کوردستان بەتەواوی لە هاوکێشەی هەناردەکردن دوور دەخرێتەوە؟
(3).png)
2025-07-25 17:47:10
یادگار سدیق گەڵاڵی
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا دەدات (1973-2026): کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ڕێککەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا
تورکیا بە شێوەیەکی تاکلایەنە نیازی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی بۆری نەوت لەگەڵ عێراق لە ساڵی 1973 ڕاگەیاند، لە کاتێکدا وادەی بەسەرچوونی فەرمی لە مانگی تەمموزی 2026 نزیک دەبێتەوە. ئەم هەنگاوە لاکاتێکدایە کە لێکتێگەیشتنی نوێ و جۆرێک لە ڕیێکەتن لە نێوان حکومەتی هەولێر و بەغدا دروست بووە سەبارەت بە بەرهەم و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو لایەنی عێراقی، نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ) مامەڵە لەگەڵ کارەکانی بازاڕکردن و هەناردەکردن دەکات. ئەگەر هەناردەکردن لە ڕێگەی سۆمۆوە نەتوانرا بکرێت، ئەوا نەوتەکە ڕاستەوخۆ دەگەیەنرێتە دەستی وەزارەتی نەوتی عێراق ، بەبێ دەستوەردانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم یان حکومەتی هەرێمی کوردستان.
تورکیا بەدوای دەستکەوتی فراوانتردا دەگەڕێت... عێراقیش پێویستی بە ڕێڕەوێکی سەلامەتە.
هەڵوەشاندنەوی گرێبەستەکە مەرج نییە بەمانای ئەوەبێت کە تورکیا نایەوێت گرێبەست لەگەڵ عێراقدا ئەنجام بدات بەڵکو لە هەمانکاتدا کە ڕایگەیاند گرێبەستەکە هەڵدەوەشێةێتەو ئەنقەرە پێشنیازی رێکەوتنێکی نوێ و فراوانتر و هەمەلایەنتر لە چاو ئەوەی پێشوو پێسکەشکردووە، کە گەرەنتی دەستکەوتی ئابووری فراوانتر دەکات. لە بەرانبەریشدا عێراقیش خاکی تورکیا وەک ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بەشێوەیەکی کاراتر و تێچووی کەمتر دەڕوانێت.
بەپێی گرێبەستەکەی کە ئێستا بەرکارەو ساڵێکی تر لەلایەن تورکیاوە کۆتایی پێدێت، کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت تا بڕی ٤٢١ هەزار بەرمیلی رۆژانە بریتییە لە ١.١٨$ ( تابڕەکەی زیاتر بێت کرێی گواستنەوەی کەمتر دەبێتە وە) ئەگەر قەبارەی هەناردەکردن بۆ یەک ملیۆن و ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبێتەوە، کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک بۆ ٠.٩٤ دۆلار دابەزێت، کە ئەمە بەلای تورکیاوە کەمە. چونکە هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوی هەربەرمیلێک نەوت بۆ بەندەری جەیهان لە ڕێی هەمان بۆرییەوە بڕی ٤.٣١$ دۆللاری داوە بە کۆمپانیای بۆتاش بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت-چارەکی ئەکەمی ٢٠٢٣ . ئەمەش بەو مانایەیە کە تورکیا سێ هێندە زیاتر داهاتی لە هەرێمەوە هەبووە لەوەی لە حکومەتی فیدراڵی هەیبوو بۆ هەمان خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش وایکردووە ئەگەری ئەوە هەبێت لە هەر ڕێککەوتنێکی نوێدا داوای تاریفەی گواستنەوەی زیاتر بکات . بۆیە هەر رێکەوتنێکی نوێ چاوەڕێ دەکرێت تورکیا داوای تاریفەی گواستنەوەی زیاتر بکات لانیکەم رێژەیەک نزیک لەوەی هەرێمی کوردستان ، لەپاڵ ئەوەی داوای تەرخانکردنی بڕێک نەوت دەکات بە نرخی داشکاو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی تورکیا.
ئایا کوردستان بەتەواوی لە هاوکێشەی هەناردەکردن دوور دەخرێتەوە؟
یەکێک لەو خاڵە سەرەکیانەی کە ئایندەی هەرێم لە کارەکانی هەناردەکردندا دیاری دەکات، پەیوەندی بە ئەگەری خستنەڕووی بڕگەیەکی هاوشێوەی هەموارکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ساڵی 2011وە هەیە.
ئایا لە گرێبەستە نوێکەدا بەهەمانشێوەی هەموارەکەی ٢٠١١ بە مادەیەک دەچەسپێنرێت کە تەنها سۆمۆ بۆی هەیە نەوت لە ئەمبارەکانی جەیهان هەڵبگرێت و باری بکاتە سەرکەشتییەکان ( بیفرۆشێت و بەبازاڕی بکات) لەو حاڵەتەدا بەتەواوەتی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە هەناردەکردنی نەوت نامێنێت هەروەک چۆن لە ٢٨ مانگی رابوردودا نەیتوانیوە نەوت هەناردەبکات .
بەڵام لە بەرانبەردا ئەگەر بەغدا نەتوانێت ئەم بڕگەیە بچەسپێنێت یان ئەگەر تورکیا رازی نەبێت بەندێکی وا جێگیر بکات لە رێکەتنە نوێکەدا ئەوا لە بەردەم ئەگەری ئەوەداین کە هەرێمی کوردستان ساڵێکی تر بتوانێت تاکلایەنە نەوت هەناردە بکات و بیفرۆشێت لە ڕێگەی تورکیا و بەندەری جەیهانەوە. ئەمە ئەگەرێکە گەر لاوازیش بێت لە ئێستادس بەڵام لەئەگەری نەبوونی گرێبەستێکی نوێ یان جێگیرکردنی دەستەڵاتی حصری سۆمۆ لە جەیهان رودانی ئەم ئەگەرە زیاد دەکات و ئەوکاتیش ئەوگریمانەیەی کە دەڵێ هەرێم گرەوی لەسەر نوێ نەکردنەوەی گرێبەستەکەی نێوان تورکیا و عێراق کردبێت زیاتر دەبێت، لەم حاڵەتەدا تورکیا ڕەنگە ڕێگە بە حکومەتی هەرێم بدات کە بۆرییەکە بەکاربهێنێت وەک ئەوەی پێش راوەستانی هەناردەکردن لە مانگی ئازاری 2023دا، بەپێی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی ناوبژیوانی پاریس لە بەرژەوەندی عێراق، بەبێ ئەوەی پابەندبوونی فەرمی بە حکومەتی فیدراڵیەوە هەبێت و پێشێلی هیچ ریکەوتنێکیش بکات.
ڕێگای گەشەپێدان: ئاسۆیەکی ئابووری فراوانتر
پێدەچێت تورکیا و عێراق نوێکردنەوەی ڕێککەوتنە نوێیە نەوتییەکان ببەستنەوە بە ڕێککەوتنێکی فراوانتر لە چوارچێوەی پرۆژەی "رێگای گەشەپێدان" ، کە ئامانج لێی گۆڕینی عێراقە بۆ ناوەندێکی ناوچەیی کە کەنداو بە ئەوروپاوە ببەستێتەوە و ڕۆڵێکی ستراتیجی بە تورکیا ببەخشێت وەک ناوەندێک بۆ دابەشکردنی وزە و گاز بەسەر کیشوەری ئەوروپادا.
لەم چوارچێوەیەدا، بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە، ئیتر تەنیا بە رۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نەبەستراوەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەچەند ساڵی رابوردوودا کۆمپانیا تورکییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشایان کردووە لە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان ، بەڵکو ئێستا بەرژەوەندییەکانی تورکیا بە پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا گرێدراوە، ئەمەش چانسی نوێکردنەوەی بەرفراوانتر و هەمەلایەنەی ڕێککەوتننامەی دوو قۆڵی زیاتر دەکات.
پێدەچێت پێوەرەکانی ئێستا ڕوون بن: ئایندەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چۆنیەتی داڕشتنی ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان عێراق و تورکیا. ئەگەر لێکتێگەیشتنی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا تا مانگی تەمموزی 2026 بەردەوام بێت، ئەوا لە ماوەیەکی نزیکدا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دۆخی هەرێم ناکات. لە دەرەوەی ئەو خاڵە، هاوکێشەکە لە دەستی دانوستانکاران دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ هێنانەکایەی فاکتەری نوێی وەک ڕێڕەوی گەشەپێدان و گۆڕانی ئەولەویەتەکانی ئەنقەرە لە بازاڕی وزەی ناوچەکەدا.
ئەم ڕێکخستنەی ئێستا بە شێوەیەکی کاریگەر بەو مانایەیە کە تاکە لایەنێک کە دەسەڵاتی بەکارهێنان یان بەبازاڕکردنی نەوتی هەێمی کوردستانی هەیە- چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا- وەزارەتی نەوتی عێراقە نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم میکانیزمە تا کۆتایی ڕێککەوتنی ئێستا لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت، هاوکات داهاتووی هەناردەکردنی هەرێم دواتر بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنە نوێیەکە دیاری دەکرێت، کە تورکیا ئامادەکاری بۆ دەکات، بە وردی چاودێری وردەکارییە یاسایی و بازرگانییەکانی دەکات.
