Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو میدیا:  ئەو دەنگانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە لە ئێستادا، بە بێ لێكۆڵینەوەو پێداچونەوە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە:. پارتی دیموكراتی كوردستان ( 282298) دەنگ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 69561 ) دەنگ  نەوەی نوێ ( 67240 )  دەنگ  بزوتنەوەی گۆڕان ( 38018 )  دەنگ  كۆمەڵی ئیسلامی ( 34822 ) دەنگ هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی ( 47066 ) دەنگ  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 23402 ) دەنگ حزبی سۆسیالیست ( 1912 ) دەنگ  بزوتنەوەی بابلیون ( 1473 ) دەنگ  هاوپەیمانی نەسر عەبادی ( 812 ) دەنگ   


درەو میدیا:  ئەو دەنگانەی لای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقە لە ئێستادا، بە بێ لێكۆڵینەوەو پێداچونەوە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە:. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 219010 ) دەنگ  بزوتنەوەی گۆڕان ( 144574 )  دەنگ  نەوەی نوێ ( 60444 )  دەنگ  كۆمەڵی ئیسلامی ( 48319 ) دەنگ پارتی دیموكراتی كوردستان ( 43866) دەنگ هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی ( 43431 ) دەنگ  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 28705 ) دەن\ حزبی سۆسیالیست ( 4588 ) دەنگ  حزبی شیوعی ( 1644 ) دەنگ  رەوتی حیكمە ( 1170 ) دەنگ  بزوتنەوەی بابلیون ( 1092 ) دەنگ  هاوپەیمانی نەسر عەبادی ( 727 ) دەنگ   


( درەو میدیا)  لەبەرامبەر پەلامارەكەی فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی بۆسەر گردی زەرگەتە، خواستی پێکهێنانی هێزی 90ی گۆڕان زیاتربووە، كە ( عەدنان عوسمان لە ساڵی 2015 بیرۆكەی پێکهێنانی ئەو هێزەی خستەروو)، دوای ئەوەی شەوی 12ی ئایار جەعفەر شێخ مستەفا بە هێزێكەوە پەلاماری گردی زەرگەتەیدا، لەلایەن هەڵسوڕاووفەرماندەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە وەڵامدرایەوە و هێرشكرایە سەری و ئۆتۆمبیلەكەی چەند گولەیەكی بەركەوتووە، دواتر بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پاراستنی گردی زەرگەتە بانگەوازی كردو، پۆل پۆل لایەنگرانی بەچەكەوە بەرەو گردی زەرگەتە بەڕیكەوتن و ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگریكردن لە گردی زەرگەتە دەربڕی. ئێستا بەشێك لەو لایەنگرە چەكدارەکانی  گۆڕان لە گردی زەرگەتە ماونەتەوە و سەرقاڵی خۆرێكخستنەوەن و دەوترێت ناونوسین دەستیپێكردووە  بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانیان و چۆڵنەكردنی گردەکە، یەكێتی هەستی بەو جموجوڵەی گۆڕان كردووە، لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا دەوترێت چەند جارێك بەرپرسانی یەكێتی لەسەر ئەو پرسە داوای گفتوگۆو دانیشتنیانكردووە. بەتایبەتیش دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان سكاڵای لەسەر ئەو هێرشەی یەكێتی تۆماركردووە. هەیكەلی بزوتنەوەی گۆڕان بە جۆرێكە بەشێك لە فەرماندە باڵاكانی ئەوكاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەشێك لە پێشمەرگە دێرینەكانی شاخ هاتنە ریزی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆیە ئێستا ژمارەیەكی زۆری فەرماندەی سەربازیی و كارەكتەری سەربازی لەناو گۆڕاندان. هەموو ئەو فشار و پەلامارانەی كە دەكرێنە سەر گردی زەرگەتە یاخود ئەو هەڕەشانەی لە بزوتنەوەکە و لایەنگرانیان دەكرێت، خواستی چەكداركردنی بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر دەكات و مەیلی پێکهێنانی هێزی چەكداری لەناو گۆڕاندا زیاتر دەكات، بەجۆرێك بەشێكی زۆری سەركردە و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە لەگەڵ دامەزراندنی هێزی چەكدارن هاوشێوەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و 80 ی پارتی، هێزی 90ی بزوتنەوەی گۆڕان دابمەزرێنرێت، چونكە ئەو فشارو هێرشانەی دەخرێنە سەر بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو فێڵ و ساختەكاریانەی دەكرێن بە هێزی چەكدار و پاڵپشتی هێزی چەكدار دەكرێن. نەبونی هێزی چەكدار وایكردووە، دەستەوستانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاست ئەو ساختەكاری و فێڵانەی كە لێی دەكرێن، بە جۆرێك لە جۆرەكان لایەنگرانی گۆڕانی بێهیوا كردووە، بۆیە بەردەوام ئەم دۆخە و بێدەنگ نەبوونی فەرماندە سەربازیەكانی گۆڕان لەبەرامبەر هێرش و پەلاماری فەرماندە سەربازیەكانی هێزە باڵا دەستەكان، مەیلی پێکهێنانی هێزی چەكداری لەناو بزوتنەوەی گۆڕان زیادتر کردووە.    


راپۆرتی: نیاز عەبدوڵڵا سێ كاتژمێر دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا وتی "بەخۆشحاڵیەوە، پرۆسەی ئازادانەی ھەڵبژاردن، بەبێ ھیچ چەشنە رووداوێكی نەخوازراو، كۆتایی ھات لەدوا ئەنجامدا، ئەزموونی دیموكراسی و گەلی كوردستانمان و ھەموو لایەنە سیاسیەكان سەركەوتین". بەڵام لە هەمان كاتژمێری راگەیەندراوەكەدا‌ هەشت لایەنی سیاسی كە پێشتر لە دۆسیەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە ناتەبایی لە نێوانیاندا هەبوو ئەنجامەكەیان لە سلێمانی و كەركوك رەتكردەوە و "هاككردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردن"یان لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی راگەیاند و "هێزێكی یەكێتی هێرشی چەكداری بۆسەر گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا". سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هێرشی چەكداری حیزبەكەی و رەزامەندییان بكات لە ژماردنەوەی دەنگەكان بە رێگای دەست، ئەمڕۆ 13ی ئایار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "ھێرشی ناڕەوا بۆ سەر یەكێتی قبوڵ ناكەین و بێمەنەتیشین لە لێكۆڵینەوە لەئەنجامی ھەڵبژاردنەكان". سەعدی پیرە پێی وابوو "ئەوە حەملەی راگەیاندنی دەزگایەكی سێبەری پارتییە لە دژی یەكێتی كە پارتی خۆی بەشداری هەڵبژاردنەكانی كەركوكی نەكردووە و هێزەكانیش كەوتوونەتە دوای پڕوپاگەندەی ئەو". قسەكانی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دیدگای كۆمەڵی ئیسلامی وەك یەكێك لە هێزە ناڕازییەكان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و گومانەكانی گۆڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە لایەن یەكیتییەوە نەگۆڕی، زانا رۆستایی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی لە پارێزگای هەولێر بە (درەو میدیا)ی راگەیاند "ئێمە بە ئاشكرا هەست دەكەین‌ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لە خراپترین بارودۆخی تەنزیمی نێوخۆییدایە ئەنجامی دەنگەكانی راستەقینەنین و‌ هاوكاری كراوه ‌بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێك، بۆیە دەیەوێت پارێزگاری لەو دەنگانە بكات بە هەر نرخێك بێت و‌ ئامادەیی تێدا نییە وەك پارتی دیموكرات رایبگەیەنێت كە ئامادەیە ژماردنەكە بە دەست بكرێت". لەگەڵ ئەوەشدا زانا رۆستایی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی بە "یەكلاكەرەوە" وەسف كرد و وتی "ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیار دەربكات و سوور بێت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەكان، ئەوكات یەكێتی هیچ رێگایەكی لەبەردەم نامێنێت یان دەبێ ئەنجامەكانی ئەم سنوورە هەڵبووەشێندرێتەوە كە ئەوكات هەموو لا زەرە دەكەین یان دەبێ ژماردنی دەستی ئەنجامبدرێت". تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجامەكانی پارێزگای سلێمانی ناڕازییە، بۆیە لە زاری وتەبێژ حیزبەكەی مەحمود مەحەمەد وتی "بە بەراوردكردنی دەنگی دەنگدەركەنمان، لە پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكەكانی دیكەی ئەو پارێزگایە، گومانی زۆرمان لە لا دروستبووە، كە بەشێوەیەكی رێكخراو دەستكاری دەنگی دەنگدەران كرابێت". بۆیە مەحمود محەمەد ئامادەیی حیزبەكەی راگەیاند بەوەی‌ وەك  پارتی ئەو ئەنجامە راگەیەندراوەی پارێزگای سلێمانی قبوڵناكەن و داوادەكەن "پڕۆسەی ژماردن بە دەست ئەژماربكرێت و ئەگەر پڕۆسەی ژماردن بە دەست لە سەرتاسەری كوردستان ئەنجامبدرێ بە كارێكی باشی" دەزانن. یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی، لە 12ی ئایار رایگەیاند "بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دەنگەكانی هەژماركردووە و ئەنجامەكان پێچەوانە بوونەتەوە". لەبەرئەوە رۆژی 13ی ئایار لە بەیاننامەیەكی نویێدا جگە لە جەختكردنەوە لە ئەنجامدانی ساختەكاری و قبوڵنەكردنی ئەو ئەنجامانە لە پارێزگای سلێمانی‌، ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی حیزبەكە رایگەیاند "لەسەرئاستی پارێزگاكانی هەرێم و پارێزگای كەركوك بە گشتی ئەنجامەكان رەتدەكەینەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەكە و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەكەین لەنزیكترین كاتدا".   لە نێو كۆی هەشت هێزە ناڕازییەكە (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، حیزبی شیوعی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی) بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا حیزب بوو كە لە لایەن هێزێكی چەكداری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجامی هەڵوێستەكانی هێرشی چەكداری كرایە سەر مەكۆكەی و ماڵپەڕی سبەی و كەناڵی KNN.  محەمەد عەلی بەرپرسی ژووری تویژینەوەی سیاسی بزووتنەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند "ئاراستەی تەقاندنی گولەكان بۆ ناو باڵەخانەی مەكۆ بە ئامانجی كوشتنی ئەو كەسانە بووە كە ئەو كات لەوێ بوونە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو هێرشە چەكدارییە دوو كەسمان لە گردەكە بریندار بووە و زیانی ماددی زۆر كەوتۆتەوە". پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان دڵشاد حوسێن سەبارەت بە فراوانی هەڕەشەكان بۆسەر بزووتنەوەكە لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان بە (درەو میدیا)ی وت "لە دەربەندیخان هێزە چەكدارەكانی یەكێتی هاتبوونە پێش مەكۆ و تەقەیان بە ئاسماندا دەكرد و هەڕەشەیان دەكرد، تا هاووڵاتیانی گۆڕانخواز هاتن و پشتێنەی ئەمنیان دروست كرد، بەو جۆرە دەستدرێژییەكان وەستان، ئەم جۆرە رووداوە لەو شەوە لە هەڵەبجە و سەید سادق و چەند ناوچەیەكی تریش روویاندا". لەبەرئەو رووداوانە،‌ لە بەیاننامەكەی 13ی ئاریدا بزووتنەوەی گۆڕان وتی "شەوی رابردوو چەكدارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەو چەكانەی كە دەبوو بەرگری لە كەركوك‌و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان بكەن پەلاماری مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان-یان دا". هاوكات بزووتنەوەكە جگە لە پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە كوردستانییە جێناكۆكەكان دەنگەكانی هەندەرانیشی رەتكردەوە و رایگەیاند‌ لەگەڵ "كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری‌، یەكگرتوی ئیسلامی، حیزبی شیوعی كوردستان‌و بزوتنەوەی ئیسلامی رێكاری یاسایی‌و هەوڵی سیاسی دەگرینەبەر". جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەكێكی تر لەو هێزانە بوو كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی رەتكردەوە، لەو بارەیەوە كۆسرەت ئەحمەد كاندیدی تەڤگەری ئازادی لە جوڵانەوەكە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (درەو میدیا)ی وت "لە هەولێر هەمان ساختەكاری كراوە، بەڵام دیارە وەك هەمیشە پارتی بە هێمنی و ژێربەژێر كارەكانی ئەنجام دەدات، پێش هەڵبژاردن دەنگۆی هاككەری رووسی هەبوو لە هەولێر، سەردانی نێچیرڤان بارزانیش بۆ روسیا پێش هەڵبژاردن و لەم كاتی بانگەشەكان بێ بنەما نەبوو". كۆسرەت ئەحمەد وای دەبینێت "بەردەوام بوونی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان بەردەوامبوونی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدادی لێدەكەوێتەوه، ئەمەش قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوورییه،‌ چونكە پەیوەندییە سیاسییەكان پەیوەندی شەخسین و لەسەر ئاستی دامەزراوەیی نین". رۆژی 12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەمان رۆژ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە هەڵبژاردنەكاندا لە سەرتاسەری عێراق 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام 10ملیۆن و 844هەزار و 989 كەس دەنگیان داوە كە كۆی گشتی بەشدارییەكە دەگاتە رێژەی 44.52% دەنگدەر". پاش بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی هێزە سیاسییەكان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ ئەو سندووقانەی كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە‌ تاوەكو پشكنین بۆ سندوق و ئامێرەكان بكەن. وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقیش فەرمانێكی بۆ هێزە ئەمنییەكانی كەركوك و هەرێمی كوردستان دەركرد بۆئەوەی "بێلایەن بن لە مامەڵەكردن لە دۆسیەی هەڵبژاردنەكان و ئاسایشی ناوچەكە بپارێزن".  وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەرباز محەمەد  13ی ئایار لە راگەیەنداوێكدا وتی "سێ لیژنە لە بەغدادەوە دێنە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم، بەمەبەستی پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوە لەو سكاڵایانەی‌ كە  لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆماركراون". .  


 بەپێی زانیاریەكان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا لە كۆی 11 كورسی پارێزگای دهۆك بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان 10 كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش 1 كورسی بەدەستهێناوە. پێشترو لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2018 پارتی 8 كورسی و یەكگرتوو 2 كورسی و یەكێتی 1 كورسی بەدەستهێنابوو. 


لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیستە كوردیەكان 65 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەیە، كە 62 ی گشتی و 3 ی گشتیە بەم شێوەیە: پارتی دیموكراتی كوردستان 7 كورسی لە هەولێر، 8 لە دهۆك ، 2 لە سلێمانی، 2 لە كەركوك، 6 لە نەینەوا، 3ی كۆتاكان، كۆی گشتی 28 كورسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 4 كورسی لە هەولێر، 1 لە دهۆك ، 6 لە سلێمانی، 6 لە كەركوك، 2 لە نەینەوا،2 لە دیالە، كۆی گشتی 21 كورسی بزوتنەوەی گۆڕان  2 كورسی لە هەولێر، 7 لە سلێمانی، كۆی گشتی 9 كورسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان 2 كورسی لە سلێمانی و 2 كورسی لە دهۆك، كۆی گشتی 4 كورسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان  2 كورسی لە دهۆك و 1 كورسی لە سلێمان كۆی گشتی 3 كورسی 


(درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هاوپەیمانی و لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، فشارەكانیان چڕكردووەتەوە بۆسەر كۆمسیۆن تا بڕیارێك لەسەر ئەو ساختەكارییانە بدات كە لە ئەنجامی دەنگداندا كراوە، ئەگەر كۆمسیۆن و حكومەتی عێراق چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە نەدۆزنەوە ئەوا ئەو لایەنانە بیر لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی و كشانەوە لە بەغداد دەكەنەوە بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە. یەكێك لە بژاردەکان كە لایەنە ناڕەزاییەكان بە پارتیشەوە لەبەردەمیاندایە بایكۆتی پرۆسەی سیاسییە لە عێراق، ئەمە بژاردەیەكی بەهێزی بەردەم ئەو لایەنانەیە كە رەخنەی توندیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان هەیە و پێیان وایە ساختەكاری بەجۆرێك بووە هەموو سنورێكی تێپەڕاندووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی " درەو میدیا" ئێستا ژمارەیەك لایەنی ناڕازی لە هەڵبژاردنەكان كۆبونەوە و گفتوگۆكانیان چڕكردوەتەوە، سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی دوای هەڵبژاردن، یەكێك لە بژاردەكانی ئەو لایەنانە بژاردەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسییە لە عێراق، كە لەو پرسەدا پارتی دیموكراتی كوردستانیش هاوڕایە لەگەڵیاندا، بەو پێیەی هەرلەسەرەتاوە پارتی لەگەڵ بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسی بووە لە بەغداد، هەریەك لە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو هاوپەیمانیش كە بەهۆی ساختەكارییەوە ،دەنگ و كورسییەكانیان زۆر كەمیكردووە،  ئەگەر بەغداد كێشەكەیان بۆ چارەسەر نەكات، ئەوا بژاردەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق دەكەن.    


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ رۆژی شەممە 12ی ئایار دەنگدەرانی عێراق لە یەكەم هەڵبژاردندا دوای شكستپێهێنانی رێكخراوی داعش چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، دەنگدانێك كە كاریگەری دەبێت لەسەر هاوسەنگی هێزەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بەمشێوەیەكی خوارەوە بە گوێرەی دەستوری عێراق كابینەی نوێی حكومەت پێكدەهێنرێت كە 90 رۆژی بۆ ئەو پرۆسەیە دیاریكردووە: - كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان  شەوی هەینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی راگەیاند - فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق داوا لە پەرلەمانی هەڵبژێدراو دەكات لە ماوەی 15 رۆژ دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان كۆببێتەوە. - پەرلەمانتاران لە دانیشتنی یەكەمدا بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری، سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرن. - پەرلەمان بە كۆی دەنگی دوو لەسەر سێ‌ لە ماوەی 30 رۆژدا دوای دانیشتنی یەكەمی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت. - سەرۆك كۆماری نوێ‌ كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌. - سەرۆك وەزیران راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و خستنەڕووی ناوەكانیان لە پەرلەمان بۆ متمانە پێدانی. - پێویستە پەرلەمان بەرنامەی حكومەت پەسەند بكات و هەر وەزیرێك بەجیا دەنگی لەسەربدرێت و بە زۆرینەی رەها متمانەی پێببەخشرێت. -  ئەگەر سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو نەیتوانی لەماوەی 30 رۆژدا كابینەی حكومەت پێكبهێنێت، یان پەرلەمان رەتیكردەوە متمانە بە حكومەت ببەخشێت، ئەوا پێویستە سەرۆك كۆماری كاندیدێكی تر رادەسپێرێت لە ماوەی 15 رۆژدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت.    


ئەنجامە نافەرمییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دۆخی سلێمانی  ئاڵۆزكرد، بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی و كۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شویعی كوردستان بە ئەنجامەكان قایل نین و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان دەكەن. ئەو لایەنانە یەكێتی نیشتمانی كوردستان تۆمەتبارددەكەن بەوەی كە ساختەكاری كردووە و لە رێگەی هاككردنی سیستمی ئەلیكترۆنیی دەنگدانەوە دەستكاری دەنگەكانی كردووە لە بەرژەوەندی خۆی. گوشاری ئەو لایەنانە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقی ناچاركرد سێ‌ لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات. یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە تۆمەتباركراوە بە هاككردنی سیستمی ئەلیكترۆنیی دەنگدان، ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە و بڕوای وایە كە ئەو ئەنجامانەی بڵاوكراونەتەو دەنگی فەرمیی حزبەكەیەتی. سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند حزبەكەی بێ منەتە لە لێكۆڵینەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و پابەندی هەر بڕیارێكیش دەبن كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەریبكات. پیرە وتیشی ئەوانیش لە ئەنجامی دەنگەكانیان لە دهۆك و موسڵ و هەولێر ناڕازین و سكاڵا تۆماردەكەین. دەربارەی هاككردنی ئامێرەكانی دەنگدانیش سەعدی پیرە وتی: “سه‌رجه‌م پڕوپاگه‌نده‌كان ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و ناكرێت له ‌شارێك جیهازی ده‌نگدان هاككرابێت و له ‌شارێكی تر هاكنه‌كرابێت ئه‌و سیستمه‌، سیستمێكی سه‌رتاسه‌رییه‌ و ئه‌گه‌ر هاككرابێت ده‌بێت له‌سه‌رتاسه‌ری عیراق هاككرابێت، خۆ ئه‌و سیستمه‌ فه‌یسبوكی كه‌سێك نیه‌ كه‌ هاككرابێت. ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ناڕازین، چونكه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یان به‌ دڵی ئه‌وان نه‌بووه‌ ده‌ڵێن هاككراوه‌ و ساخته‌كاری كراوه‌، ئه‌وه‌ كۆمیسیۆنه‌ بڕیار ده‌دات نه‌ك ئه‌و لایه‌نانه‌ ئه‌وانه‌ ده‌یانەوێت له‌ گه‌ڵ گورگ گۆشت بخۆن و له‌گه‌ڵ مه‌ڕیش شیر بخۆنه‌وه‌”. ئاڵۆزبوونی دۆخی شاری سلێمانی بەهۆی راگەیاندنی ئەو ئەنجامە نافەرمیانەوە پارێزگاری سلێمانی هێنایە سەرخەت، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ پاراستنی بێلایەنی هیچ بەشدارییەكی نەكرد، لە پەیامێكدا داوا لە كۆمسیۆن دەكات گومانەكانی سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان برەوێنێتەوە، ئاماژە بەوەش دەكات ئەنجامە بەراییەكان گومانی لای هەمو قەوارە سیاسییەكان دروستكردووە.  هەڤاڵ ئەبوبەكر لەپەیامەكەیدا دەڵێت “ئەنجامە بەراییە ڕانەگەیەنراوەكانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی، گومان و ناڕاستی لای ھەموو قەوارە سیاسییەكان دروستكردوە و لەبری ئەوەی ھەڵبژاردنەكان ئارامیی وئاسایش بێنێتە كایەوە، بونەتە مایەی تێكدانی ئاسایش و ئارامیی خەڵك و قەوارە سیاسییەكان لە پارێزگاكەماندا”.   پارێزگاری سلێمانی داواش لە كۆمسیۆن دەكات پەلە بكات لە یەكلایكردنەوەی بابەتەكە‌ و گومانەكان بڕەوێنێتەوە.  


( درەو میدیا) (هێرشی سەر گردی زەرگەتە دوای چەندین تەلەفۆن و شەڕە قسەی نێوان سەركردەكانی گۆڕان و یەكێتی بووە ) لە دوای كاتژمێر 8ی شەو دوای بڵاوكردنەوەی بەشێك لە ئەنجامی بەرایی دەنگەكان و راگەیەنراوی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئامێری دەنگدانەكە هاكکراوە لەلایەن یەكێتیەوە، بافڵ تاڵەبانی تەلەفۆن بۆ سەركردەكانی گۆڕان دەكات و پێیان دەڵێت: پێویست ناكات بەو شێوەیە كاردانەوەتان هەبێت ئەوە ئەنجامەكەیە و پێویستە قبوڵی بكەن، بەرپرسانی گۆڕان پێی رادەگەیەنن ئەو ئەنجامە بە كێ قبوڵ دەكرێت، ساختەكاریش دەكەن بەو شێوەیە، بافڵ دەڵێت ئێمە پێمان باشە قبوڵی بكەن و ئیتر ئەوە ئەنجامەكەیە و تەواو، سەركردەكانی گۆڕانیش دەڵێن هەرگیز ئەو ئەنجامە قبوڵناكەین، پەیوەندییە تەلەفۆنیەكە كۆتایی دێت.( بەپێی وتەی سەركردەیەكی باڵای گۆڕان )  دوای نیو كاتژمێر شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە تەلەفۆن بۆ سەركردەكانی گۆڕان دەكات و پێیان دەڵێت ئەو هەڵایەتان لە چیە ئەوە ئەنجامەكەیە و دەبێت قبوڵی بكەن، سەركردەكانی گۆڕانیش زۆر بە توندی وەڵامی دەدەنەوە و ماوەی زیاتر لە 20 خولەك شەڕە قسە و هەڕەشە لە نێوانیاندا روودەدات، لە كۆتاییدا شێخ جەعفەر بە سەركردەكانی گۆڕان دەڵێت: ئەگەر قبوڵی نەكەن دێینە سەرتان، سەركردەكانی گۆڕانیش دەڵێن بفەرموون وەرن چێتان لەدەست دێت بیكەن، دواتر شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بە هێزێكەوە دێتە سەر گردی زەرگەتەوە بە دۆشكە و ئاربیجی تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن و بەتایبەتیش قاتی دووەمی بینای مەكۆی سەرەكی  بزوتنەوەی گۆڕان كە شوێنی دانیشتن و كۆبوونەوەكانی  نەوشیروان مستەفا بووە چەندین گولەی بەردەكەوێت و لە قاتی سێیەمی بیناكە كە ژووری سایتی سبەیە چەندین گولەی بەردەكەوێت، قاتی سەرەوەی بیناكە كە ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕانە ئەویش ژمارەیەك گولەی بەردەكەوێت، واتە هێرشەكە بە رێكخراوی بووە و تەقەكردنەكەش ئامانجدار  بووە، چونكە لەو كاتەدا لە قاتی دووەمی بیناكە لە شوێنی دانیشتنی نەوشیروان مستەفا وەفدی ( كۆمەڵ ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی ، گۆڕان ) لە كۆبونەوەدابوون.  لە بەرامبەر ئەو تەقانەی هێزەكەی شێخ جەعفەر پاسەوانانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانیش وەڵامیان دەدەنەوە و بۆ ماوەیەك شەڕە تەقە دروست  دەبێت و ژمارەیەك  كەس برینداردەبن .  ساتی تەقەكردن لە گردی زەرگەتە  دواتر بزوتنەوەی گۆڕان داوا لە لایەنگرانی دەكات بۆ پارێزگاری لە گردی زەر گەتە بێنە گردەكە و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆری لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەچنە گردەكە بۆ پارێزگاری لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای شەڕە تەقەكەش سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە هەمان بینا دەبن كۆبونەوەكانیان چڕدەكەنەوە و بۆ پەیوەنیدكردن بە لایەنە پەیوەندیدارەكان بە تایبەتیش نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، سەرەنجام رازی دەبن لیژنەیەكی باڵای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بێتە سلێمانی لێكۆڵینەوە لە دەنگەكان بكات و جارێكی تر دەنگەكان بە دەست ببژێردرێنەوە .   ............... تەواوی زانیارییەكان لە سەركردەیەكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕانەوە وەرگیراوە ...


(درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیی و یەكگرتووی ئیسلامی  و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن لە كەركوك و هەرێمی كوردستان. ئەو چوار حزبە لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند كۆی پرۆسەی دەنگدان و ئەنجامەكەی رەتدەكەنەوە و پابەندی نابن و داواشیانكرد پرۆسەی دەنگدان لە هەرێم و كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ئەنجامبدرێتەوە.  


( درەو میدیا) پارتی دیموكراتی كوردستان داوا دەكات دەنگی سندوقەكانی هەموو پارێزگاكانی هەرێم جارێكی تر بەدەست جیابكرێنەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانیش رەتدەكاتەوە. مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا وتی:"  به ‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و به‌راوردكردنی ده‌نگی ده‌نگده‌ركه‌نمان، له‌ پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌، گومانی زۆرمان له‌ لا دروست بووه‌، له‌وه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو ده‌ستكاری ده‌نگی ده‌نگده‌ران كرابێت، مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی گوتیشی: بردنی سندووقه‌كانی ده‌نگدان گومانمان له‌سه‌ر ده‌ستكاریی ده‌نگه‌كان به‌ سوودی لانێكی دیاریكراو زیاتر ده‌كات، شایه‌نی باسه‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی به‌شدار له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ هه‌مان شێوه‌ گومانیان له‌ پاكی و بێگه‌ردیی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی هه‌یه‌" وتەبێژی پارتی وتیشی :"  وه‌كو پارتی ڕایده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی راگه‌یه‌ندراو قبووڵكراو نین و، داواده‌كه‌ین پڕۆسه‌ی ژماردن به‌ ده‌ست ئه‌ژمار بكرێ و، ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌ی ژماردن به‌ ده‌ست له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان ئه‌نجام بدرێ به‌ كارێكی باشی ده‌زانین، تا گومانی هه‌موو لایه‌ك بڕه‌وێته‌وه‌ و ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیری پارێزراو بێت." دەقی ڕاگەیەندراوەكە: به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و به‌راوردكردنی ده‌نگی ده‌نگده‌ركه‌نمان، له‌ پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌، گومانی زۆرمان له‌ لا دروست بووه‌، له‌وه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو ده‌ستكاری ده‌نگی ده‌نگده‌ران كرابێت، هه‌روه‌ها بردنی سندووقه‌كانی ده‌نگدان گومانمان له‌سه‌ر ده‌ستكاریی ده‌نگه‌كان به‌ سوودی لانێكی دیاریكراو زیاتر ده‌كات، شایه‌نی باسه‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی به‌شدار له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ هه‌مان شێوه‌ گومانیان له‌ پاكی و بێگه‌ردیی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی هه‌یه‌. بۆیه‌ وه‌كوو پارتی ڕایده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی راگه‌یه‌ندراو قبووڵكراو نین و، داوا ده‌كه‌ین پڕۆسه‌ی ژماردن به‌ ده‌ست ئه‌ژمار بكرێ و، ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌ی ژماردن به‌ ده‌ست له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان ئه‌نجام بدرێ به‌ كارێكی باشی ده‌زانین، تا گومانی هه‌موو لایه‌ك بڕه‌وێته‌وه‌ و ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیری پارێزراو بێ. مه‌حموود محه‌ممه‌د گوته‌بێژی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان  


بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی پەیامنێری سەر بە پارتی ئەدھەم بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و ھەلەبجە ڕایگەیاند: شك و گومانی تێدا نیە سیستەمی ئەلیكترونی بۆ بەرژەوەندی یەكێتی ھاككراوە یان دەستكاری ئەنجامەكان كراوە.  


(درەو میدیا): هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند، دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە. دەقی رونكردنەوەكە: روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار ئەكەین كە یارییەكی ترسناك بەدەنگەكانی ئێوەوە كراوە و ژمارەی سەیرو سەمەری گوماناوی خراونتەڕوو، ئێمە بە وردی چاودێری دۆخی هەڵبژاردنەكانمان كردوەو بەهەموو پێوەرەكان ئەو ژمارانەی دەخرێنەڕوو دروست نین و یاری بەژمارەكان كراوە. داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بەرگری لە دەنگەكانی خۆیان بكەن رێگەنەدەن دەستی ساختەكاری بگات بە موقەدەراتی ئەوان و یاری دەنگەكانتانەوە بكرێت. ئێمە وەك هاوپەیمانی ئەو دەرئەنجامانە رەتدەكەینەوە كە خراونەتەڕوو، هەروەها هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەیەنە كارو هەموو رێگایەكی یاسایی و مەدەنی دەگرینەبەر بۆ داكۆكیكردن لە دەنگەكانی هاوڵاتیان، هەروەها كۆمیسۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاگادار دەكەینەوە و رێگە نادەین دەرئەنجامی ساختەكاری فەرزبكرێت بەسەر هەڵبژاردنەكەدا، بەڵگەی ساختەكاریەكانیش ئەوەیە لە رێگەی فەرزكردنی دەنگەكانی چەند سندوقێكەوە ئەو راستیە دەركەوتوە كە بەشێوەیەكی رێكخراوەیی یاری بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە كراوە.  هاوڵاتیانی خۆشەویست.. پێشتر دەسەڵات لەڕێگەی قۆرغكاری بازاڕو دزینی داهاتی وڵاتەوە ویستویەتی بەردەوامی بەدەسەڵاتی خۆی بدات، ئێستاش ئەیەوێت لەڕێگەی دزینی دەنگەكانی ئێوەوە جارێكی تر درێژە بەدەسەڵات و ستەمی خۆی بدات. هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری 12/5/2018  


جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ رایدەگەیەنێت ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و پسوڵەكان دوورن لە راستییەوە داواش لە لایەنەكانی تری دەرەوەی یەكێتی و پارتی دەكات بێنە پێش و پێكەوە كاربكەن لەسەر دەستكارینەكردنی دەنگە راستەقینەكانی ناو سندوقەكان و هەروەها ناو سێرڤەرەكە. دەقی راگەیەندراوەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: هەرجەندە نەوەی نوێ لەسەر ئاستی هەمو کوردستان دوەمە و لە هەندێک لە شوێنەکان یەکەمە و لە کەرکوک دوەمە و لە هەولیر دوەمە، بەڵام ئێمە هێشتا بەم دووەمە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رازی نین، کە دو حیزبی دەسەلات دەستکاری ئەنجام و پسولەکانیان کردوە ،بە تایبەت  یەکێتی لەسەر ئاستی سلێمانی و هەندێ ناوچەی تر دەسکارییەکی زۆری دەنگەکانی کردوە. بۆیە، هەمو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو پسوڵانەی دەدرێن بە چاودێرەکان و بڵاودەکرێنەوە، دورن لە راستیەوە و دو پارتی دەسەڵاتدار دەنگەکانیان زۆر زۆر کەمترە لەو ژمارەیەی بڵاویانکردووەتەوە و تەنها ئەمانە پسوڵەکەیان لە دەرەوەی سیستەمەکە و سێرڤەرەکە پرینت کردوە، بێ پشتبەستن بە داتا و زانیاری ناو سیستەمەکە و ناو سندوقەکان. چاوەڕێی هەڵوێستی لایەنەکانی تری دەرەوەی (یەکێتی و پارتین)، کە بێنە پێش و پێکەوە کار بکەین لەسەر دەستکاری نەکردنی دەنگە راستەقینەکانی ناو سندوقەکان و هەروەها ناو سێرڤەرەکە. وەک وتمان ، هەرچەندە ئەنجامەکەی  نەوەی نوێ رەنگە بە لای زۆرێکەوە سەپرایز بێت ، بەڵام هێشتا دڵنیاین سەد لە سەد کە ئەو ئەنجامانەی دو پارتی سەرەکی دورن لە راستیەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی راستەقینەین لە کۆمسیۆنەوە بە فەرمی لە بەغدادەوە بڵاوبکرێتەوە بە پست بەستن بە ژمارەی راستەقینەی دەنگەکانی ناو سندوقەکە و هەروەها داتا و زانیاری ناو سێرڤەرەکە، ئەوکاتە هەڵوێستی کۆتایی خۆمان رادەگەیەنین. جوڵانەوەی نەوەی نوێ ١٢/٥/٢٠١٨  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand