Draw Media

 زانا توفیق بەگ    بە دیدی من بۆ تێگەیشتن لەم ووتارە پێم باش بوو  بابەتە سەرەکێکانی بەشێوەیەکی  سادە بخەمە بەردیدەنی خوێنەر. هەرچەندە بابەتی  ( دۆگماتیزم ) وەك چەمک  چ وەك پروسە بابەتێکی یەکجار ئاڵۆزە، چۆنکە بە هەزاران کتێب و نووسینی بیرمەندەکانی وەکو (کانت) چەندانی تر بە بایەخەوە قسەی جدیان لە م بارە وە کردوە . هەرلەم ڕوانگەیەوە پێم بــاش بوو بتوانـــــم لەم ووتارە دا بە شێوەیەک ســــادە و کورت پوخت هە ندێ لێکەوتەی ئەم چەمکە و کاریگەرێکانی لە سەر دنیای سیاسی ئێمە چ وەك پرۆسەو  چ  وەك بەکار‌هێنەری لە نێو پروسەی سیاسی کوردیدا بخە مە ڕوو. ١. پەکخستنی بیرکردنەوە لە نێو ژیانی سیاسی دا یەکێکە لە ڕە کیزە گرنگەکانی دروست کردنی پڕۆسەی (دوگمای) لە نێو ژیانی سیاسی دا. وە هەوڵ دان بۆ پەکخستنی عەقـــڵ کە خۆی واتـــە عەقڵ جوڵەیەکی بەردەوام و بەرهەم هێنە، هاوکات پارادایمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێیە لــە ناو  هەر جڤاتێکی گشتی دا . کە  ئەم دیاردە خراپە لە نێو ســـتڕاکچەری سیاســــەتی کوردا بــە شێوەیەکی ڕوون ئامادەگی هەیە. . ٢. نە بوونی هیچ جوڵەیەکی سیاسی لە لایەن ئەندامانی حیزبی سیاسی وەکو بیرکردنەوەی نــوێ یان دروست کردنی ئاڕگومێنتی جیاواز یان دژە بریاری سیاسی ئەمانە هەمووی کۆمەڵی هۆکارن بۆ گەشەکردنی پرۆسەی (دوگماتیزم) لە نێو پروسە و کاری سیاسی و ڕوشنـــبیری لە هەرێـــمی کوردستان دا. ٣. دیوێکی تری پرۆسەی (دوگماتیزم) یان بە (گومانگەرایی) بریتییە لە ئاڵۆزکردنــــی گوڕێنـی ڕەوتی تێگەیشتین لە کێشەکان هاوکات کوشتنی جیاوازێکانی فکر وە دۆزینەوەی شوناسێکی تاك ڕەهەند بۆکێشەکان بۆکاری (دوگمای)..  کە ئەوەش بریتیە لە  دروست کردنی دۆخێــــکی وا کە مرۆڤ وەك بونە وەرێکی داهێنەر بکاتە مرۆڤێکی بێ عەقڵ یان ئەگەر بە جورێکی تر بڵێـــــن ئامادەگی (عەقڵی بریاردەر) بگوڕێت بۆ  بوونەوەرێکی نابـەرپرس کە هە میشە بەدوای ئەنجامە کاتێ کان دا بگەڕێت ئەمە گەورەترین و ترسناکترین ماکە لە دانانی گەڕاکانـــی پرۆسەی بـــــە (دۆگما تیزی کوردی) کە ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبینرێت لە نێو کایەی سیاسی و فوڕمـــی سیاسی دا. ٤. بۆ بە گژدا چوونەوەی ئەو پرۆسە (گومانگەرایی) لە نێو روحی پروسەی سیاسی کورد یـــدا  پێویستمان بە بوونەوەرێکی سیاسی کە خاوەن عەقڵێکی ئازاد بێت ، بتوانێت لە تەماشاکـەرێکی بێ روحی بێ دەسەڵات ببێتە خاوەن عەقڵێکی بڕیاردەر و ڕەخنەگر وە  دیدێکی سەربەخۆ خۆی هەبێت  بۆ چارەسەری کێشەکان.      


ئاراس فەتاح      مێژووی گەشەسەندنی مرۆڤایەتیی هاوشان بە داهێنانە تەکنەلۆژیی و فیکرییەکانی گۆڕانکاڕیی قووڵ و گەورەی بەسەردا هاتووە؛ لە کۆمەڵەی مرۆیی ساکارەوە دەبێت بە کۆمەڵگای ئاڵۆز و لە کۆمەڵگای دەوڵەتییشەوە هەنگاو بەرەو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی دەنێت. لە ساڵی 1605دا یەکەم ڕۆژنامە لە مێژووی مرۆڤایەتیی لە شاری شتراسبۆرگ لەلایەن (یۆهان کارۆلوس) بەناوی Relation، بەزمانی ئەڵمانیی دادەمەزرێنرێت. لەم چرکەساتەوە ڕۆژنامە وەکو پیشەسازییەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی هەواڵ و دەنگوباس و زانیاریی سەرھەڵدەدات و لە سەدەی نوزدەهەمیشەوە دەبێت بە فاکتەرێکی کاریگەر لە پرۆسەی بەکۆمەڵگابوون و ڕووبەرێکی گرنگ و نوێ لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی لەنێوان تاک و گروپ و ناوچە جیاوازەکانی یەک وڵات و پاشان لەنێوان دەوڵەتانی جیهان. ڕۆژنامە دەبێت بە کەرەسەیەکی کاریگەر بۆ بەگشتییبوونی زانیاریی و بەجیهانییبوونی پەیوەندیی و بەرهەمهێنانی چەمکی ناسیۆنالیزم و پاشان ئینتەرناسیۆنالیزم. ڕۆژنامەی Relation لە قۆناغی سەرەتایدا بە دەستنووس ئامادەدەکرا و ھەفتانەش بە قەبارەی چوار لاپەڕە دەردەچوو. پاشان هەمان مۆدێل و داهێنان بۆ شارەکانی ئەڵمانیا و کۆی وڵاتە ئەوروپییەکانی تر تەشەنەدەکات. لە ساڵی 1618دا (کاسپار فان ھیلتن) لە هۆڵەندا یەکەم ڕۆژنامە دادەمەزرێنیت. لە باشووری ئەوکاتی هۆڵەنداش کە ئێستا بەلجیکایە (ئەبراھام فەرھۆیڤن) لە ساڵی 1620دا یەکەم ڕۆژنامە بڵاودەکاتەوە. لە نەمساو فەرەنسا و پۆرتوگال و سوید و پۆلەندا بریتانیا و دانمارک و ئەمریکا و روسیا ژاپۆن و کۆریا و وڵاتانی تردا ھەمان ئەزموون دووبارە دەبنەوە و هەموو دەبن بە خاوەنی ڕۆژنامەی هەفتانە و پاشان ڕۆژانەی خۆیان. شایانی وەبیرھێنانەوەیە کە یەکەم ڕۆژنامەی ڕۆژانە لە ساڵی 1650 لە شاری لایپتزیک لە ئەڵمانیا لەدایکدەبێت و لەوکاتەشەوە سەرەتای مۆدێل و ئەزموونێکی نوێ لە کایەی ڕۆژنامەگەریی دەستپێدەکات. لەدایکبوونی ڕۆژنامە تەنھا پەیوەندیی بە دۆزینەوەی ئامێری چاپەوە نییە، کە دیارە بەبێ بیرۆکەکەی گوتنبێرگ و داهێنانی دەزگای چاپ نەدەکرا وێنابکرێت، بەڵکو لەهەمانکاتدا پەیوەندییەکی قووڵی بە سیستەمێکی تێکئاڵاو لە کایە و پیشەی جۆراوجۆرەوە ھەیە کە ھەموو پێکەوە، هاوتەریب بەیەک، دەبن بە ھۆکاری لەدایکبوون و گەشەسەندنی ئەم دیاردە نوێیەی ناو کۆمەڵگا. بێگومان بەبێ بوونی دەزگای چاپخانەی کتێب و پیشەی بەرگسازیی کە سەردەمانێکح زۆر کارێکی دەستیی بوو، ناتوانین وێنای ڕۆژنامە بکەین. هەرئەمەشە وادەکات کە ڕۆژنامە وەکو پیشەسازییەکی نوێی پەخش لەلایەن خاوەن چاپخانە ئەهلییەکانەوە دامەزنێرێت و بەمشێوەیەش سەرچاوەی داهاتێکی نوێ لە پیشەسازیی چاپ و بڵاوکردنەوە دەدۆزنەوە. چاپخانە و کارگەی بەرگسازیی کتێب یەکێک بوون لە پیشە گرنگەکانی سەردەمی پێش سەرهەڵدانی چاپخانەی مۆدێرن. گرنگیی ئەم پیشەیە تەنها بەرگگرتن نەبوو لە کتێب، بەڵکو زانست و هونەرێک بوو کە هەموو کەس نەیدەتوانی بەبێ فێربوون مومارەسەی بکات. چاپخانەی کتێب و بەرگسازەکان وەکو گروپێکی ناو کایەی زانین و پیشەسازیی توانییان ڕۆڵێکی گرنگ لە مێژووی بە گشتییکردنی زانین بگێڕن و دامودەزگای ڕۆژنامەگەریی دامەزرێنن و پیشەی ڕۆژنامەنووس بەرهەمبهێنن کە وەزیفەی سەرەکیی گەیاندنی هەواڵ و ڕووماڵکردنی ڕووداوە سیاسیی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانە بۆ کۆی تاکەکانی کۆمەڵگا. گەر سەدەی بیست ویەک بە سەدەی زانیاریی „Informationszeitalter“ ناودێربکرێت، ئەوا دەتوانین سەدەی نۆزدە بە سەدەی پەیوەندیی „Kommunikationszeitalter“ ناوزەدبکەین. پرۆسەی بەپیشەسازییکردن و پێشکەوتنی تەکنیک و کۆلۆنیالیزم و ئابووری لیبراڵ و بۆرسە و سەرهەڵدانی ڕۆژنامەی جەماوەریی لە سەدەی نۆزدەدا بوون بە هۆکاری دامەزراندنی ئاژانسی دەنگوباس، بۆئەوەی هەواڵی وڵاتان و جەنگی وڵاتە کۆلۆنیالیستەکان و دەنگوباسی بۆرسە بەخێراترین کات بگەیەنێتە ڕۆژنامەکان. دامەزراندنی یەکەم ئاژانسی دەنگوباس لەساڵی 1835 بەناوی „Agence Havas“ کە دواتر دەبێت بە ئاژانسی „AFP“ لە فەرەنسا، „AP“ لە ئەمریکا و „Reuters“ لە بریتانیا و پاشان لە وڵاتانی تریش هەمان ئەزموون دوبارەدەبنەوە، ئەمانە هەمووی بەرهەمی لیبرالیزمی ئابووریی و سیاسیی سیستەمی سەرمایەداریی و ئەو پێشکەوتنە بوون کە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی هەواڵ و فرۆشتنی زانیاریی و سەرهەڵدانی سەدەی پەیوەندیی „Kommunikationszeitalter“ هێنانیەکایەوە. سەدەی نۆزدە تەنها سەدەی پیشەسازیی و جەنگی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان نەبوو، بەڵکو سەدەی پەیوەندییەکی گڵۆباڵ بوو. هەروەکو چۆن دەزگاکانی ئاژانسی دەنگوباس هەواڵی هەموو جیهانیان بە ڕۆژنامەکان دەفرۆشت، ئاوهاش خودی ڕۆژنامە ڕەهەندێکی نێونەتەوەیی وەرگرت و پەیامنێری لە وڵاتاندا هەبوو، بۆئەوەی نوێترین هەواڵی سیاسیی و زانیاریی ئابووریی و ڕیپۆرتاژ و وتار بڵاوبکەنەوە. شایانی باسە گەورەفەیلەسوفی ئەڵمانیی، کارل مارکس، ساڵانێکی زۆر ژیانی بەم پیشەیە دابین دەکرد. بەپێچەوانەی ئەو نووسەرە کوردانەی کە کاری ڕۆژنامەگەرییان کردووە بە نەنگیی و دوورکەوتنەوە لە پرسە قووڵ و داهێنانە فیکرییە گەورەکان، کارل مارکس لە ساڵانی 43 ـ 1842 ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی لیبڕاڵی „Rheinischen Zeitung“ بوو و بۆ ماوەی پێنج مانگیش سەرنووسەری هەمان ڕۆژنامە بوو. دوای ئەویش لە ساڵانی 49 ـ 1848 سەرنووسەری ڕۆژنامەی „Neue Rheinische Zeitung“ بوو و لە قۆناغی سێهەمی تەمەنی ڕۆژنامەنووسیشیدا بوو بە پەیامنێری ڕۆژنامەی „New York Tribune“ی ئەمریکی لەشاری لەندەن کە ئەوسەردەمە گەورەترین ڕۆژنامەی جیهان بوو. (2005 :Jürgen Herres) ڕۆژنامەگەریی لەپاڵ کتێبدا پیشەیەکە کە بەپلەی یەکەم ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نووسینەوە هەیە. ئێمە هەروەکو چۆن ناتوانین وێنای کتێب بە بێ نووسەر بکەین، ئاوهاش ناتوانین وێنای ڕۆژنامە بەبێ نووسەر و پاشان پیشەیەکی نوێ کە ڕۆژنامەنووسە بکەین کە دوو کۆڵەکەی گرنگی ئەم کایە نوێیەی ناو میدیای سەردەمی بەپیشەسازییکردنی بەرهەمهێنانی هەواڵ و زانیاریین. لەپاڵ ئەمانیشدا هونەری گرافیک و دیزاین و کۆمیک دێنە ناو پیشەی ڕۆژنامەگەرییەوە و ئەم کایە میدیاییە نوێیە بەرفراوانتر و کامڵتر دەکەن. بـێگومان هەموو ئەم کایە تەکنیکیی و فیکرییانە پێکەوە دەتوانن ڕۆژنامە بەرهەمبهێنن، بەڵام بەبێ بونی سیستەمێکی تر ناتوانن بەردەوامبن، ئەویش بوونی پۆستە. ڕۆژنامە لە ڕیگای پۆستەوە دەتوانێت نووسینی بۆ بێت و ھەر لەو ڕێگایەشەوە ڕۆژنامەی چاپکراو بڵاودەکرێتەوە و دەگەیەنرێتە دەست خوێنەرانی. یۆهان کارۆلوس هەفتانە هەموو هەواڵ و دەنگوباسەکانی لەلایەن پەیامنێرەکانیەوە لەڕێگای نێوەندە گرنگەکانی پۆستەوە کۆدەکردەوە، کە لە چەند شارێکدا بوون. بەمچەشنە دەبینین کە سیستەمی پۆست یەکێکە لە بزوێنەر و پایە گرنگەکانی دروستبوون و بەردەوامیی ڕۆژنامە. ھەر ئەمەشە وامان لێدەکات کە بڵیین بەبێ پۆست ئاستەمە باس لە دروستبوونی چەمکی نەتەوەش بکەین. بۆئەوەی نەتەوە بە مانا مۆدێرنەکەی لەدایکببیت دەبێت ئەو گەلە خاوەن سیستەمی پۆستێکی نیشتیمانیی بێت کە ھاوڵاتیان بتوانن نامە و کتێب و نووسینەکانیان و دەزگا و کۆمپانیاکانیش بەرهەمەکانیان بەبێ مەترسیی لەناوچوون یان خراپبوون بگەیەننە جێگای مەبەست. سیستەمی پۆست پەیوەندییەکی گەورەی بە فۆرم و مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسییەوە هەیە، لەکاتێکدا لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا یاسای پاراستنی „نهێنیی نامە“ و „نهێنیی پۆست“ هەیە، لە وڵاتە ستەمگەر و دیکتاتۆرەکاندا ئەم مافە هەر بوونی نییە یان زۆر سنووردارە. کایەیەکی گرنگی تر بۆ پیشەسازیی ڕۆژنامەگەریی بوونی سەرمایە و سیستەمی بانکە. هیچ پڕۆژەیەکی قازانجویست ناتوانرێت بەبێ بوونی سەرمایەیەکی دیارییکراو بخرێتەگەڕ. دەزگای بانکیش لێرەدا دەبێت بە یەکێک لە کایە گرنگەکانی دروستکردن و بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان کڕیار و فرۆشیار. واتە بۆئەوەی ڕۆژنامەیەک بەردەوامیی هەبێت، سەرەتا پێویستیی بە سەرمایەیەک هەیە بۆ دامەزراندنی و پاشان پێویستیی بە بەشداربوونی خوێنەران و ئابوونە هەیە، بۆئەوەی ئەو سەرمایەیە لەپێناو بەردەوامیی و مانەوەی ڕۆژمانەکەدا بخرێتەگەڕ. شایانی سەرنجە کە نەبوونی ئەم دوو کایە گرنگەش، واتە پۆست و بانک، لە دونیای ئێمەدا مانای ئەوەیە کە زۆرینەی پرۆژەی میدیای چاپکراوەکان بەر گورزێکی گەورەی سیستەمی کڕین و بڵاوکردنەوە بکەون و لە مەدای دوور و نزییکدا گەر سەرمایەیەکی گەورەیان لە پشتەوە نەبێت، پڕۆژەکەیان شکست بهێنیت و ڕوبەڕووی مایەپووچی ببنەوە. بەپێچەوانەوە دەبینین کە میدیای حیزبیی بە حوکمی ئەوەی لەسەر فرۆشی خۆی ناژی، ئەم کێشەیەی نییە، بەڵام کێشەیەکی گەورە و قووڵتری پیشەیی و ئەخلاقیی ھەیە. ڕۆژنامەی حیزبیی و میدیای سێبەر لەبەرئەوەی سەرچاوە داراییەکەیان سامانی گشتییە و بەهەدەردەدرێت، نە بەشێوەیەکی بەربڵاو دەکڕدڕێت و نە دەشخوێندرێتەوە، چونکە لەڕووی ئێتیکی ڕۆژنامەگەرییەوە هیچ میسداقییەتێکیان نییە. تەنھا گرنگییەک ئەم میدیا حیزبییانە ھەیانبێت بریتییە لە تەوسیقی چالاکییەکانی حیزبەکان و سەرۆکەکانیان و ڕوبەرێکی ریکلامکردن بۆ کۆمپانیاکانیان و بڵاوکردنەوەی ئاگاهیینامەی مردن و وونبوونی شوناسنامەی هاوڵاتیان. لە کۆمیدییترین و خراپترین حاڵەتدا خەڵک کاغەزەکانی دەکەن بە سفرەی نانخواردن و کاسپکارانیش بە لوولەی گوڵەبەڕۆژە. گەر رۆژنامەی Relation سەرەتا تەنها بۆ هەندێ „پیاوماقوڵان“ بووبێت، ئەوا بیرۆکەکەی یۆهان کارۆلوس کە بەرفراوانتری بکات و هەواڵی شوێنەکانی تری جیهانی تێدا بڵاوبکرێتەوە، گەورەترین داهێنان بوو. گەر لەو سەردەمەدا ڕۆژنامە تەنھا شوێنی بایەخی خویندەوارەکان بووبێت، ئەوا لە سەردەمانی دواتردا ڕۆژنامە دەبێت بە پیداویستییەکی ڕۆژانە بۆ وەچنگخستنی هەواڵ و گەیشتن بە زانیاریی و دروستکردنی ڕای گشتیی. ڕۆژنامە شوناسی جیا و ئامانجی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و مەعریفیی جیا لەخۆیدەگرێت. گەرچی سەرھەڵدانی ڕۆژنامە داھێنانێکی ئەھلییە و زۆرینەی کاتەکان کەسانی خاوەن دەزگای چاپ و پەخش بەم کارە ھەڵساون و یەکێک لە ئامانجەکانیان کەڵەکەکردنی سەرمایە بووە، بەڵام لەبەر گرنگییەکەی و کاریگەریی لەسەر دروستبوونی وشیاریی دەستەجەمعیی، لە قۆناغێکدا ڕۆژنامەی حیزبیی سەرھەڵدەدات. مۆدێلێکی نوێ لە ڕۆژنامەی ئاراستەکرا و کۆنترۆڵکرا و سانسۆرکراو سەرهەڵدەدات، وەک لە ئەزموونی حیزبە ئایدیۆلۆژیستەکاندا دەیبینین. گەرچی ڕۆژنامە حیزبییەکان هیچ کاتێک نەیانتوانیوە کێبڕکێی ڕۆژنامە ئەهلییەکان بکەن، بەڵام وەک میدیۆمێکی ئایدیۆلۆژیی دێنە ناو کایەی ڕۆژنامەگەرییەوە. ئەم مۆدێلە نوێیەی ڕۆژنامە لە دەوڵەتە دیکتاتۆر و تۆتالیتار و سۆسیالیستەکانیشدا وا لە ڕۆژنامە دەکات ببێت بە یەکێک لە ئۆرگانەکانی حیزب و پاشان بە ڕۆژنامەی ڕەسمیی دەوڵەت. بەمچەشنە ڕۆژنامەی حیزبیی یان حکومیی دەبێت بە تاکە سەرچاوەی زانیاریی و وەکو بەرھەمێکی جەماوەریی دەفرۆشرێت و ڕێگا بە ڕۆژنامەی ئەھلیی سەربەخۆ نادرێت، چونکە وەکو تابوری پێنجەم تەماشادەکرێت. لە خۆڕا نییە کە بیرمەندێکی وەکو بێنێدیکت ئەندەرسۆن لە کتێبە بەناوبانگەگەیدا لەسەر ناسیۆنالیزم بەناوی Imagined Communities „کۆمەڵەی وێناکراو“ کە بە ئەڵمانییەکەی کراوە بە Die Erfindung der Nation „دۆزینەوەی نەتەوە“، شیکاری گرنگیی ڕۆڵی چاپەمەنیی لە دروستبوونی چەمکی نەتەوە دەکات. بەبۆچونی ئەو ڕۆژنامە دەبێت بە یەکێک لە کەرەسە گرنگەکانی دروستبوونی وشیارییەکی دەستەجەمعیی،چونکە هۆکارێکە بۆ دروستکردنی هاوزەمەنیی ھاوڵاتیانی وڵاتێک لەگەڵ یەکتر و هاوخەمییان بۆیەکتر. هاوڵاتیانی هەر وڵاتێک بەبێئەوەی یەکتر بناسن، خۆیان بە ئەندامی ئەو کۆمەڵە وێناکراوە دەزانن و لەڕیگای چاپەمەنیی و ڕۆژنامەگەرییەوە دەتوانن لە یەک کاتدا ئاگاداری ھەواڵی سیاسەت و ئابووریی و ڕۆشنبیریی و وەرزش و تەندروستیی و ھتد.ی شار و شارۆچکە و گوندەکانی خۆیان و ڕووداوە گرنگەکانی وڵاتانی دراوسێ و جیھان بن. بەم چەشنە ڕۆژنامە دەبێت بە کەرەسەیەکی گرنگ بۆ دروستکردنی وشیاریی „کۆمەڵەیەکی وێناکراو“ لەوێنەی نەتەوە کە هەموو تاکێک خۆی بەئەندامی دەزانێت و وەلائەتی بۆی هەیە. ناسیۆنالیزم بۆ ئەندەرسۆن گۆڕینی چەمکی کۆمەڵەی ڕووبەڕووە لەوێنەی خێزان کە هەموو تاکەکان یەکتر دەناسن و پەیوەندیی خوێنیان بەیەکەوە هەیە، بۆ „کۆمەڵەیەکی وێناکراو“ کە سنوورەکەی لە سنوورە کۆمەڵایەتییە لۆکاڵیی و تەقلیدییەکان گەورەترە. ڕۆژنامە وەکو بەرهەمێکی کاپیتالیزمی چاپ ڕۆڵیکی کاریگەر دەگێڕێت لە زەمینەسازیی و دروستکردنی وێنایەکی گەورەتر لە بنەماڵە و کلان و خێڵ و بەرهەمهێنانی وەلائەتێکی سەروو لۆکاڵیی و بەیەککاتکردنی ژیانی کۆمەڵەیەکی مرۆیی و بەیەکگەشتنی پارچەکانی کۆمەڵگا و دروستکردنی وشیارییەکی دەستەجەمعیی وێناکراوە بۆیان. (Benedict Anderson:1998). لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕیکخراوی کرێکاریی و کۆمۆنیستییشدا ڕۆژنامە ڕەهەندێکی ئینتەرناسیۆنالیستیی وەردەگرێت و وێنایەکی گەردوونیی بە کێشەی کرێکاران لە هەموو جیهان دەبەخشیت و جۆش بە خەباتی چینایەتییشیان دژ بە سیستەمی گلوباڵی سەرمایەداریی دەدات. گرفتی لەدایکبوونەبوونی نەتەوە لەنێوان حیزب و ڕۆژنامەگەریی کوردییدا گەر ئەو تێز و ڕاڤەکردنەی ئەندەرسۆن بە هەموو ئەو ڕەخنانەی ئاراستەشی دەکرێن، بکەین بە دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان و ئاڵۆزییەکانی لەدایکبوونی نەتەوە بەمانا سیاسییەکەی، ئەوا دەتوانین بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی میدیا لە هەرێمدا بڵێین: چەندە دەسەڵاتدارێتی کوردیی شکستی لە پرۆسەی نەتەوەسازیی و نیشتیمانسازییدا هێناوە، ڕۆژنامەی کوردییش نەیتوانیوە لەبەر زیاد لە هۆکارێک ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. ڕۆژنامەگەریی کوردیی ساڵانێکە لە کێشەیەکی بونیادی قووڵدا دەژی کە ئەم وتارە جێگای تاووتوێکردنی ھەموو ڕەھەندەکانی نییە، بەڵام لە بەشی سێهەمی ئەم وتارەدا دەمەوێت باس لە هەندێ گرفت و کێشەکانی بکەم.


نەبەز گۆران رووداوەكانی ئەم دوایەی _سلێمانی و شیلادزێ و دهۆك_ وێنەیەكی روونبوو، گەر توركیا وەك دەوڵەتێكی داگیركەری دژ بە كورد، چ وەك هێز، چ وەك ئابووری، گەر خۆشی لەناو گۆڕەپانی هەرێمدا ئامادەیی نەبێت، هەردوو پارتەكەی دەسەڵات_پارتی و یەكێتیی_ وەك نوێنەری ئەو دەوڵەتە ئامادەن كۆی رێگا سەركوتكارییەكان دژ بە خەڵك بگرنەبەر، تەنها لە پێناو نیگەرانەبوونی دەوڵەتێكی بێگانە. هەردوو پارتەكە لەم رووداوانەدا وێنایەكیان خستە بەرچاو، ئەویش ئەوەیە: نایانەوێت دەست لەو رۆحە لاواز و دارزیووە هەڵگرن، بە درێژایی مێژووەكەیان لەگەڵیاندا بووە و هەمیشە سێبەری ئەوی تری بێگانەبوون. دەستگیركردنی گەنجان، چ لە شاری _سلێمانی، چ لە شاری دهۆك و شیلادزێ_ تەنها لە پێناو بەرژەوەندییەكی ئابووری وڵاتێكی بێگانە، نوێنەرایەتیكردنی رۆحێكی دارزیوە، كە ئەو رۆحە دارزیووە بەردەوام ئیشی كردوە تا كۆمەڵگە و تاك، دەست لە سەربەخۆبوون و ئازادبوونی خۆیان هەڵبگرن و، دەست لەو رۆحە شۆرشگێرییە هەڵبگرن فەزای ئازادی دروستدەكات و، جەماوەرێك و تاكێك دروستبكرێت لە ژێر سێبەری ئەو رۆحە دارزیوەدا هەمیشە لەبەردەم ئەوی تری بێگانەدا سەرنەوی بكات و، بە گوتاری نمایشی رۆحە دارزیوەكەی خۆی داپۆشێت.  گوتاری نەتەوەیی و گوتاری كوردایەتی، دوو گوتارن ئەم دوو پارتە وەك فریودانێك لەشوێنە حەماسییەكاندا بەكاری دەهێنن، تا جەماوەری پێشەیدابكەن. ئەما لە واقیعدا هەردوو پارتەكە نەك هەر كردەكانیان، بەڵكوبوونی خۆیان و ئایدۆلۆژییەكەیان مەترسییە لەسەر گوتاری نەتەوەیی و گوتاری كوردبوون. ئەوان لە چوارچێوەی حیزبی و ئایدۆلۆژیدا ئەم گوتارانە بەرزدەكەنە و دەیكەنە كەرەستەیەك بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی بێ‌ پرسیار و بێ‌ گومان، مرۆڤێك بە هەموو تایپێكی ژیان رازیبێت و گرنگ نەبێت بەلایەوە فەزای ژیان و ئازادی و خۆبوون چییە و، تەنها گرنگبێت لەلایەوە وەك بەرخۆرێك لەناو دەشتی ژیاندا بەشێكی كەمی خۆی پێبدرێت. لە كۆتایی نەوەدەكاندا مامۆستا (فاروق رەفیق) لە شوێنێكدا وتی: " ئەم جۆرە لە كوردایەتی ژینگە پیس دەكات." ئەو كات ئەهلی بەرخۆر لە شێوازە ئایدۆلۆژییە چوارچێوە سنووردارەكەی حیزب، كەوتنە بەرزكردنەوەی دەنگی نارەزایەتی. ئەو ئەهلە پرسیاریان لە مێژووی حیزب، كردە و ئایدۆلۆژیای حیزب نەبوو، تەنها ئەو ئێستا دیاریكراوەیاندەبینی كە جۆرێك بوو لە فەزای فریودان. هەڵبەتە ئەم رستەیە بۆخۆی دەمانبات بەرەو ئەو شوێنەی، هیچ گومان نەكەین دوو پارتەكەی دەسەڵات بەم مۆدێلە لە كوردایەتی، هەم ژینگەی سیاسیی و ئازادی، هەم ژینگەی نیشتیمانی بوون و خۆبوونیان پیسكردوە. مۆدێلێك لە گوتاری خۆنوێنانەی فاشیۆنیان دروستكردوە، لە و ساتانەی پێویستە جەماوەری شەیدا دەكەنە كەرەستەی ئەم فاشیۆنبوونە و، لەو كاتەشدا مەترسی راستەقینە لەسەر كوردبوون، لەسەر ئازادی، لەسەر نیشتیمانی بوون هەیە، لە پێناو بەرژەوەندییەكی دیاریكراوی حیزبیدا، دەبنە نوێنەری ئەویتری بێگانە. ئەمڕۆ دوو پارتەكەی دەسەڵات_پارتی و یەكێتیی_ نوێنەرایەتی توركیا دەكەن. چاوەروانكراوە سبەینێ‌ نوێنەرایەتیەكە بگوازنەوە بۆ نوێنەراتی، ئێران، عێراق... هتد. هەرچۆن نزیكەی چەند ساڵێكە وەهمی " ئەمریكا دەوڵەت بۆ كورد دورستدەكات." بووەتە وەهمێك بۆیان و جەماوەری پێ فریودەدەن و، لەكۆتایشدا ئەو دیمەنانەمان بینی لە دوای ریفرۆندۆمدا هیزەكانی دوو پارتەكە، بەبێ‌ توانای بەرگری لە شەورۆژێكدا بەشێكی زۆری خاكی هەرێمیان چۆڵكردن و هەڵهاتن بۆ ئەو شوێنانەی مەترسی لەسەر نەبوو. ئێستاش سەركوتكردن، دەستگیركردنی گەنجانی نارازی، دەستگیركردنی خۆپیشاندەران دژی سوپای بێگانە، چ لە شاری _سلێمانی، یان شیلادزێ و دهۆك_ سەرلەنوێ‌ تازەكردنەوەی ئەو رۆحە دارزیوەیە هەمیشە بە ئەویتری بێگانە دەڵێت: من خزمەتكاری تۆم و لە پێناوتۆدا، ئامادەم خەڵكەكەی خۆم بچووسێنمەوە. ئەوانەی بەرگری لەم رۆحە دارزیوە دەكەن، ئەوانەی بەرگری لەم كردە بێگانە پەرستییە دەكەن، لە ژێر هەرناو بەرژەوەندییەكدابێت، ئەوانەن دوو پارتەكەی ناو دەسەڵات_یەكێتیی و پارتی_ بە درێژای مێژووی حوكمڕانییان خەریكی پەروەردەكردنی ئەم رۆحە دارزیوە بوون تا بۆ هەموو كردەیەكی بێگانە پەرستی بیانوێك بهێننەوە و، بەرگری لەو رۆحە لاوازەی خۆیان بكەن. دەستگیركردن و سەركوتكردنی گەنجان لەبەر ئەویتری بێگانە، بێگومان هیچ ئازارێك بە رۆحە شۆرشگێڕ و رۆحە بەرزەكەی كوردبوون نادات، بەڵكو جارێكی دیكە وزە دەخاتەوە بەردەمی و بەهێزی دەكاتەوە. ئەو گوتارە فریودەرەش لە ژێر ناوی كوردایەتی حیزبی و نەتەوەیی حیزبی، یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی دژبوونە بە مرۆڤی سەربەرز و ئازاد، دژبوونە لە سەرلەنوێ‌ دروستكردنەوەی گوتاری نیشتیمانی، دژبوونە لەگەڵ هەر كردە و بیركردنەوەیەك نەیەوێت بكەوێتە ژێر سێبەری ئەو رۆحە لاوازەی خزمەت بە ئەویتری بێگانە دەكات. نوێنەرەكانی توركیا لە هەرێم بەخۆیان و رۆحە لاوازەكەیانەوە دژ بە گەنجان دەجوڵێنەوە، ئەم نوێنەرانە هەمیشە لەبەردەم هێزی بێگانەكاندا هەڵهاتوو بوون و، لەبەردەم میللەتەكەی خۆیاندا خۆ بە پاڵەوان زان. بەڵام ئەم مۆدێلە تەنها جێگای سەرسامی ئەوانەن هێشتا جەوهەری بیركردنەوە و كردەكانیان ناناسن و رۆحە لاوازەكە بووەتە شوناسی بوونیان. پاشان جوڵەكانی هەردوو پارتەكە دژ بە ئازادی و سەربەستی و نیشتیمانی بوونی گەنجان هەرگیز جێگای سەرسامی نییە، چونكە پەروەردە و ئاكاریان هەر بەم شێوەیە هاتووە و پێویستە لە وێستگە جیاوازەكاندا جارێكی تر ئەو شوناسەی خۆیان دووبارە بكەنەوە.  


عەبدوڵای مەلا نوری جەندرمەکانى ئێرە مەرج نیە ناسنامەی دەوڵەتی تورکیایان لە گیرفان بێت. ئەو حکومەتەی ئازادی هاوڵاتیەکانی، ئازادی دەزگاکانی راگەیاندن کۆت و بەند بکات بۆ رازیکردنی داگیرکەر، عەمیلە! ئەوانە جەندرمەی تەواون کە، لە باشوری کوردستاندا شەڕی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی داگیرکەر دەکەن. ئەوانە جەندرمەی تەواون کە زاڵم و مەزڵوم ، کە شۆڕشگیڕو دیکتاتۆر، وەک یەک تەماشا دەکەن. ئەوانە جەندرمەی تەواون کە بۆ رازیکردنی داگیرکەر هاوڵاتیە ناڕازی و هوشیار و دڵسۆزو راپەڕیوەکانی خۆی راپێچی بەندیخانە دەکات. هەر حزبەکانی دەسەڵات لە فۆرمی جەندرمەدا بە تەنها پرۆسەی داگیرکاری بەڕێوە نابەن، بەڵکو ئەوانەش فۆرمێکی تر لە جەندرمەیی پەیڕەو دەکەن کە، لە ئاستی ئەم حکومەت عەمیلەدا بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن! ئاخر چەند شەرم و نەنگیە لە بەر ئەوەی چاوت لەوەیە لە حکومەتی داهاتوی جەندرمەکاندا چەند پۆستێک وەر بگریت کەچی خۆت و میدیاکانت لە ئاستی بەرتەسکردنەوەی ئازادی میدیایی، لە ئاستی دەستگیرکردنی میدیاکاران، لە ئاستی گرتن و لێدانی هاوڵاتیان و تەنانەت گرتنی کادرە دڵسۆزەکانی خۆشتدا هەڵوێستێکی جدیت نەبێت. بۆ دەوڵەتی تورکیا وەک داگیرکەر هەر ئەوەندەی لە حیزبەکانی دەسەڵات دەوێت کە لە ئێستادا بەرژەوەندیە ئابوری و ئەمنی و سەربازیەکانی لە باشوری کورستان لە سەر حسابی کەرامەت و ئازدیەکانی هاوڵاتیانی هەرێم پارێزراو بێت!  خۆ هەر ئەوەندەش ئەرکی لە حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەوێت لە ئاستی عەمالەتی حیزبەکانی دەسەڵات و حکومەتی عەمیل بێ دەنگی هەڵبژێرن! ئیدی ئەم دوانە پێکەوە هەر ئەوە دەکەن کە، ئەگەر دەیان هەزار جەندرمەی تورکیش لێرە بونایە هەر ئەوەندەیان پێ دەکرا.


رێبوار كەریم وەلی   (1) دانوستاندنەكانی پارتی و لایەنەكانی دیكە و بەتایبەتیش لەگەڵ یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە كە یەكێتی بتوانن لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەر پۆستەكان و ئەو ناوانەی دەبیسترێن، لە ناوخۆی خۆیاندا ساغ ببنەوە. پارتی تا راددەیەكی زۆر لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان هاتووەتە پێشەوە و تەنانەت، مرونەتێكی زۆری لە مەسەلەی دانانی پارێزگاری كەركووكیش نواندووە، لیژنەكانی پەیوەست بە رێككەوتنی درێژخایەنی نێوان پارتی و یەكێتیش نەخشە رێگاكەیان ئامادەیە كە بە ئیحتیمالی زۆر رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە پارتی لە مەسەلەی بەغداش بتوانێ عینادیی خۆی بەلاوە بنێ و پتر تەركیزی لەسەر ئەو دەستكەوتانە بێت كە بەدی دێن، لە مەسەلەی بودجەشدا پەرلەمانتارانی لایەنە سیاسییەكان وەكو یەك تیمی سیاسی كاریان كرد و ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە كاری هاوبەش بەرهەمی زیاتری بۆ كوردستان دەبێت. بۆیە پارتی دەتوانێ زۆر بە ئاسانی تۆپەكە هەڵداتە گۆڕەپانی یەكێتییەوە، ئەگەر یەكێتی دوای ئەو هەموو مرونەتە نەتوانێ هەنگاوێك بێتە پێشەوە، یەكێك لەو كارتانەی كە پارتی هەمیشە لەبەردەستیەتی ئەوەیە كە ئەگەر یەكێتی نەتوانێ سەرباری هەموو نەرمییەك خۆی یەكلا بكاتەوە، یان هەندێك دۆسیە بۆ دوای سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت هەڵنەگرێت، ئەوا پارتی توانای ئەوەی هەیە ئاراستەی رووداوەكان بەپێی ویستی خۆی بگۆڕێت. پێكهێنانی حكومەت بەبێ یەكێتی شتێكی مەحاڵ نییە و یەكێتیش باش ئەو راستییە دەزانێت. دیسانیش پێكنەهاتنی حكومەتیش عەیبەیەكی ئەوەندە گەورە نییە، چونكە ئەم حكومەتەی ئێستا هەیە، سەرباری ئەوەی كە كاربەڕێكەرە، بەڵام حكومەتێكی بەهێزە و كاری خۆیشی دەكات (ئەگەرچی هەندێك لە وەزیر و بەرپرسەكانی، دەسەڵاتی ئیمزایان نەماوە). لەو رووەوە كۆبوونەوەكانی ئەم هەفتەیە دەبێ یەكلاكەرەوە بن و هەر نەبێ بتوانرێ لە رۆژانی داهاتوودا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت. پارێزگارێكی گۆڕان بۆ كەركووك (2) ئەگەرچی پارتی تا راددەیەكی زۆر لە هەڵوێستەكانی سەبارەت بە مەسەلەی دانانی پارێزگارێكی (یەكێتی) و لە یەكێتیش لە(ئۆكتۆبەرچییەكان) نەرمی پێشانداوە، بەڵام ئەگەر پارتیش رازی بێت، بۆ یەكێتی عەیبەیەكی گەورەیە تا مەسەلەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بەلایەكدا نەخات و لێكۆڵینەوە لەو رووداوە نەكات، یەكێك لەو سیانەی كەركووك كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیشن، بكاتە پارێزگار. نە لەناو یەكێتی پیاو قاتییە و نە لە دەرەوەی یەكێتیش كە بەڕاستی دڵسۆزی كەركووك و كەركووكییەكان بن و، بتوانن بەر بەو لێشاوی تەعریبە بگرن كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بە شێوەیەكی سیستەماتیك و خراپتر لە سەردەمی بەعس دەستیپێكردووە. پارێزگاری سلێمانی كە ئێستا لە پشكی گۆڕانە، بە شاهیدی زۆر كەس سەركەوتوو بووە و باڵانسێكی باشی لە نێوان لایەنەكاندا دروستكردووە و لای حكومەتیش لە هەولێر تەقدیری هەوڵەكانی دەكرێت. بۆیە دانانی كەسێك لە كەركووك كە بتوانێ هەمان ئەو رۆڵە ببینێت، دەبێ بۆ یەكێتی و پارتیش زەرورەت بێت. كەسانێكی خەباتگێڕی وەكو عوسمانی حاجی مەحموود، كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وەزیری ناوخۆ و ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بووە و بە یەك مەسافە لە هەموو حزبەكان نزیكە (خەڵكی ناوچەكەیە و رایەڵی باشی لەگەڵ پێكهاتەكانیشدا هەیە) دەتوانێ تا راددەیەكی زۆر برینەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر ساڕێژ بكاتەوە. ئەوانەیش كە بۆ چەند (تەنەكە نەوتێك) مامەڵە بە چارەنووسی كەركووكیەكان دەكەن، ئەو چەند تەنەكە نەوتەیان هەر دەستدەكەوێت، بەڵام با فەزڵێك بۆ مێژووی خۆیان تۆمار بكەن و ئەو دەستپێشخەرییە رابگەیەنن. بە دڵنیاییەوە پارتی پێشوازیی لێدەكات. با و باران (3) پەندێكی كوردی هەیە دەڵێ:"با بێ و باران بێ لە عومری بەفر كەم دەبێتەوە". راستییەكەی پەكەكە و توركیا بۆ میللەتی ئێمە بوونەتە ئەو با و بارانە، باجەكەشی خەڵكی سیڤیل و گوند داگیركراوی ئەو ناوچانە دەیدەنەوە كە پەكەكە وەكو هەرێمی پاراستنی میدیا ناوی ناون! چەند دەستدرێژیی توركیا بۆ سەر خەڵكی سیڤیلی كوردستان تاوان بێت، بەكارهێنانی خەڵكی سیڤیل وەكو قەڵغانی مرۆیی لە لایەن پەكەكەشەوە دەچێتە هەمان خانە. هۆشداریی سەرۆكی حكومەت بۆ پەكەكە زۆر جددی بوو، چونكە توركیا لە ئاستانەی هێرشێكی سەربازیدایە بۆ سەر پەكەكە و تەنانەت ئەو باسە لە دیداری نێوان دكتۆر بەرهەم ساڵح و ئەردۆغانیش ورووژێنراوە. هەم پەكەكە و هەم ئەردۆغان، لە عەرەفەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا پێویستیان بە شەڕە، بەڵام دەیانەوێ شەڕەكە لەسەر خاكی كوردستانی باشوور بكەن. ئێستا كە یەكێتیی كۆنە هاوپەیمانی پەكەكە پشتی تێكردوون و تەنانەت هەموو جۆرە هاوكارییەكی توركیا دەكات لە پێناو هێشتنەوەی پەیوەندییەكانی، پەكەكە و هەندێك لە خەڵكی ناوچەكە دەیانەوێ پارتیش بخەنە ئەو هەڵوێستەوە كە پارتیش بەرپرسیارە. ئەمڕۆ وڵاتی بەناو عێراق ئەگەر خاوەنی سیادە و سەروەرییە، دەبوو لە بەرزترین ئاست و بە توندترین شێوە بۆردومانەكانی توركیا نەك هەر ئیدانە بكات، بگرە رێگریشیان لێ بكات. پارتی لە سەروەریی بەغدا بەرپرسیار نییە و هیچ سەفقەیەكی ژێربەژێریشی لەگەڵ توركیادا نییە. 


هیوا سەید سەلیم       رووداوی خرۆشانە جەماوەریەكەی دەڤەری شێلادزێ كە هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی سوپای توركیا و سوتاندنی چەند بنكەیەكی سەربازی لە لایەن خەلكی سڤیلی ئەو دەڤەرە لێكەوتەوە  ، ئەگەر جۆرێك بێت لە كاردانەوەی جەماوەری ناڕازی لە بەرامبەر ئەو غەدرەی سوپای توركیا لە بۆردومانكردن و شەهیدكردنی خەلكی ئەو ناوچەیە ئەنجامی دەدات،  ئەوا بە دیوەكەی تر كاردانەوەكە شكاندنی شكۆی سوپای دەوڵەتێكە كە بە دوومین هێزی ناوی هاوپەیمانی ناتۆ و شەشەمین گەورە هێز لە رووی سەربازی لە ئاستی جیهان دەناسرێت.  رووداوەكەی جەماوەریەكەی دەڤەری شێلادزێ، دەرنجامی پربوونی جامی ناڕەزایی خەڵك بوو دژ بە رژانی خوێنی رۆلەكانیان، كە لە ئەنجامی بۆمبابارانكردنی فرۆكەكانی توركیا شەهید و بریندار بوون، كە ساڵانێكە سوپای توركیا بە بەردەوامی ئەو ناوچەیەو چەندین ناوچەی تر دەكەنە ئامانج گوند دەسوتێن و خەڵك شەهید دەكەن و ناوچەكە دەكرێتە ئامانجی سەربازی.  لە سڵی  1994 سوپای توركیا چەندین بنكەو بارەگایان بە درێژایی سنووری خۆیان بە قوڵایی زیاتر لە 30 كیلۆمەتر لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان دامەزراندوە، ئەركی ئەو بنكە سەربازیانە كارئاسانیە بۆ بۆردومانی ناوچانە، لەگەڵ ئەوەشی كە پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2003 بڕیاریدا كە داوا لە دەوڵەتی توركیا بكات هێزەكانی لەنێو خاكی هەرێمی كوردستان بكێشێتەوە، بەڵام تا دێت بوونی ئەو سوپایە كێشەی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان درووست دەكات. خەڵكی ئەو ناوچانە كە لە دۆخێكی خرابی ئەمنی ژیان دەكەن، چاوەڕوان بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەركی یاسایی خۆی هەڵسێت لە پاراستنیان لە پەلامارەكانی سوپای توركیا، بەڵام كاتێك دەگەنە ئەو راستیەی حكومەت بەو كارە هەڵناستێ پەیامی خۆیان لە رێگەی خۆپیشاندان دەگەینە سوپای توركیا، بەڵام وەك چاوەروان دەكرا سوپای توركیا وەك هەر سوپایەكی داگیركەر بە زەبری هێز رووبرووی ناڕەزایی مەدەنیانەی جەماوەر بووەوە و مێرمنداڵێكیان لێ شەهیدكردن. ساڵی پاریش كاتێك سوپای توركیا بەهەموو چەك و تفاقی سەربازی خۆی و بەكەلك وەرگرتن لە پێشكەوتووترین فرۆكەی جەنگی (F16) شەش مانگ لەبەردەم خۆڕاگری چەكی تەقلیدی شەرڤانان دەستەوەستان مایەوە، وە ئەگەر گەلەكۆمەكی و پشتێكردنی هێزەكانی هاوپەیمانان نەبوایە تا ئەمڕۆش سوپای توركیا نەیئەتوانی بچێتە ناو شاری عەفرین،  ئەوساش زۆرێك لە میدیا جیهانیەكان ئەو خۆڕاگریەی  شەرڤانانیان لەبەردەم هێزی توركیا بە شكاندنی شكۆی سوپای توركیا لەقەلەم دا. كاردانەوەی توركیا لەبەرامبەر شكاندنی شكۆی سوپاكەیان توندە، كە خۆی لە لێدوانی ئەردۆغان و پەیوەندیە تەلەفۆنیەكانیان لەگەل بەرپرسانی هەرێم دەبینێتەوە، پێدەچێت لە سیاسەتی بۆردومانكردنی ئەو ناوچانەش نەك هەر بەردەوام بن بگرە پەنا بۆ شێوازی تریش ببەن بۆ چاوترساندنی خەڵكی ئەو ناوچانە. بەرپرسانی هەرێم دەبێت لەو راستیە تێبگەن كە ئەوەی لە شێڵادزێ روویدا دەرنجامەی سیاسەتی داگیركاری سوپای توركیایە، تا ئەو سوپایە لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان بوونی هەبێت كێشەی لەو شێوەیە بەردەوامیان دەبێت، چارەسەریش بۆ ئەو دۆخە كۆتیهێنانە بە داگیركاری نەك ئیدانەكردنی خەلك و تۆمەتباركردنیان بە گێرەشێوێنی و دەستگیركردنیان.  


بەشدار عوسمان      ئەو پەراوێزە ئازادی و کرانەوەی ئێستا ھەیە ھەرگیز مەکرەمەی دەسەڵات نیە بۆ خەڵک و نوسەران و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان، بەڵکو ئەوە ئازایەتی چاونەترسی خۆیانە و بەقوربانی گەورە تا ئێرە ھاتوە و ھەرگیز دەستبەرداری نابن، لە پێشتریش ھەموو فشارەکانتان تاقیکرایەوە ھەر لە کڕین و بێدەنگکردن و ترس و تۆقاندن، تا گەیشت بە زیندانی و گوللەنان بەدەمی نوسەران و رۆژنامەنوسان، دواجار ستەم و نادادییەکان ھێندە زۆرن ھەستی ھەموو ئینسانێکی خاوەن ویژدان دەجولێنێت، قڵشتەکان ھێندە بەرینن، مووی لەشی ھەموو ئازادیخوازێک بەرز دەکاتەوە، جیاوازییەکان ھێندە بەرچاون ئاسان نیە دەم و دەستی خەڵک لەئاستیدا دۆش دابمێنێت! کاتێک ژیان و گیانی ئیسانەکان لەھەموو شتێک بێ بەھاتر دەکرێت، کاتێک کەوتن و ساردبوونەوەی لاشەی ئینسانەکان دەبێتە دیمەنی رۆژانەی چاوەکان، کاتێک نایەکسانیەکان گەیشتۆتە لوتکە، کاتێک سەرەتاترین خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردە و ئاو و کارەبا لە خوار ھێڵی سفرەوەیە، کاتێک ھەژاری و بێدەرەتانی دەبێتە دیاردە و خەوتن و ڕاکشان و زیندەگی لەسەر شەقام و خیابانەکان دیمەنێکی ئاشنای چاوەکانمان دەبێت، ئیتر ئەمە تروسکایەکە کە دەبیسترێت و دەبینرێت. ئەوەی مەترسییە بۆسەر ئەمن و ئاسایشی ئەو ھەرێمە، گواستنەوەی خۆپیشاندان و رووداوەکان نەبووە و نیە، بەڵکو دامەزراندنی بنکە و بارەگای سەربازین، ترسان لەگواستنەوەی ئاھونوزە و گریانی خانەوادەیەک کەخوێنیان لەگڵ تۆپبارانەکان بەئاسماندا پەرشوبلاوبویەوە، ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵکانێک کە ساڵانێکی زۆرە ئێواران کەرت و پارچە و لاشەی ساردەوەبوی رۆڵەکانیان بەدەست دەگاتەوە، چ ئەمن و ئاسایشێک دەخاتە مەترسییەوە ؟! (کەڵەشێریش نەبێت رۆژ ھەر دەبێتەوە ..!) ئەگەر بۆ کات و ماوەیەک و لەشوینێکیش توانیبێتتان ژیان و گوزەران و مەترسییەکانی سەر ئەو کۆمەڵگایە و ناڕەزایەتی خەڵک پەردەپۆش بکەن، بەڵام بۆ کاتێکی زیاتر ئەمە ناچێتە سەر. لەوە زیاتر ئازادییەکان سنووردار ناکرێت و دەمی خەڵک و رۆژنامەنوسان نابەسترێت، پارەی نەوت و سەروەت و سامانی ھەموو ئەو کۆمەڵگایە بۆ کردنەوەی دەزگای راگەیاندن و کڕین و ناچارکردنی نوسەران و رۆژنامەنووسان و چەواشەکاری راستییەکان تەرخانکراوە، لەمە زیاتر چۆن و چی سنوورداردەکەن ؟! دەزگایەک نەبێت بەرپرسیارییەتی لە سەلامەتی گیان و ژیان و ھەناسەی مناڵان و پیر و پەککەتوانی ئەو کۆمەڵگایە نیشان بدات، لایەنیک نەبێت لەھەڕەشەکان بتپارێزێت، بنکەیەک نەبێت سەرەتاترین خزمەتگوزارییەکان دابینبکات و خەڵک بەقەزا و قەدەر بسپێردرێت، گەیشتە ئاستێک فەرمانبەران کرێی رۆژانەی دەوامەکانیان وەرنەگرن لەکاتێکدا داھاتەکان لەزیادبوندان و ژیان و خۆشگوزەرانی و رەفاھیەتی دەستەیەکی دەستڕۆیشتوو لەبەرزبوونەوەدایە، لەملاشەوە سەدان و ھەزاران چەتە و مرۆڤکوژ پەروەردە کراوە و رۆژانە نائەمەنی و ترس و تۆقاندن بڵاودەکەنەوە، لەمەزیاتر سنوور و دیواری چیتر دورست بکرێت؟!


د. هەردی مێد    له‌ به‌ر ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتوانی به‌شمه‌ینه‌تی فه‌للوجه‌ له‌ شه‌قڵاوه‌ زۆرێك ناوی شه‌قڵاویان نابوو <شه‌قڵلوجه‌>، واته‌ تێكه‌ڵێك له‌ شه‌قڵاوه‌ و فه‌للوجه‌. ئه‌و رۆژانه‌ش كه‌ هه‌ندێك له‌ خێزانه‌ فه‌للوجه‌ییه‌كان به‌ره‌و زێدی وێرانه‌یان ده‌رۆشتنه‌وه‌، شه‌قڵاوه‌ییه‌كان وه‌ك وه‌فا و به‌ئه‌مه‌كی بۆ ئه‌و چه‌ند ساڵ ژیانه‌ی به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ریانبردوو له‌گه‌ڵ فه‌للوجه‌ییه‌كان رۆشتنی ئه‌مانیان كردبووه‌ <بۆنه و ریتواڵێكی كۆمه‌ڵایه‌تی>‌ بۆ به‌ڕێكخستنێكی شكۆمه‌ندانه‌یان. ئاخر، له‌ به‌ر ئافاتی شه‌ڕ زۆرجار ئاگایمان له‌ سه‌ر وێرانه‌ی شه‌ڕ، زه‌بروزه‌نگ، كوشتن، بڕین…چرده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام زۆر شتی دیمان له‌ بیر ده‌چێت. نازانم به‌ راستی له‌ بیرمان ده‌چێت، یان له‌ به‌ر سام و وه‌یشومه‌ی شه‌ڕ وزه‌ و حه‌وسه‌ڵه‌ی بیركردنه‌وه‌یمان نییه‌. یه‌كێك له‌و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی شه‌ڕ دروستی ده‌كات <تێكه‌ڵی و ئاوێزانی كۆمه‌ڵایه‌تیه>‌. شه‌ڕ خه‌ڵكێك تێكه‌ڵ به‌یه‌كده‌كات كه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌رگیز رۆژگارێك له‌وه‌و پێش بیریان له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان و رێكه‌وته‌ی یه‌كتر نه‌كردبێته‌وه‌. ئه‌وه‌تا شه‌ڕ شه‌قڵاوه‌ییه‌كان و فه‌للوجه‌ییه‌كان به‌یه‌ك تێكه‌ڵ ده‌كات. به‌ شێوه‌یه‌ك شه‌قڵاوه‌ وه‌ك پانتایی ده‌بێته‌ هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی زاكیره‌یه‌كی گشتی نێوان شه‌قڵاوه‌ییه‌كان و فه‌للوجیه‌كان. هه‌ر فه‌للوجییه‌ك كه‌ هاتبێته‌ شه‌قڵاوه‌ له‌مه‌ودوا به‌شێك له‌ یاده‌وری له‌ شه‌قڵاوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. مۆریس هاڵباك، باوك و تیۆرسازی زاكیره‌ی گشتی، به‌ تێروته‌سه‌لی باسی په‌یوه‌ندی نێوان زاكیره‌ و پانتایی ده‌كات و ده‌ڵێت <زاكیره‌ هیچ كات به‌ بێ شوێن دروستنابێت. زاكیره‌ هه‌میشه‌ لانه‌ و پانتاییه‌كی هه‌یه‌ و تێدا نشونما ده‌كات>. شه‌قڵاوه‌ بۆ فه‌للوجه‌ییه‌كان بووه‌ پانتایی زاكیره‌یه‌ك كه‌ له‌مه‌ودوا هه‌ر ته‌نها به‌ هاتنه‌وه‌یان بۆ شه‌قڵاوه‌ بیریان بۆ ئه‌م شاره‌ ناجوڵێت‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شه‌قڵاوه‌ و ژیان له‌ شه‌قڵاوه‌ له‌ جه‌سته‌ و زه‌ینی فه‌للوجییه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌ و لێره‌وه‌ ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌كات به‌ شه‌قڵاوه‌یی. سه‌یره‌، چه‌ند سه‌یره‌ شه‌قڵاوه‌ ده‌بێت به‌ دروستكه‌ره‌وه‌ی عێراقش، چونكه‌ فه‌للوجییه‌كان له‌ رۆشتنه‌وه‌یان بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كانیان به‌ ناوی شه‌قڵاوه‌وه‌ ناو ده‌نێن و لێره‌وه‌ فه‌للوجه‌ و شه‌قڵاوه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێده‌ده‌ن و ده‌یكه‌ن به ڕایه‌ڵی هاونیشتمانیبوون و هه‌ستێكی هاوبه‌ش بۆ وڵاتێك كه‌ پێی ده‌ڵێین عێراق. له‌وانه‌یه‌ ئه‌م سه‌رنجه‌ به‌ لای هه‌ندێكتانه‌وه‌ هێشتا زوو بێت و وانه‌ده‌رنه‌چێت، منیش هاوڕاتانم. ده‌شێت هه‌ڵه‌ بم، به‌ڵام ناشتوانم ڕێ له‌ خۆم بگرم كه‌ بیرم به‌ لای ئه‌م دیارده‌یه‌وه‌ نه‌چێت، من كه‌ به‌ قوڵی هاڵباك٠م خوێندۆته‌وه‌ ده‌زانم شوێن چی به‌ زاكیره‌ و دیدی مرۆڤ ده‌كات. له‌ لایه‌كی دی، شه‌ڕ شه‌قڵاوه‌ ده‌كات به‌ كارخانه‌ی دروستكردنی <سه‌رمایه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی> به‌ ماناو گوزارشتی بۆردیۆ. واته‌، شه‌قڵاوه‌ ده‌بێت به‌ پانتایه‌ك تێدا فه‌للوجیه‌كان و شه‌قڵاوه‌ییه‌كان چه‌نده‌ها رایه‌ڵ، په‌یوه‌ندی و ئاوێزان دروست ده‌كه‌ن. نازانم هێشتا ئه‌م سه‌رمایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ چ ره‌نگ و بۆیه‌كی هه‌یه‌: هاوڕێیه‌تیه‌‌، هاوسێیه‌تیه‌، هاوسه‌رگێریتیه‌…نازانم. هه‌موو ئه‌مانه‌ شایه‌نی بیركردنه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ن. خۆزگه‌ به‌م نزیكانه‌ سه‌رێكی فه‌للوجه‌م بدایه‌. من شه‌قڵاوه‌ باش ده‌ناسم، ئاخیر له‌ بیرتان نه‌چێت من ماسته‌ره‌كه‌م له‌ سه‌ر شه‌قڵاوه‌ هێنا. بۆیه‌ ئێستا وه‌ختی ئه‌وه‌یه‌ بچم بۆ فه‌للوجه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا زیاتر بیر له‌ <شه‌قڵلوجه‌> بكه‌مه‌وه‌ و بزانم دواجار شه‌قڵلوجه‌ چی پێییه‌ بۆ زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و چیمان فێرده‌كات.


دانا مەنمی      كاتێك ده‌نووسم له‌خۆوه‌ شت ناڵێم كورده‌واری له‌خۆوه‌ نابڕم و نادورم ،به‌ڵكو به‌ به‌ڵگه‌وه‌ دێمه‌ گۆ ،كوردانه‌و ڕاستگۆیانه‌ ده‌نوسم ،پیاهه‌ڵدان مه‌رایی و خاترو خۆتری تێدا ناخوێنمه‌وه‌ ، هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌و تاقمانه‌ی كه‌ به‌خه‌ست و خۆڵی چه‌ند ساڵێكه‌ خه‌ریكی درۆو هۆنینه‌وه‌ی بوختان و تۆمه‌تن ده‌ربه‌ستان نیم و زۆر بێ منه‌تم ،چونكه‌ باش ده‌زانم كه‌ ئێوه‌ هه‌ڵگرانی بیری دۆگماو عه‌قڵتان ووشك و ژه‌نگگرتوون و خاوه‌نی هه‌ڵویست و ڕای خۆتان نین و كوێرانه‌ خه‌ریكی كاوێژو هۆنینه‌وه‌ی بوختانی سیاسیین . له‌ كوردستاندا هیچ شتێك هێنده‌ی حیزبایه‌تی و حیزبیبوون ناشیرین و قێزه‌ون نییه‌ ، حیزب بۆخۆی ده‌سه‌ڵاتێكی مافیایی هه‌یه‌ نه‌ به‌ زمان وه‌سف ده‌كرێت و به‌ قه‌ڵه‌میش پێناسه‌ ناكرێت ، حیزبی كوردی له‌ ڕووی ئایدۆلۆژییه‌وه‌ ئیفلاس و موفلیسه‌ هیچی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌ و هونه‌ره‌كانی پێكه‌وه‌ ژیانی له‌ناو بردووه‌ ، ناچار په‌نای بردووه‌ بۆ سایكۆلۆژیای خه‌ڵك و توندوتیژی جه‌سته‌ی فیكری هه‌ڕه‌شه‌و چاوسوركردنه‌وه‌ زمانی قسه‌كردنی حیزبی كوردییه هه‌م له‌گه‌ڵ خۆیان و هه‌میش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای كوردی ،زمانی توندتیژی حیزبی كوردی هه‌م فۆڕمێكی ماددی هه‌یه‌ كه‌ نانی یه‌كتر ده‌بڕن هه‌میش فۆڕمێكی ڕه‌مزیی هه‌یه‌ له‌ شێوه‌ی یه‌كتر شكاندن و بێنرخكردن و سوكایه‌تیكردن به‌ یه‌كتری . ئازادی خه‌ڵات و دیاری حیزب و سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتداران بۆ تاك و گروپ و كۆمه‌ڵگا نییه‌ وبه‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان داوای قڕوقه‌پی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوری له‌ رۆشنبیران ده‌كه‌ن و ده‌خوازن مرۆڤێكی ترساو بێئیراده‌و بێ زمان بین ، ئازادی له‌ ناو ئه‌و زه‌مینه‌ سیاسی و كلتوری و ئه‌خلاقییه‌دا له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزب مافی بوون و رێزگرتن و گه‌شه‌كردنی به‌ هه‌مووان به‌خشیووه‌ ،كه‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئه‌خلاقی خه‌مڵیووه‌ به‌ بیرۆكه‌ی لێبوردن و قبوڵكردنی جیاوازی ،له‌جیاتی قامچی و فیشه‌ك و سێداره‌ی حیزب هۆڵی گفتوگۆو ڕۆژنامه‌ی ئازادو له‌جیاتی ئه‌وه‌ی مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی بچوك و بێده‌نگ و گرگن و ته‌سلیمبووی حیزب بێت ده‌یكاته‌ ئینسانێكی ئازادو بونه‌وه‌رێكی قسه‌كه‌رو خاوه‌ن ئیراده‌ . له‌ كوردستان حیزب هیچترین شته‌ ،چونكه‌ ڕوداوی گه‌وره‌ نابینێت ، ڕاهاتووه‌ هه‌موو شتێك به‌ بچوكی ببینێت ، هه‌ربۆیه‌شه‌ سیاسییه‌كانی ناو حیزب خۆیان بچوك ده‌كه‌نه‌وه‌ هێنده‌ی كورسییه‌ك  ! حیزب رۆشنبیره‌كانی هه‌ناوی خۆیشی بچوك ده‌كاته‌وه‌ چونكه‌ ناچاره‌ به‌ بچوكبونه‌وه‌یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی بچوكه‌ ،هه‌موو شتێك بچوكده‌كاته‌وه‌ له‌ پێناو گه‌وره‌بوونی خۆیدا ،كه‌چی هه‌ربه‌ بچوكی ده‌مێنێته‌وه‌ ،به‌دیوێكدا ئه‌مه‌ گوزارشته‌ له‌ بچوكی عه‌قڵ وئایدۆلۆژیای حیزب و ئه‌فكاری سه‌ركرده‌و هه‌ركه‌سێكیش گه‌وره‌ بێت و ڕۆڵی پیاده‌كردنی ئه‌مرو نه‌هییه‌كانی حیزب و سه‌ركرده‌ نه‌گێڕێت و به‌ چاویلكه‌ی حیزبه‌وه‌ تیۆریزه‌ی سیاسه‌ت و ئه‌و ئایدۆلۆژیا موفلیسه‌ نه‌كات ده‌كه‌وێته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی قوتبڕین و توندوتیژی فیكری و كوێرانه‌ تفه‌نگی پێوه‌ ده‌نێن  ! ئه‌ها حیزبی كوردی چۆن دونیای لێ سه‌ره‌و ژێركردوین شته‌ بچوكه‌كانی لێ گه‌وره‌و گه‌وره‌كانیشی لێ بچوك كردوین ، شۆرش و جه‌نگی رۆشنبیر ،كه‌رامه‌تی ئینسان و به‌های ئینسانبوون ، گه‌لفرۆشتن و خاكفرۆشتن و دزینی نیشتیمان ،قه‌ڵه‌م كوشتن و نایه‌كسانی و نادادپه‌روه‌ری و كوشتنی رۆژنامه‌نوسان و دزینی ملیارات دۆلارو  ...هتد كه‌چی هه‌م و خه‌ممان داواكردنی موچه‌یه‌و موچه‌كه‌شیان بۆ بچوكتر كردینه‌وه‌  ،هه‌تا له‌ زه‌لكاوی بچوكبونه‌وه‌دا بین گه‌وره‌ نابین و هه‌ر به‌ بچوكی ده‌مێنینه‌وه‌ ! 


نەوزاد کەریم      ئەوەی کە رۆژانە دەگوترێ و گوێبیستی دەبین ، بەرامبەر بە پێشمەرگەو خەباتی رابردوو ،کە  ئێمەش لەناخەوە ئازاری پێ دەچیژین ، هەتا نەزانین دەردەکە لەکوێیە ، ئەو دەردەی کە دەڵین بێحورمەتی بە پێشمەرگە و خەباتی رابردوو دەکرێت ، دەست نەخرێتە سەر برینەکان و دەستنیشانی نەکریت ، هەرچی دەکریت خۆلادان و خۆ گێل کردنە لە ئەسلی مەسەلەکە و بردنێتی بە ئاراستەیەکی تر و بۆ مەبەستێکی ترە ، ئەگەر بەراست ئێوە وەک پێشمەرگەی دێرین بەتەنگ شکۆی پێشمەرگەوە و خوێنی هاورێ شەهیدەکان و خەباتی خۆتانەوەن ، ئەتانەوەی وەک ئەوەی کە دەڵین بێحورمەتیەکان راگرن ، خۆ دەبێ بزانن ، سەرچاوەی بێحورمەتیەکان لەکوێوەن و بۆ هەیە ، دەبێ بزانن ، کێن ئەوانەی هەموو شتێکیان لە جوانی داماڵی ، سوێند بە خوێنی هاورێ شەهیدەکانمان ئەوانەی ئەمرۆ تورەن و قسە لەسەر پێشمەرگە و خەباتی رابردوو ئەکەن ،  زوربەیان ئەوانەن کە تا ئیستاش خوینیان لێدەچۆریت و ئەوانەن کە خاوەنی گەورەترین قوربانین لە شۆرش و خەبات دا  ،چونکە لەسایەی ئەم حوکمەدا هەلپەرستەکان لە ئیستادا لەهەموو کات زیاتر ژیانیان باشتر و لە سێبەر و سایەی گەندەڵکاراندان و لە هیچیان کەم نیە ،خۆیان خاوەن وڵات وخاوەن ماڵن ، هەر خۆتان برۆن ئەوانەی گوندەکان بدوێنن ، ئەوانەی کە خۆیان لەو سەختی ژیان و کولەمەرگیەدا هەمیشە دەرگایان بۆ پێشمەرگە لەسەر پشت بوو ، برۆنە گوندەکانی گەرمیان و بەجێماوەکانی ئەنفال بدوێنن ، برۆن ئەو پیاوە بدوێنن ، کە لەمەرگەساتی ئەنفال دا ، تفی لە زەوی دەکرد و دەیوت ژیانیم بەبێ ئیوە ناویت و بەجێتان ناهێلم ، دەمەوێت لەگەڵ ئیوە بمرم ، سەرێکیش لە تیلەکۆ بدەن ، بچنە لای ئەو کاکەیەی کە  هێشتا ماڵ ومنداڵەکەی لەژێر تاشەبەرد وتاوێری شێوەکەدابوو ، لەچاوەرێی مەرگ دا بوون ، کە گەرایەوە گوندەکە و زانی نانەکەیمان خواردەوە ، وتی قوربانی ئەوە دەمەتان بم کە ئەو نانەتان پێ خواردوە ، برۆن و بزانن ، گوێیان لێبگرن و لەخۆیان و نەوەکانیان ، بزانن ئیستا چیمان پێ دەڵین ، خۆ لە بیرتان دێت ئەو شەوەی گەیشتینەوە ناو شاری سلێمانی و سەدان کەس لە پەنجەرەکانەوە سەریان دەرهینابوو ، بەخێرهاتنەوەی دەکردین و بەقوربانمان دەبوون و دەپارانەوە و دوعای سەلامەتیان بۆ دەکردین ، برۆن بزانن ئیستا چی دەڵین ،بزانن ئیستاش دوعای سەلامەتی و تەمەن درێژیمان بۆدەکەن ،  بەراست ئەمە ئەو رۆژەبوو، کە  خەباتمان  بۆ کرد و قوربانیمان بۆدا ، ئەمەی کە هەیەو ئەگوزەری و ئەو ژیانەی کە ٢٧ ساڵە خەڵک لەسایەیدا بەرێی دەکات ئەوەیە کە خەباتمان بۆکرد و خەونمان پێوە دەبینی وئەوەبوو هاورێکانمان خوێنی خۆیانیان بۆرشت و گیانی خۆیان لە پێناوی دا دانا ؟ بۆیە دەبێت دان بەو راستیەدا بنێن کە سەرچاوەی بێحورمەتیەکان بەهەموومان ، لای ئەوانەن کە خوێنی هاورێ شەهدەکانمان ،  رەنج و ماندووبونی گوندنشینەکان  ، خۆراگری پیاوان و ژنانی ناو زیندانەکانیان ، کردە خشت و کۆشک و تەلارەکانیان پێ هەڵچنی ، لای زوحاکەکانی سەردەمن ، لای ئەوانەن کە بەناوی خەباتی رابردووە ، وڵاتیان دادۆشی و نیشتمانیان کردە دیوەخانێک بۆ خۆیان و، برۆن یەخەی ئەوانە بگرن کە ئاشتی کۆمەلایەتیان تێکدا و کۆمەڵگایان لەبەر یەک هەڵوەشاند ،بەڵێ دەردەکە لێرەیە ، هەر لێرەشەوە بە خەبات و وەستانەوە لە دژی  دەتوانرێ  نرخ و شکۆ بۆ رابردوو، بگێردرێتەوە ، ئەو دیوارە ئەستورەی لەگەڵ خەڵک دروست بووە بروخێندریت..


پەیڕەو ئەنوەر      پرسیاری سەرەکی و بەرایی ئەوەیە تورکیا چۆن بیر لە کورد دەکاتەوە! دیارە بۆ تێگەیشتن لە تورکیا و جوڵەکانی، تێگەیشتن لە تورکیا وەک ئەکتەرێک کە زیاتر دەیەوێت لە دواوەی کورد دەربکەوێت نەک لە تەنیشت و لەتەکی دەگەڕێینەوە بۆ ئەدەبیات و رووداوەکانی جەنگی کۆتایی جەنگی سارد و کوێت. کوردانی باشوور لە کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ دا روودەکەنە سنوور! ئەم جوڵە بە کۆمەڵەی کورد بۆ سەر سنوور و بەدیار چاوی میدیا گەورە و رۆژنامەنووسانی دونیاوە خەم و ترسێکی گەورەی بۆ تورکیا دروستکرد. ترس لەوەی کوردانی باشوور بۆیەکەمین جار لەدوای رووخان و پارچە پارچەبوونی ئیمپڕاتۆری عوسمانییەوە پەیوەندی بەیەکترەوە بکەن و سنووری لۆزان و هێڵەکانی لۆزان تێکبشکێنن! تورکیا یەکێک لە خەمە هەرە گەورەکانی لەو جێگۆڕکێ و راکردنەی کوردانی باشوور بۆ سەر سنور مەسەلەی پەیوەندیکردن و ئامێزانبوونی باشوور و باکوورییەکانی کوردستان بوو! ترس لەوەی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان بە یەک زمانی ناسیۆنالیزم و بەیەک خەمی سیاسی و نەتەوەیی گفتوگۆبکەن؛ بە یەک خەیاڵی سیاسی و بە یەک پڕۆژە و چاوەڕوانی سیاسی و نەتەوەیی لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدابن. دیارە تورکیا نەیدەویست لەڕووی جیۆپۆلەتیک و سنوور و ناسنامەی فەرمی وڵاتەکەیەوە لاواز دەربکەوێت و بخنکێت. (تورکت ئۆزاڵ) هەر زوو لەدوای کۆڕەوەکەوە پێشنیاری کرد کە ناوچەی ئارام لە باکووری عیراق دروست بکرێت. ئۆزاڵ دەیویست کوردانی ئەم دوو پارچەیە دابڕاو، دوور لەیەکتر، بە دووزمانی سیاسی و خەیاڵی سیاسی بمێننەوە! باشوورییەکان لە سنوورەوە بەرەو ناوەندی شارەکان بکشێننەوە تاکو لەگەڵ باکوورییەکان لە پەیوەندیدانەبن و بەیەک زمان و چاوەڕوانی سیاسی گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر نەکەن. پێدەچێت دەستەبژێری سیاسی تورکی لەوکاتدا ترسیان لەوە هەبووبێت بەهۆی گٶڕانی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی و بنەماکانی New World Order و تاک جەمسەرییەوە کورد ناسنامە و سنوور بەدەستبهێنێتەوە! باکوورییەکانیش هاوشێوەی برا باشوورییەکانیان جوڵە بکەن، زمانی سیاسی و جەستەی سیاسیی و نەتەوەییان رێکبخەنەوە! داواکارییەکی بونگەراییانەیان لەو سیستمە سیاسییە تازەیەی دونیا هەبێت و جەستەی تورکیا رووبەڕووی ماندووبوون و لەت لەتبوون بکەنەوە! تورکیا لەدوای راپەڕینەوە هەرزوو ئامادەیی دەبێت لە باشووری کوردستاندا. ئامادەبوون لەڕێگەی PMF ەوە، ئامادەبوون بەزمانێکی ئاشتییانە. پڕۆسەکە وەهابوو کە تورکیا بەشێوەیەکی سیمبوڵی لە باشووردا بژی، بمێنێتەوە و ئاگاداری دونیای کوردی بێت. دواتر چەندین بنکەی سەربازی تورکی لە باشووردا دەرکەوتن. لێرەوە ئامادەبوونی تورکیا لە فۆڕمێکی نەرمەوە دەگۆڕێت بۆ سەرباز و هێز. هێز لێرەوە نوێنەرایەتی دۆخێک دەکات کە ئەوانی تر پارچە پارچە و دابڕاو بکات، یان دەرفەتی تێکەڵبوون و پەیوەندی ئەندامانی نەتەوە بەیەکتر نەدات. ئەمڕۆ تورکیا لە شیلادزێ ناسنامەی سەربازبوونی خۆی لەدەستدەدات؛ تانک و هێما سەربازییەکانی دەسوتێنرێت! تورکیا ترسێکی گەورەی لەوە هەیە ئەم کردەیەی شیلادزێ لە کردەیەکی سیمبوڵییەوە خۆی بگۆڕێت بۆ کردەیەک جەماوەری و بچێتە نێو جەستە و پەیکەری تورکیاوە وەک چۆن لەدوای جەنگی ساردەوە سۆڤیەت پارچە جیاوازەکانی لە جەستەی جیابوویەوە! یوگسلاڤیای پێشوو رووبەڕووی دابڕان و دابەشبوون بوویەوە. دیارە تورکیا هێشتا خەمی ئەوەیەتی ئەگەر وەک سەرباز لەباشوور ئامادەنەبێت باشوور و باكوور هەستی هاوبەش و خەمی هاوبەش کۆیانبکاتەوە یان بەلایەنی کەمەوە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی تێری تری Territory بێتەوە کایەوە. ئەم ترسە لەزۆربەی دۆخەکاندا وای لە تورکیا کردووە مەسەلەی کورد لە مەسەلەی شوناس و بوون بگۆڕێت بۆ مەسەلەی ئاسایش. تورکیا دەترسێت بەبێ بوونی سەرباز لە شیلادزێ و بەبێ فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکە جۆرێک لە تێری تری بەرهەمبێت ماناکانی تورکبوون و دەوڵەتبوون دەستکاری بکات. دەکرێت لەڕێگەی تێزەکانی (بیندکت ئەندەرسن) زیاتر لەدۆخی بەرهەمهێنانی ناسیۆنالیزم و تێپەڕاندنی سنور و جیۆپۆلەتیک و جەستەی دەوڵەت و لەیەکترنزیکبوونەوەی ئەندامانی نەتەوە بگەین.


لاوك سەڵاح      ئەم ماوە زۆرەی لە پێکهێنانی حکومەتدا بەسەربراوە ئاماژەیەکی زەقە کە پارتە سیاسییەکان پێویستیان بە کاتە بۆ بیانکردنەوەی متمانە لە نێوان خۆیاندا، هەر بۆیە براوەی یەکەم بە جیا لەگەڵ براوەی دووەم و سێهەم دانیشت بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بکات بۆ دانیشتنی سێ قۆڵی. ئەمە ئاساییە تا ئەو کاتەی پرۆسە و گفتوگۆی سیاسی بەرهەمی سیاسی لێدەکەوێتەوە نەوەک ململانێی سیاسی-کەلتووری. باشتر بوو هەر لەسەرەتاوە هەرسێ لایەنەکە پرۆسەیەکی هاوبەشی سیاسی شەفاف و تەکنیکییان دامەزراندایە بۆ ئەوەی دووربن لە ورتە ورتی ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەو لا چی وتراو لە کۆبوونەوەی ئەم لا چی وترا؟! هەر بۆ ئەوەی ناچار نەبن لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیدا ئەوەی وتراوە بووترێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی تا کاتێکی کەمتر بەڵام چرتر بۆ چارەسەری کێشەکان بەسەر بەرن، بەڵام ئەوەی روودەدا ئەوەیە کە هەر سێ لایەنەکە بە وریایی و بێ متمانەیی و بە ئاگاییەوە لەگەڵ یەکتر دەجووڵێنەوە کە پێم وایە هێشتا ئەو بنەما یاسایی و سیاسییە نییە بۆ کاری پێکەوەیی کە دەبێت چەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە. ئەوەی روودەدات بۆ بیناکرندنەوەی متمانەیە کە رەنگە لە هەر ساتێکدا بێت ئەو هەوڵەش نەمێنێت ئەگەر بە گیانی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت. ئەم سات و ئەم دۆخ و ئەم ئەزموونە جیاوازە، لەبەر ئەوەی لە بەردەم دونیایەک هەرەشەی ناوخۆ و دەرەکی و گۆرینی سەرکردایەتی سیاسی لۆکەڵداین کە دەناڵێنن بە دەست نەبوونی دیدێکی ستراتیژییەوە موتوربە بێت بە گرفتەکان وخاوەنی نەفەسێکی درێژ و رەفتارێکی میانرەو بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرژەوەندی ناوچەکاندا. بەداخەوە گرفت لە دروشم و بەرنامە سیاسییەکاندا نییە، هەموویان دەتوانن بەرنامەی سیاسی بە باشترین شێوە دارێژن بەڵام ناتوانن لەبەر کێشەی سیاسی، کە لە بنەچەدا کەلتووری و کەسییە، تا سەر بە شوێنی مەبەستی بگەیەنن، کێ خاوەنی پرۆسەیەکی شەفافە بۆ ئەوەی فلتەری کەسەکان و دامەزراوەکان بکات دوور لە فشاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و عەشایەری و ناوچەگەری بۆئەوەی نوێنەرایەتی خەڵک بکەن، بۆ خزمەتی خەڵک. گرفت لە عەشیرەت و گروپ نییە، گرفت لەوەدایە کە لە ناو عەشیرەت و پارتی سیاسییدا میکانیزمێک نەبێت بۆ فلتەرکردنی کەسە بە تواناکان بۆ ئەنجامدانی کارەکان. کێ حکومەت دەکاتەوە بە قوربانی خزم و هاورێ و عەشیرەت و دۆستی خۆی با سەرلەنوێ باجەکەی بداتەوە. با ئینتحار بکات! پێکهێنان و دامەزراندنی حکومەت پێویستی بە جورئەتی سیاسی هەیە لە هەڵبژاردنی بەرنامە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە بەرنامەی سیاسی تەندروست و ستانەدەرد هەیە، گرفت لە پارتی بوون و یەکێتی بوون و گۆران بوون و کۆمەڵ بوون نییە، گرفت لەوەدایە کە کۆمەڵە کەسێک هەن لەهەر کۆیەک بن هەروەک یەکن ولە یەک دەچن و پارتەکانیش بەهەمان میکانیزم و ئامانچ هەر ئەوانە هەڵدەبژێرن، هەر ئەوەندەیە کەسەکان ناویان جیاوازە ! ئەوەی دەگوزەرێ بەداخەوە پرۆسەی بەرجەستەکردنی سیاسەت نییە، بەڵکو ململانێیەکی کەلتووری نێوان براکانە، بەداخەوە جیاوازی فەلسەفەی سیاسی و ئایدیۆلۆجیای سیاسی نییە، جیاوازی گروپەکانە، کێ دەتوانێت خشتێک بخاتە سەر میراتی خۆی ئینجا بۆ راستکردنەوەی رێرەوی کارکردنی سیاسی بێت یان هێنانەکایەی وەچەرخانێکی سیاسی بێت کە ئەمە خەونە ئەوە لەمەودای دووردا براوەیە. لە یادتان بێت ئەوەی دەگوزەرێ لە دۆخێکی پڕ نائومێدیدا روودەدات، کەس ناتوانێ بڵێ هەڵە نەبووم، بەڵام دەتوانن بڵێن ئەو هەڵەیە دووبارە ناکەمەوە، پارتی، هەڵەی ستراتیژی کردووە، خۆیان ئاگادارن، کاندیدەکانی گۆڕان لە ئاستی بەرپرسیاریەتی حکومەت و میراتی خۆیاندا نەبوون، لە نیوەی رێگا کادەرەکانی بەجێیان هێشت، یەکێتی سەرقاڵی رێکخستنەوەی بەرژەوەندی کۆمپانیا پەرتەوازەکان و لۆردەکانی جەنگن و پارتە ئیسلامییەکان تا ئێستا نەیان توانیووە ببنە پارتێکی سیاسی مەدەنی. ئەمە هەرێمە لە بەردەم هەرەشەی نەزانینی رۆڵەکانی خۆیدایە، لەبەردەم خۆ خۆریدایە. کێ مەهەدییە قوتاری بکات.


لەتیف فاتیح فەرەج        هەڵبەتە تا ئێستا هۆكاری زۆر هەبوە بۆ ئەوەی لە سەر كەم و كوڕی و كەندو لەندەكان قسە نەكەین ، سەرەكی ترین هۆكار هەر ئەوە بووە هێشتا ئومێدی زۆرمان بەوە بووە ،ئەم بزوتنەوەیە بتوانێت بەسەر كێشەو گرفتەكانی نێو خۆیدا زاڵ بێت و بگەڕێتەوە سەر راستە رێی ئیشكردن ، لە ماوەی رابردوداو لە سەرەتای دروست بوونی ئەم بزوتنەوەیەوە ، بەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە بزوتنەوەی گۆڕان خۆی بێت ، خۆی بەو مانایەی لەوانی تر نەچێت ، لەو پێناوەشداو لە پێناوی ئەوەشدا كە ئەمبزوتنەوەیە ببێتە بزوتنەوەیەكی جیاوازو روحی تولە رانس و پێكەوەی پەرە پێبدات دیدو سەرنجی زۆرمان داوەبە خاوەنبڕیارەكانی ناوی ، مەبەستیشمان بووەلانی كەم لە رێگەی ئەم بزوتنەوەیەوە ئەو بارو دۆخەی كوردستانی تێكەوتوە ، بە تایبەت ئەو ململانێ‌ ناشرینەی نێوان پارتی و یەكێتی بە كۆتا بێت و هەنگاوەكانی بە نیشتمانی كردنی هێزی پێشمەرگە ، نوسینەوەو دانانی دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستان ، كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان ،  چارەسەری بارو دۆخی خەڵك ، پرسی نەوت و سامانی ژێر زەوی بگەنە ئەنجام . بزوتنەوەی گۆڕان  لە ئێستادا لە دۆخێكی زۆر خراپدایە لە بەر ئەوەی : یەكەم : كورسیەكانی لە پارلەمانی كوردستان نیوە كەمیان كردوە . دووەم : دەنگەكانی بەڕادەیەكی بەرچاو هاتوەتە خوارەوە . سێیەم : ژمارەیەكی یەكجار زۆری هە ڵسوڕاوو هەواداری نائومێد كردوە ، یان لێیان ناپرسێتەوە . چوارەم : بە كردوە ئێستا دوو دیدی جیاواز لەو بزوتنەوەیەدا هەیە  دیدێكی دەرەوەی گردەكەو دیدێكی نێو گردەكە . پێنجەم : لەسەر چوونە ناوحكومەت یان نەچوون هیچ كۆدەنگیەك نیە ، بەرچاو ڕوونی نیە ، لە چوون و نەچوون گومان و دوودڵی هەیە . شەشەم : ناتوانێ‌ كۆنگرەی چارەسەرو گەڕانەوەی راستەڕێ‌ ببەستێ‌ . حەوتەم : نەیتوانیوە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا بێلایەنی خۆی بپارێزێ‌ . هەشتەم :بزوتنەوەی گۆڕان خەریكە دەبێتە بەشێك لە نائومێدی . نۆیەم : بۆیەكجاریش ئەم بزوتنەوەیە بایەخی بە پەروەردەی سیاسی نەدا هەتا ئەو خزان و لادانانە دروست نەبن كە بوون . دەیەم : چ لە سەردەمی كاك نەوشیرواندا چ تا ئێستابزوتنەوەی گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی بگۆڕ نا وەك دیاردەیەكی دەنگی هەیە ، ئەمە كێشەیەكی گەورەی ئەو بزوتنەوەیەیە . سێ‌ خاڵی گرنگ لە نێو ئەم بزوتنەوەیەدا ونن : یەكەم : بەرپرسیارەتی و رێزی ناوەكی . دووەم : لێپرسینەوەو بە دواداچوون . سێیەم : دیدگای سیاسی  كە ئەمەیان لە خاڵەكانی تر گرنگترە . لە راستیدا ئەم كێشەو گرفتانە پێویستە بە ئاشكراو بە بەر چاوی خەڵكەوە قسەی لە سەر بكرێت ، نەك ئەوەی بەردەوام قسە لەسەر ئەوە بكرێت كە ناكرێ‌ كێشەكان بكەونە سەر ڕووپەڕی میدیاكان ، لە كاتێكا بزوتنەوەی گۆڕان خۆی دژی ناڕوونی و شاردنەوەیە . لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەر لە سەرەتاوە جۆرێك لە فەوزا هەبووە ، یان رونتر خودی بزوتنەوەكەش كاری لە سەر فەوزا كردووە ، لە كاتێكا ئەمە بەرە بەرە دەبێت بە دیسپیلین و بەرنامە چارەسەر بكرێت ، كەچی خراوەتە سەریەك و بۆ رۆژگار لێی گەڕاون، رۆژگار هیچ كاتێك كێشەكان چارەسەر ناكات . ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان كێشەی شوناس و ناسنامەشی هەیە ، ئەمەیان پەیوەستە بەوەوە كە تا ئێستا نەتوانراوە كۆنگرەیەكی دروست ببەسترێت ، كۆنگرەیەك بەرپرسیارەتی و دەسەڵات و خاوەندارێتی و خۆخاوەنی بزوتنەوەكە یەكلا بكاتەوە . من لەم رۆژانەدا زۆر سەیرم بەو دەستەواژانە دێت كە ئەم بزوتنەوەیە  بڵاوی دەكاتەوە ، بۆ نمونە یەكێتی حەز دەكات ئاشت بینەوە ، پارتی حەز دەكات بڕۆینە حكومەتەوە ، لێرەدا قسە لە سەر ویستی گۆڕان و پێویستی ئاشی یان بەشداری ناكرێت ، لێرەدا بزوتنەوەی گۆڕان ونەو ئەوانی تر لە بارەی خۆیان و ئەویشەوە قسە دەكەن ، ئەوە جگە لەوەی لەوە دەچێت جیفاتی نیشتمانی ئیدی هۆیەك بۆ مانەوەی نەمابێت ، چونكە لە نێو ئەو بارو دۆخەدا هیچ پڕۆژەیەكی رونی نیە . ئەم بزوتنەوەیە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت لە داهاتوی نزیكدا لە ئێستا زیاتر داغان دەبێت ، بەوەش نەوشیروان مستەفاو هەموو ئەوانەی لە تەكیدا دەستیان دایە ئەم پڕۆژەیەوە بەرەو بیر چوونەوە دەچن لای خەڵك ، كە نەمن و نەكەس مەگەر نەیارەكانی ئەو بزوتنەوەبە ئاواتە خوازی ئەوە بن .  


سەردار عەزیز      چەند ساڵێک لەمەوپێش بە مەبەستی زانینی زیاتر چومە نزیک بنکەی سەربازی تورکی لە شیلادزێ. ئاشکرابوو بۆ چاودێری پەکەکە لەوێدا دانرابوو. بەڵام ئەوەی چەند ڕۆژی پێشوو ڕویدا ئاماژەن بۆ چەند پێشهاتێکی نوێ: ماوەیەکە بیر لەوە دەکەمەوە کە چۆن بتوانین بە شێوازێکی جیاواز وێنای چارەسەری کێشەی کورد بکەین. هەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە چارەسەری کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی سێ پارچەی کوردستان، باکور و باشور و ڕۆژئاڤا، هەتا بێت زیاتر پێکەوە دەبەسترێن. بەو مانایە چارەسەری دەوڵەتی یان دەوڵەتی نەتەوەیی: عێراقی و سوری و تورکی بوونی نیە، ئەمە لە قۆناغێکی تریشدا کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە.  لە ساڵی ٢٠١٢ لە زانکۆی کەلتور یونیڤێسیتی لە ئیستەنبول لە کۆنفراسێکی تایبەتدا بە ستراتیژی بیری داودئۆغلۆ، لە گەڵ کۆمەڵێک دیپلۆمات و ئەفسەر و ئەکادیمی تورکدا پێشنیاری ئەوەم کرد، کە دۆخی دونیای ئەمڕۆ لە ڕووی ئاگایی و تەکنەلۆجیا و چالاکبوون و گۆڕانکاری سیستەمی دەوڵەت، هەتا بێت کوردەکان لەیەکتر زیاتر نزیک دەکاتەوە: ئەمە بە ئاشتی بکرێت باشترە، چونکە شەڕیش هەمان دەرئەنجامی دەبێت.  ئەگەر ڕۆژێک کوردەکان بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکرێت جۆرێک لە پێکەوەبوون تر لە دونیای ئەمڕۆدا بێتە دی. وەڵامی ئەوان تێکەڵ بوو. دیارە یەکەم ترس ئەوەیە کە نەک هەر دان بە کورددا بنێن بەڵکو دان بە ئەوەدا بنێن کە خاکی کوردستانی فراوانترە لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە. بەم پێیە خاک و گەلی تورکی شوناسی دەکەوێتە ژێر مەترسیەوە. گرێیەک هەیە لە ناخی سیاسەتی تورکیدا ناوی دەنێم گرێی سیڤەر، بەمانای ئەوەی کە تورک دەترسن کە ئەوانی تر هەوڵی سڕینەوەیان بدەن. لەم ڕوانگەیەوە پرسی کورد دەبینن. بۆیە پەیوەندییان لە کورددا پەیوەندی وجودییە. یان ئێمە یان ئەوان، ناکرێت هەردوکمان هەبین. ئێمەی کورد ئەم دۆخەمان نیە، ئێمە هەین بەڵام شەڕی دانپیانان دەکەین، ئەوان دانیان پیانراوە بەڵام شەڕی بوون دەکەن. ئێمە ناترسین لە بوونی ئەوانی تر، ئەوان دەترسن لە بوونی ئەوانی تر، چونکە بونیان بونێکی دەوڵەتییە نەک بونێکی نەتەوەیی. دەوڵەت و نەتەوە لە دۆخی تورکیادا تەماهی بوون. دەوڵەت نەتەوەیە و نەتەوە دەوڵەتە، ئەمە کرۆکی پرۆسەی ئەسیمیلاسیون یان توانەوەیە. لە کوردستانی عێراق کۆمەڵێک عێراقچی خاوەنی ئەم دیدە ئەتاتورکیەن، کە دەیانەوێت کورد لە عێراقدا بتوێننەوە، بەڵام زیاتر نەخۆشییەکی شەڕی ناوخۆی کوردییە، لەوەی دیدێکی توکمەبێت.  ئەوەی من بیری لێدەکەمەوە وەک ڕوانگەیەک، دەوڵەمەندکردنی دیدی جەیمس سکۆتە. ئەم بیرە لەوێوە دێت کە دەوڵەتی تیرەتۆری ناوچەکە، لە سەرەتادا وەها دروست بوون کە پێکهاتەکانیان بتوێننەوە، هەتا نەتەوەیەک دروست بکەن بە مۆدێلی ئەوروپا. بەڵام تازە درەنگە بۆ ئەمە. لە دۆخی کورددا، ئەگەر سنوری نێوان ئەم وڵاتانە نەرم بکرێنەوە، بە جۆرێک هاتوچۆ و جوڵە و ئاسان بکرێت، لە بەرامبەردا کورد بەرپرس بێت لە پاراستنی ئاسایشی ئەم سنورانە، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆکاری پەرتبوون لە نێوانیاندا. ئەمە وەها دەکات کە کێشەی ئاسایش چارەسەربێت، ئابوری بگەشێتەوە، پرۆسەی نکوڵی و توانەوە کۆتایی پێبێت. لە هەمانکاتدا پرسی جوادبونەوە، پەرتکردنی ئەم وڵاتانە وەک ترسێک کۆتایی پێبێت. چونکە لەم دۆخەدا کورد یەکن بەڵام سەر بە سیستەمی سیاسی جیاوازن، بەڵام دەتوانن سیستەمی سیاسی لۆکاڵی خۆیان بەرهەمبهێنن بە تەبا لە گەڵ سیستەمی سیاسی وڵاتەکان.  ئەم دۆخی کاڵبونەوەی سنور یان نەرمبوونی، بەڵام مانەوەی، کورد دەکاتە خاڵی بەیەکگەیشتنی سێ شارستانی پڕ لە ململانێ.  بۆ کورد کۆمەڵێک سودی هەیە: یەکەم خۆیەتی لە گەڵ ئەویتردا، کە سروشتی دونیای ئەمرۆیە دووەم، پرسی سنور کۆتایی دێت وەک کێشە، بەڵکو سنور دەبێتە خاڵی بەیەک گەیشتن.  سێیەم، لە بڕی بوون بە بەربەست کورد دەبنە بەیەک گەیەنەر چوارهەم، ئەم پرۆسەیە کورد لە پەراوێزەوە دەکاتە سەنتەر. دیارە ئەم پرۆسەی سەنتەر و پەراوێز لە سەردەمی جیهانگەریدا دەکرێت بە شێوازێکی تر ببینرێت. بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە: کۆتایی بە ململانێی سەربازی کۆتایی بە دەستورەدانی نێودەوڵەتی کۆتایی بە کێبڕکێی هەرێمی کۆتایی بە سیاسەتی ترس هێشتنەوەی سنورەکان بە گۆڕینی ڕۆڵ و مانایان. هەوڵ ئەدەم لە کۆنفرانسی کوردش ستەدی لە لەندەن ئەمساڵ ئەم بیرە بخەمە بەرچاوی لێکۆڵەرەوانی کورد بۆ دەوڵەمەندکردنی زیاتری. هەموو ئەمە لە سەر ئەو تێزەیە کە ئەگەر لە ڕابوردوودا سەرباز و دیپلۆماتەکان سنوریان کێشا، ئەمڕۆ خەڵک دەیانەوێت سنورەکان داڕێژنەوە.


فه‌همی نه‌بی       وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناوی سەفین دزەییە، ساڵانێک نوێنەری حکومەتی ھەرێم و نوێنەری پارتیش بوە لە تورکیا، خێزانەکەشی تورکە، بەراوردی راگەیەنراو و بەیاننامەکانی کابینەکانی پێشووی حکومەت و ئەم کابینەیە بکەن کە ئەم برادەرە نوسەری بەیاننامە و راگەیەنراوەکانە جیاوازیەکی زەقی ھەیە، لە کابینەکانی تر نەک ھەر زمانی بەیاننامەکان راستەوخۆ بوون بەڵکو درێژتر و باشتر بوون،ئ ێستا حکومەت لەجێی بەیاننامە راگەیەنراو دەردەکا کە جیاوازیان ھەیە. راگەیەنراوەکانی ئێستای حکومەت سەبارەت بە تاوانەکانی تورکیا لە پەنجا ووشە تیپەڕناکا، لەھەموو راگەیەنراوەکان یەک رستەی دوبارە ھەیە (نابێ پەکەکە چیتر بیانو بدات بۆ دوبارە کردنەوەی بۆردومانەکان)، لەوە گەڕێ حکومەتی ھەرێم بە خڕ و خڕی لەژێردەستی ئیڕان و تورکیایە بەڵام ئەم بێشەرمییە بەئاشکرا مێژوو چ ناوێکی لێدەنێ؟ ده‌ستی ده‌ره‌كی و گێره‌شێوێنان ده‌ربڕینێكه‌ جگه‌ له‌ رازیكردنی دڵی توركیا هیچ راسته‌یه‌كی نیه‌، ئه‌ردۆگان به‌ هه‌رێمه‌كه‌ی تۆ ده‌ڵێ زۆنگاو،ت ۆش خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی ئه‌م زۆنگاوه‌ی! بۆ ناویده‌نێی گێره‌شێوێن!ته‌واوكردنی ئه‌ركه‌،‌ سەیری بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق بکە لە ھەمبەر بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بڕیار دەدەن بالیۆزی تورکیا لەعیراق بانگھێشت بکەن بۆ پرسیار لە ئاست ئەو دەستدرێژیانەی دەیکات لە خاکی عێراق، ئێدارەی ئەم ھەرێمە ھەرگیز لەوە ناچێ ساڵێک بەر لەئێستا داوای سەربەخۆیی کردبێ، تایپێکی سیاسەت لە ھەرێم پەیڕەو دەکرێت مێژوو رابوردوو و داھاتووی نەک کورستان ھەموو ناوچەکە روبەڕووی خەجاڵەت کێشان دەکاتەوە، کەڵەگایی تورکیا لەم ناوچەیە دەرئەنجامی بێدەنگی و ملکەچ بوونی سەرانی سیاسی بەشێک لەووڵاتانە، ئەرمەنیەکان دەرگای ھەموو پەیوەندیەکی ئابوری و سیاسیان لەگەڵ تورکیا داخستوە، تورک قەستەسەری کوشتنی ئەرمەنن لە مێژودا، بەڵام ھەرگیز ملکەچی ئیرادەی تورکیا نابن و لەبیری ناکەن،تۆ سەیرکە تورکیا لەگەڵ بولگاریا لە کێشەدایە لەگەڵ یۆنان و ئەرمینیا و بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی لە کێشەدایە، باسی ئەوروپا و رۆژئاوا ھەر مەکە، ئەوەی تەواو تەسلیمی ئیرادەی تورکیابوە لەناوچەکە بەتەنیا ئەو ھەرێمە چکۆڵەیەی خۆمانە کە بیست و پێنج ساڵە توركیا تەراتێنی لێ دەکا،كۆی روداوه‌كه‌ی شیلادزێ وەلامدانەوەیەکی باشە ئەگەر بەردەوام بێت.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand