هەسەدە (42%)ی خاكی ژێر دەسەڵاتی لەدەستدا
2026-01-19 09:10:55
درەو:
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەسەدە لەكۆی (51) هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشەی خاكی ژێر دەسەڵاتی (21) هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشەی لەدەستدا بەڕێژەی (42%)، دوو پارێزگاو 12 شارو شارۆچكەی لەدەستداو لە ئێستادا پارێزگایەك و سێ شاری لەژێر دەستدا ماوە.
لەدوای هێرشی سەر گەڕەكی شێخ مەقسو د و ئەشرەفیەوە تا گرتنی رەقەو دێرەزوور، هێزەكانی سوریای دیموكراتی ناوچەیەكی فراوانی ژێر دەسەڵاتی لەدەستداوە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات پێی وایە شەڕەكەیان لەسەر فەرزكراوەو گەلە كۆمەكێی نێودەوڵەتی بووە لە دژی ئەزمونی رۆژئاوای كوردستان، ئەم جەنگە بە پلانی توركیا و هێزی سوریا و توركیا و گڵۆپی سەوزی ئەمریكاو بێدەنگی ئیسرائیل و پێخۆشبوونی وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدرا.
لەماوەی شەڕی دوو هەتەی رابردووی نێوان هەسەدەو سوپاو گروپەكانی سەربە سوریا چی لەدەستدراوە.
خاكی سوریا بە گشتی (185 هەزارو 180) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لەو ژمارەیە تا پێش رووداوەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە:
- ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا: 69.3%
- ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە: 27،8%
- ناوچەی دروز: 2.8%
- جۆلان: 0.1%
پێش دەستپێكردنی شەڕی (شێخ مەقسود و ئەشرەفیە) كۆی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە (51،961) كیلۆمەتر چوارگۆشە بوو بەسەر پارێزگاكانی (حەسەكە، دێرزور، رەقە، حەلەب)دا دابەش بوون:
- حەسەكە: كۆی رووبەری (23،334) كیلۆمەتر چوارگۆشە
- رەقە: كۆی رووبەری 19،616 كیلۆمەتر چوار كۆشەیە، نزیكەی
- حەلەب: كۆی رووبەری 18،500 كیلۆمەتر چوار گۆشەیە،
- دێرزور:كۆی روبەری 33،060 كیلۆمەتر چوار گۆشەیە.
یەكەم: پارێزگای حەسەكە
كۆی رووبەری پارێزگای حەسەكە (23،334) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە بەڵام بەشێكی بە نزیكەی (3) هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشە لەژێر دەسەڵاتی گروپەكانی سەربە توركیا لە باكوریەوە، كەواتا نزیكەی (20،334) كیلۆمەتری لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە ماوە، كە گرنگترین شاری قامیشلۆیەو كەمپی هۆڵ لە سنوری پارێزگای حەسەكەیە.
دووەم: پارێزگای رەقە:
كۆی روبەری پارێزگای رەقە (19،616) كیلۆمەتر چوار گۆشەیە، سەنتەری پارێزگای رەقەو تەبقە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی هەسەدە بوون، واتا لە كۆی (19،616) كیلۆمەتر چوار گۆشەیە نزیكەی (11 هەزار 700) كیلۆمەتر چوار گۆشەی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەبوو، لەو رێژەیە ئێستا نزیكەی تەنیا (3،300) هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەی لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ماوە. دوو بەنداوو وێستگەی كارەبا و كێڵگەی نەوتی لێیەو پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەبوون.
سێیەم: پارێزگای دێرەزوور
كۆی رووبەری پارێزگای دێرزور: 33،060 كیلۆمەتر چوار گۆشەیە، لەو ژمارەیە نزیكەی (14،527) كیلۆمەتری لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی هەسەدە بووە بە سەنتەری پارێزگاكەشەوە، بەڵام لە ئێستادا نزیكەی (3،500) هەزار كیلۆمەتری لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە ماوە. زۆرینەی كێڵگە نەوتیی و غازییەكان لەم پارێزگایەن.
چوارەم: پارێزگای حەلەب
كۆی رووبەری پارێزگای حەلەب ( 18،500 )كیلۆمەتر چوار گۆشەیە، كە كۆبانی و ناوچەكانی دەوروبەری لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەبوون بە دێر حافر و مەسكەنەو هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، بە نزیكەی نزیكەی (5،400) كیلۆمەتری لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی هەسەدە بووە ، بەڵام لە ئێستادا دێر حافر و مەسكەنەو شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی لەدەستدا ئێستا نزیكەی (3،250) كیلۆمەتری لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە ماوە، بەنداوی تشرین و شاری كۆبانی سەربە پارێزگای حەلەبە
هەسەدە چەند خاكي لەدەستداوە:
هەسەدە هەریەك لە (پارێزگای رەقە، پارێزگای دێرەزوور، شارۆچكەكانی، دێر حافر، مەسكەنە، تەبقە،چەندین شاروشارۆچكە)ی لەدەستدا، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەب نشینن.
- پارێزگای رەقە: (11 هەزار 700) كلم لەژێر دەست بوو، ئێستا (3،300) كلم ی ماوەتەوە، واتا (8،400) كیلۆمەتر چوارگۆشەی لەدەستداوە.
- پارێزگای دێرزور: (14 هەزار 527) كلم لەژێر دەستی هەسەدە بوو، ئێستا (3،500) كلم ی لەژێر دەستدا ماوەتەوە، واتا (11،027) كیلۆمەتر چوارگۆشەی لەدەستداوە.
- پارێزگای حەلەب: (5،400) كیلۆمەتری لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی هەسەدە بووە، ئێستا (3،250) كیلۆمەتری لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە ماوە، واتا (2،150) كیلۆمەتر چوار گۆشەی لەدەستداوە،
كۆی گشتی ئەوەی لەدەستیداوە: (21،577) كیلۆمەتری چوار گۆشەی لەدەستداوە.
- كۆی گشتی خاكی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە: (51،961) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە
- كۆی گشتی ئەوەی لەدەستیداوە: (21،577) كیلۆمەتری چوار گۆشەی لەدەستداوەو بەڕێژەی (42%) كلم
- كۆی گشتی ئەوەی لەژێر دەستی ماوە: (30،384) كیلۆمەتری چوار گۆشەی لەدەستداوە بەڕێژەی (58%) كلم
سەرەرای لەدەستدانی خاكی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە كە ئەوەی تا ئێستا لەدەستی داوە هەمووی ناوچەی عەرەبنشینەو كە بەشی زۆرییان لە هێزەكانی هەسەدە هەڵگەڕانەوەو چوونە پاڵ سوپا و گروپەكانی سەربە دیمەشق، چەندین شوێن و ناوچەی گرنگ گەوتە دەست سوپا و حكومەتی سوریا:
- بەنداوی تەبقە (فورات) ئەم بەنداوە لە پارێزگای رەقەو لە ساڵی 1973 درووستكراوەو بەرزیەكەی (60) مەترەو توانای گلدانەوەی (11،6) ملیار مەتر سێجای هەیە.
- بەنداوی ئازادی (سەورە) لە پارێزگای رەقەو ساڵی 1981 درووستكراوەو بەرزیەكەی 14 مەترە
- وێستگەی كارەبای تەبقە
- كێڵگەی نەوت و غازی كۆنیكۆ كە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی (36) هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە دێرەزوور
- كێڵگەی نەوتی عومەر توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی (8) هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە دێرەزوور
- كێڵگەی نەوتی تەنەك توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی (1) هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە دێرەزوور
- كێڵگەی نەوتی كەشمە لە دێرەزوور
- كێڵگەی نەوتی جفرە لە دێرەزوور
- كێڵگەی نەوتی سەورە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی (6) هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رەقە
- كێڵگەی نەوتی قسیرە لە رەقە
خۆ ئەگەر رێككەوتنەكەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەوا هەسەدە ناوچەیەكی زۆرتر لەدەستدەدات و تەنانەت سەربەخۆیی ئیداری و هێزو خۆ بەڕێوەبەریش لەدەستدەدات.



