درەو: 🔻 بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوە ڕوونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوتی هەرێم، لە ساڵی 2024دا، پشکی حکومەتی هەرێم لە نەوت و داهات بەم جۆرەبووە؛ 🔹 لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی (کێڵگەی تاوکی – پیشخاپور) پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە لە (19 ملیۆن و 907 هەزار و 200) بەرمیل نەوت، کۆی داهاتی ئەو نەوتەش دەکاتە (706 ملیۆن و 866هەزار و 915) دۆلار بەرێژەی (69.5٪). 🔹 لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (6 ملیۆن و 58 هەزار و 187) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (242 ملیۆن و 400 هەزار و 611) دۆلار. بەڕێژەی (49.8%). 🔹 لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (6 ملیۆن و 170 هەزار و 721) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (202 ملیۆن و 768 هەزار و 677) دۆلار. بەڕێژەی (67%). 🔹 لە کێڵگەی نەوتی شێخان پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (8 ملیۆن و 461 هەزار و 868) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (229 ملیۆن و 604 هەزار و 88) دۆلار. بەڕێژەی (57%). 🔹 لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (35 ملیۆن و 768 هەزار) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (ملیارێک و 180 ملیۆن و 344 هەزار) دۆلار. بەڕێژەی (85%). 🔹 لە کێڵگەی نەوتی هەولێر پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (2 ملیۆن و 297 هەزار و 513) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (69 ملیۆن و 501 هەزار و 442) دۆلار. بەڕێژەی (70.3%). 🔹 لە کێڵگەی گرێبەستی سەرقەڵا پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (2 ملیۆن و 19 هەزار و 48) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (78 ملیۆن و 742 هەزار و 872) دۆلار. بەڕێژەی (60%). 1. ناوچەی گرێبەستی تاوکی ( کێڵگەی تاوکی – پیشخاپور) أ. کێڵگەی تاوکی ناوچەی گرێبەستی تاوکی دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە لە هەرێمی کوردستان. پێک دێت لە هەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکی و پیشخاپور. هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی ٧٥٪ و گەنێڵ ئەنێرجی تورکی ٢٥٪ ی خاوەنداری پشکەکان دەکەن لەو کێڵگەیەدا. یەکەم جار لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٤ دا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانای دی ئێن ئۆ DNO کرا . بەرهەمهێنانی ئەم کێڵگانە (تاوکێ لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستیپێکردووە و پیشخاپور لە ساڵی ٢٠١٧) بە تێکڕا بەرهەمی رۆژانە لەساڵی ٢٠٢٤ دا نزیکەی ٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بووە. ب. کێڵگەی نەوتی پیشخاپور کێڵگەی نەوتی پیشخاپور لە چوارچێوەی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی تاوکی (PSC) دایە. کێڵگەی پیشخاپور لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ دۆزرایەوە. ئەم کێڵگەیە بە هاوبەشی لەلایەن کۆمپانیای D.N.A (75%، ك.سەرکار) و کۆمپانیای Genel Energy International (25%) خاوەندارێتی دەکرێت. بەرهەمهێنانی نەوت لەم کێڵگە لە ڕێگەی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرەتایی لە ساڵی ٢٠١٧ دەستیپێکرد. بەرهەمهێنانی کێڵگەی پیشخاپور لە ساڵی 2018 لە شەش بیرەوە بە تێکڕای 54 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهات. لە ماوەی ئەمساڵەدا کۆی بەرهەمی کێڵگەکە ( 28ملیۆن و 774 هەزار و963 ) بەرمیل نەوت بووە. کۆی داهاتیش (ملیارێک و 19 ملیۆن و 244 هەزار و 783) دۆلار بووە. پشکی دی ئێن ئۆ (6,650,822) بەرمیل بووە بە داهاتی (234 ملیۆن و 508 هەزار و 401 )دۆلار، هەروەها پشکی گنێڵ ئەنێرجیش لە بەرهەم (2,216,941) بەرمیل بووە، داهاتەکەی لە ماوەی ساڵەکەدا بریتی بووە لە (78 ملیۆن و 169 هەزار و 467) دۆلار. ئەوەی لەماوەی ساڵەکەدا بۆ هەرێم ماوەتەوە لەم کێڵگەیە بریتی بووە لە (19,907,200) بەرمیل نەوت، کۆی داهاتی ئەو نەوتەش دەکاتە (706 ملیۆن و 866هەزار و 915) دۆلار بەرێژەی (69.5٪). خشتەی ژمارە (1) 2. سەرسەنگ ( شاماران و ئێچ کەی ئێن ) بلۆکی سەرسەنگ دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، ڕوبەرەکەی (420) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. دەکەوێتە بەشی باکوری بلۆکی ئەتروش و شێخانەوە. پێک دێت لە دوو کێڵگەی بەرهەم هێنانی جیاواز سوارا تیکا و سوارا تیکا ڕۆژهەڵات، هەر کێڵگەیەک سێ حەشارگەی نەوتی سەربەخۆی ترایاسیک لەخۆدەگرێت. کێڵگەی سوارا تیکا لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١١ دۆزرایەوە، سوارا تیکای ڕۆژهەڵات لە مانگی نیسانی ٢٠١٥ دا دۆزرایەوە. لە کێڵگەی سەرسەنگ هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێنی HKN ئەمەریکی خاوەنی 62٪ی پشکەکانە و کۆمپانیای شامارانی کەنەدی 18٪ ی پشکەکان (کۆمپانیای شامارانی کەنەدی لە کانوونی دووەمی 2021ەوە پشکاکانی تۆتاڵی فەرەنسی کریوەتەوە، بەمەش شاماران لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ خاوەن پشکە). بەرهەم و داهاتی ساڵی 2024 لەماوەی ئەمساڵەدا بڕی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکە بریتی بووە لە (12,163,600) بەرمیل، کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکەش بریتی بووە لە (486,691,556) دۆلار ، لەم بڕەش (4,731,695 ( بەرمیلی پشکی ئێچ کەی ئێن HKN بووە بەداهاتی (189,325,487) و پشکی کۆمپانیای شامارانیش بڕی (1,373,718) بەرمیل بووە بە داهاتی (54,965,459) دۆلار ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (6,058,187) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (242,400,611) دۆلار. بەڕێژەی (49.8%). لەسەرەتای پەرەپێدانی کێڵگەکەوە لە ساڵی ٢٠١٣ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ کۆی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەی سەرسەنگ نزیکەی (78.3) ملیۆن بەرمیل بووە. خشتەی ژمارە (2) 3. کێڵگەی ئەتروش کێڵگەی ئەترووش کەوتووەتە ٨٥ کم باکوری ڕۆژئاوای شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە. رووبەری کێڵگەکە بریتیە لە ٢٦٩ کم چوارگۆشە. گرێبەستی بلۆکی ئەتروش لە ساڵی ٢٠٠٧ دا کراوە. کۆمپانیای شاماران لە ساڵی 2010 ەوە لە کێڵگەی ئەتروش وەبەرهێنان دەکات، کێڵگەی ئەتروش لە ساڵی ٢٠١١ دا نەوتی تێدا دۆزرایەوە، لە کێڵگەکەدا کۆی ٢٠ بیر لێدراوە بە هەموو جۆرەکانییەوە، بەڵام ١١ دانەیان بیری بەرهەمهێنانی نەوتی تێدایە و دوو یەکەی چارەسەریش لەکێڵگەکەدا هەیە. لەکێڵگەی نەوتی ئەتروش 23.63%ی کۆی ئەو یەدەگەی کە دەتوانرێت دەربهێنرێت بەکارهاتووە، کێڵگەکە لە ساڵی 2020 دا گەشتووەتە لوتکەی بەرهەمهێنانی کە (47,000) بەرملی رۆژانە بووە. بەرهەم و داهاتی ساڵی 2024 لەماوەی ساڵی ٢٠٢٤ دا کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (9,169,040) بەرمیل نەوت و داهاتی نەوتی فرۆشراویش لە کێڵگەکە بریتی بووە لە (301,191,253) دۆلار. لەم بڕەش (1,557,372) بەرمیلی پشکی کۆمپانیای شاماران بووە بە داهاتی ( 51,237,522) دۆلار و پشکی ئێچ کەی ئێن HKN و تاقەی ئیماراتی (تائەوکاتەی لە کێڵگەکە دەرچوو) بڕی (1,440,947) بەرمیل بووە بە داهاتی (47,185,055) دۆلار ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (6,170,721) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (202,768,677) دۆلار. بەڕێژەی (67%). خشتەی ژمارە (3) 4. کێڵگەی شێخان کێڵگەی شێخان دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، ٦٠ کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای هەولێر. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە پشکی ٨٠% کێڵگەکەی هەیە و کۆمپانیای MOL هەنگاری ٢٠% پشکەکانی هەیە. یەکەمجار لەمانگی ئابی ٢٠٠٩دا نەوت لەم کێڵگەیەدا دۆزرایەوە، لەساڵی ٢٠١٣ وە بەرهەمهێنان دەستی پێکردووە. تا ٣١/١٢/٢٠٢٣زیاتر لە (128 ملیۆن) بەرمیل نەوت لەم کێڵگەیە بەرهەم هاتووە وە لە ٣١/١٢/٢٠٢٤ دا کۆی نەوتی بەرهەم هاتووی کێڵگەکە بریتی بووە لە (143 ملیۆن) بەرمیل. بەرهەم و داهاتی ساڵی ٢٠٢٤ لەماوەی ساڵی ٢٠٢٤ دا تێکڕای بەرهەمی کێلگەکە بریتی بووە لە (40,688) بەرمیل بەمەش کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (14,891,780) بەرمیل نەوت و بەتێکڕا نرخی بەرمیلێک نزیکەی (27.134) دۆلار بووە، داهاتی نەوتی فرۆشراویش لە کێڵگەکە بریتی بووە لە (404,073,918) دۆلار. لەم بڕەش (5,358,260) بەرمیلی پشکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن بووە بەداهاتی (145,391,524) دۆلار، پشکی کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ MOL بڕی (1,071,652) بەرمیل بووە بە داهاتی(29,078,305) دۆلار ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (8,461,868) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (229,604,088) دۆلار. بەڕێژەی (57%). خشتەی ژمارە (4) 5. کێڵگەی خورمەڵە قوبەی خورمەڵە لە بەشی باکووری کێڵگەی کەرکوکە و بە دووری ٣٥ کم لە باشووری ڕۆژئاوای شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە هەڵکەوتووە. لە ساڵی 2007ەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای کار (KAR Group)ەوە بەڕێوەدەبرێت، کە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری نەوتی کوردستانە. دوای فراوانکردنی کێڵگەکە لە ساڵی 2018 توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکە گەشتە 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. کێڵگەی نەوت خورمەڵە 35.45%ی کۆی ئەو یەدەگەی کە دەتوانرێت دەربهێنرێت بەکارهێناوە. پێشبینیش دەکرێت بەرهەمهێنان لە ساڵی 2026دا بگاتە لوتکە، بە پشتبەستن بە گریمانە ئابوورییەکان، بەرهەمهێنان بەردەوام دەبێت تا ئەو کێڵگەیە دەگاتە سنووری ئابووری لە ساڵی 2065 پاشان بەرهەم هێنان سوودی ئابووری نابێت. کێڵگەی قوبەی خورمەڵە بەشێکە لە کێڵگەگەلی کەرکوك- ئاڤانا. یەدەگی نەوتی حەوزەکە بەیەکەوە بری ٨ ملیار و ٩١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت مەزەندە دەکرێت بە پێی داتاکانی کۆمپانیی بریتیش پەترۆلیۆم. کێڵگەی خورمەڵە نزیکەی 100-95 بیری تێدایە کە بەردەوام نزیکەی 50 بۆ 55 بیریان کاردەکەن بۆ بەرهەم هێنانی 120 بۆ 130 هەزار بەرمیلی رۆژانە. ئاستی بەرهەم و داهات لە ٢٠٢٤دا لەماوەی ساڵی ٢٠٢٤ دا کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە 42,080,000بەرمیل نەوت و داهاتی نەوتی فرۆشراویش لە کێڵگەکە بریتی بووە لە (1,388,640,000) دۆلار. لەم کێڵگەیەدا تەنها یەک کۆمپانیا هەیەکە کار گروپە، بۆیە پشکەکان لە نێوان کار و حکومەکدا دابەش دەکرێت. لەم بڕە نەوتەی بەرهەم هاتووە (6,312,000) بەرمیلی پشکی کۆمپانیای کار گروپ بووە بەداهاتی (208,296,000) دۆلار ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (35,768,000) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (1,180,344,000) دۆلار. بەڕێژەی 85%. پشکی کار گروپ دەکرێت لەنێوان ٣ ٪بۆ ٥٪ کەمتر بێت لە وەی دیاریمان کردووە، لەبەرئەوەی گرێبەست یان راپۆرتی دارایی کۆمپانیای کار گروپمان لەبەردەست نییە هەروەها بەهای بەرمیلێک نەوتی کێڵگەکەمان تێکڕا بە ٣٣ دۆلار داناوە بە گریمانەیی، کە ئەمەش بەتێکڕا ٣ دۆلار کەمترە لە بەهای کێڵگەی تاوکی کە کوالیتی نەوتەکەی قورسترە ). خشتەی ژمارە (5) 6. ناوچەی گرێبەستی هەولێر ناوچەی گرێبەستی هەولێر دەکەوێتە 30 کیلۆمەتری ڕۆژئاوای هەولێرەوە، چوار ناوچەی دۆزراوی نەوتی تێدایە کە بریتین لە: دەمیر داغ، زێی گەورە، بەنان، عەین ئەلسەفرە. ئاستی بەرهەم لەساڵی ٢٠٢٤ دا بە رێژەی ٧٠٪ی ئاستی پێش وەستانی هەناردە بووە کە (12,800) بەرمیل بووە. لەساڵی 2024 دا بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی هەولێر لە سێ کێڵگەی بەنان، دەمیرتدغ و زێی گەورەوە لە نێوان 40 بۆ 48 تەنکەردابووە و ماوەیەکی کەمیش 50 تەنکەربووە ڕۆژانە. هەرتەنکەرەو نزیکەی 205 بەرمیل نەوت باردەکات. لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2025 دا بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی هەولێر بریتی بووە لە 46 تەنکەری رۆژانە کە دەکاتە 430.9 بەرمیلی رۆژانە. ئاستی بەرهەم و داهات لە ٢٠٢٤دا لەماوەی ساڵی 2024 دا کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (3,266,400) بەرمیل نەوت و داهاتی نەوتی فرۆشراویش لە کێڵگەکە بریتی بووە لە (98,811,000) دۆلار. لەم کێڵگەیەدا تەنها یەک کۆمپانیا هەیەکە کۆمپانیای زێگ ئۆیلە Zeg Oil and Gas ( فۆرزا پێشوو)، بۆیە پشکەکان لە نێوان زێگ ئۆیل و حکومەکدا دابەش دەکرێت . لەم بڕە نەوتەی بەرهەم هاتووە (968,887) بەرمیلی پشکی کۆمپانیای زێگ ئۆیل بووە بەداهاتی (29,309,558) دۆلار ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (2,297,513) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (69,501,442) دۆلار. بەڕێژەی ((70.3% خشتەی ژمارە (6) 7. ناوچەی گرێبەستی گەرمیان (سەرقەڵا) ناوچەی گرێبەستی گەرمیان دەکەوێتە ناحیەی سەرقەڵا، لە قەزای کفری لە ناوچەی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان. بلۆکەکە ١٣١ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە.کێڵگەی نەوتی گەرمیان بە سەرقەڵا ناسراوە. لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن کۆمپانیای وێستەرنزاگرۆسەوە دۆزرایەوە، بیرەکان توانای بەرهەمهێنانی نەوتی زۆری هەیە. جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە سووکە و شیرینە (هیدرۆجین و گۆگردی نییە). پێش وەستانی هەناردە نەوتی خاوی کێڵگەکە بە بارهەڵگر دەگوازرایەوە بۆ خورمەڵە بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە. لە ئێستادا بەرهەمی کێڵگەکە بە تانکەر دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی دووکان و بەرهەمی کێڵگەکە لە لایەن کۆمپانیای قەیوانەوە دەکڕدرێت. ئەو غازە سروشتییە کە لەگەڵ نەوتەوە دێت، جیا دەکرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ ویستگەیەکی بەرهەم هێنانی کارەبای ١٦٠ میگا واتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای لێ بەرهەم دێت. کۆمپانیای گازپرۆم روسی و وێستەرن زاگرۆسی کەنەدی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و هەریەکە خاەنی 40٪ ی پشکەکانن و حکومەتی هەرێمیش 20%ی پشکەکان . ئەم کێڵگەیە ئێستا ئاستی بەرهەمی لە (33 هەزار) بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ (12 هەزار) بەرمیل لە چارەکی یەکەم و پاشان لە چارەکی سێ و چواردا لە نێوان (10,200 بۆ 9,200) دابەزیوە. بیرە نەوتییەکانی گەرمیان لە ئێستادا ژمارەیان پێنج بیری نەوتە . بەهەمان شێوەی کۆمپانیای کار ئەو کۆمپانیایانەی لێرە کاردەکەن شایستە داراییەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ساڵی چەند جارێک زانیاری لەسەر چالاکی و ئاستی بەرهەمیان ڕادەگەیاند، ماوەیەکە ئەو زانیاریانەش بوونی نەماوە. ئاستی بەرهەم و داهات لە ٢٠٢٤دا لە ساڵی ٢٠٢٤ دا رۆژانە لە نێوان 40 تا 42 تەنکەر نەوتی کێڵگەکەی گواستووەتەوە بۆ پاڵاوگەی دووکان بۆ پاڵاوتن ، نەوتی ئەم کێڵگەیەوە لە لایەن کۆمپانیای قەیوانەوە لە کێڵگەکەدەکڕدرێت و پاشان بەتەنکەر دەبرێت بۆ پاڵاوگەکە. لەماوەی ئەم ساڵەدا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (9,194) بەرمیل نەوت بووە. بۆیە کۆی نەوتی بەرهەم هاتووی کێڵگەکە لە ساڵی 2024 دا بریتی بووە لە (3,365,080) بەمیل نەوت. کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو لە کێڵگەکە بریتی بووە لە (131,238,120) دۆلار. لەم بڕەش (1,346,032) بەرمیلی پشکی کۆمپانیای گاز پرۆم و وێستێرن زاگرۆس بووە. بەداهاتی (52,495,248) دۆلار. ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (2,019,048) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (78,742,872) دۆلار. بەڕێژەی 60%. خشتەی ژمارە (7) 8. کێڵگەی کوردەمیر بلۆکی کوردمیر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، لە دامێنی بەرزاییەکانی ڕۆژئاوای زنجیرە چیای زاگرۆس. بلۆکەکە 245 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە. وێستەرنزاگرۆس لە ساڵی 2009 بیری دۆزینەوەی کوردمیری لێداوە، کاپێکی گەورەی گازی سروشتی دۆزیوەتەوە. لە ساڵانی دواتردا کۆمپانیاکە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین بوونی نەوتێکی بەرچاو لە ژێر گازەکەدا پشتڕاستکردەوە. شیکاری سەربەخۆی یەدەگەکان دەریدەخەن کە کێڵگەی کوردمیر کێڵگەیەکی زۆر گەورەی نەوت و گازی سروشتی و کۆندێنسێت بێت. کێڵگەی کوردەمیر کێڵگەیەکی گەورەیە بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی وێستێرن زاگرۆس دەتوانرێت بڕی 1.8ترلیۆن پێ سێجا گازی لێ بەرهەم بێت و بڕی 420 ملیۆن بەرمیل نەوتیش. وێستەرن زاگرۆس کێڵگەی کوردمیر بەڕێوەدەبات، بە ڕێژەی 80٪ی کارکردن. حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی پشکەکانی ترە، هیچ زانیارییەکی فەرمی لە بەردەست نییە سەبارەت بە بەرەوپێشچوون وئاستی کارەکان لەکێڵگەکە. 9. کێڵگەی ئاکرێ- بجیل کێڵگەی بجیل دەکەوێتە نزیک هەریر و لە ساڵی 2010نەوتی لێ دۆزراوەتەوە کۆمپانیای رۆسنەفت لە ساڵی 2017 دا گرێبەستی هاوبەشی کردنی لەبەرهەم لەگەڵ هەرێم کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکە و پشکی ٨٠٪ی کێڵگەکەی هەیە. کێڵگەکە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2023 دا ئاستی بەرهەمی بریتی بووە لە 6,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە . کۆمپانیا رووسییەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاستی بەرهەم و خەرجی و داهاتی کێڵگەکە و کۆمپانیاکە بڵاونەکردووەتەوە. کێڵگەکە ٢ بیری وەبەرهێنی تێدایە و لە دوای راوەستانی هەناردە بەرهەمی ئەم کێڵگەیەش وەکو هەندێ کێڵگەی تر وەستاوە و تائێستاش نەکەوتووەتە بەرهەم هێنان. بەرهەمهێنان لە ئاکری-بیجیل بڕیارە لە ساڵی 2025 بەرهەمهێنان لە پرۆژەی پەرەپێدانی نەوتی ئاسایی ئاکری- بیجیل دەستپێبکات و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2028دا بگاتە لوتکە، بە پشتبەستن بە گریمانە ئابوورییەکان، بەرهەمهێنان بەردەوام دەبێت تاوەکو کێڵگەکە دەگاتە ئەو ئاستەی چیتر بەرهەمێنان ئابووریی نابێت لە ساڵی 2061 دا. 10. کێڵگەی ئێسفنی یان عەین سیفنی ئەم کێڵگەیە کەوتووەتە نزیک شارۆچکەی شێخان لە پارێزگای دهۆک، کۆمپانیای هەنت ئۆیل وەبەرهێنانی تێدا دەکات پشکی 80٪ی کێڵگەکەکی هەیە ئەم کێڵگەیە لەساڵی 2011دا نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە. جۆری نەوتەکەی قورسە وAPI 21 . ولە کۆتایی کانوونی دووەمی 2023 دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە 6,500 بەرمیلی رۆژانە بووە. زانیاری ئەوتۆ بەردەست نییە کە لەگەڵ وەستانی هەناردەدا ئایا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە وەستاوە یان نا، وەگەر وەستابوو ئایا ئێستا لە بەرهەمدایە یان نا؟ 11. کێڵگەی چیا سورخ ئەم کێڵگەیە دهكهوێته سنوری ناحیهی قۆرهتو، ئهگهرچی ئهم ناحیهیه سهر به قهزای خانهقینه، بهڵام بهوپێیهی له راپهڕینی ساڵی 1991 دا بهشێكی زۆری ئازادكراوه، ئیدارهدانی لهسهر ههرێمی كوردستانه و راستهوخۆ پهیوهسته به ئیدارهی گهرمیانهوه. لەم بلۆکە نەوتیە دا 9 بیری کۆن هەیە، كه له ساڵی 1902تا 1954 لهلایهن (ئهنگلۆ-پێرژهن) كه كۆمپانیایهكی هاوبهشی بهریتانی-ئێرانیه كاری تێداكراوه، له كۆتای ساڵی 2009 كۆمپانیای (GGFZ)ی چینی كاری بهدواداگهرانی بۆكرد(سایزمیك)، بهسهرپهرشتی كۆمپانیای گهنهڵ ئینێرجی(توركی-بهریتانی) له كۆتایی ساڵی 2012، بیری ژماره(10، 11، 12) تێدا لێدراوە. بەرهەمی رۆژانەی ئەم بلۆکە نەوتیە بەپێی زانیارییەکان لە کۆتایی 2022 دا (2 ههزار) بهرمیلی رۆژانه بووە و کۆمپانیای پیت ئۆیل پشکی 80٪ی پشکەکانی هەیە و چاوەڕێ دەکرا تا ناوەڕاستی ئەمساڵ بەرهەمی ببێت بە دوو هێندە. بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بەتەواوەتی وەستاوە. 12. کێڵگەی تەق تەق ناوچەی مۆڵەتپێدانی تەق تەق دەکەوێتە 60 کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کێڵگەی نەوتی کەرکوک و شاری کەرکوک و 85 کم لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر و 120 کم لە باکووری ڕۆژئاوای سلێمانی. کۆی ڕووبەری مۆڵەتی تەق تەق نزیکەی 951 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. • تەق تەق یەکێک بوو لە گەورەترین کێڵگەکانی نەوتی هەرێم و باشترین جۆری نەوت چیتر توانای بەرهەمی نییە. لە ئێستادا کۆمپانیای گێنێل ئینێرجی بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگەی تەق تەق ( PSC) ڕادەستی حکومەتی هەرێم کردووەتەوە و کێڵگەکەی جێهێشتووە. کێڵگەی تەق تەق لە ساڵی 2008 دەستی بە بەرهەمهێنانی کردووە، تا وەستانی هەناردە لە 25ی ئازاری 2023دا کێڵگەی تەق تەق زیاتر لە (225 ملیۆن) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. سەرچاوە؛ یادگار سدیق گەڵاڵی، بەرهەم و داهاتی کێڵگە نەوتییەکان لە ساڵی 2024دا... ئاستی بەرهەم پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەرهەم و داهات... پشکی حکومەتی هەرێم لە بەرهەم و داهات، رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، کانونی دووەمی 2025.
درەو: بەرپرسێکی باڵای نەوتی عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە: پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای (برتیش پترۆلیۆم)زەبەلاحی نەوتی بەریتانی (25)ملیار دۆلار خەرج بکات لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی چوار کێڵگەی نەوت و غازی کەرکوک. ئەگەر ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت، کە بەرپرسەکە پێشبینی دەکات لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، ئەوا عێراق پێشکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت دوای چەندین ساڵ لە سنوردارکردنی بەرهەمهێنان بەهۆی جەنگ و گەندەڵی و گرژییە تائیفیەكان. ئەو بەرپرسەی کە ڕاستەوخۆ ئاگاداری بابەتەکەیە، وتی :(BP) (20بۆ 25) ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات، وەک بەشێک لە گرێبەستی دابەشکردنی قازانج کە زیاتر لە 25 ساڵ دەخایەنێت. کۆمپانیای(BP)ڕەتیکردوەتەوە هیچ لێدوانێک بدات، بەڵام ئاماژەی بە بەیاننامەیەکی مانگی ڕابردوو کرد کە تیایدا وتی: پێشکەوتنی بەرچاوی لەگەڵ حکومەتی عێراق بەدەستهێناوە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ پاڵپشتیکردنی کارپێکەری چەند کێڵگەیەکی نەوتی کەرکوک وەک بەشێک لە پڕۆژەی تەواوكاری سەرلەنوێ پێشختنەوە. ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە ئەنجام بدرێت، دەبێتە دووەم گرێبەستی گەورە لەنێوان عێراق و کۆمپانیایەکی نەوتی نێودەوڵەتی لە ماوەی دوو ساڵدا، دوای ئەوەی لە بەسرە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەڕەنسی بە بڕی (27)ملیار دۆلار ڕێککەوتووە. ڕێکەوتنی چاوەڕوانكراوی (BP)و پێداویستییەکانی عێراق ئامانجی رێککەوتنی چاوەڕوانكراو لەگەڵ (BP) نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی چوار کێڵگەی نەوتی و پەرەپێدانی پیشەسازی گازی سروشتیە بۆ پاڵپشتیکردنی پێداویستییەکانی وزەی عێراقە. ئەو بەرپرسەكە عێراق ئاماژەی بەوەكرد: دانوستانە تەکنیکی و دارایی بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە، رەنگە گرێبەستە کۆتاییەکان لە نیوەی یەکەمی مانگی شوبات یان كۆتایی ئەم هەفتەیە واژو بکرێن. بەپێی مەرجەکانی گرێبەستەکە، کۆمپانیای(BP)توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک بە بڕی (150)هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات، لە ماوەی دوو تا سێ ساڵدا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ لانیکەم (450)هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەکاتەوە. سێ بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێن توانای ئەو کێڵگانە (300)هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەیە. بەگوێرەی شێوازی دابەشکردنی قازانج کە تاوتوێ دەکرێت، بەرپرسە باڵاكەی نەوتی عێراق رایگەیاندووە: (BP)دەتوانێت خەرجیەکان بگەڕێنێتەوە و دەست بە قازانج بکات کاتێک بەرهەمهێنان لە ئاستی ئێستادا بەرز ببێتەوە، (BP) ئەزموونێکی باشی لە کێڵگەکانی کەرکوکدا هەیە، چونکە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردودا بەشێک بووە لە کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی دۆزینەوەی نەوت لە ناوچەکە و مەزەندە دەکات کە نزیکەی(9)ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە.
د. یوسف محەمەد سادق سەرەتا پێویستە سڵاو بنێرین بۆ خۆڕاگریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوی هەرێم کە بەردەوامن لەسەر خەباتی مەدەنیی خۆیان لەبری سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم و هەمو هاونیشتیمانییانی تریش کە بە هەر شێوەیەک بێت ژیانیان بەستراوەتەوە بە موچەوە. ئەوان مانیان گرتوە بۆ ئەوەی نەهامەتیی دە ساڵی رابردو کۆتایی پێبێت و، قوتی هاونیشتیمانییان بە دور بگیرێت لە هەر ململانێیەکی سیاسی و، خەڵکی کوردستانیش ژیانێکی کەرامەتمەندانە بژین و، ئەمەش جێگەی پێزانینێکی ئێجگار گەورەیە. خانەنشینانی ئازیز، ئەزانم چەند رۆژێکە بە هۆی ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە کێشەی موچەی خانەنشینانەوە بڵاو ئەکرێتەوە توشی دڵەڕاوکێ بون. پاش بەدواداچون نوسراوێکم دەست کەوت کە لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە وەک وەڵام ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە. دیارە کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ پرسیاریان لە دادگا کردوە سەبارەت بە کاتی جێبەجێ کردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (٢١٢- فیدڕاڵی- ٢٠٢٢) سەبارەت بە دروست نەبونی جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی ژمارە (٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە و، پابەند کردنی هەرێم بە جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموار کراو و، پرسی ئەوەی کە پێویستە لە چ بەروارێکەوە جێبەجێ بکرێت بۆ رێگری کردنی تێچونی دارایی بۆ رابردو؟ لە وەڵامدا ئەمینداری گشتیی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئاماژەی بە مادەی (٣٧- دووەم)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگا کردوە کە باس لەوە ئەکات کە بڕیارەکانی دادگا جگە لە دەقە سزاییەکان لە رۆژی دەرچونیانەوە دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە مەگەر لە بڕیارێکدا پێچەوانەی ئەمە دەقنوس کرا بێت). دیارە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی ئەم دەقەی قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی ئەوە بسەپێنێت کە تەنها ئەوانەی کە لە دوای دەرچونی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیەوە لە (٢٣- ١١- ٢٠٢٢) خانەنشین بون موچەکانین هاوتا بکرێت لەگەڵ یاسای خانەنشینیی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراو کە ئەمە دروست نییە. دادگای باڵای فیدڕاڵی لە بڕیاری (٢١٢- فیدڕاڵی- ٢٠٢٢) دو حوکمی دەرکرد کە ئەمانەن: 1. دروست نەبونی جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی هەڵوەشاوە ژمارە (٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن هەر دو داوالەسەرکراوان (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران)ی هەرێمی کوردستان و (وەزیری دارایی و ئابوری)ی هەرێمی کوردستان سەرەڕای کارەکانیان؛ 2. پابەند کردنی هەر دو داوالەسەرکراوی سەرەوە بە جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراو. بۆیە لە بەرواری دەرچونی ئەو بڕیارەوە واتە لە (٢٣- ١١- ٢٠٢٢)، دەسەڵاتی هەرێم پابەندە بەجێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی بەرکار کە یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراوە و، مادەی (٣٥- سێیەم)ی ئەم یاسایە ئاماژە بە سەرلەنوێ هەژمار کردنەوەی موچەی خانەنشینان و پاشەوارەکانیان ئەکات بەپێی مادەکانی ئەم یاسایە بەوانەی تەنانەت پێش دەرچونی یاساکەش خانەنشین بون: (المادة ٣٥/ ثالثا: يعاد احتساب الرواتب التقاعدية للمتقاعدين المحالين الى التقاعد قبل نفاذ هذا القانون او خلفهم بموجب معادلة احتساب الراتب التقاعدي المنصوص عليها في المادة (21 ) من هذا القانون وكما يأتي:...) تەنانەت یاسای ژمارە (٢٦)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشیینی یەکگرتوش لە مادەی (١٤) دا ئاماژەی بەوە داوە کە سەرلەنوێ موچەی خانەنشینان بەپێی مادەکانی یاسای هەموارەکە هەژمار ئەکرێتەوە بەو مەرجەی هیچ تێچونێکی دارایی نەبێ بۆ پێش بەرکار بونی یاسای هەموارەکە. بۆیە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم پابەندن لە رۆژی دەرچونی بڕیارەکەوە موچەی سەرجەم خانەنشینان و پاشەوارەکانیان هاوتا بکەنەوە نەک تەنها ئەوانەی دوای ئەو بەروارە خانەنشین بون. رونکردنەوەی دادگاش پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە بۆ پێش دەرچونی بڕیارەکە ناتوانرێ داوای هیچ قەرەبویەک بکرێت. چونکە بەپێی بڕیارەکە جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی ژمارە(٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە نادروست بوە، بەڵام خانەنشین ناتوانێ بۆ ئەو ماوەیە داوای قەرەبو بکاتەوە. ئەم پرسەش ئاساییە و لە مادەی (٤٠- چوارەم)ی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوی بەرکار ئاماژەی پێکراوە کە: (رابعا ـ لا يترتب على تنفيذ احكام هذا القانون صرف اي فروقات ماليه عن الفتره السابقة لنفاذه.) هەمان شت لە مادەی ١٤ی یاسای ژمارە (٢٦)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشیینی یەکگرتوش ئاماژەی پێدراوە. کەواتە ئەو رونکردنەوەیەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی بە مانای ئەوە دێت کە پێویستە لە بەرواری دەرچونی بڕیارەکەوە موچەی سەرجەم خانەنشینان بەپێی یاسای بەرکار هەموار بکرێتەوە بەتایبەت کە داواکاران ژمارەیەک خانەنشینی ساڵانی پێشو بون، نەک بەمانای ئەوەی تەنها ئەوانەی دوای ئەو بەروارە خانەنشین بون و ئەبن هاوتاکردن ئەیانگرێتەوە. بەڵام بۆ ئەوانەی لە ٢٠١٤ەوە تا دەرچونی بڕیارەکەی دادگا بە نادروست موچەکەیان بەپێی یاسایەکی هەڵوەشاوە هەژمار کراوە، ناتوانن داوای قەرەبوی ئەو ماوەیە بکەن. تێگەیشتنەکەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەک نادروستە بەڵکو زۆر نالۆژیکیشە، چونکە بە واتای ئەوە دێت کە ئەیانەوێت یاسایەکی هەڵوەشاوە بەسەر زۆرینەی خانەنشینانی هەرێم جێبەجێ بکەن و، بۆ هەندێکی کەمیش یاسای خانەنشینی بەرکار جێبەجێ بکەن کە ئەمەش رێک پێچەوانەی حوکمی یەکەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵییە کە جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینی ژمارە (٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوەی بە نادروست لە قەڵەم داوە. لە هەمان کاتدا ئەمە پێچەوانەی مادەی (١٤)ی دەستورە و ئەبێتە هۆی هێنانەکایەی نایەکسانی لەنێوان هاوڵاتییانی عێراق بە هەرێمیشەوە. ئێستا بەپێی زانیارییەکان بۆ مانگی (١)ی ئەمساڵ سەرجەم خانەنشینانی هەرێم و پاشەوارەکانیان موچەکانیان هەر بە هاوتاکراوی وەرئەگرن و، بۆ مانگەکانی داهاتوش لەگەڵ دڵسۆزان لە هەرێم و بەغداش کار ئەکەین کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.
درەو: وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، رێکارەکانی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەستی پێکرد. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە: 🔹هەناوەكانمان دەستپێكردووەو نوسراومان ئاراستەی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ. 🔹وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت بەرهەمە نەوتییەكانی هەرێم وەربگرێت و راستەوخۆ لە رێگەی سۆمۆوە بیفرۆشێت. 🔹لەگەڵ توركیا كار دەكەین بۆ ئامادەكردنی هێڵی بۆری عێراق - توركیا بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهانی توركیەوە. 🔹نابێت هەرێم رۆژانە لە (300) هەزار بەرمیل نەوت كەمتر رادەستبكات بۆ ئەوەی رەوانەی دەرەوەی بكەین لە رێگای بۆری عێراق - توركیا. 🔹لەسەر قەرزەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتن دەكرێت لە نێوان هەردوولادا
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) دۆخی سوریا تەنها دیاردەیەکی ناوەکیی ناو سوریا نییە، ئەوەی لەو وڵاتەدا روویداوە و رووئەدات تەنها تایبەت نییە بەوەی لەناو سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا رووئەدات. دۆخی سوریا دۆخی سەرەکیی بەشی هەرەزۆری ناوچەکەیە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بەشی هەرەزۆری ناوچەکە لەناو دۆخێکی هاوشێوەی دۆخی سوریادا دەژی، بێگومان بە هەندێک جیاوازیی تایبەتەوە. ئەوەی لە سوریادا ڕووئەادت ئەو مۆدێلە باڵادەستەیە کە لە ناوچەکەدا بە پلە و ڕادەی جیاواز هەیە و کاردەکات. بەر لە هەمووشتێک سوریا لە نزیکەی پازدە ساڵی رابردوودا لە دۆخی ململانێ و پێکدادان و جەنگێکی ناوخۆیی هەمەلایەن و وێرانکەردا بوو. وڵاتەکە پرە لە بکەری سیاسیی و دینیی و تائیفیی جیاواز کە هەریەکەیان خەون و روانین و تەماحی تەواو جیاواز و ناکۆکیان هەلرتوە و هەریەکێکیان وێنەی جیاوازیان بۆ ئایندەی ئەو وڵاتە، هەیە. تەنانەت دوای کەوتنی رژێمەکەی بەشار ئەسەدیش شتێکی گشتی، پەیمانێک، خەونێکی هاوبەش لەئارادا نییە ئەم هەموو لایەن و هێزە ناکۆکانە بەیەکەوە کۆبکاتەوە. نەفیکرنی یەکتریی و نەبوونی زمانێکی هاوبەش ئاکاری سەرەکیی ئەو دۆخەیە کە دروستبووە. لە پەیوەندیدا بە دۆخی سوریاوە وەک مۆدێلێک بۆ ناوچەکە دەکرێت لێرەدا پێ لەسەر ئەم خاڵە سەرەکییانە دابگرین: یەکەم: ئاکاری سەرەکیی حوکمڕانی لە سوریادا و ئەو مۆدێلەی لەو وڵاتەدا کاریکردوە و سەروەربووە، ئەو شێواز و مۆدێلی حوکمڕانییەیە کە لە بەشەکی گەورەی ناوچەکەدا باڵادەستبووە و باڵادەستە. لەوانەش بۆ نموونە، مۆدێلی رژێمی تاک حیزبی، یان حیزبی قائید، کە تیایدا لایەنێک خۆی بە خاوەنی وڵاتەکە و بەخاوەنی هەموو بڕیارە سەرەکیی و گرنگەکان زانیوە. ئینجا ئامادەگیی دەسەڵاتێکی خێزانی و بنەماڵەیی لەناو ئەم دەسەڵاتە حیزبییەدا، کە بە کردەوە وڵاتەکەی خستۆتە بەردەستی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی داخراوەوە. لە سوریادا هیچ سەنتەرێکی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا جگە لە خێزانی ئەسەد، ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕ، بوونی نەبووە. زۆرجار هەم دەسەڵاتە حیزبییەکە و هەم دەسەڵاتە بنەماڵەییەکە، نوێنەر یان بەرگریکەربوون لە دەسەلاتێکی تائیفیی، کە بە کردەوە حوکمی تائیفیەک لە تائیفەکانی، بەسەر سەرجەمی دانیشتوانی وڵاتەکەدا سەپاندوە. لە بەشەکی گەورەی ناوچەکەدا تێکەڵێک لەو رەگەزانەی باسمانکرد، ئامادەیە و حوکمدەکات. دووهەم: ئەوەی لەم دۆخەدا غائیبە ئەو دوو پێدراوە سەرەکیەیە کە ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی رێکدەخات و کۆبوونەوە و پێکەوەبوونی دانیشتوانەکان لەناو سنوورێکی نەتەوەیی و نیشتیماندا بەیەکەوە کۆدەکاتەوە. ئەوانیش غیابی دەوڵەتە وەک دەوڵەت، وەک دەرەنجامی رێکەوتن یان گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی کە وابکات دانیشتوانەی وەڵاتەکە دەوڵەت بە موڵکی خۆیان بزانن. دووهەمیش غیابی مەسەلەی هاوڵاتیبوونە. هاوڵاتیبوون وەک ئەو پەیوەندییە سیاسییە هاوبەشەی بەشە جیاواز و کەسە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگایەک وەک بوونەوەری سیاسیی یەکسان بەیەکتری و وەک کەسانی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتی یەکسان و هاوبەش بەیەکەوە کۆدەکاتەوە. دەوڵەت لەم ناوچەیەدا دەولەتی ئەم یان خێزان و بنەماڵە و ئایدیۆلۆژیا و مەزهەبی دینیی و سوپا و خەلیفە و هتد...ە سێهەم: بە دەگمەن نەبێت هیچ مۆدێلێک لە مۆدێلەکانی حوکمرانی لەناوچەکەدا خاوەنی شەرعیەتێکی یاسایی و دیموکراسییانە نین. بەڵام سەرجەمی شێوازە جیاوازەکانی شەرعیەتی نادیموکراسییانە هەن و کاردەکەن. بۆ نموونە، هەندێک حوکمڕان خاوەنی شەرعیەتی ویراسین و دەسەڵاتیان بە ویراسیی بۆ ماوەتەوە. هەندێکی دیکەیان خاوەنی شەرعیەتی کودەتاین و لە ڕێّگای کودەتای سەربازییەوە هاتونەتە سەرحوکم. هەندێکی تریان شەرعیەتی شۆرشگێرانەیان هەیە و لە ڕێگای شۆرش و خەباتی چەکدارییەوە هاتوون و هەر بەو ناوەشەوە حوکمڕانن و ماونەتەوە و ناشڕۆن. زۆربەشیان خاوەنی ئەو جۆرە لە شەرعیەتن کە لە فیکری سیاسیی ئیسلامیدا ناوی «شەرعیەتی بردنەوە» یان «شەرعیەتی خۆسەپاندن»، الغلبە، ی لێنراوە. ئەمەش ئەو جۆرە شەرعیەتەیە کە دەدرێتە هێزێک بەهەرشێوەیەک بە دەسەڵات گەیشتبێت و توانیبێت خۆی بەسەر ئەوانیتردا سەپاندبێت و ناچاریکردبن حوکمڕانییەکەی قبووڵبکەن. ئەوەی لەناو ئەم جۆرە تایبەتانەی شەرعیەتدا غائیبە، شەرعیەتی دیموکراسییانەیە، کە لە هەڵبژاردنێکی راستەقینەی بێ تەزویر و بێ ترس و بێ زۆر و بێ خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە هاتبێت و دوای هەڵبژاردنیش دەزگا بۆ بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوەی یاسایی و سیاسیی هەبێت. چوارهەم: هەموو ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسمکرد لە ناوچەیەکدا رووئەدات پڕ لە هێز و دەوڵەتی جیاوازە کە خەونی هەیمەنەکردن و بوون بە ئیمپراتۆریەتیان هەیە. ئەمە وادەکات هەر یەکێک لەو دەوڵەتانە بەدوای دروستکردنی هێزی پرۆکسییدا بگەڕێن و کاری سەرەکییان ببێتە قایمکردنی شوێنپێی ئەو دەوڵەتە دەرکییانە لەناو دەوڵەتاکانی خۆیاندا. ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین، بۆ نموونە، لاوازبوونی بەرەی ئێران و زیندەبەچاڵکردنی خەونە ئیمپراتۆریەتیەکی ئەو وڵاتەیە لەناوچەکەدا، بەڵام هاوکات بەهێزبوونی تورکیا و ئیسرائیل و گەورەبوونی خەونی هەیمەنەکردنی ئەوان بەسەر ناوچەکدا. ئەمە جگە لە بوونی بەرەی تر کە ئەوانیش بەهەمان ئاراستە و بەهەمان مەبەست کاردەکەن، سعودیە و ئیمارات و قەتەر. ئەوەی لەم دۆخەدا بە تەواوی وێران بووە و وێران دەبێت چەمکی «سەروریی نەتەوەیی» یان «سەروەری نیشتیمانی»یە، کە کۆڵەکەی ژمارە یەکی رێکخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە دونیای ئەمرۆدا. پێنجەم: ئامادەگیی دۆخێکی نێودەوڵەتی پر لە ململانێی سیاسیی و سەربازیی و ئابوریی بۆ کۆنترۆڵکردن، یان لانیکەم هەبوونی جێپێیەکی گەورە و کاریگەر لەم ناوچەیەدا. لەوانەش ململانێی نێوان ئەمریکا و چین و روسیا لە ناوچەکەدا. کە هەر یەکێکیان دەستی لایەنێکی ناوچەکە دەگرن و هەوڵی بەهێزکردنی دەدەن. ئەوەی ئەم هێزە جیهانیانە دەجوڵێنێت سود و قازانجی خۆیانە وەک زلهێزی جیهانیی، نەک بەشداریکردن لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و پێشکەوتو و لەم بەشەی جیهاندا. شەشەم: بوونی چەندان کۆمەڵگا و خەڵک و دانیشتیوانی پڕوکاو بەدەست ئەو دۆخەی لەسەرەوە هەندێک لە هێڵە سەرەکیی و گشتییەکانیمان دەستنیشانکرد. لە دوای کۆتایی جەنگی ساردەوە کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە لەناو زنجیرەیەک جەنگ و پێکدادان و پشێوی سیاسیی و کۆمەڵایەتی گەورە و وێرانکەردا دەژین. ناوچەکە پرە لە چیرۆکی کوشتن و لەناوبردن و سڕینەوە، بێماڵکەوتن و ئاوارەبوون و راکردن و سەرهەڵگرتن. هەندێک بەشی ئەم ناوچەیە بەڕادەیەک وێرانە کۆمەڵگاکانیان پێویستیان بە هەمووشثێکە، لە حەب و دەرمانی سادەوە، بۆ خۆراک و شوێن و ماڵ و قوتابخانە و تەنانەت خێمەش. ئەمە وایکردوە دانیشتوانێکی گەورە لەم ناوچەیەدا دروستببن کە تاقە داواکارییەکیان ئەوەبێت، بژین، تەنها بژین، بەبێ ئەوەی هیچ هەقێکیان بەسەر سیاسەتەوە و بە سەر هێزە سیاسییەکانەوە هەبێت. ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی کۆمەڵایەتیی لە زیاد لە کۆمەڵگایەکدا ترسێکی گەورەیان تەنانەت لە هێزە ئەلتەرناتیڤەکانیش هەیە. حەوتەم: لە زۆربەی ناوچەکەدا شتێک بە ناوی «متمانەوە» بە هێزە حوکمڕانەکان و بە بەشی هەرەزۆری هێزە ئەلتەرناتیڤەکانیش نەماوە. قەیرانێکی گەورەی متمانە لە ئارادایە. ئەمە جگە لە باڵادەستی کولتوری پیلانگێڕیی و بەڵێنی درۆ و سیاسەتی فێڵ و درۆکردن لە هەموو شوێنێکدا. ئینجا کولتوری نەفیکردن و بەرەنگاربوونەوەی یەکتریی کە زۆربەی جار بە سیاسەتی تۆڵەکردنەوەی خوێناویی و وێرانکەر، کۆتایی دێت. لە ئێستادا سوریا لە هەمووان زیاتر بەرجەستەکەری ئەو دۆخەی سەرەوەیە کە باسمکرد، بەڵام سوریا بەشێکە لە دیمەنێکی گەورەتر کە لەزۆر سەرەوە هەمان وێنەی دۆخی سوریا بەرجەستەدەکات.
درەو: ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەران بە خۆپیشاندان چوونە بەردەم خەیمەی مانگرتووان، مانگرتوان كفنی سپییان لەبەركرد، پێشتر داواكارییەكانیان لە وار خاڵدا خستەڕوو: 1- رێزگرتنی كەرامەتی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و سەروەری یاسای 2- تەوتینی موەی موچەخۆران لە بانكە فیدراڵیەكان 3- رێزگرتنی هاوڵاتیانی كوردستان لە رێگەی دابەشكردنی موچەكانیان سی رۆژ جارێك و گەرنەوەی موە پاشەكەوتكراوەكانیان 4- گەڕانەوەی پلەبەرزكردنەوەی موچەخۆران ناوی مانگرتووان: 1- زانا شێخ محەمەد- فەرمانبەری كارەبا 2- شنە عەلی عەزیز- مامۆستا 3- دڵشاد مەحمود تۆفیق- مامۆستا 4- هادی حەمەڕەشید- مامۆستا 5- پاكیزە حەمەئەمین – فەرمانبەر 6- سەنگەر مەهدی عەلی – مامۆستا 7- سروشت سیروان عەلی – مامۆستا 8- عەتا ئەحمەد رەشید- مامۆستا 9- محەمەد رەسوڵ محەمەد- فەرمانبەری زانكۆ 10- محەمەد نیعمەت – فەرمانبەری كشتوكاڵ 11- فازڵ قادر حەمە رەئوف – مامۆستا 12- دڵشاد بابان- مامۆستا
(درەو): بەگوێرەی لێكدانەوەی پسپۆڕێكی نەوت لە عێراق، هەمواری یاسای بودجە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە كوردستان وا دەكات ئیدارەدانی كێڵگەكانی نەوت هەر لەدەستی حكومەتی هەرێمدا بمێنێتەوەو چاوەڕوانی ئەوەش بكرێت تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان بۆ نزیكەی (36 دۆلار) بەرزبێتەوە، بەڵام عێراق تێچووی ئەو نەوتەی تر نادات كە هەرێم بۆخۆی بەرهەمی دەهێنێت و دەیفرۆشیت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بە بۆریی، رەنگە پرۆسەی فرۆشتنی نەوت بە تانكەر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هەر بەردەوام بێت. دەقی نوسینەكەی: هەندێك هەڵێنجاندن بۆ هەمواری ماددەی 12 نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوری یەكەم: تێچووی كۆتایی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو پشت بەو توێژینەوەیە دەبەستێت، كە لەلایەن ئەو كۆمپانیای راوێژكارییەوە پێشكەش دەكرێت كە گرێبەستی لەگەڵدا دەكرێت، هەروەها بەهۆی سروشتی پێكهاتەی جیۆلۆجی كێڵگەكان و پۆلێنكردنیان لەچوارچێوەی كێڵگە بچوكەكاندا، چاوەڕێ دەكرێت تێچووی هەر بەرمیلێك بۆ نزیكەی 36 دۆلار بەرزببێتەوە. دووەم: ئەم تێچووە تەنیا لەو نەوتەدا كورتدەبێتەوە كە رادەستی سۆمۆ دەكرێت، كە لەنێون 250 بۆ 300 هەزار بەرمیلدایە، ئەمەش بەو واتایە دێت ئەو بڕە نەوتەی تر كە هەرێم بەرهەمی دەهێنێت، سۆمۆ خەرجییەكەی نادات، چونكە هەرێم خۆی ئەو نەوتە دەفرۆشێت و داهاتەكەی وەردەگرێتەوە. سێیەم: بەڕێوەبردنی كێڵگەكان هەر لەدەستی هەرێمدا دەمێنێتەوە كە پابەندە بە گرێبەستی شەراكەت لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان كە ملكەچە بۆ حساباتی ئاڵۆز سەبارەت بە (كرێ)و (نەوتی تێچوون)و (نەوتی قازانج)و (باجەكان)و ئەمیش ملكەچە بۆ وردبینی كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت. چوارەم: بە كردەوە ئەستەمە بەشیك لە بەرهەمی نەوت رادەستی سۆمۆ بكرێت بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ دەرەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی تەنیا یەك هێڵی هەناردەكردنەوە، رەنگە پەنا بۆ پاوكتاوكردن (مقاصە) ببرێت، بەو واتایەی هەرێم نەوت دەنێرێت دواتر قەبارەی گشتیی فرۆشی ئەو بڕە حساب دەكرێت كە رێككەوتن كراوە لەسەر رادەستكردنی، ئەمەش دوای لێدەركردنی تێچوو و داشكاندنی لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا. پێنجەم: هەمواركردنەوەی ئەم ماددەیە هیچ سەرچاوەیەكی نوێی دارایی زیاد ناكات، چونكە دەستپێكردنەوەی ناردنی نەوت لەرێگەی هێڵی جەیهانی توركییەوە بەواتای كەمكردنەوەی هەمان بڕی بەرهەمهێنانی نەوت دێت لە باشورو ناوەڕاست كە تێچوویان كەمترە، ئەمەش بارگرانی گشتیی زیاترو كورتهێنانی بودجە گەورەتر دەكات. شەشەم: دەكرێت ئەم هەموارە داهاتە نەوتییەكانی عێراق زیاتر بكات، ئەمەش لەحاڵێكدا عێراق لە كۆتوبەندە ناچاریی و ئارەزوومەندانەكانی ئۆپێك پڵەس رزگاری ببێت، كە رۆژانە 650 هەزار بەرمیل بۆ بەرهەمهێنانی ئێستای عێراق زیاد دەكات و بەمەش عێراق دەتوانێت هەناردەی خۆی بۆ (3.3) تاوەكو نزیكەی (3.7 ملیۆن) بەرمیلی رۆژانە بەرزبكاتەوە.
راپۆرت: درەو 🔻 ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئامارەکانی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق، تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) مانگانە بڵاو دەکاتەوە، دواترینیانی بۆ مانگی کانونی یەکەمی (2024) لە (21/1/2025) بڵاوکردەوە، پاڵپشت بە کۆی ئەو ئامارانەی کە بۆ (12) مانگی ساڵی (2024) بڵاوی کردوونەتەوە،؛ 🔹 لە ساڵی (2024)دا ئامارەکان دەگاتە (320 هەزار و 459) حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمارکراو، کە (287 هەزار و 949) گرێبەستیان بە ڕێژەی (90%) لە دادگاکان و (32 هەزار و 510) حاڵەتیان بە ڕێژەی (10%) لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. 🔹 (72 هەزار و 842) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە. (75%)ی جیابوونەوەکان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلاکراونەتەوە! کە (54 هەزار و 846)ی کۆی حاڵەتەکان بوە! تەنها (25%)ی جیابوونەوەکان بە بڕیاری دادگا یەکلاکراونەتەوە کە ژمارەیان (17 هەزار و 996) کەیس بووە. 🔹 دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە پارێزگای بەغداد زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری و دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ هەر لە پارێزگای بەغداد، بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە. 🔹 دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای موسەننا لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق کەمترین رێژەی هاوسەرگیری و کەمترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە. یەکەم؛ ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە (15) پارێزگاکەی عێراق لە ساڵی 2024 رۆژی (21/1/2025) ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، داتاکانی خۆی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) بۆ مانگی؛ # کانونی یەکەمی (2024) بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە؛ (28 هەزار و 980) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە، هاوکات ژمارەی جیابوونەوە کە لەم مانگەدا تۆمار کراوە بریتی بووە لە (5 هەزار و 99) حاڵەتی جیابوونەوە. بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی مانگەکانی پێشووتری ساڵی 2024 حاڵەتەکان لە تەواوی ساڵەکەدا دەگاتە (320 هەزار و 459) هاوسەرگیری تۆمارکراو و (72 هەزار و 842) حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران. بە جۆرێک؛ # لە کانونی دووەمی 2024 دا، (30 هەزار و 895) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (27 هەزارو 295) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 600) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هەر لە هەمان ماوەدا (7 هەزار و 453) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، کە (هەزارو 843) حاڵەتیان لە دادگاکان و (5 هەزار 610) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە کانونی شوباتی 2024 دا، (29 هەزار و 119) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (25 هەزارو 793) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 326) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لەگەڵ ئەوەشدا (6 هەزار و 324) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (هەزارو 764) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 560) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە مانگی ئازاری 2024 دا، (24 هەزار و 88) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (21 هەزارو 215) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار 873) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (6 هەزار و 222) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، کە (هەزارو 805) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزارو 417) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە مانگی نیسانی 2024 دا، کەمترین ڕێژەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە بەراورد مانگەکانی دیکەی ساڵی 2024، بەجۆرێک؛ (21 هەزار و 851) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (19 هەزارو 386) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 465) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لە کاتێکدا (4 هەزار و 537) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (هەزارو 360) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 177) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە مانگی ئایاری 2024 دا، (28 هەزار و 505) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (25 هەزارو 534) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 971) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ئامارەکانی جیابوونەوە، کە لەم مانگەدا تۆمار کراوە بریتی بووە لە؛ (6 هەزار و 666) حاڵەتی جیابوونەوە کە (هەزارو 643) حاڵەتیان لە دادگاکان و (5 هەزار و 23) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە ئاماری حوزەیرانی 2024 دا، هاتووە؛ (23 هەزار و 324) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (21 هەزارو 168) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 156) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ڕێژەی جیابوونەوە بریتی بووە لە (4 هەزار و 779) حاڵەتی جیابوونەوە، کە (هەزارو 251) حاڵەتیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 528) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە ئاماری تەموزی 2024 دا، هاتووە؛ (26 هەزار و 62) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (23 هەزارو 302) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 760) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ڕێژەی جیابوونەوە بریتی بووە لە (6 هەزار و 344) حاڵەتی جیابوونەوە، کە (هەزارو 782) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 562) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە مانگی ئابی 2024 دا، (16 هەزار و 687) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (14 هەزارو 608) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 79) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ئامارەکانی جیابوونەوە، کە لەم مانگەدا تۆمار کراوە بریتی بووە لە؛ (5 هەزار و 402) حاڵەتی جیابوونەوە کە (هەزارو 661) حاڵەتیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 741) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە ئاماری مانگی ئەیلولی 2024 دا، هاتووە؛ (29 هەزار و 909) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (26 هەزارو 91) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 818) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هەر لە مانگی ناوبراودا ڕێژەی جیابوونەوە بریتی بووە لە (6 هەزار و 586) حاڵەتی جیابوونەوە، کە (هەزارو 680) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 906) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە تشرینی یەکەمی 2024 دا، هاتووە؛ (34 هەزار و 951) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (31 هەزارو 456) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 495) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ڕێژەی جیابوونەوە بریتی بووە لە (6 هەزار و 696) حاڵەتی جیابوونەوە، کە (هەزارو 667) حاڵەتیان لە دادگاکان و (5 هەزار و 29) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە ئاماری مانگی تشرینی دووەمی 2024 دا، هاتووە؛ (26 هەزار و 88) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (23 هەزارو 121) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 967) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ڕێژەی جیابوونەوە بریتی بووە لە (5 هەزار و 734) حاڵەتی جیابوونەوە، کە (هەزارو 540) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 194) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. کەواتە کۆی حاڵەتەکان (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) لە ساڵی (2024)دا دەگاتە (320 هەزار و 459) هاوسەرگیری تۆمارکراو، کە (287 هەزار و 949) گرێبەستیان بە ڕێژەی (90%) لە دادگاکان و (32 هەزار و 510) حاڵەتیان بە ڕێژەی (10%) لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (72 هەزار و 842) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە. ئەوەی جێگەی تێڕامانە (75%)ی جیابوونەوەکان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلاکراونەتەوە کە (54 هەزارو 846)ی کۆی حاڵەتەکان بوەوە تەنها (25%)ی جیابوونەوەکان بە بڕیاری دادگا یەکلاکراونەتەوە کە (17 هەزار و 996) حاڵەت بووە. (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە (1)) خشتە و چارتی ژمارە (1) دووەم؛ ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی پارێزگاکانی عێراق بۆ ساڵی 2024 لەسەر ئاستی پارێزگاکانی کە (بەغداد)ی پایتەخت دابەش بووە بەسەر دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی (رەسافە و کەرخ) لەگەڵ (14) پارێزگاکەی دیکەی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەک لە چارت و خشتەی ژمارە (2) رونکراوەتەوە؛ دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە پارێزگای بەغداد زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری و دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ هەر لە پارێزگای بەغداد، بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە، بەراورد بە تەواوی دادگاکانی دیکەی عێراق. هاوکات دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای موسەننا کەمترین رێژەی هاوسەرگیری و کەمترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە، بەراورد بە تەواوی دادگاکانی دیکەی عێراق. خشتەو چارتی ژمارە (2) سەرچاوەکان؛ • ڕاگەیەیندراوەکانی (ئەنجومەنەی باڵای دادوەری عێراق) مانگانە لە ساڵی 2024؛ https://sjc.iq/statistics/
(درەو): هەمواری بودجە تایبەت بە تێچووی نەوتی هەرێمی كوردستان پەسەندكرا، هەرێم دەبێت دەست بە هەناردەی نەوت بكاتەوە، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی (سۆمۆ) بكات، داهاتی نەوتەكەش ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم. دواجارو پاش ماوەیەك مشتومڕو ناڕەزایەتی هەندێك لە پەرلەمانتارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، ئەنجومەنی نوێنەران هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی پەسەندكرد. لەبری (مەحمود مەشهەدانی) سەرۆكی پەرلەمان، موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتیی دانیشتنەكەی كرد، نزیكەی (50) كەس لە ئەندامانی پەرلەمان دژی هەموارەكە وەستانەوە، بۆیە بەشداری دانیشتنەكەی پەرلەمانیان نەكرد. ئەوانەی بایكۆتیان كرد، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی باشورو ناوەڕاست بوون كە داوای ئەوەیان دەكرد لە هەموارەكەدا بڕیار بدرێت لەسەر ئەوەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بە هاوبەشی لەگەل حكومەتی فیدراڵ بەڕێوەببرێن، ئەمەش بابەتێكە كە لەم هەموارەدا جێگای نابێتەوەو دەبێت لە یاسای نەوت و غازی عێراقدا یەكلابكرێتەوە كە لە 2007وە تائێستا ناكۆكی لەسەرەو دەرنەچوێندراوە، هەروەها ئەم پەرلەمانتارانە داوای پێداچوونەوە بە گریبەستە نەوتییەكانی هەرێم و هەندێك بابەتی تریان دەكرد تایبەت بە پارێزگاكانی دیكەی عێراق. هەموارەكە تایبەت بوو بە مادەی١٢/دووەم/ج لە یاسای بودجە، بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەدەركرا لەو نرخەی كە یاسای بودجە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بە گشتیی لە عێراق دیاریكردبوو، كە 6 دۆلارە بۆ تێچووی هەر بەرمیلێك. هەموارەكە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كوردستان بۆ هەر بەرمیلێك بە بڕی 16 دۆلار دیاریكردووە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا لیژنە یاخود كۆمپانیایەكی پسپۆڕی نێودەوڵەتیی بە رەزامەندیی هەردوو حكومەتی بەغدادو هەولێر، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەر كێڵگەیەك بە جیا لە كوردستان دەردەهێنن و دواتر لەسەر بنەمای ئەم راپۆرتە نرخێكی جێگیر بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان دیاری دەكرێت. لە 25ی ئازاری 2025وە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راوەستا، لە مانگی ئۆكتۆبەری 2023وە دەسەڵاتدارانی توركیا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام بە رەزامەندیی حكومەتی فیدراڵی عێراق. لەوكاتەوە تائێستا یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان بەغدادو هەولێر بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بریتییە لە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان. حكومەتی هەرێم بەو شەش دۆلارە قایل نەبوو كە یاسای بودجە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دیاریكردبوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەپێی یاساكە چیتر داهاتی نەوتی هەرێم لە حاڵی هەناردەكردنیدا ناگەڕێتەوە بۆ هەرێم و دەچێتە ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی عێراقەوە، كۆمپانیا نەوتییەكانیش بەم نرخە قایل نەبوو. ئێستا كە ئیتر نرخێكی نوێ بۆ تێچوو دیاریكراوەو حكومەتی هەرێم پێی قایلە، وەكو نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ:" لێرە بەدواوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جیهانەوە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی دەکرێت"، سەرباری ئەمەش نەوتەكە بە نرخی پێشتری كوردستان نافرۆشرێت كە زیاتر لە 10 دۆلار لە خوار نرخی بازاڕی جیهانییەوە بوو، ئێستا ئیتر بە نرخی فەرمی دەفرۆشرێت. بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، لەدوای بەركاربوونی ئەم هەموارەوە، دەبێت حكومەتی هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عیراق "سۆمۆ" بكات. لەبەرامبەریشدا، وەكو (سیپان شێروانی) ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ: پێویستە حکومەتی فیدراڵیش پابەند بێت بە خەرجکردنی هەموو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەیان پێ دراوە. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی كورد رایگەیاند، دوای پەسەندكردنی هەمواری بودجە، یاسا پەسەندكراوەكە دەگەڕیننەوە بۆ حكومەت بۆ ئەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت. دەقی هەمواری یاسای بودجەی عێراق سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان: 🔹وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەڵێن دەدات حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو بکاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت، کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە وەردەگیرێت، بەپێی بڕگەکانی (ا)و (ب)ی ئەم بڕگەیە، بەمەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بەجیا حیسابی بۆ بکرێت، لەلایەن لایەنێكی راوێژکاریی تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە، کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم دەستنیشانی دەکات، لەماوەی (٦٠) رۆژدا لە بەركاربوونی ئەم یاسایەوە، لە ئەگەری ناکۆکی، لەو ماوەیەی پێشوودا، ئەوا ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دەستەی راوێژکارییە دیاری دەکات. 🔹ئەو لایەنە راوێژکارییەی لە بڕگەی پێشوودا ئاماژەی پێکراوە، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پشتی پێدەبەسترێت، حیسابکردنی قەرەبوو كە لە خاڵی (ا)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلە وەرگیراوەكان دەبێت بەپێی بڕگەکانی (ئەلف) و (ب)، لەم بڕگەیە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکومەتی هەرێم. 🔹دەستبەجێ دەست بە گەیاندنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەكرێت بەپێی خاڵەكانی (ا) و (ب)ی ئەم بڕگەیە، و قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشێوەی سولفە، بە تێکڕای (١٦) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە دواتر چارەسەر دەكرێت، دوای تەواوبونی كاری راوێژكاریی تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باسكراوە، لەسەر بنەمای (اپر رجعی) لەرێكەوتی دەستكردن بە رادەستكردنی نەوت بە گوێرەی ئەم هەموارە. دەقی هەموارەكە وەكو خۆی:
درەو: بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوە ڕوونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوتی هەرێم، لە ساڵی 2024؛ # لە (8) کێڵگەی نەوتییەوە، نەوت بەرهەم هێنراوە. # تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە (311 هەزار و 491) بەرمیل. # کۆی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان (114 ملیۆن و 5 هەزار و 815) بەرمیل بووە. # داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (3 ملیار و 841 ملیۆن و 484 هەزار و 635) دۆلار. # تێکڕای بەرمیلێک نەوت بە نزیککراوەیی بریتی بووە لە (33 دۆلار و 69 سەنت)، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق لە ڕێی سۆمۆوە تێکڕا بە (81 دۆلار و 70 سەنت) بەرمیلێک نەوتی فرۆشتووە # ئەگەر بەغدا نەوتی هەرێمی بفرۆشتبا کۆی داهاتەکەی لە بری (3 ملیار و 841 ملیۆن) دۆلار، (9 ملیار و 324 ملیۆن) دۆلار دەبوو تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم لە ماوەی ساڵی 2024دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم لە ماوەی ساڵی 2024دا لە 8 کێڵگەی بەرهەمهێنی نەوتەوە بریتی بووە لە (311 هەزار و 491) بەرمیل، کۆی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان لەو ساڵەدا (114 ملیۆن و 5 هەزار و 815) بەرمیل بووە. لەم بڕە (33 ملیۆن و 74 هەزار و 566) بەرمیلی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان بووە، کە دەکاتە ڕێژەی (29٪)ی هەموو بەرهەم، ئەوەشی بۆ حکومەت ماوەتەوە (80 ملیۆن و 931 هەزار و 249) بەرمیل بووە بە ڕێژەی (71٪). هەر وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا هاتووە، ئاستی بەرهەمی ڕۆژانەو کۆی بەرهەم و پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی هەرێمیش کێڵگە بە کێڵگە جیاکراوەتەوە. کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە ماوەی ساڵی 2024دا لەماوەی ئەمساڵدا داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (3 ملیار و 841 ملیۆن و 484 هەزار و 635) دۆلار، لەم بڕەش هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت (ملیارێک و 121 ملیۆن و 893 هەزار و 406) دۆلار داهاتی نەوتیان بووە. هەرێمی کوردستانیش بڕی (2 ملیار و 719 ملیۆن و 591 هەزار و 229) دۆلاری بۆ ماوەتەوە لە داهاتی نەوت. تێکڕای بەرمیلێک نەوت بە نزیککراوەیی بریتی بووە لە (33 دۆلار و 69 سەنت)، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق لە ڕێی سۆمۆوە تێکڕا بە (81 دۆلار و 70 سەنت) بەرمیلێک نەوتی فرۆشتووە. واتە بە جیاوازی (48) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، کۆی جیاوازییەکە لە ساڵی (2024)دا بۆ ئەو بڕەی هەرێم بەرهەمی هێناوە دەکاتە (5 ملیار و 472 ملیۆن و 279 هەزار) دۆلار. بە مانایەکی دیکە ئەگەر بەغدا نەوتی هەرێمی بفرۆشتایە لە ساڵی (2024)دا ئەوا کۆی داهاتەکەی لە بری (3 ملیار و 841 ملیۆن) دۆلار، (9 ملیار و 324 ملیۆن) دۆلار دەبوو. ئەم خشتەیەی خوارەوە داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2024)دا ڕوون دەکاتەوە. دەقی راپۆرتەكەی روونبیین
درەو: فەرمانبەرێك كاتێك خانەنشین دەبێت (6) موچەی مۆڵەتی كۆكراوەو (12) موچەی تەواوەتی وەردەگرێت، مەرجەكانی وەرگرتنی ئەو دوو موچەیە چیەو پەیوەندیان بەیەكەوە چیە؟ هەردووكیان پێكەوە ئەدرێت یان یەكێكیان بدرێت ئەوەی تریان نادرێت؟ (پاداشتی كۆتایی راژە) و(موچەی مۆڵەتی كۆكراوە ) دووەم/ موچەی مۆڵەتی كۆكراوە (6) موچەی بنەڕەتی موچەی مۆڵەتی كۆكراوە لە زمانی ناو فەرمانگەكاندا پێی دەوترێت (ئیكرامیە) ئەم موچەی مۆڵەتی كۆكراوەیە بە دوورو نزیك پەیوەندی بە مافەكانی خانەنشینیەوە نیە، بەپێی مادەی (45) لە یاسای خزمەتی مەدەنی كاتێك كە فەرمانبەرێك هەواڵەی خانەنشینی دەكرێت مافی خۆیەتی موچەی مۆڵەتی كۆكراوەی (180) رۆژی پێبدرێت كە دەكاتە (6) مانگ، ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە فەرمانبەر مافی ئەوەی هەیە لەمانگێكدا (3) رۆژ مۆڵەت و لە ساڵێكدا (36) رۆژ مۆڵەت وەربگرێت، بەڵام فەرمانبەر ئەو مۆڵەتانەی وەرنەگرتووە، یاسادانەر، بواری داوە ئەو مۆڵەتانەی كەڵەكە بووە، تا (180) رۆژی مۆڵەت بە موچە خەرجی دەكات، لەسەرو (180) رۆژەكەشیەوە دەكرێت بە خزمەتی خانەنشینی و ئەچێتە سەر خزمەتی خانەنشینیی فەرمانبەرەكە. لەبەر ئەوەی كەسێك كە هەواڵەی خانەنشینی دەكرێت مافی خۆیەتی موچەی بنەڕەتی مۆڵەتی كۆكراوەی بۆ خەرجبكرێت، بۆ (180) رۆژ كە دەكاتە (6) مانگ، واتا مەرج نیە هەموو فەرمانبەرێك ئەمەی بۆ خەرجبكرێت ئەكرێت فەرمانبەرەكە لە ژیانی فەرمانبەریدا مۆڵەتی زۆر كردبێت یان ئیحتیمالە (50) رۆژ یان (100) رۆژ مۆڵەتی هەبێت، بەقەدەر ئەو رەسیدەی مۆڵەتەی هەیەتی بۆی خەرجدەكرێت بەمەرجێك نەچێتە سەرو (180) رۆژەوە، ئەم موچەی مۆڵەتی كۆكراوەیە مەرج نیە تەنیا لە خانەنشینیدا خەرجبكرێت بەڵكۆ فەرمانبەرێك كاتێك دەستلەكاركێشانەوە دەدات بە فەرمانگەكەی و فەرمانگەكەی رەزامەندی بۆ دەكات لەو حاڵەتەشدا بۆی هەیە ئەو مۆچەی مۆڵەتی كۆكراوەیە وەربگرێت با خانەنشینیش نەبووبێت، ئەمەش بە گوێرەی بڕگەی (2) لە مادەی (49) لە یاسای خزمەتی مەدەنی. یاسادانەر ئەمەی لەبەر چی كردووە؟، فەرمانبەر ژیانی وەستاوەتە سەر ئەوەی (30) رۆژ جارێك موچەی وەرگرتووەو ئێستا خانەنشین بووەو لەوانەیە (2-3) مانگی پێ بچێت تا مامەڵەی خانەنشینیەكەی دەگەڕێتەوە، یاسادانەر ئەو مافەی داوە بە فەرمانبەرەكە ئەو پارەیەی لەبەردەستدا بێت تا ئەوكاتەی كە مافی خانەنشینیەكەی بۆ جێگیر دەكرێت و موچەی خۆی وەردەگرێت. ئەگەر فەرمانبەرێك موچەی بنەڕەتیەكەی (509) هەار دینار بێت، موچەی (6) مانگی دەكاتە (3 ملیۆن و 54 هەزار) دیناری پێدەدرێت و لەبەردەستیدا دەبێت تا ئەوكاتەی موچەی خانەنشینیەكەی وەردەگرێت. دووەم: پاداشتی كۆتایی راژە (12) موچەی خانەنشینی ئەم (12) موچەیەی كە دەدرێت بە فەرمانبەر لەكاتی خانەشنین بوونیدا، بە گوێرەی یاسای ژمارە (9) ساڵی 2014 بڕیاری لێدراوە وە یەكەمجارە لە تەشریعی عێراقیدا مافی ئاوا بدرێت بە فەرمانبەر ئەمەش وەكو ئیمتیازێكە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی (25) ساڵ خزمەتیان كردووە لە بواری وەزیفیدا (لە 25 ساڵ یەك رۆژ كەمتر بێت ئەو 12 موچەیە شمولی ناكات)، یاسادانەر بڕیاریداوە بۆ هەر فەرمانبەرێك (25) ساڵ و زیاتر خزمەتی هەبێت ئەوا موچەو دەرماڵەی (12) مانگ وەردەگرێت كە دوایەمین موچەو دەرماڵەی وەریگرتووە حیسابە، واتا ئەگەر فەرمانبەرێك كە هەواڵەی خانەنشینی دەكرێت موچەكەی (ملیۆنێك و 500 هەزار) دینار بوبێت لەم حاڵەتەدا، (12) موچەی (ملیۆن و 500) هەزار دینارەی پێدەدرێت كە دەكاتە (18 ملیۆن) دینار، لەرووی یاساییەوە پێی دەوترێت (پاداشتی كۆتایی راژە) ئەمەش پەیوەندی بە مۆچەی مۆڵەتی كۆكراوەوە نیە واتا (6) موچەكە، ئەویان سەربەخۆ وەردەگیرێت و ئەمیشیان سەربەخۆ وەردەگیرێت. لەمەیاندا (12 موچەكە) مەرجە فەرمانبەر (25) ساڵ خزمەتی هەبێت، لەمەیاندا موچەو دەرماڵەكە پێكەوە وەردەگرێت، بەڵام لە موچەی مۆڵەتی كۆكراوە (6 موچەكە) تەنیا موچەی بنەڕەستی (ئیسمی) وەردەگیرێت، ئەم دوانە پەیوەندیان بەیەكەوە نیەو كەسیان نابن بە بەدیلی ئەوەی تر، وەك كەسیان مەرج نین بۆ ئەوەی تر ، دوو یاسای جیاواز رێكی خستوون و پەیوەندییان بە دوو بابەتی جیاوازەوە هەیە. * ئەم بابەتە لە چاوپێكەوتنێكی (درەو) لەگەڵ عەبدولقادر ساڵح شارەزایی یاسایی وەرگیراوە
(درەو): كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق پلانی ئەوەیە تەنیا لەمساڵدا، پرۆسەی هەڵكەندن و نۆژەنكردنەوە بۆ (194) بیرە نەوت بكات. كازم حەبەش خلێف جێگری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق ئاشكرایكرد، لە ساڵی 2024دا كۆمپانیاكەیان (51) بیری نەوتی لێداوەو (137) بیری لە كێڵگە نەوتییە جیاجیاكانی عێراقدا نۆژەنكردوەتەوە، لەوانەش (زوبێر، مەجنون، خۆرئاوای قورنە، بزورگان، خۆرهەڵاتی بەغداد، زیقار، كەركوك). ئەم كارانەی كۆمپانیای هەڵمەندی عێراق لەچوارچێوەی پابەندییەكانیدا بووە بە پاڵپشتیكردن لە پرۆسەی بەرهەمی نیشتمانی و بەهێزكردنی توانای كاركردن. كازم حەبەش كە قسەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق كردووە، دەڵێ: كۆمپانیاكەمان لە ساڵی 2024دا بەرزترین پۆلێنی لە بواری سەلامەتیدا لە كێڵگەی نەوتی مەجنون بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی جێبەجێكردنی كاریگەرانەی سیستەمی بەڕێوەبردنی یەكگرتوو (IMS)و پابەندبوونی توند بە پێوەرەكانی تەندروستیی و ژینگەیی و سەلامەتییەوە، لەپاڵ جێبەجێكردنی پرۆگرامی چڕی راهێنان و بۆ پەرەپێدانی توانای كارمەندان بەگوێرەی نوێترین تەكنەلۆژیای جیهانیی. لەچوارچێوەی روانگەی ئایندەدا، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق باس لەوە دەكات پلانیان بۆ ئەمساڵ (2025) ئەوەیە (64) بیری نەوت لێبدەن و 130 بیری تر نۆژەن بكەنەوە، ئەمەش لەپێناو بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی كەرتی نەوت لە عێراقدا، ئەم پلانەش وەكو خۆی باسی دەكات بەوە بەهێز دەبێت گرێبەستی ستراتیژی نوێ لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی جیهان لە نمونەی (BP ، ENI، CNOOC، Total) بكرێت، كە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر متمانەی گەورە بە تواناكانی كۆمپانیاكەو كارایی لە پرۆسە هونەرییەكانیدا.
درەو: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە واژۆی د. هەیمان تەحسین بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری حزب و رێكخراوە سیاسیەكان نوسراوێكی ئاراستەی "گۆڕانی كوردسات" كردووەو دەڵێت پەلەمەكەن لە ئەنجامدانی بەستنی كۆنفرانسی حزبتان، لەوبەروارەی دیاریتانكردووە كە رۆژی یەكشەممە 2/2/2025 ئەویش لەبەر ئەوەی داوایەك لەلایەن دەستەی گشتی گۆڕانەوە پێشكەشی كۆمسیۆن كراوە. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی "گۆڕانی كوردسات" كە بۆ (درەو) قسەیان كرد دەڵێن: ئەو نوسراوەی كۆمسیۆن داوا دەكرێت پەلە نەكرێت لە ئەنجامدانی كۆنفرانس بەڵام بە مانای هەڵوەشانەوە نایات و لەداهاتوودا جارێكی تر بە واژۆی رێكخەری گشتی نوسراو ئاراستەی كۆمسیۆن دەكرێتەوە بۆ بەستنی كۆنفرانس. لەبەرامبەردا سەرچاوەیەك لە "گۆڕانی گردی زەرگەتە" بە (درەو)ی راگەیاند: نوسراوەكە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو كۆنفرانسەیە كە "گۆڕانی كوردسات" بە نیازبوو لە رۆژی یەكشەممە بیبەستێت، ئەویش لە ئەنجامی تانەی دەستەی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ل فەرمانگەی حزب و رێكخراوە سیاسیەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان. ئەو سەرچاوەیەكی "گۆڕانی گردی زەرگەتە" دەڵێت ئێمە رۆژی 22ی شوبات لە گردی زەرگەتە كۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەین و زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی هەڵبژێردراو لەگەڵ ئێمەیە. لە ئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر گۆڕانی "گەڕەكی كوردسات" بەسەرۆكایەتی دانا ئەحمەد مەجید و گۆڕانی "گردی زەرگەتە" بەسەرۆكایەتی چیا نەوشیروان مستەفادا دابەش بووە" لە نێو ئەو دابەشبوونەدا بەشێك لە ئەندامانی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی لەگەڵ گۆڕانی "گەڕەكی كوردسات"ن كوێستان محەمەد و كەمال موسلیم و بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان لە حكومەت لەگەڵ ئەم بەشەی گۆڕانن، ئەگەرچی ئەم بەشەی گۆڕان بڕیاری كشانەوەی داوە لە حكومەت بەڵام ئەندامانی بەردەوامن لە حكومەت، بەشێكیش لە ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتمانی لەگەڵ "گۆڕانی گردی زەرگەتە"ن لەگەڵ سەرۆكی تیمی حكومەتی بزووتنەوەی گۆڕان دانا ئەحمەد مەجید و بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان لەناو حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێیەكان، ئەم بەشەی گۆڕان بڕیاری كشانەوەیان نەداوە لە حكومەت، بەشێك لە جڤات و ئەندامانی تیمی حكومەت لە لای گۆڕانی "گردی زەرگەتەن" لە وەزیرەكان (دانا عەبدولكەریم). بەشێكی تر لە ئەندامانی جڤات و تیمی گۆڕان لە حكومەت لە لەگەڵ گۆڕانی "گەڕەكی كوردساتن" وەك (كوێستان محەمەد و كەمال موسلیم)، ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییش لەگەڵ هیچ لایەكیاندا نیە.
(درەو): سەرۆك وەزیرانی جەخت لەسەر پابەندبوونی حكومەتەكەی دەكات بەو هەموارەی یاسای بودجە، كە تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان ئامادەكراوەو بەمدواییە لە پەرلەمان گرفتی بۆ دروستكرا. محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا كۆبووەوە، سەرۆكی ئەنجومەن و هەردوو جێگرەكەشی بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەدا. بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، لە كۆبونەوەكەدا باس لە هەمواری یاسای بودجە كراوە، كە لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە، سودانی پابەندبوونی بەو دەقە دووپاتکردووەتەوە کە باس لە پرسی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات لە هەرێمی كوردستان. هەمواری مادەی 12/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا لەبری (6 دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی راستەقینەو دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت. یاسای بودجەی سێ ساڵەی (2023-2024-2025)ی عێراق بڕی (6 دۆلار)ی بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لەسەرتاسەری وڵات دیاریكردووە، ئەمە هەر لەسەرەتاوە ناڕەزایەتیی حكومەتی هەرێمی لێكەوتەوە، بەوپێیەی لە هەرێمی كوردستان بەتێكڕا خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت دەگاتە (24) دۆلارو تێچووی گواستنەوەش بە بڕی (7) دۆلار ئەژماركراوە، واتا بەتێكڕا تێچووی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان بڕی (31) دۆلارە. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 5ی تشرینی دووەمی 2024 هەمواری یاسای بودجەی پەسەندكردو سەرەتای ئەمساڵ هەموارەكەی رەوانەی پەرلەمان كرد، پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ هەموارەكە كردووەو لە لیژنەی داراییش پەسەندكراوە، بڕیاری بوو رۆژی 21ی ئەم مانگە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی هەندێك لایەنی عێراقییەوە گرفتی بۆ دروستكراو لە بەرنامەی كاری پەرلەمان لادرا. لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس، یەكێك لە بەربەستە سەرەكییەكان لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەنێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێمدا بابەتی تێچوونی نرخی نەوت بوو، بۆیە ئامانج لەم هەموارەی یاسای بودجە ئەوەیە هەناردەی نەوتی كوردستان سەرلەنوێ دەستپێبكاتەوە.
درەو: وەزارەتی دارایی عێراق لە رونكردنەوەیەكدا وەڵامی رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە و دەڵێت: دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، چونکە ئێمە دەمانەوێت ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکەین کە زیاتر لە ساڵێکە دەریکردووە و هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە. رونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق: وەزارەتی دارایی ڕونکردنەوە دەدات کە لێدوانەکەی بەڕێز ڕێباز حەملان بریکاری وەزارەتی دارایی لە وەڵامی ئەوەی لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان - وەزارەتی دارایی روونیدەكاتەوە، ئێمە پیشەییانە مامهڵهی لهگهڵ موچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستاندا كردوه و ههمان مامهڵهیه لهگهڵ وهزارهتهكانی دهوڵهتی فیدڕاڵی و ئهو رێكارانهی كاری پێدهكرێت لهگهڵ ههرێمی كوردستانیش جێبهجێ دهكرێت. - دوبارەی دەکەینەوە و کە وەزارەتی دارایی هیچ پەیوەندییەکی بەو بابەتە نییە چونکە دەمانەوێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی كه زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر دهرچوه، جێبەجێ بکەین، بهڵام تا ئێستا هەرێم هیچ داتایەکی نەداوەتە وەزارەت سەبارەت بە خۆجێیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە سەرجەم بانکەکان - هۆکاری دواکەوتنی موچهی هەرێم بۆ جیاکردنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیە کە ڕەوانەی خانەنشینی کراون بۆیە وەک چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە و بەبێ دواکەوتن، زیاتر لە 10 ڕۆژ لەمەوبەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی تیمێکی فەرمانبەرانی وەزارەت لە ژمێریاری، بودجە، ڕەوانە کردوه، بۆ کارکردن لەگەڵ هەرێم بەمەبەستی وردبینی لە لیستەکان و جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی کە ڕەوانەی خانەنشینی کراون بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە 26ی ساڵی 2019 وەک هەموارکراو، حیسابکردنی بڕە پارەکە لە دوایین زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینان و حیسابکردنی پاداشتی کۆتایی خزمەت، هەروەها لێدەرکردنی خانەنشینە کۆنەکان لەوانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە؛ کە ژمارەیان زیاتر لە 29 هەزار فەرمانبەرە - داوا له ههرێم دهكهین كه ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە زیاتر لە موچەیەک وەردەگرن و یاساکانی هەرێم دەیانگرێتەوە، کۆپییەکی ئەو یاسایانەشمان ڕادهست بكات بۆ ئەوەی مانگانە لە لیستەکان دورنەخرێنەوە - پرسی (تهوتین) زۆر پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و پشت نەبەستن بە لیستە کاغەزییەکان بۆ ئەوەی دەستبەجێ موچەکە بگاتە دهستی ئەو کەسانەی کە مافی خۆیانە، ئەوەش مافێکە کە بهپێی دەستور بۆ هەمو فەرمانبەرێک مسۆگەر کراوە، ههربۆیه وەزارەتی دارایی فیدراڵی زیاتر لە جارێک ڕونیکردوهتەوە کە هۆکاری ئەم دواکەوتنە نییە، بەڵکو هەرێمە