سەدر بە (كەنداوی عەرەبی) بەرپرسانی ئێران توڕە دەكات

Draw Media

2023-01-12 10:46:35



درەو:

ڕابەری ڕەوتی سەدر نەك هەر داوای لێبوردنی نەكرد، بەڵكو وەك ئاماژەیەك بۆ ڕوبورونەوەی داواكەی تاران و، سوربونی لەسەر هەڵوێستەكەی خۆی، لەتازەترین تویتیدا، جارێكی دەستەواژەی كەنداوی عەرەبی بەكارهێنایەوە، كە ئەوەش ئێرانییەكانی بەتەواوی توڕەكردووەو، لەبەرزترین ئاستی فەرمیدا هاتونەتە دەنگ دژی بەكارهێنانی دەستەواژەی كەنداوی عەرەبی لەبری كەنداوی فارسی كەوەك خۆیان ناوی دەبەن، سەركردەیەكی رەوتی سەدر دەڵێت، ئێرانییەكان 40 ساڵە ناوی كۆماری ئیسلامییان لەخۆیان ناوە، بەڵام ئەم پێشهاتە دەریخست كە كۆمارێكی نەتەوەییە.  
درەو:
تائێستا حكومەتی عێراق گوێی بەناڕەزایەتییەكانی ئێران نەداوە، بەهۆی بەكارهێنانی دەستەواژەی كەنداوی عەرەبی، لەكاتێكدا تادێت ئێران پێداگرییەكانی توندتر دەكاتەوە، كە دواین هەنگاوی بانگهێشتكردنی باڵیۆزی عێراقە لەئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوەو، گەیاندنی ناڕەزایی فەرمییە بەعێراق لەبەرامبەر ناوهێنانی كەنداوی فارسی بە كەنداوی عەرەبی. 
لەچەند رۆژی رابردودا، میدیاكانی نزیك لەسوپای پاسدارانی ئێران هێرشیكی توندیان كردە سەر هەریەك  لەمحەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر، داوایان لێكردن داوای لێبوردن بكەن لەبەرامبەر بەكارهێنانی دەستەواژەی كەنداوی عەرەبی لەبری كەنداوی فارسی، سودانی تائێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە، سەدریش لەبری داوای لێبوردن، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، جارێكی تر دەستەواژەی (كەنداوی عەرەبی) بەكارهێنایەوە. 
عیسام حسێن سەركردە لەڕەوتی سەدر لەلاپەرەی تایبەت خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی: هیچ پاساوێك نییە بۆ بانگهێشتكردنی باڵیۆزی عێراق لەتاران لەلایەن بەرپرسانی ئەو ڵاتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە: ئێران زۆر بێزارە لەمەسەلەی تێكەڵابونی  گەلی عێراق لەگەڵ گەلانی كەنداوی عەرەبی، راشیگەیاندوو: ئێران بەدرێژایی 40 ساڵی رابردوو دەڵێت كۆمارێكی ئیسلامییە، بەڵام تێبینی ئەمرۆی لەسەر ناوهێنانی كەنداوی عەرەبی لەبری كەنداوی فارسی، گوزارشت لەوە دەكات كە كۆمارێكی نەتەوەییە، نەك ئیسلامی.   

زۆرێك رەخنە لە بێدەنگی حكومەت دەگرن لەبەرامبەر ئەو زنجیرە نارەزاییەی ئێران و بەدەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی عێراقی وەسفدەكەن، لەبەرامبەردا بەشێك لەچاودێران دەڵێن، گوێ نەدانی حكومەتی عێراق بەناڕەزایەتییەكانی ئێران ئامانجی خۆ بەدورگرتنە لەدروستبونی قەیرانی سیاسی  بەهۆی ئەو دەستەواژەیەوە، بەتایبەت كە لەهەوڵدایە بۆ لێكنزیكردنەوەی تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەت نێوانی سعودیەو ئێران.  
لەگەرمەی ناكۆكییەكاندا، بەتایبەت لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هەندێك رەخنەی ئەوە لەحكومەتی عێراق دەگرن كە بێدەنگە لەوەی ئێران دەستەواژەی (ئەروەند) بەكاردەھێنێت بۆ ناوهینانی شەتولعەرەب، كە ڕارەوێكی ئاوی عێراقەو، شوێنی تێڕژانی هەردوو روباری دیجلەو فوراتە.
لای خۆیەوە، مونتەزەر ناسر، سەرنوسەری رۆژنامەی (ئەلعالم جەدید)ی ئەلەكترۆنی عێراقی بە رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی راگەیاندووە: بانگهێشتكردنی باڵیۆزی عێراق پێچەوانەی عورفە دبلۆماسییەكانەو، پێشهاتێكی مەترسیدارەو هەوڵەكانی ئێران دەردەخات بۆ دەستوەردان و كۆنترۆڵكردنی تەنانەت وتاری فەرمی عێراقیش، دەشڵێت: پەیوەست بەناوی فەرمی لەنەتەوەیەكگرتووەكان وەك ئەوەی ئێران بانگەشەی بۆ دەكات، ئەو كارە لەلایەن ئێرانی پەهلەویی هاوپەیمانی بەریتانیاو ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاوە لەوكاتەدا كراوە، لەساتەوەخـێكی دیاریكراوداو لەسەروبەندی پێكھینانی نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی 1945، لەوكاتەدا هەندێك لەوڵاتانی كەنداو دروست نەببون و عێراقیش سەرقاڵی كێشە ناوخۆییەكانی و كێشەی وڵاتانی تری عەرەبی بوو كە لەژێر دەستی داگیركەردا بوون.  
جەختیش دەكات، لەوەی درێژی كەنارە عەرەبیەكان كە دڕوانێت بەسەر كەنداودا 3.490 كیلۆمەترە، بەبەراورد بە كەنارەكانی ئێران كەلە 2.440 كیلۆمەتر تێناپەڕیت، وێڕای ئەوەی ژمارەی وڵاتانی عەرەبی كە بەسەركەنداو دەڕوانن، 7 وڵاتن لەكاتێكدا ئێران تاكە دەوڵەتی فارسییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand