كۆمپانیاكە دەستبەكاربوو؛ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دیاری دەكات
2026-01-14 12:26:40
راپۆرت: درەو
ئەو كۆمپانیا راوێژكارییەی كە هەڵسەنگاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەكات لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، دەستبەكاربووە. دەبێت لەماوەی (90 رۆژ)دا كارەكانی خۆی تەواو بكات و تێچووی راستەقینە لە هەر كێڵگەیەك لە كێڵگەكان بە جیا دیاری بكات. ئێستا بەگوێرەی رێككەوتنێك بڕی 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك ئەژماركراوەو پێشتر ئەم تێچولەسەروو 20 دۆلارەوە بووە، ئەم هەڵسەنگاندنە دەكرێت ببێتە هۆی چارەسەری ریشەیی ئەم پرسە، لەهەمان كاتیشدا دەكرێت ئەو لێكتێگەیشتنە نەوتیییە تێكبدات كە لەنێوان هەولێرو بەغداد هەی؛ بەتایبەتیش لەسەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و دەركردنی یاسای بودجەی ساڵی 2026. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
دەستبەكاربوونی كۆمپانیاكە
پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم و، ئەو بەشە نەوتەی كە كوردستان لەماوەی رابردوو رادەستی عێراقی كردووە، تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو.
بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە نەوتییەی كە ساڵی رابردوو لەنێوان هەولێرو بەغداد كرا، لە ئەیلولی رابردووە هەناردەی نەوتی هەرێم (كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستابوو) بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا دەستیپێكردەوە.
وەكو وتەبێژی حكومەتی هەرێم باسی دەكات، هەر لە سەرەتاوە رێككەوتنەكە بەو جۆرە بووە بۆ ماوەی سێ مانگ بێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا هیچ لایەك تێبینی نەبێت لەسەری، ئەوا ئۆتۆماتیكی خۆی رێككەوتنەكە تازە دەبێتەوە.
رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی خۆیدا، رێككەوتنە نەوتییەكەی درێژكردەوە؛ بەگوێرەی ئەم رێككەوتنە لەبەرامبەر وەرگرتنی موچەو شایستە داراییەكانی خۆی لە بودجەی گشتی فیدراڵ، هەرێمی كوردستان نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی بەشێوەیەكی رۆژانە رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەكات و داهاتی فرۆشی نەوتەكەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ، ئەمە بەو مەرجەی بری 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی كوردستان تەرخان بكرێت تا ئەوكاتەی كۆمپانیایەكی راوێژكاری بیانی بە رەزامەندی هەردوو حكومەت هەڵسەنگاندن بۆ نرخی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان دەكات (هەڵسەنگاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەر كێڵگەیەك بە جیا).
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد" نزیكەی دوو هەفتەیە ئەو كۆمپانیایە دەستبەكاربووە كە بڕیارە هەڵسەنگاندن بكات بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان".
"ئەم كۆمپانیایە كۆمپانیایەكی راوێژكارییەو (90 رۆژ)ی لەبەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی ئەنجامی یەكلاكەرەوە بداتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ، بۆیە ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین بزانین لەو ماوەی كە لەبەردەمیاندایە كۆمپانیاكە دەگاتە چ ئەنجامێك" وتەبێژی حكومەتی هەرێم وا دەڵێ.
بەگوێرەی رێككەوتنی هەولێرو بەغداد، ئەو نرخی كە ئەم كۆمپانیا راوێژكارییە دیاری دەكات دەبێت بە بنەما بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان، لە ئەگەری دروستبوونی ناكۆكی نوێدا سەبارەت بە نرخی بەرهەمهێنان بەتایبەتیش دروستبوونی ناڕەزایەتی لەلایەن كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوت، یاخود لەبەرامبەردا ناڕەزایەتی حكومەتی فیدراڵ لەبارەی تێچوونی بەرهەمهێنان لە كوردستان، گرفت بۆ ئەو لێكتێگەیشتنە دروست دەبێت كە لەنێوان هەردوولادا كراوەو، بڕیارە لە یاسای بودجەی 2026ی عێراقدا بكرێتەوە بە بنەما.
كێشەی تێچووی بەرهەمهێنان
لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری 2023وە، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بریتی بوو لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، كە لە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری كرابوو، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان بەم نرخە قایل نەبوون.
حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوت، بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان داوای 22 دۆلاریان دەكرد، ئەمە لەسەر ئەو بنەمای كە پێكهاتەی خاك لە كوردستان جیاوازە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
لەسەر ئەم بنەمایە بوو لە رێككەوتنی هەردوولا حكومەتدا بڕیاردرا دیاریكردنی تێچووی بەرهەمهێنان بدرێت بە كۆمپانیایەكی راوێژكاریی كە هەردوولا لەسەر رەزامەند بن.
هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بەمشێوەیە كاری ئەو كۆمپانیا راوێژكارییەی دیاریكردووە كە ئێستا لە كوردستان دەستبەكاربووە:
"ئەو لایەنە راوێژکارییە، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پشتی پێدەبەسترێت، حیسابکردنی قەرەبوو كە لە خاڵی (ا)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلە وەرگیراوەكان دەبێت بەپێی بڕگەکانی (ئەلف) و (ب)، لەم بڕگەیە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکومەتی هەرێم".
كۆمپانیاكە چی دەكات؟
لەبارەی كاری ئەو كۆمپانیا راوێژكارییەی كە وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێ ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە دەستبەكاربووە، یادگار سدیق گەڵاڵی كە پسپۆڕی بواری نەوتە، پێشتر لە وتارێكدا پێداویستییەكانی كاركردنی ئەم كۆمپانیایەی لەم خاڵانەدا كورتكردوەتەوە:
• بۆ هەر کێڵگەیەکی نەوتی گرێبەستێک هەیە وە لەو گرێبەستەدا ماف و ئەرکەکانی لایەنەکانی گرێبەستەکە دیاری دەکرێت، هەر لە ماوەی گرێبەستەکە" ماوەی گەڕان و پشکنین تا بەرهەمهێنان و پەرەپێدان و سنوری کێڵگە کە و کۆتایی هێنان بەگرێبەستەکە".
• هەر لە گرێبەستەکاندا پشکی لایەنەکانی گرێبەستەکە و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و خەرجییەکان ( چ خەرجی بەرهەم هێنان Operation Expenditure و خەرجی سەرمایەگوزاری Capital Expenditure) رێژەی قازانجی کۆمپانیای نەوتی و بڕی موڵکانەی حکومەت و قازانجی وڵاتی خانەخوێ وە گەر باجێک هەبێت لەسەر کۆمپانیای نەوتی بڕەکەی چەندە. بڕی پاداشتەکان چەندە ـچ پاداشتی ئیمزاکردنی گرێبەست یان پاداشتی بەرهەم هێنان -. تەنانەت سوان و بەکارهێنانی ئامێرەکان و چۆنیەتی کۆتایی هێنانی گرێبەستەکە و داخستنی کێڵگە نەوتییەکان لەخۆ دەگرێت.
هەر گرێبەستێکیش پاشکۆ یان چەند پاشکۆ و هەمواری هەیە.
• گرێبەستەکانی هەرێمیش وەکو هەر گرێبەستێکی تر هەموو ئەو توخمانەی تێدایە.
• کەواتە بۆ ئەوەی بزانین تێچوی نەوتی هەرکێڵگەیەک چەندە، ئەوا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ گرێبەستەکان.
بەبێ گرێبەستەکان نازانرێت تا چ رادەیەک کۆمپانیا نەوتییەکان پابەندبوون بە گرێبەستەکان و پاشکۆکانی، و تا چ ئاستێک دەتوانرێت خەرجییەکان وەربگیرێتەوە، چەندی خەرجییە و چەندی قازانجە، ئایا خەرجییەکان بە پێی بەرنامەی پەرەپێدانی کێڵگەکانە یان نا؟
ئایا پاداشتەکان وەکو گریگێبەستەکان وەرگیراوە یان نا؟
بۆ ئەمانەش پێویستە ئەو لایەنەی هەڵدەستێ بە هەڵسەنگاندەنەکان جگە لەوەی گرێبەستەکانی لەبەردەستبێت بەهەموو هەموار و پاشکۆکانی سەردانی کێڵگەکان بکات پلانی پەرەپێدان و خەرجییەکان ببینێت و چاو پیاخشاندنەوەی بۆ بکات.
• کەواتە هیچ بەهانەیەک نییە کە گرێبەستەکان رادەستی ئەو لایەنە نەکرێت کە هەڵسەنگاندن بۆ خەرجییەکان دەکات و تێچووی نەوتی هەرێم دیاری دەکات.
• پێویستە بەردەوام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کێڵگە بە کێڵگە وردبینی و چاوپیاخشاندنەوەی ئاستی پابەند بوونی کۆمپانیا نەوتییەکانی بەگرێبەستەکانەوە کردبێت پێش ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکی دابێت بە کۆمپانیا نەوتییەکان.
• هەرچەندە بەڵگە هەیە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەکو پێویست بەو کارە هەڵنەساوە و کەموکوڕی زۆری هەبووە.
ئەگەر کۆمپانیا نەوتییەکان بەهەر بیانویەک بەو خاڵانەی سەرەوە رازی نەبن ئەوا گومانی ئەوە دەخەنە سەرخۆیان کە پابەند نەبوون بە گرێبەستەکانەوە وەکو خۆی.
دەقی رێکكەوتنە نەوتییەكە
رۆژی 17ی تەموزی 2025 لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەقی رێككەوتنی نەوت نێوان هەولێرو بەغدا خوێندرایەوە دەنگی لەسەردرا، ئەمە تەنیا رێككەوتنی نەوت نییە، رێككەوتن بوو لەسەر موچەو بودجەش، دەقە پەسەندكراوەكە بەمشێوەیە:
یەكەم: دۆسیەی رادەستكردنی نەوت
1- حكومەتی هەرێم دەستبەجێ دەستدەكات بە رادەستكردنی تەواوەتیی نەوتی بەرهەمهێنراوی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ)، بەمەبەستی هەناردەكردن، وەزارەتی دارایی فیدراڵیش پابەند دەبێت بە پێدانی پێشینەیەك بەبڕی 16 دۆلار (كاش بێت یاخود نا) بۆ هەر بەرمیلێكی رادەستكراو بەگوێرەی یاسای هەمواری یاسای بودجە، بەومەرجەی بڕی رادەستكراو كەمتر نەبێت لە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە ئێستادا، لەڕێگەی لیژنەی هاوبەشی پێوانەو قەبارەدانی هاوبەشەوە هەر زیادبوونێك لەبڕی بەرهەمهێنان بۆ ئەم بڕە زیاد دەكرێت؛ لە حاڵی راوەستانی هەناردەدا بە هەر هۆكارێك بڕی تەواوەتی نەوتی ناوبراو رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەكرێت.
(رونكردنەوە: بڕی تەواوەتی بەرهەمهێنان لە ئێستادا 280 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە بەگوێرەی راپۆرتەكانی هەرێم، بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانەی بۆ مەبەستی بەكارهێنانی ناوخۆ تەرخان دەكرێت و، ئەوەی دەمێنێتەوە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، هەر زیادبوونێكی بەرهەمهێنان لە ئایندەدا رادەستی سۆمۆ دەكرێت بۆ مەبەستی هەناردەكردن).
2- بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مەبەستی بەكاربردنی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخاندەكرێت، بەو مەرجەی هەرێم پابەند بێت بە پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەم بڕەو؛ داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكانیش بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی دوای لێدەكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پاڵاوتن، لە حاڵی پێویستیی هەرێمدا، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەپێی یاسا بڕی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هەرێم دابین دەكات، بەجۆرێك بەرهەمی پاڵاوتن لە رۆژێكدا لە 15 هەزار بەرمیل نەوتی خاو تێپەڕ نەكات، لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرشتییەكان لە هەرێم هەڵدەستن بە هەڵسەنگاندنی پێویستی راستەقینەی هەرێم بۆ بەرهەمە نەوتییەكان بەمەبەستی تەرخانكردنی، بەو مەرجەی لەماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزبكاتەوە بەمەبەستی بڕیارلێدانی.
دووەم: دۆسیەی داهاتە نانەوتییەكان
2- حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەستێ بە رادەستكردنی بڕی (120) ملیار دینار بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەكو بڕە پارەی سەرەتایی خەمڵێندراو بۆ پشكی خەزێنەی گشتیی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەكانی مانگی ئایار، بۆ ئەوەی دوای وردبینی بەپێی بڕگەی (2)ی خوارەوە، پاكتاو بكرێت.
2- تیمێكی كار لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم پێكدەهێنرێت، بۆ مەبەستی پۆلێنكردنی داهاتە نانەوتییەكان و وردبینیكردنیانن و دیاریكردنی پشكی حكومەتی فیدراڵ لەم داهاتانە لە مانگی ئایاری 2025وە، بەلەبەرچاوگرتنی بەهای تێكڕای داهاتە نانەوتییەكان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە بەوشێوەی لە راپۆرتی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمدا هاتووە لەوكاتەوە كە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، تیمەكە دەبێت لە ماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بكات بەمەبەستی بڕیاردان لەسەری.
3- لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دروستدەكرێت بۆ تەواوكردنی تەوتینی موچە لە هەرێم بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەمەرجێك لە ماوەیەكدا كە لە سێ مانگ زیاتر نەبێت ئەركەكەی تەواو بكات و لە كۆتایی ئەم ماوەیەدا تەمویلكردن تەنیا بۆ ئەو موچانە دەبێت كە تەوتین كراون.
4- تیمێك لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم پێكدەهێنرێت بەمەبەستی دیاریكردنی بڕی ئەو پارەی كە زیاترە لە پشكی هەریم لە خەرجی راستەقینەو چۆنیەتی چارەسەركردنی بەپێی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەكانی (2023-2024-2025)، بەمەرجێك ئەوپەڕی لەماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزبكاتەوە.
5- وەزارەتی دارایی دەستدەکات بە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی ئایار وەک دەستپێکێک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی/ سۆمۆ رەزامەندی دەربڕی لەسەر وەرگرتنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی کە لە بڕگەی یەک/1دا ئاماژەی پێکراوە (لە ئێستادا 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا). لە بەندەری جەیهان بەپێی یاسا.
6- ئەو ماوانەی کە لەم بڕیارەدا ئاماژەیان پێکراوە لە رێكەوتی پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستپێدەکات.
