Draw Media

تورکیا و بڕیاری وەستانی نەوتی عێراق

 تورکیا و بڕیاری وەستانی نەوتی عێراق

2025-07-25 07:08:42


د. سەردار عەزیز 


ڕۆژی دووشەمە لە گەزەتەی فەرمی تورکیادا بە بڕیارێک کە لە لایەن ئەردۆگانەوە واژۆ کراوە، بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەندەری جەیهان کۆتایی پێکهێنراوە. بڕیارەکە لە ساڵی داهاتودا جێبەجێ دەکرێت.
لە کاتێکدا عێراق و تورکیا لە پلانی دروستکردنی ڕێگای گەشەدابوون، بڕیارێکی وەها هەتا ئاستێک چاوەڕوان نەکراوبوو. بەڵام هۆکاری تر هەن کە وەهایان لە تورکیا کردوە ئەم بڕیارە بدات. لە بەیاننامەی گەزەتەی فەرمیدا هیچ هۆکارێک ئاماژی پێنەدراوە، بەڵام کۆمەڵێک هۆکار لە پشت بڕیارەکەی تورکیا وە هەن.
یەکەم، تورکیا خۆی وەک لایەن و وڵاتێکی جیاواز دەبینێت لە ناوچەکە. بڕیاری عێراق بۆ چون بۆ دادگای پاریس لە لایەن ئەردۆگانەوە وەک جۆرێک لە سوکایەتی بینرا، بۆیە یەکێک لە مەرجەکانی دانوستانی نوێ پیاداچونەوە دەبێت بە بڕیارەکانی ئەو دادگایە لە لایەن عێراقەوە. بەو مانایە کە عێراق دەبێت واز لە بڕی زیاتر لە ملیارێک دۆلار بهێنێت.
دووەم، تورکیا لە ڕوی جیوپۆلەتیکیەوە خۆی لە پێگەیەکی تردا دەبینێت، لاواز بونی ئێران و ڕوسیا لە ناوچەکە، زەمینەی ئەوە سازاندوە کە خەونی عوسمانیەتی بەڵام بە شێوازی جیاواز پیادە بکات. 
سێیەم، تورکیا کارتی تری زۆری هەیە لە سەر عێراق لە سەروی هەمویانەوە ئاو. تورکیا ئێستا وەک ساڵانی حەفتاکان نیە، کە توانای گلدانەوە ئاوی نەبوو، ئەوەی کاکە حەمە بانگەشەی بۆ دەکات، ئەردۆگان پیادەی دەکات. 
لە حەفتاکان کە تورکیا و عێراق ڕێکەوتن، تورکیا وڵاتێکی موحتاج بوو. جارێک بوڵند ئەجەوید بە موکەڕەم تاڵەبانی دەڵێت: ئێمە جگە لە بنکەی ئەنجەرلیک و داهاتی کرێکارانمان لە ئەوروپا هیچ داهاتێکی جێگر و گەورەمان نیە. ئەو کاتە موکەڕەم تاڵەبانی بەرپرسی مەلەفی ئاو بوو لە گەڵ تورکیادا لە لایەن حکومەتی عێراقییەوە. بەڵام ئێستا تورکیا جیاوازە. بۆیە دانوستان لە پێگەیەکی جیاوازەوە دەکات. 
ئاماژەکان وەها دەڵێن کە دانوستانی نوێ بەرفراوان تر دەبێت لەوەی تەنها پەیوەست بێت بە بۆڕی نەتەوە، بەڵکو وزە بە فراوانی لە نێویاندا غاز و هەروەها ئاو و گومانیش دەکەم بواری ئاسایشی و بنکە سەربازییەکانی تورکیاش بگرێتەوە.
لە ڕاستیدا عێراق هێندە پێویستی بەو بۆڕییە نیە وەک جاران، چونکە ئێستا لە ئەوروپا تەنها یونان و تورکیا و ئیتالیا نەوتی عێراق دەکڕن، کە یونان گەورەترین کڕیارە. نەوتی عێراق بە گشتی بۆ ڕۆژهەڵات دەڕوات. بەڵام عێراق وەک وڵاتێک ناتوانێت بیر لە فرە سەرچاوەی هەناردە نەکاتەوە، لە بەر هۆکاری ئاسایشی و جیوپۆلەتیکی. لە کاتی شەڕی عێراق و ئێراندا، ئێران توانیبوی توانای بەرهەمهێنان و هەناردەی عێراق لە باشور بوەستێنێت. بۆیە عێراق هەموو فشاری لە سەر کەرکوک بوو. سەرەتا لە سوریاشەوە هەناردە دەکرا بەڵا ئێرانییەکان توانیان پارەی زیاتر بدەن بە ئەسەدی باوک هەتا بۆڕییەکە دابخات.
کەرکوک چونکە لە ناوەوەی عێراق بوو بوو بە سەرەکیترین سەرچاوەی نەوتی عێراق، لە هەمانکاتدا ستراتیژی ئێران وەها بوو، هەتا عێراق کەمتر نەوت بفرۆشێت کەمتر توانای هێرشی هەیە. هەر ئەمەش بوو کە عێراقی بەرەو قەرزاری زۆر برد لە ناوەڕاستی هەشتاکان. ئەو کاتەی کە چین بڕیاری دا کە چەک بە هەردوو لا بفرۆشێت. 
هەوڵی هێزە کوردییەکان بۆ پەکخستنی هەناردەی نەوتی کەرکوک دەچوە خانەی ئەم ستراتیژەوە، بەڵام گومان هەیە کە لێی بە ئاگا بوو بن. 
عێراق ئەگەر بتوانێت لە ڕوی هەناردەی نەوتەوە دەستبەرداری بۆڕییەکە ببێت وەک دوو ساڵە نەوتی پیادا ناڕوات، ئەوا ناتوانێت لە ئاستەکانی تردا دەستبەرداری بێت چونکە عێراق لە بواری تردا زۆر پێویستی بە تورکیایە و لە هەمانکاتدا دۆخی جیوپۆلەتیکی گۆڕاوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand