راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت هاوپەیمانی كوردستانیی لە بەغداد زیندوو بكاتەوەو خۆی سەرۆكایەتی وەفدی دانوستانكاری ئەمجارەی كورد بكات، بەپێی یاسا، دۆسیەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد لەدەستی سەرۆكی هەرێمدایە، بەڵام ئێستا بارەگای بارزانی ئەو دۆسیەیە بەڕێوەدەبات. لەبارەی كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەمڕۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە. كۆبونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بوو لە عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق كە یەكێك بوو لەوانەی بەشداری كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كرد رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا سەرۆكایەتی هەرێم رەشنوسی پەیڕەوێكیان داوە بە فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی لەنێوان فراكسیۆنە كوردییەكان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) رەشنوسی پرۆژەی پەیڕەوی دروستكردنەوەی هاوپەیمانی كوردستان لە بەغداد لە (8) خاڵ پێكدێت، فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق لەناو خۆیاندا تاوتوێی دەكەنو دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت. تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە پرسی چۆنیەتی دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت، بەپێی قسەی جەمال كۆچەر زۆربەی فراكسیۆنەكان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم سەرپەرەشتی دانوستانەكان بكات، بەڵام هەموو لایەنەكان بەشداربن لە وەفدی دانوستانكاردا. لەنێوان سەرۆكایەتی هەرێمو بارەگای بارزانیدا هەوڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ سەرۆكایەتیكردنی وەفدی دانوستانكاری كورد لەگەڵ بەغداد لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، رۆژی یەكشەممە فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆبونەوتەوەو بارزانیش بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەلاویدا كردووە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ سەرۆكایەتی هەرێمدا نوێنەری فراكسیۆنەكان بابەتی دەستپێكردنی گفتوگۆی پێشوەختەی پارتییان لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد باسكردووە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی رەتیكردوەتەوەو وتویەتی: پارتی بە فەرمی هیچ دانوستانێكی لەگەڵ بەغداد نەكردووەو هەركەسێك هەر كۆبونەوەیەكی كردبێت ئەوە بۆخۆی كۆبونەوەی كردووە. بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبردنی دۆسیەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدایە، بەڵام ئێستا بارەگای بارزانی لە سەری رەش ئەم دۆسیەیە بەڕێوەدەبات، رەنگە ئەمە هەوڵی نێچیرڤان بارزانی بۆ دروستكردنەوەی هاوپەیمانی كوردستانیی لە بەغداد دوچاری كێشە بكات. بەشداری كورد لە كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق كە بەشێوەی كاربەڕێكەر بەڕێوەدەبرێتو عادل عەبدولممەهدی سەرۆكایەتی دەكات، لەسەر بنەمای دانوستانو رێككەوتنێكی نێوان مەسعود بارزانیو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح داڕێژرا، ئەوكات بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا نەمابوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەشداری كورد لە كابینەی نوێدا بەهەمان شێوە لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی پێشوەختە دەبێت كە بارزانی لەگەڵ عامریدا كردویەتیو لایەنە سیاسییەكان ئاگاداری وردەكاری رێككەوتنەكە نین. كورد لە كابینەی عەلاویدا لەكابینەی عەبدولمەهدیدا كورد سێ پۆستی وزاری وەرگرت، دوان لە پۆستەكان كە وەزارەتی داراییو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەن پارتی وەریگرتو یەكێتیش پۆستی وەزارەتی دادی پڕكردەوە. لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێمدا پێشنیازێك كراوە بۆ ئەوەی لە كابینەی نوێدا كورد داوای چوار پۆستی وزاری بكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) محەمەد تۆفیق عەلاوی زیادكردنی پشكی كورد لە وەزارەتەكاندا رەتدەكاتەوە. لایەنو پەرلەمانتارانی دەرەوەی پارتیو یەكێتی، كە لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی 15 پەرلەمانتارنو ئێستا گروپێكیان پێكهێناوە بەناوی "گروپی 15"، بەشێوەیەكی سەربەخۆ دانوستانیان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق دەستپێكردووەو تائێستا دوو كۆبونەوەیان لەگەڵ كردووە. "گروپی 15" پێكهاتووە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، فراكسیۆنی ئایندە (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەوە)، لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (ئەوانەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری سەركەوتن بۆ پەرلەمانو ئێستا سەربە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقن). محەمەد تۆفیق عەلاوی دەیەوێت كابینەیەكی كاتیی حكومەت لە عێراق پێكبهێنێتو دوای ساڵێك لە دەستبەكاربوونی كابینەكەی بانگەشەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی پێشوەختە بكات، عەلاوی دەیەوێت بۆ كابینە كاتییەكەی پۆستە وزارییەكان لە خەڵكانی سەربەخۆ پڕبكاتەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پێكهاتەی شیعە رازی بوون بە دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستەكاندا، بەڵام پێكهاتەی سوننەو مەسعود بارزانی دژی دانانی كەسانی سەربەخۆن. بارزانی دەڵێ ئەوەی لە عێراق روودەدات پەیوەندی بە كوردەوە نییە، بۆیە نابێت لە كابینەی نوێی حكومەتدا وەزیرەكانی كورد بگۆڕدرێنو كەسانی سەربەخۆ لە شوێنەكانیان دابنرێت، بەڵام گروپی 15 پەرلەمانتارەكەی كورد پشتیوانی دانانی كەسانی سەربەخۆ دەكەنو بە عەلاوییان راگەیاندووە، ئەوانن دەتوانن لە هەرێمی كوردستان دەستنیشانی كەسانی سەربەخۆی بۆ بكەن بۆ ئەوەی لە پۆستە وزارییەكان دایان بینێت. بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم كێشمەكێشانە بڕیارە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەردانی هەرێمی كوردستان بكاتو لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆببێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد دەست (درەو) كەوتووە، عەلاوی بەر لەوەی خۆی بێت بۆ هەولێر، دەیەوێت لەڕێگەی هادی عامریو موقتەدا سەدرەوە، مەسعود بارزانی قایل بكات بەوەی كەسانی سەربەخۆ بۆ پۆستە وزارییەكان كاندید بكات. عەلاوی بە پاڵپشتی سەدرو عامری كاندید كراوە بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق، بۆیە بۆ تێپەڕاندنی هەر بەربەستێك كە بێتە بەردەمی، پەنا بۆ سەدرو عامری دەبات. پارتیو گروپی 15 گروپی 15 پەرلەمانتارە كوردەكە دەیانەوێت وەكو بەشێك لە نوێنەرایەتی كورد لە بەغداد مامەڵەیان لەگەڵ بكرێتو گوێ بۆ داواكارییەكانیان بگیرێت، بەڵام ئەوەی تائێستا روودەدات ئەوەیە سەركردە سیاسییەكانی عێراق زیاتر مامەڵە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانو بەدیاریكراویش مەسعود بارزانیدا دەكەن. بەمدواییە كە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان دا، ئەمریكا لەسەر ئاستی باڵا كە مایك پۆمپیۆ-ی وەزیری دەرەوە بوو لەگەڵ بارزانیدا قسەی كردو داوای لێكرد كورد بەشداری دەنگدانەكەی عێراق نەكەن، گروپی 15 پەرلەمانتارەكە پێشوەختە بڕیاریاندا لەسەر ئەوەی بەشداری كۆبونەوەكە نەكەن، بەڵام دواجار دەستكەوتە سیاسییەكە چووە گیرفانی بارزانییەوە. ئەوانەی گروپی 15 پێكدەهێنن، جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، هیچ یەكێك لە لایەنەكانی ناو گروپەكە رێككەوتنیان لەگەڵ پارتیدا نییەو لە كوردستان ئۆپۆزسیۆنن، رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتەو پەیوەست نییە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە عێراق. لەكابینەكەی عەبدولمەهدیدا، لەبەر رۆشنایی ئەو رێككەوتنەی كە لە كوردستان لەگەڵ پارتی هەیبوو، بزوتنەوەی گۆڕان چاوی لەوە بوو لە سێ پۆستە وزارییەكەی كورد لە عێراق، یەكێك لە پۆستەكان وەربگرێت، بەڵام پارتی ئەم كارەی بۆ گۆڕان نەكرد، ئەمە نوێنەرانی گۆڕانی لە بەغداد نیگەران كرد. یەكێتی چی دەكات یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەم رۆژانە سەرقاڵی دانانی سەركردایەتی نوێی حزبەكەیەتی، بۆیە ناپەرژێتەسەر دانوستانەكانی بەغدادو گۆڕەپانەكەی بۆ بارزانی چۆڵكردوەتەوە. یەكێتی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا كە تائێستا كاردەكات، یەك وەزارەتی وەرگرت كە وەزارەتی داد بوو، فاروق ئەمین شوانی كە لەسەر یەكێتی ماڵە، بەهۆی ناڕەزایەتی پارتییەوە دوای شەش مانگ لە پۆستەكەی دەستبەكاربوو، پارتی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ وەزارەتی داد رەتدەكردەوە، ئەمە پڕكردنەوەی پۆستەكەی دواخست، فاروق ئەمین شوانی كە ئێستا لەسەر یەكێتی لە پۆستی وەزارەتی داد دانراوە، نزیكە لە پارتییەوەو لەناو یەكێتیدا زیاتر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئاگاداری كاروبارەكانیەتی، سەرباری ئەمە، پۆستی وەزارەتی داد بەرلەوەی بدرێت بە كاندیدەكەی یەكێتی لەلایەن بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی سەربە پارتییەوە بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بەنگین رێكانی كاتێك پۆستەكەی رادەستی فاروق ئەمین شوانی كردووە كە پۆستی بەڕێوەبەر گشتییەكانی وەزارەتەكەی لە خەڵكانی سەربە پارتی پڕكردوەتەوە، واتە وەزارەتێكی بەتاڵی رادەستی كاندیدەكەی یەكێتی كردووە. یەكێتی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بۆ بەرهەم ساڵح جێهێشتووە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت – محەمەد رەئوف سبەینێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە، سەرۆكایەتی هەرێم دەیەوێت كورد بە "یەكڕیزیی" بچێتە گفتوگۆیەكی نوێوە لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوەختەو بە فەرمی دەستی بە گفتوگۆ كردووە، بارزانی رازی نییە بە دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستە وزارییەكانو داوای مانەوەی وەزیرە كوردەكانی كابینەكەی عەبدولمەهدی دەكات لە شوێنی خۆیان، لەبەرامبەردا پەرلەمانتارانی لایەنەكانی دەرەوەی پارتیو یەكێتی كە بە "گروپی 15" ناسراون داوای دانانی كەسانی سەربەخۆ دەكەن، یەكێتیش سەرقاڵی هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێی حزبەكەیەتیو پرسەكەی بۆ بەرهەم ساڵح جێهێشتووە، كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق جارێكی تر ریزی كوردی پەرتكردوەتەوە، لەم راپۆرتەدا (درەو) زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. كورد لەبەردەم كابینەیەكی نوێدا جارێكی تر كورد كەوتەوە بەردەم پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق، كابینەیەك كە بەشێوەیەكی كاتیی بە سەرۆكایەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی پێكدەهێنرێتو بڕیارە لەماوەی ساڵێكدا دوای پێكهێنانی، بانگەشەی سازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بكات. خۆپیشاندەرانی شارەكانی عێراق دانانی كاندیدی حزبەكان لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێ رەتدەكەنەوە، حزبەكانیش دەیانەوێت هاوشێوەی كابینەكانی رابردوو بەشێوە پشكێنەی حزبیو تائیفی پۆستەكان دابەشبكرێت، عەلاوی كەوتوەتە نێوان بەرداشی ناڕەزایەتی شەقامو فشاری لایەنە سیاسییەكان. كورد لە كابینەی عەلاویدا كابینەی حكومەتی عێراق بەپێی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە دەبێت پۆستە وزارییەكانی لە خەڵكانی سەربەخۆو تەكنۆكرات پڕبكرێتەوە، ئەمە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی نیگەران كردووە. بڕیارە سبەینێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ قسەكردن لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆبونەوەكەی سبەینێی سەرۆكایەتی هەرێم، مستەفا سەید قادر سەرۆكایەتی دەكات، نێچیرڤان بارزانی دۆسیەی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی داوەتە دەست مستەفا سەید قادر، رەنگە ئەمە بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەبێت فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە مستەفای سەید قادر سەربەو بزوتنەوەیەیە، لەگەڵ بۆچونەكانی پارتیدا لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ هەماهەنگ نییە. كۆبونەوەی سبەینێی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ یەكخستنی هەڵوێستی لایەنە كوردییەكانە لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام كۆبونەوەكە لەكاتێكدا دەكرێت پێشوەختە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ ئاگاداركردنەوەی لایەنەكانی تر دانوستانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد دەستپێكردووە. دانوستانێكی پێشوەختە سەرۆكایەتی هەرێم لەكاتێكدا هەوڵی كۆدەنگی نێوان لایەنەكان دەدات، كە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد دەست (درەو) كەوتوون، دوێنێ فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق دور لە چاوی كامێراكان بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆبوەتەوە. (درەو) زانیویەتی، فوئاد حسێن لەو كۆبونەوەیەدا محەمەد تۆفیق عەلاوی لەوە ئاگاداركردووە كە بارزانی رازی نییە لەوەی كەسانی سەربەخۆو ناحزبی لە پۆستە وزارییەكاندا، ئەوانەی كە پشكی كوردن، دابنرێن. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی قسەی كردووەو رای بارزانی ئەوەیە دەبێت گۆڕانكاری لە وەزیرەكانی كورددا نەكرێت، واتە هەریەكە لە (فوئاد حسێن وەزیری دارایی)و (بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە)و (فاروق ئەمین شوانی وەزیری داد) كە لەسەر پشكی كورد لە كابینەی عادل عەبدولمەهدیدا دانراون، وەكو خۆیان لە كابینەی نوێدا لە پۆستەكانیان بمێننەوە، چونكە بەپێی قسەی بارزانی كورد بەشێك نەبووە لەو كێشانەی كە ئێستا لە عێراق روو دەدەن، ئەمەش داواكارییەكە كە تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە محەمەد تۆفیق عەلاوی رازی نەبووە لەسەری. (درەو) زانیویەتی، هەریەكە لە كوتلەكانی سائیرونو فەتح كە زۆرینەی پێكهاتەی شیعەكان لە پەرلەمان پێكدەهێنن، قایل بوون بەوەی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتدا دابنرێن، بەڵام سوننەكان بە دیاریكراویش محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هاوڕای مەسعود بارزانیەو داوا دەكەن خۆیان كەسانی حزبیی بۆ پۆستەكان كاندید بكەن. بڕیارە بەمزوانە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەردانی هەولێر بكات بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) بەر لە هاتنی بۆ هەولێر، محەمەد تۆفیق عەلاوی هەریەكە لە (هادی عامری) سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحو (وەلید كریماوی) نوێنەری موقتەدا سەدری سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون دەنێرێتە لای بارزانی تاوەكو قایلی بكەن بەوەی كورد كەسانی سەربەخۆ بۆ پۆستەكان كاندید بكات، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێكهاتەی شیعە رازی بووە لەسەر دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستەكاندا. محەمەد تۆفیق عەلاوی بە پاڵپشتی موقتەدا سەدرو هادی عامری راسپێردراوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بۆیە لەچارەسەركردنی هەر كێشەیەك كە بێتە بەردەم دەگەڕێتەوە بۆلای سەدرو عامری. بارزانی ئەگەر قایل ببێت بە دانانی كەسانی سەربەخۆ، ئەوا لە هەموو حاڵێكدا ئەو كەسانەی كە بۆ پۆستە وزارییەكان كاندید دەكرێن، دەبێت كەسانی دڵخوازی بارزانی بن. بەپێی هەواڵێك كە دوێنێ سایتی (سۆمەرییەنیوز) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوی دەزانێت بارزانی بە دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستەكان قایل نابێت، بۆیە بۆ ئەوەی توشی شەرمەزاری نەبێت لەڕێگەی نوێنەرێكی خۆیەوە داوای لە بارزانی كردووە ناوی كاندیدە سەربەخۆكانی كورد بنێرێت بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێ. لەكابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا بڕیارە چەند وەزارەتێكی نوێ زیاد بكرێت، لەوانە وەزارەتێكی تایبەت بە ژنان، بەڵام پشكی كورد وەكو خۆی دەمێنێتەوە كە سێ وەزارەتەو دوانیان لای پارتی دیموكراتی كوردستانەو وەزارەتێكیش لای یەكێتییە. پشكی كوردو پڕكردنەوەی پۆستەكانی كابینەی پێشووی حكومەت كە عادل عەبدولمەهدی ئێستا بەشێوەی كاربەڕێكەر سەرۆكایەتی دەكات، بەپێی رێككەوتنێكی پێشوەختەی نێوان مەسعود بارزانیو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح یەكلاكرایەوە، رێككەوتنی ئەمجارەش بەهەمان شێوە لەنێوان عامریو بارزانیدا دەبێت. دانوستانێكی تر چەند كاتژمێرێك دوای كۆبونەوەی فوئاد حسێن لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی، دوێنێ شەو نوێنەرانی (15) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق كە ناوی "گروپی 15"یان لێنراوە، لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆبوونەوە. "گروپی 15" پێكهاتووە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، فراكسیۆنی ئایندە (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەوە)، لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (ئەوانەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری سەركەوتن بۆ پەرلەمانو ئێستا سەربە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقن). بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆبونەوەكەی دوێنێ شەو لەسەر داوای محەمەد تۆفیق عەلاوی بووە، تێیدا نوێنەرانی "گروپی 15" جەختیان كردووە لەسەر ئەوەی، ئەوان وەكو ئەو (15) پەرلەمانتارە هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆستە وزارییەكان نییەو خوازیارن كەسانی سەربەخۆ لە پشكی كورد لە پۆستەكان دابنرێن، بەپێچەوانەوە ئامادە نین دەنگ بە كابینەكە بدەن، بەڵام ئەگەر عەلاوی داوایان لێبكات دەتوانن كەسانی سەربەخۆی لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستنیشان بكەن. (درەو) زانیویەتی لەماوەی رابردوودا چەندجارێك پارتی لەڕێگەی حزبەكانیانەوە هەوڵیداوە گروپی (15) هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام تائێستا هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبووە، "گروپی 15" لەو پەرلەمانتارانە پێكهاتووە كە هەندێكیان بەردەوام رەخنەی توند لە سیاسەتەكانی پارتی دەگرن بەتایبەتیش لە بەغداد، ئەمانە وەكو هێڵێكی نوێی بەرەی دژە پارتی دەردەكەون كە لە بەغدادەوە دەستیان بەجموجوڵ كردووەو سەركردایەتی پارتییان نیگەران كردووە. كەسە دیارەكانی ناو "گروپی 15" ئەوانەی كە پارتی لێیان نیگەرانە، سبەینێ بەشداری لە كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا ناكەن، ئەمانە پێیانوایە پارتی بەردەوام لەژێر ناوی "یەكڕیزیی"دا هەموو پشكەكانی بەغداد بۆ خۆی كۆدەكاتەوەو لایەنەكانی تر بێبەش دەكات، سەرباری ئەمەش لە وەرگرتنی بڕیاردا لەبارەی ئەو پرسانەی كە لە عێراقدا دەگوزەرێن پرسو رایان پێناكرێتو پارتی پێشوەختە خۆی بڕیار دەداتو دواتر داوایان لێدەكات ئەوان شوێن بڕیارەكانی پارتی بكەون. لە كۆبونەوەی سبەینێی سەرۆكایەتی هەرێمدا، فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر ئاستی سەرۆكی فراكسیۆن بەشداری دەكەن، بەڵام فراكسیۆنی گۆڕان سەرۆكی فراكسیۆنەكەی كە یوسف محەمەدە بەشدار نابێتو لە بری ئەوە بەهار مەحمود نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكە دەكات لە كۆبونەوەكەدا، فراكسیۆنی ئایندەش بەشدار نابن. پارتیو گروپی 15 گروپی 15 پەرلەمانتارە كوردەكە دەیانەوێت وەكو بەشێك لە نوێنەرایەتی كورد لە بەغداد مامەڵەیان لەگەڵ بكرێتو گوێ بۆ داواكارییەكانیان بگیرێت، بەڵام ئەوەی تائێستا روودەدات ئەوەیە سەركردە سیاسییەكانی عێراق زیاتر مامەڵە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانو بەدیاریكراویش مەسعود بارزانیدا دەكەن. بەمدواییە كە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان دا، ئەمریكا لەسەر ئاستی باڵا كە مایك پۆمپیۆ-ی وەزیری دەرەوە بوو لەگەڵ بارزانیدا قسەی كردو داوای لێكرد كورد بەشداری دەنگدانەكەی عێراق نەكەن، گروپی 15 پەرلەمانتارەكە پێشوەختە بڕیاریاندا لەسەر ئەوەی بەشداری كۆبونەوەكە نەكەن، بەڵام دواجار دەستكەوتە سیاسییەكە چووە گیرفانی بارزانییەوە. ئەوانەی گروپی 15 پێكدەهێنن، جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، هیچ یەكێك لە لایەنەكانی ناو گروپەكە رێككەوتنیان لەگەڵ پارتیدا نییەو لە كوردستان ئۆپۆزسیۆنن، رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتەو پەیوەست نییە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە عێراق. لەكابینەكەی عەبدولمەهدیدا، لەبەر رۆشنایی ئەو رێككەوتنەی كە لە كوردستان لەگەڵ پارتی هەیبوو، بزوتنەوەی گۆڕان چاوی لەوە بوو لە سێ پۆستە وزارییەكەی كورد لە عێراق، یەكێك لە پۆستەكان وەربگرێت، بەڵام پارتی ئەم كارەی بۆ گۆڕان نەكرد، ئەمە نوێنەرانی گۆڕانی لە بەغداد نیگەران كرد. یەكێتی چی دەكات یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەم رۆژانە سەرقاڵی دانانی سەركردایەتی نوێی حزبەكەیەتی، بۆیە ناپەرژێتەسەر دانوستانەكانی بەغدادو گۆڕەپانەكەی بۆ بارزانی چۆڵكردوەتەوە. یەكێتی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا كە تائێستا كاردەكات، یەك وەزارەتی وەرگرت كە وەزارەتی داد بوو، فاروق ئەمین شوانی كە لەسەر یەكێتی ماڵە، بەهۆی ناڕەزایەتی پارتییەوە دوای شەش مانگ لە پۆستەكەی دەستبەكاربوو، پارتی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ وەزارەتی داد رەتدەكردەوە، ئەمە پڕكردنەوەی پۆستەكەی دواخست، فاروق ئەمین شوانی كە ئێستا لەسەر یەكێتی لە پۆستی وەزارەتی داد دانراوە، نزیكە لە پارتییەوەو لەناو یەكێتیدا زیاتر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئاگاداری كاروبارەكانیەتی، سەرباری ئەمە، پۆستی وەزارەتی داد بەرلەوەی بدرێت بە كاندیدەكەی یەكێتی لەلایەن بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی سەربە پارتییەوە بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بەنگین رێكانی كاتێك پۆستەكەی رادەستی فاروق ئەمین شوانی كردووە كە پۆستی بەڕێوەبەر گشتییەكانی وەزارەتەكەی لە خەڵكانی سەربە پارتی پڕكردوەتەوە، واتە وەزارەتێكی بەتاڵی رادەستی كاندیدەكەی یەكێتی كردووە. یەكێتی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بۆ بەرهەم ساڵح جێهێشتووە.
(درەو): بەر لە كۆبونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان، "گروپی 15" لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆدەبێتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە (درەو)ی رایگەیاند، ئەمشەو (15) پەرلەمانتاری كورد كە لەناو پەرلەمانی عێراق كە ناوی "گروپی 15"یان لێنراوە، لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆدەبنەوە. ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە بۆ ئەوەی كورد لە بەغداد بە یەكهەڵوێستی مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بكات، بەدیاریكراویش گۆڕانكاری لە پێكهاتەی كابینەی حكومەتدا، ئەمەش خواستێكە كە هەندێك لە پەرلەمانتارانی كورد گومانیان لەسەری هەیە. "گروپی 15" پێكهاتووە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، فراكسیۆنی ئایندە (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەوە)، لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (ئەوانەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری سەركەوتن بۆ پەرلەمان). بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆبونەوەكە لەسەر داوای "گروپی 15" رێكخراوەو بڕیارە لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی باسی چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكانی كابینەی حكومەتی كاتیی عێراق بكەن. بەپێی ئەوەی بڕیاری لەسەردراوە، دەبێت محەمەد تۆفیق عەلاوی كابینەیەكی حكومەت بۆ ماوەی یەك ساڵ لە عێراق پێكبهێنێتو لەو ماوەیەدا بانگەشەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، خۆپیشاندەرانی شارەكانی عێراق دانانی كاندیدی حزبەكان لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێ رەتدەكەنەوە، حزبەكانیش دەیانەوێت هاوشێوەی كابینەكانی رابردوو بەشێوە پشكێنەی حزبیو تائیفی پۆستەكان دابەشبكرێت، عەلاوی كەوتوەتە نێوان بەرداشی ناڕەزایەتی شەقامو فشاری لایەنە سیاسییەكان. لە هەرێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت جارێكی تر حزبە كوردییەكان لەژێر چەتری خۆیدا كۆبكاتەوە، لەماوەی رابردوودا نوێنەرانی كورد لەكاتی بڕیارداندا لەسەر دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق، بەبێ هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە لەگەڵ پارتی هەڵوێستیان وەرگرتو نەچوونە ناو كۆبونەوەی پەرلەمانەوەو بەوەش كورد بەشداری لە دەركردنی بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكادا نەكرد، دەستكەوتی سیاسی ئەو بڕیارە بە پلەی یەكەم لەلای ئەمریكییەكان بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی نوسرا. هەوڵی پارتی بۆ یەكخستنی لایەنەكان لەكاتێكدایە بەپێی هەواڵێك كە ئەمشەو سایتی سۆمەریەنیوز لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە بڵاویكردەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوی بە نهێنی نوێنەرێكی خۆی ناردووە بۆلای مەسعود بارزانیو داوای لێكردووە كاندیدەكانی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان ئاڕاستە بكات. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، عەلاوی دەزانێت كورد بەوە رازی نابێت خەڵكانێك لە پۆستەكان دابنرێن كە حزبی نەبن، بۆیە دەیەوێت بەدانانی كەسانی دڵخوازی بارزانی خۆی لە شەرمەزاری بپارێزێت. جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، هیچ یەكێك لە لایەنەكانی ناو "گروپی 15" هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ پارتیدا نییە، رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتەو پەیوەست نییە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە عێراق، نوێنەرانی ناو "گروپی 15" پشتیوانی دانانی خەڵكانی سەربەخۆ لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دەكەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) فراكسیۆنی گۆڕان چاوی لە وەرگرتنی پۆستێكی وزارییە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرباری رێككەوتنەكەی هەرێمی كوردستان، بەڵام پارتی لەكابینەكەی عەبدولمەهدیدا گۆڕانی لە وەرگرتنی هەر پۆستێك لە عێراق بێبەش كرد. هەندێك لە نوێنەرانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، سەرباری ئەو رێككەوتنەی كە بزوتنەوەكەیان لە كوردستان لەگەڵ پارتی هەیەتی، بەڵام ئەوان بەردەوام رەخنەی توند لە پارتیو ئەو یەكڕیزییە دەگرن كە پارتی داوای دەكات لە بەغداد. رۆژانی داهاتوو دەریدەخات ئایا "گروپی 15" بەیەكگرتوویی دەمێنێتەوە یاخود جارێكی تر دەگەڕێنەوە ژێر چەترەكەی پارتیو یەكێتی، بەتایبەتیش كە هێشتا گروپەكە تۆكمە نییەو راوبۆچوونی جیاوازی تێدایە لەسەر بابەتو كێشەكان.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف هەماهەنگی ئەمنیی لەنێوان پارتیو یەكێتی بەردەوام لە پاشەكشێدایە، رێگریكردن لە تانكەرەكانی گواستنەوەی غازی شڵ دواین كێشەی ئەمنیی بوو كە روبەڕووی هەردوولا بووەوە، بەڵام بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە لە بنەڕەتەوە بۆ یەكخستنی هێزە ئەمنییەكانو هەماهەنگی دروستكرا، بەڵام لە (8) ساڵی رابردوودا هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووە، بەهۆی ناكۆكی مەسرور بارزانیو نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنیی، ئەنجومەنی ئاسایش نوێ نەكراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت (رەوان بارزانی) برای بكات بە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، مەسرور بارزانیش دەیەوێت (وەیسی بارزانی) برای دابنێت. دۆخی ئەمنیی لە بۆشایی ئەمنیدا چەند رۆژێكە لە هەرێمی كوردستان قسەوباس لەبارەی دۆخی ئەمنی چڕبووەتەوە، رێگریكردن لە تانكەرەكانی گواستنەوەی غازی شلو تەقەكردن بابەتی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، هەماهەنگیی ئەمنی نێوان زۆنی سەوزو زەرد لەڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە بوو، بەڵام ئەو ئەنجومەنە ئێستا خۆی لە كێشەدایە، لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانییەوە لە پۆستی سەرۆكی حكومەتو پێشتریش ئەنجومەنەكە هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووەو هەماهەنگی بەتەواوەتی راوەستاوە، ئەم راوەستانە جۆرێك لە بۆشایی ئەمنیی دروستكردووە. لەبارەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە ئەنجومەنی ئاسایش، بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق دروستكراوە، مەسرور بارزانی یەكەم راوێژكاری ئەم ئەنجومەنە بووەو لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هێشتا هیچ كەسێك لە شوێنەكەی دەستبەكارنەبووە. بارەگای ئەنجومەنی ئاسایش لە سەری رەشە لە نزیك بارەگای بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنەكە بەپێی یاسا پلەكەی وەزیرە، دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە هەر لە سەرەتاوە وەكو دۆزینەوەی پۆستێكی حكومی بۆ مەسرور بارزانی لێكدرایەوە، چونكە ئەوە یەكەمجار بوو مەسرور بارزانی پۆستێكی حكومی وەرگرێت، بەهۆی دروستكردنی ئەم ئەنجومەنەوە مەسرور بارزانی دەزگای "پاراستن" كرد بە دەزگایەكی حكومیو لە بودجەی هەرێمی كوردستان پشكی بۆ بڕییەوە، ئەمە بۆ دەزگای زانیاریی یەكێتی نیشتمانیش بەهەمان شێوە بوو. بڕیاری دروستكردنی ئەنجومەنی ئاسایشو پەسەندكردنی یاساكەی لە پەرلەمان لەكاتی خۆیدا هەڵای زۆری دروستكرد، بە یاسا ئەنجومەنەكە بەسترایەوە بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە، نەك سەرۆكایەتی حكومەت، ئەوكات مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوون، مەسرور بارزانی نەیدەویست ئەنجومەنەكەی لەژێر فەرمانی سەرۆكی حكومەت واتە نێچیرڤان بارزانیدا بێت، بۆیە ئەنجومەنەكە بەسترایەوە بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە واتە بە مەسعود بارزانی باوكییەوە. پێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی بڕگەی یەكەم لە مادەی دووەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنەكە پێكدێت لە: * دەزگای ئاسایشی هەرێم * بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازیی * ئاژانسی پاراستنو زانیاری ئەنجومەنی ئاسایش لە (6) پۆست پێكهاتووە، ئەم پۆستانە بەشێوەی 50+50 لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانیدا دابەشكراوە بەمشێوەیە: * راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان/ مەسرور بارزانی * سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانو جێگری راوێژكاری ئەنجومەن/ د. خەسرەو گوڵ محەمەد * سەرۆكی دەزگای پاراستنو زانیاری- زانیاری / لاهور شێخ جەنگی * سەرۆكی دەزگای پاراستنو زانیاری- پاراستن/ نەزهەت حالی * سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 70ی یەكێتی * سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 80ی پارتی لەماوەی (8)ی رابردووداو لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستا ئەم ئەنجومەنە بەهۆی ناكۆكی نێوان ئەندامەكانییەوە، كۆنەبوەتەوەو هەماهەنگی تەواوەتی لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا نیە، بۆیە زۆرجار كە كێشەیەكی ئەمنی لە یەكێك لە زۆنەكان روودەدات، بەرپرسانی ئەمنی ناو ئەنجومەنەكە لەڕێگەی بەیاننامەوە قسە لەگەڵ یەكتر دەكەنو وەڵامی یەكتر دەدەنەوە. بودجەی ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی 2013وە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نەبووە، بەڵام بەپێی دواین پرۆژە یاسای بودجە، ژمارەی كارمەندانی ئەنجومەنی ئاسایش (6 هەزارو 476) كارمەندەو بودجەكەشی (344 ملیارو 630 ملیۆن) دینارە، رێژەی (2.9%)ی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا بۆ ئەم ئەنجومەنە تەرخانكراوە. ئەمە سەرباری ئەوەی، هەربە بەپێی دواین پرۆژە یاسای بودجە، دەزگای ئاسایش كە ژمارەی كارمەندانی بە (31 هەزارو 421) كەس دیاریكراوە، بڕی (487 ملیارو 443 ملیۆن) دیناری بۆ تەرخانكراوە كە دەكاتە (4.2%)ی كۆی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا. لەدوای ساڵی 2013ەوە تائێستا بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە نازانرێت بودجەی ئەو دەزگایانە چەندەو چۆن خەرجدەكرێت، سەرباری ئەمە بودجەی ئەنجومەنی ئاسایشو وردەكاری خەرجییەكانی ناكەوێتە ژێر چاودێری پەرلەمانەوە. چارەنوسی ئەنجومەنی ئاسایش ماوەی شەش مانگە كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، بەڵام پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش پڕنەكراونەتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا (ویسی مەسعود بارزانی) برای مەسرور بارزانی كاروبارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش بەڕێوەدەبات، مەسرور بارزانی كە پۆستی سەرۆكی حكومەت وەرگرتووە، هێشتا دەستبەرداری دۆسیەی ئەمنی نەبووەو ئامادە نییە سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە رادەستی كەسێك بكات كە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا نەبێت. (درەو) زانیویەتی، بەمدواییە هەوڵێك هەبووە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوەی (رەوان بارزانی) برای پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش وەرگرێت، بەوپێیەی ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی یاسا سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە، بەڵام ئەو هەوڵە سەركەوتوو نەبووە. بەهۆی ناكۆكی بنەماڵەی بارزانی لەسەر دانانی كەسی جێگرەوەی مەسرور بارزانی لە پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، تائێستا ئەو پۆستە بەبەتاڵی ماوەتەوەو سەرباری ئەوەش پۆستەكانی تری ناو ئەنجومەنەكەش نوێ نەكراونەتەوە. بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارتی بەڵێنی بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە، دوو پۆستی باڵا لەناو ئەنجومەنەكە بە بزوتنەوەی گۆڕان بدات، بەڵام ئەو پۆستانە تائێستا یەكلانەبونەتەوە. بە كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، جموجوڵی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیدا رویدا، نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرتو مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت، لەم ئاڵوگۆڕەدا پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم چۆڵ بوو، ئێستا پڕكردنەوەی ئەم پۆستە لەپاڵ پۆستی وەزارەتی نەوتدا، كێشەیەكی تری بۆ پارتی دروستكردووە. ئەگەر یاسای ئەنجومەنی ئاسایش هەموارنەكرێتەوەو دامەزراوەكە سەربە سەرۆكایەتی هەرێم بێت، دەبێت نێچیرڤان بارزانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكە كاندید بكات، بەڵام پێناچێت هەرگیز ئەمە روبدات، چونكە مەسرور بارزانی بەهیچ جۆرێك ئامادە نییە دۆسیەی ئەمنیی رادەستی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای بكات. هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن، دواجار (وەیسی مەسعود بارزانی) پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش وەربگرێت، ئەمە وادەكات دۆسیەی ئەمنی هەر لەدەستی مەسرور بارزانیدا بمێنێتەوە، مەسرور بارزانی كە ئێستا سەرۆكایەتی حكومەت دەكات، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بەوەیە جڵەوی دۆسیەی ئەمنی لای خۆی بهێڵێتەوە. بەڵام بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت، مەسرور بارزانی گورزێكی بەهێزی لە دەزگای ئەنجومەنی ئاسایشو تەنانەت دەزگای پاراستن-یشدا، بەپێی زانیارییەكان مەسرور بارزانی رێژەی 90%ی ستافی ئەنجومەنی ئاسایشو پاراستنی لەگەڵ خۆیدا راپێچی حكومەت كردووە، لەدیارترینی ئەوانەی لە ئەنجومەنی ئاسایشو پاراستنەوە چونەتە ناو حكومەت بریتین لە هەریەكە لە (شەعبان شەعبان چالی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیران)و (هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان)، (رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ)و (جوتیار عادل وتەبێژی حكومەت)و (ساسان عەونی وەزیری شارەوانیو گەشتوگوزار)، سەرباری ئەمانە زۆربەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە خەڵكانی سەربە ئەنجومەنی ئاسایش پڕكراونەتەوە. نازانرێت پارتی چۆن پرسی ئەنجومەنی ئاسایش یەكلادەكاتەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەكاندا ئەو كەسەی كە پۆستەكە وەردەگرێت لەژێر فەرمانی مەسرور بارزانیدا دەبێت نەك نێچیرڤان بارزانی.
راپۆرتی: درەو هاوشێوەی حزبی زەحمەتكێشان و پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی سیستەمی هاوسەرۆكی بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی یەكێتی پەسەند كرد، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی كاندیدی یەكلابوەوەی هاوسەرۆكایەتیەكەن و ئێران گەمەكەی لە بەرهەم ساڵح تێكدا، باڵی كۆسرەت رەسوڵیش دەیانەوێت لە رێگەی ئەنجومەنی باڵای سیاسیەوە هەژمونی خۆیان لەداهاتووی یەكێتیدا بچەسپێنن. هاوسەرۆكایەتی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لە كۆبونەوەی تایبەت بە پەسەندكردنی هەمواری پەیرەوی ناوخۆدا بریاریدا (سیستەمی بەرێوەبەردنی یەكێتی بكات بەهاوسەرۆكایەتی) بەمەش كۆتایی بە سەرۆك یان سكرتێری حزب هێناو گۆڕانكاری لە سیستمی سەرۆكایەتی ( 44) ساڵەی خۆیدا كرد. مستەفا چاوڕەش سەرپەرشتیاری دانیشتنەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتیدا بە زۆرینەی دەنگ سیستەمی هاوسەرۆكی بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی یەكێتی پەسەند كرا، ژمارەی هاوسەرۆكەكان دیاریی نەكران، هەروەك ناوی كەسیش بۆ ئەو پۆستانە دەستنیشان نەكران. دانانی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتیەوە پەیوەندی بە رێكنەكەوتنی باڵەكانی یەكێتیەوە هەیە لەسەر شێوازی بەرێوەبەردنی ئەو حزبە، لەدوای دەركەوتنی ئەنجامەكانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیەوە ململانێكانی نێوان باڵەكانی یەكێتی گۆڕانی بەسەردا هات و هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی وەك دوو كارەكتەری براوەی كۆنگرە ئاراستەی داهاتووی یەكێتیان كەوتە دەست. هاوسەرۆكایەتی لە دوو ئەزموندا سیستەمی هاوسەرۆكایەتی كە ئەمڕۆ ئەنجومەنی گشتی یەكێتی بۆ بەرێوەبەردنی یەكێتی پەسەندكرد، هاوشێوەی دوو ئەزمونی حزبی كوردیە ئەوانیش: - شێوازی بەرێوەبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان لەدوای دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆج ئالانی رابەری ئەو حزبە لەسەرجەم پۆستەكانیدا، بەڵام هاوسەرۆكایەتی لەلای ئەوان لە نێوان ( ژنێك و پیاوێكدا)یە ئەویش لە پێناو هێنانە پێشەوەی ژن لە سەركردایەتیدا و بەشداریپێكردنیان (راگرتنی جێندەریە). واتا سیستەمی هاوسەرۆكایەتییەكەی یەكێتی جیاواز دەبێت لە سیستەمی بەرێوەبەردنی پارتی كرێكارانی كوردستان، كە لە پێناو هێنانە پێشەوەی ژنان نیە بەڵكو لە هاوسەرۆكایەتیە لە پێناو رێكنەكەوتنی باڵەكان. - ئەزمونی دووەم ئەزمونی بەرێوەبردنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەدوای جیابونەوەیان لە قادر عەزیز سكرتێری پێشووی ئەو حزبە ، كە لەیەكەم كۆنگرەدا حزبی زەحمەتكێشان هاوسەرۆكایەتی پەسەندكرد لە نێوان (بەهمەن حسێن، بەڵێن عەبدوڵا، سەعد خالید)، بەڵام لە دوایین كۆنگرەدا كە لە رۆژی 22/11/2019 بەرێوەچوو سیستەمی هاوسەرۆكایەتی هەڵوەشاندەوەو شكستی هێناو چوەوە سەر فۆرمی پێشتری كە هەڵبژاردنی ( سكرتێر) و ( جێگری سكرتێر) بوو. ئەگەر یەكێتی هاوسەرۆكایەتیەكەی لە سێ كەس پێكهاتبێت ئەوا دەبێتە هاوشێوەی هاوسەرۆكایەتی پێشووی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە شێوازی بەرێوەبردنیدا. یەكێتی بۆ ماڵبانی تاڵەبانی گفتوگۆی باڵەكانی ناوخۆی یەكێتی لەدوای كۆتاییهاتنی كۆنگرەی یەكێتی بە ئاراستەی سەرۆكی حزب هەنگاوی دەنا، بەڵام چەند رۆژێكە ئاراستەی گفتوگۆكان گۆڕانی بەسەردا هاتوو. بەپێی زانیاریەكانی (درەو) رۆژی دوو شەممەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسوڵی كردووەو پێی راگەیاندووە، ئەوان وەكو ماڵباتی تاڵەبانی رازی نین بەرهەم ساڵح بكرێت بە سەرۆكی یەكێتیو داوای لێكردووە بەدوای چارەسەرێكی تردا بگەڕێن. ئەگەرچی دواتر ماڵباتی تاڵەبانی گفتوگۆیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح كردووە بەوەی رازی بێت بە هاوسەرۆكایەتی، بەڵام بەرهەم ساڵح ئەو پێشنیازەی رەتكردۆتەوە. ئەمڕۆ ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی بۆ یەكێتی پەسەندكرد ئەگەرچی تا ئێستا یەكلا نەبۆتەوە كە دوو كەس دەبێت یان سێ بۆ هاوسەرۆكایەتیەكە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بۆیە ژمارەكە یەكلانەكراوەتەوە چاوەڕەوان دەكەن بەرهەم ساڵح بەو سیستەمە نوێیە رازی بێت، ئەگەر نا تەنها دوو كەس دەبێت و ئەوانیش ( بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) دەبن كە ئەمەش بەشێكی پەیوەندی هەیە بە هاتنە پێشەوەی نەوەیەكی نوێ بەتایبەتیش نەوەی تاڵەبانییەكان كە بە كوڕوتینێكی زیاترەوە هاتونەتە ناو سەركردایەتی یەكێتی و لەلایەكیش سازشنەكردنی (بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) بۆ یەكتری كە پێشتر كێبەركێ بوو لەسەر جێگرایەتی سەرۆك و ئێستاش لەسەر سەرۆكایەتی. هاوسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لە ترۆپكی یەكێتیدا، رەنگە هەروا ئاسان نەبێت، بەتایبەت ئەو دوو ئامۆزایە لە رابردوودا پەیوەندییەكانیان چەندین جار هەورازو نشێوی بەخۆیەوە بینیوەو فۆرم و شێوازی كاركردنیان جیاوازە، پرسیارەكە ئەوەیە دەتوانن پێكەوە هەڵبكەن و یەكێتی بگەیەننە كەناری ئارام ( وەك خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن) ئێران تۆڵە لە بەرهەم ساڵح دەكاتەوە گەمەكە بە زیانی بەرهەم ساڵح كۆتایی هات، بەپێی زانیاریەكانی (درەو) لە دوو رۆژی رابردوودا گفتوگۆی چڕكراوە لەگەڵ بەرهەم ساڵح بۆ رازی بوونی بە هاوسەرۆكایەتی بەتایبەت لەلایەن ماڵباتی تاڵەبانیەوە، بەڵام بەرهەم ساڵح رازی نەبووەو پێی وتوون، ئەوەی ئێوە دەیكەن پاشگەزبونەوەیە لەو رێككەوتنانەی پێشوو بەتایبەتیش كە لە كۆنگرەدا بەبێ دەنگدان هەڵبژێردراو بڕیاردرا بكرێتە سەرۆكی یەكێتی. زانیارییەكانی (درەو) كە قسەی لەگەڵ چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح كردووە ئەوە دەخەنە روو كە بەرهەم ساڵح پێی وتوون من لە یارییەكە دەچمە دەرەوەو پیرۆزی خۆتان بێت، بەڵام ئەم هاوسەرۆكایەتیە سەركەوتوو نابێت. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەكرد، كە لەدوا ساتەكاندا ئێران دەستوەردانی كردووەو نارازی بوونی خۆی بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح دەربڕیوە بەتایبەت كە پێیان وابووە لە بەغداد زیانی زۆری بە سیاسەتەكانی ئێران گەیاندووە، بەتایبەتیش لە رازی نەبوونی بەرهەم ساڵح بە دانانی سەرۆك وەزیرانێكی دڵخوازی ئێران. بۆیە چاوەڕەوان ناكرێت بەرهەم ساڵح رازی بێت بە هاوسەرۆكایەتی و ناشیەوێت ئەزمونی رابردووی هاوپەیمانی دووبارە بكاتەوە، بۆیە لە باشترین حاڵەتدا وەك سەرۆك كۆمار دەمێنێتەوە ( هەرچەند تەمەنی سەرۆك كۆماریش نزیكەی یەك ساڵی تر بەردەوام دەبێت ئەویش بەهۆی پێداگری لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە) نایەوێت دوور بكەوێتەوە لە یەكێتی. یەكێتی بەرەو كوێ؟ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا تەنها بڕیاری لەسەر سیستەمی هاوسەرۆكی داوە ئەوەی ماوە. - هاوسەرۆكایەتیەكە لەچەند كەس پێكدێت؟ - چەند جێگری دەبێت و كێ دەبن ؟ - دەسەڵاتەكانی سەرۆك چی دەبن؟ - دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی چی دەبن؟ تا ئێستا هیچ یەك لەو پرسانە یەكلا نەكراوەتەوە، چونكە بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی یەكێتی رازی نابن ئەو دەسەڵاتە بدەن بە ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە (كۆسرەت رەسوڵ) سەرۆكایەتی دەكات، وەك ئەوەی خۆیان داوایانكردووە. تا ئێستا روون نیە كە ئایا ئەنجومەنی باڵای سیاسی رازی دەبێت تەواوی دەسەڵاتەكانی یەكێتی رادەستی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بكات یان نا؟ هێشتا روون نیە كە باڵەكانی تری یەكێتی ( باڵی كۆسرەت رەسوڵ، كەركوكییەكان، گەرمیانییەكان، باڵی دلێری سەید مەجید) رازین بەوەی دەسەڵاتی رەهای یەكێتی بدرێت بە ماڵباتی تاڵەبانی.؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو) باڵی كۆسرەت رەسوڵ لەلایەك شەڕی جێگیركردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و دانانی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەكەن بۆ جێگری هاوسەرۆكی یەكێتی ( ئەگەر هاوسەرۆك جێگری بۆ دابنرێت). باڵی كەركوكییەكان شەڕی جێگری هاوسەرۆكایەتییەكە دەكەن یان سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی و بەدەستیهێنانی بەرپرسی چەند مەكتەب و دەڤەرێك. زانیارییەكانی ( درەو) ئەوە دەخەنە روو كە باڵی دلێری سەید مەجید هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە عیماد ئەحمەد لە پۆستێكی باڵا جێگیر بكەن، كە ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردن یاخود بەرپرسی دەڤەری سلێمانی یەكێتی، بۆ ئەمەش لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانی لێكتێگەیشتنیان هەیە. پارتی لەگەڵ كێ مامەڵە دەكات؟ تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لێدوان و هەڵوێستی روون وفەرمی نەبووە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی و مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ لێدوان و تەنانەت پیرۆزباییەكی لە یەكێتی و سەركردایەتی نوێی یەكێتی نەكردووە. بەپێی پێشبینیەكان و خوێندنەوەی بارودۆخەكان چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای كۆتاییهاتنی كارەكانی كۆنگرەو یەكلاكردنەوەی تەواوی پرسەكانی یەكێتی سەركردایەتی نوێی یەكێتی مامەڵەیەكی جیاواز لەگەڵ پارتیدا بكەن و ئەو گرژیانەی ئێستای نێوانیان كەمببێتەوە، بەپێی خوێندنەوەی ئەزمونی رابردوو هەر هێزوو گروپێك لە لێدوان و بانگەشەكانیدا بەرامبەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان توند بووبێت ئەوا دەنگی جەماوەرەكەی بەدەستهێناوە. ئێستا هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بەهۆی هەڵوێستە توندەكانیان بەرامبەر بە پارتی دەنگی زۆرینەی ناو یەكێتیان بەدەستهێناو ئەو لایەنانەشی مامەڵەیان لەگەڵ پارتیدا دەكرد دۆڕاوی كۆنگرەی یەكێتی بوون، بۆیە چاوەڕەوان دەكرێت : - پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ( دیفاكتۆ) مامەڵە لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بكات، بەوپێیەی نایەوێت كێشەو گرفت بۆ حكومەتەكەی مەسرور بارزانی درووست بێت، كە لە ئێستادا كێشەو سەرئێشەی زۆری بۆ درووست دەكرێت لەلایەن باڵی سەركەوتووی یەكێتیەوە. - سەركردایەتی نوێی یەكێتی ( بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) كە لەرابردوودا دەیانویست پارتی و خودی مەسعود بارزانی ئەمری واقیعیان مامەڵەیان لەگەڵ بكات، لەدوای كۆنگرەوە بە هێزەوە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەن و چاوەڕەوان دەكرێت بارودۆخ و گرژیەكانی نێوانیان كۆتایی پێبهێنن، چونكە بۆ هەردوولایان دەركەوتووە كە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەكانیان ئەوە دەخوازێت كە تەبابن، هەرجۆرە ناكۆكیەك زیان بە بەرژەوەندییە ئابورییەكانیان دەگەیەنێت.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە پارەی پاشەكەوتی موچە، نزیكەی (4 ترلیۆن) دیناری پارەی بەرزەموچە "تەرفیع"ی فەرمانبەران قەرزارە، لە پەرلەمانەوە هەوڵێك دەستیپێكردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە، بەپێی بەدواداچوونی (درەو)، بۆ گەڕاندنەوەی بەرزە موچە حكومەت مانگانە پێویستی بە نزیكەی (36 ملیار) دینار هەیە، یاسای چاكسازی بەلای بەرزە موچەدا نەڕۆیشتووە، پێناچێت حكومەت بەمزوانە وەڵامی داواكاری بەرزەموچە بداتەوە. كاتێك بڕیار شوێنی یاسا دەگرێتەوە شوباتی ساڵی 2016 كە هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتو بڕینی بەشە بودجەی هەرێمو خەرجییەكانی شەڕی "داعش"ەوە بە قەیرانێكی دارایی سەختدا تێدەپەڕی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك "بەرزەموچە"ی فەرمانبەرانی راگرت كە لەناو فەرهەنگی فەرمانبەراندا بە "تەرفیع" ناسراوە. ئەوەی نێچیرڤان بارزانی كردی، راگرتنی یاسا بوو بە بڕیار، ئەمە بۆ یاساناسان بابەتێكە كە زۆر جێگای تێبینی-یە، بەرزەموچەی فەرمانبەران بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت. بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەی فەرمانبەران هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری بڕینی موچەی فەرمانبەران بەرێژەی (25% بۆ 75%) لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە"، كابینەی پێشوو بەرلەوەی وادەكەی تەواو ببێت، بەدوو قۆناغو لە ئازاری 2018و ئازای 2019دا بە یەكجاری پاشەكەوتی موچەی هەڵگرت، بەڵام بڕیاری راگرتنی بەرزەموچە وەكو خۆی مایەوە، ئەمە یەكێكی ترە لەو كێشانەی كە لە كابینەكەی نێچیرڤان بارزانییەوە بە میرات بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی ئامۆزای ماوەتەوە. بەمدواییە پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت یاسایەكی بەناوی "چاكسازی" پەسەندكرد، بەڵام ناوەڕۆكی یاساكە بە هیچ جۆرێك نەچووە بەلای بابەتی بەرزەموچەی فەرمانبەراندا، تائێستا چارەنوسی ئەم دۆسیەیە بە ناڕوونی ماوەتەوەو فەرمانبەران چوار ساڵی تری تەمەنی خزمەتی وەزیفییان بەڕێدەكەن بەبێ ئەوەی بەرزەموچەیان بۆ بكرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی بەشێكی زۆری فەرمانبەران لە ساڵی دەرچوونی بڕیارەكەو ساڵانی دواتریشدا وادەی ئەوەیان هەبووە بەرزەموچەیان بۆ بكرێتو بۆیان نەكراوە، ئەمەش وەكو پاشەكەوتنی موچە بەقەرز لەسەر حكومەت ماوەتەوەو نازانرێت چۆن چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە. هەوڵێك لە پەرلەمانەوە رۆژی 28ی مانگی رابردوو (36) كەس لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد، ئەو پەرلەمانتارانە لە نوسراوەكەیاندا دەڵێن ئێستا دۆخی دارایی حكومەت باش بووە، بۆیە دەبێت ئەو مافە یاساییە (بەرزەموچە) بۆ فەرمانبەران بگەڕێتەوە. كابینەی نوێی حكومەت لەدوای دەستبەكاربوونیەوە زیاتر لە هەوڵی كۆكردنەوەی داهاتەكانە، نەك گەڕاندنەوەی قەرزەكانی كابینەی پێشوو كە بە میراتیی بۆی ماوەتەوە، مەسرور بارزانی كە یەكەمجارە ئەزمونی خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە جارێ دەیەوێت بزانێت داهاتەكانی حكومەت چەندن، دواتر بڕیار لەسەر دابەشكردنیان بدات. یاسای چاكسازی كە بە پلەی یەكەم بۆ گەڕاندنەوەی بڕێك داهاتی بەهەدەردراو بوو بۆ حكومەت، لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكرایەوە، بەمەش كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، روون نییە یاساكە چەندێك داهات بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە، بەڵام هەر داهاتێك كە بەهۆی ئەو یاسایەوە دەگەڕێتەوە، دەبێت سەرەتا ئەو بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی بەكاربهێنرێت، چونكە لە یاساكەدا ئەولەویەت بەم بابەتە دراوە نەك گەڕاندنەوەی بەرزە موچەی فەرمانبەران. تێچووی بەرزە موچە چەندە ؟ دیارنییە ئاخۆ حكومەت لەسەر داوای پەرمان بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی بەرزەموچەی فەرمانبەران دەدات یاخود نا، چونكە ئەمە بەپلەی یەكەم بەندە بە تێچووی خەرجكردنی بەرزەموچەوەو ئەو قەرزانەی كە بەهۆی بەرزەموچەوە لەماوەی رابردوودا لەسەر حكومەت ماونەتەوەو بە فەرمانبەرانی نەداوە. لەدوای دەرچوونی بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەوە، بەتێكڕا هەموو فەرمانبەران بەهۆی ئەو بڕیارەوە دوو بەرزەموچە "تەرفیع"یان فەوتاوە، ئەمە هاوشێوەی پاشەكەوتی موچە قەرزێكە كە لەسەر حكومەتی هەرێمەو دەبێت بگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانبەران. بەهای ئەو قەرزەی بەرزەموچە كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، (درەو) پەیوەندی بە ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی داراییەوە كرد، كەسیان بە دیاریكراوی بەهای پارەكەیان نەزانی، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان باسلەوە دەكەن بەهای ئەو پارەیە دەگاتە نزیكەی (4 ترلیۆن) دینار، واتە لەحاڵی بڕیارداندا لەسەر گەڕاندنەوەی پارەی بەرزەموچە، دەبێت حكومەت سەرەتا خۆی بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزانە ئامادە بكات. عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێ:" بڕی ئەو پارەی بەرپرسان بە هێنانی كاڵای قاچاخ دەستیاندەكەوێت، نزیكەی ٣٥ ملیۆن دۆلاری مانگانەیە، بە نیوەی ئەو پارەیە، خەرجی بەرزەموچە چارەسەر دەكرێت"، واتە بەپێی قسەی عەلی حەمەساڵح گەڕاندنەوەی بەرزەموچەی فەرمانبەران زیاتر لە (17 ملیۆن) دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێت. بەڵام یاسین واحید سەرۆكی دیوانی وەزارەتی داراییو ئابوری لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، تائێستا هیچ خەمڵاندنێكیان نەكردووە لەبارەی ئەوەی ئەگەر بەرزەموچە گەڕێندرایەوە چەندێك لە فەرمانبەران سودمەند دەبن لێیو خەرجی كۆی گشتی چەندێكە، بۆیە وتنی هەر ژمارەیەك لەوبارەیەوە شتێكی ناڕاست دەردەچێت. ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاترو بۆ هەندێك تر كەمترە، لەحاڵی دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی بەرزەموچە بۆ فەرمانبەران، حكومەت مانگانە پێویستی بە نزیكەی (36 ملیار) دینار دەبێت، ئەمە لەكاتێدایە ئێستا تێكڕای موچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە (881 ملیار) دینارە. بەرزەموچە چییە ؟ بەپێی یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی عێراق بەرزەموچە بریتییە لە " گواستنەوەی پلەی وەزیفی فەرمانبەر لە كارەكەیدا بۆ پلەیەكی بەرزتر لە پلەكەی خۆی بەگوێرەی پلەبەندی وەزیفی". بۆ پلەبەرزكردنەوە بەپێی یاسا دەبێت ئەم مەرجانە جێبەجێ ببن ئینجا پلەبەرزكردنەوە دەكرێت: • شوێنی بەتاڵ هەبێت لەو پلە وەزیفیەی كە فەرمانبەرەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە، لە فەرمانگەكەدا. • ئەو ماوەیە تەواوبووبێت كە بۆ تەرفیع دانراوە. • فەرمانبەر مەرجو پێداویستی داواكراوی تێدا بێت بۆ وەرگرتنی ئەو ئەركەی كە پلەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە. • تواناو لێهاتووی فەرمانبەر بسەلمێندرێت لە بەڕێوەبردنی ئەو ئەركەی كە پلەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە. راگرتنی بەرزەموچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ناتوانێت بەراورد بكرێت بە بڕیاری پاشەكەوتی موچە، چونكە پاشەكەوتی موچە هاوشێوەی قەرزێكە كە هی فەرمانبەرانەو كەوتوەتە سەرشانی حكومەتو پێدانەوەی لە ئێستادا یاخود كاتێكی تر كێشەی گەورە بۆ كاری فەرمانبەران دروستناكات، بەڵام بڕینی بەرزەموچە كێشەی بۆ پلەبەندی كاری فەرمانبەران دروستدەكات، بەتایبەتی بۆ تەمەنی خانەنشینی. قەرزەكانی فەرمانبەران لای حكومەت كابینەی نوێی حكومەت كە دەستبەكاربوو، كەوت بەسەر قەرزێكی (14 ترلیۆن) دیناریدا، كە پارەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەرانە لەماوەی ساڵانی (2015 بۆ 2019)، ئەمە سەرباری قەرزی تایبەت بە بەرزەموچەی فەرمانبەران. ئەگەر پارەی پاشەكەوتی موچەو بەرزەموچە بە تێكڕا ئەژماربكرێت، قەرزی فەرمانبەران لەسەر حكومەت بۆ (18 ترلیۆن) دینار بەرزەدەبێتەوە. لە ساڵی 2014وە حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نییە، بۆیە پەرلەمان كە چاودێرە لەسەر حكومەت بەدیاریكراوی شێوازی دەستخستنی داهاتەكانو چۆنیەتی خەرجكردنیان لەلایەن حكومەتەوە نازانێت، بۆیە پێدانەوەی قەرزی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە بابەتێكە كە ناتوانرێت پێشبینی بكرێت. لە یاسای چاكسازیدا كە بەمدواییە پەسەندكرا، چارەنوسی موچە پاشەكەوتكراوەكان رادەستی بەغداد كراو حكومەتی هەرێم چاوەڕێیە حكومەتی ناوەندی عێراق ئەو پارانە بۆ فەرمانبەران بگەڕێنێتەوە، بەڵام چارەنوسی بەرزەموچە هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە.
درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای زانیاری لەسەر ئەو فەرمانبەرانە دەكات كە تەمەنیان (45) ساڵەو (15)ساڵ خزمەتیان هەیە، ئەتوانن ئارەزومەندانە خانەنشین بنن، دوای ئەوەی یاسای چاكسازی لەمڕۆوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە ئەمڕۆ یاسای چاكسازی و خانەشنینی پلە باڵاكان دوای پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە لە رۆژنامەی (وقایعی كوردستان) بڵاوكرایەوەو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان خشتەیەكی ئاراستەی وەزارەتەكان كردووەو داوای زانیاری دەكات لەسەر ئەو فەرمانبەرانەی كە تەمەنیان (45) ساڵ و زیاترەو خزمەتیشیان لە (15) ساڵ و زیاترە. لە بڕگەی سێیەمی مادەی 7ی یاسای چاكسازیدا، ئەو فەرمانبەرانەی كە تەمەنیان (45)ساڵە و خزمەتیشیان (15) ساڵە دەتوان بە خواستی خۆیان خانەنشین بن، بەڵام خانەنشینیەكە ئارەزوو مەندانەیە، تا تەمەنی (63) ساڵ دەبێتە ئیجباری، ئەم خانەنشینیە ئارەزومەندانەیە تەنها فەرمانبەرانی مەدەنی دەگرێتەوەو سەربازی ناگرێتەوە. لە دەقی بڕگەی سێیەمی مادەی (7) ی یاساكەدا هاتووە: فەرمانبەر بەو پێناسەیەی لە یاسی خانەشنی یەكگرتووی بەركار لە هەرێمدا هاتووە ( بەوانەشەوە كە لەبڕگەی یەكەمی ئەم مادەیەدا ئاماژەی پێدراوە) شاییسە موچەیەكی خانەنشینی دەبن ئەگەر خزمەتی خانەنشینیان لە (15) ساڵ كەمتر نەبێت و (45) ساڵ لە تەمەنیان تەواو كردبێت، جگە لە حاڵەتەكانی مردن یان شەهید بوون یان خانەشنینبون لە هۆكاری تەندرووستی و ئەو حاڵەتانەی دیكەی بەدەركردن كە لە یاسای خانەنشینی بەركاردا هاتووە.
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم له سهرهتای دروستبوونی یهكێتیهوه، مام جهلال وهكو دامهزرێنهری سهرهكی و كۆكهرهوهی سهرجهم بیروباوهڕ و هێله جیاوازهكان، باوهڕی به بنهماڵه كردنی ئهو حزبه نهبوه، ئهو ئاڕاسته و هێلهشی كه به "هێلی گشتیی" لهسهردهمی خۆیدا ناسراو بو، سهرجهم كهس و باڵ و گروپهكانی نێو یهكێتیی له خۆگرتبو، زۆربهی ئهوانهشی له لوتكهی خهته گشتییهكهی مام جهلالدا بوون، هی زۆربهی ناوچهكان بوون، تا ئهم دوایانهش یهك كهس له بنهماڵهكهی خۆی له نێو ئهو حزبهدا پۆستی باڵای نهبو. له كۆنگرهی سێههمی یهكێتیی ( له دوای جیابوونهوهی گۆڕان)، دهوترێ یهكێك له نهوهكانی مام جهلال له دهرهوهی وڵات گهرابۆوه، تاوهكو بۆ سهركردایهتی خۆی كاندید بكات، دوای ئهوهی مام جهلال بهوه دهزانێت، توڕه دهبێت و داوای لێدهكات پلیتی فڕۆكه ببڕێت و بگهڕێتهوه شوێنهكهی خۆی. هێرۆخان به درێژای مێژووی یهكێتی هاوشانی مام جهلال خهباتی كرد، ئینجا له كۆتاییهكانی ژیانی هاته پێشهوه، بهڵام تاوهكو مام جهلال له گۆڕهپانهكهدا بوو، ئهو رۆڵی كاریگهری نهبوو، لاهور شێخ جهنگیش كه بهشێكی تهمهنی لهگهڵ مام جهلالدا به رێكرد، له كۆنگرهی سێههمدا، تهنها توانی ببێته ئهندامی ئهنجومهنی ناوهند. دوای مام جهلال و دووركهوتنهوه هێرۆخان، له كۆنگرهی چوارهم دۆخێكی دیكه هاتۆته ئاراوه، بهشێوهیهك كوڕ و نزیك و نهوهكانی مام جهلال، بوونهته رێگر لهبهردهم دووباره تهشكیلكردنهوهی یهكێتیی، دهیانهوێ جگه له خۆیان پۆستی سهرۆك و جێگر بۆ هیچ و گروپ و باڵێكی دیكهی ئهو حزبه نهبێت، لهكاتێكدا سهرۆكایهتیكردنی یهكێتیی لهسهرهتای دروستبوونیهوه لهسهر بنهمای سازان و پێدانی بهشی باڵ و گروپهكان بووه. بۆ نموونه له رابردوو دهستهی سهرۆكایهتی یهكێتیی له نێوان سهرۆك و دوو جێگر، دوو كهس له دهرهوهی ماڵی مام جهلال بوو. رهنگه تاڕادهیهك به مهركهزی بوونی حزب و به بنهماڵهیی كردن فۆڕمێكی گونجاو بێت بۆ حزبی ڕۆژههڵاتی، بهڵام سروستی یهكێتیی و ئهو هێزانهی له منداڵدانی یهكێتیی هاتوونهته دهرهوه ئهو فۆڕمه پهسهند ناكات. بۆ نموونه له بزوتنهوهی گۆڕان ئهگهرچی كوڕهكان نهوشێروان موستهفا به فهرمی هیچ پۆستێكیان نییه، بهڵام لهبهرئهوهی به كردهكی و له پشت پهردهوه ،ههموو شت له دهستی ئهوانه، بۆیه ههر زوو له لایهن خهڵك و قاعیدهی جهماوهری ئهم شێوازه بهڕێوهبردنه رهتكرایهوه، هیچ كهسیش گهشبین نییه به داهاتووی ئهو حزبه. ئهگهر ماڵی مام جهلال بیانهوێ چاو له ماڵی بارزانی بكهن، دهبێت ئهوهیان لهبارچاوبێت، ئهوهی ئێستا له ناو پارتی دهگوزهرێ و بهجۆرێك له جۆرهكان مهركهزیهتی هیشتۆتهوه، مانهوهی مهسعود بارزانیه، دوای ئهو زوو، یان درهنگ پێكدادان له نێوان ئامۆزاكان روودهدات. ئهوهی شارهزای بارودۆخی ناوخۆی بنهماڵهی تاڵهبانی بێت، دهزانێت دۆخی یهكێتیی دوای نهمانی مام جهلال و دووركهوتنهوهی هێرۆخان، ماڵی مام جهلال لهسهر بهڕێوهبردنێكی كاتی ئێستای یهكێتیی نهبێت، له هیچ شت كۆك نین، ئهم نزیكبوونهوهش بههۆی دهستپێشخهرییهكی قوباد تاڵهبانییه، ئهگهر نا ههریهكهیان له ئاوازێك دهخوێنن. لاهور و باڤڵ له زۆر شت لهیهكهوه دوورن، ئێستاش كه له یهكهوه نزیكن بههۆی قوباد تاڵهبانی، رهنگه له چهند كاتژمێر و ڕۆژ و ساڵی داهاتو، تووشی پێكدادان بن، یان لێك دووربكهونهوه، بهتایبهت باڤڵ ههڵپهی دهسهڵات و پاره و هێزی ههیه، لاهوریش بهمه نارهحهته، ههستیار و دوو دڵه بهرامبهر باڤڵ، دهشزانێت دوای كۆنگره بهپرسیاریهتی زیادیكردوه، وهكو بهر له كۆنگره نییه، دهبێت باشتر مامهڵه لهگهڵ ههمووان بكات. ئهو عینادیهی ماڵی مام جهلال كاریگهی لهسهر دۆخی سیاسی و ناوخۆی ههرێمی كوردستانیش كردوه، حكومهت و لایهنه سیاسییهكان نازانن لهگهڵ كێ و لهگهڵ كامه سهر و ماڵ مامهڵه بكهن ؟ ئهم رووداوانهی لهم چهند رۆژی رابردو كه له ههرێم روویاندا بهشێكی زادهی ئهم كێشانهیه. له چهند ڕۆژی رابردوودا، كه سهركردایهتی یهكێتیی خهریكی داڕشتنهوهی پهیڕهوی ناوخۆی یهكێتین، لهسهرهتادا ماڵی مام جهلال داوای ههردوو پۆستی جێگریان دهكرد، بهڵام له چهند ڕۆژی داهاتوو داواكارییهكانیان بهشێوهیهك گۆڕیوه، داوای پۆستی سهرۆك، یاخود سیستهمی هاوسهرۆكی دهكهن، بهم داواكاریهش بهرههم ساڵحیشیان لهخۆیان تۆراندوه. ماڵی مام جهلال بهتایبهت باڤڵ تاڵهبانی و قوباد تاڵهبانی به ناچاری لاهور شێخ جهنگیان رازیكردوه جۆرێك له رێككهوتنیان لهگهڵ بكات، كه یهكێتیی به تهواوی به ئاراستهی بنهماڵهیی بوون ببهن، هاوشێوهی ئهوهی ئێستای پارتی و بزوتنهوهی گۆڕان پهیڕهوی دهكهن، ئهوهش له پێناو پاراستنی بهرژهوهندییهكانی خۆیان، ئهگهر یهكێتیی لهوهی ئێستا ههیه بچووكتریش ببێتهوه. بهم كردهوانهی ئهم دوایهی ماڵباتی تاڵهبانی، كه لاهور شێخ جهنگیشیان خستۆته ناوی، چهندین بهرهیان له دژی خۆیان كردۆتهوه لهوانه ( بهرهی ماڵی كۆسرهت رهسوڵ و بهرههم ساڵح و گروپی كهركووكییهكان و دلێری سهید مهجید و عیماد ئهحمهد و عهدنانی حهمهی مینه و چهند كهسێكی دیكه)، لهكاتێكدا ئهوانیش هاوشێوهی بنهماڵهی تاڵهبانی خۆیان به میراتگیری بهشێكی یهكێتیی دهزانن، بهڵام ئێستا ههستیان بهوه كردوه، لهم خولهدا ههوڵدهدرێت پهراوێزبخرێن. لاهور شێخ جهنگی كه براوه گهورهكهی كۆنگرهیه، له ئێستاشدا لهبهرهی كوڕهكانی مام جهلال دهردهكهوێت و كهوتۆته ژێر كاریگهری ئهم رێككهوتنه، ئهگهر بهم شێوهیه بهردهوام بێت، جگه لهوهی یهكێتیی تووشی قهیرانێكی دیكه دهكات و بهم یاریه كێشهكان زیاتر قوڵتر دهكاتهوه، دواجاریش چارهسهركردنی ئهستهم دهبێت، له ههمانكاتیشدا رهنگه بهم یاریه به تهواوی دهسهڵات بكهوێته دهست ئهنجومهنی سیاسی و بهرژهوهندی گشتیی یهكێتیی، یاخود گروپێكی دیكه دروست بن، دان به ههیكهلی نوێی یهكێتی دانهنێن. دهبێت نهوهكانی ماڵی مام جهلال ئهوه بزانن، كه یهكێتیی تهنها مولكی ئهوان نییه، ئهگهر بیانهوێ حزب بهره و سیستهمی به بنهماڵهیی ببهن، دهبنه هێزێكی بچوك له گۆڕهپانهكهدا، چونكه ههریهك لهو باڵ و گروپانهی داوای بهشی خۆیان دهكهن، حهقێكیان لهسهر یهكێتیی ههیه و نفوز و قاعیدهی جهماوهریان زۆره، به دووركهوتنهوهی ههر كهسێك لهوانه، ئهوكات لهبهرژهوهندی یهكێتیی نابێت. ئهگهر ئهم دۆخه بهردهوام بێت، سهرباری ئهوهی دۆخی یهكێتیی بهره و خراپتر و خراپتر دهچێت، له سنوورهكانی دیكهی وهكو ههولێر و بادینانیش رۆژی دوای ڕۆژ ئهو حزبه روو له لاواز بوون دهكات، چونكه ئهگهر یهك جوله بهرامبهر ماڵی كۆسرهت رهسوڵ بكرێت و پهراوێز بخرێن و له بهرژهوهندیان نهبێت، ئهوهندهی دیكه برینی یهكێتیی لهم ناوچانه زیاتر دهبێت. ئهمه بۆ باڵ و گروپهكانی دیكهش له سنووری گهرمیان و سلێمانی كهركوك راسته، چونكه ئهوان به ئهندازهی خۆیان كاریگهری گهورهیان ههیه. كهركوك كه ئێستا تاكه پارێزگایه یهكێتیی تیایدا زۆرترین نفوزی جهماوهری ههیه و به قهلای سهوزی یهكێتی ناسراوه، ئهوانیش بهم شێوازهی ئێستای داڕشتنهوهی ههیكهلی یهكێتیی رازی نین، بۆیه ئهگهر داواكارییهكانی ئهوانیش لهبهرچاو نهگیرێت، گره و لهسهر پهرتهوازهیكردنی یهكگرتووی سهركردهكانی ئهو دهڤهره بكرێت، دیسانهوه لایهكی یهكێتیی تووشی ئیفلیج بوون دهبێت، لهم ناوچانهش زۆر شت له دهست دهدهن. ئێستا لاهور شێخ جهنگی كه براوهی كۆنگرهیه، ئهگهر نهرمی نهنوێنێت، له نێوان فۆڕمی به بنهماڵهیی كردن، یاخود دابهشكاری پۆستهكان لهسهر بنهمای تهوافوق و پشكی گروپهكان و بهڕێوهبردنی به كۆمهڵ، هی دووهمیان ههڵنهبژێرێت، ههندهی دیكه دۆخهكه خراپتر دهبێت و كارتهكان بهشێوهیهكی ئاڵۆز تێكهڵ دهبن، چونكه ئهوها ههم خۆی بههێزدهبێت و ههمیش یهكێتیی به تهواوی له حزبی به بنهماڵهیی بوون دهپارێزێت. باشترین چارهسهر بۆ دۆخی ئێستای یهكێتیی بهڕێوهبردنی ئهو حزبهیه بهشێوازی كۆمهڵ و سیستهمی فره جێگری، كه ههمووان ههست به بوونی خۆیان بكهن، مافهكانیان له رووی بهڕێوهبردنی ئهو حزبه پارێزراو بێت.
(درەو): ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی دەرەوە، (151) دەزگای راگەیاندنو رۆژنامەنوس پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە، هەولێرو سلێمانیو كەركوك پێشەنگی پێشێلكارییەكانن، پارێزگای هەڵەبجە خاوێنترین ناوچە بووە، زۆرترین حاڵەتی پێشێلكاریی لە شێوەی رێگریكردن بووە لە روماڵكردنی رووداوەكانو دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، زۆرترین پێشێلكارییەكان لەبەرامبەر رۆژنامەنوسو میدیاكارانی كەناڵی (NRT) كراوە. ئامارێكی نوێ لیژنەی داكۆكیكردن لە ئازادی رۆژنامەنوسیو مافی رۆژنامەنوسان كە سەربە ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسانە، راپۆرتی خۆی لەباری پێشێلكراییەكان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان لە ساڵی 2019دا بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكە ساڵی رابردوو بەشێوەیەكی گشتی (66) حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر بە دەزگاكانی راگەیاندنو رۆژنامەنوسان تۆماركراوەو ئەو پێشێلكارییانە (151) دەزگای راگەیاندنو رۆژنامەنوسی گرتوەتەوە. جۆری پێشێلكارییەكان كە ساڵی رابردوو تۆماركراون، ئەمانە بوون: • دەستگیركردن: 19 حاڵەت • رێگەنەدان بە روماڵكردنی هەواڵ: 24 حاڵەت • هێرشو سوكایەتی: 10 حاڵەت • لێدان: 2 حاڵەت • داخستنی نوسینگە: 2 حاڵەت • دەستبەسەركردن (توقیف): 4 حاڵەت • هەڕەشە: 4 حاڵەت • داوای پڕكردنەوەی فۆڕمی زانیاری كەسییو ئەمنی: 1 حاڵەت رێگەنەدان بە رووماڵكردنی رووداوەكان لەلایەن میدیاو رۆژنامەنوسانەوە لە ساڵی رابردوودا دیارترین پێشێلكاریی بووە كە رێژەی (41%)ی كۆی ئەو پێشێلكارییانە پێدەهێنێت كە لەو ساڵەدا تۆماركراون، لەدوای ئەویش پێشێلكاری دەستگیركردنی رۆژنامەنوسانە كە رێژەی (24%)ی كۆی پێشێلكارییەكان پێكدەهێنێت. پێشێلكاریی بەپێی ناوچە بەپێی راپۆرتەكە، زۆرترین رێژەی پێشێلكاری بەرامبەر بە میدیاكانو رۆژنامەنوسان لە ساڵی رابردوودا لە پارێزگاكانی (هەولێر- سلێمانی- كەركوك) بووە، كەمترین رێژەش لە پارێزگای هەڵەبجە بووە. ساڵی رابردوو بەپێی دابەشبوونی جوگرافی، پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە میدیاو رۆژنامەنوسان بەمشێوەیە بووە: • هەولێر: 17 حاڵەت • سلێمانی: 17 حاڵەت • كەركوك: 17 حاڵەت • دهۆك: 8 حاڵەت • هەڵەبجە: 1 حاڵەت • خانەقین: 1 حاڵەت • بەغداد: 1 حاڵەت • موسڵ: 1 حاڵەت پێشێلكاریی بەپێی رەگەز بەپێی رەگەز بەپێی ئامارەكەی لیژنەی داكۆكیكردن لە ئازادیو مافی رۆژنامەنوسان، ساڵی رابردوو زۆربەی ئەو پێشێلكارییانەی كە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كراوە، لەدژی ئەو رۆژنامەنوسانە بووە كە رەگەزییان (نێر) بووە، بەجۆرێك رێژەی (97%)ی ئەوانەی پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە لە رەگەزی (نێرینە)بوون، لە رەگەزی (مێ) تەنیا رێژەی (3%) تۆماركراوە. پێشێلكاریی بەپێی دەزگاكانی راگەیاندن راپۆرتەكە ناوی ئەو رۆژنامەنوسو دەزگایانەی بڵاوكردوەتەوە كە ساڵی رابردوو پێشێلكارییان لەدژ كراوە، بەمشێوەیە: • پێشێلكاریی لە شێوەی دەستگیركردندا: ئەم شێوازەی پێشێلكاریی لە ساڵی رابردوودا زۆربەی لەدژی رۆژنامەنوسو میدیاكارەكانی كەناڵی (NRT) بووە. • پێشێلكاریی لەشێوەی فەرمانی دەستبەسەركردندا: دوو حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسێكی كەناڵی (NRT)و ئەوی تر بەرامبەر ستافی سایتی (درەو)و چەند رۆژنامەنوسێكی ترە. • پێشێلكاریی لەشێوەی رێگەنەدان بە رووماڵكردنی رووداوەكان: زۆرینەی پێشێلكاریی لەم جۆرە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كەناڵی (NRT) بووە كە (14) حاڵەتە، لەدوای ئەویش كەناڵی (كوردسات) دێت كە (5) حاڵەتە، پاشان كەناڵی (رۆژتیڤی) كە (4) حاڵەتە، (3) حاڵەتیش بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كەناڵی كوردستان 24 بووە. • پێشێلكاری لە شێوەی هێرشو سوكایەتی: زۆرترین پێشێلكاری لەم شێوازە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كەناڵی (وار) تۆماركراوە كە (3) حاڵەتە، لەدوای ئەویش كەناڵی (سپێدە)و (كوردسات) دێت كە هەریەكەیان (2) حاڵەتیان لەدژ كراوە. • پێشێلكاریی لەشێوەی لێداندا: ئەم شێوازە دوو حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بە رۆژنامەنوسانی كەناڵی (سپێدە) بووەو ئەوی تر لەدژی پەیامنێری كەناڵی جەزیرەی قەتەری بووە لەكاتی كوشتنی دیپلۆماتكارەكەی توركیا لە هەولێر. • پێشێلكاریی لەشێوەی داخستنی نوسینگەو كەناڵ: دوو حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بەرامبەر بە كەناڵی (NRT) بووەو ئەوی تر بەرامبەر بە كەناڵی كوردستان 24 كراوە لە رۆژئاوای كوردستان. • پێشێلكاریی لەشێوەی پڕكردنەوەی فۆڕمی زانیاریی كەسییو ئەمنی: ئەم شێوازە سێ حاڵەت تۆماركراوە كە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی هەرسێ كەناڵی (رۆژتیڤی- گەلی كوردستان- كوردستات) تۆماركراوە. • پێشێلكاریی لەشێوەی هەڕەشە: چوار حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسێكی كەناڵی (NRT) لە بەغداد تۆماركراوە، یەك حاڵەت بەرامبەر بە رۆژنامەنوسێكی كەناڵی (كەركوك)، یەك حاڵەت بەرامبەر بە كەناڵی (وار)، یەك حاڵەت بەرامبەر بە كەناڵی كوردستان 24. كێن ئەوانەی پێشێلكاریی دەكەن ئەوەی لە راپۆرتەكەدا تۆماركراوە، ئەوانەی ساڵی رابردوو پێشێلكاریی جۆراوجۆریان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كردووە بریتی بوون لە: • هێزە ئەمنییەكان لە شیلادزێ- دهۆك • هێزەكانی ئاسایش- دهۆك • پۆلیسو بەڕێوەبەری ناحیەی تەكیە- سلێمانی • هێزەكانی حەشدی شەعبی- خانەقین • هێزەكانی ئاسایش- سلێمانی • هێزەكانی سوپای عێراق- كەركوك • هێزەكانی سوپای عێراق- موسڵ • هێزە ئەمنییەكان- هەولێر • هێزی 8ی تەواری- خانەقین • راكان جبوری پارێزگاری كەركوك • بەرپرسی ئەمنی نیشتمانی- خانەقین • هێزی فیرقەی چواری مغاویری سوپای عێراق- كەركوك • پۆلیسی نەخۆشخانە- دهۆك • هێزەكانی سوپای عێراق- مەخمور • هێزەكانی پۆلیسی سۆران • ئاسایشی گەرمیان- كەلار • ئیستخباراتی كەركوك • سەرپەرەشتیاری یاری نێوان یانەی سەیدسادقو یانەی خاك لە 7/12/2019 • خۆپیشاندەران لە كەركوك رۆژی 15/10/2019 • مستەفا حەسەن گەورە لە 11/10/2019 • بەشی راگەیاندنی شارەوانی گەرمیان • هێزی دژە تیرۆر- هەولێر • ئیدارەی باكوری سوریا- رۆژئاوای كوردستان • لیوای 61ی سەرۆك وەزیران- كەركوك دەربازبوون لە سزا لە هەرێمی كوردستان بەردەوام ئەوانەی كە پێشێلكاری لەبەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجام دەدەن، لە سزای یاسایی دەرباز دەبن، راپۆرتی لیژنەی داكۆكی لە رۆژنامەنوسان لە راپۆرتی خۆیدا هیچ حاڵەتێكی تۆمارنەكردووە لەبارەی سزادانی ئەوانەی كە ساڵی 2019 پێشێلكارییان بەرامبەر بە میدیاكانو رۆژنامەنوسان ئەنجامداوە. بەراوردكارییەك بەپێی ئاماری هەمان لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، ساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم (131) حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كورد تۆماركراون، واتە ساڵی رابردوو حاڵەتەكانی پێشێلكاری دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو لە (131) حاڵەتەوە دابەزیوە بۆ (66) حاڵەت.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا گورزێكی بەهێزی لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی وەشاند، سەركردایەتی لە پەیڕەودا بەرزترین دەسەڵاتی حزبی بەخشییە ئەنجومەنی سەركردایەتی، پرسی سەرۆكو جێگرەكانی هێشتا گرێكوێرەیەكە كە نەكراوەتەوە، ماڵباتی تاڵەبانی بەرهەم ساڵحیان خستوەتە ناو مامەڵەیەكی نوێوە. یەك كۆبونەوەو سێ دانیشتن دوای سێ دانیشتن، هێشتا یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەكراوەیی ماوەتەوەو سەركردایەتی نوێی حزبەكە نەیتوانیوە پەیڕەوی ناوخۆی حزب پەسەندبكاتو سەرۆكێكی نوێ بۆ حزبەكە هەڵبژێرێتو دەسەڵاتی ئۆرگانە نوێیەكانی حزب دیاری بكات. بەهۆی ئەم دۆخەوە، دوای نزیكەی (45) رۆژ لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەم، هێشتا یەكێتی بەبێ سەر ماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە دۆخی هەرێم لە ناوخۆدا پەرەسەندنی خێرا بەخۆوە دەبینێتو عێراقیش بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاو دەنێت. سێ گروپ بەشدارنەبوون ئەمڕۆ جارێكی تر ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا لە كۆی (121) كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، نزیكەی (100) كەس بەشداربوون. باڵی كۆسرەت رەسوڵو گروپی كەركوكییەكانو گەرمیانییەكان بەشدارنەبوون، هۆكاری بەشدارنەبوونی ئەم گروپانە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا پەیوەندیدار بوو بە رێكنەكەوتن باڵەكانی حزب لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكو جێگرانی نوێی سەرۆكی حزب. كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، دەسەڵاتی پەسەندكردنی پەیڕەوی نوێی حزبی دایە دەست سەركردایەتییە هەڵبژێردراوەكە، ئەمە وایكرد چارەسەری كێشە بنەڕەتییەكانی یەكێتی هەر لە سەرەوە بمێنێتەوە، ئەمەش هەمان ئەو بارودۆخەیە كە لەدوای نەخۆشكەوتنو دواجاریش كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەركردەی مێژوویی حزبەكەوە، یەكێتی تێیكەوتووەو لەڕێگەی سەركردایەتییەوە نەیتوانیوە چارەسەریان بكات. مستەفا چاوڕەش سەرپەرەشتیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی رایگەیاند، تائێستا لە كۆی (77) ماددەی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆ، (33) ماددەی پەسەندكراوە. مستەفا چاوڕەش باسی لەوەكرد، لە پەیڕەودا دەسەڵاتەكانی سەركردایەتیو سەرۆكو جێگرانی سەرۆكی حزب یەكلاكراونەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەنجومەنی سەركردایەتی هێشتا نەگەیشتووەتە سەر بابەتی دەسەڵاتەكانی سەرۆكو جێگرەكانی كە لە ماددەی (36)ی پەیڕەوەكەوە دەستپێدەكات، هەروەها بابەتی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی شارەكانو دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكلانەبووەتەوە كە سێ بابەتی هەستیارنو كرۆكی كێشمەكێشی نێوان باڵەكانی یەكێتییە. باڵەكان دەیانەوێت بەر لە پەسەندكردنی ژمارەی جێگرانی سەرۆكی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، كاندیدەكانی پۆستی سەرۆكو جێگرەكانیان یەكلابكرێتەوە، ئەمەش ئاستەنگی بۆ پەسەندكردنی تەواوی ماددەو بڕگەكانی پەیڕەوەكە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی دروستكردووە. گەمەی نوێی باڵەكان بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە چەند رۆژی رابردوودا باڵەكانی یەكێتی هەندێك كارتی نوێی گەمەكردنیان بەڕووی یەكتردا بەرزكردوەتەوە. (درەو) زانیویەتی، رۆژی دوو شەممەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسوڵی كردووەو پێی راگەیاندووە، ئەوان وەكو ماڵباتی تاڵەبانی رازی نین بەرهەم ساڵح بكرێت بە سەرۆكی یەكێتیو داوای لێكردووە بەدوای چارەسەرێكی تردا بگەڕێن. بافڵ تاڵەبانی چاوی لەوەیە پۆستی سەرۆكی حزب وەرگرێت، یاخود لە خراپترین حاڵدا پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتی پێبدرێت بە دەسەڵاتی تەواوەتییەوە. لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ كە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە دەیەوێت هەم ئەنجومەنەكەی دەسەڵاتی "باڵا"ی هەبێتو هەم یەكێك لە كوڕەكانیشی ببێت بە جێگری سەرۆكی یەكێتی. لاهور شێخ جەنگیش كە براوەی یەكەمی كۆنگرەی چوارەمی حزب بووەو زۆرینەی لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی هەیە، چاوی لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبە، سوربوونی بافڵ تاڵەبانی لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبو جەختكردنی لەسەر ئەوەی نابێت سەرۆك لە دوو جێگر زیاتری هەبێت، ئاستەنگی بۆ لاهور شێخ جەنگی دروستكردووە، چونكە لاهور لەسەر ماڵباتی تاڵەبانی ئەژماردەكرێتو باڵەكانی تر بەوە قایل نین هەردوو پۆستەكەی جێگری سەرۆك بۆ ماڵباتی تاڵەبانی بێت. پرسی دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆكی حزب، هەوڵێك بوو بۆ چارەسەری ئەم ناكۆكیانە، بەڵام ئەم پێشنیازە لە لیژنەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆدا تێنەپەڕیو لیژنەكە لە هەموارەكەیدا دوو جێگری بۆ سەرۆك دیاریكردووە، نازانرێت ئەنجومەنی سەركردایەتی دواجار چۆن بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدات. لەم نێوەندەدا هەندێك باڵی تر لە پێش كۆنگرەی چوارەمەوە دروستبوونو لەكۆنگرەدا پێگەیان بەهێزبووە، داواكاری خۆیان هەیەو داوای پۆستی باڵا دەكەن، لەوانە گروپی سەركردە كەركوكییەكانی حزبەكەیە كە داوای پۆستی جێگری سەرۆك دەكەنو كاندیدیان هەیە بۆ ئەو پۆستە كاندیدەكەش (رەفعەت عەبدوڵا)یە، باڵی ئیداری گشتی یەكێتیش كە دلێری سەید مەجید سەرۆكایەتی دەكاتو لە كۆنگرەی چوارەمدا وەكو كوتلەیەكی نوێ دەركەوتن، كارتێكیان فڕێداوەتە سەر مێزەكەو عیماد ئەحمەدیان كاندیدكردووە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حزب. شەڕكردن لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی حزب لەكاتێكدایە هێشتا پۆستی سەرۆكی حزب یەكلانەكراوەتەوە. هەوڵێكی نوێ بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دوای سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆلای كۆسرەت رەسوڵ بۆ قسەكردن لەبارەی رەتكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆكی حزب، ماڵباتی تاڵەبانی جارێكی تر گەڕاونەتەوە بۆلای بەرهەم ساڵحو پێشنیازێكی نوێیان پێداوە. پێشنیازە نوێیەكەی ماڵباتی تاڵەبانی بۆ بەرهەم ساڵح ئەوە بووە، ئەو ببێت بە سەرۆكی حزبو دوو جێگری هەبێت، یەكێك لە جێگرەكان بافڵ تاڵەبانیو ئەوی تر لاهور شێخ جەنگی بێت، بەرهەم ساڵح ئەم پێشنیازەی رەتكردوەتەوەو وتویەتی:" دەبێت یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆك بۆ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ بێت، چونكە ئەگەر یەكێك لە جێگرەكان بۆ ئەوان نەبێت كێشە بۆ سەرۆكایەتییەكەی ئەو دروست دەبێت". بەمجۆرە هێندەی تر ماڵباتی تاڵەبانی لە بەرهەم ساڵح دوردوونگ بوون، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە بەرهەم ساڵح بە راشكاوی بە ماڵباتی تاڵەبانی راگەیاندووە كە ئەو هیچ بۆی گرنگ نییە ببێت بە سەرۆكی حزبو تەنانەت ئەگەر تەكلیفیشی لێنەكەن ئەو پۆستە وەرناگرێت. قادر عەزیز نێوەنگیری دەكات (درەو) زانیویەتی، ئەمڕۆ وەفدێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی بە سەرۆكایەتی قادر عەزیز سەردانی ماڵی كۆسرەت رەسوڵیان كردووە، سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی گفتوگۆیان كردووە. مەلا بەختیار یەكێك لەوانە بووە كە بەشداربووە لە كۆبونەوەكەی ماڵی كۆسرەت رەسوڵو لەوێ جەختی كردووە لەسەر ئەو دەسەڵاتانەی ئەنجومەنی باڵا كە پێشتر لە نامەیەكدا ئاڕاستەی سەركردایەتییان كردووە. ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات، ئەندامەكانی پێكهاتوون لە (مەلا بەختیار، ئەرسەلان بایز، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، حاكم قادر، دلێری سەید مەجید، عەدنان موفتی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد). ئەم ئەنجومەنە لە كۆنگرەی چوارەمدا پەسەندكراو لە فەرهەنگی یەكێتیدا دامەزراوەیەكی نوێیە، تەنیا سەرۆكی ئەنجومەنەكە كە كۆسرەت رەسوڵە بەدەنگدانی كۆنگرە دانراوە، ئەندامانی ئەنجومەنەكە بەشێوەی تەعین دانراون. پێشتر (درەو) ناوەڕۆكی ئەو نامەیەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بڵاوكردەوە كە لەبارەی دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنەكەوە ئاڕاستەی سەركردایەتی نوێی حزب كراوەو داوا دەكرێت لە پەیڕەوی نوێی حزبدا ئەو دەسەڵاتانە بۆ ئەنجومەنی باڵای سیاسی جێگیربكرێن. لەو نامەیەدا كە كۆسرەت رەسوڵ ناردویەتی بۆ سەركردایەتی، ئەنجومەنی باڵای سیاسی داوای هەندێك دەسەڵات دەكات، كە ئەگەر وەكو خۆی لە سەركردایەتی پەسەندبكرێت بڕیاری سیاسی یەكێتی بەتەواوەتی دەكەوێتە دەست ئەم ئەنجومەنە نەك سەرۆكو جێگرانی سەرۆكی حزبو ئەنجومەنی سەركردایەتی. ئەو دەسەڵاتانەی كە ئەنجومەنی باڵای سیاسی داوای دەكات: • سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا سەرپەرشتیاری گشتی هەموو هێزە چەكدارەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە. • سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین پۆستی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی. • ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین ئەنجومەنی سیاسیو بەرژەوەندی یەكێتییە. • ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی داراییو موڵكداری تەنها دەداتە مەكتەبی دارایی. • دەسەڵاتی پەسەندكردنی پرۆژەو بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی دەبێت. • سەرۆكی ئەنجومەن دەسەڵاتی رەتكردنەوەی هەر رێككەوتنێكی دوقوڵی یان چەند قۆڵی هەیە كە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەیكات. • لە كاتی سەرپێچیدا، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی سزادانی هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هەیە. گورزێكی پێشوەختە لە ئەنجومەنی باڵا لەكاتێكدا هێشتا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نەگەیشتووەتەسەر ئەو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆ كە تایبەتە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، ئەمڕۆ سەركردایەتی گورزێكی بەهێزی لەو نامەیە وەشاند كە كۆسرەت رەسوڵ بۆ سەركردایەتی ناردووە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكلاكراوەتەوە، بەپێی ئەوەی پەسەندكراوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەم دەسەڵاتانەی دەبێت: • بەرزترین دەسەڵاتە لەنێوان دوو كۆنگرەداو سەرچاوەی بڕیارە لە پرسە گرنگو چارەنوسسازەكاندا. • بەرپرسە لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی حزب لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە. • بەرپرسە لەو رێككەوتنە گرنگانەی كە پەیوەندییان بە پرسە نەتەوەییو چارەنوسسازەكانو بەرژەوەندی باڵای یەكێتیو هاوپەیمانێتی هەڵبژاردنەوە هەیە. • دەسەڵاتی هەیە متمانە لە سەرۆكی حزبو سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بسەنێتەوە بەرێژەی دەنگیی دوو لەسەر سێی ئەندامەكانی. پێدانی ئەم دەسەڵاتانە بە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، بەپلەی یەكەم لێدان بوو لە ناوەڕۆكی ئەو نامەیەی كە ئەنجومەنی باڵای سیاسی لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە بۆ سەركردایەتی ناردووە. تاقیكردنەوەی كارتەكان ئەوەی تائێستا هەیە، هیچ رێككەوتنێكی جێگیر لەنێوان باڵە سەرەكییەكانی یەكێتیدا نییە لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستو دەسەڵاتەكان، رۆژانە كوتلەكان چەندین كارتی نوێ بۆ یەكتر بەرزدەكەنەوە، بەڵام ئەمە بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا دێت، رەنگە هۆكارەكە ئەوەبێت تائێستا كوتلە سەرەكییەكان نەیانتوانیوە پێكەوە رووبەڕوو دابنیشنو باسی داواكاریو خواستەكانی خۆیان بكەنو لەچوارچێوەی دانوستانێكدا ناكۆییەكان بەلادا بخەن، ئەوەی كە هەیە، تەنیا كۆبونەوەی پشتی پەردەیە.
(درەو): ژمارەیەك شۆفێری مەرزی باشماخ، رێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێمو ئێران دەخەنە مەترسییەوەو كوسنوڵگەری ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕێت. ژمارەیەك سەرچاوەی ئاگادار لە مەرزی باشماخ بە (درەو) یان راگەیاند، چەند شۆفێرێكی بارهەڵگرە فلاتەكانی سنوری مەرزەكە، رۆژی یەكشەممەی رابردوو، لەڕێگای نێوان پێنجوێن- سلێمانی بەچەكەوە رێگرییان لەو بارهەڵگرە ئێرانییانە كردووە كە شوشە لە ئێرانەوە دەگوازنەوە بۆ ناو شارەكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان هەرێمی كوردستانو ئێراندا كراوە، سێ جۆر كەلوپەل هەن دەبێت لەكاتی هاتنیان لە ئێرانەوە بۆ هەرێم، لە مەرزەكان دانەگیرێنو هەر بە ئۆتۆمبیلی ئێرانی بگەیەندرێنە شارەكانی هەرێم، ئەو كەلوپەلانە بریتین لە: • پتمۆس- ئەمە مادەیەكە هاوشێوەی پەینی كیمیاییە، ئەم مادەیە ئەگەر لە ئۆتۆمبیلێكەوە بگوازرێتەوە بۆ یەكێكی تر، كوالیتییەكەی خۆی لەدەستدەدات. • ئەساسی مۆبیلیاتی ناوماڵ- ئەمە ئێرانییەكان پێی دەڵێن "سەڵتەنە"، ئەمانەش كەلوپەلی ناسكنو لە گواستنەوەدا زۆرجار دووچاری شكان دەبن. • شوشەی گەورە- ئەمە بریتییە لەو تەبەقە شوشانەی كە بۆ پەنجەرەی ماڵو بینا گەورەكان بەكاردەەهێنرێن. شۆفێری بارهەڵگرە فلاتەكانی مەرزی باشماخ نیگەرانن لەم رێككەوتنە، چونكە پێیانوایە شۆفێرە ئێرانییەكان كاری ئەوانیان لە مەرزەكە راگرتووەو داوا دەكەن ئەوان ئەو جۆرە كەلوپەلانە بگوازنەوە. چەندجارێك نوێنەری ئەو ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرە فلاتانە لەگەڵ لیوا مەریوان شێخ كەمال بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ كۆبونەتەوە، بەڕێوەبەری دەروازەكە ئاگاداریكردوون ئەوە رێككەوتنی نێوان هەرێمو ئێرانەو ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە ئۆتۆمبیلە ئێرانییەكان ئەو جۆرە بارانە دەگوازنەوە، بەڵام ئەم كۆبونەوانە كۆتایی بە نیگەرانی شۆفێرەكان نەهێناوە. چەند جارێكە بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی باشماخ هێزی پۆلیس لەگەڵ بارهەڵگرە ئێرانییەكان دەنێرێت تا ئەوكاتەی بارەكانیان دەگەیەننە سلێمانی. بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ئەو رووداوەی كە رۆژی یەكشەممە روویداوە، (درەو) پەیوەندی بە لیوا مەریوان شێخ كەمال بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی باشماخەوە كرد، لیوا مەریوان زانیارییەكانی پشتڕاستكردەوە. بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی باشماخ بە (درەو)ی راگەیاند، لەسەر ئەو رووداوە، لەلایەن بەرپرسانی مەرزەكە لە دیوی ئێرانو هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەری نوسینگەی مەهدی شوشتری كونسوڵی ئێران لە سلێمانی، پەیوەندییان پێوەكراوەو ناڕەزایەتییان لەبارەی رووداوەكەوە دەربڕیوە. لیوا مەریوان وتی:" ئێمە پێشتر كە ئۆتۆمبیلە ئێرانییەكان دەهاتن، بۆ پاراستنیان هێزی پۆلیسمان لەگەڵ دەناردن، بەڵام رۆژی یەكشەممە كە هاتوون، ئێمەیان ئاگادارنەكردووەو بەبێ پۆلیس رۆیشتوون، بۆیە ئەو شۆفێرانەی مەرزەكە لەڕێگەی نێوان پێنجوێن- سلێمانی رێگرییان لێكردوون". ئەو كەسە كە بەچەكەوە رێگری لە بارهەڵگرە ئێرانییەكان كردووە، ناوەكەی لای (درەو) پارێزراوەو ئەنجومەنی شۆفێرە بارهەڵگرە فلاتەكانی مەرزی باشماخە، ئێستا رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر گیراوەتەبەرو دادوەر بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی كردووە، بەڵام دەستگیرنەكراوە. رێگرەكان لەدوو لاوە لە بنكەی پۆلیسی پێنجوێن سكاڵای یاساییان لەسەر تۆماركراوە، لەلایەك، لەلایەن شۆفێرە ئێرانییەكانەوە، لەلایەكی تر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی مەرزی باشماخەوە.
درەو: سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "بۆ خستنەڕوی راستی ھۆکاری جێبەجێ نەکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی کەدەوترێ بەھۆی ئەوەیە تێچوی ئەم شەقامە بەبەراوردی تێچوی شەقامی ١٢٠ مەتری ھەولێر زۆر زیاترە! بەھانەیەکی ناڕاستە، بەپێچەوانەوە شەقامی ١٢٠ مەتری ھەر کیلۆمەترێکی بەبەراوردی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دۆلار زیاتری تێچووە! راستیەکان لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی و١٢٠ مەتری ھەولێر! سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری ئەمە ناحەقی نیە؟ ھەر کیلۆمەترێکی شەقامی ١٢٠ مەتری ٢ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دۆلار زیاتری تێچوە لەوەی بۆ شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی تەرخان کراوە! راستیەکان لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی و١٢٠ مەتری ھەولێر! سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری بۆ بەدواداچونی ھۆکاری دەست کردن بەجێبەجێ نەکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی بەرپرسانی حکومەت وتیان ناکرێ شەقامی ١٢٠ مەتری بەنرخێک تەواو کرابێ بەڵام شەقامی ١٠٠ مەتری چوار ھێندە زیاتری تێ بچێ!!!! بۆ خستنەڕوی راستی ھۆکاری جێبەجێ نەکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی کەدەوترێ بەھۆی ئەوەیە تێچوی ئەم شەقامە بەبەراوردی تێچوی شەقامی ١٢٠ مەتری ھەولێر زۆر زیاترە! بەھانەیەکی ناڕاستە، بەپێچەوانەوە شەقامی ١٢٠ مەتری ھەر کیلۆمەترێکی بەبەراوردی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دۆلار زیاتری تێچووە! ئەمەش وردەکاری راستیەکانە: قۆناغی یەکەمی پرۆژەی دروست کردنی شەقامی ١٢٠ مەتری خێرا کە ١١ کیلۆمەترە، کۆمپانیای ئەکنجلەی تورکی و ھێمن گروپ جێبەجێیان کردوە، نێوان ڕێگای سەرەکی ھەولێر موسڵ تا ھەولێر کەرکوک دەکات، ١٦ زێرابی سندوقی و ٣ یەکتربڕو ١ ئۆڤەر پاسی تێدابووە، به گوژمەی گرێبەست و گوژمەی گۆڕانکاری و کۆی گشتی گوژمەی خەرج کراو بڕی ١٨٠ ملیۆن دۆلاری بۆ سەرف کراوە. ھەرچەندە نزیک بە ٥٠ ملیۆن دۆلاری دیکە لە کۆی گوژمەکەدا ھەیە سەرف نەکراوە پێدەچێ لەبەرامبەر ئەوەدا زەوی پێ درابێ. قۆناغی دووەم نێوان ڕێگای سەرەکی ھەولێر موسڵ تا ھەولێر شەقلاوە دەگرێتەوە کە ٩ کیلۆمەتر دەکات، ٥ یەکتر بڕو ١ ئۆڤەر پاس و ٢ ئەندەرپاس و ١ ئۆڤەرفلای و ٨ زێرابی سندوقی تێدایە، کۆمپانیای ھێمن جێبەجێی کردوە ١٦٥ ملیۆن و حەفتاو سێ ھەزارو ٢٥ دۆلاری بۆ خەرج کراوە. قۆناغی سێیەمی پرۆژەکە ١٤.٥ کم بوە، نێوان ڕێگای سەرەکی ھەولێر کەرکوک تا ھەولێر شەقلاوە دەگرێتەوە، ٢ یەکتربڕو ١ ئۆڤەر پاس و ٤ ئەندەر پاس و ١ ئۆڤەرفلای و ٩ زێرابی سندوقی تێدایە. ١٤٤ ملیۆن و ٣٦٥ ھەزارو ٣٣٦ دۆلاری بۆ خەرج کراوە. کۆی گشتی ١٢٠ مەتری ھەولێر ٣٤.٥ کیلۆمەترە بڕی ٤٨٩ ملیۆن دۆلاری تێچووە بێ لەوەی بایی ٥٠ ملیۆن دۆلارێش زەویان پێدراوە لەبری قۆناغی یەکەم. تێچوی ھەر کیلۆمەترێک ١٤.١٧ ملیۆن دۆلارە. ١٠٠ مەتری سلێمانی ٣٣ کیلۆمەترە ٣٩١ ملیۆن دۆلاری بۆ دانراوە، لەکاتێک دا زەویەکەی سلێمانی سەختترەو شوێنەکەی بڕین و یەکتربڕو تێچوی زۆرترە، تێچووی ھەر کیلۆمەترێک ١١.٨٦ ملیۆن دۆلارە. کەواتە ھەر کیلۆمەترێکی شەقامی ١٢٠ مەتری ھەولێر، بەبەراوردی ١٠٠ مەتری سلێمانی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دۆلار زیاتری تێچووە. بۆ شەقامی ١٥٠ مەتری شاری ھەولێر نێوان رێگای سەرەکی ھەولێر بەحرکە تا ھەولێر کۆیە ١٤ کیلۆمەترە بەبێ پارەی گوژمەی گۆڕانکاری ١٣١ ملیۆن و ٣١٦ ھەزارو ٢٨٠ دۆلاری بۆ تەرخان کراوە. گوژمەی گۆڕانکاری بۆ شەقامی ١٢٠ مەتری کە خراوەتە سەر گوژمەی تەرخان کراو بڕی ١٠٥ ملیۆن دۆلار بووە. گوژمەی گۆڕانکاریش بۆ شەقامی ١٥٠ مەتری کەمتر نابێ لەو بڕەی شەقامی ١٢٠ مەتری. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئێوە ئەم ڕاستیانەش دەزانن شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ڕاگیراوە؟ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران چۆن ڕازی دەبن بەمە؟ ئەمە ناحەقی نیە؟
(درەو): چەند مانگێك دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوای سازدانی گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیمان لێكرد، ئەوكات دوای كرد گفتوگۆكە دوابخەین بۆ دوای دەرچوونی یاسای چاكسازی، دواجار دوێنێ لە نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە شاری سلێمانی بینیمانو دیدارەكەمان سازدا، ئەو یەكەمین تاكە ژنێكە كە ئێستا یەكێك لە سێ پۆستە باڵاكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات، لەم گفتوگۆیەدا وەڵامی چەندین پرسیاری تایبەت بە دەسەڵاتەكان لەهەرێمو كێشمەكێشەكانی ناو پەرلەمانو چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتو یاسای چاكسازیو چەندین بابەتی تر دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە سازدانی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت درەو: یەكەمین ژنیت لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا پۆستێكی سیادی وەربگریت، وەكو ژنێك دوای زیاتر لەشەش مانگ سەرۆكایەتی، ژنبوون چ كاریگەرییەكی نەرێنی یاخود ئەرێنی لەسەر خۆتو پۆستەكەت هەبووە ؟ رێواز فایەق: لەسەرەتاكانەوە كە پۆستەكەم وەرگرت، زیاتر لە جارێك هەم رۆژنامەنوسانو هەم خەڵكی تریش لێیان ئەپرسیم ژنبوون چ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر ئەوەی كە تۆ ئەم پۆستە بەڕێوەدەبەیت، لەسەرەتاكانەوە ئەموت هیچ هەستێكم نییە لەبارەی ئەوەی ژنبوون هیچ كاریگەرییەكی باش یاخود خراپی هەبێت، بابەتەكە وەكو خۆی دەڕوات، بەڵام دواتر بۆم دەركەوت نا، دوو جۆر كاریگەری هەیە، كاریگەرییەكیان ئەوەیە، ئەوانەی لە دەرەوە دێن ئەم بە نمونەیەكی باش سەیر ئەكەن، هەیانە زیاتر لە جارێك داوای بینینەوەم دەكەن، واتە بۆ دەرەوە مۆدێلێكی ئەرێنییە. درەو: ئەی بۆ ناوخۆی هەرێم چۆنە ؟ رێواز فایەق: لەناوخۆ كە سەیری حاڵەتەكە ئەكەم، هەست ئەكەم ژنبوون رەنگە كاریگەرییەكی خراپی هەبێت، واتە كاریگەرییەكەی خراپ بووە لەسەر ئەوەی من ئەو پۆستەم هەیە، نازانم هۆكارەكەی چییە، رەنگە بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە من بڕوام بەوە نییە هێزێكی ئەمنی، هێزێكی سەربازی پشتیوانیم بكات، دەمەوێت بەهێزی نەرم مامەڵە بكەم، ئەمە وایكردووە هەركاتێك خەڵك نیگەرانییەكی هەبێت، زۆربەی روبەڕووی من دەكەنەوە، وەكو ئەوەی بەتەنها من سەرۆك بم لەم هەرێمەدا، وەكو ئەوەی هیچ كەسێكی تر لەم هەرێمەدا بەرپرسیارێتی نەبێت، خەڵك كە دانامەزرێن قسە بە ئێمە دەڵێن ! خەڵك نەوتی نییە قسە بە ئێمە دەڵێن ! خەڵك نیگەرانییەكی هەیە لە سیستمی سیاسی قسە بە ئێمە دەڵێن ! هەست ئەكەم خەڵك بەناداددپەروەری دەكەن قسە بە ئێمە دەڵێن ! رەنگە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەبێت ژنبوون هیچ مەترسییەك لەسەر ئەوان دروستناكات لەسەر ئەوانەی كە هێرش دەكەن سەر ژن، واتە ژنبوون بووەتە هۆی ئەوەی كە ئەم هەستە هەیە، سەرەتاكان هەندێك نیگەران دەبووم لەم دۆخە، بەڵام ئێستا بەلامەوە بووە بە شتێكی رۆتینو وەكو بەشێك لە پۆستەكە سەیری دەكەم، ئەوانەی هێرش دەكەن ئەگەر بیانزانیایە هێزێكی سەربازی یان ئەمنی پشتیوانمە، دڵنیام هەندێك ئیستیان دەكرد، بەڵام دەزانن من ئەو كارانە ناكەمو بڕواشم پێی نییە. درەو: لەدوای دەستبەكاربونتانەوە رەخنەی زۆر لە ئەدای كاری پەرلەمان لەم خولەدا دەگیرێت، دواین كەس كە رەخنەی گرت هەردوو نوسەر مەریوان وریا قانعو ئاراس فەتاح بوون، رایەكی دروستبووە لەبارەی ئەوەی ئەدای سەرۆكایەتی پەرلەمان لەبەرامبەر سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەت وەكو پێویست نییە ؟ رێواز فایەق: من نوسینەكەیانم خوێندەوە، لەگەڵ بەشێكی زۆری نوسینەكەیاندا بووم، ئەو قسانە بۆچونی منیشە نەك بەتەنیا بۆچوونی ئەو دوو نوسەرە، زیاتر لە جارێك لە لێدوانو قسەو چاوپێكەوتنەكانمدا وتومە پەرلەمان لە هەمان ئەو فەزاو ژینگە سیاسییەدا كار دەكات كە دامەزراوەكانی تر كاری تێدا دەكەن، لەیەك خاڵدا لەگەڵ نوسینەكەیان نیم كە دەڵێن ئەم خولەی پەرلەمان خراپترین خولی پەرلەمانی كوردستانە، چونكە زۆر زوووە بۆ تەقیمكردنی ئەم خولە، بەڵام حەقیقەتێك هەیە كە دەبێت هەمومان بیزانین، هەم حزبە سیاسییەكانو هەم دەسەڵاتی جێبەجێكردنو هەم ئەو دەزگا راگەیاندنە گەورانەی كە لە پشت حزبەكانو دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوەن، هەمویان دەیانەوێت پەرلەمان وەكو قەزەم پیشان بدەن، بەڵام دیوەكەی تری ئەمە ئەوەیە كە دەیانەوێت ئەوانەی ئێستا لەناو پەرلەمانن ئەوانەن كە راستەوخۆ خەڵك هەڵیبژاردوون، بڵێن ئەمانە ئەوانەی خۆتانن كە خۆتان هەڵتانبژاردوون، ئەمان ئاوا خراپن، ئەمان ئاوا خەمتان لێ ناخۆن، ئێمە كە ئێوە هەڵتان نەبژاردووین دەتوانین ژیانتان بگۆڕین، لەبەرئەوە ئەمە بەردەوامەو لە ساڵی 1992وە هەر هەبووە، ئەگەر سەیری پەیڕەوی ناوخۆ بكەیت، سەیری یاسای هەڵبژاردن بكەیت كە بەشێك لە دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی تێدایە، بەڕوونی هەژمونی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەسەر دەسەڵاتی یاساداناندا دیارەو بە قانونو بە قەناعەتی حزبە سیاسییەكان واكراوە كە دەسەڵاتی جێبەجێكردن گەورەتر دەركەوێت لە دەسەڵاتی پەرلەمان، تەنانەت یاسای پرۆتۆكۆڵ كە لە عێراق كاری پێدەكرێتو لە هەرێمی كوردستان پرۆتۆكۆڵمان نییە، سەرۆكی كۆمار، سەرۆكی حكومەت، ئینجا سەرۆكی پەرلەمانی داناوە، لە هەرێمیش ئەمە جێبەجێ دەكرێت، لەبەرئەوەی خۆمان قانونمان نییە، كەواتە ئەوەی كە خەڵك دەیبینێت بە قانون بەرجەستە كراوە. درەو: ئەم سەردەستبوونەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەسەر دەسەڵاتی یاسادانانەوە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشدا دەبینرێت، كاتێك پەرلەمان ناچاركراوە بەر لە دەركردنی یاساكان بگەڕێتەوە بۆ حكومەت ؟ رێواز فایەق: بەپێی پەیڕەوی نوێ، پەرلەمانتاران دەتوانن پێشنیازی یاساو بڕیار پێشكەش بكەن، حكومەتیش دەتوانێت پرۆژەیاسا پێشكەش بكات، سەرۆكایەتی هەرێم دەتوانێت پرۆژەی یاساو بڕیاریش پێشكەش بكات، لە پەیڕەوی تازەدا یەك ئیزافە كراوە كە خولی پێشوو ئەو پەیڕەوە پەسەندكرا، ئەویش ئەوەیە كە هەر پێشنیازە یاسا یان پێشنیازە بڕیارێك كە پێویستی بە پارە بێت، ئەبێت حكومەت رەزامەندی لەسەر دەربڕێت، ئەمە لە كوێوە هاتووە ؟ لە ساڵی 2013وە یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستاندا نییە، هەموتان ئەزانن ئەگەر بتەوێت لە پرۆژەی بودجەی گشتی كە دێتە پەرلەمان شتێك بكەیت كە پارەی تێبچێت، ئەبێت هەر لە پرۆژەكەدا پارەكە لە شتێكی تر كەمبكەیتەوە، لەبەرئەوە دەڵێن حكومەت پارەو داهات پەیدا دەكات، ئەو دەتوانێت چی جێبەجێ بكات، ئێمە ئەزمونێكی ناخۆشمان هەبووە لە پەرلەمان، لە خولی پێشوو بۆ نمونە بڕیاری تەشریعی ژمارە (19)مان سەبارەت بە هێزەكانی پێشمەرگە دەركرد بۆ هاوتاكردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ، تائێستا حكومەت جێبەجێی نەكردووە، چونكە ئەڵێ پرستان پێنەكردوین، بۆ بارگرانی دارایی دەبێت پرسمان پێبكەن، ئێمە بۆ ئەوەی جارێكی تر توشی ئەم ئەزمونە نەبینەوە لە خولی پێشوودا پەیڕەوەكەمان بەمشێوەیە ئامادەكردەوە كە ئەگەر پرۆژەیەك پارەی ویست پێش ئەوە دەبێت بزانرێت پارەكە هەیە دواتر یاساكە دەربكرێت، بەشێكی ئەمە لەبەرئەوەیە پەرلەمان نەشكێت، چونكە خەڵك دەپرسنەوە لەو قانونانەی لە پەرلەمان دەردەچن. درەو: حكومەت پرۆژەی بودجەی نییە، بەڵام چەندجارێكە سەرۆكی حكومەت بودجە بۆ جێبەجێكردنی هەندێك پرۆژە تەرخان دەكات، ئێوە ئاگادارن ئەو داهاتانە لە كوێوە دێنو چۆن خەرج دەكرێن ؟ رێواز فایەق: ئێمە لیژنەی تایبەتمەندمان هەیە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە، كە پرۆژەیاسای بودجە نەهاتە پەرلەمان، هەر قسەیەك لەسەر داهاتی حكومەت بكرێت قسەیەكی نافەرمییە، پێشتر بەر لە ساڵی 2013، یاسای بودجە هاتووەتە پەرلەمانو حكومەت بە فەرمی رایگەیاندووە كە داهاتەكەی چەندە، بۆ پەرلەمانیش ئاسان بووە چاودێری بكات بزانێت ئەم داهاتە راستە یاخود نا، بەڵام ئێستاو لەماوەی رابردووشدا پرۆژەیاساكە نەهاتووەتە پەرلەمان، زیاتر لە جارێك لە وەزیری دارایی پرسیاركراوە، من دەزانم لیژنە تایبەتمەندەكان پرسیاریان كردووە، وەزیری دارایی دەڵێت لە كۆی پارەی نەوت، من نزیكەی (375 ملیار) دینارم دێتە بەردەست، باقییەكەی تری قەرزە، ئێمە لە كۆبونەوەیەكی دەوری دەستەی سەرۆكایەتییەكانی (پەرلەمانو حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێم)دا بەڕوونی لەسەر ئەم بابەتە قسەمان كرد، سەرۆكی حكومەت پێی وتین كە قەرزەكانمان چۆنە، چۆن وەرمانگرتووە، تەنانەت باسی لەوەكرد كە ئەو سودەی دەبێت لەبەرامبەر ئەو قەرزانەی لە رابردوودا كراونو دەبێت بیدەینەوە خۆی لە (40 ملیۆن) دۆلاری مانگانە نزیك دەكاتەوە تا ئەوكاتەی ئەو قەرزانە تەواو دەبن، ئەم نەوتەی كە ئێستا حكومەتی هەرێم بەرهەمی دەهێنێت بەشێكی لەبەرئەوەی پێشتر پارەكەی وەرگیراوە ئەڕوات بەبێ ئەوەی پارە بگەڕێتەوە ناو خەزێنەی ئێمە، چونكە پێشتر لە ساڵی 2014 بۆ 2017 پارەكەی وەرگیراوە، جگە لەمە بەشێكی دەدرێتەوە بە سودی ئەو قەرزانە، بەشێكیشی دەدرێتەوە بە كۆمپانیاكانی بەرههەمهێنانی نەوت، بەڵام ئەمانە لەڕووی ژمارەوە كە هاتبێتە بەردەستی پەرلەمان، لە راستیدا نەهاتووە. درەو: كۆمپانیای دیلۆیت كە وردبینی فرۆشی نەوتی هەرێم دەكات، راپۆرتی داهاتی نەوت بۆ ئێوە نانێرێت ؟ رێواز فایەق: ناینێرێت. درەو: واتە ئێوە ئاگاداری داهاتی نەوت نین ؟ رێواز فایەق: لەراستیدا، نەخێر، بەفەرمی نەخێر، شتی نافەرمی دەزانین، بەڵام بەفەرمی نەخێر پەرلەمانی كوردستان نازانێت. درەو: ئێوە وەك سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت ئاگاداری بڕیاری سیاسین لە هەرێمی كوردستان؟ رێواز فایەق: خۆی ئەوەی كە جیاواز بێت لەم خولەو لە خولەكانی پێشوودا ئەوەیە كە كۆبونەوەی دەوری سێ سەرۆكایەتییەكەمان هەیە، پێشتر ئەمە نەبووە، بەڵێ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە ئەو بابەتەمان موناقەشەكردووە بەیەكەوە، بەیەكەوە بڕیارمانداوە چۆن راگەیەنراوەكان دەردەكەین، بەیەكەوە بڕیارمانداوە چۆن مامەڵە لەگەڵ كەیسەكان دەكەین، بەڵێ كۆبونەوە دەكەین بەیەكەوە بڕیار دەدەین. درەو: بۆنمونە لە پرسی بڕیاردان لەسەر هەڵوێستی هەرێم لەبارەی چونەدەرەوە یاخود مانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، پرستان پێكراوە؟ رێواز فایەق: بەڵێ بەیەكەوە بووینو بەیەكەوە بڕیارماندا چۆن مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخی عێراق بكەین، حزبە سیاسییەكانمان كۆكردەوە بەراوێژ لەگەڵ حزبە سیاسییەكان بڕیارماندا كە چۆن مامەڵە بكەین لەبارەی مەسەلەی هەمواری دەستورو ئەو بابەتانەی تر. درەو: كاروبارەكان لەناو پەرلەمان چۆن بەڕێوەچن، پەرلەمان هیچ بودجەیەك یاخود نەسریەیەكی مانگانەی تایبەت بە خۆی هەیە ؟ رێواز فایەق: بودجەكەمان (500 ملیۆن) دینارە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی پەرلەمان. درەو: باس لەوەدەكرێت پەرلەمان قەرزارەو رێژەی قەرزەكانی گەیشتوەتە دوو ملیار دینار، پەرلەمان ئەو قەرزانەی لە كوێ وەرگرتووە، قەرزەكان تەنیا لەم خولەدا كراون، یاخود لە خولی پێشووەوە بۆتان بەجێماوە ؟ رێواز فایەق: خۆی ئەم بابەتە زیاتر پەیوەندی بە دیوانی پەرلەمانەوە هەیە، بەڵام بەڵێ قەرزەكانمان تەقریبەن لە تەواوبوون نزیك دەبێتەوە، بەپێشبینی خۆم لە خراپترین حاڵەتدا لە (200 ملیۆن) دینار زیاترمان لانەماوە، پێشبینی دەكەم دوای وردبینی ئەو قەرزانە هەر بگاتە (200 ملیۆن)، بەڵێ ئەو قەرزانە لە بازاڕ هێندراون، بەڵام پەیوەندییان بەمنەوە نییە. درەو: باسلەوەدەكرێت داواتان لە حكومەت كردووە قەرزەكانتان بۆ بداتەوە، بەڵام حكومەت رەتیكردوەتەوەو ئێوە بەناچاری خانویەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانتان لە گوندی ئیتالی فرۆشتووە، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: بەڵێ، ئێمە خانویەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان فرۆشتووەو پارەكەیمان داناوە بۆ چاككردنەوەی مەسعەدەكانی پەرلەمان كە وەزعیان زۆر خراپە، بەجۆرێك خراپە كە ئێمە زۆربەی رۆژەكان بە قادرمەكاندا هاتوچۆ دەكەینو هەم پەرلەمانتارانو هەم فەرمانبەرەكانمان وەزعیان خراپە، بەشێكیان هەر ناوێرن مەسعەدەكان بەكاربهێننو دەترسن مەسعەدەكان بكەون. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئێوە ژوری تایبەت بە خۆتان لەناو پەرلەمان نۆژەنكردوەتەوە، پێشتریش هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ژوری خۆی نۆژەنكردوەتەوە، ئەمە نۆژەنكردنەوانە پێویستن، وا دەرئەكەوێ خولی پێشوو، پەرلەمانیان بە وێرانكراوی بۆ ئێوە بەجێهێشتووە ؟ رێواز فایەق: خۆی عادەتەن كە دەچیتە شوێنێك، دەبێت ئەو شوێنە رێكبخەیتەوە، من نازانم ئەوانەی پێش من بەڕێزیان چییان كردووە، بەڵام ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەی من دەزانم ژوری هەموو فراكسیۆنەكان نۆژەنكراونەتەوە، ژوری هەمو لیژنەكان هەر پێداویستییەكیان هەبوبێت بۆیانكراوە، لە پەرلەمان ژوری پرۆتۆكۆڵو كۆبونەوەی فەرمیمان نەبووە، ژورێكی كۆبونەوە دروستكراوە كە نزیكەی شوێنی (54) كەسی تێدا دەبێتەوە، بۆ ئەو حاڵەتانەی كە حكومەت دێن بۆ پەرلەمانی كوردستان، ژورێكی تر بۆ هاتنی میوانانی بیانی ئامادەكراوە هەم بۆ كۆبونەوەو هەم بۆ دانیشتنو تەنانەت نانخواردنیان، پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە سەرۆكایەتییەكانی ئەم هەرێمی كوردستانە، دەبێت لە ئاستی پێویستدا بێت، بەڵێ منیش ژورەكەی خۆم نۆژەنكردوەتەوە، لەبەرئەوەی پێموابوو دەبێت نۆژەنی بكەمەوە، لەو كاتەوە كە كاك عەدنان موفتی سەرۆكی پەرلەمان بووە، ئەو ژورە نۆژەن نەكراوەتەوەو پێویستی بەوە بوو نۆژەنبكرێتەوە، لەبەرئەوەی ئێمە سەرۆكی یەكێك لە دامەزراوە گرنگەكانی هەرێمینو میوانمان دێت، بەشێوەیەك بوو كە میوان دەهات من بۆخۆم شەرمم دەكرد لە پەردەو دیوارو دیكۆری ئەو ژورە، چونكە تەسەورناكەم ژوری هیچ یەكێك لە سەرۆكایەتییەكانی تر تەنانەت وەزارەتەكانیش بەوشێوەیە بێت. درەو: دوای نۆژەنكردنەوەكە، وێنەكەی كۆچكردووە مستەفا بارزانی لە شوێنی پرۆتۆكۆڵ لابرا، ئەمە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمە بەمەبەست بوو یاخود پەیوەستە بە بڕگەیەكی یاساییەوە ؟ رێواز فایەق: بڕیارێكی تەشریعی هەیە ژمارە (7) ساڵی 1997 لە پەرلەمان دەرچووە بۆ هەڵواسینی وێنەی جەنابی مەرحوم مەلا مستەفا بارزانی، لەو ساڵەوە ئەو وێنەیە لە یەك شوێندا دانراوە، ئەو وێنەیە هەر ماوە، بەڵام من شوێنی پرۆتۆكۆڵو پێشوازیكردنم لەدوای نۆژەنكردنەوەكەوە گۆڕیوە بۆ ئەو شوێنەی كە خۆم بەدڵمە. درەو: ئەو بڕیارەی كە ساڵی 1997 لەبارەی وێنەكەی مستەفا بارزانی دەرچووە بۆ هەموو دامودەزگاكانە یاخود بە تەنیا بۆ پەرلەمانی كوردستانە؟ رێواز فایەق: بەڵێ لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانە. درەو: وەكو بزانن وێنەكە لە هەموو دامودەزگاكانی تریش هەڵواسراوە ؟ رێواز فایەق: لە زۆر دامودەزگا هەڵناواسرێت، تەنانەت لە سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتیش لە ژوری پێشوازیكردنی میوانەكان هەڵنەواسراوە. درەو: پێشترو دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكایەتی پەرلەمان (درەو) راپۆرتێكی بڵاوكردەوە سەبارەت بەوەی لە پرۆسەی كڕینی كەلوپەلو ئامادەكردنی خانوو و شوقەی نیشتەجێبوونی دەستەی سەرۆكایەتیو پەرلەمانتاراندا بەهەدەردان كراوەو گومانی گەندەڵی هەیە، بەر لە دەستبەكاربوونی ئێوە ڤالا فەرید لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە پێكهێنا بوو، كاری ئەو لیژنەیە بە كوێ گەیشتووە ؟ رێواز فایەق: ئەم بابەتە بەهەدەردانە یان هەر شتێكی تر، پەیوەندی بەوكاتەوە نییە كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان، پەیوەندی بە پێش ئێمەوە هەیە، بەرلەوەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەگوێرەی پەیڕەو سەرۆكی دیوان تا ئەوكاتەی سەرۆك هەڵدەبژێردرێت دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێت، سەرۆكی دیوان لیژنەیەكی دروستكردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوو و شوقەكانی پەرلەمانو كڕینی پێداویستییەكانیان، دوای ئەوەی بەڕێز دكتۆرە ڤالا بووە بە سەرۆكی پەرلەمان، ئەو لیژنەیە هەر لەكارەكانی خۆی بەردەوام بووە، لە نوقتەیەكدا پێیانوابووە بەهەدەردان هەیە. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بڕی 850 ملیۆن دینار لە كڕینی كەلوپەلدا خەرجكراوە، گومانی گەندەڵی لەسەر 450 ملیۆن دیناری هەیە، دەوترێت دەستەی چاودێری دارایی لێكۆڵینەوە لەو گومانانە دەكات، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: نا ئەو بڕە زۆرە نییە، دكتۆرە ڤالا ئەو لیژنەیەی دروستكردووە، ئەو رۆژەی كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان پێی وتم دكتۆرە تكادەكەم كاری ئەو لیژنەیە بەردەوام بێت، وتم بێگومان بەردەوام دەبێت لەبەرئەوەی لیژنەیەكی قانونییە، ئێمە دەرفەتێكی زۆرماندا بە لیژنەكە ماڵ بە ماڵ، شوقە بە شوقە، واتە 56 خانوو و 56 شوقە ماڵ بە ماڵ گەڕاونو چوون بۆ ماڵی ئەندامی پەرلەمانو بانگیان كردووەو ئەو شتانەی كە بۆی كراوە یەك بە یەك بۆیان خوێندوەتەوەو پێیان وتووە تۆ ئەمەت بۆ كراوە یاخود نا، هەر ئەمە نزیكەی سێ بۆ چوار مانگی پێچوو تا كارەكەیان تەواوكرد. درەو: ئێستا راپۆرتی كۆتایی لەوبارەیەوە گەیشتووە بە ئێوە ؟ رێواز فایەق: بەڵێ گەیشتووە. درەو: راپۆرتەكە ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی دەكرێت ؟ رێواز فایەق: دوای ئەوە راپۆرتەكە تەواوكرا، هێنرایە بەردەستی ئێمە، لە هەموو جیهاندا كەسێك كە لیژنەیەكی تەحقیقی لەسەر دروستدەكرێت، ئەویش مافی خۆی هەیە وەڵام بداتەوە، واتە مافی بەرگری لەخۆكردن بۆ هەموو كەسێك پارێزراوە، ئێمە بڕیارماندا كۆپییەكی ئەو راپۆرتەی كە لیژنەی وردبینییەكە نوسیویەتی لەسەر لیژنەی كڕینەكە بیاندرێتی بۆ ئەوەی بە نوسین وەڵاممان بدەنەوە، دەرفەتمان پێیانداو وەڵامیان داینەوە، ئێستا ئێمە چی دەكەین. ئەم وەڵامانە بڕگە بە بڕگە بەراورد دەكەین، ئەو حساباتانە دەبەینە وردبینی فەرمی پەرلەمانی كوردستان، چونكە ئەمە حەقی خەڵكی تێدایە، بۆ من ئاسانە بەیانی ئیحالەی محكەمەیان دەكەم، زۆر زۆر ئاسانە تەنیا نوسراوێكە، هیچ لە دۆخی من ناگۆڕێت، بەڵام پارەی خەڵك لە دەرەوە كە پارەی پەردەیە، پارەی قەنەفەیە، پارەی كەلوپەلی كارەباییە، دەبێت تەسفیە بكرێت، خەڵكی كاسب هیچ پەیوەندی بەم كێشەیەوە نییە، وردە وردە ئێمە لە تەسفیەكردنی تەواوەتی نزیكبوینەتەوە، دوای ئەوەش ئێمە هاتووین ئەم راپۆرتەمان داوە بە لیژنەی كاروباری پەرلەمان، كە لیژنەیەكی تایبمەتمەندەو یەكێك لە كارەكانی چاودێریكردنی پەرلەمانە، ئەمە بۆ ئەوەی ئەوانیش قسەی خۆیان بكەن، ئەم لیژنەیە چەند پێشنیاریان بۆ ئێمە كردووە، یەكێكیان ئەوەیە راستەوخۆ رەوانەی دەستەی نەزاهە بكرێت، یەكێكی تریان ئەوەیە لیژنەیەكی ئینزباتی لە پەرلەمان دروستبكرێتو لەناوخۆدا سزا بدرێن. درەو: بەڵام دەوترێت لە دەرەوەی پەرلەمانەوە دەستوەردان كراوەو بەوهۆیەوە رێواز فایەق راپۆرتەكەی راگرتووە، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: ئێمە لای خۆمانەوە بڕیارمانداوە، نە هیچ شتێكی دەرەكی كاریگەری لەسەر من هەیە، نە سازش لەسەر بابەتێك دەكەم كە لەڕووی یاساییەوە بڕوام پێیەتی، نە هیچ كەسێكیش بۆ مفاوەزاتو دانوستانی لەسەر ئەم مەسەلەیە لەگەڵ مندا كردووە، كە پارەی خەڵكی كاسب درایەوەو زانیم كێشەی بازاڕ حەل بوو، دڵنیاتان ئەكەم كە ئەم كەیسە ئیحالە ئەكەین بۆ ئەو شوێنەی كە قانون ئەیخوازێت. درەو: دوای دەستبەكاربونتان بڕیارتاندا بە راگرتنی ئیفادی پەرلەمانتاران، بەمدواییە پەرلەمانتارێك باسی لەوەكرد بڕی (5 هەزار) دۆلارتان بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران خەرجكردووە، ئێوە لە راگرتنی ئیفاد پارە دەگەرێننەوەو لە كڕینی ئۆتۆمبیلدا پارەكان دەدەنەوە بە پەرلەمانتاران، ئەمە لەحاڵێكدایە بەپێی گرێبەستی پەرلەمان لەگەڵ كۆمپانیای جیهان دەبێت پەرلەمانتاران لەسەر موچەی خۆیان بە قیست ئۆتۆمبیل رابكێشن؟ رێواز فایەق: با سەرەتا لە بابەتی ئیفادەوە قسە بكەم، تەبعەن من ئێستا ئیفادم بۆ پەرلەمانتاران كردوەتەوە، بەڵام بەمەرج، مەرجەكە ئەوەیە ئەگەر دەعوەت بویت، مادام دەعوەتیت با ئەو شوێنەی كە دەعوەتی كردویت پارەت بۆ بدات، ئێمە پارەت بۆ نادەین، وە ئەگەر ئێمە خۆمان وەكو پەرلەمانی كوردستان بڕیار ئەدەین وەفدێك بنێرین، خۆمان ئەندامەكانی دیاری دەكەین كێ بچێت بۆ ئەو وەفدە، ئەوكاتە مەسرەفی ئەكەین، دیارە پێویستییەك هەیە بۆیە وەفدێك دەنێرین، وە ئەگەر فراكسیۆنەكانو ئەندامانی پەرلەمانیش دەعوەتی شەخسییان بۆ دێت، ئێمە بەس مۆڵەتیان پێ دەدەین بۆ ئەوەی ئەو چەند رۆژەی كە سەفەر دەكەن غیاب نەدرێن، ئەگەرنا هەموو شتێكیان لەسەر خۆیانە، بابەتی ئەوەش كە قەراردراوە هەر پەرلەمانتارێك (5 هەزار) دۆلاریان پێبدرێت، ئەمە پێش ئێمە كراوە، ئێمە كە هاتین ئەم بڕیارە دراوە، كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان ئەم بڕیارە درابوو، بەشێكی زۆریش لە پەرلەمانتاران وەریانگرتبوو، بەڵام حەقیقەتێك هەیە كە ئەمەوێت باسی بكەم، ئەویش ئەوەیە ئێمە بە پەرلەمانتارانی خۆمانمان وت، حكومەت چیكرد بۆ وەزیرەكان، ئێمەش ئەوەتان بۆ ئەكەین، ئێمە وامان پێوتن، دوایی بۆمان دەركەوت حكومەت بۆ هەر وەزیرێك دوو (لاندكرۆز)ی سفری كڕیوە، راستە ئەوان تائەوكاتەی وەزیر ئەبن ئەو ئۆتۆمبیلانەیان لادەبێتو دواتر ئەیدەنەوە بە حكومەت بۆ وەزیرەكانی دوای خۆیان، بەڵام ئەمە نیگەرانی زۆری لای پەرلەمانتاران دروستكرد، دەمەوێت ئەو ڕاستیەش باس بكەم كە دۆخی هەموپەرلەمانتاران وەك یەك نیە، بەشێك لە پەرلەمانتاران بەتایبەتی ئەوانەی ئۆپۆزسێۆن، چونكە ئەوان نیوەی تەواوی موچەكەیان ئەدەنەوە بە حزبەكانیان، ئەمە حاڵەتێكە كە بەراوردی پەرلەمانتار ئەكەیت لەگەڵ وەزیرێك ناتوانیت بڵێی من هاوكاری ناكەم، لەبەرئەوە بەش بە حاڵی خۆم جگە لەوەی ئەوە جێبەجێكردنی بڕیارێكە كە پێشتر دراوەو جێبەجێ دەكرێت، ئێستاشی لەگەڵدا بێت من بزانم ئەندامێكی پەرلەمان پێویستی هەیە، شكۆی ئەندامی پەرلەمان دەپارێزم. درەو: دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی ناو پەرلەمان بە كوێ گەیشتووە، ئێوە لە سەرەتاوەی هەندێك گۆڕانكاری كاتیتان لە پۆستە ئیدارییەكان كرد، بەڵام دواتر پرۆسەكە راوەستا، ئەمە پەیوەندی بە رێكنەكەوتنی نێوان فراكسیۆنەكانەوە هەیە، بەڵام دەوترێت بەهۆی دۆخی یەكێتی نیشتمانییەوە كە ئێوە لەو حزبەن، دابەشكردنی پۆستەكان راگیراوە ؟ رێواز فایەق: جاری یەكێتی نیشتمانی متمانەی بە ئێمە هەبووە بۆیە لەو پۆستەی داناوین، هەموو ئەو پۆستانەی كە لە پەرلەمان گۆڕانكارییان تیێدا كراوە بۆ خۆم كردومن، هیچ كەسێك لە یەكێتی نیشتمانی بە منی نەوتووە ئەم پۆستە بدە بەكێ یاخود مەیدە، كەس تەدەخول لەم ئیشانەدا ناكات، من تەكەتولچی نیم لەو بابەتانەدا، راگرتنی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان پەیوەندی بەوەوە هەیە هەندێك شوێن پێوستی بە ئاڵوگۆڕ نییە، خۆی ئەو كەسەی كە لەو شوێنەدایە كەسێكە كە موەفەقە یاخود ماوەیەكی زۆر نییە لەو شوێنەدایە، حەقیقەتێكیش هەیە ئەبێت باسی بكەین كە ئەوەش ئەوەیە لە خولی پێشوودا برای بەڕێزمان كاك دكتۆر یوسف سەرۆكی پەرلەمان بووە بەشێكی زۆری ئەو پۆستانەی كە وەرگیرانەوەو گۆڕان وەریانگرت لە یەكێتی وەرگیرانەوە نەك لە پارتی، واتە لەناو پەرلەماندا كە گۆڕان هاتو كاك یوسف بوو بە سەرۆكی پەرلەمان تەنانەت یەك پۆستیشی لە پارتی وەرنەگرتەوەو بیدات بە گۆڕان، هەموو ئەو پۆستانەی كە دابووی بە گۆڕان لە یەكێتی وەرگرتەوە. درەو: ئەی ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەكەن ؟ رێواز فایەق: سێ بەڕێوەبەرایەتی لەناو پەرلەمانی كوردستان هەیە كە بریتین لە كارگێڕیو دارایی، كاروباری پەرلەمانو لیژنەكان لەگەڵ راگەیاندنو پەیوەندییەكان، كارگێڕیو دارایی لای پارتییە، كاروباری پەرلەمان من خۆم ئیختیارم كردووە لەبەرئەوەی زۆر زۆر پێویستم پێیەتی لەبەرئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی بە سەرۆكی پەرلەمانەوە هەیە، ئەوە لای ئێمەیە، راگەیاندنو پەیوەندییەكانیشمان دابوو بە فراكسیۆنی گۆڕان، بەڵام ئەوان خۆیان رەتیانكردەوەو وتیان ئێمە ئەوەمان ناوێت بەشی خزمەتگوزاریمان دەوێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان كاك عەلی حەمەساڵحی بانگكردبوو بۆ ئەوەی كەسێك دیاری بكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، وتویەتی ئێمە ئەو بەڕێوەبەرایەتییەمان ناوێت، بەشی خزمەتگوزاریمان دەوێت، لەوحاڵەتەدا پارتی بۆ خۆی وەریگرتەوەو بەشی خزمەتگوزاری كە لای ئەوان بوو دایان بە گۆڕان. درەو: هەندێك لە پەرلەمانتاران گلەییان لە ئەدای كاركردنی ئێوە هەیە تەنانەت لە ئەندامانی فراكسیۆنەكەی خۆتان (فراكسیۆنی یەكێتی) دەڵێن رێواز فایەق پرۆتۆكۆڵ پێشێلدەكاتو دەچێتە ژوری هێمن هەورامی، لەكاتێكدا هیچ كاتێك لە پەرلەمان روینەداوە سەرۆك بچێت بۆلای جێگرەكەی، هەمیشە جێگر چووە بۆلای سەرۆك ؟ رێواز فایەق: جاری ئەمە پێشێلكردنی پرۆتۆكۆڵ نییە، هیچ شتێك لەناو پرۆتۆكۆڵدا نییە بڵێ كێ نابێت بچێت بۆلای كێ، بۆ نمونە رەنگە نەخۆش بێت پێویست بكات من بچم سەری لێبدەم، من ئەچمە ژوری مونا خانیش، سەرۆك پەرلەمانەكانی پێش منیش ئەوەیان كردووە، با كەس ئەو رمڵە لێنەدات، من خۆم سەرۆكی پەرلەمانم لە ژووری جێگردا بینیوە، من بەدیاریكراوی ئەزانم چەندجار چووم بۆ ژورەكەی كاك هێمنو جاری تریش ئەچم، بەڵام بەبەردەوامی ئەو دێتە ژورەكەی من بۆ ئەوەی كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بكەین، جارێك نەخۆش بوو، عەمەلیاتێكی كردبوو، هاتبووەوە، چووم بۆ لای، جارێكی تر كۆبونەوەیەكمان هەبوو لەسەر دانانی قانونێك بۆ پەرلەمانی كوردستان لە ژورەكەی مندا مێزێكی وا نەبوو، ئەوكات من ژورەكەم نۆژەن نەكردبووەوە، نزیكەی هەشت كەس بوین چوین لە ژورەكەی ئەو كۆبونەوەكە بكەین، جارێكی تر كە سەفەرم كرد چووم بۆ ژورەكەیو پێم وت من ئەڕۆم ئەمانەتی تۆو ئێرە، ئەوە سێجار، بەدیاریكراوە رەنگە چوار بۆ پێنج جار چوبم، بەڵام ئەو رەنگە سی جار هاتبێت، لەبەرئەوە من جاری تریش دەچمو ئەویش دێتو ئەوەش پەیوەندی بە پرۆتۆكۆڵەوە نییە. درەو: لەسەر ئەوەش قسە هەیە گوایە سەرۆكی حكومەت ئێوە بانگ دەكات بۆ كۆبونەوە، لەكاتێكدا سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمان هەڵبژێردراوەو دەبێت ئێوە ئەو بانگ بكەن ؟ رێواز فایەق: سەرۆكی حكومەت منی بانگ نەكردووە بۆ كۆبونەوە، من داوای كۆبونەوەم كردووە لە سەرۆكایەتی حكومەت، ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئەو قسەیە دەكەن، ئەوان بە ئێمەیان وتو فشارێكی زۆر زۆریان كرد كە نایانەوێت پاسەوانەكانیان بەشێوەی گرێبەست بێت، ئەیانەوێت پاسەوانەكانیان بەشێوەی هەمیشەیی بێت، ئەوەی كە ئێمە مانگانە حكومەت پارەمان بۆ ئەنێرێت بەلای منەوە زۆر ئیستفزازییەو زور پێی ناڕەحەتم، ئەسڵ ئەوەیە قانونی بودجە لە پەرلەمانی كوردستان هەبێتو ئێمە بەشی خۆمان دیاریكراو بێتو ئەنجومەنی دادوەری بەشی خۆی دیاریكراو بێتو مانگانە بچێتەسەر حسابەكەی بەبێ ئەوەی پێویست بكات ئێمە بچن بە وەزیری دارایی بڵێین كەی موازەنەكەمان دێت، ئەمە كێشەی دووەممان بوو، موشكیلەی سێیەم لە خولەكانی پێشوودا بەردەوام ئەو كێشەیە هەبوو كە پێویستی ئەكرد وەزیرێك بێت بۆ پەرلەمان بەتایبەتی لە خولی پێشوو، وەزیرەكە نەئەهات بۆ پەرلەمان، ئەمە كێشەیەكی تر بوو، كێشەی چوارەم ئەوە بوو ئەمانویست لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردنمان لەگەڵ حكومەت لە داهاتوودا بەرچاوڕونییەكی زیاترمان هەبێت، لەوەی كە پێشتر هەبووە، ئێمە داوامانكرد بچین بۆ كۆبونەوە لەگەڵ حكومەت، جیاوازی چونەكەی من لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆم چییە، ئەوانەی پێش منیش چوون، بەڵام ئەوان نەیانهێشتووە ئیعلام بزانێت هەر (200 مەتر)ەكەی بەینی خۆمانیان بڕیوەو چونەتە ئەودیو و كۆبوونەتەوە، دەیان جار كۆبونەتەوە، بەڵام من ژنێكی ترسنۆك نیم، هیچ شتێكیش بەدزییەوە ناكەم، كاردانەوەكان چییە زۆر بەلامەوە گرنگ نییە ئەگەر خۆم باوەڕم بەخۆم بوو، من ئەو كەسەم كە خۆم هەم، ئێمە داوای كۆبونەوەمان كردبوو، ئەوان داوای كۆبونەوەیان نەكردبوو، بە سوپاسەوە چوین لەوێ دانیشتین بە یەكەوە، ئەو بابەتانەمان لەگەڵ باسكردن كە ئێمە دەمانەوێت قانونێكی خۆمانمان هەبێت لە پەرلەمان، ئەم حاڵەتە ئێمە پێی ناڕەحەتین كە دەبێت لەگەڵ وەزیری دارایی قسە بكەین، وە دەمانەوێت قانونی بودجە بێتە پەرلەمان، وە دەمانەوێت پەیوەندییەكی تەندروستمان هەبێت، چونكە ئێمە لە دۆڵێك نینو ئێوەش لە دۆڵێك، ئەو بەڕێزانەی كە لە سەرۆكایەتی حكومەت كە لەگەڵ ئێمە دانیشتن لە هەمان ئەو حزبانەن كە ئێمە سەرۆكایەتی پەرلەمانمان پێكهێناوە، ئێمە هیچ گرێ و كینەیەكمان نیە بەرامبەر دامەزراوە دەستوریەكانی هەرێمەكەمان...چووینە سەرۆكایەتی هەرێمیش، بڕیاربوو بچینە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەریش بەڵام ئەوان لوتفیان كرد و هاتن.. درەو: ئێوە لەبەرنامەتاندایە هاوكات لەگەڵ بانگهێشتكردنی وەزیرەكان، سەرۆكی حكومەتیش بانگ بكەن، هەندێك لە پەرلەمانتاران گلەیی ئەوە دەكەن پرسیارەكانیان ئاڕاستەی حكومەت دەكەن، وەڵامەكە دێتەوە، بەڵام سەرۆكایەتی نایداتەوە بە پەرلەمانتاران؟ رێواز فایەق: هیچ كەسێك موقەدەس نیە، هیچ كەسێك ئەوەندە مەحسونو پارێزراو نیە كە پێویستبكات ئێمە بیپارێزین، پێموایە ئەو حكومەتە پەرلەمان دەنگی پێداوە، بە یاساو بە پەیڕەو لە سەرۆكی حكومەتەوە بۆ دوا وەزیر ئەبێت پابەندی پرۆسەی چاودێری بن لە پەرلەمانی كوردستان، من بڕوام بەوە نیە هەموو كارەكان لەدەستی خۆمدا بێتو خەڵكی تر كاری لەبەر دەستدا نەبێت، لەسەرتای دەستبەكاربوونمدا هاتم بە نوسراوێكی فەرمی مەسەلەی ئاڕاستەكردنی پرسیارو گێرانەوەی وەڵامی پرسیار بۆ پەرلەمانتاران، لەبەرئەوەی لەڕێگەی وەزیری هەرێمەوەیە بۆ كاروباری پەرلەمان، دام بە موناخان سكرتێری پەرلەمان، بابەتی لیژنەكان كە لەپەیڕەودا جێگر بۆی هەیە چاودێری كاروبارەكان بكاتو سەرپەرشتیان بكات، لەگەڵ نوسراوی نوسینگەكانو فراكسیۆنەكانیش واژووكردنو ئاڕاستەكردنیم داوە بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بابەتی پرسیار بەتەواوی لای سكرتێری پەرلەمانە. ئێمە دوایین ئامارمان بۆ هاتوەتەوە، پێشتر (155) پرسیاری وەڵامنەدراوەمان هەبوو، ئێمە لەناو پەرلەمان بە سكرتێری پەرلەمانمان وت نوسراوی جەختكردنەوە بۆ حكومەت بكە، نوسراوی جەختكردنەوەی كردووە، ئێستا (39) پرسیار ماوە وەڵامنەدراوەتەوە، هەر لە دوایین كۆبونەوەدا كە 30/1/2020 بوو، پێمان وت نوسراوێكی تر بكە بۆ ئەو (39) پرسیارە، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئەتوانن ئەگەر بزانن وەزیرێك خۆی لە پرسیار دەدزێتەوە بچن بۆ پرۆسەی پرساندن (استجواب)، چی رێی لێگرتوون، چەندینجاریش من لە هۆڵی كۆبونەوە جەختمكردوەتەوە، ئەگەر وەزیر یان حكومەت خۆی دەدزێتەوە لە پرسیارەكانتان، بڕۆن بۆ پرۆسەی پرساندن، داوای پرساندنی ئەو وەزیرە بكەن كە وەڵامناداتەوە، بەڵام قسەكردن لەسەر ئەوەی وەڵامی پرسیارێك لەلای سكرتێری پەرلەمان مابێتو وەڵامی نەدابنەوە، ئەو ئەندام پەرلەمانە كێیە كە وا دەڵێت من سێشەممە چاوەڕێی دەكەم با بڵێت فڵان پرسیارم وەڵامدراوەتەوەو سكرتێری پەرلەمان وەڵامەكەی نەداومەتەوە، ئەوكات بزانێت هەڵوێستی من چی دەبێت، بەڵام بە وتی وتی نابێت. كاك قوباد گەورەترین كەسی یەكێتییە لەناو حكومەتدا، لە كاك قوبادەوە بۆ دوا وەزیرەكانی یەكێتی پارێزراو نین، ئەمە ئەگەر وەكو حزبییەك قسە بكەم، وەكو سەرۆكی پەرلەمانیش هیچ كەسێك پارێزراو نیە، لە سەرۆكی حكومەتەوە بۆ دوا وەزیرو ئامادەش نیم هیچ كەسێك بپارێزم ئەگەر زانیم ئەو كەسە موخالەفەی یاسایی هەیە. درەو: ئێستا چوار فراكسیۆن هەن كە لەناو پەرلەماندا ئۆپۆزسیۆنن (نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، شیوعی) وەكو سەرۆكی پەرلەمان ئەدای پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئۆپۆزسیۆن هیچ كێشەیەكی بۆ ئێوە دروستكردووە؟ رێواز فایەق: هیچ كێشەیەكیان بۆ ئێمە دروست نەكردووە، هیچ كێشەیەكمان نیە، خۆی من پێموایە ئەوكاتەی كە بزووتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسێۆن بوو، كاری ئۆپۆزسێۆن لەناو پەرلەمان بەڕوونی دەركەوت،من پێم وایە باشترین فراكسێۆنی ئۆپۆزسێۆن لە ئێستادا فراكسیۆنی یەكگرتووە،چونكە بەدواداچوون دەكەن، ڕەخنەدەگرن، بیرۆكە و چارەسەریش پێشكەش دەكەن) درەو: بەمدواییە لەگەڵ هێمن هەورامی جێگرت بە بەیاننامە قسەتان لەگەڵ یەكتر دەكرد، لەدەرەوە وا دەردەكەوێت سەرۆكایەتی پەرلەمان بەتەواوە دابەشبووەو هیچ هەماهەنگییەك لەنێوانتان نەماوە، ناكۆكییەكانی ئەمدواییە پەیوەندی بە چییەوە هەیە ؟ رێواز فایەق: لەڕاستیدا بەرلەوەی بە بەیاننامە قسەبكەین ئێمە بە نامەو تەلەفۆن قسەمان دەكرد بەیەكەوە، خۆی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان راگەیاندن سەربە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە، ئێمە هەرسێكمان دەتوانین بابەتو هەواڵ بڵاوبكەینەوە لەناو ماڵپەرەكە، لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش هەر هەموویان دەتوانن شت بڵاوبكەنەوە لەناو ماڵپەری پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئەم كەیسە كەیسێكی تایبەتە (كەیسی مەجید ئیبراهیم)، هەندێك هەستیاری هەیە، لەڕاستیدا ئێمە لەپەرلەمان بۆمان نیە لیژنەی تەحقیقی دروست بكەینو هیچ بابەتێك یەكلایی بكەینەوە، بۆ نمونە بڵێین فلان كەس خۆی كوشتووە یان كوژراوە، بۆ نمونە بشوترایە كوژراوە هەر هەڵەبوو، لیژنەكە ئیمزایان لەسەر كۆنوسی ئامادەبوون كردووە، لە پەرلەمانی كوردستان كە لیژنەیەك كۆدەبێتەوە دوو جۆر ئیمزا هەیە، ئیمزایەكیان كۆنوسی ئامادەبوونەكەیە، هەموان ئیمزای دەكەن، ئیمزایەكی تریان ئیمزایە لەسەر ناوەڕۆكی ئەو شتەی كە بڕیاری لەسەر ئەدرێت، ئەوەی ئەو رۆژە كراوە هەمووان ئیمزایان كردووە لەسەر ئەوەی ئەو رۆژە لە كۆبونەوە ئامادەبوون، بۆخۆم من پێموابوو بۆخۆی زوو بوو، چونكە كۆبونەوەی لیژنەكە لەم هەفتەیەدایە، دووەم، من پێموابوو زەرور نیە سایتی پەرلەمانی كوردستان ئەمە بڵاوبكاتەوە، سێیەم، ئەم بابەتە مادام بابەتێكی هەستیارە ئەبوو بەیەكەوە دابنیشین، راستە لیژنە هەواڵەكەیان هێناوە، بەڵام بەیەكەوە دابنیشینو سیاغەی هەواڵەكە بەشێوەیەك بكەین كە هەم میدیا هەم رایگشتی بە ئاڕاستەیەك نەبات، بۆ نمونە ئێوە (درەو) نوسیبوتان بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەكەی پەرلەمان، مەجید ئیبراهیم خۆی خۆی كوشتووە، لەكاتێكدا ئەمە كاری پەرلەمانی كوردستان نیە باس لەوە بكات، ئەوە دەبێت دادگا یەكلای بكاتەوە، كێ كێی كوشتووە، من ئەزمونم زیاترە، ئەگەر ئەو هەواڵەم ببینیایە پێش ئەوەی بڵاوببێتەوە نەمئەهێشت بەوشێوەیە بڵاوببێتەوە كە لەلای رایگشتیو ئیعلام شتێك دروست ببێت كە پەرلەمان كەیسەكەی یەكلاییكردوەتەوە، لە كاتێكدا ئیشی پەرلەمان نیە كەیس یەكلایی بكاتەوە، ئیشی دادگایە یەكلایی بكاتەوە. درەو: پێشتریش لەسەر كەیسێكی تر كە دۆسیەی پێوەرەكانی ئاو بوو بەهەمان شێوە كێشە لەسەر راپۆرتەكە دروستبوو، دەوترێت پەرلەمانتارێكی پارتی ئەو كارانە دەكات ؟ رێواز فایەق: من نەمزانی بوو كە بۆ پێوەرەكانی ئاویش هەر هەمان پەرلەمانتار هەمان هەواڵی ئامادەكردووەو بەناوی هاوڕێكانییەوە بردویەتی بۆ سایتی پەرلەمانو دوایی رێگەی لێگیراوە، دوای ئەوەی ئەمە رویدا ئینجا بە منیان وت ئەم حاڵەتە رویداوە، چونكە لیژنەكان پەیوەندی بە جێگرەوە هەیە، تایبەتمەندی جێگرە ئەو كێشانەی لە لیژنەكان دروست دەبێت ئەگەر خۆیان نەیەن بۆ منی باس بكەن، لەڕاستیدا نایزانم بەدواشیدا ناگەڕێم، چونكە ئەوەندە فزوڵی نیم، بەڵام دەڵێن هەر هەمان پەرلەمانتار بووە، ئەبێ تەحقیق بكەم بزانم وایە، هەر هەمان پەرلەمانتار هەر بە هەمان شێوە هەواڵی ئامادەكردووە، بەهەمان شێوە شتێكی بەناوی كۆی پەرلەمانتارانەوە ئامادەكردووە، كە رەئی هەموویانی لەسەر نەبووە، بەڵام دڵنیانیم لێی تاوەكو تەحقیقی تێدا نەكەم، نازانم با تەحقیق بكەم، بزانم هەمان پەرلەمانتار هەمان تەسەروفی جارێكی تریش كردووە، ئەو كاتە قسەی خۆم دەبێت. درەو: یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان بەوشێوەیە تێپەڕی ئەوانەشی كە مەرجە یاساییەكانیان تێدا نییە بەڕێژەیەك موچە خانەنشین دەبن، بۆچوونی ئێوە لەوبارەیەوە چییە ؟ رێواز فایەق: من بڕوا ناكەم ئەو یاسایە، ئەو بەشەی پەیوەندی بە خانەنشینیەوە هەیە جێبەجێبكرێت، چونكە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی كوردستان دەردەچێت، ئەوكاتە حكومەت ئامادەی دەكات، دوێنی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران قسەی لەگەڵ من كرد كە پرۆسەی نوسینەوە دەستیپێكردووە، واتا پرۆسەی دانانی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، كە هەموو خەڵك بەیەك پێوەر خانەنشین دەبن. من داوام كرد ئەو مادەیە لاببەین لەو یاسایە، چونكە ئەو یاسایە شتی زۆر باشی تێدایە، مادام یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو دێتو پەرلەمانتار جارێ سێ ساڵی ماوە بۆ ئەوەی خانەنشین ببێت، وەزیر سێ ساڵی ماوە بۆ خانەنشینی، قەیچێكە ئەم شەش مانگەش با چاوەڕێ بكەین تا یاسای خانەنشینی یەكگرتوو دێت، بەڵام بۆچونێكی تر هەبوو وتیان ئەگەر لای بدەین رایگشتی دەڵێن ئەو مادەیەی پەیوەندی بە خۆیانەوە هەبوو لایان برد. بۆچونی من بە شەخسی باسی دەكەم ئەوەی بە (2.5) كەڕەتی خزمەتی ساڵانە هەرچی بێت بۆ من یەك شت دەكات، چونكە من تا تەواو دەبم دەبێت بە (27) ساڵ خزمەتو دكتۆراشم هەیە بۆ خۆم بەشەخسی، لەڕاستیدا من حەزم دەكرد ئەوەی عێراق جێبەجێبكرێت، ئەوەی عێراق وەكو خۆی واتا یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ژمارەی (9)ی ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان بەركار بكەین، بۆ فەرمانبەریشو بۆ پەرلەمانتاریشو بۆ حاكمیش، كە دادپەوەری زیاتری تێدایە، كە ئەوە نەبوو بەو یاسایەی ئێستا كاری پێدەكرێت، هەر (111) پەرلەمانتارەكە (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینار موچەی خانەنشینیانە، بەڵام بیهێننە پێش چاوی خۆتان (78) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رازی بوون بەوەی دەنگ بدەن نزیكەی (4 ملیۆن) دینار لە موچەكەیان كەمببێتەوە، خەڵك وا تێگەیشت كە ئێمە یاسای خانەنشینی بۆ پەرلەمانتار دادەنێین، وانەبوو، یاسای خانەنشینی پەرلەمانتار هەیە هەر پەرلەمانتارێك هەر وەزیرێك (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینار موچەیەتی، كە یاسای چاكسازی دێت، پەرلەمانتارێك كە مەرجەكانی تێدا نیە، خۆی دەستبەرز دەكاتەوە بۆ ئەوەی موچەكەی لە (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینارەوە كەمبكرێتەوە بۆ (2 ملیۆنو 500 هەزار) دینار هێشتا قسەی پێدەوترێت، ئەمە حاڵەتە ناسروشتییەكەیە، لەوێ هیچ مەرجێك نیە. درەو: بەشێكی پەیوەندی بە هەڵاو موزایەدەی پەرلەمانتاران خۆیانەوە نەبوو، بەتایبەت ئێستا فۆرمێك هەیە كە پەرلەمانتاران پڕی دەكەنەوەو بەوەی خانەنشینی وەرناگرن؟ رێواز فایەق: ئەم بابەتە بابەتێكی زۆر گرنگەو جەدەلێكی یاسایی زۆر گەورەشی لەسەرە، حەق پێش ئەوەی دروست ببێت چۆن تەنازولی لێدەكەیت، مافی خانەنشینبوون بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم هێشتا دروست نەبووە، چۆن تەنازولی لێدەكەیت، ئەمە قسەیەكە، جەدەلێكە دەوترێت كە تەنازولكردن لە مافێك كە دروست نەبووە یاسایی نیە، ئەم جەدەلە بەچی چارەسەر كرا، ئەی بۆ ئاساییە بۆ نمونە منو تۆ كە رێككەوتنێك دەكەین، (عەقد شەریعەتی موتەعاقدین لە نێوان منو تۆدا) ئەڵێت من بەرپرسیار نیم لەهیچ زیانێك تۆش دەڵێیت من تەنازول دەكەم لە تەعویز، خۆ هێشتا مافی تەعویزت نیە تا تەنازولی بۆ بكەیت، بەراورد كرا بەوە. بەشێك لە پەرلەمانتاران وتیان مادام هەندێك لە پەرلەمانتاران ئەڵێن نامانەوێت ئەبێت مادەیەك دابنرێت لە یاساكەدا كە مادەكە دێت بۆ سەرۆكی پەرلەمان، ئەگەر لە هۆڵی پەرلەمان دەنگی هێنا ناتوانم هیچ رێگریەك لەمە بكەم. درەو: تۆ خۆت لەگەڵ ئەو مادەیە بوویت یان نا؟ رێواز فایەق: من لەگەڵ ئەو مادەیە نیم لەو مونتەڵەقەی كە یاسا چارەسەری ئەوەی كردووە، ئەوەی كە تەمەنی (63) ساڵ نیە ئیجبار نیە خانەنشین ببێت، ئازادە، ئەمە بۆ فەرمانبەر وایە، بۆ حاكمێكو بۆ ئێمە وایە، بۆ هەمو كەسێك (45) ساڵ ئەتوانێت بچێتەوە سەر وەزیفەكەی خۆی، بەڵام كە هێنایان وتم بە ئارزەووی خۆتان با تێیدا بێت، ئێستاش لەدوای بەركاربوونی یاساكە كە (30) رۆژەكە دەستی پێكرد، دیوانی پەرلەمانی كوردستان، بەرەسمی ئیعلانی كرد ئەڵێت ئەمڕۆ یەكەم رۆژی ئەو (30) رۆژەیە كە یاسای دایناوە، ئەندامانی پەرلەمان بێن فۆرمەكە پڕبكەنەوە. درەو: ئەو پەرلەمانتارانەی فۆرمەكەیان پڕكردوەتەوە، ئیتر خانەنشینی ننایانگرێتەوە؟ رێواز فایەق: ئەو فۆرمە ئێستا ئەرزشی یاسایی نیە، بەڵام ئێمە ئیعلانی ئەكەین بە رەسمی، كە یاساكە بەركاربوو چووە بواری جێبەجێكردن، دەڵێت ئەمڕۆ ئەو (30) رۆژە دەست پێدەكات كە بڕگەی (4)ی مادەی (7)دا هاتووە، ئەو (30) رۆژە دەست پێدەكات هەر ئەندامێكی پەرلەمان دەیەوێت خانەنشینی وەرنەگرێت ئەچێت فۆرمەكە پڕ دەكاتەوە، كە (30) رۆژەكە تەواو بوو هەر دیوانی پەرلەمان ئەڵێت ئەو (30) رۆژە تەواو بوو كە یاسا داینابوو بۆ تەنازولكردن لە مافی خانەنشینیو ئەم پەرلەمانتارە بەرێزانەی خوارەوە خانەنشینیان رەتكردوەتەوە، ئێمەش بە نوسراوێكی رەسمی دەینێرین بۆ بەڕێوەبەرێتی خانەنشنینیو دەڵێین لەدوای كۆتایهاتنی ئەم خولە، ئەم پەرلەمانتارانە مامەڵەی یاساییان بۆ خانەنشینی بۆ ناكرێت، بەڵام بڕوای خۆمتان پێ بڵێم ئەو ژمارەیەی كە ئیعلانیان كردبوو كەمدەبێتەوە. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتارو راوێژكاری پەرلەمان هەن كە هاوكات لەگەڵ كاری پەرلەمانتارییاندا دەخوێنن، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رێگەپێدراو نییە پەرلەمانتار جگە لە كارەكەی هیچ ئەركێكی تر لەئەستۆ بگرێت، قسەی ئێوە لەوبارەیەوە چییە ؟ رێواز فایەق: هیچ پەرلەمانتارێك بەرەسمی نەهاتووە، داوای مۆڵەت لە ئێمە بكات بۆ ئەوەی بچێت بخوێنێت، ئەو تەعلیماتەی كە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت بۆ خوێندنی ماستەر، ئەبێت تەفەروغی تەواو بكات، ئەمەش بۆ ئەندامی پەرلەمان نابێت، چونكە كاری پەرلەمانتار فەرمانبەر نیەو نوێنەرایەتییەو بۆ (4) ساڵەو دەبێت چوار ساڵەكەی خۆی تەواو بكات، لەبەرئەوەی هەر ئەندامێكی بەڕێزی پەرلەمان بێت بۆلای ئێمە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بۆ خوێندنی ماستەر نایدەینێ، ئەگەر مۆڵەتی نەبێتو بخوێنێت ئەوكاتە بڕوانامەكەی ئەهێنێتەوە وەزارەت خوێندنی باڵا بەرپرسە لەوەی بۆی تەعدیل نەكاتو بۆی ئەژمار ناكرێت، بەڵام ئێمە مامەڵە لەگەڵ غیابو مۆڵەتی دانیشتنەكانی پەرلەمانو لیژنەكانی پەرلەمان لەمەوداو دوای ئەوەی ئیعلانمان كردووە، رێوشوێنی یاساییو پەیڕەویی دەكەین لەگەڵ غیاباتیش. درەو: بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا پلەی خوێندنتان بۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەرزكرایەوە، ئێوەش لەچوارچێوەی پرۆسەی خوێندندان ؟ رێواز فایەق: ئەزانن كە من پێش ئەوەی لە خولی پێشو ببم بە ئەندامی پەرلەمان،ئەندامی دەستەی ئەندامی دەستەی وانەبێژی بووم لە زانكۆی پۆلۆتەكنیكی سلێمانی، لەمادەی (44) لەناو یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵادا دوو بڕگە هەیە، لە بڕگەیەكیاندا ئەڵێت هەركەسێك ئەندامی دەستەی وانەوتنەوە بێت، تەنانەت دوای خانەنشینبوونیش یان گواستنەوەی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ هەر فەرمانگەو دامودەزگایەكی تر، مافی ئەوەی هەیە پلە زانستییەكەی بەرزبكرێتەوە، ئەگەر مەرجی تێدا بوو، بەبێ وانە وتنەوە. من دكتۆراكەم تەواوكردووە نازناوی زانستیم هەبووە، كە بووم بە ئەندامی پەرلەمان، مودەریس بووم، دەستمكرد بە نوسینی لێكۆڵینەوەكانم، هەلومەرجەكە وابوو كە لەساڵی 2015 دەرگای پەرلەمانی كوردستان داخرا، خەڵك ئەگەر بە شتی ترەوە سەرقاڵ بوبێت من سەرقاڵی لێكۆڵینەوەكانم بوومو لێكۆڵێنەوەكانم تەواوكرد. ئەو سێ لێكۆڵینەوەی من نوسیومە بۆ ئەوەی نازناوی زانستی پێوەرگرم، یەكەم كەسم لەسەر ئاستی عێراقو هەموو وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئەو سێ بابەتەم نوسیوە، لە ۳ گۆڤاری زانستی باوەڕپێكراویش بڵاوكراونەتەوە،هەركەس بیەوی بە سێرچی گۆگڵ دەیاندۆزێتەوە، لەناو گۆگڵیش هەیە بڵاوكراوەتەوە، ئەگەر كەسێك خۆی بە خاوەنی حەرفێكی ئەو لێكۆڵینەوەیەی من بزانێت، تەحەمولی ئەنجامەكەی دەكەم. درەو: لێكۆڵینەوەكانت لەسەر چ بابەتێكن ؟ رێواز فایەق: یەكەمیان باسی (نیزامی خاوەندارێتی نەوتو ئوسوڵی نەوتیی) دەكات، لێكۆڵینەوەیەكی بەراوردكارییە لەنێوان یاسای عێراقیو یاسای ئەمریكی، لە ئەمریكا ئەگەر من پارچەیەك زەویم هەبێت بەناوی خۆمەوە بێت نەوتی تێدا بێت، خۆم ئەتوانم كۆمپانیا بێنم، بەڵام لە عێراق نیزامەكە جیاوازە، ئەگەر هاوڵاتیەك لە زەویەكەیدا نەوت بدۆزرێتەوە ئەبێت بڕوات تەعویز دەكرێتەوە، دەوڵەت بۆی هەیە كۆمپانیا بهێنێت، راكێشانی بۆری نەوت لە شوێنێك بۆ شوێنێك لە نیزامی ئەمریكیدا مانگانە دەبێت پارەی بدەیتێ لەبەرئەوەی بەناو زەویەكەیدا بردوتە، بە بەردەوامی وەكو موڵكێكی ئەو وایە كە بەكرێت گرتبێت، بەڵام لە عێراقدا كە زەوی هاوڵاتییەك بۆریەكی نەوتی پێدا دەڕەوات، یەكجار تەعویزیەكی دەدرێتیێو تەواو، تەحەدا دەكەم لەهەموو عێراقو هەرێمی كوردستانیشدا یەك كەس ئەم كارەی كردبێت. دووەم: لەسەر نیزامی تەئمین (دڵنیایی) نوسیوەمە، تەئمین لەسەر ئەو مەترسیانەی كە بەهۆی پیشەسازی نەوتییەوە ئەكەونەوە، بەڵام بەراوردمكردووە لەنێوان عێراقو نەرویجدا، لەوێ كرێكارێكی نەوت زەماناتەكانی چینو لێرە كرێكارێكی نەوت زەماناتەكانی چین، چەند جیاوازن؟ لێرە شۆفێری تەنكەرێك كە بە تەنكەرەكەیەوە دەسوتێت پێشتر (12) ملیۆن دینار حەقی پارەی تەنكەری نەوتەكەشی داناوە، لەوێ چۆن تەعویز دەكرێتەوە، بە ملیۆن دۆلار تەعویز دەكرێتەوە. خەڵكی تر لەسەر بواری گشتی نەوتی نوسیوە، من لەسەر بواری تایبەتی نەوتم نوسیوە، بۆ نمونە تەعویز بەهۆی تەئمینەوەیە (دڵنیایی)، تەعویز یەكێكە لەوانەی لە یاسای مەدەنیدا هەیە، خاوەندارێتی لە یاسای مەدەنیدا هەیە. سێیەم: بیرتانە كاك نێچیرڤان بارزانی دەیوت كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی دادەمەزرێنین خەڵك دەكەینە خاوەنی پشك، ئێستا ئارامكۆ بەشێك لە پشكەكانی دەفرۆشێت لەكاتێكدا كۆمپانیایەكی نیشتمانییە، من لەسەر ئەوەم نوسیوە كە (كۆمپانیایەكی نیشتمانی چۆن لەڕووی یاساییەوە دەتوانێت پشكەكانی بفرۆشێت بە هاوڵاتی ئاسایی) لە یاسای نەوتی ژمارە (22)ی هەرێمی كوردستان ساڵی 2007 رێگەی بەوەداوە كە كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی هەرێمی كوردستان پشكەكانی بە خەڵك بفرۆشێت، كێ لەسەر ئەمانەی نوسیوە با بێت بڵێت وشەم لەسەری نوسیوە، لەبەر ئەوەی من (ئیستحقاقی) خۆم وەرگرتووە، من بۆم نیە راستەوخۆ پێشكەشی زانكۆكەی خۆمی بكەم، دەبێت مامەڵەكەم راستەوخۆ ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكەم، چونكە ئێستا من لەناو دەستەی وانەبێژیدا نەماوم، ئەوان بە رۆڵی خۆیان ئاڕاستەی زانكۆكەی منی دەكەنەوە بزانن من لەوێ مودەڕیس بووم، چیم كردووە چیم نەكردووە، ئەم بەڕێزانە لەوێ رێوشوێنەكانی یاسایی چیە، تەبعەن لەوێ خەڵكی یاسایی لێ نییە، ئەوانیش ئاڕاستەی كۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانیان كردوەتەوە، بۆ دانانی لیژنە، من ئەگەر یەك تۆز ترسم هەبوایە لەڕووی یاسایی، لەڕووی ئیجرائی، ئەو كارەی من كێشەیەكی تێدایە، جورئەتم نەدەكرد بڵاوی بكەمەوە، من فەخری پێوە دەكەم، وە دەستم كردووە بە نوسینی لێكۆڵینەوەكانی پرۆفیسۆریو ئینشەڵا لە ئایندەیەكی نزیك لەوەختی خۆمدا دەبم بە پرۆفیسۆر.
راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف كۆمپانیایەك كە رێژەی 40%ی پشكی ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، گرێبەستی گواستنەوەی غازی شلی كێڵگەی كۆرمۆری لە چەمچەماڵ بۆ دەرچووە، بەڵام هێزێكی چەكدار رێگری دەكات لەوەی كارەكەی بكات، ئەمە بووە بە هەڕەشە لەسەر سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی غازی ماڵان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان، كێشەكە پەیوەندی بە ململانێی گرێبەستی گواستنەوەی غازەوە هەیە لەنێوان هەندێك بەرپرسی باڵای یەكێتیداو قەیرانی غازی ماڵانی لە هەولێرو سلێمانیو دهۆك دروستكردووە، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. قەیرانی غاز لەپاڵ قەیرانی كەمی كارەباو سوتەمەنی، چەند رۆژێكە لە هەرێمی كوردستان قەیرانی غازی ماڵان دروستبووە، حكومەتی هەرێم دەڵێ: كۆمپانیایەك گرێبەستی گواستنەوەی غازی شلی لە كێڵگەی كۆرمۆر قۆرخكردووە، كابینەی نۆیەمی حكومەت دوای ئەوەی دەستبەكاربووە، گرێبەستەكەی لەو كۆمپانیایە وەرگرتووەتەوەو داویەتی بە كۆمپانیایەكی تر، ئەمە هۆكاری دروستبوونی قەیرانی غازە. قەیرانێكی سەرتاسەری حكومەتی هەرێم باسلەوەدەكات، كێشەی كەمی غاز لە پارێزگای هەولێرو دهۆك هەیەو لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە گازی پێویست بۆ ئەو دوو پارێزگایە نانێردرێت. بەڵام بەپێی بەدواداچونی (درەو)، كێشە پارێزگای سلێمانیشی گرتوەتەوە، (درەو) پەیوەندی بە ژمارەیەك گازفرۆشەوە كرد لە سلێمانی، باسیان لەوەكرد، ئەوانیش غازیان دەستناكەوێتو رێژەیەكی كەم لە كارگەكان هەیەو قەیران دروستبووە. سەرچاوەی كێشەكە بەپێی قسەی حكومەت، كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) سەرچاوەی ئەو كێشەیەیە كە لەبارەی دابینكردنی غازی پێویست بۆ هاوڵاتیان دروستبووە. كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) لە ساڵی 2004 لە هەرێمی كوردستان دروستكراوە، كۆمپانیایەكی تایبەتە بە (كڕین، گواستنەوە، هەناردەكردنو هاوردەكردنی) سوتەمەنی. ئەم كۆمپانیایە لە مانگی ئازاری ساڵی 2015وە لەگەڵ كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی گواستنەوەی غازی شلی كێڵگەی غازی كۆرمۆری بەهاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز) ئیمزاكردووە. بەگوێرەی قسەی نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، رۆژی 1/1/2020 گرێبەستەكەی كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) لەگەڵ كۆمپانیای (دانە غاز) تەواوبووەو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ماوەی یەك مانگ وادەی كاركردنی بۆ درێژكردوەتەوە تاوەكو كارەكانی رادەستی ئەو كۆمپانیا نوێیە بكات كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گرێبەستی لەگەڵ كردووە. ئەو كۆمپانیا نوێیەی كە كارەكەی گرتوەتەدەست ناوی (سورگاز)ە، ئەم كۆمپانیایە دوێنێ بەفەرمی دەستبەكاربووە، خاوەنەكەی پیاوێكە بەناوی (شێخ بەكر)، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) شەوی هەینی، ژمارەیەك چەكدار كە جلوبەرگی فەرمییان لەبەردابووە، چونەتەسەر ماڵی شێخ بەكرو رفاندویانەو لێیانداوەو دواتر ئازادیان كردووە. بەرەبەیانی دەستبەكاربوونی كۆمپانیا نوێیەكە لەناو كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە ناحیەی قادر كەرەم، ژمارەیەك چەكدار رێگرییان لەوە كردووە كۆمپانیاكە بەتانكەر غاز بگوازێتەوە. قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) تۆمەتبار دەكات بەوەی، پاڵپشتی سەربازی هەیەو رێگری لەوەدەكات غاز بۆ شارەكانی كوردستان بگوازرێتەوە. كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) وتەبێژی فەرمی نییە، بەڵام یەكێك لە بەرپرسەكانی كۆمپانیاكە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو)ی راگەیاند، ئەوەی رویداوە هیچ پەیوەندییەكی بە كۆمپانیاكەی ئەوانەوە نییە. بەرپرسەكەی كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار وتی:" گرێبەستی ئێمە كۆتایی هاتووەو كارەكە دراوە بۆ كۆمپانیایەكی تر، ئەو كۆمپانیا نوێیەی كە دەستبەكاربووە بوتڵی پێوستو پارەی پێشەكی ئامادەی نەبووە، بۆیە ماوەی مانگێك كاركردنی ئێمە درێژكرایەوە، بەڵام ئێستا ئیتر كارمان تەواوبووەو هیچ پەیوەندییەكمان بەو چەكدارانەوە نییە كە رێگرییان لە كاری كۆمپانیا نوێیەكە كردووە". وا دەردەكەوێت خاوەنی كۆمپانیاكان وازیان هێناوەو ئێستا ئەوانەی لە پشت كۆمپانیاكانەوەن شەڕەكە دەكەن. قوباد تاڵەبانی دەستوەردان دەكات بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی دەستوەردانی كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكەو كۆتایهێنان بە رێگریكردنی هێزە چەكدارەكە. عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانو پیشەسازیو بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ:" تاوەكو ئەم ساتە گرفتو هەڕەشە بەردەوامە لەلایەن هێزێكی ئەمنی.. ناكرێت هێزێك بە جلوبەرگی ڕەسمی بڕواتە سەر كێڵگەی غازو ڕێگربێت لە ناردنی غازی ماڵان بۆ سەرتاسەری كوردستان". عەلی حەمەساڵح باسلەوەدەكات، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لە هەوڵدان بۆ چارەسەری یەكجاری ئەم گرفتە.. ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ لادانی ئەم ڕێگریە كردویانە، بەڵام لەبەرامبەر هێزێكی گەورەی ئەمنی هەرئەوەندە كراوەو هەڕەشە لە سایەقو وەكیلەكان كراوە هەركەسێك غاز باربكات دەكوژرێت. بەپێی قسەی عەلی حەمەساڵح، كۆمپانیای سورگاز كە گرێبەستەكەی بۆدەچووە، رێژەی 40%ی گرێبەستەكەی پشكی ئیدارەی گشتی یەكێتییە. ئێستا بەفەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیوای نەوتو غاز رۆشیتون بۆ كێڵگەی كۆرمۆر بۆ پاسەوانیكردن. عەلی حەمەساڵح دەڵێ:" ئێستا غاز باردەكرێت، بەڵام ئەو هێزە ئەمنیەی كە پێشتر ڕێگربووە، بەردەوام هەڕەشە دەكات" بەبێ ئەوەی ناوی هێزە ئەمنییەكەو بەرپرسی هێزەكە بهێنێت. كێشەیەكی كۆن لە بەرگێكی نوێدا كێشەی كۆمپانیاكان لەبارەی كڕینو گواستنەوەی غازی شلی كێڵگەی كۆرمۆر نوێ نییە. ساڵی 2016 ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بەپێی فەرمانێكی وزاری بە ژمارە (351) لە رۆژی 17/1/2016، گرێبەستی فرۆشتنی (800 تەن)ی رۆژانەی غازی شلی (LPG) بۆ ماوەی (90) رۆژ بە نرخی (275 دۆلار) بۆ هەر تەنێك، دایە كۆمپانیای (سورگاز). ئەم گرێبەستەی ئاشتی هەورامی لەكاتێكدا بوو، ئەوكات كۆمپانیای (ساوس كوردستان) كە كاری گواستنەوەی گازی كێڵگەی كۆرمۆری دەكرد، تەنیا ماوەی (مانگو نیوێك) وادەی گرێبەستەكەی مابوو، ئەوكات كۆمپانیای (ساوس كوردستان) وەكو كاردانەوەیەك دژ بە بڕیارەكەی ئاشتی هەورامی، هەناردەكردنی گازی بۆ پارێزگای سلێمانی راگرت، ئەوەش گرفتی كەمی غازی ماڵانی دروستكرد. ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا، بەڕێوەبەری كۆمپانیای (سورگاز) باسی لەوەكرد، هێزێكی چەكدار چووەتە كێڵگەی كۆرمۆرو رێگری كردووە لەوەی كۆمپانیاكەی كاربكات، ئەو ساڵە هێزەكانی ئاسایشی دەستوەردانیان كردو دۆخەكەی لە كێڵگەكە كۆنترۆڵكرا. بەهۆی ناكۆكی ئەو دوو كۆمپانیاوە، چەند رۆژێكی ساڵی 2016 قەیرانی غاز دروستبوو، كارگەكانی غاز ناچاربوون روو لە شاری كەركوك بكەن بۆ دابینكردنی غازو پێداویستی خەڵك لە سنوری سلێمانی. ساڵی 2016 ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان باسیان لەوەدەكرد، گرێبەستەكەی ئاشتی هەورامی لەگەڵ كۆمپانیای (سورگاز) گەندەڵی تێدا كراوە، چونكە گرێبەستەكە بەبێ هیچ كێبركێیەك بەو كۆمپانیایە دراوە. بەپێی قسەی پەرلەمانتاران، كۆمپانیای (سورگاز) بەر لە كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی غازی شلی هەبووەو بۆ هەر تەنێك بڕی (192 دۆلار)ی داوە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ساوس كوردستان) كردووە بە پارەیەكی زیاترو بەبڕی (200 دۆلار) بۆ هەر تەنێك، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە، كۆمپانیای سورگاز بە پارەیەكی كەمتر بەبەراورد بە كۆمپانیای پێش خۆی كاری گواستنەوەی گازەكەی وەرگرتووە. دەستوەردانی بەرپرسانی حزبیو حكومی لە كاری كۆمپانیاكان، وایكردووە حكومەتی هەرێم لە داهاتی گازی شلدا مانگانە زیانێكی زۆری بەربكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو داهاتانە ناگەڕێندرێنەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە رێگاوبانەكانی ناوچەكەدا. لەبارەی كێڵگەی كۆرمۆر-ەوە كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێتە سنوری ناحیەی قادر كەرەم- لە نزیك چەمچەماڵ، بەپێی قسەی غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەم كێڵگەیە رۆژانە زیاتر لە (هەزار) تەن گازی شل بەرهەم دەهێنێت، جگە لە بەرهەمی خۆی، كێڵگەكە لە چەندین سەرچاوەی ترەوە گازی شلی دەستدەكەوێت، لەوانە لە پاڵاوگەكانی (كەڵەك)و (بازیان)و هەندێكی تریش لە كەركوكەوە. بەرهەمهێنانی گازی شل لە كێڵگەی كۆرمۆر تایبەتە بە كۆمپانیای (دانەغاز)، حكومەتی هەرێم گازی شل لەو كۆمپانیایە دەكڕێتەوە، بەرهەمهێنەرو كڕیاری گازی شلی كێڵگەكە جێگیرن، ناكۆكییەكە لەسەر گرێبەستی گواستنەوەی گازە شلەكەیە لە كێڵگەكەوە بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان، رێگریكردنی ناوبەناوی دەرچوونی گاز لە كێڵگەكەوە بۆ شارەكان، بۆ فشاركردنە لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی. بەكۆی گشتی كۆی ئەو غازە شلەی كێڵگەكە، كە گواستنەوەكەی دراوە بە كۆمپانیای (سورگاز) زیاتر لە (هەزارو 400 تەن)ە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی پەرلەمانتار غالب محەمەد، هەرێمی كوردستان لە رۆژێكدا پێویستی بە كەمتر لە (700 تەن) گازی شل هەیە، هەرچەندە ئەمە بەپێی وەرزەكان گۆڕانكاری بەسەردادێتو ئاستی بەكارهێنانی گازی شل لە وەرزی زستانو سەرمادا زیاترە. پێداویستی شارەكانی هەرێم بۆ گازی شل لە رۆژێكدا بەمشێوەیەیە: • 13 تانكەر بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە • 13 تانكەر بۆ پارێزگای هەولێر • 6 تانكەر بۆ پارێزگای دهۆك هەر تانكەرێك زیاتر لە (20) تەن گازی شل لەخۆدەگرێت، دەبێت كۆمپانیای تایبەت بە گواستنەوەی گازەكە، هەر تەنێك لەو گازە بە بڕی (430 هەزار) دینار بدات بە كارگەكان. كێڵگەی كۆرمۆر سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی پێداویستی غازی ماڵانە لە هەرێمی كوردستان. مافیا لە كوردستان ئێستا دەستەواژەی مافیا لە بواری ئابوری كوردستاندا تەنیا قسەوباسی ناو خەڵك نییە، حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ بەفەرمی ئەم دەستەواژەیەی بەكارهێنا. جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی كێشەی گازی كۆرمۆرەوە دەڵێ:" بابەتی گواستنەوەی گاز لە كۆمپانیای داناغازەوە بۆ پارێزگاكانی هەرێم، كە لە لایەن كۆمپانیایێكەوە قورخ كرابوو، كرایە تەندەرو دوای ئەوەی بۆ كۆمپانیایەكی دیكە دەرچوو، بڕیار بوو لە سەری ساڵی نوێوە دەستبەكار ببێت، بەڵام لەلایەن چەند كەسێكی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیانو سلێمانی رێگرییان لێ كراوەو وەك كارتێكی فشار رێگەیان نەداوە بەشە گازی شلی هەولێر و دهۆك وەك پێویست بگات، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی گاز لەو دوو پارێزگایە". وتەبێژەكە رایگەیاند:" حكومەتی هەرێم لە هەنگاوەكانی چاكسازی پاشگەز نابێتەوەو هەموو رێكارە یاساییەكان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی قورخكارانو مافیاكان روبەڕووی یاسا بكرێنەوە".
درەو: بەپێی پرۆژەكەی ئەنجومەنی باڵای یەكێتی كە ناوەرۆكەكەی دەست (درەو) كەوتووە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی باڵاترین دەسەڵاتی یەكێتی و سەرپەرشتیاری هەموو هێزەكانی یەكێتی دەبێت و دەسەڵاتی رەتكردنەوەی هەموو رێككەوتنێكی دەبێت كە ئەنجومەنی سەركردایەتی گستی دەیكات، بەپێی ئەو دەسەڵاتانە بێت كە ئەنجومەنی باڵای سیاسی بۆ خۆی نوسیوە، هەموو بڕیارو دەسەڵاتەكانی یەكێتی دەكەوێتە لای ئەو ئەنجومەنە باڵایە. ئەمڕۆ مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی لە كرنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پرۆژەیەكمان داڕشتووە سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و داومانە بە كاك كۆسرەت و ئەویش بەرەسمی ناردویەتی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بۆ پەسەندكردنی. بەپێی ئەو پرۆژەیەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی كە ناوەڕۆكەكەی دەست ( درەو) كەوتووە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی وا پێناسە كراوە كە: "ئەنجومەنێكی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە بەپێی بریاری چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی لە سەرۆك و هەشت هەڤاڵی بڕیار لێدراوی كۆنگرە پێكدێت ئەركی ئەنجومەنی باڵا سەرخستنی بڕیارەكانی كۆنگرەو راگرتنی هاوسەنگی ئۆرگانەكان و لێپرسینەوەو چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكانی یەكێتیە لە هەموو ئاستەكاندا" دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا بەپێی ئەو پرۆژە نوسراوەی ئەنجومەنی باڵا كە ئاراستەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی كراوە، سەرۆكی ئەنجومەن و ئەنجومەنی باڵا، زۆرترین دەسەڵاتیان بۆخۆیان دیاریكردووەو بەپەسەندكردنی هەموو دەسەڵاتەكانی یەكێتی دەچێتەوە لای ئەنجومەنی باڵای سیاسی. دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا پێكدێن لە:. • سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا سەرپەرشتیاری گشتی هەموو هێزە چەكدارەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە. • سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین پۆستی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی. • ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیە. • ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی دارایی و موڵكداری تەنها دەداتە مەكتەبی دارایی • دەسەڵاتی پەسەندكردنی پرۆژەو بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی دەبێت. • سەرۆكی ئەنجومەن دەسەڵاتی رەتكردنەوەی هەر رێككەوتنێكی دوقوڵی یان چەند قۆڵی هەیە كە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەیكات • لە كاتی سەرپێچیدا، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی سزادانی هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هەیە بەپێی پرۆژەكە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی جێگرێكی دەبێت، بەپێی زانیارییەكان ( مەلا بەختیار) چاوی لەو پۆستەیە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی ئەو پرۆژەیە بەو شێوەیەی نوسراوە پەسەند ناكات، چونكە بەپەسەندكردنی پرۆژەكە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هاوشێوەی ئەنجومەنی ناوەندی پێشوی یەكێتی لێدێت.