کورد+ کورد= سفر

Draw Media

2024-04-28 15:41:51



سه‌ردار عه‌زیز

لەم دواییانەدا هەوڵێک هەبووە بۆ نزیککردنەوەی باشورو ڕۆژئاڤا. بەڵام هەوڵەکە شکستی هێنا، سەرباری هەوڵی ئەمریکاو فەرەنسا. بۆ من سەرباری ڕێگریی و هۆکاری ئێستایی، لە پشت بێ توانایی کوردەوە بۆ پێکەوەبون هۆکاری قوڵتر هەیە کە دەبێت قسە لە سەر بکەین.

لە ساڵی ٢٠١٨ لێکۆڵەری ئەمریکی ئامی چاو، کتێبێکی نوسی بە ناوی Political Tribes: Group Instinct and the Fate of Nations خێڵی سیاسی: غەریزەی گروپی و چارەنوسی گەلان. تێزەکەی ئامی لە سەر ئەو بنەمایە بونیادنراوە کە گەلان، زیاتر خێڵەکین نەک نەتەوە. ئامانجی ئەو ئەوەیە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکی دان بە خێڵکەێتی سیاسیدا بنێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانیتردا.

ئەوەی دەتوانین لە کتێبەکەی ئامیەوە فێربین لە ڕوانگەی بتوانایی پێکەوەبوونی کوردی و کورد، زاڵی غەریزەی تیرەگەرێتی و نەبوونی ئاگایی نەتەوەیی. لێرەدا مەبەستم لە ئاگایی نەتەوەیی ئەو هاشوهوشە نیە کە لەوبارەوە لە ئارادایە. بەڵکو نەتەوەو خێڵ وەک دوو یەکەی بەرامبەر یەکتر دادەنێم، یەکەمیان، کە خێڵە، لەسەر بنەمای غەریزە بونیاد دەنرێت. ئەم گروپچێتییە غەریزەییە، لە کۆنترین خەسڵەتەکانی کۆمەڵگا مرۆییەکانە.

لەبەرامبەر ئەمەدا نەتەوە هەیە، کە داهێنراوێکی مۆدێرنەیە لەسەر بنەمای دروستکردنی هاوبەشی دەستکرد، لەنێوان خەڵکانێکدا کە لەڕێگای دەزگاو ئاگایی و ناوەندەکانەوە، ئەو هاوبەشییە دەکەنە پرسێکی ڕۆژانەی ناوەکیی کراو، لەپێناو پرۆسەیەکی سیاسی گشتیدا.

لە ناو کورددا، نەتەوە وەک چەمکێک هاتووە، بەڵام خزێنراوەتە ناو جوغزی خێڵەوە. دەکرێت لێرەدا چەمکی خێڵنەتەوەی بۆ دابنێین. خێڵنەتەوە ئەو خەڵکانەن کە چەمک و زاراوە نەتەوەییەکان بەکاردەبەن بە غەریزەو خواستی خێڵەکی.

خێلە سیاسییە کوردییەکان کە بە هەڵە پێیان دەگوترێت پارتی سیاسی، وەک هەر خێڵێکی سیاسی تری ناو مێژوی درێژی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای دژایەتی و بوغز بۆ خێلەکەی تر کار دەکات. بوونی ئەم پاشخانەیە کە وەهایکردوە، بۆ نمونە، تورکیا زۆر بە ئاسانی ڕێگریی بکات لە نزیکبونەوەی باشورو ڕۆژئاڤا، بەڵام ئەمریکاو فەرەنسا شکست بخۆن لە هەوڵی نزیکبونەوەیان. بەو مانایە، چونکە لە هەناو هابیتۆسی کوردیدا، ئامادەیی هەیە بۆ پەرتی، دژبون، بوغز، هەر هەوڵێک بۆ پەرتکردن بە ئاسانی سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام هەر هەوڵێک بۆ نزیکبونەوە و تێکەڵبون شکست دەهێنێت.

خێڵنەتەوە، دۆخێکی ئاڵۆزە کە نە وەک خێڵی تەقیلیدی ماوەو نەبووە بە نەتەوە، بۆیە لە دۆخێکی دەبڵ سەقەتدا دەژی.

چۆن پێکەوەبیت؟ تەنها بە ئەوە نابێت کە شیعر هەڵدەیت و ئاخ هەڵکێشیت و دروشم و دەربڕینی ئایدیالیانە بڵێیت. بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزە پێویستی بە هەموو بنەما ماددی و مەعنەوی و ئاگایی و دەزگاییەکان هەیە بۆ لێکنزیکبونەوە.

لە ڕاستیدا تێزی ئەوەی کە نەتەوە بونێکی خەیاڵکراوەو ئەم خەیاڵەش بەرهەمی تەکنەلۆجیای وەک چاپخانەو ڕۆژنامەیە، مانای ئەوەیە کە نەتەوەی پرسێکی تەکنەلۆجییە. بەو مانایە نە سروشتییە، نە هەمیشەییە، نە تایبەتە.

لە هەمانکاتدا تەکنەلۆجیا بریتییە لە چۆنێتی بەکارهێنانی، چونکە تەکنەلۆجیا دەکرێت بەرهەمهێنی خێڵکەیی بێت جارێکی تر، وەک ئەمڕۆ لە سیاسەتی شوناسی چەپدا دەیبینین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand