Draw Media

(درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی ڕەتیدەكاتەوە هیچ بڕیارێكی دابێت، دەشڵێت، هەموو ئەو لێدوانانەی دەخرێنە پاڵ ئەو، دوورن لەڕاستییەوە. نوسینگەی ڕۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی راسپێدراو بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق، لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ژمارەیەك لە پێگەو پەڕە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لێدوان دەخەنە پاڵ عادل عەبدولمەهدی‌و زانیاری هەڵبەستراو لەبارەی كۆمەڵێك بڕیار بەناوی سەرچاوەی نادیارەوە، بڵاودەكەنەوە. نوسینگەكەكەی عەبدولمەهدی ئاماژە بەوەدەكات، ئەو لێدوانانەی بەناوی سەرچاوەوە، یاخود قسە لەسەر دەركردنی بڕیار دەكەن، دوور و نزیك ڕاستییان تێدانیە و سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو هیچ شتێكی لەوبارەیەوە بڵاونەكردوەتەوە. نوسینگەی ڕۆژنامەوانی عەبدولمەهدی، داوایكردووە، تەنها پشت بەو هەواڵە ڕەسمیانە ببەسترێت كە عادل عەبدولمەهدی یان لەلایەن نوسینگەی ڕۆژنامەوانییەكەیەوە بڵاودەكرێنەوە.   چەند پێگەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەمدواییە كۆمەڵێك هەواڵیان بەناوی عادل عەبدولمەهدی بڵاوكردەوە، لەوانە ئەژمارنەكردنی ئەمساڵی خوێندن بۆ خوێندكاران بە دەرنەچوو.  


(درەو میدیا): پۆلیسی توركیا پێیوایە جەمال خاشقچی نوسەر و ڕۆژنامەنوسی ئۆپۆزسیۆنی سعودی لەناو كۆنسوڵگەری ئەو وڵاتە لە ئیستانبوڵ كوژرابێت، سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوەدەكەن، تیمێكی سعودی دوای ئەشكەنجەدانی، پارچەپارچەی كردووە، لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی سعودیە پێداگری دەكەن لەوەی دوای چوونی بەماوەیەكی كەم، كونسوڵگەری وڵاتەكەیانی بەجێهێشتووە. ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز)، شەوی ڕابردوو لەزاری دوو سەرچاوەی توركییەوە بڵاویكردەوە، هەڵسەنگاندنی سەرەتایی پۆلیسی توركیا ئاماژە بەوەكات، خاشقچی كە ڕۆژی سێ‌ شەممە دوای چوونی بۆ كونسوڵگەری سعودیە دیارنەماوە، لەناو كونسوڵگەرییەكەدا كوژراوە، یەكێك لە سەرچاوەكانیش وتویەتی" پێمانوایە بەئەنقەسەت كوژراوەو تەرمەكەشی براوەتە دەرەوەی كونسوڵخانەكە". هاوكات، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە حكومەتی توركیاوە بڵاویكردوەتەوە، پۆلیس وای بۆ دەچێت خاشقچی لەناو كونسوڵگەری سعودیە بەدەستی تیمێك كوژرابێت، كە ئەو تیمە بەشێوەیەكی تایبەت ئەو ڕۆژە لە سعودیەوە هاتوەتە ئەستنەبوڵ و هەمان ڕۆژ گەڕاوەتەوە. ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)یش، لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگادار لە لێكۆڵینەوەكانی ئەو ڕوداوە بڵاویكردوەتەوە، ئەو تیمەی كە خاشقچیان كوشتووە، لە سعودیەوە هاتون و پێكهاتوون لە 15 كەس.. ئەگەر كوژرانی خاشقچی تەئكید بكرێتەوە، ئەوە بەهەڵكشانێكی شۆككەری سعودیە دادەنرێت بۆ بێدەنگكردنی ئۆپۆزسیۆن.  لایخۆیەوە، پێگەی (میدل ئیست ئەی) بڵاویكردەوە، ڕۆژنامەنوسە سعودییەكە پێشئەوەی بكوژرێت و لاشەكەی پارچە پارچەبكرێت، ئەشكەنجەدراوە، كە ئەوەش ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی تر لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە تەئكیدیان لێكردوەتەوە.   ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)یش، لە زاری تۆران كشلاكچی سەرۆكی كۆمەڵەی (ماڵی ڕاگەیاندنكارانی عەرب)وە بڵاویكردەوە، بەرپرسانی توركیا تەئكیدیان كردووە، كە خاشقچی كوژراوەو لاشەكەشی شێوێندراوە، ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی عەرەبەوە كە ناوی نەهێناوە ڕایگەیاندووە، بەفیعلی لاشەكەی شێوێندراوە.  كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" ناتوانین قسە لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە بكەین كە باس لە كوژرانی خاشقچی دەكەن و لەنزیكەوە بەدواداچون بۆ ئەو پرسە دەكەین". كریس مۆرفی سیناتۆر لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لەتویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی" ئەگەر ڕاستبێت سعودییەكان دانیشتویەكی ئەمریكییان كێشی كونسوڵگەرییەكان كردبێت و كوشتبێتیان، پێویستە بێتە هۆی گۆڕانكارییەكی جەوهەری لەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودی". ڕێكخراوی لێبودرنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە" كوشتنی خاشقچی ئاماژەیەكی مەترسیدار دەبێت بۆ ڕەخنەگران كە ئەوان لەمەترسیدان تەنانەت لەدەرەوەی سعودیەش". ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور دەڵێ" ئەگەر كوژرانی خاشقچی ڕاستبێت، ئەوە كارێی ترسناكەو قبوڵنەكراوە بۆ ئازادی ڕۆژنامەوانی". لەلایەكی ترەوە، محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودییە، بەئاژانسی بلۆمبێرگی وتووە" خاشقچی لە كۆنسوڵگەری سعودییە چوەتە دەرەوە دوای چەند خولەكێك یان كاتژمێرێك لەچونەژوورەوەی، سعودییە ڕێگە بە توركیا دەدات كۆنسوڵگەرییەكەی بپشكنێ ئەگەر بیانەوێت". بەڵام یاسین ئەكتای ڕاوێژكاری پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا بە كەناڵی (جزیرە)ی ڕاگەیاندووە"داوای ڕونكردنەوەیەی بڕواپێكەر دەكەین لە سعودییە و، ئەوەی شازادەی جێنشین خستویەتیەڕوو بڕواپێكەر نیە".  بەپێی سەرچاوە توركییەكان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ وتەیەك پێشكەش دەكات و ئەگەر زۆرە قسە لەسەر كوژرانی خاشقچی بكات. پێشتریش عومەر چیلیك وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان ڕایگەیاند، چارەنوسی ڕۆژنامەنوسە سعودییەكەو لایەنی بەرپرس لە ونكردنی ئاشكرادەكەن، ئاماژەی بەوەشداوە"ونبونی ڕۆژنامەنوسێك بەوشێوەیە، پرسێكە دەوڵەتێكی وەك توركیا بەهەستیارەییەوە لێیدەڕوانێت".   جەمال خاشقی كێیە؟ جەمال خاشقچی ئاڵی 1958 لە مەدینە لە دایكبووە و رۆژنامەگەری لە زانكۆی ئیندیانای ئەمریكا خوێندووە و سەرەتا وەك پەیامنێر كاری رۆژنامەوانیی كردووە و لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا روماڵی رووداوەكانی ئەفغانستان و جەزائیر و كوەیت و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی كردووە و بەوە زیاتر بەناوبانگ بووە. كۆتایی نەوەدەكات بووەتە جێگری سەرنوسەری رۆژنامەی " عەرەب نیوز" و ماوەی چوار ساڵ بەردەوام بووە و ساڵی 2004 وەك سەرنوسەری رۆژنامەی " وەتەن"ی سعودی دیاریكراوە و دواتر بەبێ‌ ئاشكراكردنی هۆكارەكەی لە پۆستەكەی دووخرایەوە و هەمان ساڵ بووە راوێژكاری راگەیاندنی شازادە توركی فەیسەڵ و چەند ساڵێك لە و كارەیدا بەردەوام بووە. ساڵی 2015 خاشقچی بووە بەڕێوەبەری كەناڵی هەواڵی " ئەلعەرەب" كە بارەگاكەی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بوو و خاوەنەكەشی شازادە وەلید بن تەڵاڵ بوو، بەڵام هەرزوو كەناڵەكە داخرا و هاوكات خاشقچی وەك چاودێرێكی سیاسیی لە زۆربەی كەناڵە عەرەبیی و سعودییەكاندا میوانداری دەكرا. دیسەمبەری 2017 رۆژنامەی " حەیاتی لەندەنی" كە شازادە خالد بن سوڵتان خاوەنی بوو، پەیوەندییەكانی لەگەڵ خاشقچی كۆتایی پێهێنا و قەدەغەخرایە سەر نوسینەكانی بە پاساوی دەستدرێژیكردنە سەر سعودیە. خاشقچی بەوە ناسرابوو كە رەخنەی لە حكومەتی سعودیە دەگرت، بە تیابەتی دوای ئەوەی محەمەد بن سەلمان بووە شازادەی جێنشین و بەڵنێیدا چاكسازی نوێ بكات لە وڵاتدا و دەستیكرد بە هەڵمەتی دەستگیركردن و سەركوتكردن بەوتەی خاشقچی. ونبوونی  رۆژی دووی ئەم مانگە خاشقچی بەمەبەستی مامەڵەی هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە ئازرو سەردانی كونسوڵگەری سعودیەی كرد لە گەڕەكی لیڤانت و لەو كاتەوە چارەنوسی نادیارە. خەدیجە ئازرو لە لێدوانێكیدا بۆ " بی بی سی " رایگەیاندووە لێپرسراوانی كونسوڵگەریی رێگەیان پێنەداوە بچێتە ژوورەوە و پاشان ئاگاداریان كردوەتەوە كە خاشقچی لە كونسوڵگەریی نەماوە.  


( درەو میدیا): بەپێی راگەیەنراوێكی (گۆشەی ئابوری ژوری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان) لە مانگی ئەیلولدا هەرێمی كوردستان ( 12.370.000) بەرمیل نەوتی رەوانەی بەندەری جیهانی كردووە، كە رۆژانە دەكاتە ( 399.032 ) بەرمیل. راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە نرخی بەرمیلێكی نەوت 77 دۆلار بووەو هەرێمی كوردستان بە 8 دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی بۆ یە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 69 دۆلار فرۆشراوە، بەو پێیەش داهاتی مانگی ئەیلولی هەرێمی كوردستان ( 853.530 ) دۆلار بووە. .


( درەو میدیا): لە دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكرگرتوو لە بەلاغێكدا بڕیاریدا"  بە رەتكردنەوەی دەرئەنجامە سەرەتاییە راگەیێنراوەكانی هەڵبژاردن، بەهۆی ئەو هەموو پێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە رووبەرووی پرۆسەكە بووەتەوە" لەبارەی دابەزینی رێژەی دەنگەكانیشیان رایانگەیاندووە: سەركردایەتی یەكگرتوو راشكاوانە داندەنێت بەو پاشەكشە نەخوازراوەدا و ئامادەیە بۆ لە ئەستۆگرتنی هەر بەرپرسیارێتیەك لەو بارەیەوە رووی تێبكات . بەلاغی كۆتایی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو:   بسم الله الرحمن الرحیم  بەلاغی كۆبوونەوەی نائاسایی  ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان  ئەمرۆ شەممە 6/10/2018 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبوونی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی و بەسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەعید عەلی عەبۆ سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد بە مەبەستی تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30/9 دا ئەنجام درا ..  سەرەتا كۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم رێكخستنەكان و ئۆرگانەكانی حیزب و كاندیدە بەرێزەكان و دەنگدەرانی لیستی ( بەرەو ئیصلاح )  كرد و هەوڵ و ماندووبوونەكانیانی بەرزنرخاند. پاشان كۆبوونەوە هەڵوەستەی كرد لەسەر ئەنجامە بەراییە راگەیەنراوەكان و نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرانبەر ئەو پێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە لایەنەكانی دەسەڵات ئەنجامیان داوە و بووەتە هۆی ناشیرنكردنی پرۆسەكە و زیادكردنی رێژەی دەنگی لایەنەكانی دەسەڵات بە شێوەیەكی نایاسایی و دوور لە پێوەرەكانی دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤ .  لەوبارەیەوە كۆبوونەوە بڕیاریدا بە رەتكردنەوەی دەرئەنجامە سەرەتاییە راگەیێنراوەكانی هەڵبژاردنەكە، بەهۆی ئەو هەموو پێشێلكاری و ساختەكاریانەی كە رووبەرووی پرۆسەكە بووەتەوە.  لە تەوەرەیەكی تردا كۆبوونەوە راوەستا لەسەر دابەزینی رێژەی دەنگەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكرا و، لەو بارەیەوە كۆبوونەوە رایگەیاند كە سەركردایەتی یەكگرتوو راشكاوانە داندەنێت بەو پاشەكشە نەخوازراوەدا و ئامادەیە بۆ لە ئەستۆگرتنی هەر بەرپرسیارێتیەك لەو بارەیەوە رووی تێبكات . بۆئەو مەبەستە سەركردایەتی بڕیاریدا هەموو هەوڵەكانی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی دەرهاویشتەكانی ئەم پاشەكشەیە و ئەنجامدانی گۆڕانكاری پێویست لە تێكڕای ئۆرگانە حیزبیەكان و دانانی پلانی پێویست بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆنوێكردنەوە و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە خراپە و گرێدانی كۆبوونەوەی گشتی لە زووترین كاتدا . سەبارەت بە بژاردەكانی بەردەم یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دەرئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنەكان، هەر لە بایكۆتكردنی تێكڕای پرۆسەی سیاسی یان هەر هەڵوێستێكی تر، كۆبوونەوە بڕیاریدا بە ئەنجامدانی ئەو رێكارانەی كە لە پێرەوی ناوخۆی حیزبدا دیاریكراوە و هەرچی زووە بڕیار و هەڵوێستی رۆشن لەو بارەیەوە رابگەیەنێت .  لەكۆتاییدا كۆبوونەوە داوای كرد كە رێكخستنەكان و ئۆرگانەكانی حیزب هەموو پێكەوە بە گوڕ و تینەوە  پێشوازی لە قۆناغی نوێ بكەین و ئەرك و بەرپرسیاریەتیەكان جێبەجێ بكەین و بەشكۆ و هیمەتی بەرزەوە پەیام و ئامانجەكانی یەكگرتوو بە ئەنجام بگەیەنین.  


(درەو میدیا): مەسەلەی رۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە كێشەی ڕای گشتی لە وڵاتانی خۆرئاوا، بە جۆرێك ژمارەیەك لە ڕۆژنامەكان ڕۆشناییان خستوەتە سەر ڕووداوی دیارنەمانی بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر و، داوا لە دەسەڵاتدارانی سعودیە دەكەن چارەنوسی ئاشكرابكەن و ئازادیبگەن، ئەگەر دەستگیریانكردووە. لەلاپەڕەی (ڕا)ی، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست كە جەمال خاشقچی نوسەر و میدیاكاری ئۆپۆزسیۆنی سعودی تیایدا دەنوسێت، تیمی هەواڵنوسانی ڕۆژنامەكە وتارێكیان بەناونیشانی "جەمال خاشقچی لە كوێیە؟" نوسیوە و تیایدا نیگەرانی خۆیان لە چیرۆكی ناڕوونی دیارنەمانی ناوبراو باسكردووە. بەلای ڕۆژنامەكەوە" خاشقچی تەنها نوسەری وتاری (ڕا) نیە، بەڵكو ئەو بەحوكمی كاروانی پیشەیی خاوەنی پەیوەندییەكی نزیكە لەگەڵ خانەوادەی فەرمانڕەوا، زیاتر لە هەر كەسێكی تر دەزانێت چۆن بیردەكەنەوە و كاردەكەن". پێشیوایە" ڕەخنەگرتنی خاشقچی لە محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی توڕەكردووە كە هەڵمەتێكی فراوانی بۆ بێدەنگردنی ئۆپۆزسیۆن دەستداوەتێ‌، لەساتەوەختی "تازەكردنەوەی شانشین"، بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە پیاوانی ئاینی و ڕۆژنامەنوسان و چالاكان لە زیندانەكان توندكراون، هەروەها ئەو ژنانەی زیندانیكردووە كە بەرگری لە مافی ژنان دەكەن لە شۆفێریكردن، كە مافێكە ژنان بەدەستیانهێنا وێڕایی سەپاندنی ئەو سزایانە بەسەر چالاكان لەو بوارەدا". واشنتۆن پۆست نوسینێكی خاشقچی بیرهێناوەتەوە كە لە ئەیلولی ساڵی 2017 نوسیویەتی" ماڵ و خانەوادە و كارەكەم بەجێهێشت، من دەنگم بەرزدەكەمەوە، ئەگەر پێچەوانەی ئەوەبكەم بە خیانەتكردن دادەنرێت لەوانەی لە زیندانەكان توندكراون، ئەتوانم قسەبكەم لەكاتێكدا زۆرێك ناتوانن ئەوەبكەن". لە كۆتایی وتاری ڕۆژنامەكەدا هاتووە"جێنشینی سعودیە مژدەی ئەوەی بەسەرانسەری هەموو ویلایەتە یەكگرتوەكان دا كە تێڕوانینێكی مۆدرێنتری هەیە بۆ كۆمەڵگەی سعودییە، یاسا و مامەڵە ئاینییە كۆنەكان تێكبشكێنێت، بەڕووی بیركردنەوەو وەبەرهێنانی بیانیدا كرانەوەبكات، ئەگەر بەكردار پابەندی ئەو كارە بوایە، پێشوازی لە ڕەخنەی بناتنەر دەكرد لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە نمونەی خاشقچی، هەموو هەوڵێكی دەخستەگەڕ بۆ زامنكردنی وەك كەسێكی ئازاد و بەردەوامبونی لەسەر كارەكەی". چاكسازی سەركوتكار ئەنجومەنی نوسین لە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە سەروتاری ڕۆژنامەكەدا بەناونیشانی"جەمال خاشقچی بدۆزنەوە" پشتیوانی خۆیان بۆ ناوبراو دەربڕیوە، داواشیان لە هەموان كردووە دەنگیان هەڵبڕن" بۆ پشتیوانی لەخاشقچی و هەموو ئەو دەنگانەی ناچاركراون بەبێدەنگی، دەنگتان بەرزبكەنەوە تا هەموان گوێیان لێیبێت، لەنێوان ئەوانەشدا چاكسازی سەركوتكار".  لای خۆیەوە، تۆماس فریدمان ڕۆژنامەنوسی ئەمریكی داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و جارید كۆشنێری زاوای كردووە، داوا لە سعودیە بكەن چارەنوسی خاشقچی ئاشكرابكات. فریدمان لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی" ترەمپ، كۆشنێر، لەڕێی تویتكردنەوە زۆر هەڵوێست دەرنابڕم، بەڵام ئەمجارە باوابێ‌، پێویستە لەسەرەتان داوا لە سعودییەكان بكەن جەمال خاشقچی بدۆزنەوە و ئازادی بكەن، بەبێ‌ ڕەخنەگرێكی بنیاتنەری وەك ئەو، چاكسازییە ئابورییەكانی سعودییە شكستدەهێنێت". فریدمان لە تویتێكی تردا، بۆ  محەمەد بن سەلمانی جێنشینی سعودیە و عادل جوبەیری وەزیری دەرەوە ئەو وڵاتە نوسیوە" پێویستە لەسەرتان جەمال خاشقچی هاوڕێی ونبوم لە كونسوڵیەتی سعودیە لە ئەستنەبوڵ بدۆزنەوەو ئازادی بكەن، ئەگەر رفێندرابێت، كارەسات دەبێت بۆ دیپلۆماسیەتەكەتان".  ڕۆژنامەی (گاردیان)یش، لەسەر وتاری ڕۆژنامەكەدا بەناونیشانی "پێویستە ڕۆژنامەنوسی ونبوی سعودیە بدۆزرێتەوە" پشتیوانی بۆ خاشقچی دەربڕیوە و لەبارەی بن سەلمانەوە ڕایگەیاندووە"حەزی لەو ڕەخنانە نیە كە لە دەرەوە ئاڕاستەی دەكرێت، ئەوەش والێكردوە هێرشبكاتە سەر كەندا كە ڕەخنەی لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ  گرتوە، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی كەسانی تر قسەی خۆیان نەكەن، خاشقچی ڕوبەڕوی ئەم تۆقاندنە بوەتەوە، ئێمەش ڕێز لە ئازایەتی دەگرین و پشتیوانی دەكەین. ڕۆژنامەی (لۆمانیتیە)ی، فەرەنسی، وتارێكی نوسیوە بەناونیشانی "پیاوی ئەمڕۆ..جەمال خاشقچیە" چیرۆكی نامۆی ونبونی لە توركیا گێڕاوەتەوە بۆ ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەكانی سعودیە. هاوكات گۆڤاری "لونوفیل ئوبسرفاتور" وردەكاری پرسی ونبونی ڕۆژنامەنوسە سعودییەكەی بڵاوكردوەتەوەو بەناونیشانی " ناڕوونی بەچواردەوری ونبونی ڕۆژنامەنوسە سعودییە ڕەخنەگرەكە لە محەمەد بن سەلمان لە توركیا" وتارێكی بڵاوكردوەتەوە و تیایدا ئاماژەی بە هەندێك لەو پەڵپانە گرتوە كە ڕوبەڕوی بوەتەوەو ئەو وتارەشی بەنمونە هێناوەتەوە كە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2017دا لە واشنتۆن پۆست بڵاویكردوەتەوە. سەرچاوە: ڕۆژنامە فەرەنسیەكان، ڕۆژنامە بەریتانیەكان، ڕۆژنامە ئەمریكیەكان، ئەلجەزیرە   


 (درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەڕێگەی بەشداریپێكردنیان لە حكومەت لایەنەكان قایل بكات بە ئەنجامی هەڵبژاردن، یەكێتی دەیەوێت پێش راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن پەیكەری حكومەتی داهاتوو یەكلابكرێتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆكی حكومەت دەكات. چەند رۆژێكە لە پشتی پەردەوە دانوستانێكی نهێنی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكردووە. لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن دەیانەوێت لایەنە ناڕازییەكان قایل بكەن بە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەبەرامبەر زیادكردنی كورسییەكانیان و قەرەبوكردنەوەیان بە پۆست لە كابینەی نوێی حكومەتدا. سێ لایەن بەشێوەیەكی سەرەكی ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دەڵێن ساختەكاری بەرفراوان كراوە، ئەو سێ لایەنەش بریتین لە: •    بزوتنەوەی گۆڕان •    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەپاڵ ئەم سێ لایەنەدا، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بەجۆرێك ناڕازییە لە ئەنجامی هەڵبژاردن، یاخود وا نیشان دەدات كە ناڕازییە، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی پارێزگاری لەو كورسییانە بكات كە بەدەستی هێناون. سەرچاوەی ناڕەزایەتی یەكێتی بە پلەی یەكەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە زۆرێك لەو سندوقانەی هەڵبژاردن كە "قردێلەی سور"یان لێدراوە و مەترسی سوتاندنی دەنگەكانیان لەسەرە، دەكەوێتە سنوری دەسەڵاتی یەكێتییەوە. لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان چاوی لەوەیە لەڕێگەی ئەو سكاڵایانەی كە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆماركراوە، هەندێك لە دەنگەكانی بۆ بگەڕێتەوە و لە ئەنجامدا كورسییەك بۆ دوو كورسی بۆ ئەنجامەكانی خۆی زیاد بكات. بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستیكەوتووە، لە راگەیاندنی كۆتایی ئەنجامی هەڵبژارددندا، دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە (164 هەزار) دەنگەوە بۆ (196 هەزار) دەنگ زیاد دەكات، بەڵام ئەم زیادبونە كاریگەری لەسەر زیادبونی ژمارەی كورسییەكانی ئەو بزوتنەوەیە نابێت. ئێران و ئەمریكا چی دەڵێن ؟ (درەو میدیا) زانیویەتی، لە پشتی پەردەوە هەریەكە لە ئێران و ئەمریكا كە پێشتر لەگەڵ ئەوەدا نەبوون هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەیلولدا بەڕێوەبچێت، ئێستا داوا دەكەن ئەنجامی هەڵبژاردن وەكو ئەوەی هەیە تێپەڕێندرێت و كێشە دروست نەكرێت، ئەمەش لەپێناو ئەو سەقامگیرییەی كە ئەوان دەیانەوێت لەم قۆناغەدا لە عێراق بەدی بهێنن. قردێلە سورەكان! كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان رێژەی 85%ی ئەنجامی بەرایی دەنگدانی راگەیاند، ئێستا رێژەی 15%ی دەنگەكان ماوە، كە ئەنجامی نزیكەی (250 هەزار) دەنگە. لەم (250 هەزار) دەنگەی كە هێشتا ئەنجامەكەی رانەگەیەندراوە، (228) سندوقی دەنگدان "قردێلەی سور"یان لێدراوە و گومانی ساختەكارییان لەسەرە، هەر سندوقێك لەم سندوقانە رێژەی (250 بۆ 280) دەنگی تێدایە، بە كۆی گشتی زیاتر لە (65 هەزار) دەنگ گومانی ساختەكارییان لەسەرە، واتە نزیكەی (4) كورسی پەرلەمان گومانی ساختەكارییان لەسەرە. لایەنە سیاسییەكان بە هەمویانەوە نزیكەی (هەزارو 45) سكاڵایان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن تۆماركردووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئێستا سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی ئەو سكاڵایانەیە. یەكێتی داوای كڵێشەی حكومەت دەكات هەرچەندە وا دەردەكەوێت كە لایەنە سیاسییەكان زۆر ناكۆكن لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵام (درەو میدیا) لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە زانیاری دەستكەوتووە، لایەنەكان لە پشتی پەردەوە سەرقاڵی دانوستانن لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بەمدواییە لە بەغدادو لە هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆماردا گورزێكی سیاسی گەورەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەشاند، ئێستا دەیەوێت دۆخەكە لەگەڵ پارتی ئارام بكاتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی‌و یەكێتی لە پشتی پەردەوە دەستیان بە دانوستان كردووە، یەكێتی نایەوێت ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ئاشكرابكرێت تا ئەوكاتەی پەیكەری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پارتیدا یەكلادەكاتەوە. یەكێتی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی (سەرۆكی پەرلەمان)و (جێگری سەرۆكی حكومەت)و (هاوسەنگییە لە پۆستەكانی تردا). بەڵام پارتی نایەوێت بە ئاسانی ئەو گورزە سیاسییەی بەغدادی بەسەردا تێپەڕێت و دەیەوێت بەپێی قەبارەی خۆی لە هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بكات، چەندین بەرپرسی پارتی لە لێدوانەكانیاندا جەختیان لەسەر ئەم هەڵوێستەی پارتی كردوەتەوە. گۆڕان چی دەوێت ؟ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان شۆك بوو، بەتایبەتی كە ئاستی دەنگەكانی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو زیاتر لە (300) هەزار دەنگ كەمیكردو رێژەی كورسییەكانیشی 50% دابەزی. بزوتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی یەكێتی و پارتی لە پشتی پەردەوە سەرقاڵی جموجوڵی سیاسییە بەمەبەستی بەدەستهێنانی چەند كورسییەك لەو رێژە دەنگانەی كە هێشتا یەكلانەكراونەتەوە كە زیاتر لە (250 هەزار) دەنگە. بزوتنەوەی گۆڕان لە پاڵ هەوڵەكانی بۆ زیادكردنی دەنگەكانی یاخود رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، لە دەرگایەكی تریشەوە هەوڵی زامنكردنی پێگەی خۆی دەدات لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا. (درەو میدیا) زانیویەتی، مستەفا سەید قادر یەكێك لە سەكردە دیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەرپرسی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەكەی بوو، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتدا كردووە و نیگەرانی بزوتنەوەكەی پێی راگەیاندووە لەبارەی ئەنجامەكان هەڵبژاردنەوە. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مستەفای سەید قادر و نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆیان لەسەر ئەوە كردووە لە كابینەی نوێی حكومەتدا، جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران زیادبكرێت و بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕان پێگەی لە حكومەتی داهاتوودا هەبێت. یەكگرتوو چۆن رازی دەكرێت ؟ زیانی یەكگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلول لە زیانی بزوتنەوەی گۆڕان كەمتر نییە، ئەم هێزە رێژەی دەنگەكانی لە (186 هەزار) دەنگەوە بۆ (69 هەزار) دەنگ كەمیكرد، واتە (117 هەزار) دەنگ كەمیكرد و ژمارەی كورسییەكان لە (10) كورسییەوە بۆ (5) كورسی دابەزی. ئەمە لەكاتێكدا بوو یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا بە تەنیا نەبوو، لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بە یەك لیست بەشداری كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكردووە بە پەیوەندی لەگەڵ یەكگرتوو بەمەبەستی رازیكردنیان بە پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، ئەمەش لەبەرامبەر پێدانی پۆست و زامنكردنی پێگە بۆ یەكگرتوو لە كابینەی داهاتووی حكومەتدا. كۆمەڵ لە هەموان دڵخۆشترە كۆمەڵی ئیسلامی لەدوای پارتییەوە، سەركەوتوترین لایەنی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئەم هێزە ژمارەی كورسییەكانی لە (6) كورسییەوە بوو بە (7) كورسی. كۆمەڵی ئیسلامی پێناچێت هیچ كێشەیەكی ئەوتۆی هەبێت لەبارەی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاسایی كردووە. نەوەی نوێ لە یەكەم تاقیكردنەوەدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەهۆی ئەوەی تازە دروستبووە، یەكەمجار بوو بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، ژمارەی دەنگەكانی ئەم جوڵانەوەیە لە (152 هەزار) دەنگەوە بۆ (113 هەزار) دەنگ كەمیكرد، واتە نزیكەی (40 هەزار) دەنگ كەمیكرد. سەرباری ئەمە، نەوەی نوێ لە یەكەم تاقیكردنەوەدا توانی (8) كورسی پەرلەمان بباتەوە، ئەم جوڵانەوەیە وەكو یەكەم لایەنی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردن بڕیاریداوە بایكۆتی پەرلەمان بكات‌و نوێنەرە دەرچووەكانی نەنێرێتە پەرلەمانەوە. تائێستا نەوەی نوێ سورە لەسەر بڕیارەكەی بۆ بایكۆتكردنی پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای هەڵبژاردن ئەگەر نوێنەرەكانی نەنێرێتە پەرلەمان، كورسییەكانی دابەشدەكرێت بەسەر لایەنە براوەكانی تردا. پارتی چۆن هەمووان قایل دەكات ؟ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرباری ئەوەی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستان رێژەی دەنگەكانی نزیكەی (150 هەزار) دەنگ كەمیكردووە، بەڵام بەهۆی كەمی ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمجارە و دابەزینی بەهای كورسییەكانی پەرلەمان، ژمارەی كورسییەكانی لە (38) كورسییەوە بۆ (44) كورسی زیادیكردووە و چاوەڕوانی ئەوەش دەكات كورسییەك بۆ دوو كورسی تر زیاد بكات. پارتی ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكات لەڕێگەی پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی و بەشداریپێكردنی لایەنەكانی تر لە كابینەی نوێی حكومەتدا، قایلیان بكات بە رازیبوون بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە.   


( درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ لەلایەن هەندێك لەكوتلە سیاسیە براوەكانەوە دووچاری فشاری توندبۆتەوە، لەپێناو قبوڵكردنی كاندیدەكانیان بۆ وەزارەتەكان كە بڕیارە لەماوەی 25 ڕۆژی داهاتوودا پێشكەشی بكات، هاوپەیمانی (فەتح)یش، ڕەتیدەكاتەوە وەزارەت بدرێت بە كەسانی بێلایەن.  ئەندامێكی هاوپەیمانی سائیرون لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)تەئكیدیكردووە، هاوپەیمانێتیەكەیان پاڵپشتی تەواوی عادل عەبدولمەهدی دەكات لەهەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت، ڕونیشكردۆتەوە، موقتەدا سەدر لەدواین تویتیدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پشتیوانی خۆی بۆ كابینەیەكی حكومی دەربڕیوە كە لەوەزیری بێلایەن پێكبهێنرێت و هیچ وەزیرێكیش بۆ وەزارەتەكان كاندیدناكات.   ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی سائیرون ئاشكرای كردووە، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەلایەن هەندێك لەهێزە سیاسیە براوەكانی هەڵبژاردنەوە ڕوبەڕوی فشار بۆتەوە بۆ قبوڵكردنی كاندیدەكانی بۆ وەزارەتەكان و، هاوپەیمانێتیەكەشی هیواخوازە كە عادل عەبدولمەهدی بتوانێت حكومەتێكی تەكنۆكراتی بێلایەن پێكبهێنێت، دور لەفشارە حزبییەكان و لەو ماوە دەستورییەی بۆی دیاریكراوە.  لەبەرامبەردا، حامید موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، وەزیری بێلایەن شكستدێنێت لەئیدارەدانی وەزارەتەكەی و، هەندێك لەحزبەكان دژایەتیان دەكەن. ڕونیشكردۆتەوە، وەزیرە بێلایەنەكان توانای كاركردنیان نابێت، بەهۆی ئەوەی كوتلەیەكی سیاسیان نیە پشتیوانی و پاڵپشتیان بكات، موسەوی ئاماژەی بەوەشداوە، پیادەكردنی  دیموكراسی لەسەرجەم وڵاتانی جیهان مافی پێكهێنانی حكومە دەدات بەحزبەكان، چونكە وەزارەتەكان شكست دەخۆن ئەگەر كەسانی بێلایەن بیگرنە دەست، ڕاشیگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی مەرجی بەسەر كوتلە سیاسەكاندا سەپاندووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ و، ئەوەش وادەكات ئەنجامی سەركەوتن و شكستی حكومەت لەئەستۆ بگرێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا، میساق ئەلحامدی پەرلەمانتار لەهاوپەیمانی فەتح لەبەیاننامەیەكدا، داوای لەسەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كردووە وەزارەتەكانی نەوت و گواستنەوە بەدوو كەس لەپارێزگای بەسرە بسپێرێت، كە بەمدواییە خۆپیشاندانێكی گەورەی بەخۆوە بینی، بەوپێیەی ئەو پارێزگایە یەكێك لەوناوچانەی عێراق كە زۆرترین بڕی نەوت بەرهەمدەهێنێت و لێوەی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكرێت و بۆری هەناسەی ئابوری عێراقە. حامیدی دەڵێت" داوا لەعەبدولمەهدی دەكەین هەردوو وەزارەتی نەوت وگواستنەوە بسپێرێت بەدوو وەزیر لەبەسرە كە خاوەنی بەندەری دەریایی و تاكە ڕێڕەوی ئاوی عێراقە" تەئكیدی لەپێویستی بونی وەزیر كردووە لەو پارێزگایە، تا هەست بەئازارو نەهامەتیەكانی خەڵكبكات و بەشداری لەچارەسەرەكردنی كێشەكانیدا.  پێشتریش، نەوفەل ئەبو ڕغیف وتەبێژی ڕەوتی حیكمە بونی ناكۆكی سەبارەت بەمیكانیزم و مەرجی كاندیدكردنی بۆ وەزارەتەكان ئاشكراكرد و، ئاماژەی بەوەدا، خواستێك هەیە وەزیرەكان لەدەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بن و ڕاشیگەیاندووە،  ڕەوتەكەی هیچ پێویستیەك نابینێت بۆ دورخستنەوەی ئەندامانی پەرلەمان لەوەرگرتنی وەزارەكان و حزبەكەشی پشتیوانی تەكنۆكراتی سیاسی و تەكنۆكراتی بێلایەن دەكات.


( درەو میدیا): ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ستراتیژێكی نوێی بۆ نەهێشتن و بنەبڕكردنی تیرۆر راگەیاند و بەوتەی جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتەش " گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان" دیاترین هەڕەشەن بۆسەر ئەمریكاو بەرژەوەندییەكانی لە دەرەوە. بۆڵتۆن لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە كاتی راگەیاندنی ستراتیژە نوێكەدا رایگەیاند ئێران سەرچاوەی سەرەكی تیرۆریی نێودەوڵەتییە لە ساڵی 1979ەوە. ئەم ستراتیژە نوێیە دوای ئەو ستراتیژەی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دێت كە ساڵی 2011 رایگەیاند و زیاتر تەركیزی خستبووە سەر رێكخراوی قاعیدە. ستراتیژە نوێیكەی ئەمریكا جەختدەكاتەوە لە بەئامانجگرتنی سەرچاوەكانی تیرۆر و پارەداركردنی و هەروەها بایەخی گرنگی بە ئێران داوە و ئاماژەش بە خواستی واشنتۆن دراوە بۆ لەقاڵبدانی رۆڵی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەرپەرچدانەوەی پرۆگرامە موشەكییەكەی. بۆڵتۆن راشیگەیاند ئەو گروپانەی كە ئێران هاوكارییان دەكات وەك حزبوڵای لوبنان بزوتنەوەی حەماسن بزوتنەوەی جیهادی فەلەستین بەردەوامن لە هەڕەشەكانیان بۆسەر ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی. هەوڵەكانی ئەمریكا و دۆناڵد ترەمپ دژ بەئێران و لێدان لە پێگە و هەژمونی تاران لە ناوچەكەدا ئەومكاتە دەستیانپێكرد كە ترەمپ تاك لایەنە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كشایەوە و سزا ئابورییەكانی بۆسەر ئێران گەڕاندەوە و بڕیاریشە چەند سزایەكی نوێ بۆسەر كەرتی نەوتی ئێران تشرینی داهاتوو بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە. لەو بارەیەوە جۆن بۆڵتۆن رایگەیاند ئیدارەی ئەمریكا هاوردەكارانی نەوتی ئێران ناچاردەكات، بڕی هاوردەكرنی نەوتی ئەو وڵاتە بگەیەننە سفر.


(درەو میدیا): مینگ هۆنگۆی سەرۆكی پۆلیسی تاوانی نێودەوڵەتی " ئینتەرپوڵ" دیارنامێنێت و فەرەنساش بۆ دیاریكردنی چارەنوسی لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە. چەند سەرچاوەیەك لە پۆلیسی فەرەنسا رایانگەیاند مینگ هۆنگۆی هەفتەیەك لەمەوبەر گەشتێكی بۆ چین دەستپێكردووە و لەو كاتەوەی كە بارەگای سەرەكی ئینتەرپوڵی لە شاری لیۆنی فەرەنسا بەجێهێشتووە پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە. سەرچاوەیەكی نزیك لەو لایەنە پەیوەندیدارەی فەرەنسا كە لێكۆڵینەوە دەكات قسەی بۆ ئاژانسی " فرانس پرێس" كردووە و رایگەیاند هۆنگۆی لە فەرەنسا بێسەروشوێن نەبووە. مینگ هۆنگۆی تەمەن 64 ساڵ بەرپرسێكی دیاری حزبی شیوعی چینە و دوو ساڵە بە سەرۆكی ئینتەرپوڵ هەڵبژێدراوە. لێكۆڵینەوە لە دیارنەمانی هۆنگۆی كاتێك دەستیپێكرد كە هاوسەرەكەی پۆلیسی لە دیارنەمانی ئاگاداركردەوە و پۆلیسی ئینتەرپوڵیش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئاگاداری دیارنەمانی هۆنگۆین و جەختیشیكردەوە كە ئەو پرسە پەیوەستەبە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەریەك لە فەرەنسا و چینەوە. مینگ هۆنگۆی وەك سەرۆكی ئینتەرپوڵن سەركردایەتی لیژنەی جێبەجێكردنی دەزگاكە دەكات كە بڕیاری لە سیاسەتی گشتی دەدات و رێنمایی ئاراستەی رێكخراوەكە دەكات. مینگ هۆنگۆی پێش هەڵبژاردنی بە سەرۆكی ئینتەرپوڵ، جێگری وەزیری كاروباری ئاسایشی گشتی بوو لە چین و ساڵی 2016 بە سەرۆكی ئینتەرپوڵ هەڵبژێدرا و ئەو كاتەش چالاكان و رێكخراوەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان دەربڕی و رایانگەیاند ئەو پۆستەی  لە چین هەیبووە هاوكار دەبێت بۆ ڕاوەدوونانی ئەو كەسانەی كە ئۆپۆزسیۆنی چینن و ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە، بەڵام مینگ هۆنگۆی رایگەیاند ئامادەیە هەرچی لە توانایدایە بیكات لە پێناوی پرسی پاراستی سیستم لە جیهاندا. مینگۆ هۆنگۆی سەرۆكی ئینتەرپوڵ، خزمەت و شارەزایی 40 ساڵی بواری دادپەروەریی تاوان و پۆلیسدا لە چین هەیە، بە تایبەتی لە بوارەكانی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان و تیرۆر و چاودێری سنور، ئەوەش بە گوێرەی پۆلیسی نێودەوڵەتی " ئینتەرپوڵ".


( درەو میدیا): لە 2013  پارتی دیموكراتی كوردستان 595592  دەنگی هێناوەو لە 2018 دا  (743984 )دەنگی هێناوە (148,392) كەمیكردووە 2- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 287575 دەنگی بەدەستهێناوەو لە رابردودا 350500 دەنگی هێناوە (62,925) كەمیكردووە 3- بزووتنەوەی گۆڕان 164336 دەنگی بەدەستهێناوە لە رابردوو 476736 دەنگی هێناوە (312,400) كەمیكردووە 4- كۆمەڵی ئیسلامی  94992 دەنگی بەدەستهێناوەو 118574 دەنگی هێناوە (23,582) كەمیكردووە 5- بەرەو ئیسڵاح 69477 دەنگ 186741 دەنگی هێناوە (117,264) كەمیكردووە  


(درەو میدیا): رامۆن بلیكوا، باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند لە بەسرە دووچاری حاڵەتی ژەهراویبوون بووە، و ئەو ئازارە زۆرەی كە بەهۆیەوە چەشتوێتی وایلێكردووە هەست بە نەهامەتی دانیشتوانی بەسرە بكات. بلیكوا لە لێدوانێكیدا بۆ پەیامنێری كەناڵی " ئەلحوڕە" ئاشكراشیكرد بەهۆی ژەهراویبوونەوە نەیتوانیوە لە چەند چالاكییەكی بڕیارلێدراو لە بەسرە ئامادەبێت. هەروەها ئاماژەیبەوەشدا پزیشكی چارەسەركردنی پێی راگەیاندووە كە خواردنی خۆراكێك لە قاپێكدا كە ئەو ئاوە شۆرابێت بەسە بۆئەوەی تووشی  ژەهراویبوون ببیت و جەختیشیكردەوە دوای وەرگرتنی چارەسەر ئێستا باری تەندروستی باش بوووە.


( درەو میدیا) : ئومێد جاف كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامی 85%ـی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند كە 1355760 دەنگدەر بەشداربووە، بەركەوتەی هەڵبژاردن بۆ كورسیەک 13557.6 بەم شێوەیە: 1- پارتی دیموكراتی كوردستان 595592  دەنگ واتە 43 كورسی و 9304 ماوەی هەیە.  2- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 287575 دەنگ واتە 21 كورسی و 2113 ماوەی هەیە.  3- بزووتنەوەی گۆڕان 164336 دەنگ واتە 12 كورسی و 1213 ماوەی هەیە.  5- جووڵانەوەی نەوەی نوێ 113297 دەنگ واتە 8 كورسی و 3567 ماوەی هەیە.  4- كۆمەڵی ئیسلامی  94992 دەنگ واتە 7 و 65 ماوەی هەیە.  5- بەرەو ئیسڵاح 69477 دەنگ واتە 5 كورسی و 1245 ماوەی هەیە.  6- لیستی سەردەم 13708 دەنگ واتە 1 كورسی و 110 ماوەی هەیە.  7- لیستی ئازادی 7069 دەنگ  8-هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری 6886 دەنگ 9- پارتی پارێزگارانی كوردستان 3028 دەنگ بەگشتی 97 كورسی هاتووە و 3 كورسی بە ماوەی زۆرینە دەڕوات بەم شێوەیە: - پارتی دیموكرات 1 كورسی كۆی كورسیەكانی دەبێت بە 44 كورسی - ئازادی 1 كورسی  - هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری 1 كورسی    


( درەو میدیا)  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژژاردن و راپرسی هەرێم ئەنجامی 85%ی دەنگدانی هەڵبژاردنی گشتی و تایبەتی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند بەم شێوەیە: پارتی دیموكراتی كوردستان: 595592 دەنگ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان: 287585 دەنگ بزوتنەوەی گۆڕان: 164336 دەنگ نەوەی نوێ : 113297 دەنگ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 94992 دەنگ بەرەو ئیسڵاح : 69477 دەنگ لیستی سەردەم: 13708 دەنگ لیستی ئازادی: 7069 دەنگ هاوپەیمانی: 6886 دەنگ پارێزگاران: 3028 دەنگ


(درەو میدیا): پارتی بریندارە، بەڵام هێشتا خاوەن قسەی یەكلاكەرەوەیە لە هەرێمی كوردستان، ئەنجامەكانی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بۆ چوار ساڵی داهاتووش ئەو بڕیاردەدات كام یاریزانە تاكۆتایی یارییەكە لە گۆڕەپانەكەدا دەبێ‌ و لەكوێدا یاریدەكات، كام هێزەش لەسەر كورسی یەدەگ دادەنیشێت، یان ڕۆڵێكی پەراوێزی پێدەدرێت.  لە دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی خواستی پارتی، لەبری یەكلاكردنەوەی بەدەنگی فراكسیۆنە كوردستانیەكان وەك ئەو دوایدەكرد، یەكلاكردنەوەی لەناو پەرلەمانی عێراق كە خواستی یەكێتی بوو و هەرواش تێپەڕی، پارتی پێیوایە یەكێتی تەوافوق و یەكڕیزی كوردی تێكداوە، لەكاردانەوەی ئەمەشدا زمانی سیاسی گۆڕیوە و  ئیتر كار بەو بنەمایە ناكات كە پێشتر كاری پێكردووە لەگەڵ یەكێتی، كە مەبەست لە دابەشكردنی پۆستەكانە لە حكومەتی داهاتوی هەرێمی كوردستان. پەنجا بەپەنجا بەسەرچوو ئەمڕۆ زیاد لەبەرپرسێكی پارتی لەسەر ئەو پرسە قسەیكردوە و لێدوانی ڕۆژنامەوانی داوە، كە دیارترینیان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیە و، ڕەنگە لە زۆرینەی بەرپرسانی پارتی نەرمتر دوابێت، بەڵام بەهەمان مانا و ناوەڕۆك. ئەكرێت ئەمە بەناونیشانی دیارترین پێشهاتە سیاسییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و، كاردانەوەی  یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دابنرێت لەنێوان یەكێتی پارتیدا كە ڕەنگە سەرەتای ململانێكی نوێ بێت.    ئومێد خۆشناو سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت"زەمەنی پەنجا بەپەنجا بەسەرچوو"، عەلی تەتەر ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە ڕاشكاوانەتر ڕوودەكاتە یەكێتی و دەڵێت"دەركەوت قەبارەی یەكێتی لەنیوەی پارتی كەمترە، لەمەودوا بەقەد قەبارەی خۆیان مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكەین". نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكێتی: وەك خۆتان مامەڵەتان دەكەین نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە تایبەت بەو پرسە ڕێكخستبوو، پەیامێكی ڕەسمی پارتی دا بەگوێی (یەكێتی)دا، كە ناوەرۆكەكەی ئەوەیە،" ئیتر لەمەودوا وەك خۆتان مامەڵەتان لەگەڵ دەكەین". نێچیرڤان بارزانی وتی:" ئەو هەنگاوە تاكلایەنەی یەكێتی زۆر جێگەی نیگەرانیە و دەستپێكێكی مەترسیدارە" كە مەبەستی شێوازی  هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، ڕاشیگەیاند: لەمەودوا پارتی لەسەر بنەڕەتێكی نوێ‌ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات، وتیشی:" لە هەموو ئەو قۆناغانەی دەبوو پارتی بڕیاربدات بەهاوبەشی لەگەڵ یەكێتی بڕیاریداوە، لە كاتێكدا كورسییەكانی یەكێتی كەمتربووە، بەڵام ئێستا ئەوان بەرەو زۆرینە و كەمینە دەچن، بۆیە بەدڵنیایی پارتیش لەسەر بنەڕەتێكی نوێ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات". پارتی بێبەرامبەر موراعاتی یەكێتی نەكردووە بەڕای زۆرێك ئەو قسانەی پارتی لەبارەی موراعاتكردنی یەكێتی دەیكات ڕاستی زۆری تیادایە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی خاوەنی تەنها 18كورسی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا جێگری سەرۆكی حكومەت و پێنج وەزیر و چەندین پۆستی گرنگ و هەستیاری لە حكومەت وەرگرت، بەڵام وەك دەوترێت ئەم سەخاوات و سنگفراوانییەی پارتی لە بڕوابونی بە بەشداری تەواوی لایەنەكان وەك شەریك لە ناوەندی بڕیاری سیاسی سەرچاوەی نەگرتوە، بەڵكو ڕاستیەكەی ئەوەیە پارتی دەزانێت كە یەكێتی وەك هێزێكی خاوەن چەك و ئابوری كە كۆنترۆڵی نزیكەی نیوەی هەرێمی كوردستانی لەدەستدایە، پەراوێزخستنی هەروا ئاسان نیە و لە باشترین حاڵەتدا هەر حكومەتێك لە دەرەوەی ڕەزامەندی ئەو پێكبهێنرێت لە هەولێرەوە، دەسەڵاتی لە سنوری ئەو دیوی دێگەڵە زیاتر بڕناكات،  جگە لەوەش ڕاستییەكی تر هەیە كە پێویست بە بەڵگە هێناوە ناكات، ئەویش ئەوەیە، ئەوەی یەكێتی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ پارتی كردووە هیچ هێزێك نە ئامادەبووە و نەتوانیویەتی بیكات، یەكێتی هەمیشە پایەكی تەواوكردنی ئەو كارانەبووە كە پارتی دەستیپێكردووە یان پێكەوە لەزۆر پرسدا یەكتریان تەواوكردووە، بۆیە وەك دەوترێت سنگفراوانییەكەی پارتی بۆ یەكێتی بێبەرامبەر نەبووە.  خۆیان لە كورسی پەرلەمان گەورەتر دەبینن دیوێكی تری ئەم مەسەلە هەستیارەی  پارتی وروژاندویەتی، وەلاخستنی پرسی تەوافوق و كاركردن بەسیستمی زۆرینە و كەمینەی پەرلەمانیی ڕەنگە  هەروا بەئاسانی بەشەریكە دێرینەكەی هەزم نەكرێت و كاردانەوەی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونكە چی پارتی و چی یەكێتیش وەك دوو هێزی چەكداری خاوەن شەرعیەتی شاخ، خۆیان لەژمارەی كورسی و دەنگی خەڵك گەورەتر و بەرزتر دەبین، بۆیە هەرگیز قەبارەی خۆیان بەكورسی و ڕێژەی دەنگی خەڵك ناپێون، هەرچەندە ئامادەشن هەموو چوارساڵ جارێك خۆیان تاقیبكەنەوە.  


(درەو میدیا): (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە، ناوی ژمارەیەك لەو كاندیدانەی یەكێتی نیشتمانی دەستكەوتووە كە بەهۆی زۆری دەنگەكانیان سەركەوتنیان بۆ پەرلەمانی كوردستان مسۆگەر كردووە: ناوی كاندیدە پیاوەكان كە سەركەوتوون: 1-    قوباد تاڵەبانی- رێژەی 60%ی دەنگەكانی یەكێتی بەدەستهێناوە 2-    زیاد شەهید جەبار/ سلێمانی 3-    فەیسەڵ عەباس/ هەولێر 4-    شەمۆڵ ئاشتی سابیر/ كۆیە 5-    عەباس فەتاح/ كۆیە  6-    سامان تاهیر قادر/ كەلار 7-    شادمان مەلا حەسەن/ هەولێر 8- عوسمان سێدەری / شارباژێڕ 9-    سەركۆ ئازاد گەلاڵی/ شارەزوور 10-    هیوا عەلی سدیق/ سلێمانی 11-    لوقمان حەمەد حاجی مستەفا (لوقمان وەردی)/ باڵەكایەتی   ناوی ژنە كاندیدە دەرچووەكانی یەكێتی: 1-    بێگەرد دڵشاد شوكروڵا (بێگەرد تاڵەبانی)/ سلێمانی  2-    رێواز فایەق/ هەولێر 3-    رۆژان حەمەڕەش/ سلێمانی 4-    شنۆ ئەشقی سورچی/ ئاكرێ 5- سەلمە فاتیح/ سلێمانی  6-    تەلار لەتیف/ سلێمانی 7-    هەژان حەسەن كوێستانی/ سلێمانی



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand