سەرکۆماری نوێی ئێران سوێند دەخوات

Draw Media

2021-08-05 12:46:38



د. هەردی مەهدی
سەعات پێنجی نیوەڕۆی (بەکاتی تاران) ڕۆژی ٥/٨/٢٠٢١، لە بینای ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران(پەرلەمان)، مەراسیمی سوێندخواردنی ئیبراهیمی ڕەئیسی وەک سەرکۆماری نوێی ئێران بەڕێوەدەچێت، کە لە دواهەڵبژاردنی ئێراندا، وەک براوەی هەڵبژاردنەکان دەستنیشان کرا و لەم ڕۆژەدا سوێندی یاسایی دەخوات و لەسەر کورسی سەرکۆماریی دەستبەکار دەبێت. ئەو لە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی سارد و کەشێکی گەرم و بایکۆتێکی زۆر و دنیایەکی ئاڵۆز و چەندین یەخانگیرییی سیاسیی و ئابووریی نێوخۆیی و دەرەکییدا، وەک دواسەرۆکی وڵاتەکەی دەچێتە سەر کورسیی سەرکۆماریی.
لە پرۆسەی کاندیدبوونەوە تا سەرکۆمار بە پێی دەستوور و یاسابەرکارەکانی پەیوەست بە پۆستی سەرکۆمارەوە، بە شەش قۆناغ ئەوسا دەتوانێت بەتەواوی دەسەڵاتەکانی وەربگرێت و دەست بەکاربێت: 
١. خۆکاندیدکردن وەک هەر هاوڵاتییەک بەمەرجێک شیعەمەزهەبی دوانزە ئیمامی بێت.
٢. قۆناغی فیلتەرینگی شورای پاسەوان، کە مەرج نییە هەرکەس کاندید بوو ئیتر بەشداری کێبەرکێ بێت تا ئەوکاتەی ئەم شورایە پەسەندی نەکات.
٣. قۆناغی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دیاریکردنی براوە.
٤. قۆناغی دەرکردنی مەرسومی ڕێبەری (تنفیذ): کە پاش سەرکەوتنی کاندیدێک، پێویستە ڕێبەر مەرسومێکی ڕێبەری بۆ دەربکات و وەک سەرکۆمار ئەو کاندیدە پەسەندکراوە دابنێت، دیارە ئەمە ڕۆژی سێشەممە ٣/٨/٢٠٢١ ئەم مەراسیمە بەڕێوەچوو و تێیدا خامینەیی ڕێبەر فەرمانی ڕێبەری دایە دەست ئیبراهیم ڕەئیسیی کاندیدی براوە.
٥. قۆناغی سوێندخواردن (تحلیف): کە تێیدا سەرکۆمار لە بینای پەرلەمانی وڵاتەکەیدا، سوێندی یاسایی دەخوات و وەک سەرکۆمار بەرپرسیار دەبێت، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکانی پێویستی بە بڕینی قۆناغێ  شەشەمە.
٦. قۆناغی پێشکەشکردنی کابینەی وەزارییە بە پەرلەمان و پەسەندکردنی لانیکەم زۆرینەی وەزیرەکانی خولەکەی. کە ئەمە لە هەفتەی پاش سوێندخواردەنەوە تا مانگێک مۆڵەتی لەبەردەستە.
بۆ ئیبراهیمی ڕەئیسی  کە دەبێتە سێنزەیەمین سەرکۆماری ئێران، ئەمڕۆ قۆناغی پێش کۆتاییە تا پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی بەپێ دەستووری وڵاتەکەی. کە قۆناغی جێبەجێکردنی مەراسیمی سوێندخواردنە و ئەم مەراسیمە هەرسێ ڕەهەندی تەشریفاتی، یاساییی و سیاسیی لە خۆدەگرێت.
لەڕووی دەستوورییەوە، بەپێی مادەی ١٢١ی دەستوور، پێویستە مەراسیمی سوێندخواردن بە ئاشکرا و لە پەرلەماندا ئەنجام بدرێت و هەریەک لە سەرکۆی دەسەڵاتی دادوەریی و ئەندامانی شورای پاسەوان لەو مەراسیمەدا ئامادەییان هەبێت.
وا چاوەڕی دەکرێت، ١١٥ کەسایەتی لە ٧٣ وڵاتەوە بەشداریی ئەم مەراسیمە بکەن، لەنێویاندا: ١٠ سەرۆک وڵات، ٢٠ سەرۆکی پەرلەمان، ١١ وەزیری دەرەوە، ١٠ لە وەزیرانی وڵاتانی دیکە و ئەوانی دیکە بریتین لە نوێنەرانی تایبەتی سەرۆک پەرلەمانەکان و لیژنە پەرلەمانیەکانی وڵاتان و ... تاد. هاوتا لەگەڵ ئەوانەدا سەرۆکی ١١ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و هەرێمی و نوێنەرانی سکرتێری ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ئۆپیک و ئۆراسیا و ئەنجومەنی وڵاتانی ئیسلامی و ئاسیایی و ...تاد ئامادە دەبن. 
لە هەرێمی کوردستانیشەوە، جیا لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح کە کوردە، هەریەک لە سەرۆکی هەرێم (نێچیرەڤان بارزانی) و سەرۆکی پەرلەمان (ڕێواز فایەق) و هەرسێ وەزیر (حەمەی حەمەسەعید-ڕۆشنبیری، کوێستان محەمەد -کاروباری کۆمەڵایەتی و پشتیوان سادق- ئەوقاف)ی کابینەی حکومەتی هەرێم بەشداری ڕێوڕەسمەکە دەکەن.

لەبارەی پێگە و دەسەڵات و مێژووی سەرکۆمار لە ئێراندا و هەروەها کەسێتی و پێگە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم سەرکۆماریی نوێ، بڕوانە ئەم سێ لینەکەی ئێراننامەکانی پێشتر (٢) و (٩) و (١٤) کە پێشتر و لە ڕووماڵی هەڵبژاردنەکانی ئێراندا تایبەت بە درەو میدیا نووسراون:
١.  سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی: 
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8220 
٢. سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران:
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8536 
٣. ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران: 
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8695 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand