Draw Media

 + فارس نەورۆڵی   خەباتی گەلانی چەوساوە ھەمیشە لەلایەن کۆمەڵێک نوخبەی ئازادی خوازەوە ڕابەرایەتی کراوە، ئیتر ئەو نوخبەیە بەپێی سروشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگەیە دەرکەوتووە، ھەندێک جار لە کەسایەتیەکی دەرکەوتوو یاخود پیاوانی ئاینی یاخود لە بنەماڵە یەکدا چڕ بۆتەوە، ئیتر بەپێی ئەو قۆناغە و بواری سیاسی، خەباتی سیاسی یان چەکداری پەرەی پێ دراوە، ئەمەش لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی سیاسی گشتگیردا خراوەتە ڕوو بۆ دروستکردنی کیانی سیاسیی یان دەوڵەتی نەتەوەیی.  پرۆژەکەی (بسمارک-یەکەم ڕاوێژکاری ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا ١٨٧١-١٨٩٠) نمونەیەکە کە زۆربەی جار سیاسیەکان ئاماژەی پێ دەدەن و دەگەڕێنەوە بۆی، زۆر سەرکردەی دیکەی جیھان ھەن کە خاوەنی پرۆژەی نەمرن بۆ نەتەوەکەیان، لە قۆناغێکدا خاوەندارێتی مەسەلەی نەتەوەکەیان کردووە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ، کە سەرچاوەی ململانێ و شەڕو بەریەک کەوتنی بەرژەوەندیەکانە، لێرەدا مەسەلەی کورد ئەو ئەڵقە بووە کە کراوەتە قوربانی بەرژەوەندی سیاسی زلھێزەکان و دابەش کراوە بەسەر چوار دەوڵەتدا کە بە ھەموو جۆرێک ھەوڵی سڕینەوەی کوردیان داوە، لە بەرامبەر ئەم جەنگە بێ ڕەحمانەدا گەلی کورد بەرەنگاری بۆتەوە ، توانی جەنگی (وجود) بەرێتەوە ئیتر لە ھەر قۆناغێکدا گروپێک کەسایەتیەک بنەماڵەیەک ڕابەرایەتی بزوتنەوەی کوردایەتی کردووە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکات ماڵی (بارزانە). حەزدەکەم خوێنەر بەچاوێکی ئایدۆلۆجی وشک یان بە ڕق و کینە ئەم وتارە  نەخوێنێتەوە، بەڵکو بە واقع و تێگەیشتن لەواقع سەیری بکات، منیش وەک واقیع نوسیومە، بۆیە پێویستە خوێنەری  ئەم وتارە ھەر بیر و ڕایەکی ھەیە، واقیع وەک ئەوەی ھەیە لێی تێ بگات ، نەک وەک ئەوەی حەزمان لێیە.  لێرەدا دەگەڕێمەوە کرۆکی مەسەلەکە ئەویش ئەوەیە کە سەیری شۆڕشەکانی بارزان بکەین بەتایبەتی سەردەمی (شێخ عبدول سلام بارزانی) ئەو کات (شێخ عبدول سلامی بارزانی) جگە لەوەی لە ھەوڵی کۆکردنەوەی ھۆزەکانی کوردا بوو، پرۆژەیەکی سیاسی ئامادە کردبوو ئاڕاستەی (عوسمانیەکان)ی کرد کە لە چوار خاڵ پێکھاتبوون، بریتی بوون لەمانە :- زمانی کوردی لە ناوچە کوردیەکاندا بکرێت بە زمانی فەرمی. خوێندن لە قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردی بێت. بەڕێوە بەرایەتیە خۆجێییەکان بەدەست کوردەوە بن. باج و دەرامەت وەک خۆی بمێنێتەوە بە مەرجێک لە چاککردنی قوتابخانە و ڕێگاو بان  و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان بۆ ناوچە کوردیەکان سەرف بکرێت. ئەم داواکارییەی (شێخ عبدول سلامی بارزانی) ساڵی ١٩٠٧ واتە ١١٢ ساڵ پێش ئێستا ، ئەگەر بە چاوێکی تەڵخ-ی ئەم سەردەمە ئەو کاتە نەخوێندرێتەوە ئەم پرۆژەیەی (شێخ عەبدول سەلامی بارزانی) ھەنگاوەکانی بە بەراورد بە جیاوازی سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتی، ھیچی لە پرۆژەکەی (بسمارک) کەمتر نیە، ھەرچەندە عوسمانیەکان داواکەیان جێبەجێ نەکردوو لە پلانێکی گڵاودا (شێخ عبدول سلامی بارزانی) بەدیل گیراو لە سێدارە درا، بەڵام ئەم ئامانجە ڕەوایە کپ نەکراو (موستەفا بارزانی) درێژەی بە خەبات داو شۆڕش ھەڵگیرسایەوە و دواتر (بارزانی) چووە (کۆماری مەھاباد) بۆ ھاوکاری کۆمار . ئەگەر کتێبەکەی (غەنی بلوریان- ئاڵەکۆک) بخوێنێتەوە و وێنایەکی بەرزی ڕۆحی ئەو کاتە دەخاتە ڕوو کە (بارزانی) گەیشتۆتە (مەھاباد) چ ورەیەکی بەخشیوە بە کۆمار جگە لە ھاوکاری سەربازی ھاوکاریەکی دەرونی بەھێز بوو بۆ شکاندنی سنورە دەستکردەکانیش. دوای ڕێککەوتنی سیاسی لە پێناو (نەوت) کۆماری کوردستان کرایە قوربانی ، لەو ساتە دژوار و دوڕیانەدا (بارزانی و قازی) دەبوو بڕیارێکیان بدایە دوو ڕێگەی جیاوازیان ھەڵبژاردایە، ئەوە بوو قازی ڕێگای (عیسا) ی گرتوو بارزانی ڕێگەی (موسا)، کە ھەردوکیان وەک سومبولی نەمری مانەوە، دواتر (بارزانی) بۆ درێژەدان بۆ سەندنەوەی مافی کورد بەردەوام بوو چووە سۆڤیەتی ئەوکات، دواتر لە ١٩٥٨ دا گەڕایەوە، توانی لە دەستوری (عێراق) ئەوە بچەسپێنێت کە (کورد و عەرەب) ھاوبەشن لەم نیشتیمانەدا، ئەمە دەکرێت بە وێستگەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی (کوردستان) باس بکرێت، ھەرچەندە ئەو ڕێکەوتنە بەردەوام نەبوو، بەڵام شۆڕش ھەر بەردەوام بوو بە کۆمەڵێک قۆناغی سەخت و کەوتن و ھەستانەوەدا تێپەڕی، ئەوەی گرنگی خەباتی بارزانی یە دوای ھەر شکستێک کە بە پلانگێڕی ئەنجام دراوە ماڵی بارزان لە ھەستانەوەدا بە ورەیەکی بەرزتر دەستیان داوەتەوە خەبات، لێرەدا مەبەست وەلا نانی خەباتی مێژووی ھیچ کەس و لایەن و بنەماڵەیەک نیە، ئەوەی دەمەوێت بیخەمە ڕوو واقیعێکە ئێستا ماڵی بارزان خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکەن ئەمەش ئیعترافی جیھانی و ناوچەیی و ناوخۆیی کوردستانی ھەیە، بۆیە بۆ تێگەیشتنی ئەرێنی لە واقیع بۆ خزمەتی دۆخی کورد باشتر وایە ھەموو لایەک تێگەیشتنیان بۆ ئەم واقیعە ھەبێت لە چوارچێوەی تێگەیشتنی گشتی کوردستانیدا بۆ خزمەتی بەرژەوەندی باڵای کوردستان، چوون بەریەک کەوتنی نەرێنی لەگەڵ ئەو واقیعەدا دەرئەنجامی باش نابێت، ئەمەش ئەزمون پێمان دەڵێت، کەواتە تێگەیشتن لە واقع وەک خۆی، تێپەڕاندنی واقعە تاڵەکانە، ئەم وتارەش ھیچ ئامانجێکی لە پشت نیە، جگە نیشاندانی ئەو واقیعەو ئەو ئیعترافە ھەمەلایەنەیە کە ماڵی بارزان خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکەن، بۆ تێگەیشتنی ئەم واقیعەی ئەم قۆناغە و گەیاندنی کورد بە ئامانجەکانی کارکردن بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک و یەکانگیری ماڵی کوردستانی پێویستە ئەو دوو کارێکتەرە جوامێرە ھەر کەس لە مەوقیعی خۆیدا ڕۆڵی گرنگ ببینێت بۆ بیناکردنی متمانەی گشتی لە کوردستان، ئەوانیش بەڕێزان (سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت)ە ، لێرەوە نیشانی دەدەن بە شێوازێکی نوێ کە ماڵی بارزان خاوەندارێتی مەسەلەی کورد دەکەن.


كارۆخ عوسمان ئەكڕەم ئیمامۆغڵو كاندیدی بەرەی میللەت لەپارتی CHP لەكۆی ٣٩ قەزاو ناوچەدا لە ٢٨ براوەیە. بیناڵی یڵدڕم تەنھا لە ١١ ناوچەدا بەڕێژەیەكی كەم لەپێشەوەبووە، ڕێژەی جیاوازی نێوانیشیان ٨.١٣ كە دەكاتە ٧٧٧ ھەزارو ٥٨١ دەنگ. لەچاو ھەڵبژاردنی ئەوەلینجار كە لە٣١ ی مارسدا ئەنجامدرا یڵدڕم دەنگێكی زۆری لەدەستداوە كە ئەوكاتە جیاوازیەكەیان تەنھا ٢١ ھەزارو ٤٦٢ دەنگ بوو. بۆ ئاكپارتی ئەو ئەنجامە لەھەڵبژاردنێكی دووبارەی تانەدراودا كە ھەر خودی ئاكپارتی تانەی لێداوە شۆكێكی گەورەبوو، تەنانەت ئاكپارتی خۆی بۆ تەزویرێكی گەورەش لەپێناو سەركەوتن بەھەر جۆرێك ئامادەكردبوو، بەڵام ئەو ئەنجامە دەریخست كە كوردانی دانیشتووی ئەوشارە كە سەر بە HDP ن پاڵشتیەكی گەورەی كاندیدەكەی جەھەپەیان كردووە. ھەرچەندە ڕێژەی دەنگدەرانی ئاكپارتی لەناو كوردانی استانبۆڵدا زیاترە وەك لەجەھەپە بەڵام ئەو دەنگدەرانە جاری پێشوتریش ھەر دەنگدەری ئاكپارتی بوون بۆیە ئەنجام لەقازانجی یڵدڕمدا نەشكایەوە. كوردانی استانبۆڵی تابعی ھەدەپ لەم ھەڵبژاردنە دووبارەییەدا سەڵاحەددین دەمیرتاشیان وەك ڕێبەر سەیر كردو بانگەوازەكەی عبداللە ئۆجەلانیان پشتگوێ خست، بەسەرنجدان لەبانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان دەردەكەوێت كە ئەو ویستی بووە كوردان لەو نێوەندەدا بێدەنگ بن و دەنگ بەھیچ كاندیدێك نەدەن، لەئەگەری ئەوەشدا یڵدڕم دەبوو بەبراوەی ھەڵبژاردن بەچەند پۆینتێك چونكە لەھەڵبژاردنی ٣١ی مارسدا ڕێژەیەك لەدەنگەكانی ئەوجارەی جەھەپە بۆ ھەدەپ ڕۆیشتن و ئاكپارتیش نیەتی تەزویری ھەبوو، بەڵام بەھۆی بەیاننامە داخوازیەكەی ئۆجەلان تا ڕاددەیەكی زۆر ئاكپارتی موتمەئین بوو لەوەی كە كوردانی سەر بەھەدەپ دەنگ بە ئیمامۆغڵو نادەن و نێوەندگیر دەبن، بەمەش ئەنجام لەخزمەتی كاندیدەكەی ئاكپارتی یەكلایی دەبۆوە. ئێستا پارتی گەلی كۆماری CHP لەدوو گەورە شاری   كاریگەری توركیا پێشەنگە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەدوای ڕێفراندۆمی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ی دەستوریەوە ئەردۆگان دەستەڵاتی شارەوانیەكانی كەمكردۆتەوەو لەبەرامبەریشدا سوڵتەی (والی) زیاد كردووە، بەمەش ئەھمیەتی سەرۆكی شارەوانی كەمی كردووە چونكە والیەكان ڕاستەوخۆ گرێدراو و سەر بەسەرۆكایەتی كۆمارن و بڕیار لەخودی سەرۆكی دەوڵەت وەردەگرن كە ئەردۆگانە. بێشك ئەردۆگان شتێكی لەوجۆرەی لەبەرچاو بوو كە شارەوانی ھەندێ لەمێتڕۆپۆلە توركەكان لەدەست دەدات بەدەستەڵاتێكی موتڵەقەوە بۆیە ھەم لەسوڵتەی داماڵین و ھەمیش والیەكانی خستنە ژێر ھەیمەنەی سەرۆكایەتی دەوڵەتەوە.. ئەم ھەڵبژاردنە دووبارەییە بۆ ئاكپارتی بۆیە شكستە چونكە بیناڵی یڵدڕم ھەم سەرۆكی حزب بووەو ھەمیش سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی مەجلیسی گەورەی توركیاش بووە كەچی لەبەرامبەر كەسایەتیەكی لەچاو یڵدڕم لاوی وەك ئیمامۆغڵو بۆ دووەمینجار شكست دەھێنێت، ئیمامۆغڵو جگە لەوەی كەپێشتر سەرۆكی شارەوانی محەلی بووە لە ناوچەی (بەیلیكدوز) ھیچ پۆستێكی تری باڵای ئیداری حكومڕانی نەبووە، ھەمدە بەنسبەت یڵدڕم گەنجێكی پڕتاقەتەو ئەزمونی شارەداری ھەیەو تەمەنی ٤٩ ساڵە، بەڵام یڵدڕم ٦٤ ساڵ تەمەنیەتی، ئەگەر ئەو جیاوازیەش نەبایە زۆرینەی خەڵكی استانبۆڵ بڕیاری گۆڕانكاری لەحزب و شەخسیشدا دابوو، خۆ ئەگەر ئاكپارتی ھیچ كەم و كوڕیەكیشی نەبێت خەڵكی استانبۆڵ بەھۆی كرانەوەی زیاتریان لەچاو شارەكانیتری توركیا ئارەزووی گۆڕانكاری دەكەن، بۆنمونە شارەكانی وەك ڕیزەو تڕابزۆن و ئۆڕدو ھەمیشە لەگەڵ حوكمڕان و حزبی حاكمدا بوینە، ھیچ كاتێك گۆڕانكاری گەورە لەسەر دەستی خەڵكی شارە بچوك و تەریكەكان نەكراوە، سەرنجی گەورە ھەمیشە لەسەر میتۆپۆلەكانە. بەسەرنجدانیش لەڕابردووی گشت حزبە حوكمڕانەكانی توركیا ئاكپارتی لەگشتیان باشتربووە دەرحەق بەگەلانی توركیا بەشێوەیەكی گشتی، جەھەپەش لەڕابردوودا زۆرترین جار سوڵتەی ڕەھای ھەبووەو لەھەموانیش خراپتر مامەڵەی دەرحەق بەكورد كردووەو بۆ ناوخۆی توركیاش ئیدارەیەكی باشی بەڕێوە نەبردووە. بۆ كوردان ھەردوولایان خراپن وەلێ خراپ ھەردەم لەپێشەوەی خراپترەكەدایە. پێویست بوو كوردان سود لەسەرەتاكانی دەستەڵاتی ئاكپارتی وەرگرن و مافەكانیان بەڕێگا مەدەنیەكان بچەسپێنن، بۆ ئەوەی ناچار نەبن لەڕقی حزبی حوكمڕان دەنگ بەحزبە تۆتالیتارو داپڵۆسێنەرەكەی جاران بدەن. وەك ئەوە وابوو كە خەڵكی كورد لەعێڕاق دەنگ بەكاندیدێكی حزبی بەعسی ئیشتراكی بدات. ھەرچەندە پەیامەكەی بەڕێز ئۆجەلان ناوەندگیرو بێلایەن بوو، بانگەوازی بۆ ھێڵی سێیەم دەكرد، ھێڵی سێیەمیش یان بەربەرەكانێ كردنی ھەردوكیانە یاخود ڕۆڵی تەماشاكەر دەبینێت، بەڵام كوردانی استانبۆڵ كە ھەواداری پەكەكەو ھەدەپەن بێلایەن نەبوون و دەنگێكی زۆریان بە كاندیدەكەی جەھەپەدا. ئەردۆگان لەساڵی ٢٠٠٢ تا ئەمێستا لەحوكمدایەو حزبەكەشی براوەی یەكەمی گشت ھەڵبژاردنەكان بووە، لەسەرەتاكانی حوكمیشیدا كورد گەیشتە زۆرێك لەمافە ھاوڵاتیەكانی و لەڕووی جانبی نەتەوەییشدا زۆر شتی بۆ دەستەبەر بوو. بەڵام ئەو ھەڵگەڕانەوەیە بێشك دولایەنەیەو ناكرێ قەومیانە بڕیار بدەین كە تەنھاو تەنھا ئەردۆگان تاوانباری سەرەكیە لەتێكچوونی ئەو بارودۆخە لەبارەی جاران و دەستپێكردنەوەی شەڕوئاشوب لەنێوان دەوڵەت و پەكەكە كە نوێنەرایەتی نیوەی كوردانی باكور دەكات. ئەوكاتەم لەبیرە كە لەئامەدی گەورە شاری كوردان لەبەرچاوی ئەردۆگان گەنجانی كورد تابلۆی ڕەگەزپەرستی جەھەپەیان لەسەر دەروازەی شار داگرتە خوارێ كە لەسەری نوسرابوو: ‏Ne mutlu türküm diyene ئاخر ئەردۆگان ڕێگەی بەودا شیعاری ڕەگەزپەرستی تورك كە مستەفا كەمال ئەتاتورك نوسیوێتی لەشاری ئامەد فڕێ بدرێت و كوردان مومارەسەی عەقیدەو باوەڕی كۆمەڵایەتی و پەروەدەیی و مێژوویی و ھونەری و تەنانەت سیاسیش بكەن. دەیان ڕێكخراو و دەزگای میدیایی سەر بەكوردان دامەزران، ڕێگە بەخوێندنی كوردی درا لەزانكۆ و خوێندنگا سەرەتاییەكان. سەرەڕای ئەو ڕێگەپێدانەش ھێشتا بەشێكی زۆر كەمی خەڵك منداڵەكانیان دەناردە بەر خوێندنی زمانی كوردی، چونكە ئارەزوومەندانەبوو، خۆم شایەدی عەیانم. ھەرچەندە ئەردۆگان غروری دەستەڵات گرتی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا لەھەموو ئەوانەی پێش خۆی دەرحەق بەكورد باشتربووە. ئەوەی لەو ھەڵبژاردنە ڕوویدا دەكرێ وەك ھاوپەیمانێتی نھێنی دووەمینجاری ھەدەپ و جەھەپە سەیربكرێت. لەھەڵبژاردنی ٣١ی مارسی ساڵی ڕابردوو و ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماریش ھەدەپ و جەھەپە لەپەیوەندیەكی چڕوپڕدابوون و دەنگ گۆڕینەیان لەنێواندا ھەبوو، كەچی ھێشتاش نەیانتوانی ئاكپارتی ببەزێن، دیارە ئەو بەرەیە لەناو خەڵكدا لاوازەو سەرنجی لەسەر زۆرە، ئاخر ئاكپارتی براوە بووە، دەرخەری بەھێزی ناو جەماوەرو گەلانی توركیای دەردەخات، بۆیە ئەگەر كورد بیەوێ لەڕێگای جەھەپەوە گۆڕان لەمەساڵحی خۆی بێنێتە وجود دەبێت سیاسەت بەجەھەپە بگۆڕێت و بەڵێننامەی گەورەیان پێ مۆربكەن لەبەرامبەر پشتیوانیكردنیان.  


ئاسۆس هەردی بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو کاندیدی پارتی گەلی کۆماری‌و ئۆپزسیۆن لە تورکیا، لە هەڵبژاردنە دووبارەکەی شارەوانیی ئەستەمووڵدا، بۆ جاری دووەم لە بنعەلی یلدرم-ی کاندیدی ئەردۆغان‌و دەسەڵاتی بردۆتەوە. پێشەکی با ئەوە بڵێم کە من وەک کوردێک هیچ هیوایەکم بە هیچ یەکێک لەو دوو کاندیدە نەبووەو نیە. یڵدرم کاندیدی دەسەڵاتێکە کە ئەگەرچی لەسەرەتادا خۆی وا نیشان دا دەیەوێ کێشەی کورد لە باکوور بە رێگەیەکی دیموکراتییانە چارەسەر بکات، بەڵام زۆری نەبرد، کاتێک پێگەی خۆی قایم کردو بۆی دەرکەوت کورد تەنها بە مەرجی چارەسەرەی بنەڕەتیی کێشەکەی‌ ئامادەیە پشتیوانیی لێبکات‌و نابێتە کۆیلەی، لە سەرۆکە ناسیونالیست‌و رەگەزپەرستەکانی تورک خراپتر، یان لانیکەم رێک وەکو ئەوانی بە کورد کردو بەبەرچاوی جیهانی سەدەی بیست‌و یەکەمەوە هەرچی بەردەستی کەوت وێرانی کرد. هەرچی ئیمام ئۆغڵو-ی رکەبەریشە، کاندیدی (جەهەپە) حیزبەکەی مستەفا کەمال ئاتاتورکەو هیچ مافێکی راستەقینە لەبەرنامەی سیاسیی ئەو حیزبەدا بۆ کورد بوونی نیە. بەڵام ئەوەی وادەکات بردنەوەی "ئۆپۆزسیۆن" لە دەسەلاتی تورکیا باشترو ئیجابیتر بێت ئەوەیە، دۆڕاندنی ئەستەمووڵ لووت شکاندنێکی گەورەیە بۆ حیزبی دەسەڵاتدارو خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە بە هەموو توانایەکەوە هەوڵدەدەن دیکاتۆرییەتێکی دیکە لە تورکیادا بسەپێنن، دیکاتۆرییەتێک کە لە رووی ئازادی‌و مافەکانی مرۆڤ‌و مافی کوردیشەوە، ئەگەر لەوانی پێش خۆی خراپترو ترسناکتر نەبێت، ئەوا بێگومان هیچی لەوان کەمتر نیە. دیکتاتۆرییەتێکە بە ناوی ئاین‌و ئیسلام‌‌و ئیمانەوە دەیەوێ حوکمی رەهای حیزب‌و سەرۆکەکەی بسەپینێت‌و بە جۆرێک لەجۆرەکان مۆدێلی تورکە عوسمانییەکان لە وڵاتە موسوڵمانەکاندا دووبارە بکاتەوە، دیارە لەپێش هەمووشیانەوە لەکوردستاندا. لێرەشەوە پێم وایە هەڵوێستی پارتی گەلانی دیموکراتی (هەدەپە)، بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپۆزسیۆن، لەم ساتەوەختەی مێژووی تورکیادا، هەڵوێستێکی راست‌و عەقلانی‌و ئازایانە بوو. هەڵوێستێک کە بە گەمەەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەیەکی کاتی‌ بەڕووی عەبدوڵڵا ئۆجەلانداو رێگەدان بەەوەی لەگەڵ پارەێزەرەکانی دیدار بکات، بێ هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ چارەسەرێکی راستەقینەی کێشەی کورد لە باکوور، هەڵنەخەڵەتاو ستراتیجییانە بیری کردەوە: لەم ساتەوەختەدا گرنگترین ئەرکی سیاسیی ئەوەیە رێگە لە دیاکتاتۆرریەتێک بگیرێ کە دەستی بە خوێنی دەیان هەزاران هاوڵاتیی کوردی بێدەرەتان سوورە، چونکە هەتا ملاملانێ‌و پەراوێزی فرەیی‌و مانۆری سیاسی لەئارادا بێت، هیوایەک بە گۆڕانکاری‌و بەرەپێشچوون دەمێنێ.


+ مەریوان وریا قانع    بە درێژایی ١٧ ساڵی ڕابردوو، واتە لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە تا ئێستا ٢٠١٩، ئەمە یەکمجارە پارتەکەی ئەردۆگان ھەڵبژاردنێک بەو ڕوونییە بدۆڕێنێت. یەکەم جارە بەشێک لە تورکیا بە دەنگی بەرز بەو پیاوە بڵێت بوەستە و لە شوێنێکی گرنگدا سزای ئەو سیستمە دەسەڵاتگەرە پۆپۆلیستە بدات، کە سەرۆکەکەی خۆی وەک سوڵتانێک دەبینێت و تورکیاش بە خودی خۆی یەکسان دکات. ساڵی ٢٠١٣ ئەستەنبول لەڕێگای خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕینەکانی پارکی غازی یەوە دەنگی توڕەی خۆی بە گوێچکەی ئەردۆگان و حوکمڕانییەکەیدا دا، ئەمڕۆکەش لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، کە پێدەچێت لەو وڵاتەدا وەک لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بەشێوەیەکی بێشەرمانە بێنرخ و سووک نەکرابێت. لەھەردوو دۆخکەدا ئەو شارە ئەو جۆرە لە بەرگریی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە نیشاندا، کە ھێما بۆ زیندووییەتی شارەک و دانیشتوان و ھێزە سیاسییەکانی ناوی دەکات. لەمێژووی ژیانی سیاسیی ئەردۆگاندا دەکرێت دوو قۆناغ لەیەکتری جیابکرێتەوە. یەکەمیان قۆناغی ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٣، دووھەمیان قۆناغی ٢٠١٣ بۆ ئێستا. لەیەکەمیاندا ئەردۆگان سیاسییەک بوو کۆمەڵێک ڕیفۆرمی یاسایی وسیاسیی گرنگیی لە تورکیادا ئەنجامدا، بە کردنەوەی دەلاقەیەکیش بەڕووی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا. لە دووھەمیاندا گۆڕا بۆ سیاسییەکی دەسەڵاتگەر و خەریکی وێرانکردنێکی تەواوی ئەو سیستمە سیاسییە بوو کە ئەوی لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە بە دەسەڵات گەیاندبوو. لە یەکەمیاندا وەک مۆدێلێک بۆ ناوچەکە دەردەکەوت، لە دووھەمیاندا بوو بە بەشێک لەو سیستمە سیاسییە دەسەڵاتگەرانەی لەمڕۆدا لە زۆر شوێنی دونیادا ئامادەن. لە یەکەمیاندا خەونی بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەروپادا وزەیەکی گرنگیی بە پرۆسەی چاکسازیەی ناوەکییەکان دەبەخشیی و پیادەکردنی پێشمەرجەکانی ”ڕێکەوتنی کۆپنھاگن“ لەئارادابوو. لە دووھەمیاندا داخرانی ئەم دەرگایە و ھاتنی داعش و گۆڕانی ناوچەکە پرۆسەی دەسەڵاتگەرێتیی لە وڵاتەدا بەھێزتر کرد. لەگەڵ دروستبوونی داعشدا ململانێ ئیقلیمیی و تائیفییەکان لەناوچەکەدا قووڵتربوونەوە و ئەردۆگان بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی لەو ململانێیەدا کرد، ھەموو ئەمانە ئەم پیاوە و مۆدێلی حوکمڕانییەکەی زیاتر و زیاتر بەرەو دەسەڵاتگەرێتییەکی ڕووت و بێدەرپێ برد.  ئەمڕۆ ئەردۆگان بووە بە ھەڕەشەیەکی گەورە لەسەر تورکیا و ناوچەکەش. لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی کوردەوە ئەردۆگان ڕۆڵێکی نێگەتیڤ و ھێجگار ترسناک لە سێ بەشی کوردستاندا دەبینێت. لە تورکیادا لە جەنگێکی دەستەویەخەدایە لەگەڵ بەشێکی گەورەی کوردانی ئەو وڵاتە و نوێنەرە سیاسییەکانیاندا. لە سوریادا لە سەنگەردایە بۆ پەلاماردانی ئەو ئەزموونەی لە بەشە کوردستانییەکەی ئەو وڵاتەدا دروستکراوە، بە کردەوەش بەشێکی ھەرێمی کوردستانیشی لە عێراقدا داگیرکردوە و سوپاکەی خۆی لەڕووبەرێکی گەورەیدا جێگیرکردوە.  ئەم دۆڕاندنەی ئەستەنبوڵ دەشێت سەرەتایەکی نوێ بێت، بەڵام بێگومان سەرەتایەک زەحمەت و پڕ کێشە و ململانێی گەورە دەبێت کە لە ئێستادا مەحاڵە بزانرێت دەرەنجامەکانی چۆن دەبێت. ئەستەنبوڵ ئەم ئێوارەیە درزێکی بەرچاوی کردە دیواری حوکمڕانییەکەی ئەردۆگانەوە.


+ عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا   ئەوەی هەرێمی کوردستانی پێدەناسرێتەوە قەیرانە هەمەچەشنەکانیەتی ، ئیتر دارایی ، سیاسی ،  یاسایی وخزمەتگوزاری و ......... هتدبێت۰ جگەلەمانە هەرچەند مانگەو قەیرانێکی تر بۆ پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دروست دەبێت یاخود دروست دەکرێت ۰ باشە چ مەعقولیەتێکی تێدایە دوو ڕۆژ تەماتەو پیاز لەئێرانەوە هاوردەی هەرێم  نەکرێت کیلۆی تەماتە بگاتە (۲۰۰۰)دووهەزار دینار لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان جگەلەوەی خاوەنی باشترین زەوی بەپیتە ‌، دەشتوانرێت لەخاکەکەیدا پێداویستی ( ۱۰ )دە ملیۆن هاوڵاتی لەسەوزەومیوە بەتەواوی دابینبکرێت وبەرهەم بهێنرێت ۰ کەی ڕەوایە چەند ڕۆژێکی کەم تورکیا هاوردەی هێلکە بۆهەرێم وعێراق ڕابگرێت تەبەقێک هێلکە نرخەکەی ( ۲۰۰٪)بەرزببێتەوە ، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان خۆی خاوەنی ( ۱٤۰۰)هەزاروچوارسەد کێڵگەی پەلەوەرییە وگەرحکومەت خۆی هاوکاریان بێت ئەوا زۆر لەپێداویستی زیاتری دانیشتوانی هەرێم دەتوانرێت مریشک وهێلکەش بەرهەم بهێنن وبگرە هەناردەشی بکەن ۰ باشە وڵاتێکی وەک ئێران بۆ دەتوانێت تەنها لەساڵی (۲۰۱۸)دا بڕی ( ۹٥ )نەوەدو پێنج هەزارتۆن تەنها ماست هەناردەی وڵاتان بکات و بایی ( ۸٥)هەشتاوپێنج ملیۆن دۆلاریش بەعێراق وهەرێمی کوردستان بفرۆشێت ؟ لەکاتێکدا سەردەمانێک نەعێراق ونەهەرێمیش پێویستیان بەسەتڵێک ماستی هاوردەی هیچ وڵاتێ نەبوو ، بەڵام بێ پلانی وادەکات کەلەوڵاتێکی بەرهەم هێنەوە ببیتە بەکاربەرێکی تەواو،و هەمیشە چاومان لەدەستی دەرەوە بێ۰ سەیرنەبێت بەلاتانەوە لەسەر ئەوهەموو گوێزەی هەورامان وناوچەکانی تری هەرێم کە بەرهەم دێن کەچی مانگانە بایی ( ۱٥)پانزە ملیۆن دۆلار گوێزی ڕوسی وئێرانی وئۆکرانی و۰۰۰۰۰۰هتد هاوردەی هەرێم دەکرێت ، کەساڵانە دەکاتە ( ۱۸۰)سەدوهەشتاملیۆن دۆلاری ئەمریکی ۰ خاکی هەرێمێک کەهێندە بەپیت بێت وهەموو ڕەگەزەکانی کشتوکاڵی بەزیادەوە تێدا بێت ،  چ مەنتقێکی تێدایە ساڵانە تەنها ( ٥٤)پەنجاوچوارهەزارتۆن میوەی تێدا بەرهەم بهێنرێت لەکاتێکدا ساڵەکە هەرێم ودانیشتوانەکەی پێویستیان بە ( ٥۳۰)پێنج سەدوسی هەزارتۆن میوەهەیە ۰ یاخود ساڵانەهەرێم بۆپێداویستی دانیشتوانەکەی پێویستی بە ( ۲۰۰)دووسەد هەزارتۆن برنج بێت کەچی ساڵەکە بتوانرێت تەنها ( ٥ -- ٦ )پێنج بۆشەش هەزارتۆن بەرهەمی برنجت هەبێت ۰ هەرێمی کوردستان تەنها هاوردەکەری سەوزەومیوەنیە بەڵکو قۆپچەوسوزن و واشەروبرغوش هەرهاوردە دەکات ، ئاخەر کارەساتە نەتوانیت لەساڵی (۲۰۱۸)دا (۷)حەوت شەقامی تازە بنیادبنێیت ودروستی بکەیت ، بەڵام هەرلەوساڵەدا ( ۱۳۷)سەدوسی وحەوت هەزار ئوتومبێلی هەمەجۆر هاوردەبکەیت ولەهاتوچۆی هەرێمدا تۆماربکرێت ۰ بەپێی ستانداردی جیهانی نابێت هیچ وڵات وهەرێمێک هاوردەی کاڵاوشمەکی لە( ۳۰٪)تێبپەڕێت بەڵام هەرێمی کوردستان بەگشتی هاوردەی کاڵاوشمەکی (۸۰٪)ی تێپەڕاندوەو هەندێ کاڵاوشمەکی ڕۆژانەشی لەنمونەی وشکە گەیشتۆتەلە ( ۹٥٪) وزیاتریش ۰ بەرپرسانی هەرێم جگە لەوەی نەخواستیان بوەو نە ئیرادەشیان هەبوە تاکوهەرێم لەبەکاربەرەوە بکەنە بەرهەم هێن ،  نەشبونەتەهاوکاری جوتیاران ووەبەرهێنەرانی بوارەکەو ئەوبودجەیەشی بۆسێکتەری کشتوکاڵ کەئاسایشی خۆراکی پێوەبەندە ساڵانە کە تەرخاندەکرێت هەرگیز ناتوانرێت کشتوکاڵی لەوپوکانەوەی تێیکەوتوەپێ ڕزگاربکرێ وبەرەوبوژانەوەو گەشەکردنی ببات ۰ وەلەلایەن کەسانی شارەزاو ئەکادیمیانی بوارەکەوە چەندین ڕاپۆرت وڕاسپاردەو پلانی زانستی دراوەتە بەرپرسانی پەیوەندیدار بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەوان دەڵێی نەبایان دیوە نەباران ۰  


کاروان عەلی شامار لەسەرجەم کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھیچ کات نوێنەرانی یەکێتی لە حوکمەتدا بارتەقای کابینەی رابردوو لاوازنەبوون، یەکێتیەکان زۆرجار بۆ رایکردنی مامەلەکانیان لەنێو وەزارەتەکانی پایتەختدا بەوانەشی کە وەزیرەکانی یەکێتی بوون پەنایان بۆ بەرپرسانی پارتی بردووە!  بۆ مێژوو دەیڵێم یەکێتی بۆ چوار ساڵی ئایندە بە نەفەسی کاک قوباد لەحکومەتدا بەردەوامبێ ئەوا دەبێ لە ئێستاوە فاتیحە بۆ (ی ن ک) و سلێمانی بخوێنرێ! لەژیانم تەنھا جارێک کاک قوبادم دیوە، لێ ئامادەنیم جارێکیتر بیبینمەوە، لێ داوام لەوانەیە کە لەنزیکەوە دەیناسن، چایەکی لەگەڵ بخۆنەوەو پێی بڵێن گرفتی ھەنوکەی خەلکی سلێمانی نەبونی خزمەتگوزاری و رێگاوبانە لەبری چارەسەرکردنی کێشەی جان کافێ و کافێ پاص و (کابرای شۆرت لەپێ)، ئەوەی کە رێگری لێکرا لەچونە ژورەوەی بۆ نێو فەرمانگەی پاسپۆرتی سلێمانی! با پیاسەیەک بە ناو شارەکەدا بکاو بزانێ چ وێرانەیەکە، شەقام و پارکەکان بەبەراورد بە ھەولێر لەچ ئاستێکدان! نەنگیەکی گەورەیە پارکەکانی شار و درەختەکانی شەقامی بازنەی مەلیک محمود وشکبن خەڵکی دڵسۆز بەخێرو سەدەقە، تەنکەر دەگرن و ئاوی درەختەکان دەدەن، لەوەش نەنگی تر کەناڵی روداوی زمانحاڵی پارتی بەرنامە لەسەر وشکبونی پارکی ئازادی بکاو لە ھەوڵی چارەسەرکردندابێ! پێی بڵێن، وازبێنێ لە بەرنامەی ئەڤین ئاسۆ و دەرکەوتن لە کەناڵەکانی پارتی بەڵکو خەڵکی بڕستی بڕا لە بیرۆکراسیەتی دامودەزگاکانی ھەولێر لە ھەمبەر خەلکی دەڤەری سلێمانی! پێی بڵێن، سەردەمێک سلیمانی شاری شاران بوو، ئێستا لە گوندێکی گەورە دەچێ! یەکێتی قەرزاری خەلکی ناوچەکەیەو باشترین پاداشت لەبۆیان خزمەتکردنە، نەک سزادان! پێی بڵێن لە ئێستادا خزمەتگوزاری لە سنوری قەڵەمرەوی حیزبەکەی لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە بەجۆرێک ھیچ کات ھێندەی ئێستا بێ خزمەتگوزاری نەبووە! دواجار پێشی بڵێن، با دەلاقەی زیاتر لەسەر حزبی شەھیدان دروست نەکا، مێژوو رەحم بەکەس ناکا، با کەمێک دەستبگرێ بە سەروەرییەکانی یەکێتی و دەسکەوتەکانی باوکیەوە. رۆژگارێک بە حیکمەتی مام سلێمانی ببو بە خۆشترین پارێزگای عیراق!


سەرکەوت شەمسەدین    بەشی سێیەم    جێگەی نیگەرانی و بێ هیواییە کاتێک دەبینین ئێمە (ئەحمەد حاجی رەشید، هۆشیار عەبدوڵا، سەرکەوت شەمسەدین) وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی گروپێکی پەرلەمانیمان پێکهێناوە بۆ مەلەفی نەوت بۆ روبەروبونەوەی مافیاکانی نەوت لە کوردستان، هەمو جوهدی خۆمان تەرخانکردوە لە ئاستی ناخۆ و عێراقی و نێودەوڵەتی روبەرویان بوینەتەوە وە بەڵێنیشمانداوە لەکۆڵ ئەم مەلەفە نابینەوە، نە تەخوین و نە ناوزراند ساردمان ناکاتەوە، بەڵام بیانوهێنانەوە لەلایەن هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بۆ بەردەوامی ئەم تاڵانیەی نەوت خەنجەرێکی ژەهراوییە دژی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و خیانەتە لەو سوێندە دەستورییە. لە سەرەتاشەوە رونمانکردۆتەوە کە ئەم هەنگاوانەی سەرەتامان بریتیە لە "چاودێریکردن و بەدواداچون" بۆ ئەو شکایەتەی وەزارەتی نەوتی عێراق ساڵی ۲٠۱۲ دژی وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێم کە ئێستا دەعواکە گەشتۆتە دواقۆناغ و وەڵامی سەرۆک وەزیری عێراق ماوە بۆ بریاری یەکلاکەرەوە دژی هەناردەی نەوتی هەرێم. بەڵام زۆر جێگەی داخە کە هەندێ پەرلەمانتار (بەتایبەت ئەوانەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی) بێن لەبری زیاتر فشارکردن و کردنەوەی چەند دۆسیەیەکی تر بەخەمی هاوڵاتیانی هەرێم و بەرژەوەندیەکانیانەوە بن، دێن روی پارتی سپی ئەکەنەوە و لەژێر کاریگەری گوتاری نەژادی و مەزهەبی درێژەدان بە تاڵانی نەوتی هەرێم لەلایەن مافیاکانی "کورد" پێ باشترە وەک لە چرکردنەوە و زیاترکردنی فشار لەسەر حکومەتی هەرێم بۆ رادەستکردنی نەوت بە بەغداد، بەڵکو بونەتە پارێزەر بۆ سیاسەتی نەوتی هەرێم، لەبری بەهێزکردنی بەرەی دژ بە دەسەڵات کە دەستی بەسەر نەوت و داهاتی هەرێمدا گرتوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم هەوڵەی ئێمە فشار لەسەر عەبدولمەهدی زیاتر دەکات و گوایە کاریگەری لەسەر موچە ئەبێت بە سلبی، بەڵام خۆیان لەو راستیە لادەدەن کە مەلەفی نەوت هۆکاری ئەم نەهامەتیانە بوو کە لە خوارەوە ئاماژەی پێئەکەم، وە تەنانەت ئەمە قسەی ئێمە نیە بە تەنیا وەک ئەو سێ پەرلەمانتارە، بەڵکو هەردوێنێ لە نوسینێکدا وە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی دا لەگەڵ جوتیاران، پەرلەمانتاری عێراق بەختیار شاوەیس (فراکسیۆنی یەکێتی) بە ئاشکرا رایگەیاند کە بەهۆی رادەستنەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بە سۆمۆ هەرەشە لەسەر موچە هەیە و بەو هۆیەشەوە پارەی گەنمی جوتیاران نادرێت، خودی عەبدول مەهدی ئەمەی پێوتون کە ناتوانێ لەم کاتەدا پارەی جوتیاران بدات تا هەرێم نەوت رادەست نەکات.  ئەمە قەناعەتی سەرجەم پەرلەمانتارانی کوردە لە عێراق بەڵام هەنێکیان بە هۆکاری حزبی، و هەنێکیشیان بە هۆکاری تر وەک خۆشیرینکردن و سپی کردنەوەی روی حکومەتی هەرێم، پێچەوانەی راستیەکان دەڵێن. بەشێک لە زیانەکانی سیاسەتی نەوتی هەرێم بۆ هاوڵاتیان: 1. زیانی (٦٠ بۆ ۷٠) ملیار دۆلار لە پشکی هەرێم لە ساڵی ۲٠۱۳ بۆ ۲٠۱۹. 2. دواکەوتنی پارەی گەنمی جوتیاران و کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە کرینی گەنم. 3. دەیان ملیۆن دۆلار لە پارەی پترۆدۆلار ساڵانە بۆ پارێزگاکان و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە پارێزگای سلێمانی و دهۆک زۆرترین زیانیا پێگەشتوە لەمرەوەوە. 4. دەیان ملیۆن دۆلار لە قەرزە نێودەوڵەتیەکان کە پشکی هەرێمبون نەنێردراون و خەرجنەکراوە کە زۆربەیان پرۆژەیستراتیژی بون، بەڵام لە دانەوەی قەرزەکان لەسەرمان حسێبە. تەنانەت حکومەتئ عێراق ئەرکەانی خۆی بەرامبەر پرۆژەکانی بەنداو لە هەرێم وەک نۆژەنکردنەوە دواخستوە بەهەمان هۆکار. 5. جوتیاران و بازرگانان و خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان توشی ئیفلاسی و رەنجبەخەساری چون چونکە بەهۆی قەیرانەکانەوە لەنێوان هەولێر و بەغداد نەتوانراوە رۆزنامەی کشتوکاڵی جێبەجێبکرێت پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆ بکرێت هەروەها بازارەکانی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ بەرهەمی جوتیارانی ئێمە. 6. بەهۆی سیاسەتی نەوت هەرێم ملیۆنان دۆلار زیان بەر کەرتی دارایی و بانکی هەرێم کوتوە وە هاوڵاتیانی کوردستان بێ بەشبون لە قەرز و سولفەی بانکەکانی عێراقی فیدراڵ. 7. لە کەرت خوێندنی باڵا و پشکی هەرێم لە زەمالەکان یان نەهێڵراوە و یان زۆر کەمکراوەتەوە ە بەمەش خوێندکارانی کورستان ئەو دەرفەتە گرنگانەی زەمالەیان لەەستچوە. 8. هەر بەهۆی سیاسەت نەوت لەسەر خاڵە سنوریەکانیش نەگەشتونەتە رێکەوتن یان رێکەوتنەکان دواخراوە بەمەش ئابوری کوردستان ملیۆنان دۆلار مانگانە زیان دەکات و پارێزگای یەی گرنگی وەک هەڵەبجە بۆنمونە نەیتوانیوە سود لە دەروازە سنوریەکانی لەگەڵ ئێران ببینێت. 9. بەهۆی سیاسەتی نەوت و عەقڵیەتی قەومچێتی بەڵام بۆ بەرژەوەندی حزبی، هێزەکان پێشمەرگە هەم لە چەکی پێشکەوتو وە پێویستی لۆجستی سوپای عێراق بێبەشکراون وە ملیۆنان دۆلار مافی پێشمەرگە لە بودجەی وەزارەتی بەرگری فەوتاوە. *لە چەندین بواری تر کە زیانەکان یەکجار گەورەن، ئێمە شلگیرانە و بێ سڵەمینەوە لە گوتاری مافیاکانی نەوت و پۆستنوسەکانیان، بەردەوامین، هیوادارین ئەوانی یریش لەبری سپیکردنەوەی روی دەسەڵات لە یەکێک لەو مەلەفە گرنگانە کاربکەن و ئێمەش پشتیوانیان. ماویەتی..


+ مەلا فرمان    بۆ چونە ناو ئەم بابەتە تازەیە، پێویست بە ئاوڕدانەیەکی سیاسی و قۆناغ بەندی هەیە، ئەم قۆناغبەندیە هەمو ئەو کارەکتەر و روداوە سیاسیانە دەگرێتەوە کە بە درێژایی ٦٠ ساڵی رابردو ١٩٦١ -  بۆ ئێستا بونیان هەیە و رویانداوە. 1-    ١٩٦١ – ١٩٦٤ ، لەم قۆناغە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە هێزی سیاسی بوە، توانیویەتی وەک هێزی بەرهەڵستکاری چەکدار بە شێوەی کاریگەر دژ بە دەسەڵاتی بەغدا بونی هەبێ. ئەم بەرهەڵستکاریە لەسەر پرسی دیموکراتی یان پرسی ستەمی چینایەتی نەبوە، بەڵکە بە گشتی پرسی نەتەوەیی داینەموۆی هزر و ئایدای ئەم حیزبە بوە.بەڵام وروژاندنی پرسی جوتیاران و زەویوزار و یاسای چاکسازی کشتوکاڵی رۆڵی خۆی هەبوە لە بزواندنی ئەم حیزبە بە تایبەتی لای ئاغا و دەرەبەگەکان و بەشێکی سەرکردایەتی پارتی. لەم قۆناغە جگە لە پارتی، حیزبی شیوعی عێراقی ناوی هەبوە هەم لەبەرەی کورد و هەم لەبەرەی بەغدا. بەڵام بەگشتی ئەم حیزبە ئێستاشی پێوەبێ سەرەڕای مێژویەکی دورودرێژی خوێناوی کاریگەری ئەوتۆی نەبوە، بە تایبەتی لە گرتنە دەستی سەری گوریسەکان. 2-    ١٩٦٤ – ١٩٧٠ پارتی دەبێت بە دو بەشەوە، ئەگەرچی هۆکاری ئەم دابەشبونە دو دیدی جیاوزبوە بۆ ژیان و سیاسەت: مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وەک نوێنەری چەپ و پێشکەوتوخواز ، بەرامبەر ویستی حوکمی تاکڕەوی و دەستەمۆ بون، ئەو دەسەڵاتەی بڕوای وایە "  کەسانی تر دەتوانن هەبن  بەڵام دەبێت گوێڕایەڵ و گوێ لەمشتبن". لێرەوە تۆوی ئەم عەقڵیەتە تۆ و کرا".   3-    ١٩٧٠ – ١٩٧٤ پارتی وەک تاکە سوار لە گفتوگۆدا بو لە گەڵ بەغدا، دواجار شەڕ و ئاشبەتاڵ تاکە بەرهەمی ئەم کفتوگۆیە و ١٤ ساڵ تێکۆشانی میللەتێک بو لەسەر دەستی ئەو تاکە سوارە گلاوە. 4-    ١٩٧٤ – ١٩٧٩ دامەزراندنی بەرەی نیشتمانی پێشکەوتوخواز لە نێوان ( بەعس، پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی سۆرشگێر و حیزبی شیوعی). ئەم دیموکرات و سۆڕشگێرە بە کارتۆنیەکان ناسراوبون. ئەم سێ حیزبەش گوێ لەمشتی بەعسیەکان بون و پێچەوانەی بریارەکانی بەعس دەمیان ناکردەوە. 5-    ١٩٧٦ – ١٩٩١ کۆمەڵێ حیزب لە کوردستان بونیان هەبو، هەر یەک خاوەنی هێزی چەکداری خۆی بو، بە چەک داکۆکی لە بون و مانەوە و دەسەڵاتی خۆی دەکرد.  6-    ١٩٩١-١٩٩٤ هەڵبژاردنی پەرلەمان و شەراکەتی ٥٠ بە ٥٠ پارتی و یەکێتی لە حکومەت. لە دەرەوەی ئەم  دو حیزبەش چەند حیزبێکی تر دەژیا و بێئەوەی باس لە ئۆپۆزسیۆن بون بکەن. کۆسپی ٧% هەڵبژاردن ریگربو لە بەشداریکردنیان لە کێکی حکومەت. 7-    ١٩٩٤ – ٢٠٠٣  دەکرێ بە قۆناغی ململانێی چەکداری توندی نێوان پارتی و یەکێتی، ململانێی خوینڕشتن، خیانەت و تەخوێنکردن، ئاشتبونەوە دابنرێت. جگە  لەمەش لێرەوە قەڵەمە ناڕازیەکان وردە وردە دەرکەوتن و دەنگیان بەرز کردەوە. 8-    ٢٠٠٣- ٢٠٠٩ درێژەپێدان بە حکومەتی ٥٠ بە ٥٠، رێکەوتنی ستراتیجی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامان. لەو کاتەی سکرتێر و سەرۆکی پارتی و یەکێتی پێکەوە سوکانی کۆمپانیای نەوتیان بادا، بازرگانی و بۆماوەیی سیاسی جێی نیشتمانپەوەری و حیزباتی گرتەوە. لێرەوە پرەنسیپی لە پاڵ هەرکۆمپانیایەک، حیزبێک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لێرەوەش حیزب و چەک و پارە بون بە سێکوچکەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی بنەماڵە و نەوەکانیان. 9-    ٢٠٠٩ ...١٩/٥/٢٠١٧ ، راستە پێشتر لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسیەوە نوزەیەکی کزی ناڕازای هەبو، نوزیەک زۆر لاوازتر لە دەنگی چەند رٶشنبیر و چەند رۆژنامەیەک. پەیدابونی کۆمپانیای وشە و بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزی سیاسی بێ چەک، یەکەمین دەرگای ئۆپۆزسیۆنبونی خستە سەرپشت، لێرەوە کۆمەڵانی خەڵک لە چاکە و خراپە و بەرژەوەندیەکانی بە ئاگا هاتنەوە، بودجە، شەفافیەت و دادپەروەری ئەو سێ چەمکە بون کە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەندارێتی دەکرد. سەرەڕای چاوسورکردنەوە و هەڕەشە و ساختەکاری، ئەم هێزە توانی لە هەڵبژاردنی ٢٥/٧/٢٠٠٩ ، ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێ، بەمەش بو بە دوەم هێزی هەرێمی کوردستان. لە ماوەیەکی کەم ئەم هێزە توانی: •      هیوا بە دواڕۆژ بۆ شەقام بگەڕێنێتەوە. بیخاتە جوڵە. •    بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن دروست بکات. •    دەسەڵات ناچار بکات بە پێشکەشکردنی هەندێ کاری خزمەتگوزاری. ( ئەم قیرە رەش و جوانە.. بەرەهەمی شەقی نەوشیروانە). 10-    ئەستوربونی باسکی ئەم هێزە ترسی لای پارتی و یەکێتی دروستکرد، نان بڕین و موچە بڕین و هەڕەشە و رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان لێکەوتەی ئەو ترسەبون. راستە راستەوخۆ ئەم فشارانە بەرامبەر بە  گۆڕان کران، بەڵام لە راستیدا نامەیەک بو بۆ لایەنکانی دەرەوەی دەسەڵات و رۆشبیران و شەقام تێیدا ئەم پەیامەی هەبو " یان دەبێ نەبن یان گوێ ڕایەڵبن". 11-    ٢٠١٧ ..... ئێستا دوای کۆجی دوایی رێکخەری گشتی گڵۆڵەی ئەم بزوتنەوەیە کەوتە لێژی، ئەمەش نەک هەر کاریگەری کردە سەر بزوتنەوەکە بەڵکە : •    بە گشتی پێگە و بیری ئۆپۆزسیۆنبون و وشەی "نا و نەخێری " خستە سەر دوڕیانێکی نادیار.  •    ساردبونەوەی شەقامی ناڕازی و دروستبونی بێ ئومێدێ. •    سەرکەوتنی بەرەی گەندەڵ و سیستەمی حوکمڕانی بنەماڵە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت. 12-    ریکەوتنی پارتی - گۆڕان  لێرەوە ئیدی بە تەواوی تۆوی بیئومێدی بە ئۆپۆزسیۆنبون چاندرا، زۆرێک پێیان وایە  گروپی دەستڕۆیشتوی ناو ماڵی گۆڕان دوا بزماریان لە تابوتی گۆڕان و ئۆپزسیۆن داکوتا، سبەینێش دەسەڵات دەیدا لە تابوتی خۆیان.  بە کورتی دەسەڵات بە تایبەتی پارتی توانی لە رێگەی کاریگەریەوە لەسەر گروپێکی دەسترۆشتوی شەکەت و ماندوی  ناو سەرکردایەتی گۆڕان ئەم پەیامە " "  کەسانی تر دەتوانن هەبن  بەڵام دەبێت گوێڕایەڵ و گوێ لەمشتبن" بە گۆڕانخوازان و تەواوی لایەن و قەڵەمە ناڕازیەکان بدەن. بشڵێن " راستمان گوت، کاتی گوتمان گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا عاقڵ بوە". بەڵێ پێدەچێت ئەم گروپە دەستڕۆیشتوە لەو عاقڵانە بن و بە نیازی ئەوەبن زیاتر گۆڕان بەلارێدا بەرن. رونکردنەوەکەیان لەمەڕ هەوڵەکانی ئەو سێ پەرلەمانتارە رەسەنەی گۆڕان  لە بەغدا نیشانەیەکی مەترسیدارە لە لادانی زیاتری ئەم گروپە لە پرەنسیپەکانی گۆڕان. لە بەرامبەردا، زۆرن ئەوانەی پێیان وایە بنکەی جەماوەری ئۆپۆزسیۆن و دەنگە ناڕازیەکانی ناو گۆڕان تادێت لە زیادبوندایە. ئەم دەنگانە دەتوانن و ئەرکیانە: 1-    ببن بە خاوەنی راستەقینەی گۆڕان و گۆڕانکاری، لە هەرکات و شوێنێک بۆیان دەکرێ. 2-    سەرکردایەتی دەنگی تەواوی دەنگە ناڕازیەکان بکەن. 3-    پشودڕێژانە بە دەسەڵات بڵێن " ئیمە هەین و ئەبین و سیستەمی ئیدارەدانی وڵات دەگۆرین".   


مەریوان وریا قانع  دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر کچانی تەمەن ٧ ساڵ و تەمەن ١٠ ساڵ دیاردەیەکی بەرچاوی ئەمڕۆکەی ناو شارە گەورەکانی ھەرێمە. دوێنێ لە دھۆک و ئەمڕۆ لە ھەولێر و سبەینێ لە شوێنێکی تری ئەو وڵاتەدا گوێمان لەم جۆرە ھەواڵانە دەبێت و لە میدیاکاندا دەیانخوێنینەوە. دەستدرێژیکردنی سێکسیی بۆسەر منداڵان شتێکی تازە نییە لە مێژوودا، ئەوەی لە دونیای ئێمەدا تازەیە ئەوەیە ئەم دەستدرێژییکردنە بەشێکە لە قەیرانێکی ئەخلاقیی ھەمەلایەن کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە ھەرێمدا دروستبووە. قەیرانێک تیایدا ھەم سەرجەمی بەھا سەرەکیی و پێوانەییەکان تووشی شڵەژانێکی بونیادیی و ھەمەلایەن بوون، ھەم سەرجەمی فۆرمە جیاوازەکانی شەرمکردنی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و سیاسیی سڕاونەتەوە و بوونیان نەماوە. ئەمڕۆ لەو کۆمەڵگایەدا ھیچ حەرامێکی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی نەماوە نەشکێندرێن و ھیچ جۆرە دەسەڵاتێکی رەمزیش نەماوە، بتوانێت وەک ڕێگرێکی ویژدانی ڕێ لەو پرۆسەی بەرفراوانەی شکاندنی حەرامە ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتییەکان بگرێت. ھەموو ئەمانەش لەناو جۆرێک لە سایکۆلۆژیای گشتیدا کە بەرخۆریی و ئەنانیەتێکی کەموێنە چوارچێوەکانی دروستکردوە. بەرخۆریی سێکسیی پەیوەندار بە خودئەڤینییەکی پاسۆلۆژیەوە، چێژیش لەمانە بەرخۆرییە ڕووتەکەیدا وەک پاڵنەری سەرەکیی. پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە کێ لەم دۆخە بەرپرسە؟ لە پازدە ساڵی ڕابردوودا من بەرگریم لەو تێزە کردوە کە ئەم شڵەژانە بەھایی و ئەم قەیرانە ئەخلاقیی و ویژدانیانە دیاردەیەکن لەناو ”کایەی سیاسیی“ەوە بۆ ناو کایەی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی دادەبەزن. پرۆسەی وێرانکرنی کۆمەڵگای ئێمە پرۆسەیەکە لەسەرەوەە بۆ خوارەوە دادەبەزێت، لەناو دەسەڵاتی سیاسییەوە دێت و بۆ ناو کایەکانی تر دادەبەزێت. نوخبەکانن بۆگەن دەبن و لەگەڵخۆیاندا سەرجەمی ئەو ڕووبەرانە بۆگەندەکەن کە تیایاندا ئامادەن.  ھەر ئەوەی دەستدرێژیکەرەکان بەھۆی پەیوەندییەکانیانەوە بە کەسایەتییە سیاسیی و دەسەڵاتدارەکانەوە ئازاد دەکرێن و درێژە بە ژیانیان لەناو کۆمەڵگادا ئەدەن، ھێمای ئەم پەیوەندییە پتەوەیە کە لە دونیای ئێمەدا لەنێوان بەدڕەوشتیی و پێگە سیاسییە بەھێزەکاندا ئامادەیە. سیاسەتێکی بەدڕەوشت کۆمەڵگایەکی بەدڕەوشت دروستدەکات. فۆرمە بەدڕەوشتەکانی پیاوەتیی، کە بەشی زۆریان لەناو کایەی سیاسیدا دروستدەبن، فۆرمە جیاوازەکانی تاکەکەسبوون و مرۆڤبوون لە دونیای ئێمەدا بەدڕەوشت دەکەن. ھەر ئەمەیە وادەکات تا ئەو کۆمەڵگایە لەلایەن ئەو دەسەڵات و سیاسییە بەدڕەوشتانەوە بەڕێوەببرێت، ھەتا ئەو کایە سیاسییە سەرەتانییە بوونی ھەبێت، ناتوانین چاوەڕوانی ھیچ جۆرە ڕیفۆرم و چاکسازییەک بین لەناو ھیچ کایەیەکی کۆمەڵایەتیدا.  دەستی ئەو خانمە ئازایە خۆشبێت کە ئەم ڕاپۆرتە گرنگەی لەسەر ئەو تاوانە گەورەیە بڵاوکردۆتەوە.


هیوا سەید سەلیم دۆڕانی شارەوانی ئەستنبۆڵ لە هەڵبژاردنی 31 ئادار لە پاڵ چەندین شارەوانی مەزنی وەك (ئەنقەڕە ، مێرسین، ئەدەنە، ئزمیر) وچەندین شارەوانی دیكە، لە لایەن پارتی دادوگەشەپێدان بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان كە لە لایەك سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەو پارتەی دەسەلاتیشە، بەرپرسانی ئەو حزبەی تووشی شۆكێكی گەورە كرد، چونكە هیچ كات پەشبینی ئەو پاشەكشە گەورەیان نەدەكرد، وە دەتوانین بڵێین ئەو هەلبژاردنە زۆرێك لە حساباتی ئەردۆغانی تێكدا،  ئەو داینابووە كە وەك چۆن لە ئەستنبۆڵەوە جلەوی دەسەڵاتی وەرگرت هەر لەوێشەوە شكست بە ڕكابەرەكەی لە پارتی گەلی كۆماری بهێنێت، بۆیە لەچەندین میتینگدا بانگەشەی ئەوەی دەكرد ( ئەوەی ئەستەنبۆل بباتەوە هەموو توركیای بردۆتەوە) لێرەدا تێدەگەین ئەردۆغان كە بۆ هەڵبژاردنی 2023 خەونی گەورەی لە مێشك دایە، وە قەبوولی نیە لە 2019 هەموو توركیا بدۆڕێنێت، بۆیە هەر چەند رۆژێك دوای ئاشكرابوونی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا، پارتی دادوگەشەپێدان، تانەی لە ئەنجامەكانی هەلبژاردنی ئەسەتنبۆل دا، وە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی توركیاش كە لە 11 ئەندام پێكدێت لە كۆی ئەو 11 ئەندامە حەوتیان لە قازانجی تانەكەی ئەكەپە دەنگیان دا، وە بڕیار درا لە رۆژی 23 حوزەیران هەڵبژاردن بۆ شارەوانی ئەستنبۆڵ دووبارە بكرێتەوە. لە ئێستادا كە لەبەردەم چەند رۆژێكی كەم دایان بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردی ئەستەنبۆل دەپرسین ئاخۆ لە 23 حوزەیراندا ئەسەتبۆلیەكان دەنگ بە كێ دەدەن؟. وە كێ دەكەنە سەرۆك شارەوانی ئەستەنبۆڵ؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێت شیكاری بۆ كارەكتەرەكانی ناو ئەو ملاملانێیە بكەین و خوێندنەوەمان بۆ پشتی پەردەی هەلبژاردنەكە هەبێت بۆیە بەجیا باس لەهەریەك لە كاركتەرەكان دەكەین. ئەكەپە و ئەستنبۆڵ: پارتی دادو گەشەپێدان، كە لە ساڵی 2002 وەوە،  لە توركیا جلەوی دەسەلاتی گرتۆتە دەست، دەستپێكی سەرەهەڵدانی  ئەو پارتە بۆ بردنەوەی شارەوانی ئەسەتنبۆڵ لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی 1994 تا 1997 دەگەڕێتەوە، ئەكەپە لە ماوەی حوكمڕانی خۆیاندا ئەو شارەیان وەك ناوەندێكی گرنگی ئابووری و گەشتیاری پاراست، هەر ئەوەش وایكرد كە توركیا لەسەر دەستی ئەوان قۆناغەكانی كێشەی ئابووری ببڕێت، بەڵام دوای هەمواری دەستووری توركیا و هەلبژاردنی رەجەب ئەردۆغان وەك یەكەمین سەرۆك كۆمار لە شێوازێكی ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە تەواوی سیاسەتەكانی ئەكەپە گۆرانیان بەسەرداهات، لە ئێستادا توركیا بەدەست گەورەترین كێشەی ئابووری لە ناسەقامگیری بەهای لیرەی توركی و هەڵئاوسان و بێكاری دەناڵێنێت، بۆیە درووشەمەكانی ئەكەپە بۆ شارێكی وەك ئەستنبۆڵ بێ بەها دەبن و دەنگدەری ئەو شارە لە پارتی داد و گەشەپێدان هەلدەگەرێتەوە و بە دوای ئەلتەرناتیف دەگەڕێت، وەك ئەوەی لە دوایین هەلبژاردنی شارەوانیەكان بینرا.  جەهەپە و ئەستنبۆڵ:  پارتی گەلی كۆماری، كە میراتگری پارتەكەی مستەفا كەمال ئەتاتوركی دامەزرێنەری كۆماری توركیایە، لە ئێستادا بە ركابەری سەرەكی پارتی داد وگەشەپێان دەژمێردرێت، ئەو پارەت كە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئەستەنبۆڵ ئەكرەم ئیمام ئۆغلوی كاندید كردبوو تا ركابەری، بن عەلی یەلدرم كۆنە سەرۆك وەزیران و دواجاریش سەرۆكی پەرلەمان لە لیستی پارتی دادوگەشەپێدان بكات، زۆر سوودی لەو قەیرانانە بینی كە توركیا بە گشتی و شارە گەورەكانی بە تایبەتی لەسەر دەستی ئەكەپە تێی كوتووە، وە بەبەرنامە ئەو كێماسیانەی قۆستەوە، جەهەپە لە كاتێكدا ركابەرەكەی خەریكی درووشمی نەتەوەپەرستانەی توندرەو بوو ئەو باسی لە قەیرانە ئابووریەكان دەكرد و پرسی بێ كاری دەوروژاند بۆیە ویرای شارە گەورەكانی دیكەی توركیا توانی لە شاری ئستەنبۆڵ بە چەند هەزار دەنگێك پێش ئەكەپە بكەوێت. هەدەپە و ئەستەنبۆڵ: پارتی دیموكراتی گەلان لە دوو هەلبژاردنی رابردووی پەرلەمانی توركیا و هەلبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار كە سەڵاحەدین دەمیراتشی بۆ ركابەری ئەردۆغان كاندین كردبوو توانی بووی خاوەنداریەتی باش لە دەنگی دەنگدەرانی كورد لەو شارە بكات كە مەزەندە دەكرێت بە ملیۆنێك و پێنجەسد هەزار دەنگ، هەر بۆیەشە وەك هەڵوێستێك بەرامبەر سیاسەتی دووژمنكارانەی ئەكەپە لەبەرامبەر پرسی كورد و ئەو هەموو فشارانەی ئەردۆغان و حزبەكەی لەو چەند ساڵەی دوایی خستویانیەتە سەر هەدەپ لە رێكەوتنێكی لەگەڵ جەهەپە تونیان پارسەنگی هێز لە شارە گەورەكان بە زیان بۆ ئەكەپە بگۆڕن، گەورەترین شكست رووبەڕووی ئەكەپە . لە 23 حوزەیران جارێكی تر سندوقەكانی دەنگدان پێشوازی لە دەنگدارانی ئەستنبۆڵ دەكاتەوە، هاوكێشەكان لە نێوانی ئەكەپە و جەهەپە گۆڕانیان بەسەرنەهاتووە ئەوەی تا ئێستا ڕوون نیە هەلوێستی هەدەپە كە پێشتر وەك هێزی پاڵپشت لە جەهەپە تەواوی هاوكێشەكانی گۆڕی بوو. لە ئێستادا ئەوەی قسەی كۆتایی سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانی مەزنی ئەستەنبۆل و هەڵوێستی هەدەپە لەوبارەیەوە دەكات زیندانە،  زیندانی ئەدەرنە كە سەڵاحەدین دەمیرتاشی لێیە، هەلوێستی روونە و ئەو لەوێ  داوا دەكات هەدەپەیەكان دەنگ بە كاندیدی جەهەپە بدەنەوە، وەلێ ئەوەی ڕوون نیە هەڵوێستی ئیمرالیە،بۆیە دەپرسین  ئایا رێگەدان بە دیداری ئۆجالان لە ئیمڕالی لە هەمان ئەو رۆژەی كە بڕیاری دووبارە ئەنجامدانی هەلبژاردنی شارەوانی ئەستنبۆڵ رێكەوت بوو یان بەرنامە بۆ دارێژرابوو. دوو رۆژی ماوە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە وەردەگرینەوە، لەهەمووشی گرنگتر دەزانرێت كە كێ دەبێتە سەرۆك شارەوانی ئەستنبۆڵ ئەكەرەم ئیمام ئۆغلوی جەهەپە یان بن عەلی یلدرمی ئەكەپە.


کاروان عەلی شامار ئەگەر بابەتی شرۆڤەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بکرێ، یەقین دەبی لەوەی بەھۆی لێدوان و کردەوەکانی بارزانییەوە کوردستان بەگشتی و دەڤەری سلێمانی بەتایبەت دەرگیری دەیان ئافاتی جۆراو بۆتەوە، وەلێ سەرباری ئەوانەش بەشێک لە بەرپرسانی زۆنی سەوز بێدەنگیان ھەڵبژاردوە ناوبەناو بۆ سپیکردنەوەی رویان لێدوانێکی شەرمنانە دەدەن. بەڵام سەنگاویەک کە ھەموو تەمەنی خۆی کردۆتە قوربانی بۆ حیزب و گەلەکەی حەتمەن وەک ئەوان نابێ و بەو میتۆدەی ئەوانیش نادوێ.  لەمێژە ئەو فاکتە سەلمێنراوە کە ھەر جۆرە سەودایەک لەگەڵ پارتی زادەی ھزرو لۆجیک بێ ئەوا باتیلە، گومانی تێدا نییە لێدوانەکەی دوێنێی سەنگاوی لە ھەمبەر پارتی و ماڵبات، جگە لە کەمینەیەک لە بزنس و بەرژەوەندخوازو پۆستخوازەکان نەبێ، کە بازاریان شێواوە! بەکامی دڵی یەکێتیە دڵسۆزەکان بوو. کەواتە ئیدیۆمەکەی تەواو کاڵا بەقەد باڵای بارزانیە!  سەنگاوی بە تەنھا خۆی بارتەقای ھەموو پارتی و ماڵباتی بارزانی خەبات و بەرخودانی کردوە، تەنانەت ئەوێ رۆژێ کە بریاری ئاشبەتاڵ دراو زیاتر لە (١٥٠) ھەزار چەکدار تەسلیمبونەوە، بارزانی وتی کاری من تەواو! ئەو لەگەل ھاورێکانی لە شۆرشی نوێدا خەباتی پارتیزانیان دەستپێکردو شاخەکانی کوردستانیان کردە دوا مەنزڵیان و دروشمی کەم ژیان و کەڵژیانیان دەگوتەوە، وە بون بەچراو جارێکی تر ئومێدیان کردەوە بەبەری نائومێدیدا! خولاصە، بێرێزی بەرامبەر محمود سەنگاوی بێرێزیە بەرامبەر بە ھەموو سەروەرییەکانی یەکێتی، چلۆن پارتی بە ھەموو ئیمکانیەتیەوە بەرگریدەکا لە بێمۆرالترین کادیرەکانی و دەیان بەکرێگیراویش ھاندەدا بۆ سوکایەتی بەکاک محمودەکان، دەبێ یەکێتیەکانیش نرخاندنیان ھەبێ و ئەرزش و ستایشی یەک لە سیمبولە جوان و دیارەکانیان بکەن


بەشی دووەم سەرکەوت شەمسەدین لە پەرلەمانی عێراق بە حوکمی پێگە دەستوریەکەی پەرلەمانتار ئەتوانێ بێ ئەوەی هیچ گرفتێ بۆخۆی دروست بکات  و وەک فەرمانبەر دەوامی خۆی بکات، و خۆشی لە میدیا بەدور بگرێت و حزب چی پێوت هاوکاری بکات، خۆشی بە بێدەنگی ببێتە شەریکی تاڵانکاری و زۆرینەی خەڵکیش هەر نەزانێ کێن و چی دەکەن و بایەخیان چییە.  هەر ئەتوانن بزانن لەو دەیان پەرلەمانتارە چەندیان لای خەڵک زانراون و پرۆژە و ئیشەکانیان دیارە؟ چەندیان ئامادەیە بە راشکاوی روبەروی زوڵم و تاڵانکاری ببێتەوە و ژیانی خۆی بخاتە مەترسی ئەو هەموو مافیایە بکاتە دوژمنی خۆی؟ بەڵام بۆ ئێمەمانان کە پێش سیاسەت و کاری پەرلەمانتاری ئەمسەنگەری دژ بە حوکمی بنەماڵە و دژ بە چەواشەکاری و تاڵانکاری سنگمان ناوە بە لولەی تفەنگەکانی دەسەڵات، ئێستا لە پێناو ئەو ئەرکەی پێمان سپێردراوە وەک نوێنەری خەڵک، لە پێناو قوتی هاوڵاتیان، لە پێناو مافی موچەخۆران، لە پێناو پارەی خوراوی خانە نشینان نەک ئاوڕ بۆ تەخوینکردن و پەلامارەکانی چەکلەکانتان نادەینەوە، بەڵکو ئێستا ئەزانین کە لەسەر رێگەیەکی حەقو دروستین. ئێستا ئەزانین کە چەکلەکانی حزب کەوتنە گیانمان ئنجا دەزانین ئەرکێکی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتیمانمان جێبەجێکردوە وەلەسەر ئەم رێگەیەش بەردەوام ئەبین. هەنگاوەکانیشمان لە بەغداد ناوەستێ، بەڵکو شوێن کۆمپانیا و معتەمەدەکانتان ئەکەوین و ئەم چەند ساڵەی لێرەین ستراتیژمان گێڕانەوەی قوتی خەڵک و دەرهێنانیەتی لە دەستی ئێوە کە جگە لە قاچاغچییەکی بێ مۆڕاڵ هیچی تر نەبون. ئێوە وەزیر و وەکیل وەزیر وەر بگرن بۆ دەستخستنی گرێبەستی ملیۆنان دۆلاری و سەفقەی کرین فرۆشی پۆست و دەنگی پەرلەمانتارەکانتان بکەن، ئێمەش یەک بە یەک ریسەکەتان لێ ئەکەینەوە بە خوری و جێگەی موعەتەمەدەکانتان لە بەغداد دەلەرزێنین. دەبێت کارێک بکەین چیتر ئەو بێمنەتیەی کوردستان تان بیر بەینەوە. بەڵام بۆ ئەم کارە پشتیوانی خەڵک و کەسانی خاوەن ویژدانمان پێویستە، چونکە ئەوان بە هەموو هێزی خۆیان خەریکی دێواندنی ئێمەن و خەڵکی سادە و بەش مەینەت وا تێ ئەگەیەنن کە ئێمە کارێکی دژ بە ئەوان ئەکەین، بۆیە ئەم شەرە بە تەنیا ناکرێ و پێویستمان بە کۆمەکی بەرەی خەڵک و راستی یە لە بەرامبەر بەرەی چەواشە و تەخوین، چونکە ئەم هەنگاوانەی ئێمە هێشتا سەرەتایە. ئەم بەرەیە پێویستی بە کۆبونەوەی حزبی و رێکەوتنی پێنج قۆڵی و چوار قۆڵی نیە بەلکو پێویستی بە کۆبونەوە و کارکردنی هەمو ئەو دەنگانە هەیە کە دەسەڵاتی بنەماڵە، کە دژی چەتەگەری و خەونی نیشتیمانێکی هەیە کە نەوەکانمان شانازی پێوەبکەن، ئیتر ئە دەنگانە لە ناو پەرلەمانبن یان دەرەوەی پەرلان گرنگ نیە، چونکە ئەوەی نوسەرێک یان چالاکوانێکی سەربەخۆ و رۆژنامەنوسێکی ئازا ئەتوانێ بیکات زەحمەتە بە پەرلەمانتارێک بکرێت.  ماویەتی...


گوڵاڵە سدیق کاتێک دەوڵەتێک (دەوڵەتە بەرخۆرەکان) پشت ببەستێت بەیەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ داهات، ئەوا بە ئابوری ئەو دەوڵەتە دەوترێت ئابوری تاک سەرچاوە، هەمیشە سەرچاوەکان سروشتین و پێویستی بە ڕەنج یان تێکۆشانێکی زۆر نیە بۆ ساغکردنەوە و گۆڕینەوەیان بەپارەی نەختینەیی، وە هەمیشە سەرچاوەکان لەدەرەوەی دەوڵەتە بەرهەمهێنەکەوە ساغ دەکرێتەوە. لەزانستی سیاسی و تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، لە دەوڵەتی تاک سەرچاوەدا دەسەڵات دەست دەگرێت بەسەر ئەو سەرچاوەدا بەشێوەیەکی قۆرغکاری مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و هەر لە موڵکداریی و دابەشکردن و فرۆشتنیشەوە. ئابوری تاک سەرچاوە لەڕوانگەی هەندێ دەوڵەتەوە (دەوڵەتە بەرهەمهێنەکان) بە سەرچاوەیەکی دارایی یەدەک تەماشادەکرێت و بە خەزێنەیەکی دارایی گرنگی دادەنێن و هەمیشە کار لەسەر پاراستنی دەکەن، نەک بەکارهێنان و فرۆشتنی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ بەرنامە. ئابوری تاک سەرچاوە بەپێی شێوازی ساغکردنەوەی بەرهەمەکە و بەدەستهێنانی داهات بە دوو شێوە پۆلێن دەکرێن: ١ـ داهاتی دەرەکی: مەبەست لەو ئابوریەیە کە بەرهەمەکە لەدەرەوەی دەوڵەتە بەرهەمهێنەکەوە ساغ دەکرێتەوە، ئەویش بەهۆی هەبونی ئەو جیاوازییە زۆرەی کە لەنێوان بڕی تێچون و داهات هەیە، وە ئەو جیاوازییە کارناکاتە سەر گرانبونی نرخ و بەدەستهێنانی سەرچاوەکە لەدەوڵەتە بەرهەمهێنەکەدا. ئەو سەرچاوانەی کە بەئابوری تاک سەرچاوەی دەرەکی هەژماردەکرێن بریتین لە: نەوت و غاز، کانزاکان، گەشتوگوزار، حەواڵە داراییە دەرەکییەکان، هاوکارییە دەرەکییەکان (کەلەڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە دەدرێت بە مەبەستی کاروچالاکی بۆ دەوڵەتی سودمەند)، هێڵی گواستنەوە ستراتیجیەکان وەک ( نۆکەندە ئاوییەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و غاز لەڕێگەی وشکانی ئەو دەوڵەتانەی بۆرییەکەی پێدا ڕۆشتوە، هێڵی ئاسنی). دەوڵەت دەتوانێت بەهەر ڕێگەیەک لەم ڕێگایانە داهاتی دەست بکەوێت و لەناوخۆی وڵاتدا خەرجی بکات. داهاتی ناوخۆیی: مەبەست لێی ئەو داهاتەیە کەلەڕێگەی ساغکردنەوەی بەرهەمەکە لەناوخۆی وڵات دەست دەکەوێت  ئەو بەرهەمانەی کە بەئابوری تاک سەرچاوەی ناوخۆیی هەژماردەکرێن بریتین لە خزمەتگوزارییە حکومیەکان، خزمەتگوزارییە بانکییەکان، وەبەرهێنانی خانوبەرە، خزمەتگوزارییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان. لەناوچەکە بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دەوڵەت بۆ دابینکردنی بودجە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پشتی بە ئابوری تاک سەرچاوە بەستوە، بەتایبەت نەوت کە وەک تاکە سەرچاوەی داهات سەیردەکرێت بۆ خەمڵاندنی بودجە و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی دەوڵەت وەک داهاتی دەرەکی. وە هەرچی کۆمپانیاکانی خانوبەرە هەیە لەکەرتی تایبەتدا پشت دەبەستن بەو پارەی خزمەتگوزارییانە وەک داهاتێکی ناوخۆیی تاک سەرچاوە.


ئاراس فه‌تاح به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پرۆسه‌ی "عاقڵبوون"ی كۆتایی ئه‌م رێكخراوه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای مردنی رێكخه‌ره‌ گشتییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ خێراییه‌كی ترسناك له‌ عه‌قڵه‌وه‌ بۆ غه‌فل و له‌ ڕادیكاڵییه‌ته‌وه‌ بۆ ته‌سلیبوون هه‌نگاو ده‌نێت. ئه‌م سیاسه‌ته‌ نوێیه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌كردن و به‌دیهێنانی ته‌واوی ئه‌و گوتاره‌ی پارتییه‌ كه‌ ده‌ڵێت گۆڕانی دوای نه‌وشیروان عاقڵ ده‌بێت. سیاسه‌تی حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌م چركه‌ساته‌ مه‌ترسییداره‌دا كه‌ بێده‌نگیی و سه‌ركزكردن و خۆگێلكردن خه‌سڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێكده‌هێنن، گه‌ر نوزه‌یه‌كی تێدا مابێت، ده‌نگ و ماندووبوونی چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی‌ ته‌ره‌كه‌وتووه‌ له‌ به‌غدا و هه‌ولێر. ئه‌م په‌رله‌مه‌نتارانه‌ی هه‌ندێ له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان كه‌ ژماره‌یان به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێت، وه‌ك جه‌نگاوه‌رێكی ته‌نهاكه‌وتوو دژ به‌ خێزانییكردنی ده‌سه‌ڵات و به‌تاڵابردنی نه‌وت و مووچه‌ی هاونیشتیمانیانیان له‌ په‌رله‌مانی عێراق و هه‌رێم كارده‌كه‌ن و خه‌بات بۆ شه‌فافییه‌ت و مافه‌ خوراوه‌كانیان ده‌كه‌ن. هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مه‌نتاره‌كانی گۆڕان له‌ به‌غدا ده‌مێكه‌ گۆشتێكی زیاده‌ن به‌ جه‌سته‌ی سیاسیی بزوتنه‌وه‌كه‌یانه‌وه‌. ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ش هێمایه‌كی ئاشكرایه‌ بۆ بڕینی دوا گۆشتی زیاده‌ی سه‌ر جه‌سته‌ی سیاسیی گۆڕان‌ له‌ ساڵۆنی ته‌جمیلی پارتی دیموكراتی كوردستان و دروستكردنی كولتووری بێده‌نگیی ناو گۆڕستانێكی سیاسیی. له‌ ساڵانی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ كاك مه‌ریوانی هاوڕێم چه‌ندین وتاری شیكارییمان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی گه‌شه‌كردنی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ و كێشه‌كانی نووسیوه‌. لێره‌دا هێما به‌ دوانیان ده‌كه‌م. له‌ ساڵی ٢٠١٧ له‌ وتارێكدا به‌ناوی (بزوتنەوەی گۆڕان: گیرخواردن لەنێوان گوتاری ڕوخاندن و ھیچنەکردندا) باسمان له‌ بوونی ململانێكانی ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ كرد كه‌ ئه‌وكات به‌ته‌واوی یه‌كلانه‌بووبووه‌وه‌. ئه‌وكات نووسیمان: „بزوتنەوەی گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا بووە بە ھێزێکی چەقیو لە نێوان رادیکالیزم و ھیچنەکردندا. بووە بە ھێزێک کە لە نێوان ھیوایەکی موغامیرانەی بیرلێنەکراوە و بێھیواییەکی شکستپەرستدا قەتیسماوە. بزوتنەوەیەکە لە نێوان خواستی ریفۆرمی بنەڕەتیی تا ئاستی شۆڕشکردن و لە نێوان ترسان و بوون بە برابچووک و سەیرکەرێکی وەڕسبووی ڕووداوەکاندا گیریخواردووە. بەبۆچوونی ئێمە کێشەی سەرەکیی ئەم بزوتنەوەیە گریخواردنیەتی بەدەست ئەم دابەشبوونەوە؛ دۆشدامان و چەقبەستن لەنێوان بژاردە پەڕگیرەکاندا. ھەندێکیان پێیان وایە یان ئەوەتا دەبێت ھێزی ئەوەت ھەبێت بتوانیت سەری ڕەش و دەباشان بگریت، یان کە ئەوەت نییە لەسەر مۆدێلی یەکگرتوی ئیسلامیی لەبەردەم خواستەکانی دوو بنەماڵەکەی ناو پارتی و یەکێتیدا، نووچبدەیت. چەقین لەنێوان ئەم دوو دۆخە پەڕگیرەدا بنبەستیی سیاسیی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانە. ئەمەش تەواو ناکۆکە بە سیاسەتکردن وەک چالاکییەکی عەقڵانیی، سیاسەتی عەقلانیی ھەرگیز ھەڵبژاردن نییە لەنێوان دووجۆر لە بژادەی پەڕگیردا. بەڕای ئێمە لەنێوان شۆڕش و تەسلیمبووندا زۆر کردەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و میدیایی ھەیە کە پێویستە بکرێت، بەڵام ئەمە نەک ھەر نەکراوە بەڵکو بیریشی لێنەکراوەتەوە.“ له‌دواوتاریشماندا به‌ناوی (بزوتنەوەی گۆڕان: شكستی نوخبەیەکی سیاسیی نوێ) باسمان له‌ ساغبوونه‌وه‌ی ئه‌م ململانێیه‌ كرد و شیكاری ئه‌وه‌مان كرد كه‌ „بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو بە وێنەیەکی تری پرۆژەی دروستکردن و بەھێزکردنی خێزانە سوڵتانییەکانی ناو ھەرێم. نوخبە سیاسییە تازەکەی ناو گۆڕانیش بەشێوەی جیاواز لەم پرۆژەیەوە ئاڵاون“... له‌دیدگای ئێمه‌دا „لەماوەی دە ساڵدا گۆڕان لە ھێزێکی سیاسیی تازە و ڕادیکاڵەوە گۆڕا بۆ ھێزێکی نیمچە سوڵتانیی کە تەوریسی سیاسیی بەشێکی زۆری ئاکار و جوڵە و ھەڵوێستە سیاسییەکانی دەستنیشاندەکات. به‌بۆچوونی ئێمه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ مانا سیاسییه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ی خیانه‌تی له‌ ستراتیژی هه‌نووكه‌یی و سیاسه‌تی ئێستای خۆی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر ڕاستگۆیانه‌ په‌یڕه‌وی ئه‌و سیاسه‌ته‌ نوێیه‌ی ته‌وریسی سیاسیی و به‌خێزانییكردنی حیزب ده‌كات كه‌ له‌دوای مردنی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ بۆی ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌م كولتووره له‌ داهاتوودا ته‌نها متمانه‌ی ده‌نگده‌ر به‌ ئه‌خلاقیی سیاسیی و چه‌مكی ئۆپۆزیسیۆن له‌قناكات، به‌ڵكو كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی و خه‌باتی په‌رله‌مانتارییش ده‌خاته‌ ژێر پرسیاری گه‌وره‌وه‌.“


 ئاریان فەرەج   پاش سەردانی پارتی، مەسرور بارزانی سەردانی سلێمانی كرد، جیا لە یەكێتی و گۆڕان، چووە دیدەنیی كاكە حەمەی حاجی مەحمود و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش. سەردان و كۆبونەوەكەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەگەڵ پارتی، نە چاوەڕوانیی لای رای گشتی دروست كرد و نە نەتیجەكەشی نائاسایی بوو، ئاخر پارتی جیا لە پەرۆشیی بۆ هەرچی زووتر پێكهێنانی كابینە، لە دەستنیشانی كاندیدەكانیشیدا بێ كێشە و دەستوبرد و ئاسانكارە و بۆیەش دەكرێ بگووترێت، رۆژی یەكەمی هەنگاوەكان لە سەردانی سلێمانییەوە دەسپێكرا.    ئاماژەكانی رۆژی یەكەم، بە گشتی ئومێدبەخش بوون. لایەنەكان جددییەتیان بۆ ناردنی سی ڤی كاندیدانیان لە وادەی دیاریكراودا نیشان دا، جیا لەوەی تەئكیدیان لە پابەندبونیان بە رێكەوتنەكانیان لەگەڵ پارتی كردەوە كە بەرەنجامی چەند مانگێك گفتوگۆی چڕوپڕ و لە هەندێك قۆناغیشدا بەكێشە و بێشەبوون، مەسرور بارزانی دیدارەكانی بە گرنگ ناوبرد و لەو بارەیەوە گووتی: لە دیدارەكاندا ئەو هەستەمان بەدیكرد كە هەمووان خوازیارن كابینە لە وادەی خۆیدا رابگەیەنرێت.    بابەتی كەركوك كە لە یەك لە دیدارەكاندا، پێدەچێ بابەتی باس بووبێت، هەوڵ دەدرێت پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت چیتر ئاستەنگ و دوانەخات، ئەو پرۆسەیەی كە سەرۆك وەزیرانی راسپیردراو لە توێتێكدا ناویناوە( بەجێگەیاندنی ئەركی هاوبەشی هەمووان). مەسرور بارزانی لەو بارەیەوە دڵنیایی بەخشی و یەك لە ئەندامانی وەفدە هاوڕییەكەشی تەئكیدی كردەوە كە پارتی پابەندی هەموو رێكەوتنەكانە لەگەڵ یەكێتی كە یەك لەوانە تایبەتە بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بە دانانی پارێزگاریشەوە، ئەو كەركوكەی كە پارتی گەر لە خەڵكی دیكە بۆی پەرۆشتر نەبێت، لەوان كەمتر پەرۆشی نییە.  كەواتە گەر ئاستەنگ نەیەنەپێش، لایەنەكان لە یەكلاییكردنەوەی كاندیدەكانیاندا پرۆسەكە مەحتەل نەكەن، رێكەوتن و تەفاهوماتی پێشتر، بایی هێندە زەمینەخۆشكەرن كە لە وادەی یاساییدا و بەر لەوەش كە پەرلەمان داخڵی پشوو بێت، كابینەی نوێ متمانە وەرگرێت و دەستبەكار بكات.    ئاماژەیەكی دیكەی رۆژی یەكەم، یەكلاییكردنەوەی وەزیری شەهیدان بوو بۆ حزبی سوسیالیست، ئەو هەنگاوەی رای گشتی و هەموو كوردپەروەران و شەهیدپەروەران دەستخۆشی و ئافەرینیان لێكرد، پەیام و تەعبیرێكی پڕ مەغزاش بوو لە دید و تێڕوانینی پارتی و سەرۆكی راسپێردراوی كابینەی نوێ.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand