سەردەمێکی تازەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

Draw Media

2022-12-19 09:10:12



 درەو:
توانا ئەحمەد


چین ئێستا گەورەترین سەرچاوەی وەبەرهێنانی دەرەکیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یەکێکە لە  شەریکە هەرە بەهێزەکانی وڵاتانی کەنداو. پێویستی خۆی بۆ نەوت بەشێوەیەکی سەرەکی لەوێ  دابین ئەکات و بەشی هەرە زۆری هەناردەی کەلوپەلەکانیشی هەر بۆ ئەو ناوچەیە.
   لەرووی سیاسیەوە چین تاێستا دەستی وەرنەداوەتە ناکۆکیە ئیقلیمیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت کێشەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو، کەواتە بۆ پارێزگاری لەو قەبارە گەورەیەی وەبەرهێنانی لەناوچەکە لەداهاتودا چی ئەکات؟ بەتایبەت گەر ئاماژەی جۆرێک لە پاشەکشەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویدا؟ لەکاتێکدا بەشێکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە پاڵپشتی دەرەکی هەیە بۆ پارێزگاری لەخۆیان و سیستمی حوکمڕانیان، گەر چین بیر لە پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمریکا بکاتەوە لەرووی ئابووریەوە، ئەی لە ئاستی سیاسی و ئەمنیەوە چۆن هەڵسوکەوت ئەکات؟

  ئەمساڵ وەزیرانی دەرەوەی که‌نداو  سەردانی به‌یجینیان کرد، سەرەڕای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، هەر لەم دوایانە وەفدێکی باڵای دیپلۆماسی ئێرانی سەردانی به‌یچینیان کرد بۆ جێبەجێکردنی  رێکه‌وتنێکی ستراتیژی وئابووری ٢٥ ساڵە کە لە ساڵی ٢٠٢١ بە بڕی٤٠٠ ملیار دۆلار ئیمزایان کردبوو، جگە لەمانەش چین دزەی کردە دۆخی سوریاش، بەتایبەت کە روسیاو ئەمریکا لەرووی مەیدانیەوە زاڵن، بەڵام ئەمریکا بەهۆی هەڵوێستی لە بەشار ئەسەدو روسیاش بەهۆی لاوازی ئابووری و به‌م دوایه‌ش جه‌نگی ئۆکرانیا بەشداری ئاوەدنکردنەوەی سوریا ناکەن .

  عیراق لە سەردەمی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی لە ئەیلولی ٢٠١٩ چەند رێکەوتنامەیەکی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وڵاتەکەی ئیمزا کرد، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی رێکەوتنەکانی لەباربرد یان بە پێچەوانەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش قەبارەی وەبەرهێنانی چین لە عیراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ گەیشتە ١٠ ملیارو نیو دۆلار ، بەهەمان شێوە لە ساڵی ٢٠١٨ چین بە بڕی ١٨ ملیار دۆلار رێکەوتنی لەگەڵ میسر ئیمزا کرد بۆ پەرەپێدانی ژێرخان، لەکۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکی چین لەگەڵ وەڵاتانی عەرەبیش بیرۆکەی دروستکردنەوەی رێگای ئاوریشمی ئەفسوناوی زیندوکردەوە کە تێچووکەی ترلیۆنان دۆلار ئەبێت و بەتەواوبوونیشی سێیەکی بازرگانی چین و رۆژئاوا لەرێگەی کەنداوەوە ئەبێت.

 بەشێوەیەکی گشتی قەبارەی بازرگانی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢١ گەیشتە ٣٣٠ ملیار دۆلار، تەنیا قەبارەی بازرگانی ئیمارات و سعودیە لەهەمان ساڵ ٢٠٠ ملیار دۆلار بووە، سەرەڕای ئەمەش سعودیە بەتەنیا  زیاتر له‌٢٥%  نەوتی هاوردەکراوی چینی پێک ئەهێنێت.

  ئێستا چین بەراشکاوی رۆڵێکی ئابووری گرنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەبینێت، بەڵام وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێ ئەدەن ئەیەوێ بەهەمان ریتمی رابردوو خۆی لە تێوەگلان لەکێشەو ململانێکانی ناوچەکە بەدوور بگرێت، بگرە هەندێ ئاماژە هەن کە رۆڵی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بەگشتی بۆ ئەمریکا بەجێدێڵێت، ئەمەىش وا ئەکات وڵاتانی ناوچەکەو کاراکتەرە سیاسیەکانی رووبەڕووی دۆخێکی قورسی ئیدارەدانی ململانێ ببنەوە لەنێوان دوو زلهێزی جیهان، هەر یەکێک لەوانە بەقاچی ئابووری لەگەڵ چین و بەقاچی سیاسی و ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا بڕوات چ چارەنووسێک چاوەڕوانیان ئەکات؟

  سەبارەت بە سعودیە، ئایا مەبەستیەتی دوای پەیوەندی خراپی نێوان جۆبایدن و محمد بن سەلمان جارێکی تر سەنجی ئەمریکا رابکێشێتەوە، یان بەشێوەیەکی ستراتیژی مەیلی بەلای چین و روسیادا بڕوات، هەرچۆنێک بێ ئەو وتەیە گرنگەی وەزیری پێشووتری سعودیەمان بیر دێتەوە کاتێ سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند پەیوەندی نێوان سعودیەو ئەمریکا(هاوسەرگیری کاسۆلیکی)نییە، بەڵکو (هاوسەرگریەکی ئیسلامیە)  واتا سعودیە ئەتوانێت زیاد لەهاوسەرێکی هەبێ.
 ئایا سه‌ردانی سه‌رۆکی چین ته‌نیا زاخاودانه‌وه‌ی ئه‌و پڕه‌نسیپه‌یه‌، یان پشتکردنه‌ رۆژئاواو باوه‌شکردنه‌وه‌یه‌ بۆ رۆژهه‌ڵات؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand