Draw Media

( درەو میدیا):  لە وەڵامی پرسیاری سێیەمی دامەزراوەی "درەومیدیا" و لە زنجیرە چاوپێكەوتنەكەی كە لەگەڵ  نوسەر و ڕوناكبیری  كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە ، ئاماژە بەوە دەكات" دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت"  مەریوان وریا قانع لەبارەی ئەم فۆرمە حزبایەتیەی كوردستان پێی وایە" ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت" پرسیاری سێیەم:  درەو میدیا: دوای ئەو هەموو شكستە یەك لەدوای یەكانەی حزبی كوردی بەسەر كۆمەڵگای كوردی ھێناوة، هەر لە نەزانیی ئیدارەدانەوە تا دەگاتە مامەڵەنەكردنی ئینسانی كورد وەك تاکێکی خاوەن ماف و خاوەن كەرامەت، بە ڕای ئێوە حزبایەتی لەم فۆرمەی ئێستادا لە كوردستان كۆتایهاتوە؟ یان ئەوە سیاسییەكانی كوردن، پێویستە ڕەوانەی مۆزەخانەی شكست بکرێن؟    مەریوان وریا قانع: بە بۆچوونی من مەسەلەکان پەیوەندیان بە زانین و نەزانینەوە نییە، ئیدارەکەیان کە فاشیلن لەبەرئەوە نییە ئەوان لە ئیدارە نازانن، یان مامەڵەکردنیان بۆ مرۆڤی ئێمە وەک کەسێک کە ھیچ مافێکی نییە پەیوەندیی بەوەوە ھەبێت کە نەزانن ماف چییە و مامەڵەکردنی دروستی مرۆڤ کامەیە. مەسەلەکە نەزانین و نووقسانیی لە زانیاریدا نییە، چونکە  ئەگەر وابووایە ئەبوایە دوای وەرگرتنی یەک دوو کۆرس لەسەر ئیدارەدان و دوای خوێندنەوەی یەک دوو کتێبێک لەسەر ماف و چۆنیەتی مامەڵەکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف، کۆتاییی بە کێشەکان بھاتایە. نەزانین مەسەلەیەکە دەکرێت بە ئاسانی لەڕێگای فرێبوونەوە چارەسەربکرێت، ھەندێک شارەزا دەھێنن و دەتوانن ئەو زانینانەیان فێربکەن. مەسەلەکە پەیوەندیی بەو مۆدێلە لە دەسەڵاتەوە ھەیە کە ئەوان دەیانەوێت سەروەریبکەن. مۆدێلی دەسەڵاتێکی سوڵتانیی کە تیایدا دەسەڵات وەک موڵکی شەخسیی خێزان و بنەماڵەیەک ئامادەبێت و ھیچ ڕێگا و میکانیزمێک لە ئارادا نەبێت بۆ لێپرسینەوە و چاودێریکردنی ئەو دەسەڵاتە. دەسەڵاتێکی ئەتۆکراتیی و ستەمگەر بتوانن لەڕێگایەوە ئەوەی دەیانەوێت بیکەن و چۆنیشیان بوێت بەوجۆرە بەکاریبھێنن. نەک ھەر دەزگاکانی دەوڵەت و سەرچاوەکانی داھات و فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات بە موڵکی شەخسیی خۆیان بزانن، بەڵکو تەنانەت خودی وڵاتەکەش و تەواوی دانیشتوانەکەشی بە موڵکی شەخسی خۆیان بزانن. بەم مانایە کێشەکە کێشەی نەزانین و کەمی مەعریفە و ناشارەزایی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژیەتی دروستکردنی دەسەڵاتێکی سوڵتانی بەو مانایەی باسمکرد. لەمەشدا حیزب یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی پیادەکردنی ئەم ستراتیژە. بەڵام حیزب یەکەیەکی سیاسیی نەگۆڕ نییە. بە بۆچوونی من حیزبی کوردیی لەمڕۆدا بڕێکی زۆر لە ئاکارەکانی گۆڕانی سەرەکیان بەسەرداھاتووە و ئەرکی تازەیان وەرگرتوە. جاران حیزب جەنگاوەر و کادری سیاسیی پەروەردە ئەکرد، یەکێکی پەروەردە ئەکرد بتوانێت شەڕبکات و یەکێکیش بتوانێت قسەبکات. بەتایبەتی جەنگاوەرێکی دەویست ئامادەگیی ئەوەی تێدابێت لە پێناوی ئەوەی ناوی ”مەسەلەی کورد“ە گیانفیدایی بکات. ئەم ستراتیژە وەک پارادایمێکی سیاسیی لەناو دونیای ئێمەدا ئامادەبوو، لە ڕاستیشدا تەنھا پارادیمێکی سیاسیی نەبوو بەڵکو پارادایمێکی ڕۆشنبیریی و ئەخلاقیش بوو لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا کاریدەکرد. جاران حیزب شتێک لە ئایدیۆلۆژیای ھەبوو، کۆمەڵێک پرنسیپی سیاسیی ھەڵگرتبوو، یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و ئۆرگانێکی تازەی ناو مێژووی ئێمەبوو. ئەوە ڕاست نییە پێمانوابێت حیزب وەک خێڵ کاریکردوە، یان شێوازی کارکردنەکەی شێوازێکی خێڵەکییانەبووە. لەناو حیزبدا ئەندامی چەندەھا خێڵ و ناوچە و پێگەی کۆمەڵایەتیی جیاواز ئامادەبوون و ئەوەشی بەیەکەوە گرێیداون پەیوەندیی خوێن و خزمایەتی نەبووە، بەڵکو کۆبوونەوەبووە لە دەوری چەند پرنسیپێکی سیاسیی. ئەوانەشی دەچوونە ناو حیزبە شوناسێکی تازەیان وەرگرتووە کە شوناسی خێڵەکەیان یان ناوچەکەیان نەبووە، بەڵکو ھەندێکانی لە ئایدیۆلۆژیایەکەوە و ھەندێکیان لە جەنگاوەربوونەوە و ھەندێکیان لە ئینتیما بۆ یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نوێوە وەریانگرتوە. ئینکارکردنی ئەم شتە سادانە بازدانە بەسەر سەرەتایترین پێدراوەکانی سۆسیۆلۆژیی سیاسیدا و چۆنیەتی کارکردنی ئۆرگان و ئایدیلۆژیا و خەونە سیاسییەکان و نوخبە تازە و تەقلدییەکان لەناو واقیعێکی کۆمەڵایەتی کۆنکرێتیدا.  لەناو پارتە سیاسییەکانیشدا، پارتیشی لێدەرچێت ئەوانیتریان موڵکی شەخسیی ھیچ خێزانێک نەبوون. لەمانەش گرنگتر حیزب جاران یاریکەرێکی ئابوریی نەبوو، خاوەنی نەوت و کۆمپانیا و سەفەقاتی ئابوریی زەبەلاح نەبوو. ڕۆڵی سەرمایەدار و خاوەنکارێکی گەورەی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا نەدەبینیی، موچەخۆر و خانەنشین و بندیوار و لەشکرێک فەرمانبەری نەبوو. ھاوکات حیزب خۆی و کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناوی، خاوەنی میدیای زەبەلاح و تەلەفیزیۆنی ساتالایت و لەشکرێک نووسەر و ڕۆژنامەوان نەبوون کە بە پارە کار بۆ حیزب بکەن.   مەریوان وریا قانع: ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت. لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا ئەو مۆدێلە حیزبایەتییەی باسمکرد کۆتاییپێدێت و شوێنی خۆی چۆڵدەکات بۆ فۆرمێکی تر لە حیزبایەتی کە تیایدا حیزب وەک سەرمایەدارێکی گەورە و خاوەن ئابورییەکی زەبەلاح دەردەکەوێت. حیزب وەک دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا، وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی دەردەکەوێت، کە ھەم خودی دەوڵەت و ھەم کۆمەڵگا دەخوات و کۆنترۆڵدەکات. حیزب وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی دروستدەبێت کە ھەموو ئاکارە سەرەکییەکانی دەوڵەتی تێدایە، بەڵام دەوڵەتێکی دەسەڵاتگەر و خێزانیی کە توانای قبووڵکردنی کۆمەڵگا و توانای قبوڵکردنی جیاوازەکانی ناو خۆشی نییە. لە پرۆسەیەکی کەموێنەی گەندەڵکاریشەوە دەئاڵێت کە سەرجەمی سیستمی بەھا کۆمەڵایەتییەکان ھەڵدەوەشێنێتەوە و دۆخێک دروستدەکات تیایدا مرۆڤ ئامادەبێت لەپێناوی پارە و سەرمایەدا ھەموو ناشیرنیەکانی دونیا قبووڵبکات. دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت.  مەریوان وریا قانع: دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت ئەم فۆرمە تازەیە لە حیزب لە بەشێکی زۆری ناوچەکەشدا دروستبووە، کە تەواو جیاوازە لەو حیزبانەی لە سەردەمی کۆلۆنیالیزم و لە قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزمیشدا، تا کۆتایی ساڵانی ھەفتا، بوونیان ھەبوو. حیزب وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی سەرەتا لەناو حیزبە عەلمانییەکانی وەک بەعس و ئیتیحادی ئیشتراکی میسریی و ئەوانیتردا دروستدەبێت، بەبێ ئەوەی حیزبەکان لەسەرەتادا موڵکی خێزان یان بنەماڵەیەکی سیاسیی بن، دواتریش مۆدێلە دینییەکەیان لەگەڵ حیزبوڵای لوبنانیی و ھێزە ئیسلامییە ئیخوانییەکاندا لەدایکدەبێت. تەنھا لە کۆتایی ھەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا ئەم حیزبانە ئەو ئاکارە خێزانییە وەردەگرن کە ئەمڕۆ چەندان حیزب ھەیانە.   مەریوان وریا قانع: حیزب جاران یاریکەرێکی ئابوریی نەبوو، خاوەنی نەوت و کۆمپانیا و سەفەقاتی ئابوریی زەبەلاح نەبوو بە کورتییەکەی حیزب و حیزبایەتیی کۆتاییان پێنەھاتوە و کۆتاییشیان پێنایەت، بەڵام فۆرم و ئەرک و کاراکتەرەکانیان گۆڕاون و لە ئێستاشدا فۆرمی کۆمەڵێک کۆمپانیان وەرگرتوە لەناو دونیا و ئابوریی و ئەخلاقیاتێکی نیولیبرالدا. واتە بوونەتە موڵکی شەخسیی و تایبەتیی کۆمەڵێک خێزان و نوخبەی دەسەڵاتدار و بوونەتە یەکەیەک بۆ کەڵەکردنی دەسەڵات لە ھەموو فۆرمەکانیدا: لە دەسەڵاتی ئابورییەوە بۆ دەسەڵاتی ڕەمزیی. بەبۆچوونی من ئەوەی دەشێت چاوەڕوانیبکەین کۆتاییھاتنی حیزب و ژیانی حیزبایەتی نییە، ئەم ئەزموونە لە ھیچ شوێنێکی دونیادا بوونی نییە، ئەوەی دەبێت چاوەڕونیبین و کاری بۆبکەین بەگژاچوونەوەی ئەم مۆدێلەیە لە حیزبایەتیی و ڕێگرتنە لە پرۆسەی خەسخەسەکردنی. ڕزگارکردنی حیزبە لەوەی کە بکەرێکی ئابوریی گەورەبێت و وەک سەرمایەدارێک لەناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا ئامادەبێت. ھاوکات ڕێگرتن لەوەیش کە حیزب ببێت بە ھەژدیھەیەکی گەورە و سەرجەمی بەش و ئۆرگانە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای مەدەنی قووتبدات، یان خاوەنی ئیمپراتۆریەتێکی ئیعلامی بێت و ئەو وێنانە بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت کە دەیەوێت. ئەو شکستانەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا باسیدەکەن خەتای حیزب نییە وەک دەزگا و ئۆرگانێکی سیاسیی مۆدێرن کە فۆرمێک لە شوناس دروستدەکات گەورەتر لە شوناسی خێڵ و شوناسە ناوچەییە بچووکەکان، بەڵکو خەتای ئەو بکەرانەیە کە دەستە بەسەر ئەو ئۆرگانەدا دەگرن و خەتای ئەو ستراتیژانەیە کە دەسەپێندرێن. ئەو مۆدێلی حیزبە جەماوەرییانەی لە قۆناغی شۆڕش و خەباتی چاکداریدا پێویستبوون، لە دوای ئەو خەباتەوە پێویستیی مێژووییان نامێنێت. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە حیزب لەم قۆناغەدا بگۆڕێت بۆ سەرمایەدارێکی زەبەلاح. ئەوەی پێویستە فۆرمێکە لە حیزبایەتی کە دەشێت بە "حیزبی ھەڵبژاردن“ ناویببەین، حیزبێک کە کۆمەڵێک کادری کەمی ھەبێت و لەباتی دروستکردنی ئەندام و ئۆرگانی سەرەتانیی زۆر و گەورە، خەریکی دروستکردنی ھەوادار و دەنگدەر بێت. حیزبی بچووک کە نەتوانێت بازاڕ و دەزگاکان و کۆمەڵگای مەدەنی کۆنترۆڵ و قۆرخبکات. بەبۆچونی من ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت.   


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژ 30ی ئەم مانگە لایە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچنەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریكردن، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان. چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بوبێت یان نادروست. دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە: یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی باوردۆخی دارایی دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان چوارەم: ریفراندۆم پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر لەپاڵ ئەم روداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت، هەڵبەت ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان. لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات  و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە.  یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی نشتیمانی كوردستان 1/6/1976 دامەزراوە، سكرتێرەكەی (جەلال تاڵەبانی) بووە لەكاتی دامەزاندنییەوە تا كۆچی دوایی لە 3/10/2017، واتا تاڵەبانی بۆ ماوەی (41) ساڵ سەرۆكایەتی ئەم حزبەی كردووە. لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە تائێستا یەكێتی نەیتوانیوە سكرتێرێكی نوێ هەڵبژێرێت.  یەكێتی لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە رۆژی 21/9/2013 بەڕێوەچوو، لە كۆی (111) كورسی، (18) كورسی پەرلەمانی بردەوە و (350 هەزارو 500) دەنگی بەدەستهێنا. خاڵی لاوازەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن: •    هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو شكست و قەیرانانە بووە، كە لە چوار ساڵی رابردوودا لە هەرێم رویانداوە، یەكێتی سەرباری ئەوەی هەندێكجار رەخنەی لە ئەدای حكومەت هەبووە، بەڵام لە حكومەت نەكشایەوە، لەكاتێكدا ئەگەر كۆتایی بە شەراكەتەكەی لەگەڵ پارتی بهێنایە، حكومەت هەڵدەوەشایەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرا. •    ناكۆكی ناوخۆی یەكێتی و دابەشبوونی بەسەر بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاوازدا. •    لەدوای مەرگی جەلال تاڵەبانییەوە، یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حیزبێكی بنەماڵەیی موحافیزكار و فۆرمی حیزبی پارتی هەنگاوی ناوە، بەتایبەت لە ئیدارەدان لەقەڵەمڕەوی حیزبەكەیدا. •    ناڕۆشتنی سیاسەت و بڕیاری یەكێتی لە زۆربەی رووداوەكانی چوار ساڵی رابردوو وایكردووە یەكێتی زیاتر وەكو شوێنكەوتەی سیاسەتەكانی پارتی دەربكەوێت، ئەمەش رەنگە هۆكارەكەی جیاوازی بەرژەوەندی سیاسی ئاڕاستە جیاوازەكانی یەكێتی بێت. •    تێوەگلانی بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی لە بازرگانی نەوت و دۆسیەكانی گەندەڵی.  •    كاڵبونەوەی تێڕوانینی یەكێتی بۆ ئازادییە گشتییەكان و رودانی چەندین حاڵەتی گرتن و پێشێلكاری دژی ئازادییە گشتییەكان بەتایبەتی كاری رۆژنامەوانی و گرتنی خۆپیشاندەران. •    پەراوێزخستنی دەڤەری سەوز لەڕووی خزمەتگوزارییە گشتییەكانەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، ئەمە پشكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی  دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی كە جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانی ئەم ناوچەیەی لەدەستدایە.  •    روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان، پارتی توانی تەوزیفی شكستی ریفراندۆم بكات بۆ دەستەواژەی "خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر"، لەحاڵێكدا هۆكاری راستەقینەی "16ی ئۆكتۆبەر" ریفراندۆم بوو كە پارتی سەركردایەتی دەكرد. •    نەبوونی سەنتەری بڕیاردان لە ناو یەكێتیدا، بڕیاری ناو یەكێتی دابەشبووە بەسەر باڵ و كوتلە جیاوازەكاندا، ئەمەش زیانی گەورەی لە وێنەی یەكێتی داوە لەلای دەنگدەران. خاڵە بەهێزەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن:  •    هێشتا هێزی دەسەڵاتدارە لە سنوری زۆنی سەوز، ئەمە دەكرێت كاریگەری گەورە لەسەر دەنگدەران دابنێت. •    بەهێزی سەرچاوەی دارایی یەكێتی بە بەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێ نفوزی خۆی. •    سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی، هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و پەیكەری رێكخستنی خۆیەتی. •    ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیەو لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكرێت.  •    تۆمەتباركردنی بە هاككردنی ئامێرەكانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، ئەمە كاریگەری خراپی لەسەر وێنەی یەكێتی لای دەنگدەران بەشێوەیەكی گشتی دروستكرد. •    گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، گوڕێكی بەهێز دەبێت بۆ دەنگدەرانی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولدا.  


 (درەو میدیا): پەرلەمانی عێراق دەستەی سەرۆكایەتی نوێی هەڵبژارد، بەڵام هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە كاندیدە دەرچووەكان سوێندی دەستوریان نەخواردووە و نەبوونەتە پەرلەمانتار، هەندێك لەوانە لە حكومەت و دامەزراوەكاندا پۆستیان هەیە و نایانەوێت بە سوێندخواردن پۆستەكەیان لەدەستبچێت و هەندێك كاندیدیش وەك كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر هۆكاری سیاسی سوێندیان نەخواردووە و تائێستا بە رەسمی نەبوونەتە پەرلەمانتار. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار تائێستا ئەم كاندیدە دەرچووانە سوێندی دەستوریان نەخواردووە: 1    ئەیاد عەلاوی – جێگری سەرۆك كۆمار 2     نوری كامل مالیكی – جێگری سەرۆك كۆمار 3    حەیدەر عەبادی – سەرۆك وەزیران 4    جاسم موحان عەبد ئال خەمات 5    جەبار لعێبی – وەزیری نەوت 6    راكان سەعید عەلی – پارێزگاری كەركوك 7    تەها هاتف مەحی محەمەد 8    زافر نازم سەلمان عانی 9    عەبدولحسێن عەبدولرەزا بافر عەبتان – وەزیری وەرزش و لاوان 10    عەتوان سەید حەسەن سامر 11    كازم فنجان حسێن – وەزیری گواستنەوە 12    فەلاح حەسەن زێدان – وەزیری كشتوكاڵ 13    فالح عەبدولحەسەن سوكەر سوڵتان 14    قاسم محەمەد جەلال حسێن 15    قاسم محەمەد عەبد حەمادی 16    محەمەد شیاع سودانی – وەزیری كار 17    یوسف محەمەد سادق- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان 18    غالب محەمەد عەلی  19    بەهار مەحمود 20    كاوە محەمەد مەولود 21    هۆشیار عەبدوڵا 22    مەحمود عەبدولڕەزا تەڵاڵ  


 (درەو میدیا): ئەبولفەزل بێگی جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەو چەكدارانەی كە بەیانی ئەمڕۆ هێرشیانكردەسەر نمایشێكی سەربازی سوپا لە ئەهواز، لە هەرێمی كوردستانەوە هاتوون. لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (سپۆتنیك)ی روسی، ئەو پەرلەمانتارەی ئێران وتی:" بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەبەردەستی ئێمەدایە، ئەو چەكدارانە لەلایەن سعودیە و دەزگای مۆسادی ئیسرائیلەوە پشتیوانی كراون". وەكو ئاماژەیەكیش بۆ هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستان ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستان، پەرلەمانتارەكەی ئێران دەڵێ" چەكدارەكان لەناو ئەو گروپانەوە هاتوون كە بەمدواییە ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان هێرشی كردەسەریان". بەیانی ئەمڕۆ (4) چەكدار هێرشیانكردەسەر نمایشێكی سەربازی سوپای پاسداران لە شاری ئەهواز، بەهۆیەوە نزیكەی (30) كەس كوژران و دەیان كەسی تر برینداربوون، بەرەی بەرەنگاری عەرەبەكانی ئەهوازیش بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتەئەستۆ.  


(درەو میدیا): مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڕەشەی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەكات ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار بە پارتی نەدرێت. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی، دوێنێ مەسعود بارزانی نامەیەكی ئاڕاستەی ژمارەیەك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی یەكێتی نشتیمانی و لایەنە شیعە و سوننەكانی عێراق كردووە لەبارەی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە. لە نامەكەدا بارزانی هەڕەشەی كشانەوەی پارتی دەكات لە پرۆسەی سیاسی عێراق، ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەدرێت بە كەسێك لە حزبەكەی. بارزانی لە نامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستیحقاقی پارتییە و دەبێت كەسێكی پارتی ئەو پۆستە وەرگرێت.  


( درەو میدیا): سەركردایەتی و ئەنجومەنی شورای حزبی دەعوەی ئیسلامیی بە ئامادەبوونی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر بە ئامانجی یەكخستنەوەی هەردوو باڵی حزبەكە كۆبووەوە. حزبی دەعوە لە بەیاننامەیەكدا كە دوای كۆبوونەوەكە بڵاویكردەوە دەڵێت:" سەركردایەتی و ئەنجومەنی شورای حزبی دەعوەی ئیسلامیی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی بەیانی شەممە 22ی نۆ كرد تێیدا دۆخ و پێشهاتەكانی عێراق و پرۆسەی سیاسی و رۆڵی حزب لە پەرەسەندنەكاندا گفتوگۆی لەسەركرا". راشیگەیاندووە لە سۆنگەی بایەخی دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و پێویستی پاراستنی دەستكەوتە دەستورییەكان لەوانەش راسپاردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بە گوێرەی دەستور و بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە داواكاری هاوڵاتیان لە بواری خزمەتگوزارییەكان و ئاسایشدا وەڵامبداتەوە و دژ بە گەندەڵیش بجەنگێت و ئابوری عێراق پەرەپێبدات، جگە لە پاراستنی یەكێتی و سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری عێراق و دوور لە هەموو ئاڵۆزییەكی ئەمنیی و سیاسیی كە ناوچەكە رووبەڕی بوەتەوە". بە گوێرەی بەیاننامەكەی حزبی دەعوە، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە كۆدەنگ بوون لەسەر تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان بۆ پتەوتركردنی هەڵوێستی سیاسیی و جەختیشیانكردوەتەوە لەسەر بایەخی كاراكردنەوەی رۆڵی حزبەكە و یەكخستنی دید و بەرنامەی هەردوو كوتلەی نەسر و دەوڵەتی یاسا و پێویستی هەوڵدان بۆ یەكخستنەوەی هەردوو لیستەكە لەیەك كوتلەی پەرلەمانیدا كە ئامانج و بەرنامەیەكی هاوبەشی هەبێت. هەروەها ئامادەبوون لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاریانداوە لە خێراترین كاتی گونجاودا كۆنگرەی گشتی حزبی دەعوە ببەسترێت".


( درەو میدیا): لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەكارهێنانی مۆبایل لەناو بنكەكانی دەنگداندا قەدەغەیە و رێگە پێدراو نییە. بە گوێرەی پەیڕەوی ژمارە (9)ی دەنگدان و جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ئەنجومەنی كۆمسیاران پەسەندیكردووە، رۆژی 30ی ئەیلول كاتژمێر هەشتی بەیانی دەنگدان دەستپێدەكات و كاتژمێر شەشی ئێوارە كۆتایی دێت. هەروەها بەگوێرەی ئەو پەیڕەوە رێگە نادرێت بەبردنە ژوورەوەی ئامێرەكانی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی بۆ  بنكەی دەنگدان یان وێستگەی دەنگدان یان ناوەندی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان، ئەگەر رەزامەندی پێشوەختی كۆمسیۆنی لەسەر ئەم كارە نەبێت و كۆمسیۆن چەند بنكەیەك دیاریدەكات بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییە. هەروەها لە بڕگەیەكی تری پەیڕەوەكەدا هاتووە كە بەكارهێنانی ئامێری مۆبایل لە ناو وێستگەكانی دەنگداندا قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە.  


راپۆرتی: درەو میدیا پارتی بەرەسمی و یەكێتی بەناڕەسمی و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و ژمارەیەك كاندیدی تر ڕكابەریی بەرهەم ساڵح دەكەن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار،  ئەم ڕكابەرێتییە هاوكاتە لەگەڵ هەڵمەتێكی ئیعلامی گەورە دژ بە ناوبراو، چی لەسەر ئاستی ماسمیدیا و هەم لەسەر ئاستی سۆشیال میدیاو، زیاد لەلایەنێكی سیاسی بەحزبەكەی خۆشیەوە،  وەك كەسێكی بێوەفا و هاوڕێی نیوەڕێگای هاودیدەكانی و، پۆست پەرست وێنای دەكەن، بەڵام ئەمە هەموو وێنەیەكەیە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە "درەو میدیا" بەدواداچونی وردی بۆ كردووە و هەوڵدەدات لەم ڕاپۆرتەدا بەشێوەیەكی پیشەییانە وەڵامی بداتەوە، وێڕایی ئاشكراكردنی چەندین زانیاری تر كە بۆیەكەمجارە لە ڕاگەیاندنەكاندا بڵاودەبێتەوە.  گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بەتەنیا بەجێیانهێشت   لە سەروبەندی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، حزبەكەی ئەوكاتی بەرهەم ساڵح (هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری) یەكێك بوو لە حزبە ناڕازییەكان هاوشانی (گۆڕان و كۆمەڵ  یەكگرتوو)، بەرهەم ساڵح هەوڵیدا لەگەڵ ئەو سێ‌ حزبە پێكەوە و، دواتر بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی جۆرێك لە هاوپەیمانی پێكبهێنن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستانیش، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەنجامنەدا و دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە كە لەژێر فشاری یەكێتیدا گۆڕان هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەكردووە.   دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش، بەرهەم ساڵح داوای لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كرد بیكەنە كاندیدی هەرچوار حزبەكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار،  واتە لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، تەنها یەكگرتووی ئیسلامی ڕەزامەندی پیشاندابوو، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو داوایەی ڕەتكردبوەوە، ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا پێنج كاندیدە دەرچوەكەی گۆڕان بۆ خولی نوێی پەرلەمانی عێراق سوێندیان نەخواردووە، كۆمەڵی ئیسلامیش كە ڕاستەوخۆ داواكەی ڕەتنەكردبوەوە، سەلیم شوشكەیی كاندیدكرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لە كاتێكدا كۆمەڵ تەنها خاوەنی دوو كورسی پەرلەمانی عێراقە و كاندیدی سەرۆك كۆماریش پێویستی بەدەنگی دوو لەسەرسێی پەرلەمانە بۆ دەرچوون كە دەكاتە 220كورسی لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق و ڕەنگە لە باشترین حاڵەتدا سیناریۆی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دووبارە بكەنەوە، كە ئەگەرێكی زۆر دوورە.  پارتی فازیل میرانی دەكات بەگژ بەرهەم ساڵح دا دوای دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی ڕەسمی لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە،  مەسعود بارزانی بەچڕی هاتوەتە سەرخەت لەگەڵ هێزە عێراقییەكان و لەهەوڵی ئەوەدایە ئەو پۆستە بۆ  پارتی بێت، یان خۆ بڕیاردەری یەكەم بێت لەوەی كێ لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار دادەنیشێت. عەرەفات كەرەم، سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەتویتێكدا بەڕوونی گوزراشتی لەم خولیایەی بارزانی كردووە و دەڵێ" ئەگەر هەموو پارتە سیاسییەكان لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار ڕێكبكەون، نابێت بە سەرۆك، گەیشتن بە سەرۆكایەتی كۆمار بەدەستی بارزانیە، بەوپێیەی ئەو پۆستە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆیانە". سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە پارتی دیموكراتی كوردستان  تایبەت بە"درەو میدیا"ی، ڕاگەیاند: پارتی فازیل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدەكات و دەبێتە ڕكابەرێكی سەرسەختی بەرهەم ساڵح بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، جەختیشیكردەوە، پارتی بەهیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ئەو پۆستە نەكردووە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەبووە كە یەكێتی بەڕەزامەندی حزبەكەی ئەوان كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاری بكات، بەڵام دوای دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی تاكلایەنە، پارتی بڕیاری داوە كاندیدێكی بەهێزی هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەوپۆستە كە ئەویش فازیل میرانیە. ئەگەرچی پێشتر پارتی بەردەوام داوای لە یەكێتی دەكرد كە خۆیان لەسەر یەك كاندید یەكلا بكەنەوە، بەڵام چاوەڕەوانی ئەوە نەبوون بژاردەی كۆتاییان بێتە سەر بەرهەم ساڵح، بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا" پارتی  دەیەوێت " فوئاد مەعسوم" بكرێتەوە بە سەرۆك كۆمار، بەو پێیەی پارتی نایەوێت كەسێكی بەهێز لەو پۆستەدا بێت. پێشتر "درەومیدیا" ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی بە تەلەفون لەگەڵ نوری مالیكی و هادی عامری قسەیكردووە و پێڕاگەیاندون پارتی كاندیدی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و داوای لێكردون پشتیوانی حزبەكەی بكەن بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق . ژمارەی ڕكابەرەكانی بەرهەم ساڵح لە هەڵكشاندان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەتیف ڕەشید ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی لە بەغداد چاوی كەوتووە بە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و ژمارەیەك كەسایەتی و هێز و لایەنی سیاسی  و داوای لێكردوون پشتیوانی بكەن بۆئەوەی ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق.    لە سەروبەندی هەڵبژاردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەتیف ڕەشید بە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕاگەیاندووە، لە دەنگدانی ئەواندا دەربچێت و دەرنەچێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵدەبژێرێت.  پێشتریش فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاندبوو، بەرهەم ساڵح كاندیدی ڕەسمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو لەتیف ڕەشید كاندیدی نارەسمی ئەو حزبەیە.    هەر بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" كە لە سەرچاوەی تایبەتەوە دەستی كەتووە، سروە عەبدولواحید سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، سبەینێ‌ بەڵگە پێویستەكانی تایبەت بەخۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پێشكەش بەفەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات و وەك كاندیدێكی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدەكات. "درەو میدیا" پێشتر ئاشكرایكرد هەریەك لە سەردار عەبدوڵا و مەلابەختیار و فازیل میرانی و سەلیم شوشكەیی و عومەر بەرزنجی و كەمال عەزیز قەیتولی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدكردووە.  


(درەو میدیا): حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران هۆشداریدەداتە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و دەڵێت هاوشێوەی سەددام حسێن لە رووبەڕووبنەوەی ئێراندا شكستدەهێنێت. رۆحانی لەمیانی نمایشێكی سەربازییدا كە بەبۆنەی رۆژی نیشتمانی هێزە چەكدارەكانی ئێراندا بەڕێوەچوو، راشیگەیاند ترەمپ تاكلایەنە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە بۆئەوەی جەنگێگی دەرونیی لەدژی ئێران بەرپابكات، وەك ئەوەی سەددام حسێن ساڵی 1975 كردی، كاتێك رێككەوتنی دیاریكردنی سنوری نێوان عێراق و ئێرانی هەڵوەشاندنەوە بۆەوەی شەڕ لەدژی ئێران بەرپابكات. رۆحانی جەختیشیكردەوە كە تاران دەستبەرداری موشەكاكانی نابێت و رۆژبەرۆژ توانا بەرگرییەكانی پەرەپێدەدات و وتی:" توڕییتان بەرامبەر بە موشەكەكانمان بەواتای ئەوە دێت كە ئەو چەكە زۆر كاریگەرە و بە هۆی ئێوەوە ئێستە ئێمە بەهای موشەكەكانمان دەزانین".


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت بەرەی بەرەنگاری میللی ئەهواز بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی گرتەئەستۆ كە بەیانی ئەمڕۆ كرایەسەر نمایشێكی سەربازی سوپا لە شاری ئەهوازی باشوری خۆرئاوای ئێران. وتەبێژی بزوتنەوەی عەرەبی ئازاد، باڵی ئەهواز، كە رێكخراوێكە خۆی بە بەرگریكار لە مافی عەرەبەكانی خوزستان ناودەبات، رایگەیاند، بەرەی بەرەنگاری میللی كە هاوپەیمانییەتێكی گشتگیری ژمارەیەك لایەنە، بەرپرسیارێتی هێرشەكە دەگرێتەئەستۆ. وتەبێژەكە وتی:" ئەمە بەشێكە لە ئۆپراسیۆنەكانی مقاوەمەتی رەوای ئێمە و لە هێرشەكەدا هیچ هاوڵاتییەكی ئاسایمان نەكردوەتە ئامانج". بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك چەكدار هێرشیانكردەسەر نمایشێكی سەربازی سوپای پاسداران لە شاری ئەهواز، یاریدەدەری پارێزگاری خوزستان رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی هێرشە چەكدارییەكەوە كوژراون، گەیشتوەتە (10) كەس، هەندێك سەرچاوەی تر باس لەوەدەكەن ژمارەی كوژراوەكان گەیشتوەتە (24) كەس. لە یەكەم كاردانەوەدا دوای روداوەكە، میدیاكانی ئێران رایانگەیاند، هێرشەكەی ئەهواز "تیرۆرستی" بووە و ئەوانەی هێرشەكەیان ئەنجامداوە "خەڵكانی تەكفیری" بوون. ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران كە بە "ئیرنا" رایگەیاند، جگە لە كوژراوەكان، لانی كەم (20) كەس برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون، بەڵام هیچ یەكێك لەو بەرپرسانەی كە بەشداربوون لە نمایشە سەربازییەكەدا، زیانیان بەرنەكەوتووە. ئەبولفەزل شكارچی وتەبێژی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای پاسداران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (میهر) رایگەیاند، سێ كەس لە هێرشبەرەكان كوژراون و یەكێكیان دەستگیركراوە. ناوچەی خوزستان بەتایبەتی شاری ئەهواز لەم ساڵانەی دوایدا شانۆی ژمارەیەك روداوی گەورە و نائارامی و پێكدادانی چەكدارانە بووە. بەپێی راپۆرتەكان، ئەو چەكدارانەی كە بەیانی ئەمڕۆ هێرشیان كردەسەر نمایشە سەربازییەكە، لە پاركێكی نزیك لە گۆڕەپانی نمایشەكەوە تەقەیان كردووە، ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا) دەڵێ: شەڕە تەقەكە ماوەی (10 خولەك)ی خایاندووە.  هەندێك لەو ڤیدیۆیانەی كە بڵاوبونەتەوە، نیشانی دەدەن لە كاتی هێرشەكە هێزە ئەمنییەكان داوایان لە ئامادەبوانی نمایشەكە كردووە لەسەر زەوی راكشێن بۆ ئەوەی پارێزراو بن. بەوتەی ئاژانسی (تەسنیم)، هێرشبەرەكان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابووە و دوای هێرشەكە رایانكردووە و هێزە ئەمنییەكان شوێنیان كەوتوون. ئەمڕۆ لە ژمارەیەك شاری ئێران بەبۆنەی "هەفتەی بەرگری پیرۆز" سوپای پاسداران نمایشی سەربازی ئەنجامدا. رودانی ئەم هێرشە لەكاتێكدایە، بەهۆی سزا نوێیەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران، ماوەیەكە دۆخی ئابوری ئەو وڵاتە بەرەو پاشەكشێ دەڕوات و لە شەقامدا ناڕەزایەتی دەستیپێكردووە. فەرماندەكانی سوپای پاسداران پێشتر هۆشدارییاندا بەتوندی روبەڕووی هەر هێرشێك دەبنەوە كە لەلایەن هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجام بدرێت، لەوچوارچێوەیەشدا سەرەتای ئەم مانگە، سوپای پاسداران موشەكبارانی بارەگای سەرەكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستانیان كرد لە قەزای كۆیە لە هەرێمی كوردستان و بەهۆیەوە ژمارەیەك پێشمەرگە ئەو دوو حزبە شەهیدو برینداربوون. بەرپرسانی ئێران بەبێ ئەوەی ناوبهێنن، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەكەی ئەهواز دەخەنە ئەستۆی سعودیە، بەوپێیەی بەوتەی ئەوان سعودیە پشتیوانی جوڵانەوەی عەرەبەكان دەكات لە ئێران.


 (درەو میدیا): سروە عەبدولواحید سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سبەینێ كە دوا وادەی خۆپاڵاوتنە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، سروە عەبدولواحید بەڵگە پێویستەكانی تایبەت بە خۆكاندیدكردن بۆ ئەو پۆستە، پێشكەشی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات و بە فەرمی خۆ بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات. (درەو میدیا) زانیویەتی، سروە عەبدولواحید وەكو كاندیدێكی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات، نەك لەسەر هیچ لیست و قەوارەیەك. (درەو میدیا) ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا زانیاری ورد لەبارەی ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و تەواوی كاندیدەكان بڵاودەكاتەوە.


( درەو میدیا): گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناویەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەستنیشانكردنی وەك كاندیدی فەڕمی لەلایەن ئەو حزبەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێدەچێت هەواڵێكی خۆش نەبوبێت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەت دوای بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە ئەو پێشهاتە تازەیە تەبخەیەكی ئەمریكی بێت و ئامانجی لەقاڵبدانی پارتی و دروستكردنەوەی جۆرێك لەهاوسەنگی بێت، بەتایبەت دوای ڕۆیشتنی ئەو حزبە بەلای ئێرانییەكان و پاڵدان بەسەربازگەكەی مالیكی و عامری، لەعێراق. بارزانی لەگەڵ مالیكی و عامری قسەی كردووە سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لەبەغداد بە"درەومیدیا"ی، ڕاگەیاند، دوای كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتیەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، مەسعود بارزانی بەتەلەفون قسەی لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساو، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحدا كردووەو خواستی پارتی پێڕاگەیاندون كە بەنیازی دەستنیشانكردنی كاندیدێكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو، داوای لێكردون پشتیوانی كاندیدەكەی پارتی بكەن، سەرچاوەكەی "درەومیدیا"ئەوەشی ئاشكراكرد، بارزانی بەعامری و مالیكیشی ڕاگەیاندووە، ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پارتی بێت، ئەوان ئامادەن داوا لە بەشیر خەلیل حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بكەن دەستلەكاربكێشێتەوەو، پشتیوانی كاندیدێكی یەكێتی بكەن ئەو پۆستە وەربگرێت. بارزانی بەرهەم ساڵح بەمەترسی دەزانێت لەبارەی هۆكاری سەرهەڵدانی ئەم هەڵوێستە تازەیەی پارتی، سەرچاوەكەی "دەرەومیدیا" وتی: هەر لەسەرەتاوە پارتی لەزیاد بۆنەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و ئەو پۆستە موڵكی لایەنێك نیە بەتەنیا، بەقسەی سەرچاوەكە، هەلوێستی ئەوكاتەی پارتی زیاتر تەكتیكی بوو، وەك ئەوەی هەڵوێستێكی ستراتیژی و یەكلابوەوە بێت و،  زیاتر مەبەستیان دروستكردنی فشاربوو لەسەر یەكێتی تاكاندیدێك دیاریبكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەدڵی پارتی بێت كە زیاتر مەیلیان بەلای (فوئاد مەعسوم و مەلابەختیار)دا، بوو، بەڵام دوای  هاتنە ناوەوەی ئەمریكییەكان بۆ ناو یارییەكە و دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، پارتی بەجدی كەوتۆتە خۆی و  هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەدات، بیانوەكەی ئەوەیە ڕێككەوتنی پێشوەختی هەبووە لەگەڵ یەكێتی، كە كاندیدی سەرۆك كۆمار بەڕەزامەندی هەردوولا دیاریبكەن، بەڵام جەوهەری مەسەلەكە ئەوەیە، پارتی ترسی گەورەی هەیە لەوەی لەلایەك بەرهەم ساڵح كێشە بۆ ئەو ڕۆڵە بەهێزە دروستبكات كەپارتی بەنیازە لەچوارساڵی داهاتودا لەعێراق هەیبێت و بەبەهێزی بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، لەلایەكی تریشەوە، گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو  یەكێتی و كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، تەبخەیەكی  ئەمریكی بێت چی بۆ ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان هێزە كوردییەكان لەسەر ئاستی عێراق و، هەم دروستكردنی جۆرێك لەهاوسەنگی یان لارنەبونی زیاتری تەرازوی هێز بەبەرژوەندی پارتی لەناوخۆی كوردستان و، ڕەنگدانەوەی لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، كەپارتی خۆی داناوە دەسەڵاتداری ڕەهابێت تیادا. ئەمریكا نایەوێت پارتی زۆر پێ‌ ڕاكشێت پێشتریش ماجید شەنگالی پەرلەمانتاری خولی پێشوی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پارتی و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن و، پارتی ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت، ئاماژەی بەوەشكردبو، پارتی ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بێت بۆ یەكێتی ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت.  دروستكردنی تەگەرە بۆ بەرهەم ساڵح لەلایەن شەخسی بارزانیەوە لەكاتێكدایە، ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری پارتیەوە بڵاویكردەوە، لەم ماوەیەی دواییدا بەرهەم ساڵح دوور لەچاوی میدیاكان دووجار لەگەڵ بارزانی كۆبۆتەوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەدەستبهێنێت. بەڕای بەشێك لەچاودێران، پێداگریكردنی ئەمریكا لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار عێراق و،  وەك بەربژێری  یەكێتیش، جگە لەڕاگرتنی هاوسەنگیی،  ڕەنگە هۆكارە هەرە سەرەكییەكەی ئەوەبێت، واشنتۆن نەیەوێت پارتی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستانیش دەستكەوتی زۆر زیاتر لەڕابردوو بەدەستبهێنێت، كە وەك جۆرێك لەپاداشتی نزیكبونەوەی لەئێرانیەكان تەفسیری بۆ بكرێت، ئەوەش هانی زیاتری هێزە كوردیی و عێراقییەكان بدات بۆ هەڵپەكردنی زیاتری نزیكبونەوە لەئێران.


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژی 30ی ئەم مانگە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كارو سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچننەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریی، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان. چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بووبێت یان نادروست. دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە: یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی باوردۆخی دارایی دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان چوارەم: ریفراندۆم پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر لەپاڵ ئەم رووداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەریان لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت،  ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان. لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات  و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە.  پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دەستی (مستەفا بارزانی) لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە، بارزانی باوك تاوەكو كۆچی دوایی لە ساڵی 1979، سەرۆكایەتی پارتەكەی كردووە، واتە ماوەی (33) ساڵ، لەدوای خۆشی ماوەی (39) ساڵە مەسعود بارزانی كوڕی سەرۆكایەتی پارتەكە دەكات. پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 21/9/2013، لە كۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان (38) كورسی بردەوە و لە پرۆسەكەدا (743 هەزار و 984) دەنگی بەدەستهێنا. لە چەند ساڵی رابردوودا پارتی زۆرینەی جومگە گرنگەكانی حكومڕانی هەرێمی كوردستانی لەدەستدابووە، بەتایبەتی (دۆسیەی نەوت، سیاسی، ناوخۆ، ئاسایش، پێشمەرگە، ئابوری، پەیوەندی دەرەوە)، ئێستاش سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی لەدەستدایە، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم كە پێشتر لەدەستی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیدا بوو، ئێستا هەڵپەسێردراوە. بە شێوەیەكی گشتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێژەی 34%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە، رێژەی 85%ی پۆستە هەستیارو باڵاكانی هەرێمی لایە، ئەمە وایكردووە زۆرینەی بەرپرسیارێتییەكان لە ئەستۆی پارتیدا بێت، ئەمە ئەگەر خاڵێكی نەرێنی پارتی بێت لای دەنگدەران، هاوكات دەشتوانێت خاڵێكی ئەرێنی بێت و پارتی ئەو دامەزراوە گرنگانە لە سودی خۆی و كێشكردنی دەنگدەران بەكاربهێنێت، هەروەك چۆن لە رابردوودا كردویەتی.  خاڵە لاوازەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن: •شكستی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی پشكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، بەوپێیەی 85%ی جومگە گرنگ و هەستیارەكانی هەرێمی بەدەستەوەیە. •ئاكامی شكستی بڕیارە سیاسییەكانی هەرێم بەپلەی یەكەم لەئەستۆی پارتیدایە بەهەمان لۆژێكی پێشوو. • شكستی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ، كە پارتی لە بانگەشەكارانی سەرەكی ئەو سیاسەتە بوو.  •شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێم كە سەرچاوەی زۆرینەی كێشەكانی هەرێمە، ئەمە بەرپرسیارێتییەكەی بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی پارتیدایە، بەوپێَیەی نوێنەرانی پارتی لە حكومەت و پەرلەمان بانگەشەیان بۆ كردووە و گرێبەست و رێككەوتنیان كردووە. •شكستهێنانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول و گەڕانەوەی پارتی بۆ بەغداد. •لەدەستدانی 51%ی خاكی باشووری كوردستان، بەشێكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، بەوپێیەی، لەدەستدانی ئەو ناوچانە، بەهۆی بڕیاری ریفراندۆمەوە بوو.  •لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی، بەهۆی خوێندنەوەی هەڵەی پارتی بۆ بارودۆخی ناوچەكە.  •داخستنی پەرلەمانی كوردستان و رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و شكاندنی هەیبەتی پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان، تائێستاش ئەو دامەزراوەیە هەڵنەساوەتەوە.  • سەركوتكردنی ئازادییەكان و گرتن و سوكایەتیكردن بە چالاكان و خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان. •تێكچونی یەكڕیزی ناو ماڵی كورد، كە بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی دەخرێتە ئەستۆی "خۆبەگەورەزانین و لوتبەرزی" پارتی بەرامبەر بە هێزەكانی تر.  •شكستهێنانی پرۆسەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، بەتایبەتی دوای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە "داعش" تۆماریكرد و بەهۆیەوە ناوبانگی لە جیهاندا درەوشایەوە. •شكستی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وڵاتان بەتایبەتی دوای ریفراندۆم. •تێكچونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كورد لە پارچەكانی تر، بەتایبەتی كوردی باكور و رۆژئاوا و ئێستاش رۆژهەڵات، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیكردنی پارتی لە سیاسەتەكانی توركیا لە باكور و رۆژئاوای كوردستان و بێدەنگی هێرشی ئێران بۆسەر كوردی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێمدا. خاڵە بەهێزەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن: •هێشتا پارتی دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی كۆنترۆڵكردنی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتەوە، سەرچاوەی ئابوریی و دارایی و هێز و میدیا لەلای پارتییە.  •سەرەڕای شكستهێنانی ریفراندۆم، بەڵام هێشتا ئاڵای نەتەوەیی لە باشووری كوردستان بەدەست پارتییەوەیە، ئەمە ئەگەر لای سیاسەتمەداران بۆچونێكی ناڕاستیش بێت، بەڵام لای دەنگدەران وا كەوتووەتەوە و نەیارەكانی پارتی نەیانتوانیوە پێچەوانەكەی بسەلمێنن، بەتایبەتیش لە كاتێكدا پارتی توانیویەتی لەڕێگەی میدیاكانییەوە شكستی ریفراندۆم بخاتە ئەستۆی باڵێكی ناو یەكێتی نیشتمانی و بە "خیانەتكار" لەقەڵەمیان بدات. •پارتی هێزێكی سەنتراڵە و رێكخراوە بە بەراورد بە هێزەكانی دیكە، ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كەمتر دەردەخات، دەتوانێت بەیەك تیم هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەببات. •خاڵی بەهێزی پارتی پەرتپەرت بوون و پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی خۆی و ركابەرەكانیەتی، بەتایبەتی ئەوەی كە نەیارەكانی پارتی شەڕی دەنگەكانیان خستوەتە ناو سنوری پارێزگای سلێمانی و تاڕادەیەك هەولێر و دهۆكیان بۆ پارتی چۆڵكردووە. •رێكخستن و ئەندام و لایەنگرانی بەهۆی پرەنسیپی حیزبیەوە كەمتر دەكەونە ژێر كاریگەری هێزە نوێیەكانەوە، بەپێچەوانەوە ئەو هێزە نوێیانە بەردەوام لە ركابەرەكانی پارتی دەبەن. •    سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بردنەوەی ژمارەكی زۆر كورسی لەدوای شكستی ریفراندۆم .  


( درەو میدیا): ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لیوا فازل بەرواری فەرماندەی فرقەی ئاڵتونیی لە تەمەنی 52 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە هەولێر كۆچی دواییكرد. بە گوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، تەرمی بەرواری لە پزیشكی دادی هەولێرە و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی شاری دهۆك دەكرێت و لەوێ‌ دەنێژرێت. فازڵ جەمیل بەرواری ساڵی 1966 لە دهۆك لە دایكبووە و فەرماندەی فیرقەی ئاڵتونیی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بووە و ساڵی 1980 تا 1991 فەرماندە بووە لە هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و دوای روخانی رژێمی سەددام حسێن بەشداریكردووە لە دامەزراندنی دەزگای ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی عێراق " دژە تیرۆر" و بووەتە فەرماندەی فیرقەی ئاڵتونیی.


( درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و داوایان لێدەكات نرخەكەی دابەزێنن. ترەمپ لە نوێترین تویتیدا جارێكی تر توڕەیی خۆی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەردەبڕێت و داوا لە " ئۆپێك" دەكات كاربكات بۆ دابەزاندنی نرخەكەی، لەبەرامبەر ئەوەی كە ئەمریكا پارێزگاری لە چەند وڵاتێكی ئەندامی رێكخراوەكە دەكات. ترەمپ  ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تویتێكدا دەڵێت:" ئێمە چەند وڵاتێك لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەپارێزین، كە ئەگەر ئێمە نەبین ئەوا بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ئاسایشیان سەقامگیر نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بەردەوامن لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، پێویستە لەسەر ئۆپێكی خۆرخكار ئێستا نرخی نەوت دابەزێنێت". ئەمە یەكەمجار نییە كە سەرۆكی ئەمریكا رەخنە لە رێكخراوی "ئۆپێك" دەگرێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و لە حوەزیران و تەمموزی رابردووش رایگەیاند وڵاتەكەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت رەتدەكاتەوە و رایگەیاند بە دەستی هەندێك نرخی نەوت بەرزدەكرێتەوە. تویتەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە كە هەفتەی داهاتوو وڵاتانی ئۆپیك و دەرەوەی ئۆپیك لە جەزائیر كۆدەبنەوە و پێشبینی دەكرێت لە و كۆبوونەوەیەدا وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت چاو پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی خاودا بخشێننەوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand