Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

(درەو میدیا): بزوتنەوەی گۆڕان لەچەند رۆژی داهاتوودا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی رێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەكاتەوە، بەپێی قسەی هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، زیاد لە كاندیدێك دەبێت بۆ پۆستی رێكخەری گشتی. هێمن شێخانی بونی مەرجەع بۆ هەرێمی كوردستان بە پێویست نازانێت و دەڵێت" جگە لەبەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆم نازانم". شێخانی لەم گفتوگۆیەدا باس لە ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دەكات‌و دەڵێت گۆڕان هێشتا بەتەواوەتی ئەو پۆستانەی وەرنەگرتووە كە لە كابینەی نوێی حكومەتدا رێككەوتنی لەسەر كردووە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو: بەپێی دواین زانیارییەكان بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە بكات، پێشتر كۆبونەوەتان رەتدەكردەوە، چۆن بوو ئێستا بڕیاری كۆبونەوەتان داوە؟ هێمن شێخانی: ئێمە هیچ كێشەیەكمان نیە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، یەكێتی خۆی كێشەی هەیە، ئەوە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانییە، بڕیارمانداوە ئەو دۆخەی لە سلێمانی دروستووە هێورببێتەوە، ئەو گرژیانە لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێكدا نییە، نە لەبەرژەوەندی ئەو حزبانەدایە كە سەركردایەتییەكەیان لە سلێمانییە، نە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەدایە. درەو: باس لەوە دەكرێت وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان گلەییان هەیە لە مامەڵەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ؟ هێمن شێخانی: تا ئێستا ئەوەی كە من لە زاری خۆیانەوە (وەزیرەكانی گۆڕان) بیستومە، هیچ بەربەستێك لەبەردەم كارەكانیاندا نییە، راستە ئەركەكانیان قورسە‌و سەرەتایە، بەڵام ئەو بەرنامەیەی هەنگاوی بۆدەنێن تائێستا هیچ بەربەستێكیان نەبووە. درەو: ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای ئێوە لە پیرمام لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەوە، ئەو كۆبوەنەوەیە بۆچی بوو ؟ هێمن شێخانی: چارەسەركردنی كێشەی كەركوك خاڵێكی گرنگ‌و جەوهەرییە، دانیشتنەكان دەبێت دوو لایەنەو سێ لایەنە نەبێت، هێزی یەكەم لە پارێزگای كەركوك كە یەكێتییە دەبێت ئەوانیش لە كۆبونەوەكاندا بن‌و رێككەون لەسەر ئەوەی پشكی كورد چەندەو چۆن پارێزگاری لێدەكەن، هەروەها لە كۆبونەوەكەدا باس لەوە كراوە كە پشكی 12%ی بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا نەهاتۆتە خوارەوە، بۆ نمونە (3) نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەدەرەوە پشكی گۆڕانە، بەڵام تائێستا دیاری نەكراوە بۆ كام وڵاتەیە. درەو: رێگری هەیە یان رۆتینیە رێككەوتنەكەتان لەگەڵ پارتی هەمووی جێبەجێنەكراوە ؟ هێمن شێخانی: نا.. نا رێگری نیەو من تا ئێستا هیچ رێگرییەكم نەبینیوە، پێشم وانیە رێگری هەبێت، ئەم كۆبونەوەیەی ئەمڕۆ كراوە كۆتا كۆبونەوە دەبێت بۆ رونكردنەوەی زیاتری پشكی گۆڕان لە حكومەت. درەو: رەخنەی ئەوەی لە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان دەگیرێت، كە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی دەكرد، بەڵام لە پارتی نە سەرۆك و نەجێگری سەرۆك ئامادە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ نەبوون ؟ هێمن شێخانی: بەرای ئێمە پرسەكە بەتایبەت پرسی كەركوك ئەوەندە گرنگە، لای ئێمە ئەگەر پۆستی لەسەرو كاك عومەریشەوە هەمانبوایە دەماننارد، واتا پرسەكە گرنگە، گرنگە ئەوەیە ئێمە پەیامەكە بگەیەنین هەوڵەكە بدەین، ئامانجەكەمان بپێكین، ئەوەی ئەوان كەسی یەكەمیان نەناردووەو ئێمە كەسی یەكەم چووە ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، بەڵام ئێمە كەسی لەسەرو كاك عومەرییشەوە هەمان بوایە دەماننارد.  درەو: بزوتنەوەی گۆڕان كەی رێكخەرو خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت ؟  هێمن شێخانی: لە 14ی مانگ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن دەكرێت بە رێكخەریشەوە. درەو: ئامادەكاری كراوە، رێوشوێن‌و هەنگاوەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنە گیراوەتەبەر ؟ هێمن شێخانی: بەڵێ، ئامادەكاری كراوەو لەچەند رۆژی داهاتوودا دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە. درەو: گۆڕانكاری دەكرێت لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا ؟    هێمن شێخانی: دەرگای گۆڕانكاری لە 100% دەكرێتەوە، ئەو ئەندامانەی كە دەردەچنەوە پەیوەندی بە دەنگدانی جڤاتی نیشتیمانییەوە هەیە كە دەنگی پێدەدرێتەوە، بەڵام بەتەئكید گۆڕانكاری لە خانەی راپەڕاندن دەكرێت. درەو: گۆڕانكارییەكە رێكخەری گشتیش دەگرێتەوە ؟ هێمن شێخانی: من ئەوە نازانم، چونكە من ئێستاش نازانم كێن ئەوانەی كاندیدی رێكخەری گشتین ؟ درەو: عومەر سەید عەلی بۆ ئەم خولەش وەكو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەمێنێتەوە ؟ هێمن شێخانی: باوەڕ بكە تائێستا نازانم ئەوانەی كاندیدی رێكخەری گشتین كێن، ئەزانم كەسی شیاومان هەیە، بەڵام نازانم كاندیدەكانی رێكخەری گشتی كێن. درەو: جگە لە عومەر سەید عەلی كەسی تر بۆ پۆستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان خۆی كاندید دەكات ؟ هێمن شێخانی: ئەوەی خۆم تەوەقوعی دەكەم لە كاندیدێك زیاتر هەیە بۆ رێكخەری گشتی. درەو: ئێستا باس لە بەمەرجەعكردنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەكرێت لەرێگەی پرۆژەیاسایەكەوە، رای بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە چییە ؟  هێمن شێخانی: رای خۆم‌و بەشی زۆری ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانیش ئەوەیە كە تاكە مەرجەعی ئێمە خودی بەرنامەكەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفایە، لە رابردوودا ئەو بووەو بۆ ئێستاو داهاتووش هەر ئەوە مەرجەعمانە، هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆمان نازانین. من وەكو هێمن، جگە لەبەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆم نازانم. درەو: ئێوە بوونی مەرجەعێكی سیاسی بە زیان بۆ هەرێمی كوردستان دەزانن ؟ هێمن شێخانی: مەرجەع پێویست نیە، پێموایە گرفت‌و كێشەكان قوڵتردەكاتەوە.


 راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕفعەت زیاتر لە 20 رۆژە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی وڵاتە، كەسە نزیكەكانی دەڵێن "بە گەشتێكی خێزانی چوەتە دەرەوە"، بەڵام تائێستا نە سەرۆكایەتی هەرێم‌و نە میدیاكانی خۆی‌و حزبەكەی هیچ زانیارییەكیان لەبارەی گەشتەكەیەوە بۆ رایگشتی بڵاونەكردوەتەوە. دواین دەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی 6ی ئەم مانگە بوو، كە بەشداری چالنجی نەمامناشتنی كرد، یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەو دەكەن، بۆ ئەوەی مەرسوم بۆ دەستبەكاربوونی دوو جێگرەكەی دەربكات. كورتەیەك ئەمڕۆ نزیكەی (100) رۆژە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردراوە، لەدوای مەسعود بارزانی مامییەوە، دووەم سەرۆكە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا. رۆژی 29ی ئۆكتۆبەری 2017 مەسعود بارزانی دوای (12 ساڵ) كورسی سەروكایەتی هەرێمی چۆڵكرد‌و دەستی لەكاركێشایەوە، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسایەك لە پەرلەمان دابەشكرا بەسەر (سەرۆكایەتی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری)، ماوەی نزیكەی دوو ساڵ دوای دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا، تا ئەو كاتەی 28ی ئایاری ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم هەڵبژێردرا. دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە ساڵی 2005 دروستكرا، لەوكاتەوە تاوەكو دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی، هەرێمی كوردستان تەنیا یەك سەرۆكی هەبوو كە ئەویش مەسعود بارزانی بوو، ئەمە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بوو لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەهۆی هەمان رێككەوتنەوە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووە یەكێتی بۆ ماوەی دوو خول پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت. دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە بەراورد بە دامەزراوەكانی تر لەدوای دروستبوونییەوە زۆرترین كێشمەكێش‌و مشتومڕی لەسەر بووە. كێ سەرۆكە ؟ شكستهێنانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلولی 2017 كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، تەنیا پێگەی سیاسی هەرێمی لە ئاستی عێراق‌و ناوچەكە نەگۆڕی، بەڵكو كاریگەریشی لەسەر بارودۆخی ناوخۆیی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی دروستكرد. لەدوای ریفراندۆم مەسعود بارزانی بەڵێنەكەی جێبەجێكرد كە وتی:" ئەگەر ریفراندۆم سەركەوتوو نەبوو ئامادەم سەری خۆمی لەسەر دابنێم"، بارزانی سەری سیاسی خۆی دانا‌و دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشایەوە. تاوەكو رۆژانی پێش ریفراندۆم، بارەگاكەی مەسعود بارزانی شوێنی كۆبونەوە‌و پێشوازیكردن بوو لە وەفدی وڵاتان، دوای ریفراندۆم بەرپرس‌و نوێنەری وڵاتان ئاڕاستەی سەردان‌و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیان گۆڕی بەرەو بارەگاكەی نێچیرڤان بارزانی، لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا كەناڵی (رووداو) كە سەربە نێچیرڤان بارزانییە دەستەواژوەی "سەرۆك بارزانی" بەكاردەهێنێت لە روماڵكردنی هەواڵەكانی تایبەت بە مەسعود بارزانیدا، ئەمە لەكاتێكدا ئێستا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییە‌و هیچ یاسایەكیش نییە كە رێگەبدات بە بەكارهێنانی پێشگری " سەرۆك" بۆ ئەو كەسانەی كە رۆژانێك سەرۆكایەتی هەرێمیان كردووە، هاوشێوەی ئەوەی لە ئەمریكا هەیە. رەنگە كەناڵی (رووداو)‌و نێچیرڤان بارزانی لەڕێگەی بەكارهێنانی ئەو دەستەواژەیەوە بۆ مەسعود بارزانی، بیانەوێت خۆیان لە شەڕ‌و توڕەیی بارزانی مام بپارێزن، میدیا فەرمی‌و سێبەرەكانی تری پارتیش هەمان دەستەواژە بۆ بارزانی بەكاردەهێنن. ئێستا بەپێی ئەوەی لە میدیاكانی پارتیدا دەردەكەوێت، هەرێمی كوردستان دوو سەرۆكی هەیە. بەراوردكارییەك دوای سوێندخواردنییەوە، ماوەی (80) رۆژە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم دەستبەكاربووە، بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا)، لەم ماوەیەدا ئەوەی لە میدیای فەرمییەوە بڵاوكراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی تەنیا (25) چالاكی‌و دیداری سیاسی هەبووە كە زۆرینەیان نوێنەرو كونسوڵی وڵاتان بوون‌و دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم بۆ پیرۆزبایی سەردانیان كردووە، لە هەمان ماوەدا مەسعود بارزانی كە هیچ پۆستێكی فەرمی حوكمی نییە‌و تەنیا سەرۆكی پارتییە (27) دیدارو سەردانی سیاسی هەبوو. بەپێچەوانەی رۆژانی دوای شكستی ریفراندۆمەوە كە ئەستێرەی بەختی نێچیرڤان بارزانی درەوشایەوە، لەسەرەتای ئەمساڵ بەر لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، مەسعود بارزانی "بارەگای بارزانی" راگەیاند، لەوكاتەوە ئەم بارەگایە شوێنی بارەگای سەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە‌و هەموو وەفدە سیاسییە باڵاكان لەكاتی هاتنیان بۆ هەرێم كوردستان دەبێت سەردانی پیرمان بكەن‌و لەو بارەگایە لەنگەر بگرن، واتە لەپاڵ دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمدا بارەگای بارزانی بووە بە دامەزراوەیەكی تر كە هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی نییە، بەڵام بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا) كە پێشتر لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، هەوڵ هەیە لە داهاتوودا بارەگای بارزانی بەپێی یاسا بكرێت بە بارەگایەكی فەرمی (سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی هەرێم). سەرۆكێكی بێ بارەگا نێچیرڤان بارزانی ماوەی دوو مانگ‌و 20 رۆژە وەكو سەرۆكی سوێندی یاسایی خواردووە، بەڵام تائێستا بارەگای نییە‌و كۆبونەوەی دیدارەكانی لە ماڵەكەی خۆیدا دەكات لە شاری هەولێر. مەسعود بارزانی دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشاوەتەوە، بەڵام هێشتا نە دەستبەرداری دەستەواژەی "سەرۆك" بووە‌و نە "بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم"ی رادەستكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی بینای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی لەناو شاری هەولێر نۆژەنكردوەتەوە‌و دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بباتە ناو ئەو بینایەوە، پرۆسەی نۆژەنكردنەوە لەگەڵ دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانییەوە دەستیپێكردووە، بەڵام نازانرێت بۆچی تائێستا بارەگای سەرۆكایەتی نوێی هەرێم نەكراوەتەوە. بەپێی هەمواری نوێی یاسایی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی نوێی هەرێم دوو جێگری دەبێت، یەكێكیان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە (مستەفا سەید قادر)، ئەوی تریان سەربە یەكێتییە (جەعفەر شێخ مستەفا)، تائێستا هیچ یەكێك لەم دوو جێگرە بەفەرمی دەستبەكارنەبوون‌و مەرسومی سەرۆكایەتییان بۆ دەرنەچووە، واتە ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی لە دەرەوەی وڵاتە لە هەرێمی كوردستان هیچ شوێنگرەوەیەكی یاسایی نییە. نێچیرڤان لە كۆنگرەی 14 دا پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای دروستبوونی لە ساڵی 1946 تاوەكو ئێستا تەنیا (13) كۆنگرەی كردووە، دواین كۆنگرەی پارتی لەساڵی 2010 دا بوو واتە كۆنگرەی حزب زیاتر لە دوو خول دواكەوتووە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمساڵ هەموو ئەو حزبانەی ئاگاداركرد كە كۆنگرەیان دواكەوتووە، دەبێت كۆنگرەی بكەن، ئەگەرنا ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكەن. لە كۆنگرەی (13)دا بە بێ دەنگدان‌و بە تەزكیەی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی كرا بە (جێگری سەرۆكی پارتی)، بەڵام هەر لەو كۆنگرەیەدا هەموو دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی دورخرانەوە. دیارنییە پارتی بەمزوانە كۆنگرەی (14) دەكات یاخود نا، بەڵام بەتەماشاكردنی هاوكێشەی نوێی دابەشبوونی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی، دەردەكەوێت كۆنگرەی داهاتوو كۆنگرەیەكی ئاسان نابێت بۆ نێچیرڤان بارزانی.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بەتەنیا خۆی (182 هەزارو 551) دەنگی هێنا، لەسەر ئاستی كوردستان كاندیدی ژمارە یەك بوو، بەڵام چارەنوسی سیاسی لەلایەك كەوتوەتە ناو هەڵدێری ململانێی نێوان ئامۆزاكانەوە (نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی)، لەلایەكی تر ململانێی ناوخۆییەكانی حیزبەكەی، ئێستا جێگری سەرۆكی حكومەتە، بەڵام دەسەڵاتەكانی نادیارن، هەوڵێك هەیە لە كۆنگرەدا بەرپرسیارێتی پاشەكشێی یەكێتی بخرێتە ئەستۆ، ئەمە چیرۆكی قوباد تاڵەبانییە. كابینەیەكی ناسەقامگیر  ماوەی 50 رۆژی تەواوە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خواردووە‌و دەستبەكاربووە، بەڵام هێشتا كابینەكە بەتەواوەتی جێگیرو سەقامگیر نەبووە‌و (6) پۆست هەن كە پڕنەكراونەتەوە، (2) پۆست هەن كە پڕكراونەتەوە‌و كێشەی دەسەڵات‌و ئەركیان هەیە. پۆستە پڕنەكراوەكان بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) لە كابینەی نوێدا (6) پۆست هەن كە هێشتا پڕنەكراونەتەوە، كە ئەمانەن: •    پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووە‌و (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە. •    پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ئەم پۆستە بەر یەكێتی كەوتووە‌و (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوە. •    پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین، ئەم پۆستەش بەر یەكێتی كەوتووە‌و (ئیسماعیل مەحمود) كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی. •    پۆستی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە‌و هێشتا كاندیدەكەی یەكلانەكراوەتەوە. •    یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە‌و (شوان قلیاسانی و جەلال جەوهەر) كاندیدی بەهێزن بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام هێشتا بە فەرمی یەكلانەكراوەتەوە، ئەم پۆستە پێویستی بە دەكردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان. •    پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم پۆستە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوو دورخراوەتەوەو كراوە بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێدەچێت لەم كابینەیەدا ئەم پۆستە ناوەكەی بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق هەیە، هەندێك زانیاری تر هەن باسلەوە دەكەن رەنگە بەیەكجاری پۆستەكە لاببرێت‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی ئیدارەی دۆسیەی نەوت بدات. پۆستە كێشە لەسەرەكان جگە لەو (6) پۆستەی كە تائێستا پڕنەكراونەتەوە، چەند (2) پۆستێكی تر هەن لە كابینەی نوێدا كە پڕكراونەتەوە، بەڵام كێشەیان هەیە، كە ئەوانیش بریتین لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت (قوباد تاڵەبانی)‌و پۆستی وەزیری هەرێم (خالید شوانی). قوباد تاڵەبانی چارەنوسی نادیارە  قوباد تاڵەبانی كوڕی بچوكی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ جاری دووەم لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتەوە، پۆستێك كە ئێستا كێشەی دەسەڵاتی هەیە. تاڵەبانی كوڕ لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان براوەی ژمارەی یەك بوو لەسەر ئاستی هەرێم، ئەو كە سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو، بەتەنیا خۆی (182 هەزارو 551) دەنگی هێنا. قوباد تاڵەبانی دەنگی زۆری هێنا، بەڵام دەسكەوتی كەمی چنییەوە، ئەو ئێستا جێگری سەرۆكی حكومەتە، بەڵام دەسەڵاتەكانی دیارنین، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكەوتووە، بەپێچەوانەی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایەوە كە كابینەی پێشوودا دەسەڵاتی زۆری بە قوباد تاڵەبانی دابوو، مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەت نایەوێت هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆ بە قوباد تاڵەبانی بدات. (درەو میدیا) زانیویەتی، مەسرور بارزانی پێدانی دەسەڵات بە جێگرەكەی وەكو تۆخكردنەوەی دووئیدارەیی لە هەرێم تەماشادەكات، سەرباری ئەوە قوباد تاڵەبانی خستوەتە لیستی دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانییەوە، كە لەم كابینەیەدا هەمویان دورخراونەتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە لە كابینەی پێشووی حكومەتدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، قوباد تاڵەبانی وەكو سەرۆكی حكومەتی سلێمانی مامەڵەی دەكرد‌و جڵەوی هەموو بڕیارو خەرجی‌و داهاتەكانی زۆنی سەوزی كۆنترۆڵكردبوو، تەنانەت لێپرسینەوەی لە بەرپرسانی ئیدارەی زۆنی سەوز دەكرد‌و لە ئاستی هەرێمی كوردستانیشدا رۆڵی دیاری لە جموجوڵی دارایدا هەبوو. بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێك لە سەركردەكانی حزبەكەی (یەكێتی) تۆمەتباریان دەكرد بەوەی كە "تەنیا جانتا بۆ نێچیرڤان بارزانی هەڵدەگرێت"، قوباد تاڵەبانی سودی لە پەیوەندییە دۆستانەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بینی بۆ جڵەوكردنی دەسەڵات لە زۆرنی سەوز، بەڵام پێناچێت لەگەڵ مەسرور بارزانیدا بتوانێت هەمان رێگا تاقیبكاتەوە. چەند سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، قوباد تاڵەبانی نیگەرانە لەوەی لە كابینەی نوێدا تائێستا لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دەسەڵاتەكانی دیارینەكراوە، تا ئەو رادەیەی داوای لە كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری حزبەكەی كردووە، ئەو لە حكومەت بكشێنیتەوە‌و لە دەرەوەی حكومەت بمێنێتەوە. سەرچاوەكان  لەناو یەكێتییەوە باسلە لەوەدەكەن، قوباد تاڵەبانی نیگەرانە‌و دەوام ناكات، بەڵام سەمیر هەورامی وتەبێژی فەرمی قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، قوباد تاڵەبانی ئێستا سەرقاڵی كاركردنی خۆیەتی لە ئەنجومەنی وەزیران‌. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆنگرەی داهاتووی یەكێتیدا كە بڕیارە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ ببەسرێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی قوباد تاڵەبانییەوە لە پێگەی ماڵباتی تاڵەبانی بدرێت، هەندێك لە جەمسەرەكان ناو یەكێتی كادیرانی حزبیان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا رەخنەی توند لە ئەدای كاركردنی قوباد تاڵەبانی بگرن لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت‌و بەرپرسیارێتی پاشەكشێتی یەكێتی‌و خراپی خزمەتگوزارییەكان‌و ناڕەزایەتییەكانی زۆنی سەوز دژ بە یەكێتی بخەنە ئەستۆی ئەو. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەناو یەكێتی هەوڵێك هەیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی بڕیاری پاشەكشێكردن بدات لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، بڕیاری كشانەوەكەی لەلایەن جێگری یەكەمی سكرتێری گشتییەوە دوابخرێت بۆ ساڵێك دوای دەستبەكاربوونی، چونكە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ماوەی ساڵێكی دیاریكردووە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای كاركردنی نوێنەرەكانی یەكێتی لە حكومەت، ئەوانەی ئەم داواكارییە دەكەن دەیانەوێت كشانەوەی قوباد تاڵەبانی لە حكومەت وا لێكبدرێتەوە كە لە هەڵسەنگاندنی ئەدای كاركردنی سەركەوتوو نەبووە‌و لە پۆستەكەی لابراوە، نەك خۆی داوای كشانەوەی كردووە.  لەناو یەكێتی هەندێك ناڕەزایەتی تر لەبارەی قوباد تاڵەبانییەوە هەیە، هەندێك لە یەكێتییەكان كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن بەهۆی پەڵپگرتنی قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەوەی دەبێت سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت، یەكێتی ژمارەیەك پۆستی تری لە كابینەی نوێدا لەدەستداوە‌و زیانی بەركەوتووە، كەچی ئێستا قوباد تاڵەبانی دەیەوێت دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت. سەرباری ئەم كێشانە، هێشتا قوباد تاڵەبانی‌و نێچیرڤان بارزانی دڵیان لای یەكترە، سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پێشتر نێچیرڤان بارزانی بەشێوەی زارەكی داوای لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە، كەسێك بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید بكەن كە زمانزان‌و دیپلۆماتكار بێت، بەوپێیەی بەهەر هۆكارێك ئەگەر ئەو لە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەمێنێت یاخود گەشتی دەرەوەی وڵات بكات، جێگرەكانی لە كوردستان لە شوێنی ئەو پۆستی سەرۆكی هەرێم بەڕێوەدەبەن. نێچیرڤان بارزانی خوازیار بوو یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (قوباد تاڵەبانی) یاخود (عومەر فەتاح) كاندید بكات، (عومەر فەتاح) لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا جێگری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو، (قوباد تاڵەبانی)ش لەكابینەی هەشتەمدا، واتە هەردووكیان ئەزمونی كاركردنیان وەكو جێگر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا هەبووە. بەڵام ئەم رۆژی 7ی تەموز، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەفەرمی لە نوسراوێكدا ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا)ی وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كرد، بۆیە گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی بۆلای نێچیرڤان بارزانی ئەگەرێكی لاوازە، هەرچەندە باسلەوە دەكرێت (جەعفەر شێخ مستەفا) كە كاندیدكراوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم هێشتا دەستبەرداری پۆستی فەرماندەی هێزەكانی (70)ی یەكێتی نەبووە‌و ئۆفیسەكەی لە فەرماندەیی رادەست نەكردووە، واتە دڵنیا نییە لەوەی پۆستەكەی پێدەدرێت یاخود نا. خالید شوانی چاوەڕوانە ! پۆستی وەزیری هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووە‌و (خالید شوانی) پۆستەكەی وەرگرتووە، یەكێكی ترە لەو پۆستانەی كابینەی نوێی حكومەت كە پڕكراوەتەوە بەڵام كێشەی لەسەرە. هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان یەكێتی‌و پارتی كراوە، دەبوو ئەم پۆستی ناوی لێبنرایە (وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد)، بەڵام بەرپرسانی پارتی رەتیدەكەنەوە رێككەوتنی لەوجۆرەیان كردبێت. لەدوای دەستبەكاربوونی حكومەت، وەفدی حكومەتی هەرێم یەكجار سەردانی بەغدادی كردووە، ئەوجارەش خالید شوانی لەناو وەفدەكەدا نەبوو. لە كابینەی نوێی حكومەتدا (3) پۆستی وەزیری هەرێم هەیە، پارتی‌و یەكێتی‌و پێكهاتەی توركمان هەریەكەیان پۆستێكیان وەرگرتووە، بەڵام تەنیا وەزیرەكەی پارتی ناونیشانی بۆ دیاریكراوە كە (ڤالا فەرید)‌و پۆستی وەزیری هەرێمی بۆ كاروباری حكومەت‌و پەرلەمان پێدراوە، خالید شوانی‌و ئایدن مەعروف لە پێكهاتەی توركمان وەزارەتەكەیان هیچ ناونیشانێكی وەزیفی بۆ دیارنەكراوە، یەكێتی داوا دەكات پۆستەكەی (خالید شوانی) بكرێت بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری نێوان هەولێرو بەغداد، پێدەچێت ئەم ناونیشانە كێشە بۆ پۆستەكە دروستبكات لە داهاتوودا. پۆستێك لە مەرجی گۆڕاندا سەرباری ئەو پۆستانەی كە پڕنەكراونەتەوە‌و ئەو پۆستانەی كە پڕكراونەتەوە، بەڵام كێشەیان لەسەرە، پۆستێكی تر هەبوو كە لە كابینەی نوێدا كێشەی دروستكرد، ئەویش پۆستی (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی) بوو. ئەم پۆستە بڕیاربوو بدرێت بە (رێباز حەملان) وەزیری دارایی‌و ئابوری كابینەی پێشووی حكومەت، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان دژی دانانی ئەو پۆستە‌و كاندیدكردنی رێباز حەملان وەستایەوە‌و پارتی بە مەرجەكەی گۆڕان قایل بوو. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر دوو هۆكاری دژی دانانی رێباز حەملان‌و پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بووە بۆ كاروباری دارایی، یەكەم: رێباز حەملان پێشتر سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان بووە‌و وازی لە بزوتنەوەكە هێناوە، دووەم: پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری دارایی لێدان‌و كەمكردنەوەی دەسەڵاتی وەزیری داراییە كە لەم كابینەیەشدا سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە (ئاوات شێخ جەناب). بەهۆی ناڕەزایەتی گۆڕانەوە پارتی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری دارایی لابردو پێناچێت تا كۆتایی هیچ كەسێك ئەم پۆستە وەرگرێت، رێباز حەملان هاوشێوەی قوباد تاڵەبانی یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی‌و چاوەڕوان دەكرێت وەكو راوێژكاری لە سەرۆكایەتی هەرێم دابنرێت.


درەو میدیا: سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی لە شاری كەركوك بە (درەو میدیا)ی راگەیاند: ئەمرۆِ هێزێكی حەشدی شەعبی (130) خێزانی داعشی لەكەمپێكی نزیك كەركوك نێشتەجێكرد. سەرچاوەكە وتی خێزانەكانی داعش لە كەمی یەكی ناحیەی لەیلان لە كەركوك جێگیركراون، كە پێشتر ئەم كەمپە لەسەردەمی شەڕی داعشدا ئاوارەی  پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە و نەینەوا تێدا نێشتەجێكرابون. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ژمارەی ئەو كەسانە كە كەسوكاری داعشن و ئەمڕۆ جێگیركراون ژمارەیان ( 504) كەسەو مەترسی هەیە ئەم خەڵكانە لە كاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردندا بەڵگەنامەی تایبەت بە دەنگدانیان بۆ بكرێت و بەشداری لە هەڵبژاردنیان پێبكرێت لە بەرژەوەندی لایەنێك، كە لەكاتێكدا بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان هەر كەسێك دەتوانێت بە دوو بەڵگە دەنگبدات.  بە پێی نوسراوێك كە واژۆی بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140ی لەسەرە لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە (600)  خێزانی پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین , دیالە, ئەنبار‌و بەغداد، هێنراون بۆ پارێزگای كەركوك .  


(درەو میدیا): دوو گێڕانەوەی جیاواز هەیە لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی سیروان كوێخا نەجم بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی لە چەمچەماڵ، یەكێتی بەفەرمی مستەفا چاڵاوی لە شوێنی سیروان كوێخا نەجم دیاریكرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بە بڕیارێكی كۆسرەت رەسوڵ عەلی پۆستی لێپرسراوی مەڵبەندی چەمچەماڵی لە سیروانی كوێخا نەجم وەرگیراوەتەوە‌و مستەفا چاڵاویی كە ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی ئەو حزبەیە، لە شوێنەكەی دانرا.  سیروان كوێخا نەجم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی ئەو حزبە، ماوەی سێ رۆژە لە قەڵاچوالان دەستبەسەرە. دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، رۆژی 25-8-2019 بە ماددەی 421/31، لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەرایەتیی چالاكییەكانی دژەتیرۆر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سیروانی كوێخا نەجم دەركردووە. لەبارەی هۆكاری دۆسیەی دەستبەسەركردنی سیروانی كوێخا نەجم باس لە دوو گێڕانەوەی جیاواز دەكرێت: •    گیڕانەوەی یەكەم: هەندێك سەرچاوەی باڵای ناو یەكێتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردون باسلەوە دەكەن، سیروانی كوێخا نەجم هەوڵی تیرۆركردنی ئاسۆ ئەڵمانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی حزبەكەی داوە، سیروانی كوێخا نەجم كاندیدبوو بۆ وەرگرتنی پۆستێكی وزاری لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەوترێت لەسەر پشكی كەركوكییەكان ویستویەتی ئەو پۆستە وەرگرێت، بەڵام كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی رێگرییان لێكردووە‌و لەوەوە كەوتوەتە ناكۆكی لەگەڵ ئاسۆ ئەڵمانی. •    گێرانەوەی دووەم: هەندێك سەرچاوەی تری ناو یەكێتی كە قسەیان بۆ (درەو میدیا) كردووە باس لەوە دەكەن، یەكێتی زانیوەیەتی دەزگای هەواڵگری پارتی (پاراستن) لەڕێگەی هاوسەری دووەمییەوە، سیروانی كوێخا نەجمی بەكارهێناوە لەدژی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، تا ئەو رادەیەی پلانداڕێژراوە بۆ تیرۆركردنی ئاسۆ ئەڵمانی‌و بۆ ئەو مەبەستە سیروانی كوێخا نەجم لەگەڵ بەرپرسێكی باڵای سەربازی پارتی كۆبوەتەوە‌و بڕیاربووە چەند سەركردەیەكی تری باڵای پارتی ببینێت، بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، هەوڵی تیرۆركردنی ئاسۆ ئەڵمانی پەیوەندی بە ناكۆكی نێوان سیروان كوێخا نەجم‌و ئاسۆ ئەڵمانییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە كێشەی نێوان ئاسۆ ئەڵمانی‌و پارتییەوە هەیە‌و لەماوەی رابردوودا ئاسۆ ئەڵمانی لە كەركوك زیانی زۆری بە پارتی گەیاندووە.  (درەو میدیا) ناتونێت هیچ یەكێك لەم گێڕانەوانە پشتڕاست بكاتەوە، چونكە پرۆسەی لێكۆڵینەوە لەگەڵ سیروانی كوێخا نەجم بەشێوەیەكی نهێنی بەڕێوەدەچێت‌و نەچووەتە ناو دادگاوە‌و زیاتر لێكۆڵینەوەیەكی ئەمنی حزبییە. 


راپۆرت: درەو میدیا بە واژۆی بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140، لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە (600)  خێزانی پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین , دیالە, ئەنبار‌و بەغداد، دەگەڕێنرێنەوە بۆ پارێزگای كەركوك، كە ئەمەش شاڵاوێكی رێكخراوی تەعریبە لەو پارێزگایە. بەپێی نوسراوێك كە واژۆی كاكەڕەش سدیق بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140 و هاوكات ئەندامی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لەسەرە، بە شەش لیست ناوی ( 600) خێزانی عەرەبی لە ماوەی تەنها سێ مانگدا ( 11/3 -28/6/2019  ) گەڕێنراونەتەوە بۆ پارێزگای كەركوك. گەڕانەوەی ئەو خێزانە عەرەبانە بۆ كەركوك بەو لێشاوە، گومانی گەورەی دروستكردووە بەوەی لە سەروەختی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە ( 1ی نیسان)ی داهاتوو بەڕێوەبچێت هاوكات بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرژمێری بكرێت، كە ئەمەش گۆڕینی دیمۆگرافیای كەركوكەو لایەنە كوردییەكانیش بێدەنگیان هەڵبژاردووە.  كورد پێكهاتەی دۆڕاوی كەركوك لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كورد لە پارێزگای كەركوك دەسەڵات‌و پێگەی بەتەواوی لاواز بووە، نەبوونی بەرنامەیەكی رون بۆ چارەنوسی ئەو پارێزگایەو ناكۆكی لایەنە كوردییەكان هێندەی تر پێگەی كوردی لاواز كردووە.  لە دوای راگەیاندنی ناوی ( تەیب جەبار) وەك كاندیدی پارتی‌و یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك لە 11ی تەموزی 2019 لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، بەڵام تا ئێستا یەكێتی و پارتی خۆیان نیانتوانیوە ئەندامانی خۆیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رازی بكەن بۆ هەڵبژاردنی كاندیدە هاوبەشەكەیان، بەشێك لە ئەندامانی هەردوو حزب لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕازین بە كاندیدكردنی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك. لە كۆبونەوەی هەفتەی رابردووی لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ  ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە هەولێر بەڕێوەچوو, بەشێك لە ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕەزاییان دەربڕیوە لەسەر دیاریكردنی كاندیدی پارتی و یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك. بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئەو ئەندامانەی پارتی كە ژمارەیان ( 5 ) ئەندامە لە كۆی ( 12) ئەندامی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایانگەیاندووە " نابێت تەنها یەك كاندید هەبێت‌و پێویستە 4 كاندید هەبێت و ئەوان یەكێكیان هەڵبژێرن". هەروەها ئاماژەیان بەوەشكردووە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی حیسابیان بۆ نەكردون لە دیاریكردنی ئەو كاندیدەو بۆیە ئامادە نین دەنگ بە كاندیدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بدەن. بۆیە چاوەڕەوان دەكرێت و هەوڵەكانیش بەو ئاراستەیەیە كە تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (1ی نیشانی 2020) پارێزگاری كەركوك هەڵنەبژێردرێت و راكان جبوری لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە  لە راكان جبوری نزیك دەبنەوە راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، ئێستا لەرووی ئیعلامییەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دژایەتی خۆیانی بۆ رادەگەیەنن، بەڵام لەپشتی پەردەوە مامەڵەی دیكە دەگوزەرێت. بە پێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی كەركوكەوە دەستی كەوتووە، بەهۆی ئەوەی راكان جبوری نزیكەی لە ( 600 ملیار) دیناری لەبەر دەستدایە، بەشێكی زۆری سەركردەكانی یەكێتی لە كەركوك مامەڵەی ژێر بە ژێریان لەگەڵی هەیە ئەویش لە پێناو پێدانی پرۆژەو سود مەندبون لەو پارەیەی لەبەردەستیدایە, بۆ نمونەش شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی خەرجكردنی پارە لەلایەن خودی راكانەوە، كە بەشێك لە ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ عەرەبەكان 21 واژویان كۆكردەوە بەوەی راكان جبوری خۆی دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی پترۆدۆلار و بودجەی هەرێمیی هەبێت. هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە تائێستا چەندین كۆبونەوەی نهێنیان لەگەڵ راكان جبوری كردووە، جبوری لەماوەی رابردوودا چەندین جار لە شاری هەولێر كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كردووەو یەكێك لەو كۆبوونەوانە هەفتەی رابردوو لە شاری هەولێر بەڕێوەچووە.  


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ – محەمەد رەئوف  وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی شەممە 21ی ئەیلولی داهاتووی دیاریكرد بۆ كردنەوەی دەرگای خوێندگەكان‌و دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020، ئێستا كەرتی پەروەردە لەبەردەم كۆمەڵێك قەیران و ئاڵنگاری گەورەدایە بەو پێیەی ژێرخانی پەروەردە بەشێكی داڕوخاوەو رەنگە چارەسەركردنیان پێویستی بە پلانی درێژخایەن بێت، 60%ی قوتابخانەكان پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە 100 قوتابخانە هەر كارەبای نیە، 30 قوتابخانە لە بینای گڵدایە،( هەزارو 785) قوتابخانە دوودەوامیەو ( 134 ) قوتابخانە سێ دەوامیە. ژینگەی قوتابخانەكان ژینگەی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا ژینگەیەكی نالەبارەو گونجاو نیە بۆ خوێندن و لەگەڵ سیستمی نوێی خوێندندا یەكناگرێتەوە, ژمارەیەكی بەرچاوی بینای قوتابخانەكان كۆن و داڕزیون و بەكەڵكی خوێندن نایەن‌و تەنانەت هەندێكیان مەترسی روخانیان لێدەكرێت. لە ساڵانی رابردوودا ئەمە روویداو خوێندكارو مامۆستا كەوتنە ژێر دارو پەردووی ئەم بینا داڕزیوانە و خوێندكارێكیش گیانی لەدەستدا. بەگوێرەی ئاماری خودی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان لەم سەدەی بیست و یەكەدا، ئێستا(30)  قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ و قوڕ دروستكراون، هەروەها 60%ی قوتابخانەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، هاوكات ( 1785 ) قوتابخانە دوودەوامییەو ( 134 ) قوتابخانە سێ دەوامییەو ( 5 ) قوتابخانە چوار دەوامییەو ( 194 ) قوتابخانە لە بینای كرێدان و (100) قوتابخانەش كارەبای نیە.  -    لە ساڵی خوێندین 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە ( 3162 ) قوتابخانەی پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە بەڕێژەی (60%). -    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (501) قوتابخانەی شورا( دیوار)ی نیە بەرێژەی ( 9%). -    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 6635 )دەوامی قوتابخانە ( 4705) قوتابخانە یەك دەوامیە ( 1785) قوتابخانە دوو دەوامیە( 134) قوتابخانە سێ دەوامیە ( 5) قوتابخانە چوار دەوامی و پێنج دەوامیە -    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لە كۆی ( 5234 ) قوتابخانە (194) قوتابخانەی لە بینای كرێدان. -    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (1395) قوتابخانەی میوانن. -    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (30) قوتابخانەی لە بینای گڵدان‌و تا هیچ تایبەتمەندییەكی قوتابخانەی تیا نیە. -    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 317 هەزارو 619 ) رەحلەی یەك كەسی ( 36 هەزارو 84 ) رەحلە پێویستی بە چاككردن هەیەو ( 30 هەزارو 583) رەحلە خراپە . -    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 650 هەزارو 82 ) رەحلەی دوو كەسی (78 هەزارو 86) رەحلە پێویستی بە چاككردن هەیەو ( 53 هەزارو 483) رەحلە خراپە. -    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (2411) قوتابخانەی باخچەی نیە بەرێژەی ( 46%) -    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (100) قوتابخانەی كارەبای نیە. -    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (350) قوتابخانە تەوالێتی مامۆستای نیەو (159) قوتابخانە تەوالێتی قوتابی نیە. -    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (716) قوتابخانە تۆڕی ئاوی پاكی خواردنەوەی نیە. ژمارەی مامۆستا لەگەڵ میلاكدا یەكناگرێتەوە لە هەرێمی كوردستاندا (128 هەزارو 424) مامۆستا هەیە، كە (54 هەزارو 110 ) مامۆستای لە رەگەزی نێر بەرێژەی ( 42%) و (74 هەزارو 311) مامۆستا لە رەگەزی مێن بە رێژەی ( 58%) لەگەڵ ( 11 هەزارو 136 ) مامۆستای وانەبێژ، لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 ( 11 هەزارو 379) مامۆستا مۆڵەتیان وەرگرتووە. ئەوەش رێژەیەكی كەم نیە ئەگەر زیاد نەبێت, بەڵام هۆكاری ئەوەی كە هەندێك قوتابخانە بەدەست بێ مامۆستایی و كەمی مامۆستاوە دەناڵێََنن ئەوەیە كە ناڕێكی لە دابەشكردنی مامۆستادا هەیە، قوتابخانە هەیە رێژەی زیاد لە پێویستی مامۆستای هەیە، قوتابخانە هەیە ژمارەی مامۆستاكانی ئەگەر بەقەد خوێندكارەكانی نەبێت هیچی وای كەمتر نیە، قوتابخانەش هەیە بە نزیكەی (700) خوێندكارەوە (10) مامۆستای هەیە، لە هەرێمدا هەر مامۆستایەك 17 خوێندكاری بەردەكەوێت.   وازهێنان لە خوێندن  دیاردەی وازهێنان لە خوێندن دیاردەیەكی خراپ‌و مەترسیدارە لە هەرێمی كوردستاندا، بەپێی ئامارەكانی خودی وەزارەتی پەروەردە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان واز لە خوێندن دەهێنن، ئەمە جگە لەوانەی كە هەر پەیوەندیان بە خوێندنەوە نەكردووەو ناونوس نەكراون كە ئەمانە هیچیان لەم ئامارانەدا نین ژمارەی ئەو قوتابیانەی وازیان لە خوێندن هێناوە لە ساڵی خوێندنی 2017-2018 لەكۆی ( ملیۆنێك و 741 هەزارو 762 ) قوتابی (34 هەزارو 527) قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێكیان فاكتەری ئابوری كۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام بەشێكیشی پەیوەستە بە ژینگەی قوتابخانەوە كە ژینگەیەكی نەگونجاوە لەگەڵ خواست و ویستەكانیانداو زۆرێك لە قوتابخانەكان وەك سەربازگە یاخود زیندانێك وان بۆ قوتابیان، بۆیە هەست بە خۆشی و ئاسودەیی ناكات لە ناو بینای قوتابخانە، كەمی و نەبوونی وانەكانی ( وەرزش، میوزیك، هونەر..هتد) كاریگەری زۆری لەسەر  وازهێنانی قوتابی هەیە. چارەسەر وەزیری نوێی پەروەردە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە دەستبەكاربووە، ئەو وەزارەتێكی وەرگرتووە كە بەدەست ئەو كێشە كەڵەكەبووانەی سەرەوە دەناڵێنێت. لە دەستپێكی كارەكانیدا وەزیری نوێ چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ چارەسەركردنی هەندێك لەو كێشانە كە بریتین لە: * هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی هەردوو بابەتی ( بیركاری‌و زانست) بە زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانە بنەڕەتییەكاندا، كە ئەمە لە رابردوودا كێشەیەكی زۆری بۆ خودی خوێندكاران‌و كەسوكاریان‌و تەناتەت مامۆستایانیش دروست كردبوو. * قەدەغەكردنی وتنەوەی وانە لە خوێندنگە ئەهلییەكاندا لەلایەن مامۆستایانی قوتابخانە حكومییەكانەوە، ئەوەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچوانی زانكۆ‌و پەیمانگاكان كە چەند ساڵێكە دامەزراندن لە كەرتی حكومییدا وەستاوە. *پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2019- 2020). * ڕێگەنەدان بە كردنەوەی خولی بەهێزكردن و وتنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە. ئەم بڕیارانەی وەزیری پەروەردە ئەگەرچی بۆ  پرۆسەی پەروەردە‌و فێركردن لە هەرێمدا گرنگن، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی كێشە قوڵە‌و گەورەكانی ئەو پرۆسەیە ناكات، چونكە چارەسەری كێشەكانی پەروەردە پێویستی بە بودجەی باش‌و پلانی ستراتیژی هەنوكەیی‌و درێژخایەن هەیەۆ بەشێك لەو كێشانە بەمشێوەیە چارەسەر دەبن: * كەرتی پەروەردە بەدەست كەمی بینا‌و خراپی بیناوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویستە حكومەت‌و وەزارەتی پەروەردە لەم بوارەدا بودجەیەكی تایبەت تەرخان بكەن بۆ بونیاتنانی خوێندنگەی نوێ‌و نۆژەنكردنەوە‌و چاككردنی بیناكان‌و گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمدا. * دابینكردنی كەلوپەل‌و پێداویستییەكانی تایبەت بە پرۆسەی پەروەردە‌و فێركردن كە ئێستا تەكنۆلۆژیای پێشكەتوو رۆڵی بەرچاو دەبینێت لەو پرۆسەیەدا. * رێكخستنەوەی میلاكی خوێندنگەكان لە مامۆستا‌و فەرمانبەر‌و كارگوزار‌و باخەوان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، چونكە كێشە لە كەمی میلاكدا بەو شێوەیە نییە بەڵكو كێشەكە لە رێكخستنی میلاكاتدا هەیەو هەندێك خوێندنگە میلاكی زۆرە‌و هەندێكیش میلاكی زۆر كەمە. * چاوخشاندنەوە بە بابەتەكانی خوێندن‌و گونجاندنیان لەگەڵ سەردەم‌و دۆخی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا. * بایەخدان بە مامۆستایان، كە بڕبڕەی پشتی پرۆسەی پەروەردە‌و فێركردنن‌و گۆڕانكاریكردن لە دەستەی بەڕێوەبردنی خوێندنگەكاندا بەشێوەیەك كە ئەوانەی خوازیارن لەو بوارەدا خزمەت بكەن بواریان بۆ بڕەخسێت‌و ئەوانەشی چەندین ساڵە لەو ئەركەدان‌و ماندووبون پشوو بدەن‌و بگەڕێنەوە‌و خوێندكاران‌و پەروەردەش سود لە ئەزمونیان وەربگرن. وەزارەتی پەروەردە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم لە 1992 دامەزراوەو بە یاسای ژمارە (4) ساڵی (1992) وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، كاری خۆی دەكات.  بەپێی ئەو زانیاریانەی كەلە سایتی فەرمی وەزارەتی پەروەردەدا بڵاوكراوەتەوە(https://moe-krg.com) لە دیوانی وەزارەت ( 5 ) راوێژكار هەیە، لەناو دیوانی وەزارەتدا ( 12 ) بەرێوەبەری گشتی هەیە، سەرەڕای بەرێوەبەری گشتی پەروەردەكان، لەگەڵ ( 7) بەرێوەبەرایەتی لەناو دیوانی وەزارەتی پەروەردە.    * سود لە راپۆرتی ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان وەرگیراوە 


راپۆرتی: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ  9ی ئەیلولی داهاتوو دوایین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، بەشێك لە ئەندامانی پارتی و یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كاندیدكردنی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك ناڕازین‌و لە كۆبونەوەی دوو رۆژی رابردووشیاندا لە شاری هەولێر  ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕەزایی خۆیان بە لیژنە هاوبەشەكە راگەیاندووە.  دانانی پارێزگاری كەركوك بە كوێ گەیشتووە؟ لە دوای راگەیاندنی ناوی ( تەیب جەبار) وەك كاندیدی پارتی‌و یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك لە 11ی تەموزی 2019 لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك. بە گوێرەی سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە بۆ ( درەو میدیا) قسەیكرد: وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی كە پێكهاتوون لە: -  یەكێتی: خالید شوانی، ئەحمەد عەسكەری، هۆشیار مەلا عەبدولڕەحان - پارتی:  ئومێد سەباح، شاخەوان عەبدوڵا، مەسعود مەلا پەروێز راشیگەیاند وەفدەكە بەجیا لەگەڵ  ئەندامانی یەكێتی،پارتی، یەكگرتوو، لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوەتەوەو بڕیارە لە هەفتەی داهاتووشدا لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان كۆببێتەوە. ئەندامانی پارتی ناڕازین لە كۆبونەوەی دوو رۆژی رابردووی لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ  ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە هەولێر بەڕێوەچوو, بەشێك لە ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕەزاییان دەربڕیوە لەسەر دیاریكردنی كاندیدی پارتی و یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك. بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئەو ئەندامانەی پارتی كە ژمارەیان ( 5 ) ئەندامە لە كۆی ( 12) ئەندامی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایانگەیاندووە " نابێت تەنها یەك كاندید هەبێت‌و پێویستە 4 كاندید هەبێت و ئەوان یەكێكیان هەڵبژێرن". هەروەها ئاماژەیان بەوەشكردووە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی حیسابیان بۆ نەكردون لە دیاریكردنی ئەو كاندیدەو بۆیە ئامادە نین دەنگ بە كاندیدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بدەن. كامەران كەركوكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی پارتی، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە"لە هەولێر لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی دا كۆبووینەتەوە، تۆپەكەمان فڕێدایەوە ساحەی مەكتەبی سیاسی هەردوو حیزب." بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك  ( محەمەد كەمال و كامەران كەركوك)ی دیارترین ناڕازییەكانن، لە رۆژی 11ی تەموزی رابردوو و دوای راگەیاندنی ناوی كاندیدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك ویستویانە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ببەستن و ناڕەزایی دەرببڕن، لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڵام دواتر لە سەركردایەتی پارتیەوە رێگریان لێكراوە.  ناڕەزایی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەتایبەت لە گفتوگۆ و دانوستانەكاندا پرسیان پێناكرێت و پارتی كۆمەڵێك گەنجی تری هێناوەتە پێشەوە لە كەركوك و حساب بۆ ئەمان ناكات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئەندامانە لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا زیانی زۆریان بەركەوتووە، بۆیە ئەوان بە رونی بە وەفدە هاوبەشەكەیان  راگەیاندووە  كاندید  فەرزكردن قبوڵناكەن، بەڵام وەفدی پارتی رایان گەیاندووە  ئەوە كێشەی ناوخۆی خۆیانەو چارەسەری دەكەن.  لەبەغداد لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان كۆدەبنەوە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی‌و پارتی لە بەغداد لەگەڵ وەفدی سیاسیی عەرەب و توركمانەكانی كەركوك كۆببنەوە، چونكە وەفدی پارتی ئامادەنین لە كەركوك كۆبونەوە بكەن بۆیە كۆبونەوەكە دەبرێتە بەغداد،  ئەو سەرچاوەیە رەتیكردەوە كۆبونەوەكەی بەغداد لیستی برایەتی بێت، بەڵكو وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتیەو لەگەڵ نوێنەری عەرەب و توركمانەكان كۆدەبێتەوە،ئەگەر بگەنە رێككەوتن ئەوا لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێرن. 45 رۆژ دیاریكراوە بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان  سەقفی زەمەنی دیاریكراوە بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك، پێشتر ئاسۆ مامەند, ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی بە رۆژنامەی كوردستانی نوێی زمانحاڵی حزبەكەی راگەیاندبوو" لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەی نێوانماندا كە ئیمزاكراوە، 45 رۆژ وەك سەقفی زەمەنی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك دانراوە و هیوادارین رێككەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە" بەڵام بە پێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا) ئەو 45 رۆژەی كە لە رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتیدا هاتووە بە رونی دەڵێت: 45 رۆژ لەدوای یەكەم دانیشتنی لیژنە هاوبەشەكەوە), لیژنەكە لە رۆژی 25ی تەموز یەكەم كۆبونەوەی كردووە تا ئەمڕۆ دەكاتە ( 28 ) رۆژ واتا هێشتا ( 17) رۆژی ماوەو تا ( 9ی ئەیلول) دوایین رۆژی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكە.   


(درەو میدیا): وەفدی باڵای كۆمەڵە ( رێكخراوی كوردستانی پارتی كۆمۆنیستی ئێران)‌و پژاك ( پارتی ژیانی ئازاد) لەسەر ئاستی باڵا كۆدەبنەوە‌و  گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی ناوچەكە‌و داهاتووی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و ئێران تاوتوێدەكەن‌و رێككەدەكەون لەسەر یەخستنی هەوڵ‌و تواناكانیان بۆ نەهێشتنی فرە میلیشیایی لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە داهاتوودا. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بە هاوكاری لایەنی سێیەم كە دۆستی هەردوو لایەن وەفدی باڵای كۆمەڵە‌و پژاك بە سەرۆكایەتی ئیبراهیم عەلیزادە‌و سیامەندی موعینی لە پارێزگای سلێمانی كۆبوونەتەوە‌و بڕیاریشە كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بێت. بە گوێرەی سەرچاوەكەی (درەو میدیا) لە كۆبوونەوەكەدا وەفدی باڵای كۆمەڵەو پژاك پێشهاتەكانی جیهان‌و ناوچەكە‌و خۆرهەڵاتی كوردستان‌و ئێرانیان تاوتوێكردووە‌و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆئەوەی لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەكدا لە داهاتوودا لە ئێران‌و خۆرهەڵاتی كوردستان هەماهەنگ‌و هاوكاری یەكتربن. هەروەها وەفدەكەی كۆمەڵە‌و پژاك رێككەوتون لەسەر ئامادەكاریی هاوبەش بۆ ئەگەری روودانی هەر گۆڕانكارییەك لە خۆرهەڵاتی كوردستان‌و ئێران نەهێشتنی فرە میلیشیایی لەو پارچەیەكی كوردستان كە گەرەنتی هەڵنەگیرسانی شەڕی براكوژیی‌و دووبارەنەكردنەوەی ئەزمونی هەرێمی كوردستانی باشوور دەكات. ئەوە یەكەمجارە وەفدی باڵای پارتی ژیانی ئازاد " پژاك" لەگەڵ لایەنێكی سەرەكی حزبەكانی خۆرهەڵاتی كوردستاندا كۆببێتەوە كە كۆمەڵە ( رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێرانە)‌و كۆبوونەوەكەش بە هەوڵی لایەنی سێیەم ئەنجامدراوە كە دۆستی هەردوو حزبە.


 (درەو میدیا): 10 ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لە نوسراوێكدا كە بۆ حاكم قادر بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتییان نوسیوە‌و كۆپییەكی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، نیگەرانی لە بەڕێوەبەرەكەیان دەردەبڕن. لە نوسراوەكەدا ئەو ئەفسەرانە باس لە گەندەڵی‌و رۆتینی ئیداری‌و كێشەو گرفتەكانی ناو بەڕێوەبەرێتی پاسپۆرتی سلێمانی دەكەن. ئەفسەرەكان باسلەوەدەكەن" عەمید سالار بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی هەستاوە بە دروستكردنی دوبەرەكی لەنێوان ئەفسەرو كارمەندان، بەجۆرێك وایكردووە كەسیان متمانەمان بە یەكتری‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەماوە". لەبەشێكی تردا ئاماژەبەوەدەكەن" بەڕێوەبەر جیاوازی زۆری دروستكردووەو دائیرەی كردووە بە دوو چینەوە، چینە دڵسۆزەكان‌و چینە سیخوڕە دەسەڵاتدارەكانی خۆی". ئەفسەرە ناڕازییەكان دەڵێن:" عەمید سالار ژوورێكی كردوەتەوە لەلای خۆی بەناوی (VIP)، چەند كەسێكی نزیكی خۆی داناوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو فایلانەی كە مەبەستیەتی‌و ئارەزوی هەیە بۆ جێبەجێكردنی بەبێ ئەوەی بە كۆنترۆڵ و رێكارە یاساییەكاندا بڕوات، پاش ئەوەی ئاشكرابوو بە تەسكەرەو جنسیەی تەزویر پاسپۆرت بۆ خێزانێكی داعش بەناوی (محەمەد عەلی مستەفا) دروستكراوە، لیژنەی لەسەر گیرا، خۆی گەیاندە وەزارەتی ناوخۆو كێشەكە بە تەوبیخ- سەرزەنشتكردن چارەسەركرا". بەوتەی ئەو ئەفسەرانە، عەمید سالار عەبدوڵا، چەندین كەسی دڵسۆزی گواستوەتەوەو ئەفسەرانی پارتی لە شوێنیان داناوە، ئەفسەری دڵسۆزی لە بەڕێوەبەرایەتی سلێمانییەوە گواستوەتەوە بۆ پاسپۆرتی كەلارو هەڵەبجە، كەسانێكی لە شوێنیان داناوە كە نزیكن لەخۆیەوەو ئەوەش بۆ جێبەجێكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆی.. عەمید سالار متمانەی داوە بە نوێنەری پارتی بۆ جێبەجێكردنی كارەكان و دەرگای بۆ ئەفسەرانی پارتی و بەغداد كردوەتەوە بەویستی خۆیان لیژنەمان لەسەر بگرن‌و محاسەبەمان بكەن بەبێ ئەوەی لەسەر یەكێكیان بێتە جواب". ئەفسەرەكان، بەڕێوەبەرەكەیان تۆمەتباردەكەن بەوەی دەستی خستوەتە كاری "عەریزەنوسەكان"و خۆیان كۆمپانیایەكیان داناوە بەناوی "میوان" بۆ ئەوەی تەنها لەڕێگەی ئەو كۆمپانیایەوە كاری هاوڵاتیان بكرێت، ئەفسەرەكان ئاگادركراونەتەوە جگە لەو كۆمپانیایە كار بە فایلی سكاڵا نوسی تر نەكەن.  لە بەشێكی تری نوسراوەكەدا ئەفسەرەكان نوسویانە"ئاگاداری بەشی چاودێری كردووە كە هەر كەسێكی دەوڵەمەند هات، بیبەن بۆلای بەڕێوەبەر بەمەبەستی وەرگرتنی پارە، بۆ نمونە كاتێك شاسوار عەبدولواحید هات بۆ بەڕێوەبەرێتیمان پارەی لێوەرگرت‌و چەند ئەفسەرو كارمەندێكی نزیكی خۆی پێ نارد بۆ گەشت بۆ توركیا".  (درەو میدیا) پەیوەندی بە عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانییەوە كرد، ناوبراو رەتیكردەوە ئاگاداری ئەو نوسراوە بێت كە ئەفسەرەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئاڕاستەی حاكم قادریان كردووە، بەڵام ناوەڕۆكی تۆمەتەكانی رەتكردەوە. عەمید سالار رەتیكردەوە هیچ قسەیەك لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە بكات كە ئاڕاستەی كراوە، بەوپێیەی وەكو خۆی وتی:" ئەوان سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن‌و بەپێی یاسا بۆیان نییە لێدوان بدەن"، ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بابەتە دەبێت لەلایەن داواكاری گشتی‌و دادگاوە یەكلابكرێتەوە.      


درەو میدیا:  لەماوەی شەش مانگی یەكەمی 2019 لە هەرێمی كوردستاندا 32 ژن خۆیان كوشتووەو 58 ژن خۆیان سوتاندووەو 47 دەستدرێژی سێكسیش كراوەتە سەر ژنان  بەپێی خشتەیەكی رێكخراوی رێوانی تایبەت بە پرسی ژنان  رێژەی توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدایەو تەنها لە شەش مانگی یەكەمی 2019 دا زیاتر لە 5 هەزار پێشێلكاری بەرامبەر بە ژنان تۆماركراوە لە( كوشتن، خۆكوشتن، سوتان، خۆسوتان، سكاڵا، دەستدرێژی سێكسی)  لە ئامارەكەدا هاتووە •    22  ژن كوژراون كە 7 یان لە سلێمانی و 7 یان لە دهۆك و 5 یان لە هەولێرن  •    32 ژن خۆیان كوشتووە كە زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆك بووە 13 ژن خۆیان كوشتووە، دواتر لە پارێزگای سلێمانی 11 ژن خۆیان كوشتووەو پاشان هەولێر كە لەو شەش مانگەدا 7 ژن خۆیان كوشتووە،  •    99 ژن سوتاون كە زۆترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە 28 ژن سوتاون دواتر پارێزگای سلێمانی 23 ژن و پاشان پارێزگای دهۆك كە 21 ژن خۆیان سوتاندووە هەروەها لە ئیدارەی راپەڕین 11 ژن سوتاون. •    58ژن خۆیان سوتاندووە كە هەولێر لەپلەی یەكەمدایە 18 ژن خۆیان سوتاندووەو دواتر لە پارێزگای سلێمانی 17 ژن و پارێزگای دهۆك 10 ژن و سۆران 7 ژن و راپەڕێن 6 ژنخۆیان سوتاندووە  •     ( 4972) ژن سكاڵایان تۆماركردووە، لەو ژمارەیە پارێزگای هەولێر لە پلەی یەكەمدایە كە ( 1754) ژن سكاڵایان تۆماركردووەو لە پارێزگای سلێمانی ( 1243) ژن سكاڵایان تۆماركردووەو پارێزگای دهۆك ( 1216) ژن سكاڵایان تۆماركردووە. •    47 ژن دەستدرێژیان كراوەتەوە سەر، پارێزگای سلێمانی لە پلەی یەكەمدایەو 16 ژن دەستدرێژیان كراوەتەوەتە سەرو دواتریش پارێزگای دهۆك دێت كە 12 حاڵەت هەبووەو لە پارێزگای هەولێریش 11 حاڵەتی دەستدرێژی هەبووە. 


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت (878 هەزار) موچەخۆر تائێستا موچەی مانگی ئایاری رابردویان وەرنەگرتووە، پشووی جەژن كێشەی بۆ هاتنی پارەی لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە، پەرلەمانی كوردستان كە چاودێرە لەسەر حكومەت ئەم رۆژانە سەرقاڵی دابینكردنی پاسەوان‌و جێگیركردنی ئیمتیازاتەكانی تری پەرلەمانتارانە، سەرۆكی حكومەت بۆ پشووی جەژن گەشتی دەرەوەی وڵاتی كردووە، وتەبێژی حكومەتیش وەڵامی تەلەفۆن ناداتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. تەنیا پێنج وەزارەت وەریانگرتووە زیاتر لە (40) رۆژە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، ئەم كابینەیە لەیەكەم ئەزموونی دابەشكردنی موچەدا، بەشێكی زۆر لە فەرمانبەرانی دوچاری دوودڵی كرد. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئێستا لە كۆی (31) وەزارەت‌و سەرۆكایەتی‌و دەستە، تەنیا (5) وەزارەت موچەی مانگی ئایاریان وەرگرتووە، واتە لە كۆی (ملیۆنێك‌و 249 هەزار) موچەخۆر تەنیا (370 هەزار) موچەخۆر، موچەیان وەرگرتووە. (درەو میدیا) لەگەڵ چەند سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی هەرێم لەبارەی دواكەوتنی موچە قسەی كرد، ئەو بەرپرسانە دڵنیاییان دا كە هیچ مەترسییەك لەسەر موچەی فەرمانبەران نییە‌و هۆكاری دواكەوتنی موچەی هەندێك لە وەزارەتەكان، بۆ رۆتین‌و پشووی جەژنی قوربان دەگەڕێتەوە. بڕیارە حكومەتی عێراق لە رۆژانی (15 بۆ 17)ی هەموو مانگێك پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام ئەمجارە كاتی ناردنی پارەكە كەوتە رۆژانی جەژنی قوربانەوە، سەرباری پشووی جەژن هەندێك كەمتەرخەمیش لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە هەبووە كە وایكردووە پارەكە لەكاتی خۆیدا نەگات. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەو (5) وەزارەتەی كە موچەی مانگی ئایاریان وەرگرتووە، لە پارەی فرۆشی نەوت‌و داهاتی ناوخۆی هەرێم موچەكانیان بۆ دابینكراوە. سەرۆكی حكومەت لە ماڵ نییە لەكاتێكدا بەشێكی زۆر فەرمانبەران بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیانەوە دوچاری نیگەرانی‌و دوودڵی بوون، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەبۆنەی پشووی جەژنی قوربانەوە گەشتی دەرەوە وڵاتی كردووە‌و بەوهۆیەوە پاش جەژن كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نەكراوە. مەسرور بارزانی لە وتاری دەستبەكاربوونیدا وتی:" حكومەتێكمان وەرگرتووە كە چەندین ملیار دۆلار قەرزارە.. لە دەستپێكدا كابینەكەمان روبەڕووی دۆخێكی سەختی دارایی دەكاتەوە". ئێستا كە مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، كابینەی نوێ هێشتا ساڵی دارایی راستنەكردووەتەوە‌و زەمەن كە لە كۆتایی مانگی ئابدایە، بەڵام موچەخۆران موچەی مانگی ئایاری وەردەگرن. وتەبێژ قسە ناكات جوتیار عادل لەجێگەی سەفین دزەیی بووە بە وتەبێژ لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەم پیاوە كەسێكی نزیكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە. لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێدا، بەرپرسان لە لیستێكدا ژمارە تەلەفۆنی خۆیان بۆ رۆژنامەنوسان‌و هاوڵاتیان ئاشكراكرد، ئەمە ژمارە تەلەفۆنەكەی جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتە (07504563485)، لەدوای دەستبەكاربونییەوە (درەو میدیا) چەندینجار بۆ چەندین بابەتی جیاجیا پەیوەندی لەگەڵ كردووە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان ناداتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە وتەبێژ تەنیا یەك ئەركی هەیە، كە ئەویش قسەكردنە بۆ رۆژنامەنوسان‌و رایگشتی، لەبارەی دواكەوتی موچەی فەرمانبەرانەوە ئەم وتەبێژە هیچ قسەیەكی نەكردووە. تاوان‌و سزا "كاردەكەین بۆ چاكسازی لە كەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆرو خانەنشین‌و چارەسەركردن‌و رێكخستنەوەی دەوام.." ئەمە خاڵی یەكەمی كارنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. كابینەی نوێ كە ماوەی (42) رۆژە دەستبەكاربووە‌و تائێستا تەنیا (3) كۆبونەوەی كردووە، لەم ماوەیەدا یەك خاڵی كارنامەكەی جێبەجێكردووە كە ئەویش رێكخستنەوەی دەوامی فەرمانبەرانە. حكومەت بڕیاریداوە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی بكاتەوە، واتە بارودۆخەكە بگەڕێنێتەوە بۆ پێش قەیرانی دارایی‌و پاشەكەوتی موچەی موچەخۆران. بەهۆی قەیرانی داراییەوە شوباتی ساڵی 2016 حكومەتی هەرێمی كوردستان رێژەی لەنێوان (25% بۆ 75%)ی موچەی موچەخۆرانی بڕی، ئەمە ناوی لێنرا "سیستمی پاشەكەوتی موچە"، شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی موچەخۆرانی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆ هێوركردنەوەی توڕەیی فەرمانبەران، وەزارەتەكان فەرمانگەكانیان سەرپشك كرد دەوامی رۆژانە كەمبكەنەوە، بەڵام بەمەرجێك كەمكردنەوەكە كارنەكاتە سەر رایكردنی ئیشوكاری هاوڵاتیان. لەوكاتەوە تاوەكو دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەت، زۆربەی فەرمانگەكان رۆژی پشووەكانیان زیادكردووە‌و كاتی دەوامی رۆژانەشیان كەمكردوەتەوە، لەم ساڵانەدا دیاردەی "تناوب" واتە جێگرتنەوە دەركەوت، كە ئەمەش كاركردنە بە تیمێكی كەم‌و فەرمانبەرێك لە شوێنی چەند هاوكارێكی تری كاروبارەكان رادەپەڕێنێت. حكومەت بەدوو قۆناغ لە مانگی ئازاری 2018 و دواجاریش لە مانگی ئازاری 2019 بەیەكجاری پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەڵگرت، بەهانەی فەرمانبەرانی بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام بڕی. مەسرور بارزانی فەرمانیداوە هەموو وەزارەت‌و فەرمانگەكان لە كاتژمێر (8:00)ی سەرلەبەیانییەوە تاوەكو (3:00)ی پاشنیوەڕۆ دەوام بكەن، یەكەم سزادان لەسەر پەیوەستنەبوون بەم كاتە نوێیەوە لە سلێمانی دەستیپێكرد. بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بەهۆی پابەندنەبوون بە كاتی نوێی دەوامكردنەوە، بەفەرمانێك (27) فەرمانبەری خۆی سزادا‌و پارەی رۆژێك دەوامكردنی لە موچەكانیان بڕی. هەر لە سلێمانی، (52) فەرمانبەرو موعیدو هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانكۆی سلێمانی سزا دران بەهۆی ئەوەی دژ بە دواكەوتنی موچەكانیان، بایكۆتی دەوامیان كرد. كابینەی نوێی هێشتا بڕیاری كابینەی پێشووی بۆ راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران هەڵنەوەشاندوەتەوە‌و سەرباری ئەمەش كاتی دابەشكردنی موچەی مانگانەی فەرمانگەكانی جێگیرنەكردوەتەوەتەوە، بەڵام سزای لەسەر كارمەندان جێبەجێ دەكات ئەگەر پابەند نەبن بەكاتی نوێی دەوامكردنەوە. پەرلەمان سەرقاڵی خۆیەتی پەرلەمانی كوردستان كە بەپێی یاسا ئەركی یاسادانان‌و چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)ە، ئەم رۆژانە سەرقاڵی كاروباری تایبەت بەخۆیەتی‌و هیچ قسەیەكی ئەوتۆی نییە لەبارەی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، ئێستا پرسی گەرمی پەرلەمانی كوردستان بابەتی چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پاسەوانی تایبەتی پەرلەمانتارانە. سامی جەلال بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رۆژی دووشەممە لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، بۆ بابەتی دامەزراندنی پاسەوان بۆ پەرلەمانتارانی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان، دوو بیرۆكە لە ئارادایە:  بیرۆكەی یەكەم: هاوشێوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پاسەوانیان بەشێوەی گرێبەست بۆ دابمەزرێنرێت. بیرۆكەی دووەم: وەكو خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە دامەزراندنی هەمیشەیی بێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، كۆدەنگییەك لەناو پەرلەمانتاران هەیە لەسەر ئەوەی هاوشێوەی خولەكانی پێشوو هەریەكەیان (3) پاسەوانیان بەشێوەیەكی هەمیشەیی بۆ دابمەزرێنرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ دەیەوێت بەشێوەی گرێبەست پاسەوانیان بۆ دابنرێت، چونكە خول لەدوای خول، پەرلەمانەوە ژمارەیەكی زیاتر پۆلیسیان بۆ زیادەكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسا دوای تەواوبوونی خولەكانیان خانەنشینبونیان، هەر پەرلەمانتارێك پۆلیسێكی پاسەوانی لەگەڵدا دەمێنێتەوە. ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆ تاوتوێی پێشنیازەكانی تایبەت بە پاسەوانی پەرلەمانتاران دەكرێت. بەگوێرەی زانیارییەك كە رۆژنامەنوس سەرتیپ وەیسی كەریم بڵاویكردوەتەوە" بەپێی فەرمانێكی حكومەت، هەفتەی داهاتوو هەر وەزیرێكی كابینەی نوێ ئۆتۆمبێلێكی جۆری توێتا لانگلۆزەر (وەنەوشە) وەردەگرێت، لەگەڵ دامەزراندنی هەشت پاسەوان (كە لە ڕابردوودا حەوت پاسەوانیان هەبوو) لەگەڵ پێدانی ڤێلایەك و میوانخانەیەك و شوێنی مانەوەی پاسەوانەكان". سەرتیپ وەیسی كەریم باسلەوەدەكات، ئەمە پەرلەمانتارانی نیگەران كردووە‌و جۆرێك لە ململانێی لەنێوان پەرلەمان‌و حكومەت دروستكردووە، چونكە" پەرلەمانتاران پێیانوایە، حكومەت بەبێ رەچاوكردنی یاسا بە ئارەزووی خۆیان ماف و ئیمتیازات بەخۆیان دەبەخشن، لەولاشەوە بەدەر لە یاسا مامەڵە لەگەڵ پەرلەمانتاران دەكەن، نایانەوێ پەرلەمانتار ئەو مافانەی بە یاسایی پێبدرێت". لەم بارودۆخەی نێوان پەرلەمان‌و حكومەتدا، كەس ئاگای لە دۆخی موچەخۆران‌و نیگەرانبوونیان لە دواكەوتنی موچەكانیان نییە. 


 راپۆرتی: محەمەد رەئوف قەیوم یاسایەك بۆ دوورخستنەوەی دەستی كورد لە دەسەڵاتە خۆجێییەكان، كورد لە باكوری كوردستان دابەش بووە بەسەر دوو جۆر لە كاری سیاسییدا، جۆری یەكەم خەباتی چەكداری سیاسییە لە چیا، ئەمە كورت بوەتەوە لە گەریلاكانی پارتی کرێکارانی کوردستان " پەكەكە" لە شاخ، رێككەوتن و دانوستان لەگەڵیان و پرۆسەی ئاشتی بە بنبەست گەیشتووە. جۆری دووەم خەباتی شارە، ئەمەیان كورت دەبێتەوە لە چەند هێزێكی سیاسی كە لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكانی توركیا كاردەكەن، تاكە رێگەی بەردەم خەباتی شار هەڵبژاردنە، دەوڵەتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان چۆن دانوستان و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئاراستەی كاری سیاسی شاخ هەڵپەساردووە، پرۆسەی دیموكراسیشی لەبەردەم كاری سیاسیی شاردا بە چەند یاسایەك كۆت و بەندكردووە، یەكێك لەو یاسایانە ( یاسای قەیوم)ە.    قەیوم چیە؟  لەدوای كودەتا سەرنەكەوتووەكەی تەموزی ٢٠١٦، پەرلەمانی توركیا دوای یەك مانگ و لە ١٤ی ئابی ٢٠١٦ (پرۆژە یاسای قەیوم)ی پەسەند كرد، لە دەستوری توركیاشدا لە ماددەی 334دا یاسای (قەیوم) رێكخراوە،  بەپێی یاسای قەیوم  ئەو سەرۆك شارەوانییانەی پشتگیرییان لە "رێكخستنە تیرۆریستییەكان" كردووە، دەسەڵات بە وەزارەتی ناوخۆ دراوە سەرۆك شارەوانییەكان لەكار دووربخاتەوە و لە شوێنەكەی ئەوان كەسی دیكە، كە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستنیشانكراوە دادەمەزرێنرێت.  قەیوم ئەو كەسانەیە كە حكومەتی توركیا لە دەرەوەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی شارەوانیەكان دایاندەنێت ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆكە هەڵبژێردراوەكان تۆمەتبار دەكات بە پشتگیری لە" رێكخستنە تیرۆریستییەكان" كە دەوڵەتی توركیا لێرەدا مەبەستی پەكەكەیە. یاسای قەیوم دەتوانێت بە ئاسانی بەبیانوی تیرۆرەوە سەرۆك شارەوانیەكان بگۆڕێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە میانی كۆبوونەوەیەكی جەماوەرییدا لە شاری (یۆزگات)رۆژی ٢٥ی شوباتی ٢٠١٩ لەبارەی شارەوانییەكانی باكوری كوردستانەوە وتی: "ئەو توانایەی دەوڵەت دەیخاتە بەردەستتان، ئێوە رەوانەی قەندیلی دەكەن، ئێوە دەڵێن ئەو شارەوانییانەی كە لە رێگای قەیوم زەوتكراون و جارێكی دیكە دەیانبەینەوە، ئەگەر هاوڵاتیانم دەرفەت بە بردنەوەتان بدەن، ئەوا ئێمەش یەكسەر بەبێ چاوەڕوانی جارێكی دیكە قەیوم دادەنێینەوە. بەڵێ بەم شێوەیە درێژە بە رێگاكە دەدەین". سەپاندنی قەیوم دوێنێ لە راگەیەندراوێكدا  وەزارەتی ناوخۆی توركیا یاسای قەیومی بەسەر سەرۆك شارەوانییەكانی (ئامەد، مێردین ، وان)ی جێبەجێكردو لە كارەكانیان دوورخستەوە. وەزارەتی ناوخۆی توركیا هۆكاری دوورخستنەوەی ئەو سەرۆك شارەوانییانەی گەڕاندەوە بۆ"بوونی لێكۆڵینەوە لەسەریان لەبارەی تۆمەتی تیرۆرەوە" لەبری هەریەك لە سەرۆك شارەوانییەكانی گەورە شارەكانی ئامەد، وان و مێردین كەسانی تر دانران لە شوێنیان بەم شێوەیە: -    لەبری دكتۆر سەلچوك میرزاكلی، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئامەد، حەسەن باسری گوزەل ئۆغڵو بووە سەرۆك شارەوانی قەیومی ئامەد. -    لەبری ئەحمەد تورك، سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین، مستەفا یامان، بووە سەرۆك شارەوانی قەیومی مێردین. -    لەبری بەدیعە ئۆزگۆكچە، سەرۆكی گەورە شارەوانی وان، محەمەدئەمین بیلمەز بووە سەرۆك شارەوانی قەیومی وان. پێشتریش لە دوای دەرچونی یاسای قەیومەوە لە 2016  لەكۆی ( 102) سەرۆك شارەوانی ناوچەكانی باكوری كوردستان سەربە هەدەپە،(94) سەرۆك شارەوانییان دورخرانەوەو قەیومیان لە جێگە دانرا و سەرۆكەكانیان یان زیندانی كراون یان لەكارەكانیان دوورخراونەتەوە بە پاساوی جۆراوجۆر كە زۆرترینیان بە تۆمەتی لایەنگری بۆ پەكەكە بووە.  لەم خولەشدا كە هەدەپە  ( 68) سەرۆكی شارەوانی بەدەستهێنا( 7 شارەوانی گەورە، 50 قەزاو 11 ناحیە)، لەكۆی سەرۆكی  (7) گەورە شارەوانی ، ئێستا ( 3 ) سەرۆك شارەوانیان دورخراونەتەوەو تەنها ( 4 ) سەرۆكی گەورە شارەوانی بەدەست هەدەپەوە ماوە.  وەزارەتی ناوخۆی توركیا لەگەڵ بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانیەكاندا(ئۆپەراسیۆنی دژ بەتیرۆر)ی لە چەند پارێزگایەكی باكوری كوردستان دەستپێكردووە، بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆی توركیاش لە(29) شار ئۆپەراسیۆنی سڕینەوەی تیرۆر دەستپێكردووە لەو چوارچێوەیەشدا تائێست(418) كەس دەستگیركراون، كە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكانی هەدەپەن. بێدەنگی بە واتای قبوڵكردنە!  لە راگەیەنراوێكداپارتی دیموكراتیی گەلان (هەدەپە)  داوا دەكات بێدەنگ نەبن و دەڵێت" بێدەنگی بە واتای قبوڵكردنە" بەپێی راگەیەنراوەكەی هەدەپە "هاوسەرۆكانی شارەوانییەكانی لە ئامەد بە ڕێژەی ٦٣%، لە مێردین بە ڕێژەی ٥٦% و لە وانیش بە ڕێژەی ٥٣%ی دەنگەكان هەڵبژێردران" هەدەپە ئەو هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا بە"  كودەتایەكی نوێی سیاسیی" لەقەڵەم دەدات و پێی وایە" وەزارەتی ناوخۆ ناوەندی كودەتاكەیەو بڕیارەكانیشی دژ بە دیموكراسییە و ناوەندی چەواشەكاریی و زەوتكردنی ئازادی و مافەكانە"   هەدەپە دەلشَێت"هێندەی نوكە دەرزییەك ئەو دەسەڵاتە ڕەوایەتیی دیموكراتیكی نەماوە. ئێستا لە رێگەی زەوتكردنی ئیرادەی گەلەوە ئەوەی لە سەندوقەكان بەدەستیان نەهێنا، دەیانەوێت بە فێل و تەڵەكە و توندوتیژییەكانی دەوڵەت بەدەستیبهێنن و ئەوەش بووەتە شتێكی ئاسایی هاوپەیمانیی ئاكەپە – مەهەپە".    گویڵ و داود ئۆغڵۆ دژن عەبدوڵا گویڵ سەرۆك كۆماری پێشوی توركیا دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە بە كارێكی " نادروست" لە قەڵەم دەدات، لە تویتێكدا نوسیویەتی"لابردنی سەرۆك شارەوانییە تازە هەڵبژێردراوەكان بۆ دیموكراسی توركیا كارێكی  دروست نییە".  ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆك وەزیرانی پێشوی توركیا بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانیەكانی هەدەپە بە " پێشێلكردنی رۆحی دیموكراسی" ناو دەبات داود ئۆغڵۆ لە توێتێكدا نوسیویەتی"لابردنی سەرۆك شارەوانیە هەڵبژێردراوەكانی (مێردین، دیاربەكر، وان)و دانانی قەیوم لە جێگەیان، پێشێلكردنی رۆحی دیموكراسییە، چونكە ئەوەی لەرێگەی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵكەوە هات، دەبێت بەهەڵبژاردن بروات".


لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ڕۆژی 1ی 9 ڕۆژی پەیوەندیكردنی مامۆستایانە، رۆژی شەممە  21ی 9  ڕۆژی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنە لە هەرێمی كوردستان. یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە بەکۆى دەنگ بریاردرا  ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی (١٩/٨/٢٠١٩)، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی سازکرد لە هۆڵی کۆبوونەوەی نووسینگەی وەزیر، کۆبوونەوەکە کاتژمێر (١٠)ی بەیانی دەستیپێکرد، کاتژمێر (٦:٤٠)ی ئێوارە کۆتایی هات، پاش وتووێژ و تاووتوێکردنی سەرجەم تەوەرەکان، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە ئەم بڕیارانەی دا: 1-دیاریکردنی ڕۆژی (١/٩/٢٠١٩) بەڕۆژی دەستبەکاربوون (مباشرە)ی مامۆستایان و دیاریکردنی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی (٢١/٩/٢٠١٩) بە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠١٩ – ٢٠٢٠) لە هەرێمی کوردستان. 2-پێکهێنانی لیژنەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، بەسەرۆکایەتی بەڕێز مامۆستا (برهان عبداللە عادل)، تایبەت بە کەمکردنەوەی ڕۆتین و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کارگێڕی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان لە پارێزگاکان و پەروەردەی قەزاکان، لەگەڵ پیادەکردنی پێوەری چاودێری پێویست. 3-پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەکان، بەسەرۆکایەتی ڕاوێژکار مامۆستا (برهان عبداللە عادل) و ئەندامێتی هەریەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی مامۆستا (احمد سمایل رحمان) و (شیلان خلیل جنید) و (جلال همزە کاکەشین) و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠ – ٢٠٢١). 4-پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی میکانیزمی دانانی بانکی پرسیار تایبەت بە ئەزموونەکانی قۆناغی (١٢)ی ئامادەیی، بە سەرۆکایەتی مامۆستا (کریم لطیف) بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان، ئەندامێتی مامۆستا (کاوە عومه‌ر) و بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، لەماوەی چوار مانگدا پێویستە کارەکانیان تەواو بێت. 5-ڕێگەنەدان بە کردنەوەی خولی بەهێزکردن و وتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوه‌. 6-هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بەئینگلیزی کردنی هەردوو بابەتی (بیرکاری و زانستە گشتیەکان) تایبەت بەقۆناغی فێرکردنی بنەڕەتی کە لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٥ – ٢٠١٦)ەوە دەستیپێکردووە، هاوکات بڕیاردرا بۆ گرنگیدان بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆرانی بواری زمان لە زانکۆکانی کوردستان بکرێت.  7-پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی وەزیری پەروەردە و ئەندامێتی هەریەکە لە ڕاوێژکار مامۆستا (بورهان عه‌بدوڵا عادل) و بەڕێوەبەرانی گشتی (مەریوان بەگۆگ) و (بەکر کەریم) و بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان (هۆزان تحسین)، بەمەستی پێداچوونەوە و بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی (٢٠١٢) و ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٦)ی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ ئەنجومەنی خانمان.. پۆستێك لە دەرەوەی دانوستان ماوەی (7) ساڵە ژنێك بە پلەی وەزیر‌و لەناو ئەنجومەنی وەزیراندایە‌و لە پۆستەكەی لانەچووە، ئەو ژنە (پەخشان زەنگەنە)یە كە پێشمەرگەیەكی كۆنی حزبی شیوعی كوردستانە، (7) ژنی تریش هەن كە پلەی بەڕێوەبەری گشتییان هەیە‌و بەهەمان شێوە (7) ساڵە لە پۆستەكەیان ماونەتەوە. ماوەی مانگێكە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە، گۆڕانكاری لە سەرجەم وەزارەت‌و دەستە سەربەخۆكانی سەر بە حكومەتدا كراوە، بەڵام ئەم گۆڕانكارییانە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانی نەگرتوەتەوە. ئەنجومەنی باڵای خانمان سەربە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا هیچ دانوستانێكی لەسەر ئەم پۆستە نەكراوە‌و هیچ لایەنێك داوای نەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت دەیەوێت ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان هەڵوەشێنێتەوە. لەبارەی ئەنجومەنی خانمانەوە  ئەنجومەنی باڵای خانمان لە رۆژی 14ی كانونی یەكەمی ساڵی 2009 بڕیاری دامەزراندنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، بەڵام فەرمانی دەستبەكاربوونی ئەندامەكانی لە شوباتی 2012 دەرچووە. بەپێی ئەوەی لە سایتی فەرمی حكومەتی هەرێمدا هاتووە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆكایەتی ئەنجومەنی خانمان دەكات، وەزیرەكانی (ناوخۆ، دارایی، داد، رۆشنبیری، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، پەروەردە) ئەندامن تێیدا. ئەنجومەنی باڵای خانمان سەربە ئەنجومەنی وەزیرانە، سەرەتا كە بڕیاری دروستكردنی درا، هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی كە ئەم ئەنجومەنە سەربە پەرلەمان بێت، بۆئەوەی پەرلەمان بتوانێت هەموو خولێك گۆڕانكاری لە پێكهاتەكەیدا بكات، بەڵام ئەو هەوڵە سەركەوتوو نەبوو. ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، بەپێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران لە تشرینی دووەمی 2010 بەبڕیارێكی سەرۆكایەتی هەرێم بەپلەی تایبەت (پلەی وەزیر) دامەزرێندراوە. (7) ژن كە لە بواری مافەكانی ژناندا چالاكن، بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران وەكو ئەندام لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بۆ ماوەی یەك خولی (4) ساڵی دامەزرێندراون، بەپێی پەیڕەو ئەمانە تەنیا بۆ ماوەی یەك خولی تر دەتوانن بمێننەوە، واتە زۆربەیان بەپێی ئەو پەیڕەوەی كە نوسراوەتەوە بۆیان نییە لەم خولە نوێیەدا لە پۆستەكانیان بمێننەوە. ئەمیندارو ئەندامان كێن ؟ پەخشان زەنگەنە ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان، لە دامەزراندنییەوە تاوەكو ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانە بە پلەو موچەی (وەزیر)، واتە ماوەی (7) ساڵە ئەم ژنە لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە. سەرەتای دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، (9) ژن لە ئەنجومەنەكەدا ئەندامبوون، بەڵام ئێستا (7) ژن ماونەتەوە كە پلە‌و موچەی (بەڕێوەبەری گشتی)یان هەیە. بەپێی ئەو سیستمەی لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت، موچەی مانگانەی وەزیر یان ئەو كەسەی كە پلەی وەزیری هەیە (8 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە، ئەوانەشی كە پلەی بەڕێوەبەری گشتییان هەیە، مانگانە لانی كەم موچەكەیان دەگاتە (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار. لیستی ناوی ئەمیندارو ئەندامانی ئەنجومەنەكە: •    پەخشان زەنگەنە: ئەمینداری گشتی  •    كۆسار كەمال: ئەندامی ئەنجومەن (پارتی)  •    نازدار عارف: ئەندامی ئەنجومەن (پارتی) •    ئەمەل جەلال: ئەندامی ئەنجومەن (یەكێتی) •    روناك فەرەج: ئەندامی ئەنجومەن (یەكێتی)  •    پەروین حەسەن:  ئەندامی ئەنجومەن ( بزوتنەوەی گۆڕان) •    دڵخواز عەبدولقادر: ئەندامی ئەنجومەن (یەكگرتووی ئیسلامی) •    ئەدیبە عەبدول: ئەندامی ئەنجومەن (كۆمەڵی ئیسلامی) ئەمەل جەلال ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" ئەمیندارو ئەندامانی ئەنجومەن لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانەنراوە، ئێمە بە نوێنەرایەتی رێكخراوەكانی ژنان چوینەتە ناو ئەنجومەنەكە‌و ئەوان ئێمەیان دیاریكردووە". بەڵام لە هەرێمی كوردستان رێكخراوەكانی بواری ژنان زۆرینەیان سەربە حزبە سیاسییەكانن، پەروین حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بۆ (درەو میدیا) پشتڕاستیكردەوە كە ئەو لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لەو پۆستە دانراوە. لە كابینەی هەشتەمدا كاتێك نێچیرڤان بارزانی بەبڕیاری حیزبەكەی (پارتی دیموكراتی كوردستان)، وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركرد، پەروین حەسەن كە نوێنەری گۆڕان بوو لە ئەنجومەنی كاروباری خانمان، لە پۆستەكەی مایەوە‌و دورنەخرایەوە، پەروین حەسەن بەرلەوەی گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، وەكو نوێنەر لە ئەنجومەنەكە دانراوە. حزبی شیوعی‌و حكومەت حزبی شیوعی كوردستان كە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا یەك كورسی هەیە، بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی نەكرد‌و ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی راگەیاند، بەڵام پەخشان زەنگەكە كە كادیرێكی باڵای حزبی شیوعییە هێشتا لە حكومەت نەكشاوەتەوە‌و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانە. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، پەخشان زەنگەكە رایگەیاند:" من ئەم پۆستەم لەسەر بنەمای بەشداری حزبی شیوعی لە حكومەت وەرنەگرتووە‌و نوێنەرایەتی حزبی شیوعی ناكەم لە حكومەت، من خۆم وەكو شەخسی داوام لێكراوە ئەم پۆستە وەربگرم‌و تائێستاش بەردەوامم". پەخشان زەنگەكە باسی لەوەكرد، تائێستا كە كابینەی نوێی حكومەت دەستبەكاربووە داوای ئەوەی لێنەكراوە دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت‌و لەكاركردنی خۆی بەردەوامە. كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" خاتوو پەخشان وەكو نوێنەری حیزب لە ئەنجومەنەكە نییە، خاتوو پەخشان بەدرێژایی ژیانی كاری سیاسی كردووە‌و پێشمەرگە بووە، كەسایەتییەكە لە بواری ژناندا كاری كردووە‌و بە كەفائەتی خۆی لەو پۆستە دانراوە، بەڵام ئێمە شانازی پێوەئەكەین كە كادیرێكی بەرچاوی ئێمەیە". بودجەی ئەنجومەنی خانمان ئەنجومەنی كاروباری خانمان بەهۆی ئەوەی تاوەكو ئێستا یاسای بۆ دەرنەكراوە، بودجەكەی دیارنییە‌و دامەزراوەكەش هێشتاو دوای (9) ساڵ لە دروستكردنی یەكەی ژمێریاری تایبەت بەخۆی نییە، ئەنجومەنی وەزیران خەرجییەكانی دابین دەكات. پەروین حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی كاروباری خانمان لەبارەی بودجەی ئەنجومەنەكەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەسەرەتای دروستكردنی ئەنجومەنەكەوە بۆ ماوەیەكی كەم مانگانە بڕی (5 بۆ 6 ملیۆن) دینار وەردەگیرا، دواتر كرا بە (25 ملیۆن) دینار، لە ساڵی 2014و دوای هاتنی قەیرانی دارایی تاوەكو ئێستا بودجەی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان كراوە (6 ملیۆن) دیناری مانگانە. ئەنجومەنێك بەبێ یاسا ماوەی نۆ ساڵە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان دامەزراوە، بەبێ ئەوەی یاسایەكی تایبەتی لە پەرلەمانەوە بۆ دەربكرێت كە ئەنجومەنەكە بەپێی ئەو یاسایە كاروبارەكانی خۆی بەڕێوەببات. ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بەپێی پەیڕەوێك كاروباری خۆی بەڕێوەدەبات، لە پەیڕەوەكەدا ئەرك‌و ئامانجەكانی ئەنجومەنەكە بەمشێوەیە دیاریكراوە: •    پێشنیازی سیاسەتی گشتی تایبەت بە ژنان بۆ دامەزراوە دەستوریی‌و مەدەنییەكان. •    هۆشیاركردنەوە‌و هاندادنی دامەزراوە حكومییەكان بۆ پاڵپشتیكردنی ژنان تا رۆڵی خۆیان لە هەموو بوارەكانی ژیاندا بگێڕن. •    چەسپاندنی چەمكی یەكسانیی نێوان ژن‌و پیاو لە هەموو بوارەكاندا. •    داڕشتنی پلانێكی تۆكمە‌و واقیعی بۆ پەرەپێدانی ژنان لە بوارەكانی پەروەردە‌و تەندروستی و كار. •    كاراكردنی ئەو ماددە دەستورییانەی كە لە بەرژەوەندی مافەكانی ژناندان. •    پێشنیازكردن بۆ دامەزراندنی دامەزراوە‌و سەنتەری تایبەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ژنان لە بوارەكانی كۆمەڵایەتی‌و تەندروستی‌و ئابوری‌و فێركردندا. •    بەشداریكردن لەو دەستە‌و لیژنانەی حكومەت دایاندەمەزرێنێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە پرس‌و كێشەكانی تایبەت بە ژنانەوە هەیە. •    ئەنجامدانی كۆبونەوەی فراوان‌و سیمینار‌و كۆنفرانس‌و وۆرك شۆپ بۆ هۆشیاركردنەوەی ژنان‌و پەرەپێدانی وزە‌و تواناكانیان. •    كاركردن بۆئەوەی بڕیار‌و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان بكرێن بە بەشێك لە یاساكانی هەرێم‌و چاودێریكردنی جێبەجێكردنیان. •    كردنەوەی سەنتەری تایبەت بە ژنان بۆ كۆكردنەوەی داتاو زانیاری دەربارەی دۆخی مافەكانی ژنان‌و ئامادەكردنی راپۆرتی ساڵانە‌و وەرزیانە دەربارەی دۆخی ژنان لە هەرێمدا. •    پێشكەشكردنی راوێژ‌و راسپاردە بە دامەزراوە حكومییەكان لە پرسەكانی تایبەت بە ژنانن بە تایبەتی لەو یاسایانەی كە پەیوەندییان بە پرسی ژنانەوە هەیە. •    هاندانی زانكۆ‌و ناوەندە زانستییەكان بۆئەوەی توێژینەوەی زانستی دەربارەی كێشە‌و پرسەكانی ژنان پێشكەش بكەن. ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەیاسایەكی بۆ ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان ئامادەكردووە‌و بڕیارە پاش كۆتایهاتنی پشووەی جەژنی قوربان، پرۆژەكە بخرێتە ناو پەرلەمانەوە بەمەبەستی خوێندنەوە‌و پەسەندكردنی، هەڵبەت ئەگەر لە بنەڕەتەوە ئەم ئەنجومەنە لەكابینەكەی مەسرور بارزانیدا هەڵنەوەشێندرێتەوە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand