سەربە روسیادا لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا.  كۆبونەوەكە هاوكات كۆبونەوەیەكی جیاواز بوو، چونكە لە تەلەفزیۆنی حكومەتی روسیاوە پەخشكرا، زۆرجار ئەنجومەنەكە بەنهێنی كۆدەبێتەوە، سەرباری بوونی گومانی لەبارەی راستی بانگەشەكانەوە، گریمانە دەكرا پەخشی راستەوخۆ بكرێت، لەكاتی تەماشاكردنی وردی ڤیدیۆكەدا چاودێران تێبینی ئەوەیان كرد، بینینی هەندێك لە ئامادەبووانی كۆبونەوەكە هاوتا نییە لەگەڵ كاتی پەخشەكەدا.  ئەنجومەنێكی تر باوەڕوایە دوور لە بەرپرسانی ئەمنی‌و وەزیری دەرەوە، پوتین كۆبونەوەی تاكەكەسیی لەگەڵ بەرپرسانی تر لە دامەزراوەی دەسەڵات‌و تەنانەت دەرەوەش دەكات.  یفگینی مینشینكۆ شیكەرەوەی سیاسی كە میدیاكانی روسیا بەشێوەیەكی بەفراوان قسەكانی بڵاودەكەنەوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ چاودێری دەستەبژێری روسیای كردووە، بەشێوەیەكی سیستماتیك راپۆرت لەسەر بازنەی نزیك لە ڤیلادیمیر پۆتین كۆدەكاتەوە كە بە "مەكتەبی سیاسی 2.0" ناویان دەبات، ئەمەش وەكو بەراوردكرنێك بە سەركردایەتی شیوعی سۆڤیەت.  لە دواین راپۆرتیدا بۆ ساڵی 2021، مینشینكۆ دەڵێ، سێرگی سوبیانین سەرۆكی شارەوانی مۆسكۆ‌و ئیگۆر سیچین سەرۆكی كۆمپانیای زەەبەلاحی نەوتی حكومەت (روسنەفت) لەناو ئەو كەسانەدان كە نزیكن لە سەرۆكەوە.  ئەوەش زانراوە كە هەردوو برای ملیاردێر (بۆریس، ئەركادی رۆتەنبێرگ) نزیكەن لە ڤلادیمیر پوتنەوە، ئەمەش بەوپێیەی كە دوو كەسی نزیكن‌و متمانەی پێیان هەیە، هەروەها هاوڕێی سەردەمی منداڵی ڤلادیمیر پوتینن، ئەم هەفتەیە ناوی ئەم دوو برایە هات لە سزاكانی بەریتانیا دژ بە روسیا. لە ساڵی 2020دا گۆڤاری فۆربس ناوی ئەم دوو برایەی وەكو دەوڵەمەندترین خێزان لە روسیادا هێنا.   


 (درەو):  بەبێ كورد، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ هەڵبژاردن‌و روبەڕووبونەوەی ئەردۆغان‌و كۆتایهێنان بە سیستمی سەرۆكایەتی. دوێنێ شەو، لە یەكێك لە بیناكانی ناوچەی (چانكایا) لە ئەنكەرەی پایتەخت، سەرۆكی (6) پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كۆبونەوە، كە بریتی بوون لە:  •    كەمال كلیچدار ئۆغلۆ: سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی •    خاتو میراڵ ئەكشنەر: سەرۆكی پارتی (چاك) •    تەمەل كەرەمۆلاغڵۆ: سەرۆكی پارتی سەعادە •    عەلی باباجان: سەرۆكی پارتی چارەسەر •    ئەحمەد داودئۆغلۆ: سەرۆكی پارتی ئایندە •    گۆڵتكین یوساڵ: سەرۆكی پارتی دیموكراتی دوای كۆبونەوەكە، ئەم سەركردانەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، هۆكاری هەموو نەهامەتییەكانی توركیایان خستە ئەستۆی سیستمی "سەرۆكایەتی"، رایانگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەركەوتوو بن، ئەوان سیستمی حوكمڕانی توركیا دەكەنەوە بە "پەرلەمانیی".    سیستمی پەرلەمانی لە توركیا، ساڵی 2017 لە راپرسییەكی گشتیدا هەڵوەشێندرایەوە كە ئەردۆغان رێكیخستبوو، دوای ئەم راپرسییە لە ساڵی 2018وە سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆی ئەم سیستمە نوێیەی حوكمڕانییەوە، رەجەب تەیب ئەدرۆغانی سەرۆكی وڵات دەسەڵاتەكانی بەهێزتر بوو، هەندێك دەسەڵاتی لە پەرلەمان وەرگرتەوە.  ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا، كوردو بە دیاریكراوی پارتی (دیموكراتی گەلان- هەدەپە)یان بانگهێشتی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە نەكرد، ئەمە لەكاتێكدایە سەرەڕمی روبەڕوبوونەوەی دەسەڵاتەكانی ئەردۆغان لە ساڵانی رابردوو دۆزی كورد‌و هەدەپە بووە، رەنگە بانگهێشت نەكردنی هەدەپە بۆ ئەم هاوپەیمانێتییە لە روویەكیدا پەیوەندی بە ترسی ئەم لایەنانەوە هەبێت لە كاردانەوەی ئەردۆغان لە حاڵی بەشداربوونی هەدەپەدا، بەتایبەتیش كە ئەردۆغان زۆرینەی سەركردەكانی ئەم پارتە كوردییەی سزاداوە‌و روبەڕووی زیندانی كردونەتەوە.  ئەم شەش لایەنە لە راگەیەندراوی كۆبونەوەكەیاندا، باسیان لە تێڕوانینی خۆیان بۆ چۆنیەتی چارەسەری دۆزی كورد نەكرد، بەڵام دەڵێن دەیانەوێت سیستمێكی بەهێزی "لیبڕاڵ‌و دیموكرات‌و دادپەروەر" دروست بكەن كە تێیدا دەسەڵاتەكان لە یەكتر جیابكرێنەوە‌و شەفاف بێت‌و ملكەچ بێت بۆ دادگا. كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی ئەم لایەنە سیاسییانەی توركیای كۆكردوەتەوە، كلیچدارئۆغلۆ هەفتەی رابردوو رایگەیاند، بەنیازم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، خۆم لەبەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندید بكەم.  هاوپەیمانی‌و قەیرانی ئابوری ! ئێستا كە دۆخی ئابوری توركیا قۆناغێكی نوێی داكشان بەخۆوە دەبینێت‌و نرخی كاڵا بەشێوەیەكی بێ پێشینە بەرزبوەتەوە، سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت لەرێگەی هاوپەیمانێتییەكی نوێوە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا گورزی خۆیان بوەشێنن‌و كۆتایی لە دوو دەیە لە دەسەڵاتی رەهای ئەردۆغان‌و پارتی دادو گەشەپێدان بهێنن.  هەفتەی رابردوو، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (فایننشال تایمز)ی بەریتانی بڵاویكردەوە، نوسەر (دڤید گاردنەر) نوسیبووی" لەوكاتەوە كە لە توركیا دیموكراتیەتی پەرلەمانی گۆڕدراوە بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی هاوشێوەی ئەوەی روسیا، دەسەڵاتی ئەردۆغان بێ سنورە، بەڵام پەساندنی حوكمی تاكە كەسێك، وایلێكرد هەڵەی شێتانە بكات، ئەمەش دوای ئەوەی دەستبەرداری هەموو كەسە دامەزرێنەرەكانی پارتی دادو گەشەپێدان بوو هەروەها هەموو ئەو كەسانەی وەلانا كە شارەزای ئابوری بوون، هیچ كەسێكی بە دەورەوە نەماوە كە بتوانێت رەخنە لە دەسەڵات بگرێت".  نوسەر باسی لەوەكردووە، ئەردۆغان گەیشتوەتە دۆخێك كە توانای نییە پاشەكشێ لە سیاسەتە وێرانكەرە ئابورییەكانی بكات، بەتایبەتیش كە باوەەڕ وایە بەرزكردنەوەی نرخی سود دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان نەك كەمكردنەوەی. 


  (درەو):  "ڤلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا چی لە ئۆكرانیا دەوێت ؟" ئەمە پرسیاری رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانیایە.  رۆژنامەكە باسلەوە دەكات، سەرباری ئەوەی وتەبێژە فەرمییەكانی روسیا رۆژانە رەتیدەكەنەوە مۆسكۆ هیچ نیازێكی هەبێت بۆ هێرشكردن بۆسەر ئۆكرانیا‌و پۆتن-یش هەمان قسەی لای ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا‌و بە تەلەفۆنیش لەگەڵ بایدن كردووە، بەڵام ئەم رەتكردنەوەیە دوو كێشەی تێدایە: یەكەم: كەمینەیەك لە حكومەتەكانی خۆرئاوا باوەڕ بەم قسەیەی روسیا دەكەن. دووەم: پۆتن روونی نەكردووەتەوە ئەگەر بەنیازی شەڕ نییە، بۆچی زیاتر لەنیوەی هێزە چەكدارەكانی روسیا (زیاتر لە 130 هەزار) سەربازی لەسەر سنوری ئۆكرانیا كۆكردوەتەوە ؟. بۆ زانینی وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەبێت سەرەتا وەڵامی ئەم پرسیارانەی تر بدرێتەوە.  چی شتێك بۆتن دەجوڵێنێت ؟ چەندین تێگەیشتن هەیە، هەندێكیان دەڵێن پۆتن دەیەوێت سەرلەنوێ بازنەی هەژمونی روسیا لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا دابڕێژێتەوە، بەتایبەتیش لە كۆمارەكانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەت لەوانە (ئستوانیا، لاتیڤیا، بیلاروسیا، جۆرجیا، لیتوانیا، ئۆكرانیا).  وەكو رۆژنامە بەریتانییەكە دەڵێ" لەدوای كەوتنی یەكێتی سۆڤیەتەوە، پۆتین داخی زۆری بۆ لەدەستدانی ئەم وڵاتانە هەڵڕشتووە". سەرباری ئەوەی بەگوێرەی هەموو پێوەرەكان (ئەمباری چەكە ئەتۆمییەكان‌و لایەنی جوگرافی)، روسیا لەڕووی هێزەوە توانایەكی مامناوەند‌و تاڕادەیەكیش شكستیخواردووە، بەڵام پۆتن دەیەوێت بە وڵاتانی خۆرئاواو روسەكانیشی نیشان بدات كە هێشتا روسیا زلهێزە. بۆچی ئۆكرانیا ؟  پۆتن دەترسێت، ئۆكرانیا كە لەڕووی ستراتیژییەوە گرنگە‌و زاڵە بەسەر كەناری باشوری خۆرئاوای روسیادا، زیاتر لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا تێكەڵ ببێت، بۆیە دژی نزیكبونەوەی ئۆكرانیایە لە (ناتۆ)، هەروەك دژی بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی (كییڤ)ە لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپادا.  لەڕوانگەی پۆتن-ەوە، خراپتر لەمەش ئەوەیە، ئۆكرانیایەكی دیموكرات دروست ببێت كە رێز لە ئازادی رادەربڕین‌و رۆژنامەگەریی بگرێت‌و لەبەرامبەردا روسەكان ئەم ئازادییەیان نەبێت، ئەمەش لە كۆتایدا وا دەكات پۆتن تاوەكو سەر لە دەسەڵاتەكەیدا نەمێنێتەوە.  ئاخهەڵكێشان بۆ رابردوو بەشێكی ترە لە بیروبۆچوونی پۆتن، كە پێیوایە ئۆكرانیا بەشێكی جیانەكراوەی مێژوویی روسیایە‌و لەدەستدانی لە جەنگی سارددا، شكست بوو بۆ روسیا. بۆچی لەم كاتەدا ؟ پۆتن هەست دەكات وڵاتانی خۆرئاوا لاوازتر بوون، بەتایبەتیش دوای بێدەسەڵاتبوونی پەیمانی (ناتۆ) لە ساڵی رابردوودا لە ئەفغانستان، پێیوایە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا هەڵمەتی كۆتایهێنانی جەنگەكانی راگەیاندووە‌و هیچ ئاماژەیەك بۆ تێوەگلانی ئەمریكا لە جەنگێكی نوێدا بوونی نییە.  پۆتن تێبینی ئەوەی كردووە، سەرەنجی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا‌و توانا سەربازییەكانی تەرخانكراوە بۆ چین، نەك ئەوروپا.  لەسەر ئاستی ناوخۆییش، پۆتن دەیەوێت سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكات بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی‌و چاوپۆشیكردن لە بڵاوبونەوەی گەندەڵی‌و بەهانە هێنانەوە بۆ ئەو بارە نالەبارەی كە روسەكان بەهۆی سزاكانی خۆرئاواوە دووچاری بوون (ئەو سزایانەی كە لە دوای هێرشی یەكەمی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا لە 2014وە بەسەر روسیادا سەپێندراون).  پۆتین چی دەوێت ؟ بۆ ئەوەی كۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت، پۆتن دەیەوێت خۆرئاوا بەڵێنی پێبدەن ئۆكرانیا یاخود (جۆرجیاو مۆڵدۆڤا) بۆ هەتا هەتایە وەكو ئەندام لە پەیمانی (ناتۆ) وەرناگرن.  هەروەها دەیەوێت پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەو وڵاتانە بكشێنەوە كە ئەو ناوی لێناون هێڵی (روبەڕووبونەوە) كە بریتین لە (پۆڵەندا، رۆمانیا، بولگاریا)، ئەم وڵاتانە پێشتر لەناو پەیمانی لەناوچووی (وارسۆ)دا بوون.  هەروەك دەیەوێت، ئۆكرانیا قایل ببێت بە سەپاندنی ئۆتۆنۆمی لە ناوچەی (دونباس)‌و دەستهەڵگرتن لە داواكارییەكانی بۆ گەڕاندنەوەی دورگەی (كریمیا) ئەمەش وەكو بەشێك لەوەی كە ناوی لێناوە "رێككەوتنەكانی مینسك"، پۆتن دەیەوێت پرۆسەی بڵاوبونەوەی موشەكە مامناوەندەكانی ئەمریكا لە ناوچەی خۆرهەڵات‌و باشوری ئەوروپا رابگرێت یاخود سنوردار بكات.  بەڵام دیارترین خواستنی پۆتن لە قەیرانی ئۆكرانیادا بریتییە لە دووبارە دیزاینكردنەوەی "ژێرخانی ئەمنی" ئەوروپا، بۆ جۆرێك هەژموونی روسیای تێدا فەراهەم كرابێت‌و بازنەی جیۆسیاسی خۆی بەرفراوان بكات. وەڵامی ئەمریكا بۆ زۆرینەی ئەم پرسیارانە (نەخێر) بووە، بۆیە قەیرانەكە تەقیوەتەوە. 


(درەو): روسیا سیناریۆی سوریا دووبارە دەكاتەوە، خاكی ئۆكرانیا داگیر ناكات، لەسەر سنورەوە ئاگرباران دەكات‌و ئەمباری چەكی ئۆكرانیا لەناو دەبات، ئاژاوەی سیاسی لە ئۆكرانیا دروست دەكات، پێشبینییەكان بەمشێوەیەن.  قسەكانی پێشووی ئیدارەی ئەمریكا لەبارەی ئەوەی ئەگەری چونەناوەوەی روسیا بۆ ناو خاكی سوریا ئەگەرێكی دوورە، دەریدەخات رەنگە ئەمریكا لە بەكەمگرتنی مۆسكۆدا لە قەیرانی ئۆكرانیا، سەرلەنوێ بكەوێتە هەڵەوە.  سایتی (ناشۆناڵ ئنترێس) دەڵێ" ئەمریكا بەر لە چەند ساڵێك بەدووری دەزانی روسیا بچێتە ناو خاكی سوریاوە، ئەمە هەڵە دەرچوو، هێزەكانی روسیا‌و فڕۆكە جەنگییەكانی چونە ناو دڵی قەیرانی سوریاوە".  سایتەكە باسلەوە دەكات، هەندێك وانە هەن كە دەبێت ئەمریكا سودیان لێ ببینێت، ئەمەش لەڕێگەی چاوحشاندنەوە بە دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا، ئەمە هەندێك ئاماژە لەبارەی قەیرانی ئێستای روسیاو ئۆكرانیا بەدەستەوە دەدات". چوار وانە لە سوریاوە یەكەم: دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا، لەبری جەخت خستنەسەر گەڕاندنەوەی خاك بۆ ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەشار ئەسەد، بەشێوەیەكی سەرەكی چڕبووەوە لە وێرانكردنی توانای هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی سوریا. ساڵی 2015 كاتێك هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن توانایان بۆ دروستكردنی فشار لەسەر دیمەشق زیاتر بوو بۆ لادانی ئەسەد لە دەسەڵات، كرملین بڕیاریدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ بچێتە ناو ململانێكانی سوریا، ئەمەش لەرێگەی بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی‌و گورزی موشەكیی، لەمەشدا تیمی سەربازی روسیا كاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكرد.  دووەم: سوربوونی روسەكان لەسەر بەجهێشتنی " كەمترین شوێن پێ" لەسەر خاكی سوریا، ئەمەش لەو رێگەی سەرەنج ناخەنە سەر داگیركردنی خاك‌و بەرپرسیارێتی حوكمڕانی لە سوریا ناگرنە ئەستۆ.  تەنانەت روسەكان لە چەندین حاڵەتدا نێوەندگیرییان كرد بۆ راگرتنی شەڕ‌و هێشتنەوەی ناوچە گرنگەكان لە دەستی خاوەنەكانیاندا، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەدا حكومەت كۆنترۆڵی بەشێكی زۆری خاكی سوریا بكات‌و پاشان سەرلەنوێ هەژموون بۆ حكومەتی دیمەشق بگەڕێندرێتەوە.  سێیەم: هەر كاتێك پێویست بە هێزی زەمینی بوبێت، روسەكان پەنایان بۆ كۆمپانیای سەربازی تایبەت یاخود هێزی سەربازی نارێكخراو بردووە، ئەمە وایكرد سەربازانی روسیا لە سوریا كەمتر بە جلوبەرگی فەرمییەوە دەربكەون‌و زیانی گیانیشیان كەم بێت.  دواجار لەرێگەی وەشاندنی موشەكی (كالیبر كروز) لە گەشتیگەلی دەریای قەزوینەوە، روسەكان توانای خۆیان لە وەشاندنی گورزی كوشندە نیشاندا لەو بنكانەوە كە لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی خۆیاندایە. بەكارهێنانی ئەو كەشتیانەی كە لە دەریای قەزویندان، ئەو پەیامەی گەیاند كە توانا سەرەكییەكانی روسیا پێویستیان بەوە نییە ببرێنە ناوچەكانی ململانێوە‌و روبەڕووی مەترسی بكرێنەوە.  ستراتیژیەتێكی پتەو لە ئۆكرانیا هەڵمەتی سەربازی روسیا لە سوریا ئاماژەی ئەوەمان پێدەدات ئەگەر روسیا بڕیار بدات هێزی سەربازی دژی ئۆكرانیا بەكاربهێنێت، ئەوان پەنا بۆ وەشاندنی گورزی دوور مەودا دەبات بۆ وێرانكردنی جبەخانەی ئۆكرانیا، بەتایبەتیش ئەمباری فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی‌و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازییە رێكخراوەكانی.  حاڵەتی سوریا ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە روسەكان تا بۆیان بكرێت خۆیان بەدوور دەگرن لە پەڕینەوە لە سنور‌و لەسەر هێڵی سنورەوە ئاگری خۆیان دەوەشێنن.  ژماری هێزی تایبەتی ئۆكرانیا بۆ جەنگ‌و بەكارهێنانی چەكی ئەمریكی دژی تانك‌و زرێپۆشەكانی روسیا، كاراییان نابێت ئەگەر روسیا هاوشێوەی هێرشەكەی بۆسەر سوریا، هێرش بكاتە سەر ئۆكرانیاش.  لەكاتێكدا هەندێك پێشبینی دەكەن، روسیا هەڵمەتی زەمینی ئەنجام بدات بۆ داگیركردنی خاكی ئۆكرانیا، دەستەی گشتی ئەركانی سوپای روسیا پلان دادەنێت بۆ وێرانكردنی توانا‌و لاوازكردنی رۆحی مەعنەوی سوپای ئۆكرانیا‌و دروستكردنی دۆخی ئاژاوەی سیاسی لەو وڵاتە.  ئەمریكا گریمانەی كردبوو روسیا "ترس"ی هەیە لە سەرچڵیكردن‌و رۆیشتن بۆ سوریا، ئەم هەڵەیەی ئەمریكا دەكرێت لە ئێستا لە ئۆكرانیاش دووبارە ببێتەوە.   


 راپۆرتی: درەو کازاخستان دووەم گەورەترین یەدەگی هەیە لە سەرچاوەی کانزاکانی (یۆرانیۆم، کرۆم، رەساس و زینگ) و سێیەم گەورەترین یەدەگی مەنگەنیز و پێنجەم گەورەترین دەوڵەمەنترینە لە یەدەگی (مس) و لە دە یەکەمەکەی جیهانە لە یەدەگی (غەڵوز و ئاسن و ئاڵتوون) بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کازاخستان پلەی دەیەمی هەیە لە سەرمایەی سروشتیدا (نەوت و غازو کانزاکان)، بەم پێیەش یەکێکە لە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی جیهان. بەڵام لە ساڵی (1991)ەوە تا ساڵی (2019) بۆ ماوەی پێنج خول تەنها (نور سوڵتان نزار باییف) سەرۆکایەتی کردووە و لەسەردەمی ئەوو دوای ئەویش دەسەڵات هەر دەنگیێکی ناڕازی کپ و سەکوت کردو وە، جا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هێزی دەوڵەتەکەوە بووبێت یان هێنانی هێزی دەرەکییەوە بووبێت. کازاخستان کازاخستان یەکێکە لەو دەوڵەتانەی هەدوو کێشوەری ئاسیاو ئەوروپا پێکەوە دەبەستێت و بەشێکی فراوانی دەکەوێتە کیشوەری ئاسیاو بەشێکیشی دەکەێتە خۆرهەڵاتی ئەوروپا، بە دیاریکراوی دەکەوێتە ئەوە ناوچەیەی کە بە ئاسیای ناوەڕاست ناسراوە کە دەوڵەتانی ((ئۆزپاکستان، تورکمانستان، کازاخستان، تاجاکستان و قیرغیزستان) دەگرێتەوە. دراوسێکانیشی بریتین لە هەریەک لە وڵاتانی (لە باکور و ڕۆژئاواوە روسیا، لە باشور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە چین، لە باشوریشەوە هەریەک لەچین و قیرغیزستان، ئۆزپاکستان و تورکمانستان، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بەشێکی فراوانیشی دەڕوانێت بەسەرددەریا داخراوەکەی قەزوین)دا. سەرەڕای ئەوەی بەشێکی سنورەکەی دەکەوێتە سەر دەریای قەزوین، بەڵام بەیەکێک لە دەوڵەتە داخراوەکان (Landlocked country) دادەنرێت، چونکە ئەو دەریایە ناتوانێت بە جیهانی دەرەوەی ببەستێت و دەریاکە بۆخۆی داخراوە. لە ڕووی ڕووبەری جوگرافییەوە نۆیەم گەورەترین دەوڵەتی جیهانە، لە کیشوەری ئاسیاش سێیەم گەورەترین دەوڵەتە و ڕوبەرێکی فراوانی هەیە کە بریتییە لە (2 ملیۆن و 724 هەزار و 900) کیلۆمەتر چوارگۆشە. لە ڕووی کارگێڕییەوە دابەش بووە بەسەر (14) ویلایەت و (160) کەرت و (10) شارەوانییەوە، لە ساڵی (1929) تا ساڵی (1997) شاری (ئەلماتی) پایتەختی وڵاتەکە بووە، بەڵام لە ساڵی (1998)ەوە (نور سوڵتان نزار باییف - سەرۆکی وڵات) پایتەختی دەوڵەتەکەی گواستەوە بۆ شاری (ئاستانا) و لە ساڵی (2019) ناوی شارەکەی گۆڕی بۆ (نور سوڵتان) کە گەورەترین شاری وڵاتەکەیە لە ڕووی ڕووبەرەوە. بەپێی ئامارەکانی ساڵی (2021) ژمارەی دانیشتوانەکەی بریتییە لە (19 ملیۆن و 44 هەزار و 688) کەس، بەم پێیەش (0.24%)ی دانیشتوانی جیهان پێدەهێنێت. دانیشتوانەکەی زۆرینەی کازاخین و سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەو ئاینی دیکە لە وڵاتەکە دەژین لە ڕووی ئانیشەوە نزیکەی (70%) دانیشتوانەکەی موسڵمانن و بەشێکی کریستان و کەمە ئاینییەکانی دیکەن. بەپێی زانیارییەکان لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەکان دووەم گەورەترین یەدەگی هەیە لە سەرچاوەی کانزاکانی (یۆرانیۆم، کرۆم، رەساس و زینگ) و سێیەم گەورەترین یەدەگی مەنگەنیز و پێنجەم گەورەترین دەوڵەمەنترینە لە یەدەگی (مس) و لە دە یەکەمەکەی جیهانە لە یەدەگی (غەڵوز و ئاسن و ئاڵتوون) بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کازاخستان پلەی دەیەمی هەیە لە سەرمایەی سروشتیدا (نەوت و غازو کانزاکان)، بەم پێیەش یەکێکە لە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی جیهان و گەورەترین ئابوری ناوچەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و  بەڕێژەی (60%) پێداویستییەکانی ئەو ناوچەیە دەبین دەکات.    پێگەی سیاسی کازاخستان کازاخستان سەرەڕای ئەوەی خاوەن ئابورییەکای بەهێزە لە ناوچەکەی خۆی، گرنگییه‌کی گه‌وره‌شی بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت هه‌ژموونی سیاسی و ئابوری خۆیان له‌ ناوچه‌که‌ زیاد بکه‌ن، لەسەر و هەموانیشەوە "روسیا" که‌ له‌ ڕابردووداوو به‌درێژایی مێژووی روسیا ئه‌م ناوچه‌ جوگرافییه‌ ناوچه‌یه‌کی هه‌ستیار و گرنگ بووه‌ بۆی، هه‌ر له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی (18)ه‌وه‌ تا شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری (2017) و درێژدەبێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد تا دەگات بە دەسەردەمی ئەمڕۆ، چونکه‌ خاوه‌ن کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی سه‌رچاوه‌ی جوگرافی و جیۆسیاسی و سه‌رچاوه‌ی درێژبوونه‌وه‌ی پارێزگاری و ئارامی و سیستمی سیاسی له‌ روسیا. سەردەمێکیش گۆڕەپانەکەی ناوچەیەکی گرنگ بوو لە دەستپێکی بونیادنانی چەکی ناوکی لە سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و سەرۆکایەتی نور سوڵتان نزار باییف کازاخستان پێش (31) ساڵ و لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت، وەک دواین کۆماری یەکێتییەکە سەربەخۆیی ڕاگەیاند، هەر لە سەرەتاشەوە لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە وڵاتەکە تەبەنی سیستمی سەرمایەداری کرد. لە ڕووی سیستمی سیاسییەوە  کار بە سیستمی سەرۆکایەتی کراو دەسەڵاتەکان لە وڵاتدا بەم شێوەیە بوون. لە کازاخستان دەسەڵاتی جێبەجێکردن بریتییە لە سیستمێکی دوانەیی (سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حکومەت)، بەپێی دەستور سەرۆکی دەوڵەت سیاساتی حکومەت دادەڕێژێت، دەسەڵاتی ئقالەکردنی حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە، هەر خۆیشی سەرۆکی هەرێمەکان و یەکە ئیدارییەکانی وڵاتەکە دیاری دەکات، نوسینگەی سەرۆک سەرپەرشتی سیاسەتی دەرەوەو پرۆسەی وەبەرهێنانی بیانی لە وڵاتەکە دەکات. هەوروەها سەرۆکی دەوڵەت دادوەری ویلایەت و یەکە کارگێڕییەکان دیاریدەکات و ئەنجومەنی شارو ویلایەتەکان بە هەڵبژاردن دێن و دەسەڵاتە خزمەتگوزارییەکان مومارەسە دەکەن. هەرچی پەرلەمانی ئەو وڵاتەشە لە دوو ئەنجومەن (نوێنەران و پیران) پێکدێت. نور سوڵتان نزارباییف کێیە؟ نور سوڵتان نزار باییف لە دایکبووی (6ی حوزەیرانی 1940)ە لە کازاخستان (یەکێتی سۆڤییەت) لە ساڵی 1962ەوە پەیوەندی بە حیزبی شیوعی سۆڤییەتی (CPSU)ەوە کردووە.  سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بووە لە ساڵی (1984 – 1989) و لە ساڵی (1990) ئەنجومەنی باڵای سۆڤییەت لە کازاخستان (نزار بایف)ی بە سەرۆکی کۆمار هەڵبژارد.  لە کانونی یەکەمی 1991 کازاخستان سەربەخۆیی خۆی لە یەکێتی سۆڤییەت ڕاگەیاند، هەر لەو کاتەوە نور سوڵتان نزار باییف سەرۆکایەتی وڵاتەکەی گرتە دەست و بۆ ماوەی (5) خول تا (20ی ئازاری 2019) لە پۆستەکەی مایەوە. خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی (1991)ەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵات دەستپێدەکات تا ساڵی (1995) و لە ڕاپرسییەکی گشتیدا بە ڕەزامەندی (95.5%)ی بەشداربووان ماوەکەی تا ساڵی (2000) بۆ درێژکرایەوە، کە بە درێژکراوەی خولی یەکەمی ناوبراوە. خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی پێش تەواو بوونی ماوەکە بە چەند مانگێک و لە ساڵی (1999) دەستپێدەکات کاتێک لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا (81%)ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت، لە هەمان ساڵدا پارتی (نور ئاتان)ی دامەزراندو توانی کۆنتۆڵی زۆربەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە بباتەوە. ئەم خولەی تا ساڵی (2006) بەردوام بوو. خولی سێیەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی (2006)ەوە دەستپێدەکات کاتێک لە (4/12/2005)ەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵات ئەنجام درا (نور سوڵتان نزار باییف) توانی (91.15%)ی دەنگی دەنگدەرانی وڵاتەکەی کۆ بکاتەوە لە (11/1/2006) سوێندی یاسایی خوارد. لەم خولەدا لە (18/5/2007) پەرلەمانی وڵاتەکە لە ڕێگەی هەمواری دەستورەوە ڕێگەی بۆ (نور سوڵتان نزار باییف) خۆشکرد کە بتوانێت بۆ دوو خولی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتەکە بپاڵێوێتەوە. هەر لەم خولەدا بوو ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵات لە (12/5/2010) ناسناوی (زەعیمی نەتەوە)ی پێ بەخشی و تا ساڵی (2011) کۆتایی بەم خولەشی هات. خولی چوارەمی سەرۆکایەتییەکەی (نور سوڵتان نزار باییف) لە (3/4/2011)ەوە دەستپێدەکات کاتێک لە هەڵبژادندا توانی دەنگی (95%) دەنگدەرانی وڵات بەدەست بهێنێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا بووە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە باکۆت کرابوو سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ناڕەزایی بەرفراوان و دروستکرنی لەمپەر بۆ چاودێرانی هەڵبژاردنەکە، بەپێی ئەو تێبینییانەی چاودێرانی نێودەوڵەتی توماریان کردبوو بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڕەشەو ئاستەنگ و بۆ لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسە حیزبییەکان ئەنجام درابوو. تا ئەوەی ناڕەزاییەکی بەرفراوان بەشێک لە شارەکانی گرتەوەو چەندین کوژاروو برینداری لێکەوەتەوە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشیان کرابووە سەر. خولی پێنجەم و کۆتایی لە (26/4/2015) بە کۆکردنەوەی (95%)ی دەنگەکان دەستپێدەکات و لە (19/ئایاری/ 2019) کۆتایی بەم خولەی سەرۆکایەتییەکەشی هات.   نور سوڵتان نزار باییف هاتنی قاسم جۆرمات تۆکاییف و سەرهەڵدانی قەیرانە نوستووەکان له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی (قاسم جۆرمات تۆکاییف) به‌ کورسی سه‌رۆکایه‌تی وڵاتی کازاخستان، لە (19/ئایاری/2019) و دوای دەستلەکارکێشانەوەی (نور سوڵتان نزار باییف) خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ به‌هیوا بوون لانی که‌م گۆڕانکاری له‌ ژیانیان ڕووبدات به‌ره‌و ژیانێکی باشتریان بۆ دەستەبەربێت، له‌سه‌ره‌تاوه‌ شاره‌زایان باسیان له‌وه‌ ده‌کرد نمونه‌ی قۆناغێکی گواستنه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتوو له‌ کازاخستان ڕووده‌دات گۆڕانکاری له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆکایه‌تی وڵات گۆڕانکاری جه‌وهه‌ری له‌ڕووی سیاسی و ئابورییەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ده‌رگای خێریان به‌ڕوودا ده‌کرێته‌وه‌. بۆیە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی وڵاتەکە لە (9/ حوزەیران/2019) (قاسم جۆرمات) توانی (70%)ی دەنگەکان بە دەستبهێنێت ببێت بە یەکەم سەۆکی وڵاتەکە دوای (نور سوڵتان) و دووەم سەرۆک لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەکە. هەرچەندە چاودێرانی هەڵبژاردنەکە پێشێلکاری زۆرو نەڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیان تۆمارکردبوو لە پێش و کاتی ئەنجامدانی هەرڵبژاردنەکە، هەر بۆیە بەشێک لە چاودێران پرۆسەکەیان بە شانۆ وەسفکرد. بەڵام دوای ئەو هەنگاوە ڕوونە بۆ گرنتی کردنی گواستنەوەیەکی ئاسانی دەسەڵات لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتدا، لەگەڵ ئەوەی (نور سوڵتان نزار بایف) لە (19ی ئازاری 2019) دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی کرد، بەڵام لەسەرەتادا پارێزگاری لە پۆستە سەرەکییەکانی دروستکردنی بڕیار لە وڵاتەکە کردبوو، لە نێویشیاندا سەرۆکایەتی کردنی پارتی فەرمان ڕەواو ئەنجومەنی ئاسایش و لەسەروو هەموویەوە وەک "زەعیمی نەتەوە"، لە کۆتایی ڕێگەکە حیزبی تەسلیم کردەوەو (قاسم جۆرمات تۆکاییف) هەڵبژێردرا.  له‌گه‌ڵ گه‌یشتن به‌ ساڵی نوێی (2022) ئاستی ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵکی کازاخستان ڕووی له‌ بەرزبوونەوە کرد، به‌ ئاستێک گه‌یشت سه‌رنجی زۆربه‌ی که‌ناڵ و ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و چاودێران و شیکه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌کانی بۆخۆی ڕاکێشا، باس له‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی داهاتووی ململانێ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌کان له‌ ئاسیای ناوه‌ڕست دەکرا، ئەگەر چی تیشک خرایە سەر بەزبوونەوەی نرخی غاز شل وەک هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان، بەڵام لە قوڵاییدا هۆکاری گەورەتر هەبوون. شارەزایانی بوارەکە (کازاخستان) پێیان وایە سیستمەکە کۆمەڵێک یاسای داڕشتووەکە ڕێگربووە لە هەر شەپۆل و تێڕوانین و ئاراستەیەکی پێچەوانەی کارەکانی حکومەت، چونکە لە ڕابردوودا حکومەت بەرهەڵستی هەر کیان و ڕەوت و هێزێک دەبوویەوە کە هەوڵی دەرچوونی لەو چوارچێوەیە بدایە کە دیاری کربوو سەرکوت دەکرا، لەو ماوەیەدا سیستمەکە سەرکوتکاری ئازادی و مومارەسە سیاسییە پێچەوانەکانی دەکرد تا ساڵی (2019) قەیرانی کازاخستان سەریهەڵدا.   قاسم جۆرمات تۆکاییف ڕەگ و ڕێشەی قەیرانەکە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی کازاخستان لە شوباتی 2019 بەدیارکەوت کاتێک خێزانێک لە ڕوداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە پایتەختی وڵات (نور سوڵتان) پێنج ئەندامیان سوتان و کوچی دواییان کرد، ئەوە لە کاتێکدابوو باوکیان چووبووە سەر کاری شەوانە بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکە، ئەمەش بووە سەرەتای بزیسک و پرشنگی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایتییەکان لە ژێر کاریگەری ئەو ڕووداوەدا، لەدوای دوو هەفتە لە ناڕەزایەتییەکان و بەرفراوانبوونی لە دەرەنجامی کەڵەکە بوونی قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوری سیاسییەکانی کازاخستان بوو، ناڕەزایەتییەکان هەموو شاری (نور سوڵتان)ی گرتەوە لە کاتی بۆنەی ساڵانەی سەرداری شار کە ناسراوە بە "بەختی سوڵتانۆڤ" سەرۆک (نور سوڵتان نزار باییف) ژمارەیەک بڕیاری زۆری دەکرد بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکەو ڕاگرتن و تەشەنەسەندنی داواکارییەکان، لە نێویشیاندا ئیقالە کردنی سەرۆکی حکومەت (بەخیتشان ساجینتاییف)  لەو کاتەدا سەرۆکی ئەنجومەنی پیران (قاسم خۆرمات تۆکاییف) شوێنی گرتەوە، لەگەڵ ئەو هەوڵانە بۆ چاکسازی لە ئاستی خواستی ناڕەزاییەکان نەبوو، بۆیە سەرۆکی کۆمار لە (19 ی ئازاری 2019) دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە (قاسم جۆرمات تۆکاییف) شوێنی گرتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکی کۆمەڵگا پێیان وابوو کە ئەمە دووبارە بوونەوەی (نزار بایف)ە بە هاوشێوە یان جێگرەکەی . بەڵام ئەم دەست لەکار هەڵگرتنەی (نزار باییف) لە ڕۆژنامەو گۆڤارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بووە جێی سەرنج و بە بازدانێکی نەوعی درا لە قەڵەم بووە سەرەتای بەرقەرابوون ئاشتی لە مێژووی سیاسی وڵاتەکە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نەهات کە (نور سوڵتان نزار باییف) لە گۆڕەپانەکە چووبێتە دەرەوە، بەڵکو کارکردن لە پۆستە حکومی و سیاسییە هەستیارەکان لە نێویشیاندا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، سەرەڕای سەرکردایەتی کردنی حیزب (نور ئاتان) و بەدەستهێنانی مافی ڤیتۆ لە دامەزراندنی وەزیرەکان و دادوەرانی کەرتەکان ژمارەیەکی دیکەی گەورە بەرپرسانی ئیسغلال کردبوو. ئەمە سەرەڕای ئەوەی له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ ده‌یه‌ی (نزار باییف) له‌ ده‌سه‌ڵات بوو، دامه‌زراوه‌ گشتی به‌ پێچه‌وانه‌وه قۆسترابوویه‌وه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی سه‌رۆک و چه‌سپاندنی سیستمێکی سه‌رکوتکه‌ر و کۆنترۆڵکردنی دامەزارەو یەکە ئابورییەکانی وڵاتەکە بۆ نزیک و هاوڕێ و دۆستەکانی خۆی. تا لە کۆتایەییەکانی ساڵی (2021) (نور سوڵتان نزار بایف) لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دوورخرایەوە.  لەگەڵ دەستپێکی ساڵی (2022) دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی زۆر، داواکارییەکان دەستی پێکرد.   بەهۆی زیادبوونی ئاستنه‌گه‌ ئابورییه‌کان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە سه‌ریکێشا بۆ سه‌ره‌تایه‌کی نوێی ناڕه‌زایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی پاشان زیابوونی نرخی غاز و سوته‌مه‌نی بووه‌ هۆی توڕه‌ییه‌کی به‌رفراوانی هاوڵاتیانی وڵاته‌که‌ و سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زاییه‌تیه‌کی به‌رفراوان له‌ شاره‌کانی ناوه‌ڕاستی دەوڵەت و ته‌شه‌سه‌ندنی. دوای کوژرانی لە (164) هاوڵاتی و گرتنی زیاتر لە (6000) خۆپیشاندەرو بینداربوونی هەزاران کەس لە هاوڵاتی هێزە ئەمنییەکان. بە دەستێوەردانی ڕاستەخۆی هێزی سەربازی ڕووسی و وڵاتانی هاوپەیمانی لە (ڕێکخراوی ئاسایشی بەکۆمەڵ) ناڕەزیەتییەکان کۆتایی پێهێنرا.   بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:   کارینا فایزولینا، احتجاجات كازاخستان: بحث في الخلفيات والتداعيات والسيناريوهات المحتملة، مرکز الجزیرة للدراسات، علی الموقع؛ https://studies.aljazeera.net/sites/default/files/articles/documents/2022-02/%D9%86%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%AC%20%D8%AA%D9%86%D9%85%D9%88%D9%8A%D8%A9%20%D9%88%D8%A7%D8%B9%D8%AF%D8%A9%20%20%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9%20%D8%A3%D8%B1%D8%A8%D8%B9%20%D8%AF%D9%88%D9%84%20%D8%A5%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A%D8%A9.pdf   أحمد خليل أرتيمتي - عماد الشيخ داود، الأزمة الكازاخستانية ما بين الحراك الداخلي والتدخل الروسي، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/01/9ytfdd2.pdf محمد مروان، أين تقع كازاخستان، علی الموقع؛ https://mawdoo3.com/%D8%A3%D9%8A%D9%86_%D8%AA%D9%82%D8%B9_%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86#.D8.A7.D9.84.D8.AF.D9.8A.D8.A7.D9.86.D8.A9_.D9.81.D9.8A_.D9.83.D8.A7.D8.B2.D8.A7.D8.AE.D8.B3.D8.AA.D8.A7.D9.86 كازاخستان.. انفصلت عن الاتحاد السوفياتي قبل 31 عاما وحكمها رئيسان فقط، علی الموقع؛ https://www.aljazeera.net/encyclopedia/2022/1/9/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%86%D9%81%D8%B5%D9%84%D8%AA-%D8%B9%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA%D8%AD%D8%A7%D8%AF روسيا تعلن اكتمال نشر قوات "حفظ السلام" في كازاخستان والسلطات تؤكد استقرار المناطق المضطربة، علی الموقع؛ https://www.aljazeera.net/news/politics/2022/1/9/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A%D8%A7-%D8%AA%D8%B9%D9%84%D9%86-%D8%A7%D9%83%D8%AA%D9%85%D8%A7%D9%84-%D9%86%D8%B4%D8%B1-%D9%82%D9%88%D8%A7%D8%AA کازاخستان، علی الموقع؛ https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86 كم عدد سكان كازاخستان 2021؟ ..الترتيب العالمي لكازاخستان من حيث الكثافة السكانية، علی الموقع؛ https://gloig.ru/%D9%83%D9%85-%D8%B9%D8%AF%D8%AF-%D8%B3%D9%83%D8%A7%D9%86-%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-2021%D8%9F/


 (درەو):  هێزێكی تایبەت بە هێلیكۆپتەر گواستراونەتەوە بۆ پارێزگا ئیدلب، لەوێ نزیكەی سێ كاتژمێر شەڕ بووە، هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا كێشەی تێكەوتووە‌و سەربازانی ئەمریكی خۆیان تەقاندویانەتەوە، بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن نێچیرێكی گەورە راوكراوە، بەڵام هێشتا ناوی نێچیرەكە ئاشكرا نەكراوە‌و بایدن ئەمڕۆ رایدەگەیەنێت.  "سەركەوتوو بوو" جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" رایگەیاند، ئەركەكە تایبەت بوو لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆرو سەركەوتوو بوو.  "هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت كە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكادان تایبەت بە روبەڕووبونەوەی تیرۆر، ئەركەكەیان ئەنجامدا.. ئەركێكی سەركەوتوو بوو، هیچ زیانێك لە ریزی هێزەكانی ئەمریكا نەبوو.. هەركاتێك زانیاریمان بەردەست كەوت، قسەی زیاتر دەكەین" وتەبێژەكەی پەنتاگۆن وای وت.  سەرچاوەكان لە سوریاوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزێكیان لەرێگەی هێلیكۆیتەرەوە دابەزاندووە، ئەم هێزە ماڵێكیان لەنێوان هەردوو شارۆچكەی (ئەتمە)‌و (دێر بلوت) لە پارێزگای ئیدلبی سوریا كردوەتە ئامانج. ئەو ناوچەیەی كە شەڕەكە تێیدا رویداوە، كەمپی پەنابەرانی تێدایە‌و هەندێك لە راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن، سەركردەی گروپە توندڕەكان ئەم كەمپانەیان كردوەتە پەناگە. سەركردەیەكی قاعیدە ! دوای دابەزینیان، هێزەكە لەرێگەی بڵندگۆوە قسەیان كردووە‌و داوایان لە داواكراوەكان كردووە خۆیان رادەست بكەن، شایەتحاڵەكان دەڵێن ئەم ئۆپراسیۆنە هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی ئەبو بەكر بەغدادی بووە. هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن لەم ئۆپراسیۆنەدا (9) كەس كوژراون، هەندێك تر دەڵێن (12) كەس كوژراون.  رۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆرناڵ" لەزاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكییەوە دەڵێ" ئەم ئۆپراسیۆنەكە لە چەند رۆژی رابردوودا پلانی بۆ دانراوە‌و تیرۆرستێكی گەورەی كردوەتە ئامانج".  بەپێی قسەی رۆژنامەكە، لەم ئۆپراسیۆنەدا فڕۆكەی جەنگی لە جۆری (ئاباچی) بەكارهاتووە‌و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش گورزی ئاسمانییان وەشاندووە.. هێزە تایبەتەكەی ئەمریكا  لەگەڵ هەندێك هێزی تردا، هەڵیانكوتاوەتەسەر شوێنێك لە ناوچەی (ئەتمە) لە پارێزگای ئیدلب‌و ئۆپراسیۆنەكە زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاندووە، ژمارەیەك كەس كوژراون‌و هەندێك لە خانوەكانی ناوچەكە وێران بوون. ئەو شایەتحاڵانەی نزیك بوون لە شوێنی رووداوەكەوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی ئەمریكا توشی روبەڕووبونەوە بوون لەگەڵ ئەو كەسانەی كە هەوڵی دەستگیركردنیان داون، ئەو شوێنەی كە ئەم رووداوە تێیدا رویداوە دەكەوێتە دووری نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە گوندی (باریشا)، ئەو گوندەی كە ئۆكتۆبەری 2019 هێزەكانی ئەمریكا ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی "داعش"یان تێدا كوشت.  ئۆپراسیۆنەكە بەلای ئەمریكییەكانەوە زۆر گەورەیە، وا بڕیارە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژەنەراڵ فرانك ماكنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا كە بەرپرسە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئەم ئۆپراسیۆنەوە وتارێك بخوێنێتەوە. رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) دەڵێ" ئەو ئۆپراسیۆنەی كە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە باكوری خۆرئاوای سوریا ئەنجامیانداوە، سەركردەیەكی رێكخراوی قاعیدە كردوەتە ئامانج.  تەقاندنەوەی هێلیكۆپتەرێك رۆژنامەكە لەزاری چەند چاودێرێكی ئەمریكییەوە نوسیویەتی" كەمێك پاش ناوەڕاستی دوێنێ شەو، هێلیكۆپتەرە ئەمریكییەكان هێزەكانی كۆماندۆیان گواستوەتەوە، گەمارۆی ماڵێكیان داوە لە ناوچەی (ئەتمە) كە دەمەوێتە سنوری نێوان سوریا‌و توركیا‌و ئەم ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە.  شایەتحاڵەكان دەڵێن، هێزە ئەمریكییەكە لەكاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكەدا، بە بڵندگۆو بە زمانی عەرەبی هاواریان كردووە‌و داوایان لە ژن‌و منداڵ كردوو لەناو ماڵەكانیان بێنە دەرەوە، پاش نزیكەی دوو كاتژمێر لەم بانگەوازە، شەڕێكی گەورە دەستی پێكردووە، موشەكی تێدا بەكارهێنراوە. بەگوێرەی راپۆرتی (نیویۆرك تایمز)، لەم ئۆپراسیۆنەدا هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا توشی كێشەی میكانیكی بووە، بەناچاری نیشتوەتەوە، هێزەكانی ئەمریكا خۆیان فڕۆكەكەیان تەقاندوەتەوە".  


درەو: نوسینی: خالد سلێمان لە مێژووی زەویدا پێنج لەناوچوونی گشتی گەورە ڕوویداوەو جۆرەکان (ڕووەک و ئاژەڵ) لەناوچوون، هەمووشیان دەرەنجامی دیاردەی سروشتیی بوون، لە کاتێکدا هۆکارەکانی ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات و زۆربەی زاناکان ناوی لێدەنێن لەناوچوونی گشتی شەشەم، بەتەواوەتی دەگەڕێنەوە بۆ مرۆڤ. ژمارەیەک زانای سروشتی و زیندەوەرزانی، پێیان وایە ئێمە نەک تەنها لەسەر ڕێگەی لەناوچوونی گشتی شەشەمین، بەڵکو کاتی ئەوەش بەسەرچووە لەو زیانە گەورانە پاشگەزبینەوە کە لە ماوەی 500 ساڵی ڕابوردوودا بەزەویمان گەیاندووە. بەپێچەوانەی پێنج لەناوچوونەکانی ترەوە، کە مەزەندە دەکرێت بەرواری ئەوەی پێنجەم بگەرێتەوە بۆ 66 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، کە دەرەنجامی دیاردەی سروشتین بوون، هۆکارەکانی لەناوچوونی ئەمڕۆ  دەگەڕێنەوە بۆ چالاکیی مرۆیی و زیادەڕۆیی لەبەکارهێنانی سروشتدا. ئەمە ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوەیەکی نوێیە کە زانکۆی هاوای (ئەمریکا) و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس (فەرەنسا) پێی گەیشتوون.  توێژەرانی بەشدار لەم توێژینەوە نوێیەدا بەناونیشانی : لەناوچوونی گشتی شەشەم: ڕاستی، خەیاڵ یان خەمڵاندن؟ پێیان وایە ڕێژەی (7.5٪ تا 13٪)ی دوو ملیۆن جۆری ناسراو لەسەر زەوی، لە ساڵی (1500 ز)ەوە تا ئەمڕۆ لەناوچووە. ئەمەش وا دەگەیەنێت کە ڕیتمی لەناوچوونی جۆرەکان لەماوەی 500 ساڵدا لەو ڕێژەیە زۆر زیاترە کە لە سەر لیستی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان دانراوە. ئەم رێژەیەش بەگوێرەی لیستی ڕێکخراوەکە خۆی لە 869 جۆردا دەبینێتەوە، واتە 0.04%ی جۆرەکان.  بەگوێرەی توێژینەوە نوێکەی زانکۆی هاوای و مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ مێژووی سروشتی لەپاریس کە گۆڤاری زانستییBiological Reviews  لەسەرەتای مانگی یەک (جەنیوەری) 2022دا بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو جۆرانەی کە لەماوەی دیاریکراودا بەهۆی مرۆڤەوە لەناوچوون خۆی لە نێوان 150000 تا 260000دا جۆردا دەبینێتەوە، لەناویاندا ڕووەک. ڕۆبێرت کوای، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بەئێمێل بۆم ناردبوو دەڵێت: هەڵبەتە جۆری زیاتر هەن کە نەماندۆزینەتەوەو کەس هیچیان لەبارەوە نازانێت.  نووسەرانی توێژینەوەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە هەندێ ناوەند نایانەوێت باوەڕ بەو ئارگۆمێنتە بەرچاوانە بکەن کە خەسڵەتەکانی قەیرانی گەورەی هەمە-چەشنی لەگەڵ ڕوودانی لەناوچوون و کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی جۆرەکان، دیاری دەکەن. باوەڕیشیان بەوە نیە کە لەناوچوونێکی شەشەمی جۆرەکان لە ئارادا بێت. بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستەکانیان، ئەو کەسانەی کە شکیان لە حاڵەتی لەناوچوونی شەشەم جۆرەکان هەیە، بەزۆریی دەگەرێنەوە بۆ سەر ئەو لیستە سورەی کە (IUCN) بۆ جۆرەکان دایناوە. بە پشت بەستنیش بەو رێژە کەمەی لیستەکە دایناوە، پێیان وایە کە ڕێژەی گشتی لەناوچوون جیاواز نیە لە ڕێژەی سروشتیی لەناوچوون.  لیستە سورەکەی (IUCN) بۆ جۆرە لەناوچووەکان، لەڕوانگەی نووسەرانی توێژینەوە نوێکەدا، زۆر لایەنگرانەیەو ئاسان نیە پشتی پێ ببەستین، چونکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی حاڵەتی لەناوچوونی گروپەکانی باڵندەو شیردەرەکان، وشکاوی و خشۆکەکان و هەروەها ماسیش وەردەگرێت. بەم شێوەیەش لیستەکە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە لەناوچوونی مێرووەکان وەردەگرێت، لەکاتێکدا مێرووەکان زۆرینەی زۆری جۆرەکانی ئاژەڵان لەسەر زەوی پێکدەهێنن؛ واتە 95٪ تا 97٪ جۆرەکانی کۆمەڵگەی زەوی مێروون. پشتگوێ خستنی ئەم لایەنەش، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی پیشان نەدانی رێژەی تەواوی حاڵەتی لەناوچوون. لەهەمان کاتدا، ژمارەیەک لە زاناکان قەیرانی لەناوچوون ڕەتناکەنەوە، بەڵام وەک ڕەوتێکی نوێی سروشتی لێی دەڕوانن، چونکە مرۆڤیش بەلای ئەوانەوە بەشێکە لە جیهانی سروشتی، بگرە هەندێک بە ئارەزووی یاریکردن بەم تیۆرە لە بەرژەوەندی مرۆڤدا شتەکان ساغ دەکەنەوە. نووسەرانی توێژینەوە زانستییە نوێکە دەڵێن: ئێمە لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەدا هاوڕا نین، چونکە مرۆڤ تاکە جۆرە کە لە ئاستێکی فراواندا توانای یاریکردنی بەزەوی هەیە، ئەوە مرۆڤە مۆڵەتیداوە بەڕوودانی ئەم قەیرانەی ئێستای هەمە-چەشنی.  چارڵز داروین لەکوێی ئەم قەیرانەدایە؟ ئەوانەی بڕوایان بەو تیۆرە هەیە کە دەڵێت لەناوچوونی جۆرەکان، ڕەوتێکی نوێی گەشەسەندنە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، پشت بەتیۆری نشونماو گەشەسەندن دەبەستن، کە زانای زیندەوەرزانی بەریتانی چارڵز داروین (1809-1882)، تیایدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە: پێکهاتنی جۆرەکان، وەک پێکهاتنی جیۆلۆجی چیاو و دۆڵ و دەریاکان، کارێکی سروشتییە، مانەوە و لەناوچوونیان پەیوەستە بەوەی کە سروشت چی بژاردە دەکات. ئەمە بەو مانایە دێت کە جۆرە نوێکان، ئەگەر لەسەر وشکانی بن یان لەناو ئاودا، بەشێوەیەکی زۆر هێواش و لەسەرخۆ دەردەکەوتن، لەسایەی ئەو خەسڵەتانەی هەیانەو باشتر بوونیان لە جۆری ترو چوونە ململانێوە لەگەڵیاندا، دەمێننەوە. بەگوێرەی ئەم تیۆرەش کە داروین لەژێر ناونیشانی بژاردەی سروشتیدا کاتیگۆری دەکات، لەناوچوونی ئەو جۆرانەی پێگەو گرنگییان کەمترە لە جۆری تر، تا ڕادەیەک گومانی لەسەر نیە. تیۆری نشونماو گەشەسەندنیش کە لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان)دا بەدوور و درێژی خراوەتەڕوو لەسەر سێ کۆڵەکە ڕادەوەستێت: بژاردەی سروشتیی، توخم لەگەڵ گۆڕانی بۆماوەیی و ململانێ لەپێناو مانەوەدا.  بژاردەی سروشتیش وەک داروین باسی دەکات بریتییە لە وردبوونەوە لە بچووکترین جیاوازی لە کە هەموو ڕۆژێکدا، لە هەموو کاتژمێرێکدا و لەهەموو جیهاندا. بنەمای ئەم پرۆسەیەش ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکی خراپە لە جۆرێکدا، هەروەها پاراستن و زیادکردنی هەموو شتێک باش و بەسوود لە جۆرێکەی تردا؛ ئەوەی یەکەم لەناودەچێت و ئەوەی دووەم دەمێنتەوە. پرۆسەکەش لە بێدەنگی و بەبێ هۆشیاری کاردەکات، یانی لەهەر کات و دەرفەتێکدا کە بوونەوەرێکی زیندوو دەتوانێت دۆخی ئۆرگانی و نائۆرگانی خۆی چاک بکات.  بەکورتییەکەی و پشت بەستن بەو بۆچوونەی کە پێی وایە دروستبوونی هەر توخمێک و هەر جۆرێک، لە کۆتاییدا بەیارمەتی خەسڵەتە وەرگیراوەکان دەبێت، لەناوچوون دەرەنجامێکی بێگومانە. یانی جۆر هەیە لەرێگەی ململانێوە لەپێناو مانەوەدا، لەسەر لاشەی جۆری تر دروست دەبێت. ئەوەی لەناودەچێت  سوودو گرنگیی کەمترە لەوانی تر. بەگوێرەی تیۆرەکەی داروین، لەگەڵ ئەوەی گۆڕانی هەر جۆرێکیش سەربەخۆیە لەوەی لە جۆرێکی تردا هەیە، هێزی بژاردەی سروشتیی کارایەو دەسەڵاتی باڵای هەیە کە کۆکردنەوەی سەرجەم گۆڕانەکاندا، ئیتر ئەگەر کاریگەرییەکان ڕێکخراوو خێرا بن یان هێواش و بێ مەبەست. داروین لەهەموو ئەمانەدا پشتی بەستبوو بە توێژینەوەی زاناکانی پێش و سەردەمی خۆی لە زانستەکانی زیندەوەرزانی و زەویدا، وەک زانای جیۆلۆجی بەریتانی چارڵز لایێل، زانای زیندەوەرزانی بەریتانی هێبرت سبنسەر و زانای زیندەوەرزانی فەرەنسی ژان باتیست لامارک.  لەو ساڵانەی کە چارڵز داروین خەریکی گەشەپێدانی تیۆری بزاوتی لەناوچوون و بژاردەی سروشتیی بوو، کۆتایی دوو باڵندەی پەنگوینی گەورە بوو، کە بەتەنها لەسەر گۆی زەوی مابوونەوە. ئەو دوو پەنگوینە (Great Auk بەئینگلیزی) ساڵی 1844 لەسەر دەستی ڕاوچییەکانی ئایسلەندا لە دوورگەیەکدا کوژران و بە یەکجاریی ناوی پەنگوینی گەورە لەمێژوودا سڕایەوە. لەگەڵ ئەوەی سڕینەوەی ئاسەواری باڵندەکە، هەر لەسەر دەستی زانایەکی بواری باڵندەناسیی بەریتانی بەشێوەیەکی ورد تۆمارکرا، سەرنجی داورینی ڕانەکێشاو لە ئۆفیسەکەی خۆیدا لە Dawn House خەریکی نووسین و گەشەپێدانی بیرۆکەکانی بوو لەسەر بژرادەی سروشتی و گەشەسەندن. بەپێی نووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبێرت، ژمارەی باڵندەی پەنگوینی گەورە کە فڕین خیانەتی لێکرد، پێش ئەوەی بکەوێتە بەردەم کۆمەڵکوژیی ڕاوچییە ئەوروپییەکان، بەتایبەتی دووای دۆزینەوەی ئەمریکا (1495)، لەسەر هەردوو ڕۆخی باکووری زەریای ئەتڵەسی بە ملیۆنان دەژمێردرا. پەنگوینی گەورە، لاشەیەکی پڕو قەڵەوی هەبوو، بەڵام باڵەکانی کورت بوون و نەیدەتوانی بفڕێت، لەناو دەریادا مەلەوانێکی خێراو لێهاتوو بوو، تەنانەت لە قوڵای 40 مەتریشدا. ساڵی یەک هێلکەی دادەناو بۆ ئەم مەبەستەش لەناو دڵی زەریاوە لە کۆتای بەهارو سەرەتای هاویندا خۆی دەگەیاند رۆخەکان یان دوورگەکان و بەدیار هێلەکەکەوە دەبوو تا لە دایکبوونی بێچووەکەی. مێینەو نێرەکە هەردووکیان ئەم بەرپرسیارێتییەیان دەگرتە ئەستۆ. ئەگەر پشت بە تیۆری بژرادەی سروشتیی داروین ببەستین، ئەوا لەناوچوونی ئەم باڵندە وشکاوییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە توانای بەرگری و ململانێی لەگەڵ جۆرەکانی تر نەبوو، هەروەها بێفەڕیش بوو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ڕاوچی و گەریدەکانی ئەوروپا بوون لەناویان برد، چونکە گۆشتێکی زۆر خۆشی هەبوو. جگە لە گۆشتەکەیشی، پەڕە نەرم و دەگمەنەکەی پەنگوینی گەورە، سەرچاوەی دروستکردنی سەرینی نوێی ئەوروپیانە بوو، هەورەها لەشی بەچینێکی ئەستووری ڕۆن داپۆشرابوو کە بۆ هەموو جۆرە سوتەمەنییەک بەکاردەهێنرا. ئەوەش لە باکووری ئەتڵەنتی سارددا، وای لە ڕاوچی و کۆڵۆنیالیستەکان دەکرد هەندێجار بیسوتێن و خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە. کۆڵۆنیالیست و دەریاوانی بەریتانی ڕیچارد وێتبۆرن (1561-1635) لە ڕۆژانەکانیدا دەنووسێت، <وەک ئەوەی خوا ئەم بوونەوەرە داماوەی کردبێتە کەرەستەیەکی نایاب بۆ ژیانی مرۆڤ>. گەریدەو دۆزەرەوەی فەرەنسی، ژاک کارتیێ (1491-1557) کە یەکەم ئەوروپی بوو نەخشەی ڕووباری سانت-لۆرانت لە کەنەدا بکێشێت، لەسەر چۆنێتی کوشتنی ئەو ئاژەڵە باسی ئەوە دەکات چۆن هەندێکیان دەخواردو خوێیان بەهەندێکی تریشیانەوە دەکردو دەیانخستنە ناو بەلەمەکانەوە، لە شوێنێکدا دەنووسێت: <لەماوەی نیو کاتژمێردا دوو بەلەممان پڕکرد>.  لەناوبردنی پەنگوینی گەورە کە سەدان هەزار ساڵ بوو لە باکووری زەریای ئەتڵەسی دەژیا، هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی نووسینەکانی چارڵز داروین لەسەر تیۆری نشونماو گەشەسەندن. داروین دووای ئەوەی لەگەڵ کەشتیەوانی بەریتانی ڕۆبێرت فیتزۆری، لە ساڵی 1831 تا 1836 بەکەشتی HMS Beagle کە سەر بە هێزی دەریاوانیی شاهانەی بەریتانی بوو، گەشتێکی ڕۆخەکانی ئەمریکای باشوور دەکات و ژیانی هەمە-چەشنی و جۆرەکانی ئاوی و وشکاویەکانی دوورگەکانی گالاپاگۆش دەبینێت، بیرۆکەی نووسینی لەسەر بژرادەی سروشتی لا دروست دەبێت. بەتایبەتی لەماوەی گەشتەکەدا کتێبی (پرانسیپەکانی جیۆلۆجیا) دەخوێنێتەوە لە نووسینی زەویناسیی ئەو کاتە، چارڵز لاێل، بیرۆکەی بەراوردکردن و لێکچوونی پێکهاتن لە نێوان و جیۆلۆجیا و بایۆلۆژیدا (واتە زەویناسی و هەمە-چەشنی) دەگەڕێتەوە بۆ چارڵز لاێل و داروین لەزۆر شوێندا باسی ئەوە دەکات. ساڵانێک پێش ئەو گەشتەو گەڕانەوەی داروین بۆ بەریتانیا کە ئیتر دەستی کرد بەنووسین، کەشتییەکی تری هاوشێوەی سەر بە هێزی دەریاوانی شاهانەی بەریتانی بەناوی HMS Boston و بەسەرکردایەتی کەشتییەوان ئارۆن تۆماس لە بەریتانیاوە بەرەو نیوفاوندلاند دەڕوات لە باکووری ڕۆژهەڵانی کەنەدا.  بەشێک لەو شایەتحاڵی و نووسینانەی لەسەر تراژیدیای لەناوبردنی پەنگوینی گەورە لەبەردەستدان، لەو گەشتەی کەشتی HMS Boston دا نووسراون کە سەفەری بۆ نیوفاوندلاند کرد، بازرگان و دۆزەرەوەی بەریتانی George Cartwright لەو کەسانە بوو. لەگەڵ ئەوەی بەریتانیای ئەو کاتە هەندێ ڕێسای لەپێناو پاراستنی پەنگوینی گەورە دەکرد، بەڵام هیچ شتێک ڕێگەی لە کۆڵۆنیالیست و ڕاوچی و گەریدەکان نەدەگرت و بەردەوام بوون لە کۆمەڵکوژیی. ساڵی 1785، بازرگان و دۆزەرەوە بەریتانییەکە باسی ئەوە دەکات کە ئەگەر سنوورێک بۆ کوشتنی ئەو باڵندەیە دانەنرێت ئەوا ژمارەی زۆر کەمدەبێتەوەو دەچێتە ڕیزی نەبوونەوەو دەنووسێت: "ئەم وێرانکارییەی ئەو خەڵکە کردیان، لەدەرەوەی خەیاڵە". ئەم ڕستەیە قەبارەی کۆمەڵکوژییەکە دژی ئەو باڵندەیە دەردەخات.   ئەم گێڕانەوە مێژووییانە پێمان دەڵێن کە چارڵز داروین بێئاگا نەبووە لەو کۆمەڵکوژییەی لەلایەن کۆڵۆنیالست و گەریدەو ڕاوچییە ئەوروپییەکانەوە دژی باڵندەکە ئەنجامدرا، بەتایبەتی مامۆستایەکی زانستی ئاژەڵان لە زانکۆی کامبریدج لەو کاتەدا کە ناوی (ئالفرێد نیوتن) بوو، زانیاری وردی لەسەر کوشتنی دواهەمین جووتە پەنگوین هەبوو. لەهەمان کاتدا کەسێکی نزیک بوو لەداروین-ەوەو هەر ئەم هۆکارەشە وا لەنووسەری کتێبی (لەناوچوونی شەشەم)، ئێلیزابێت کۆلبرێت، دەکات بنووسێت: "لەناوچوونی جۆرەکان کە هۆکارەکەی مرۆڤە لەبەر چەند هۆکارێک جێگەی دڵەڕاوکێیە، هەندێکیشیان پەیوەندییان بە خودی تیۆرەکەی داروین-ەوە هەیە، جێگەی سەرسوڕمانە کە زانایەکی لێهاتووی وەک داروین کە توانای ڕەخنە لەخۆگرتنی هەبوو، تێبینی ئەوەی نەکرد". ئێلیزابێت کۆلبرێت دەیەوێت ئەوە بەبیری خوێنەران بهێنێیەوە، کە داروین بەشێوەیەک لە شێوەکان دانی بە ڕۆڵی مرۆڤدا نابوو لە لەهەندێ حاڵەتی لەناوچوون، بەڵام ئەوە تەنها لە ڕستەیەکی کورتدا بوو لە کتێبی (بنەڕەتی جۆرەکان) کە دەڵێت، "هەندێ ئاژەڵ بەهۆی مرۆڤەوە پێش لەناوچوونیان دەگمەن دەبن".  ڕووەکەکانیش لەناوبران نووسەرانی ئەو توێژینەوە زانستییەی کە ئەم وتارەی لەسەر بنیادنراوە، مافی خۆیانە شکیان لەو لیستانە بێت کە بۆ لەناوچوونی جۆرەکان دانراون، هەروەها ئەو بۆچوونانەش ڕەتبکەنەوە کە لەناوچوونەکە وەک ڕەوتێکی سروشتی دەبینن و دەیکەنە بەهانەیەک بۆ بێدەنگی بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی دژی زۆرینەی کۆمەڵگەی زەوی دەکرێت. نووسەرانی توێژینەوەک بەبێ پەردەپۆشی باسی ئەوەیان کردووە کە مرۆڤ تاکە جۆرە توانای هەیە لە ئاستێکی فراواندا یاری بەزەوی بکات.  دەتوانرێت لەوەش زیاتر بووترێت و کۆی بێدەنگی و هێنانەوەی بەهانە بۆ کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکان و تەماشاکردنی وەک جوڵەیەکەی سروشتیی، گرێبدرێت بە بۆچوونێکەوە کە مێژوو لەت و پەت دەکات، بەتایبەتی مێژووی مرۆڤ و پەنجەمۆرەکانی لەسەر زەوی. لێرەدا دەمەوێ بگەڕێمەوە لای مەسەلەی دابڕان لەگەڵ ڕابووردودا و پەیوەندی بە کۆمەڵکوژی دژی جۆرەکانەوە، هەروەها فەرامۆشکردنی جۆرێک لەبەرژەوەندی جۆرێکی تردا. مەسەلەکە لێرەدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە کاتێک کۆی قەیرانی لەناوچوون یان لەناوبردن، گرێ دەدەین بە مێژووی کۆڵۆنیالیزمەوە، کە کۆمەڵکوژییکە تیایدا بەشێکە لە ڕەوتە مێژووییەکە و تراژیدیای پەنگوینی گەورەش باشترین نموونە بوو. ئەوە کۆمەڵکوژییەی کۆڵۆنیالیزم پیادەی کرد، بەشێکی دانەبڕاوەیە لە کارەساتی لەناوچوونی ئێستا، لەم سۆنگەیەشەوە مێژووی کۆمەڵگەی زەوی لەت لەت ناکرێت؛ دەبێ هەمووی پێکەوە بخوێنینەوە.  مێژووناس و بیریاری بەریتانی کریستۆفەر ئالن بێلی لە کتێبی (لەدایکبوونی جیهانی نوێ)دا دەنووسێت: ئەگەر پێش 50 ساڵ پرسیارمان لە مێژوونووسان و خوێندکارە لێهاتووەکان دەربارەی ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییە گەورانە بکردایە کە لە بەشی دووەمی سەدەی هەژدە، لەسەر زەوی ڕوویاندا، لەوانەیە هەموویان ئاماژەیان بۆ شۆڕشی پیشەسازی و سەرەتای ماشێنسازی لە بەرهەمهێناندا بکردایە لە بەریتانیای گەورە. کەسیش شکی لە گرنگێتی و ڕۆڵی پرۆسەی پیشەسازی درێژخایەندا نیە لەو شێوازەی کە هەموو جیهان پێی دەژیت، بەڵام بەپێچەوانەی پرۆسەی پیشەسازاندن و بەڕوانگەیەکی گلۆباڵ، دوو گۆڕانی تری کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبوون کە پێگەیەکی گرنگتریان لە هەموو ئەو گۆڕانکاریانە هەبوو کە لە مێژووی پەرەسەندی هەسارەی زەویدا ڕوویاندا، بەلایەنی کەمەوە هەتا ساڵی 1830. گۆڕانی یەکەم، ماڵیکردنی سروشت بوو. مرۆڤ بە هەزاران ساڵی گەشەسەندندا تێپەڕبوو، لە گەریدەیی و گەڕان بەدووای خۆراک و جێگۆڕکێ بەبێ ئامانجی نیشتەجێبوون و داگیرکردنی زەوی، تا دەگاتە چالاکی جوتکاریی داریکراو، دووای ئەوەش شێوازی ڕێکخراوی زایتر لە بەکارهێنانی زەوی و کشتوکاڵی چڕوپڕ. ئەم وەرزەی مێژووی مرۆڤایەتی، واتە قۆناغی کشتوکاڵی چڕوپڕ، خێراییەکی فراوانی بەخۆوە بینی لە بەکارهێنانی زەوی و لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ لەپێناو بازرگانیکردن بە دارو پێست و گۆشت و قاوە...هتد. ئەمە فاکتەری سەرەکی لەنابردنی شێوازی کشتوکاڵی لۆکاڵی و کلاسیکی بوو کە کۆمەڵگە ڕەسەنەکان لە ئەمریکا، ئاسیا و ئەفریقیا لەسایەیدا دەژیان. تا ئەمڕۆ، هەندێ وڵات لە دنیادا باجی ژینگەیی قۆناغی پێش پیشەسازی ئەدەن، کە دەکرێ وەک قۆناغی ملکەچکردنی سروشت یان ماڵیکردنی سروشت بناسرێنێت، چونکە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەر کولتورو شێوازەکانی خواردندندا هێنایە کایەوە، لەزۆر شوێنی جیهاندا بووە هۆی ڕووتاندنەوەی خاک و کۆتایهێنانی جۆرەکان. لەم میانەدا دەتوانین ئەزموونی هاییتی لە دوورگەکانی دەریای کاریبی وەک نموونە بهێنینەوە. ساڵی 1804 دەرکەوتنی هاییتی وەک یەکەم کۆماری ڕەش پێستەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بوە هۆی ڕووتاندنەوەی وڵاتەکە کە دەوڵەمەند بوو دارستانی چڕوپڕ. کاتێل کرێۆلیەکان، واتە خەڵکی هاییتی، سەربەخۆییان بەدەستهێنا و بوونە خاوەن وڵاتی خۆیان، کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی مەرجی ئەوەی بەسەردا سەپاندن، کە دەبێ 150 هەزار فرەنکی ئەو کاتە لەبەرامبەر سەربەخۆییدا بدەنە فەرەنسا (15 ملیار یۆرۆ بە حیسابی ئەمڕۆ). کۆمارە تازە لەدایکبووەکەش، هیچ پارەیەکی نەختییی نەبوو، بەڵام خاوەن خاکێکی دەوڵەمەند بوو، داری گوێزی هیندی، ماهۆنگۆ، مانگۆ و هەروەها خۆرمای هیندی لە 80% ڕووبەری وڵاتەکەیان داپۆشیبوو. کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی لەبەرامبەر ئەو پارەیەدا کە بەسەر کۆمارە نوێکەدا سەپاندی، بەڕێککەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتەکەدا، دەستی کرد بەبڕینەوەی دارەکانی هاییتی و دەیان ساڵ بەردەوام بوو هەتا قەرزی کۆڵۆنیاڵیی لە رێگەی دارەوە وەربگرێتەوە. هەڵبەتە پێش ئەم ڕوداوە بە نزیکەی هەشتا ساڵ، واتە لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەدا، فەرەنسا لە ڕێگەی ڕووتاندنەوەی هاییتی-یەوە نیوەی قاوەی جیهانی بەرهەم دەهێنا. لە ڕێگەی سیستمێکی کۆیلایەتییەوە، بازاڕەکانی ئەوروپای پڕکردبوو لە قاوە. لەنێوان ساڵانی (1755-1789) دا ئیمپراتۆریەتی فەرەنسا گەورەترین وەبەرهێنانی قاوەی لەو کۆڵۆنییەدا کردو لەماوەی 34 ساڵدا بەرهەمی قاوەی لە سێ ملیۆن کیلۆگرامەوە گەیاندە 34 ملیۆن کیلۆگرام، یانی نیوەی پێداویستی جیهان لە قاوە.  هاییتی، کە ئەمڕۆ یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی دنیاو تەنها 2%ی ڕووبەری خاکەکەی بە دارستان و سەوزایی داپۆشراوە، دووای 200 ساڵ لەسەربەخۆیی، باجی تێکدانی سیستمە سروشتییەکەی و لەناوبردنی جۆرەکان دەدات. ئەم کۆمەڵکوژییە سیستێماتیکییەی جۆرەکانی ڕووەک بەرێژەی 98% لە دوورگەکانی کاراییب هاوکات بوو لەگەڵ لەناوبردنی باڵندەی پەنگوینی گەورە لە باکووری زەریای ئەتڵەسیی.  گۆڕانکاری دووەم، بەدیاریکراوی لەم خاڵەدا دەردەکەوێت، واتە ماڵیکردنی سروشت لەژێر ڕکێفی سیستمی کۆڵۆنیاڵدا کە بەش بەحاڵی خۆی شێوازی نوێی لە کولتورو خۆراک و بەکاربردندا سەپاند بەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا؛ بەتایبەتیش کولتوری بەکاربردنی قاوەدا کە پێش کۆڵۆنیالیزم دەگمەن بوو لە ئەوروپادا. دەستگرتن بەسەر شەکرو قاوەدا، سەرەتای ڕێکخستنەوەو چڕکردنی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان بوو، نەک تەنها لە شێوازی بەکاربردندا، بەڵکو لە توانای گەیشتنیش بە سەرچاوەو خۆراکی باش لە کوالێتیدا لە ڕووی بەهاو چێژەوە. دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی خۆراکدا بەبێ سیستمێکی کۆڵۆنیاڵ لەسەر زەوی مەحاڵ بوو، لەناوبردنی جۆرەکانی ڕووەکیش لە هاییتی نموونەیەکی ڕوون بوو ڕەفتاری کۆڵۆنیالیزم لە ملکەچکردنی سروشت، کە تێکدانی سیستمێکی تەواوی ژینگەیی بەدووادا هات.  بەم شێوەیەش، گۆڕانکارییە کولتوورییەکان لە کشتوکاڵ و خۆراکدا کە دەرەنجامی ماڵیکردنی سروشت بوون لە ژێر ڕکێفی سیستمێکی کۆڵۆنیاڵدا، بوونە سەکۆی سەردەمی پیشەسازی کە وەک گڕی یەکەمی گەرمبوونی زەوی دەناسرێت. ئەویش لەپای پیشەسازییەکی فراوان کە ڕێژەیەکی زۆری گازە گەرمکەرەوەکانی دەخستە کەشەوە. ئیتر بەم شێوەیە، دووای پڕوکاندنی زەوی لەکاتی ماڵیکردنیدا بەدرێژایی هەردوو سەدەی شانزەو هەڤدە، سەردەمی پیشەسازی کە کۆتایی سەدەی هەژدەو سەرەتای سەدەی نۆزدەی پێ ناسرایەوە، بووە ئاگرێکی نەرم و لەسەرخۆ زەوی گەرم دەکرد، ئەویش لەڕێگەی دەردانی گازەوە بۆ کەش. بەو شێوەیە هەردوو سەدەی (16 و 17) بە ملکەچکردنی زەوی ناسرانەوە لەلایەن کۆڵۆنیالیزمەوە کە خۆراک و دارو پێستی لە کۆڵۆنیەکانیەوە لە هەردوو بەشی ئەمریکا و ئاسیا دەگواستەوە بۆ شارەکانی خۆی، لەهەمان هەمان کاتیشدا کۆیلەی لە دوورگەی (گۆرێ)ەوە لە ڕۆژئاوای ئەفریقیا دەگواستەوە بۆ ئەمریکا.  ئەگەر لە ئامارەکانی حاڵی زەوی وردبینەوە، (وێنەی خوارەوەدا)، تێبینی ئەو دەرەنجامە کارەساتبارانە دەکەین کە سیاسەتی ملکەچکردنی زەوی و بەکارهێنانی زۆرەملێی جۆرەکان، بەرهەمی فەلسەفەیەکی ئابووریی ئەوروپی بوون، کە سروشتی وەک سەرچاوەیەکی لەبن نەهاتوو دەبینی. ئەمڕۆ، کە دەبینین زەوی لە 85% ی شوێنە شێدارەکانی لەدەست ئەدات،  سێ چارەکی بەزۆرملێ دەگۆڕدرێت و لە 3%ی دەریاکان لە ڕووی هەمە-چەشنییەوە فۆرمی کێویانە وەردەگرێت، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەموو جیهان لەبەردەم ئەوەدایە ببێتە کۆپییەکی تر لە هاییتی، چونکە پرۆسەی لەناوبردنی کۆمەڵگەی زەوی زۆر خێراترە لەوە لەسەر دەستی کۆڵۆنیالیزم لە سەدەی (16 و 17) دا ڕوویدا. تەنها لەنێوان ساڵانی (1980-2012) زیاتر لە یەک ملیۆن کیلۆمەتر لە دارستانی کەمەری و نیمچە کەمەریی لەسەر ئاستی جیهان لەناوبراون، کشتوکاڵیش فاکتەری یەکەمی ئەم وێرانکارییەیە.    لە داگیرکردنی ئەمریکاو خاکی ماورییەکانەوە لە ئوسترالیاو نیوزلەندا تا دەگایە نیمچە دوورگەی هیندی و ئەفریقیا، بۆ یەک چرکەش ملەکەچکردنی زەوی نەوەستاوە. وەک چۆن جوگرافیاناس و دۆزەرەوەو گەریدەکانی سەدەی شانزە، بەشدارییان لە دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی زەوی و تێکدانی شێوازە خۆڕسکەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکدا کرد، ئەمڕۆش ناوەندێکی زۆری زانستی و دامەزراوەی ئەکادیمی و سیستمی سیاسی ڕاستڕەو، لەپشتەوەی تێکدانی ئەو بەشەی زەوین لە کۆڵۆنیالیزم ماوەتەوە. جیهانی ئەمڕۆ لەپاڵ بێدەنگییەکی هاوشێوەی بێدەنگییەکەی چارڵز داروین، هیچ شوورەییەک لەوەدا نابینێت، چارەنووسی زەوی وەک ئەوەی هاییتی لێبکات.   


درەو: بارام مەجید خان - گۆڤاری ئاییندە ناسی ئێران لە سەرەتای سەدەی بیست بە گایەک و گاسنێک هاتە ناو ڕووداوە قورسەکانی سەدە و بە کارگەی پۆڵا و بەرزترین ڕێژەی مردن بە ڕوداوی هاتووچۆو و دۆسیەی ئەتۆمی لێی هاتە دەر.   یەرەوان ئەبراهامیان[1]   بەرایی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران؛ قورسترین و درێژخایەنترین دۆسیەی دەزگای دبلۆماسیی ئێران، لە سەدەی ڕابردوو تا ئێستاش بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. خەونەکانی محەمەد ڕەزا شا و پشتیوانییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەستپێکی هەوڵێکی نەپچڕاوەی ئێران بوو کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٧ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٧٩ و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کۆتایی بە هەوڵەکانی شای ئێران هات. لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەژێر کاریگەریی تێزەکانی ئایەتوڵا خومەینی و شۆڕشی ئیسلامی و بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگیرا و شەڕی ئێران-عێراق پچڕانێکی کاتیی لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دروست کرد. محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ و سەردانی بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. لە ساڵی ٢٠١٥، بە ڕێککەوتننامەی بەرجام کۆتایی بە دانوستانەکان هات، لە ناوخۆی ئێران وەک دەستکەوتی سیاسی و دبلۆماسی ناوزەد کرا. لە هەمان کاتیشدا نەیارانی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران و ناوچەکەش هەبوو. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەپاش سەرهەڵدانی دیاردەی ترامپیسم لە ئەمەریکا لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کشانەوە. ئەم پاشەکشەی ئەمەریکا و دووبارەکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، کێشەکەی ئاڵوزتر کرد. حکومەتی میانڕەوی ڕۆحانی و لەدەستدانی پێگەی خۆی وەک سەرۆککۆمار و هاتنی باڵی توندڕەوی ئیبراهیم ڕەئیسی، بوو بە گرفتێکی قورس بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی دانوستانەکان لەنێوان وڵاتانی ٥+١ لە لایەک و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە لایەکی تر.    ١. سەرەتایەک بەبێ کۆتایی دەستپێکی یەکەم هەنگاوی ئێران بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی، دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو. ئێران لە ساڵی ١٩٥٠، ژمارەیەک خوێندکار ڕەوانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات. ئەمەریکا یەکەم وڵات بوو کە لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ئەتۆم بەرامبەر بە ئاشتی”، ئایزنهاوەر یەکەم هەنگاوی لە ساڵی ١٩٥٦ بۆ بەگەڕخستنی بەدەستهێنانی زانست و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی هاویشت. ئێران لە یەکەمی ئەو وڵاتانە بوو کە لە ساڵی ١٩٦٨ واژۆی لەسەر “NPT” (پەیماننامەی پێشگیری و قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی) کرد و لە ساڵی ١٩٧٤ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانی دامەزراند. ئێران لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەم و دوورخستنەوەی ڕەزا شا و جێگرتنەوەی لەلایەن محەمەد ڕەزای کوڕیەوە، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نزیک بووەوە و وەک هاوپەیمانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەرکەوت. ڕووداوە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئێران و هەلومەرجی نێودەوڵەتی و سەرەتاکانی شەڕی سارد توانیی پێگەی شای ئێران بەهێز بکات، بەتایبەت کە دکتۆر محەمەدی موسەدیق لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە دەسەڵاتی گرتبووە دەست بە کودەتایەک کە بەریتانیا بەشدار بوو تێیدا، توانرا لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە. ئەم هەلومەرجە تازەیە، شای ئێرانی بەهێز کرد و توانرا وەک ئەندامێکی کارای پەیمانی سەنتۆ ڕۆڵ ببینێت[2]. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەم هاندەری ئێران بوو بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و هەر ئەمەریکا بوو بە سەرسەختترین دوژمنەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی. یەکەم هەنگاوی کرداریی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ساڵی ١٩٥٧ و گرێدانی ڕێککەوتننامەیەک بوو کە پێک هاتبوو لە پێشەکییەک و یانزە مادە. لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی ئەمەریکا، لەژێر ناونیشانی “ئەتۆم بەرامبەر ئاشتی” بوو. وڵاتە یەکگرتووەکان زۆر هەستیاریی بەرامبەر ئەو وڵاتانە نیشان نەدا کە ئەم پڕۆژەیە دەیگرتنەوە، بەتایبەتی مەترسیی لادانی ئەو چالاکییانە بۆ ئامانجی شاراوەی سەربازی[3]. شانبەشانی ڕێککەوتننامەی ئێران و ئەمەریکا، ئەنستیوتی زانستە ئەتۆمییەکان کە لەژێر چاودێریی پەیمانی سەنتۆ بوو لە بەغداد، گوازرایەوە بو ئێران. زانکۆی تاران پێشنیاری بونیاتنانی ڕیاکتۆرێکی ٥ مێگاواتی لە ساڵی ١٩٦١ دا و لە ساڵی ١٩٦٧ کەوتە کار و بوو بە دەستکەوتێکی زۆر گەورە بۆ ئێران و دەنگدانەوەی زۆری لێ کەوتەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە پشبەستوو بە هەناردەکردنی نەوت و گاز بوون، ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو چوارچێوەیە خرایە ڕوو. ئەم هاوکارییانە لەگەڵ هەندێک هەوراز و نشێو و هەندێک جار ساردیی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا بەردەوام بوو. ئێران بەردەوام بوو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی و پەنای بۆ زۆرێک لە وڵاتانی زلهێزی جیهانی برد، لەوانە: وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئوستورالیا و هیند و ئەفەریقای باکووریش. جیاواز لەو ڕێکەوتننامانەی کە لەتەک وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا گرێی دان، ئێران ١٥ ڕێککەوتننامەی لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان واژۆ کرد کە بونیاتی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بەهێزتر کرد و پاشان بوو بە ژێرخانی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانە: بنکەی ئەتۆمیی ١٣٠٠ مێگاواتیی ئاوی سووک لە بوشەهر بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتیی ئەسفەهان بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتی لە ساوە بنکەی ئەتۆمیی ٩٠٠ مێگاواتیی کارون[4] بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر ئاوڕێک لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران تا دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بدەینەوە، بە سەرەتایەکی بەهێز دەستی پێ کرد و پاشان بەئارامی بەڕێوە دەچوو. کاتێک کێشەی نێوان هیند و پاکستان ئاراستەیەکی مەترسیداری بەخۆوە گرت و هەردوو وڵات بەپەلە بوون لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان گۆڕانیان بەسەردا هات. ئەم هەلومەرجە نوێیە ئێرانیشی خستە ژێر کاریگەری کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە خاو بوونەوە و لە لایەکی ترەوە بازاڕگەرمی بوو بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە کەرەستە و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە بازاڕەکاندا ساغ بکەنەوە. شای ئێران هەندێک جار بەوپەڕی نائومێدییەوە لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و خواستی ئێران بۆ بە ژاندارم و زلهێزی ناوچەکە تووشتی نائومێدی دەبووەوە. شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیش وەک کارتێک لەلایەن ئەمەریکاوە بەرامبەر کەسە نزیکەکانی شای ئێران وەک باجخوازی سەیر دەکرا. عەلی ئەکبەری ئیعتماد وەک لێپرسراوی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، ڕۆڵێکی ئێجگار گەورەی بینی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییش. ئیعتماد پرسیاری سەرکی دەورووژێنێ کە ئایا ئێران ڕێگایەکی ڕاستی هەڵبژارد لە دەستبردن بۆ ئەتۆم؟ ئایا ئێران پێویستی بەوە هەبوو کە بەشوێن جێگرەوەی وزەی ئەتۆمییەوە بێت؟ بیرکردنەوەی باو ئەوە بوو کە ئێران پێویستە خۆی بۆ سەدەی بیست و یەک ئامادە بکات، بەتایبەت ئەو لێکۆڵینەوە باوانەی ئەو ڕۆژگارە باسیان لە سنوورداربوونی سەرچاوەکانی وزە دەکرد و پێویستە ئێران جێگرەوەی هەبیت بۆ وزەی ئەتۆم. شۆڕش و ئەتۆم (کێشمەکێشی نێودەوڵەتی) شۆڕشی ئێران خاڵێکی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دانا. پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا کەوتە ژێر کاریگەریی هەندێک ڕووداوی گرنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دوو ڕووداوی گرنگ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا دانا: یەکەم: دەستبەسەراگرتنی سەفارەتی ئەمەریکا لە تاران لە ساڵی ١٩٧٩، بابەتی بەبارمتەگرتنی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ. دووەم: شەڕی ئێران-عێراق لە هەمان ساڵدا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە هەمان کاتدا ئێرانی تاوانبار دەکرد بە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣ و تەقینەوەی ئەنجوومەنی کولتووریی ئیسڕائیل لە بۆینس ئایرس لە ١٩٩٤ و هێرش بۆ سەر بورجەکانی “خوبەر” لە سعودیە لە ساڵی  ١٩٩٦[5]. چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران لەژێر تێزی ئایەتوڵڵا خۆمەینی کە دژی بەرهەمهێنانی چەکی کۆکوژ بوو، بە ئامانجی بەکارهێنانی ئاشتییانە و تەکنەلۆژیای زانستی جارێکی تر درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا. هاشمی ڕەفسەنجانی حکومەتی پاش شەڕی ئێران-عێراقی گرتە دەست و هەوڵە دبلۆماسی و نێودەوڵەتییەکانی خستە گەڕ بۆ درێژەدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی دەستی پێ کردبوو و لەپاش شۆڕش درێژەی پێ درا. هاشمی ڕێککەوتننامەیەکی دە ساڵەی لەگەڵ چین واژۆ کرد، کە لەو چوارچێوەیەدا چین پابەند دەبوو کە ڕیاکتۆرێکی ٢٧ مێگاواتی لە ئێران دابمەزرێنێ. لەگەڵ ئەوەی کە بنکەی بوشەهر لە کاتی شەڕی ئێران-عێراق هێرشی کرابووە سەر و زیانی زۆری پێ گەیشتبوو، بەڵام جووڵەکانی ئێران چڕتر بوونەوە کە پەلە بکات لە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی. لەگەڵ ئەوەی کە هاشمی دەستی یارمەتیی بۆ فەڕەنسییەکان درێژ کرد، بەڵام دەوڵەتی فەڕەنسا بە داواکەی ئێران ڕازی نەبوو. هاشمی سیاسەتی دووبارە بونیاتنانەوەی ئابووریی ئێرانی لە پێشەوەی سیاسەتەکانی خۆی دانابوو، بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و جووڵە دبلۆماسییەکانی چاوی وڵاتانی زلهێزی دنیای لەسەر بوو[6]. پاش ئەوەی کە هاشمی ڕەفسەنجانی چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەگەڕ خستەوە، چەند کەسایەتییەکی سیاسیی گرنگ سەرۆکایەتیی ئەم دۆسیە گرنگەی ئێرانیان گرتە ئەستۆ، لەوانە: دکتۆر حەسەن ڕۆحانی، دکتۆر لاریجانی، دکتۆر سەعید جەلیلی، دکتۆر جەوادی زەریف. ئێستا ئەم دۆسیەیە عەلی باقری کەنی بەڕێوەی دەبات. ڕێککەوتننامەی تاران لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ئەو گومانانەی کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هەیبوو، سیاسەتی ئێران لەسەر بنەمای سێکوچکەی کات و متمانە و ئەمنی ناوخۆ دریژەی بە پڕۆژە ناوەکییە ناتەواوەکانی خۆی دا[7]. تا سەرەنجام ئێران و وەزیرانی هەرسێ وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمان و بەریتانیا، لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣ و لە کاخی سەعدئابادی تاران ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە ئێرانی پابەند دەکرد بەوەی ڕێگا بە چاودێرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات کە بتوانن سەردانی ئێران بکەن و کامێراکانی چاودێری جێگیر بکەن. ئێران پابەند کرا بەوەی کە پرۆتۆکۆلی پەیوەست واژۆ بکات، کە ڕۆڵی چاودێریکردنی زیاتری بە ئاژانس دەبەخشی کە چاودێریی چالاکییەکانی ئێران بکات. لە بەرامبەردا ئێران مافی بەدەستهێنانی ئاشتییانەی وزەی ناوەکیی پێ بەخشرا، کە ئێران وەک مافێکی یاسایی و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لە چوارچێوەی “NPT” و پرۆتۆکۆلی پەیوەست دەیتوانی بەدەستی بهێنێ[8].   ڕێککەوتننامەی پاریس سەردانیکردنی محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. حکومەتی سەید محەمەدی خاتەمی بە درووشمی سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان، لە هەنگاوێکی دبلۆماسیدا دەرگاکانی جیهانی بەسەر حکومەتی ئێراندا ئاوەڵا کرد. لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤، پاریس میوانداریی خولێکی نوێی وتوێژەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپایی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای کرد، کە بە ترۆیکای ئەورووپی ناوزەد کرا. لە چوارچێوەی ئەم لێکتێگەیشتنە کە بە ئامانجی متمانەسازی بوو [زیاتر لەوەی پابەندی یاسایی بۆ ئێران دروست بکات]، ئێران بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی خۆی ڕاگرت. لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەورووپایی پابەند بوون بەوەی کە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران هەناردەی ئەنجوومەنی حاکمان (Bord of Governore)، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ناکەن[9]. لەپاش ڕێککەتننامەی تاران، کۆماری ئیسلامی هەوڵەکانی چڕ کردەوە کە چین و ڕووسیا بەشداریی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام ئێران نەیتوانی لە سەرەتادا ڕەزامەندیی ئەو دوو وڵاتە وەربگرێت. دبلۆماسیەتی کوشتنی کات لەلایەن ئێرانەوە، گومانەکانی لەسەر ئێران زیاد کرد تا ئەو ڕادەیەی کە کۆدژییەک لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکان کە پێک هاتبوون لە پێنج هێزە سەرەکییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا، توانییان بنچینەی ٥+١ بۆ وتوێژ لەگەڵ ئێران دابمەزرێنن، کە تا ٢٠١٥ی خایاند کە ڕێککەوتننامەی بەرجامی “J. C. P. O. A”ی  لێ کەوتەوە. قۆناغی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کێشەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان کاتێک زیاتر تەشەنەی سەند کە لە ئێران دەوڵەتی پەڕگیر و توندڕەوی دکتۆر مەحموودی ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی ٢٠٠٥ دەسەڵاتی گرتە دەست. نۆ مانگ پاش دەستبەکاربوونی ئەحمەدی نەژاد، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە ئەنجوومەنی حاکمانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕادەستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرا. شەش بڕیار لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دژی ئێران دەرچوو، یەکەمیان ئێرانی پابەند نەدەکرد بە جێبەجێکردنیان، بەڵام پێنج بڕیارەکەی تر گەمارۆی قورسیان بەسەر ئێراندا سەپاند، بەتایبەت بڕیاری ١٩٢٩ کە سێبەرێکی ڕەشی بەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا سەپاند. سەعیدی جەلیلی وەک کارەکتەرێکی پەڕگیر کە سەرپەرشتیی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی لە ئەستۆ بوو، هەموو ئەو دەرفەتانەی کە بۆ ئێران هاتبوونە پێشەوە؛ لەدەست دا. “سەرۆکی ئێران ئەو بڕیارانەی بە کاغەزی دڕاو پێناسە کرد و هیچ بایەخێکی بەو بڕیارانە نەدا.” ئەم قۆناغە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، خەسارەتێکی گەورەی لە ئابڕووی نێودەوڵەتیی ئێران دا، بەو ڕادەیەی کە بڕیاربەدەستانی وەک دکتۆر محەمەد جەوادی زەریف کە پاشان ئەم دۆسیەیەی سەرپەرشتیی دەکرد بە کەسایەتیی سیاسیی ناکارامە و کەمئەزموون ناوی هێنان، کە هێچ شارەزاییەکیان لە هەلومەرجی دنیا و سیاسەتی نێودەوڵەتی نەبوو[10]. گرنگترین ئەو بڕیارانەی کە بەسەر ئێراندا سەپا، بریتی بوون لە: – بڕیاری (١٩٦٩، ساڵی ٢٠٠٦): داوا لە ئێران دەکات کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانێۆم بهێنێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزای سیاسی و ئابووری دەبێتەوە. ئەم بڕیارە لەژێر بەندی ٤٠ – بڕگەی هەشتی  نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکراوە و وڵاتان پابەند ناکات بە جێبەجێکردنی.  – بڕیاری (١٧٣٧، ساڵی ٢٠٠٦): لەو بڕیارەدا داوا لە ئێران کرا کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. لە بە فشارەکانی ڕووسیا و چین، هەندێ دەستکاریی بڕگەکانی کرا کە دواجار بە ڕەزامەندیی هەر ١٥ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش پەسەند کرا.  – بڕیاری (١٧٤٧، ساڵی ٢٠٠٧): ئەم بڕیارە داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئێرانییانەی کە لە بواری وزەی ناوەکی کار دەکەن؛ سنووردار بکەن و هەروەها قەدەغەکردنی هاوردەکردن و هەناردەکردنی چەکی قورس لە ئێران. هەروەها پێداگری لە بڕیاری پێشووتری ١٧٣٧ دەکاتەوە، کە کۆتایی بە چالاکییە ئەتۆمییەکان و پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. – بڕیاری (١٨٠٣، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە بە پێشنیاری فەڕەنسا و بەریتانیا و لەژێر بەندی (٧) دەرچووە، کە باس لە ڕێکارەکانی ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەست بە  ئێران دەکات.  – بڕیاری (١٨٣٥، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی محەمەد ئەلبەرادعی؛ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەرچووە کە داوا لە ئێران دەکات هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی وەک پیتاندن و پڕۆژەی ئاوی قورس کۆتایی پێ بهێنێ. – بڕیاری (١٩٢٩، ساڵی ٢٠١٠): لەم بڕیارەدا ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری سزاکانی بۆ سەر کۆمپانیاکان و کەسایەتییەکان سەپاند. ئەمە قورسترین بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بوو دژی ئێران، کە خەسارەتێکی گەورەی لە ئابووریی ئێران و جووڵەی کەسایەتییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سنوردار و هەندێک جار قەدەغە کرد. قۆناغەکانی دانوستانەکانی ئێران لەپاش ئەم گەمارۆ قورسانە، هەر درێژەیان کێشا. سێ خولی دانوستانەکانی ژنێڤ بە ناوەکانی ژنێڤی ١، ٢، ٣، لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٠، بەبێ ئاکامێکی دیار و بێئەنجام مانەوە. لە ساڵی ٢٠١١، بە ناوبژیوانیی حکومەتی تورکیا لە ئەستەنبوڵ، خولێکی تری دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ ئەنجام درا و پاشانیش لە ساڵی ٢٠١٣ لە بەغداد و مۆسکۆش بە هەمان شێوە وتوێژەکان بەبێ ئەنجام کۆتاییان پێ هات[11]. ٣. دبلۆماسیی ئەتۆمی و بەرجام (Joint Comperehensive Plan of Action (J. C. O. P. A))   ئەمیر کەبیر سەرۆکوەزیرانی سەردەمی قاجار، وتبووی: “ئەوەندەی مەملەکەت پێویستی بە پیاوی دانا هەیە، هێندە پێویستی بە وەزیر و ئەمیر نییە[12]“. ئێران لە (٢٠١٣)وە قورسترین و چارەنووسسازترین وتوێژەکانی لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ دەست پێ کرد. دۆسیەیەک کە لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە درێژەی کێشابوو. ئەمیر کەبیر ڕاستی وتبوو… ئەم دۆسیەیە لە دەستی کارزانترین و شارەزاترین دبلۆماتەکانی ئێراندا بوو. محەمەد جەوادی زەریف جیاواز لەوەی سیاسەتمەدارێکی لیبراڵ و کراوە بوو کە لەتەک ڕیالیستە کارامەکانی ئەمەریکا گەیشتبووە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و لە هەمان کاتیشدا شارەزاییەکی تەواوی لە داڕشتن و ڕێکخستنی ڕێککەوتننامە نێدەوڵەتییەکاندا هەبوو. پاش زیاتر لە بیست مانگ کۆبوونەوە، سەرنجام ڕێککەوتننامەی بەرجام لە١٤ی جولای ٢٠٠٥ واژۆ کرا. ئەم ڕێککەوتننامەیە لەسەر ئاستی نێودەڵەتی؛ پشتیوانی و پێشوازییەکی زۆری لێ کرا. لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی ئێرانیش پێشوازیی لێ کرا، بەڵام بە شێوەیەکی نیوەشاراوە و و هەندێک جار بەئاشکرا لەلایەن باڵی توندڕەوی ئێران دژایەتی دەکرا. ئێران دوو ئامانجی سەرەکیی هەبوو لەم وتوێژانەدا: یەکەم: سیاسەتی بەدەستخستنی ئەمن و ئاسایشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دووەم: جێگیرکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا. میکانیزم و کەرەستەی ئێران؛ بڕین و دەوردانەوەی گەمارۆ قورسەکان بوو کە لە ئەنجامی بڕیارە کەمەرشکێنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بەسەریدا سەپابوو. زەریف ئامۆژگاریی تیمی دانوستانکاری کردبوو کە نەکەونە ناو داوی وردەکارییەکانەوە. وردەکارییەکانی کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەمان کاریگەرییش لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەجێ دەهێڵێ[13]. بەرجام کە پێک هاتبوو لە ١٥٨ لاپەڕە و پێنج پەیوەستنامە، لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە بڕیاری ٢٢٣١ پەسەند کرا و هەموو لایەنەکانی پابەند کرد بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کە لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا کاری لەسەر دەکرێت[14].  ئەم ڕێککەوتننامەیە توانیی گەمارۆکان لەسەر ئێران لا بدات و ئێران مافی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ناوەکیی بۆ خۆی پاراست و دەیتوانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا و بە شێوەیەکی سنووردار مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ خۆی مسۆگەر بکات. لە ماوەیەکی کەم پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام، ئێران توانیی دەستکراوە بێت لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جووڵەی بانکی. ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی هەرێمایەتی، توانیی پێگەی بەهێز بۆ وڵاتەکەی بەدەست بهێنێتەوە و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا جێگیر بکات. خاڵی لاوازی ئەم ڕێککەوتننامەیە ئەوە بوو کە ڕێککەوتننامە بوو نەوەک پەیماننامە. نەیارانی ڕێککەوتننامەکە لە ناوخۆی ئێران و هەروەها لە ئەمەریکاش ڕووی لە زیادبوون کرد. ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەی کە ئێران پابەند بوو بە ڕێککەوتننامەکە، لە ٨ی مایسی ٢٠١٨ لە ڕێککەوتننامەکە کشایەوە. ٤. پاش بەرجام جاک ستراو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی ڕێککەوتننامەی تاران، لە کتێبەکەی سەبارەت بە ئێران دەڵێت: “نە سیاسەتمەدارانی دنیا و نە زۆرینەی خەڵکی دنیا ناتوانن لە ئێران تێبگەن[15]“. ئەم لێکنەگەیشتنە هەم لە جیهانەوە بۆ ئێرانە و هەم لە ئێرانەوە بۆ جیهان. بەتایبەت کرۆکی بەرجام لە ناوەرۆکدا ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە لایەک و ئەورووپا و جیهان لە لایەکی تر بوو. پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لە چوارچێوەی بەرجام بە سەختترین قۆناغدا تێپەڕی. سیاسەتی حکومەتی ئۆباما “سیاسەتی مامەڵە کردن” بوو لەگەڵ ئێراندا، بەڵام سیاسەتی حکومەتی بایدن سیاسەتی “زۆرترین فشار” بۆ سەر ئێران لە پێناو بەدەستهێنان و سەپاندنی زۆرترین مەرج لەسەر ئیران، کە هەمان سیاسەتی حکومەتی ترامپە سەبارەت بەو دۆسیەیە و پەیوەندیی لەگەڵ ئێران. هەم بایدن و هەم ترەمپ، خواستیان ڕێککەوتننامەیەکی بەهێز و نوێیە لەگەڵ ئێران. بایدن وەک تاکتیکی وتوێژ لەگەڵ ئێران، لە سیاسەتی حکومەتی ترەمپ نزیکترە تا ئۆباما، کە دوورنماکەی ڕێککەوتننامەیەکە زیاتر لە بەرجام کە ڕەهەندی سیاسەتی هەرێمایەتی و هەڕەشە سەربازییەکانی ئێرانیش بگرێتەوە. بەڵام ئیران تەسلیمی دبلۆماسیەتی فشار نابێتەوە. لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کرایەوە لە ٥٪ بۆ ٢٠٪ و پاشان ٦٠٪. لە فشارەکاندا، ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ڕێژەکە تا ٩٠٪ بەرز دەکاتەوە. لە ڕاستیدا کام لایەن لە ئێران و ئەمەریکا، پێڕەویی دبلۆماسیەتی کوشتنی کات و شەڕی ئارام و کوشندە دەکەن؟ لەبەر ڕۆشنایی هەلومەرجی ناوخۆ و دەرەکی و ئابووریی ئێران، سیاسەتی گشتیی وڵات گەیشتنە بە زیندووکردنەوەی بەرجام. ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاماژەی بە ڕێککەوتنێکی بەهێز دەکات لەگەڵ ئێران و ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێگایەکی درێژمان لەبەردەمدایە. سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل باس لە ستراتیژی “کوشتن بە هەزار چەقۆ” دەکات بەرامبەر ئێران[16]. ئێران و ئەمەریکا لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە ئاڵۆزترین شێوازی پەیوەندیی نێوان دوو حکومەتیان لە مێژوودا ئەزموون کردووە. گشت سەرۆکەکانی ئێران و ئەمەریکا، خوازیاری ئەوە بوون کە ئەم دیوارە لە بێمتمانەیی بشکێنن، بەڵام هەموویان شکستیان خواردووە. پەیوەست بە دۆسیەی ناوەکیی ئیرانیش، هەردوو باڵی ڕیفۆرمخواز و پەڕگیر لە ئێران و هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتیش، ئەزموونی زۆریان لەسەر ئەم دۆسیەیە هەیە. لە هەمان کاتدا، مێژووی ئەم پەیوەندییانە پێمان دەڵێن کە هیچ پەیوەندییەک بە ئەندازەی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمەریکا دوژمنی دەرەکی و ناوخۆی نەبووە[17]. گەڕی حەوتەمی وتوێژەکانی ڤیەننا کشانەوەی یەکلایەنەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، شۆکێکی گەورە بوو بۆ ئێران و جیهان و ناوچەکەش. “دۆناڵد ترەمپ ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە خوازیاری بەدەستهێنانی چەکی کۆکوژ و بۆمبی ئەتۆمییە. هاوکات ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە. ترەمپ باسی لە خراپیی ڕێککەوتننامەکە کرد و پێی وا بوو کە ئەگەر ئێران هەموو بەندەکانی ڕێککەوتننامەکەش جێبەجێ بکات، لە نزیکرتین دەرفەتدا دەتوانێت دەستی بە بۆمبی ئەتۆم بگات[18].” دۆسیەی ئێران لە دیدی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە سێ بەشی هەستیار دابەش دەبێت: یەکەم: ئێرانی ئەتۆمی و هەر بابەتێکی کە پەیوەندیدار بێت بەم دۆسیەیە وەک ڕێککەوتننامەکان و سیاسەتی جیهانی لەهەمبەر ئەم دۆسیەیە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی. دووەم: سیاسەتی هەرێمایەتیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو کە ئەمەریکا لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانیەوە لە ناوچەکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات. سێیەم: بابەتی ئەمنی و سەربازی و مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران، کە ئەمەریکا وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆی و هاوپەیمانەکانی لەی قەڵەمی دەدات. لە کاتێکدا وتوێژەکانی ڤییەنا دووبارە دەستیان پێ کردەوە، کە گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران و ئەمەریکا ڕووی داوە. لە ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەۆکی وڵات دیاری کراوە، کە سەر بە ناوەندی دەسەڵاتی ئێران و باڵی توندڕەوە. لە ئەمەریکاش پارتی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن دەسەڵاتیان گرتەوە دەست، کە ئەزموونی حوکمڕانیی ئۆباما دێنێتەوە یاد. بەڵام نە باڵی توندڕەوی ئێرانی هێندە توند بوون کە پشت لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بکەن و نە دیموکراتەکانی ئەمەریکاش لە ڕووی میکانیزمەوە هەمان ڕێچکەی ئۆبامایان گرتە بەر. “ڕۆبێرت ماڵی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، پێی وایە کە ئێران کاتی زۆری لەبەردەم نییە. دەبینن کە بەرجام لە ئایندەیەکی نە زۆر دوور کۆتایی پێ دێت و دەبێت بە ڕێککەوتننامەیەکی نوێ چارەسەری کێشەکان بکەین[19].” ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ورووژاندنی دۆسیەی مووشەکە دوورهاوێژەکان و هەڵسوکەوتی ئێران لە ناوچەکەش، دەبێتە بابەتی کێشەی ئێران و سیستمی جیهانی و وڵاتە یەکگرتووەکان. هەست بە پاشەکشەیەکی ئارامی حکومەتی بایدن لە درووشمەکانی هەڵبژاردن دەکەین. ئیران لەژێر فشاری ئابووری و هەلومەرجی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، خوازیاری گەڕانەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ٥+١ دەکات. بەڵام ئێران لەم خولە لە گفتوگۆکان، داوای گەرەنتی قورس دەکات کە ئەمەریکا پابەند بکات بە ڕێککەوتننامەکە و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بەکرداری، بەتایبەت فرۆشتنی نەوتی ئێران و گەڕانەوەی داهاتەکەی بە دراوی بیانی بۆ وڵاتەکەی. ئەنجام دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران وەک کرۆک و جەوهەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەر ڕەهەندی تەکنیکی و تەکنۆلۆجی نییە، بەڵکوو ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و ئیداری و یاساییشی هەیە. لە سەردەمی شای ئێران و تا دەگات بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم دۆسیەیە تا ئێستا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئەمەش کاریگەریی قورسی هەم لەسەر ئێران داناوە و هەم کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانیشی تا ڕادەیەک سیاسەتی جیهانی بەسەر دووجەمسەرییەکی دیاردا دابەش کردووە. لە حاڵەتی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، ئێران دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی ڕاستی نێودەوڵەتیی خۆی و جێگری سیاسی و ئابووری بۆ وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەباتە دۆخێکی ئارام و جێگیر و پێگر بۆ ئێران و ناوچەکەش، بەڵام ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەبوو، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی سزای توندتر و کەمەرشکێنتر بین لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپاوە. میکانیزمی ماشە (Trigger Mechanism)، یاخود گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکیی گەمارۆکان (Snapback) بۆ سەر ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە. هەڕەشەی هێرشی سەربازی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسڕائیل، دۆخی ناوچەکە دەخاتە حاڵەتێکی زۆر مەترسیدار، ناوچەکەش دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی سەربازی و گەرمکردنی بازاڕی چەک.   سه‌رچاوه‌كان: [1]  یراوان ابراهامیان، ١٣٩٨، تاریخ مدرن ایران، تهران، انتشارات نشر نی چاپ نوزدەهم. [2]  سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا. [3]  کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە. [4] کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە. [5] هەمان سەرچاوە. [6] سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا. [7]  دکتر حسن روحانی، ١٣٩٠، امنیت ملی و دپلوماسی هستەای، تهران، مرکز تحقیقات استراتژیک. [8] کوسرت خدر ابوبکر، ٢٠١٨، المفارضات الدولیە حول البرنامج النووی الایرانی وآفاقها المستقبلیە، مرکز کردستان للدراسات الاستراتیجیە، سلیمانیە. [9] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب اول: موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات. [10] هەمان سەرچاوەی پێشوو. [11] http://www.irdiplomacy.ir/fa/news/1940867/%D9%86%DA%AF%D8%A7%D9%87%DB%8C-%D8%A8%D9%87-%D9%82%D8%B7%D8%B9%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87-%D9%87%D8%A7%DB%8C-%D8%B4%D9%88%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D8%A7%D9%85%D9%86%DB%8C%D8%AA-%D8%B9%D9%84%DB%8C%D9%87-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86 [12] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب  دوم: از توافق مشترک تا اطاق نگارش موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات. [13] هەمان سەرچاوەی پێشوو. [14] https://www.armscontrol.org/factsheets/JCPOA-at-a-glance [15] jack,straw. 2019. The English job, understanding iran and why it distrust Britian . [16] علیرضا نامور حقیقی. تلفزیون ایران انترناشنال،22 dec 2021 / https://youtu.be/sjVOWZyE50s [17][17] سید حسین موسویان، ١٣٩٤، ایران و امریکا (گذشتە شکست خوردە و مسیر آشتی)، تهران، انتشارات تیسا.   [18] https://www.bbc.com/persian/44046173 [19] https://www.mehrnews.com/news/5381469/%D8%B1%D8%A7%D8%A8%D8%B1%D8%AA-%D9%85%D8%A7%D9%84%DB%8C-%D9%81%D9%82%D8%B7-%DA%86%D9%86%D8%AF-%D9%87%D9%81%D8%AA%D9%87-%D9%81%D8%B1%D8%B5%D8%AA-%D8%AF%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D9%85



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand