( درەو میدیا): فراكسیۆنی گۆڕان لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان (5) كەسە، بەشداری یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانیان نەكرد. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، كاوە محەمەد كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، لەلایەن خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێیان راگەیەنراوە بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمان نەكەن. كاوە محەمەد وتی:" بەشدارینەكردنمان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، بۆ رێزگرتن بوو لە دەنگدەرانی خۆمان لەبەرامبەر ئەو ساختەكارییانەی كە بەرامبەر بە دەنگدەرانی گۆڕان كرا، لە هەمانكاتدا ئەو رێككەوتن و هاوپەیمانێتییانەی كە كراوە بەبێ ئاگاداری ئێمە بووەو نازانین چۆن كراوەو لەسەر چی كراوە، بۆیە ئێمە تەنها بەشداری یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانمان نەكردووە و سوێندی دەستووری نەخواردووە". دەبێت جڤات بڕیاربدات لەلایەكی ترەوە، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ میدیای حزبەكەی دەڵێ:" بەشدارینەكردنی نوێنەرەكانیان لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیوەستە بە بڕیاری سیاسی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە". "پێشتر جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە ئەو ئەنجامانە قبوڵنەكات، بۆیە تا ئەوكاتەی جڤاتی كۆنەبێتەوە و بڕیارنەدات، نوێنەرەكانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری هیچ دانیشتنێك ناكەن، چونكە ئێمە تائێستا لەناوخۆی خۆماندا ئەنجامەكەمان پەسەند نەكردووە". هاوپەیمانێتییەكە تەقەی تێكەوت! رۆژی 28ی مانگی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوپەیمانێتییەكیان لە نێوان فراكسیۆنەكانیان لە بەغداد راگەیاند. لە یەكەم ئەزموندا كە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، هاوپەیمانێتییەكە مشتومڕی تێكەوت، كاندیدە دەرچووەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، بەڵام سێ لایەنە هاوپەیمانەكەیان (كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی) بەشدارییان كرد. هۆشیار عەبدوڵا كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی عێراق لە لیستی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند" ئەو هاوپەیمانییەی بە حساب لە كۆبوونەوەی لوتكەی چوار لایەنەكە بڕیاری لێدرا، یەك هەنگاو بڕی نەكرد، گۆڕان هەر خۆی بایكۆتی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقی كرد". هۆشیار عەبدوڵا ئاماژە بەوەدەكات، سیاسەت هەڵوێستە جا هەڵوێستی بچوك یا گەورە، باشتر بوو دوای ئەو هەموو ناڕەزایی دەربڕینە دژی ساختەكاری، لانیكەم بۆ موقاتەعەی جەلسەی كردنەوەی خول و سوێندخواردن، هاوڕای گۆڕان بوونایە، ئەی مەگەر بۆچی دونیایان سەرقاڵكرد بەوەی گوایە بۆ هاوڕایی و هاوهەنگاوی ئیئتیلافیان پێكهێناوە". لە بایكۆتەوە بۆ بەشداری ئێوارەی رۆژی 12ی ئایار دوای كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان و ئەژماركردنی بەرایی دەنگەكان، بزوتنەوەی گۆڕان وەكو یەكەم لایەن بانگەشەی ساختەكردنی تەواوەتی پرۆسەی هەڵبژاردن و هاككردنی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی كرد، دوای گۆڕان ژمارەیەك لایەنی تریش هەمان بانگەشەیان بڵاوكردەوە و گومانەكە لەسەر ئاستی عێراق تەشەنەی كرد. لە هەرێمی كوردستان سەرەتا شەش لایەن، كە ئێستا بوون بە چوار لایەن، دژی ساختەكاری هەوڵی هاوبەشیان دەستپێكرد كە بریتی بوون لە (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمان)، لەو پێناوەشدا ئەم چوار لایەنە سەرەتا بانگەشەی ئەوەیان كرد رەنگە "لە پرۆسەی سیاسی عێراق بكشێنەوە"، بەڵام دواجار و دوای ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان، سەرباری ئەوەی ژماردنەوەی دەنگەكان هیچ گۆڕانكارییەكی دروستنەكرد، بەڵام ئەو لایەنانە پرۆسەی سیاسییان بایكۆت نەكرد و ئەمڕۆ جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان، هەموو لایەنەكانی تر چونە بەغداد، بەپێی زانیارییەكانیش، بایكۆتەكەی بزوتنەوەی گۆڕانیش تەنیا یەك دانیشتن دەگرێتەوە و لەدانیشتنەكانی تر نوێنەرەكانی گۆڕانیش بەشدار دەبن.
(درەو میدیا): سەرچاوەیەک لە بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بە "درەو میدیا"ی، ڕاگەیاند: کاندیدە دەرچوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە یەکەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ناکەن، کە بڕیارە سبەینێ ۳ی ئەیلول بەڕێوەبچێت. لە وەڵامی پرسیارێکی "درەومیدیا" سەبارەت بەوەی ئاخۆ کاندیدە دەرچوەکانی بزوتنەوەکەیان کە ژمارەیان پێنج کەسە، تەنها دانیشتنی سبەینێ بایکۆت دەکەن یان بڕیاریانداوە بەشداری پرۆسەی سیاسی نەکەن، سەرچاوەکە وتی: بڕیاری بایکۆتی پرۆسەی سیاسیان نەداوە و ئێستا کاندیدەکانیان تەنها بایکۆتی یەکەم دانیشتن دەکەن، کە تیایدا کاندیدە دەرچوەکانی لیست و قەوارەکان سوێندی یاسایی دەخۆن. ئەو بڕیارەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەو بزوتنەوەیە لەگەڵ هەریەک لە یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری پێکهێنانی فراکسیۆنێکی هاوبەشیان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت "نە خۆمم كاندید كردووە، نە هاوپەیمانیش منی كاندیدكردووە" ئەمە نوێترین وتەی بەرهەم ساڵحە لەسەر پرسی كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە لە 12ی ئایاردا، دەنگۆی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گفتوگۆی چڕی لەبارەوە دەكرێت. ماوەی نزیكەی چوار مانگە قسە لەبارەی كاندیدبونی دەكرێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح هیچ قسەیەكی نەكردووە، نە هەواڵ و دەنگۆكانی رەتكردوەتەوە، نە پشتڕاستیشی كردونەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار بەفەرمی لەبارەی كاندیدبونییەوە لەسەر ئەو پرسە قسەیكرد و هەموو دەنگۆكانی رەتكردەوە، روونكردنەوەكەی ئەمڕۆی بەرهەم ساڵح دوای چەند كاتژمێرێك هات لە بڵاوكردنەوەی راگەیەنراوێك لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە كە دەرگای لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار داخست. ئەمریكا پشتیوانی بەرهەم ساڵح دەكات گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و دابەشكردنی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لە قۆناغی كۆتایی نزیكدەبێتەوە، یەكێك لەو پۆستە سیادییانەی كە لە دوای 2003و بونیادنانەوەی عێراقی دوای بەعس بەر كورد دەكەوێت، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقە، لە سێ خولی رابردوودا ئەو پۆستە بەدەست یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بووە، "مام جەلال" دوو خول و " فوئاد مەعسوم" خولێك. لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" كە رۆڵی سەرەكی هەیە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، سەردانی سەرجەم لایەنەكانی كرد لە هەرێمی كوردستان و خواستی ئەمریكای بۆ دووبارە كاندیدكردنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەربڕی و هاوكات پشتیوانیشی لەوەكرد، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بدرێت بە بەرهەم ساڵح كە پێشتر جێگیری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو و ئێستا سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە. هێشتا یەكێتی و پارتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداد لەنێویشاندا پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتونەتە رێككەوتوون، پارتی ئێستا پۆستی سەرۆك كۆمار بە مافی خۆی دەزانێت، یەكێتی دەڵێ یەكلابوەتەوە پۆستی سەرۆك كۆمار جارێكی تریش هەر بۆ خۆی دەبێت، لەم نێوەندەشدا باس لەوەدەكرێت، یەكێتی بە مەرجێك پۆستی سەرۆك كۆمار بە بەرهەم ساڵح دەدات، بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی و حزبەكەی دابخات. رێككەوتنەكەی بافڵ تاڵەبانی لە چەند رۆژی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی كە ماوەیەكە بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكات، جموجوڵی دەستپێكرد و لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبووەوە. بە گوێرەی زانیاری چەند سەرچاوەیەك، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا رێككەوتنی كردووە بۆئەوەی لەبەرامبەر گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، بەڵام ئەم رێككەوتنەی بافڵ و بەرهەم ساڵح لەلایەن مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە پەسەند نەكراوە. دایكی ریسەكەی بافڵ دەكاتەوە بە خوری لە كاتێكدا باس لە رێككەوتنی نێوان بافڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح دەكرا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بڕیاردەری یەكەمی یەكێتییە، شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە راگەیەندراوێكی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بڵاوكردەوە، بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك رەتكردنەوەی هەوڵەكانی بافڵی كوڕی لێكدرایەوە. هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە خاڵی سێییەمی راگەیەندراوەكەیدا لەبارەی تایبەتمەندی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە دەڵێت:" دەبێت سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڤاڵێكی بە ئەزمون و مولتەزمی یەكێتی و قاڵبووی خەبات و تێكۆشان و دانەبڕاوی رێبازەكەی مام جەلالی بۆ كاندیدبكات، كە بتوانێت لە هەموو بوارێك و بارودۆخێكدا ئەركەكانی بەدەستهێنانی مافە دەستورییەكانی گەلەكەمان مسۆگەر بكات و رێبازە پیرۆزەكەی مام جەلال و سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پیادەبكات و بەجێبهێنێت". بە گوێرەی ئەم مەرجەی راگەیەندراوەكە، بەرهەم ساڵح نابێتە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، چونكە ئەو نەقاڵبووی خەباتی شاخە و نە تێكۆشەرێكی دانەبڕاوی یەكێتیشە، ئەو ئێستا بە تەواوەتی لە یەكێتی دابڕاوە و سەرۆكایەتی حزبێكی تر دەكات. بافڵ رێگەكەی قوبادی برای تاقیدەكاتەوە ئەو هەوڵەی كە بافڵ تاڵەبانی ئێستا و بەر لە دەستنیشانكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەستیپێكردووە بۆ گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، رێك هاوشێوەی ئەو هەوڵەیە كە قوبادی تاڵەبانی برای ساڵی 2014 لە كاتی دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار خستیەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی دایكی و بەرهەم ساڵح. ئەوكات هەوڵەكەی قوباد تاڵەبانی هیچی لێ سەوز نەبوو، بەرهەم ساڵح نەبوو بە سەرۆك كۆمار و لەبری گەڕانەوەش بۆ ناو یەكێتی، حزبێكی نوێ راگەیاند، پێدەچێت چارەنوسی هەوڵەكەی بافڵ لەوەی قوبادی برای باشتر نەبێت. هەروەها پێدەچێت كێشەی نێوان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بەرهەم ساڵح لەوە قوڵتر بێت بە كوڕەكان چارەسەربكرێت. "ئەندامێكی ئاسایی یەكێتیم" دواین رۆژی مانگی یەكی ساڵی 2014 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بڕیاریدا وادەی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزب دوابخات. رۆژێك دوای ئەم بڕیارە و بە دیاریكراوی لە رۆژی 1-2-2014 بەرهەم ساڵح لە لێدوانێكدا لە پەراوێزی مەراسیمی یادی حەكیم لە حوسەینییەی شاری سلێمانی وتی:" ئێستا هیچ پلەیەكی حیزبیم نییە و هیچ پلەیەكیش بەڕەوای خۆم نازانم تاوەكو بەستنی كۆنگرە.. من تەنیا ئەندامێكی ئاساییی یەكێتیم"، بەمە دەستبەرداری پۆستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێك لە حزبە گەورە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بوو. گەڕانەوە بۆ ماڵە كۆنەكەی عەقاری دوای زیاتر لە 40 رۆژ لە بڕیاری وازهێنانی لە پۆستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، بەرهەم ساڵح جارێكی تر دەركەوتەوە و لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا وتی:"بڕیارمداوە هەموو ئەو موڵك و ماڵەی یەكێتی پێیداوم رادەستیبكەمەوە.. ئێستا سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی خانووەكەی ماڵی باوكمم لە گەڕەكی عەقاری سلێمانی و لە نزیكترین ماوەدا ماڵەكەم دەگوازمەوە". ئەمە سەرەتای ماڵجیایی بەرهەم ساڵح بوو لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی. هەوڵی گەڕانەوە بۆ بەغداد بەرهەم ساڵح كە دەستی لە پۆستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی هەڵگرت، بەڵام دەستبەرداری خەونی گەڕانەوە بۆ بەغداد نەبوو. ئەو مانگی تەمموزی 2014 سەرباری ئەوەی تاڕادەیەك لە یەكێتی دووركەوتبووەوە، بەڵام چوەناو كێبڕكێی هەڵبژاردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، وەكو ئەوەی ئێستا مێژوو خۆی دووبارە بكاتەوە. دواجار یەكێتی دوو كەسی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، (فوئاد مەعسوم، بەرهەم ساڵح)، ئەم بابەتە كێشمەكێشی لەناو یەكێتی و كاندیدەكان دروستكرد، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك سەرباری ئەوەی لەلایەن یەكێتییەوە كاندیدنەكرا, بەڵام لە دەرەوەی حزب خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كرد، ئەمەش بەپلەی یەكەم بۆ دژایەتیكردنی بەرهەم ساڵح بوو، ئەوكات كە نەجمەدین كەریم كەسایەتییەكی نزیك بوو لە ماڵباتی جەلال تاڵەبانییەوە، وا لێكدەدرایەوە خۆكاندیدكردنەكەی بە رەزامەندی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بێت بە مەبەستی لێدان لە بەرهەم ساڵح. یەكلاییكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان (فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵح)دا بۆ یەكێتی نیشتمانی كارێكی سەخت بوو، رۆژی 22ی تەموز كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا لەسەر ئەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق لەرێگەی دەنگدانەوە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكەنەوە. شەوی 23ی تەمموزی 2014 وەكو ئەوەی لە كۆبوونەوە مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بریاری لێدرابوو، فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بەڕێوەچوو، ، لە كۆی (62) پەرلەمانتاری كورد، (55) پەرلەمانتار ئامادەبوون بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگدان، (فوئاد مەعسوم) بە كۆی دەنگی (30) پەرلەمانتاری كورد وەكو كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، بەرهەم ساڵحیش (23) دەنگی بەدەستهێنا، (2) دەنگیش سپی بوون، دوای ئەو پرۆسەیە و یەكلابوونەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ فوئاد مەعسوم، نەجمەدین كەریم كە لە دەرەوەی مەكتەبی سیاسی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردبوو لە پرۆسەكە و لە بەرژەوەندی كاندیدی دڵخوازی ماڵی تاڵەبانی كشایەوە. رۆژی 24ی تەموز، دواجار ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی دووەمی دەنگداندا بە دەنگی (211) پەرلەمانتار لە كۆی (269) پەرلەمانتار كە بەشداری دەنگدانیان كرد، فوئاد مەعسومی وەكو سەرۆك كۆمار هەڵبژارد و مەعسوم لە دوای جەلال تاڵەبانییەوە بوو بە دووەم سەرۆك كۆماری كورد لە مێژووی عێراقدا و بەرهەم ساڵحیش خەونەكەی بوو بە مۆتەكە. خەونێكی نوێ دوای شكستهێنانی لە گەیشتن بە پۆستی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح سەرەتای چەند هەنگاوێكی نوێ بۆ دەستپێكردنی پرۆژەیەكی سیاسی نوێ دەستپێكرد. مانگی ئابی 2014 دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە بەرهەم ساڵح دەیەوێت كەناڵێكی ئاسمانی بكاتەوە لە كەركوك بەناوی كەناڵی "بوار"، بەڵام ئەوانە تەنیا دەنگۆ بوون و بەرهەم ساڵح هیچ پرۆژەیەكی نوێی لەو ساڵەدا نەخستە بواری جێبەجێكردنەوە و نەیتوانی بە تەواوەتی دەستبەرداری یەكێتی ببێت. ناوەندی بڕیار و هەوڵێكی نوێ بەرهەم ساڵح كە لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانییەوە لەناو یەكێتیدا تەنیا كەوتبوو، ئەمجارەیان بۆ هەستانەوە و لانیكەم راوەستان بەڕووی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەددا پەنای بۆ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی برد. شەوی 1-9- 2016 بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ پێكهێنانی (ناوەندی بڕیار) یان لەناو یەكێتی نیشتمانی راگەیاند، چەند كاتژمێرێك دوای راگەیاندنی ناوەندەكە، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە مەكتەبی سیاسی بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و ناوەندی بڕیاریان بە ناوەندێكی "ناشەرعی" ناوبرد. ئەم هەوڵەش مایەپوچ مایەوە و نەتوانی كێشەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم چارەسەر بكات، نەیتوانی قورسایی دەسەڵات و بڕیاری یەكێتی بەلای ئەودا بشكێنێتەوە. جیابونەوە.. بڕیارە قورسەكە دواجار بەرهەم ساڵح بڕیارە قورسەكەیدا، ئەو بڕیارەی كە چەند ساڵێك بوو دۆستە نزیكەكانی چاوەڕوانی بوون، رۆژی 16ی ئەیلولی 2017 پێكهێنانی حزبێكی سیاسی نوێی بەناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری" راگەیاند، ئەمە یەكەم هەنگاوی كردەیی بەرهەم ساڵح بوو بەرامبەر بە یەكێتی، بەڵام لە یەكەم بەشداریكردنی سیاسیدا كە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بوو، بەرهەم ساڵح دووچاری شكستێكی سیاسی گەورە بووە و لەو پرۆسەیەدا تەنیا (2) كورسی بردەوە كە ئەنجامێكی پێشبینی نەكراو بوو. بەمدواییانە بەرهەم ساڵح بە فەرمی كاندیدەكانی حزبەكەی ئاگاداركردەوە لەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات كە بڕیارە 30ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، قسەوباسیش هەیە كەناڵە تەلەفزیۆنییەكەی "خەندان" بەمزوانە دابخات، بەشێك لە "هاودید"ەكانی هاوپەیمانی نیگەرانن لەوەی سەركردەكەیان لە دەرگای پشتەوە خۆی بكاتەوە بە "ماڵە گەورەكە"دا و ئەوان لە گۆڕەپانەكە بەتەنیا بەجێبهێڵێت، پاشەكشێی هاوپەیمانی لە بەشداریكردنی هەڵبژاردن، رەنگە هیچ نەبێت جگە لە جێبەجێكردنی مەرجەكانی یەكێتی بۆ پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بە بەرهەم ساڵح.
( درەو میدیا): بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم لە كۆی ( 177 هەزار و 686 )كەس كە داواكاریان پیشكەش كردوە كە وەك كارمەند لەسەر سندوقەكانی دەنگدان،پێویستیان بە ( 42 هەزار و 172 )كەس دەبێت. بە شێوەیەك كە لە هەولێر ( 54 هەزار و 663 ) كەس و لە سلێمانی( 75 هەزار و 132 )كەس و لە دهۆك( 41 هەزار و 495 )كەس و لەهەڵەبجەش(6 هەزار و 396 )كەس داواكارییان پێشكەش كردووە. كە لە كۆی ( 177 هەزار و 686 )كەس كە داواكارییان پێشكەشكردووە، ( 75 هەزارو 791 )كەس سڕاونەتەوە و تەنها( 101 هەزارو 895 )كەس ماونەتەوە. بەو پێیەش لە هەولێر( 15 هەزار و 305 )كەس و لە سلێمانیش( 16 هەزار و 280 )كەس و لە دهۆك( 9 هەزار و 615) كەس و لە هەڵەبجەش( 970 )كەس هەڵدەبژێرن.
راپۆرتی( درەو میدیا) "دڵی كۆمسیۆن لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕانە، بۆیە هەر تەزویرێك بكرێت دەبێ بزوتنەوەی گۆڕان تەحەمولی بەرپرسیارێتیەكەی بكات" ئەمە قسەی (خەسرەو گۆران) بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەدەر لە شرۆڤەی مۆتەكەی تەزویر و یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان، كە بە بڕوای هەندێك، بوەتە (خوی شیریی) حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان و ئالیەتێكی گرنگی مانەوە لە دەسەڵات، شیكارییەكی بەڵگەیی بۆ ئەو دڵە زیندەوەی كۆمسیۆن و بایەخی ئەو پۆستە دەكەین كە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندایە، كە ئەو بەرپرسەی پارتی بە بەرپرسیاری سەرەكی دەزانێت لە هەر ساختەكارییەك ڕوبدات. بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژادن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان 2 كۆمسیار و 3 بەڕێوەبەری گشتیی و 8 بەڕێوەبەری بەش و 12 بەرپرسی هۆبەی هەیە، سەرۆكی فەرمانگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، یەكێكە لە كۆمسیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە شارەزایانی بواری هەڵبژاردن گرنگی پێگە و هەستیاری ئەم پۆستە لەناو كۆمسیۆندا بەپۆست و پێگەی سەرۆكی حكومەت وەسفدەكەن لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا، ئەمەش بەو مانایەی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو كۆمسیۆندا. بەگوێرەی دەسەڵاتە یاساییەكان، هیچ بڕیارێك لەباب و بواری تەنفیزیدا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بەبێ ڕەزامەندی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن تێناپەڕێت، تەنانەت لەلایەن سەرۆكی كۆمسیۆنیشەوە بێت، بەرپرسیاری سەرەكی تۆماری دەنگدەرانیشە، كە بەشێكی زۆری لایەنەكان بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە بەتۆمارێكی پیس و سیخناخ لەناوی مردوو و دووبارە و هۆكارێكی سەرەكی داواكانیان دەزانن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. ئەو تۆمارەی دەكرێتە بنەمای پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداریی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە ، لە فەرمانگەیەكە بەناوی فەرمانگەی (داتاكان)، ئەم فەرمانگەیەش ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنە، دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە تانە لە ناپاكی تۆمارەكە بدات و ڕێگری بۆ دروستبكات و نەینێرێت بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران تادەنگی لەسەر بدەن، دابەشكردنی بنكەكانی دەنگدان و گواستنەوەی فەرمانبەر و تۆماری فەرمانبەران بەشێكی ترن لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەم فەرمانگەیە كە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندایە و بەرپرسێكی پارتی بەدڵ و شارەزایانی هەڵبژاردن بەسەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن وەسفیدەكەن، یان ئەوەی بەزمانی شەقام پێدەوێرێت"بەبێ پرسی ئەو كەس ناتوانێت دەستبكات بە ئاودا". لە پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكانیشدا، بزوتنەوەی گۆڕان (بەڕێوەبەری گشتی كردارەكان و دیوان و دارایی) لەدەستدایە، كە بەڕێوەبەری كردارەكان (عملیات) یەكێكە لە پۆستە گرنگەكان و هەرچی جوڵەی كۆمسیۆنە لەژێر فەرمانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەدایە، وێڕایی ئەوەی خاوەنی چوار بەڕێوەبەری هونەرییە كە دوای بەڕێوەبەری فەرمانگەمان هەرچی كاری هونەری كۆمسیۆن هەیە لەڕێی ئەمانەوە ئەنجامدەدرێت. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (4) پێكهێنراوە، لە ڕۆژی 23/7/2014 یاساكەی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، لە 9 ئەندام پێكدێت، لەگەڵ ئەوەی لە ماددەی سێیەمی بەشی دووەمی یاساكەدا هاتووە" كۆمسیۆن دەستەیەكی پیشەیی سەربەخۆ و بێلایەن و خاوەن كەسایەتیی مەعنەویی خۆیەتی و ملكەچە بۆ چاودێری پەرلەمان و بەرپرسیاریشە لەبەردەمیدا"، بەڵام پێنج هێزە سەرەكییەكەی كوردستان (پارتی و یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی پشكێنەی حزبیدا و بەپێی سەنگ و قورسایی هێزەكان لە پەرلەمان لەناوخۆیاندا بەشیانكرد (پارتی سەرۆكی كۆمسیۆن و و دوو كۆمسیار، یەكێتی جێگری سەرۆك و كۆمسیارێك، بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن و كۆمسیارێك، یەكگرتوی ئیسلامی یەك كۆمسیار كە بڕیاردەری كۆمسیۆنە ، كۆمەڵی ئیسلامی یەك كۆمسیار كە وتەبێژی كۆمسیۆنە). بڕیارەكان چۆن دەدرێن ؟ دەنگدان لەسەر هەر پرسێك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بەزۆرینەی ڕەها یەكلادەكرێتەوە، واتە لە كۆی 9 دەنگ بە پێنج دەنگ یەكلادەكرێتەوە، سەبارەت بەڕێژەیی یاسایی بۆ گرێدانی كۆبوونەوەكانیش لە یاساكەی كۆمسیۆندا هاتووە"كۆبوونەوەی ئەنجومەن دروستە بەئامادەبونی زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامەكانی و بڕیارەكانی بەزۆرینەی ئامادەبوان وەردەگیرێت و لەكاتێكدا ئەگەر دەنگەكان یەكسانبوون ئەو لایەنە براوە دەبێت كە سەرۆك دەنگی لەگەڵی داوە. بەم پێودانگە لایەنەكانی دەرەوەی پارتی، كە لەكۆی 9 دەنگ (كۆمسیار) خاوەنی 6 دەنگن لە ئەنجومەنی كۆمسیاران، دەتوانن ڕێگری لە تێپەڕاندنی هەر بڕیارێك بكەن كە پارتی بیەوێت لەڕێی كۆمسیۆن و لەدەرەوەی خواستی ئەم حزبانە تێپەڕێنێت، لەسەرو هەمووشیانەوە پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەو مانایەی هەروەك چۆن نوێكردنەوە و بژاركردنی تۆماری دەنگدەران بەشێكە لە دەسەڵاتە یاساییەكانی كۆمسیۆن، پەسەندكردنی ئەنجامەكانیش بەشێكە لە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و تا لەڕێی ئەوانەوە پەسەندنەكرێت ئەنجامەكان هیچ شەرعیەتێكی یاساییان نابێت. بەڕای زۆرێك لە چاودێران، چاوەڕوانیكردنی زۆر لە ئەنجومەنی كۆمسیاران ڕەنگە جۆرێك بێت لە زیادەڕۆیی، بۆ نمونە لە حاڵەتی بوونی پێشێلكارییەكی زۆر لە هەڵبژاردن و ئەنجامدانی ساختەكاری لە بەرژەوەندی هێزێك یان دوان و زیاتر، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسەندنەكەن و ڕەتیبكەنەوە، بەڕێوەچونی پرۆسەی ڕیفراندۆمیش بەنمونەیەكی زیندووی بۆ ئەو بۆچونە دێننەوە كە وێڕای ئەوەی ساختەكارییەكی زۆری تێدا كراو لەچەندین شوێن ڕێژەی دەنگدان لە ژمارەی دەنگدەران زیاتر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم كۆمسیاران واژۆیان لەسەر ئەنجامی كۆتایی ڕیفراندۆمەكرد، كە بەڕای زۆرێك، لە دوای ئاشكرابونی پێشێلكارییەكان لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی بواری چاودێریكردنی هەڵبژاردن، پرسیاری گەورەی لەسەر بێلایەنی و پیشەیبوون و متمانە ئەو دامەزراوە هەستیارە گرنگە و دروستكرد.
( درەو میدیا): ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بۆ دانوستان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق گەیشتنە بەغدا و لە یەكەم كۆبوونەوەشیاندا لەگەڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایی نوری مالیكی و فەتحی هادی عامری كۆدەبنەوە. وەفدەكە هاوبەشەكە پێكهاتووە لە مەلابەختیار و سەعدی پیرە و خالید شوانی و فریاد رەواندوزی لە یەكێتی و فازل میرانی و جەعفەر ئیمنكی و فوئاد حسێن و بەنگین عەلی لە پارتی. سەعد مەتڵەبی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند وەفدەكەی یەكێتی و پارتی ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و فەتح كۆدەبنەوە و ئەگەر رێككەوتن لەسەر هەموو خاڵەكان بكرێت، ئەوا لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەماندا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رادەگەیەنن.
(درەو میدیا): بەهۆی ناڕەزایەتی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامییەوە، چوار لایەنە ناڕازییەكە نەیانتوانی بگەنە رێككەوتنێك بۆ ئەوە پێكەوەی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن. چوار لایەنە ناڕازییەكە (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) جارێكی تر لەسەر ئاستی كەسی یەكەم كۆبونەوە. كۆبونەوەی ئەمجارە لە بارەگای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە قسەكردن بووە لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول بەڕێوەبچێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا هەریەكە لە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوڕابوون لەسەر ئەوەی چوار لایەنەكە پێكەوە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دژی دواخستنی هەڵبژاردن بووە، ئەمەش گرفتی بۆ گەڵاڵەبوونی بیرۆكەیەكی هاوبەش لەنێوان هەرچوار لایەنەكەی دروستكردووە. ئەگەر ناڕەزایەتی كۆمەڵی ئیسلامی نەبوایە، سێ لایەنەكەی تر هاوڕابوون بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بخرێتە بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كۆمەڵی ئیسلامی لەدوای نزیكبونەوەی گۆڕان لە پارتی بەتایبەتی لە پرسى یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم و یاسای تیرۆر، ئێستا ئەویش دەیەوێت سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی رێكبخاتەوە و كۆتایی بەو گرژییانە بهێنێت كە بەمدواییە دروستبووە، ئەمەش هۆكارە سەرەكییەكەیە كە كۆمەڵ لە پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا هاوڕای پارتییە. چوار لایەنە ناڕازییەكە كە لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقەوە ئەم ناوەیان بەسەردا بڕواوە وەكو ئاماژەیەك بۆ ناڕەزایەتییان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دوای تەواوبونی كۆبونەوەكەیان راگەیەندراوێكی (3) خاڵییان بڵاوكردەوە. لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە، چوار لایەنە ناڕازییەكە لە راگەیەندراوەكەیاندا بەهیچ شێوەیەك داوای داخستنی هەڵبژاردنیان نەكرد وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرا، تەنیا لە خاڵی (2)ی راگەیەندراوەكەدا دەڵێن" لە كۆبونەوەكەدا پێداگری كرا لەسەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، كە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵك". سەرباری ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ بەڕێوچوونی هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا نەكات و بایكۆتی پرۆسەكە بكات، واتە ئێستا لەناو چوار لایەنەكەدا تەنیا دوو لایەن ماونەتەوە كە دەیانەوێت هەڵبژاردن دواخرێت و ئەگەر دواشنەخرێت ئامادەن بەشداری تێدا بكەن، ئەو دوو لایەنەش بریتین لە (بزوتنەوەی گۆڕان) و (یەكگرتووی ئیسلامی). بەهانەی ئەم لایەنانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن خراپی تۆماری دەنگدەرانە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو لایەنانە هەموویان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمدا نوێنەریان هەیە و نوێنەرەكانیان پێشتر لەبەردەم پەرلەماندا دانیان بەوەدا ناوە تۆمارەكە خاوێن و كۆمسیۆن ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن. ئەمە وایكردووە پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو لایەنانەی تر كە داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكەن، گومانیان لە راستی نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی هەبێت لەبارەی تۆماری دەنگدەران، هەندێك كەسیش خواستی گۆڕان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەگەڕێننەوە بۆ تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە بەمدواییانە. چوار لایەنەكە بایكۆت ناكەن دەستەواژەی "چوار لایەنە ناڕازییەكە" لەفەرهەنگی سیاسی هەرێمی كوردستاندا دەستەواژەیەكی نوێیە و سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار، ئەوكات چوار لایەن كە بریتین بوون لە (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) پێكەوە ناڕەزایەتییان لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەربڕی و رایانگەیاند، یەكێتی و پارتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان ساختە كردووە. تۆڕەیی ئەم چوار لایەنە لە ئەنجامەكان، ئەوكات گەیشتە ئاستێك كە باسیان لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەكرد، بەڵام ئێستا و دوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان كە هیچ گۆڕانكارییەكیش لە ئەنجامەكان روینەدا، ئەو چوار لایەنە لە بیرۆكەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق پاشگەزبونەتەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، سەركردەی چوارلایەنەكە بڕیاریاندا بچنە بەغداد و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی نەكەن، لە خاڵی (1)ی راگەیەندراوەكەیاندا نوسیویانە" سەبارەت بە پرسی سیاسی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، جەختدەكەینەوە لەسەر پرۆژەیەكی نیشتمانی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی كێشەی بژێوی خەڵك و پاراستنی مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان و هاوڵاتیانی عێراق". دوو هەوڵ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هەوڵی دواخستی هەڵبژاردن تەنیا لەلای چوار لایەنە ناڕازییەكە قەتیس نەبووە، یەكێتی نشتیمانیش بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی كۆدەنگی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، بەپێی زانیارییەكان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ ئەم پرسەی لەگەڵ هەریەكە لە حزبی شۆسیال دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی تاوتوێ كردووە. بەپێی زانیارییەكان دوێنێ یەكێتی و گۆڕان دوو هەوڵی جیاوازیان لەگەڵ پارتیدا داوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام هەردوو هەوڵەكە شكستی هێناوە: هەوڵی یەكەم: ئەندامێكی ماڵباتی تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كردووە و داوای كردووە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام بارزانی داواكەی رەتكردوەتەوە. هەوڵی دووەم: بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان كە پێشتر وەزیر بووە، بەتەلەفۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردووە و داوای كردووە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەهەمان شێوەی نێچیرڤان بارزانی داواكەی رەتكردوەتەوە. كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ حزبی شیوعی لایەنە ناڕازییەكان پەنا بۆ كۆمسیۆن دەبەن لەدواین هەوڵدا دوای رەتكردنەوەی پێشنیازەكانیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە، ئەو لایەنانەی كە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن پەنایان بۆ نوێنەرەكانی خۆیان برد لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی. بەگوێرەی زانیارییەكان، دوێنێ نوێنەری چوار لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە بریتین لە (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لە ژێر فشاری سەركردایەتی حزبەكانیاندا كۆبونەتەوە بۆ ئەوەی بەدوای دەرچەیەكدا بگەڕێن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوەی جێگەی سەرەنجە نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامی بەشداربووە لەو كۆبونەوەیەدا، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمەڵ بەفەرمی پشتیوانی ئەەوە دەكات هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
ڕاپۆرت: ئارام مەحمود پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستان گوێنەدات بەخواست و بۆڵەبۆڵی ژێر لێو و شەرمنانەی ڕكابەرەكانی و هاوشێوەی ڕیفراندۆم هەمویان ڕاپێچی بەردەم سندوقەكانی دەنگدان بكات، وەك دەوترێت، ڕەنگە ئەمە تراژیدیترین و خەمناكترین ئەو نوكتە سیاسیانە بێت كە بەدرێژایی چەندساڵی ڕابردوو خەڵكی كوردستان بەرگوێیان كەتووەو ڕوتبونەوەی تەواوەتی زەیفی ئەو خۆشەویستییەش بێت كە هەندێك لایەن بۆ دیموكراسی دەریان بڕیوە. چاودێرانی دۆخی كوردستان دەڵێن، لەدوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی جدی لە هەرێمی كوردستان، ئەو خیتابە بەخەستی باڵادەست بوو كە هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان (پارتی و یەكێتی) حەزیان لە هەڵبژاردن نیەو، ئەگەر وازیانلێبهێنن هەر نایكەن، یان كاتێك دەیكەن دڵنیابن لە ئەنجامەكانی، ئەمە وەك عەیبە و پەڵەیەكی گەورە بەتەوێڵیانەوە وێنەدەكرا، وەك هێزی دژە دیموكراسی و ناشرین و خۆسەپێن ناویان دەهات، بەڵام لەئێستاوە بەدواوە دواخستنی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسی لەبازنەی حەزی هێزەكانی دەسەڵاتدا نەماوەتەوەو، بووە بەجۆرێك لەحەزی گشتیی هێزەكان و جۆرێك لە مۆدیلی سیاسیش، لەبری گەورەكردنی ڕوبەری جیاوازییەكان، تادێت لەیەكچونەكان بەرتەسكتردەبنەوە، ئەم واقیعی حاڵە بەبۆچونی هەندێكی تر. شینی پارتی بۆ هەریسەكەیە پێداگرییەی پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەڕۆژی 30 ئەیلولدا، لەڕێزگرتن و بەپیرۆز بینینی وادەی هەڵبژاردن و دوانەخستنی پرۆسەی دیموكراسیەوە سەرچاوەی نەگرتووە، هەروەك چۆن لە خۆشەویستیشی نیە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن وەك میكانیزمێكی ئاشتنیانەی دەستاودەستی دەسەڵات، بەو پێیەی "ئەو حزبە خۆی پایەكی سەرەكی بێبەهاكردنی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان"، لانی كەم ئەمە قەناعەتی زۆرێك لەو خەڵكانەیە كە خۆیان بەڕكابەری سەرسەخستی پارتی و پارتیش بەهێزێكی نادیموكراسی و ڕێزنەگر لەدەنگی خەڵك و ڕكابەرە سیاسییەكانی دەزانن. زۆرێك هۆكاری یەكەم و كۆتایی ئەم پێداگرییەی پارتی بۆ خوێندنەوەی وردی ئەو حزبە دەگێڕنەوە كە بۆ حاڵی شڕو و شێواو و ناوماڵی پەرتوبڵاوی حزبەكانی ڕكابەری كردویەتی و پێیانوایە" پارتی گەیشتوەتە قەناعەتێك دەرفەت و هەلی وەك ئەوەی ئێستای دەستناكەوێتەوە، بۆیە بەهەر نرخێكبێت هەڵبژاردن ئەنجامدەدات و بەجیاوازییەكی گەورە پێش ڕكابەرەكانی دەداتەوە". ڕكابەرەكانی پارتی لەهەڵبژاردن تۆقیون لەبەرامبەردا، ڕایەكی تر هەیە دەڵێت، خوێندنەوەی دۆخی سیاسی كوردستان بەمشێوەیە و تانەدان لە پارتی لەسەر پێداگرتنی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆچونێكە "پڕە لە دووڕویی سیاسی و پاشگەزبونەوە لەهەموو ئەو بانگەشانەی كە هەندێك هێز لە ڕابردوودا دەیانكرد و دەیانوت لەبارەی زرورەتی ڕێزگرتن لەوادەی هەڵبژاردن و دوانەخستنی دیموكراسی ئەگەر بۆ ڕۆژێكیش بێت". لەبارەی ڕەواتیشەوە باسلەوە دەكەن، تەنانەت ئەگەر پارتی ئەوەشی لاڕوون بێت سەركەوتنی گەورە بەدەستدەهێنێت و لەپێناوەشدا پێداگری دەكات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا چی ناڕاوایەتییەكی تێدایە؟ لەكاتێكدا هێزەكانی ڕكابەری ترس لە شكست و دۆڕانی هەڵبژاردن وایلێكردوون پێداگری لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بكەن و ئەومافە بەخۆیان بدەن كە مافی ئەوان نییە. دواخستنی هەڵبژاردن لەبەرژوەندی كێیە؟ پرسیارە جەوهەرییەكان بەلای هەندێكی ترەوە ئەوەیە، ئەگەر پێداگری پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بچێتە خانەی بەرژوەندی حزبیی ڕوتەوە، ئەی دواخستنی زیاتری هەڵبژاردن لەبەرژوەندی كێیە؟ پاشان دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ساڵێك و دوان جگە لە زیانگەیاندن بە پرۆسەی دیموكراسی، چی لە دۆخەكە دەگۆڕێت و ئەو حزبانەی داوای دواخستن دەكەن دەتوانن چی ئیزافەیەكی نوێ بۆ دۆخی خۆیان و خەڵك و پرۆسەی دیموكراسیش بكەن لەو ماوەیەدا؟. بەم مەعنایە بێت، هەڵبژاردن بكرێت یان دوابخرێت، خواستێكی جدیی قوڵكردنەوەی زیاتری پایەكانی دیموكراسی لەپشتیەوە نیە، بەڵكو بەدیوێكدا لە بەرژەوەندی ئەم هێزەو بەدیوەكەی تریشدا دەچێتە بەرژەوەندی كۆمەڵێك هێزی تر، هەر لایە و خوازیاریشە دیوەكەی خۆی نەخش بهێنێت، ئەمەش وەك دەوترێت دەلالەتێكی ڕوونە لەسەر ئەوەی ئەم هێزانە ئەوەندە حەزیان لە هەڵبژاردنە كە براوەبن تێیدا یان گۆڕانێك دروستبكات لەبەرژوەندی خۆیانە، لەكاتێكدا هەڵبژاردن وەك پایەكی گرنگی دیموكراسی پەیوەستە بەكۆمەڵێك وادە و كاتی دیاریكراو كە لەوڵاتە دیموكراسییەكاندا بە پیرۆز تەماشدەكرێت و بۆ ڕۆژێكیش لێی لانادەن.
(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، ئامادەكاریی بكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا و دەڵێت:" ئێستا زەمینەی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەبارە و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و تەكنیكیی بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی لە ئارادانییە". ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە تێیدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە لە وادەی خۆیدا كە 30 ئەیلولی داهاتووە. دەقەی راگەیەنراوەكە: راگەیاندراوی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك بارزانی، ئەنجومەنی سەركردایەتی بە ئامادەبوونی ئەندامانی، رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 30ی 8ی 2018، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و، چەند بابەتێكی گرینگ و هەنوكەیی خستە بەر باس و گفتوگۆكردن. یەكەم/ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان: بەگوێرەی یاسای بەركار لە هەرێمی كوردستان دەبوایە لە بەهاری رابردوو هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرابایە، بەڵام ئەوكات لەسەر داوای چەند لایەنێك، سەرەڕای ئەوەی پارتی كاتەكەی بە گونجاو دەزانی، لە پێناو یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆی كوردستان، تەمەنی خولی چوارەمی پەرلەمان درێژكرایەوە بۆ دوو دەورەی تەشریعی، كە لە خیلالی ئەو ماوەیەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی كە یاسا پێیداوە، رۆژی هەڵبژاردن دیاریبكات. بۆیە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دوای راوێژكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەرگرتنی رای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان، رۆژی 30ی ئەیلولی 2018ی دیاریكرد و هەموو ئامادەكارییەكی پێویستیش بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە لەلایەن كۆمسیۆن و دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە كراون، ئێستا زەمینەی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەبارە و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەكنیكی بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی لە ئارادانییە، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان جیالەوەی كە سورین لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، داواش لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین كە ئامادەكاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ هەڵبژاردن، لە پێناو رەواندنەوەی رەخنە و نارەزایەتیەكان و دامەزراندنی كابینەیەكی نوێی پاڵپشتكراوی زیاتری سیاسی و كۆمەڵاتی. ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان 30/8/2018
( درەو میدیا): لەدوای كۆبوونەوەیان چوار لایەنەكە (گۆڕان، هاوپەیمانی، کۆمەڵ و یەکگرتوو) جەخت لەسەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەن کە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵک. دوای کۆبوونەوەی سەركردەی یەكەمی چوار لایەنە سیاسییەکە لە بارەگای هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە سلێمانی، لە راگەیەندراوێكی سێ خاڵیان خستەڕوو: 1- سەبارەت بە پرسی سیاسی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، جەختدەکەینەوە لەسەر پرۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بژێوی خەڵک و پاراستنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و هاوڵاتیانی عێراق. 2- لە کۆبوونەوەکە ێداگری کرا لەسەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، کە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵک. 3- هەرچوار لایەن بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ و هەماهەنگی و هاوکاری کاری هاوبەش.
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم كۆبوونەوەو گفتووگۆ نهێنییەكان لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردن زیادیكردوەو، هەندێ لایەنی سیاسی دەیانەوێ تاوەكو چوارشەممەی داهاتوو ئەو پرسە یەكلابكەنەوە. دوێنێ چوارشەممە یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردوە، بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دووبارە مەسعود بارزانی وەڵامەكەی نەرێنی بووەو رەتی كردۆتەوە هەڵبژاردن لە كاتی خۆی دوابخرێت. ئەمە لە كاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردوە لە بڕی داوای دواخستنی هەڵبژاردن، لە حكومەتی داهاتوودا پارتی ئامادەیە بەشێوەیەكی هاوبەش و یەكسان جارێكی دیكە پۆستەكان لە نێوخۆیان دابەشبكەن، رێككەوتنەكەشیان لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی، یاخود هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی واژووبكرێت، تاوەكو ئێستا یەكێتی وەڵامی ئەو داوایەی نەداوەتەوە. پارتی داواشی لە یەكێتی كردووە ڕێككەوتنێك ئەنجامبدەن، كە دوای هەڵبژاردن بەیەكەوە لە پەرلەمانی كوردستان ببنە یەك فراكسیۆن، هەر بەیەكیشەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو ڕێكبكەون لەگەڵ كردنەوەی دەرگا بۆ چەند لایەنێكی دیكە. هەر سەبارەت بە پرسی دواخستنی هەڵبژاردن كە بڕیارە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕیوە بچێت، دوێنێ شەو نوێنەری چوار لایەنی سیاسی ( یەكێتی ، گۆڕان ، كۆمەڵ ، یەكگرتوو ) لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، دوای فشارخستنەسەریان لەلایەن حزبەكانیان كۆبوونەتەوە، تاوەكو دەرەچەیەكی یاسایی بدۆزنەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. بهپێى زانیارییهكان بهرپرسێكى باڵاى گۆڕان كه پێشووتر وهزیر بوو، دوێنێ چوارشهممه 29ى ئاب، تهلهفۆنێكى لهگهڵ نێچیرڤان بارزانى ئهنجامداوه، داواى كردوه ههڵبژاردن بۆ ماوهى یهك ساڵ دوابخرێت و به بارزانیشى ڕاگهیاندوه، ئهمه پێشنیازى یهكێتی و هاوپهیمانیشه، دووباره سهرۆكى حكومهت ئهم داوایهى ڕهتكردهوه. بەپێی زانیاریەكان ڕێزان حەمەڕەشید، كە سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنە لە كۆمسیۆن و سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە بە حزبەكەی ڕاگەیاندوە، ناتوانێت بڵێ تۆماری دەنگدەران پاك نییەو چونكە خودی خۆی هەستاوە بە پاكسازی لە تۆماری دەنگدەراندا. بڕیاریشە ئەمرۆ سەركردەی سەركردەی چوارلایەنە ناڕازیەكە كۆببنەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی تایبەتە بە دواخستنی هەڵبژاردن و دواین كارتەكانیان لەوبارەیەوە.
( درەو میدیا): لە راپرسیەكدا كە ( رێكخراوی شار بۆ راپرسی )ئەنجامیداوەو ئەمڕۆ لە كافتریای ئەمنە سورەكەی شاری سلێمانی خرایە روو، تیایدا ( 1640 ) كەس لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشداریان تێداكردبوو، بەپێی راپرسیەكە ( 62%) بەشداربوەكان بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا دەكەن. هەربەپێی راپرسیەكە و لە وەڵامی پرسیارێكدا (54%)ی بەشداربوان پێیان وایە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی هەرێمدا درووست ناكات . لە راپرسیەكەداو لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی چی پۆستێك گرنگە بۆ كورد لە بەغداد وەری بگرێت، ( 43%) ی بەشداربووەكان پێیان وایە بۆ داهاتوو كورد سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت و ( 20%)ی بەشداربوانیش پێیان وایە سەرۆكی كۆمار و ( 37%) بەشداربوان پێیان وایە كورد وەزارەتە سیادیەكان وەربگرێت.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف لەدواین كۆبونەوەی نێوان یەكێتی نشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ناكۆكی گەورە دروستبووە، مەكتەبی سیاسی پارتی بەفەرمی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە" لەنێوان پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستی پارێزگای كەركوكدا ئەوان یەكێكیان دەوێت". سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە (درەو میدیا)ی وت: وەفدی یەكێتی لەو داوایەی پارتی ناڕازی بوون و پێیان راگەیاندوون ئەو دوو پۆستە هەردووكیان ئیستحقاقی یەكێتین و رازی نابن بدرێتە بە پارتی، بۆیە كۆبونەوەكە هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتوەتەوە". سێ كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دوای ئەوەی لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتوەتە هیچ ئەنجامێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی عێراق، بڕیاریداوە كاندیدی خۆی هەبێت بۆ سەرۆك كۆماری عێراق. هەرچەندە باس لە دانانی (هۆشیار زێباری) یان (رۆژ نوری شاوەیس) دەكرێت وەكو كاندیدی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار، بەڵام زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن، پارتی (فوئاد حسێن) كاندیدی دەكات، بەوپێیەی كەسایەتییەكی شیعەیە و جێگای نیگەرانی لایەنە عێراقییەكان نیە، ئەمە لەكاتێكدایە رەنگە كاندیدكردنی (هۆشیار زێباری) كێشە دروستبكات، چونكە ئەو پێشتر كە وەزیری دارایی عێراق بووە لەسەر پرسی گەندەڵی لە پەرلەمانەوە متمانەی لێوەرگیراوەتەوە. یەكێتی كێ دەنێرێتە بەغداد ؟ دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆبوەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا باسلەوە كراوە یەكێتی لە بەغداد دۆخی خراپە و كارەكتەرەكانی لە ئاستی پۆست و پێگەی یەكێتیدا نین، بۆیە دەبێت ئەمجارە كارەكتەری بەهێز رەوانەی بەغداد بكرێن، رەنگە یەكێك لەو كارەكتەرانە (مەلا بەختیار) بێت كە چاوی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار و گەیشتنە بە كورسییەكەی تاڵەبانی لە كۆشكی سەلام، پێشتر چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی بڵاوكرانەوە لەبارەی ئەوەی مەلا بەختیار بڕوانامەی خوێندنی زانكۆی نییە، بۆیە ناتوانێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت، بەڵام (درەو میدیا) زانیاری دەستكەوتووە مەلا بەختیار ئەو كێشەیەی چارەسەر كردووە و لە زانكۆیەكی ئەوروپا بڕوانامەی وەرگرتووە. ئەمە لەكاتێكدایە (محەمەد سابیر) ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی كە پێشتر باڵیۆزی عێراق بووە لە چەند وڵاتێك، بەفەرمی لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییەوە كاندیدكراوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و سیڤییەكەی رەوانەی مەكتەبی سیاسی كراوە بەمەبەستی پەسەندكردنی. چوار لایەنەكە كاندیدیان دەبێ ؟ لایەنی سێیەم كە چاوەڕەوان دەكرێت كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبێت، چوار لایەنەكەیە (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری). لە باشترین حاڵەتدا رەنگە كاندیدی ئەو چوار لایەنە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح بێت، بەوپێیەی بەرهەم ساڵح نیەتی چونە بەغدادی هەیەو پشتیوانی بۆ كۆكردوەتەوە. سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئێستا لەناو یەكێتیش وەك پێشتر ئەو هیڵە سورەی لەسەر بەرهەم ساڵح نەماوەو بۆچون هەیە كە بەرهەم ساڵح ببێتە كاندیدی چوار لایەنەكەو یەكێتیش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
( درەو میدیا): بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا" لەدوای بڕیاری بایكۆتكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییەوە ئەو هێزە بڕیاریداوە كەناڵی خەندانی زمانحاڵەكەشی دابخات. زانیارییەكانی " درەو میدیا" ئاماژەبەوەدەكەن كە لەمشەوەوە كەناڵی خەندان دادەخرێت، بەڵام بەهۆی بوونی گرێبەستی كارمەندان و هەندێك بەرنامەی تۆماركراو، پەخشی كەناڵەكە تا 10 رۆژی تر بەردەوام دەبێت و دواتر دادەخرێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەرەوەری بەرەسمی بڕیاریداوە بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، كە خۆیان پێیانوایە تۆماری دەنگدەران خاوێن نیە و دووبارە ساختەكاری گەورە دەكەن لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەم روانینەی هاوپەیمانی لە كۆبونەوەی چوارقۆڵی سەركردەكانی ( گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ، یەكگرتوو) باسكراو بەرهەم ساڵح جەختی لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردن كردەوە، بەڵام لایەنەكانی تر رازی نەبوون. بەڵام بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن هاوپەیمانییەوە دوو خوێندنەوەی بۆ دەكرێت: یەكەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و خودی بەرهەم ئەحمەد ساڵح ترسیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە بەهۆی "ئەگەری زۆری ساختەكاری و ناخاوێنی تۆماری دەنگدەران" وەك هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو روبەرووی شكستی گەورە ببنەوە و ئیدی خۆری سیاسی بەرهەم ساڵح ئاوا بێت، بۆیە نایانەوێت روبەرووی ئەو شكستە ببنەوە. دووەم/ زانیارییەكان ئاماژەبەوەدەكەن كە گفتوگۆ و كۆبونەوەی پشتی پەردە هەیە لە نێوان خودی بەرهەم ساڵح و سەركردەكانی یەكێتی و ئێرانییەكان و پارتی، بۆئەوەی بەرهەم ساڵح بكەنە سەرۆك كۆماری عێراق، هەرچی پارتیە جۆرێك رازی بوونی دەربڕیوە بۆ بوونی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار و لە پشتی پەردەشەوە چەند جارێك بەرهەم ساڵح لەگەڵ خودی مەسعود بارزانی كۆبوەتەوە و باسی ئەو پرسە كراوە، پارتی لە توانای فوئاد مەعسوم ناڕازیە لەو پۆستە و دەیەوێت كارەكترەێكی بەهێز لەوێ بێت. هەرچیە ئێرانییەكانە پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكەن بۆئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، بۆئەوەی لایەنەكانی دەڤەری سلێمانی یەكخەنەوە و ناكۆكیان نەمێنێت و لەلایەكی تریش پۆستی سەرۆكی كۆمار بۆ پارتی نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێك ئەو پرسەیان لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی باسكردووە. هەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بەسەر چەند روانینێكدا دابەشبوون، لایەنی كۆسرەت رەسوڵ پێیان خۆشە ئەو پۆستە بۆ بەرهەم ساڵح بێت، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش پێیان خۆشە بۆئەوەی بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە ناو یەكێتی ئەو پۆستەی پێبدرێت، بەڵام ئەوەی توندن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار نەدرێت بە بەرهەم ساڵح ماڵی تاڵەبانیە، كە ئێستا بەهۆی پێشنیازی ئێرانییەكانەوە، جۆرێك لە نەرمیان نواندووە و بەتایبەتیش قوباد تاڵەبانی پشتیوانی ئەوە دەكات ئەو پۆستە بدرێتە بەرهەم ساڵح و بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی و كۆتایی بە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بهێنرێت. كە پێشبینیدەكرێت بایكۆتی هەڵبژاردن و داخستنی كەناڵی خەندان لەلایەن هاوپەیمانییەوە لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەدا بێت.
