ئاسۆ حاجی یەکێتی تا دێ بە گژ ھەموو ئەو دروشمانەی خۆیدا دەچێتەوە کە چل ساڵ زیاترە بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، لە پرسی مافی چارەنووسەوە بگرە کە لە شازدەی ئۆکتۆبەر لە ئاوێیان کرد تا پرسی دیموکراسیەت کە ئێستا بەھەموو ھێزیەوە لە دژی وەساتوەتەوە و تەنھا لە بەر ئەوەی لە ھەڵبژاردن نیوە کەمتر لە کورسیەکانی رکابەرە تەقلیدیەکەی خۆی پارتی دیموکراتی کوردستانی ھێناوە خەریکە بیانگە بە دار و بەرد بگرێ و رێگری بکا لە پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی بەرکەوتەی ھەر ھێزێک کە دەرئەنجامی ھەڵبژاردن پێی بەخشیوە. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لە ھەردوو ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق و پەڕلەمانی کوردستان زۆرترین تەزویری بەسەر ساغ بۆوە ئەوجا قەبارەکەی وەک ئەوەی ئێستا ماوەتەوە، ئێستا پەنا بۆ ھەندێک دەستەواژە دەباتەوە کە پێشتر بەخۆی رەخنەی لێدەگرت و بە حیساب لە دژیان بوو، یەکێتی بەھێنانەوە گۆڕێی پرسی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و مێژووی خەبات و ژمارەی شەھیدان و قوربانی دان کە بۆی بخرێتە سەر ژمارەی کورسیەکانی لە پەڕلەمان و بەوە ژمارەکەی بۆ زیاد بکرێ تا ڕادەی پەنجا بە پەنجا لەگەڵ پارتی، ئەوە لە پوچ کردنی ھەلبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی و بەگژداچوونەوەی بڕیار و ئیرادەی خەڵک زیاتر نیە. یەکێتی بە درێژایی تەمەنی ھەڵگری دروشمی ئەوەندە قەبە و خواستراو و داتاشراو بووە کە ئێستا شانی لە بنیانەوە خوار بووە و جۆڕکی دیرۆکەکەی کوون بووە و ھێدی ھێدی ئەو دروشمانەی بە پاشەڵی دا دێنەخوارێ، یەکێتی لە سەرەتای دروست بوونی و دواتر بە دەنگی بڵند بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە ئەوان دژی حیزبی بنەماڵەیین،بانگەشەی ئەوەشیان دەکرد کە لە ناو یەکێتی ئازادی بۆچوون ھەیە و بڕیاردان بە شێوازێکی دیموکراسیە، بەڵام ئێستا بە راست و چەپیان خۆزگە بە گۆپاڵەکەی مام جەلال دەخوازنەوە تا بگەڕێتەوە سەرپشتیان و لە ترسی گۆپاڵەکە وەک برا بن لەگەڵ یەکدی، ئێستا یەکێتی نەک حیزبی بنەماڵەیەکە بەڵکو حیزبێکە بنەماڵەکان ئەوەندە لێکیان ڕاکێشاوە شەنگیان لێ بڕیوە، ئازادیەکەشیان تا ئەو ڕادەیە کە ھەموو کەس لە نێو یەکێتی ئازادە رەخنە لە نەیارانی یەکێتی بگرێ و جوێنیان پێبدا وخۆپیشاندانیان لە دژ بکات،بەڵام بینیمان کاتێک مامۆستایان بۆ موچە ھاتە سەر شەقام و ناوی یەکێتی و ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی بوونە بەشێک لە دروشمی ناڕەزایی مامۆستایان بە کەمتر لە نیو کاتژمێر زیاتر لە سەت و سی کەسیان ڕاپێچی زیندان کرد، ئەوەشمان بینی چۆن بارەگا و بنەکەی تەڤگەری ئازادی سەر بە پەکەکەیان پێچایەوە و لە سلێمانیان وەدەرنان. ھەڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانی یەکێتی ئێستا کە لە گۆڕانی دەکا بەوەی رێککەوتنی لەگەڵ پارتی کردووە بۆ چوار ساڵی ئایندە بەبێ پرسی یەکێتی، ھەروەھا ھەڕەشەکانی لە پارتی کە ئەگەر بە خواست و ویستی یەکێتی رازی نەبێت ئەوە دۆخەکە باش نابێ و ئاڵۆز دەبێ،ھەروەھا لە ھەموویان سەیرتر ھەڕەشەکانی یەکێتی لە خەڵک و قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بەوەی ئەگەر پارتی و گۆڕان لە بەغدا پاڵپشتی نەکەن بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد و لە کەرکوک پارێزگارێکی یەکێتی لە گرووپی سازدەی ئۆکتۆبەر و لە ھەولێریش ھەر پەنجا بە پەنجای جاران نەبێ ئەوە یەکێتی دوو ئیدارەیی بە چارەسەرێکی گونجاو دەزانێ و کاری بۆ دەکا! بە وردبوونەوە لە مێژووی یەکێتی و ھەڵوێستەکانی رێک ئەو گووتنەی بۆ دەشێ کە دەربارەی سیاسەتی ئینگلیز گوتراوە، کە دەڵێ:"ئامادەم ھەموو دونیا بسوتێنم تا ھێلکەیەک بۆ خۆم بکوڵێنم".
رێبوار کەریم وەلی (1) ئەڵبەتە جارێ لانیكەم تا چوار ساڵی دیكەش پارتی بیر لەوە ناكاتەوە كە بەبێ یەكێتی (وەك شەریكێكی سەرەكی) حكومەت پێكبێنێ و حوكمڕانی بكات. بۆیە ئەمجارەش یەكێتی دوای شكستی لە دانوستاندنەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت، وەك ساڵی 2014 دەبێتە (بەشێك) لە حوكمڕانی. لە كاتێكدا كە دەبوو رێككەوتنی سیاسی پارتی و یەكێتی ببێتە بناغەی حوكمی كوردستان، ئێستا رێككەوتنەكەی گۆڕان و پارتی حوكم دەكات و، هەر رێككەوتنێكی دیكە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا ئیمزا بكرێ، دەبێ بە پاشكۆی ئەو رێككەوتنەی گۆڕان و پارتی. لە دوای دووی ئۆكتۆبەرەوە كە یەكێتی تاكلایەنە پۆستی سەرۆك كۆماری بەغدای برد، پارتیش بەهەمان نەزمی یەكێتی یاری دەكات؛ كارتی بەغدای لە دەست یەكێتی دەرهێنا. بەشێوەیەك كە ئێستا حزووری سەرۆككۆمار لە بەغدا بۆ یەكێتی هیچ دەستكەوتێكی نییە و ناتوانێ وەزیرێك بۆ یەكێتی دابنێت. لە دانانی پارێزگارێكی یەكێتیش بۆ كەركووك فەشەلیان هێنا، عاقیبەت لە هەردوو بابەتەكەدا پەنایان هێنایەوە بەر پارتی. 18ی شوباتیش ئیسپاتی كرد كە یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان هێزێكی بێ پەنایە و تەنها وجودی پارتییە كە مانا بە یەكێتی دەبەخشێت. ئەوەی لە 19ی ئابی 2015 ویسترا دەرهەق بە پارتی بكرێت و سەری نەگرت، ئەمجارەیان زۆر بە ئاسانی لە 18ی شوبات دەرهەق بە یەكێتی كرا. مەبەستی پارتی تەنها نیشاندانی هێز سیاسیی خۆی بوو. ویستی بڵێ كە بەبێ یەكێتیش دەتوانم، چونكە پارتی زۆر لەوە دڵنیایە كە یەكێتی نە دەتوانێ لە دەرەوەی دەسەڵات بێت و نە دەشتوانێ (تەنانەت ئەگەر لە رووی نێودەوڵەتیشەوە رێگەپێدراو بێت) دوو ئیدارەیی رابگەیەنێت. بۆیە ئەو گەمە مەترسیدارەی سەركردایەتی یەكێتی بەناوی هەستانەوەی یەكێتی و مل لەبەر مل نانی پارتی دەیكات، تەنها و تەنها بریتییە لە تەسفیە حیساباتی پێش و پاش شانزدەی ئۆكتۆبەر و نیشاندانی ئەوەی ئەمڕۆ قسەی ئەوەڵ و ئاخیر لای بازنەیەكی ناو سەركردایەتییە كە هەمیشە 38 ئیمزایان حازرە و، مەكتەبی سیاسیش بەدوای خۆیاندا پەلكێش دەكەن. یەكێتی زۆر لەوە وێرانترە كە خۆشیان مەزەندەی دەكەن. 112 رۆژ بەسەر سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەماندا تێپەڕی نەیانتوانی لەسەر كاندیدێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان رێكبكەون (ئێستا گوایە دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ رێواس و بێگەرد دەبێ)! ئەوەش خەتای پارتی بوو؟ ئینجا ئەگەر یەكێتی راست دەكات، با دوای پێكهاتنی حكومەت بوێرێ كۆنگرە ببەستێ، ئەوجا دەردەكەوێ كە یەكێتی ماوە یان نا؟ پارتی دێتە پێش (2) بیانووەكانی یەكێتی كۆتاییان نایەت و پارتیش ناچارە نەرمی بنوێنێ. سەیرترین شت ئەوەیە كە یەكێتی لە مەسەلەی دانانی پارێزگاری كەركووك بە شێوەیەك رەفتار دەكات وەك ئەوەی پارتی موسەبیبی شانزدەی ئۆكتۆبەر بووبێت و، پارتی نەجمەدین كەریمی لادابێت (تەنانەت هەوڵی كوشتنیشی دابێت) و راكان جبووریی لە جێگە دانابێت! بەڵام دیسانیش پارتی ئەم داوایەی یەكێتی قەبوڵ دەكات و هەوڵی بیانووبڕكردنی یەكێتی دەدات. سیغەی پارتی بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە ئەوەیە كە ئەو باسە تەنها پەیوەست نییە بە پارتی و یەكێتی و پێكهاتەكانی دیكەش دەبێ تێیدا بەشدار بن. ئەڵبەتە من لەجیاتی پارتی بام، رەزامەندیم لەسەر ئەوە دەدا كە یەكێتی كێ دەكاتە پارێزگار (تەنانەت ئۆكتۆبەرچییەكانیش) ؛ ئەو كاتە دەردەكەوت كە یەكێتی بە چ مەرامێك بەردی كەركووك و موڵكدارێتیی ئەو شارە لە سینگی خۆی دەدات! شینی یەكێتی بۆ كەركووك نییە و بۆ تەنكەرە نەوتەكانیەتی، ئەگەرنا بە دەیان خەڵكی تێكۆشەری كوردپەروەر هەن كە دەتوانن كەركوك لەو دۆخە نەخوازراوەی ئێستا رزگار بكەن. یەكێتی تا پێش 18ی شوبات وایدەزانی پارتیی بەگیر هێناوە و دەتوانێ هەموو شەرتەكانی خۆی بەسەردا فەڕز بكات، بەڵام دەركەوت پارتی وا بە ئاسانی تەسلیم نابێت. بۆیە نەرمی دەنوێنێ، بەڵام ملكەچی هیچ ئەمری واقیعێك نابێت كە یەكێتی بیەوێ بەسەریدا بسەپێنێ. یەكێتی لە ئاستانەی پارچە پارچە بوونێكی دیكەدایە كە دوور نییە گەورەترین كوتلەیان بەقەدەر ئێستای گۆڕان بێت. هەر لەبەر ئەوەشە كە پارتی گۆڕانێكی 12 كورسیی راستەقینەی پێ لە یەكێتییەكی 21 كورسی باشترە. پارتی مار و یەكێتی شوان (3) حیكایەتێك هەیە دەڵێ كابرایەكی شوان هەموو رۆژێ قاپە شیرێكی لەپێش كونی مارێك دادەنا و مارەكەش كە شیرەكەی دەخوارد، لیرەیەكی زێڕی بۆ لەبەردەمی كونەكەی دادەنا. رۆژێك كابرای شوان نەخۆش كەوت و كوڕەكەی چووە بەر مەڕان، باوكی پێیگوت هەمان كاری ئەو بكات. كوڕە تەماحی لێ نیشت و گوتی بۆ مارەكە نەكوژم و بە یەكجار هەموو لیرەكان ببەم؟ بە قەسدی كوشتن پەلاماری مارەی دا و كلكی قرتاند، مارەش پێیوەدا و كوشتی. كە كابرای شوان چا بووەوە، دیسان بە رەسمی جاران قاپێك شیری لەبەردەم كونی مارە دانا، مارە شیرەكەی خوارد و لیرەیەكی دیكەی دایە، بەڵام گوتی چیدیكە شیرم بۆ مەهێنە. شوانە گوتی: بۆ؟ گوتی: نە من ئازاری كلكی قرتاوم لە بیر دەچێتەوە و نە تۆش ئازاری كوڕی مردووت.! راستە پارتی و یەكێتی مەحكومن بەوەی پێكەوە ئەو وڵاتە بەڕێوەبەرن، بەڵام بە راستی برینی هێندە قووڵ لە نێوانیان درووست بووە كە وا بە ئاسانی لەبیرناچنەوە و بچووكترین پریشك بەسە بۆ ئەوەی ئاوڕێكی وای لێ بكەوێتەوە كە دانەمركێ.
محەمەد گەردش ساڵانێ بوو دانیشتوانی شاری سلێمانی ئەیان ناڵاند بەدەس کێشەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنەوە، کێشەکەش لەوەدابوو کە ئەم نەخۆشخانەیە هەم بچوک بوو لەڕووی ڕووبەرەوە کە نەدەکرا ژمارەیەکی زۆر قەرەوێڵە لەخۆبگرێ، هەم ژمارەی کارمەندەکانی بەگوێرەی قەرەباڵغیەکەی نەبوو. لەگەڵ ئەمانەشدا تەنیا نەخۆشخانەیەک بوو لەم شارە گەورەیەدا کە تایبەت کرابوو بە حاڵەتی کت وپڕی وەک ڕووداوی هاتوچۆ و فیشەک و چەقۆ و شکستەوە.. هتد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ببووە نەخۆشخانەیەکی سەربازیش کە لەبری نەخۆشخانەکانی شۆڕش کاری دەکرد، ئەم بارگرانیەش زۆر بە زەقی دەرکەوتبوو لەکاتی شەڕی نەگریسی داعشدا. ئەوکاتانەو ئێستەشی لەگەڵ بێ هاوارەکان بۆئەوە بوون کە بوونی تەنها یەک نەخۆشخانەی لەوجۆرە فریای خەڵکی شارەکەو میوانەکانی ناکەوێ، بەڵکو پێویستە لەسەر بەرپرسانی شارەکەو کەرتی تەندروستی کە بیرێکی جدی و بەپەلە بکەنەوە لەوەی دوو یان سێ نەخۆشخانەی فریاکەوتن لەم شارەدا دابنێن، کە بەوشێوەیە لەڕووی زانستی یەوە هاوتای ژمارەی دانیشتوان دەبێتەوە. جا ئیتر نان لەدەمی هەرکەسێک ئەگرنەوە یان لەهەرکوێ بودجەی بۆئەهێنن با بیهێنن چونکە ئەمە بووەتە پێویستیەکی حەتمی و بەپەلە. ساڵ هات و ڕۆیشت نەخۆشخانەی شار ( چوارسەد قەرەوێڵەیی ) کرایەوە، کە هەموان بەهیوابوون ئەم نەخۆشخانەیە لەپاڵ نەخۆشخانەی فریاکەوتندا ببنە دوو نەخۆشخانەی تایبەت بە حاڵەتی کت و پڕ. کەچی نەک هەروا دەرنەچوو بەڵکو زۆرجار بەهەرهۆکارێک بووبێ ئەبوایە نەخۆش، پاش چوونی بۆ شار، دووبارە بۆ چارەسەر یان پشکنین بگەڕێتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن، ئەم حاڵەتەش ئەوەندە دووبارە بــبووەوە کە وای لێهاتبوو بە نەخۆشخانەی فریاکەوتن بووترێ (مــاڵە گــەورەکە). هەرچۆنێک بێت نەخۆشخانەی شار بەشی فریاکەوتنی تیاکرایەوە کە تاڕادەیەک بارگرانیی لەسەر خەڵک و کارمەندان هەڵپەساردبوو، هەرچەن نەخۆشخانەی شار بەتەنها تایبەت نەکرابوو بە وەرگرتنی حاڵەتی کت وپڕ بەڵام بە شار و ماڵەگەورەکە ئەرکی سەرشانی خەڵکیان ئاسان کرد . بەڵام ئەوە بۆ ماوەیەکە ماڵەگەورەکە خەریکە ئەڕمێ، چونکە دەنگوباسی تێکدان یان تەعمیرکردنەوەی لەئارادایە و هیچ ئاسۆیەکی ڕوونیش بەدی ناکرێ لە دووبارە بنیاتنانەوەی، نەک هەرئەوە بەڵکو واباس دەکرێ کە ئەو زەویەی نەخۆشخانەکەی لەسەر بنیاتنراوە بکرێتە شتێکی تر یان پرۆژەی بازرگانی. ئەم دەنگوباسە ڕاست بێ یان نا بەقەد ئەوە گرنگ نیە کە سلێمانی دووبارە گەڕاوەتەوە خاڵی سەرەتا، بەوەی دیسان شارەکە دەبێتەوە خاوەنی تەنها یەک نەخۆشانەی فریاکەوتن لە ئێستادا، هەرچەن بوونی نەخۆشخانەی ئەهلی شوێنی ئەم جۆرە نەخۆشخانانە ناگرێتەوە لەبەر گرانیی نرخەکانیان لەسەر گیرفانی بەتاڵی خەڵک . بەهەرحاڵ تەنهایی نەخۆشخانەی شار و هەڵکەوتەی شوێنەکەی کە لە دەروازە سەرەکیەکانی شاردا هەڵنەکەوتووە، دیسان ئاستەنگ بۆ گەیاندنی حاڵەتی کت و پڕ دروست دەکاتەوە، چونکە سەرەڕای گۆڕینی ئاڕاستەی هەندێ لە شەقامەکانی سلێمانی، بەڵام هێشتا ئامبولانسەکان بەخێرایی پێویست ناگەنە شار، کە ئەمەش بۆ خەڵکی ئاسایی کە بە ئوتومبیلی خۆیان دەچنە نەخۆشخانە سەختترە. جا پرسیارەکە لەوەدایە کە چارەنوسی ماڵەگەورەکە چی دەبێ ؟! یان ئایا بەرپرسانی کەرتی تەندروستی و سلێمانی لێ ئەگەڕێن دووبارە شار تەنها بکەوێتەوە ؟! یان پلانی خێرایان هەیە بۆ ئەم کێشەیە. وەیان دەبێ لەمەولا بەمەحزونی بەنزیک شوێنی ماڵەگەورەکەیا تێپەڕبین و گۆرانیەکەی هونەرمەندی کۆچکردوو (ڕەفیق چالاک )مان بیربێتەوە کە دەیوت: دووئاوانەکەی شوێن ماڵەگەورە سەرەوخوار ئەڕۆن بە پێچ و دەورە
کاوە محەمەد پێشکەشە بەوانەی کاک نەوشیروانیان هەر نەناسی جارێ قسەم لەسەر رێککەوتنەکەی گۆڕان و پارتی نیە و حەواڵەی رۆژگاری دەکەم، بەڵام ئەو هەموو بەشانوباڵ هەڵدان و شانامەیەی میدیای گۆڕان بەسەر رێککەوتنەکەدا دەیهۆنێتەوە (لەکاتێکدا پارتی و میدیاکەی مێش میوانی نیە)، لەرووی سایکۆلۆژیای راگەیاندنەوە دەتوانین بڵێین دەرخەری ئەوەیە گۆڕان خۆی بەدگومانە لەرێککەوتنەکە، هەم گومان لەوەی بڕیارەکەی لەگەڵ پرەنسیپ و ئامانجە سیاسییە دوورمەوداکانی تەبابێت و هەم گومان لەوەیش پارتی راستگۆیانە هاتۆتەپێش و دەیەوێت رێککەوتنەکە جێبەجێی بکات. سەیرەکەیش لەوەدایە کە زۆربەی ئەوانەی مەدح و سەنایەکی زۆری رێککەوتنەکە دەکەن و تیۆریزەی دەکەن، ئەو فیگەرانەن کە پێشتر لەهەمووان دژە پارتی-تر بوون و هەمیشە کە قسەیان لەسەر دۆخی هەرێم دەکرد، بەقەد سەری دەرزیش مەجالی نزیکبوونەوە لەپارتی-یان نەدەهێشتەوە، ئێستاش تەواو پێچەوانە، دنیایەکی هاوبەشی گوڵگوڵینی وایان لەنێوان گۆڕان و پارتی نەخشاندووە، کە قەد پێشبینی نەکرێت ئەو دنیایە تۆزی لێ بنیشێت. واتە نە لەشەڕدا بواری ئاشتی دەهێڵنەوە و نە لەئاشتیشدا، بواری شەڕ دەهێڵنەوە، هەر بۆیەش ئێستا لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هەر بە بەراوردکردنی قسە و لێدوانەکانی پێشوو و ئێستایان، جیاوازیی جەوهەری و مەبدەئی لەهەڵوێستەکانیان دەردەخەن. ئینجا ئەوەی لەو هەڵمەتە ئیعلامیەدا مەترسیدارە، ئەو نەفەسەیە کە بەشێک لەو هاوڕێیانە رێک وەک پارتی و یەکێتی قسەی پێ دەکەن و هەرچی نووسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و کەناڵی میدیایی هەیە لێیان بۆتە دوژمنی گۆڕان و پێیانوایە ئەوانەی رەخنە لەرێککەوتنەکە دەگرن، دەستی خەڵکانی دیکە لەپشتیانەوەیە و پیلان لەگۆڕان دەگێڕن و بوونەتە پیاوی ئەم لایەن و ئەو لایەن ! لەکاتێکدا بەشێکی دیاری ئەو نووسەر و رۆشنبیرانە نەک هەر لەسەرەتاوە پشتیوان و رێنیشاندەری گۆڕان بوون، بەڵکو ئەسڵەن گۆڕان لەسەر زەمینەی فکریی ئەوان دروستبوو کە هەر لەسەرەتای نەوەدەکانەوە خاوەنی خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانەی کایەی سیاسی و کاری حزبی بوون و رۆژ بەرۆژ بە پرۆژەی فکری وەک (رەهەند) و میدیای ئازادی وەک (هاووڵاتی و دواتریش ئاوێنە و هیدیکە) برەویان بە گیانی رەخنەگرانەی ناو کۆمەڵگای کوردستانی دا، هەر بۆیەش رەوانشاد نەشیروان مستەفا لەهەموو کەس زیاتر قەدری ئەو رۆشنبیرانەی دەزانی و بە کەسانی هەرە نزیکی خۆی و گۆڕانی دادەنان و بە را و رەخنەکانیان خۆشحاڵ دەبوو، بەڵام بەداخەوە بە ماوەیەکی کەم دوای کۆچی دوایی ئەو، میدیای گۆڕان بە رێنمایی هەندێ ناوەندی بڕیاربەدەستی بزووتنەوەکە، کەوتنە کاردانەوەی ناجۆر بەرامبەر رەخنەی هەندێ لەرۆشنبیر و رۆژنامەنووسانی ئازاد و ئەهلی و دیوارێکیان لەنێوان گۆڕان و ئەواندا هەڵچنی، ئەویش لەبەرئەوەی ئەوانەی لەدوای کۆچی دوایی رەوانشادەوە بڕیاری بزووتنەوەکەیان کەوتە دەست (چ هاوڕێ کۆنەکانی، چ کوڕەکانی و چ ئەو گەنجانەی بە ئێستاشەوە خۆیان بە نەوشیروانی ناوزەد دەکەن) لەکاک نەوشیروان (وەک فکر و دنیابینی) نەگەیشتن کە بۆ چی سیاسەت دەکات و دەیەوێ بە چی بگات..باشترین و سادەترین بەڵگەش ئەو هەناسەسواریەیە کە ئەو گروپە لەگۆڕانخوازان تێیکەوتوون بەرامبەر بەو رەخنانەی لەگۆڕان و بەتایبەت لەرێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی دەگیرێت، لەکاتێکدا کاک نەوشیروان نەک بە رەخنە تووڕە نەدەبوو، بەڵکو بەردەوام خەریکی دروستکرنی رەخنەگر بوو و ئەوەیشی بە وەزیفەی گۆڕان دەزانی، چونکە بەلای ئەوەوە (رەخنە و گۆڕان) دووانەی راستەوانەی یەکتر بوون (هەریەکەیان ئەویدیکە بەهێز دەکات و هێزی لێ وەردەگرێت)، ئەوانەی هەمنشینی بوون باش دەزانن کە ئەو هێندە بە رەخنە خۆشحاڵ دەبوو و گوێی لەکەسانی رەخنەگر دەگرت، هێندە دڵی بە موجامەلە نەدەکرایەوە و گوێی لەکەسانی ماستاوچی نەدەگرت. بۆیە هیوادارم ئەو هاوڕێ گۆڕانخوازانە، ئەگەر رێککەوتنەکەی گۆڕان و پارتی-یان زۆر پێ باشە، ئاساییە با دوور لەزیادەڕۆیی و خۆشخەیاڵی-ەوە باسی( باشییەکان)ی بکەن، بەڵام گوێش لەرەخنە و راکانی دیکە بگرن و نەیانکەن بە شەیتان و موئامەرەچی، ئاخر بەدڵنیاییەوە بەشێکی ئەو رەخنانەی ئەو رۆشنبیر و گۆڕانخوازانە لەگۆڕان و رێککەوتنەکەی دەگرن، لەخەم و پەرۆشییانە بۆ گۆڕان (وەک گەورەترین پرۆژەی رەخنەگرانەی کوردی)، وەکچۆن بەشێکیش لەپیاهەڵدانەکان بە رێککەوتنەکە، لەخەمی شەخسی-ەوە سەرچاوە دەگرن، نەک خەمی گشتی.
د. شایان عەسکەری هەرچەندە من یەکێک بووم لەوانەی کە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنم پێ باشتر بوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و کارم بۆ دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رێکەوتنەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرکەوتن دەزانم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم رێکەوتنە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنی خەباتی مەدەنیە کە مەبدەئی بزووتنەوەکەیە. لە ساڵانی نەوەدەکان هەرکاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان رێک نەکەوتنایە دەبووە هۆی هەڵگیرسانی شەری ناوخۆ و بە کوشتدانی گەنجی کوردستان. بەڵام لە دەسپێکی دامەزرانی بزووتنەوەی گۆڕان هیچ کاتێک چەکی هەڵنەگرتووە دژی هیچ حزبێک تەنانەت لە کاتە زۆر سەختەکانیش. لە کاتێکا بۆ نەوشێروان مصطفى چەک هەڵگرتن کارێکی ئاسان بوو بەتایبەتی کە خەلکێکی زۆر ئامادەباشی دەربری بۆ ئەو مەبەستە. لێرەدا بزووتنەوەی گۆران بروایەکی بۆ خەڵکی کوردستان دروست کرد کە بە دیهێنانی ئامانجە سیاسیەکانی حزب بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی پێویست بە هەڵگرتنی چەک ناکات لە رێی خەباتی مەدەنیەوە دەتوانێ ئامانجەکانی بپێکێ. گومانی تێدا نیە ئەم رێکەوتنە تەواوی خاڵەکانی لە بەرژەوەندی گەلی کوردستانە، دیارە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بە پەرۆش بوو بۆ بەشداریکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیوادارم بە هەمان نەفەس کار بکات بۆ جێبەجێ کردنی خاڵەکانی رێکەوتنەکە. پەندێکی مصرى دەڵێ هەر کارێک سەرەتاکەی مەرج و رێکەوتن بێت کۆتاییەکەی رووناکی دەبێت. ئەوەی کە زۆر گرنگە بە دیدی من بیرکردنەوەی جەرگ سووتاوەکانی حەڤدەی شوباتە بەرێز باوکی شەهید سورکێو وباوکی شەهید ئومێد کە فەرموویان ئەو رێکەوتنەمان پێ باشە، گەر بە بیرکردنەوەی ساڵی نەوەدەکان بوایە دەبوایە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و تۆڵە سەندنەوە بوونایە.... بەڵام لەگەڵ هاتنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەم جۆرە بیرکردنەوانەی تۆڵە سەندنەوە کۆتایی پێهات. بزووتنەوەی گۆران بووە بە هەوێن بۆ خەباتی مەدەنی و کاریش بۆ ئەوە دەکات.
مەجید ساڵح (1) گومان لەوەدا نییە لەم هەلومەرجەدا چارەنووسی یەکێتی پارتی هەر رێکەوتنە، سازشێک لەم یان ئەو هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێ، چونکە بەدیلی رێکنەکەوتنیان یان دوو ئیدارەییە، یاخود هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆیە. پێم وا نییە ئاوەزای سیاسی و بەرژەوەندییە ئابوریی و سیاسییەکانی زۆرێک لەسەرکردە و بنەماڵەکانیان رێگەیان پێ بدات یەکێک لەو دوو بژاردەیە هەڵبژێرن. جگەلەوە هەلومەرجی ناوچەکە و بەرژەوەندی وڵاتانی دەرودراوسێ لە ئێستادا لە گەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی دیکەدا ناگونجێ..بۆیە ئەگەری رێکەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتی زۆرترە یان رێکنەکەوتن. (2) یەکێک لە دەردرە دێرینەکانی کورد ئەوەیەکە دایم (دوودڵن پیسن لە گەڵ یەک شێت و شەیدای عانە)ن، رۆشنبیرەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم هەموویان رایان لە گەڵ ئەو بۆچوونەی فایەق بێکەس بووە، بۆیە لە شیعر و نووسینەکانیاندا هەوڵیان داوە ئەو کرمی دوو دڵی و پیسی و ناکۆکییە لە ناو کۆمەڵگای کوردی دەربهێنن بۆ ئەوەی پێکەوە داری ئازادی ئاو بدەن. ئەوان خۆیان پشتیان لە عانە کرد و بەرووتی و رەجاڵی ژیان تەنها بۆ ئەوەی قسەیەکیان هەبێ لە ناو کۆمەڵگادا کاریگەر بێ. بەداخەوە لەم سەردەمەدا هەندێ لە رۆشنبیران بە نووسین و قسەکانیان کۆمەڵگای کوردی کرمەژەن دەکەن و دوودڵی و ناکۆکی دروست دەکەن. زۆرێک لەوانە لەکاتی رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتیدا هیچیان نەوت و کاتێکیش یەکێتی عیبرەتی وەرنەگرت و رێکەوتنەکەی جێبەجێ نەکرد، نوزەیان لێوە نەهات.. کەچی ئێستا زمانیان پژاوە و دژی رێکەوتنی گۆڕان و پارتین ەکە لەدژی هیچ لایەنێک نییە و بەنهینی نەکراوە و خاڵەکانی هەمووی لە بەرژەوەندی خەڵکدایە. رۆشنبیری راستەقینە بەدوای خاڵە هاوبەشەکاندا دەگەڕێ و خاڵەناکۆکەکان دەستنیشان دەکات و چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە.. نەک زەقکردنەوەیان. (3) کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگای کوردی ئەوەیە پارتی و یەکێتی عیبرەت لەمێژوو وەرناگرن و تا ئێستاش خۆیان بە حزبی قائید و پێشرەو دەزانن. ئەم بیرکردنەوەیە بە تایبەتی پارتی زۆر زەقە، پارتی پێی وایە دەتوانێ لە دهۆکەوە ئیدارەی سەرەتاسەری کوردستان بکات. درێژەدان بەم بیرکردنەوەیە وای کردوە هیچ کات سەقامگیری لە کوردستاندا دروست نەبێ. پارتی دەبێ بزانێ لە ئێستادا کۆمەڵگای کوردستان دەیان رەوت و بیرکردنەوەی جیاجیای تێدایە و بەشی زۆریشیان ناکوکی قووڵیان لە گەڵ عەقڵییەتی ئەواندا هەیە، ئەمەش وای کردوە بەگومانەوە تەماشای هەر رێکەوتنێک لە گەڵ ئەوپارتەدا بکرێ.. ئەگەر پارتی بەراستیەتی دەیەوێت کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیرمان هەبێ، پێوسیتە لەوە تێبگات بەتەنها کوردستانی بۆبەڕێوە نابرێ.. دەبێ لەگەڵ (گۆڕان)دا بەڵێنەکانی بباتە سەر و خاڵەکانی رێکەوتننامەکەیان جێبەجێ بکات، لەوەش گرنگتر دەبێ سازش بۆ (یەکێتی)یش بکات و لە پێناوی پوست و پلە و پایەی بۆ ئەم و ئەو، قەزیە گەورەکە کە کوردستانە نەدابەفەتارەتدا. بەدیلی ڕیکنەکەوتن چییە؟ مەرج نییە شەڕ بێ، بەڵام لەشەڕ خراپتر هێشتنەوەی دۆخەکەیە وەک خۆی. ئەزموونی چەندین ساڵەی کوردستان پێمان دەڵێ رێکەوتن لەگەڵ یەکتری لانی کەم خوێنی تێدا ناڕژێت و جۆرێک لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی دروست دەکات.
فەرید ئەسەسەرد سەرەڕای پێنج خولی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، هێشتا هەواڵەكان بە ئاكامی خوازراو نەگەیشتوون. بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخە دۆخێكی نموونەیی نیە، بەڵام دەبێ دان بەوەشدا بنرێ كە مەرج نییە پێكهێنانی كابینەی تازە هەموو جار بە ئاسانی بەڕێوە بچێ. ئەوە بۆ خۆی بەڵگەیە كە پێكهێنانی كابینەی چوارەمی ئەنگیلا مێركل لە ئەڵمانیا، شەش مانگی خایاند. كابینەی ئەم دواییەی سەعد حەریریش لە لوبنان پاش زیاتر لە هەشت مانگ لە دانوستان پێك هێنرا. لە هەندێ هەلوومەرجدا دەبێ دانوستانكاران پشوو درێژ بن بۆ ئەوەی بتوانن كابینەی تازە لەسەر بناغەیەكی پتەو پێك بهێنن. دروست نییە بەو جۆرە سەیری پێكهێنانی كابینە بكرێ كە تەنها دابەش كردنی پۆستە وەزارییەكانە بەسەر لایەنە پێكهێنەرەكاندا. دیارە مەسەلەكە لەوە ئاڵۆزترە و پێویستی بە كۆششی زۆرترە. هەموو ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە پێكهێنانی كابینەی تازەدا مافی خۆیانە داوای بەشدارییەكی راستەقینە لە پرۆسەی دروست كردنی بڕیاری سیاسی و ئابووریدا بكەن و رۆڵێكی كارایان لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەكاندا هەبێ، هەروەك مافی خۆیانە گەرەنتی لەم رووەوە بەدەست بێنن بۆ ئەوەی هەڵە و كەموكوڕییەكانی كابینەی هەشتەم دووبارە نەبنەوە. دەبێ سڵ لەوە نەكەینەوە كە هەڵسەنگاندنێكی رەخنەگرانەمان بۆ كابینەی پێشوو هەبێ چونكە لایەنێكی سیاسیی بەشدار لە كابینەكە بە شێوەیەكی نایاسایی دوور خرایەوە و پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ پەك خرا، هەروەك كابینەی هەشتەم لە ناو هەموو كابینەكاندا تاكە كابینە بووە كە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەرەكانی بدات و بەدڵنیاییەوە لە دوای خۆی قەرزێكی زۆر بۆ كابینەی نۆیەم بەجێ دێڵێ. كابینەی تازە پێویستی بە پەیكەربەندكردنەوەی سیاسەتی گشتی و دام و دەزگا حكومییەكان هەیە كە ئەمەش دەبێ پێشوەخت بە تێر و تەسەلی تاوتوێ بكرێ و رێككەوتنی لەسەر بكرێ. لایەنە پێكهێنەرەكان بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو پێكەوە وڵات بەڕێوە دەبەن و پێكەوە سیاسەتە گشتییەكان دادەڕێژن و پێكەوە جێبەجێی دەكەن، بۆیە دەبێ هەم لەوە دڵنیا بن كە بەشداری راستەقینە دەبن لە لێپرسراوەتیدا هەم دەبێ لەوە دڵنیا بكرێنەوە كە سیاسەتی پەیڕەوكراوی كابینەكە رەنگدانەوەی گیانی لێپرسراوەتیی هاوبەش دەبێ و داهاتەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هەموو ناوچەكاندا دابەش دەكرێن. ئەمەش بەم واتایە دێت كە دەبێ هەمووان رۆڵێكی راستەقینەیان لە داڕشتنی سیاسەتی پەرەپێداندا هەبێ و هەموو دەسەڵاتەكان لە ناوەند چڕ نەكرێنەوە. بەدڵنیاییەوە زۆر گرنگە هەموو ناوچەكان بەشدار بن لە لێپرسراوەتیی هاوبەش لە بواری پەرەپێدان. هێنانە دی كابینەیەكی بەهێز دەوەستێتە سەر ئەندازەی تەبایی لایەنە پێكهێنەرەكان. جوگرافیای تەباییش تەنها هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران ناگرێتەوە، بەڵكو سەرتاسەری هەرێم و دەرەوەی هەرێمیش دەگرێتەوە، بە تایبەتی ناوچە جێناكۆكەكان. فراوان كردنی جوگرافیای تەبایی بە چەشنێك كە هەرێم و كەركوك و بەغدا بگرێتەوە، مەرجی سەرەكیی هاتنە دیی كابینەیەكی بەهێز و تۆكمەیە و لە هەمان كاتدا مەرجی سەرەكیی سەركەوتنی كابینەكەشە، بە تایبەتی كە ئەزموونی كابینەی هەشتەم نیشانی داوە كە كێشەی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكان لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران سەر هەڵنادەن، بەڵكو لە دەرەوەی هۆڵەكە دروست دەبن، لە شەقامدا و لە ناو دامودەزگاكاندا، لە ناو سەندیكاكان و زانكۆكاندا، هەروەها لە كەركوك و بەغدا. پاشان سنووری جوگرافیی خۆیان دەبەزێنن و لە ناو هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران رەنگدانەوەیان دەبێ. ناتوانرێ نكوڵی لەوە بكرێ كە دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی تازە رەنگدانەوەی قەیرانی بێ متمانەییە. بەڵام ئەگەر بە چاویلكەیەكی گەشبینەوە سەیری مەسەلەكە بكەین، دەتوانین وا لە دۆخەكە بڕوانین كە سەركەوتنی لایەنەكان لە گەیشتن بە فۆرمێكی گونجاو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، خۆی لە خۆیدا و لە هەمان كاتدا دەرفەتێكە بۆ گێڕانەوەی متمانە و چەسپاندنی و رەواندنەوەی نیگەرانییەكان بۆ ئەوەی هەموو لایەنە بەشدارەكان پێكەوە لێپرسراوەتییەكە بە هاوبەشی بگرنە ئەستۆ. رێگای كابینەی نۆیەم مینڕێژكراو نەكراوە، بەڵام تەگەرەی لەبەردەم دایە. ئەو تەگەرانە تەنها بە دەستەبەركردنی بەشدارییەكی راستەقینە لە دەسەڵات و بڕیار و بەڕێوەبردن و پەرەپێدان رادەماڵدرێن.
سامانی وەستا بەکر ڕەخنە بۆ باشترکردن و هاندان و پێشخستنە هەر ڕەخنەش بۆ وێران کردن و سارکردنەوەو چەقبەستنە. هێرش کردن ڕەوایە بۆ خۆپارێزی و بەرگری کردن و تەسلیم نەبوون و ئازادیی و بەش پارێزییە، هەر هێرشیش بۆ داگیرکاری و داپڵۆسین و تەسلیم بوون و دەستەمۆکردن و بەش خورادنە. پیاهەڵدان ودەستخۆشی و چەپڵە بۆ هاندان و سوپاسگوزاری و ڕەوایدان و پشتگیری و گیراکرن و دووبارەکردنەوەی کاری باشە، هەر پیاهەڵدان و دەستخۆشـی و چەپڵەش بۆ خۆنزیک کردنەوەو خۆهەڵواسین و ماستاوکردن و ڕەوایدان بە خراپەکاری و پاڵپشتـی کاری نەشیاو گومڕاکردن و دروست کردنـی دیکتاتۆرە. هاوڕای و هەماهەنگـی و دەستگیرۆی و یارمەتـی و چاوڕوانـی بە هۆشیاری و لێکۆڵینەوەو پەلەنەکردن بۆ دەستکەوت و سەرکەوتن و پێکانـی ئامانجە، هەر هاوڕای و هەماهەنگـی و دەستگیرۆی و یارمەتـی و چاوڕوانـیش بەبێ لێکۆڵینەو بەنەزانـی و بەپەلکردن هۆکارە بۆ کەوتن و دەستبەتاڵـی و لە ئامانج دوورکەوتنەوە. ھەرکاتێ نێوانی حیزبەکان سارد و ئاڵۆز و ھێرشی ڕاگەیاندن ڕووبەڕووی یەکتر ئەکەن خەڵکی بێزراو توڕەدەرەکەون و تووشی دڵەڕاوکێی ئەبن و باس لە خراپی ئەگەری شەڕی ناوخۆ ئەکەن و ڕاستەخۆ فەیس بووک ئەبێت بە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەو ئیتر لەوەودوا خەڵکی خۆیان یان باشتر بڵێین ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ئەبنە زمان حاڵ و تا ئەو ئاستەی بۆیان بکرێ فوو لە گڕی ئاگرێک ئەکەن کە خودی حیزبەکان بەنیازنین دایگیرسێنن! خۆ ئەگەر مەزاجی ئەکاونتەکانی فەیس بووک پێوەربووایە بەو ئاڕاستەیە ھەڵسوکەوت بکرایە ئەوە لەدوای کۆتای ھاتنی شەڕی ناوخۆی ساڵی ١٩٩١وە چەندین شەڕی ناوخۆیی تر ھەڵئەگیرسا. ھەرکاتێکیش ڕێکەوتن یان ھاوپەیمانی نێوان دوو حیزب یان زیاتر ڕائەگەیەنرێ دیسان خەڵکی مەزاجی تێکەچێ و تووڕە و بێزاردەرەکەون و ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەست بە ھێرش کردنە سەر ڕێکەوتن یان ھاوپەیمانیەکە ئەکەن و ڕاستەخۆ ئەو ڕێکەوتن و ھاوپەیمانیانیە بۆ بەرژەوەندی حیزبی کەسی و دزینی سامانی گشتی ئەگێڕنەوە ئەگەرچی کاتی ڕێکەوتن یان ھاوپەیمانیەکە لە ڕۆژی یەکەم و سەرەتاشیبێ و جارێ چاوی ڕووناکی نەبینیبێ! لە دوای شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی لە ساڵی ١٩٩٢ یەکێک لە ھۆکارەکانی درێژەپێنەدانی ئەو شەڕە نەگلیسە خودی کۆمەڵگە بوون کە ڕەچاوی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ھاوخوێنی و ھاوبەشی ژیانیان ئەکرد و لەبری ھاندان و کەمترکردنی شەڕەکە ھەمیشە ھەوڵئەدرا ئاو بکرێ بەگرەکەیا "لەگەڵ چەند نمونەیەکی پێچەوانەی کەمیش" کە ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ڕووبەڕوو و ڕاستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ یەکتر ئەکرد و تێکەڵی و سەردان و کۆبوونەوەی شوێنە گشتیەکان زیاتر لەیەکی نزیک ئەکردنەوە. بەڵام بەراورد بە ئێستای سەردەمی فەیس بووک ئەبینرێ ھەمیشە کۆمەڵگە لە "جەنگی سارد"ا ئەژی و لەگەڵ ھەر گۆڕانکاریەکیشا کۆتای بە جەنگی ساردی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان نایەت و بگرە سوود لە ھەر گۆڕانکاریەک وەرەگیرێ تا بازاڕی خۆ ناساندن و کۆکردنەوەی (پەنجەکەڵ- لایک) گەرمتر بکرێ و ئەوەی سەیریشە ئەوەیە ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان حیزب و حکومەت و دەسەڵات بە ھەلپەرست و خۆپەرست و بەرژەوەندی کەسی تۆمەتبارەکەن لەکاتێکا ھەر خودی ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ساڵانێکە بۆ بەرژەوەندی کەسی و خۆبە ئەفسانەکردن و خۆناساندن و کۆکردنەوەی "پەنجەکەڵ- لایک" ساڵانێکی زۆرە شەڕێکی سارد بەڕێوەئەبەن. گرنگە کۆمەڵگە بە گشتی و ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەتایبەتـی بوارێک بۆ پێکەوە ژیان و ھەماھەنگی بھێڵنەوە و لەبری ھێرشی ڕاستەوخۆ بۆ ھەر گۆڕانکاریەک بە ڕێکەوتنی سیاسی حیزبەکان و دروستکردنی حوکمەتیشەوە و دانەبەخۆدابگرن تا هەنگاوە کردەییەکان شوێن پێـیان دەرەکەوێت. ئەگەر شەڕ یان ئاشتـی و هەڵچون و ئاژاوە یان هێمنـی ودانەبەخۆداگرتـن دوو پرسیاربن ئاڕاستە بکرێن گومانـی تیانیە مرۆڤە بیـر پێگەشتوو جێگیـرو ڕەفتار هاوسەنگەکان هەمیشە یەکەم هەڵەبژێرن و ئەوانەی دووەمیش هەڵەبژێرن کە هەمیشە کەمینەیەکـی هەلپەرست و شەڕەنگێزن کەسانێکـی تێکشکاو دەروون نەخۆش و خۆپەرستن. ئەگەرچـی ئەکاونتە نادیارو بێ خاوەن و گومان لێکراوەکانـی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە سەر بەبەرەی دووەمن و کەمینەن بەڵام مەزاجـی زۆرینەی بەرەی یەکەمیان ماندوو توڕەو بێتاقەت و تا ئاستێکیش ڕەشبین کردووە و هەندێک جار بەبـێ ئاگا لەو شەڕە ساردەی ساڵانێکە بەرەی دووەمـی کەمینە بەڕێوەی ئەبەن ئیتـر بە پاڵشتـی حیزب، سەرکردەی حیزب و بازرگانـی چاوچنۆکبـێ یان تەنانەت بۆ کۆکردنەوەی "پەنجەکەڵ-لایک"یشبێت تێوەئەگلێـن و ئەبنە پاڵپشت و چەکـی دەستـی ئەوە بەرە کەمینەیەو سەرەنجام وێنەیەکـی زۆرینە لای خوێنەرو سەردانکەرانـی ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتییانە دروست ئەکەن. ئەگەر پشتگیری کارێک کرد یان دەنگدا بە حیزبێکێکـی سیاسـی یان هاوکاری کارێکـی خێـرخوازی یان وەبەرهێنان....هتد گرنگە پشت بە هۆشیاری و بە لێکۆڵینەوەو بە کات ببەستـی خۆ ئەگەر ئەنجامەکەی وەک چاوڕوانـی کراو دڵخواز نەبوو ئەودەمە بڕیاردان دروست ئەبێت و ئەکرێ هاوکاری ڕاگیری و وەبەرهێنان بوەستێرێ و دەنگیش بە حیزبە سیاسیەکە نەیرێت. بوونـی هۆشیاری بۆ تێگەشتـن و لێکدانەوەو شـڕۆڤەکردنێکـی بابەتیانە و پرسیارکردن و گەران بەدوای سەرچاوەی دیارو باوەڕپێکراو پەلە نەکردن لە بڕیاردان کلیلـی چارەسەر و کۆتایـی شەڕی ساردی ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتییانەیە کە بۆتە دیاردەیەک کۆمەڵگە بەئارەزووی کەمینەیەکـی نادیار هەنگاوئەنـێ و هێدی هێدی بەها جوانەکانـی کۆمەڵگە تەسلیم بە کلیکێک ئەکرێن.
لاوک سەلاح سادەترین پێناسە بۆ چەمکی بەدامەزراوەیکردن خوڵقاندنی پرۆسەیەکی پیشەیی پێداچوونەوەیە بە کۆی کاری دامەزراوەیەکدا بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەو بەها و ئامانجە ستراتیژیانەی کە، لە بنەچەدا، لە پێناویدا دامەزراوە، وردتر قسە بکەین باشترکردنی سیاسەترێژی و پەیامی ستراتیژی و رەفتاری پیشەییە و کارکردنی بەردەوامە لە سەر ئاستی جیاواز و بە قۆناغی جیاواز بۆ ئەوەی بکرێنە چالاکی رۆژانە. کاری لەم جۆرە دەبێتە هێنانەکایەی کەلتوورێکی سیاسی و ئیداری و حکومڕانی جیاواز بە پەیرەوکردنی هەیکەلیەتێکی نوێی کارکردن. یەکەم هەنگاو بەرەو بە دامەزراوەیکردنی پیشەیی لە خوڵقاندنی پرۆسەیەکەوە دەستپێدەکات بۆ گۆرین و باشترکردنی یاساکان لەگەڵ هێنانەکایەی جۆرێک لە گەرەنتی بۆ پیادەکردنیان. دیسانەوە، کۆی ئامانجی سەرەکی لەم پرۆسەیە گۆرینی رەفتاری سیاسی و ئیداری و کەسایەتییە کە دواجار یارمەتی پیادەکردنی پرۆگرام و پرۆژە دەدات و ئاستی خزمەتگوزارییەکان باشتر دەکات و بواری گەندەڵی بە مانا گشتییەکەی کەم دەکاتەوە. رەنگە ئەم جۆرە تێروانینە، لای هەندێک کەس، بۆ دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی بە مەحاڵ لە قەڵەم بدەن، هۆکاری ئەو بێ ئومێدییە ئەوەیە ئێمە هێشتا لە دۆخ وئاساورەکانی جەنگدا دەژین، بەڵام ،لانی کەم، هەر دەبێت تروسکاییەک لە هیوا مابێت بۆ کارکردن و بەخشینی بەردەوامی بە ژیان. لە پرۆسەی بەدامەزراوەیکردندا، دەستەڵات و هێز دابەش دەکرێنەوە بە شێوەیەک کە، دواجار، کۆمەڵگە خۆی بەرپرسیارە لە بەرێوەبردنی خۆی، دەستکەوتەکان بۆ هەمووانە و سەرنەکەوتنەکانیش نابنە تۆمەت و گوناه لە ملی یەک کەسدا یان یەک ئەکتەری سیاسی دیاریکراودا. لە "پرۆسەی بەدامەزراوەیکرندا" حکومەت و کۆمەڵگە دەستەجمعیانە لە رێگای میکانیزمی دیار و راشکاوانەوە بڕیار دەدەن و رۆڵی ئەکتەری سیاسی و حکومی دەستنیشان دەکرێن. ئەمە زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان دەوڵەت وهاوڵاتی بە یاسا رێکبخرێت بۆ پاراستنی شەرعیەتی دامەزراوەکان. رەنگە ئەوەی زیاتر بۆ کۆمەڵگەی کوردی شیاو بێت یاخود ئەولەویەتی کار بێت لە ئێستادا ئەوەندەی پەیوەستە بە خوڵقاندنی پرۆسەی بەدامەزراوەیکردنی کۆمەڵگە رەفتار و کەلتووری سیاسی بێت کە پێویست دەکات چوارچێوەیەک بۆ کاری سیاسی هەر لە ناو پارتە سیاسییەکانەوە تا دامەزراوە حکومییەکان دابرێژرێت بۆ رێگرتن لە سەرکێشی رەفتاری سیاسی دیاریکراو و پاراستنی ئەو بەها سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتییە باو و ستاندەردانەی کە هەموومان کۆ دەکاتەوە. لە پرۆسەی بە دیموکراسیکردنی هەر کۆمەڵگەیەکدا دەبێت وریای ئەو رەوتە کەلتوورییە بین کە کاریگەری هەیە و دەبێت هەندێ رێکاری یاسای راشکاو هەبن بۆ پاراستنی دامەزراوە لە هەر پێشێلکردنێکی سیاسی یان ئیداری یان حکومی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. هەمیشە گرفت و ئاڵەنگەری سەرەکی بە تایبەتی بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە بە چەندان جەنگدا تێپەربوون وەک کۆمەڵگەی کوردی نەبوونی ئیرادە و ئامادەکارییە بۆ خوڵقاندنی ئەو پرۆسەیە کە رەنگە لاواز بێت یا هەر نەبێت چ لە ناو پارتی سیاسیدا یان دامەزراوەی حکومەتدا. هەمیشە پرۆسەی بەدامەزراوەیکردن لە بەرئەوەی قۆناغی گواستنەوەیە بۆ ژینگەیەکی سیاسی نوێ، پرۆسەکە وەک هەرەشە لە بوونی پارت سیاسییەکە یان هەیکلە حکومییەکە یان لەبەر بەرژەوەندییەکی سیاسی و ئابووری تایبەت تەماشا دەکرێت. هەر لەبەر ئەوە پرۆسەی بەدامەزراوەیکردنی پارتی سیاسی و پتەوکردنی هەیکەل و دارشتنەوەی سیاسەتی حکومەت پرۆسەیەکی ماراسۆنییە بە یەک پارتی سیاسی و بە تەمەنی حکومەتێکی چوارساڵەش نایەتە دی، بەڵام دەکرێت کۆڵەکە سەرەتاکانی بۆ پاراستی سەرتاپا کۆمەڵگە بینا بکرێت. دیسانەوە ئەو پرۆسە ماراسۆنییە پێویستی بە پێشین و زەمینە خۆشکردن هەیە بە پەیرەوەکردنی پلانی قەیران بە تایبەتی لە سەرەتادا بۆ دابەشکردنی دەستەڵاتەکان، نموونەیەکی دیار؛ هەڵبژاردنی ساڵی پار، سەرباری هەموو کەڵێن و کورتی و نشوستییەکانی، نەخشەی هێزەکانی بە جۆرێکی دیکە رێکخستەوە و ئەنجامەکانی کە بە ناچاری لە لایەن هەموو پارتەکانەوە قبووڵکران کاریگەری لە سەر بنکە و دەستەڵاتی هێزەکان و پرۆگرامیان کرد وناچاریکردن دەست بە پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن. ئەو هاوپەیمانێتە سیاسیانەی کە ئێستا لە گۆرەپانی عێراق و کوردستاندا روودەدەن ئەنجامی هەستکردنە بە هەرەشەی دەرەکی و ناوخۆ و درککردن بەوەی کە دەبێت لە ئاستی تەحەداکاندابن. ئەوەی لە ئێستادا روودەدات بە کەمترین و کورترین پێناسە دابەشکردنەوەی سەرچاوەکانی هێز و دەستەڵاتە، هەموو لایەک نیگەرانن لەو بنکە و سەنگەی کە درزی تێکەتووە و کاریگەری لەسەر مانەوەیان لە ئاییندەدا دەکات. بۆ هێنانەدی رەفتاری دامەزراوانە، کە بەشێکە لە پرۆسەی پەرەسەندی کەلتووری سیاسی، زۆر جار پێویستت بەو کەسانەیە کە لە بنەجەدا کەسایەتییان ئامادەییان تێدایە دامەزراوەیبن، زۆر جار هەست دەکەیت ئەوە توانا و بەهرەی کەسەکەیە بەر لەوەی کارامەیی بێت کە لە رێگای خوێندن و راهێنانەوە بەدەست هاتبێت، بەداخەوە سیستمی خوێندن لەلای ئێمە بەهۆی جەنگی بەردەوامەوە تا هاتوە لاواز بووە. لە ساڵانی رابردوودا دونیایەک رێکخراوی نێودەوڵەتی و نیشتمانی کاریان لە سەر مەسەلەی بەدامەزراوەکردنی حکومەت و بەرجەستەکردنی حکومرانی شەفاف و دادپەروەرانە کردووە، پرۆسەکە نە ئامانجەکەی بە نیشتمانیکردن تەواو بووە، نە حکومەتی دامەزراندۆتەوە، زۆر جار، رەنگە، ئەوە ئامانجە سەرەکییەکە نەبوو بێت یان بە هەر پاساوێک و بەهانەیک بوو بێت ئەنجام نەدراوە، بۆ نموونە، رێکخراوێکی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان کاری لەسەر ئەم پرسە کردووە بەڵام نەتوانراوە پرۆگرامەکە بکرێتە پرۆگرامێکی نیشتمانی لە بەرئەوەی حکومەتێکی نیشتمانی لاوازمان هەبووە لە سەر ئاستی دارایی و لەسەر ئاستی توانای کادرەکانی. پرۆسەی بە نیشتمانکیردن بە کارمەندێکی نێودەوڵەتی نایەتە دی کە شەش بۆ دوو ساڵ لە کوردستاندا بمێنێتەوە لەهەمان کاتدا حکومەتێكی نیشتمانیت نەبێت موحاسەبەی پرۆگرامەکەی بکات و دێر بە دێری پرۆگرامەکەی لەگەڵدا تاوتوێ بکات، ئەمە سەرباری زیانەکانی جەنگ و نەبوونی بودجە و فشاری ئاوارە و پەنابەر و فشار لەسەر دامودەزگاکانی دەوڵەت و گەندەڵی ئیداری کە کاریگەری کوشندەیان هەبووە، هەروەها رێگربوون لە بوونی "پرۆسەی بەدامەزراوەیکردن" ئەم پرۆسەیە دەبێت لە هەناوی کۆمەڵگە خۆیەوە دەستپێبکات، هیوادارم ئێستا ئەو ساتە بێت کە هەست بکەین ئێمە لەبەردەم دووریانێکی سەختی سیاسیداین لە جۆرێکی دیکە، ئێمە لەبەردەم ئاوێنەیەکداین دەبێت دان بە رەفتارە ناشرین و قێزەوەنەکانی خۆمان بنێین بۆ ئەوەی بەهای نیشتمانی بە جوانی دامەزرێنینەوە
مەلا فەرمان بۆ سازکردنی زەمینەی لێکتێگەیشتن و کارکردن بۆ تەبایی و سازان نەک هەر لە بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوە، بەڵکە دەیەوێ لە سلوکی رۆژانەی تەواوی هەڵسوڕاوەکانیدا رەنگبداتەوە. لێرەوە گۆڕان کار دەکات لە 1. سڕینەوەی رق و کینەی سیاسی بۆماوەیی. 2. رەوانەوەو نەهێشتنی شەڕی ناوخۆ و تارماییەکانی. 3. رێزگرتن لە بڕیاری زۆرینە. بۆ رێکەوتنێکی سەرکەوتو و بەرهەمداریش پێمان وایە، پێویستە: 1. زەمینەسازی لە بنکەی جەماوەری حیزبەوە بۆ بکرێت، چونکە لەم سەردەمە زۆرێک لە لوتکەکان ئاشتی و تەباییان بەندە بە هاوجوتبونی بەرژەوەندیە بازرگانیەکانیانەوە نەک پرەنسیپە حیزبی و بەها نیشتمانیەکان. 2. گێڕانەوەی متمانە لە نێوان کادرە مەیدانیەکان. 3. بۆ گێڕانەوەی متمانە پابەندبونە بە بەڵێنەکان و جێبەجێکردنیان. گۆڕان و رێکەوتنەکان 1. لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆن و لە حکومەتدا دەتواندرێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتو بە رێکەوتنێکی سەرکەوتو دابنرێن. 2. گۆڕان و یەکێتی: ئەگەرچی لە نێوان بەشی زۆری بنکە جەماوەرییەکەی هەردولا پەیوەندیەک و لێکنزیکیەکی باش هەیە، تا ئەو رادەیەی لە هەندێ شوێن ناسینەوەیان ئاسان نیە، بەڵام پابەند نەبونی سەرکردایەتی یەکێتی بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێکەوتنەکان، لە دەباشانەوە تا رێکەوتن لەسەر ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە پەیوەندیەکانی هەردولای لاواز کردوە. 3. گۆڕان و پارتی: پەیوەندی نێوان بنکە جەماوەریەکەی ئەم دو حیزبە بە پێچەوانەی ئەوەی یەکێتی جۆرێک لە دوری لە ماوە و بۆچونەکان بۆ ژیان و حوکمڕانی دەبیندرێت. بۆیە سەرکەوتنی رێککەوتنی نێوان ئەم دو لایەنە پێویستە: - کار بکرێت بۆ گێڕانەوەی متمانە لە نێوان هەردولا لە سەرەوە بۆ خوارەوە.سەرکردایەتی پارتی پێویستە پابەندبێ بە بەڵێنەکانی و جێبەجێیان بکات. باشترە لە بری رێککەوتن ناوی هاوپەیمانی بۆ دامەزراندنی کابینەی نۆ دابنرێت. ئەم هاوپەیمانیە لە تیۆری و سەر کاغەز خاڵی باش و بەرهەمداری تێدایە، بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنیشی باشترە چاوەڕوانی بواری کرداری بکرێت. ئەوەی رۆشنبیران بە خەتەر دەیبینن لە کابینەی نۆ لەچوار ساڵی داهاتودا، بونی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەیە لە دەست پارتی: پەرلەمان، حکومەت هەرێم. گۆڕان و دامەزراوەکانی حکومەت کاتێ کە دامەزراوەیەکی حکومەت وەک پێویست کارەکانی جێبەجێ ناکات، گۆڕان دەستکراوەیە لە رەخنە گرتن لە ئەدای ئەو دامەزراوەیە، ئەگەر کاری ئەو دامەزراوەیە هەڵسوڕاوێک بەڕێوەی ببات. بەجێهێشتن لە نیوەی رێگە قسەیەکە هەق نیە لە سیاسەت و لە رێکەوتنی سیاسی و هاوپەیمانیدا بگوترێت، چونکە هەرکاتێ کە لایەنێک بە بەڵێنەکانیەوە پابەند نابێت لایەنی دوەم هەنگاو دەنێ، ژن و مێرد با خاوەنی مناڵیش بن، کاتێ کە رێکنەبون باشترە بڕیاری جیابونەوە بدەن. لە کاتێکدا کەس هیوای بۆ ناخوازێ. بێمتمانەیی لەم هاوپەیمانیەی نێوان گۆڕان و پارتی ئەگەرچی ناوەڕۆکی باشی هەیە، بەڵام لەسەر بنەمای ئەزمونی رابوردو، زۆرن ئەوانەی لە دڵسۆزی بۆ پرۆسەی دیموکراتی و بەرژەوەندیە نیشتمانیەکان لە لایەکەوە بە حەزەر و گومانەوە دەڕواننە تەمەندرێژی و جێبەجێکردنی ئەم هاوپەیمانیە. لە لایەکی تریشەوە خۆڕاپسکانی یەکێتی نیشتمانی تا رادەیەک ترس و دڵەڕاوکێی لا دروست کردون.
لهتیف فاتیح فهرهج بیرخستنهوهیهكی خێرا له 30ی كانونی دوهمی 2005 ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكان كرا ، له كهركوك : لیستی برایهتی كهركوك ژماره 367له كۆی 41 كورسی 26 كورسی هێنا لیستی بهرهی توركمانی عیراقی ژماره 175 ، 8 كورسی هێنا لیستی گردبونهوهی كۆماری عیراق "هی عهرهبهكان " ژماره 299 ، 5 كورسی هێنا هاوپهیمانی ئیسلامی توركمانی ژماره 178 كورسیهك گردبونهوهی نیشتمانی عیراق ژماره 289 كورسیهك بهم جۆره لیستی برایهتی كهركوك كه لیستی لایهنه كوردیهكان بوو بووبه براوهی یهكهمی ههڵبژاردنهكان ، یهكێك له هۆیهكانی كهمبوونی دهنگی عهرهبیش ئهوهبوو عهرهبهكان زۆر كهم بهشداریان كرد. له 6ی 3ی 2005 یهكهم كۆبونهوهی ئهنجومهن به ڕێوه چوو ، كۆبونهوهی یهكتر ناسین و سوێند خواردن بوو دادوهر زاهیر حهمزه سهلمان سهرپهرشتی پرۆسهكهی كرد . له دوای ئهو كۆبونهوهیهوه تا 41 كۆبونهوه جارێك عهرهب و جارێك توركمان و جارێك پێكهوه داكێڵی دانیشتنهكانیان دهكرد دهنگه هاتوهكان بهمجۆره بوو : لیستی برایهتی كهركوك " 237303" دهنگ 3، 59% دهنگهكانی هێنا لیستی بهرهی توركمانی" 73791" دهنگ 4، 18% دهنگهكانی هێنا گردبونهوهی كۆماری عهرهبی " 43635" دهنگ 8، 10% دهنگهكانی هێنا هاوپهسمانی ئیسلامی توركمانی " 12678" دهنگ 1، 03% دهنگهكانی هێنا گردبونهوهی نیشتمانی عیراقی " 12329" دهنگ 1، 03% دهنگهكانی هێنا رۆژی ههڵبژاردن له داقوق پیاوێكی كورد دوای دهنگدانی لهبنكهی دهنگدانهكه پاش سوپاسگوزاری خودا دڵی وهستاو مرد ئهوهی جێگهی سهرسوڕمانه ئهوهیه : لیستی برایهتی ناوی برایهتی بوو ،بهڵام ههرگیز نهیانتوانی برابن ، له بهرانبهردا ئهو عهرهب و توركمانهی به لیستی جیا دهرچووبوون دواتر چوونه پاڵ لیستی عهرهب و توركمانهكان و ههڵوێستیان بووبه یهك . ناوی دهرچوهكانی لیستی برایهتی كهركوك : رزگار عهلی عهبدولڕهحمان مستهفا رێبوار فایهق محهمهد كهمال ساڵح پهروین محهمهد ئهمین ئهحمهد عهبدوڵا رهزا گهلاوێژ جهبار مهجید مهحمود محهمهد مهجید عهلی نامیق مهجید سلڤانا بۆیا ناسر عهلی مهحمود محهمهد عیرفان جهمال جوان حهسهن عارف جهمال مهولود باپیر ئازاد سابیر محهمهد نهسرین خالید وههاب ئاوات مهحهمهد ئهمین ساهیره سهیفهدین نوری شێرزاد عادل خورشید بابهكر سدیق ئهحمهد ئهڵماڵ فازڵ كهمال ریاز محهمهد دانۆك جهواد جاسم حمهمهد لهیلا محهمهد خزر ئیراهیم خهلیل رهشید دڵشاد پیرۆت لیستی كۆماری عیراقی عهرهبی بورهان موزهر عاسی راكان عهلی سهعید رهمڵه حهمید ئهحمهد محهمهد خهلیل وهفیق عهبدوڵا سامی عاسی لیستی بهرهی توركمانی عهلی مههدی سادق حهسهن تۆران بههادین ژاڵه یونس ئهحمهد تهحسین مهحهمهد عهلی قاسم حهمزه ئهحمهد توركان شكور ئهیوب تۆرهان مهزههر حهسهن دوو كهسهكهی تر كه توركمانێك و عهرهبێك بون مهجید عیزهت جومعه محهمهد خزر غهرب ئهمناوانه دواتر گۆڕانیان بهسهردا هات ، ئهوه یهكهمین 41 كهسن . پارتی و یهكێتی چیان كرد : له راستیدا پارتی و یهكێتی له كهركوك له بری پێكهوه كاركردن و پێكهوه ئیشكردن له سهر ئهو دهسكهوتهی ههڵبژاردن و ههوڵدان بۆ ئهوهی سهرنجی شهقامی توركمانی و عهرهبی به لای خۆیاندا رابكێشن ، كهوتنه دابهشكردنی زۆربهی پۆستهكان پهنجا به پهنجا ، له پۆلیس ، ئاسایش ، فهرمانگهكان شهڕی زیاتر له سهر ئهوه بوو كامیان باشتر جێی پێی خۆیان قایم كهن ، بۆ ئهو شهڕوو ململانێیه دهیان چیرۆك و حهكایهتی سهیرمان لایه ، تهنانهت كار گهیشته ئهوهی لای ئهمهریكیهكان یهكتر ناشرین بكهن و وابكهن ئهمهریكیهكان له ههندێ پرسا دژی لایهكیان دهستوهردان بكهن . پارتی و یهكێتی به درێژای 12 ساڵ نهیانتوانی چارهسهری بچوكترین كێشهی كهركوك بكهن . نهیانتوانی بهو ههموو دهسهڵاتهوه كه له بهغداو ههرێم ههیانبوو مادهی 140 جێبهجێبكهن نهیانتوانی بڕوابه توركمان و عهرهب بێنن كه دهتوانن پهره به پێكهوه ژیانی ئاشتیانه بدهن نهیانتوانی ئاسایش یهكبخهن نهیانتوانی چوار گوند به ڕێكی ئاوهدان بكهنهوه له 12 ساڵدا هیچێكی ئهوتۆیان بۆ نهكرا . مهسهلهی نهمانی پارهو گهندهڵی و دزینی نهوت و ههموو ئهوانه بخه لاوه . له دوای ریفراندۆم و دوای ئهوهی یهكێتی پێشمهرجی بهشداری ریفراندۆمی بهستهوه به بهشداری ناوچه دابرێنراوهكانهوهو دواتریش بهرپرسانی كهركهكیان كه ناڕازی بوون ناچار كران ملبدهن ، روداوهكانی 16ی ئۆكتۆبهر ڕوویانداو پارتی و یهكێتی سهرهڕای ئهوهی دهیان كیلۆمهتر لهو دیوی كهركوكهوه بوون ، بهڵام بێ بهرگری و به بێ بهرنامهیهكی دروستی شهڕكردن ، یان كشانهوه ، به شێوهی شكان شكان و هێزه زۆرو زهوهندهكه پرش و بڵاو بونهوه ، من رۆژی روداوهكه به یهكێ له ئامر لیواكانم وت چی ڕوودهدا ئهوكی پڕ بوو له فرمێسك و هیچی نهوت . له دوای 16ی ئۆكتۆبهر : یهكێتی به بێ چهك له كهركوك مایهو ه پارتی كشایهوه بۆ ههولێر راكان سهعید له كوتلهی عهرهبی كه كوتلهیهكه له كوردو توركمان كهمتر بووبه پارێزگاری بهوهكالهت لایهنهكانی تر به تایبهت گۆڕان و ئیلامیهكان هیچ ههڵوێستێكیان نهبوو رێبوار تاڵهبانی له یهكگرتووبهرهو ههولێر رۆیشت و نهگهڕایهوه نهجمهدین كهریمی ئهندامی مهكتهبی سیاسی یهكێتی و پارێزگاری له بهر دڵانی ئهو حزبه چووه ههولێرو پشتی كرده حزبهكهی گروپێك له ناو یهكێتیدا كه له خانهوادهو نزیكی مام بوون به خائین ناویان برا ئێستا چی دهكرێت : یهكێتی له خۆشخهیاڵیهكی زۆردایهو چهندین جار وتویانه ناوی پارێزگار له گیرفانماندایه ، بهڵام تا ئێستا بۆ ئهوه ناوێكی دیاری كراویان نیهو چهندین ناو باس دهكرێت . پارتی لهمپهری سهرهكی بهردهم كۆبونهوهی لیستی برایهتی و ئهنجومهنی پارێزگای كهركوكیشه " واته پارتی نایهوێ پارێزگار یهكێتی بێت " گۆڕان و ئیسلامیهكان و شیوعی و ئهوانی تر لهو پرسهدا به نرخی نهبوون ئهگهری زۆره مانگی 11ی ئهمساڵ ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكان بكرێت به كهركوكیشهوه ، واته بهگشتی ماوهكهی 9 مانگی تره ، بڕواناكهم لهو ماوهیهدا بۆ چارهسهر كهس عهسای موسای پێبێت . كهواته لهوه ناچێت هیچێكی ئهو تۆ بكرێت . راستیهك بۆ مێژوو : به باوهڕی من نه عهبدولرهحمان مستهفا ، نهدكتۆر نهجمهدین ، پارێزگارێكی خراپ نهبوون ، بهڵام فشاری حزبایهتی و ههوڵدان بۆ ئهوهی ناچاری ئهوه بكرێن بكهونه ژێر ههندێ كاریگهریهوه ، زۆرجار ئهوانی دهسته پاچه كردووه ، ئهو دوو كهسه جگه لهوهی ههردوكیان كهركوكی بوون ، ههردوكیان زمانه جیاوازهكانی خهڵكی كهركوكیان دهزانی ، كهسانی گونجاویش بوون له گهڵ نهتهوهكانی تر ، بهڵام كێشه پارتی و یهكێتی و حزبه كوردیهكان بوو ، لهبهر ئهوهی ئهوان ههمیشه وا كار دهكهن كهسێك بهرپرس بێت كه به ئارهزوی ئهوان ههڵسوڕێت . رهنگه خۆم سهرنج و تێبینیم له سهر ئهو دوو كهسهو خهڵكانی تریش ههبێت ، لێ ئهوه راستیهكهیه كه وتم . له ئێستاوه تا مانگی 11: من وای دهبینم له ئێستاوه تامانگی 11 كورد ، كۆی لایهنه كوردیهكان پێویسته بیر لهوه بكهنهوه چۆن بچنه ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاوه ، به جۆرێك دهنگی كورد به ههدور نهچێت ، بۆ ئهمه پێویسته: 1-بیر لهوه بكهنهوه له سهر یهك لیستی رێكبكهون 2- وابكهن عهرهب و توركمانیش بهرنامهكانی ئهوان قهبوڵ بكهن 3- ململانێی حزبی له كهركوك كۆتا پێبێنن 4- كار بۆ زندوكردنهوهی مادهی 140و دهسپێكردنهوهی ههنگاوهكانی بكهن . ئێستا با پرسیاره سهرهكیهكه بكهین ، ئایه كهركوك بۆ حزبهكانی باشوری كوردستان مهسهلهی مان و نهمانه یان ههمیشه وهك وهرهقهیهكه بۆ یاری كردن به سۆزی خهڵك و به تایبهت كهركوكیهكان .
ئارێز عەبدوڵا لە دوای دەرکردنی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و پەسەندکردنی پڕۆژەی دەستور لەلایەن پەرلەمانەوە گفتوگۆیەکی بەردەوام و ناکۆکیەکی سیاسی گەورەش لەسەر سیستمی حوکمڕانی ھەر ھەبووە، ھەر ئەو ھۆکارەش بوو وایکرد کە پڕۆژەی دەستور نەخرێتە ریفراندۆمەوە. نزیکەی ھەموو لایەنە کوردستانیەکان جگە لە پارتی لەگەڵ دەسکاریکردنی پڕۆژەی دەستور و یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بوون. ئێستا لەگەڵ پێکھێنانی حکومەت پارتی نەک ھەر داوای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکا، بەڵکو کاندیدیشی بۆ دیاریکردووە. ئەوەی دیارە گۆڕان لەسەر ئەو پێشنیارەی پارتی رێککەوتوە و تەنانەت کە سێکیشی بۆ جێگری سەرۆکی ھەرێم دەستنیشان کردووە. لەوەش زیاتر گوێمان لە قسەی ئەوە دەبێ کە گۆڕان داوای دەسەڵاتی زیاتری بۆ جێگری سەرۆکی ھەرێم کردووە. بێگومان ئەگەر بەلای گۆڕان دەسەڵاتەکانی جێگر گرنگ بن ئەوا لەلای پارتیش دەسەڵاتەکانی سەرۆک گرنگترن.واتا بێ ئومێد بونێکی گەورە لە دامەزراندنی سیستمێکی تەندروست ھەیە. لێرەدا چەند پرسیارێک خۆیان زەق دەکەنەوە: - ئایا گۆڕان ھەر سور دەبێ لەسەر گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی بۆ پەرلەمانی یان لە پێناوی دەسەڵاتەکانی کاندیدەکەی چاوپۆشی دەکا؟ - ئایا یەکێتی ھەر سور دەبێ لەسەر گۆڕینی سیستەم بۆ پەرلەمانی یان ئەویش لە پێناوی ھەندێ دەسکەوتی تر چاوپۆشی دەکا. - ئایا حزبەکانی تر بێدەنگ دەبن یان ھەڵوێستی خۆیان لەو بارەیەوە رادەگەیەنن. دەبێ یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ھەموار بکرێتەوە و سەرۆکیش لە ناو پەرلەمان ھەڵبژێردرێ، بەڵام ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمان واتای سیستەمی پەرلەمانی ناگەیێنێ و لە ھەمان کاتیشدا ئاڵۆزی نێوان ھەردوو دەزگای سەرۆکایەتی ھەرێم و کابینەی حکومەتیش چارەسەر ناکا. - ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە بابەتی سیستمی حوکمڕانی بکرێتە مانشێتی سەرەکی و لایەنەکان رۆڵی خۆیان لە بارەیەوە بگێڕن؟ دەنا دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بین بەخشکەیی سترایتیجیەتی لایەنێک لە لایەنەکان دەسەپێندرێ.
هیوا سەید سەلیم دوای چوار مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وە هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوی دیارە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان دوو كۆبوونەوەی ئەنجامداوە، كۆبوونەوەی یەكەم كە بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتی كرد و دانیشتنەكەی بە كراوەی بۆ ماوەی چەند مانگێك خستە سەرپشت، كۆبوونەوەی 18 شوباتیش كە گوایە رێكەوتنی سیاسی بۆ كرابوو سەرۆكێكی كاتی و دوو جێگری هەر بەناو جێگر هەڵبژارد، بۆیە دەلێین بەناو جێگر چونكە دڵنیاین جێگری یەكەم دەسەڵاتی لە سەرۆكی ئێستا و ئایندەش زیاتر دەبێت ئەوە نەریتێكە بە پەرلەمانەوە نووساوە، باسی جێگری دووەمیش هەرناكەین، چونكە هەموو لایەك دەزانێن چۆن هاتوو چۆن بووە پەرلەمانتار؟ وە ئێستاش ئەركی لە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان چیە؟ هەر بڵێن سلاو بۆ دیموكراسیەت و مافی كۆتاكان !! بە گەڕانەوە بۆ رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن تێدەگەین كە دەبوو ئێستا كوردستان حكومەتێكی بەهێز هەبێت، وە لەسایەی ئەو حكومەتە خەڵكی بە ئازادی شادبێت و چین و توێژەكان بە هەلی كاری زۆرەوە خەنی بونایە! لە دوایین هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان حزبەكان هەمووان وتیان: دەنگمان پێبدەن كوردستانتان بۆ دەكەین بە مێرگی دیموكراسی، حكومەتێكتان دادەمەزرێنین كە هەركەسێ قاچی بە خواری دانا قاچی دەبڕین، هەر هێندە لەسەرمان بووەستن تا یاسای چاكسازی مووچەی هەموار دەكەینەوە، بزانن ئەو هەموو وەزیرە نا موستەحەقەتان چۆن بۆ نان بڕاودەكەین، ئەو لەشكرە خانەیشینەتان چۆن لە لیستی خانەنیشینە شایستەككان پاك و تەمیز دەكەینەوە، هەمووتان چاوەڕوان بن و تورەكە بۆ مووچەی پاشەكەوتكراوتان بدرون، هاكا مووچەی چەند مانگمان بەیەكەوە بۆ ناردن. خەڵكی كوردستان لەگەل ئەوەی هەموو ئەوی لە كاتی بانگەشەدا هەموو ئەو بەڵێنانەی دەبیست، بەڵام هێشتان هەر باوەڕی نەكرد، وە بە رێژەی كەمتر لە 50% چوو بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئێ خۆ گلەی لەخەڵك ناكرێت، ئەوان ئەزموونی خرابی 27 ساڵیان بینی بوو، بۆیە بەڵێن زۆر نەیتوانی ناچاریان بكات بچنە سەر سندوقی دەنگدان. لە ئێستادا كە سەرۆكایەتی پەرلەمان بە نیوەناچڵی هەلبژێردراوە، دیارنیە كە پەرلەمان كەی دەتوانێت كۆبێتەوە، وە یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكاتەوە، تا سەرۆكی هەرێم ئەمجارەیان لە پەرلەمان هەڵببژێردرێت، هەروەها سەرۆكی هەرێمیش كوتلەی براوە بۆ پێكهێنانی كابینەی تازە ڕابسپێرێت، ئێنجا بەڵێنەكان دەكەونە بواری كرداری، هەوڵ بۆ حزبەكانی بەشدار لە كابینەی نۆیەم، لە پۆستی جۆراو جۆر بگرە تا بودجەی ئەم لاو ئەملا، ئینجا دەست بۆ جێبەجێكردنی بەلێنەكانی تردەبەن كە بەخەڵكی دراوە، ئەیش ئەگەر جێبەجێ بكرێت. تا ئێرە دەتوانین بڵێین كە پرۆسەی حوكمڕانی بە تایبەت لە هەنگاوەكانی بۆ پێكهەنانی كابینەی تازە لە نیوەی رێگایە ، دەگەین بە حكومەتی بەهێز یان نا؟ ئەگەر بگەن تا سەر بەیەكەوە دەڕۆن یان لە نیوەی رێگای حكومەتی بەهێز لایەنەكان دەست لێك بەردەدەن؟ یان كاروانەكە بەیەكەوە تەواو دەكەن؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری تر ماون بكرێن، بۆیە خەڵك بۆ گەڕانەوەی مووچەی زەوتكراو و ئازادی و هەلی كار دەبێت لە چاوەڕوانی گۆدۆ دابێت.
خانم رەحیم فەزاری سیاسی لەكوردستان تا ئێستا ئەو دۆخەی تێنەپەراندوە كە میراتی شەری ناخۆیە، بۆیە ئەو تێگەیشتنە تێكەڵ بەهەموو شتێك كراوەو بازنەی لێكدانەوەو هەڵسانگاندنی هەموو شتێك بەرتەسك بوەتەوە، بۆ دیدگایەك كەسەر بەكام كەمپی، ئەم تێگەیشتنەش وادەكات تەنها قبوڵ و رەتكردنەوە شك ببات و دنیا بەرەش و سپی ببینێت. عێراق لەدۆخێكی ناهەموار و شپرزەدا ژیانی سیاسی بەسەر دەبات، بەڵام جیاواز لەهەرێمی كوردستان خاوەن فەزایەكی سیاسی كراوەترن، باری خزمەتگوزاری لەئاستێكی نزمدایە، دیاردەی گەندەڵی زۆرە، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا لێپرسینەوە هەیەو دەسەڵات چەقی نەبەستوە لەدەست لایەنێكدا، بۆیە هێشتا ئومێد بەگۆرانكاری و چاككردنی دۆخەكە بوونی هەیە، لەعێراق بەدەر لەئینتمای حزبی و نەتەوەیی چاو لەسەر ئەوەكەسانەیە خاوەن جوڵەیەكی جیاوازن، بۆنمونە جوڵەكانی ئەم چەند مانگەی سەرۆككۆمار كەتوانیویەتی عێراق لە پەرتەوازەیی و دورە پەرێزی دبلۆماسی رزگار بكات و گرنگی بدات بەدۆخی ئاشتی كۆمەڵایەتی و پرسی خێزان و ژنان، ئومێدێكی زۆری لای شەقامی عێراق دروست كردوە، بەدەر لەوەی كە ئەو پۆستە لای سەركردەیەكی كوردە، ئێستا پێگەی سەرۆككۆمار جێگەی بایەخێكی زیاترەو هیوا دەخوازرێت زیاتر سەرۆكایەتی كۆمار ببێتە سەكۆیەك بۆیەیكگەیشتنی لایەنەكان و دروستكردنی دیالۆگێكی سودمەند بۆ نزیك بوونەوەی لایەنەسیاسیەكان و دۆخی خراپی ئێستای عێراق. ئەمەش جیاوازی ئەو تێروانینەیە كە لەلای زۆربەی حزبە كوردیەكان بۆ حوكرانی هەیە، چونكە دیدی ئەوان بۆ حوكمرانی ئیدارە زیاتر چردەبێتەوە لەبەدەستهێنانی پۆستەكان نەك كردار و ئەنجامدانی كاری بكەرەكان. لەعێراق و تارادەیەكیش دەرەوەی وڵات، بەپێچەوانی هەرێمەوە، میدیاكان بەوردی چاودێری جوڵە نەوعییەكانی سەرۆككۆمار دەكەن، بایەخی پێدەدەن و روناكی دەخەنە سەر، لایەنە سیاسییەكان رووی لێدەنێن و سوپاسگوزارن تا بەشدار بێت لەگفتوگۆكانیان، ژنان و لاوان بەبیستنی ئەوەی دیدگایەكی جیاوازتری خستۆتە رووو بۆ پرسەكانیان، هانایان بۆهێناوە تاكۆڵ نەدات، بۆ ئەو مەبەستە دەیان پرۆژەیان خستۆتە بەردەم سەرۆكایەتی كۆمار تا كاری لەسەر بكات، نەتەوە جیاوازەكان، ئاینە جیاوازەكان، تەنانەت ئەو ژنانەش كە سەر بەدەزگا حزبی ئیسلامین، بەسفور محاجەبەوە زۆربەیان دەیانەوێت رۆڵیان هەبێت و بەشداربن لە پێشخستنی پرۆژەكانی سەرۆككۆمار، چونكە لەنەتیجەدا ئەوان ژیانی خۆیان و ئایندەی ماڵ ومنداڵیان زیاتر بەلاوە گرنگە لە پرسە سیاسی و حزبیەكان، ئەمەش جیاوازی ئەو فەزا گشتیەیە كە لەنێوان هەولێر و بەغداد دروست بووە. بەپێی مادەی 60 لە دەستوری عێراق، سەرۆكایەتی كۆمار بۆی هەیە پرۆژە یاسا بنێرێت بۆ پەرلەمان و پیشتیوانی بكات، لەسەر ئەو بنەمایە هەرلەسەرەتایی دەستبەكار بوونی سەرۆككۆمارەوە، ئامادەكاری كراوە و چەند پرۆژەیەك تاوتوێكراوە، لەوانە، ئەولەویەت بەو پرۆژانە دراوە كە كاریگەریان لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێكەوە ژیان دەبێت و دەبنە هۆكارێكی گرنگ بۆ كەمكردندنەوەی نیگەرانی كەمایەتیەكان و ستەمی سەر ژنان و منداڵان و دەستەبەر كردنی مافەكانیان بەپێی دەستور و یاسا، هەربۆیە ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی خێزانی و قەرەبووكردەنەوەی قوربانییەكانی توندوتیژی و تیرۆر، بەتایبەت كچان و ژنانی ئیزدیی. ئەوانە بەشێك لەوكارانەن كە لەبەردەستدان، دیارە ئەمانەش ئەو گرنگی خۆیان هەیە بۆ رێكخستنەوەی سیمای مەدەنیانەی حوكمرانی و پارستنی مافی ئەو توێژانەی كە تارادەیەك پشتگوێ خراون، ئەمەش بە دەركردنی یاسای نوێ و هەموراكردنەوەیان لەرێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە. هەربۆیە دەستپێكی ئەوكارانە دەتوانێت ئاراستە جیاوازەكانیش لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە و سەرۆكایەتی كۆمار ببێتە چەتری كۆكەرەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەكان، بەتایبەت گرنگیدان بەو توێژانەی كە تارادەیەك خراونەتە پەراوێزی دنیای سیاسەتەوە. بەرگرتن بە توندوتیژی خێزانی رەنگە سەرەتایەكی باش بێت بۆ دورخستنەوەی كۆمەڵگە لە كردەی توندوتیژی، هەرچەندە ئەمە كارێكی ئاسان نییە، بەڵام موستەحیلیش نییەو دووری هەرێگایەكیش سەرەتا لەهەنگاوێكەوە دەستپێدەكات، وا ئێستا ئێمە بەپشتیوانی هەموو ئەوانەی بەدوای دادپەروەری وئاشتی كۆمەڵایەتیەوەن، لەسەرەتای ئەو هانگاوەداین، كە بەداخەوە تا ئێستا بایەخ وگرنگی دانی هەرێم لەهەموو رویەكەوە وەك پێویست نییە بۆ ئەم هەنگاوانە.
محەمەد كیانی واژۆکردنی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان پیرۆزی گۆڕان بێت. بەهیوای کۆتایی هاتنی چاوەشەکاری و گەوجاندنی خەڵك بەناوی کۆڕانکاری و چاکسازی و ئاشکرابوونی رووی راستەقینەی ئەو چەند کەسە هەڵپەرست و بەرژەوەندخوازەی بەها و مەقەدەراتی گەلی کورد بەناوی گۆڕانەوە بەکاردەهێنن بۆ رەواییدان بە لەباربردنی ویستی گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی وئابووری و کلتوری و کۆمەڵایەتی جەماوەری هەرێمی کوردستان و شێواندنی راستەڕێگای خەبات و هەڵمژینی رقی جەماوەر و سەرلێشێواندنی لە پێناو بەشداریکردنیان لە گەندەڵکاریەکانی دەسەڵاتدارێتی هەرێم و رەواییدان بە سەرکوتکردنی تاکی ئازادی کوردستان، رەواییدان بە دزی و جەردەییەکانی دەسەڵاتی بێموڕال و گەندەڵی هەرێـم کە تێیدا بەشدار و سودمەند بوونە لە رابردوو و لە داهاتوشدا، رەواییدان بە زەوتکردنی ئازادی بیروڕا و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤی کورد. بەڵکو ئەم ئاشکرابوونەیان سەرەتایەك بێت بۆ دابڕانێکی یەکجارەکی لە کلتوری سیاسی فاسید و دواکەوتوو و خائینخولقێنی کوردستان بە بانگەشەی هەڵخەڵەتێنەری بێ ناوەرۆک و پوچەڵ بەناوی نەتەوایەتی و دادوەری و چاکسازی. با سەرەتای دورستبوونی رەوتێکی سیاسی پەیوەست بە گەل و بەها مرۆڤایەتیەکان و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکساونی پێشکەوتوو و شایستە بە مرۆڤی کەرامەتدار بێت. پرسیار لەداوی واژۆکردنی رێککەوتنەکە. ئەرێ چی بۆ بەناو سەرکردایەتیە کارتۆنیەکەی گۆڕان، خانەی ڕاپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی، ماوە؟!!!! دیموکراتیەت و شەفایەت لەوپەڕیدایە لە ناو گۆڕان. پارتی و یەکێتی وەك دوو هێزی باڵادەست لەوەتەی هەن، گۆڕانی ئێستاش وەك پاشکۆیەکی هەڵپەرست لەو ناوەندە، بۆ من هەومیان زادەی یەک مەدرەسە و هەڵگری هەمان عەقلیەتی مافیای و دزی و جەردەیی و خیانەتن لەو کاتەی گۆڕان بڕیاریدا بچێتە ناو حوکمەتی ''بنکە فراوان'' و وە بەتایبەت پاش هێنانی داعش بۆ موسڵ، تا دەگاتە بن کەرکوک و جەلەولا، لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤وە. عەبە بێ یان بلە حاکم بێ هەر هەمان کردار و هەمان حوکمڕانی دەبێت و گۆڕانکاریەکی گرنگ بەرهەم ناهێنن لە واقیعی پڕ چەرمەسەری هاوڵاتیانی هەرێم. هەموو ئاراستەکان بەرەو چەسپاندنی دەسەڵاتداری چەند بنەماڵێکە بەسەر هەرەمی دەستگای سیاسی (حیزب)ی ئەم هەرێمەدا و بەکارهێنانی هەرێم و خەڵکەکەشی بۆ بەرژەوەندی تایبەتیان وسەپاندنی حوکمی کلیپتۆکڕاسی گەندەڵ و لە گۆڕانانی ویستی گەشەی دیموکڕاتیەت و سیستەمی حوکمڕانی تەندورستە. ناکۆکیەکانی نێوان لایەنەکان لەسەر پارە و پلەیە و پشکی قەڵەوە، هێچی تر نییە. ئەوەی راستی بێ گۆڕان سێ جارە دەبێتە فریادڕەسی پارتی و بەرژەوەدنیەکانی بنەماڵەی بارزانی دەچەسپێنێ، بە هیوان ئەمجارە پشکێکی نەگۆڕ بۆ دەستڕۆیشتوەکان بەدەست بێنن. یەکەم جار ئەو رێککەوتنەبوو لە ٢٠١٣، کە گۆڕان بڕیاریدا واز لە ئۆپۆزیسیۆن بوون بێنێت وبچێتە بەرەی دەسەڵاتەوە لە دژی بەرژەوەندی جەماوەر. دووەم جار کە گۆڕان یاسای سەرۆکایەتیان بە بەرژەوەندی پارتی هەموار کردەوە و سێیەم جاریش ئەم رێککەوتنەی ئەمڕۆیە. ئەمەش شکستێکی گەورەی بەدواوەیە بۆ ئەوانەی هیوایان لەسەر گۆڕان هەڵچنیوە و تا ئێستا ئامادەن بگەوجێندرێن بە گۆڕانە چەلەحانیکەرەکانی سەر شاشەی تیڤیەکان و وەیان ئەوانەی دەروێش ئاسا دوای قەوارەی سیاسی دەکەون و مێگەل ئاسا لێدەخوڕدرێن بێ ئەوەی بیربکەنەوە. بینیمان بە وجودی کاك نەوشیروان رێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٣ی گۆڕان لەگەڵ پارتی چی بەسەرهات، دیارە ئەوەی ئێستایان بە وجودی ئەم بابردەڵە هەڵپەرست و گەندەڵانە لە پاشکۆیەتی و پشداری لە گەندەڵی زیاتر هیچی تری تیا نابێت. لە کۆبوونەوەکەی شەقڵاوەوە بەردی بناخەی ئەم رێککەوتنە داڕێژاوە، رەنگە زەلامێکی هەڵەوەڕی بێ ئەقڵی چەواشەکاری هەزەلییان نکۆڵی لەم کۆبوونەوە کردبێ، ئەمڕۆ ئەنجامەکەی دیار کەوت. زەلامێکی تریان، بێ ئەوەی شەرم لە رابردوو و قسە و پۆستی پێشوتری خۆی بکات، بە هاوەڵی ئەم زەلامە چووبوونە بەر قاپی دەربار تا بیکەنە جێگری دووەمی پەڕلەمانی عێراق، نزا و پاڕانەوەکانیان قبول نەبوون. رەنگە نکۆڵی لەمەش بکەن. ئەگەر وەك رۆژی رووناک لە هەواڵێك دلنیا نەبم باسی ناکەم. بە درۆ و دەلەسەی ئەوانەش پینە ناکرێت.
