هه‌واڵ / جیهان

(درەو): ئەگەر جۆ بایدن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوەو ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا وەکو ئەوەی ئێستا پێشبینی ئەنجامەکان وادەڵێن، دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی سیاسەتی بایدنەوە بەمشێوەیە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت: عێراق کاتێک جێگری باراک ئۆباما بووە، بایدن چەندینجار سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە، بەباشی لە کێشەی عێراق تێدەگات، کوڕەکەی لە ریزی سوپای ئەمریکا لە عێراق خزمەتی کردووە، بایدن خاوەنی پرۆژەی دابەشکردنی عێراقە بەسەر سێ هەرێمی شیعەو سوننەو کورددا، ئەو پێیوایە بە دابەشکردن دەتوانرێت یەکێتیی عێراق بپارێزرێت. هەندێک بە دیاریکراویش پارتی دیموکراتی کوردستان خۆشحاڵن بە سەرکەوتنی بایدن، بەوپێیەی بایدن وەکو دۆستێکی نزیکی کوردو هاوڕێی مەسعود بارزانی دەناسێنن، پێیانوایە ئەگەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەسەردەمی بایدندا بکرایە ئەنجامەکەی بەجۆرێکی تر دەبوو. لەبەرامبەردا ئەوانەی پشتیوانی مانەوەی عێراق دەکەن لەچوارچێوەکەی خۆیدا ترسیان هەیە بایدن نەخشەکەی بۆ دابەشکردنی عێراق بخاتەبواری جێبەجێکردنەوە. لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە ئێستا بابەتی گەرمی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو عێراقە، پێشبینی دەکرێت بایدن هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریاو ئەفغانستان سنوردار بکات یان بەیەکجاری کۆتایی پێ بهێنێت و لەبری ئەوە هەندێک هێزی دژەتیرۆر لەو وڵاتانە بهێڵێتەوە. سعودیە لە ساڵیادی تیرۆرکردنی (جەمال خاشوقچی)دا بایدن وتی:" چاو بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سعودیەدا دەخشێنمەوە"، هەر لەبارەی سعودیەوە جارێک بایدن وتی:" بەهای ئەمریکا بە سواڵکردن بۆ فرۆشتنی چەک و کڕینی نەوت بەدی نایەت". بایدن بەڵێنیداوە کۆتایی بە یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ سعوییە بهێنێت لە جەنگی یەمەندا، هەروەها چاوپۆشی لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ نەکات لەبەر بەرژەوەندییە سیاسییەکان. ئیسرائیل و دۆزی فەلەستین بایدن پاڵپشتی ئەوە ناکات خاکی کەناری خۆرئاوا بخرێتە سەر ئیسرائیل، بایدن دەڵێ:" چالاکی دروستکردنی کۆمەڵگە جولەکەنشینەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەرجۆرە ئومێدێک بۆ ئاشتی دەخنکێنێت"، بەڵام سەرباری ئەمەش پێشبینی ناکرێت جارێکی تر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودسەوە بگەڕێنێتەوە بۆ تەلئەبیب یان هەر هەنگاوێکی تر هەڵگرێت کە ببێت بە هەڕەشە لەسەر سەلامەتی ئەو رێککەوتنانەی بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان بەمدواییە لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا کراوە. بەڵام سەرباری ئەمانە بایدن بەڵێنیداوە جارێکی تر کۆمەکەکانی ئەمریکا بۆ فەڵەستینییەکان دەستپێبکاتەوە، هەروەها دەرگای کونسوڵگەری ئەمریکا لە قودسی رۆژهەڵات و نوسینگەکانی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین لە واشنتۆن بکاتەوە. ئیداری بایدن هەوڵی زیندوکردنەوەی بیرۆکەی چارەسەری ئاشتی، کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان چارەسەر بکات. میسر لەبارەی دەسەڵاتی میسرەوە بایدن قسەیەکی هەیە کە وەکو ئاماژەیەک بۆ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک میسر دەڵێ:" ئیتر چەکی سپی زیاتر نادەین بە دیکتاتۆرە دڵخوازەکەی ترەمپ". میسر یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە بایدن نیگەرانە بەهۆی ئەوەی بەردەوام ئیدانەی دۆخی مافەکانی مرۆڤی کردووە لەو وڵاتە. بەگوێرەی قسەی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، بایدن بەشێک لەو یارمەتییە داراییە گەورەیە رادەگرێت کە ئەمریکا ساڵانە بە میسری دەدات، ئەگەر ئاستی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە پەرەسەندنی زیاتر بەخۆە ببینێت. سوریا پێشبینی ناکرێت بایدن هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بکێشێتەوە، پاشەکشێ لە سزاکان بۆسەر دیمەشق ناکات. پەیوەندی بەهێزی بایدن  لەگەڵ کوردی رۆژئاوای کوردستان، ئەنکەرە نیگەران دەکات. تورکیا بایدن، ئەردۆغانی بە "ستەمکار" ناوبردووەو داوای لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کردووە لە هەڵبژاردندا بیخەن. پێشبینی دەکرێت بایدن بەهۆی گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی (S400) لە روسیا، سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت. ماکس هۆڤمان کە لێکۆڵەرێکی سیاسییە وەکو ئاماژەیەک بۆ پەیوەنییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان و ئەو گۆڕانکارییەی دوای دەستبەکاربوونی بایدن روودەدات، بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە:" ئیتر ئەردۆغان ناتوانێت بە تەلەفۆنێک بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتی ئەمریکا سەرەوژور بکاتەوە". ئێران بایدن دەڵێ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێستا لەگەڵ ئێران "شورەیی"ە، بەڵام باشترە لەوەی "بوونی هەبێت" بۆ سەرکوتکردنی ئارەزووە ئەتۆمییەکانی ئێران. بایدن دەڵێ:" ئەگەر ئێران گەڕایەوە بۆسەر پابەندییە ئەتۆمییەکانی، جارێکی تر ئەگەڕێینەوە بۆ ناو رێککەوتنە ئەتۆمییەکە". بەگشتی سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژادنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەندێک لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و وەکو خۆی دەڵێ هەڵەکانی ترەمپ راست دەکاتەوە، بەڵام بەگشتی گۆڕانکارییەکان گەورە نابن هێندەی ئەوەی وەکو جوانکاری سیاسی تەماشا دەکرێن.


درەو: دوای بەجێهێشتنی كۆشكی سپی و ماوەی سەرۆكاتیان، سەرۆكەكانی ئەمریكا لەلایەن دەوڵەتەوە ئەم پێدوایستیانەیان بۆ دابیندەكرێ: ٭ مووچەیەكی خانەنشینی كە بڕەكەی (200 هەزار) دۆلارە لە ساڵێكدا. ٭ هەندێك قەرەبوو، لەگەڵ ئۆتۆمبیلی دیپلۆماسی. ٭ دڵنیای تەندروستی و پۆستەی خۆڕایی. ٭ دابینكردنی پاسەوان بۆ خۆیان و ژن و منداڵەكانیان بە درێژایی ژیانیان. ٭ سەرۆك دەتوانێت لەسەر بودجەی دەوڵەت كەسێك بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكان دابنێت. ٭ سەرۆك دەتوانێت داوای پارەی زیاتر بكات بۆ چەند خەرجییەكی دیاریكراو، بۆ نمونە بوشی كوڕ زیاتر لە (یەك ملێۆن) دۆلاری وەرگرتوە بۆ نوسینگەكەی و فەرمانبەرەكانی، ئەوەش زۆرترین بڕە پارەیە كە سەرۆكێكی ئەمریكا دوای خانەنشینبوون وەری گرتبێ. ٭جگە لە خانەنشین سەرۆكەكان دەتوانن لە چەند ڕێگەیەكی ترەوە پارەی زیاتر بەدەستبهێنن وەك:  - بەشداریكردن لە كۆنگرەو كۆنفرانس -  وتنەوەی وانە بەشێوەی وانەبێژی - گرێبەستكردن بۆ بڵاوكردنەوەی كتێب بۆ نمونە، باراك ئۆباما دوای یەك مانگ لە بەجێهێشتنی كۆشكی سپی بە بڕی (60 ملیۆن) دۆلار گرێبەستێكی ئیمزاكرد بۆ بڵاوكردنەوەی بیرەوەرییەكانی. ٭  پێش ساڵی 1958  سەرۆكەكانی ئەمریكا دوای بەجێهێشتنی كۆشكی سپی، هیچ بڕە پارەیەكیان پێ نەدەدرا.  


 لە ئینگلیزییەوە : ئاسۆ جەبار وڵاتانی  جیهان بە دڵەڕاوکێوە چاودێری پێشبڕکێکەی کۆشکی سپی دەکەن، چونکە خۆیان ئامادەدەکەن بۆئەوەی یان داناڵد ترامپی کۆماری بیباتەوەو گەڕی دووەمی زامن بکات یان بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن لەلایەن رکابەرە دیموکراتەکەو جێگری سەرۆکی پێشوو جۆ بایدن.     ئایا لە هەڵبژاردنی سێشەممەی ئەمریکادا لەئاستی نێودەوڵەتیدا کێ براوە و کێ دۆڕاو دەبێت؟    "چوار ساڵی ڕابردوو جەختکرایەوە لەسەرئەوەی ئەو بڕیارانەی کە ولایەتە یەکگرتووەکان دەیگرنە بەر بایەخێکی گەورەیان هەیە لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا." ئەمەش بەپێی لێدوانێکی گروپی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوەی پێشەنگی بەریتانیا ، چاتەم هاوس.   چاتەم هاوس ئەوەشی وتوە" سەرۆکی داهاتوو ئەوە دیاریدەکات کە چۆن سەرچاوە دیپلۆماسی و ئابوری و سەربازییەکانی ئەمریکا وەبەرهەمدەهێنێت، بەتایبەتیش ئەمریکا چ بەهایەک پەیوەستدەکات بەو هاوپەیمانیەی کە هەیە و ئەو دامەزراوە فرەلایەنانە. هاوکات ئەوەی لە کۆشکی سپی دادەنیشێت رێڕەوی پەیوەندی ئەمریکا دیاریدەکات بۆ پەیوەندییەکانی ولایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ چین و ئابووری جیهاندا، لەگەڵ ئەو لێکەوتە گەورانەی لەسەر هاوبەشەکانی ئەمریکا دەکەوێتەوە."   هاوکات کاریگەری لەسەر دوژمنەکانی ئەمریکا، هەرچەندە هەندێک ئیدیعای ئەوە دەکەن کە کاریگەرییەکی گەورە نابێت وەکئەوەی هەندێک باوەڕیان وایە.  لە ڕوسیا  شارەزایانی ڕوسیا دەڵێن پێشبینی باشبوونێکی زۆر کەم دەکەن لەپەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ دەیباتەوە .    بەپێی قسەکانی ئاندرێ کۆرتونۆڤ لە ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی ڕوسیا، کە گروپێکی توێژینەوەیە و بنکەی لە مۆسکۆیە، لە ئاماژەدان بە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا دەڵێت:"پوتین و کەسانی دەوروبەری لەوانەیە ترامپیان پێخۆش بێت چونکە زۆر بە جوانی لەگەڵ گۆشەنیگایاندا بۆ جیهان دەگونجێت." هەروەها کۆرتونۆڤ ئاماژە بە نیگەرانییەکانی تڕامپ دەدات کە گومانەکانی سەبارەت بە گرنگی دامەزراوە فرەلایەنەکان و رێبازی زیاتری مامەڵەی دیپلۆماسی تڕامپ.   بەڵام کۆرتونۆڤ دەڵێت پێشبینی ئەوە ناکات مۆسکۆ لەمانگەکانی داهاتوودا سیاسەتی دەرەوەی خۆی بگۆڕێت بێ گوێدانە ئەوەی کێ لە کۆشکی سپییە؛ ئەو دەڵێت دژایەتییەکە بەردەوام دەبێت.  هاوکات گوتیشی " سەرکردەکانی ڕوسیا لەمێژە باوەڕیان بەوە هێناوە کە هەر هەنگاوێک یان گۆڕانکارییەکی تاکلایەنە لەسیاسەتی دەرەوەی مۆسکۆدا لەخۆرئاوا بەو شێوەیە لێیدەڕوانرێت کە نیشانەی لاوازییە، بەم شێوەیەش فشارەکان بۆ سەر ڕوسیا توندتر دەکەنەوە ". بەڵام ڕوسەکان پاشەکشێ ناکەن. ئەمە ئەو باوەڕبەندیەیە کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو لە ناواخنی سیاسەتی دەرەوەی ڕوسیادا ماوەتەوە."  هەروەها وەکچۆن کاربەدەستانی پێشووی ڕوسیا لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەئاژانسی دەنگی ئەمریکایان ڕاگەیاند کە پێشبینی دەکەن پەیوەندییەکان بە ناتەبایی بمێنێتەوە لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا، هەروەها لۆمەی ئەوە دەکەن کە ئەوان ئەو پیلانگێڕییەی ئەمەریکا دەیبینن بۆئەوەی باڵادەستی روسیا دامرکێننەوە.  یاریدەدەری کاربەدەستانی باڵای کرملین بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند کە "هەندێک کەس لە شاری "کرملین" هیواخوازن لەگەڵ داناڵد ترامپدا جیاواز بێت بەڵام من زۆر ئومێدی لەسەر هەڵناچنم." باسی گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی ڕوسیای کرد لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی ئەمریکادا؛ ئێستا زۆربەی هەمان شت ڕوودەدات وەکچۆن بەرپرسانی دیکەی پیشوو وادەڵێن.   بەرژەوەندی جیهانی  سەرەڕای گوێپێنەدانی ئاشکرای روسەکان بەئەنجامەکە، کەم کەس لەمۆسکۆ یان لەشوێنێکی دیکەی جیهاندا گومان لە لێکەوتە گەورە جیهانییەکانی هەڵبژاردنەکەی رۆژی سێشەمە دەکەن. پەیامنێرێکی سکای نیوزی بەریتانی راستەوخۆ باسی ئەوەی کرد کە جیهان لەم هەڵبژاردندا دەنگدەدات بەهۆی لێکەوتە نێودەوڵەتییەکانی دەرئەنجامەکەیەوە. وتیشی ئەمە تەنها هەڵبژاردنی نیشتیمانی نییە بەڵکو هەڵبژاردنێکی جیهانییە.  وابڕیارە سەدان ملیۆن لەسەرتاسەری جیهاندا بەخەبەربن بۆ سەیرکردنی ئاهەنگەکانی هەڵبژاردنەکە. هەندێکیان دەڵێن ئەو رۆژە ناڕۆن بۆ کار بۆئەوەی چاودێری ئەنجامەکان بکەن کاتێک ئاشکرادەکرێن. هەندێک لە شارەکان پلانیان وایە پەخشی روماڵکردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە بە سکرینی تەلەفیزیۆنی گەورە نمایشبکەن بۆ خەڵک.  سەرباری ئەفسونی سەرنجڕاکێشی سیاسەتی ئەمریکا، زۆرجار حکومەتە بیانییەکان لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیانەوە دەڕواننە هەڵبژارەدنەکانی ئەمریکا  بە گوێرەی وتەی "کاس مود" مامۆستای کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی جۆرجیا، لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیادا دەنوسێت :"هەرچەندە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەو شێوەیەی کە زۆربەی خەڵک بیریلێدەکەنەوە، بەهێز نییە. بەڵام بە دڵنیاییەوە هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەی ئەمریکا، بەهێزترین پێگەی هەڵبژێردراوی جیهانە لە ئێستادا؛ جیهان بە نیگەرانی و پێشبینییەکی گەورەوە سەیری ئەمریکا دەکەن."   سەرکردەکان   حکومەتەکان لەم قۆناغەدا بە وریاییەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن. ئایا ترامپیان پێباشە یان بایدن. بە بۆچوونی ڕاپرسییەکان کە پێشبینیەکانیان لە ساڵی 2016دا هەڵە بوو، هیچ سەرکردەیەکی دەرەوەی وڵات ناتوانێت دڵنیا بێت کە ئەم هەڵبژاردنە چۆن دەبێت.    زۆربەی سەرکردە بیانییەکان بەهۆشدارییەوە گوزارشت لەدەربڕینی خۆیان دەکەن کە کێیان پێباشە براوە بێت. شیکەرەوەکان دەڵێن سەرکردە نیشتیمانییەکان زۆر نزیکتر لەگەڵ ترامپدا هاوپەیوەستن، وەک بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ناریندرا مۆدی هاوتا هیندییەکەی لە ستایشکردنی ئەودا وریابوون، لە ترسی ئەوەی ئەگەر بدۆڕێنێ، پشتگیریی تەواوەتیان بۆ ترامپ کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەگری بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدندا.    سەرۆک وەزیرانە جەماوەرییە مشتومڕلەسەرەکەی هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان یەکێک بووە لەو سەرکردە کەمانەی ئەوروپا کە لە ساڵی 2016دا لە پشتیوانی ترامپدا هاتۆتە دەنگ، لە وتارەکەیدا لەرۆژنامەی هەنگاریدا لە مانگی نۆدا بڵاوکراوەتەوە رایگەیاندبوو کە "هەوڵی سەرکەوتنی جارێکی دیکە بۆ داناڵد ترامپ دەدات چونکە زۆر شارەزای سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە بەبەراورد بە بەڕێوەبەرایەتییە دیموکراتیەکانی ئەمریکا، کە لەسەر ئیمپریالیزمی ئەخلاقی بونیاد نراوە، تامەکەیمان چەشتووە بە مەیلی خۆشمان نەبووە. ئێمە ئەوەمان خۆشمان ناوێت و ناشمانەوێت بۆ جاری دووەم تاقیبکینەوە."   سەرکردە ناسیۆنالیستە کۆنسەرڤاتیڤەکانی دیکە لە ناوەڕاستی ئەوروپا زیاتر بێدەنگن، سەرباری ئەوەی هاوڕان لەدژایەتیکردنی ترامپ بەرامبەر بە یەکێتی ئەوروپا و ئایدۆلۆژیا پۆپۆلیستییەکەی. "ئەندزێی دودا"ی سەرۆکی پۆڵەندا و گەورە بەرپرسانی پارتی یاساو دادی ئەو وڵاتە خۆیان لە وەڵامدانەوە دزیوە کاتێک پرسیاریانکرد کێیان پێ باشە .    بەپێی ڕاپرسییەک لەسەرەتای ساڵدا لە ناوەندی توێژینەوەی " Pew" ئەو ڕێژانە زۆر کەمترە بە بەراورد لەگەڵ سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما، لە ماوەی دواهەمین ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا و بەبەراورد بە درێژایی ماوەی پۆستەکەی ترامپ بە شێوەیەکی گشتی لە ئەوروپا هەڵوێستەیەکی خراپی کردووە، بەڵام زیاتر لە ڕۆژئاوای کیشوەرەکە، تەنها لە سەدا 13ی ئەڵمانییەکان و 18%ی سویدییەکان و 20%ی فەرەنسییەکان متمانەیان پێی هەیە بۆ ئەنجامدانی کاری ڕاست و دروست لە کاروباری جیهاندا."   ڕای گشتی کەمتر تێکەڵدەبێت لەڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات، بەزۆری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ پەسەندکردنی ترامپ لەلایەن لایەنگرانی حزبە ناسیۆنالیستە پۆپۆلیستییەکانەوە، کە لە ناوەڕاستی ئەوروپا بەهێزترن و سەرۆکە کۆمارییەکە وەک هاوپەیمانی ئایدۆلۆژی دەبینن، بەتایبەت کە باس لە کۆچکردن دەکرێت. ڕاپرسیی " Pew" زۆرینەی پۆلندییەکان لە 51% یان متمانەیان بە ترامپ هەبوو کە کاری ڕاست و دروستدەکات لە کاروباری جیهاندا.  لە ئەوروپای ڕۆژئاوا  شیکەرەوەکان دەڵێن ڕایگشتی و حکومەتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە پێچەوانەوە بە پەرۆشەوە دەڕواننە رێکوپێکی کاروبارەکان لەسەروەختی ساڵانی حکومڕانی داناڵد تڕامپدا و گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە نەریتییەکانی ناوچەکانی زەریای ئەتڵەسی کە دەتوانرێت پێشبینی بکرێت.  "بایدن هەمیشە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییە سەرەکیەکان لەوانە ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دروستکردووە." ئەمش بەپێی ئەلێکس سۆرۆس لە لێدوانێکی بۆ ئەنجوومەنی ئەوروپا لەبارەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیەو کە بەشێکی لەلایەن جۆرج سۆرۆسی باوکیەوە کۆمەکی دارایی کراوە.   کاربەدەستانی ئەوروپای ڕۆژئاوا دەڵێن پێشبینی ئەوە دەکەن پەیوەندییەکانیان زیاتر خۆشترو پێشبینیکراوتر دەبێت لەگەڵ بایدندا وەک لەوەی لەگەڵ ترامپ دا، بایدن کەسایەتییەکی ناسراوە، ماوەی 34 ساڵ لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا خزمەتی کردووە و هەشت ساڵیش جێگری سەرۆک ئۆباما بووە. دەڵێن پێشبینی دەکەن وەک هەمیشە چۆن کاری کردووە هەروا بێت و هاوپەیمانی دروستبکات و لە بەرەی نێودەوڵەتیدا وەک فرەلایەنە کاربکات، هەروەها دەڵێن سیاسەتی دەرەوەی ئەو سەنگخستنەسەر بەها ئازادیخوازە هاوبەشەکانە لەگەڵ ئەوروپای رۆژئاوادا، ئەوان دەڵێن بەڵام چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەواوی شتەکان نین کە پێشتر هەبوو لەلایەن سیاسەتی " بەرلەهەر شتێک ئەمەریکا "کەی ترامپ.    لە دەرەوەی ئەوروپا لە دۆخی بردنەوەی ترامپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی بریتین لە جەیر بۆلسۆنارۆی سەرۆکی بەرازیل، هەروەها نەتەوەپەرستێکی کۆنەپارێزە، یاریدەدەرەکانی بۆلسۆنارۆ دەڵێت ئەوان لەروودانی گۆڕانکاری دەترسن لەواشنتن، ئەگەر تڕامپ بدۆڕێنێت ئەوا رێبەری بەرازیل لەئاستی نێودەوڵتیدا زیاتر گۆشگیر دەبێت. ئەوان پێشبینی ڕووبەڕووبوونەوە دەکەن لەگەڵ ئیدارەی بایدندا لەسەر کێشەکانی مافی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەوا.   لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر بە خراپی لەگەڵ ئیدارەکەی ئۆباما دا لەسەر تۆماری مافەکانی مرۆڤ لەحکومەتەکەی دا بە توندی دووچاری بەڕەنگاربوونەوە بووەوە، بەرپرسانی قاهیرە دەڵێن ئەگەر بایدن هەڵبژێردرا پێشبینی دووبارەبوونەوەی دەکەن. بە هەمان شێوە پاشاکانی کەنداو پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ ئیدارەی ترامپ دا هەیە و زیاتر هەستیان بە ئارامی کردبوو کاتێک ترامپ لەسەردانی ڕیازی پایتەختی سعودیە لە ساڵی 2017 دا بە سەرکردەکانی عەرەبی وتبوو کە "ئێمە نەهاتوین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی وتار بدەیەن."


کارۆخ خۆشناو ئەمڕۆ (3)ی نۆڤەمبەری (2020) بە ڕۆژێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت، ئەویش بە هۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا، کە وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی جیهان وێنا دەکرێت، بەڵام بە میکانیزمێکی ئاڵۆز و سیستەمێکی جیاواز لە هەموو وڵاتانی جیهان، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا سەرۆک یان ڕاستەوخۆ لەناو خەڵک هەڵدەبژێردرێت، یاخود ناڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە ئەمریکادا هیچکام لەم ڕێگایانە بەکار ناهێنرێن. لە کاتی نوسینەوەی دەستوری ئەمریکا لە ساڵی (1787) نوێنەرانی هەر (13) ولایەتەکە دوو پلانیان هەبوو بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا: یەکەم/ پلانی ڤێرجینیا: ئەم پلانە لەلایەن (ولایەتە گەورەکان) پێشنیاز کرا، لەم پلانەدا داوایان دەکرد کە سەرۆک لە ڕێگای ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت، چونکە ئەم (ولایەتە گەورانە) ڕێژەی دانیشتوانیان زۆر بوو، بەم هۆیەوە ژمارەی نوێنەرەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەرز بوو،  بۆیە داواکار بوون ئەوان ڕۆڵ و کاریگەر زیاتریان هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدی دڵخوازی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پێک هاتووە لە (435) ئەندام، کە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان دابەشکراون، بۆیە ولایەتە گەوەرکان ئەندامەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران زیاترە لە ولایەتە بچوکەکان. دووەم/پلانی نیوجرسی: ئەم پلانە لەلایەن ولایەتە بچوکەکان پێشنیاز کرا، لەم پلانەدا داوایان دەکرد کە سەرۆک لە ڕێگای ئەنجومەنی پیرانەوە هەڵبژێردرێت، چونکە لە ئەنجومەنی پیران (سێنات) ژمارەی ئەندامەکان بە یەکسانی دابەشکراوە لە نێوان ولایەتە گەورە و بچوکەکان، واتە هەر ولایەتێک (2) ئەندامی لە ئەنجومەنی پیران هەیە، بەبێ ڕەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوان، بۆیە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران (100) ئەندامە کە نوێنەرایەتی (50) ولایەت دەکەن. لە دوای مشتومڕێکی زۆر، باوکانی دامەزرێنەر گەیشتنە ڕێکەوتنێک کە بە (ڕێکەوتنە گەورەکە) ناسرا، ئەویش بریتی بوو لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان (ولایەتە گەورە و بچوکەکان) لە ڕیگای تێکەڵکردنی هەردوو پلانەکەی سەرەوە، بۆ ئەم مەبەستەش میکانیزمێکیان داهێنا بەناوی (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج) کە بریتیە لە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک بە شێوازیکی ناڕاستەوخۆ، چونکە خەڵک دەنگ بە (دەستەیەک یان کۆمەڵەیەک) دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج)، ژمارەی ئەندامەکانی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران (هاوس و سێنات)ە لەگەڵ سێ ئەندام بۆ (واشنتن D.C)ی پایتەخت، واتە ژمارەی ئەم دەستەیە [538] ئەندامن، (435+100+3=538)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (نیوە+١) ئەم ژمارەیە واتە (270) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بێنێت، ئەوا ئەو کاندیدە دەبێتە سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا. گەورەیی عەقڵی (باوکانی دامەزرێنەر) هۆکار بوو بۆ چەسپاندنی دادپەروەی لە نێوان دەنگی (ولایەتە گەورە و بچوکەکان) ئەویش لە ڕێگای داهێنانی ئەم میکانیزمە (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بە شێوەیەک کە پێویست دەکات لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتی، بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا، گرنگی بە دەنگی هەموو ولایەتە (گەورە و بچوکەکان) بدات، ئەمەش لە مادەی (2)ی دەستوری ئەمریکادا ڕەنگ ڕێژ کرا، بە گوێرەی ئەم مادەیە پێویستە هەموو چوار ساڵ جارێک (سەرۆک و جێگری سەرۆک) هەڵبژێردرێن لەلایەن دەستەیەکی هەڵبژێردراو کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بە جۆرێک نابێت (سەرۆک و جێگری سەرۆک) خەڵکی هەمان ولایەت بن، ئەمەش بەگوێرەی هەموواری ژمارە (12)ی دەستوری ئەمریکا، کەواتە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، بەم شێوەیەی خوارەوە:  لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا، خەڵکی ئەمریکا دەنگ بە کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراو دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج)، ئەم کۆمەڵەیەش لە ڕۆژی دوشەممەی یەکەمی دوای چوارشەمەی دووەمی مانگی دیسەمبەر (ناوڕاستی مانگی 12) هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک. داهێنانی ئەم میکانیزمە لە لەلایەن باوکانی دامەزرێنەروە (Founding Fathers) لەبەر ئەوە بوو، لەو کاتەدا زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەمریکا نەخوێندەوار بوون و رێگەیان پێ نەدەدرا دەنگ بدەن، بەتایبەت دوو پێکهاتەی گەورەی کۆمەڵگای ئەمریکا، لەو سەردەمەدا مافی دەنگدانیان نەبوو ئەوانیش (ئەفریقیە ئەمریکیە ڕەش پێستەکان کە لەو سەردەمەدا کۆیلە بوون هەروەها ئافرەتانیش مافی دەنگدانیان نەبوو) تەنها ئەوەی مافی دەنگدانی هەبوو، کەمینەیەک بوون لە ( پیاوی سپی پێست و خاوەن موڵک) ئەو کەمینەیەش بۆیان ئاسان نەبوو بزانن کێ بەربژێرە و بۆ دەبێت دەنگ بەو کەسە بدەن؟  بێبەشبوونی چینی ئافرەتان و ڕەش پێستەکان زیاتر لە سەدەیەکی خایاند، پاشان کۆیلایەتی لەسەر دەستی سەرۆکی ژمارە (16)هەم (ئەبراهام ڵینکن) هەڵوەشێنرایەوە، ئینجا لە ڕێگای هەمواری دەستوری ژمارە (15) لە ساڵی (1870) مافی دەنگدان بە ڕەشپیستەکان  بەخشرا، هەروەها دواتر بە گوێرەی هەمواری دەستوری ژمارە (19) لە ساڵی (1920) مافی دەنگدان بە ئافرەتانیش بەخشرا. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە ژمارەیەکی پێوانەیی مێژووی تۆمار بکات لە ڕێژەی دەنگدان و  بەشداریکردنی خەڵک لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، چونکە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا زیاتر بێت لەو ڕێژە پێوانەییەی کە لە ساڵی (1908) تۆمار کرابوو، کە برێتی بوو لە (65%) خەڵکی ئەمریکا. دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکان تەواو دەبن، سەرۆکی هەڵبژێردراو نزیکەی (دوو مانگ و نیو)ی لەبەر دەست دەبێت تاکو کابینەکەی پێکبهێنێت، دواتر بە گوێرەی دەستور پێویستە سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە ڕۆژی (2021/1/20) لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخوات، ئەم ڕۆژەش بە (Inauguration Day) ناسراوە. *سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی)


ئامادەكردنی:عەلی مەحمود محەمەد هەرە دەوڵەمەندەكان لە 0,001%ی كۆمەڵگای ئەمەریكی, ئەوانەی چەكی بەخششەكانیان لە 8  ژمارە كەمتر نانووسێت, بەشی زۆریان  لەو دیو پەردەوە كار دەكەن وەك لۆبی فشاری بەهێز بۆ دەرچوونی كاندیدە خواستراوەكەیان, ئەوان بەهۆی كاری بزنس و سەرقاڵییانەوە نایانەوێت راستەوخۆ دەربكەون, كەمایەتیكیشیان بەناوی گەلەوە حوكمەكەن یان رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن, روڵەكان لە نێوان خۆیان, بە پێی بەرژەوەندیەكانیان دابەش دەكەن, بۆ ئەوەی داواكارییەكانیان بسەپێنن و پارێزگاریش لە هەبووەكانیان بكەن, تا دەزگا حكومیەكان لاواز بن, دەوڵەمەندەكان باشتر دەتوانن پارەكانیان بۆ ئاراستەكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكان بەكار بهێنن, بۆ ئەوەی بڕیارەكان لە بەرژەوەندیان دەربچێت, ئاخر بڕیارەكان لە پۆستەكان بۆ ئەوان گرنگترن. برایانی كوك  " دیڤید و تشارلز , دیڤید ئەمساڵ مرد" كە خاوەند 108 ملیار دۆلار سەرمایەن, دەیان ساڵە كار بۆ ئەوە دەكەن دەست بەسەر سستەمی سیاسی ئەمەریكادا بگرن بە هاوكاری خاوەند كۆمپانیا راستگەراكان "الدیمقراگیە المعگلە فی أمیركا- Jeffrey D. Sachs ". تەنانەت كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئۆباما كیر  لەسەر خواستی برایانی كوك و بەخششەكەرەكانی كۆماریەكانە "الصمود أمام انهیار أمریكا السیاسی- Jeffrey D. Sachs", بە تایبەتیش كۆمپانیاكانی بیمە, دەرچوون لە پەیماننامەی پاریسیش لە بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی وزەیە, هاوكات ئەوان كاریان دەكرد لەسەر كەمكردنەوەی باج , كاندیدە كۆمارییەكان شەڕیانە لەسەر بەدەست هێنانی متمانەیان, لەبەر زیرەكی و خۆشەویستیان نا, بەڵكە لەبەر قورسایی گیرفانیان" النموژج اڵامیركی»..هل بدأ فی التصدع؟-تشارلز بلو ". ترامپ كاتی خۆی بەخششی جیمی كارتەر و ریگانی هاوكات پێكەوە دەكرد, ئەمە تایبەتمەندی زۆرێك  لە دەوڵەمەندەكانە,  لای ئەو كێ بیباتەوە تا لە گەڵی رێك بكەوێت, لە رابردوودا 6 جار بەخششی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هیلاری كلنتۆنی كردووە, دوایی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی رابردوو هێرشی توندی دەكردە سەری, چونكە لای ئەو سیاسەت كاسبییە,ئەخلاق و رابردوو بە عانەیەك, وەك مینبەری مەزادكردن, ترامپ  كە دەستیكرد بە پیتاك كۆكردنەوە, راچێتەی نان خوادنی ئێوارە لە میوانخانەكەی گەیشتە 35 هەزار دۆلار, ئەوشی 100هەزار دۆلار پیتاك بدات دەبێتە بەخشەری شایستە, دواتر بە سانایی دەیبینێت. دوای گەیشتنی بە دەسەڵات, یانەی ترەمپ نرخی ئابونمێنتی گۆڵفی كردە 200 هەزار دۆلار" الشعبویە والفساد- روبی میلی ", بە هەموو  پێوەرێك رونە كە ئەوەی  ترامپ  دەیكات لە بڕی  دیموكراسی كلێپتۆكراسییە,  واتە دەسەڵاتی سیاسی بەكار دەهێنێت بۆ بەدەست هێنانی سەروەت و سامان. والتەر شوب بەڕێوەبەری بیرۆی رەوشتی حكومەتی ئەمەریكی لە 19ی تەموزی 2017 دەستی لەكار كێشایەوە وەك ناڕەزایەتیەك لە هەمبەر ترامپ كە بەرژەوەندی كەسی  و حكومەتی تێكەڵ  كردوو  پێشتر ئۆباماش سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا جاین هارتلی كردە سەفیری وڵاتەكەی لە فەرەنسا وەك پاداشتێك كە خۆی و پیاوەكەی نیوملیۆن دۆلار كۆمەكیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی كۆكردبوەوە, هیچ ناڕونیەك نەماوە لەوەی  دەسەڵاتی سیاسی  نوێنەرایەتی تەواوی  كۆمپانیا گەورەكان دەكەن  لە ئەمەریكا, یاسای كەمكردنەەی باج لەو روانگەیەوەیە, كە ساڵ لە دوای ساڵ  هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن روو لە نشێو لە داكشاندایە, تا ترامپ لە 35% ەوە دایگرت بۆ 21%, ملیاردێرەكان دافوس  ترەمپیان لە هەنگاوە ئابووریەكانی خۆشە وێت , بەڵام گەمژەیی و راگوڕینی و سیاسەتی ئابووری نەتەوەیی ئەویان بە دڵ نییە. زانای سیاسەت مارتن جیلنز لە زانكۆی برینستۆن و  بنیامین بیجج لە زانكۆی نۆرس وینسترن پێیان وایە  دیموكراسیەتی ئەمەریكی لە پێناو 1%ی هەرە دەوڵەمەندەكانی كۆمەڵگا كاردەكات , لەبەر ئەوە دیموكراتی ئەمەریكی ئەوەی پەسەندە "عدم المساواە فی أمیركا-تاریخ النشر: الجمعە 16 دیسمبر 2016 -مات أوبراین: محرر الشۆون الاقتصادیە فی مدونە «وونكبلوج» ", واتا لە بری دیموكراسی بلۆتۆكراسییە. 22 پەرلەمانتاری پارتی كۆماری داوایان كرد  ئەمەریكا  لە پەیماننامەی پاریس ی ژینگە بكشێنەوە, كە  هەموویان بەخششیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن لە پیشەسازی نەوت و غازەوە وەرگرتبوو, بە تایبەتیش لە براكانی كوكشەوە, یاخود ناڕاستەوخۆ لە رێكخراوە سێبەرەكانیانەوە, لە هەڵبژاردنی  كۆنگرێسی ئەمەریكا 88%ی بەخششەكانی پیشەسازی نەوت و گاز بۆ كۆمارییەكان رۆیشت, پارتی  كۆماری بۆتە پارتی  وێرانكردنی  ژینگە, كۆمارییەكان 97%ی كۆمەكی پیشەسازی خەڵوزیان بۆ دەچێت , 88% ی پیشەسازی نەوت و گاز, كە نرخی نەوت  لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی ترامپ هاوكار بوو بۆ رێكەوتنی ئۆپۆێك, چونكە پەیوەندی بە كارتێلەكانی نەوتەوە هەیە, بە تایبەتیش ئەوانەی تكساس كە ولایەتەكەیان  38  نوێنەری لە 538  نوێنەرەكەی هەڵبژێرەری سەرۆك كۆماردا هەیە. ترامپ گوایە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ هاووڵاتیان پشتیوانی كەرتی نەوت دە, كە كەرتی بەرهەم هێنانی نەوت تەنها 150 هەزار كارمەندی هەیە, كە 0,1%ی كۆی هێزی كاری ئەمەریكایە,بەڵام هۆكار ئەوەیە ئەم كەرتە 88%یان وەك ئاماژەمان پێدا بەخشش و  پشتیوانی دارایی دەدەنە كۆمارییەكان, وە چاویشی لە كورسیەكانی تەكساس  و ناوچەی بەرهەم هێنانی نەوتی بەردینە. بەرامبەر بەو پشتیوانیانە لە پارتەكەی, ترامپ وایكرد كۆمپانیاكانی خەڵوز و نەوت و گاز بەرپرس بن لە دانانی سیاسەتی ژینگەی وڵات, كۆمپانیاكانی دەرمان كەرتی تەندروستی و دانانی نرخ لەسەر دەرمانەكان, و گروپی كۆمپانیاكانی چەك لە وەزارەتی بەرگری و , وە بانكە وەبەرهێنەكان باڵادەست بن لە وڵ  ستریت , وە كارتێلەكانی كشتوكاڵ هژمۆنیایان هەبێت  بەسەر زەوی كشتوكاڵییەكانی وڵاتەوە, واتا بەرخی سپارت بە گورگ. كۆمەڵەی نیشتمانی چەك, كە كۆمپانیاكانی چەكسازی و بازرگانانی چەك دایان مەزراندووە, تەموینی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكەكان و سیاسیەكان بە سەخاوەتەوە دەكات, لەوانە ترامپ,هەڕەشەیان لەوانە كرد, كە داوای قەدەغەكردنی  هەڵگرتنی چەك دەكەن, بەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو تۆڵەی خۆیانیان لێ  دەكەنەوە, لە رێگای بەخشینی بەخشش بە نەیارەكانیان. لە ساڵی 1791 ەوە  بە پێی مادەی دووەمی دەستوری ئەمەریكی رێگای دراوە بە هەڵگرتنی ئازادانەی چەك, بەهۆی ئەوەی میلشیا چەكدارەكان رۆڵی گرنگیان گێڕا دژ بەریتانیا لە جەنگدا,كۆمپاتیاكانی چەكی ئەمەریكیش بەخششی زۆری سیاسییەكانی ئەمەریكا دەكەن بە تایبەت  كۆماریەكان, بۆ ئەوەی ئەو بەندە دەستكاری نەكرێت, وڵات هەر تیكساسەكەی فلیمە كابۆییەكان بێت .  لە ماوەی 6 ساڵی نێوان 1997 بۆ 2003 , رێكخراوەكانی پشتیوانی لە هەڵگرتنی چەك 6 جار زیاتری دژبەرانیان پارەیان خەرجكردووە, بۆ رێگا گرتن لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەك, بە تایبەت دوای هەر كارەساتێكی دڵ تەزێن ململانێكان توندترەوە دەبن, نیوەی چەكی تاكە كەسی جیهان لە ئەمەریكایە, دوانزە جار زیاتر لە رێژەی جیهانی, ساڵانە زیاتر لە 33000 كەسی سڤیل قوربانی چەك هەڵگرتنن لەم وڵاتە , بەڵام بەهۆی پارەوە ناتوانرێت  وڵات لەم كارەساتە دەرباز بكرێت, لە رێگای هەڵبژاردنەوە لغاوی گۆڕانكاری كراوە. ترەمپ لە بەر ئەوەی پشتیوانی كۆمپانیای ئەمازۆنە, بۆیە پشتگیری دارایی رزگاركردنی بیرۆی پۆستی ئەمەریكی ناكات كە خاوەندی 600هەزار كارمەندە . جیف بیزۆس خاوەنی ئەمازۆن دوای ئەوەی واشنتۆن پۆستی كڕی, ئێستا لە هەوڵی كڕینی  سی ئێن ئێن یشدایە, چونكە پێ  بە پێی سەركەوتنی سەرمایەكەی كە لە 200 ملیار دۆلار لە سەركەوتن و دابەزیندایە پێویستی بە كەناڵی راگەیاندیش  هەیە وەك پارێزەری سامانەكەی, كەواتە دەبێت لە داهاتوودا زیاتر ملكەچی خواستەكانی ببن. پارتی كۆماری پارتێكی ئاینی و یانەی گەورە دەوڵەمەندو ملیاردێرەكانە, بەهۆی كۆمەكی دەوڵەمەندەكانەوە لە كامپینی هەڵبژاردنی ترەمپ حكومەتی ترامپ  دەوڵەمەندترین كابینەیە لە مێژوودا, ترامپ رایگەیاند بۆ پۆستە ئابووریەكان كەسی دەوڵەمەندم دەوێت. تەنانەت دادگای باڵای ئەمەریكاش  كاندیدەكانی لە لایەن  كۆمەڵەی فیدراڵییەوە  هەڵدەسەنگێنرێن , ئەویش لە ژێر چاودێری  كۆمپانیاكاندایە, ئەمی كونی باریتی  زوو دانا , چونكە پەیوەندی بە هەڵبژاردن و ژینگەو بیمەی تەندروستییەوە هەیە, ئەوانیش  سەرێكیان هەیەو هەزار سەودا, وەك هەزار سەرە, هەر یەكەی بەرژەوەندیەكیان بە جۆرێك لە كارتلەكانەوە بەستراوەتەوە, ئەو لوغمەیان بۆ رێگا گرتن لە گۆڕانكاری چاند. دیموكراتەكانیش لە روی پشتیوانی ملیاردێرەكانەوە باخەڵ گەرمن, بە وتەی بێرنەر ساندەرز بایدن 44  ملیاردێر و بوتینجادج  39  ملیاردێر  پشتیوانیان لێیان  دەكرد , لە هەڵمەتی بەرایی هەڵبژاردن لەناو دیموكراتەكان, هاوكات 30 كاندیدی دەزگای هەواڵگری و 15 ملیۆنێر لە لیستی دیموكراتەكان هەیە بۆ  كۆنگرێس  و ئەنجومەنی پیران. بەو هۆیانەوەو كۆمەڵێكی دیش كە لێرە ئاماژەیان پێ دەدەین, 44%ی هاووڵاتیان پێیان وایە گەندەڵی لە كۆشی سپیدایە, 8% زیاتر لە ئەنجومەنی پیران, واتا 36%ی هاوڵاتیان پێیان  وایە ئەنجومەنی پیران گەندەڵەو بڕیارەكانی لە خزمەت ۆڵ ستریتە, ئەمەو بە پێی راپرسی دەزگای بێوی ئەمەریكی كە ساڵی 2015 ئەنجامدراوە 80%ی هاووڵاتیان متمانەیان بە حكومەتی فیدراڵی نییە,  هەر ئەمەشە  وا دەكات دەسەڵاتە سیاسییەكان لە 20 وڵاتە بەهێزەكەی جیهان بەرەو ناسەقامگیری بچێت. تێچووی هەڵبژاردنەكانی  ئەمەریكا جۆن كەنەدی   تەنها 72  هەزار دۆلاری لە بانگەشەی  هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی خۆی لە  ساڵی 1960 خەرج كرد, كە بە نرخی ئێستا 575 هەزار دۆلاری دەكرد,كەچی  ركابەرەكەی هۆبرت هامفەری هاواری لێ هەڵستاو  وتی "ئەمە زۆرترین خەرجییە لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا", بەڵام كەنەدی وەڵامی دایەوە كە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئێزینهاوەر لە ساڵی 1952دا بڕی 2,5 ملیۆن دۆلاری  خەرج كردووە, كە بە نرخی ئێستا دەیكردە 20 ملیۆن دۆلار. تێچووی هەڵبژاردنەكان ئەمەریكا   لە ساڵی 2004  تەنها 700 ملیۆن دۆلار بووە, لە ساڵی 2008  بووە ملیارێك دۆلار , لە ساڵی 2012  گەیشتە 2  ملیار دۆلار , لە 2016  گەیشتە 6,6  ملیار دۆلار بووە , بەڵام  بۆ ساڵی 2020  بەرز بۆتەوە  بۆ 14 ملیار دۆلار , 3  ملیار دۆلار زیاتر لە تێچووی  هەڵبژاردنەكانی هیندستان, هەڵبژاردنی هیندستان  لە دوای ئەمەریكا دووەم تێچووی هەیە لە جیهاندا, بەهۆی شەڕی كارتلەكان بۆ بەدەستهێنانی كورسی, تێچوی نزیك 5 ملیار دۆلار بوو, 3 جار زیاتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009 ی هەمان وڵات, لێ  دوا هەڵبژاردنی ئەمەریكا لە ساڵی 2016 , 7 ملیاردۆلاری تێچوو كە تیایدا ترەمپ بوو بە سەرۆك كۆمار. تەنها كورسی سەرۆك كۆماری لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016 ەدا, بڕی 2,4 ملیار دۆلاری تێچوو, هەڵبژاردنی  كۆنگرێس و سێیەكی ئەنجومەنی پیرانیش  4,2  ملیار دۆلار  تێچویان بووە  لە هەڵبژاردنی 2016 دا, بەڵام  لەم خولە نرخی بۆ 6,6 ملیار دۆلار بەرز بۆتەوە, دووەكەی تریش بۆ زیاتر لە 7 ملیار دۆلار, رێگای كۆشكی سپی لە جیاتی فەرشی سوور بە دۆلار راخراوە, تا مانگی پێشوو بایدن 938  ملیۆن دۆلار و  , ترامپیش  596 ملیۆن  دۆلار كۆمەكی سپیان كۆكردبوەوە, رەشەكانیش وەك لەناوەكەی دیارە سەرچاوەو بڕەكەی لە تاریكیدا ونە. تا ئێستاش لە كۆی  هەڵبژاردنەكانی  خولەكە, بە سەرۆك و جێگرەكانیان و  435 كورسی كۆنگرێس و  33ی ئەنجومەنی پیران دیموكراتەكان 5,5  ملیار دۆلار و  كۆمارییەكانیش  3,8 ملیار  دۆلاریان خەرج كردووە. تا 10ی مانگی سەپتەمبەر كۆی گشتی  5 ملیار دۆلار كۆمەك كۆكراوەتەوە , لە ساڵی 2002 تەنها 2 ملیار  بووە لە ساڵی   2014  بەرز بۆتەوە بۆ 3,67   ملیار  دۆلار . ساڵ لە دوای ساڵ  نرخی كورسییە زێڕینەكان زیاد دەكات, دەبێت بۆ خولی داهاتوو, نرخی ئەم كورسییە چۆن بچێت بە ئاسمانا؟. بەخشش و پارە تاریكەكان وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا, پەیوەندییەكی ئۆرگانی لە نێوان كورسی سەرۆك و  ئۆلیگارشیەكاندا هەیە, تەواو كەری یەكترن, دەوڵەت لە بەرژەوەندی ئەوان بە نانۆمیتەریش  دور ناكەوێتەوە. بەرامبەر بە بەخششەكانیان, پۆست, لێبوردن لە باج و گومرگ, گۆمرگ خستنە سەر كاڵای ركابەرەكانیان, یاساغكردنی  هاوردە كردنی كاڵای ركابەر, وەرگرتنی كۆنتراكت لەناو خۆو دەرەوە ... هتد, پاداشتیانە, ئەمە وایكردووە بوترێت  دیموكراسی ئەمەریكی مەزادخانەی ۆڵ ستریتە. بۆ كەمكردنەوەی رۆڵی دەوڵەمەندەكان لە دیاریكردنی سەرۆك, كە وەك بوكە شوشەی دەستی بەخششەكانی وایە , سەرۆكی ئەمەریكا تیۆدۆر رۆزفڵد لە ساڵی 1907 داوای كرد بودجە بۆ هەڵبژاردنەكان لە لایەن حكومەتەوە  دیاری بكرێت  تا كۆتایی بەم  پارە زۆر كۆكردنەوەیە بهێنریت, هاوكات رۆزفۆڵت داوای كرد بەخششی كۆمپانیاكان قەدەغە بكرێت"الانتخابات وترشید التمویل-تاریخ النشر: الپلاپا‌و 31 مارس 2015".  ئەمەریكا نەك دوای 113 ساڵ ویستی رۆزفێڵدی جێبەجێ نەكرد, بگرە دادگای باڵای ئەمەریكی لە ساڵی 2010  بڕیاری هاووڵاتیان یەكگرتووین یدا, كە لانی زۆری بەخششی هەڵگرت و بێسنوری كرد لە بەردەم ملیاردێرەكان بۆ ئەوەی ئازادانە دەستبخەنە ناو هەڵبژاردنەكان, ئەمەش لە خزمەت دوبراكەی كۆكش بوو"  david-h-koch, charles-d-koch",كە  400 ملیۆن دۆلاریان بەخشش دا بۆ ئەوەی ئۆباما دەرنەچێتەوە لە ساڵی 2012, برایانی كۆكش بڕیاریان داوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو 1 ملیار دۆلار خەرج بكەن . هەرچەندە  یەكێك  لە خواستەكانی  باڵی پێشكەوتنخوازو لیبراڵی ناو دیموكراتەكان  شۆرشی سیاسییە  لە وڵات, یەكێك لە خاڵە زەق لە پێشینەكانی  ئەم شۆڕشە هەڵبژاردن و پارەی هەڵبژاردنەكان و سەرچاوەی  داهاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنە, وەلێ پێی ناچێت لەبەرامبەر كارتلەكانی پارە سەركەوتوو بن, لە كاتێكدا خودی دیموكراتەكانیش  سودمەنێكی پرۆسەكەن. كە هەڵبژاردن  دێتە پێشەوە ,كۆمپانیاكانی راگەیاندن و ریكلام جەژنیانە , كەناڵە ناخۆییەكان زۆرترین پارە دەبەنەوە, نزیك 47% پارەی بانگەشەی هەڵبژاردنیان بەردەكەوێت , 16,5%یش  بۆ ریكلامی هەمان ئەو كەناڵانەیە, 21%یش بۆ تۆڕی كۆمەڵایەتی,  12%بۆ كەناڵی سەرانسەری كابڵەكان , 5%یش بۆ رادیۆكان دەڕوات, ئەم پارانە 40%یان خەڵكانی نەناسراو و بێ تارمایی دەیدەن, سەرچاوەیان دیار نییە. یاسای ئەمەریكی یاساغی كردووە كاندیدانی پلە گشتیەكان كۆمەك لە لایەن و كەسی بیانی وەربگرن, بێگانەكە تەنانەت دانیشتووی ئەمەریكاش بێت و مافی مانەوەیان هەبێت,   ئەوانەی  ناسنامەی ئەمەریكایان نییە ناتوانن بەخشش بكەن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرتاسەری و هەرێمی, 9 دادوەری باڵای  وڵات مافی بەخششی بۆ دو كرێكاری بێگانە كەمافی مانەوەی كاتیان هەبوو رەتكردەوە. كەچی بە پێی OpenSecrets.org  لە ساڵی  2016  دا 178 ملیۆن دۆلار پارەی بیانی هاتۆتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە , وەك ئەوەی زانرا بێت , كەچی  ئەمەریكا ئەم یاسایەی  دەركردووە, خۆی یەكەم وڵاتە  كۆمەكی  نۆكەرانی  دەكات لە جیهاندا,  ئەمەریكاو یەكێتی سۆڤیەت و روسیای ئێستا  گلاونەتە 117  هەڵبژاردنی وڵاتانەوە, 69%ی  ئەمەریكا ئەنجامی داون, هەڵبژاردنی ئیتاڵیا لە ساڵی 1948, یەكەم چالاكی سیای ئەمەریكا بوو لەو بوارەدا, ملیۆنان دۆلاری خەرجكرد بۆ ئەوەی شیوعیەكان نەگەنە دەسەڵات كە حیزبی یەكەمی وڵات بوون, لە ساڵی 2005 جۆرج بۆش لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی  عێراق و دواتریش ئۆباما لە هەڵبژاردنەكانی دواتری عێراق ویستیان هەبوو, دەست لە هەڵبژاردنەكان وەردەن, گوایە دواتر ئەنجامیان نەداوە, دوارۆژ  دەردەكەوێت. هەرچەندە لە 22 ولایەتی ئەمەریكا یاساغ  كراوە كۆمپانیاكان بەشداری لە بەخششی هەڵبژاردنەكان بكەن, وە  لە 39ولایەتی ئەمەریكا ئاستێك دیاریكراوە بۆ پیتاكی تاك, بەڵام قازانجی پشكیان بۆ دەچێت لە لایەن كۆمپانیاكانەوە بێ ئەوەی خاوەن پشكیش بن, سنوریشی دیارینەكراوە, وەك فێڵێك"  أپریا‌و المشهد السیاسی اڵامیركی- تشیسون لی ودانییل وینر", ئەمە وێڕای ئەوەی  كاتێك خاوەند كۆمپانیاكان  دێنە ناو هەڵمەتەكەوە, لەبەر ئەوەی لانی زۆری خەرجی  دیارینەكراوە, بە كەیفی خۆیان ترۆمپای پارەكانیان دەڕێژنە ناو هەڵمەتەكەوە, لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ناوخۆیی دیموكراتەكان مایكل بلۆمبێرگ لەماوەی سێ مانگدا ملیارێك و تۆم ستێر 270 ملیۆن دۆلاریان خەرج كرد, هەرچەندیشە زوو  دۆڕان لە كاندیكردنیان بۆ پۆستی سەرەك كۆماری لەسەر پارتی دیموكرات. لە 5 ساڵی رابردوو  لیژنەی  سۆپەر باكس  5  ملیار دۆلاری كۆكردۆتەوە, بەشێكی سەرچاوەكەی دیار نییە, پارەی تاریكییە "  أپریا‌و المشهد السیاسی اڵامیركی- تشیسون لی ودانییل وینر" , بەشێك  لەو پارانە لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار دەهێنرێن, پارەی نهێنی و پارەی رەشن , تەنانەت  داوای سەرچاوەی پارەی بەخششەكان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای  مەدەنی ناكرێت , سەیر كەن تەنها رێكخراوی  "  Center for Responsive Politics "  لە نێوان نۆڤەمبەری 2011  بۆ دیسەمبەری 2014  بڕی 323,936,500 دۆلاری  رەشیان خستۆتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە, كە سەرچاوەكەی بێ دایك و باوك بووە, تەنها لەم هەڵبژاردنە  215  ملیۆن دۆلاری  رەش  تا چەند مانگێك لەمەوپیًش ئەوەی زانراوە  خراوەتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە, پارەی  رەشی بێ  دایك و باوك هەموو ئەگەرەكانی لە بەردەمدایە, لە پارەی رەش , پارەی  ۆڵ ستریت, پارەی بیانی . نەك تەنها دەرەوەی نوێنەری دوو پارتەكە, ئەستەمە بگەنە ئەم 537  كورسییە كە شەڕی لەسەرە, بگرە ژنانی ناو دوو پارتەكەش, رێژەیان زۆر لە خوارە, زۆر كەمتر لە وڵاتانی ئەفریقاو  ئەمەریكای لاتین و تەنانەت عێراق و كوردستانیش , ژنانی ئەمەریكا  19,3203%  كۆنگرێس , 103 كەس وە  ئەنجومەنی پیرانیش 23 %پێ دەهێنن, بەهۆی ئەوەی كێشەی كۆمەك و پیتاكیان هەیە, بەخششەرەكان كەمتر پیتاكیان پێ دەدەن. بەم شێوەیە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا, بە گیرفانی بەتاڵەوەو لە دەرەوەی كەرو فیلەكە, وەك خۆ هەڵدانە لە كێوێكی هەزار بە هەزارەوە بۆ قوڵایی.


وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت  دێسەمبەری 2016 رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" هێرشێكی توندی كردەسەر گروپەكانی هەڵبژاردن لە ئەمریكا، ئەم گروپەی بە دەزگایەك ناوبرد كە سەردەمی بەسەرچووە‌و بۆچونی زۆرینەی ئەمریكییەكان پشتگوێ دەخات. ئەم هێرشە هاوكات بوو لەگەڵ كۆبونەوەی ئەندامانی گروپی هەڵبژاردن دوای مانگێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كە تێیدا دۆناڵد ترەمپی كاندیدی كۆمارییەكان بەسەر هێلاری كلینتۆنی كاندیدی دیموكراتەكاندا سەركەوت.   لەم هەڵبژاردنەدا، لە دەنگدانی گشتیدا هێلاری بەجیاوازی نزیكەی (3 ملیۆن) دەنگ بەسەر ترەمپدا سەركەوت، بەڵام ترەمپ بە دەنگی نوێنەرەكانی هەڵبژاردن بە جیاوازی (304) دەنگ بەبەرامبەر بە (227) دەنگ بوو بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.  ئەو بنەمایەی كە لەسەر ئاستی جیهان هەڵبژاردنی پێدەناسرێتەوە ئەوەیە كێ زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەسەڵات دەگرێتەدەست، بەڵام لە ئەمریكا بەوشێوەیە نییە، سیستمی هەڵبژاردنی سەرۆك لە ئەمریكا لەسەر بنەمای "گروپەكانی هەڵبژاردن"ە، لە دەستوری ئەمریكادا شتێك بوونی نییە بەناوی ئەوەی گەل سەرۆك هەڵبژێرێت، مافی هەڵبژاردن تەنیا بۆ گروپەكانی هەڵبژاردنە.  ئەمەیە وایكردووە زۆرێك سیستمی هەڵبژاردنەكان لە ئەمریكا بە سیستمێكی ستەمكارانە ناودەبەن، لەبەرامبەریشدا خەڵكانێك ئەم سیستمە بە سیستمێكی سەركەوتوو وێنا دەكەن.  گروپی هەڵبژاردن چییە ؟  لە (48) ویلایەتی ئەمریكا پرۆسەی هەڵبژاردن پشت بەو بنەمایە دەبەستێت كە دەڵێ "براوە هەموو دەنگەكان دەبات"، بەواتای ئەوەی هەر كاندیدێك زۆترین دەنگی ولایەتەكە ببات، هەموو ئەو دەنگدانەی پێدەدرێت كە بۆ گروپەكانی هەڵبژاردن لە ویلایەتەكە دانراوە، بەدەنگی كاندیدە دۆڕاوەكەشەوە.  هەردوو ویلایەتی نبراسكا (4 كورسی)‌و ماین (5 كورسی) جیاكارییان بۆ كراوە، لەم دوو ویلایەتە هەردوو كاندیدەكە تەواوی دەنگەكانی خۆیان دەبەن.  هەر ویلایەتێك بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانەكەی، ژمارەیەكی دیاریكراوی دەنگی هەیە لەناو گروپەكانی هەڵبژاردندا، تێكڕای دەنگی گروپەكانی هەڵبژاردن لە ئەمریكا (538) دەنگە، بۆیە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا ئەو كەسەیە (270) دەنگ یان زیاتر لەناو ئەم گروپەدا كۆدەكاتەوە.  لە مێژووی ئەمریكادا (5) سەرۆك هەن كە هەڵبژاردنی گشتییان دۆڕاندووە، بەڵام بە دەنگی گروپەكانی هەڵبژاردن بوون بە سەرۆكی وڵات، لەوانە جۆن كوینسی ئادامز لە ساڵی 1824.  لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2000دا كە جۆرج دەبلیو بوش كاندیدی كۆمارییەكان ركابەرێتی لەگەڵ ئال گۆر كاندیدی دیموكراتەكان دەكرد، هەمان سیناریۆ دووبارە بووەوە، لەم هەڵبژاردنەكەدا ئال گۆر لەسەر ئاستی دەنگدانی گشتی (500 هەزار) دەنگ زیاتری لە بوش بەدەستهێنا، بەڵام بوش (271) دەنگی لە گروپەكانی هەڵبژاردن بەدەستهێنا‌و بوو بە سەرۆكی وڵات.  رەخنەكان  رەخنەگران وای دەبینن ئەم سیستمەی هەڵبژاردن نەك ئەوەی ملیۆنان دەنگ بەهەدەر دەبات، بەڵكو دەنگی ملیۆنان كەس لە هاوڵاتیانی ئەمریكا دەبات بۆ كاندیدێك كە ئەوان دەنگیان بۆ نەداوە‌و كەسێك كورسی ویلایەتەكەیان دەبات كە ئەوان پاڵپشتییان لێ نەكردووە.  بەدرێژایی مێژووش هەردوو پارتەكەی ئەمریكا (كۆماری‌و دیموكراتەكان) بنكەی جەماوەرییان لە ویلایەتەكان بۆ خۆیان دروستكردووە‌و ویلایەتەكانیان لەنێوان خۆیاندا یەكلاكردوەتەوە، بۆ نمونە (كالیفۆرنیا) ویلایەتێكە كە بۆ دیموكراتەكان یەكلابوەتەوە، بەڵام ویلایەتی (یوتا) بۆ كۆمارییەكان یەكلابوەتەوە، بۆیە ئەو ویلایەتانە كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەلادا دەخەن كە هێشتا خۆیان یەكلانەكردوەتەوە بۆ هیچ یەكێك لە پارتەكان، ئەم ویلایەتانەش ژمارەیان كەمە‌و جارێك بەلای كۆمارییەكان‌و جارێكی تر بەلای دیموكراتەكاندا دەشكێنەوە. ئەمە بەواتای ئەوەدێت ملیۆنان دەنگ لەو ویلایەتانەی كە بۆ یەكێك لە دوو پارتەكە یەكلابوەتەوە، بەهەدەر دەچێت. رەخنەگران دەڵێن كاندیدی "س" رەنگە ویلایەتێك بە جیاوازی 30 بۆ 10%ی دەنگەكان ببات، بەڵام هەمان ژمارەی كورسی لە گروپی هەڵبژاردن دەبات، ئەمەش بەبڕوای ئەوان شورەییەكی گەورەیە لە سیستمی هەڵبژاردندا، خۆ ئەگەر ئەو كاندیدە بە جیاوازی 1% ویلایەتێكی تر لەوانەی كە یەكلانەبووەتەوە ببات، بۆ نمونە فلۆریدا كە خاوەنی (29) كورسییە لە سیستمی هەڵبژاردندا، ئەمە ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵدەگێڕێتەوە.  دیموكراتیەكەی ئەمریكا دادپەروەرانە نییە ! جیسی ویجمان رۆژنامەنوس لە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" كە خاوەنی كتێبێكە بەناوی "رێگە بدە خەڵك سەرۆك هەڵبژێرن" دەڵێ:" دیموكراتیەتی ئەمریكا دادپەروەرانە نییە".  باسلەوە دەكات:" پێنج جار لە مێژووی ئێمەدا، ئەو كاندیدانەی سەرۆكایەتی كە بە دەنگدانی زیاتر لە ركابەرەكەیان بردوەتەوە، هەڵبژاردنیان دۆڕاندووە، ئەمە بۆچی ؟ هۆكارەكەی سیستمەی هەڵبژاردنەكەمانە كە تەمەنی 230 ساڵە". رەخنەگران وای دەبینن، سیستمی هەڵبژاردن  كە "دامەزرێنەرانی ئەمریكا"وە، واتا ئەوانەی كە بناغەی دەوڵەتی ئەمریكایان داناوە، لەدواین ساتەكاندا دەستوردا بڕیاری لەسەردراوە، ئەوكات باوەڕیانوابووە ئەمە باشترین شێوازە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی وڵات، ئەمەش لەبەر هەندێك هۆكار كە ئەو هۆكارانە ئێستا بونیان نییە.  بەڵام، لەبەرامبەردا خەڵكانێك هەن كە بەرگری لە سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا دەكەن، بەهانەشیان ئەوەیە، زۆرینەی هەرە زۆری سەرۆكەكانی ئەمریكا دوای تەوافوقی دەنگدانی گشتی‌و دەنگدانی گروپەكانی هەڵبژاردن گەیشتونەتە سەر كورسی حوكم.  لایەنە ئەرێنییەكان لایەنگرانی سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا دەڵێن ئەم سیستمە هاوسەنگی دروستدەكات لەنێوان ئیرادەی جەماوەرو مەترسی ئەوەی ناوی لێنراوە "ستەمی زۆرینە"، بەتایبەتیش كاتێك كە دەنگی جەماوەر رەنگە ببێتە هۆی لەناوبردنی دەنگی كەمینەكان‌و هەڕەشە لەسەریان.  هەروەك گروپەكانی هەڵبژاردن زامنی بەشداری هەموان دەكەن لەسەر ئاستی وڵات لە هەڵبژاردنی سەرۆكدا، ئەمە بەواتای ئەوە دێت ئەو كەسەی هەڵبژاردن دەباتەوە دواجار خزمەت بە هەموو وڵات دەكات، بەڵام دەنگدانی راستەوخۆ وا لە كاندیدەكان دەكات هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان كورت بكەنەوە لە ناوچە قەرەباڵغەكاندا‌و گوندنشین‌و ناوچە دورەدەستەكان پشتگوێ بخەن.  ئالین جیلزو بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەكانی سەردەمی جەنگی ناوخۆیی لە كۆلیژی جیتیسبێرگ دەڵێ ئەم سیستمە هانی ساختەكاری نادات، چونكە پارتەكان ئەگەر ساختەكارییان كرد، ئەنجامی گەورە بەدەستناهێنن. جیلزو لەوەڵامی ئەوانەدا كە دەڵێن گروپەكانی هەڵبژاردن سیستمێكی پڕ گرێ‌و گۆڵە، باسلەوە دەكات، لە دەستوری ئەمریكادا نەهاتووە حكومەت بەشێوەیەكی سادەو ساكار هەڵبژێردرێت.  جەخت لەسەر ئەوە دەكات سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا نە سیستمێكی بێكەڵكە‌و نە سیستمێكی كۆن، ئەم سیستمە دانراوە بۆ روبەڕووبونەوەی خراپترین پاڵنەری مرۆیی‌و پارێزگاریكردن لە نەتەوە لە مەترسییە شاراوەكانی ناو پرۆسەی دیموكراتی.  سەرچاوە: سكای نیوز  


(درەو): نوێترین توێژینەوەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکرایەوە، توێژینەوەکە ئاشکراکردووە زۆرینەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کورتهێنانێکی زۆریان هەیە لە یەدەگی ڤیتامین (D)دا. کێشەی کەمی ڤیتامین (D) لە وەرزی زستاندا بۆ ئەو کەسانە زیاتر دەبێت کە بەدێژایی ساڵ خۆیان بەدەستی کەمیی ئەم جۆرە ڤیتامینەوە دەناڵێنن، ئەمەش بەهۆی نەمانی تیشکی خۆرەوەیە لەو وەرزەدا. ماوەی چەند مانگێکە زانیایان و توێژەرانی بواری ڤایرۆسەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی، کەمیی یەدەگی ڤیتامین (D) کە لەناو کەسانی بەتەمەندا بەربڵاوە، پاڵنەرێکی مەترسیدارە کە دەرفەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەکات، ئەمە بەپێی قسەی گۆڤاری "تراست مای سایانس"، کە گۆڤارێکی زانستییە. بەڵام بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر ٢١٦ نەخۆش لە نەخۆشخانەدا ئەنجامدراوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە رێژەی زیاتر لە ٨٠٪ی ئەوانەی توێژینەوەکەیان لەسەرکراوە، بەدەست کەمیی ڤیتامین (D)یەوە دەناڵێنن، تێبینی کراوە کەمی ڤیتامینەکە زیاتر لەناو پیاواندا بووە وەک لە ژنان. لەلایەکی ترەوە ئەو توێژەرانەی کە کاریان لە توێژینەوە نوێیەکەدا کردووە، نەگەیشتوون بە هیچ دەرەنجامێک لەبارەی ئەوەی، ئایا هیچ پەیوەندییەک هەیە لەنێوان مەترسیی نەخۆشییەکەو ئاستی ڤیتامین (D) لە جەستەی نەخۆشەکاندا. ئەو توێژینەوەیە کە لە نەخۆشخانەی زانکۆی "مارکی دی ڤالدیسیلا" کراوە، بەپێی ئەوەی گۆڤارەکە باسی کردووە، و پێناسەی ڤیتامین (D) بەوشێوەیە کردووە کە هۆرمۆنێکە گورچیلە دەریدەکات و کۆنتڕۆڵی کالیسیۆم دەکات لەناو خوێنداو کاریگەری لەسەر بەرگری لەش هەیە، بەشێوەیەکی بەردەوام کەمی ڤیتامین (D) دەبەسترێتەوە بە کۆمەڵێکی جۆراوجۆر  کێشەی تەندروستییەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی پەیوەندیدارن بەنەخۆشییەکانی بەرگری لەش و هەوکردنەکانەوە. بەگوێرەی قسەی ئەوانەی توێژینەوەکەیان کردووە، ئێستا بەکارهێنانی حەبی ڤیتامین (D)، یەکێکە لە رێگاکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە خۆیان کێشەی کەمی ئەم جۆرە ڤیتامینەیان هەیە، هەروەک رێگەیەکیشە بۆ کەمکردنەوەی توندی ئاستی توشبوون بە نەخۆشییەکە، بەتایبەتیش بۆ کەسانی بەتەمەن. توێژینەوەکە راستییەکی سەرەنجڕاکێشی تریشی ئاشکراکردووە، ئەویش ئەوەیە کە لەناو توشبوانی کۆرۆنادا، پیاوان بەئاستێکی کەمتر لە ژنان ڤیتامین (D)یان هەیە. لەلایەکی ترەوە سایتی "بیزنیس ئینسایدەر"ی ئەڵمانی باسی لە توێژینەوەیەکی تر کردووە کە مانگی ئابی ئەمساڵ لە ئیتاڵیا ئەنجامدراوەو دەریخستووە، رێژەی نزیکەی ٤٢٪ی توشبوانی کۆڤید-١٩ ئەوانەیان کە کورتهێنانێکی زۆریان لە ڤیتامین (D)دا هەبووە، دوای (١٠) رۆژ لە نەخۆشخانەدا مردوون، لەبەرامبەردا رێژەی ٥٪ی ئەو کەسانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مردوون کە کێشەی کەمی ڤیتامین (D)یان نەبووە. سەرچاوە: DW


(درەو): لەناو جیهانی ئیسلامیدا دەنگەکان بۆ بایکۆتکردنی کاڵای فەرەنسی تادێت زیاتر دەبن، ئەمەش بەهۆی ئەو ناکۆکییەی لەبارەی وێنە کاریکاتێرییەکانی پێغەمبەری ئیسلام دروست بووە. بەپێی داتاکانی سایتی (ITC Trade)، کە پرۆژەیەکی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانە: 🔹 تێکڕای هەناردەی فەڕەنسا بۆ وڵاتانی جیهان ساڵی رابردوو گەیشتوەتە (٥٥٥ ملیارو ١٠٠ ملیۆن) دۆلار، واتا زیاتر لە (نیو ترلیۆن) دۆلار. 🔹 ساڵی رابردوو، هەناردەی فەڕەنسا بۆ (٧) وڵاتی عەرەبی نزیکەی (٢٩ ملیار) دۆلار بووە، لە دیارترین ئەو وڵاتانەش کە کاڵای فەڕەنسی بۆ هەناردەکراوە (مەغریبی عەرەبی) و (جەزائیر) بووە. 🔹 ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان جەزائیرو فەڕەنسا گەیشتوەتە نزیکەی (١٠ ملیارو ٢٠٩ ملیۆن) دۆلار، لەم هاوکێشەیەدا بەهای هەناردەی فەڕەنسا بۆ جەزائیر (٥ ملیارو ٥١٣ ملیۆن) دۆلار بووە، لەبەرامبەردا ئاستی هاوردەکردن (٤ ملیارو ٦٩٦ ملیۆن) دۆلار بووە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت تەرازووی بازرگانی بەجیاوازی (٨١٧ ملیۆن) دۆلار لەبەرژەوەندی فەڕەنسادا بووە. 🔹 قەبارەی بازرگانی فەڕەنسا لەگەڵ مەغریبی عەرەبی ساڵی رابردوو گەیشتوەتە نزیکەی (١١ ملیارو ٥٨ ملیۆن) دۆلار، لەم رێژەیە بەهای هەناردەی فەڕەنسا بۆ مەغریب (٥ ملیارو ٣٣٦ ملیۆن) دۆلار بووە. 🔹 قەبارەی بازرگانی نێوان فەڕەنساو تونس ساڵی رابردوو نزیکەی (٩ ملیار) دۆلار بووە، رێژەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ تونس نزیکەی (٣ ملیارو ٨٠٠ ملیۆن) دۆلار بووە. 🔹 قەبارەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ قەتەرو ئیمارات و سعودیەو میسر نزیکەی (١٤ ملیار) دۆلار بووە، بەشی زۆریشی بۆ قەتەر بووە کە بەهاکەی دەگاتە (٤ ملیارو ٢٩٥ ملیۆن) دۆلار. 🔹 تەرازووی بازرگانی نێوان فەڕەنساو قەتەر بە جیاوازی (٣ ملیارو ٥٣٧ ملیۆن) دۆلار لەبەرژەوەندی فەڕەنسادایە، چونکە فەڕەنسا بەبەهای تەنیا (٧٥٨ ملیۆن) دۆلار کاڵای لە قەتەرەوە هاوردە کردووە لە حاڵێکدا بەبڕی (٤ ملیارو ٢٩٥ ملیۆن) دۆلار کاڵای بۆ قەتەر هەناردە کردووە. 🔹 تەرازووی بازرگانی فەڕەنسا لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی بەهەمان شێوە بە جیاوازی (ملیارێک و ٩٢٩ ملیۆن) دۆلار لەبەرژەوەندی فەڕەنسادایە، چونکە فەڕەنسا زیاتر لەوەی کە هاوردەی کردووە، کاڵای بۆ ئیمارات هەناردە کردووە (هەناردە ٣ ملیارو ٦٤٧ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام هاوردە ملیارێک و ٧١٨ ملیۆن دۆلار بووە). 🔹 قەبارەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ سعودیە ساڵی رابردوو (٣ ملیارو ٣٦١ ملیۆن) دۆلاربووە، بۆ میسریش (٢ ملیارو ٥٧٥ ملیۆن) دۆلار بووە. 🔹 ئەوەی جێگەی سەرەنجە لە داتاکای سایتی (ITC Trade)دا، ساڵی رابردوو قەبارەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ تورکیا گەیشتوەتە نزیکەی (٦ ملیارو ٦٥٥ ملیۆن) دۆلار، ئەگەر سەرجەمی هەناردەی فەڕەنسا بۆ (٧) وڵاتە عەرەبییەکەو تورکیا لە ساڵی رابردوودا کۆبکرێتەوە، بەهاکەی دەگاتە (٣٥ ملیار) دۆلار. 🔴 واتا لە هاوکێشەی بایکۆتدا فەڕەنسا زیانی گەورە بەر ئابورییەکەی دەکەوێت.


Voice of America وەرگێرانی: ئاسۆ جەبار   ئەمەریکا هۆشداریی دەدات لەبارەی دەستێوەردانی ئێران و روسیا لەهەڵبژاردنەکاندا ڕوسیا و ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر تۆڕەکانی حکومەتی ئەمەریکا و سیستەمە کۆمپیوتەریەکان زیاددەکەن لەکاتێکدا هەڵمەتەکانی زانیاریە سەرلێشێوێنەرەکانیان زیاتر دەکەن بەو هیوایەی متمانەی دەنگدەرانی ئەمەریکا تێکبدەن لەکاتێکدا کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 3 ی مانگی 11 . ئەو هۆشدارییە ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمەریکا و بەرپرسانی ئاسایشی هەڵبژاردنەوە دێت، پاش ئەوەی ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر بەڕێوەبەری هەواڵگریی نەتەوەیی ئەمەریکا؛ ئێرانی تاوانبار کرد بە دەستپێکردنی یەکەم هێرش بۆ سەر هەڵبژاردنی داهاتوو و تارانی تۆمەتبارکرد بە ناردنی هەزاران ئیمەیلی چەواشەکار کە بۆ ترساندنی دەنگدەران کڵێشەکراوە. ئەو ئامۆژگارییانەی کە رۆژی پێنج شەممە لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و دەزگای ئاسایشی ئینتەرنێتی و ژێرخانی ئابوریەوە دەرچوو دەڵێن ئەو ئیمەیل و نامە ئەلکترۆنیانە و سەرباری توانای ڕوسیا و ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری تۆماری دەنگدەران تەنیا دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورەترە بۆ پشتگوێخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا . بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئێف بی ئای و سی ئای ئێس ئەی، هێرشەکانی ڕوسیا لە مانگی نۆوە دەستیپێکردووەو دەیان تۆڕی حکومیی دەوڵەتی و خۆجێیی کردبووە ئامانج کە فڕۆکەوانی و تا پەروەردەیان کردبووە ئامانج . هۆشدارییەکان ئەوە دەڵێن کە هێرشبەری ئەلیکترۆنی ناسراو بە (Beserk Bear) سەرکەوتوانە توانیوێتی ژێرخانی تۆڕە ئەلیکترۆنییەکە ببڕێت و هەر لە 1 ی ئۆکتۆبەری 2020 ەوە بەلای کەمەوە توانیوێتی زانیارییەکانی دوو خزمەتگوزاری بدزێت ببنە قوربانی." هێرشبەرەکان هەروەها توانیان بەڵگەنامەکان بەدەستبهێنن کە دەتوانن رێگەیان پێبدەن لە تۆڕەکان بسوڕێنەوە، بەدوای زانیاری گرنگدا دەگەڕێن لە کاتێکی دواتردا دەتوانن بەکاریان بهێنن، ئەگەری ئەوەیە هەیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوو ئاڵۆزبکەن. لە راگەیانراوەکەدا هاتووە:"رەنگە هەندێک مەترسی لەسەر زانیاری هەڵبژاردن دروستبێت کە لەتۆڕە حکومیەکانی (دەوڵەت، ناوخۆ، خێڵ و خاوەندارێتی شوێن)دا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێف بی ئای و سی ئای ئەی تا ئەوڕۆکە هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدا نییە کە تەواوی داتاکانی هەڵبژاردن لەمەترسیدا بوو بێت." کاربەدەستان ڕەتیانکردەوە وردەکاری زیاتر سەبارەت بە سوودوەرگرتنەکانی ڕوسیا بڵاوبکەنەوە یان بڵێن کام لەخزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە مەترسیدا بوون، بەڵام دەزگای سەربەخۆی ئاسایشی تۆڕەکانی ئینتەرنێت (ماندیانت) دەڵێن هەڵسوکەوتی ڕوسیا وا دەردەکەوت کە بەرەو دەنگدانی 3 ی مانگی 11 ئاڕاستەکرابێت. لە لێدوانەکەدا جۆن هۆڵکویست بەڕێوەبەری باڵای شیکاری دەزگای ماندیانت وتی:"ئەمە وادەکات دەستیانڕابگات بە سیستمەکە بۆ دروستکردنی پشێوی یان خۆی لەخۆیدا مەبەستێکیان هەیە کە رێ بە لایەنێکی چالاک بدات سود لەروانینی تایبەتی نەبوونی ئاسایش لە هەڵبژاردنەکاندا وەربگرن و پرۆسەی دیموکراسی بێ بەها بکەن." هۆڵکویست ئەوەشی گووت؛ لەکاتێکدا لانیکەم یەک هێرش کراوەتە سەر ئامانجێک کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە، "هیچ زانیارییەکمان نییە کە ئاماژە بەوە بدات کە ئەو بکەرانە هێندە توانایان هەبێت یان تەنانەت ئامادەگی ئەوەیان هەبێت دەنگەکان کەمبکەنەوە. " بەڵام لە کاتێکدا بکەرە هێرشبەرە ئەلیکترۆنییە ڕوسییەکان وادەردەکەون کە رازین بە دۆخەکە لە ئێستادا بۆ هەڕەشەکردن لەتۆڕەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنی ئەمەریکا. رۆژی پێنجشەممە ئێف بی ئای و سی ئای ئێس ئەی هۆشدارییاندا کە وا دەردەکەوێت بکەرە گرێدراوەکانی ئێران لە بارێکدا بن کە توانای ئەوەیان هەیە خراپ سود لەخاڵە لاوازەکانی ئێستای تۆڕەکە وەربگرن. ئەو بکەرانە لە مانگی هەشتی 2019ەوە بەڕادەیەکی زۆر خۆتێهەڵقورتانیان لە دژی تۆڕەکانی ئەمەریکا ئەنجامداوە؛ "بەپێی راوێژکارییە نوێکە کە ئاماژە بە ئەگەرەکانی بڵاونەکردنەوەی هێرشی لەدەستدانی خزمەتگوزاری (DDos) و هەڵمەتەکانی شێواندنی پێگە ئەلیکترۆنییەکان ئەنجام دەدەن." هۆشدارییەکان باس لەوە دەکەن کە " ئەگەری ئەوە هەیە ئەم چالاکییانە ئەو سیستمانە بە شێوەیەکی کاتی والیبکەن کە خەڵک یان بەرپرسانی کاروباری هەڵبژاردن دەستیان پێڕانەگات، کە ئەمەش دەتوانێت خاوی بکاتەوە بەڵام ڕێگری ناکات لەدەنگدان یان ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان . " زیاتر هۆشداریدا کە بکەرە هێرشبەرە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران هەروەها هەستاون بە بەرفراوانکردنی تواناکانیان بۆ چەواشەکردنی پەیوەست بە هەڵبژاردنەوەو "دروستکردنی ماڵپەرە میدیاییە وەهمییەکان و ساختەکردنی ماڵپەرە میدییاییە یاساییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی داتای تۆماری دەنگدەرانی ئەمەریکا و پڕوپاگەندە دژە ئەمەریکا و زانیاری هەڵە لەبارەی سەرکوتکردنی دەنگدەران و ساختەکاری بکەن لەپرۆسەی دەنگداندا." هۆشدارییەکان لەبەرپرسانی ئاسایشی و هەواڵگریی ئەمەریکاوە گۆڕا بۆ تەرزەدەنگێکی وریاکردنەوە، بەڵام پێدەچێت زیاتر گەشبینانەتر بێت لەچاو ئەوەی ئەم دواییانە کە لەمانگی ڕابردوودا بڵاویانکردەوە. کریستۆفەر ڕەی بەڕێوەبەری ئێف بی ئای لە 17 مانگی 9 دا بە لیژنەی ئاسایشی یاسادانەرانی کۆنگرێسی وت "روسیا بەردەوام هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانمان بکات، بە شێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی ئەو شتەی کە پێیدەڵێین کاریگەری خراپەکاری بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە ساڵی 2016 دا روویدا کە ئەوکاتە هاوکات هەوڵێک هەبوو بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی هەڵبژاردنەکان. " بەڵام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی هێرست دوو هەفتە لەمەوبەر، گەورە بەرپرسی دژەهەواڵگریی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە دیمەنی هەڕەشەکە لە گۆڕاندایە و دەڵێت ڕوسیا و ئێران و چین بە شێوەیەکی چالاکانە ژێرخانی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بە ئامانج دەگرن. ولیام ئیڤانا لەناوەندی دژەهەواڵگیری نیشتیمانی و ئاسایشی وتی"ئێمە زۆر بە نەرمی کاردکەیەن، زۆر سەرکەوتوو بووین لە بەڕەنگاربوونەوەی زوربەی هەرە زۆری ئەو هەواڵانە" دوابەدوای هەڵمەتی ئیمەیڵی ئێرانییەکان، بەرپرسان هۆشدارییاندا بە دەنگدەرانی ئەمەریکا کە ئەم هەڵمەتانەی ڕوسیا و ئێران دەستیانپێکردووە تەنیا دەستپێکن. کریستۆفەر کرێبس، بەڕێوەبەری دەزگای سی ئای ئێس ئەی رۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "هەواڵگیری هاوبەش سەرباری ئەوەی کە جێی نیگەرانییە بەڵام سۆپڕایس نیە" لەدرێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی وا چاوەڕواندەکرێت ئەو بکەرە هێرشبەرانە کە دەیانەوێت دەستێوەردان ئەنجامبدەن لە زیادبووندا دەبێت. لەم نێوەدا هەندێک لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا گوزارشتیان لەو مەترسییە کردووە کە درکی پێدەکەن، ئاماژەیان بەوەداوە کە رەنگە روسیا و ئێران تەنها بەوەوە نەوەستن کە داتای تۆماری دەنگدەران بەکاربهێنن کە بەردەستیان کەوتووە بەڵکو ئێران لەڕێی هەڵمەتی ئیمەیڵەکانیەوە بەکاریان دەهێنێت. نۆرمان ڕۆل بەرپرسی باڵای پێشووی هەواڵگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ هەوڵەکانی تاران نیشانی دەدات کە ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و کاریگەرئامێزەکاناین دەردەکەوێت و هەروەها وتیشی:"دەستکەوتنی زانیاری دەنگدەران لەڕێی ئێرانەوە کە راپۆرت کراوە جێی نیگەرانییە." وتیشی:"ئەم داتایانە بە ئاشکرا لەبەردەستدا بوون یان نا، دەستکەوتنی لەلایەن بکەرە ئێرانییەکانەوە کە لەو هەڵمەتانەدا بەشداربوون ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو بابەتانە کڵێشەی سەرەکی ئەو هەڵمەتانە ئامانجگەلی ئایندەن. "ئەگەر وەڵامدانەوەی ئێمە بۆ ئەمە گفتوگۆیەکی ناوخۆیی بێت و کەمتر سەنگ بخەینە سەر ئێران، ئەوا ئیتر لەوە تێدەگەن کە ئەو هەڵمەتانە دەتوانن ئەنجامبدەن بە تێچوونێکی کەمەوە" کاربەدەستێکی ئێستای ئەمەریکا بە هۆی هەستیاری بابەتەکەوە بەو مەرجەی کە شوناسی ئاشکرا نەکرێت بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند کە نیگەرانی لەهەوڵەکانی تاران زیاتر دەبێت، هۆشداریدا کە هێشتا ئێران بەدوای تۆڵەکردنەوەی ئەو هێرشەدا دەگەڕێت کە فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوان لەمانگی یەکی ئەمساڵدا سەرۆکی لیوای قودسی پاسداران قاسم سولەیمانی کوشت. لە ئێستادا بەرپرسانی هەڵبژاردنی ولایەتەکان داوا لە دەنگدەران دەکەن کە هێمن بن و خۆیان بەدووربگرن لە هەر پروپاگەندەیەکی بێزارکەر یان بانگەشەی وروژێنەر کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبێتەوە ئیتر ئایا لەلایەن ئێران یان ڕوسیاوە ئاڕاستەکرا بێت یان هەر کەسێکی دیکەوە. کاربەدەستانی نیشتمانی و فەرمانڕەوایانی دەوڵەت لە بەیاننامەیەکدا کە درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە دەڵێت:"ئامادەبن بۆ هەر هەوڵێکی دەرەکی کە دەیانەوێت تۆویی جیاکاریی بچێنن و رەوایی یاسایی هەڵبژاردنەکان بێ بەها بکەن." لەدرێژەی وتەکانیدا وتیشی "هەموو کۆمەڵگەی هەڵبژاردنەکان سەرلەبەر ئامادەن بۆ ئەرکی داهاتومان. " هەندێک لە شارەزایان هەست بە نیگەرانی دەکەن سەرباری ئەوەی رۆژی هەڵبژاردن نزیکبۆتەوەو دەنگدەرانی ئەمەریکا تاقیدەکرێنەوە وەک ئەوەی پێشتر رووینەدابێت. جۆن سکات رایڵستن، توێژەری باڵا لەتاقیگەی هاوڵاتی لە قوتابخانەی مۆنک لە زانکۆی تۆرۆنتۆ، وتی:"کێشەکە بەڕاستی هەڵخەڵەتێنەرەیە وەک ئەوە وایە هەمومان لەئێستادا لە تاقیگەیەکدابین و لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە تاقیکردنەوەمان لەسەر بکەن." "نازانین دەرئەنجامەکان چۆن دەبن بەڵام ئەوان واتە (ناحەزەکانی ئەمەریکا) نازانن ئەنجامەکان چۆن دەبن بەڵام زۆر فێردەبن.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئەمڕۆ بۆ ئێران رۆژێكی گرنگ بوو، سزای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆتایی هات، ئێران ئیتر دەتوانێت هەم چەك بكڕێت‌و هەم بیفرۆشێت، ئێرانی چەك لە كێ دەكڕێت‌و چەكی خۆی بە كێ دەفرۆشێت، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە. هەڵگرتنی سزاكان ئەمڕۆ ماوەی ئەو سزایە كۆتایی هات كە مانگی ئازاری 2007وە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەسەر ئێرانیدا سەپاند‌و بەپێی سزاكە هاوردەكردن‌و هەناردەكردنی چەكی لە ئێران قەدەغەكرد. ساڵی 2015، ئێران رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز (5+1) ئیمزا كرد، بەپێی ئەو رێككەوتنە رێگە بە ئێران درا دوای پێنج ساڵ لە رێككەوتنەكە چەكی كلاسیكی بكڕێت، واتا لە رۆژی 18ی ئۆكتۆبەری 2020وە كە دەكاتە ئەمڕۆ، هەروەها رێككەوتنەكە دەڵێ دوای هەشت ساڵ لە رێككەوتنەكە قەدەغە لەسەر موشەكی ئێران‌و پرۆگرامەكەی هەڵدەگیرێت واتا لە ساڵی 2023. سەرباری ئەوەی لە ساڵی 2018وە ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی یاخود ئەوەی ئێرانییەكان ناویان لێناوە "برجام" كشاوەتەوە، بەڵام هێشتا رێككەوتنەكە بەركارە، چاودێرانی نێودەڵەتی دەڵێن مانەوەی ئێران لەناو رێككەوتنەكەی دوای كشانەوەی ئەمریكا، تەنیا لەبەر ئەوە بوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو سزایەی لەسەر هەڵگرێت.   لە چەند مانگی رابردوودا ئەمریكا هەوڵیدا پشتیوانی نێودەوڵەتی كۆبكاتەوە بۆ درێژكردنەوەی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ئێران، بەڵام لەمەدا سەركەوتوو نەبوو، روسیا‌و چین كە خاوەنی كورسی هەمیشەین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەگەڵ درێژكردنەوەی سزاكەدا نەبوون.  چەكەكانی ئێران گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست"ی بەریتانی دەڵێ:" جبەخانەی ئێران لە تانكی بەریتانی‌و كۆپتەری ئەمریكی كۆن پێكدێت، ئەم چەكانە ئێستا لە خۆرئاوا خراونەتە ناو مۆزەخانەوە" واتا چیتر مۆدێلیان بەسەرچووە. بەپێی قسەی ئەو گۆڤارە، ئێران لە جەنگی هەشت ساڵەدا لەگەڵ عێراق، زیاتر لە "یەك لەسەر سێ"ی جبەخانە سەربازییەكەی لەدەستداوە، ئێستا كە سزای نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر هەڵگیراوە، ئیتر ئێران دەتوانێت چەكی نوێ بكڕێت.  رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دوای كۆبونەوەی حكومەت، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران پیرۆزبایی لە خەڵكی وڵاتەكەی كرد بەبۆنەی كۆتایهاتنی وادەی سزاكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئێران‌و ئەمەی بە رۆژێكی نیشتمانی لە مێژووی وڵاتەكەی‌و سەركەوتن بەسەر ئەمریكادا وەسفكرد. ئێستا ئێران ئیتر دەستكراوەیە لەوەی چەك بكڕێت، بەڵام هێشتا دەرفەتەكە بۆ تاران سنوردارە، چونكە: •    ئێران لەناو كێشە دارایی‌و قەیرانێكی ئابوریدایە، ئەمە وادەكات نەتوانێت بڕێكی زۆری پارە بۆ كڕینی چەك خەرج بكات. •    لەلایەكی ترەوە، هێشتا سزا تاكلایەنەكانی ئەمریكا لەسەر ئەو كۆمپانیایانەی كە چەك بە ئێران دەفرۆشن، بەردەوامە، ئەمەش هەندێك كێشە بۆ ئێران دروست دەكات. •    هاوكات ئێران خۆشی نایەوێت دوای هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش بەشێوەیەكی خێرا هەموو جۆرە چەكێك بكڕێت، بەرپرسان دەڵێن دەیانەوێت پشت بە بەرهەمی ناوخۆی چەك ببەستن‌و ئەگەر پارەیەكیش لەو بوارەدا خەرج بكەن دەبێت بۆ كڕینی تەكنەلۆژیای نوێی پەرەپێدانی پیشەسازی چەكی خۆماڵی بێت، بەتایبەتیش لە بواری بەرگری ئاسمانیی‌و دەریایی، نەك تەنیا كڕینی چەك.   بەرپرسانی ئێرانی پێیانوایە ئەگەر بیانەوێت چەك بكڕین، سزا تاكلایەنەكانی ئەمریكا ناتوانن رێگر بن، چونكە ئێران پێشتر سیستمی بەرگری (ئێس 300)ی لە روسیا كڕیوە‌و ئێستاش دەتوانێت سیستمی (ئێس 400) بكڕێت.  ئەولەویەتی ئێران بۆ كڕینی چەك دوای هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت پۆشتە‌و پەرداخكردنی هێزی ئاسمانی بێت، فڕۆكەكانی سوپای ئێران بەشێكی زۆریان تەمەنیان (40 ساڵ) زیاترە‌و پێویستیان بە نوێكردنەوەیە. سەرباری ئەمە، ئەو فڕۆكانەی كە ئێران خۆی دروستیكردوون لەوانە ( كەوسەر، ساعیقە، قاهر 313) ئەو توانا جەنگییەیان نییە كە لەبەرامبەر فڕۆكەیەكی نوێدا مانۆڕ بكەن. ئێستا كە سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش وادەكەی كۆتایی هات، هەریەكە لە روسیا‌و چین چاویان لەوەیە چەك بە ئێران بفرۆشن، چاودێران دەڵێن ئێران دەتوانێت چەكی نوێ بە نرخێكی هەرزانتر بكڕێت، ئەگەر بتوانێت لەو بوارەدا جۆرێك لە ركابەرێتی لەنێوان روسیا‌و چیندا دروست بكات.  هەندێك لە چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەكەن، روسیاو چین بكەونە ركابەرێتی یەكتر بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنی فرۆشتنی چەك بە ئێران، بەڵام رەنگە زۆر دوریش نەڕۆن‌و چاوەڕێی دەرەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بكەن، سەرباری ئەمە هەردوو وڵات بەرژەوەندی ئابوری گەورەیان لەگەڵ هەندێك لەو وڵاتانی تری ناوچەكەدا هەیە كە خۆشحاڵ نین بەوەی ئێران چەكی نوێی دەستبكەوێت. ئەو چەكانەی كە ئێران لە لیستی خۆیدا دایناون بۆ ئەوەی دوای هەڵگرتنی سزاكە بیانكڕێت، بریتین لەم چەكانە: •    فڕۆكەی (سوخۆ سو 30)ی روسی •    تانكی (تی-90) •    موشەكی سیزلر-ی هێزی دەریایی روسیا •    فڕۆكەی (جی- 10)ی چینیی هەناردەی چەك هەڵگرتنی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران تەنیا كڕینی چەك ناگرێتەوە، بەشێكی تری سزاكە تایبەت بوو بە هەناردەكردنی چەك. نەیارانی ئێران لەناوچەكە لەوانە سعودیە‌و ئیسرائیل دەڵێن ئێران هەر لە سەرەتاوە پابەندی ئەم بڕگەیەی سزاكەی ئەنجومەنی ئاسایش نەبووە، چونكە بەردەوام چەكی ناردووە بۆ هاوپەیمانەكانی لە یەمەن‌و لوبنان لەمەدا مەبەستیان لە حوسییەكان‌و حزبوڵایە.  بۆ ئێران بابەتەكە لەمە فراوانترە، بەرپرسانی تاران باسلەوە دەكەن پیشەسازی سەربازییان گەشەی كردووە‌و كاتی ئەوە هاتووە بیفرۆشن بە وڵاتانی دەرەوە، لەوانە پیشەسازی موشەكیی‌و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان‌و ئۆتۆمبیلی سەربازیی‌و بەلەمی تیژڕە. لەم بوارەشدا ئێران كڕیاری تایبەتی خۆی هەیە، لەوانە سوریا، عێراق، ئەفغانستان‌و ڤەنزەوێلا، هەڵبەت دەبێت كڕینی چەك لەلایەن ئەم وڵاتانەوە لە ئێران بەشێوەیەكی نهێنی بێت‌و بەدوربگیرێت لە فشارەكانی ئەمریكا.   


(درەو): دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا‌و خاتوو میلانیای هاوسەری توشی كۆرۆنابوون، ئەمە دوای ئەوەهات دەركەوت خاتوو (هۆپ هیكس) یاریدەدەرە نزیكەكەی ترەمپ توشی ڤایرۆسەكە بووە.  ساڵی 2017 ترەمپ (ئەنتۆنی سكاراموچی) كرد بە بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی خۆی، بەڵام پاش (10) رۆژ لە پۆستەكە لایبردو خاتوو (هۆپ هیكس)ی تەمەنی (31 ساڵ)ی خستە شوێنەكەی.  خاتوو هیكس هیچ شارەزایی یان زانیارییەكی ئەوتۆی لەبارەی سیاسەتەوە نییە، بەڵام بەدرێژایی پێنج ساڵی رابردوو یەكێك لەو كەسانە بووە كە پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ خانەوادەی ترەمپدا هەبووە.  كاروانی كاركردنی خاتو هیكس لەگەڵ ترەمپ پڕە لە هەڵبەرز‌و دابەرز، جارێك دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام دواتر بە پۆستێكی جیاوازەوە گەڕایەوە بۆ ناو تیمەكەی سەرۆك.  ئێستا ئەم كچە چۆن توانیویەتی یەكێك لە گرنگترین هەلەكانی كاركردن لەناو ئیدارەی ئەمریكا بەدەستبهێنێت ؟ ئیڤانكا ترەمپ هۆپ هیكس سەرەتای ژیانی پیشەگەریی لە بواری پەیوەندییە گشتییەكان بە كاركردن بۆ كۆمپانیای جلوبەرگی خاتوو ئیڤانكای كچی دۆناڵد ترەمپ دەستپێكردووە. دوای ئەوەی وەكو نمایشكاری جلوبەرگ لە هۆڵە بەناوبانگەكانی وەكو رالف لۆرین كاریكردووە، نمایشی هەندێك لە جلوبەرگەكانی كۆمپانیاكەی ئیڤانكای وەكو بەشێك لە ئەركی خۆی، نمایشكردووە. كاركردن لەگەڵ كچە گەورەكەی دۆناڵد ترەمپ لە كۆتایدا وایكردووە هۆپ هیكس سەرەنجی ترەمپ بەلای خۆیدا رابكێشێت. ئۆكتۆبەری 2014 ترەمپ بۆ كاری پەیوەندییە گشتییەكانی كۆمپانیاكەی لە بواری خانوبەرەدا خاتوو هیكس-ی هەڵبژارد.  لە پڕێكدا بۆناو سیاسەت ! سەرەتاكانی 2015 خاتوو هۆپ هیكس چووە ناو بواری سیاسەتەوە، كاتێك لەگەڵ ترەمپدا چوو بۆ گەشتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، سەرباری ئەمە یارمەتی ترەمپی دەدا لە بەڕێوەبردنی ئەژمارەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر.  كاتێكیش كەمپەینی هەڵبژاردنەكە قورس بوو، دەبوو بڕیار بدات لەنێوان ئەوەی ببێت بە سكرتێری رۆژنامەوانی ترەمپ یاخود دەگەڕێتەوە بۆ كاركردن لە كۆمپانیای خانوبەرە. هیكس بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ كاركردن لە كۆمپانیای خانوبەرەكەی ترەمپ، بەڵام ترەمپ جارێكی تر داوای لێكرد لەگەڵ تیمە سیاسییەكەیدا بمێنێتەوە‌و خاتو هیكس-یش ئەمەی قبوڵ كرد.  خۆدورگرتن لە میدیاكان سەرباری ئەوەی بەردەوام لەو شوێنانەدا ئامادەیە كە رۆژنامەوانان تێیدا دیدار لەگەڵ ترەمپ دەكەن، بەڵام هۆب هیكس زۆر بە دەگمەن دیداری رۆژنامەوانی ئەنجام دەدات. هیكس كاتێك دەستی بەكاركردن كرد لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئەژمارەكانی خۆی لە تۆڕی تویتەرو ئینستاگرام داخست. كاتێكیش دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆك، ئەركێكی نوێی بۆ دۆزیەوە، بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەكان لە كۆشكی سپی.  شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ سەرۆك بەجۆرێكە كە هەوڵ نادات بیگۆڕێت، بەڵام زۆر بە ساكاری ئاسانكاری بۆ دەكات ئەو كارە بكات كە ئەو دەیەوێت. بەپێی راپۆرتی سایتی "پۆلیتیكۆ"، خاتوو هیكس یەكێك لەو كەمترین كەسانەیە كە بەراستی ئاگاداری ژیانی تایبەتی خانەوادەی ترەمپە، تەنانەت نانی ئێوارەی رۆژانی شەممە "ژەمە خۆراكی تایبەت لە بیروباوەڕی جولەكەكاندا" لەگەڵ ئیڤانكا ترەمپ‌و جارید كوشنەردا دەخوات. هیكس یەكێك لەو ژمارە كەمەی خەڵكیش بوو كە مانگی ئایاری 2017 ئامادەی دیداری پاپای ڤاتیكان بوو لەگەڵ ترەمپدا. دەستلەكاركێشانەوە‌و گەڕانەوە هیكس لە فێبرایەری 2018دا دەستی لەكاركێشایەوە، ئەمەش دوای رۆژێك لە شایەتیدانەكەی لەبەردەم كۆنگرێسدا، كە تێیدا وتی جارناجارێك لەپێناو بەرژەوەندی ترەمپدا درۆ دەكات.  لەو ماوەیەدا لە كەناڵی فۆكس نیوزی نزیك لە ترەمپ كاری كرد، ئەمساڵ گەڕایەوە بۆ ناو تیمی سەرۆك.  كاتێك كە گەڕایەوە بۆ ناو تیمی سەرۆك، تارا ماكیلفی پەیامنێری (BBC) لە كۆشی سپی وتی هۆكاری گەڕانەوەكەی زۆر ئاسانە:" كەم قسەدەكات‌و پێدەچێت نهێنییەكانی سەرۆكیش بزانێت". سەرچاوە: BBC  


(درەو): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، پەیتا پەیتا میدیاكانی خۆرئاوا هەواڵی لەبارەی تەندروستی سەرۆكەوە بڵاودەكەنەوە، هەندێك دەڵێن دۆخی خراپە، هەندێكی تر دەڵێن باشە، نەخۆشكەوتنی سەرۆكەكانی ئەمریكا لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیاندا شتێكی بێ پێشینە نییە لە مێژووی ئەمریكادا. ئەو سەرۆكانەی كە مردن ! بەدرێژایی سەدەكانی رابردوو، چەندین جۆری نەخۆشی بوون بە هاوەڵی سەرۆكەكانی ئەمریكا لەماوەی سەرۆكایەتیكردنیاندا، ئەمەش بووە بە هەڕەشە بۆسەر ئایندەی سیاسییان، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئەمریكا لەماوەی سەرۆكایەتیكردنیاندا بەهۆی نەخۆشییەوە مردوون لەوانە (كولیام هنری هاریسۆن) كە بەهۆی هەوكردنی سییەكانییەوە دوای 34 رۆژ لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا گیانی لەدەستداوە، هەروەها (وارن جی هاردینگ) كە بەهۆی كێشەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە، سەرباری ئەمە ژمارەیەكی تر لە سەرۆكەكانی ئەمریكا توشی نەخۆشی بوون‌و بەرگەیان گرتووە‌و بەشێوەیەكی سەیر رزگاریان بووە‌و دوای چەندین رۆژ ئازاری نەخۆشی، چاكبونەتەوە‌و گەڕاونەتەوە بۆسەر كارەكانیان.  نەخۆشییەكەی جۆرج واشنتۆن سەرەتای ئەم چیرۆكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانە تەندروستییانەی كە لەماوەی دەستبەكاربوونی یەكەمین سەرۆك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەبوو، دوای رزگاربوونی لە نەخۆشییەكانی (سماڵپۆكس‌و مەلاریا‌و دفتیریا)، جۆرج واشنتۆن تەنیا دوو مانگ دوای ئەوەی پۆستی سەرۆكی ئەمریكای وەرگرتووە، بەدەست نیشانەی نەخۆشی مەترسیدارەوە ناڵاندویەتی، ئەوكات پزیشكەكان دەستنیشانیانكردووە كە جۆرج واشنتۆن دوچاری گرێیەكی پیس بووە‌و پێویستی بە نەشتەرگەرییە، ئەمەش وایكردووە یەكەمین سەرۆكی ئەمریكا بەناچاری بۆ ماوەی (6 هەفتە) لەسەر لای راستی جەستەی بخەوێت. لەماوەی ساڵی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا، جۆرج واشنتۆن توشی ئەنفلۆنزایەتی قورس بووە كە زیانی بەهەردوو هەستی بینین‌و بیستنی گەیاندووە، دوای رزگاربوونی لەو نەخۆشییە جۆرج واشنتۆن بە هاوەڵەكانی وتووە:" لەماوەی دوو ساڵدا توشی دوو نەخۆشی بووم، نەخۆشی سێیەم رەوانەی گۆڕستانم دەكات بۆ لای باوباپیرانم".   جۆرج واشنتۆن یەكەم سەرۆكی ئەمریكا لەكاتی سەرەمەرگدا شێرپەنجەكەی سەرۆك كلیفلاند ساڵی 1893 سەرۆك (گرۆڤەر كلیڤلاند) لەماوەی خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا توشی قەیرانێكی تەندروستی مەترسیدار بووەوە كە پێویستی بەوەكرد پزیشكەكان بەشێوەیەكی خێرا دەستوەردان بكەن‌و گرێیەكی شێرپەنجە لە نزیك دەمی دەربهێنن، بۆ ئەوەی میدیاكاران بە هەواڵی دۆخی تەندروستی سەرۆك نەزانن، سەرۆك كلیڤلاند نەشتەرگەرییەكەی لەناو یەختی یەكێك لە هاوڕێكانیدا لە ناوچەی (لۆنگ ئایلند ساوند) ئەنجامدا، لەكاتی نەشتەرگەرییەكەدا پزیشكەكان بۆ دەركردنی گرێ مەترسیدارەكە، ناچاربوون بەشێك لە مەڵاشووی سەرۆك هەڵگرن، دوای ئەم نەشتەرگەرییە سەرۆك چارەسەری وەرگرت‌و گەڕایەوە بۆ سەر كارەكەی.  سەرۆك گرۆڤەر كلیڤلاند كێشە تەندروستییەكانی سەرۆك وڵسن دوای كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهان، سەرۆك وۆدرۆو وڵسن بەماوەیەكی سەختدا گوزەری كرد، سەرەتای ساڵی 1919 لەكاتی ئامادەبوونی لە كۆنگرەی نێودەوڵەتی ئاشتی لە پاریس، توشی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بوو، ئەمە نەخۆشیەكی مەترسیداربوو، لەكاتی خۆیدا (50 ملیۆن) كەسی لەسەر ئاستی جیهان كوشت، لەو ماوەیەدا كە سەرۆك وڵسن توشی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بووە، بەرپرسان راپۆرتی راستیی نەخۆشییەكەیان لە میدیاكان‌و رایگشتی ئەمریكا شاردوەتەوە‌و تەنیا وتویانە پاریس ساردبووە‌و سەرۆك سەرما بردویەتییەوە‌و توشی نەخۆشییەكی ئاسایی بووە.  سەرباری ئەوەی لە ئەنفلۆنزای ئیسپانی رزگاری بوو، ساڵی 1919 سەرۆك وڵسن توشی چەند كێشەیەكی مەترسیدارتری تەندورستی بووەوە، لەوانە كێشەی دڵ‌و جەڵتەی دەمار، لەبەر ئەم بارودۆخە تەندروستییە، وڵسن پێشنیازی كرد (تۆماس مارشاڵ) جێگری سەرۆك ئەركەكانی سەرۆكی وڵات بگرێتەدەست، بەڵام هاوسەرو پزیشكە تایبەتەكەی سەرۆك زۆر بەتوندی پێشنیازەكەی سەرۆك وڵسنیان رەتكردەوە.  سەرۆك وۆدرۆو وڵسن رۆزفڵت‌و ئیفلیجی منداڵان سەرباری ئەوەی لەو كەسانە بوو كە ساڵی 1919 توشی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بووبوو،  فرانكلین رۆزفڵت كە چوار خولی لەسەر یەك سەرۆكی ئەمریكا بوو، بەدەست ئازاری ئیفلیجی منداڵانەوە دەیناڵاند، زۆرجار ناچار دەبوو  كورسی جوڵاو بەكاربهێنێت بۆ هاتوچۆكردن، بۆ ئەوەی لەبەردەم خەڵكدا بە كورسییەوە وەكو كەسێكی لاواز دەرنەكەوێت، رۆزفڵت گۆچانی بەكاردەهێنا بۆ هاتوچۆكردن لەبەرچاوی خەڵك یان یارمەتی لە یەكێك لە هاوەڵەكانی وەردەگرت، سەرباری ئەمە رۆزفڵت رێگری لەوە دەكرد لەكاتی رۆشتنیدا رۆژنامەنوسان وێنەی بگرن‌و بۆ ئەمەش دەزگای نهێنی راسپاردبوو.  كێشە تەندروستییەكانی ئیزنهاوەر لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا، دوایت ئیزنهاوەر بەدەست كێشەی دڵەوە دەیناڵاند، دوای ئەوەی دڵنیا بوو لەوەی توشی نەخۆشی "كرۆن-  Crohn's disease" بووە، نەشتەرگەی ئەنجامدا، لەترسی ئەوەی نەوەك نەتوانێت ئەركەكانی بەڕێوەببات، سەرۆك ئیزەنهاوەر نامەیەكی بۆ (ریچارد نیكسۆن)ی جێگری نوسی‌و تێیدا داوای لێكرد خەمڵاندن بۆ بارودۆخی تەندروستی بكات‌و لەبری ئەو ئەركی سەرۆكایەتی ئەمریكا وەربگرێت ئەگەر نەیتوانی كاروبارەكانی بەڕێوەببات.  بەڵام ئەم نامەیە بەچاوی بایەخەوە تەماشا نەكرا، چونكە لەڕووی یاساییەوە نەگونجاو بوو نیكسۆن ئەركی سەرۆك بۆ ماوەیەكی كاتیی‌و پچڕپچڕ وەرگرێت كاتێك ئیزەنهاوەر خۆی هێشتا بوونی هەیە‌و لە نەخۆشخانەیە.  سەرۆك ئیزەنهاوەرو تیمە تەندروستییەكەی رۆناڵد ریگن‌و جۆرج بوش بۆ یەكەمینجار لە مێژووی ئەمریكادا، لە 13ی تەموزی 1985دا لەسەردەمی سەرۆكایەتی رۆناڵد ریگن-دا، بیست‌و پێنجەمین هەمواری دەستوری بەكارهێندراو بەهۆیەوە جۆرج بوشی باوك بەشێوەیەكی كاتیی ئەركی سەرۆكایەتی ئەمریكای گرتەدەست تا ئەوكاتەی سەرۆك ریگن نەشتەرگەرییەكەی بۆ چارەسەری شێرپەنجەی قۆڵۆن ئەنجام دەدات.  هەموو ئەو ماوەیەی كە سەرۆك ریگن لە ژێر چارەسەردا بوو لە نەخۆشخانە، بوش سەرۆكایەتی ئەمریكای دەكرد، دواتر كە چاكبووەوە، ریگن نامەی بۆ كۆنگرێس ناردو پۆستی سەرۆكایەتی لە بوش وەرگرتەوە.  هەروەها جۆرج بوشی كوڕ لەماوەی ساڵانی 2002 هەروەها 2007 دووجار پەنای بۆ ئەم رێوشوێنە برد‌و ئەركی سەرۆكایەتی ئەمریكای بەخشی بە (دیك چینی) جێگری، ئەمەش كاتێك بوو كە بۆ چارەسەری قۆڵۆن، بێهۆشكرا. سەرۆك رۆناڵد ریگن سەرۆك جۆرج بوشی كوڕ


(درەو): دوای راگەیاندنی کۆچی دوایی شێخ (سوباح ئەحمەد جابر سوباح) میری کوەیت، ئێستا ئیتر هەموو چاوەکان لەسەر شێخ (نەواف ئەحمەد جابر سوباح)ن کە شوێنی میری کۆچکردوو دەگرێتەوە. دەستوری چی دەڵێ ؟ ماددەی چوارەمی دەستورو ماددەی یەکەمی یاسای پشتاوپشتیی ئەمارەت لە کوەیت بە دەق نوسیویەتی" کوەیت ئەمارەتێکی ویراسییە لە نەوەکانی موبارەک سوباح"، ماددەی چواری هەمان یاسا دەڵێ:" ئەگەر پۆستی میر چۆڵ بوو، جێنشین دەکرێت بە میر". ئێستا جێنشینی میری کۆچکردوو شێخ (نەواف ئەحمەد سوباح)ە، بەپێی ئەو ماددە یاساییانە دەبێت بە میری نوێی کوەیت. شێخ نەواف کێیە ؟ شێخ (نەواف ئەحمەد جابر سوباح) زڕبرای میری کۆچکردوو (سوباح ئەحمەد جابر سوباح)ە. شێخ نەواف شەشەمین کوڕی شێخ (ئەحمەد جابر سوباح)ە، کە دەیەمین میری کوەیت بووەو لەماوەی (١٩٢١-١٩٥٠) حوکمی کوەیتی کردووە. بەر لە (١٤ ساڵ)و بەدیاریکراوی لە مانگی شوباتی ٢٠٠٦دا، کاتێک شێخ (سوباح ئەحمەد جابر سوباح) وەکو میری کوەیت دەستبەکاربوو، هەفتەیەک دوای دەستبەکاربوونی بە بڕیارێک شێخ نەوافی تەزکیە کردو کردی بە جێنشینی خۆی، ئەندامانی ئەنجومەنی گەل بەپێی دەستوری وڵات، لە دانیشتنێکی تایبەتدا بەیعەتیان پێدا. شێخ نەواف لە رۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٣٧ لە شاری کوەیت لە دایکبووە، لەماوەی تەمەنیدا بەر لەوەی ببێت بە جێنشینی ئەمیر، چەندین پۆستی سیاسی و وزاری وەرگرتووە لەوانە: 🔹 لە سای ١٩٦٢ەوە بۆ ماوەی (١٦) ساڵ پارێزگاری پارێزگای (حولی) بووە. 🔹 لە ساڵی ١٩٨٨دا بووە بە وەزیری بەرگری کوەیت. 🔹 دوای رزگارکردنی کوەیت لە دەستی سوپای سەددام، لە ساڵی ١٩٩١و لە یەکەمین حکومەتی دوای شەڕدا پۆستی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی وەرگرتووە. 🔹 ساڵی ١٩٩٤ پۆستی جێگری سەرۆکی پاسەوانی نیشتمانی وەرگرتووە. 🔹 ساڵی ٢٠٠٣ پۆستی وەزیری ناوخۆی وەرگرتووە. بەر لە نزیکەی دوو مانگ، دوای ناردنەدەرەوەی شێخ سوباحی میری کۆچکردوو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە ئەمریکا، شێخ نەواف وەکو جێنشین هەندێک لە دەسەڵاتەکانی میری وەرگرت و لەشوێنی ئەو کاروباری وڵاتی بەڕێوەدەبرد. بەپێی ئەو ژیاننامەیەی کە لە ساتی دیوانی جێنشیندا بڵاوکراوەتەوە، شێخ نەواف لە خوێندنگە جیاوازەکانی کوەیتدا خوێندویەتی و هاوسەرگیری کردووەو (٤) کوڕو کچێکی هەیە. میرایەتی لەسەردەمی قەیرانەکاندا پێشبینی دەکرێت دۆسیەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یەکێک لە دیارترین ئەجێندای کارەکانی میری نوێی کوەیت بێت، مردنی میری کوەیت لەکاتێکدایە ناوچەی کەنداوی عەرەبی گۆڕانکاری گەورە بەخوە دەبینێت، بەتایبەت سەبارەت بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، کوەیت نەچوەتەپاڵ ئیمارات و بەحرەین بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. لەلایەکی ترەوە دوای زیاتر لە سێ ساڵ هێشتا قەیرانی کەنداو بەردەوامەو کوەیت و سوڵتاننشینی عوممان نەچونەتە پاڵ سعودیەو بەحرەین و ئیمارات بۆ بایکۆتکردنی قەتەر. مردنی میر لەکاتێکدایە ناوچەکە ململانێیەکی سەخت لەنێوان ئێران و سعودیەدا بەخۆوە دەبینێت.


  (درەو): ملیۆنان كەس لە ئەمریكا‌و سەرتاسەری جیهان چاوەڕێی میتینگە تەلەفزیۆنییەكەی ئەمشەوی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵات‌و كاندیدی كۆمارییەكان دەكەن لەبەرامبەر جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، هەڵبژاردنێك كە زۆرێك لە چاودێران بە "گرنگترین" هەڵبژاردن لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكان ناوی دەبەن.  ئەمە یەكەمین میتینگی نێوان ترەمپ‌و بایدنە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بەكاتی ئەمریكا‌و بەرەبەیانی سبەینێ بەكاتی وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەبچێت. میتینگەكە لە زانكۆی (كیس وسترن ریسرف) لە شاری كلیفلاند لە ویلایەتی ئۆهایۆ بەڕێوەدەچێت، ئەم ویلایەتە لە كۆنەوە گۆڕەپانی سەرەكی ركابەرێتی كۆماری‌و دیموكراتەكان بووە لە هەڵبژاردنەكاندا. میدیاكانی ئەمریكا پێشبینی دەكەن ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەیان تەماشای میتینگەكەی نێوان ترەمپ‌و بایدن بكەن، بەتایبەتی لەكاتێكدا بەر لە (48) كاتژمێر لەم میتینگە، رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵات خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە. ئەم میتینگە دەرفەتێكی باشە بۆ زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئەمریكی بۆ ئەوەی زیاتر جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بناسن، كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەجۆرێك لە جۆرەكان لە جەماوەرو دەنگدەرانەوە دوربووە، بایدنی تەمەن (78 ساڵ) دەیەوێت لەم میتینگەدا مەترسی دەنگدەران لەبارەی تواناكانییەوە بۆ سەركردایەتیكردنی وڵات بڕەوێنێتەوە.  بایەخی میتینگەكە لەو كاریگەرییەیدا دەردەكەوێت كە لەسەر دەنگە "خۆڵەمێشی"یەكان هەیەتی، واتا ئەوانەی كە تائێستا خۆیان یەكلانەكردوەتەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەنگ بە كێ دەدەن، بەڵام بەلای هەندێكی تر لە دەنگدەرانەوە میتینگەكە روداوێكی ئاساییە كە تێیدا هەریەكە لە دوو كاندیدەكە دەیانەوێت ئەوی تر توشی شڵەژان بكەن لەبەردەم دەنگدەراندا.  رۆژی 3ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕێوەدەچێت، ئێستا خەڵكی ئەمریكا تەنیا (35) رۆژ لەو رووداوە مێژوییەوە دورن. لەبارەی میتینگەكەوە •    میتینگەكە لەلایەن (كریس والاس) پێشكەشكار لە تۆڕی هەواڵی "فۆكس نیوز" بەڕێوەدەبرێت، دەستەی سەرپەرەشتیاری میتینگ لەلایەن لیژنەیەكی ناحزبییەوە ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێت. •    كاتی تەرخانكراو بۆ میتینگەكە تەنیا (90) خولەكە. •    لەم ماوەیەدا لەسەر (6) بابەت ترەمپ‌و بایدن گفتوگۆ دەكەن. •    هەریەكەیان ماوەی (15) خولەك كاتیان هەیە بۆ قسەكردن. •    هەریەكە لە كاندیدەكان دەبێت لەماوەی تەنیا (2) خولەكدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە كە ئاڕاستەیان دەكرێت بەر لەوەی كۆمێنت لەسەر قسەی یەكتر بدەن.  ئەو شەش تەوەرەی كە دیاریكراون لە یەكەمین میتینگی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا ترەمپ‌و بایدن قسەی لەسەر بكەن ئەم تەوەرانەن: •    بەڵای كۆرۆنا •    دادگای باڵا •    ئابوری •    توندوتیژی لە شارەكانی ئەمریكا لەسەر بنەمایی رەگەزیی •    مێژووی هەردوو كاندیدەكە •    خاوێنی هەڵبژاردنەكان لیژنەی سەرپەرەشتیاری میتینگ دەڵێ ئەگەر هەیە لە دوا ساتەكاندا بەهۆی روداوەكانی ئەم دواییەی ئەمریكاوە گۆڕانكاری بەسەر تەوەری گفتوگۆكاندا بێت، بەتایبەتیش توندوتیژی پۆلیس‌و مردنی (روس بادر جینسبێرگ) دادوەری دادگای باڵا‌و ئەو كاندیدەكەی كە شوێنەكەی پڕدەكاتەوە.  دوای میتینگەكەی ئەمشەوە، ترەمپ‌و بایدن دوو جاری تر میتینگ دەكەن، یەكێكیان رۆژی 15ی ئۆكتۆبەری داهاتوو لە شاری میامی ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەدەچێت، ئەوی تر لە رۆژی 22ی ئۆكتۆبەر لە شاری ناشفیڵ لە ویلایەتی تینیسی. لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری داهاتووش لە (سولت لیك ستیڤی) لە ویلایەتی یوتا، میتینگی تەلەفزیۆنی لەنێوان (مایك پێنس) جێگری ترەمپ‌و (كامالا هاریس) جێگری جۆ بایدنی كاندیدی دیموكراتەكان بەڕێوەدەچێت.  بۆچی هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە ؟ هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت جیهان بەدەست قەیرانی گەورەی كۆرۆناوە دەناڵێنێت، قەیرانێك لە لە ساڵی 1918و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی ئیسپانییەوە، جیهان روداوەی لەوشێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە.  جیاوازی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریكا دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە:  •    رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكە كاریگەری گەورەی لەسەر هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكە دروستكردووە، زۆرێك لە دیدارو كۆبونەوەكانی تایبەت بە بانگەشە هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەمریكا كۆنگرەی گەورە رێكدەخرا بۆ هەڵمەتی بانگەشەكردن. •    سەرباری ئەمە شێوازی دەنگدان بەشێوەی راستەوخۆ لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كاتێكی زیاتر دەخایەنێت، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت راگەیاندنی ئەندامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە كاتێكی زیاتری دەوێت.  •    خەڵك ترسیان هەیە سیناریۆی هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2000 دووبارە ببێتەوە، كاتێك راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ماوەی (36) رۆژی خایاند، ئەمەش بەواتای ژمارەیەكی زۆر شەڕی یاسایی دێت لە دادگاكان لەسەر بنەماكانی دەنگدان، لە ساڵی 2020دا زیاتر لە (190) سكاڵای یاسایی لە (43) ویلایەت بۆ دادگاكان بەرزكراونەتەوە. •    سەرباری ئەمە، دادگای باڵای ئەمریكا خۆی بوەتە گۆڕەپانی جەنگی نێوان دیموكرات‌و كۆمارییەكان، مردنی خاتوو (رۆس بادر گینسبێرگ) بووە هۆی چۆڵیبوون پۆستێكی گرنگ لە دادگای باڵا، ترەمپ دەیەوێت كەسێك لە رەوتی پارێزگاران لە شوێنەكەی دابنێت، ئەگەر ئەمە روبدات ناڕەزایەتی ئەمریكییە لیبڕاڵەكانی لێدەكەوێتەوە، چونكە ترسیان هەیە ئەو مافانە لەدەستبدەن كە لەپێناویدا خەباتیان كردووە. •    لەلایەكی ترەوە ترەمپ گومانی لە شەرعیەتی دەنگدان هەیە لەرێگەی بەریدەوە، دەڵێ ئەمە ساختەكاری لێدەكەوێتەوە، سەرباری ئەمە ترەمپ رەتیدەكاتەوە بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەسەڵات رادەستبكات ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بدۆڕێنێت، ئەمەش روداوێكە كە لە هیچ هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتی ئەمریكا روینەداوە.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئیماراتی عەرەبی و بەحرەین لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن و لەبەردەم دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، پەیمانی ئاشتی و ئاسایکردنەوەی تەواوەتی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزاکرد. ترەمپ روداوەکەی بە " رۆژێکی نائاسایی بۆ جیهان کە مێژوو دەخاتە سەر رێڕەوی خۆی" ناوبرد. بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی:" ئەم بەرەوپێشچونە نوێیە بۆ ئاشتی بۆ هەتاهەتایە کۆتایی بە ململانی عەرەب و ئیسرائیل دەهێنێت".  شێخ عەبدوڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات سوپاسی ناتانیاهۆی کرد کە لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەیدا لەگەڵ ئیمارات، پلانەکەی ئیسرائیلی بۆ دەستگرتن بەسەر بەشێک لە خاکی کەناری خۆرئاوا لە فەلەستین، سڕکردووە. هاوکات لەگەڵ ئیمزاکردنی پەیماننامەکەدا، بەشێک لە هاوڵاتیانی فەلەستینی لە کەناری خۆرئاواو کەرتی غەززە خۆپیشاندانیان کردو ئیدانەی رێککەوتنەکەیان کرد. لە بنەڕەتەوە رێککەوتنەکەی ئیسرائیل لەگەڵ ئیماراتی عەرەبیدا بوو، بەڵام لە کۆتایدا بەحرەین-یش چوەناو رێککەوتنەکەوە. پێدەچێ وڵاتانی تری عەرەبیش بچنە ناو رێککەوتنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، چونکە ئیمارات شەرمی هەموانی شکاند کاتێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە پشتی پەردەوە هێنایە بەر رۆشنایی، ترەمپ لەکاتی ئیمزاکردنی رێککەوتننامەکەدا وتی:" پێنج بۆ شەش وڵاتی تر رێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزا دەکەن". هۆکارەکانی رێککەوتنی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل سەرباری ناڕەزایەتی فەلەستینییەکان و رەخنەی نەیارانی بەدیاریکراویش قەتەر، ئیماراتی عەرەبی رێککەوتنی ئاشتی و ئاسایکردنەوەی پەیوەنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزاکرد. ئیمارات باجی بە ناوبانگی خۆی دا لەبەرامبەر گوتاری باوی شەقامی عەرەبیدا، گوتارێک کە ئیسرائیلی لەناوچەکە وەکو داگیرکەرێک ناودەبرد. گەلێک هۆکار پاڵنەری ئیمارات بوون لەوەی سەرچڵی بەو گوتارەوە بکات و پەیوەنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، لەوانە: یەکەم: دەرفەتێکی بازرگانی بۆ وڵاتانی کەنداو  ئەم رێککەوتنە یارمەتی ئەو ئیماراتییانە دەدات، کە ئارەزووی گەشەکردن دەکەن و وڵاتەکەیان کردووە بە هێزیکی سەربازی و ناوەندێکی بازرگانی و شوێنێک بۆ بەسەربردنی پشووەکان. رێپۆرتەرێکی کەناڵی (BBC) دەڵی:" پێدەچێت ئەمریکییەکان رێخۆشکەرییان کردبێت بۆ ئیمزاکردنی ئەم رێککەوتنە لەڕێگەی بەڵێنی پێدانی چەکی پێشکەوتوو بە ئیماراتی عەرەبی، بەتایبەتیش ئەو چەکانەی کە پێشتر ئیمارات دەستی پێیان نەدەگەیشت لەنمونەی فڕۆکەی جۆری F35و فڕۆکەی جەنگی ئەلیکترۆنی "ئی ئەی-١٨ جی گرولەر". ئیمارات هێزێکی چەکداری پۆشتەی هەیە کە بەشێوەیەکی باش لە لیبیاو یەمەن بەکاریهێناوە، بەڵام مەترسیدارترین دوژمنی ئیمارات لەناوچەکە ئێرانە، لەمەشدا ئیسرائیل و ئەمریکا هاوڕان لەگەڵ ئیماراتدا. بەحرەین-یش کە بووە بەبەشێک لە رێککەوتنەکە لەگەڵ ئیسرائیل هەمان ترسی لە ئێران هەیە، تاوەکو ساڵی ١٩٦٩ ئێران بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەحرەین بەشێکە لە خاکی وڵاتەکەی، سەرباری ئەوە حوکمڕانەکانی بەحرەین کە سوننە مەزهەبن بەشێک لە شیعەمەزهەبەکانی وڵاتەکەیان وەکو تابوری پێنجەمی ئێران ناودەبەن. ئیمارات و بەحرەین کە دوو وڵاتی ناوچەی کەنداوی عەرەبین، پێشتر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەشاردەوە، بەڵام ئێستا ئیتر دەیانەوێ بەئاشکرا سود لەگەڵ ئیسرائیلدا بگۆڕنەوە، بەتایبەتیش لەکاتێکدا ئیسرائیل بووە بەخاوەنی یەکێک لە گرنگترین کەرتەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر ئاستی جیهان. کاتێکیش قەیرانی کۆرۆنا کۆتایی دێت، ئیسرائیلییەکان دەستدەکەن بە کارکردن لە بازاڕەکانی ئیماراتدا. دووەم: پەراوێزخستنی ئیسرائیل  ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین دەستکەوتێکی راستەقینەیە بۆ ئیسرائیلییەکان، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باوەڕی بەو ستراتیژیەتە هەیە کە بۆ یەکەمجار لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا ناوی لێنرا "دیواری ئاسنین"، کورتەی بیرۆکەکە ئەوەیە هێزی ئیسرائیل لە کۆتایدا وا لە عەرەب دەکات کە تاکە بژاردەی بەردەمیان ئەوەبێت دان بە بوونی ئیسرائیلدا بنێن. ئیسرائیلییەکان حەزیان لەوە نییە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆشەگیرو پەراوێزخراو بن، ئاشتیی پێشتری ئیسرائیل لەگەڵ میسرو ئوردن هەرگیز ئەم خەونەی بەدینەهێنا، ئیسرائیلییەکان گەشبینن بە پەیوەنییەکانیان لە داهاتوودا لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی. سەرباری ئەمە ناتانیاهۆ لەناوخۆی ئیسرائیل لە قەیراندا بوو، بەتۆمەتی گەندەڵی روبەڕووی دادگا کرایەوەو ئەگەری ئەوەشی هەیە زیندان بکرێت، دۆخی کۆرۆناش تەنگی بە حکومەتەکەی هەڵچنیوە، نەیارانی هەفتانە لەبەردەم بارەگای حکومەت رێپێوان دژی سەرۆک وەزیران دەکەن، ئیمزاکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین و کۆکردنەوەی هاوپەیمانێتییەکی نوێ دژی ئێران لەکاتێکی گونجاودا بوو بۆ ناتانیاهۆ. سێیەم: هەڵگەڕانەوە لە سیاسەتی دەرەکیدا ئەم رێککەوتنە لەلایەکی ترەوە سودێکی زۆری بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەیاند، بەرەوپێشچونێکی گەورە بوو لە ستراتیژیەتی بەکارهێنانی "ئەوپەڕی فشار" لەسەر ئێران، هەروەک کەرەستەیەکی باشیش بوو بۆ کەمپەنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاو نیشاندانی ئەوەی کە ترەمپ باشترین رێکخەری رێککەوتنە گەورەکانە لەسەر ئاستی جیهان. مشتومڕێکی زۆر هەبوو لەبارەی راگەیاندنی "گرێبەستی سەدە" کە ترەمپ رایگەیاند بۆ دروستکردنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، بەڵام رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل دەکرێت بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە تەرازووی هێز لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەماشا بکرێت و لەلایەن ترەمپیشەوە وەکو کودەتایەکی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەدا نمایش بكرێت. چوارەم: هەستکردن بە ناپاکی ئەبرەهام بە زمانی ئەمریکییەکان مەبەست لە "ئیبراهیم"ە، رێککەوتنی ئێستای نێوان ئیمارات و ئیسرائیل وەکو ئاماژەیەک بۆ "ئیبراهیم"ی پێغەمبەر ناوی لێنراوە "ئەبرەهام". فەلەستینییەکان رێککەوتنی "ئەبرەهام"یان ئیدانە کردو بە ناپاکی ناویان برد، بەڵام رێککەوتنەکە ئەو کۆدەنگییەی دورمەودایەی عەرەبەکانی تێکشکاند کە دەیانوت بەهای ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئەوەیە فەلەستینییەکان سەربەخۆیی خۆیان وەربگرن. ئیسرائیل کە ئێستا کار بۆ ئەوە دەکات پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بنیاد بنێت، لەم کاتەدا فەلەستینییەکان لە قودسی خۆرهەڵات و کەناری خۆرئاوا لەژێر داگیرکاریدان و کەرتی غەززەش بووە بە زیندانێکی گەورە. محەمەد بن زاید ئال نهەییان جێنشینی ئەبوزەبی دەڵێ بەهای رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل ئەوەیە ئیسرائیل پلانی خۆی بۆ دەستگرتن بەسەر بەشێک لە خاکی کەناری خۆرئاوا لە فەلەستین ڕاگرتووە، ئەمە بە چاوی فەلەستینییەکاندا دەداتەوەو پێیان دەڵێ ئەوانی لەبیر نەکردووە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە پێدەچێت لەبنەڕەتەوە ناتانیاهۆی خۆی دەمێک بێت دەستبەرداری بیرۆکەی دەستگرتن بوبێت بەسەر زەوییەکانی کەناری خۆرئاوادا، بەتایبەتیش دوای ئەو فشارە نێودەوڵەتییە گەورەی کە لەبارەی ئەو بابەتەوە لەسەری دروستبوو، بۆیە ئیمارات بەو رێککەوتنە نەتانیاهۆی لەو شەرمەزارییە رزگارکرد. هەموو ئەم کارانەش بە ئاگاداری و رەزامەندی سعودیە کراون. پێنجەم: سەرئێشەیەکی ستراتیژی ئێران بەتوندی ئیدانەی رێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیلی کرد، رێککەوتنی "ئەبرەهام" سەرکردەکانی ئێرانی خستوەتە ژێر فشارێکی نوێوە. سزاکانی ترەمپ ئازارێکی راستەقینەی بە ئابوری ئێران گەیاند، ئەم رێککەوتنەش بەدوایدا بوو بە سەرئێشەیەکی ستراتیژی بۆ ئێران. بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ئێرانەوە دورن، بەڵام ئێستا کە ئیتر لەگەڵ ئیمارات رێککەوتنی کردووە، لەڕێگەی خاکی ئیماراتەوە لە ئێران نزیکبوەتەوەو ئەمجارە ئەگەر قسە بێتە سەر لێدانی گورزی سەربازی لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئیسرائیل ئاسانتر دەستی بەو کارە رادەگات. بەگشتی رێککەوتنەکە ژمارەیەک بژاردەی نوێی بە ئیسرائیل و ئەمریکاو ئیمارات و بەحرەین بەخشی لەدژی ئێران، لەبەرامبەردا ئێران روبەری مانۆڕەکانی بچوکتربووەوە. سەرچاوە: میدیا جیهانییەکان



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand