بۆچی ئه‌مریكا له بنكه‌ی سه‌ربازی (ئه‌لته‌نه‌ف) كشایه‌وه؟
2026-02-14 14:30:39
هێمن خۆشناو
كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له بنكه‌ی سه‌ربازی (ئه‌لته‌نه‌ف) كه ده‌كه‌وێته سێگۆشه‌ی سنوری (سوریا – عێراق – ئۆردون) چه‌ندین لێكدانه‌وه هه‌ڵده‌گرێت كه ره‌نگه گرنگترینیان په‌یوه‌ندی به باشتربوونی په‌یوه‌ندی نێوان ئیسرائیل و ئه‌مریكاوه هه‌بێت.
له (6 تشرینی دووه‌می 2025) ئاژانسی هه‌واڵی (رۆیته‌رز)، بڵاویكرده‌وه كه ئه‌مریكا به‌نیازه بنكه‌یه‌كی ئاسمانی سه‌ربازی له (دیمه‌شق) دروست بكات، ئامانجیش له دروستكردنیدا زه‌مینه‌سازییه بۆ رێككه‌وتنی ئیسرائیل و سوریا به ناوبژیوانی ئه‌مریكا.
هه‌ر به گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه، شوێنی بنكه سه‌ربازیه‌كه ده‌كه‌وێته به‌شی باشوری ده‌روازه‌ی شاری دیمه‌شقی پایته‌خت، كه پێشبینی ده‌كرا ببێته ناوچه‌یه‌كی له چه‌ك داماڵدراو به‌گوێره‌ی نه‌خشه‌ی ئه‌مریكا بۆ رێككه‌وتنه‌كه.
دوای ئه‌م هه‌واڵه‌ی (رۆیته‌رز) به‌چه‌ند كاتژمێرێك، ئاژانسی هه‌واڵی (سانا) كه ئاژانسی فه‌رمی حكومه‌تی سوریایه له هه‌واڵێكی به په‌له و به پشتبه‌ستن به كارمه‌ندێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی كاتی سوریا هه‌واڵه‌كه‌ی رۆیته‌رز به درۆ ده‌خاته‌وه هه‌واڵه‌كه به‌بێ بنه‌ما له قه‌ڵه‌م ده‌دات!
له (9 كانوونی یه‌كه‌می 2025) واته دوای تێپه‌ڕبوونی مانگێك به‌سه‌ر هه‌واڵه‌كه‌ی (رۆیته‌رز) به سێ موشه‌ك هێرشكرایه سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی (ئه‌لمه‌زه) له دیمه‌شق كه فرۆكه‌خانه‌یه‌كی سه‌ربازییه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیاریه‌تی هێرشه‌كه بگرێته‌ئه‌ستۆ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین ناوه‌ندی هه‌واڵی ناوچه‌یی، پێیانوابوو كه ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی (ئه‌لمه‌زه) ئیسرائیله‌و هۆكاره‌كه‌ی پشت هێرشه‌كه‌شیان به ناكۆكی نێوان (ته‌لئه‌ڤیڤ – واشنتن) به‌سته‌وه، له‌مه‌ڕ ناڕازیبوونی ئیسرائیل له دروستكردنی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكی له دیمه‌شق و سیاسه‌تی ئه‌مریكا له سوریا، كه ده‌یه‌وێت رێگا بگرێت له پێشڕه‌وی زیاتری ئیسرائیل به‌ناو قوڵایی خاكی سوریادا، بۆ ته‌واوكردنی كۆریدۆری (داود). به‌ته‌نیا ئه‌مه نا، به‌رپرسه ئیسرائیلییه‌كان له ماوه‌ی رابردوو چه‌ندین جار جه‌ختیان له‌وه كردوەته‌وه كه (تۆم باراك) نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له‌مه‌ڕ ناكۆكی نێوان (توركیا – ئیسرائیل) پشتگیری له توركیا ده‌كات و ئاسته‌نگی بۆ ئیسرائیل دروست ده‌كات. پێگه‌ی (والا) ی ئیسرائیلی له (29 كانوونی دووه‌می 2026) له زاری به‌رپرسێكی ئیسرائیلی بڵاویكرده‌وه كه :" تۆم باراك به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی توركیا ده‌كات". به گوێره‌ی پێگه‌ی ناوبراو به‌رپرسه ئیسرائیلییه‌كه ده‌ڵێـت:" باراك وه‌كو ئه‌وه‌ی باڵیۆزی توركیا بێت هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و به‌م شێوه‌یه كاریگه‌ری خراپ به‌سه‌ر رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌جێدەهێڵێـت".
له‌وانه‌شه ساردی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان (ئیسرائیل و ئه‌مریكا) هۆكاری سه‌ره‌كی بێ له پشت سه‌ردانه سێ رۆژییه‌كه‌ی (كۆنگرێسمانی كۆماری) لیندسی گراهام بۆ ئیسرائیل له (15 كانوونی دووه‌می 2026)، كه به كه‌سی هه‌ره نزیكی ئیسرائیل داده‌نرێت. چونكه دوای ئه‌م سه‌ردانه به‌چه‌ند رۆژێك (بنیامین ناتانیاهۆ) سه‌ردانی واشنتنی كرد و له كۆشكی سپی چاوی به دۆناڵد تره‌مپ كه‌وت. ئه‌مه‌ش به‌لانی كه‌م ئاماژه‌یه به كه‌مبوونه‌وه‌ی ساردی له په‌یوه‌ندی هه‌ردوولادا. دوورنیه كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له بنكه‌ی (ئه‌لته‌نه‌ف) له سێگۆشه‌ی سنوری نێوان (عێراق، سوریا و ئۆردون) ئاماژه‌یه‌كی دیكه بێت له باشتربوونی په‌یوه‌ندی نێوان ئیسرائیل و ئه‌مریكا كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سه‌ردانی (ناتانیاهۆ) بۆ واشنتن.
گرنگی بنكه‌ی (ئه‌لته‌نه‌ف) چیه؟
له‌ڕووی ئیدارییه‌وه بنكه‌ی ئه‌لته‌نه‌ف سه‌ر به پارێزگای حومسی سوریایە. بنكه سه‌ربازییه‌كه نزیكه له ده‌روازه‌ی (ئه‌لته‌نه‌ف) له‌سه‌ر رێگای بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی له نێوان دیمه‌شق و به‌غدا كه به رێگای (M2) ناسراوه و وه‌كو شاده‌ماری ستراتیژی بازرگانی و جوڵه‌ی سه‌ربازی ده‌ناسرێت، كه ئه‌مه‌ش مۆركێكی جیۆسیاسی گه‌وره‌تر له قه‌باره جوگرافیه‌كه‌ی به‌م ناوچه‌یه و بنكه‌كه به‌خشیووه.
گرنگی ئه‌م بنكه‌یه به‌تایبه‌تی ساڵی 2016 زه‌قكرایه‌وه كاتێك هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش له‌م بنكه‌یه گیرسانه‌وه.
سه‌ره‌تا واشنتن ئه‌م بنكه‌ی وه‌كو ناوه‌ندێكی راهێنان به‌كارهێنا بۆ پشتگیریكردن له گرووپی (سوپای مغاویری شۆڕش) كه گرووپێكی به‌رهه‌ڵستكاری رژێمی پێشووی سوریا بوو. له هه‌مان كاتدا بنكه‌كه وێستگه‌یه‌كی چاو‌دێر و دروستكردنی هه‌ژموون بوو به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی بیابانه‌كانی سوریا.
به‌ڵام گرنگی (ئه‌لته‌نه‌ف) زیاتر له‌ڕووی ستراتیژی دایه، كه ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیاره بۆ پێشبڕكێ و ركابه‌ری هێزه ناوچه‌یه‌كان، وه‌كو ناوچه‌یه‌ك له قه‌ڵه‌م ده‌درێت بۆ رێگرتن له گه‌یشتنی ئێران به قوڵایی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد له ساڵانی پێشتردا هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌م بنكه‌یه به‌رده‌وام راستی هێرشی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بێنه‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی توشی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌بوونه‌وه له‌م بنكه‌یه، هه‌روه‌ها سه‌ره‌ڕای پووكانه‌وه‌ی داعش له عێراق دوای 2017 و له سوریا دوای 2019، ئه‌مریكا ئاماده نه‌بوو ده‌ستبه‌رداری ئه‌م بنكه‌یه بێت و مانه‌وه‌شی له‌م بنكه‌یه ده‌به‌سته‌وه، به جه‌ختكردنه‌وه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و چاودێریكردنی جوڵـﻪ ناوچه‌یه‌كان له بیابانی سوری.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه، كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له (ئه‌لته‌نه‌ف) كه هاوكاته له‌گه‌ڵ نه‌مانی ساردی په‌یوه‌ندی ئیسرائیل و ئه‌مریكا چه‌ندین په‌یام و ئاماژه له‌خۆ ده‌گرێت، ره‌نگه گرنگترین په‌یامیش رێگا خۆشكردن بێت بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموونی زیاتری ئیسرائیل به‌سه‌ر خاكی سوریا سه‌ره‌تا له رێگای هێزی ئاسمانی و دواتریش هێزی زه‌مینی. دووریش نیه كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له (ئه‌لته‌نه‌ف) زه‌مینه بۆ (ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع) خۆش بكات تا داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی روسیا و توركیا بكات له ته‌واوی سوریادا، ده‌شكرێت لێدوانه‌كانی (یه‌شار گولـله‌ر) وه‌زیری به‌رگری توركیا به‌ر له چه‌ند رۆژێك كاتێك وتی:" كشانه‌وه‌ی توركیا له سوریا مه‌سه‌له‌یه‌كی ره‌های توركیایە" دركردنی ئه‌نقه‌ره بێت به‌م خوێندنه‌وه‌یه.
گۆشه‌یه‌كی دیكه كه ده‌كرێت كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له (ئه‌لته‌نه‌ف) راڤه بكات، نه‌مانی متمانه‌ی واشنتن بێت به ده‌سه‌ڵاتی (ئه‌لشه‌رع) به تایبه‌تی دوای رووداوی هێرشكردنه سه‌ر سوپای ئه‌مریكا له‌لایه‌ن داعش له (ته‌دمور) له 13 كانوونی یه‌كه‌می 2023 دا. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو ئه‌مریكا گه‌یانده ئه‌و باوه‌ڕیه‌ی تا زیاتر له 5 هه‌زار گیراوی داعش له سوریا بگوازێته‌وه عێراق.
بێگومان هۆكارێكی دیكه‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له ئه‌لته‌نه‌ف ده‌كرێت به رێوشوێنی خۆپارێزی سوپای ئه‌مریكا ده‌به‌سترێته‌وه، به تایبه‌تی له كاردانه‌وه‌ی ئێران له ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێكی ئه‌مریكیدا، چونكه به هه‌مان هۆكار پێشتریش سوپای ئه‌مریكا له بنكه‌ی (عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د) له خۆرئاوای عێراق كشایه‌وه.
كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له (ئه‌لته‌نه‌ف) له‌م كاته‌دا چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، چونكه پلانی سوپای ئه‌مریكا هه‌بوو بۆ دروستكردنی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له شاری (ئه‌لزه‌میر) له نزیك دیمه‌شق جگه له گیرسانه‌وه‌یان له ته‌دمور و ئه‌لته‌نه‌ف، ئه‌م سه‌نگه‌ر گرتنه‌ش وه‌كو رێگرتنی ئه‌مریكا له ئیسرائیل بۆ دروستكردنی كۆردیۆری (داود) ده‌خوێندرایه‌وه به تایبه‌تی له‌لایه‌ن شرۆڤه‌كاری توركی.
پێده‌چێت دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه و دیكۆمێنته پڕ سكانداڵ و تاوانه سێكسیه‌كانی (جێفری ئه‌بستین) لۆبی ئیسرائیلی له‌ناو ئه‌مریكا سه‌ركه‌وتوو بێت له رازیكردنی (تره‌مپ) به كشانه‌وه له سوریا به بیانووی نه‌مانی داعش و هه‌سه‌ده، كه له جه‌وهه‌ردا ئه‌م كشانه‌وه‌یه ده‌رفه‌ت ره‌خساندنه بۆ ئیسرائیل تا زیاتر هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی باشوری سوریا بسه‌پێنێت و به‌ره‌و ته‌دمور و دواتر (ئه‌لته‌نه‌ف) شۆڕبێته‌وه بۆ ته‌واوكردنی كۆردیۆری (داود) و گه‌یشتن به دێره‌زور.
ئه‌وه‌ی ده‌یبینین له سوریادا ته‌واوی رووداوه‌كان نیه به‌ڵكو به‌شێكه، ئه‌وه‌ی له پشت په‌رده ده‌وترێت، به‌رنامه‌ی بۆ داده‌ڕێژرێت و رێككه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌كرێت زۆر زیاتره له‌وه‌ی له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ده‌یبینین و تاوتوێ ده‌كرێت!
كێ ده‌ڵێت: لۆبی جوله‌كه (تره‌مپ) و ستافه‌كه‌ی ناچار ناكات تا دۆسیه‌ی سوریا راده‌ستی ئیسرائیل بكات، كه ئه‌مه‌یان له خۆشی (جۆلانی)یش ده‌چێت تا بتوانێ له ژێر سێبه‌ری (شه‌یبانی) بێته ده‌ره‌وه...
