تاڵیبان.. ئەو بزوتنەوەیەی ئەمریكا لە كۆتایی پێهێنانی شكستیهێنا

Draw Media

2021-07-06 14:55:14



(درەو):
بەگوێرەی رێككەوتنێك لەگەڵ تالیبان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لە پەیمانی ناتۆ رەزامەندییان دەربڕی هەموو هێزەكانیان لە ئەفغانستان بكشێننەوە لەبەرامبەر ئەوەی بزوتنەوەكە پابەندی ئەوەبێت رێگە بە رێكخراووی قاعیدە یان هیچ گروپێكی تری توندڕەو نەدا لەو ناوچانەدا كاربكەن كە كۆنترۆڵی دەكەن.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاش 11ی سێپتەمبەری داهاتووە وەك دوا وادە بۆ كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمریكا دیاریكرد كە هاوكاتە لەگەڵ بیستەمین ساڵیادی هێرشەكانی 11ی سێتەمبەر, بەڵام راپۆرتەكان ئاماژە بەوەدەدەن كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواودەبێت.
لە لێدوانیدا بۆ " بی بی سی" بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند هەر هێزێكی بیانی دوای دوا وادەی ناتۆ بۆ كشانەوەی كە مانگی سێپتەمبەرە لە ئەفغانستان بمێنێتەوە توشی مەترسی دەبێت‌و بە هێزی داگیركەر ئەژماردەكرێت.
لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی‌و سپاردنی دۆسیەی ئەمنی بە هێزەكانی ئەفغانستان بە تەنها لە ئێستادا داهاتووی كابوڵی پایتەخت مشتومڕ‌و نیگەرانی زۆری لێكەوتوەتەوە چونكە رۆژ بەرۆژ هێزەكانی بزوتنەوەی تاڵیبان كە وەك هێزێكی بەهێزی چەكدار بوونی خۆی سەلماندووە هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ حكومەتی ئەفغانستان‌و ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا بەدی هاتووە.


بزوتنەوەی تاڵیبان
بزوتنەوەی تاڵیبان سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو لە باكوری پاكستان دەركەوت دوای كشانەوەی هێزەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لە ئەفغانستان‌و لە پاییزی ساڵی 1994 ئەستێرەی تاڵیبان كە زۆرینەی ئەندامەكانی پشت‌ونن لە ئەفغانستان درەوشایەوە.
زۆرینەی سەرچاوەكان جەخت لەوەدەكەنەوە كە بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ یەكەمجار لەو پەیمانگا ئاینییانەوە دەركەوتووە كە لە  سعودیەوە تەمویل دەكران‌و رێبازێكی ئاینی توندڕەویان پەیڕەودەكرد.
تاڵیبان كە لە ناوچەكانی پشتۆن نیشنەكانی پاكستان‌و ئەفغانستادا بوونی هەبوو بەڵێنیدابوو دوای كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات كاردەكات بۆ چەسپاندنی ئاشتی‌و ئاسایش‌و جێبەجێكردنی توندی شەریعەت‌و لە ناوچەكانی هەردوو وڵاتیشدا دەستیكرد بە جێبەجێكردنی چەندین سزا بە گوێرەی شەریعەت وەك لەسێدارەدانی ئاشكرای ئەو كەسانەی تۆمەتبارن بە تاوانی كوشتن‌و زیناكردن‌و دەستبڕینی هەر كەسێك كە بسلەمێنرێت دزی كردووە.
هەروەها بزوتنەوەكە فەرمانیدا بە ریش هێشتنەوەی پیاوان‌و ژنانیشی ناچاركرد پەچە بپۆشن‌و سەیركردنی تەلەفزۆیۆن‌و گوێگرتن لە مۆزیك‌و چون بۆ سینەماو چونی كچانی بۆ قوتابخانە لە تەمەنی 10 ساڵییەوە قەدەغەكرد.
پاكستان چەندان جار رەتیكردوەتەوە كە ئەو بزوتنەوەی تاڵیبانی دامەزراندبێت, بەڵام گومانی تێدا نیە كە ئەو ئەفغانیانەی چونەتە ریزی بزوتنەوەكە لە پەیمانگا ئاینییەكانی پاكستاندا خوێندویانە, هەروەها پاكستان  سێیەم وڵاتە دوای سعودیە‌و ئیمارات كە دانیان بە دەسەڵاتی تاڵیباندا نا كاتێك ناوەڕاستی نەوەدەكان گەیشتە دەسەڵات لە ئەفغانستان‌و هەتا 2001 لە دەسەڵاتدا مایەوە‌و پاكستان دواهەمین وڵاتیش بوو كە پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی لەگەڵ تاڵیباندا پچڕاند.


سەركردەكانی تاڵیبان
سەرەتا مەلا عومەر پیاوی ئاینی سەركردایەتی بزوتنەوەكەی دەكرد كە لە شەڕیدا دژی هێرشەكانی یەكێتی سۆڤیەت لە هەشتاكاندا چاوێكی لە دەستدابوو, لە ئابی 2015 دوای دوو ساڵ لە دیارنەمانی تاڵیبان هەواڵی مردنی مەلا عومەری بڵاوكردەوە‌و لە ئەیلولی 2015 تاڵیبان رایگەیاند هێزەكانی بزوتنەوەكە لەژێر سەرۆكایەتی مەلا مەنسوردا كۆبونەتەوە كە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ جێگری مەلا عومەر بوو.
ئایاری 2016 مەلا مەنسور لە هێرشێكی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكا كوژراو جێگرەكەی مەولوی هەیبەتولا ئاخونزادە كە پیاوێكی ئاینیی توندڕەوبوو جێگەی گرتەوەو ئەویش لەگەڵ چەند سەركردەیەكی تاڵیبان لە نێویشاندا مەلا نەزیر و وەلی رەحمان لەلایەن فڕۆكەیەكی بێ‌ فڕۆكەوانی ئەمریكا كوژراو لە تشرینی دووەمی 2013 چەند راپۆرتێك رایانگەیاند كە حەكیموڵا مەحسود سەرۆكی رێكخراوەكە لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە پاكستان كوژراوە, ئەم هێرشە پاش ئەو رەخنە زۆرە ئەنجامدرا كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رووبەڕووی بزوتنەوەی تاڵیبان بووەوەو لە تشرینی یەكەمی 2012 كاتێك چەكدارەكانی بزوتنەوەكە هێرشیان كردە سەر ماڵی كچە خوێندكار مەلالای یوسفزای لە شارۆچكەی مینگۆرا.


پەناگەی قاعیدە
دوای هێرشەكانی یانزەی سێپتەمبەری 2001 بۆسەر تاوەری بازرگانی جیهانی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بزوتنەوەی تاڵیبان بووە جێی باس‌و بایەخی جیهان‌و بزوتنەوەكە تۆمەتباركرا بەدابینكردنی پەناگەیەكی ئارام بۆ سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە ئوسامە بن لادن‌و ئەندامانی رێكخراوەكەی كە تۆمەتباردەكران بە بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە.
دوای ماوەیەكی كورت لە هێرشەكانی سێپتەمبەر, هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەفغانستانی كۆنترۆڵكرد‌و كۆتایی بە دەسەڵاتی تاڵیبان هێنا, بەڵام مەلا عومەر سەرۆكی بزوتنەوەكە دەستگیر نەكرا.
لە چەند ساڵی رابردوودا جارێكی تر بزوتنەوەی تاڵیبان گەشەی كردەوەو بووە گەورەترین هێز لە پاكستان‌و چاودێران دەڵێن هیچ هەماهەنگییی توندوتۆڵ نیە لە نێوان گروپە توندڕەوەكانی سەر بە تاڵیبان.


گەڕانەوەی تاڵیبان
سەرەڕای بوونی زۆرترین ژمارەی هێزی بیانی لەسەر خاكی ئەفغانستان, بزوتنەوەی تاڵیبان توانی هەژمونی خۆی لە ناوچەیەكی بەرفراوانی ئەو وڵاتدا بسەپێنێت‌و پەرەی پێبدات, ئەوەش وایكرد روبەڕێكی بەرفراوانی ئەو وڵاتە نائارام بێت‌و جارێكی تر توندوتیژی بگەڕێتەوە بۆ وڵات كە لە دوای 2001ەوە كەمێك سەقامگیری بەخۆیەوە بینی بوو. لەم چەند ساڵەی دواییدا تاڵیبان چەندین هێرشی لە كابوڵی پایتەخت ئەنجامداو لە سێپتەمبەری 2012 هێرشێكی گەورەی كردە سەر بنكەی كامپ باستیۆنی هێزەكانی پەیمانی ناتۆ‌و لە هەمان مانگدا هێزەكانی ئەمریكا سەرپەرشتیكردنی گرتوخانەی باگرامیان دایە دەست دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان كە زیاتر لە سێ‌ هەزار چەكداری تاڵیبان‌و گومانلێكراوی تێدایە.
لە چەند ساڵی رابردوودا تاڵیبان لە هێرشەكانیدا زیاتر پشتی بە بۆمبی چێندراو دەبەست كە بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ناتۆو ئەفغانستان لە شەقام‌و رێگاكاند دەچێندران‌و بەوردی نازانرێت بەو هێرشانەدا چەند كەس كوژراون, بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێت تاڵیبان بەرپرسە لە كوشتنی زیاتر لە 1800 ئەندامی هێزەكانی پۆلیسی نیشتمانی ئەفغانستان لە ساڵی 2012دا, هەروەها نزیكەی 800 سەربازی سوپای نیشتمانی ئەفغانستان لە هەما ماوەدا بەهۆی بۆمبی چێندراوە كوژراون.
لە سێپتەمبەری 2015 تاڵیبان شاری قەندوزی ستراتیژی كۆنترۆڵكردەوە‌و لەدوای 2001ەوە ئەوە یەكەم جار بوو بزوتنەوەكە پایتەختی هەرێمێك كۆنترۆڵ بكاتەوە‌و ئێستا دوای تێپەڕینی 19 ساڵ بەسەر كۆتاییهێنان بە حكومڕانی تاڵیبان‌و خەرجكردنی پارەیەكی خەیاڵی بۆ نەهێشتنی بزوتنەوەكە خۆی راگرتووەو تائێستا توانیویەتی نزیكەی لەسەدا 40ی روبەری وڵات كۆنترۆڵ بكاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand