Draw Media

سەركۆ عوسمان  پێ دەچێت لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لیێان تێک چوبێت کە ئەم هەلبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوردستان نییە بۆ پەرلەمانی عێراقە، ئەم هەلبژاردنە گۆرانکاریەکی ئەوتۆ لە خاریتەی سیاسی کوردستان ناکات، ئەم هەلبژاردنە کۆتایی بەدەسەلاتی کوردی ناهێنێت، بگرە پێ دەچێت گۆرانکاری زۆر ترسناک لە خاریتەی سیاسی عیراق ئەنجام بدات کە کاریگەریەکی نەرینی لەسەر دۆزی کورد بهینیتە کایەوە کە سەرجەم لایەنە کوردیەکان بێ جیاواززەرەرمەند دەبن. زۆر جیگای سەرنجە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کەوتونەتە دژایەتی و یەکتر شکاندن و تەشهیر کردن بە یەکتر بێ ئەوەی یەک وشەش باسی عیراق بکەن کە ئەو هەموو پێشیلکاریە دەستوریانە دەکات بەرامبەر بە کورد وە هەرچی لەناو گیرافانیاندا بوو بەرامبەربەر بەیەکتر هەلیان رشت پێش ئەوەی بانگەشەی هەلبژاردن بە فەرمی دەست پێ بکات. لە هەموی سەیر و سەمەر تر لایەنەکانی دەرەوەی دەسەلاتی کوردی کە خۆیان بە ئۆپۆزئسیون دەزانن ئەوەندەی خەریکی ناو زراندنی یەکترن ئاگایان نە لە ململانێی عێراق ونە لە لە دەسەلاتی کوردی نەماوە لە هەوڵی ئەوەدان بە یەکتر شکاندن و موزایدە کردن پێگەی خۆیان زیاتر قایم بکەن بۆ بەدەست هێنانی کورسیەک لەسەر حیسابی یەکتر. هەموومان ئەو راستییە دەزانین دوای گۆرانکاریەکانی سالی رابردو و ئەنجام دانی ریفراندۆم لە کوردستانی عێراق و کارەساتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە بووە هۆی لەدەست دانی بەشیکی زۆری خاکی کوردستان بەتایبەتی کەرکوک و ناوچە دابراوەکانی تری کوردستان وای کردووە پێگەو هەلویستی کوردی زۆر لاوازبێت بەرامبەر بە عیراق بە جۆریک کاریگەری زۆر نەرینی دەبیت لەسەر ریژەی دەنگەکانی کورد لەو ناوچانە، ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە بیدەنگی و پشت تێکردنی بەشیک لە دۆستانی کورد و ئەمریکا و هاوپەیمانان و سەرکەوتنەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بوەتە مایەی بەهێز کردنی هەلویستی سەرانی عیراق و حکومەتەکەی عەبادی ئەمە سەرەتایەکە بۆ گۆرانکاری هاوکیشە ساسیەکان بە جۆریک کە چیتر مەبدەئی تەوافق کە پێشتر عیراقی لەسەر بنیادنرابوو کاری پێ نەکریت و مەبدەئی زۆرینە و کەمینە پەسند بکرێت کە ئەوەش لە بەرژەوندی کوردا نییە وەک کەمیینەیەک بەرامبەر بە عەرەبی شیعە و سونە. هەروەها لە ڕوی ئیقلیمی و نیودەولەتییەوە لە ئێستادا پلانیکی گشتگیری گەورە ڕۆڵ دەبینیت کە دڵخۆشکەر نییە بۆ کورد ریکەوتنی روسیا و تورکیا و ئیران و هیرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەرعفرین دورخستنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی کوردی لەو ناوچانە بەبەرچاوی دۆستەکانمانەوە بی ئەوەی هەڵویستیکی ئەوتۆ بنوێنن ئەوەمان بۆ دەردەخات کە مەخابن سەرانی حیزبە سیاسیەکانی کورد ئەوەندەی لە خەمی دەسەلاتی تەسکی حیزبیدان ئەوەندە لە ئاستی ئەو مەترسیە گەورەیەدا نیین کە روبەروی میللەتەکەمان دەبیتەوە ئەوەی ئیستا بەدی دەکریت کورد نە پلانیکی ستراتیجی و نە پەیامیکی یەکگرتوی هەیە بۆبەرنگار بونەوەی ئەو هەموو ئاستەنگانەی ڕوبەری دەبیتەوە بۆیە جاوەروان دەکرێت دوچاری شکستیکی سیاسی زۆر گەورە ببیت کە لە دوای روخانی رژیمەکەی سەدام حوسینەوە ساڵی٢٠٠٣ وە دۆخی وا سەختی بەخۆیەوە نەدیبیت.


شەماڵ عەبدولوەفا ئەفڵاتون وا دەبینێت كە فەرمانڕەوا و پاشاكان دەبێت فەیلەسوف و دانابن تا بتوانن دادپەروەری بهێننەدی و بیپارێزن, ئەرستۆی قوتابیش بە پێچەوانەی ئەوەوە دەیوت, گەر فەرمانڕەواكان دانا نەبوون دەبێت دامەزراوەكان هەبێت, تا دادپەروەری بهێننەدی،  ئاخر كاراكتەری دەسەڵاتی هەرێمەكەی ئێوە نەك دانانین بەڵكو كۆمەڵێك پیاوی نەفام و بێ مەعریفەن, لە ڕووی دامەزراوەكانیشتانەوە كە شەرعیترینیان پەرلەمانە سوك و ڕسواتان كردوە. ئیتر بە چیتانەوە دەنازن, بە ئیدارە جوانەكەتان لە عەدالەت, لە پەیوەندییەكانتان, لە 31 ئاب و 16 ئۆكتۆبەرتان, بە برسیكردنی خەڵك, لە زۆری ئاو و كارەبا و مووچە, لە شەفافییەت, لە پاراستنی خاك و خەڵك! یەك شت باس بكەن كە جێگەی شانازیتان بێت, بەڵكو هەمووی شەرمەزارییە, لە فرۆشتنی نەوت, لە دروستكردنی مافیای دەسەڵات و بازاڕ، هەرچی خراپبوو كردتان ئەوەی ئێستا دەتانەوێ بیكەن دوای ڕیفراندۆم فرۆشتنی ئینتیمایە بۆ خاك و نیشتمان و قەزییە, ئێوە ئێستا بە بەرنامە كار بۆ ئەوە دەكەن كە ئینتیما نەمێنێت, بۆئەوەی ئێران و عێراق و توركیا لێتان ڕازی بێت,  ڕیفراندۆمیشتان بۆئەوە كرد كە ئەوە بكەن كەس هیوای بە قەزییە نەمێنێت, چیتان كرد كردتان بیر لە فرۆشتنی ئینتیما مەكەنەوە, ئێستا بە هەموو هاوكێشەكان دەركەوتووە كە ئێوە پیاوی حوكم و ئیدارەدان نین چونكە ئێوە پیاوی بێ مەعریفەن.  سوقرات دەڵێت كەس بێ ئەخلاق نییە, بەڵام كە كەسێك بە بێ ئاكار دێتە بەرچاوی خەڵك ئەوە لە بێ مەعریفیەوەیە لە چاوی هەردوولادا, لە چاوی دووەەمی سوقراتیشەوە ئێوە لەبەرئەوەی بێ مەعریفەی سیاسی و ئیداری و.... هتدن،  بۆیە ئێوە نابووت بوون لەڕووی ئەخلاقی سیاسییەوە, تۆزقاڵێك ئاكاری سیاسیتان نەماوە هەتا وەكو مافیاش دەسەڵاتان بەدەستەوە بێت،  كە كۆمەڵە كەسێك لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی ئیدارەی وڵات دەگرنە دەست, لە كاتێكدا كە لە هەموو ڕوویەكەوە نوشست دەهێنێت شكستدەخوات, ئەوە ئەو گرێبەستە هەڵوەشاوە دەبێت, ئێوە لەو هاوكێشەیەش تێناگەن, گەر هەڵبژاردنیش بدۆڕێنن دەسەڵات تەسلیم ناكەن, دەزانن بۆچی؟ گەر خۆشتان نەزانن ئەوا خەڵك پێتان دەڵێت, هەركەسێك دوای ئێوە بێتە سەر حوكم لێشاوێك, تۆفانێك  لە گومان لە نهێنی خوارو خێچ لە گەندەڵی لە گرێبەستی خەیاڵی لە...هتدتان كردوە, لەسەر هەر یەكێكیان دەبێت دەیان جار دادگایی بكرێن, بۆیە گەر دۆڕاشن بەلاتانەوە زۆر سروشتییە سوپای ئێران و توركیا دەهێننە قەڵا و قەڵاچوالان بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتی ئێوەی مافیا, ئەوانیش ئێوەیان پێباشترە لە خەڵكی چونكە ئێوە شكستخوارد و  ملكەچ و سەرشۆڕن!!  بەڵام كە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە, چونكە ئێوە لە چاو دیكتاتۆرە زەبەلاحەكانی دنیا زەڕنەقوتەش نین. لینین باسی جەندرمەكانی قەیسەری دەكرد لە خۆپیشاندانەكاندا, دەیوت قامچی دەستی ئەسپسوارەكان كە لە ملی خۆپیشاندەرانیان دەسرەواند ڕەقی خۆپیشاندەرانی ئەستور تر دەكرد و تەمەنی زۆردار و ستەمكار كورت تر، دەمانچە و چەقۆی ئێوەش تەمەنتان درێژ ناكات بەڵكو خێراتر كورتی دەكاتەوە حەقە ئەو چەقۆ و دەمانچەیەی دژی خۆپیشاندەران ڕایدەپسكێنن لە پێش 16 ئۆكتۆبەر ئامادەتان بكردایە تا نیشتمان نەدۆڕینن،  ئێستا هاوكێشەكە بەم شێًوەیەیە, خەڵكی بایكۆتی ئێوەیان كردووە, ئێوەش بایكۆتی مەعریفە, ویژدان, ئەخلاقتان كردووە لەپێناو مانەوەی هەردوو بنەماڵەدا هەموو شتێك دەفرۆشن. 


مەریوان وریا قانع  (٢) لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا دوو پرسیارەم کرد و بەڵێنم بە خوێنەران دا وەڵامیان بدەمەوە. پرسیارەکان ئەمانەبوون: ئایا ئەم سیستمە سوڵتانییە چۆن و بەچی دەژیی؟ دەرەنجامە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی کامانەن؟ بەبۆچوونی من ئەوەندە بەس نییە بڵێین ئابوریی ھەرێم ئابورییەکی سەرمایەدارییە و ئەوەی ئەم ھێزە سوڵتانییە دەژیەنێت ”سیستمی سەرمایەداریی“ە. ئەم شێوازە لە قسەکردن و نووسین ھێندە گشتگیر و نامێژووییە، ھیچ شتێک لەسەر ھیچ دۆخێکی مێژوویی کۆنکریت ناڵێت. ماقوڵ نییە سیستمی ئابوریی سوید و دانیمارک و نەرویج و ھۆڵەندا بە سەرمایەداریی ناوبنێین و بەوەی ھەرێمیش ھەمان ناو ببەخشین. یان لە باشترین حاڵەتدا پاشگرێکی خراپ و گشتگیریی لە بابەتی ”خۆرھەڵاتیی“ پێوەبنێن و بڵێین سەرمایەداریەکەی ھەرێم ”سەرمایەدارییەکی خۆرھەڵاتیی“ە، بەمەش جیاوازییەک لەنێوان ئابوریی ھیندستان و تونس و مالیزیا و ھەرێمدا نەکەین. بەبۆچوونی من ئەو مۆدێلە ئابورییەی سیستمە سوڵتانییەکەی ھەرێمی لەسەر دروستبووە تێکەڵێکی تایبەتە لە ئابوریی ڕێنت و جەنگ. ڕێنتی فرۆشتنی نەوت و ھاریکاریی دەرەکیی و خاڵە گومرکییەکان، لە ھەلومەرجێکی ناجێگیریی پڕ لە شەڕ و شۆڕ و جەنگیی کورت و درێژخایەنی فرەجۆردا. ئەمەش بەسەریەکەوە ئابورییەکی دروستکردوە کە دەشێت بە ”ئابووریی زوڵم“ ناویببەین. ئابوریی زوڵم چەمکێکی ئینشایی نییە، بەڵکو ناونانێکی کۆنکریتیی ئەو سیستەمە ئابوریەیە کە لە ھەرێمدا دروستکراوە کە مێژوویەکی تایبەتەی ھەیە کە ئەمە کورتەکەیەتی: کاتێک ھەرێم لە دوای ڕاپەڕینەوە ئازادبوو، ئەو بنکە ئابورییەی کە دروستبوو، بە پلەی یەکەم، رێنتی خاڵە گومرکییەکان بوو کە بەھۆی گەمارۆدانی ئابوریی نێودەوڵەتیی لەسەر ڕژێمەکەی سەدام حوسەین گرنگییەکی گەورەیان پەیداکردبوو. ئینجا ئاودیوکردن و فرۆشتنی بەشێکی گەورەی ئەو ئامێر و کارگە و ئامرازانەی لە کوردستاندا ھەبوون و دەستگرتن بەسەر پارەکانیاندا. دوای ئەوە دەستگرتن بەسەر ئەو بڕە کارگە و کارخانە کەمانەی لە ھەرێمدا ھەبوون و بەکارھێنانیان لەلایەن دوو پارتە باڵادەستەکەوە و دواتریش فرۆشتنەوەیان بە کەسانی ناو ئەو پارتانە، یان بە کەسانی زۆر نزیک لەوانەوە. ئەم ڕێنتخۆرییە وایکرد لەسەر دابەشکردنی داھاتی گومرکەکان، بەتایبەتی گومرکی ئیبراھیم خەلیل، جەنگێکی چەند ساڵە لەنێوان پارتیی و یەکێتیدا دروستببێت. لە گەرمەی ئەم جەنگەشدا فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی یاساغ و زۆرجار لەڕێگای دەستتێکەڵکردن لەگەڵ بەعسدا ھاتەکایەوە. ئەم دۆخە تا بەرپابوونی جەنگی خستنی سەدام حوسەین و دروستبوونی دۆخێکی نوێ کە تیایدا سەرجەمی ئەو بونیادە ئابورییە تاڵانکارەی دروستکرابوو چەندانجار گەورەتر و بەھێزتر دەبێت، بەردەوام بوو، بەبێ ئەوەی لۆژیکی دابەشکردنی داھات گۆڕانی بەسەردا بێت. دوای کەوتنی سەدامیش جەنگ دژ بە تێرۆر و جەنگ دژ بە ئەمریکا و جەنگی نێوان لایەنە جیاوازەکان لە عێراقدا بەرپابوو، کە ڕەھەندێکی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی گەورەی وەرگرت و لەناویشیدا بازرگانی نەوت گەورەتر و چالاکتربوو. لەگەڵ ئەم گەورەبوونەشدا بڕی ئەو تاریکیی و نھێنییانەی کە لەسەرەتاوە لە دەوری ئابوریی ھەرێم لە ئارادابوو، بە دەیان و سەدان جار گەورەتر بوو. ھاوکات بڕی خراپبەکارھێنان و بردن و دزین و گەندەڵیکردن بە ڕێنتی نەوت و خاڵە گومرکییەکانەوە چەندەھا جار گەورەتر و ترسناکتر بوو. لەگەڵ ھاتن و بەرپابوونی جەنگی داعشیشدا ئابوریی نەوت بەتەواوی دەگۆڕێت بۆ ئابورییەکی مافییایی و مەسەلەی دزین و شاردنەوە دەچێتە ئاستێکی ئەفسانەییەوە. وەک دەبینین جەنگ بەشێکی دانەبڕاویی ئەم ئابورییەیە، لەڕاستیدا جەنگ لەزۆر ساتەوەختدا وەک لۆژیکی ناوەکیی ئیشکردنی ئەم سیستمە ئابورییە ئامادەبووە و کاریکردوە. ئەوەی بەدەستھاتوە بە زۆر و بە فشار و بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی و کوشتن و بڕین بەدەستھێنراوە.  خاڵێکی گرنگ ئەوەیە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا جێگۆڕکێیەکی کۆمەڵایەتیی بەرچاو دەبینین. پێشمەرگە و پیاوە چەکدارەکانی سەردەمی شاخ و سەردەمی بەعس دەبن بە سەرمایەدارە گەورەکانی دونیای دوای ڕاپەین. بەمەش ئەو شێواز و مۆدێلەی خاوەنپارە و سەرمایەدار کە پێشتر لە دونیای ئێمەدا لەئارادابوو گۆڕانێکی گەورەی بەسەرداھات. زۆرێک لە نوخبە سەرمایەدارە کۆنەکە پێگە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکی خۆیان لەدەستئەدەن و لەپاڵیاندا نوخبەیەکی نوێ دروستدەبێت کە لەناو سیاسەتەوە دێنە ناو ئابوریی. وەک وتیشمان ئەم نوخبە تازەیە ڕێنتی نەوت و ڕێنتی خاڵە گومرکییەکان و بازرگانی قاچاغ دروستیاندەکات. ڕەنگە ھیچ شتێک ھێندەی کوشتنی عەلی بۆسکانی، پارەدار و سەرمایەداری قۆناغی بەر لە ڕاپەڕین، ھێما بۆ ئەم جێگۆڕکێ کۆمەڵایەتییە نەکات. کوشتنی عەلی بۆسکانی و دروستبوونی کەسانی وەک ئاشتی ھەورامیی ھێما بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەێییە گەورەیە دەکات کە ئابوری زوڵم لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستیدەکات. ئابوریی زوڵم کورتدەبێتەوە بۆ ئابوریی ناو جانتە داخراوەکەی ئاشتی ھەورامیی، ئابورییەکە لەناو ئەو جانتایەوە ئیدارەئەدرێت نەک لەسەر ئەرزی واقیع و لەڕێگەی کردەی بەرھەمھێنان و ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی یاسایی و ئاشکراوە. ئەمە وادەکت گرنگ نەبێت ئاشتی ھەورامی لە ھەولێر دانیشێت یان لە شوێنی تر، لە تەنیشتی سەرە گەورەکانی ناو ھەرێمەوە بێت، یاخود بەخۆی و جانتاکەیەوە لە لەندەن یان ئەستنەبوڵ یان لە نەمسا نیشتەجبێت. ئەو فۆرمە لە سەرمایەداریی کە ئەم پیاوە نوێنەرایەتیی دەکات، سەرمایەداریی دزیی و جەردەیی و گەندەڵییەکی کەم وێنەیە، کە لەناو جانتایەکی بچووک و بەھۆی لەپتۆپێکەوە تێکەڵ بە دونیایەکی گلۆبالی بووە.  لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەم ئابورییە نوخبەیەکی سیاسیی دروستکرد کە سیستمەکەیان بەرەو بە سوڵتانیکردنێکی سیاسیی تەواو برد، پێگە ئابورییە بەھێزەکانی وڵاتەکەیان بە پێگە سیاسییەکانەوە گرێداو و پێگە سیاسییە گرنگەکانیشیان لەدەستی چەند کەسایەتیی و خێزانێکی کەمدا کۆکردەوە. ئەم نوخبە سوڵتانییە دەستی خستە ناو نەخشەی کۆمەڵایەتیی دونیای ئێمە و چەندەھا گروپی ”موفەزەل“ و ”باوەڕپێکراو“ و خاوەن ”وەلای ڕەھا“ی دروستکرد. ئەم ئابورییە کە ڕێنت و جەنگ دروستیکردوە، ئابورییەک نییە دەوڵەت یان حیزب بەڕێوەیببات، یان تەعبیر لە جیھانبینیی یان عەقڵیەتێکی دەوڵەتیی و تەنانەت حیزبیش بکات، بەڵکو ئابورییەکە نوخبەیەکی سوڵتانیی بچووک بەڕێوەیدەبات کە گرێدراوە بە چەندان تۆڕی ئابوریی قاچاغ و ھێزی ئیقلیمیی و بەشە یاساغ و گەندەڵەکەی ئابوریی جیھانییەوە. بە لۆژیکێکی مۆنۆپۆڵخواز و لە غیابی ھەر لێپرسینەوەیەکی یاسایی و سیاسیشدا کاردەکات. لەناو ئەم تاریکاییە گەورەدایەدا ئەم نوخبە سوڵتانییە چەندان دەزگای سەرکوتکرنی دروستکردوە، چەندان دەزگای میدیایی مێشکشۆر و پڕۆپاگەندیستی دروستکردوە، کۆمەڵگاشی بە کردەوە بێئیش و بێکار و بێئایندە کردوە. ئەم ئابورییە ئابوریی جەنگە و لەدۆخی ئاشتیی و ئارامیی کۆمەڵایەتیدا ناتوانێت بە ھەمان لۆژیک بەردەوام بێت. ئەم ئابورییە بۆ مانەوەی پێویستیی بە نائارامیی و جەنگ و پشێویی بەردەوام ھەیە، ھەروەھا پێویستی بە کۆمەڵگایەکی بێدەنگ و ترساو و نائومێد ھەیە.


ئاراس فەتاح دوای ماوەیەکی کورت لە ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام، لەگەڵ کاک مەریوان وریا قانعی ھاوڕێم بڕیارماندا پێکەوە سەردانێکی بەغدای دوای بەعس بکەین. ئەو بەغدایەی لە ھەشتاکاندا بۆ من تەنھا شاری کتێبکڕین بوو. واڕێککەوتین لە رێگای ئەردەنەوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوین و لەوێشەوە سەفەری سلێمانی بکەین. من لە ئەڵمانیاوە سەفەری عەمانی پایتەختی ئەردەنم کرد و لەو ھوتێلە دابەزیم کە بڕیار وابوو لەوێ یەکبگرینەوە. کاک مەریوانیش بە ھاوەڵیی ناسیاوێکی لە ئەمستردامەوە گەیشتنە ھوتێلەکە، کە کوڕێکی لاوازی پێستئەسمەری باشوور و بە فیکر کۆمۆنیستێکی عێراقیی بوو. بەیانییەکەی پێکەوە ئۆتۆمبیلێکی GMCمان بە کرێ گرت، بۆئەوەی بمانگەیەنێتە بەغدا. پێشئەوەی بەڕێبکەوین، شۆڤێرەکە پێیگوتین تکایە فەرموون سەردانی ئاودەست بکەن، چونکە من لەڕێگا ناوەستم و دەببێت بەخێراییەکی زۆر بڕۆین تا دەگەیەنە ناوچەیەکی پارێزراو، لەبەرئەوەی مەترسیی گەورە ھەیە چەتەکان رێگرییمان لێبکەن، یان چەکدارانی پاشماوەی بەعس پێشگرییمان لێبکەن. شۆڤێرەکە دۆخەکەی بەچەشنێکی وا مەترسیدار نماییشکرد کە بووە جێگای پێکەنینمان و سەیرێکی یەکترمان کرد و بەخۆمان گوت، پێدەچێت ھەڵھاتنمان بۆ ھەندەران ئاسانتر بووبێت وەک لە گەڕانەوەمان بۆ عێراقی دوای سەدام... بیرمان لەوەدەکردەوە چ دۆخێکی کۆمیدییە کاتێک ئێمە لە کوردستانەوە لەدەستی دەوڵەتی بەعس خۆمان ڕزگارکرد و ھەڵھاتین بۆ ھەندەران، ئێستا دوای روخاندنی بگەڕێینەوە بۆ عێراق و بکەوینە بەردەست پاشماوەکانیان لەناو گروپی ئەلقاعیدە! بەدرێژایی ڕێگای گەڕانەوەمان بەرەو بەغدا ئەو کوڕە کۆمۆنیستە شاگەشکە گرتبووی و لەخۆشییدا نەیدەزانیی چیبکات. بۆ ئەم کۆمۆنیستە گەڕانەوەکەمان بۆ شاری بەغدا رووداوێکی گەورە بوو. ھەرچەندی دەکرد تەسەوری نەدەکرد کە گەڕانەوە بۆ بەغدایەکی بێ سەدام و بێ بەعس، بووە بە ھەقیقەت و چیدی خەیاڵ نییە. لە ئۆتۆمبیلەکەدا بەچەشنێک دڵخۆش بوو کە جێی بەخۆی نەدەگرت، بەگەشکەوە پێیگوتین ھەر کە گەیشتینە بەغدا و خۆپیشاندانێکم بینی، بە سەماوە خۆمی پێدادەکەم، چونکە ئەوە دەبێت بە یەکەمین بەشدارییم لە خۆپیشانداندا لە مێژووی عێراق. بۆیە ھیچ بەلامەوە گرنگ نییە ئەو خۆپیشاندانە کێ رێکیخستووە، ھی عەلمانییەکانە یان ئیسلامییەکان! گرنگ ئەوەیە لەکوێ خۆپیشاندان ھەیە؟ من خۆپیشاندەرم. ئەوەی بۆ من لە ڕۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکانی شاری ھەولێر جێگای تێڕامان بوو، شاگەشکەی ئەو خۆپیشاندەرە بوو کە بە ڕاکردن خۆی دەکات بە خۆپیشاندانەکەدا و دێوانەئاسا ھەڵدەپەڕێت. دۆخی سایکۆلۆژیی ئەم پیاوە رێک ھەمان ئەو چیرۆکە و ھەمان ئەو موعاناتەی بیرخستمەوە کە ئەو کوڕە عەرەبە کۆمۆنیستە لەگەڵ کردەی خۆپیشانداندا لە عێراقی سەردەمی بەعسدا ھەیبوو. خۆپیشاندان بۆخودی خۆی خەمێکی دەستەجەمعییە، بەڵام بۆ ئەم خۆپیشاندەرە ھەولێرییە بووبوو بە شادییەکی دەستەجەمعی، چونکە ئەوە یەکەمین جارە فرسەتی خۆپیشاندانێکی لەوچەشنە بۆ مرۆڤە ترسێنراو و چەپێنراوەکان لە شاری ھەولێردا ھەڵدەکەوێت. چرکەساتی ھەڵپەڕکێی ئەو خۆپیشاندەرەی شاری ھەولێر گەرچی لەڕووکەشدا کۆمیدیی دەردەکەوێت، بەڵام بەدیوە نادیار و چەپێنراوەکەیدا تەعبیر لە تراژیدیترین دۆخی ئینسانەکانی ئەو شارە زەلیلکراوە دەکات. شارێک کە ساڵانێکی دوورودرێژە بە ھێزی ئەمنیی و گروپی شەقوەشێن و بەڵتجیی پارتی گەمارۆدراوە و دانیشتوانەکەشی لەناو فەزایەکی پڕترس و دڵەڕاوکێدا دەژین. لەو ھەولێرەی کە خوێندکارانی زانکۆ لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووی سەردەمی سەدامدا خۆپیشاندانیان تێدا کرد و ئەوکات من و کاک مەریوان و چەندین ھاوڕێی تریشمان تیایدا بەشداربووین، رۆژانە روبەڕووی جەبەروتی ئەمن و ئیستیخبارات دەبوینەوە. لە سەردەمی بەعسدا کەس بۆی نەبوو نەک ھەر خۆپیشاندان بکات، بەڵکو ھەر بیریشی لێبکاتەوە. لە ھەولێری دوای سەدامیش ساڵانێکە ئەو دۆخی بێدەگکردن و چەپاندنەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی پارتی بەرھەمیانھێناوە، وەک خۆشەویستیی و ڕازیبوونی خەڵکەکەی لە دەسەڵاتی پارتی و خێزانی بارزانیی لە میدیا زەبەلاحەلانیانەوە نماییشدەکرێت. قەبارەی ئەو چەوساندنەوەی مرۆڤ رێگەی پێدەدات بەرامبەری بکرێت، قەبارەی ئەو تەعەسوفییەتەش دەستنیشاندەکات کە بەرامبەری دەکرێت. ساڵانێکە خەڵکی ھەولێر لەژێر فەزایەکی پڕترس و تۆقێنەری دەسەڵاتی پارتییدا دەژین، بێدەنگبوونی خەڵکی ھەولێر و دھۆکیش قەبارەی ئەو تەعەسوفییەتە دەردەخات کە دەزگا ئەمنییەکانی تاوەکو ئەمڕۆ بەرامبەر بە خەڵکی ئەم دەڤەرە پیادەیانکردووە. لەدوای خۆپیشاندانەکانی ھەولێر و دھۆک بۆ یەکەمینجار لە مێژووی نوێی ئەم ھەرێمەدا داخوازییە مەدەنییەکان دەبن بە خواستێکی گشتیی بۆ ھەموو کۆمەڵگای ھەرێم و کردەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان تەنھا لەناوچەی سلێمانییدا گیرناخوات. بۆیە پێویستە خۆپیشاندەرانی سلێمانیی و شارەکانی تر، پشتیوانیی و ستاییشی گەورە و بەردەوامیی ئەو ژن و پیاوە ئازا و پڕئیرادانە بکەن کە خشتی یەکەمی ستەمیان لە ھەولێر و دھوک و شارەکانی تری ژێر دەسەڵاتی پارتیی شکاند و دیواری یەکەمی ترسیان لە نێوان جوگرافیا سیاسییە دروستکراوەکەی یەکێتیی و پارتی لە ھەرێمدا ڕوخاند. گەر پارتی بە زەبری ھێز و تێرۆر و ئەشکەنجە و گرتن بتوانێت خۆپیشاندانەکانیش بچەپێنێت و شەقام بێدەنگ بکات، ئەوە بایکۆتی سەرتاسەریی دەبێت بە باشترین بژاردەی تەعبیرکردن لە ناڕەزایی، بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەدەنییەکانی موچەخۆرانی ھەرێم. قەدەری ئێمە ئەوەیە کە کوردین، کوردبوونیش شوناسێکە کە ھەردوو خێزانە سیاسییەکەی ناو پارتی و یەکێتی ٢٧ساڵە وێرانیدەکەن، بۆیە دەشێت ئەم خۆپیشاندان و مانگرتنە سەرتاسەرییە مەدەنییانە بەھایەکی نوێی پێببەخشێت و شوناسێکی نوێ بۆ کوردبوونمان دروستبکات.


د. ئەیاد عەنبەر دكتۆرا لە فیكری سیاسی و مامۆستای زانكۆی كوفە     بە گوێرەی رێكخراوی نێودەوڵەتییەكان گەندەڵی بەوە پێناسەدەكرێت كە بریتیە لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتێك یان پۆستێكی گشتی لە پێناوی  سودی تایبەتدا،  Vineeta Yadav لە توێژینەوەكەیدا " حزبە سیاسییەكان و گروپەكانی كار و گەندەڵی لە وڵاتە تازە پێشگەیشتووەكاندا" بڕوای وایە كە ئەو پێناسەیە كێماسی تێدایە ، چونكە گروپە سیاسییەكان مەرج نییە كە تەنها لە پۆستە حكومەییەكاندا بن هەتا بۆ بەرژەوەندی تایبەت بیقۆزنەوە، چونكە چەندین حزب هەن كە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و دەتوانن گەندەڵی بكەن، جگە لەوە هەندێك سودی بەدەستهاتوو لە گەندەڵیی راستەوخۆ نابێتە سودی كەسیی بەڵو دەڕوات بۆ بەرژەوەندی حزبی بە شێوەیەكی گشتی نەك بەدیاریكراوە بۆ بەرژەوەندی تاكێكی دیاریكراو. لەسەر ئەم بنچینەیە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی پێناسەی خۆی بۆ گەندەڵی خستەڕوو كە بریتیە لە " هخراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی سپێدراو لە سەركردە سیاسییەكان بە ئامانجی زیادتركردنی سودی تایبەت بۆ زیاتربوونی دەسەڵات یان سامان، لێرەوە گەندەڵی سیاسیی پەیوەست نییە تەنها بە پارەوە بەڵكو بۆ نمونە بازرگانیكردن بە پۆستە سیاسییەكان یان هەژمونی سیاسییەوە دەگرێتەوە، یان گۆڕینی یا دەركردنی چەند یاسایەك لە بەرژەوەندی گروپێك یان كۆمپانیایەكی دیاریكراو كە ئەوەش هەڕەشە لە دیموكراتیەت دەكات." راسترین وەسف بۆ دروشمی دژایەتیكردنی گەندەڵی لە عێراقدا، ئەوەشە كە دەسەڵاتداران دژی گەندەڵی دەجەنگن – ئەگەر بانگەوازەكەیان راست بێت- چونكە لە قۆزتنەوەی پۆستە حكومییەكاندا بۆ بەرژەوەندی كەسی یان حزبی هاوبەش و شەریكیان ناوێت، بە تایبەت لە دەوڵەتێكدا كە بە گوێرەی راپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە پلەكانی پێشەوەی ریزبەندی دەوڵەتە گەندەڵەكاندایە. دیاریكردنی گەندەڵی لە عێراقدا خۆی لەخۆیدا بابەتێكی گرفت ئامێزە، دەوڵەت فرۆشتنی دراو بە بانكی ناوەندی عێراق بە گەندەڵی دانانێت، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر لە سیاسییەكان و پسپۆرانی ئابوری بە یەكێك لە مەترسیدارترین ئاڵنگاری ئابوری عێراقی دادەنێن، جگە لەوەش دەوڵەت كۆنتر‌وڵكردنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتی لەلایەن كەسانی نزیك لە یەكەوە بە گەندەڵی دانانێت، كەواتە بابەتی گەندەڵی پەیوەستە بەبێ‌ توانایی و لاوازی دەوڵەتەوە ، دەوڵەتێكی لەم شێوەیە ژینگەیەكی بەپیت دەبێت بۆ مافیاكانی گەندەڵی ، ئەم مافیایانەش پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ هێزی حزبی كارای ناو سیستمی سیاسی عێراقەوە هەیە و بە ناونیشانی نوسینگەكان یان دەستەكانی ئابوری حزبە سیاسییەكان كاردەكەن، هەروەها هێزی نادەوڵەتیش دەروازی ئابوری گرنگیان كۆنترۆڵكردووە. لۆژیكی مافیاكانی گەندەڵی وەك زانای كۆمەڵناسی عێراقی فالح عەبدولەجەبار، وەسفیدەكات لۆژیكێكی دیوە " دەزگایەكە بۆ راوكردنی سامان و بەردەوامیدان بە پشێوی، كە ئەمەش دیوە وێرانكەرەكەیەتی، بەڵام دیوەكەی تری كە بەراستی سەرنجڕاكێشە، دیوە یاساییەكەیەتی و مافیاكان دوای ئەوەی بڕێكی زۆر سەروەت و زێڕ كۆدەكەنەوە روبەڕووی هەڕەشەی مافیای تر دەبنەوە كە ئەوی هەوڵدەدات بەشی خۆی دەستكەوت بەدەستبهێنێت، لێرەدا ترسی لە بەدەرخستنی سامانەكەی، یان هەوڵدان بۆ چێژوەرگرتنی ئاشكرایانەی دەستكەوتی حەرامەكانی، وا لە مافیاكە دەكات دۆخەكە هێوربكاتەوە و یاسا بەدەستبهێنێتەوە بۆئەوەی بە زوویی پارەكانی سپی بكاتەوە و بە ئاشكرا چێژی لێوەبگرێت، ئەم گۆڕانكارییە نزیكە لەوەی كە بەسەر زۆرینەی مافیاكاندا پیادەببێت" و ئایا  بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت رووبەڕووی مافیاكانی گەندەڵی ببێتەوە بە ناونیشانە جیاوازەكانیانەوە؟ كە ئێستا دزەیان كردوەتە دامەزراوە سیاسییەكان و هێزێكی هاوتای دەوڵەتیان پێكهێناوە و لاوازی و كەمتواناییەكی ئاشكراش بە كاری دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە لێكۆڵینەوە بەدواداچوونی دۆسیەكانی گەندەڵی دیارە، كە دەستەوەستان لە راپەڕاندنی ئەركەكانیان،چونكە دەسەڵاتی تەواوەتییان نییە و توانای راوەدونانی و لێپرسینەوە لە گەندەڵەكانیان نییە، جگە لەوەش دۆسیەكانی گەندەڵی بە ئامانجی " خستنی سیاسی  " بە سیاسی كراون وەك چۆن حكومەتی پێشوودا ئەنجامیدا. لەلایەكی ترەوە كێشەیەك لە بناعەی سیستمی سیاسیدا هەیەن كە خۆی لە لاوازی رۆڵی چاودێری دەسەڵاتی یاساداناندا دەبینێتەوە، كە پێویست بوو باڵاترین دەسەڵات بێت، دۆسیەكانی لێكۆڵینەوە لێپرسینەوەكان ئێستا كەوتونەتە ژێر رێككەوتنی سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان و سەركردەی حزبەكانەوە، زیاتر لەوەی كە پشت بە پێوەرێكی چاودێری بابەتیانە ببەسترێت، رۆڵی چاودێری بووەتە رێگایەك بۆ پاكتاوی سیاسیی نێوان نەیارە سیاسییەكان و لە زۆر لە حاڵەتەكانیدا دەبێتە سەكۆیەكی راگەیاندن بۆ ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانەی كە دەگەڕێن بەدوای ئامادەبوون لە پرۆگرامی دیالۆگی سیاسیی  لە هەندێك لە كەناڵە حزبییەكاندا كە رۆڵ دەبین لە شێواندنی رای گشتی زیاتر لەوەی كاربكەن بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان ، لە چەند حاڵەتێكی زۆر سادەدا رۆڵی چاودێری پیشەییانە و بابەتیانە دەبێت و گەندەڵەكان ئاشكرادەكات، بەڵام كاریگەری نابێت و ناگاتە ئاستی لەكارلادانن بەهۆی پاسەوانانی مافیاكانی گەندەڵی و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكانەوە. لەسەر ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی خاڵێكی بەهێز هەیە دروشمی دژایەتیكردنی گەندەڵی پووچەڵدەكاتەوە ئەویش ئەوەیەكە دەستوری عێراق حكومەت پابەند دەككات كە حساباتی خیتامی هەموو سالێكی دارایی پێش پێكەشكردنی پرۆژە بودجەی گشتی ساڵی داهاتوو پێشكەش بكات، ئەوەش لە كاتێكدایە كە ئەنجومەنی نوێنەران لە تشرینی یەكەمی 2015دا حساباتی خیتمای هەردوو ساڵی 2005 و 2006ی پەسەندكرد دوای رەوانەكردنی لەلایەن حكومەتەوە، هەروەها لە تشرینی دووەمی 2016دا بە شێوەی بڕیار دەنگیدا لەسەر سفركردنەوەی بودجەی ساڵەكانی 2008- 2009- 2010- 2011 و هەموو سەرپێچییەكانی ناو حساباتی خیتامی ئەو ساڵانەی ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری كرد و سەرەڕای بوونی سەرپێچی زۆری بەناونیشانی پێشینە یان خەرجكردن بەبێ‌ تەرخانكردن كە بەهاكەی نزیكدەبوەوە لە 142 ترلیۆن دیناری عێراقی ( نزیكەی 100 ملیار دۆلار)، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە حكومەتی ئێستا بەشداربووە لە پەردەپۆشكردنی گەندەڵی یان خراپ قۆزتنەوەی دارایی گشتی حكومەتەكانی پێشوون بەهۆی ئەوەی كارینەكردوووە بۆ بەرزكردنەوەی سەرپێچییەكان بۆ دادگای عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی پێش رەوانەی پەرلەمانی بكات بۆ سفركردنەوەی، یان لانیكەم وردبینیكردن و روونكردنەوەی سەرپێچییەكان كە دەچنە چوارچێوەی گەندەڵی داراییەوە. بابەتەكە گومانكردن نییە لە نیەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیراندا لە بانگەوازیدا بۆ دژایەتی و جەنگ دژی گەندەڵی كە بەدوای دەستكەوتێكی ترەوەیە بۆئەوەی بخرێتە سەر سەنگ و قورسایی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، بەڵكو گومانەكە لەسەر ئیرادەیی سیاسی پێویستە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و لەگەڵ ئاماژەدانمان بە نەبوونی توانی دژایەتیكردن و نەهێشتنی گەندەڵی بە دروشت و گوتاری سیاسی لە مینبەرەكانی راگەیاندنەوە، چونكە لە دەوڵەتێكی وەك عێراقدا پێویستمان بەوەیە دژایەتیكردنی گەندەڵی بگۆڕین بۆ پرسی كۆدەنگی نیشتمانی، ئەوەش دیدێكی رون و ئاشكرا دەخوازێت كە خۆی لە پرۆژەی یاسا و دامەزراوەی كارادا بەرجەستە دەبێت. لە كۆتاییدا عێراق  پێویستی بە دۆزینەوەی ئەزمونێكی تایبەتە بۆ خوڵقاندنی نمونەیەك لە دژایەتیكردنی گەندەڵی كە بگونجێت لەگەڵ شێوازی ئابوری رەیعی ( ئەو ئابورییەی بە تەنها پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت). وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ سەرچاوە: ماڵپەڕی " ئەلحوڕە"


پەیكار عوسمان  ئێمە بەردەوام خۆمان دووبارە ئەکەینەوە، چونکە سود لە مێژوو وەرناگرین، بۆیەش سود لە مێژوو وەرناگرین، چونکە هەمیشە لە دەرەوەی مێژوودا ئەمێنینەوەو قەت ناچینە ناوەوە. 'ناچینە ناوەوە' بەو مانایەی کە پەیوەندی ئێمە بە مێژووەوە بڕیارێکی پێشوەختە یەکلای ئەکاتەوە، نەك دراسەو لێکۆڵینەوەو بیرکردنەوە. مێژوو پاکەتێکە ئێمە یان بە داخراوی ئەیپەرستین، یان بە داخراوی ئەیخەینە تەنەکەی خۆڵەوەکەوە. نایکەینەوە بزانین چی تێدایە بڕیار ئەدەین کە چی تێدایە، سەیری ناوەکەی ناکەین تەسەوری ناوەکەی ئەکەین، ئەمانەش نامانگەیەنن بەوەی کە لە پاکەتەدایە، ئەمانگەیەنن بەو حەزەی کە لە خۆماندایە. بەم پرۆسەیە ناتوانین حەقیقەتێك لە پاکەتەکە بهێنینە دەرەوە، بەڵکو وەهمێكی خۆمانی بۆ ئەبەینە ژوورەوە. ئیتر بەر شتێکی نوێ ناکەوین، بیرێکی کۆن ئەدەین بە شتەکەدا. ئیتر بەهرەمەند نابین لە ناوەڕۆکی شتەکان، بەڵکو سواغیان ئەدەین بە ناوەڕۆکی خۆمان. ئیتر شتەکان جوڵەیەك نادەن بە ئێمە، ئێمە وەستانێك ئەدەین بەوان. ئیتر مەوزوع کۆمان ناکاتەوە نامەوزعیەت دابەشمان ئەکات.. سەیرکە تەجروبەی ١٧ی شوبات، بەرەیەك تەخوین و ناشرینی ئەکاو بەرەیەك بەرزو پیرۆزی ئەکا، ئەم دوو ئاڕاستەیەش هیچی وامان نادەنێ بە کەڵکی ئەمڕۆ بێت، بۆیە خۆمان دووبارە ئەکەینەوەو خەریکە سەرای مەحکەمە بکەینەوە بە سەرای ئازادی! ئاخر سەرای ئازادی بە هەموو جوانییەکانیەوە تەجروبەیەك نیە بۆ دووبارەکردنەوە، چونکە جوڵانەوەیەکی وەستاو بوو، ئێمەش بۆ دەرچوون لەم هەموو چەقبەستنە پێویستمان بە جوڵانەوەیەکی جوڵاوە، کردەیەك کە خۆی وەستاوبێ ناتوانێ هیچ لە دۆخی چەقبەستوو بگۆڕێ! (خۆ باشە سەکۆیەك هەبێ، بەڵام سەکۆیەك بۆ جوڵە نەك بۆ وەستان، ئەم وەستانەبوو پێشتر سەرای کرد بە قەوانێکی سواو.) هیچ هونەری تیانیە کۆمەڵێ پۆلیس بچنە ئەوێ کە ئەسڵەن خۆیان گۆڕانن، ئەمە شتێکی دووبارەیەو پێشتر لە سەرا کرا، هونەر ئەوەیە لە مەحکەمەوە جوڵە بکرێ بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و لەوێ گوڵ بدەن بە هەموو پۆلیسەکان.. ڕۆژێك بۆ ژینگەو دەرچوون بۆ دار ڕواندن. ڕۆژێك بۆ وەرزش و دەرچوون بۆ ماراسۆن. ڕۆژێك بۆ هونەرو دەرچوون بەرەو شوێنێك بۆ شانۆ کاریکاتێر مۆسیقا.. لە هەولێرو شوێنەکانی تریش بە هەمان شێوە. ڕۆژێك پەیمانی شەڕەف بە حیزبەکان ئیمزابکرێ، یەکەم بۆ ناتوندوتیژیی دووەم بۆ کۆتاییهێنان بە موهاتەرات..  ڕۆژانی وەستانیش بکرێتە ڕۆژی جوڵەی عەقڵ، لەبری قسەی حەماسی و هاتوهاوار، موحازەرەو گفتوگۆی فیکری ئەنجامبدرێ. ناڕەزایی مەدەنی ئەبێ ببێتە مەیدانی خستنەوەگەڕی ئینسان، نەك ئیزافەکردنی وەستانێك بۆ ئینسانێکی خۆی وەستاو. ناڕەزایی مەدەنی تەنیا هاتنە دەرەوە نیە، چوونە ماڵەوەشە، ئەسڵەن بایکۆت لە چوونە ژوورەوەدا زیاتر بەرجەستە ئەبێ وەك لە هاتنە سەر جادەدا. هیوام بەردوامی و فراوانبوون و سەرکەوتنە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی بەڵتەجی شاری کرد بە معەسکەر، یان ئەگەر سەکۆکە بووە مەیدانی ئیستهلاکی حیزب و ڕاگەیاندن و کاندید، یان ئەگەر لەبری جوڵە هەستت بە دووبارەبوونەوەو وەستان کرد.. ئەوکات مەچۆرەوە بۆ دەوام، بەڵام مەشچۆرەوە بۆ مەحکەمە، پۆرتی هەموویان بشکێنەو بایکۆتی خۆت ببەرە ماڵەوە! بەوە هەم ناڕەزایی خۆتت درێژەپێداوە، هەم ئاوت کردوە بە توندوتیژی دەسەڵاتدا، هەم میزت کردوە بە هەلپەرستی ئۆپۆزسیۆندا. - هەتا یەك ناڕازی لە هەولێرو دهۆك لەسەر جادەبن، ناڕەزایی سلێمانی و چواردەوری گرنگ و وزەبەخشە. بەڵام 'خوانەخواستە' ئەگەر شتەکە لە هەموو شوێنەکان کۆتایی هات و بەس مەحکەمە مایەوە، ئەویش لەبری جوڵان و چالاکی جۆراوجۆر، خەریکی وەستان و خۆدوبارەکردنەوەبوو، ئەوکات بەزمی بەزم چەنێك وەزعەکەت بۆ ئەگۆڕێ، بەزمی مەحکەمەش هەر ئەونە.


  مەریوان وریا قانع ھەڵقەی یەکەم یەکێک لەو ڕەخنانەی کە زۆرجار گوێمان لێیدەبێت ئەوەیە کە خواستی ناڕەزاییدەربڕین و خۆپیشاندانەکان نابێت کورتببێتەوە بۆ دابینکردنی موچە، نابێت لە سنووری خواستێکی ئابورییدا گیربخوات. ھەندێک زیاتر دەڕۆن و ئەم خواستە بە گەمژەیی گریمانکراویی میلەتی ئێمەوە گرێئەدەن و پێیانوایە ئێمە میلەتێکمان ھەیە ھەر بە پڕکردنی ورگیانەوە سەرقاڵە. ھەندێکی تر چاوەڕوانی ئەوەن ئینسانە سادەکانی کۆمەڵگای ئێمە ببنە ئەفلاتون و ھایدگەر و ژیژێک بۆئەوەی بتوانرێت شتێک لەو کۆمەڵگایەدا بگۆڕێت و ڕووداوێکی قابیلی باسکردنی تیا ڕووبدات. بەبۆچوونی من ھەموو ئەم ڕوانینانە لەسەر تێگەیشتنێکی زۆر ھەڵە بۆ ئەو سیستمە سیاسییەی لەھەرێمدا دروستکراوە، دروستبوون. ئەم سیستمە ھەر ناوێکی لێبنێین ناکرێت ئاکارە سەرەکییەکانی نەبینین کە تایبەتمەندییەکانی ئەم سیستمە دەستنیشاندەکات و لەوانیتری جیادەکاتەوە. خاڵی سەرەکیی لێرەدا ئەوەیە دەسەڵات لە ھەرێمدا دەسەڵاتی نوخبەیەکی سوڵتانییە کە کرۆکەکەی چەند خێزانێکی سیاسییە و ئەندامانی ئەو خێزانە، باوک و دایک و منداڵەکان، بە لۆژیکی دەسەڵاتی ڕەھای سوڵتانەکان، کاردەکەن، یان دەیانەوێت کاربکەن. بەڵام ئەم خێزانە سوڵتانییانە ھاوشێوەی سوڵتانە کۆنەکانی مێژوو نین و ھەموو بەراوردکردنێکیان بەیەکتری ھەڵەیە. ئەم خێزانە تازانە خاوەنی جیھازێکی بیرۆکراسیی گەورەن، لە فۆرمی سوپا و ئاسایش و پۆلیس و دەزگاکانی تری حوکمڕانییدا، ھەروەھا خاوەنی دەزگا ئاساییەکانی تری دەوڵەتن دەزگا ئیدارییەکان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و ھتد... ھاوکات خاوەنی پارتێکی جەماوەری ساسییی مۆدێرنن کە ھەم لەناو گشتێتی جەستەی کۆمەڵایەتیدا ئامادەیە و ھەم چاودێرییەکی بەردەوامی ڕوداوەکانی ناو ئەو جەستەیە دەکات، ئینجا خاوەنی چەندەھا دەزگای میدیایی گەورەیە کە ئەرک و ئامانجی ئەوەیە وێنەیەکی دونیا بەرھەمبھێنێت کە لەگەڵ قازانج و خواستی خێزانە سوڵتانییەکاندا بگونجێت. ئەوەی ئاکاری ئەم ماشێنە بیرۆکراسییە گەورانە دەستنیشاندەکات ئەوەیە کە بەتاڵکراونەتەوە لە بەھا و نرخە ناوەکییەکانی کارکردنی خۆیان و لە شوێنی ئەواندا خواست و ویست و تەماحی خێزانە سوڵتانییەکانیان بەسەردا سەپێنراوە.  بە کورتییەکەی ئەوەی ھەیە تێکەڵبوونێکیی بەرفراوانی ھەندێک دەرکەوتی دەسەڵاتی شەخسیی و تاکەکەسیی و خێزانیی، کاریزمیی و ناکاریزمییە، بە توانای گەورەی دەزگا بیرۆکراسییە مۆدێرنەکان بۆ کۆنترۆڵ و چاودێریکردن و سزادان. ئەرکی ئەم گشتە گەورەیەش ئەوەیە دەسەڵاتێکی پاتریارکیی خێزانیی سوڵتانی بسەپێنێت و بپارێزێت. لەم مۆدێلەدا خێزانە سوڵتانییەکان مامەڵەی دەزگاکانی دەوڵەت و حیزب و جیھازی بیرۆکراسیی و شتەکانی تریش وەک موڵکی شەخسیی و خێزانی دەکەن و بەکاردەھێنن، جگە لە خۆشیان کەسیتر بە شایستەی ئەو خاوەندارێتییە نازانن. ئەرکی سیستمە بیرۆکراسییەکەش ئەوە نییە کە دەسەڵاتی خێزانە سوڵتانییەکان سنوورداربکات و نەھێڵێت دەستبخەنە ناو چۆنیەتی ئیشکردنی دەزگا بیرۆکراسییەکانەوە، واتە خەریکی ئەوەبێت بیرۆکراسیەت وەک بیرۆکراسیەت کاربکات و وەک بیرۆکرسیەت بەرگریی لەخۆی بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، سەرجەمی دەزگا بیرۆرکاسییەکان، لەڕێگای کۆنترۆڵکردنێکی حیزبیی گەورەوە، خراونەتە بەر ڕەحمەت و ویست و خواستیی نوخبە سوڵتانییەکەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم سیستمە سوڵتانییە چۆن و بەچی دەژیی؟ دەرەنجامە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی کامانەن؟ لە بەشی دووھەمەدا وەڵامی ئەم دوو پرسیارە ئەدەمەوە.


 د. ئیسماعیل نامیق هەتا كەی تێناگەن هاوار ودەنگ هەڵبڕینی مامۆستا وپزیشك فەرمانبەرو كۆی هاووڵاتیان تەنها لەپێناو موچە وناندا نیە، راستە ناونیشانی سەرەكی ئەم ناڕەزایەتیانە بێ‌ موچەییە، هەر ئەو بێ‌ موچەییەشە وایكردوە خەڵك خۆی بخاتە بەردەم شەقی بەڵتەجیەكانتانەوە، لەئاست زەبرو زەنگی دەزگا سەركوتكەرەكانتاندا چۆك دانەدا، بەڵام دەبیـَت لەوە تێبگەن كێشەكە تەنها موچە نیە، تا بەبەڵینێكی درۆ چارەسەر بكرێت. بەڵكو جەوهەری ناڕەزایەتیەكان بریتیە لەهاوای خەڵك بۆ دادپەروەری كۆمەڵایەتی، بۆ ئازادی، بۆ ژیانێكی شایستەو پڕ لەكەرامەت. دەبێت باش لەوە تێبگەن هاواری خەڵك ئەوەندەی لەدەست ئێوەیە بۆ لای ئێوە نیە. لە ساڵی 2011 خەڵك كێشەی موچەی نەبو، كاتێك دەنگی ناڕەزایەتی لەدەست بێدادی ئێوە بەرز كردەوە، دژ بەحوكمڕانی خراپ ونادروستی ئێوە راوەستا، ئێوە ئەوكاتیش تێنەگەیشتن یان نەتانویست تێبگەن، بۆیە مەبەستی ناڕەزایەتیەكانتان بەلاڕێدا برد ولەچەند داوایەكی روكەشی پوچی مادیدا قەتیستان كردو كەچی ئەوانەشتان جێ‌ بەجێ‌ نەكرد. كەی تێئەگەن چیتر خەڵك ئومێدی بەئێوە نەماوە، كە تاوەكو ئێستاش وەكو ئێوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكردون، هۆكارەكەی هەستكردن بوە بەبەرپرسیارێتی نیشتمانی، لەپەرۆشی وخەمی خۆی بوە بۆ ئەو خەونەی سەد ساڵە هەمو كوردێكی لەبەیانیاندا راچەڵەكاندوەو بەخەبەر هێناوە. هاوڵاتی بۆیە تا ئێستا هەمو شتێكی لێ‌ قبوڵكردون چونكە چاوی لەو تروسكایە ئومێدە بو كە ئێوە لە25/ 9 / 2017 خامۆشتانكرد.      بۆیە چاوەڕێی ئەوە مەكەن كاتی دیكەتان پێ‌ بدرێت، كات درەنگە زوو نیە، پێویستە ئیتر تێبگەن وبڕیار بدەن، ئایا ملكەچ ئەبن بۆ ئامراز ورێگە دیموكراسیەكان و رێز لەویستی گەل دەگرن وبەرێزەوە دەسەڵات رادەست دەكەن؟ تا گەل كەسانێكی لەئێوە باشتر وشایستەتر رابسپێرێت بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات، لەهەمان كاتدا پشو وفرسەتێكیش بێت بۆ ئێوە بەمەبەستی بەخۆداچونەوەو خۆباشكردن بۆ ئەوەی  لەئایندەدا چانسی ترتان پێ‌ بدرێتەوە. یان وەكو رەندولی بێفەڕ لەخوڵك وخولی خۆتان بەردەوام دەبن، ئەوكاتیش خەڵك بەبێزاری وبێزراویەوە توڕتان ئەداتە كەنارەوە وقەدەغەشتان لەسەر دائەنێت، وە نابێت چاوەڕێی هیچ رێزێكیش بن بۆتان دەرببڕدرێت. لەكۆتاییدا پێویستە باش ئەو راستیە بزانن، مامۆستا وپزیشك وفەرمانبەر وكۆی خۆپیشاندەران زۆر لەوە وشیارترن بەهەڕەشەیەكی نابەجێی ئێوە چەقۆو دەمانچە هەڵبگرن، خۆئەگەر كار گەیشتە ئەوەی چەقۆو دەمانچە هەڵبگرن، ئەوا ئەو چەقۆو دەمانچانەی ئێوە شانازی پێوە ئەكەن وخەڵكی پێ‌ ئەترسێنن، یەكەم كەس روبەڕوی گەردن وملی خۆتان ئەبێتەوە، ئەی نابینن ئەوانەی چەقۆو دەمانچەكانیان بۆ هەڵگرتون، راستە بەناچاری روی چەقۆو دەمانچەكانیان كردۆتە خەڵك، بەڵام حسابێكیش بۆ ئەوە بكەن ئەوان پشتیان لەئێوەیە ورویان لەخەڵكە، رەنگە لەهەر چركە وساتێكدا ئەمانیش خۆیان وچەقۆو دەمانچەكانیان بێنە ناو خەڵك وببنە موڵكی خەڵك، ئەوسا ئێوە پشتتان ئەشكێ‌ وروتان رەش ئەبێ‌.      


کارا فاتیح نزیکەی ٢٧ساڵە بە هۆی معادەلەیەکی نێودەوڵەتی و لە بەرژەوەندیی زلهێزانی دونیا قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست کراوە، کە هەر زوو لە ژێر پەردەی هەڵبژاردنێکی گاڵتەجاڕانەدا، کرا بە خاوەنی پەرلەمان و حکوومەت، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەکتەر و بەرپرسانی ئەم حکوومەت و ئەنجوومەنی تاڵانچییانە، وایان لە خەڵک دەگەیاند و بە زۆر دەیانخستە مێشکی هەموانەوە، کە ئەو حکوومەتە خەونی لە مێژینەی کوردە و ڕووبارێک قوربانی و خوێنی بۆ دراوە، ئەوەیش ئەگەر شتێک لە ڕاستیی تێدا بێت، ئەوا شتێکی تریان وەک حەقیقەتێکی ڕەها لە ناخی هەموو تاکێکدا دەچەسپاند، گوایە دەوڵەتانی داگیرکەری کورد، بە تایبەت ئێران و تورکیا دژی ئەم ئەزموونەن و نایانەوێ کورد خاوەنی هیچ شتێک بێت، لە هەر دوو بانگەشەکەدا خۆیان و خەڵکیان بە تەواوکەری یەک دادەنا و بۆ چەواشەکاری ئەو قەناعەتەیان دەچەسپاند، گوایە ئەمە حکوومەت و پەرلەمانی خەڵکە. ئەمانە کە سەرەتا بە تاڵانی و فەرهوود و ئاودیوکردنی کەلوپەلی ئەم وڵاتە دەستیان پێ کرد و پاشان بە ژنکوژ خۆیان ناساند، دواتر شەڕەپەڕۆ و شەڕی ناوخۆیان کرد بە قەدەری ئەم خەڵکە، لە کوشتن و دەرکردن و دەستدرێژیکردن و ئاوارەکردنی خەڵک ژمارەی پێوانەیییان تۆمار کرد، سەرەڕای دوو زۆنی و حکومی دوو بنەماڵەیی و دوو ئیدارەیی لە هەموو بستێکی ئەم وڵاتەدا، کەوتنە تاڵانکردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی و دەرەنجام بە دۆخێک گەییشتین سەرەتاییترن سیمای ژیانی شارستانی کە خوێندن و تەندروستییە لەم وڵاتەدا لە ژێر سایەی ئەم حکوومەت و پەرلەمانەدا تەفروتوونا بوو، هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ و ژیان لە سایەیاندا نەما، کەچی ناوبەناو گوێمان لەوە دەبێت، کە دەبێت سەرەڕای ئەو ئەزموونە تاڵە بێهاوتا و نموونەیە لە مێژوودا، قەوارەی هەرێم و حکوومەت بپارێزرێت و هەر وەک دەستکەوتێک چاوی لێ بکرێت... پێویستە لە سەر ئەو قسانەی سەرەوە ئەم پرسیارانە بکرێت: 1- لە چ زەمەنێکی مێژوو و لە ژێر سایەی کامە حکوم و لە چ سەردەمێکدا کەرتی خوێندن و تەندروستی و هەموو جووڵە و کار و کاسپیی خەڵک بەو شێوەیە پەکی کەوتوە؟ 2- لە چ زەمەنێکی مێژوو و لە ژێر سایەی کامە حکوم و لە چ سەردەمێکدا دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بە تایبەت ئێران و تورکیا وەک ئێستا توانیویانە سیاسەت و پیلان و خەونی خۆیان لەو ناوچەیەی کە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان ناو دەبرێت، جێبەجێ بکەن؟ 3- لە چ زەمەنێکی مێژوو و لە ژێر سایەی کامە حکوم و لە چ سەردەمێکدا مرۆڤی کوردی ناو ئەم چوارچێوەیە هێندەی ئێستا هەستی بە بێبەهایی، بێ هیوایی و داڕمانی خەون و ئومێد کردوە؟ دوای وەڵامی ئەم سێ پرسیارە، ئاسانە ئەو دوو موتڵەقەی سەرەوە وەک چەواشەکارییەکی ٢٧ ساڵە ناو بەرین، کە خەڵکی ئەم هەرێمەی پێ لە خشتە دەبرێت و بە هۆیەوە هەموو ستەم و نادادپەروەرییەک لە سەری تاقی دەکرێتەوە، کەواتە: 1- ڕاست نییە داگیرکەرانی کورد بە تایبەت تورکیا و ئێران دوژمنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بن، چونکە وەک گوتمان لە هیچ سەردەمێک هێندەی ئێستا نەیانتوانیوە سیاسەت و خەونەکانیان لەم شوێنەی پێی دەڵێن هەرێمی کوردستان بهێننە دی، بەدڵنیایی دەیانەوێت ئەم قەوارەیە هەر بمێنێ، بۆ ئەوەی هەر تێیدا دەست ئاوەڵا بن و نایانەوێ دەسەڵاتی حکومی ناوەندیی بۆ بگەڕێتەوە. 2- ئەوە بە واقیعی و پراکتیکی بینرا کە قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەوە نەبوە، یان ئەگەر ئەوەیش بێت ئەوەی نەدەهێنا ڕووبارێک خوێن و قوربانیی بۆ بدرێت و خەونی کورد بێت، چونکە وا دەبینین خۆی هەموو خەونەکانی تاکی کورد هەڵ دەتەکێنێت... ئەوەی گرینگە لەم شیکارییە ئاسانە هەڵبگیرێتەوە، ئەوەیە: 1- لە کاتی هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایییەک دژ بەو دەسەڵاتە ملهوڕ و گەندەڵ و نادادپەروەرەی ئەو ڕۆژە ڕەشەی کردوەتە چارەنووسی خەڵک، پێویستە ئەو وەهمە وەلا بنرێت، گوایە بە کەوتنی قەوارەی هەرێم دڵی داگیرکەرانی کورد خۆش دەبێت و خەونی ئەوان دێتە دی، نەخێر بەپێچەوانەوە ئەوان دەیانەوێت ئەم قەوارەیە بەم حکومڕانانەیەوە تا ئەبەد بمێنێ، بۆ ئەوەی چۆنیان پێ خۆش بێت وا بە کاری بهێنن، کە ئەمەیان هیچ کاتێک بۆ نەکراوە. 2- بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان تەنانەت دژ بە خەونی نەتەوەییی کوردیشە، چونکە: ‌أ- ئەم قەوارەیە نزیکە ٢٧ ساڵە تەنها تەعبیر لە کەمتر لە نیوەی خاکی کوردستان لە دەوڵەتی عێراقدا دەکات، حکومڕانانی ٢٧ ساڵی هەرێم نە بە سیاسەت و دیبلۆماسیەت، نە بە هێز و شەڕ، نە بە یاسا و دەستوور، نەیانتوانیوە ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەیش مەترسیی تەعریب و سڕینەوەی یەکجارییان لە نەخشەی کوردستان لە سەر زیاد دەکات، بوونی قەوارەیەک بە ناوی هەرێمی کوردستان ئومێدی گەڕانەوەی ئەم ناوچانە نادات، بەڵکوو دابڕینی یەکجارییان مسۆگەر دەکات، بۆیە لە حاڵەتی وادا، کەوتنی قەوارەی هەرێم و بە ناچاری گەڕانەوەی ئەو نیوەیە بۆ لای نیوە دابڕاوەکەی، خەباتێکی واقیعیتر دژ بە ستەمی میللی و تەعریب و سڕینەوە دەستەبەر دەکات و ڕیزەکانی تێکۆشان و هاوپشتی پتەوتر دەکات. ب- بە واقیعی و پراکتیکی قەوارەی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی نەک پتەو تەنانەت لەرزۆکی نەتەوەیییش نییە، لە زێڕینترین و گەشاوەترین و بەهێزترین ساتی ئەم ٢٧ساڵەیدا هەر بریتی بوە لە دوو ئیدارە و حکومی دوو بنەماڵە و دۆخی دوو ئەمارەتی بە سەریدا زاڵ بوە و گۆڕستانی خەونی نەتەوەیییش بوە. 3- ئەگەری نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەڵەیە وا تەفسیر بکرێت گوایە کوژاندنەوەی دوا ئومێدی تاکی کوردە و وەک تیاچوون وێنا بکرێت، بەڵکوو ئەم هەرێمە ئەگەر وەک بالةخانە بچوێنرێت کە بەهای مرۆڤ و ئەخلاق و هونەر و زانست و توانایییە مەعنەوییەکانی سفر و ژێر سفر بێت، بۆیە ڕووخاندنی ڕەنگە ئومێدبەخش بێت تا کارەسات، چونکە هاتنەوە سەر خاڵی سفر، سفر بۆ دامەزراندنی بنەمایەکی بەهێز، زۆر باشترە لە باڵەخانەیەکی لار کە بنەمای فشۆڵی هەبێت و نەتوانیت و کاری نەکردە بێت ڕاست بکرێتەوە و نەزانیت دەست بۆ کوێی بەریت تا چاکی بکەیت... کەواتە پرسیاری ناونیشان دەکەینەوە: كێن ئەوانەی کەوتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە مەترسی دەزانن؟ وەڵام: هەر کەس دەبێت با ببێت، گرینگ ئەوەیە ئێمە بە مەترسیی نەزانین و مەزاییدەی ئەو پەرلەمانتارانەی بەغدایش لامان پولێکی قەڵب بێت، کە دەڵێن شەڕی مانەوەی قەوارەی هەرێم دەکەین..


لەتیف شێخ مستەفا  زۆرێک لە دەنگدەری ناڕازی جۆرێک لە بێھودەییان پێوە دیارە و دەڵێن بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتوو ناکەین، چونکە ھیچ لە مەوزوعەکە ناگۆڕێت ، بەڵام ئەگەر تۆ نەچیت بۆ ھەڵبژاردن کێ قازانج دەکات ؟ ئەگەر بۆ نمونە پارێزگای سلێمانی وەربگرین سلێمانی نزیکەی ملێۆنێک و کسور دەنگدەری ھەیە،١٨ کورسی لە پەرلەمانی عێراق ھەیە ھەر ملێۆنو کسورەکە بچن بۆ دەنگدان یان تەنھا ١٠٠ ھەزار بچن ١٨ کورسیەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ سلێمانی مسۆگەرە ، بەڵام ئەگەر تۆی ناڕازی نەچیت ئەوا دەنگی حیزبەکانی دەسەڵات زیاد دەکەیت و بەھێزیان دەکەیتەوەو شەرعیەتیان بۆ دەگێڕیتەوە بۆ نمونە لە سلێمانی پارتی وەردەگرین بەو پێیەی حیزبێکە دیسپلین و مەرکەزیەتی زۆرەو لە ھیچ دۆخێکدا نایەڵێت دەنگدەرانی لەدەنگدان دوا بکەون یان بەشداری نەکەن ، پارتی لە سلێمانی نزیکەی ١٠٠ ھەزار دەنگدەری ھەیە ئەگەر ملێۆنەکە یان شتێک کەمتر بەشدار بن پارتی ٢ کورسی لە سلێمانی دەھێنێت بە گوێرەی ڕێژەی ١٠٠ ھەزارەکەی خۆی .  بەڵام ئەگەر نیوەی دەنگدەرانی سلێمانی بەشداری بکەن کورسی پارتی بەرز دەبێتەوە بۆ ٤ کورسی ، ئەگەر ٢٥٠ ھەزار کەس بەشدار بن ڕێژەی کورسیەکانی پارتی دەبن بە ٨ واتە نزیکەی نیوەی کورسیەکانی سلێمانی . چونکە دیاری کردنی ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ بەدەست ھێنانی یەک کورسی بە دابەش کردنی کۆی دەنگی ڕاستی دراو لە پارێزگایەک لەسە ژمارەی کورسیەکانی ئەو پارێزگایە دەبێت ، بۆیە ئەگەر ملێۆن دەنگدەرەکە بەشداری بکات دابەشی ١٨ دەکرێت ئەو کات ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ یەک کورسی دەگاتە نزیکەی ٤٥ بۆ ٥٠ ھەزار دەنگ واتە لیستی پارتی کە خاوەنی نزیکەی ١٠٠ ھەزار دەنگەو بەگریمانەی ئەوەی کە ھەمویان بەشدار دەبن دەکاتە ٢ کورسی بەڵام ئەگەر ڕێژەی بەشداری دەنگدەارن کەم بێتەوە ئەو کات نرخی دەنگی کورسیش کەم دەبێتەوە ، بۆ نمونە ئەگەر ٥٠٠ ھەزا بەشدار بن ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ کورسیەک دادەبەزێ بۆ ٢٥ ھەزار کەواتە ١٠٠ دەنگەکەێ پارتی دەکاتە ٤ کورسی ، بەم شێوەیە تا ڕێژەی بەشداری کەم بێت نرخی کورسی یان ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ یەک کورسی کەمتر دەبێتەوە . دیارە بۆ یەکێتی پێشبینیکردن کارێکی قورسە چونکە جگە لەوەی کە خۆی وەک حیزب حاڵی زۆر خراپەو حەسودی پێ نابرێت ، پلانێکیش ھەیە دەنگەکانی ببرێن بۆ لیستێکی تر  بۆیە ئەگەر نەچیت بۆ دەنگدان بەدەستی خۆت و بەشێوەیەکی یاسایی و بێ ئەوەی تەنانەت پەناش بەرێتە بەر تەزویر و فشار ئەو دەسەڵاتە بەھێز دەکەیتەوە وڕەگەکانی پتەو دەکەیتەوە کە جەندین ساڵە تۆ ھەوڵ دەدەیت سزای بدەیت و لاوازی بکەیت بەمەبەستی گۆڕینی و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات ، ئەوەش بزانە کە ئەوانەی دەڵێن لە کوردستان دەسەڵات بە ھەڵبژاردن ناگۆڕێت ، بە زانین بێت یان نەزانین کەوتونەتە داوی پڕوپاگەندەکانی دەسەڵات ، ھیچ گۆڕانکاریەکیش لە ھیچ سیستەمێک یان دەسەڵاتێک لە دنیابە ھەڵبژاردنێک یان دوان و تەنانەت سیانیش نەکراوە ، بۆیە دەبێ پشو درێژ بین و کۆڵ نەدەین


مەریوان وریا قانع  بۆ ڕۆژی سێھەم خەڵکی توڕە و بێزاری شاری ھەولێر لەسەر شەقامە گەمارۆدراوەکانی شارەکەیانن. دەچنە ئەو گۆڕەپانانەوە کە بە ژمارەیەکی زۆر لە ھێزی سەربازیی و چەکداری مەدەنیی تەنراون. ھەولێری ژێر دەسەڵاتی پارتی یەکێکە لە شارە پڕ لە شەقاوە و بەڵتەجییە گەورەکانی دونیا، پڕە لەو مرۆڤە ڕۆبۆتیانەی کە حیزب و بنەماڵە چەند دەیەیەکە گەورەیان دەکەن بۆئەوەی وەک کۆیلەیەکی تۆتاڵ بۆ خێزانە سیاسییە باڵادەستەکان و بۆ وەلی ئەمرە سیاسییە ڕاستەوخۆکانیان ھەڵسوکەوتبکەن، ئامادەبن بە ئەمری ئەوان شەق لە ھەموو شتێک ھەڵبدەن، لە شەقھەڵدان لە کۆمەڵگا وەک گشتێی گەورەوە بیگرە و بۆ شەقھەڵدان لە تاک بەتاکی ژنان و گەنجان و پیران، بەتێپەڕین بەناو شەقھەڵدان لە ھەموو بەھایەکی مرۆیی و ئەخلاقیدا. پارتی لەشکرێک لە بەڵتەجیی بەدئەخلاقی لەناو ژیانی گشتیی ئەو کۆمەڵگایەدا چاندوە.  مۆدێلی ئەم حیزبە لە حوکمڕانیکردندا یەکێکە لە مۆدێلە ھەرە ناشیرین و خراپەکانی ناوچەکە. بنەماکانی ئەم دەسەڵاتە سێ کۆڵەکەی سەرەکیی ھەیە: یەکەم، ھاریکارییەکی پڕ شەرمیی دەرەکیی، لە ٣١ ئابەوە بۆ ئامادەگیی گەورەی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئەم ھێزەدا. دووھەم، تەزویرکردنێکی گەورە و سیستماتیک لە ھەڵبژاردنەکاندا. سێھەم، دەستگرتن بەسەر داھاتی نیشتیمانیدا و خراپبەکارھێنانێکی کەم نموونەی ئەم داھاتە بۆ مەبەستی شەخسیی و خێزانیی و حیزبی. دروستکردنی چەندان دەزگای سەربازیی و ئەمنیی و میدیایی گەورە بەو پارەیە و بەکارھێنانیان بەپێی خواست و ویست و تەماحی دەسەڵتدارانی ناو ئەو پارتە. لەزۆر ڕووەوە ئەم ھێزە بەلۆژیکی ڕژێمەکەی سەدام حسێن و دەسەڵاتی خێزانە تکریتییەکان حوکمڕانیدەکات. ترس و تۆقاندن، کڕین و ئیغراکردن، ڕاونان و بزرکردن، تێکەڵ بە بەکارھێنانێکی سیستماتیکی تودنوتیژیی، ئامرازە سەرەکییەکانی حوکمڕانیی ئەم ھێزەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا.  ئەم ھێزە بەم ئاکار و لۆژیکەوە کۆمەڵگای ئێمە لە کارەساتێکەوە بۆ کارەساتێکی دیکە دەبات. ئابوریی وڵاتەکەی وێران کردوە، پێگەی ناوخۆیی و ئیقلیمی ھەرێمی وێران کردوە، دەزگا ناوەکییەکانی حوکمڕانیی وێران کردوە، پەیوەندیی نێوان ھێزە سیاسییەکانی وێرانکردوە، ھاودیدی و ھاوخەمی نێوان شارەکانی کوردستانی وێرانکردوە. ئەم ھێزە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا حاکمی موتڵەقی کوردستان بووە و ھەموو ھێزەکانی تری ئەم ھەرێمە ھێزی پلە دو و پلە سێ و چروک و بچووکی بەردەمی ئەوبوون. بکەری سەرەکیی، بکەری ھەرە سەرەکیی، ناو کارەساتە ئابورییەکان و کارەساتە سیاسییەکان و کارەساتە ناوخۆییەکان ئەم ھێزەیە. بێگومان ھێزەکانی تری ناو کایەی سیاسیی کوردیی بێبەش نین لە تاوانەکان و کارەساتەکان، بەڵام ھیچیان تاوانباری ژمارە یەک و ژمارە دوو و ژمارە سێش نین. لە پازدە ساڵی ڕابردوودا پارتی ھەموویانی کردوە بە بەشێک لە دیکۆرێکی سیاسیی کە خۆی ئەندازیارە سەرەکییەکەی بوو. ئەوەی لەھەولێر و دھۆکدا ڕووئەدات تەحەداکردنێکی ئاشکرا و بەرچاوی ئەم ھێزەیە کە ھەموو تواناکانی بۆئەوە تەرخانکردوە کەس نەتوانێت تەحەدای بکات.


ئاراس فەتاح لەدوای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دوێنێی شارەکانی ھەرێم و کەرکوک و ئەو کەرامەتشکاندن و توندوتیژییەی دژ بە مامۆستایانی ژن و پیاوی ھەولێر و دھۆک کرا، دەبێت ھەموو ئەو ڕاستییەمان بۆ دواجار لەلا ڕوونبێت کە ئەم سیستەمە کرۆکخێزانییەی ھەرێمی کوردستان قابیلی ریفۆرم نییە. تاوەکو دەزگای پەرلەمانتارییش لەژێر سیناریۆ و دەرھێنانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەدا بمێنێتەوە، ھیچ مانایەکی سیاسیی بۆ خەباتی پەرلەمانیی نامێنێتەوە. ئەرکی پلە یەکی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەموو ھێزە سیاسییەکان و سیاسەتمەدارەکانی دەرەوەی خێزانە حوکمڕانەکانە کە لەمڕۆوە دەستبەرداری تەعزییەی سیاسیی و باوێشکی سیاسیی و پۆپۆلیزمی سیاسیی و ماراسۆنی بانگەشەی ھەڵبژاردن بن. پێویستە بۆیەکەمینجار نەک تەنھا چالاکانە بەشداربن لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیی وسیاسییەکانی وڵاتەکەیان کە بە گوتارەکانیان لە میدیاکانیانەوە پشتیوانییان دەکەن، بەڵکو دەبێت دیدگایەکی سەرووی بەرژەوەندیی حیزبیی و نێرجسییەتی سیاسیی بۆ دواڕۆژی ئەم ھەرێمە گەڵاڵەبکەن. سەردان و بەسەرکردنەوەی خۆپیشاندەران ھیچ بەھایەکی سیاسیی و واقیعیی نییە گەر تەنھا قەرزێکی ئەخلاقیی و خۆنماییشکردنێکی ڕەمزیی ئەم سەرۆک و ئەو ئەندام پەرلەمان و فڵان کاندیدی داھاتووی ھەڵبژاردنەکان بێت، بەڵکو دەبێت وێنەکە گەورەتر ببینرێت و بیری عەقلانیی لە دروستکردنی دەرچەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بۆ ئەم ھەرێمە بکرێتەوە. خێوەتی خۆپیشاندەران خێوەتی پرسەی کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکو دەبێت بکرێت بە خێوەتێکی سیاسیی فاتیحەخوێندن بۆ ئەم دەسەڵاتە. کوردستانی دوای ریفراندۆم پێویستی بەوە نییە مەینەتی خەڵک بکرێت بە کەرەسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن و وەھم و خەونی عەوامفەریبیی ئەوەیان لادروستبکەن گەر دەنگ بە فڵان ھێز بدەن، ئیتر ئەوان لە ھەموو زوڵمێک ڕزگاریان دەبێت. بەڵکو دەبێت بە قووڵیی و بەرپرسانە بیر لە پەیوەندیی کۆمەڵگای ئێمە بە دەسەڵاتی خۆی و بە بەغداوە بکرێتەوە و پێکڕا ڕێگە لەوەبگرن کە چیدی ئاساییشی کۆمەڵایەتیی و نیشتیمانییمان لەوە زیاتر وێراننەکرێت کە ئەم دوو حیزبە لەماوەی ئەم نیوسەدەیەدا بەسەر ھەرێمدا ھێناویانە. بۆئەوەی خەڵکی مەدەنیی ئێمە جارێکی تر بەرامبەر بەم دەسەڵاتە ستۆک و شەڕانگیزە تەنھانەخرێت و ھەرکەس و لایەنە شۆربای سیاسیی خۆی لە ناڕەزایەتییەکانیاندا نەکوڵێنێت، دەبێت ھەمووان پێکڕا پەیامێکی ڕوون و جەریئانە بە کاربەدەستە بێئیشەکانی دەسەڵات بدەن کە چیدی بێنرخ تەماشاکردنی داواکانی خۆپیشاندەرانی ئەم ھەرێمە و شکاندنی بەردەوامی کەرامەتی ئینسانی ئێمە ھێڵی سوورە و دەبێت مافەکانی پارێزراوبێت و رێگەنەدرێت بەڵتەجییەکانی دەسەڵات بکەونە گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و پزیشکان و خەڵکی ناڕازیی و بە ئارەزووی خۆیان ئەشکەنجەیان بدەن و کەرامەتی ئینسانییان لەوە زیاتر بشکێنن کە تاوەکو ئەمڕۆ بەرامبەریان کراوە. ئەرکی ئەخلاقیی و سیاسیی ھەمووانە پێکڕا لە بەرەیەکدا ڕێگریی لەوەبکەن کە جەنگی پڕوکێنەری دەستەویەخە لەنێوان خەڵکی مەدەنیی و مۆب و شەقاوەکانی دەسەڵاتدا دروستنەبێت و بە دیزاینەرەکانی ئیفلاسی سیاسیی و موفلیسە ئابوورییەکانی رژێمەکەی ھەولێر بڵێن کاتی ئێوە تەواو بوو، چونکە ئاشکرایە ئەمجۆرە دەسەڵاتدارانە لە کۆتایی تەمەنی شەرعییەتی سیاسییاندا تەنھا ھێزێکی دڵسۆز کە لەدەوریان دەمێنێتەوە بۆ بەرگریی لێکردنیان، بەڵتەجییەکانیانە.


 سەردار قادر  ‎لە هە رێمی كوردستان هاوڵاتی لە داواكارییەكانی ژیانی چی بۆ هاتۆتە دی ؟ هاوڵاتی چی ئەوێت؟ ژیانێك كە هە ست بە ئە مین و ئومان بكات، ترسی وەیشوومەی شەڕی نەبێت ، دڵەڕاوكێی نەبێت ، ترسی لە ڕەو و ئا وارەبوونی نەبێت ..لە كولتوور و زهنیە تی تاكی كورددا گەر جاران ساڵی لافاوەكە هەبووبێت ئەوە ئێستا ساڵی ڕەوەكە و ئاوارە بوونەكە بوەتە یادەوەری گشتی ....شەڕ هەمیشە بوونی هەیە  جا شەڕی داگیركەران بێت یان شەڕی براكان بێت، لەم باشوورەدا لە سەرەتاوە شەڕی نێوان براكان زەمەنەكەی زۆر زیاترە لە زەمەنی شەڕ دژی داگیركەران ، جاران ئە وترا لە سەر چەكەكانمان نوسراوە بەكارهێنانی بۆ شەڕی نێوان براكانە ! ‎هاوڵاتی خزمەتگوزای گشتی ئەوێت ، كارەبا و ئاو و ڕێگەوبانی ئەوێت، لەم هەرێمەی ئێمەدا دەسەڵاتی كوردی خزمەتگوزاری گشتی نەبوەتە خەمی ، خەمی حیزب گەورەترە لەلایان، خەمی سەركردەی یەكەم گەورەترە لە خەمی نەبوونی ئاوی خواردنەوەی كۆمەڵگەی شۆڕش، ‎كارەبا بوەتە میوانێك كە غەریبی ئەكەین ، ‎كام لە خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست بوونیان هەیە، ‎هاوڵاتی لەم هەرێمەدا ئەیەوێت كەرامەتی پارێزراو بێت، لەسەر رەنگ و ناوچە و شار مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت، هاوڵاتی بژێوی خۆی ئەوێت ، بەرامبەر ئەو كارەی ئەیكات مووچەی خۆی ئەوێت، قوربانی بۆ هاوڵاتی بێت بۆ قەیرانێك كە دەسەڵات دروستیكردووە؟ ‎سەرۆكی ماوەبەسەرچوو دێت میللەتێك توشی قەیرانێك ئەكات ، كە سەراپای ژیانی تاكەكانی تێكئەدات ، سەرئەنجامیش قوربانیەكە ئەبێت هاوڵاتیان بیدەن ؟ ‎هاوڵاتی ئازادییە سەرەتاییەكانی ئەوێت، مافی مانگرتن و خۆپیشاندانی هەبێت بە تێكدەر و تابووری پێنج سەیرنەكرێت ! ‎تاكی كورد ئەیەوێت زەوی و خاكەكەی پارێزراوبێت، بە هەڵەی سەركردەی یەكەم لەناونەچێت، بە ناكۆكی حیزبەكان و بەرژەوەندی جیاواز لەناونەچێت، ئەو خاكە بە قوربانی گەورە پارێزاوە، ‎تاكی كورد ئەیەوێت سامانی سروشتی وڵاتەكەی ببێتە خۆشگوزەرانی بۆی نەك ببێتە دەردەسەری بۆی، تاڵان نەكرێت، نەدزرێت، خەڵكانێك وەك پاشا بژین و زۆرینەیەك لە هەژار هەژار تر بژین، ‎تاكی كورد ئاسمانەكەی رەحمەت بێت بۆی نەك لە ئاسمانیشەوە سزا بدریت ! ‎هاوڵاتی پێشمەرگە بووە، مووچەخۆر بووە بەڵام لە قۆناغیكدا سەری بەرزیان بۆ مووچە دانەواندبوو، بەرگەی ئەنفالیان گرت، ‎دەسەڵات ئێستا لە داواكاری هاوڵاتی تێ ناگات یان نایەوێت تێ بگات، گەر داواكاریت هەبێت ئەوا جارێ سەیرت ئەكەن ئایا تۆ سەر بە چ حیزبێكی؟ ئەی خەڵكی چ شارێكی؟ كام تەكەتولی؟ ئیتر ناوەرۆكی داواكاری ون ئەكەن ! ‎هاوڵاتی هەیەتی و نیەتی دەنگەكەیەتی؟ ‎ئەوەش گەر تەزویر بهێڵێت ‎گەر مردووەكان نەیەنەوە كاتی هەڵبژاردن ‎ئەمە حاڵمانە لە هەرێم، ‎بەغدا بۆ ئێمە چیە ؟ ‎بۆ ستوونی داهاتوو.


ئاسۆ جەبار بەر لە ١١ سێپتەمبەر واتە بەر لە هێرشە ترسناكە جیهانهەژێنەكەی سەر تاوەرەكانی نیۆرك و ئەمریكا هەندێك لەبیرمەندانی ئەمریكی باسیان لە ئایدۆلۆژیاییەكی نوێ دەكرد كە توانستی رەنگڕێژكردن و بەرجەستكردنی گۆڕانكارییە جیهانییەكانی هەبێت، یان بە ئەندازەیەك توانستی كاریگەریی و هەژمونگەری هەبێت پاش داروخانی ئایدۆلۆژیای ماركسیزم و برەوی جەبەرووتی لیبرالیزمی خۆرئاوایی و سەمایەداریی بازاڕ و كۆمپانیا گەورەكان. بەڵام هەر دوابەدوای ١١ ی سێپتەمبەر ئەم روانین و دنیابینییە نەك هەر دەنگی نەما بەڵكە بە ئەندازەیەك قڵپ بۆوە كە تا ئەوڕۆكە لەدوای ئەو كارەساتەوە تێكڕای دنیابینی و راڤەكارییەكان بۆ دنیا و دابەشكارییە سادەوساكارەكانی وەك جیهانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا، لیبرالیزم و نیولیبرالیزم و جیهانی سێیەم و تادوایی كەوتنە بەردەم گومان و ژێر پرسیاری گەورەوە. وەهمی جیهانێكی پڕ ئاشتی دواجار دوایەمین راچەڵكین؛ راچڵەكینی داعش و تیرۆریزمی جیهانی بوو لەفۆرمێكی جیاواز و كارەسەتئامێزی ترسناكدا...  بەڵام جان بۆدریار دوابەدوای ١١ ی سێپتەمبەر لە نوسینێكدا لە لۆمۆنددا دەڵێت "كردەوە خۆكوژییە تیرۆریستییەكان تێرۆریزمی ھەژارەكان بوو، بەڵام ئەم تێرۆرە تێرۆری دەوڵەمەندەكانە. كە ئەمە زۆر بە تایبەتی دەمانترسێنێت؛ لەبەرئەوەی دەوڵەمەندبوون و خاوەنی چەندین شێواز و كەرەستەن، و دەستبەرداری وێرانكردنمان نابن." ئایا دەتوانین لەڕێی كەرەستە و راڤەكارییە كۆنەكانمانەوە راڤەو شیكاریی بۆ جیھاد و ئەو گەنجینە ئاینی و سەلەفی و وەحشیگەریی و یۆتۆپیا زەبەلاحەكان بكەین؟  یان ئەو گاڵتەجارییە دەمانخاتە نێو مەتاھەیەكی گەورەی گەمژەییەوە بۆ تێنەگەشتن لە سیحری ئەو پەلھاوێشتنە زەبەلاحانەی جیھاد لەوپەڕی رۆژھەڵاتەوە تا ئەوپەڕی رۆژئاواو قوڵایی پایتەختە رۆمانسییەكانی دنیا؟ ئایا رووداوە كوشندەكەی پاریس بچوكتریت روداوە بەڵام لەدەنگداوەنەوەیەكی گەورەدا یان شۆكێكی گەورەو شەپازڵەیەكی گەورەبوو بۆ زرگانەوەی گوێی ئەوروپا ؟ ئایا روودانی كوشتنی ئەو پۆلە رۆژنامەنوس و كاریكاتێریستە لەپاریس تەنھا كردەیەكی تیرۆریستانە بوو وەك سەرلەبەری ئەو كردەوە وەحشیگەر و ھەمەجیانەی تیرۆری ئیسلامی جیھادی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھاندا، یان شكاندنی ئەو خەیاڵ و یۆتۆپیا گەورەیە بوو كە لەدەوری خۆرئاوا وەك شەبەنگێكی فەلەسەفی و فیكریی و ھونەری و شارستانی بۆ ئازادییەكانی مرۆڤ دەدرەوشایەوە؟    ئەوەی ئەورۆكە راماندەگرێت لەبەردەم دنیای مۆدێرن و مێژووەیەكی دێرینی ئازادی و شەڕو مشتمومڕی گەورەی فەلسەفی و فیكریی و شارستانی ئەوروپا و جیھان، پێكڕا قوڵبوونەوە لە بناغە ھەرە بنچینەییەكانی ئاین لەدەوڵت و ئاینی لە فەزای گشتی، ئاین لەفەسەفە، ئاین لە ھونەر و ئەدەب و كولتور و فەرھەنگی شارستانی و سەرەنجام قوڵبوونەوەی گاڵتەجاریی تا سنوری ئەو شۆكە گەورەیەی كە ئەوروپای گەورە ئیمپراتۆریەتی ئازادییەكانی مرۆڤ و قبوڵكردنی جیاوازییەكان و ئاشتیخواز كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و كاریكاتێریستی لە پاریس بەدەستی رەشی جیھادییەكانی خودی فەرەنسا دەكوژرێن و هاوكات چەندین كردەوەی تیرۆریستی ترسناكتر وڵاتانی ئەوروپا دەهەژەێنێت. تیرۆر ئا لێرەدە كۆتایی نایەت، وەكچۆن تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە رزگاركردنی شارێك و كاولكردنی زۆرێك لەشارستانییەكان و ناوچە زیندووەكانی ژیان كۆتایی نایەت. بەڵام من لێرەدا دەمەوێت بگەم پێی ئەو ستراتیژە ترسناكانەیە كە لەسەروەختی جەنگی تیرۆر و ئەو راچەڵكانە گەورەیەی جیهان و ناوچە گەرمەكانی ململانێكان بە راشكاویی دەیبینین و بە قوڵی هەستی پێدەكەیەن. گەڕانەوەی ستراتیژی بەرژەوەندییە ترسناكەكانی ورچە سپییەكەی روسیا و مەرگی ئیمپراتۆرییەتی ئەوروپی و ستراتیژی بەرژەوەندییە ترسناكەكانی ئەمریكا و ستراتیژی مەزهەبگەرایی سونیزم كە لەچەندین ئاستی جیاواز و بەریەككەوتندا بەسەر زیاد لەكایەكی ترسناكدا دابەشدەبن. هاوكات پەلهاوێژی و هەژموونی شیعەگەرایی ئێران و هاوپەیمانییە ترسناكەكانی نێوان مۆدێرنە و مەزهەبگەرایی ئاینی؛ وەك هاوپەیمانی لیبرالیزمی ئەمریكی لەگەڵ كوشندەگەرایی سونەگەرایی عەرەبستانی سعودی و هێزە ئیسلامییە میانڕەوەكانی دنیادا، وەك هاوپەیمانی ترسناكی روسیای زلهێز و ئیرانی شیعەگەراو پێشلكارو كوشندی مافەكانی مرۆڤ و مافە هەرە سەرەتاییەكانی ژیانی هاوڵاتیان و تاكەكەس و پێكڕا هاوپەیمان لەگەڵ سوڵتانیزمی توركیای ستەمكاریی ئازادی و دیكتاتۆرییەتی ئاوێتە بە فاشیزم و ئیسلامیزم.  دەرئەنجام لەناو كۆی ئەم ستەمكاریی ستراتیژییە نوێیانەدا مەرگی رێكخراوە گەورەكانی مافەكانی مرۆڤ و مافی نەتەوەو تاكەكەس و گروپە جیاوازەكان و ململانێ شارستانی فەرهەنگی بەرجەستە دەبن. بۆنمونە بێدەنگی جیهان و هەڵوێستەی كرداری بە پەلەو بەرگریكردن و رزگاركردنی مرۆڤ لە سوریا و یەمەن و عەفرین دەبێتە درۆیەكی گەورە. كاتێك ئەم ستراتیژو بەرژەوەندییە هاوبەش و ناكۆكانە دەكەونە جەنگ و ململانێوە ئیتر كوشتنی زیاد لە نیو ملیۆن مرۆڤ لە سوریا دەبێتە ئاوخواردنەوە، گلدانەوەی زیاد لە ٣ ملیۆن ئاوارەی سوری لە توركیا و كردنیان بە هەڕەشە بۆ ئەورپا دەبێتە هەڕەشەیەكی بەلەنگاز و ترسناك و بێ چارەسەر، دواجار داگیركردنی عەفرین لەڕێی هەمەجییەتی لەشكركێشی ئیمپراتۆریتە نوێكەی ئەردۆغانەوە كە تێكەڵەیەكە لە فاشیزم و ئیسلامیزم و هەماهەنگ لەگەڵ هێزە ئیسلامییە تیرۆریست و وەحشیگەرەكانی سوریادا گەورەترین بێدەنگی لەجیهاندا دروست دەكات...دواجار مافەكانی مرۆڤ و رێكخراوەكانی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان نەك هەر بوونەتە گاڵتەجار بەڵكە بوونەتە زوڕناژەنێكی ترسناك بۆ چەواشەكاریی و بەردەوامیدان بە جەمسەرگەرایی و هەژمونگەرایی ستراتیژ و هاوپەیمانییە كوشندەكانی زلهێز و كارئەكتەرە وەحشیگەرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی.  


عادل عەبدولمەهدی  دەبێت پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغداد لە شێوازی ئێستای دەربچێت، بەدڵنییاییەوە بەرژەوەندی هاوبەش لە رێككەوتندایە، زیانی هاوبەشیش لە ناكۆكی، ئەمە بەبێ لەبەرچاوگرتنی سروشتی پرسەكان، ئایا هەردوولا لەسەر حەقن، یان هەڵەن، یان لەنێوان هەردووكیاندان، ئەگەر لە زمان و رۆشنبیری و خواست و بیروباوەڕو هەڵوێستەكاندا لەیەكتر جیاواز بین، بەڵام لەناو فارگۆنێكداین، یاخود فارگۆنێك یان دوو فارگۆنین لەسەر یەك رێگا، ئەوەی هاوڕایە لەگەڵ ئەم بۆچونەدا ناكۆكییەكان دەخاتە چوارچێوەی راستەقینەی خۆیەوە وەكو فارگۆنێك یان رێڕەوێك، ئەوەشی ناكۆكە لەگەڵیدا بنیادی لەسەردەنێت، رۆژگاریش بۆی دەیسەلمێنێت كە ئەو خۆی ماندوو دەكات بەرلەوەی ئەوانی تر ماندوو بكات، شیعە لە بیستەكاندا "ئەنجومەنی دامەزراندنی" بایكۆت كرد و هەڵەی كرد، سوننە دەستوری بایكۆت كردو هەڵەی كرد، بانگەشەی هەندێك كوردیش بۆ بایكۆت هەڵە دەبێت، بمانەوێت یان نا چارەنوسمان لە یەك فارگۆن یان یەك رێگادایە، ئەوە بنەماكانی سیاسەت و ستراتیژیەتمان پێكدەهێنێ و ناكۆكی و كرۆكی چارەسەرەكانیشمان دیاری دەكات. 1-    راوەستانی هەردوكیان كاتێك دوژمنێكی هاوبەش هەڕەشەی لێكردن ا- لە قۆناغی دیكتاتۆریەتدا كەموكورتی و تێڕوانینی هەڵەی زۆر رویدا لەبارەی ئەوەی دەكرێت دەستكەوت لەسەر حسابی لایەنێكی تر بەدەستبهێنرێت، بەڵام ئەنجامەكەی بەوە شكایەوە كە دەبێت دەستكەوت بۆ هەموان بێت ئەگەرنا زیانەكەی بۆ هەموان دەبێت.. بیرۆكەی "برایەتی" و "هاوسێیەتی" و قوربانیدان و هەڵوێستی هاوبەش لە خۆشی و ناخۆشیدا سەركەوت.. هەموان زەرەرمەند بون لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، تواندنەوەی بارزانییەكان بە تێزاب و ترشی نتریك و هەڵمەتەكانی ئەنفال،.. هەروەك هەموان زەرەرمەند بون لە تیرۆركردنی ئال سەدر و ئال حەكیم و ئال بەدری و عاسی، لە كوشتنی زانایان و لە سێدارەدانی لاوان و وشككردنەوەی زەوی و ئاوەكان و راگواستنی سەدان هەزار كەس و لێسەندنەوەی ناسنامە، لە هەردوو حاڵەتەكەدا بەسرەو بەغداد و موسڵ گریان چۆن هەولێر و سلێمانی و دهۆك گریان. ب-  كاتێك داعش وڵاتی راماڵی، هەموان لەگەڵ خۆیان و براكانیان راوەستان، سازش و قوربانی زۆر درا بەبێ هیچ حساباتێكی تر، جگە لە سەركەوتنی كۆتایی، كە سەركەوتنی تێدا بوو بۆ هەموان. ج- تەنانەت ئەم هەڵوێستە دەركەوت كاتێك بابەتی راپرسی خرایەڕوو، ئەوەی نەیارێتیی دەكرد دەیوت ئەوە پێچەوانەی دەستورە و هەڕەشە لە یەكێتی وڵات دەكات.. ئەوەشی پشتیوانی دەكرد دەیوت بەپێی دەستور مامەڵە دەكات و دەبێت هەموو بابەتەكان لەگەڵ بەغداد گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئەوە بژاردەی ستراتیژیمانە، تەنانەت ئەگەر هەستكردن نەبوایە بەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لە بەرژەوەندییە كاتیی و خۆپەرەستییەكان بەهێزترن، كشانەوە لە چەندین ناوچەی ناكۆكی لەسەر روینەدەدا بەبێ رودانی هیچ جەنگێكی راستەقینە.. كە بەغداد باوەڕیوایە دەبێت ئەو ناوچانە بەپێی دەستور لەژێر دەسەڵاتیدا بێت، هەرێمیش وای دەبینێت حكومەت دواكەوتووە لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكە بەپێی دەستور. هەموان بە راشكاوی بێت یان لە ناوەڕۆكدا دان بەوەدا دەنێن كە خاڵێكی هاوبەشیان لەگەڵ ئەوی تردا هەیە و هیچ چارەسەرێك بۆ ناكۆكییەكان نییە جگە لە كاراكردنی خاڵە هاوبەشەكان نەك بازدان بەسەریاندا. 2-    هەندێك موچە خەرجكرا، فڕۆكەخانەكان كرانەوە، وەفدەكان لە هەرێمەوە هاتن بۆ بەغداد، بەپێچەوانەشەوە.. بەڵام هەمویان لە دەرەوەی بازنەی جۆری پەیوەندی برایانە و هاوسێیەتی و چارەنوسی هاوبەش مانەوە، لە باشترین حاڵەدا هەردوولا هەوڵ بۆ چارەسەری كێشەكان دەدەن، نەك كاراكردنی خاڵە هاوبەشەكان، كە قورسایی و دەستكەوتە جۆریی و مادییەكانی چەندین هێندە زیاترە لەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێن، نەك هەر ئەمە بەڵكو بەبێ كاراكردنی خاڵە هاوبەشەكان چارەسەركردنی ناكۆكییەكان نامومكینەو زیاتر و قوڵتر دەبنەوە و دەمارگیری هەردولاش زیاتر دەكەن،. بەغداد دابەشبون و جیابونەوە رەتدەكاتەوە، بەڵام هاوكات بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات وەكو وڵاتێكی تر بێت.. هەرێمیش دەڵێ بەغداد بژاردەی ستراتیژییە، بەڵام بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ بەغداد دەكات وەكو پایتەختی وڵات و گەلێكی تر بێت. كامیان هەڵەتر بوون یان ناكۆكییەكان، بەڵكو لەبەرئەوەی هەڵە و ناكۆكییەكان كەم نین، لەوانە لەبارەی پرسی نەوت و بودجە و ناوچە جێناكۆكەكان و هتد، ئەوە دەخوازێت هەموو خاڵە هاوبەشەكان كارا بكرێن بەمەبەستی فەراهەمكردنی زەمینەیەكی پتەوی وەها كە رێخۆشبكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناكۆكییەكان و خستنەڕوی چارەسەری باشتر بۆ بنیاتنانی ئایندەیەكی هاوبەش.. چ ئەوەی لەناو یەك كەشیتدا پێكەوە بمێنینەوە یان ئەوەی بەیەك رێگادا رۆشتین. پێویستە واز لە سیاسەت بهێنین قازانج و بەرژەوەندی بەدی بهێنێت، كە لایەكەوە كە دەبێت لەسەر حسابی شكست و لەدەستدانی بەرژەوەندی بێت لەلایەكی ترەوە.. ئەم لۆژیكە نە پارێزگاری لە یەكێتی وڵات و نەپارێزگاری لە یەكخستنی رێڕەوەكە دەكات.. دادپەروەرانەش نییە بۆ هیچ یەكێك لە ئێمە، هیچ ماف و چاوتێبڕینێكی تایبەتی و گشتیش بەدی ناهێنێ. وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand