Draw Media

( درەو میدیا):  لە پەیامێكدا رابەری بزووتنەوەی حەقە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رادەگەیەنێت و دەڵێت" لەم قۆناغەی ئێستادا و لەبەر ئاڵۆزی ململانێی نارەوای سیاسی لە كوردستان و بێوەفایی هەڤاڵانمان لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و دەستوەردانە كاری بزوتنەوەكەمان بۆ تێكدانی و پارچەپارچەكردنی بزوتنەوەكەمان لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی چەند كەسێم كە شایانی باسكردن نین لە ناو بزوتنەوەی حەقەدا، دەستلەكار كێشانەوەمان لەناو یەكێتی نیشتیمانی راگەیاند" لە پەیامەكەیدا رابەری بزوتنەوەی حەقە ئاماژە بەوەش دەكات" بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنی 30/9/2018 مان داو دەنگ بە هیچ پارت و لایەن و قەوارەو كاندیدێك نادەین . داواش لەهەموو لایەك دەكەین بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن" 


راپۆرتی: (درەو میدیا) سەنگەرگواستنەوە لەناو حزبەكاندا نوێی نییە و مێژوویەكی دووردرێژی هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا روودەدات، هەندێك بە بەرژوەندی شەخسی ڕووت و هەوڵی بەدەستهێنانی پلە و پایەو هەندێكی تریش بۆ نائومێدبوون لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی جاران و بێدەنگەكانی ئەمڕۆی دەگەڕێننەوە. هەركاتێك هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بێتەئاراوە، سەنگەرگواستنەوە دەبێتە بەشێك لە هەڵمەتی بانگەشە و رۆژانە دیمەنی ئەو بەرپرس و كەسانە بڵاودەبنەوە كە بە شانازییەوە باس لە سەنگەرگواستنەوەیان دەكەن و وەك پاڵەوانێك لەلایەن حزبەكانەوە نیشاندەدرێن بۆ لێدان لە حزبی بەرامبەر و بەرزكردنەوەی ئاستی جەماوەرێتی خۆیان. لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە هەڵبژاردنەكانی تر حزبەكان، هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆئەوەی بەرپرس و ئەندام و لایەنگری حزبە ركابەرەكانیان بێننە ریزەكانی خۆیانەوەو وەك كارتێكی بەهێزی بانگەشە لە میدیاكانیانەوە نمایشیان بكەن. پاڵنەرەكانی سەنگەرگواستنەوە بەشێوەیەكی گشتی لە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستاندا چەند پاڵنەرێكی گرنگ هەن كە رۆڵیان هەیە لەوەی ئەم دیاردەیە بە زەقی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەربكەوێتەوە ، كە گرنگترینیان ئەمانەن: 1- بەرژەوەندیی تایبەت و هەوڵی گەیشتن بە پۆست و پلە و پایە و دەستكەوتی مادی. 2- باڵكێشانی بێ‌ ئومێدی بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكدا بەهۆی پاشەكشێتی گوتاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی جاران لەبەرامبەر دوو هێزە تەقلیدییەكەدا. 3- گومان و دڕدۆنگی گەورەی خەڵك لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار و گومانەكان لە ساختەكاریی گەورە لەو پرۆسەیەدا و تێپەڕاندنی ئەنجامەكان و بێ‌ توانایی لایەنە ناڕازییەكان لە رێگریكردن لە تێپەڕاندنی ئەنجامەكان. 4- چۆڵبوونی گۆڕەپانی سیاسی هەرێم لە ژمارەیەك سیاسەتمەداری كاریزما و كاریگەری وەك نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی. 5- پاشەكشێی گوتاری سیاسی و هەندێك حزب و ناڕەزایەتی كادر و ئەندامەكانیان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبەكەكانيان. 6- كەمبوونەوەی جیاوازی لە بیركردنەوە و بەڕێوەبردنی حزبەكان و كورتبوونەوەی پرۆسەی سیاسی لە هەوڵدان بۆ دەستكەوتی كەسی و بنەماڵەیی. 7- بوونی هەڕەشە و ترس لە هەڵدانەوەی دۆسیەی ژیانی تایبەتی و شكاندنی كەسایەتی و پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی. 8- تێكئاڵانی كاری سیاسی و بەرژەوەندیی ئابوریی و بازرگانی و هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوریی و بازرگانییەكان لەرێگەی سەنگەرگواستنەوەوە. 9- دەستوەردانی هەندێك هێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی لایەنێك و دژی لایەنێكی تر. 10- كێشە و ناكۆكی كەسیی لەنێوان بەرپرس و ئەندامانی حزبێك لەناوخۆیاندان یاخود لەگەڵ لایەنێكی دەرەوە. 11- بەكارهێنانی پارە و پۆست بۆ راكێشانی بەرپرسانی حزبەكانی تر كاریگەری راستەوخۆی هەیە لە دیاریدەی سەنگەرگواستنەوەدا. وەك دەوترێت پاڵنەرەكان ئەم شەپۆلی سەنگەرگواستنەوە نوێیە هەرچیەك بن، نە فیكر و ئایدیایە، نەبۆچونی جیاوازە لە كاری حزبایەتی، ئەوەی زیاتر ئەم بڕوایە تۆختر دەكات ئەم شەپۆلە زیاتر لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا ڕواجی هەیە و تەرویجی پێدەدرێت و كارتێكی بەهێزە بۆ دروستكردنی فشاری دەرونی لەسەر یەكتر و تەنانەت دانانی كاریگەریش لەسەر دەنگدەر. گەڕانەوە لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەڵات گەڕانەوە بۆ ناو ڕیزی هێزە باڵادەستەكان (یەكێتی و پارتی) هەرچییەك و هەرچۆنێك بن، هیچ لەو ڕاستیيە كەمنكاتەوە كە هێزەكانی ڕكابەرییان نەیانتوانی نەك وەك بەدیل بەڵكو وەك كۆمەڵێك هێزی خاوەن ئەكت و دروستكردنی ڕوداو و سیناریۆی سیاسی خۆیان تەرح بكەن، بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان كە ساڵانێكی زۆر جێگەی ئومێدی بەشێكی بەرچاو لە خەڵكی كوردستان بوو بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری لە ژیانی خەڵك و دانانی سنورێك بۆ ئەو ناعەدالەتیيە كۆمەڵایەتی و ناشەفافی و گەندەڵییەی كۆی جومگەكانی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە، لانی كەم ئەم وێنەیە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە زیهنی كۆمەڵێكی زۆر لەخەڵكی كوردستاندا چەسپی بەبەشێك لەلایەنگرانی ئەو هێزانەشەوە. حكومەت سیستمی "ڕوبعە موچە" و "نیو موچە"ی داهێنا، مانگی لە 30 ڕۆژەوە بۆ 60 ڕۆژ و بەرەو ژوور درێژكردووە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بێدەنگ بوون یان شەرمنانە لەژێر لێوەوە و لەباشترین حاڵەتدا بەیاننامەیان بڵاودەكردەوە، حزبێك و لەناوحزبێكیشدا شەخسێك تاكلایەنە بڕیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی دا و كارەساتێكی گەورەی نەتەوەیی گەورەی لێكەوتەوە، ئەم هێزانە هەر بێدەنگ و جوڵە بوون، ڕوداوی  16ی ئۆكتۆبەری لێكەتەوەو كورد زیاتر لەسەدا 50 خاكی كوردستانی لەدەستدا بەكەركوكیشەوە، ئەم هێزانە هەر بێدەنگ و بێهەڵوێست بوون، سوپای وڵاتانی ئیقلیمی لەناو خاكی باشووری كوردستان بە ئازادی دێن و دەچن، ئەم هێزانە هەر بێدەنگن و غەیری بەیاننامە هەڵوێستێكی جدییان نیە و ئەوەش بووەتە هۆی بێئومێدبوونی چەندین كەسی ئەو حزبانە و سەنگەرگواستنەوە بۆ حزبەكانی دەسەڵات. سەنگەرگواستنەوەیەكی بێ‌ وێنە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا لە چەندین  قۆناغی گرنگدا دیاردەی سەنگەرگواستنەوە هەبووە و ئەندام و سەركردە و بەرپرسانی حزبەكان بەهۆی ناكۆكیی سیاسیی یان بەرژەوەندیی تایبەتەوە، حزبەكانی خۆیان بەجێهێشتووە و چونەتە ناو حزبێكی ترەوە، بەڵام هیچ كاتێك نەگەیشتوەتە ئاستی ئەوەی سەرۆكی حزبێك سەنگەر بگوازێتەوە و دەستبەرداری حزبەكەی بێت، هەمیشە دیاردەی سەنگەرگواستنەوە زیاتر لە ئاستی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی و بەرپرسانی تری حزبدا قەتیس بووە، بەڵام ئەمساڵ هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا روداوێكی دانسقەی تۆماركرد، بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسى و دادپەروەریی حزبەكەی بەجێهێشت و جارێكی تر گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەوە یەكەمجار بوو سەرۆكی حزبێك سەرنگەر بگوازێتەوە، ئەم رووداوە كاریگەری زۆری لەسەر لایەنگر و بەرپرسی حزبەكانی تر دروستكرد و شەرمی سەنگەرگواستنەوەی لە حزبێكەوە بۆ حزبێكى تر بەتەواوەتی  شكاند و كردییە دیاردەیەكی ئاسایی. ئێستا لە كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن نزیكدەبینەوە، بە گوێرەی زانیارییەكانی "درەو میدیا" بەر لە كۆتایی هاتنی بانگەشە، چەندین حاڵەتی تری سەنگەرگواستنەوە لە میدیای حزبەكانەوە پەخشدەكرێت بەمەبەستی كاریگەری خستنە سەر دەنگدەران، "درەو میدیا"  چەندین زانیاری لەسەر ئەو سەنگەرگواستنەوانە كە بڕیارە روبدەن لەبەردەستدایە، بەڵام وەك میدیایەكی سەربەخۆ نایەوێت بكەوێتە ناو ئەو شەڕەوە كە حزبەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەدژی یەكتر بەرپای دەكەن. مامەڵەكانی سەنگەرگواستنەوە لەبارەی سەنگەرگواستنەوەوە قسەوباسی زۆر دەكرێت، مامەڵەكانی سەنگەرگواستنەوە لەپشتی پەردەوە  بەڕێوەدەچن، بەشێوەیەكی گشتی باس لەوە دەكرێت لەبەرامبەر سەنگەرگواستنەوەدا چەندین دەستكەوت دەخرێتە بەردەم نێچیرەكان لەوانە: 1- پێدانی پۆستی باڵا لە حكومەت یان حزب 2- پێدانی پارە و ئۆتۆمبیل  3- پێدانی بەرژەوەندیی ئابوری وەك گرێبەست و تەندەری جێبەجێكردنی پرۆژە 4- دۆزینەوەی هەلی كار بۆ خزم و كەسە نزیكەكانی ئەو كەسەی سەنگەردەگوازێتەوە 5- جێبەجێكردنی پرۆژە  خزمەتگوزاریی لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەوانەی سەنگەردەگوازنەوە بەتایبەت لەناوچە گوندنشینەكاندا. مەرجەكانی سەنگەرگواستنەوە دیارترین مەرجی سەنگەرگواستنەوە ئەوەیە كە ئەو كەسە دەبێت لە میدیاكانەوە بە رەسمی سەنگەگواستنەوەی بەر لە هەڵبژاردن رابگەیەنێت و وەك بەشێك لە بانگەشە هۆكارەكانی كە خۆی بۆخۆی داناوە یان حزبە نوێكەی پێی دەڵێت بۆ خەڵك رابگەیەنێت و ئەو كاتەشی لەبەردەستیدا ماوە بانگەشە بكات بۆ حزبە نوێكەی و هانی كەسانی تر بدات وەك ئەم سەنگەر بگوازنەوە.


( درەو میدیا): هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان : -     (  3 ملیۆن و 85 هەزارو 461 ) كەس مافی دەنگدانی هەیە  -    ( 170 هەزارو 469 ) كەس دەنگدەری تایبەتە    -    ( 1359 ) بنكەی دەنگدان هەیە لە چوار پارێزگاكەی هەرێم   -     ( 6412 ) وێستگەی دەنگدان -    ( 773 ) پاڵێوراو كێبەركێ دەكەن  -    ( 532 یان پیاو و 241 یان ژنە)  -    ( 111 ) كورسی پەرلەمانی كوردستان -     11 كورسی بۆ كۆتاكان دیاریكراوە، 5 كورسی بۆ مەسیحیەكان و 5 كورسی بۆ توركمان و 1 كورسی بۆ ئەرمەن.


(درەو میدیا): لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، داهاتی عێراق بەبەراورد بە خەرجییەكانی بڕی (14 ترلیۆن و 9 ملیار) دینار زیادەی هەبووە. بەشێوەیەكی گشتی داهاتی عێراق لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا (45 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار بووە، ئەم داهاتەش لەدوو سەرچاوەی سەرەكییەوە بەدەستهاتووە: یەكەم: داهاتی نەوت لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتی نەوتی عێراق (40 ترلیۆن) دینار بووە، كە رێژەی (80%)ی كۆی گشتی بودجە پێكدەهێنێت. دووەم: داهاتەكانی تر داهاتەكانی تری عێراق كە لەسەرچاوەكانی ترەوە دەستكەوتوون جگە لە نەوت، لەماوەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا (5 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار بووە، كە رێژەی (12%)ی كۆی گشتی بودجە پێكدەهێنێت. بەپێی زانیاری سایتی سۆمەریەنیوز، خەرجی عێراق لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا (30 ترلیۆن و 48 ملیار) دینار بووە: •    بودجەی وەبەرهێنان: (ترلیۆنێك و 48 ملیار) دینار لەم بوارەدا خەرجكراوە •    بودجەی وەبەرهێنان: (29 ترلیۆن) دینار لەم بوارەدا خەرجكراوە  بەشێوەیەكی دیاریكراو، خەرجییەكانی عێراق لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بەمشێوەیە دابەشبووە: •    موچەی فەرمانبەران: 17 ترلیۆن و 39 ملیار دینار •    پێداویستییە خزمەتگوزارییەكان: 129 ملیار دینار •    دانەوەی قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان: 3 ترلیۆن و 900 ملیار دینار •    خەرجی چاودێری كۆمەڵایەتی: 6 ترلیۆن و 600 ملیار دینار دیارترین ئەو وەزارەتانەی كە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا زۆرترین خەرجییان هەبووە: •    وەزارەتی دارایی: 7 ترلیۆن و 400 ملیار دینار •    وەزارەتی ناوخۆ: 5 ترلیۆن دینار •    وەزارەتی بەرگری: 2 ترلیۆن و 68 ملیار دینار •    ئەنجومەنی وەزیران: ترلیۆنێك و 800 ملیار دینار دیارترین ئەو پارێزگایانەی كە لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا زۆرترین خەرجییان هەبووە: •    بەغداد: ترلیۆنێك و 27 ملیار دینار •    بەسرە: 526 ترلیۆن دینار •    زیقار: 447 ترلیۆن دینار


( درەو میدیا): لە گەرمەی شەڕ و ململانێكانی یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و دانانی مەرج و پێشنیازی جیاواز بۆ یەكتری، دۆسیەی ڕیفراندۆم دێتەوە بەرباس و وردە وردە لایەنە ناكۆك و دژ بەیەكەكانی شیعە لەیەك سەنگەردا كۆدەكاتەوە و خەریكە لەڕێی دروستكردنی ڕای گشتی لە ناوەندە سیاسییە جیاكانی عێراق بەتایبەت لە دامەزراوەی پەرلەمان، ئەم پرسە دەكەنە قەیران و مەرج و بەربەستێكی گەورە بۆ هەردوو كاندیدەكەی یەكێتی و پارتی كە هەم خۆیان و هەم حزبەكانیشیان هەڵوێستیان ڕوون و ئاشكرابووە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم. حەنین قەدۆ پەرلەمانتار هاوپەیمانی بونیاتنان كە هاوپەیمانی (مالیكی و عامری)یە، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، زۆرینەیەكی پەرلەمانی هەیە دەنگ دەدەن بەكاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە بەشداری لە ڕیفراندۆمی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان نەكردبێت، تەئكیدیشیكردووە، زۆرینەی پەرلەمانتاران دەنگ بەكەسایەتییەكی كوردی بێلایەن دەدەن كە بەشداری لە ڕیفراندۆم نەكردبێت یان پشتیوانی نەكردبێت. لای خۆیەوە، پەرلەمانتار زیاد جەنابی لەلێدوانێكدا بۆ سۆمەریە نیوز، داوای لە مەسعود بارزانی كردووە پێش ئەوەی كاندید بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق پێشكەشبكات، داوای لێبوردن لەگەلی عێراق بكات لەبەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. هەر لەو چوارچێوەیەدا مەنسور بعێجی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیاتنان بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە، هاوپەیمانێتییەكەیان دەنگ بەهیچ كاندیدێكی پۆستی سەرۆك نادات ئەگەر پشتیوانی ڕیفراندۆمی جیابونەوەی هەرێمی كوردستانی كردبێت، داواشی  لە كورد كردووە كەسایەتییەكی نیشتمانی كاندید بكەن كە شایەنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ببێت.  بعێجی بەپێویستی زانیوە، سەرۆك كۆماری داهاتوو پارێزەری دەستوربێت،  نەك بۆئەوەی خۆی پێ بپارێزێت وەك سەرۆكەكانی پێشوو، بۆیە پێویستە سەرۆك كۆماری داهاتوو بەهێزبێت و توانای پاراستنی دەستور و وڵاتی هەبێت لە هەر دوژمنكارییەكی دەرەكی و ناوەكی و سەرۆكی هەموو عێراقییەكانیش بێت نەك هەرێمی كوردستان و نەتەوەكەی خۆی بەتەنیا.  پێشتریش جەواد موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتییەكەیان مەرجێكی نوێی داناوە بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار . ئەو پەرلەمانتارەی ڕەوتی سەدر تەئكیدی كردووە، دوور لەڕێككەوتنی كوتلە سیاسییەكان بۆ پشتیوانیكردنی كاندیدێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێویستە لەسەر هەر كاندیدێك لەگەڵ باسكردنی سیڤی كەسایەتی خۆی، هەڵوێستیشی لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ئاشكرابكات.   لە مادەی 67 دەستوری عێراقدا هاتووە" سەرۆكی كۆمار سەرۆكی دەوڵەت و سیمبوڵی یەكێتی نیشتمان و سەروەری وڵاتە، شەونوخونی دەكات بۆ زامنكردنی پاپەندبون بەدەستور و پارێزگاریكردن لە سەربەخۆیی عێراق و سەروەری و یەكێتی و پاراستنی خاكەكەی، بەپێی ئەحكامەكانی دەستور. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، هاوپەیمانی بونیاتنان مەرجی نوێی بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار داناوە و لە دیارترین مەرجەكانیش ئەوەیە،  بەڵێنبدات هیچ ئاستەنگێك بۆ پڕۆژەیاسا و پڕۆژە بودجە دروستنەكات لە بەرژوەندی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەی كورد. مەرجێكی تریشیان ئەوەیە سەرۆك كۆمار پشتیوانی حكومەتی داهاتوو بكات و چالاك بێت لە پۆستەكەیدا.   


( درەو میدیا): هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە  30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوە بچێت تیایدا  بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم: -     (  3 ملیۆن و 85 هەزارو 461 ) كەس مافی دەنگدانی هەیە  -    ( 170 هەزارو 469 ) كەس دەنگدەری تایبەتە    - پارێزگای هەولێر:  یەك میلۆن 109 هەزارو 72 كەس مافی دەنگدانیان هەیە   - پارێزگای سلێمانی: یەك ملیۆن و 196 هەزارو 980 كەس مافی دەنگدانیان هەیە   - پارێزگای دهۆك:    711 هەزارو 218 كەس مافی دەنگدانیان هەیە   - پارێزگای هەڵەبجە: 68 هەزارو 191 كەس مافی دەنگدانیان هەیە   -  ( 1359 ) بنكەی دەنگدان هەیە لە چوار پارێزگاكەی هەرێم   - ( 6412 ) وێستگەی دەنگدان -  ( 773 ) پاڵێوراو كێبەركێ دەكەن  - ( 532 یان پیاو و 241 یان ژنە)  -  ( 111 ) كورسی پەرلەمانی كوردستان -  11 كورسی بۆ كۆتاكان دیاریكراوە، كە 5 كورسی بۆ مەسیحیەكان و 5 كورسی بۆ توركمان و 1 كورسی بۆ ئەرمەن.  


( درەو میدیا): 31 كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردووە و لەو ژمارەیەش تەنها حەوت كاندید مەرجە یاساییەكانیان تێدایە. لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند 31 كەس داواكاری خۆكاندیدكردنیان بۆ پۆستی سەرۆكە كۆمار پێشكەشكردووە و دوای وردبینیكردنی داواكارییەكانیان، تەنها حەوت كاندید مەرجە یاساییەكانی خۆ كاندیدكردنیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار تێدابووە و 14 كاندید بەڵگەنامەیان پێشكەشنەكردووە كە توانا و شارەزایی سیاسییان بسەلمێنن و نۆ كاندید دوورخراوەنەتەوە و كاندیدێكیش پاشەكشێی كردووە. حەلبوسی راشیگەیاند ئەو كاندیدانەی مەرجە یاساییەكانیان تێدانییە دەتوانن لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە تا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو لە دادگای باڵای فیدراڵی تانە لە دوورخستنەوەیان بدەن. بە گوێرەی بەیاننامەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئەو حەوت كاندیدەی كە مەرجە یاساییەكانیان تێدایە ئەمانەن: 1- سەردار عەبدوڵا مەحمود 2- عەبدوللەتیف جەمال رەشید 3- عومەر ئەحمەد كەریم بەرزنجی 4- عەبدولكەریم عەلی عەبتان جبوریی 5- بەرهەم ئەحمەد ساڵح 6- فوئاد محەمەد حسێن 7- سروە عەبدولواحد


( درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایگەیاند ژمارەی ئەوانەی لە ریزی هێزەكانی پێشمەرگە و هێز ئەمنییەكان كە مافی بەشداركردنیان هەیە لە دەنگدانی تایبەتدا 170 هەزار و 465 كەسە. هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم 909 وێستگەی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت دەكرێتەوە كە رۆژی 28ی مانگ بەڕێوەدەچێت. ئاشكراشیكرد ئەو كەسانەی تۆماری هەڵبژاردنیان نوێنەكردوەتەوە لە مافی دەنگدان بێبەشدەكرێن و ئاماژەیبەوەشداوە هەر كەسێك تەمەنی  90 ساڵی تێپەڕاندبێت مافی ئەوەی نییە بەشداری دەنگدانی تایبەت بكات.


( درەو میدیا):  پارتی پێشنیازی كۆمەڵێك پۆستی باڵا لەبەغداد و دابەشەكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەی پەنجا بە پەنجا بۆ یەكێتی دەكات لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لە بەغداد تایبەت بە"درەومیدیا"ی، ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێوەدەچێت، پارتی پێشنیازی پۆستی (جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزارەتێكی سیاسی و جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی) بۆ یەكێتی كردووە، لەبەرامبەر دەستبەرداربونی ئەو حزبە لە پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرخستنی كاندیدەی پارتی(فوئاد حسێن) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. بەوتەی سەرچاوەكە، تائێستا یەكێتی بەوپێشنیازە ڕازینەبووە و پارتیش پێداگری لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە دەكات، وتیشی: یەكێتی چاوەڕوان دەكات بارزانی لە دواساتەكاندا پاشگەزبێتەوە و پاشەكشێ بە كاندیدەكەی بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بۆیە پێناچێت یەكێتی لە داواكردنی ئەو پۆستە پاشگەزبێتەوەو، سەركردایەتی یەكێتیش  گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی شەڕو ململانێكانی پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوكە، نەك پۆستی سەرۆك كۆمار.        


راپۆرتی شیكاريى: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژ 30ی ئەم مانگە لایە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچنەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریكردن، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان. چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بوبێت یان نادروست. دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە: یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی باوردۆخی دارایی دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان چوارەم: ریفراندۆم پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر لەپاڵ ئەم روداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت، هەڵبەت ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان. لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات  و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە.  جوڵانەوەی نەوەی نوێ جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەكێكە لە نوێترین حزبەكان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان،   رۆژی 5/1/2018 یەكەمین كۆنگرەی خۆی بەست و لە كۆنگرەكەدا شاسوار عەبدولواحید وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵبژێردرا. ئەم دووەمین ئەزمونی هەڵبژاردنە كە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەدوای دروستبونییەوە بەشداری تێدا دەكات، یەكەمین بەشداریكردنیەتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا. ئەم جوڵانەوەیە پشتی بە میدیا و سەرمایەی بازرگانی بەستووەو هەر لەسەرەتاوە بە شێوەیەكی رادیكاڵانە پەیامەكانی خستەڕوو، لە یەكەمین بەشداریكردنیدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، ئەم جوڵانەوەیە چوار كورسی پەرلەمانی بردەوە. خاڵە لاوازەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن: •    ئەم جوڵانەوەیە زیاتر لە بزوتنەوەیەكی میدیایی و تۆڕی كۆمەڵایەتی دەچێت وەك لەوەی هەڵگری روئیا و دونیابینی جیاواز بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی كە بەسەر هەرێمدا هاتووە. •    نەوەی نوێ دەیەوێت مۆدێلی فەرەنسا و ئەمریكا تاقیبكاتەوە لەسەر زەمینێكی وێرانە كە نە فەرەنسایە و نە ئەمریكا. •    ناشرینكردنی هەموان لەسەر جوانكردنی وێنای خۆی، كە دەڵێت من لەكەس ناچم ئەوان هەموویان لەیەك دەچن. •    تۆمەتبەخشینەوە بووە بەبەشێك لە گوتاری ئەم جوڵانەوەیە. •    پێی وایە لە هەناوی هیچ هێزێكدا نەهاتوەتە دەرەوە، بەڵام گوتار و هەڵوێستەكانی لە هەناوی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوەتە دەرەوە، هەمان گوتاری پۆپۆلیستی و هێرشی سەرەتای 25ی 7ی 2009ی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێتەوە. •    نەوەی نوێ سەربە پارتی و یەكێتی نیە، بەڵام پارتی و یەكێتی دەستیان واڵاكردووە، چونكە پێیان وایە مامەڵەكردن لەگەڵ نەوەی نوێ و جڵەوكردنی  ئاسانترە لە بزوتنەوە گۆڕان، بەوپێیەی گۆڕان قوڵاییەكی سەربازی هەیە و زۆربەی سەركردەكانی لەناو هێزی پێشمەرگەدا  خەڵكانی كاریگەرن. •    ئەم جوڵانەوەیە زیاتر كار لەسەر راكێشانی دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، نەك پارتی و یەكێتی، ئەمەش دەبێتە هۆی سنورداركردنی ئاستی جەماوەرەكەی. •    سەرباری هەندێك جموجوڵ، بەڵام ئەم جوڵانەوەیە هاوشێوەی هێزەكانی تری سلێمانی نەوەی نوێ شەڕەكەی خستوەتە سلێمانی و گۆڕەپانی دهۆك و هەولێریان بۆ پارتی بەتەختی جێهێشتووە. •    ئەم هێزە وا وێنا دەكات كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات و لە بەغداد پشتیوانی دەكرێت، بەڵام ئاماژەیەكی روونی دەستنەكەوتووە لەو وڵاتانەوە بۆ پشتیوانی.     خاڵە بەهێزەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن:  •    سەرچاوەی دارایی و میدیایی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ كەمپەینی هەڵبژاردن. •    هەڵگری گوتاری رادیكاڵانە بەرامبەر بە دەسەڵات، ئەم گوتارە سەرباری ئەوەی بەمدواییە تاڕادەیەك پاشەكشێی كرد، بەڵام گوتارێكە نزیكە لە شەقامەوە و هێشتا لای توێژێكی بەرفراوان لە دەنگدەران رەونەقی خۆی لەدەستنەداوە. •     بایەخدانی زۆری بە تەكنەلۆژیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە شوێنی كۆكردنەوەو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانە. •    سەرۆكی جوڵانەوەكە بەبەراورد بە سەرۆكی پارتە سیاسییەكانی تر، زیاتر لەگەڵ دەنگدەران روبەڕوو دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر كێشكردنی دەنگی دەنگدەران.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف هەرێمی كوردستان لە چاوەڕەوانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندایە، بونی كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە  لەناوچەكەو هەرێمی كوردستانداو هاتنەكایەی هێزی نوێ لە چوار ساڵی رابردوودا ئەگەری گۆڕانكاری لێدەكرێت لە نەخشەی سیاسی هێزەكانی كوردستان، هەرچەندە بەپێی لێكدانەوەكان گۆڕانكاری جەوهەری رونادات كە كاریگەری هەبێت لەسەر نەخشەی سیاسی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، بەو پێیەی تا ئێستا یەكێتی و پارتی وەك دوو هێزی دەسەڵاتداری كوردستان كە خاوەنی و ئابوری  وهێزی سەربازی و حوكمڕانی هەرێمن، هێشتا پێگەی خۆیان هەیەو چاوەڕەوانیش ناكرێت ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول ئەو دوو هێزە لە دەسەڵات دوور بخاتەوە. یەكەم/ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 21/9/2013 پرۆسەی هەڵبژاردنی 21/9/2013 لەدوای ساڵی 1992 و خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، یەكەم خول بوو كە تەواوی هێزە سیاسیەكان هەریەكە و بە لیستی سەربەخۆ و جیا بەشداری هەڵبژاردنیانكرد، ئەمەش روونتر پێگەو سەنگی هێزەكان دەردەكەون، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 21/9/2013 بەرێوەچوو، تیایدا ( 31 ) لیست بەشداریان لە پرۆسەكەدا كردوو سەرەنجام ( 17 ) لیست توانیان سەركەوتن بەدەستبهێنن.   لەو هەڵبژاردنەدا، ( 2653743 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، ژمارەی دەنگدەری درووست (1978382) كەس دەنگیاندا بەرێژەی ( 74.5%) بەهای كورسیەك بەبێ دەنگی كۆتاكان (19520) دەنگ بەوپێیەی دەنگی درووست بەبێ كۆتاكان   ( 1952093 ) كەس بووە، تیایدا  هەڵبژاردنەدا ( 9 ) لیستی گشتی و ( 8 ) لیستی كۆتاكان توانیان كورسی بهێنن و بچنە پەرلەمانەوە، تیادا لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (743984 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (38.1% ) و ( 38 ) كورسی بەدەستهێنا و لیستی گۆڕان(476736) دەنگ و بەڕێژەی (24.4% ) و بەدەستهێنانی (24) كورسی، لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (350500) دەنگ و بەرێژەی (17.7% ) و بەدەستهێنانی ( 18 ) كورسی و   لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (186741 ) دەنگ و بەرێژەی ( 9.6%) و بەدەستهێنانی ( 10 ) كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی (118574 ) دەنگ بەرێژەی ( 6.1% ) و بەدەستهێنانی ( 6 ) كورسی و  بزووتنەوەی ئیسلامی (21834) دەنگ و بەرێژەی ( 1.1% ) و بەدەستهێنانی ( 1 ) كورسی و حیزبی سۆسیالیست (12501) دەنگ و بەرێژەی ( 0.6% ) و بەدەستهێنانی ( 1 ) كورسی و لیستی ئازادی  (12392) دەنگ و بەرێژەی ( 0.6%) و بەدەستهێنانی (1) كورسی و ئاراستەی سێیەم  (8681) دەنگ و بەرێژەی  ( 0.4% ) و بەدەستهێنانی ( 1 ) كورسی. سەرەڕای ئەوەش كۆتاكانیش (8) لیستیان كێبەركێیان كردووە بۆ بەدەستهێنانی (11) كورسی لە پەرلەمانی كوردستان.  لە دەنگدانی تایبەتیشدا، كە دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنی گشتی بەڕیوەچوو، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت ( 164956 ) كەس و دەنگدەران لە هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە ( 153739 ) كەس و ژمارەی دەنگدەرانی نەخۆشخانەو زیندانەكان (11217 ) دەنگدەر، كۆی گشتی بەشداریكردنی ئەوانەی لەدەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەبوو( 144434 ) كە دەكاتە 94% و بۆ هەر پارێزگایەكیش بەشێوەی جیاواز بووە، لە پارێزگای هەولێر ئاستی بەشداریكردن لەدەنگدانی تایبەت (93.7% ) و پارێزگای سلێمانی (95.6% ) و پارێزگای دهۆك (91.5% ) بووە. دووەم/ هەڵبژاردنی 30/9/2018  هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە  30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوە بچێت تیایدا  بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم (  3 ملیۆن و 85 هەزارو 461 ) كەس مافی دەنگدانی هەیە كە ( 178 هەزارو 148 ) كەس دەنگدەری تایبەتە بە جۆرێك:  پارێزگای هەولێر:  یەك میلۆن 36 هەزارو 419 كەس مافی دەنگدانیان هەیە   پارێزگای سلێمانی: یەك ملیۆن و 134 هەزارو 760 كەس مافی دەنگدانیان هەیە   پارێزگای دهۆك:    677 هەزارو 797 كەس مافی دەنگدانیان هەیە   پارێزگای هەڵەبجە: 66 هەزارو 234 كەس مافی دەنگدانیان هەیە    لە ( 1260 ) بنكەدا لە چوار پارێزگاكەی هەرێم هاوڵاتیان دەنگ دەدەن. لەم هەڵبژاردنەدا ( 773 ) پاڵێوراو كێبەركێ دەكەن بۆ بردنەوەی 111 كورسی پەرلەمان كە ( 532 یان پیاو و 241 یان ژنە) لە ( 111 ) كورسی پەرلەمانی كوردستان 11 كورسی بۆ كۆتاكان دیاریكراوە، كە 5 كورسی بۆ مەسیحیەكان و 5 كورسی بۆ توركمان و 1 كورسی بۆ ئەرمەن. هەڵبژاردنی 30 ی ئەیلولی 2018 گۆرانكاری لە دەنگ و كورسی هێ.ولایەنە سیاسیەكان روودەدات.


راپۆرتی: درەو میدیا ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بەجۆرێك توندبوەتەوە، ئەم دوو هێزە "نەتەوەیی و عیلمانیە" لە سیاستەوە پەڕیونەتەوە بۆ جوڵاندنی سۆزی مەزهەبی و حەساسییەتە دینییەكان دژ بەیەكتر، چونكە دەزانن ناسنامەی دینی و مەزهەبی لە گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگی عێراقدا، ڕەواجێكی باشی هەیە و هێز و ڕەوتە دینیە باڵا دەستەكان بەشیعە و سوننەوە بایەخێكی زۆری پێدەدەن، لەكاتێكدا ئەم مەسەلەیە بۆ بەلای كوردەوە وەك نەتەوە ئەگەر پرسێكی لاوەكی نەبێت، ئەوا حەساسیەتێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی نیە. دوای كاندیدكردنی فوئاد حسێن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لە میدیا عێراقییەكاندا هەواڵ ئەوە بڵاوبوەوە كە هاوسەرەكەی جولەكەیە، ئەمەش بەلای هێزە شیعی و سوننییەكانەوە، چی وەك هێزی دینی و هەم وەك هێزی نەتەوەیش پرسێكی لەڕادەبەر هەستیارە ئەگەر هێڵی سور نەبێت، جوڵاندنی ئەم مەسەلەیە بەجۆرێك بوو فوئاد حسێنی ناچاركرد پێش خۆناساندنی و قسەكردن لەبارەی ئامانجەكانی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی تایبەت لە بەغداوە ڕێكبخات بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو دەنگۆیانە و، ڕاستەخۆش كەسێك لە بنەماڵەی تاڵەبانی تۆمەتباربكات بەفڕێدانی ئەو قسانە بۆ ناو ڕاگەیاندنە عێراقییەكان.   بارزانی جدییە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار وەك دەوترێت ئەمە هەموو وێنەكە نیە، دیوێكی نادیاری تری وێنەكە لە دیاریكردنی خودی فوئاد حسێندایە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەگەڵ ئەوەی ڕایەكی بەهێز هەیە پێیوایە پارتی جدی نیە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆیە فوئاد حسێنی كاندیدكردووەو، مەبەستی زیاتر فشاركردنە لەسەر یەكێتی بۆ دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح و  دەستنیشانكردنی كاندیدێك دڵخوازی ئەو بێت یان لەم ڕێیەوە بتوانێت پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەست دەربهێنێت.  لەبەرامبەردا ڕایەكی تریش هەیە دەڵێت، كاندیدكردنی فوئاد حسێن لەلایەن بارزانیەوە، پەرۆشی و جدییەتی بارزانی دەسەلمێنێت لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەوپێیەی دیاریكردنی فوئاد حسێن كە مسوڵمانی شیعە مەزهەبە، لەبنەڕەتدا بۆ ڕاكێشانی هەست و سۆزی مەرجەعی باڵای شیعەكان و هێزە شیعییەكانی عێراق بووە كە زۆرینەی پەرلەمانی عێراق پێكدەهێنن، بەومانایەی بارزانی بۆئەوەی زامنی ئەو پۆستە بكات، جارێك فوئاد حسێنی وەك كورد كاندیدكردووە بۆ ئەو پۆستە كە ئیستیحقاقی نەتەوەیی خۆیەتی ، جارێكیش وەك هاو مەزهەبی شیعەكان، كە مەزهەب بەلایانەوە بە بەشێكی گرنگ لەبوون و مانەوەی خۆیان دەزانن وەك "تائیفەیەكی دینی ستەملێكراو"، ئەوەش زیاتر بۆ ئەفزەلییەت و گەرەنتیكردنی دەرچون و سەركەوتنی بووە بەسەر سیاسییەكی سیكۆلاری وەك بەرهەم ساڵحدا ، كە دین و مەزهەب لە پەراوێزی بایەخەكانیایەتی.    پارتی و یەكێتی ڕێككەوتنی ژێربەژێریان هەیە هەندێكی تریش هەموو ئەو مشتومڕانە بەسیناریۆ دەزانن و پێیانوایە، ئەو ململانێیەی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار سەریهەڵداوە، ڕێككەوتنێكی ژێر بەژێری باڵێكی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح لەدیمەنە سیاسیەكە و پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بەكاندیدێكی تر لە یەكێتی كە ڕەزامەندی هەردوو لای لەسەربێت. بەنگین ڕێكانی كە بەرپرسێكی پارتیە لە حكومەتی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، ئاشكرایدەكات، دوو پێشنیازییان خستوەتە بەردەم یەكێتی، یەكەمیان: پێدانی هەموو ئەو پۆستانەیە كە ئیستیحقاقی كوردن لە حكومەتی فیدراڵی بە یەكێتی، دووەمیشیان: كوتلە كوردستانییەكانیەكان لەپەرلەمانی عێراق هەڵبژاردن بكەن بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە.  شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغدا, ئاشكرایكرد، وەك پێشنیازێك پێیان باشە، تەواوی فراكسیۆنە كوردییەكان و پەرلەمانتارە كوردەكان لە بەغدا، بەر لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، كۆببنەوە و كەسێك لەناوخۆیان هەڵبژێرن بۆئەوەی ببێتە تاكە كاندیدی كورد بۆ ئەو پۆستە. پێدەچێت هەموو ڕێككەوتنەكانی پشتی پەردە بۆ ئەوە بێت پرۆسەكە  ئاڕاستەی پێشنیازی دووەمی پارتی ببرێت وەك چارەسەرێكی مامناوەند، كە ڕەنگە كەس هێندەی بەرهەم ساڵح ئەزمونی تاڵ نەبێت لەگەڵیدا و، دوای چوار ساڵ و لەسەر هەمان پرس و لە هەمان شوێن و لەلایەن هەمان كارەكتەرە سیاسییەكانەوە، جارێكی تر لە یارییەكە دووربخرێتەوە. 


(درەو میدیا): نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پشتگیری خۆی بۆ كاندیدی پارتی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق راگەیاند. بە گوێرەی هەواڵێكی میدیاکانی پارتی، مالیكی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رایگەیاندەووە مەسعود بارزانی پشتیوانی لە فوئاد حسێن دەكات و دڵنیان سەركەتوو دەبێت. هەروەها راشیگەیاندووە ئاراستەی تێروانینی پارتیان بۆ روونبووەتەوە و پێیان باشە، یەك كاندید بێت و كورد نوێنەرێكی بەهێزی هەبێت لە بەغدا. هاوكات هیشام ركابی بەڕێوەبەری راگەیاندنی نوسینگەی راگەیاندنی نوری مالیكی  لە لێدوانێكدا بۆ سایتی " غەد پرێس" وتی:" مالیكی هەڵوێستێكی روون و ئاشكرای هەیە، و هیواخوازە كورد  رێككەوتن بكەن و كۆدەنگ بن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، چونكە ئەو پرسە بوار دەڕەخسێنێت بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئێستا و رزگاربوون لە و ئاڵنگارییانەی وڵات رووبەڕوویان بوەتەوە.


(درەو میدیا): مانوێڵ ڤاڵس، سەرۆك وەزیرانی پێشووی فەرەنسا رایگەیاند خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا كاندیددەكات، ئەوەش هەنگاوێكی دەگمەنە كە بەرپرسێكی باڵای وڵاتێك خۆی بۆ پۆستێكی باڵای وڵاتێكی تری یەكێتی ئەوروپا كاندید بكات. مانوێل ڤاڵس، لە شاری بەرشەلۆنەی پایتەخی هەرێمی كەتەلۆنیا لە دایكبووە، كاتێك دایك و باوكی لە پشوودا بوون لەو شارە، بەڵام لە فەرەنسا گەورە بووە و رەگەزنامەی ئیسپانیا و فەرەنسای هەیە و لە 2014 تا 2016 لە ماوی سەرۆكایەتی فرانسوا هۆلاندی سەرۆكی فەرەنسای خاوەن بیروبۆچوونی سۆسیالیستی سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا بووە. پەیوەندیی مانوێل ڤاڵس لەگەڵ سیاسەتدا لەم چەند ساڵەی دواییدا لە فەرەنسا دژوار و ئاڵۆز بووە، ئەو كە ماوەیەك وەزیری ناوخۆ و دواتر سەرۆك وەزیران بوو لە ئیدارەی هۆلاندا، ساڵی 2017 نەیتوانی سەركەوتوو بێت و ببێت بە كاندیدی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و دواتر هەوڵیدا سەنگەر بگوازێتەوە و بچێتە ریزی پارتی " كۆمار بۆ پێشەوە" كە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئێستای فەرەنسا دایمەزراند، بەڵام ماكرۆن رەتیكردەوە و ئامادەنەبوو پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێبدات. ئێستا ڤاڵس خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی شارەوانی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا كاندید دەكات كە ئایاری 2019 بەڕێوەدەچێت و دەبێتە ركابەری چەند كاندیدێك كە یەكێكیان " ئەدا كولاو" سەرۆكی شارەوانی ئێستای ئەو شارەیە و پێشتر چالاكوان بووە لە بواری نیشتەجێكردن و مافە كۆمەڵایەتییەكاندا. كاندیدێكی جێی مشتومڕ ڤاڵس لە مەراسیمێكدا لە پایتەختی هەرێمی كەتەلۆنیا وتی:" دوای ماوەیەك لە بیركردنەوەی جدیی، ئەم بڕیارەمدا: دەخوازو ببمە سەرۆكی شارەوانی داهاتووی بەرشەلۆنە". ڤاڵس كە بەزمانی كەتەلۆنی قسەیكرد راشیگەیاندە هەفتەی داهاتوو لە هەموو ئەركە سیاسییەكانی لە فەرەنسا دەستلەكاردەكێشێتەوە. لایخۆشیەوە ئەلبێرت ریڤیران سەرۆكی حزبی " هاوڵاتیان" كە هەڵگری دیدو بۆچوونی نەتەوەییە سوپاسی ڤاڵسی كرد بۆ خۆ كاندیدكردنی، بەڵام تائێستا نازانرێت ئایا ڤاڵس وەك كاندیدی ئەو حزبە بەشداری هەڵبژاردن دەكات یاخود بە شێوەیەكی سەربەخۆ؟. ریڤیرا وتی:" كەس لەو باشتر نییە بۆئەوەی پێگەی بەرشەلۆنە بگەڕێنێتەوە و شكست بە جوداییخواز و پۆپۆلیستەكان بیهێنێت لە سندوقەكانی دەنگداندا". لەبەرامبەر كارڵس پۆگدیمۆنت، سەرۆكی پێشووی كەتەلۆنیا كە ساڵی 2017 دوای ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی كەتەلۆنیا لە پۆستەكەی دوورخرایەوە رەخنەی لە خۆ كاندیدكردنی مانوێل ڤاڵس گرت. پۆگدیمۆنت كە ئێستا لە برۆكسڵی پایتەختی بەلجیكا نیشتەجێیە و بەهۆی هەبوونی یاداشتی دەستگیركردنەوە لەلایەن حكومەتی ئیسپانیاوە هەڕەشەی دەستگیركردنی لەسەرە لە لێدوانێكیدا بۆ فرانس پرێس وتی:" ڤاڵس كاندیدێكە كە بەرشەلۆنە ناناسێت و لە بەرشەلۆنەش ناسراو نییە". كەتەلۆنییەكان دەربارەی ڤاڵس بیروبۆچوونیان جیاوازە، لوار بۆزۆ كە هاوڵاتییەكی خانەنشینە لە لێدوانێكیدا بۆ فرانس پرێس دەڵێت:" نازانم چی پاڵی پێوەناوە بێت بۆ ئێرە.... باوەڕم وایە كەس لە فەرەنسا نایەوێت، بۆیە هاتووە بۆ بەرشەلۆنە". بەڵام پێچەوانەی ئەو هاوڵاتییە، دەیڤید سینتیلاس كە فەرمانبەرە لە یەكێك لە بانكەكان دەڵێت :" پێگەی نێودەوڵەتی ڤاڵس دەكرێت رۆڵ ببینێت لە باشتركردنی وێنەی بەرشەلۆنە". سەرچاوە: بی بی سی   


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژ 30ی ئەم مانگە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچنەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریكردن، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان. چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بوبێت یان نادروست. دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە: یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی بارودۆخی دارایی دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان چوارەم: ریفراندۆم پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر لەپاڵ ئەم روداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت، هەڵبەت ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان. لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات  و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە.  بزوتنەوەی گۆڕان  بزوتنەوەی گۆڕان لە 25/7/2009 وەك هێزێكی ئەكتیڤی ئۆپۆزسیۆن دەركەوت، بە رێبەرایەتی (نەوشیروان مستەفا)، لە یەكەم دەركەوتنیدا 25%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا، تا كۆچی دوایی لە 19/5/2017، نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بوو، واتە بۆ ماوەی (8) ساڵ. دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە هەڵبژێردرا و تائێستا سەرۆكایەتی بزوتنەوەكە دەكات. لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە رۆژی (21/9/2013) بەرێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆی (111) كورسی پلەی دووەمی بەدەستهێنا و (24) كورسی بردەوە و ژمارەی دەنگدەرانی گەیشتە (476 هەزار 736) دەنگ.   خاڵە لاوازەكانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن: •    لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك بومەلەرزەی سیاسی گەورە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەیان هەژاند، بزوتنەوەی گۆڕان روئیایەكی روونی بۆ ئەو روداوەنە نەبوو.  •    شكستی گۆڕان لەڕووی بە واقیعیكردنی ئەو دروشمانەی كە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا دەنگدەرانی پێ كێشكرد. •    ئەوەی گۆڕان بۆ دەرەوەی خۆی داوای دەكرد ئێستا لەناوخۆیدا كێشەی دروستكردووە، لەوانە پرسی شەفافیەت و ئازادی بیروڕا و سازادانی كۆنگرە لە وادەی خۆی و .. چەندین پرسی تر. •    خوێندنەوەی نادروست بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت و پێشبینی نەكردنی روداوەكانی هاتنی "داعش" و داڕمانی دارایی هەرێم، لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا. •    لە پرسی ریفراندۆمدا بزوتنەوەی گۆڕان تا كۆتایی دژایەتی ریفراندۆمی كرد و بە گاڵتەجاڕ و ناشەرعی وەسفیكرد، بەڵام لەكۆتاییدا دەنگی بە پرۆسەكەدا. •    لە هێزێكی یاخی و هێرشبەرەوە بووە بەهێزێكی پاسیڤ و بێدەنگ، ئەوەی دەیڵێ هێزەكانی تریش دەیڵێن و جادوی دروشمەكان كاڵبوەتەوە. •    بەردەوامی كێشە و ململانێی ناوخۆییەكان، هەمان دەردی یەكێتییە كە روبەرووی گۆڕانیش بوەتەوە، بەمدواییانە و دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناكۆكییە ناوخۆییەكان پێی نایە قۆناغێكی نوێوە كە بزوتنەوەكەی بەتەواوەتی شەكەت كردووە. •    بزوتنەوەی گۆڕان دوچاری دەردەكەی یەكگرتووی ئیسلامی بووە و لەكاتی خۆیدا بڕیار لەسەر پرسەكان نادات، كاتێكیش بڕیار دەدات، كاتەكەی تێپەڕیوە. •    خراپی ئەدای كارەكتەرەكانی بزوتنەوەكە لەناو حكومەت و پەرلەمان و حكومەتە خۆجێییەكان.  •    هەڵگری كۆمەڵێك روئیا و دونیابینی جیاواز بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات لەبری گەورەكردنی پانتایی جیاوازییەكان لەگەڵ هێزە نەریتەوانەكان، لێكچونەكانی بەو هێزانە تۆختر كردوەتەوەو تاڕادەیەك لای دەنگدەران بووە  كۆپی ئەو هێزانەی تر.  •    پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان بۆ داهاتوو كاری دەكرد، ئێستا وەك هێزەكانی دیكە لەسەر رابردوو دەژی بەتایبەتی سەركەوتن و دەستكەوتە سیاسییەكانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا. •    هەڵوەرینی بەشێك لە كادر و هەواداران و رۆشتنیان بۆ ناو هێزەكانی دیكە، نەبوونی لێپرسینەوە و بەدواداچونی جدی بۆ هۆكاری ئەو شەپۆلە لە وازهێنانی كادر و لایەنگر و هەڵسوڕاوان. •    ئاشكرابوونی وەرگرتنی پارە لە یەكێتی نشتیمانی كوردستان. •    نەبوونی جێگرەوەیەك بۆ نەوشیروان مستەفا، كە لە ئاستی روئیا و بیركردنەوە و كۆنترۆڵكردن و گوتاردانی سیاسی تاڕادەیەك لە نەوشیروان مستەفاوە نزیك بێت و وەكو ئەو بتوانێت جڵەوی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە بكات. •    پاشەكشێی بزوتنەوەی گۆڕان لە پرسی كورسی سەرۆكایەتی هەرێم، لەڕێگەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەسەندكردنی یاسایەك بۆ هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم كە لەناو رایگشتیدا بەشێوەیەكی نەرێنی لەسەر ناوبانگی بزوتنەوەكە شكاوەتەوە.  •    هەماهەنگیكردن لەگەڵ پارتی لەسەر یاسای تیرۆرو پەسەندكردنی یاساكە لە پەرلەمانی كوردستان وەكو پاشەكشێی گۆڕان لە پرسی ئازادییە گشتییەكان لێكدرایەوە و كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی گۆڕان لەلای دەنگدەران دروستكرد. •    بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژارددنی 12ی ئایار، یەكێتی و پارتی تۆمەتبار كرد بە ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و بەڵێنی بە دەنگدەرەكانیدا "دەنگە دزراوەكانیان" بگەڕێنێتەوە، بەڵام نەیتوانی دەنگەكانی بگەڕێنێتەوە و لەبری بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق كە خۆی پێشتر ئاماژەی بۆ كردبوو، سەرباری ناڕەزایەتییەكان جارێكی تر رۆیشتەوە بۆ بەغداد.  •    شەكەتیی میدیای گۆڕان لە تەوزیفكردنی گوتارە سیاسییەكان بزوتنەوەی گۆڕان و نوێنەكردنەوەی میدیاكانی گۆڕان لەڕووی گوتار و فۆرمی كاركردنەوە. •    لەدەستدانی كارتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، لەدوای دروستبونییەوە هەمیشە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خاڵی هێزی بزوتنەوەی گۆڕان بووە، بەڵام ئێستا پێچەوانە بوەتەوە و گۆڕان پشتیوانی بەشێكی زۆری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لەدەستداوە و ئێستا لە بری پشتیوانی، گۆڕان لەم تۆڕانەوە روبەڕووی رەخنەی توند دەكرێتەوە. •    بەشێكی زۆری دەنگدەرانی ئەم بزوتنەوەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە دروشمی "بایكۆت"یان بەرزكردوەتەوە، ئەمەش بە زیانی گەورە بۆ بزوتنەوەكە كۆتایی دێت. خاڵە بەهێزەكانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن: •    گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی، رەنگە لەكۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بە جۆرێك لە جۆرەكان لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی گۆڕان بشكێتەوە. •    كێشەو گرفتی هەبووە، بەڵام هەڵەی ستراتیژی گەورەی نەكردووە، كە ببێتە هۆی عەیبداركردنی بزوتنەوەكە. •    كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەگەر بەدیوێكدا هۆكاری لاوازبوونی بزوتنەوەكە بێت بەدیوێكی تردا، هێشتا هۆكاری سەرەكی راكێشانی هەست و سۆزی دەنگدەرانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و زۆرێك لە دەنگدەرانی بزوتنەوەكە سەرباری ئەوەی رەخنەیان لە ئەدای كارەكتەرەكانی بزوتنەوەكەیان هەیە، هێشتا باوەڕیانوایە دەبێت وەكو وەفایەك بۆ رۆحی نەوشیروان مستەفا دەنگ بۆ گۆڕان بدەن. •    تائێستا هیچ هێزێك لە دەرەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان دروست نەبووە كە گوتارو هەنگاوەكانی گۆڕان دژ بە گەندەڵی و خراپەكاری دەسەڵاتی سیاسی تێپەڕێنێت. ............................. خاڵی  بەهێزو لاوازی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن: http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=2041   خاڵی  بەهێزو لاوازی  پارتی بۆ هەڵبژاردن: http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=2024



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand