تاڵیبان چۆن گەڕایەوە ؟

Draw Media

2021-08-17 18:27:10



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
دوای نزیكەی دوو دەیە جەنگی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان، كە درێژترین جەنگ بوو لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جارێكی تر بزوتنەوەی ئیسلامی تالیبان گەڕایەوە‌و جڵەوی دەسەڵاتی گرتەوە دەست، تالیبان چۆن گەڕایەوە ؟ ریشەی فیكری تالیبان لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە ؟ ژێرخانی كۆمەڵایەتی‌و هۆزی پشتۆن رۆڵیان چی بوو ؟ زانكۆی (هارڤارد)ی تالیبان لە كوێیە‌و رۆڵی چییە لە دروستبوونی ئەم بزوتنەوەیەدا ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكادا
بەر لە گەڕانەوەی بۆسەر حوكم، رۆژی 29ی شوباتی 2020 بزوتنەوەی تالیبان‌و ئەمریكا رێككەوتنێكی مێژوویی دوو قۆڵییان ئیمزا كرد، ئەم رێككەوتنە لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر كرا، حكومەتی ئەفغانستان‌و هیچ یەكێك لە پارتە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە بانگهێشتی ناو ئەم رێككەوتنە نەكرابوون.
بەندەكانی رێككەوتنەكە بەمشێوەیە بوون: 
•    ئەمریكا لەماوەی چوار مانگدا سەرجەم بنكە سەربازییەكان‌و هێزە بیانییەكان لە ئەفغانستان دەكشێنێتەوە.
•    حكومەتی ئەفغانستان (5 هەزار) دەستگیركراوی تالیبان لە زیندانەكاندا ئازاد دەكات.
•    ناوی سەركردەو ئەندامانی بزوتنەوەی تالیبان لە لیستی سزاكانی ئەمریكا دەسڕێتەوە. 
•    ئەمریكا بەڵێن دەدات جارێكی تر هێزی سەربازی بەكارنەهێنێت‌و دەستوەردان لە كاروباری سیاسی ناوخۆی ئەفغانستاندا نەكات. 
لەبەرامبەر ئەمانەدا، بزوتنەوەی تالیبان ئەم بەڵێنانەی بە ئەمریكییەكاندا: 
•    رێگە بە هیچ گروپ‌و كەسێك نادەین خاكی ئەفغانستان بەكاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرش یاخود دروستكردنی هەڕەشە لەدژی ئاسایشی ئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانی لە داهاتوودا. 
•    (هەزار) كارمەندی دەستبەسەركراوی حكومەتی ئەفغانستان كە سەربە ئەمریكایە ئازاد دەكەین.
•    دەست بە گفتوگۆی راستەوخۆی ئاشتی دەكەین لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان. 
چەند رۆژێك دوای ئەم رێككەوتنە، هەندێك لە سەرچاوە فەرمی‌و نافەرمییەكانی ئەمریكا ئاماژەیان بەوەكرد" تالیبان پەیوەست نابێت بە رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان‌و زانیارییە هەواڵگرییەكان دەڵێن هەر دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، پەلاماری حكومەت دەدات‌و جارێكی تر دەگەڕێتەوە‌و دەسەڵات دەگرێتە دەست". 
ئایا ئەوە تەنیا رێككەوتن بوو لەگەڵ ئەمریكا كە تالیبانی دوای (20) ساڵ گەڕاندەوە بۆ سەر كورسی حوكم یاخود پاڵنەری تر هەبوو ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پەنا بۆ ناسینی رەگوڕیشەی بزوتنەوەی تالیبان‌و پێگەی لەناو كۆمەڵگەی ئەفغانیدا دەبەین. 

لەبارەی دروستبوونی تالیبانەوە 
زۆرینەی توێژینەوەكان مێژووی دروستبوونی بزوتنەوەی تالیبان بۆ ساڵی 1994 دەگەڕێننەوە، بەڵام لەراستیدا مێژووی بزوتنەوەكە ریشەیەكی قوڵتری هەیە، مەلا (عەبدولسەلام زەعیف) یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەم بزوتنەوەیە لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا (ژیانم لەگەڵ تالیبان) دەڵێ چەندین ساڵ بەر لە 1994 بزوتنەوەی تالیبان بە هەمان ناوی خۆیەوە وەكو رەوتێكی ئاینیی زانستخواز لە ناوچە گوندنشینەكانی ئەفغانستاندا بوونی هەبووە‌و كاریكردووە، دواتر‌و لەسەردەمی "جیهادی سۆڤیەتی"دا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، گروپی لۆكاڵی چەكداری لە زانایان‌و خوێندكارانی ئاینی بۆ روبەڕووبونەوەی داگیركەران دروستكردووە. 
وەكو زۆرینەی رەوتە ئاینییەكانی سەردەمی دوای ئیمپریالیزم لە جیهانی ئیسلامیدا، تەلەبەكانی خوێندنگەی ئاینیی (تالیبان) خۆیان لە هەرجۆرە بەشداریكردنێكی سیاسی بەدور دەگرت، جەختیان خستبوە سەر پرۆسەی پەروەردەو فێركردن، یەكەمین كارلێكی سیاسی تالیبان لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا بوو، واتە چەند مانگێكی كەم بەر لە شەڕی سۆڤیەت، ئەم تێكەڵاوبونەی تالیبان لەگەڵ سیاسەتدا دوو هۆكاری لەپشت بوو: 
یەكەم: فشاری ئەوكاتی حكومەتی شیوعی ئەفغانستان بۆ ناچاركردنی تالیبان بە پابەندبوون بە پرۆگرامی "چاكسازی كشتوكاڵیی"
دووەم: هەڕەشە‌و راوەدونانی تالیبان لەلایەن حكومەتەوە
وەڵامی تالیبان بۆ هەڕەشەكانی حكومەت، بەئامانجگرتنی لایەنگرانی حكومەت بوو.
لەسەردەمی داگیركاریی سۆڤیەت‌و حوكمی شیوعییەكان لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، تالیبان گروپی چەكداری لە باشوری ئەفغانستان دروستكرد، بەتایبەتی لە قەندەهار، لەم سەردەمەدا تالیبان زیاتر بایەخی بە پەروەردەو فێكردنی ئەو كەسانە دەدات كە لەڕووی ئاینییەوە پەیوەندییان پێوەدەكرد، بەڵام سیستمێكی دادوەریی تایبەت بەخۆی لە ناوچەكانی باشور دروستكردبوو، نێوەندگیریی دەكرد لە ناكۆكی نێوان خەڵكی ناوچەكەدا، بەڵام هیچ ستراتیژو بەرنامەیەكی‌و حزبێكی سیاسییان نەبوو، تا ئەم سەردەمە لایەنگرانی تالیبان لەناو پارتە سیاسییەكانی تری ئەفغانستاندا كاریان دەكرد، بەتایبەتیش ئەو پارتانەی كە لەڕووی ئاڕاستەی فیكرییەوە لە تالیبان نزیك بوون، لەسەرو هەمویانەوە بزوتنەوەی ئینقیلابی ئیسلامی كە (محەمەد نەبی محەمەدی) رێبەرایەتی دەكرد، مەلا (محەمەد عومەر) كە دامەزرێنەری تالیبانە لە روخسارە سیاسییەكەیدا، ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی بزوتنەوەی ئینقیلابی ئیسلامی بووە، دوای شكستهێنان بە یەكێتی سۆڤیەت‌و كشانەوەی لە ئەفغانستان لە ساڵی 1989، تالیبان گەڕاوەتەوە بۆسەر كاری خۆی كە خوێندنی ئاینییە.
دوای چەند ساڵێك بێدەنگی لەڕووی سیاسییەوە، ساڵی 1994 جارێكی تر تاڵیبان گەڕایەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی‌و لەماوەی چەند مانگێكی كەمدا وەكو گەورەترین هێزی كۆمەڵایەتی- سیاسی ئەفغانستان دەركەوت. 

ریشەی فیكری تالیبان
ریشەی فیكری بزوتنەوەی تالیبان بۆ تۆڕێك لە خوێندنگەی ئاینیی دەگەڕێتەوە كە زۆرینەی سەركردەكانی ئەم بزوتنەوەیە تێیدا خوێندویانە، ئەویش خوێندنگەكانی (دیوبەندی)یە (1).
ئەم خوێندنگە ئاینییانە بەشێوەیەكی چڕ لە ئەفغانستان‌و پاكستاندا بڵاوبونەتەوە، سەدەی بیستەم ئەم جۆرە خوێندنگایانە لە ناوچە گوندنشینەكانی هەردوو وڵاتەكەدا گەشەیان كرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو لەو سەردەمەدا لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا پێگەی خوێندنگە ئاینییەكان لاواز دەبوو، خوێندنگە هاوچەرخە حكومییەكان شوێنیان دەگرتەوە.

دیوبەندی.. هارڤاردی تالیبان
رێژەی 90%ی سەركردەكانی بزوتنەوەی تالیبان لە خوێندنگەی ئاینی دیوبەندی پاكستان خوێندویانە، لەناو هەموو ئەو وڵاتانەی كە ئەم خوێندنگەی ئاینییەی تێدا بووە، لقی پاكستان لە هەموویان بەهێزتر بووە، سەركردە سیاسییەكانی ئەم خوێندنگەیە لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی پاكستانەوە لە ساڵی 1947 رۆڵی گەورەیان هەبووە لە نوسینەوەی دەستوری پاكستان‌و بە ئیسلامیكردنی یاساكان لەو وڵاتەدا، ئەم كارەشیان لەرێگەی دروستكردنی گروپی فشارەوە كردووە، تا ئەو رادەیەی چەندین حكومەتیان لە پاكستان خستووە، ئەمە وایكردووە هەندێك لە توێژەران خوێندنگەی (دیوبەند)ی پاكستان بە "هارڤارد"ی تالیبان ناودەبەن‌و بەڕێوەبەری ئەم خوێندنگەیەش كە ناوی (شێخ سەمیع حەق)ە بە "باوكی تالیبان" وەسفدەكەن.
ئەم پاشخانەی سەركردەكانی تالیبان لە پاكستان‌و بەشداربوونیان لە دامەزراندنی دەوڵەتێك بە دەستورێكی ئیسلامییەوە كاریگەری لەسەر مامەڵەی ئەوان لە داهاتوودا دەبێت.
ئێستا كە ریشەی فیكری بزوتنەوەی تالیبان دەگەڕێندرێتەوە بۆ خوێندنگە ئاینییەكانی (دیوبەند)ی، بابزانین دیوبەندی چی بووە ؟ ئامانجی ئەم خوێندنگە ئاینییانە چی بووە ؟ لەكوێوە پارەیان بۆ دابین دەكرا ؟ پرۆگرامی خوێندنیان چۆن بووە ؟ ناوچەی بڵاوبونەوەیان چۆن بووە ؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ریشەی فیكری بزوتنەوەی تالبیان دەردەخات.

لەبارەی خوێندنگەی دیوبەندی
دوای كەوتنی حوكمی وڵاتانی ئیسلامی لە باشوری ئاسیا‌و داگیركردنی هیندستان لەلایەن بەریتانیاوە، ئەو شۆڕشە ئیسلامییە چەكدارییەی كە زانایانی ئاینی ئیسلام رێبەرایەتییان دەكرد، لە ساڵی 1857دا شكستی هێنا، یەكێك لەوانەی سەركردایەتی ئەم شۆڕشەی دەكرد شێخ (محەمەد قاسم نانوتەیی) بوو كە دامەزرێنەری بزوتنەوەی (دیوبەند)ی بوو (2).
دوای شكستهێنانی شۆڕشەكەیان، شێخ محەمەد نانوتەیی‌و زانا ئاینییەكانی تر هەستیان بە خراپی بارودۆخەكە كرد، رۆشنبیری خۆرئاوایی لە ناوچەكە گەشەی دەكرد، بیریان لەوەكردەوە بەشێوەیەكی ئاشتیانە روبەڕووی ئەم تەوژمە نوێیە ببنەوە‌و پارێزگاری لە ناسنامەی ئیسلامی ناوچەكەیان بكەن، ئیتر لێرەوە بیرۆكەی بایكۆتكردنی داگیركاریی بەریتانیایان لە هەموو بوارەكاندا گەڵاڵە كرد‌و دەستیان كرد بە دروستكردنی خوێندنگەی ئاینی (ئەم خوێندنگایانە دواتر ناویان لێنرا خوێندنگە عەرەبییەكان)، ئەمە بۆ پارێزگاریكردن بوو لە رۆشنبیری ئیسلامی لەبەرامبەر رۆشنبیری خۆرئاوایی لەو سەردەمەدا، خوێندنگە ئاینییەكان دەستیان كرد بە پێگەیاندنی زانایانی ئاینی، بوون بە ئەمبارێكی مرۆیی بۆ گەڕێكی نوێی شەڕ دژی ئیمپریالیزم.
خانەی زانستی دیوبەند كە پێی دەوترێت "خوێندنگەی دایك" ساڵی 1877 بە تەنیا یەك مامۆستا (شێخ)‌و خوێندكارێكەوە دامەزرێندرا، دواتر چەندین خوێندنگەی تری ئاینی دروستكرا، تاكە خوێندكارەكەی خوێندنگەی دایك رێكخراوێكی بەناوی "بەروبومەكانی پەروەردە" دروستكرد‌و سەركردایەتی شۆڕشێكی چەكداری كرد دژی بەریتانییەكان، ئەم خوێندكارە ناوی (مەولانا شێخ هیند مەحمود حەسەن) بوو.
لێرەوە دەردەكەوێت ریشەی دروستبوونی خوێندگە ئاینییەكانی (دیوبەندی) دەگەڕێتەوە بۆ روبەڕووبونەوەی داگیركاری بەریتانیا‌و رۆشنبیری خۆرئاوایی‌و ئەمە تایبەتمەندی یەكەمی خوێندنگە ئاینییەكەیە. 
تایبەتمەندییەكی دووەمی ئەم خوێندنگە ئاینییانە كە شێخ محەمەد قاسم نانوتەیی لەناو هەشت بنەمای تردا زۆر جەختی لەسەر دەكردەوە، مەسەلەی سەربەخۆیی دارایی بوو، ئەم خوێندنگایانە هیچ جۆرە پاڵپشتییەكی دارایی حكومی‌و تەنانەت وەقفەكانیشیان قبوڵ نەدەكرد، ئەمە بۆ ئەوە بوو خوێندنگەكان هەمیشە پشت بە خودا ببەستن‌و ئەم باوەڕە هەرگیز لاواز نەبێت.
هاوكارییەكانی ئەم خوێندنگایانە لە خەڵكانی موسوڵمانی ناو كۆمەڵگەوە دابین دەكرا، كە رەوتی نانوتەیی جەختی لەسەر كاراكردنی رۆڵی ئەم كەسانە دەكرد لە كاروباری گشتیدا، لەرێگەی بەشداریپێكردنیان لە پرۆسەی بنیادنان‌و پارێزگاریكردن لە دامەزراوەیی خوێندنی ئیسلامی سەربەخۆ، ئەم شێوازە كاركردنە ئەنجامی گەورەی لێكەوتەوە، خوێندگە ئاینییەكانی دیوبەندی فراوان كرد‌و كردی بە گەورەترین دامەزراوەی ئاینیی لە كیشوەری ئاسیادا، خوێندنگەكانی دیوبەندی لە (هیندستان‌و ئەفغانستان‌و بەنگلادیش‌و پاكستان)ەوە گەیشتە باشوری ئەفریقا‌و وڵاتانی خۆرئاوا بەدیاریكراویش بەریتانیا، بەجۆرێك بەپێی ئاماری خانەی زانستی دیوبەندی، ژمارەی خوێندنگە ئاینییەكان (200 هەزار) خوێندنگەی تێپەڕاندووە.
تایبەتمەندی سێیەمی ئەم خوێندنگە ئاینییانە، دووبارە دانانەوەی زانایانی ئاینی بوو وەكو چاودێرو پاسەوان بەسەر دابونەریتەكانی كۆمەڵگەوە، كەوتنی دەوڵەتی موسوڵمانی هیندستان لەسەر دەستی بەریتانییەكان، لەو سەردەمەدا بۆشاییەكی سیاسی‌و یاسایی لە سەركردایەتیكردنی كۆمەڵگەدا دروستكردبوو، ئەمە وایكرد ئەم خوێندنگە ئاینییانە بۆشاییەكە پڕبكەنەوە‌و لەسەردەمی داگیركاریدا بەریتانیادا رۆڵی سەركردایەتیكردنی كۆمەڵگە لەڕووی زانستی‌و رۆحی‌و ئەخلاقی‌و تەنانەت دادوەریشەوە بدەنە دەست زانایانی ئاینی، ئەو سەردەمە ئەمانە دادگای سەربەخۆییان دروستكرد كە سەربە بەریتانییەكان نەبوو، واتە زانست‌و فێركردنی ئاینی لە رەهەندی وەزیفی‌و سودی دنیایی داماڵدراو تەنیا لە رەهەندی پەیامی ئاخیرەت‌و پارێزگاریكردن لە ناسنامەی ئیسلامی گەلدا كورتكرایەوە.
تایبەتمەندی چوارەمی خوێندنگەكان بریتی بوو لە پەیكەری خوێندنگەكان كە (ئەهلی) بوون، بە پارەی دانیشوانی ناوچەكان دروست دەكران، دوربوون لە سەرپەرەشتی‌و چاودێری حكومەتەكانەوە، پرۆگرامی خوێندن لەم خوێندنگایانە دابەش بوو بوو بەسەر دوو بەشدا، بەشی یەكەم خوێندنی زانستەكانی (ئسوڵی فیقه، تەفسیر، فیقهی هاوچەرخ، حەدیس، زمانی عەرەبی‌و مەنتیق‌و فەلسەفە)، بەشی دووەم پەروەردەكردن بوو، ئەم خوێندنگانە بایەخی گەورەیان بە پەروەردەكردنی خوێندكارەكانیان دەدا، بناغەی پەروەردەكردن خۆپاكژكردنەوەی سۆفیانە بووە، بەڵام دور لە شێوازی سۆفیگەرێتی میللی روكەش‌و سروت‌و رێوڕەسمەكانی، كە ئەوان بەردەوام رەخنەی توندیان لێگرتووە.  
ئەم شێوازی پەروەردەكردنە لەرێگەی كارلێكی بەردەوامی نێوان مامۆستا‌و خوێندكارەكانی لەماوەی ساڵانی دورو درێژی خوێندندا بەرجەستە دەكرا، ئەمە لەپاڵ جێبەجێكردنی كردەیی دەقە شەرعییەكان‌و چارەسەری بەردەوامی نەفس بۆ رزگاركردنی لە ئاكارە خراپەكانی وەكو (خۆشەویستی دنیا، مەرایی، حەسودی)‌و خۆبەهێزكردن لە بواری (تەقوا، خشوع‌و زوهد)دا. 
لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەكانی خوێندنگەی دیوبەندی، توێژەران خوێندنەوە بۆ ئاكارەكانی بزوتنەوەی تالیبان دەكەن‌و دەڵێن تایبەتمەندییەكانی (دژایەتی داگیركەر، دوركەوتنەوە لە رۆشنبیری خۆرئاوایی، سەربەخۆیی زانستی‌و دارایی، كاراكردنی رۆڵی كۆمەڵگە لە بنیادنانی دامەزراوە فێركارییەكان، دانانی زانایانی ئاینی وەكو رێبەری بەسەر كۆمەڵگەوە، شێوازی كۆنی خوێندنی ئاینی كە خۆی لە زوهدو پەیوەندی رۆحی بەهێز لەنێوان مامۆستاو خوێندكار دەبینێتەوە، توانای ئیدارەدانی تۆڕە فێركارییەكان بەشێوەیەكی لامەركەزی) لەو تایبەتمەندیانەی خوێندنگەی دیوبەندییە كە جگە لە بزوتنەوەی تالیبان لە هیچ رەوتێكی تری ئیسلامی نەریتی‌و هاوچەرخدا بەدی ناكرێت‌و ئەمە هۆكاری مانەوەو سەركەوتنی تالیبانە. 
ئەو بانگەوازە ئاینییەی كە بزوتنەوەی تالیبان لە هەناویەوە هاتوەتە دەرەوە، شێوازێكی تایبەتە لە قۆناغی نوێگەری‌و پاش نوێگەریدا، سەرباری ئەوەی هەندێك لە زانایانی ئیسلامی رەخنە لە خوێندنگەی دیوبەندی دەگرن بەوەی بەهیچ جۆرێك سود لە لایەنە ئەرێنییەكانی شارستانی خۆرئاوا وەرناگرێت، بەڵام دان بەوەشدا دەنێن جگە لەم خوێندنگەیە هیچ رێبازێكی تری ئاینی نەیتوانیوە بەمشێوازە خۆی لەبەرامبەر شارستانی خۆرئاوا راگرێت، بەتایبەتیش ئەگەر لە وڵاتێكدا بوبێت كە لەژێر حوكمی بیانییەكاندا بوبێت. 

رێگای پشتۆن.. ژێرخانی كۆمەڵایەتی تالیبان
لەپاڵ مەسەلەی ریشەی فیكریدا، ژێرخانی كۆمەڵایەتی رۆڵی گەورەی گێڕاوە لەوەی تالیبان جارێكی تر هەستێتەوە سەر پێ‌و جڵەوی حوكم بگرێتەوە دەست.
ئەو ژێرخانە كۆمەڵایەتییە چی بوو كە وایكرد لە كۆتایی نەوەدەكاتی سەدەی رابردوودا تالیبان دەسەڵات لە ئەفغانستان بگرێتە دەست‌و دوای (20) ساڵ لە كەوتنی لەشەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر شانۆكە ؟
لەڕووی ئیتنیكییەوە زۆرینەی سەركردەكانی بزوتنەوەی تالیبان سەربە هۆزی "پشتۆن"ن، خەڵكی سەربەم هۆزە لە قەندەهارو كابول لە باشورو خۆرهەڵاتی ئەفغانستانەوە درێژدەبنەوە بۆ سنورەكانی پاكستان، پشتۆنەكان گەورەترین پێكهاتەی ناو ئەفغانستانن‌و زۆرینەی دەسەڵاتدارەكانی ئەفغانستان سەربەم پێكهاتەیە بوون.
دانیشوانی ئەفغانستان بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر پێكهاتەكاندا:
•    پشتۆن: رێژەی (42%)ی كۆی دانیشتوان پێكدەهێنێت
•    تاجیك: 27%
•    ئۆزبەك: 9%
•    هەزارە (شیعە): 9%
•    توركمان: 3%
•    بلوچ: 2%
•    پێكهاتەكانی تر: ئەوەی دەمێنێتەوە
سەرباری ئەوەی نزیكەی (30) هۆزی جیاواز لە ئەفغانستان هەن‌و ئەم هۆزانە بەرژەوەندی‌و دابونەریتی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام ئاستی پابەندبوون بە بنەماكانی هۆزەوە لەناو پشتۆنەكان زیاترە لە هۆزەكانی تر، رەنگە هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هەموو تیرەكانی ناو هۆزی پشتۆن یەك ئاین‌و یەك زمان‌و یەك رەگوڕیشەیان هەیە، تا ئەو رادەیەی كۆكراوەیەكی ئەخلاقییان هەیە بەناوی "پشتۆن والی" واتا (رێگای پشتۆن)، جێبەجێكردنی بنەماكانی ئەم كۆكراوەیە پارێزگاری لە شەرەفی هەر تاكێكی ناو پشتۆنەكان دەكات، ئەم نەریتە خێڵەكییە سێ بنەمای سەرەكی لەخۆدەگرێت كە بریتییە لە: 
•    میواندۆستی
•    تۆڵەكردنەوە
•    پەنادان
جێبەجێكردنی ئەم بنەمایانە لە هەر بارودۆخێكدا بێت لەسەر تاكی پشتۆنی ئەركە، بنەمای پشتۆن لە خێزانەوە دەستپێدەكات بۆ بنەماڵە پاشان تیرە‌و لە كۆتایشدا هۆز، لە حاڵەتی ئاسایدا هۆز هیچ رۆڵێك بەسەر تاك‌و خێزانەكاندا نییە، بەڵام لەكاتی شەڕو ناكۆكیدا، ئەنجومەن لە گەورە پیاوانی هۆز دروست دەكرێت، ئەم ئەنجومەنە ناوی "جێرگا"یە‌و بەشێوەیەكی كاتی دروست دەكرێت، بڕیارەكانیان لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامی‌و دابونەریتی ناوچەكە دەردەكەن.
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لەسەردەمی دەوڵەتی هاوچەرخدا كە كۆنترۆڵی هەموو جموجوڵەكانی كۆمەڵگەی كردووە، پشتۆنەكان چۆن توانیویانە پارێزگاری لەم ژیانە كۆمەڵایەتییەی خۆیان بكەن ؟
پشتۆنەكان كە لەناوچە گوندنشینەكاندا بڵاوبونەتەوە، بەردەوام بەرەنگاری هەژموونی دەوڵەتیان كردووە بەسەر ناوچەكانیاندا، لەپاڵ ئەمەدا ئەو ناوچانەی كە تێدا نیشتەجێن لەڕووی جوگرافییەوە ناوچەی سەختن، ئەم جوگرافیایە وایكردووە دەوڵەتە یەك لەدوای یەكەكانی ئەفغانستان نەتوانن بەتەواوەتی كۆنترۆڵی ناوچە گوندنشینەكان بكەن، ئەمە لەكاتێكدایە دانیشتوانی ئەم ناوچانە رێژەی 80%ی كۆی خەڵكی ئەفغانستان پێكدەهێنن.
دوربوونی خەڵكی ئەم ناوچانە لە هەژمووی دوڵەت وایكردووە پەیوەندی خێڵەكی لەم ناویاندا بەبەهێزی بمێنێتەوە، لەڕووی بژێوی‌و ئابورییەوە پشت بە خۆیان ببەستن نەك دەوڵەت، سەرباری ئەمانە زۆرینەی هۆزەكان وەكو قەوارەیەكی دژ بە ئیسلام‌و بەهاكانی تەماشای دەوڵەت دەكەن، لەپاڵ ئەمانەدا دەمارگیری هۆزەكان بۆ رەگوڕیشە‌و سەربەخۆیی رێژەیی خۆیان وایانكردووە دەوڵەت نەتوانێت كۆنترۆڵیان بكات. 

قۆناغی دوای سۆڤیەت‌و پێش تالیبان
ئەمە قۆناغێكی راگوزەری قورس‌و پڕ لە شەڕو ئاژاوەیە لە مێژووی ئەفغانستاندا، حوكمی شیوعییەكان روخاوە، بەڵام هێشتا هەژموونی سیاسی‌و پەیكەری كۆمەڵایەتی لەناو ئەفغانستاندا ماوە، لەبەرامبەردا ئەو هێزە ئیسلامییانەی كە سەركەوتوون نەیانتوانیوە یەكێتییەكی بەهێز پێكبهێنن. 
دوو حزبی ئیسلامی لەسەردەمی "جیهادی سۆڤیەت"‌و شیعوییەكاندا ئەستێرەیان درەوشاوەتەوە كە بریتین لە:
•    (حزبی ئیسلامی) بە سەرۆكایەتی ئەندازیار (قەلبەدین حیكمەتیار)
•    (كۆمەڵەی ئیسلامی) بە سەرۆكایەتی پرۆفیسۆر (بورهانەدین رەبانی)‌و قەرماندەی سەربازی بەناوبانگ ئەندازیار (ئەحمەد شا مەسعود)
ریشەی ئەم دوو هێزە ئیسلامییە دەگەڕێتەوە بۆسەر بزوتنەوەیەكی ئیسلامی هاوپەرخ كە كۆمەڵەی (ئیخوان موسلیمین)ە‌و كار لەسەر راكێشانی خوێندكارانی زانكۆ دەكات لە شاری كابولی پایتەخت‌و شارەكانی تر بەلای خۆیدا. 
حیكمەتیار سەربە هۆزی پشتۆنە، بورهانەدین رەبانی‌و ئەحمەد شا مەسعودیش سەربە پێكهاتەی (تاجیك)ن، حزبی ئیسلامی مەركەزیەتێكی بەهێزی سیاسی هەیە، نەك سەربازی، كۆمەڵەی ئیسلامیش خۆی لە پەیوەندییەكی لەرزۆكی فەرماندە سەربازییە لۆكاڵییەكاندا دەبینێتەوە كە زۆرینەیان دەرچووی زانكۆ هاوچەرخەكانن بەڵام بەبێ بوونی هیچ پەیكەرێكی سیاسی بەهێز.
ساڵی 1992 بەشێوەیەكی فەرمی حوكمی ئەفغانستان رادەستی هاوپەیمانێتییەك لە كەمینە ئیتنی‌و ئایدۆلۆژی‌و ئاینییەكان كرا، بەڵام لە واقیعدا ئەوەی هەبوو دوو هاوپەیمانی دژ بەیەكتر بوو، هاوپەیمانی یەكەم بریتی بوو لە هاوپەیمانێتی (تاجیك) بە رێبەرایەتی سەرۆك (بورهانەدین رەبانی)‌و (ئەحمەد شا مەسعود)ی وەزیری بەرگری حزبی (كۆمەڵەی ئیسلامی) لەگەڵ ژەنەراڵ دۆستەم كە شیوعییەكی ئۆزبەكییە‌و لە پاشماوەكانی رژێمی پێشووی ئەفغانستانە هەروەها (هەزارە) شیعەكان‌و پارتێكی شیوعی كە زۆرینەیان لە خەڵكە شارنشینەكەی هۆزی پشتۆنن، لەبەرامبەر ئەم هاوپەیمانێتییەدا هاوپەیمانێتییەكی تر هەیە كە سەرۆك وەزیران (قەلبەدین حیكمەتیار) سەرۆكایەتی دەكات‌و پێكهاتووە لە حزبی ئیسلامی‌و لایەنگرەكانی كە زۆرینەیان پشتۆنن لەگەڵ پارتێكی شیوعی كە زۆرینەیان خەڵكە گوندنشینەكەی پشتۆنن.
ئەم دوو بەرەیە كە لە هاوپەیمانێتییەكدا كۆبونەوە، هەرزوو توشی بەریەككەوتن هاتن، ئەفغانستان كەوتە ناو شەڕێكی خوێناوی ناوخۆییەوە.

دەركەوتنەوەی تالیبان
قەندەهار كە مەڵبەندی سەرەكی تالیبان‌و سەركردەكانی بوو، بێ بەش نەبوو لە شەڕەكە، لەپاڵ شەڕدا، پرۆسەی كوشتن‌و تاڵانی‌و تاوانی ئەخلاقی زیادیان كرد، خوێندكارانی خوێندنگە ئاینییە نەریتییەكان كۆبونەوە، لە مزگەوتی (سپی) لەناوچەی (سانجیسار)ی قەندەهار بڕیاریاندا روبەڕووی "گەندەڵی"‌و "تاوانكاریی" ببنەوە، مەلا (محەمەد عومەر) وەكو فەرماندەی خۆیان دیاریكرد، لێرەوە چیرۆكی سەرهەڵدانەوەی تالبیان دەستی پێكرد.
سەرباری ئەوەی تالیبان بزوتنەوەیەكی مەلایەتی (خوێندكاری ئاینی)یە وەك لەوەی بزوتنەوەیەكی مەولەوییانە (زانایان) بێت، بەڵام هەندێك لە گەورە زانایان لەوانە (مەولەوی باسانای) فتوای شەرعیبوونی جوڵە نوێیەكەیان دەدات.
لەسەرەتای ئەم جوڵە نوێیەدا، تالیبان هیچ بەرنامە‌و ستراتیژێكی سیاسی نییە، نایەوێت حكومەتی ئیسلامییەكان بڕوخێنێت، تەنیا كار لەسەر چارەسەری خراپی دۆخی ئەمنی‌و روبەڕووبونەوەی كەسانی رێگر لەناوچەكانی خۆی دەكات، پارێزگای قەندەهار بەتەواوەتی كۆنترۆڵ دەكات‌و شەریعەتی ئیسلامی تێدا دەچەسپێنێت، دۆخی ئەمنی جێگیر دەكات، هەندێك وەفد لە پارێزگاكانی ترەوە دەچنە لای سەركردەكانی تالیبان‌و داوا دەكەن وەكو قەندەهار دۆخی ئەمنی ئەوانیش كۆنترۆڵ بكەن، تالیبان بە سوڵح دەچێتە ناو چەند پارێزگایەكی ترەوە، ژمارەیەكی زۆر چەكدار لە پارتە سیاسییەكانی ترەوە پەیوەندی بە تالیبانەوە دەكەن، لەم كاتەدا داوا دەكرێت شیوعییەكان لەناوو حكومەت دەربكرێن‌و حكومەتێكی ئیسلامی لە ئەفغانستان دروست بكرێت‌و كۆتایی بە شەڕ بهێنرێت، بەڵام ئەم داواكاریانە جێبەجێ نابن، تالیبان بەهێزەكەیەوە بەرەو ناوجەرگەی كابولی پایتەخت دەكشێت، تالیبان كە سەرەتا ژمارەی هێزەكەی كەمتر لە (100) كەس بووە، لە كۆتایی ساڵی 1996دا ژمارەی هێزەكەی دەبێت بە (30 بۆ 35 هەزار) چەكدار.
رۆژی 26ی سێپتێمبەری 1996 دوای كشانەوەی حكومەتە ئیسلامییەكە‌و هێزەكەی لە پایتەخت، بزوتنەوەی تالیبان دەچێتە ناو كابولەوە.
یەكەمین كارێك كە دوای كۆنترۆڵكردنی كابول دەیكات، بزوتنەوەی تالیبان لە شوێنێكی گشتی‌و لەبەرچاوی خەڵك (نەجیبوڵلا)ی سەرۆكە شیوعییەكەی پێشوو دەكوژێت‌و هەڵیدەواسێت، دواتر براكەشی كە بەڕێوەبەری دەزگای ئەمنی بووە‌و لەناو كۆمەڵگەی نەتەوە یەكگرتووكاندا لە ساڵی 1992 خۆی حەشارداوە، دەردەهێنێت‌و دەیكوژێت.

كەوتن‌و هەستانەوەی تالیبان
تالبیان دوای خستنی حكومەتە ئیسلامییەكەی دوای روخانی سۆڤیەت ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ حوكمی ئەفغانستانی كرد، ساڵی 2001 دوای هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریكا، تۆمەتبار كرا بەوەی پەنای رێكخراوی قاعیدەی داوە‌و لەخاكی ئەو وڵاتەوە پلانی هێرشەكە داڕێژراوە.
ئەمریكا بە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی هێرشی كردە سەر ئەفغانستان‌و حوكمی تالیبانی روخاند، دوای (20) ساڵ شەڕو بەرەنگاری ئێستا تالیبان سەرلەنوێ حوكمی ئەفغانستانی گرتوەتەوە دەست، دیار نییە ئاكامی ئەم پەرەسەندنە نوێیە چۆن دەبێت، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، ئەگەر تالیبان تەنیا بە پشكی هۆزی پشتۆن جارێكی تر بەدەسەڵات گەیشتوەتەوە، ئایا ئەوانەی پێش تاڵیبان كە بەهەمان شێوە سەربەم هۆزە بوون، چۆن نەیانتوانی بەرگری لە پێگەی سیاسی خۆیان بكەن‌و بمێننەوە، بەتایبەتیش هەندێك لەوانە ئیسلامییەكی پشتۆن بوون لە نمونەی (قەلبەدین حیكمەتبار)‌و دواتریش حامید كارزای كە هەر سەربە هۆزی پشتۆن بوو لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرا، رەنگە وەڵامەكە ئەوەبێت، هەندێك لەوانە پشتیان بە شارنشینەكانی پشتۆن‌و خوێندكارانی زانكۆ بەستبێت، لە حاڵێكدا پشتۆنە راستەقینەكان ئەوانەی گرەوی سەركەوتن‌و شكست یەكلا دەكەنەوە گوندنشینەكانن، كە هەمان تێڕوانین‌و بیروباوەڕیان لەگەڵ بزوتنەوەی تالیباندا هەیە. 

----------------
پەراوێزەكان:
(1)- دیوبەندی: خوێندنگەیەكی فیكری بوو كە ژمارەیەك لە زانایانی ئاینی هیندستان دایانمەزراند، خانەی زانستی ئەم خوێندنگەیە لە شارۆچكەی (دیوبەند)ی هیندستان بوو، بۆیە رێبازەكە ناوی لێنرا (دیوبەندی)، زانایانی ئەم رێبازە بەمشێوەیە پێناسەی خۆیان دەكەن:" ئاینمان ئیسلامە، لە فیرقەی ئەهلی سونەت‌و جەماعەتین، مەزهەبمان حەنەفییە، سۆفیگەریی رێگامانە، باوەڕمان ماتوریدییە". 
(2)- محەمەد قاسم نانوتەیی زانایەكی ئاینی بەناوبانگە، ساڵی 1833 لە شارۆچكەی (نانوتە)ی هیندستان لەدایكبووە‌و هەندێك كەس رێبازەكەی بەناوی ئەم شارۆچكەیەوە ناودەهێنن، شارەزایی قورئان‌و حەدیس بووە، خاوەنی چەندین پەرتوكە.

بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە سود لەم توێژینەوەیە وەرگیراوە:
تجربة طالبان: قراءة خلدونية سوسيولوجية في جذور وظهور الحركة، إعداد: كرم الحفيان- مركز المجدد للبحوث و الدراسات

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand