Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو: فڕۆكەوان و پسپۆڕە سەربازییەكانی توركیا, گومانیان هەیە لەوەی فرۆكەكەی ئیبراهیم رەئیسی, سەرۆك كۆماری ئێران, بەهۆی خراپی كەشوهەوا یاخود بەركەوتنی بە شاخ كەوتبێتە خوارەوەو, دەڵێن: بەگوێرەی ئەو پشكنیانەی بۆ وردەكاری روداوەكە ئەنجامیانداوە, دەركەوتووە, فرۆكەكەی سەرۆك لە ئاسمان تەقیوەتەوە. 🔹عەقید ئیرای قشولار, شرۆڤەكاری سەربازی توركیا, لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (TV100) توركی دەڵێت: لەگەڵ هاوڕێ پسپۆڕەكانم كە تایبەتمەندن لە بواری لێكۆڵینەوە لە روداوەكانی فرۆكە, پشكنیمان بۆ ئەو وێنانە ئەنجامدا لە روداوی كەوتنەخوارەوەی فرۆكەكە, شتی نامۆمان بەدیكرد.   🔹فرۆكەكەی سەرۆك لە ناوەڕاستی دوو فرۆكەكەی پاسەوانیدا بووە, ماوەی یەك خولەك نێوانیان لەیەك دوور بووە, ئەگەر فرۆكەكەی سەرۆك بەهۆی بەركەوتنی بە شاخ كەوتبێتەخوارەوە, دەبوو فرۆكەكانی پاسەوانی سەرەتا بەری بكەوتنایە. 🔹دووەم پرسی سەیر ئەوەیە, سیستمی ناردنی ئاماژە لە فرۆكەكەی سەرۆك یان نەبووە یان فرۆكەوانەكە دایخستووە. 🔹زانیاری دڵنیاكەرەوەمان دەستكەوتووە لەبارەی ئەوەی, فرۆكەكەی سەرۆك لەكاتی بەرزبونەوەیەوە لە شوێنی بەنداوەكە, هیچ ئاماژەیەكی بۆ ناوەند نەناردووە. 🔹ئەوەی شۆكی كردوین و لەكاتی وردبینی لە ڤیدیۆ و وێنەی پارچەكانی فرۆكەكە پێیگەیشتووین, پارچە بچوكەكانی فرۆكەكە ئاماژە بە شوێنەواری سوتانی دەكات, دڵنیابوین لەوەی كە فرۆكەكە لە ئاسمان تەقیوەتەوەو بەر شاخ نەكەتووە, بەدڵنیای تەقینەوەكە بەهۆی بۆمبەوە نەبووە, بەڵكو پەیوەندی بە سیستمی سوتەمەنی فرۆكەكەوە هەیە. 🔹پوختەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتووە ئەوەیە, ئاماژەی فرۆكەكە لەناوەند بچڕاوە پێش فڕینی, وەزیری دەرەوەش بڕٍیارنەبووە لە فرۆكەكەی سەرۆكدا سەربكەوێت, لەدوا ساتەكاندا چووەتە فرۆكەكەی ئەوەوە. 🔹ناكرێت ئەو ژمارە زۆرە لە بەرپرسی باڵا لەیەك فرۆكەدا سەربكەون, ئەوەش دەمانگەیەنێتە ئەوەی یان ئاسایشیان لاوازبووە یاخود روداوەكە ئەنقەستە. 🔹گریمان دەزگایەكی هەواڵگری لەپشتی ئەو روداوەوەیە, لەمیانی ئەوەی پێیگەیشتووین, مەحاڵە ئەو كارە لە دەرەوە ئەنجامدرابێت, بەڵكو گوزارشت لەوە دەكات, كەسێكی زۆر گەورە لەپشتی روداوەكەوەیە, یان كەسێك كە پلەیەكی باڵای هەیە لە دەزگایەكی هەواڵگری لەپشتی ئەنجامدانی كارەكەوەیە, چونكە كەسێكی ئاسایی ناتوانێت ئەوە بكات. 🔹بێگومان ناتوانین هەموو زانیاریەكان ئاشكرابكەین, چونكە لە كۆتایدا ئەو پرسە پەیوەستە بە ئێران و ئەو ئاشكرایدەكات,  ئاخۆ ئەو كارە روداوێكی ئاسای بووە یان بە دەستی ئەنقەست ئەنجامدراوە. 🔹هاوكات ئەردۆغان كاراكوش, جەنەڕاڵی خانەنشین لە هێزی ئاسمانی توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (CNN turk) دەڵێت: ناكرێت فرۆكە لەكەش و هەوایەكی لەوشێوەیەدا بفڕێت, مەحاڵە گەڕان بەدوای فرۆكەدا دوو كاتژمێر زیاتر بخایەنێت. 🔹دەكرا لەڕێی سیستمی ناردنی ئاماژەوە شوێنەكەی دەستنیشان بكەن, ئەگەر لەكاریش كەوتبێت یان بەدەستی ئەنقەست لەكارخرابێت, دەتوانن شوێنەكەی بدۆزنەوە لەڕێی سندوقی رەشەوە, چونكە ئەو سندوقە تێكناشكێ و بۆ ماوەی (28) رۆژە ئاماژە دەنێرێت, تا پاتریەكەی وزەی تیادا نامێنێت. 🔹مەحاڵە فرۆكەی سەرۆكایەتی سندوقی رەشی تیادانەبێت, بابڵێین سندوقی رەشی تیادانەبووە, دەكرێت لەڕێی تەلەفونەكانی سەرۆكەوە كە بەمانگی دەستكرد كاردەكات, شوێنەكەیان بدۆزرایەتەوە. 🔹بابڵێین ئەوەش كاری نەكردووە,  دەكرێت لەڕێی بێتەلی فرۆكەكەو دواین گفتوگۆی فرۆكەوانەكەوە پێش رودانی كارەساتەكە, شوێنەكەیان دیاریبكرێت. 🔹لەمیانی وردبینیەكانمادا لە وێنەو دیمەنەكانی تێكشانی فرۆكەكە, تێبینی ئەوەمان كرد,  بەهۆی بەركەوتن بە شاخ فرۆكەكە تێكنەشكاوە, بەڵكو بەهۆی تەقینەوە لە ئاسمان بووە, رەنگە لە سیستمی سوتەمەنی فرۆكەكەدا رویدابێت, یان رەنگە لەڕێی بۆمبێكی بچوكەوە بوبێت, چونكە تێكشاندنی شوێنی فرۆكەوانەكەو پارچە بچوكەكان كە لەسەر زەوی بوون, ئاماژە بەوەدەكات كە روبەڕوی تەقینەوە بووەتەوە لە ئاسمان. 🔹ئەگەر واشی دابنێین كە روداوەكە پلانێكی هەواڵگریە, ئەوا مەحاڵە بە بۆمبێكی گەورە بیتەقێننەوە, چونكە ئەوە دەستبەجێ‌ ئاشكرادەبێت, بەڵام كاتێك بە بۆمبێكی بچوك ئەنجامدەدرێت, ئەوكات تۆ نازانی كێشەی تەكنیكیە یان تەقینەوەیە, بۆیە یەكەم ئیش كە پێویستە ئێرانیەكان ئەنجامیبدەن, لێكۆڵینەوەكردنە لەگەڵ ئەو تیمەی كە فرۆكەكە دەپشكنێت.


راپۆرت: دره‌و دادگای فیدراڵی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و سوده‌ی بۆ پارتی هه‌بوو هه‌ڵبژاردنی دواخست و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن سه‌رله‌نوێ په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ران وه‌رده‌گرێته‌وه‌، ئێستا له‌ كۆی 11 كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان 5 كورسی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌‌، یه‌كێتیش ئه‌مجاره‌ سودێك له‌ كورسی "كۆتا" ئه‌بینێت، له‌ سلێمانی په‌رله‌مانتارێكی مه‌سیحی ده‌بێت، له‌ كفری په‌رله‌مانتارێكی توركمان. بڕیاره‌ سبه‌ینێ بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگی تر له‌ په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ ته‌مه‌نی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان درێژبكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم ناچار ده‌كات له‌مساڵدا واده‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن دیاری بكات. دوای ساڵ و نیوێك دواكه‌وتن له‌ واده‌ی خۆی، كوردستان بۆ جاری پێنجه‌م ده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ری سازدانی هه‌ڵبژاردن. ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا.  سكاڵاكه‌ی ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی دواخست دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئه‌و سكاڵایه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی سیسته‌می په‌سه‌ندكردنی كاندیده‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان تۆماریكردبوو.  به‌رله‌وه‌ی دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی ده‌ربكات، دوێنێ ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراقه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌ك كه‌ (یوسف یه‌عقوب مه‌تا) سه‌رۆكی پارتی (یه‌كێتی به‌یت نه‌هره‌ینی نیشتمانی) تۆماریكردبوو، بڕیاریدا به‌ ته‌رخانكردنی (5) كورسی بۆ "كۆتا"ی پێكهاته‌كان له‌ كۆی (100)ی په‌رله‌مانی كوردستان.  ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ بڕیاره‌كانی بنبڕن بۆ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵاكه‌ی (یوسف یه‌عقوب مه‌تا) بڕیاریدا (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌ش ببێت به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا:  •    1 كورسی "كۆتا" بۆ پارێزگای دهۆك •    2  كورسی "كۆتا" بۆ پارێزگای هه‌ولێر •    2 كورسی "كۆتا" بۆ پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م بڕیاره‌ "بنبڕ‌"ه‌، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه‌ سه‌رپه‌ره‌شتی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات، بڕیاریدا كورسی "كۆتا"كان به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌ش بكات:  •    پارێزگای دهۆك: یه‌ك كورسی "كۆتا" بۆ (مه‌سیحی ئه‌رمه‌نی) •    پارێزگای هه‌ولێر: یه‌ك كورسی "كۆتا" بۆ توركمان و یه‌ك كورسی بۆ مه‌سیحی •    پارێزگای سلێمانی: یه‌ك كورسی "كۆتا" بۆ توركمان و یه‌ك كورسی بۆ مه‌سیحی رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای مه‌سرور بارزانی، دادگای فیدراڵی فه‌رمانێكی سالاریی (امر ولائی) ده‌ركردو كاركردنی به‌ بڕگه‌ی (دووه‌م) له‌ مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ 7ی ساڵی 2024 راگرت، ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ده‌ركرابوو، له‌كارخستنی ئه‌م بڕگه‌یه‌ وایكرد كۆمسیۆن هه‌نگاوه‌كانی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن رابگرێت.  فه‌رمانه‌ سالارییه‌كه‌ی دادگای فیدراڵی تا ئه‌وكاته‌ بوو كه‌ سكاڵای مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كلاده‌بێته‌وه‌، دادگای ئه‌مڕۆ سكاڵاكه‌ی به‌ (ره‌تكردنه‌وه)‌ یه‌كلاكرده‌وه‌، هاوكات فه‌رمانه‌ سالارییه‌كه‌ی خۆشی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و بڕگه‌ی (دووه‌م)ی له‌ مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری كاندیده‌كان كاراكرده‌وه‌، به‌شێكی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر ئه‌م بڕگه‌یه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان، به‌وپێیه‌ی دادگای فیدراڵی له‌ بڕیاری 21ی شوباتی ئه‌مساڵی خۆیدا سه‌باره‌ت به‌ سكاڵای یه‌كێتیی نیشتمانی له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستان، (11) كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانی هه‌ڵوه‌شاندبووه‌وه‌، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی دادگا بڕیاری خۆی ده‌ربكات، ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای سه‌رۆكی پارتی به‌یت نه‌هره‌ین له‌ كۆی (100) كورسی په‌رله‌مان (5) كورسی "كۆتا"ی بۆ پێكهاته‌كان گه‌ڕانده‌وه‌.  سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه‌ وا ده‌رده‌كه‌وت ناكۆكی له‌نێوان دادگای فیدراڵی و ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌باره‌ت به‌ سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی دروستبووه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كاتێك دادگای فیدراڵی سكاڵاكه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی ره‌تكرده‌وه‌، له‌ ره‌تكردنه‌وه‌كه‌دا بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌باره‌ی كورسی "كۆتا"كان وه‌كو چاره‌سه‌رێك له‌به‌رچاوگرتوو و كردی به‌ به‌هانه‌ بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی.  له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌كی یه‌كێتیی دژ به‌ بڕیاری راگرتنی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، رۆژی 16ی ئه‌م مانگه‌، ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیاره‌كه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، پابه‌ندی كرد به‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، بڕیاره‌كه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی له‌به‌رامبه‌ر دادگای فیدراڵیدا توند بوو، كۆمسیۆنی (پابه‌ند) كرد به‌وه‌ی (پابه‌ند نه‌بێت) به‌ فه‌رمانه‌ سالارییه‌كه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه‌، له‌مه‌ش زیاتر رایگه‌یاند، تانه‌دان له‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌ره‌وه‌ی پسپۆڕی دادگای فیدراڵییه‌، چونكه‌ مادده‌ی (23)ی یه‌یڕه‌وی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ده‌ڵێت:" به‌ر له‌  كه‌متر له‌ شه‌ش مانگ له‌ واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن، هیچ تانه‌یه‌ك له‌ ده‌ستوریبوونی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و ده‌قانه‌ی كه‌ له‌ یاساكه‌دا هاتوون وه‌رناگیریت)، له‌مه‌شدا ده‌سته‌ی دادوه‌ریی به‌ر له‌ ده‌رچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی، سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌ڕووی یاساییه‌وه له‌به‌رده‌م دادگاكه‌دا‌ بێ به‌ها كرد. ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن، وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ وه‌رگرتنی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه، وتی:‌ تانه‌دان له‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵی تێپه‌ڕاندنی تایبه‌تمه‌ندی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی ده‌رچووه‌ هیچ پابه‌ندییه‌كی یاسایی له‌سه‌ر دروست ناكرێت، به‌مه‌ش بڕیاره‌ سالارییه‌كه‌ی دادگای فیدراڵی خسته‌ ناو گێژاوی گومانه‌وه‌.  پارتی چی ده‌ستكه‌وت؟ به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌ ئایا پارتی له‌م پرۆسه‌یه‌دا چی ده‌ستكه‌وتووه‌، ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌ ئایا پارتی چی ده‌ویست؟   6ی ئه‌م مانگه‌، مه‌سرور بارزانی له‌رێگه‌ی پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ (ئه‌یاد كاكه‌یی) له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایه‌كی له‌دژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تۆماریكرد. ‌له‌م سكاڵایه‌دا مه‌سرور بارزانی داوای له‌ دادگای فیدراڵی كرد فه‌رمانێكی سالاری (امر ولائی) ده‌ربكات بۆ راگرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، مه‌سرور بارزانی و پارتی له‌م خاڵه‌دا براوه‌ بوون و دادگای فیدراڵی فه‌رمانه‌ سالارییه‌كه‌ی ده‌ركرد، فه‌رمانه‌كه‌‌ش له‌كاتێكدا بوو، ده‌بوو رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێبكات و رۆژی 10ی حوزه‌یران هه‌ڵبژاردنی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، به‌وهۆیه‌وه‌ بانگه‌شه‌ ده‌ستی پێ نه‌كردو هه‌ڵبژاردن دواكه‌وت، ئه‌مه گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی پارتی و مه‌سرور بارزانی بوو.  مه‌سرور بارزانی سكاڵای له‌سه‌ر (سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ 7ی ساڵی 2024) كردبوو، كه‌ له‌لایه‌ن  كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌. به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ سكاڵاكه‌یدا هاتبوو‌، مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری رۆژی 21ی شوباتی ئه‌مساڵی دادگای فیدراڵی، تانه‌ی له‌ كاره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان دابوو‌، جگه‌ له‌ كورسی "كۆتا" پێكهاته‌كان، خاڵی سه‌ره‌كی تانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بریتی بوو له‌وه‌ی: •    كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دابه‌شكردنی (100) كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا، سه‌رپێچی بڕیاری دادگای فیدراڵی كردووه‌، كورسییه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی ده‌نگده‌ران به‌سه‌ر بازنه‌كاندا دابه‌شكردووه،‌ نه‌ك ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم، پشتبه‌ستن به‌م پێوه‌ره‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری عێراقه‌ كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی كردووه‌ به‌ بنه‌ما نه‌ك ژماره‌ی ده‌نگده‌ران، داوا له‌ دادگای ده‌كات ئه‌م بڕیاره‌ی كۆمسیۆن هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.  دادگای فیدراڵی به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی، ئه‌م داواكارییه‌ی ره‌تكرده‌وه‌و دابه‌شبوونی كورسییه‌كان وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بوو پارتی له‌رێگه‌ی ده‌ستكاریكردنی ئه‌م بڕگه‌یه‌وه‌ ده‌یوست قورسایی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان بخاته‌ ناو ئه‌و بازنانه‌وه‌ كه‌ خۆی ده‌نگی زیاتری تێیاندا هه‌یه‌‌، به‌دیاریكراویش ره‌خنه‌ی له‌ژماره‌ی كورسییه‌كانی بازنه‌ی چوار (واتا بازنه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌) هه‌بوو. به‌گشتی ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی پارتی له‌م پرۆسه‌ یاساییه‌دا، ته‌نیا دواخستنی هه‌ڵبژاردن بوو، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌م دواخستنه‌دا ده‌ستكه‌وتێكی تریشی هه‌بوو، كه‌ ئه‌ویش كردنه‌وه‌ی ده‌رگای تۆماركردنی ده‌نگده‌رانه‌ كه‌ پارتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ناڕازایه‌تی هه‌بوو له‌سه‌ری، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌وترا په‌نجه‌مۆره‌كانیان ناخوێندرێته‌وه‌، رۆژی 13ی ئازاری ئه‌مساڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتیشه‌، نامه‌یه‌كی بۆ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نارد، نامه‌كه‌ گوزارشت بوو له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی پارتی له‌باره‌ی رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌دیاریكراویش باسی له‌وه‌ كردبوو" هه‌ڵه‌ی ته‌كنیكی هه‌یه‌و په‌نجه‌مۆری هه‌زاران ده‌نگده‌ر ناخوێندرێته‌وه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی داتای كۆمسیۆن خۆی رێژه‌ی 20%ه‌". گه‌ڕاندنه‌وه‌ی 5 كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌كه‌ی بۆ سه‌رۆكی پارتی (به‌یت نه‌هره‌ین) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵاكه‌ی ئه‌و بڕیاره‌كه‌ی ده‌ركردووه‌، به‌ر له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان، كاتێك له‌ مانگه‌كانی ئازاری و نیسانی 2023دا دانوستان له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیی چڕبووه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن، كرۆكی ناكۆكییه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ كورسی "كۆتا" پێكهاته‌كانه‌وه‌ هه‌بوو، له‌كۆی (11) كورسی، یه‌كێتیی داوای ده‌كرد 3 بۆ 4 كورسی به‌ سنوری ناوچه‌ی سه‌وز بدرێت، پارتی ته‌نیا به‌ 2 كورسی قایل بوو، ئه‌مه‌ وایكرد نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن، په‌رله‌مان نه‌ماو یه‌كێتیی بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن په‌نای بۆ دادگای فیدراڵی عێراق برد، دادگا هه‌ر 11 كورسییه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ئێستا كه‌ ته‌نیا 5 كورسی بۆ كۆتاكان دانراوه‌و 2 كورسی ده‌كه‌وێته‌ سنوری ده‌سه‌ڵاتدارێتیی یه‌كێتییه‌وه‌، ده‌رده‌كه‌وێت پارتی زیانی كردووه‌و 3 كورسی ناتوانێت زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی بۆ دروست بكات هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی پێشتر 11 كورسییه‌كه‌ی بۆی ده‌كرد.   سه‌رباری ئه‌مه‌، ته‌نیا له‌پێناو دواخستنی هه‌ڵبژاردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ كورسی پێكهاته‌كان و دووباره‌كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ران، پارتی و به‌دیاریكراویش مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ناچاربوون په‌نا بۆ دادگای فیدراڵی ببه‌ن، ئه‌و دادگایه‌ی كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ وه‌كو دادگایه‌كی ناده‌ستوری ناوی ده‌به‌ن و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ دادوه‌ره‌كه‌ی سنوری هه‌ولێرو دهۆك له‌ دادگاكه‌ كشایه‌وه‌، تۆماركردنی سكاڵا داننان بوو به‌ دادگای فیدراڵیدا، ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌ زیانه‌كانی پارتی بوو كه‌ ره‌نگه‌ دواتر لێكه‌وته‌كانی زیاتر ده‌ربكه‌وێت.     دۆخی پێكهاته‌كان له‌ هاوكێشه‌ی نوێی "كۆتا"دا مه‌سرور بارزانی له‌ سكاڵاكه‌یدا باسی له‌وه‌ كردبوو، له‌ دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بنه‌مایه‌كی ده‌ستوری پێشێلكردووه‌ كه‌ له‌ مادده‌ی (49/ یه‌كه‌م)ی ده‌ستوردا هاتووه‌، داوای له‌دادگا كردبوو بڕیار بدات به‌ له‌به‌رچاوگرتنی نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاساداناندا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو" له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی نه‌بوونی ده‌قێكی یاسایی، دادگای فیدراڵی له‌ بڕیاری 21ی شوباتی 2024ی خۆیدا بابه‌تی نه‌خشه‌ی  ناوچه‌كانی هه‌ڵبژاردن و دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی داوه‌ به‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ریی و یه‌كسانیی، بۆیه‌ ده‌بێت كۆمسیۆن پابه‌ند بێت به‌ بنه‌مای ده‌ستوریی تایبه‌ت به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌دیاریكراویش توركمان و مه‌سیحییه‌كان"، واتا مه‌سرور بارزانی له‌م ده‌رگایه‌وه‌ ده‌یویست كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، چونكه‌ مافی ئه‌وه‌ی نه‌بوو‌ راسته‌وخۆ تانه‌ له‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی بدات سه‌باره‌ت به‌‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (11) كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان، بۆیه‌ داوای كرد له‌چوارچێوه‌ی (100) كورسییه‌كه‌دا، كورسی بۆ پێكهاته‌كان ته‌رخان بكرێت، له‌م بابه‌ته‌شدا پارتی براوه‌ بوو، دادگای فیدراڵی په‌نای بۆ بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان بردو (5) كورسی بۆ "كۆتا"ی پێكهاته‌كان گه‌ڕانده‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هێشتا دۆخه‌كه‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می (11) كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"، كه‌ زۆربه‌ی ده‌نگه‌كانیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی بوو، به‌ڵام له‌م (5) كورسییه‌شدا پارتی هێشتا دۆخی له‌ یه‌كێتیی باشتره، یه‌كێتیش كه‌ تامه‌زرۆی كورسی "كۆتا" بوو، ئه‌مجاره ئه‌ویش‌ 2 كورسی ده‌ستكه‌وت (له‌ یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مانی كوردستاندا ته‌نیا 5 كورسی كۆتا هه‌بوو بۆ مه‌سیحییه‌كان، له‌ خولی دووه‌مدا ژماره‌ی كورسی كۆتا بۆ 11 كورسی زیادكراو توركمانیش كۆتای بۆ دانرا).  دوای بڕیاره‌كه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئێستا ئیتر كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان به‌مشێوه‌یه‌ بەسەر زۆنی زەردو سەوزدا دابه‌شبووه:‌ * زۆنی زەرد (60%)ی كورسی "كۆتا"كان، واتا لەكۆی (5) كورسی (3) كورسی  * زۆنی سەوز (40)ی كورسی "كۆتا"كان، واتا لە كۆی (5) كورسی (2) كورسی  به‌ به‌راورد به‌ خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مان كه‌ (11) كورسییان هه‌بوو، پێكهاته‌كان (45%)ی كورسییەكانی "كۆتا"یان بۆ گەڕایەوەو (55%)ی كورسییەكانیان لەدەستدا، واتا لە (11) كورسی تەنیا (5) كورسییان بۆ گەڕایەوە، له‌مه‌شدا: * توركمان (40%)ی كورسییەكانیان بۆ گەڕایەوە، واتا لەكۆی (5) كورسی (2) كورسیان بۆ گەڕایەوە * مەسیحی (40%)ی كورسییەكانیان بۆ گەڕایەوە، واتا لەكۆی (5) كورسی (2) كورسی * ئەرمەن یەك كورسیان هەبوو، هەر ئەو كورسیەیان بۆ گەڕایەوە. له‌ هه‌رێمی كوردستان پێكهاته‌كان تۆماریی ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت به‌خۆیان نییه‌و ژماره‌یان به‌دیاریكراوی نازانرێت، كۆتایی ئه‌مساڵ بڕیاره‌ سه‌رژمێریی گشیی له‌ عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مه‌ ده‌توانێت تۆماری تایبه‌ت به‌ خۆیان جیابكاته‌وه‌.  لەسەر ئاستی عێراق توركمانەكان وەكو پێكهاتەی سێیەم لەدوای (عەرەب‌و كورد) ئەژماركراون‌و كورسی "كۆتا"یان لە پەرلەمان بۆ تەرخان نەكراوە، به‌ڵام لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان وەكو پێكهاتەی دووەم ئەژماركراون. بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی ئەم  پێكهاتەیە، ژمارەی توركمانەكان لە هەرێمی كوردستان (350 بۆ 400 هەزار) كەسە، لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان دەگاتە (3 ملیۆن) كەس. به‌مدواییانه له‌ لێدوانێكدا بۆ (دره‌و)،‌ ئایدن مه‌عروف ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ره‌ی توركمانی كه‌ هاوكات وه‌زیری كاروباری پێكهاته‌كانه‌ له‌ كوردستان وتی: ته‌نیا له‌ ناوه‌ندی شاری هه‌ولێر 400 هه‌زار توركمان هه‌یه‌.  ئه‌گه‌ر ژماره‌كه‌ی ئایدن مه‌عروف پشتڕاستكراوه‌ بێت، ره‌نگه‌ توركمانه‌كان زیانێكی گه‌وره‌یان كردبێت كاتێك به‌ كورسی "كۆتا" قایل بوون و ئێستاش (1) كورسییان له‌هه‌ولێر بۆ ته‌رخانكراوه. له‌ ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی یه‌كێتیی-ش دۆخه‌كه‌ هه‌مان شته‌، توركمانه‌كان ته‌نیا له‌ قه‌زای (كفری)دا هه‌ن، بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە (58 هەزار) كەس لەم قه‌زایه‌دا نیشتەجێن، هیچ ئامارێكی فەرمی لەبەردەستدا نییە ژمارەی توركمانەكان لە كفری دەستنیشان بكات، بەڵام بەپێی ئامارێكی بەرەی توركمانی (800) خێزانی توركمان لە كفری هەن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ لەدواین هەڵبژاردندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021) كاندیدی توركمانەكان لەم قەزایە كە خاتونێك بوو بەناوی (بسن جیهاد محەمەد) لە بەرەی توركمانیی، تەنیا (334) دەنگی بەدەستهێناوه‌.  سەرباری ئەمەش، بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی تر كە (درەو) بەدواداچوونی بۆ كردووە، ئێستا ژمارەی توركمانەكان لە قەزای كفری نزیكەی (2 هەزار) كەس دەبێت، كە دابەشبوون بەسەر نزیكەی (450) خێزاندا.  سه‌باره‌ت به‌ مه‌سیحییه‌كان + ئه‌رمه‌ن، كه‌ ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن له‌كۆی (100) كورسی په‌رله‌مان (3) كورسی "كۆتا"ی بۆ ته‌رخانكردوون، ئاماری فه‌رمی له‌باره‌ی ژماره‌یان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌. بەگوێرەی قسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێستا لە عێراق كەمتر لە (250 هەزار) مەسیحیی هەن، نزیكەی (200 هەزار) كەسیان لەناوچەكانی دەشتی نەینەواو هەرێمی كوردستاندا دەژین. تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو، (جینان جەبار بۆیا) كە ئەندامی فراكسیۆنی (هاوپەیمانی یەكێتیی نەتەوەیی) بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی توركیا كرد، ئه‌م پیاوه‌ وتبووی:" لە سلێمانی 120 خێزانی مەسیحی هەیە، رەنگە لەو ژمارەیە 60 خێزان مافی دەنگدانییان هەبێت ئەوانی دیكە ئاوارەن، بەڵام لە عەنكاوە (هەولێر) چوار هەزار خێزانی كلدانی هەیە". به‌گشتی به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێكهاته‌كان لیستی ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت به‌خۆیان نییه‌، هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌دیاریكراوی پارتی و یه‌كێتیی له‌رێگه‌ی ئاڕاسته‌كردنی ده‌نگده‌رانی خۆیانه‌وه‌، كاندیدی "كۆتا"ی توركمان و مه‌سیحی بۆ په‌رله‌مان سه‌رده‌خه‌ن، ئه‌مه‌ واده‌كات ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ له‌ بابه‌ته‌  هه‌ستیاره‌كاندا له‌بری ئه‌وه‌ی گوزارشت له‌ پێكهاته‌كانی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام حزبه‌ باڵاده‌سته‌كاندا بشكێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی كێشمه‌كێشی پارتی و یه‌كێتییه‌ له‌سه‌ر "كۆتا"كان، به‌ڵام به‌به‌های به‌رگری له‌ مافی ئه‌و كه‌مینانه‌وه‌.  كوردستان له‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رسومی پێنجه‌مدا ئێستا كه‌ ئیتر دادگای فیدراڵی چاره‌نوسی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی یه‌كلاكرده‌وه‌و پارتی به‌رچاو روون بووه‌، ده‌بێت نێچیرڤان بارزانی مه‌رسومی پێنجه‌م بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات، ئه‌و پێشتر چوار مه‌رسومی ده‌ركردوه‌و هه‌ڵبژاردن نه‌كراوه‌.  بۆ ئه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی واده‌ی نوێی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات، ده‌بێت كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نوسراوێكی بۆ بكات و داوای دیاریكردنی واده‌یه‌كی نوێ بكات، ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو هه‌مان داواكاری له‌ كۆمسیۆن كردبوو، واتا داواكردنی واده‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن، كۆمسیۆن خۆی رۆژی 7ی ته‌موز واده‌ یاساییه‌كه‌ی كۆتایی دێت، بریاره‌ سبه‌ینێ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگ بدات له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كۆمسیۆن بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگی تر، ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كوردستان بتوانێت له‌مساڵدا هه‌ڵبژاردن بكات، بۆیه‌ هه‌موو پێشبینییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن نێچیرڤان بارزانی له‌نێوان مانگی 9 بۆ 10ی ئه‌مساڵ رۆژێك بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات، هه‌ڵبژاردنێك كه‌ ده‌بوو له‌ رۆژی 1ی ئۆكتۆبه‌ری 2022 به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستان، ساڵێك و شه‌ش مانگ له‌واده‌ی دیاریكراوی خۆی دواكه‌وتووه‌.


درەو: 🔹 لە چارەکی یەکەمی (2024)دا هەشت گەورە کۆمپانیای نەوت و غازی وەک؛ (ئارامکۆ، ئیکسۆن مۆبیل، شێڵ، تۆتاڵ، شیڤرۆن، بی پی، ئکوینۆر و ئینی) بڕی (33.9 ملیار) دۆلار قازانجیان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی (2023)دا قازانجی ئەو کۆمپانیایانە (45.3 ملیار) دۆلار بوو، واتە بە ڕێژەی (25%) قازانجەکانیان کەمی کردووە، بەشی گەورەی هۆکارەکەی دابەزینی نرخی غاز بووە، نەک نەوت. 🔹 لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ کۆمپانیای "ئارامکۆ"ی سعودی بە تەنها (92 ملیار) دۆلار داهاتی هەبووەو لەو بڕەش پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە (27.3 ملیار) دۆلار بووە بە ڕێژەی (30%) داهاتەکەی، ئەمە لە کاتێکدایە قازانجی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ساڵی ڕابردوو قازانجەکەی نزیکەی (38.9 ملیار) دۆلار بوو. 🔹 لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ کۆمپانیای "تۆتاڵ"ی فەرەنسی تاکە کۆمپانیایە قازانجەکەی بە ڕێژەی (3%) زیادی کردووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، چونکە قازانجەکەی لە (5.55 ملیار) دۆلارەوە بۆ (5.72 ملیار) دۆلار بەرز بووەتەوە. قازانجی گەورە کۆمپانیاکانی نەوت لە چارەکی یەکەمی (2023 و 2024) لە چارەکی یەکەمی (2024)دا هەشت گەورە کۆمپانیای نەوت و غازی وەک؛ (ئارامکۆ، ئیکسۆن مۆبیل، شێڵ، تۆتاڵ، شیڤرۆن، بی پی، ئکوینۆر و ئینی) بڕی (33.9 ملیار) دۆلار قازانجیان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023)دا قازانجی ئەو کۆمپانیایانە (45.3 ملیار) دۆلار بوو، واتە بە ڕێژەی (25%) و بڕی (11 ملیار و 378 ملیۆن) دۆلار قازانجەکانیان کەمی کردووە، بەشی گەورەی هۆکارەکەی دابەزینی نرخی غاز بووە، نەک نەوت. بەجۆرێک؛ یەکەم؛ کۆمپانیای ئارامکۆ (Aramco)ی سعودی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا لە نێو کۆمپانیا نەوتییەکانی دنیا زۆرترین قازانجی تۆمارکردووە، کە بڕەکەی گەیشتووە بە (27 ملیار و 270 ملیۆن) دۆلار، بەڵام بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە ڕێژەی (14%) و بڕی (4 ملیار و 640 ملیۆن) دۆلار کەمیکردووە، کاتێک قازانجی پێوانەیی تۆمارکردبوو بە بڕی (31 ملیار و 880 ملیۆن) دۆلار. تایبەت بە رێڕەوە داراییەکانی کۆمپانیاکە لەماوەی چارەکی یەکەمی ساڵەکانی (2020 - 2024) بڕوانە (چارتی ژمارە (1))   دووەم؛ کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل (ExxonMobil)ی ئەمریکی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا لە دوای کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییەوە زۆرترین قازانجی تۆمارکردووە، کە بڕەکەی گەیشتووە بە (8 ملیار و 220 ملیۆن) دۆلار، بەڵام بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە ڕێژەی (28%) و بڕی (3 ملیار و 210 ملیۆن) دۆلار کەمیکردووە، چونکە قازانجەکەی گەیشتبوو بە بڕی (11 ملیار و 430 ملیۆن) دۆلار. سێیەم؛ کۆمپانیای شێڵ (shell) کە کۆمپانیایەکی فرە ڕەگەزە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا قازانجێکی زۆری کۆکردووەتەوە بە پلەی سێیەم دێت لە نێو کۆمپانیا پڕ قازانجەکان، بڕی قازانجەکەی (7 ملیار و 350 ملیۆن) دۆلاربووە، بەم پێیەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (ملیارێک و 360 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (16%) کەمی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023) بریتی بووە لە (8 ملیار و 710 ملیۆن) دۆلار. چوارەم؛ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی (TotalEnergies)ی فەرەنسی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا لە نێو کۆمپانیا نەوتییەکانی دنیا لەدوای کۆمپانیاکانی (ئارامکۆ، ئیکسۆن مۆبیل و شێڵ)ەوە زۆرترین قازانجی تۆمارکردووە، کە بڕەکەی (5 ملیار و 720 ملیۆن) دۆلار بووە، بەم پێیەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (170 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (3%) زیادی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023) بریتی بووە لە (5 ملیار و 550 ملیۆن) دۆلار، بەم پێیە لە نێو هەشت کۆمپانیا پڕ قازانجەکانی نەوت تاکە کۆمپانیایە قازانجەکەی زیادی کردووە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو. پێنجەم؛ کۆمپانیای شیڤرۆن (Chevron)ی ئەمریکی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا لە نێو کۆمپانیا نەوتییەکانی دنیا پلەی پێنجەمی قازانجی گرتووە، بڕی قازانجەکەی (5 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلاربووە، بەم پێیەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (ملیارێک و 70 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (16%) کەمی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023) بریتی بووە لە (6 ملیار و 570 ملیۆن) دۆلار. شەشەم؛ کۆمپانیای بی پی (BP)ی بەریتانی، لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا بە پلەی شەشەم دێت لە نێو کۆمپانیا پڕ قازانجەکان، بڕی قازانجەکەی (2 ملیار و 772 ملیۆن) دۆلار بووە، بەم پێیەش بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (2 ملیار و 188 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (44%) کەمی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023) بریتی بووە لە (4 ملیار و 960 ملیۆن) دۆلار. حەوتەم؛ کۆمپانیای ئکوینۆر (Equinor)ی نەرویجی، لە نێو کۆمپانیا پڕ قازانجەکانەو لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا بە پلەی حەوتەم دێت، بڕی قازانجەکەی (2 ملیار و 670 ملیۆن) دۆلار بووە، بەم پێیەش بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (2 ملیار و 290 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (46%) کەمی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023)دا (4 ملیار و 960 ملیۆن) دۆلار بووە. هەشتەم؛ کۆمپانیای ئینی (Eni)ی ئیتاڵی، لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا بە پلەی هەشتەم دێت، بڕی قازانجەکەی (ملیارێک و 710 ملیۆن) دۆلاربووە، بەم پێیەش بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (ملیارێک و 430 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (46%) کەمی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023)دا (3 ملیار و 140 ملیۆن) دۆلار بووە. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە خشتەوە چارتی ژمارە (2)         سەرچاوە -    وحدة أبحاث الطاقة - رجب عز الدين، أرباح شركات النفط الكبرى تهبط بشدة في الربع الأول من 2024 (إنفوغرافيك)، 7/5/2024؛ https://shorturl.at/EbgGs  


درەو: "ئێستا بازاڕی نەوت گەرمترین بازاڕە لە كوردستان، گازی لانازو كار لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی و لەوێشەوە دەیبەین بۆ پاكسان و ئەفغانستان،  هەرتەنێك بۆ سلێمانی بە 25 دۆلار بار دەكەین، ئیدارەی گشتی یەكێتی 50 دۆلاری مەنەفێست وەردەگرێت، بە پێچەوانەشەوە هەر ترێلەیەك لە سلێمانیەوە داخڵی هەولێر بكرێت 350 دۆلار بۆ كۆمپانیاكانی سەر بە پارتیە" ئەمە وتەی بازرگانێكی نەوت و بەرهەمەكانی نەوتە كە بۆ (درەو) قسەی كردووە. ئەو بازرگانەی نەوت كە نەویست ناوی بهێندرێت بە ووردی قسەی بۆ (درەو) كرد سەبارەت بە هاتوچۆی تانكەرەكان و بازاڕی نەوت لە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەكرد لەدوای راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگای بۆری بۆ توركیا ئێستا بازاڕی نەوت و بەرهەمەكانی لە هەرێمی كوردستان گەرمترینە لەناوخۆدا،  كۆمپانیاكانی نەوت لەبەر ئەوەی نەوت بە بۆری ناڕوات هەمووی بە ئێمە دەفرۆشن و ئێمەش رەوانەی ئێران و لەوێوە بۆ ئیمارات و گازی كوردستانیش دەنێرین بۆ پاكستان و ئەفغانستان. ئەو بازرگانە وورتر قسەی بۆ (درەو) كرد و وتی ئێمە رۆژانە نەوت لە كۆمپانیاكانی نەوت دەكڕین ئەمڕۆ نەوتمان كڕی بەم شێوەیە: •    نەوتی خۆرمەڵە تەنی بە (295) دۆلار واتا بەرمیلی نزیكەی (40) دۆلار دەوەستێت. •    نەوتی تاوكێ تەنی بە (280) دۆلار واتا بەرمیلی بە نزیكەی (37) دۆلار. •    نەوتی شێخان تەنی بە (218) دۆلار بەرمیلی بە نزیكەی (29) دۆلارە ئێمە ئەو نەوتەی باری دەكەین و تەنی بە (25) دۆلار دەبەین كە رۆژانە هەزاران تانكەرە  بۆ سلێمانی بۆ گۆڕەپانەكانی تانجەڕۆ، لەوێشەوە دەبرێت بۆ ئێران ئیدارەی گشتی یەكێتی تەنی (50) دۆلاری مەنەفێست وەردەگرێت و دەبرێت بۆ ئێران بۆ بەندەر ئیمام لەوێشەوە بۆ ئیمارات چەند جۆرێكە. •    گازەكەی لانازو كار راستەوخۆ دەبرێتە ئێران و لەوێشەوە بۆ پاكستان و ئەفغانستان •    نەوتی خام راستەوخۆ دەڕواتە ئێران و لەوێشەوە بۆ بەندەر ئیمام و بۆ ئیمارات و بازاڕی جیهانی. ئەو بازرگانەی نەوت ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا كۆمپانیاكانی نەوت كێبەركێی توند لە نێوانیاندایە، لەسەر كڕین و باركردنی بەرهەمە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان،  ئێستا رۆژانە كۆمپانیای (ساوس كوردستان) نزیكە (400) تانكەر نەوت بار دەكات بۆ ئێران ، ئەو كۆمپانیایە بازاڕەكەی قۆرخكردووە، پارەی مەنەفێست نادات. سەرەرای ئەوە ئێستا پارتی و یەكێتی لە بازگەكانیان پارە دەستێنن، بۆ نمونە هەر بارێك لە سلێمانیەوە بچێت بۆ هەولێر ئەوا (350) دۆلار دەدرێت بە كۆمپانیا كە سەربە پارتیە، بۆیە هەر بارێك لە سلێمانیەوە بچێتە هەولێر پارتی پارە وەردەگرێت و لە هەولێرەوە بچێتە سلێمانی یەكێتی پارە وەردەگرێت.  لە 25ی ئازاری 2023 ەوە نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگای بۆریەوە راگیراوە بەڵام كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نەوت و لەناوخۆیدا بەرهەمەكانیان ساغ دەكەنەوە بە وتەی وتەبێژی كۆمەڵی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) ئێستا رۆژانە لە هەرێمی كوردستان (400) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت، بە وتەی وتەبێژی ئەپیكۆر (50%)ی ئەو نەوتەی بەرهەمدەهێندرێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانەو (50%)یش بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوتە و بەرمیلی لەناو خۆدا بە (40) دۆلار دەفرۆشرێت. ئەمەش وای كردووە بازاڕی نەوتی هەرێم گەرم بێت و رۆژانە بە هەزاران تانكەر لە نەوتی خاو و نەوتی رەش و گاز رەوانەی دەرەوە بكرێت و شەقامەكانی هەرێمی كوردستان جمەیان دێت لە تانكەری بەرهەمە نەوتییەكان.  


درەو: دیمەنەكانی كۆتایی ژیانی حسێن ئەمیر عەبدوللاهیان, وەزیری دەرەوەی ئێران, كارەستاوی بوو, كە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی, سەرۆك كۆماری ئێران لەو فرۆكەیەدا بوو, لەوناچەیەكی شاخاوی خۆرهەڵاتی وڵاتەكەی كەوتەخوارەوە. كاتێك عەبدوللاهیان دیارترین كاندیدبوو بۆ جێگرتنەوەی محەمەد جەواد زەریف, لە وەزارەتی دەرەوە, نامۆ نەبوو بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی, بەتایبەت ئەو كە چەندین پۆستی هەبووە پێشتر لەو وەزارەتە, پەیوەیست بە كاروباری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی. عەبدوللاهیان تەمەن (60)ساڵ, سەربە رەوتی موحافزكارەكانی ئێران بوو, ئەوەش وایكرد متمانەی عەلی خامنەیی, رابەڕی باڵای ئێران و سوپای پاسدران بەدەستبهێت لەو بەرپرسیارێتیانەی پێی سپێردراوە. لە ساتەوەختی بەشداریكردنی لە جەنگی ئێران عێراق, دواتریش چوونە ناوەوەی بواری دیپلۆماسی, عەبدوللاهیان بەوە ناسرابوو كە رێبازی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی, كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لەسەری و, بەردەوام پشتیوانی رەهای "بەرەی بەرهەڵستكاران"ی كردووە, كە خۆیان لەو گروپە چەكدارانە دەبیننەوە هاوپەیمانی ئێرانن لە ناوچەكە, بەجۆرێك هەندێك بە "سولەیمانی دیپلۆماسیەت" ناویان هێناوە, وەك ئاماژە بە رۆیشتنی بەشوێنپێی ئەودا. حسێن ئەمیر عەبدوللاهیان, لە ساڵی (1964) لە خانەوادەیەكی هەژار لە شاری دامگهان, كە (340) كلم لە خۆرهەڵاتی تارانی پایتەختەوە دووورە, لە دایك بووە, تەمەنی شەش ساڵان بووە كە باوكی كۆچی دوایی كردووە, خانەوادەكەی لەپێناو گەڕان بەدوای ژیانێكی باشتردا هاتوونەتە تاران, لە یەكێك لە هەژارترین گەڕەكانی شارەكە لە باشوری فرۆكەخانەی میهرئابادی نێودەوڵەتی, نیشتەجێبوون. لەباسی ئاستی هەژاری و ئەو نەهامەتیەی كە بەمنداڵی تیایدا ژیاوە, عەبدوللاهیان وتویەتی:"لەباشور بووم" ئەوە دەستەواژەیەكی تایبەتە بۆ ئەو خێزانانەی لە دەوروبەری ناوچەی هەژارنشینەكانی باشوری تاران بەكاردەهێنرێت, كە وەك لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكانیدا باسیكردووە, لەناوچەكەیان هیچ نەخۆشخانەیەك تەنانەت نۆرینگەیەكی بچوكیشی لێنەبووە. عەبدوللاهیان, لە جەنگی ئێران عێراق لەنێوان ساڵانی (1980_1988) وەك خۆبەخش چووەتە ریزەكانی سوپای وڵاتەكەی. لەساڵی (1991), بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بەدەستهێناوە, دواتر ماستەرو دكتۆرای لە هەمان پسپۆڕی لە زانكۆی تاران بەدەستهێناوە, دواتر چووتە بواری دیپلۆماسی و, لەساڵی (1997)دا, بە بریكاری باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە عێراق دامەزرێنراوە. بەگوێرەی راپۆرتێكی "فۆرین پۆڵەسی" ئەمریكی, دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی ئێران لە ساڵی (2021) یەكێك لە پەرلەمانتارەكانی ئێران, عەبدوللاهیانی بە "قاسم سولەیمانیەكی تری بواری دیپلۆماسیەت"ناوبردووە, ئەوەش بەهۆی پشتیوانی توندی لە بەرەی بەرهەڵستكاران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست, كە كۆمەڵێك گروپی چەكداری ئاینی لە خۆدەگرێت, لە نمونەی, حزبوڵای لوبنان و حەشدی شەعبی لە عێراق و حوسیەكانی یەمەن و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و كۆمەڵێگ گروپی تر. بەگوێرەی گۆڤاری ئەمریكیەكە, عەبدوللاهیان بەجۆرێك كاریگەر بوووە بە سولیمانی, جارێكیان خۆی بە "سەربازی سولەیمانی" وەسفكردووە, وتویەتی: ئەو هەركات بچێتە هەر دەوڵەتێك وەك نێردەی دیپلۆماسی و دانوستكار, سەرەتا راوێژ بە قاسم سولەیمانی دەكات بۆ بەدەستهێنانی رێنمایی پێویست, ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو لەسەرەتای ژیانیەوە, بەشێوەیەكی توندوتۆڵ كاری لەگەڵ سولەیمانی كردووە, لە دانوستانە راستەوخۆكانی ساڵی (2007)یشدا لەگەڵ ئەمریكیەكان, یەكێك بووە لە تیمەكەی ئێران, كە لەژێر سەرپەرشتی سولەیمانیدا دانوستانیان لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگری و وەزارەتی بەرگری ئەمریكادا كردووە. لەدوای وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران, عەبدوللاهیان بەڕوونی رایگەیاندووە, دەیەوێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەستكەوتەكانی بەرەی بەرهەڵستكاران برەو پێبدات و شانازی دەكات بە پشتیوانیكردنی هاوپەیمانەكانیان. عەبدوللاهیان پێیوابوو, هەڵسوكەوتەكانی قاسم سولەیمانی, لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاسایشی بۆ ئێران و ناوچەكە فەراهەمكردووە, هەمیشە وتویەتی: رەزامەندی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە دانوستانكردن لەگەڵ ئێران, بەشێوەیەكی بنەڕەتی پەیوەندی هەبووە بە تواناكانی ئێران و هەژموونی لەناوچەكە. گۆڤارە ئەمریكیەكە, لەبارەی هەڵوێستی عەبدوللاهیان سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەڵێت: ئەو بڕوای وابوو"دیپلۆماسیەت تەنها لە زمانی هێز تێدەگات". بۆ ئەوەی ئەمریكا سزاكان لەسەر ئێران هەڵبگرێت, پێویستە تاران هەژموونی خۆی بەهێزبكات لەڕێی پێشخستنی پرۆگرامە ئەتۆمیەكەی, هاوكات پشتیوانی ئەو یاسایەشی كردووە كە بەشێوەیەكی دیار پابەندبوونە ئەتۆمیەكانی ئێرانی كەمكردەوە, گەیشتنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیشی بۆ دامەزراوەكانی, كۆت و بەندكرد. سەرچاوە: پێگەی الشرق


درەو سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران گیانیان لەدەستداوە کە  (9) کەسن. 🔹 ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران 🔹 حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران 🔹  محەممەد عەلی هاشم، ئیمامی هەینی تەورێز 🔹مەلەک رەحمەتی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات 🔹 تیمی هەلیکۆپتەرەکە


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) لەم ھەفتەیەدا دوو رووداو ھاتنەپێشەوە کە پەیوەندییەکی ناوەکیی بەھێز و ھەمەلایەنیان بە دیاردەی رقلێبوونەوە ھەیە، دوو رووداو لە دوو شوێنی جیاواز و لە لایەن دوو لایەنی جیاوازەوە. یەکەمیان ڕووداوی دادگایکردنی ھەندێک لە نوێنەرە سیاسییەکانی مەسەلەی کورد بوو لە تورکیادا، دادگایکردنی دەمیرداش و ئەحمەد تورک و ھاوڕێکانیان و سەپاندنی سزایەکەی نائینسانیی و ستەمگەرانەی ھێجگار قورس. دووھەمیان مانشێتی سەرەکیی ڕۆژنامەی خەبات بوو لە ھەولێر کە لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکەدا دەنووسێت ” ”لە سنووری سلێمانی پەکەکە ھێزی چەکدار دروست دەکات و دەیانێرێتە قەندیل و ڕۆژئاوا“. ئەوەی ئەم دوو رووداوە بەیەکەوە گرێئەدات، جگە لە ڕەھەندە سیاسییەکان، ڕەھەندێکی سایکۆلۆژیی ترسناکە کە رق بنەماکەیەتی. رقی بەشێکی بەرچاوی ھێزە سیاسییەکانی ناو تورکیا لە کورد لە رووداوی یەکەمیاندا و رقی بەشێک لە کورد بەرامبەر بە کورد خۆی لە ڕووداوەکەی ھەولێردا. یەکەمیان ڕقی دەوڵەت و بەشێکی کۆمەڵگای تورکیی بەرامبەر بە کورد بەرجەستدەکات، دووھەمیان رقی بەشێکی کورد بەرامبەر بە کورد خۆی. یەکەمیان شوناسی یەکێک لە ناحەز و دوژمنە سەرەکیی و گەورەکانی مەسەلەی کورد و خەڵکی کوردستان بەرجەستدەکات. دووھەمیان تەماھیکردنێکی تەواوەتی لەگەڵ ئەو ھێزە ناحەز و دوژمنکارە، نیشانئەدات. لەیەکەمیاندا رق لە کورد لە تورکیادا چەند تێکۆشەر و خەباتگێرێکی مەدەنی کورد بە دەیان ساڵ زیندانیی ناھەق و نایاسایی مەحکومدەکات. لە دووھەمیاندا رقی ھێزێک لە ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ژیانی دانیشتوانی شارێک لە شارە ھەرە گەورەکانی ھەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر ھەڕەشەی زیاتر و مەترسیی گەورەوە. لە تورکیادا بنەمای تاوانباریکردنەکە شارۆچکەیەکی کوردییە بەناوی ”کوبانی“یەوە، لە دووھەمیاندا شارێکی گەورەی کوردستانە بەناوی ”سلێمانی“یەوە. یەکەمیان دیاردەی ”ئەویترنەفرەتیی“، واتە رق لە کەسانی لەخود نەچوو ئامادەیە، لە دووھەمیان دیاردەی ”خودنەفرەتیی“، واتە رقبوونەوە لە خود خۆی. یەکەمیان ناحەز و دوژمنێکی سیاسیی بکەرەکەیەتی، دووھەمیان ھێزێکی کوردیی کە بەھەمان عەقڵیەت و خەیاڵ و سایکۆلۆژیای ئەو ھێزە ناحەزەوە سیاسەت بەرامبەر بە خودی کورد خۆی، ئەنجامئەدا. ھەواڵی ئەو ئازارە گەورەیەی لە باکورەوە ھات، ھەموومانی جارێکیتر بردەوە ناو حیکایەت و سەردیاتی چەوساندنەوە و غەدر و تاوانکاری بەرامبەر بە مرۆڤی ئێمە وەک کورد و  پێشێلکردنێکی بەرچاو و شەقاوانەی مافە ھەرەسەرەتاییەکانی مرۆڤ. بێگومان لە رێگای سیستمێکی سیاسیی ستەمگەر و دەسەڵاتگەر و تاوانبارەوە. ئەو ئازارەی لە زیندانیکردنی ناھەقی دەمیرداش و ئەحمەد تورک و ھاوڕێکانیانەوە ھات، لە ھەولێردا، نەک دەنگ و سەداکەیمان نەبیست، بەڵکو رۆژنامەی خەبات، رۆژنامەی پارت و بنەماڵە حوکمڕان و باڵادەستەکەی ناو سیاسەتی کوردیی، بە ھەمان زمانی دەوڵەتە ستەمگەر و تاوانبارەکەی تورکیا دوا، زمانێک لە چل ساڵی رابردوودا ئەم دەوڵەتە کوردی لە ھەموو شوێنێکی جیھاندا، پێتاوانبار دەکەن. ئەوەی ڕۆژنامەی خەبات بڵاویکردۆتەوە، تەنھا ھەواڵێک نییە کە دەشێت ڕاست یان ناڕاست بێت، مەسەلەکەش پەیوەندیی بە ”سبقی سەحافییەوە“ نییە، ئەوەی ئەو ڕۆژنامەیە ئەنجامیئەدات، قسەکردنە بە زمانی یەکێک لە دوژمنە ھەرە سەرسەختەکانی دۆزی کورد و خەڵکی کوردستان لە ھەمووو جیھاندا، مەبەستم دەوڵەتی تورکیایە، بە تایبەتی باڵە ھەرەڕاستڕەو و دینیی و سەربازییەکە ئەو دەوڵەتەیە. بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە، لە مانا ھەرە سادەکەیەدا، رەوایەتی بەخشینە بە سەرجەمی ھەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ھێزە ڕاسترەوەکانی ئەو وڵاتە لە ھەرێمی کوردستان بەگشتیی و لە ناوچەی سلێمانی بەتایبەتیی. ھەرەشەیەک کە دەشێت وێرانکاریی شارێک و دانیشتوانەکەی لێبکەوێتەوە و کارەساتێک لە قەبارەی کارەستای ئەنفالدا دروستبکات.   لە ماوەی ڕابردوودا سەرە گەورەکانی دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی بەردەوام سلێمانی وەک شوێنێک دەناسێنن کە پارتی کرێکارانی کوردستان لەناویدا حوکمڕانە و وەک جێگایەک نمایشیدەکەن کە دژ بە دەوڵەت و نەتەوەی تورکە. رۆژێک وەزیری بەرگریی تورکیا و ڕۆژی دواتر وەزیری دەرەوە ی ئەو وڵاتە و رۆژێکی تریش خودی سوڵتانە موسڵمانەنەکی تورکیا، ئەردۆغان خۆی ئەو تۆمەتانە بڵاودەکەنەوە و ھەڕەشەی مامەڵەکردنی ناوچەکە وەک بەرەیەک لە بەرەکانی جەنگ، دەکەن. ڕۆژنامەی خەبات، بە ھەمان زمانی حوکمڕانانی تورکیا، ئەم تاوانبارکردنە پشتڕاستدەکاتەوە و بەھانەیەکی گەورە ئەداتە دەستیان بۆئەوەی ھەرەشەکانیان بە ئاسانیی جێبەجێبکەن. قسەکردنی ھێزێکی سیاسیی کوردیی لەسەر خودی کورد خۆی، بە ھەمان زمان و لۆژیکی سیاسیی ناحەزانی کوردستان، تەنھا بەشێک لە ململانێی سیاسیی پاسۆلۆژیانەی نێوان ھێزە سیاسییەکانی کوردستان نییە. تەنھا تەماھیکردنێکی تەواویش لەگەڵ ئەو ھێزە ناحەزانەدا نییە، تەنھا گوێڕایەڵییەکی ھەرزان و نابەرپرسیاریش نییە بۆ پاراستنی ھەندێک پێگەی دەسەڵات لە بەرامبەر ھێزە کوردستانیەکانی تردا، بەڵکو دەربڕی ئەو دیاردە ترسناکەیە کە من چەندساڵێک لەمەوبەر لە چەند نووسینێکدا ناوی دیاردەی ”خودنەفرەتیی“ م لێنا.  خودنەفرەتیی وەک جۆرێک لە سایکۆلۆژیای سیاسیی کە ڕق لە خود دروست و  ئاراستەیدەکات. مانشێتەکەی ڕۆژنامەی خەبات بەرجەستەکردنێکی ڕۆژانە و بەرچاویی ئەم دۆخی خودنەفرەتییەیە. بەرجەستەکردنی سیاسەتێکە رق لە کورد خۆی ئاراستەی دەکات و نەفرەتکردن لە کوردبوون خۆیشی جەوھەر و ناوەرۆکەکەی، دەستنیشاندەکات. ئەوەی وا دەکات ڕۆژنامەی سەرەکیی پارتێکی سیاسیی حوکمڕان لە ھەرێمدا بە زمانی ھێزە راسیستییە دژەکوردەکانی تورکیا بدوێت، خودنەفرتییە و ھیچیتر.   وەکچۆن تورکیا دەیەوێت لە ڕێگای دەزگاکانی دەوڵەتی تورکییەوە خەڵکی کوردستان زەلیلبکات، بەھەمانشێوە ڕۆژنامەی خەباتیش بەم کارەی ھەمان کار، لانیکەم بەرامبەر بە شارێک لە شارەکانی کوردستان، ئەنجامبدات. بە بۆچونی من چەمکی خودنەفرەتی چەمکی ھەرەسەرەکیی و بنەرەتیی لێکدانەوە و شیکردنەوەی سیاسەتی کوردییە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندای. شوناسی سیاسیی ئێمە لەمڕۆدا شوناسێکە لەسەر ڕق لەیەکتری و رقبوونەوە لە خود خۆی، بونیادنراوە. لە ڕاستیدا خودنەفرەتیی تەنھا لەناو شوناسی سیاسیی ئێمەدا ئامادەنییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ ژێرخانی سەرەکیی شوناسی ھێزەکان لە دونیای ئێمەدا، لەوانەش شوناسی دینیی و کولتوریی ئێمە، لەپاڵ شوناسە سیاسییەکەدا. بەبێ تازەکردنەوەی پەیوەندیی خۆمان بە خۆمانەوە، بەبێ ناشتنی سایکۆلۆژیا و عەقڵیەت و خەیاڵی بیمار و نەخۆشی خودنەفرەتیی، زەحمەتە بتوانین لە ھیچ بوارێکی ژیانی گشتیی و پێکەوەییماندا شتێکی مانادار ئەنجامبدەین. حوکمڕانانی ھەرێم جگە لەوەی فەشەلێکی ھەمەلایەنەیان ھێناوە لەوەدا بتوانن شوناسێک بەناوی ”ئێمە“یەکی سیاسیی دەستەجەمعییەوە بەرھەمبھێنن، ھاوکات چەندان ”من“ی سیاسیی و دینیی و کولتوریی نارسیستی بیماریان بەرھەمھێناوە، کە ھەر ”من“ێک لەسەر رق و نەفرەتکردن لە ”من“ەکانی تر دەژیی و دەخوازێت لەسەر حیسابی ھەریەکێک لەوانە، بئاوسێت. ئەم ئاوسانی خودە سیاسییە، ئەوەی لە ھەرێمدا ھەیە و باڵادەستە، جۆرێکی تایبەتە لە دەسەڵاتداریی. تەواو ناکۆک و دژ بە سیاسەتی دروستکردنی خودێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بەرپرسیار، کە بتوانێت لە دەرەوەی رق و فۆرمە جیاوازەکانی خودنەفرەتییدا، مامەڵەی خۆی و مامەڵەی میلەتەکەی بکات.


(دره‌و): وه‌زیری نه‌وتی عێراق ده‌ڵێ تائێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی راده‌ست نه‌كردووه‌و، كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق هیچ بڕه‌ نه‌وتێكی له‌ هه‌رێم وه‌رنه‌گرتووه‌، بۆیه‌ سه‌خته‌ حكومه‌تی فیدراڵ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ناردنی پشكی هه‌رێم. حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (العراقیه‌) رایگه‌یاند، پابه‌ندی له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌و بڕه‌ی نه‌وته‌ی كه‌ ده‌بێت راده‌ستی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وت "سۆمۆ"ی بكات بۆ مه‌به‌ستی هه‌نارده‌كردن، به‌گوێره‌ی یاسای بودجه‌ ئه‌و بڕه‌ی كه‌ ده‌بێت راده‌ستی بكات بۆ ساڵی رابردوو بڕی 400 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ بووه‌، به‌ڵام بۆ بودجه‌ی ئه‌مساڵ 375 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌یه‌و 46 هه‌زار به‌رمیلی بۆ به‌كاربردنی ناوخۆیی و به‌كارخستنی پاڵاوگه‌كانی هه‌رێم ده‌ڕوات، واتا ده‌بێت هه‌رێم رۆژانه‌ 329 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای "سۆمۆ" بكرێت وه‌كو كۆمپانیای رێگه‌پێدراوی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو.  "زۆر به‌داخه‌وه تائێستا نه‌مانتوانیوه‌ هیچ بڕه‌ نه‌وتێك له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرین، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و كێڵگانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌وتیان لێ به‌رهه‌مده‌هێنرێت پێشتر گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كاندا بۆ كراوه‌، كۆمپانیا بیانییه‌كانیش داوای پشكی خۆیان ده‌كه‌ن له‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، ئێمه‌ به‌پێی یاسای بودجه‌، نه‌وتی خاو به‌ نرخێك به‌رهه‌مده‌هێنین كه‌ له‌ 8 هه‌زار دینار زیاتر نییه‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ داوا ده‌كرێت ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 20 دۆلار بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت و 6 دۆلار بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌ناوخۆی هه‌رێمدا" وه‌زیری نه‌وتی عێراق واده‌ڵێ. حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وتی:" ئێمه‌ داوامان له‌ برایان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانمان پێبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دیراسه‌ بكرێن و بگونجێندرێن له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌ كارپێكراوه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت و حكومه‌تی فیدراڵی، به‌ڵام تائێستا هیچ یه‌كێك له‌و گرێبه‌ستانه‌مان راده‌ست نه‌كراوه"‌. له‌باره‌ی ناكۆكی هه‌ولێرو به‌غداد له‌باره‌ی پرسی نه‌وته‌وه‌، وه‌زیر باسی له‌وه‌ كرد" ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ روبه‌ڕووی حكومه‌تی عێراقی ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌وتی خاوی هه‌رێم راده‌ست و هه‌نارده‌ نه‌كرێت، سه‌خته‌ حكومه‌تی فیدراڵ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر راده‌ستكردنی پشكی هه‌رێم، هه‌رێم وه‌كو ئه‌وه‌ی داوای پشكی خۆی ده‌كات، با پشكی ئێمه‌ش بدات".  سه‌باره‌ت به‌ راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات" راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه‌ بوو، كه‌ حوكمیدا به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی عێراق له‌بری ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی بۆری عێراق- توركیاوه‌ هه‌نارده‌ی ده‌كرد، پێناسێك هه‌یه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو له‌رێگه‌ی ئه‌م بۆرییه‌وه‌، به‌ڵام لایه‌نی توركی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمدا كرد به‌ سێ هێنده‌ زیاتری ئه‌و بڕه‌، بۆیه‌ بڕیاری ناوبژیوانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق بوو، به‌وپێیه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بوو، به‌كارهێنانی بۆری عێراق- توركیا رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی عێراق و توركیایه‌و گرێبه‌ست له‌نێوان حكومه‌تی توركیاو حكومه‌تی هه‌رێمدا نییه‌، بابه‌ته‌كه‌ زۆر روون و ساكاره‌ بۆیه‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی عێراق بڕیاریدا به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌، قه‌ره‌بووه‌كه‌ش بریتییه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی كه‌ حكومه‌تی توركیا به‌پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی خاوه‌وه‌ له‌رێگه‌ی بۆری عێراق- توركیاوه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌‌، بۆیه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم راوه‌ستا".   


درەو: رۆژی (15ی ئایاری 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 تا مانگی ئازاری ساڵی (2024)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە) نزیکەی (31 ترلیۆن و 223 ملیار) دینار بووە. نزیک لە (27 ترلیۆن و 689 ملیار) دیناری بە رێژەی (89%) داهاتی نەوت و نزیکەی (3 ترلیۆن و 534 ملیار) دیناری بە رێژەی (11%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، پتر لە (25 ترلیۆن و 77 ملیار) دینار بووە، کە (92.4%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (7.6%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە. 🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (19.2%) داهات لە خەرجی زیاتر بووە و زۆرتر لە (6 ترلیۆن 145 ملیار و 710 ملیۆن) دینار و داهات سەرڕێژی کردووە. 🔹 زیاتر لە (2 ترلیۆن و 223 ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر لە (127 ملیار و 507 ملیۆن) دینارو سەرۆکایەتی کۆمار نزیکەی (13 ملیار و 115 ملیۆن) دینار و ئەنجومەنی وەزیران پتر لە (2 ترلیۆن و 82 ملیار) دینار خەرجیان هەبووە. داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی (2024)دا رۆژی (15ی ئایاری 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2024 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی (2024) لە (15ی ئایاری 2024) بڵاوی کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (31 ترلیۆن و 222 ملیار و 752 ملیۆن و 598 هەزار و 882) دینار، بەجۆرێک بڕی (27 ترلیۆن و 688 ملیار و 820 ملیۆن و 558 هەزار و 326) دیناری بەڕێژەی (89%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (3 ترلیۆن و 553 ملیار و 932 ملیۆن و 40 هەزار و 556) دیناری بەڕێژەی (11%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەرسێ مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری (2024) بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2024 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو و سێی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (25 ترلیۆن و 77 ملیار و 41 ملیۆن و 907 هەزار و 204) دینار، بەجۆرێک بڕی (23 ترلیۆن و 179 ملیار و 518 ملیۆن و 26 هەزار و 292) دیناری بەڕێژەی (92.4%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (ترلیۆنێک و 897 ملیار و 523 ملیۆن و 880 هەزار و 912) دیناری بەڕێژەی (7.6%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەرسێ مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری (2024) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2024 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (ترلیۆنێک و 897 ملیار و 523 ملیۆن و 880 هەزار و 912) دیناری بەڕێژەی (7.6%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (22 ملیار و 815 ملیۆن و 673 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (1.2%) بۆ خەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (218 ملیار و 945 ملیۆن و 420 هەزار و 940) دیناری بە ڕێژەی (11.5%) بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (355 ملیار و 36 ملیۆن و 493 هەزار و 254) دیناری بە ڕێژەی (18.7%) بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی و خزمەتگوای و ڕێگاوبان بڕی (ترلیۆنێک و 187 ملیار و 649 ملیۆن و 269 هەزار و 287) دیناری بە ڕێژەی (62.6%) بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (113 ملیار و 77 ملیۆن و 24 هەزار و 429) دیناری بۆ بە ڕێژەی (6%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2024 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (25 ترلیۆن و 77 ملیار و 41 ملیۆن و 907 هەزار و 204) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (31 ترلیۆن و 222 ملیار و 752 ملیۆن و 598 هەزار و 882) دینار. واتە بڕی (6 ترلیۆن و 145 ملیار و 710 ملیۆن و 691 هەزار و 678) دیناری بەڕێژەی (19.2%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە و سەرڕێژی کردووە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2024 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (2 ترلیۆن و 223 ملیار و 141 ملیۆن و 201 هەزار و 944) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (127 ملیار و 507 ملیۆن و 364 هەزار و 871) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (87 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (13 ملیار و 114 ملیۆن و 702 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (2 ترلیۆن و 82 ملیار و 519 ملیۆن و 134 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (ترلیۆنێک و 885 ملیار و 630 ملیۆن و 25 هەزار و 659) دیناری بە ڕێژەی (91%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (196 ملیار و 889 ملیۆن و 109 هەزار و 180) دیناری بە ڕێژەی (9%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5)   سەرچاوەکان؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة  


(دره‌و): جێفری پایت یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە  گه‌یشته‌ هه‌ولێر، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بینی، پێكه‌وه‌ سه‌ردانی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی وزه‌یان كرد، كه‌ یه‌كێكیان كێڵگه‌ی (خورمه‌ڵه‌) بووه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی نزیكه‌ی 40%ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌. حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێ ئه‌م به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌ هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاشنا بێت به‌ ژێرخانی وزه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئەمریکا "پاڵپشت و هەماهەنگ دەبێت لەبەرەوپێشبردنی کەرتی وزە بەگشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بە تایبەت لە بواری (وزەی پاک و نوێبووەوە). له‌پاڵ ئه‌مه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم كراوه‌، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت.  كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازی نه‌وتی كوردستان كه‌ به‌ "ئه‌پیكور" ناسراوه‌و هه‌شت كۆمپانیای بیانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم له‌خۆده‌گرێت، به‌ر له‌ سه‌ردانی ئه‌مدواییه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بۆ واشنتۆن، نامه‌یه‌كیان بۆ كۆنگرێسی ئه‌مریكا نوسی و داوایان لێكرد فشار بخاته‌سه‌ر عێراق بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، كه‌ له‌ 25ی ئازاری 2023وه‌ به‌هۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه‌ راوه‌ستاوه‌.  به‌پێی قسه‌ی گروپی ئه‌پیكور، تێكڕای سه‌رمایه‌گوزاری بیانی له‌ كه‌رتی نه‌وت  و غازی هه‌رێمدا بڕی (10 ملیار) دۆلاره‌، له‌م رێژه‌یه‌ بڕی (300 ملیۆن) دۆلاری سه‌رمایه‌گوزاری ئه‌مریكایه‌.   وه‌زیری نه‌وتی عێراق گوێی بۆ داواكاری ئه‌مریكا نه‌گرت، له‌ واشنتۆنه‌وه‌ نوسراوی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم كرد، له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه‌ی پێشوو داوای لێكرد گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی راده‌ست بكات به‌مه‌به‌ستی هه‌مواركردنه‌وه‌یان به‌پێی یاساكانی عێراق، حكومه‌تی هه‌رێم ره‌تیكرده‌وه‌ گرێبه‌سته‌كان راده‌ست بكات، ئیتر لێره‌دا هه‌وڵه‌كه‌ی ئه‌مریكاش بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت شكستی هێنا. به‌ڵام ئه‌مریكییه‌كان زیاتر له‌ نه‌وت، چاویان له‌سه‌ر غازی هه‌رێمی كوردستانه‌، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی كه‌ ئێستا به‌سه‌ردانێك له‌ ئه‌مریكایه‌، یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گفتوگۆكانی له‌ ئه‌مریكا پرسی غازه‌، گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی غازی عێراق كه‌ (كۆرمۆر)ه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی یه‌كێتیدایه‌، به‌ڵام ئێران دژی هه‌رجۆره‌ هه‌نارده‌كردنێكی غازی كوردستانه‌، ئێران خۆی غاز به‌ عێراق و توركیا ده‌فرۆشێت و نایه‌وێت به‌دیلی بۆ دروست ببێت، بۆیه‌ هه‌رجارێك باسی هه‌نارده‌ی غاز ده‌كرێت، كێڵگه‌ی كۆرمۆر روبه‌ڕووی هێرش ده‌بێته‌وه‌.  


(دره‌و):  ‌دادگای فیدراڵی وه‌ڵامی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی دایه‌وه‌، ده‌ڵێ: وه‌رگرتنی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌چوارچێوه‌ی پسپۆڕی ئێمه‌دایه‌ به‌گوێره‌ی مادده‌ی (93/یه‌كه‌م)ی ده‌ستور.  دادگای باڵای فیدراڵی عێراق روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند، رۆژی 19ی ئه‌م مانگه‌ ته‌ماشای ئه‌و سكاڵایه‌ ده‌كات كه‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆماریكردووه‌. دادگا له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: ته‌ماشاكردنی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر بنه‌مای پسپۆڕی خۆمان و به‌گوێره‌ی مادده‌ی (93/ یه‌كه‌م)ی ده‌ستوری عێراقه‌ كه‌ ده‌ڵێ:" ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندی دادگای فیدراڵین: چاودێریكردنی ده‌ستوریبوونی یاساو سیسته‌مه‌ كارپێكراوه‌كان". دادگای فیدراڵی هه‌رچه‌نده‌ ناوی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی نه‌هێناوه‌، به‌ڵام رونكردنه‌وه‌كه‌ی له‌م كاته‌دا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانه، چونكه‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ ئه‌مڕۆ له‌ بڕیارێكدا كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پابه‌ند كرد به‌وه‌ی پابه‌ند نه‌بێت به‌ بڕیاری رۆژی 7ی مانگی دادگای فیدراڵییه‌وه‌، وای لێكدایه‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنی سكاڵای مه‌سرور بارزانیدا، دادگای فیدراڵی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌زاندووه‌‌.  ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر سكاڵای یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بڕیاریدا به‌ پابه‌ندكردنی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی رێوشوێنه‌كانی تایبه‌ت به‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی كوردستان.  رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌، دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای مه‌سرور بارزانی، كاركردنی به‌ بڕگه‌ی دووه‌م له‌ مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماركردنی كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان راگرت، ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ ده‌رچووه‌و مه‌سرور بارزانی تانه‌ی لێداوه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ دادگای فیدراڵی به‌ فه‌رمانێكی سالاریی رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆنی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن راگرت تا ئه‌وكاته‌ی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی یه‌كلاده‌بێته‌وه‌. ئێستا به‌هۆی ناكۆكی پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌باره‌ی سازدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستانه‌وه‌ كه‌وتوه‌ته‌ به‌ر دوو بڕیاری "بنبڕ"ی دژ به‌یه‌كه‌وه‌، بڕیاری 7ی مانگی دادگای فیدراڵی كه‌ ناچاری ده‌كات رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵبژاردن رابگرێت تا سكاڵای مه‌سرور بارزانی یه‌كلاده‌بێته‌وه‌، بڕیاری ئه‌مڕۆی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی كه‌ پابه‌ندی ده‌كات به‌وه‌ی رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێبكاته‌وه‌و داوا له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بكات واده‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن دیاری بكات.  ناكۆكی پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی كوردستان ناكۆكی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق دروستكردووه‌. بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌، راپۆرتی (دره‌و) به‌م ناونیشانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ره‌وه‌:  هه‌ڵبژاردنی كوردستان له‌نێوان دوو بڕیاری "بنبڕ"دا


راپۆرت: دره‌و ناكۆكی پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن خه‌ریكه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراق توشی دابه‌شبوون ده‌كات، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌مڕۆ كه‌وته‌ به‌رده‌م دوو بڕیاری (بنبڕ)ی دژبه‌یه‌كه‌وه‌‌، یه‌كه‌میان بڕیاری دادگای فیدراڵییه‌ بۆ راگرتنی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی كوردستان، ئه‌وی تر بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ ناكۆكی قوڵ له‌نێوان فایه‌ق زه‌یدان و حاكم جاسم ده‌بینرێت، ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا. یه‌كێتیی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی ده‌كات به‌ گژی دادگای فیدراڵیدا! رۆژی 6ی ئه‌م مانگه‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌، سكاڵایه‌كی له‌ دادگای فیدراڵی عێراق تۆماركرد، له‌ سكاڵاكه‌یدا داوای له‌ دادگای فیدراڵی كرد فه‌رمانێكی سالاریی (امر ولائی) ده‌ربكات بۆ راگرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان تا ئه‌وكاته‌ی سكاڵاكه‌ی یه‌كلاده‌بێته‌وه‌.  دادگای فیدراڵی رۆژێك دواترو له‌ 7ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ فه‌رمانێكی سالاریی كاركردنی به‌ بڕگه‌ی (دووه‌م) له‌ مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ 7ی ساڵی 2024 راگرت، سیسته‌مێك كه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌و مه‌سرور بارزانی تانه‌ی لێداوه‌، راگرتنی كاركردن به‌م بڕگه‌یه‌ تا یه‌كلابوونه‌وه‌ی چاره‌نوسی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی، وایكرد كۆمسیۆن هه‌مان رۆژ بڕیارێك بۆ راگرتنی رێوشوێنه‌كانی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن ده‌ربكات.  ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بوو بڕیار بوو رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كورستان ده‌ستپێبكات و كۆمسیۆن ده‌ست به‌ چاپكردنی فۆرمه‌كانی ده‌نگدان بكات، مه‌سرور بارزانی له‌رێگه‌ی ئه‌م سكاڵایه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كه‌ی توانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان دوابخات، هه‌ڵبژاردنێك كه‌ بڕیاربوو رۆژی 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت. له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی كه‌ پێشترو له‌رێگه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه كاری خۆی كردو‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی به‌وشێوه‌یه‌ گۆڕی كه‌ دڵخوازی خۆی بوو‌، به‌ بڕیاری سالارییه‌كه‌ی دادگای فیدراڵی نیگه‌ران بوو، بۆیه‌ رێگایه‌كی یاسایی نوێی بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگا دۆزییه‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی ده‌ستور بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی تانه‌یان لێ نادرێت.  یه‌كێتیی له‌رێگه‌ی (رزگار حاجی حه‌مه‌) به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كه‌یه‌وه‌، له‌ ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق سكاڵایه‌كی له‌دژی بڕیاری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ راگرتنی ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن جوڵاند.  ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراقه‌، ئه‌مڕۆ بڕیاری خۆی له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایه‌ ده‌ركرد كه‌ (رزگار حاجی حه‌مه‌) تۆماریكردبوو.  ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌بڕیاره‌كه‌یدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ ده‌كات:  •    كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی له‌ بڕیاره‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پشت به‌ بڕیاری رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی نه‌به‌ستێت، به‌وپێیه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ناكۆكییانه‌ی كه‌ له‌به‌ره‌نجامی ئاماده‌كاریی و جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، پسپۆری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌ك دادگای فیدراڵی و هه‌ر سكاڵایه‌كیش له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌بێت به‌ته‌نیا ده‌بێت له‌به‌رده‌م ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن پێشكه‌ش بكرێت نه‌ك له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵی، به‌ڵام دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی قبوڵكردووه‌، به‌وپێیه‌ی به‌گوێره‌ی ده‌ستور دادگا ده‌توانێت هه‌ر سكاڵایه‌ك وه‌ربگرێت كه‌ له‌سه‌ر پرسی ده‌ستوریبوونی یاساو سیسته‌مه‌ كارپێكراوه‌كان تۆماركرابن، مه‌سرور بارزانی سكاڵای له‌سه‌ر سیسته‌می هه‌ڵبژاردن كردووه‌.  •    سیسته‌می تۆماری كاندیده‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ رۆژی 29/2/2024 ده‌رچووه‌و ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ندیكردووه‌، لایه‌نی زه‌ره‌رمه‌ند له‌م سیسته‌مه‌ (مه‌به‌ستی پارتی و مه‌سرور بارزانییه‌ كه‌ سكاڵای كردووه‌) ده‌بوو به‌پێی یاسای كۆمسیۆن له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه‌ له‌به‌رده‌م ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن تانه‌ بده‌ن، واتا ئه‌م كاره‌یان نه‌كردووه‌و سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی بنه‌مای یاسایی تێدا نییه‌.  •    مادده‌ی (10/ دووه‌م) له‌ یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره‌ (31)ی ساڵی 2019و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌یان به‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان داوه‌ هه‌رێمی كوردستان دابه‌ش بكات به‌سه‌ر چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پسپۆڕی دادگای باڵای فیدراڵییه‌، به‌وپێیه‌ی تانه‌ له‌ ده‌ستوریبوونی ئه‌م دوو یاسایه‌ نه‌دراوه‌.  •    تانه‌دان له‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌ره‌وه‌ی پسپۆڕی دادگای فیدراڵییه‌، چونكه‌ مادده‌ی (23)ی یه‌یڕه‌وی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ده‌ڵێت:" به‌ر له‌  كه‌متر له‌ شه‌ش مانگ له‌ واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن، هیچ تانه‌یه‌ك له‌ ده‌ستوریبوونی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و ده‌قانه‌ی كه‌ له‌ یاساكه‌دا هاتوون وه‌رناگیریت)، له‌مه‌شدا ده‌سته‌ی دادوه‌ریی ده‌یه‌وێت سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ بێ به‌ها بكات.  •    تانه‌دان له‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵی تێپه‌ڕاندنی تایبه‌تمه‌ندی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی ده‌رچووه‌ هیچ پابه‌ندییه‌كی یاسایی له‌سه‌ر دروست ناكرێت، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ نابێت ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ بڕیاره‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن پشت به‌ بڕیاری ناوبراوی دادگای فیدراڵی ببه‌ستێت.  •    له‌كۆتایی بڕیاره‌كه‌یدا، ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی ده‌ست به‌ رێوشوێنه‌كانی بكاته‌وه‌ بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان. •    كۆمسیۆن داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكات واده‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن دیاری بكات تا سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌ دادگای یه‌كلاده‌بێته‌وه‌.  كۆمسیۆن له‌نێوان دوو بڕیاری بنبڕدا ! ده‌ره‌نجامی ئه‌م بڕیاره‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن هیچ له‌ بڕیاره‌كه‌ی رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌ی دادگای فیدراڵی ناگۆڕێت، سه‌رباری ئه‌مه‌ش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی كرداریی دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه‌وتوه‌ته‌ به‌رده‌م دوو بڕیاری (بنبڕ)ه‌وه‌، یه‌كێكیان بۆ راگرتنی رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان و ئه‌وه‌ی تر بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی. ئه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنه‌  له‌رووی یاساییه‌وه‌، ئاماژیه‌ بۆ بوونی‌ ناكۆكی قوڵ له‌نێوان فایه‌ق زه‌یدانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق و دادوه‌ر جاسم عومێری سه‌رۆكی دادگای باڵای فیدراڵی.  ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا رووده‌دات كۆمسیۆن هه‌ڵبژاردنه‌كان رۆژی 7ی ته‌موز واده‌ی یاسایی به‌سه‌ر ده‌چێت و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه‌ ته‌نیا له‌پێناو به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا، په‌رله‌مانی عێراق شه‌ش مانگی تر ته‌مه‌نی بۆ درێژبكاته‌وه‌.  بڕیارێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سرور بارزانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی، فه‌رمانێكی سالاری ده‌ركرد له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌. به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا هاتووه‌، دادگای فیدراڵی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌ی (دووه‌م)ی مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان راگرت.  بڕگه‌ی (دووه‌م) له‌ مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنیان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ به‌ ژماره‌ (7) له‌ 2024دا له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌ ده‌ڵێ:  *    په‌رله‌مانی كوردستان له‌ (100) كورسی پێكدێت كه‌ دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌م بازنانه‌ی هه‌ڵبژاردندا:- -    پارێزگای هه‌ولێر: 34 كورسی -    پارێزگای سلێمانی: 38 كورسی -    پارێزگای دهۆك: 25 كورسی -    پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌: 3 كورسی دادگا جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕگه‌ی له‌ سیسته‌مه‌كه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان راگرتووه‌ تا ئه‌وكاته‌ی چاره‌نوسی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌.  مه‌سرور بارزانی كه‌ له‌دوای بڕیاره‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی شوباتی 2022وه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام دادگای فیدراڵی به‌وه‌ ناوده‌برد كه‌ "دادگایه‌كی ناده‌ستورییه‌"، هه‌ڵبژاردنی كوردستان ناچاریكرد په‌نا بۆ دادگاكه‌ ببات و ئه‌مجاره‌ دادگاكه له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و بڕیاری ده‌ركرد.  مه‌سرور بارزانی سكاڵای له‌ چی كردووه‌ ؟ 6ی ئه‌م مانگه‌، مه‌سرور بارزانی له‌رێگه‌ی پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ (ئه‌یاد كاكه‌یی) له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایه‌كی له‌دژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تۆماریكرد. ‌له‌م سكاڵایه‌دا مه‌سرور بارزانی داوای له‌ دادگای فیدراڵی كرد فه‌رمانێكی سالاری (امر ولائی) ده‌ربكات بۆ راگرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان.  مه‌سرور بارزانی سكاڵای له‌سه‌ر (سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ 7ی ساڵی 2024) هه‌یه‌، كه‌ له‌لایه‌ن  كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌. به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ سكاڵاكه‌یدا هاتووه‌، مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری رۆژی 21ی شوباتی ئه‌مساڵی دادگای فیدراڵی، تانه‌ی له‌ كاره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان داوه‌، تانه‌كانی له‌م خاڵانه‌دا كورت ده‌بێته‌وه‌:  •    كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دابه‌شكردنی (100) كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا، سه‌رپێچی بڕیاری دادگای فیدراڵی كردووه‌، كورسییه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی ده‌نگده‌ران به‌سه‌ر بازنه‌كاندا دابه‌شكردووه،‌ نه‌ك ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم، پشتبه‌ستن به‌م پێوه‌ره‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری عێراقه‌ كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی كردووه‌ به‌ بنه‌ما نه‌ك ژماره‌ی ده‌نگده‌ران، داوا له‌ دادگای ده‌كات ئه‌م بڕیاره‌ی كۆمسیۆن هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.  •     له‌ دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بنه‌مایه‌كی تری ده‌ستوری پێشێلكردووه‌ كه‌ له‌ مادده‌ی (49/ یه‌كه‌م)ی ده‌ستوردا هاتووه‌و داوای له‌به‌رچاوگرتنی نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌كات له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاساداناندا، له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی نه‌بوونی ده‌قێكی یاسایی، دادگای فیدراڵی له‌ بڕیاری 21ی شوباتی 2024ی خۆیدا بابه‌تی نه‌خشه‌ی  ناوچه‌كانی هه‌ڵبژاردن و دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی داوه‌ به‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ریی و یه‌كسانیی، بۆیه‌ ده‌بێت كۆمسیۆن پابه‌ند بێت به‌ بنه‌مای ده‌ستوریی تایبه‌ت به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌دیاریكراویش توركمان و مه‌سیحییه‌كان، واتا مه‌سرور بارزانی له‌م ده‌رگایه‌وه‌ ده‌یه‌وێت كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، چونكه‌ مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ تانه‌ له‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی بدات به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (11) كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان و ئێستا ده‌یه‌وێت له‌چوارچێوه‌ی (100) كورسییه‌كه‌دا كورسی بۆ پێكهاته‌كان ته‌رخان بكرێت. •    دادگای له‌ بڕیاره‌كه‌یدا ده‌ڵێ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی "بابه‌تی"یانه‌ ناوچه‌كانی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات و كورسییه‌كانی به‌سه‌ردا دابه‌ش بكات، ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه‌ كۆمسیۆن به‌كاریهێناوه‌ بنه‌مایه‌كی بابه‌تییانه‌ نییه‌.  •    مادده‌ی (2/یه‌كه‌م/ج)ی ده‌ستور ده‌ڵێ" نابێت یاسایه‌ك ده‌ربكرێت كه‌ پێچه‌وانه‌ بێت له‌گه‌ڵ ماف و ئازادیه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان كه‌ له‌ ده‌ستوردا هاتوون)، بێبه‌شكردنی پێكهاته‌كان له‌ نوێنه‌رایه‌تیكردن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای ده‌رفه‌تی یه‌كسان و یه‌كسانییه‌ له‌به‌رده‌م یاسادا‌ بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان، چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسی و بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن واده‌كات پێكهاته‌كان نه‌توانن كێبركێ له‌سه‌ر كورسییه‌كان بكه‌ن و هیچ كورسییه‌ك به‌ده‌ست  نه‌هێنن كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی هه‌رێمی كوردستاندا نوێنه‌رایه‌تییان بكات. مه‌سرور بارزانی هه‌ڵبژاردنی دواخست له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سكاڵا یاساییه‌و ئه‌و خاڵانه‌ی له‌باره‌ی سه‌رپێچییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان خستویه‌تیه‌ به‌رده‌م دادگای فیدراڵی، مه‌سرور بارزانی داوای له‌ دادگای فیدراڵی عێراق كرد: * حوكم بدات به‌ ناده‌ستوریبوونی مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ 7ی ساڵی 2024 كه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌.  * تا ئه‌وكاته‌ی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌م سكاڵایه‌ ده‌درێت، دادگای فیدراڵی فه‌رمانێكی سالاریی (امر ولائی) ده‌ربكات بۆ راگرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆن سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر دادگا وه‌ڵامی سكاڵاكه‌ بداته‌وه‌و پێكهاته‌كان به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و لیست پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌وكاته‌ ده‌بێت له‌ڕووی هونه‌ری و لۆجستییه‌وه‌ رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆن دووباره‌ بكرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ گرێبه‌سته‌كانی كۆمسیۆن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان خه‌رجییه‌كی زۆر ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شانی ده‌وڵه‌ت. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌، دادگای فیدراڵی فه‌رمانی سالاریی بۆ راگرتنی ئه‌و مادده‌یه‌ی په‌یڕه‌وی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن ده‌ركردو كاركردنی به‌ مادده‌كه‌ راگرت تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌نجامی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی یه‌كلاده‌بێته‌وه‌.  له‌حاڵی ده‌رچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی، ئیتر ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م دواخستنی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستكاریكردنی بڕیاره‌كانی 21ی شوباتی دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستانه‌وه‌ نامێنێت، بڕیارێك كه‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی له‌ كوردستان له‌ (یه‌ك بازنه‌یی)ه‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ (فره‌ بازنه‌یی)و كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانیشی هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه‌. مه‌سرور بارزانی له‌ سكاڵاكه‌یدا داوای ته‌رخانكردنی كورسی بۆ پێكهاته‌ی توركمان و مه‌سیحی كردووه‌ له‌چوارچێوه‌ی (100) كورسی په‌رله‌ماندا، پێشبینی ده‌كرێت دادگا له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستورو یاسای كارپێكراوی عێراقدا كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نوێ رێكبخاته‌وه‌و به‌سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمدا دابه‌شیان بكات.  چیرۆكی هه‌ڵبژاردنێك كه‌ چاره‌نوسی دیار نییه‌! هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بوو له‌ رۆژی 1ی ئۆكتۆبه‌ری 2022 به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستان، ساڵێك و شه‌ش مانگ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌واده‌ی خۆی دواكه‌وتووه‌.  دواكەواتنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی ناچاركرد، بۆ جاری دووەم مەرسوم دەربكات‌و وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بكات، كۆتاییەكانی ئازاری 2023 سەرۆكی هەرێم مەرسومی دووەمی دەركردو رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022ی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریكرد، لەماوەی مانگی ئازار بۆ تشرینی یەكەم، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن، بەتایبەتیش پارتی‌و یەكێتیی.  لە پرسی دواكەوتنی هەڵبژاردندا، یەكێك لەخاڵە سەرەكییەكانی ناكۆكی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بوو، ئەم ناكۆكییە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە. لە سەرەتای گفتوگۆكانەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی داوای دەكرد هەڵبژاردنی كوردستان هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 2021 بەڕێوەچوو، بكرێت بەشێوازی "فرە بازنەیی"، چونكە یەكێتیی‌و هەندێك لەلایەنەكانی تر پێیانوایە شێوازی (یەك بازنەیی) ئەوەی بۆ پارتی فەراهەمكردووە زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت‌و لەشێوازی (فرە بازنەیی)دا دەنگەكان دابەشدەبن‌و پارتی ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بە قەبارەی پێشتر دروستبكات، ئەوكات لە گفتوگۆكاندا پارتی لەسەر ئەم داواكارییە قایل بوو، بەڵام هاوكات لەگەڵ فرە بازنەییدا، یەكێتیی داوای دەكرد كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش بكرێت، بۆ ئەمە یەكێتیی داوای دەكرد (2 بۆ 4) كورسی لە كۆی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بخرێتە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەسەر ئەمە لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن‌و بەوهۆیەشەوە هەڵبژاردن دواكەوت و مه‌رسومی یه‌كه‌می نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌. نیسانی 2023 كاتێك دانوستانی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن چڕبووەوە، بەتایبەتیش لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا (ئەوكات پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتبوون لەسەر ئەوەی هەرێم بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن)، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم ناكۆكییە، نەتەوە یەكگرتووەكان بەشداری لە دانوستانەكانی پارتی‌و یەكێتیدا دەكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیازی ئەوەی كرد كورسییەكی پێكهاتەی توركمان بدرێت بە پارێزگای سلێمانی (كفری)، بەڵام نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان ئەم پێشنیازەیان رەتكردەوە. به‌هۆی شكستی ئه‌م دانوستانه‌شه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی به‌ناچاری مه‌رسومی دووه‌می بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 18ی تشرینی دووه‌می 2023دا ده‌ركرد.  به‌ڵام ناكۆكی پارتی و یه‌كێتیی هه‌ر به‌رده‌وام بوو، به‌وهۆیه‌وه‌ په‌رله‌مان نه‌یتوانی یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكاته‌وه‌و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان كارابكاته‌وه‌، شكستی دانوستانه‌كانی سه‌ریكێشا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بڕیارێكی دادگای فیدراڵی له‌ رۆژی 30ی ئایاری 2023دا، ئیتر لێره‌وه‌ یه‌كێتیی یه‌كه‌م خاڵی سه‌ركه‌وتنی تۆماركردو رێگه‌ی نه‌دا به‌ یاسا كۆنه‌كه‌ به‌وشێوه‌ی پارتی ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، چونكه‌ ئیتر په‌رله‌مانێك نه‌ما بۆ ئه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكاته‌وه‌، له‌قۆناغی دواتردا یه‌كێتیی په‌نای بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بردو دوای هه‌شت مانگ تاوتوێكردن، دادگای له‌ 21ی شوباتی ئه‌مساڵدا سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی په‌سه‌ندكردو شێوازی هه‌ڵبژاردنی له‌ كورستان له‌ (یه‌ك بازنه‌)وه‌ بۆ (فره‌ بازنه‌) گۆڕی و كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانیشی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ له‌ مه‌رسومی سێیه‌می خۆیدا رۆژی 25ی شوباتی 2024ی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن د‌یاریكردبوو، ده‌رچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی له‌ 21ی شوباتی 2024دا له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی، جارێكی تر دۆخه‌كه‌ی لێ تێكداو ناچاریكرد مه‌رسومی چواره‌م بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ ده‌ربكات، ئه‌م مه‌رسومه‌ش چاره‌نوسی له‌وانی تر باشتر نه‌بوو، ئێستا سه‌رۆكی هه‌رێم چاوه‌ڕوانی یه‌كلابوونه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی ئامۆزای ده‌كات له‌ دادگای فیدراڵی به‌مه‌به‌ستی ده‌ركردنی مه‌رسومی پێنجه‌م و دیاریكردنی رۆژێكی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ نێوان مانگی 9 بۆ 10ی ئه‌مساڵدا بێت.    ده‌قی بڕیاری ئه‌مڕۆی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان


درەو:   🔻 کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP)ی بەریتانی، بەرهەم و داهاتی گشتی بۆ ساڵی (2024)، ڕایگەیاند؛ 🔹 فرۆشی ناوخۆیی کێڵگەی نەوتی خاوی شێخان بە تێکڕا لە (1/1/2024 – 11/5/2024) نزیکەی (37 هەزار)بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بووە. 🔹 لە مانگی ئازاردا نزیکەی (44 هەزار و 100) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە فرۆشراوە، بەڵام لە مانگی نیساندا بەهۆی پشووی جەژنەوە ئاستی فرۆش دابەزیوە بۆ نزیکەی (38 هەزار و 900) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و لە مانگی ئایاردایشدا (ئێستا) بە تێکڕا نزیکەی (48 هەزار 300) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەفرۆشرێت. 🔹 نرخی بەرمیلێک لەم دواییانەدا لە (25) دۆلارەوە بۆ (27) دۆلار بەرزبوونەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی خواستی بەهێزی بازاڕی ناوخۆیی. 🔹 داهاتی کۆمپانیای (GKP) ڕووی لە باشتربوون کردووەو تا (10ی ئایاری 2024) گەیشتووە (98 ملیۆن) دۆلار. بەرهەم داهاتی کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم) لە کێڵگەی نەوتی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی لە (13/5/2024) ڕایگەیاند، فرۆشی ناوخۆیی کێڵگەی نەوتی خاوی شێخان بە تێکڕا لە (1/1/2024 – 11/5/2024) نزیکەی (37 هەزار)بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی ئازاردا نزیکەی (44 هەزار و 100) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە فرۆشراوە، بەڵام لە مانگی نیساندا بەهۆی پشووی جەژنەوە ئاستی فرۆش دابەزیوە بۆ نزیکەی (38 هەزار و 900) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و لە مانگی ئایاردایشدا (ئێستا) بە تێکڕا نزیکەی (48 هەزار 300) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەفرۆشرێت. هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لەم دواییانەدا لە (25) دۆلارەوە بۆ (27) دۆلار بەرزبوونەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی خواستی بەهێزی بازاڕی ناوخۆیی. کۆمپانیاکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە داهاتی کۆمپانیای (GKP) ڕووی لە باشتربوون کردووەو تا (10ی ئایاری 2024) داهاتەکەی گەیشتووە (98 ملیۆن) دۆلار. کێڵگەی نەوتی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆمی بەریتانی وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی شێخان دەکات، کێڵگەکە دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆک، قه‌زای شێخان ده‌گرێته‌وه‌ بە (60) کم لە پارێزگای هەولێرەوە دوورە، ڕووبه‌ری کێڵگەکە نزیکەی (283) کیلۆمەتر دووجایە، کۆمپانیاکە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە و 80%ی پشکی کارکردنی لە چوارچێوەی گرێبەستی شێخان هەیە. گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنانی کێڵگەی شێخان لە ساڵی 2007 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەخشراوە، ساڵی (2009) لە یەکەم بیر لە کێڵگەدا بەناوی (SH-1) دۆزرایەوە، بۆ یەکەم جاریش تەمموزی ساڵی (2013) کێڵگەکە گەیشتە قۆناغی بەرهەمهێنان. لەو کاتەوە، زیاتر لە (100 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە. بەجۆرێک کۆی گشتی تێکڕای بەرهەمهێنان لە ساڵی (2013)دا بریتی بووە لە (هەزار و 361) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کێڵگەکە بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە تا ساڵی (2021) تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە گەیشتووە بە  (43 هەزار و 440) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. کێڵگەکە (18) بیری تێدایە بەرهەمەکانیان دەگوزارێنەوە بۆ دوو وێزگەی عەمبارکردنی نەوتی کێڵگەو لەوێوە بە بۆری نەوتی کوردستان دەگوزارێتەوە، بەم جۆرەی لە خشتەکەدا هاتووە؛ بیرە نەوتییەکانی کێڵگەی شێخان هەروەها (بڕوانە نەخشەکە) کە ژمارەی بیرو کارەکانی کۆمپانیای وەبەرهێنەر دەردەخات. کێگەی نەوتی شێخان


(دره‌و):  وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غداد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی خشته‌كانی بودجه‌ی گشتیی كردووه‌، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ تاوتوێكردنی میكانیزمه‌كانی ئاڵوگۆڕكردن و گواستنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم بووه‌ له‌ناو خشته‌كانی بودجه‌دا، له‌گه‌ڵ پرسی راده‌ستكردنی داهاته‌كانی هه‌رێم به‌ حكومه‌تی فیدراڵ. محه‌مه‌د ته‌یم وه‌زیری پلاندانان كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیشه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ پێداچوونه‌وه‌ی خشته‌كانی بودجه‌ی گشتی عێراقی كرد بۆ ساڵی 2024.  وه‌زیری نه‌وت، وه‌زیری كاره‌با، (به‌نگین رێكانی) وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ پشكی پارتی، سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق راوێژكاره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌شداربوون له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا. له‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ وه‌فدێك كه‌ پێكهاتوون له‌ ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگیی و به‌دواداچوون، به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كردووه‌. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆ كراوه‌ له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی "ئه‌نجامدانی گواستنه‌وه‌ له‌ ته‌رخانكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو خشته‌كانی بودجه‌دا، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ میكانیزمی راده‌ستكردنی ئه‌و داهاتانه‌ به‌ حكومه‌تی فیدراڵی به‌گوێره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای ئیداره‌ی دارایی و یاسای بودجه‌ی گشتی".  له‌ ته‌وه‌رێكی تری ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ زیادكردنی داهاته‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی كورتهێنان كراوه‌ له‌ بودجه‌ی گشتیدا، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ده‌قی یاسایی و داخڵكردنی فرۆشی كاره‌باو نه‌وت له‌ ناوخۆ وه‌كو داهات له‌ناو خشته‌كانی بودجه‌دا.  په‌رله‌مانی عێراق وه‌رزی یاسادانانی خۆی درێژكردوه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌یه‌وێت ده‌نگی له‌سه‌ر بدات پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی عێراقه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ كردوویانه‌.  یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراق (2023-2025-2025) له‌ كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023وه‌ كه‌وتوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ، مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ نه‌كران، یاسای بودجه‌ پشكی هه‌رێمی له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق دیاریكردووه‌، ئه‌مه‌ وایكرد له‌ مانگه‌كانی سه‌ره‌تای به‌ركاربوونی یاسای بودجه‌دا پشكی هه‌رێم زۆر پاشه‌كشێ بكات، به‌تایبه‌تیش كه‌ خه‌رجی گشتی له‌و مانگانه‌ی سه‌ره‌تادا له‌ئاستێكی نزمدا بوو. ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غداد سه‌ریكێشا بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستكاریكردنی پشكی هه‌رێم له‌رێگه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌وه‌.


درەو: رۆژنامەی (تەلەگراف)ی بەریتانی, راپۆرتێكی لەبارەی ئاماری هەوڵەكانی خۆكوشتن و  خۆسوتاندنی ژنان لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردووە, كە لەلایەن (Tom Parry _ Simon Townsley,) بەشێوەیەكی مەیدانی لە شاری سلێمانی ئامادەكراوە. 🔹هەوڵەكانی خۆكوشتن لەڕێی خۆسوتاندونەوە, لەنێو ژنانی هەرێمی كوردستانی عێراق بەرزبووەتەوە, چەندان ژن ئەم كردەوە تۆقێنەرە تراژیدیە, بە تاكە رێگا دەزانن بۆ هەڵهاتن لە توندوتیژی ناو ماڵەكان. 🔹نیگار مارف, سەرۆكی بەشی پەرستاران لە نەخۆشخانەی سوتاوی لە سلێمانی دەڵێت: حاڵەتێكی زۆر روومان تێدەكات كە لەسەرییەوە تا قاچی سوتاوە, خانەوادەكان لە ترسی شەرمەزاربوون دەڵێن, روداوەكە لەكاتی خواردن ئامادەكرندا روویداوە. 🔹رۆژنامە نوسەكانی تەلەگراف بە درێژایی نزیكەی یەك هەفتە لە سلێمانی ماونەتەوەو بەدواداچونیان كردووە, بۆیان دەركەوتووە, نەهامەتی یەك لەو ژنانەی كە بەمدواییە خۆی سوتاندووە, پرسێكی ئاساییەو لەگەڵی راهاتوون. 🔹لەماوەی ئەو هەفتەیەدا, سێ‌ حاڵەتی سوتانی مامناوەند گەیشتوونەتە نەخۆشخانەكە, بەوتەی پەرستارەكان, زۆرینەی ئەو حاڵەتانە تەنها چەند كاتژمێرێك دوای روداوەكە دەژین. 🔹رۆژنامەكە دەڵێت: خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن, لەدوای ساڵی (1991) كە كوردەكان دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیان بەدەستهێناوە, هەوڵەكانی خۆكوشتن بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی (11) هەزار ژن, سەرەڕای نەبوونی داتای باوەڕپێكراو, چونكە هەندێك لە قوربانیەكان نەبراوەنەتە نەخۆشخانە.   🔹دیاردەكە بەشێوەیەكی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی زۆرتربووە, كە خاوەنی یەكەیەكی سوتای پسپۆڕو تەنهایە لەسەر ئاستی عێراق. 🔹زۆرێك لە حاڵەتەكان بەهۆی توندتیژی ناو خێزانەكانەوە روودەدەن, بەتایبەت كە شوێنێك نیە ژنان هانای بۆبەرن و داوای هاوكاری لێبكەن. رۆژنامەكە دەڵێت: لەم كۆمەڵگە محافزكارەدا, توندوتیژییەكان لەپشتی دەرگا داخراوەكانەوە دەمێننەوە, ژنان لە تەمەنێكی كەمدا بەشودەدرێن , بەزۆری لەناوچە شاخاوییە چۆڵەكان, كە تەنها بڕێكی كەم لە خوێندەواری و چاودێری تەندروستی بەدەستدەهێنن. 🔹بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان, ژنان روبەڕووی هەڵكشانی زیاتری توندتیژی دەبنەوە لەناو ماڵەكان, بەجۆرێك تێكڕای توندیژی لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتی لەنێوان ساڵانی (2020_2021) بە رێژەی (125%) بەرزبووەتەوەو گەیشتووەتە زیاتر لە (22) هەزار حاڵەت. 🔹لە ساڵی (2012)ش, لە لێكۆڵینەوەیەكی  گۆڤاری نێودەوڵەتی بۆ پزیشكیی دەرونی هاتووە: زیاتر لە یەك لەسەرسێی ئەو ژنانەی بەشداری راپرسیان كردووە كە ژمارەیان (54) ژن بووە, لەمیانی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە سلێمانی قسەیان لەگەڵ كراوە, وتویانە: كێشە خێزانیەكان و كێشەكانی ژیانی هاوسەری هۆكار بوون. 🔹داتاكانی نەخۆشخانەی سلێمانی ئاشكرایان كردووە: لەساڵی (2007)وە, نزیكەی  (4935) ژن بەهۆی سوتاویەوە داخڵی نەخۆشخانەكە كراون, یەك لەسەر سێیان بەهۆی برینەكانیانەوە گیان لەدەستداوە, كە تەمەنی (88%) لەنێوان (15بۆ45) ساڵان بووە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand