"فشاری دەرەکیی" و ئەو کۆگیرییەی کە دروستنابێت...
2026-02-15 17:05:45
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
ئەوەی کەمەکێک بە وردیی سەیری ئەو رووداوانە بکات کە لە ناوچەکەدا روودەدەن، بە ئاسانی بەو دەرەنجامە دەگات کە «فشاری دەرەکیی» گەرەنتی سەرەکییە، ئەگەر تاقە گەرانتیەکیش نەبێت بۆ رێگرتن لە دروستبوونی کوشتارگەی گەورە و داخستنی حەمامی خوێن لەناوچەکەدا. ئەم فشارە رێگرە لەبەردەم ئەنجامدانی دووبارەکردنەوەی ئەو تاوانە گەورانەی بەشێکن لە مێژووی ناوچەکە، لە «تاوانەکانی جەنگ»ەوە بیگرە، تا بە «تاوانی جینۆساید»، دەگات.
پێویست ناکات دکتۆرات لە زانستە سیاسییەکاندا هەبێت بۆئەوەی، بۆ نموونە، ئەو راستییە سادەیە بزانیت کە بەبێ بڕیارەکانی ئەم دواییەی کۆنگریسی ئەمریکیی و بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا، هێزە جیهادییەکانی ئەحمەد شەرع و سوپا موسڵمانەکەی تورکیا، بە هاوکاریی پرۆکسییە خوێناوییەکانی هەمان وڵات لە سوریادا، لە پەلاماردان و هێرشکردنە سەر ناوچە کوردییەکانی رۆژئاڤا و کۆکوژیی دانیشتوانەکەی، نەدەکەوتن. ئەو تاوانانەیشی لە سویدا و ساحلی سوریدا بەرامبەر بە دروز و عەلەوییەکان ئەنجامدارن، بە خراپترەوە بەرامبەر بە ناوچە کوردییەکان ئەنجامئەدران. تورکیا خۆیشی بەبێ فشاری ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان، هەموو دەرگاکانی لەسەر ئەو ڕقە مێژووییە دەکردەوە، کە زیاد لە سەدەیەکە، لە پەیوەندیدا بە هەمووشتێک پەیوەست بە کورد و خاکی کوردستانەوە دروست و گەورەی کردوە. رقێک مارەکراو لە تەکنۆلۆژیای کوشتن و لە ویستی قڕکردن بە میلەتێک، تاقە تاوانی ئەوەیە دەیەوێت میلەتبوونی خۆی لەناو جیهانی ئەمرۆدا، بژیی. هەر گوێگرتن لە قسەکانی هاکان فیدان بەسە بۆ بیستن و بینینی ئەو ڕقە گەورەیە لەناو خەیاڵی سیاسیی دەوڵەتی تورکیا و لەناو ئەو پەیوەندییانەدا تورکیا بە کورد و بە دەوڵەتە دراوسێکانییەوە، گرێئەدات. هەمان دۆخ لە ئێرانیشدا سەروەرە، فشاری دەرەکیی نەبێت حوکمڕانانی ئەو وڵاتەش، نەک تەنها دەست لە ئەنجامدانی هیچ تاوانێک بەرامبەر بە کورد و لە کوردستاندا ناپارێزن، بەڵکو لە سەرتاسەری وڵاتەکەیشدا لە هیچ پێکهاتەیەکی تری ناو ئەو وڵاتەی، ناپارێزن.

ئێمە لەناوچەیکدا دەژین «فشاری دەرەکیی» تاکە دڵنییایەکە بە میلەتانی ئەم ناوچەیە بدرێت، بۆئەوەی حوکمڕانەکانیان لەناویاننەبەن و ڕووبەرووی تاوانی کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدیان، نەکەنەوە. هەرخودی ئەو فشارە دەرەکییانەشن کە زۆرجار یەکلاکەرەوەی ململانێکان و دابینکەری لانیکەمی ئەمن و ئاسایشن. زۆرینەی هەرزۆری هێزە ناوەکییەکانی ناوچەکە و، ئەو گوتارانەی باڵادەستن و ئەو سایکۆلۆژیایەش کە کاردەکات، هێز و گوتار و سایکۆلۆژیای جەنگ و رق و تۆڵەکردنەوەن لە یەکتری. گوتار و هێزی دابەشکردن و بەدوژمنکردنی یەکترین، گوتاری لەمرۆڤخستنی مرۆڤەکان و ویستی بەخائین و بێدین و مولحید و کافکردنی یەکترین.
بۆ نموونە، ئەوە هێز و فشارە دەرەکییەکانن دەیانەوێت لە سوریادا لانیکەمی کۆگیریی هەبێت و حوکمڕانییە موسڵمان و خوداناسەکە، پێکهاتەکانی ناوی لەناونەبات و خوێنی ملیۆنان مرۆڤ نەرێژێت. چەکدارەکان بەناوی ئەڵاهوئەکبەرەوە لەشی کچێکی کوژراو لەسەر باڵەخانەیەکەوە فڕێنەدەنە خوارەوە. یان وڵاتێکی هاوسنور، تورکیا، خاکی دراوسێکەی خۆی، سوریا، داگیرنەکات و پەلاماری یەکێک لە پێکهاتەکانی ناو ئەو وڵاتە دراوسێیە، نەدات.
هێزە باڵادەستەکانی ناوچەکە هێزی لەناوبردنی لانی هەرەکەمیی هەر جۆرە کۆگیرییەکی ناوەکین، کە بەزۆر و لەڕێگای سوپا و هێزی سەربازییەوە نەسەپێندرابێت. ئەوان تەنها ئەو کۆگیریانەیان دەوێت کە لەگەڵ زەوق و خواستیی حوکمڕانەکاندا دەگونجێت، نەک لەگەڵ خواست و ویستی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگاکەدا. دابڕینیی کۆگیریی لە ماف و هێمنیی و ئاسایش و ڕێز، ئەو تاقە زمان و ویست و سیاسەتەیە ئەم هێزانە قسەیپێدەکەن و لەسەر زەویش لە رێگای هێزەوە پیادەیدەکەن. ئەم دۆخەیە وادەکات بڕیارێکی کۆنگریسیی ئەمریکیی، یان بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپی، یان تەنانەت ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە داڤۆس، لە دووری هەزاران هەزار کیلۆمەترەوە، ئەو گرنگییە حەیاتییەی بۆ ژیانی ملیۆنان مرۆڤ هەبێت و ئامرازی سەرەکیی رێگرتنبێت لە جەنگ و کۆکوژیی لە زیاد لە شوێنێکی ناوچەکەدا. ئەم دۆخە وایکردوە دەکرێت، بە حەزەرێکی زۆرەوە، بەرگریی لەو دیدگایە بکەین کە پێیوایە ئەوە «فشارە دەرەکییەکان»ە دەیەوێت جۆریک لە کۆگیریی دروستببێت، نەک هەوڵە ناوەکییەکان. کۆگیرییەک نوینەرایەتی فرەرەنگیی ناوەکیی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە، فرەرەنگیی ئەتنیی و دینیی و زمانەوانی و فەرهەنگییان، بکات.
با لێرەدا لە پەیوەنیدا بە کوردەوە ، بە تایبەتی لە پەیوەندییە ناوەکییەکانی کورد بەخۆیەوە، لەسەر دوو خاڵ بوەستین.
یەکەمیان: ئەو کۆگیرییە ناوەکییە گەورەیەیە کە ماوەی پێشوو لە ناو شار و شارۆچەکەکانی بەشێکی گەورەی کوردستاندا بینیمان. کۆگیرییەک خەڵکی کوردستان خۆیان دروستکەر و داهێنەر و بەڕێوەبەری بوون. دوور لە سەرجەمی ئەو دابەشبوون و پارچەپارچەبوونە ناوەکییانەی «مەسەلەی کورد»یان لەناوەوە هەلارهەلار و ئیفلیج کردوە. کۆگیرییەکی نیشتیمانیی و ئینسانیی، کە ترسی سەدبارەبوونەوەی کارەسات و تاوانە گەورەکان بەرامبەر بە میلەتی ئێمە، پاڵنەر و وزە ناوەکییەکەی بوو.

دووهەمیان: نەبوونی هەمان کۆگیرییە لەناو هێزە سیاسییە کوردییەکان و درێژەدانە بە لۆژیکی پارچەپارچەبوونی سیاسیی و فرەڕیزیی ناکۆکانە، لەسەر بنەمای لۆژیکی قەبەکردنی دەسەڵاتی حیزبیی و بنەماڵەیی و خێزانیی و پاراستنی سنوورەکانی ئەو ئیمارەتە حیزبییانەی هێزە کوردییەکان خۆیان دروستیانکردوە و بەسەر «مەسەلەی کورد»یشدا سەپاندوویانە. ئەمەش تەنها یەک مانای هەیە: ئیشکردن بە لۆژیکی بەر لە دروستبوونی «نەتەوە» وەک چوارچێوەیەکی سیاسیی هاوبەش و دروستبوونی «نیشتیمان» وەک چوارچێوەیەکی جوگرافیی بۆ ئینتیما. لەم ئاستەدا، «فشاری دەرەکیی» دیسانەوە پێداویستییەکی سەرەکییە بۆ هەوڵدان بۆ دروستکردنی لانی هەرەکەمی کۆگیریی ناوەکیی لەنێوان هێزە کوردییەکان خۆیاندا.
ئەمەش تەنها یەک مانای هەیە: سەرجەمی ئەو نەخۆشییە سیاسیی و دینییانەی لەناو دەوڵەتە باڵادەستەکانی ناوچەکەدا هەیە، لەناو هێزە سیاسیی و هێزە دینییە کوردییەکانیشدا هەیە و ئامادەیە. وەکچۆن دەوڵەتەکانی ناوچەکە رێ لە دروستبوونی هەر کۆگیرییەک لەسەر بنەمای ماف و رێز دەگرن، بەشێکی زۆری هێزە کوردییەکانیش لە پەیوەندیاندا بەیەکەوە و بە کوردستانەوە، هەمان کار ئەنجامئەدەن و لۆژیکی هێز و خۆسەپاندن بەسەر لۆژیکی رێزگرتنی ماف و بەشکردنی بەرپرسیارێتیدا، کاردەکات. ئەمیان دەخوازێت «حیزبی قائید» بێت و سەرجەمی هێزە کوردییەکانی تر، «رەعیەتی سیاسیی» ئەو بن. ئەویتریان دەیەوێت «مەرجەع» و «گەورە»ی هەموو کوردبێت و هەرچی کوردێک لەسەر ئەم هەسارەیە دەژیی، لەو مەرجەعە «بچوکتر» و «کەمتر» بێت. سوپایەکیش لە زوڕناژەنی کۆن و تازە فوو بەم تەماحی ئەم «مەرجەع»بوونەدا دەکەن.
ئەم دۆخە وایکردوە کۆبوونەوەی هیزە دەرەکییەکان لەگەڵ کوردا تەنها بۆ ریکخستنی پەیوەندیی کورد لەگەل دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا نەبێت، هەر هەوڵدان نەبێت بۆ پاراستنی کورد لەو دەوڵەتانە و میلیشیا جۆربەجۆرەکانیان، بەلکو بۆ ریکخستنی پەیوەندییە ناوەکییەکانی کورد خۆیشی بێت، لەگەڵ یەکتریدا.
ئەمەش دۆخێکی دروستکردوە «فشاری دەرەکیی» چەندە پێویستبێت بۆ پاراستنی کورد لە دوژمن و ناحەزە دەرەکییە زۆرەکانی لەناوچەکدا، بەهەمان ئەندازەش پێویستبێت بۆ رێکخستنەوەی پەیوندیی ناوەکی هێزە کوردییەکانیش، لەگەڵیەکدا. ئەمەش بەشێکە لەو کۆمێدیا سیاسییە کە خوێن و مەرگی بەردەوامی لێدەبارێت.
کۆمەڵگای کوردیی بە ئەزموون وەرگرتن لە برین و کارەساتە گەورەکانی ناو مێژووی سەد ساڵی رابردووی، توانا و ویست و ئەگەری کۆگیریی تێدایە، لە ماوەی پێشودا ئەو ویستی کۆگیرییەی نیشانی دۆست و دوژمنەکانی دا، بەڵام «سیاسەتی کوردی» سیاسەتێکە بێ لانی هەرەکەمی کۆگیریی. سیاسەتێکی دابەش و پارچەپارچەی بەسەر چەند تەورە و هێز و بکەر و ریزی سیاسیی ناکۆک و دژبەیەکدا، کە تەواو ناکۆکە بە رۆحی ئەم ساتەوەختە مێژووییە گرنگ و ترسناکەی ئێستا.
مێژووی میلەتی ئێمە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمرۆ، مێژووی گەڕان نییە بەدوای هێزدا، لە دیدگایەکی نیتشەویەوە. هەروەها مێژووی گەڕانیش نییە بەدوای چێژ و لەزەتدا، لە دیدگایەکی فرۆیدیەوە، بەڵکو مێژووی گەڕانە بەدوای دانیپانان و ئیعترافێکی سیاسییدا کە وابکات کوردیش وەک میلەتەکانی تری جیهان، وەک میلەت لەناو مێژووی خۆیدا ئامادەبێت. میلەتێک کە ماف و داخوازی سیاسیی هەیە و دەخوازێت ئەو ماف و داخوازیانەش جێبەجێبکرێن و ڕێزیان لێبگیرێت. ئەوەی وا لە میلەتی ئێمە دەکات بژیی، یان بتوانێت بژیی و تەسلیم بەو دۆخی بێمافییە نەبێت، هەوڵدان و گەڕانی بەردەوامیەتی بەدوای ئەم ئیعتراف و دانپیانانە مێژوویەدا. ئەمەش وادەکات «مەسەلەی کور»د وەک مەسەلەی میلەتێک کە ماف و رێز و دانپیانانی دەوێت، رەهەندێکی ئەخلاقیی گەورەی هەبێت کە زۆر کەس لە جیهاندا تێگەیشتنی بۆی هەبێت. ئەوەی ئەمرۆ لەهەموو کاتێک زیاتر ئەم مەسەلەیە پێویستی پێیەتی، بەهێزکردنی ئەم رەهەندە ئەخلاقییە گرنگەی «مەسەلەی کورد»ە، نەک لاساییکردنەوەی شێخە نەوتاوییەکانی خەلیج، یان بەرگریکردن لە گوتارێکی دینیی، کە لەڕێگایەوە بەشێک لە کورد بەشێکی تری خۆی وەک کافر و مولحید ببینێت و ڕێگاکانی بەرگریکردنیش لە کوردبوون وەک لادان لە دین، وێنابکات.
