هاوڕێ تۆفیق ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی تورکیا چارەنوسازە، بەڵکو دەتوانرێ بڵێین مێژووییە. هەر بۆیە کۆمەڵی تورکیا بە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوە ، لەم هەڵبژاردنەدا هەر یەکە لە هاوپەیمانی (ئیتیفاقی میللەت )بەسەرۆکایەتی (کەمال کلیجدار ئۆغلۆیە )پێکهاتوە لە بەرەیەکی تێکەڵاو لە عەلمانی و چەپ و کورد، بەرەی دووەم کە پێی دەڵێن ئیتیفاقی جمهوریی بەسەرۆکایەتی ئەردۆگانە .کە لە رووی فکریەوە بەرەیەکی راسترەوی میانرەوی ئیسلامین ئەمە جگە لەوەی مەهەپە وەکو گروپێکی نەتەوەیی راسترەو بەشدارن. هەر بۆیە لەسەر ئاستی دونیا هاوسۆزییەکانیش دابەشبوون .وەکو دیارە خۆرئاوا دڵخۆش دەبن بە دەرچونی کەمال ئۆغلۆ ،بە پێچەوانەوە روسیاو هەندێک وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێشوازی لەسەرکەوتنی ئەردۆگان دەکەن.  گرنگترین خاڵی جیاوازی جەهەری کە نێوان هەردوو بەرەکە بەسەرۆکایەتی ئەردۆگان و کەمال ئۆغلۆ ئەمانەن: ١: کەمال ئۆغلۆ و هاوپەیمانەکانی سیستەمی سەرۆکایەتی کە لەساڵی ٢٠١٨ وە پەیرەو دەکرێ هەڵدەوەشێنەوە و جارێکی تر پەیرەوی سیستەمی پەرلەمانی دەکەنەوە.ئەمەش لە رێگای هەمواری دەستورییەوە دەیکەن.بەمەش چیتر سەرۆکی تورکیا راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵنابژێردرێت .بەڵکو هاوشێوەی جاران هەموو دەسەڵاتەکان دەدرێتەوە بە سەرۆک وەزیران و پۆستی سەرۆک کۆماریش تەنها پۆستێکی تەشریفاتی دەبێت، جگەلەوەش سەرۆک کۆمار بۆ یەک خول دەتوانێ خۆی کاندید بکات و ماوەکەشی تەنها حەوت ساڵەو ئیتر ناتوانێ بۆ جاری دووەم خۆی کاندید بکاتەوە .هاوپەیمانی ئیتیفاق ئەم هەنگاوە بە کۆتایهێنان بە تاکرەویی و دەسەڵاتخوازی دەزانن. ٢: هاوپەیمانی ئیتیفاق جارێکی تر دەرگای داخراوی مەسەلەی بونی تورکیا بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەکەنەوەو پرۆسەی گفتوگۆ دەستپێدەکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەم پرۆسەیەدا تا رادەیەکی زۆر داخراوە.  ٣:دادگاکان سەربەخۆ دەکەن و زیندانیانی سیاسی ئازاد دەکەن ،لەسەروو هەمویانەوە سەرۆکی هەدەپەی جاران دەمیرتاش ئازاد دەکەن کە لەساڵی ٢٠١٦ وە بە تۆمەتی پروپاگەندە بۆ تیرۆر زیندانیکراوە. ٤: ئازادی رۆژنامەوانی و بیرورای ئازاد فەراهەم دەکەن و تاوانی ( ئیهانەکردنی سەرۆک) هەڵدەوەشێننەوە کە بە هۆیەوە دەیان رۆژنامەوان زیندانی کراون.  ٥: پاراستی مافی ژنان پەیرەو دەکەن و جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ واژوکردنی  رێکەوتنامەی ئیستانبوڵ بۆ بەرەنگاربونەی توندوتیژی دژی ژنان کە ئەردۆگان لەساڵی ٢٠٢١ لەم رێکەوتنە پاشەکشەی کرد. ٦: گەرانەوەی بەهای لیرەی تورکی ، بەمەش بازاری دارایی تورکیا جێگیردەبێت.هەرچەندە چاودێرانی دارایی پێیان پێیانوایە گەرانەوەی خێرای بەهای لیرە کەمێک ئەستەمەرووبدات. ٧: دروستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵی حکومەتی سوریی و گەرانەوەی ئاوارە سورییەکان بۆ وڵاتی خۆیان. ٨ : بەرەی ئۆپۆزیسۆن هیچ بەرنامەو پرۆژەیەکیان بۆ کێشەی کورد نیە. ٩: ئەردۆگان و هاوپەیمانییەکەی سەرەوەری بریاری سەربەخۆی تورکی دەپارێزن و دەستبەرداری نابن و ناچنە ژێر هەژمونی هیچ وڵاتێکی زلهێز. ١٠: ئەردۆگان تارادەیەکی باش خزمەتگوزاری گشتی پێشکەشی ناوچە کوردییەکان کردوەو کارتی خزمەتگوزاری بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بەرزکردۆتەوە جگە لە چەکی برایەتی ئاینیی. ١١.تارادەیەک هەندێک مافی سەرەتایی رۆشنبیریی و کلتوریی بۆ کورد مسۆگەرکردەو بەستەڵەکی گرێی زمانی کوردیی تواندۆتەوە. ١٢: ئیتیفاقیی جمهوریی گوتاری رەوشتی کۆمەڵ و خێزانی بەرزکردۆتەوەو ئەمەش زیاتر لە رووحی کۆمەڵی تورکیەوە نزیکە، وەکو ئاشکراشە لە ئێستادا کۆمەڵی تورکی نەریت پارێزترە لە جاران هەتاوەکو کاریگەریی کلتوریی کۆمەڵێکی کراوە لەژێر سێبەری فەرهەنگی ئەوروپیدا.  کێ دەیباتەوە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لەلای گەلی تورکیایە، ئەنجامی راپرسیەکان لەبەرژەوەندی کەمال ئۆغلۆیە، بەڵام مەرج نیە هەموو کاتێک ئەنجامی دەنگدان هاوشێوەی پێشبینی و راپرسیەکان بێت ، ئەمە نەک هەر لە تورکیا ،بگرە لە هەموو دونیا ئەمە راستە ، کاتی خۆی راپرسیەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا هەموو راپرسیەکان بردنەوەی هیلاری کلینتۆنیان مسۆگەر کردبوو. بەڵام ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی ترەمپ بون . پێشبینیکردنی ئەم هەڵبژاردنە ئاڵۆزبوە. بەڵام بە گوێرەی قانون لە تورکیا پێویستە کاندید زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت بە پێچەوانەوە کاتێک هیچ کام لە کاندیدەکان ئەو رێژەیەی بەدەست نەهێنا. جارێکی بۆ خولی دووەم هەڵبژاردن دەکرێتەوە لە نێوان دوان لەو کاندیدانەی کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. یەکێک لە پێشبینیەکان بۆ هەڵبژاردنی تورکیا ئەوەیە کە لە خولی یەکەم هیچ کام لە کاندیدەکان نیوەی دەنگەکان بە دەست ناهێنێت، لەلایەکی تر کەمال ئوغلۆ بانگەشە دەکات کە ئەو هەر لە خولی یەکەم براوە دەبێت. بەڵام هەتاوەکو ئێستا ئەرۆدۆگان کاندێکی بەهێزە.


ئارام سه‌عید کاتێک سیاسەتمەدارانی یەکێتیی و پارتی لەبەردەم کامێرادا زەردەخەنەو پێکەنینن دەکەن و بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێکكەوتنێکی ڕاستەقینە، پێدەچێت ئەوە نیشان بدات کە دووری نێوانیان لە پشت پەردەوە تاڕادەیەک بەفراوانی دەمێنێتەوە. بە پلەی یەکەم ئەو پێکەنینە کردەوەیەکە بۆ سودی سیاسی و پەیامێکە بۆ خەڵک، واتە پێکەنینێکی سیاسی نەک ڕەنگدانەوەی دەروونیی ڕاستەقینە. سازان و هاوکاری ڕاستەقینە کارێکی قورسە، بەتایبەتی لە سەرئەو هەموو ناکۆکیەی هەیە. لەرابردوودا زۆرجار یەکێتیی و پارتی رێکكەوتون و دواتر ناکۆکی و ململانیکان زیادی کردوە، هەموو رێکكەوتنێک ج سیاسی بێت یان بازرگانی بۆ سەرکەوتن پێویستی بەوەیە شەفاف بیت تا بەباشی جێبەجێ بکرێت، چونکە گومان و نەبوونی متمانە رێکەوتن لەباردەبات. شەفافیەت هەبوو لێپرسینەوە دەبێت، کە لێپرسینەوە هەبێت لایەنەکان پابەند دەبن بە بەڵێنەکانیان. شەفافیەت رێگەدەدات بەوەی لایەنی دەرەوەی رێکكەوتن چاودێری ئەوەبکات کە رێکكەوتنەکە وەک خۆی جێبەجی دەکریت یان نا؟ هەروەها دەتوانرێت چارەسەر بخرێتەڕوو بۆ کۆسپەکان، بەڵام ئەمانە ناکرێت و کەس ناوەڕۆکی رێکكەوتنەکان نابینێت. شەفافیەت متمانە زیاد دەکات، ئەوکاتەی خەڵک لە رێکكەوتنەکە تێدەگات دەتوانن هەڵسەنگاندن بکەن کە ئایا چەند خزمەتی بەرژەوەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تێدایە، گەر وانەبێت ئەوا بێ متمانەیی و دژایەتیکردنی رێکكەوتنەکە سەرهەڵدەدات.. ژان ژاک رۆسۆ دەڵێت" هەموو ئەوانەی لە تاریکیدا دەکرێن، دواتر دێتەوە بەر رووناکی" هەربۆیە شاردنەوەی رێکكەوتنەکان لە رایگشتی هیچ وەزیفەیەک بۆ ئەو رێکكەوتنە ناهێڵێتەوە... خاڵێکی تر لەوەی گومان دەخاتە سەر سەرگرتنی ئەم رێکكەوتنە، ئەوەیە چاودێری بێڵایەن نیە بەسەر جێبەجیکردنی رێکكەوتن و تا هەڵسەنگاندن بکەن لەسەر بەڕێوەجونی پرۆسەکەو هانی لایەنە ناکۆکەکان بدات بۆ پابەندبوون بە رێکكەوتنەکەوە! جاران عەزیز محەمەد سکرتێری حزبی شیوعی ناوبژیوان بوو بەڵام ئێستا هەموو وڵاتان بە باڵیۆزخانەو قونسلگەرییەوە خەریکن کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ناکۆکییەکان رۆژ بەرۆژ قوڵتردەبن.


كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵڵا لە وتارەکەی ئەمڕۆ لە کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی، کاک مەسعود جیاوازتربوو لە هەموو کاک مەسعودەکانی دوای 2015 کە بە نایاسایی دەیوست دوو ساڵی تر سەرۆکی هەرێمی کوردستانبێ. ئەم وتارەی بە دەرونێکی زۆر ئارامەوە کرد، پڕی بوو لەشانازیکردن بە سەرکەوتنی لە پڕۆسەی "هەموو شت بە بارزان و بارزانیکردنی کوردستان". هیچ هەڵچوونێکی تێدا نەبوو، هەروەها مەسەلەکانی بە دوای یەکدا ریز دەکردو هەڵەو تێکەڵکردنی تێدا نەبوو. من زۆرجار بە دیقەتەوە گوێم لە وتارەکانی گرتووە، بەدەگمەن لە دوو هەزارو پانزەوە وتاری هەبووە کە توڕەیی و هەڵچوونی تێدا نەبووبێ. هەڕەشەو تێکەڵکردنی باسەکان یەکێک بووە لە تایبەتمەندییەکانی وتارەکانی کاک مەسعود. بەپێی خوێدنەوەو ئەزموون و هەڵسەنگاندنی بنەماڵەی بارزانی، ئەو کاتانەی کە هەست بە شکان و دۆڕان دەکەن، ئامادەن هەموو ڕێگایەک.. بە زۆرخراپەکانیشەوە... بگرنەبەر بۆ دەربازبوون و پاشان تۆڵەکردنەوە لە نەیارەکانیان. بۆ نموونە بڕیاری دەرکردنی مەلا مستەفا لە پارتی لەلایەن مەکتەبی سیاسی لە ساڵی شەست و چوارو پاشان لە 31ی ئابدا. ئەگەریش هەستیان بە سەرکەوتن کردبێ، ئامادەن دەست واڵابکەن بۆ سازش و بەخشینی لێبوردەیی بە بەرامبەرەکانیان.. بۆ نموونە لەدوای رێککەوتننامەی یانزەی ئازارو تێکەڵبوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی و پارتی. مەلا مستەفا نەرمییەکی چاوەڕواننەکراوی نیشاندا بۆ سەرکردەکانی ئەو باڵە. هەرچەندە درزو کەلێنەکە لەوە گەورەتربوو تەنیا بە سەرکردەکانی مەکتەبی سیاسی و مەلامستەفا پڕبکرێنەوە. کورت و پوخت... بۆ ئەو سیاسییانەی کە دەیانەوێ کێبەرکێ و ململانێی سیاسی بکەن لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا، زۆر گرنگە ئێستا ئەو ئارامیی و هەستی شانازی بە سەرکەوتنانەی کاک مەسعود بقۆزنەوە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ناکۆکییە توندو هەرزەکارانەی دروستبووە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا. کاک مەسعود هان بدەن کە ببێتە میانگیرێکی گوێلێگیراو نەک تەرەفێکی ئەم هەلومەرجە ناسازو خراپە. هەرچەندە بەهۆی ئەزمونەکانی پێشووی کاک مەسعودەوە زۆر کەس بێئومێدە لەوەی ببێتە میانگیرو کۆکەرەوەی هەمووان، بەڵام ئەم قۆناغە دەتوانێ شتێکی نوێ لە کاک مەسعودێکی خۆبەسەرکوتووزان بخوێنێتەوەو هانی بدەن دوور لە هەڵچوون سەرکردایەتیی ئەم قۆناغە شپرزەو لێکترازاوەی کوردستان بکات.


هێمن خۆشناو:   (حزبولڵای كوردی) دارده‌ستی ده‌وڵه‌ت بوو، (هوداپاریش) باڵی سیاسی (حزبولڵایه‌)! به‌ڕێز (ئیسماعیل خورماڵی) نوێنه‌ری یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان، له‌ (Draw Media)   له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ (10 ئایاری 2023) به‌ناونیشانی (كورد و هه‌ڵبژاردنی توركیا) گوتارێكی بڵاوكردۆته‌وه‌. له‌ روانگه‌ی باوه‌ڕبوونم به‌ هه‌ڵه‌ و شێواندنی زانیاریه‌كان، هه‌وڵده‌ده‌م له‌م گوتاره‌دا ره‌خنه‌ ئامێزه‌دا وه‌ڵامی چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌كی گوتاره‌كه‌ی ئه‌م به‌ڕێزه‌ بده‌مه‌وه‌ و زانیاریه‌كانیش راست بكه‌مه‌وه‌.  ئه‌وه‌ی دیاره‌ نوسه‌ر، ته‌نیا له‌ روانگه‌یه‌كی ئایینی، بێ ره‌چاوكردنی روانگه‌كانی دیكه‌ گوتاره‌كه‌ی داڕشتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕوویی و كاردانه‌وه‌ به‌ گوتاره‌كه‌یه‌وه‌ دیاره‌ و له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كی به‌رته‌سكدا ته‌نیا ره‌نگی ره‌ش و سپی بینیووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر له‌سه‌ر تێڕوانینی نووسه‌ر ده‌رباره‌ی دونیابینی بزوتنه‌وه‌ی كورد و هه‌ڵه‌ ستراتیژیه‌كانی له‌ باكووری كوردستاندا ناگیرسێمه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌یان بابه‌تێكی به‌رفراوانه‌ و له‌ جیاتی گوتارێك له‌ چه‌ندین گوتار جێگای نابێته‌وه‌.  گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ئه‌م گوتاره‌، وێناكردنی (هوداپاره‌) و باڵه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی (حزبولڵای كوردیه‌). به‌شێوه‌یه‌ك به‌یانی ده‌كات كه‌ حزبولڵای كوردی له‌ ساڵی 1987 بۆ دۆزی ئازادی كورد دامه‌زراوه‌. كاكی نووسه‌ر نازانێ حزبولڵای كورد له‌دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌ ساڵی 1979 له‌لایه‌ن خودی ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌هران هاوشێوه‌ و هاو به‌رنامه‌ی حزبولڵای لوبنان و حزبولڵا‌كانی دیكه‌ دامه‌زراوه‌. بێگومان مه‌رامیش له‌ دامه‌زراندنی ئه‌م حزبه‌ خزمه‌تكردن بووه‌ به‌ ئه‌جنداكانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو كارتێك به‌كاری بێنن ئه‌گه‌ر تووشی هه‌ر كێشه‌یه‌ك بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ توركیادا كه‌ وڵاتێكی سه‌ر به‌ ناتۆیه‌ و هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئێران. به‌ڵام كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا دركی پێكرد، حزبولڵای خسته‌ ژێر ركێفی خۆیه‌وه‌ بۆ ئه‌جنداكانی خۆی له ‌دژی كورد به‌كاریهێنا. سه‌ره‌نجام له‌ تاوانه‌كانی بكه‌ر نادیاردا به‌ده‌ست و پڵانی حزبولڵای كوردی له‌ ساڵانی 1990 – 1999 زیاتر له‌ 17 هه‌زار هاوڵاتی كورد گیانی سپاردووه‌ كه‌ زۆربه‌یان بێ تاوانبوون و ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردبوون كوژران. ناشكرێت باسی ئه‌م زانیاریه‌ نه‌كه‌م كه‌ كه‌م كه‌س ده‌یزانێت و په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵوێستی په‌كه‌كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر جزبولڵای كورد. له‌ ساڵانی 1993 و 1994 دا، په‌كه‌كه‌ چه‌ندین جار له‌ رێگای (حزبولڵای لوبنانی) داوای له‌ حزبولڵای كوردی كرد تا له‌و رێگایه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، په‌یوه‌ندیه‌كانیان ئاسایی بكه‌نه‌وه‌ و واز له‌ رشتنی خوێنی كوردی بێتاوان بێنێت. به‌ڵام دیاره‌ كار له‌كار ترازابوو، ئه‌م حزبه‌ به‌ ته‌واوه‌تی كه‌وتبووه‌‌ ژێر ده‌ستی هێزه‌ تاریكه‌كانی ناو ده‌وڵه‌تی توركیا به‌ ئاره‌زووی خۆی هه‌ڵیانده‌سووڕاند. نووسه‌ر یان به‌ مه‌رامێكی ئایدۆلۆژی یان له‌ بێئاگایی گومان ده‌خاته‌سه‌ر هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان هوداپار و حزبولڵا. ئه‌گه‌ر له‌ (Google) به‌دواداچوونێك بكه‌ین له‌ یه‌كه‌م چركه‌دا 47 سه‌رچاوه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان هوداپار و حزبولڵای كوردی پشتڕاست ده‌كاته‌وه.‌ (له‌ كۆتایی ئه‌م گوتاره‌مدا دوو لینك داده‌نێم‌ وه‌كو به‌ڵگه‌ بۆ قسه‌كانم)  له‌ یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌كاندا (زه‌كه‌ریا یاپیجیئۆغڵو سه‌رۆكی هوداپار) ده‌ڵێت‌:"ده‌كرێت به‌ گوێره‌ی كۆماری توركیا حزبولڵا رێكخراوێكی تیرۆریستی بێت، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی من رێكخراوێكی تیرۆریستی نیه‌". هه‌روه‌ها (حوسێن یڵماز) جێگری سه‌رۆكی گشتی هوداپار،‌ كه‌ هاوشانی زه‌كه‌ریا یاپیجیئۆغڵو له‌سه‌ر لیستی ئاكپارتی كاندیدین بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیا، سه‌رۆكی رێكخراوی (Mustazaf-Der) بوو كه‌ له‌ ساڵی 2012 به‌هۆی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبولڵا قه‌ده‌خه‌كراوه‌‌. له‌ هه‌مان كاتدا (فاروق دینچ) كه‌ سه‌رۆكی لقی دیاربه‌كری هوداپاره‌ و كاندیدی رێزبه‌ندی چواره‌مه‌ له‌سه‌ر لیستی ئاكه‌په‌ له‌ مێرسین به‌هۆی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبولڵادا چه‌ندین ساڵ زیندانیكراوه‌. هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ (ناسوح سه‌ڤینیك) ئه‌ندامی ده‌زگای راوێژكاری هودپار و (ئیسحاق ساغڵه‌م) سه‌رۆكی هوداپار به‌ وه‌كاله‌ت به‌هۆی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبولڵای كورد به‌ 6 ساڵ و 3 ساڵ زیندانیكراون.  ئه‌مڕۆ كینه‌ و نه‌فره‌تی به‌شێكی زۆری هاووڵاتیانی باكووری كورد له‌ هوداپار و حزبولڵا له‌و راستیه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، نه‌وه‌كو له‌ روانگه‌ی ئایدیۆلۆژی چه‌پ و موحافه‌زه‌كاری وه‌كو له‌ گوتاره‌كه‌ی كاك ئیسماعیل خراوه‌ته‌ڕوو. موحافه‌زه‌كاران و توێژی دینداری كورد له‌ هاداپ و حزبه‌كانی دیكه‌ زیاتر نه‌فره‌ت له‌ هوداپار و باڵه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و ئه‌م حزبه‌ به‌ (حزبی شه‌یتان و حزبی كۆنتڕا/ چه‌ته‌) به‌ناو ده‌كه‌ن. پێموایه‌ هه‌ڵه‌ی زه‌قی كاك ئیسماعیل له‌م روانگه‌یه‌وه‌ به‌نده‌ به‌وه‌ كه‌ ته‌نیا پشتی به‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك و لایه‌نێك به‌ستووه‌ له‌ وه‌رگرتن و پۆڵینكردنی زانیاریه‌كاندا. ئه‌گه‌ر بێت و كاك ئیسماعیل سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ش بخوێنێته‌وه‌ و بدوێنێ من دڵنیام ده‌گاته‌ هه‌مان ئه‌و ئه‌نجامه‌ی من پێیگه‌یشتووم.  حزبولڵا و هوداپار دوو رێكخراوی سه‌له‌فی و جیهادین، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی فیكری و ئایدۆلۆژی له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی ئیسلامی كۆیان ناكاته‌وه تا كاك ئیمساعیل به‌ ناڕاسته‌وخۆ به‌ چاكه‌خواز له‌ قه‌ڵه‌میان بدات‌. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م راستیه‌ سه‌ردانی زه‌كه‌ریا یاپیجیئۆغڵو له‌ رۆژانی 26 و 27 نیساندا بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین لایه‌نی ئیسلامی كوردستانی و عێراقی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا بێ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی یه‌كگرتووی ئیسلامی بكات. هه‌روه‌ها له‌ مه‌ڕاسیمی (مه‌ولودی پێغه‌مبه‌ر د.خ) له‌ ئامه‌د كه‌ به‌ده‌ستپێشخه‌ری هوداپار سازكرا، چه‌ندین لایه‌نی كوردستانی بانگهێشتكرابوون، به‌ڵام یه‌كگرتوویی ئیسلامی له‌ناویاندا نه‌بوو. له‌ هه‌مووی سه‌ره‌نجڕاكێشتر، كه‌ مرۆڤ زه‌حمه‌تی ده‌بینی له‌ تێگه‌یشتنی ئه‌م پرسیاره‌یه‌: ئایا كاك ئیسماعیل خورمالی به‌م گوتاره‌ ویستوویه‌تی به‌رگری له‌ هوداپار بكات، یان ئه‌ردۆغان؟ یان ویستوویه‌تی بڵێت دۆزی كورد له‌ باكووری كوردستان ناڕه‌وایه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌ردۆغان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت! له‌ كۆتاییدا هیوادارم كاك ئیسماعیل خورماڵی به‌ گیانێكی وه‌رزشی ئه‌م گوتاره‌م بخوێنێته‌وه‌، بزانێ ئه‌و ته‌نیا دژ به‌ كورد ئه‌م گوتاره‌ی نه‌نووسیووه‌، به‌ڵكو له‌ چه‌ندین ته‌وه‌ره‌ دژ به‌ بیر و باوه‌ڕی حزبه‌كه‌شی نووسیووه‌.  https://tr.wikipedia.org/wiki/H%C3%BCr_Dava_Partisi#:~:text=H%C3%BCr%20Dava%20Partisi%20(K%C3%BCrt%C3%A7e%3A%20Partiya,sayfalar%C4%B1%20aras%C4%B1ndan%20do%C4%9Fmakta%20olan%20g%C3%BCne%C5%9Ftir. https://medyascope.tv/2023/03/13/hizbullah-mustazaf-der-huda-par-bir-hareketin-tarihi/ ............................................... كورد و هەڵبژاردنەكانی توركیا ئیسماعیل حەمەعلی خورماڵی https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12823


كەمال چۆمانی لەسەر بنەمای قسەکانی ئۆجەلان لە پەیامەکەی نەورۆزی ٢٠١٥دا کە داوای لە گەلانی تورکیا کرد لەژێر ئاڵای ئیسلام، لەژێر پەیامە ئینسانییەکەی محەمەد، عیسا، و موسادا نەتەوەیەکی دیموکراتیک ئاوا بکەن و واز لە جیاکاری رەگەزی، نەژادی، نەتەوەیی، و تائیفیی بێنن و لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە وڵات بەڕێوەببەن، هەدەپە کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی بەست. لەکاتی بانگەشەش بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لە تورکیا، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دیندار و خەڵک بە گشتی بە بایەخەوە باسی پەیماننامەی مەدینەی کرد کە پەیامبەر لەنێوان جو، مەسیحی، و موسڵمان و بێبڕوای مەدینەی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەو شارە ئیمزایان کرد. دەمیرتاش گوتی ‘پەیمانی مەدینە بەڵگەنامەیەکی زۆر زۆر گرنگە. ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای یەکسانی و برایەتی بونیادبنێین، ناتوانین ئەم بەڵگەنامەیە فەرامۆش بکەین.‌ ئەم دەستپێکەم بۆیە بەو روداو و تێگەییشتنەی ئۆجەلان دەستپێکرد تا رونبکەمەوە ئۆجەلان لە قوڵایییەکی مێژویی، فیکری، و رۆحانیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە چارەسەرییەکەی پێشخستبو تا لەگەڵ کۆنزەرڤاتیزمی-ئیسلامیی تورکیی و کوردییش یەکانگیر بێ.   ئەردۆغان رێک دژی ئەو پەیامەی ئۆجەلان مامەڵەی کرد و چەندان شاری خاپورکرد، بەشێکی رۆژئاڤای کوردستانی داگیرکرد، و هەزاران کەسی خستە زیندان و هەزارانی دیکەشی ناچارکرد وڵات بەجێبهێڵن. تورکیا لەدوای کۆدێتاکەی ساڵی هەشتاوە بەو جۆرە زیندانییەکانی پڕ نەبونە و کەسایەتییە سیاسییەکان دەربەدەر نەبونە. ئابوریی وڵاتەکەی وێران کرد. لە باشوری کوردستاندا زیاد لە ١٠٠ کەسی سیڤیلی کوشت لەڕێی بۆمبابارانکردنی بێویژدانانە و دوا تەکنەلۆژیاکانی بەکارهێنا دژ بە پەکەکە تا دەگاتە چەکی قەدەغەکراو. هەمو ئەوانە وا دەکەن تورکیا پێویستی بە گۆڕانکارییەکی نوێ بێ. کەمال کیلیچدارۆغلۆ غاندیی نییە، بەڵام بی ئەمڕۆی تورکیا وەک ئەردۆغانی ٢٠٠٣ پێویستە. ئەردۆغان سواری قیتاری دیموکراسی بو، کورد هاوکاری کرد، ئۆجەلان و پەکەکە زۆر سازشیان بۆ کرد، بەڵام دواجار خیانەتی لە پڕۆسەی ئاشتی کرد و وەک خۆی جارێک گوتبوی، کەی پێویستیان پێبو لە قیتاری دیموکراسی دادەبەزن. ئێستا کیلیچدارۆغلۆ دەیەوێت تورکیایەکی جیاواز لە تورکیای ئەردۆغان ئاوا بکا. بەدڵنیایی سەختە، بەدڵنیاییش ئەو تورکیایە نییە کە کورد دەیخوازێ، بەڵام لای کەم ئەو تورکیایە نابێ کە ئامەدی سور و جزیر خاپور بکرێن. خەڵکی تورکیا پێویستی بە پشودانە لە جەنگ و کوشتن. کیلیچدارۆغلۆ وەک کورد پێویستی بە دیموکراسییە، وەک کورد ئەگەر دیموکراتخوازەکانی تورکیا دیموکراسی پێشنەخەن و پرسی کورد چارەسەر نەکەن، دەبنە قوربانیی سیاسەتەکانی دەوڵەتی قوڵ و میت و ئەردۆغان. ئێستا چیتر کوردەکان نین ئاوارە دەبن، ئێستا تورکەکانیش قوربانیی سیاسەتەکانی ئەردۆغانن. کاتێک ١٠ هەزار زیندانی کورد دەستیان بە مانگرتن کرد، زیاد لە ٢٠٠ ئەکادیمی تورکیا پشتیوانییان کردن، دواتریش کامپێینەکە بەرزتر بوەوە و بو بە سەروی هەزار کە داوایان دەکرد پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە و تورکیا کۆتایی بێنێت بە خاپورکردنی شارە کوردییەکان. کۆی ئەکادیمییەکان بە تیرۆر تاوانبار کران، بەشێکیان زیندانی کران و سەدانیان وڵاتیان بەجێهێشت یا لە زانکۆکان دەرکران. بەپێی دوا راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، تورکیا لە پلەی ١٦٥ دایە لە کۆی ١٨٠ وڵات لەڕوی ئازادی رادەربڕینەوە. روسیا، تورکیا، عێراق، و یەکەم بەدوای یەک دێن لەو پاشکۆیەدا.  لەڕوی ئابورییەوە، هەرچەندە تورکیا نۆزدەهەمین گەورەترین ئابوریی دونیایە و ئەندامی گی ٢٠ە، واتا گەورەترین بیست ئابورییەکەی دونیا، بەڵام خەڵکەکەی لە هەژاریدا دەژیێت بە هۆی شەڕ و توندوتیژییەکانی ئەردۆغان و سیاسەتە ئابورییەکانی لە چەند ساڵی رابردو.  ئەو تورکیایەی کە بانگەشەی <<سفر کێشە لەگەڵ دراوسێکان>>ی دەکرد، ئێستا لەگەڵ هەمو دراوسێکانی کێشەی هەیە.  بۆیە تورکیا پێویستی بە کەمال کلیچدارۆغلۆیە نەک بۆ ئەوەی تورکیا دیموکراسی بێ چونکە دیموکراسیبون و چارەسەربونی پرسی کورد بەیەکەوە گرێدراون و ئاسان نییە کلیچدارۆغلۆ ئاسان کارێکی وا بکا، بەڵام ئەو پێویستە بۆئەوەی کۆتاییەک بۆ تاکڕەویی ئەردۆغان دابنرێ کە هیوای دیموکراتیزەبون و چارەسەریی پرسی کورد دەگەڕێتەوە. کورد لەنێوان خراپترین و خراپێک هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە؛ یان تەسلیمبونی بە ئەردۆغان و نەژادپەرستەکانی مەهەپە، یان دەنگدان بە کیلیچدارۆغلۆ بە هیوای دیموکراسییەوە. بێگومان کورد بێئاگا نییە لەوەی لەناو جەهەپە و لەناو هاوپەیمانێتییەکەشیدا نەژادپەرست هەن، بەڵام باڵادەست نین. هەرچییەک بێ، لەوەی لە سەردەمی ئەردۆغان بوە خراپتر نابێ.


به‌یار عومه‌ر عه‌بدوڵا ستراتیژێکی جەنگە، کە تیایدا لایەنێک لەجیاتی ئەوەی بیەوێت بە یەکجار دوژمنەکەی لەناوبەرێت، هەوڵئەدات وردە وردە بەرامبەرەکەی هیلاک بکات و هەر جارەی بەشێکی لێبکاتەوە، هەتا تەواو بچوکی ئەکاتەوەو لە کۆتایدا هەڵیئەوەشێنێت. واتە ستراتیژێکی خاو و دورمەودایە، بە تێپەڕبوونی کات، لایەنێک دوژمنەکەی بەرەو لاوازو هەرەسهێنان دەبات. لە پاش چەند ساڵێک لە شەڕی ناوخۆ، کە لەڕێی سەربازیەوە پارتی نەیتوانی یەکێتی لاواز بکات و بیکات بە ژێردەستەی خۆی. ڕێگایەکی تری گرتەبەر؛ لە دوای یەکگرتنەوەی ئیدارەوە، پارتی هەوڵی هەڵوەرینی یەکێتی ئەدات و تیاشیدا تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە. پارتی هەمیشە دەستێوەردانی لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیدا کردوەو هاوکاری مادی و مەعنەوی ئەوانەی کردووە کە لە یەکێتی جیابونەتەوە؛ لەڕێی کڕینەوەی وەلائی چەند بەرپرسێکی باڵاوە، نەیهێشتووە نزیکبونەوەو ڕێکكەوتن لەنێوان باڵە جیاوازەکانی یەکێتیدا ڕووبدات بۆ ئەوەی یەکێتی تەواو بچوک و بێدەسەڵات بکات و بیکات بە دوکانێکی سیاسی و بە چەند پۆست و بڕە پارەیەک ڕازیان بکات، و سەرەنجام حوکمی هەرێمی کوردستان بە ڕەهایی بۆ یەک حزب و یەک بنەماڵە قۆرخ بکات. بۆ جێبەجێکردنی ئەو پیلانەیان، پارتی دەمێکە ڕۆڵیان دابەش کردووە، گروپێک ڕۆڵی میانڕەو و گروپێکیش ڕۆڵی توندڕەو دەگێڕن، بەڵام هەردوولا خزمەتی هەمان شانۆی سیاسی پارتی دەکەن و کاریان لاوازکردن و پەرتکردنی حزبە نەیارەکانیانە. هەندێک جار گروپە میانڕەوەکە کاریگەریان زیاترە لە توندڕەوەکان بۆ پەرت و لاوازکردنی نەیارەکانی پارتی. گرەوکردن لەسەر ناکۆکییەکانی ناو پارتی و بنەماڵە، کوتینی ئاسنی ساردە. ئەوەی گرنگە بۆ خەلکی ئەم دەڤەرە ئەوەیە کە دژایەتی پارتی بۆ یەکێتی گۆڕاوە بۆ دژایەتی هەموو خەڵکی ئەم دەڤەرە، کە لە ٧٠٪یان دەنگیان بە هیچ حزبێک نەداوەو هیچ گوناهێکیان نیە بەهۆی کێشەو ململانێی حزبیەوە توشی سزاو بێموچەیی ببنەوە. دەبێت یەکێتی نەکەوێتە داوی پیلانەکانی پارتییەوەو گرنگە هەوڵبدات (پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) لە سزاکانی پارتی دووربخاتەوەو بەشە بودجەیان لە بەغداوە مسۆگەر بکات بۆ ئەوەی چیتر موچەو بودجە و پرۆژەکانی ئەم دەڤەرە نەبن بە قوربانی ململانێ سیاسییەکان. پارتی هەرگیز پابەندی هیچ ڕێکكەوتنێک نەبووە، تەنها گەمەی سیاسی کردوە بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی نەیارەکانی. تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆش هەندێک موچەو بودجە بنێرن، بەڵام لە ئایندەدا ئەگەر یەکێتی یان هەر لایەنێکی تر کە ئەم دەڤەرە بەڕێوەدەبات گوێڕایەڵیان نەبێت، دیسان زۆر بە ئاسانی بودجەو موچەی خەڵک دەبڕنەوە. ناکرێت دوا هیوای ئەم دەڤەرە بەبێ مەرج یان لەپێناوی چەند داواکارییەکی بێ بەهادا بخرێتە چاڵەوە. هەر جارێک یەکێتی خەریکە دەگاتە ئەوەی کە لەگەڵ بەغدادا ڕێکبکەوێت، پارتی بە هەندێک موجامەلاتی سیاسی بێ بنەما یەکێتی دوردەخاتەوە لە چارەسەری کێشەکانی خۆی و دەڤەرەکەی. کەس ئاوات بە شەڕ ناخوازێت، بەڵام لەنێوان شەڕو تەسلیمبوندا، چەندین ڕێگەو ئامرازی تر هەیە. دوای ماوەیەک لە ململانێی سەخت، گرنگە داواکارییە سەرەکییەکانی سنورەکە بکرێت بە پێشمەرجی دانیشتن و کۆبونەوە. پارتی بەئاشکرا زوڵم لەم دەڤەرە ئەکات، لە بڕینی موچەو بودجەو پرۆژەکانەوە، هەتا دەگاتە ئەوەی کە موچەی هێزەکانی دژەتیرۆرو پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی ٧٠ی ڕاگرتووە. ئەگەر پاساوی ڕێکكەوتنێکی لاواز، فشاری ئەمریکایە، ئەی بۆچی ئەمریکا فشار لە پارتی ناکات کە زوڵم نەکات و موچەو بودجەی ئەم دەڤەرە ڕانەگرێت؟ بۆچی ئەمریکا هاوکار نیە بەشە بودجەو موچەی ئەم دەڤەرە لە بەغداوە بێت، وەک چۆن لە ئەمریکادا سیستەمێکی فیدراڵی هەیە، و هیچ ویلایەتێک ناتوانێت ماف و موچەی ویلایەتێکی تر زەوت بکات؟ ئایا ئەمریکا کە فشار لە یەکێتی دەکات، ئامادەیە لە هەڵبژاردنی ئایندەدا بێت بە هانایەوەو بانگەشەی بۆ بکات؟! یەکێتی ئەگەر بەبێ جیاکردنەوەی بەشە بودجەی (پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین)، و بەبێ گەڕاندنەوەی (داهات و دەسەڵات) بۆ ئەم دەڤەرە بچێتەوە حکومەت، باجێکی قورس ئەدات لە هەڵبژاردندا. سەبارەت بە هەڵبژاردنیش، پارتی پێشوەخت ئامادەسازی کردووە، کە لە پارێزگای سلێمانیدا، زیاد لە ٢٠ لیست هەبێت. هەرچەندە گوایە پارتی ڕازی بووە بە فرە بازنەیی، بەڵام دەزانێت کە ئەو هەموو لیستە لە پارێزگای سلێمانی کۆمەڵێک حزبی لاوازو بچوکی لێدروست دەبێت، کە هێشتنەوەی پارتی بە حزبی ڕابەرو تاکڕەو مسۆگەر دەکات؛ ئەمە جگە لەوەی ١١ کورسی پێکهاتەکانی مسۆگەر کردووە. هەڵبژاردن لەم ساتەی کوردستاندا، جگە لە گەمەیەکی پارتی بۆ چەسپاندنی حوکمی تاکڕەویی هیچی تر نیە. ئەگەر ڕۆژنامەنوس لەسەر ڕەخنە، توشی گرتن و کوشتن بێت، ئەگەر هێزی چەکدار، بۆ خەڵکی شەڕانگێزو لەیاسا دەرچوو دروست بکرێت، ئەگەر بە ملیارەها دۆلار، نەوت و گازو مەرزەکان بدزرێت، ئەگەر دادگا دەستەوەستان بێت بەرامبەر دەسەڵاتدارەکان، کەواتە هەڵبژاردن بە تەنیا دەتوانێت چی بگۆڕێت؟! جگە لە تازەکردنەوەی وەلائو بەیعەت بە دەسەڵاتێکی گەندەڵی ناوچەگەر، چی لێ سەوز دەبێت؟! هیوادارم یەکێتی و هەموو لایەنە باڵادەستەکان لەم سنورە نەکەونە داوی پیلانەکانی پارتی و هەوڵی بەدەستهێنانی بەشە بودجەی ئەم سنورە لە بەغداوە بدەن، ئەگەرنا باجێکی مێژوویی ئەدەن.


سه‌ردار عه‌زیز کەمال کەسایەتییەکی ئاڵۆزە، بەڵام هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە کە سادە دەرکەوێت. ستراتیژی سەرەکی بانگەشەی ئەوەیە کە پێچەوانەی ئەردۆگانە. بە خوێندنەوەی ڤیدیوکانی مرۆڤ زۆر دونیابینی ئەوی بۆ دەردەکەوێت. یەکەم، بەگشتی ڤیدیوکانی بەبێ چاکەت و بۆینباغە، کە ئاماژەیە بۆ نەمانی پلەبەندی و خۆ جوداکردنەوە. ئەوەی پێی دەوترێت خاکی بوون. دووەم، پاشخانی ڤیدیوکانی کتێب و چێشتخانەو باغچەی بچکۆلەن، کە دەرخەری کۆمەڵێ خەسڵەت و پەیامن. لە پێشاندانی ماڵەکەی دەیەوێت پێچەوانەی قەسرە هەزار ژورەییەکەی ئەردۆغان بێت. هەروەها ئەو پەیامە بگەیەنێت کە گەندەڵ نیە، وەک ڕکەبەرەکانی. سێیەم، بوونی کتێب، دەرخەری بایەخدانە بە بیرو زانست، بە پێچەوانەی ئەردۆگانەوە کە زۆربەی کاتی تەماشای تەلەفزیون دەکات. چوارهەم، کەمال دەیەوێت بڵێت چەپم. بەڵام چەپی تورکی چەهەپە، چەپی دەوڵەتییە، نەک چەپی کۆمەڵایەتی. پێنجەم، کەمال هەوڵدەدات لەگەڵ باوەڕە عەلەوییەکەیدا خۆی ئاشت بکاتەوە. ئەمە پچڕانە لە کەلتوری کەمالیزم. هەروەها فشارە بۆ کەلتوری سوننی حەنەفی تورکی. لە تورکیا هاوڵاتی ڕاستەقینە تەنها ئەوانەن کە تورکن و حەنەفین. بۆ نمونە زۆربەی کورد شافیعییە، بۆیە نەک هەر کوردبوونیان بەڵکو شافیعی بونیان ڕێگرە بۆ بوون بە هاوڵاتیی ڕاستەقینە. ئەگەر دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە فراوانکردنی بنکەی هاوڵاتیی بوون بێت لە تورکیا، دەستکەوتێکی گرنگە. پێنجەم، کەمال کوردە، بەڵام ناوێرێت وەها بڵێت. ئەمە جۆرێکە لە نەخۆشی. ئیسلامییەکان دەتوانن بڵێن کوردین و ئیسلامین، بەڵام عەلمانییەکان ناتوانن. شەشەم، کەمال دەیەوێت بڵێت کە کەسایەتییەکی سازشکەرە. تورکیا پێویستی بە ئەمەیە. بەڵام سازشکردن ڕەنگە هەندێجار وەک لاوازی دەرکەوێت.


نووری بێخاڵی کاتێک باس لە گرنگیی تەباییی پارتی و یەکێتی دەکەین، ئاگاداری ئەوەین کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو حزبە، بەر لەوەی بە قازانجی ئەوان بشکێتەوە، بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندیی ستاتووی هەرێمی کوردستان و ئاییندەی گەلی کوردستاندا تەواو دەبێت.  باشبوون، یان باشترکردنی ئەو پەیوەندییەی نێوانیان، کە ئەرک و بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئەخلاقیی سەر شانی ئەم دوو حزبەیە، لەسەر ئاستەکانی ناوخۆ و عێراق و نێودەوڵەتییش گرنگە. واتە هەر بۆ سەقامگیریی دۆخی سیاسیی ناوخۆ نا، بەڵکوو بۆ دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە گشتی و داهاتووی ئەم ئەزموونە و چارەنووسی گەلی کوردستان، هەروەها بۆ پێگە و قورسایی هەرێم لەناو عێراقدا، دواجاریش لە پەیوەست بە ڕوانگەی نێودەوڵەتیی بۆ بوونی هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتوو و ئارام و سەقامگیر، زۆر گرنگە.  پێداگریی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەسەر پێویستیی ئاشتەوایی نێوان پارتی و یەکێتی و سووربوونیان لەسەر ئەوەی، کە دەبێ هەردوو حزب بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، لەو هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە دەستووری و مێژوویی و نیشتمانییەی سەر شانیانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بەرامبەر گەلی کوردستان هەیانە. هاوکات دەرەنجامی تێگەیشتنیانە لە قەبارەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی، کە ڕەنگە لە ئەگەری بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو حزبە و قووڵتربوونەوەیاندا، ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی ببنەوە. لەم ڕوانگەیەوە، سەرگرتنی هەموو هەوڵێک بۆ ئاشتەوایی نێوان پارتی و یەکێتی، هەموو ئاساییبوونەوە و باشتربوونێکی پەیوەندییەکانی نێوانیان، هەموو هەنگاوێکیان بۆ بەیەکەوە کارکردن و گەڕانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە چوارچێوەی دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا، دواجار سەرکەوتنی ئەو گوتارە نیشتمانی و ئاشتیخوازانەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، کە بە درێژایی ماوەی ململانێکە، پشوودرێژ و ماندوویی نەناسانە، بە بۆنە و بە بێ بۆنە و لە شوێنکاتی جیاوازدا، جەختیان لەسەری دەکردەوە بەوەی "جگە لە پێکەوەیی و ڕێککەوتن و پێکهاتن، هیچ ڕێگایەکی تر لە بەردەم پارتی و یەکێتیدا نییە." هەتا دێت ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە خێرا و خێراتر تێدەپەڕن، ڕووداوگەلێک کە هەست دەکرێت لەگەڵ خۆیاندا گۆڕانکاریی لە هاوکێشەی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا دێنن و گۆڕانکارییەک، کە وێدەچێت پارسەنگی تەرازووی هێز و هاوپەیمانییەتەکانی ناوچەکەش لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا بە ئاقارێکی دیکەدا بخات، کە ڕەنگە بۆ کورد جێی دڵخۆشیی و ئومێدبەخش نەبێت. بۆیە بچووکترین ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، بە زیانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت و گەلی کوردستان دەبێ باجەکەی بدات. ناکۆکی و ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، جەبری مێژوو و قەدەرێکی داسەپاو نییە، تا بۆ هەمیشە بەرەوام بێت و نەتوانن خۆیان لەم تەل و تەلیسمە ڕابپکسێنن. ئەم دوو حزبە نابێ خۆیان لەبیر بچێتەوە، کە تا ئێستاش بەیەکەوە نوێنەرایەتیی دۆزی نەتەوە و نیشتمانێک دەکەن و پێویستە لە ئاست هەلگرتنی ئەم بەرپرسیارێتتیە نیشتمانی و نەتەوەییە و قوربانیدانی گەلی کوردستان و خوێنی شەهیداندا بن. لەوەش گرنگتر، دەبێ ئەو ڕاستییە لەبیر نەکەن کە "کوردستان هی هەمووانە و شوێنی هەمووانی تێدا دەبێتەوە – نێچیرڤان بارزانی". دواجار، نیازپاکی و بوونی متمانە، مەرجی سەرەکیی سەرگرتنی هەموو هەوڵێکی ئاشتەوایین. کاتێکیش لایەنە ناکۆکەکان لە بورجی عاجی غرووری سیاسیی دێنە خوار و لە ئاست یەکتری بەدگومان نابن و دەستەبەرداری یەکتر نەخوێندنەوە دەبن، متمانە نەک هەر دروست دەبێت، بەڵکوو دەبێتە بەردی بناغەی دڵنیایی سیاسی و پاڵنەری بەیەکەوە کارکردن. خودی ئەم دڵنیایی و بەیەکەوەییەش، دەبنە هۆکاری بەرقەراربوونی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.


ئومێد قەرەداغی لە دوای مستەفا کەمالەوە ، هیچ سەرۆکیکی تورکیا بەقەد ئەردۆغان مەترسی نەبوە لەسەر کورد، کەس بەقەد ئەو  پرۆژەی سرینەوەی کوردی نەبوە ، کەسیش وەک ئەو زیندانەکانی پڕ نەکردوە لە رۆژنامەنووس، لە سیاسەتمەداری نارازی ، لە ئەکادیمیست و هەڵسوراوی مەدەنی ،  لە مێژوی تورکیادا لە دوای مستەفا کەمالەوە کەس وەک ئەردۆغان نەیتوانیوە لە یەککاتدا سوپا و دادگا و میدیا و پەرلەمان و توانای ئابووری بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و هەموو ئەمانەش بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی رەهای  خۆی و دوژمنایەتی کورد و بزوتنەوە ئازادیخوازییەکەی  ئاراستە بکات، بۆیە کەوتنی ئەردۆغان گرنگترین دەستکەوتی ئەم قۆناغەیە، کەمال بێت یان جەمال  یان شەیتان، هەرگیز نیوەی ئەو دەسەڵاتەی نابێت ئەردۆغان هەیەتی ، هەرگیزیش نیوەی ئەو مەترسیەی نابێت کە ئەردۆغان لەسەر کورد هەیەتی  کەوتنی ئەردۆغان کەوتنی یەکێک لە مەترسیدارترین دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتە ، ئەم پیاوە مەترسیدارە ، لە یەککاتدا یاری بە کارتی ئایین و نەتەوە و گەشەی ئابووری و جوڵاندنی یادەوەری رابردوو ئەکات ، لە مێژووی تورکیادا کەس وەک ئەردۆغان یاری بە شعوری  دینی نەکردوە ، رۆژێک    پەنجەی رابیعە بەرزئەکاتەوە ، رۆژێکی دیکە ئەیاسۆفیا ئەکات بە مزگەوت ، ساتێکی تر ئەردۆغان وەک فاشیستیکی نەتەوەیی  رەفتار ئەکات ، پەنجەی وەک هێمای گورگە بۆرەکان بەرز ئەکاتەوە ، یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت ئەکات بە دروشمی سەرەکی  دەوڵەت ، رۆژێکی دیکە  کەڵکەڵەی فروانخوازیی عوسمانی زیندوو ئەکات و و لە  یەکاتدا لە سوریا و عێراق و لیبیا و ئازەربایحان و قەتەر و زۆر شوینی دنیا هێزی هەیە و شەر ئەکات یان ئامادەیە بۆ شەر، رۆژێکی دیکە  سەرقاڵی بونیدنان و گەشەی ئابوورییە و پرۆژەی  ستراتیژی پرد و تونێل و رێگاو  پرۆژەی پیشەسازی قورسە ، بە بێ دوو دڵی هەموو ئەمانەش بۆ سەپاندنی دەسەلاتی خۆی و دوژمنایەتی کورد تەرخان ئەکات ، لەسەر ئەم رەفتارانەی  نزیکترین هاورێکانی خۆی بەجێیانهێشت ، عەبدوڵا گویل و  عەلی باباجان و  داود ئۆغلۆ و زۆری تر ،تەنانەت ئەردۆغان  دەیان هەزار لەو پیاوە ریشدار و ژنە باڵاپۆشە گولەنیانەی خستە زیندانەوە کە لەیەکەم سەنگەرەوە پشت و پەنای ئەردۆغان بوون بۆ گەیشتنی بەدەسەڵات ئەم هەڵبژاردنە  روداوێکی گرنگە ،  کەوتنی ئەردۆغان سەردەمێکی زۆر تاریک کۆتایی دێت، هەرچەندە من باوەرم وایە ئەردۆغان  بێ کێشە دەسەڵات رادەست ناکات ، ئەو هەژموونی بەسەر هەموو جومگەکانی دەوڵەتدا هەیە و ئەگەری زۆر هەیە دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکات ، بەڵام پێویستە بە  هەموو کوردێک ، هەموو ئازادیخوازێک بەشدار بێت بۆ کۆتایهێنان بە سەردەمی تاریکی ، سەردەمی ئەردۆغان


د. دانا حه‌مه‌عه‌زیز بەپێی ناوەندەکانی پێشبینی هەڵبژاردن لە تورکیا، ڕێژەی دەنگی هەردوو ڕکابەرەکە (کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دا، لە یەکەوە نزیکن. بەپێی ئەو ناوەندانە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی ڕۆژی هەڵبژاردن، دەنگی ئەردۆغان زیاد دەکات و جیاوازیی لەگەڵ کیلیچدارئۆغڵۆ کەمدەبێتەوە. ئەم دوو پیاوە، بە دوو ئاڕاستەی جیاواز بانگەشە دەکەن. پەیام و بەڵێنی کیلیچدارئۆغلۆ بۆ تورکیا، ئاشتکردنەوەی خەڵك، فراوانکردنی ئازادییەکان و کرانەوەو چارەسەری کێشەکانی تورکیایە لەوانە کێشەی ئابوری و کێشەی پەیوەندی لەگەڵ کورددا. بەڵام ئەردۆغان لەسەر دوو تەوەری هەستیار پەلاماری بەرامبەرەکەی ئەدات، ئەردۆغان لە بانگەشەیەکی هیستیریاویدا ئەقیژێنێ و داوا لە تورك ئەکات فریاکەون، هەڵوێست لە دژی کیلیچیدارئۆغڵۆ وەرگرن، چونکە ئەو هاوشانی تیرۆریستەکانی قەندیل بانگەشە دەکات و کار بۆ زەلیللی تورك و کەڵەگایی ئیمپریالیزمی خۆرئاوا دەکات بەسەر تورکیاوە. ئەم پەیامەی ئەردۆغان تاڕادەیەك کاریگەر بووە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی دەنگەکانی، چونکە زۆرینەی نەژادپەرستەکانی تورکیاو زۆرینەی ڕەوەندی تورك لە ئەوروپا، لەگەڵ ئەم پەیامەدان، ئەوان بە پشتبەستن بە قسەکانی ئەردۆغان، خۆیان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن ئامادە دەکەن کە قەبوڵ نەکردنی ئەنجامەکان و تەنانەت لەناوبردنی خودی کەمال کیلیچدارئۆغڵۆشە، ئەوان دەڵێن کەمال نە کوردەو نە عەلەویی یە، بەڵکو ئەرمەنییەو ئامانجی تێکدانی تورکیایە! تەنها ٧ ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن، تورکیا لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە، جیاوازیی و ناکۆکیی نێوان هەردوو بەرەکە زۆر گەورەیە، ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێك بێت، پێکدادانی ناوخۆ لە ئەگەرە بەهێزەکانە. لە ئەگەری دەرچونەوەی ئەردۆغان و ڕاگەیاندی دیکتاتۆرییەتی ڕەهاشدا، پێکدادان هەر ئەگەرێکی بەهێزە، ئەردۆغان بەدەست شێرپەنجەی ناوسك و ڕیخۆڵەوە دەناڵێنێت و دوای سێجار وەرگرتنی کیمیاویی، تەمەنی ساڵێکی تر بڕ ناکات، بە مردنی خۆشی تەواوی دامەزراوە پەیوەستکراوەکانی دەوڵەت بە ئەوەوە، دەڕوخێن!


خالیدی حاجی ئه‌حمه‌د چەند رۆژێکی کەم و وەک دەوترێت هەڵبژاردنە چارەنوسسازەکەی تورکیا ئەنجام ئەدرێت (14 / 5). جێی ئاماژەیە لە 27 / 4 وە، رەوەندی تورکیایی لە هەندەران دەستیانکردوە بە دەنگدان و پرۆسەکە تا 9 /4 دەخایەنێت. گەرچی چاوەڕوان دەکرێت (ئاکەپە) وەک گەورەترین حیزبی هەڵبژاردنەکان لە تورکیادا بمێنێتەوە، بەڵام ئەم چاوەڕوانییە بۆ ئەردۆغان سەلمێنراو نیە. ڕەنگە لە دوو دەیەی رابوردودا دەنگدەری تورکیا هێندەی ئێستا، دوو دڵی پێوە دیار نەبوبێت. سەرباری پرسی ئابوریی کە هەمیشە رۆڵی سەرەکی دەبینێت، لەم هەڵبژاردنەدا دوو پرسی تر خۆی لە داڵغەو خەیاڵی دەنگدەردا دەبینێتەوە کە بریتین لە: 1 – چارەنوس و دوارۆژی تورکیا لەدوای تێرمی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، ئەردۆغان یاسای بنەڕەتی تورکیای لە بەرژەوەندی خۆی گۆڕی، بەوەی راستەوخۆ سەرۆک هەڵببژێرێت، نەک لە پەرلەمانەوە. دواتر لە بەرگێکی پان تورکیزمدا، کۆی ئەو سیاسەتەی گۆڕی کە لەسەر تێزەکەی داودئۆغڵو (سفرکردنەوەی کێشەکان) بنیات نرابوو. بەئاشکرا دیفاعی لە شەڕی ناوخۆی سوریا کردو سنوری ئەو وڵاتەی بەزاند. لەسەر (ئیخوان) تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر تێکدا، دەستدرێژیەکی راستەوخۆی کردە سەر لیبیاو بووە بەشێک لەشەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە. (قەتەر)ی لێدەرچێت، ناکۆک بوو لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا. گەرچی وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆیە، بەڵام سیستەمی دژەفڕۆکەی (ئێس 400)ی روسی کڕی. دوێنێیەکی نە هێندە دوورکەوتە هەڕەشە لە یۆنان و ئەمڕۆش بەنیاز نیە دەنگ بدات بە بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆدا. گەرچی بە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکان، لەم مانگانەی دوایدا، لە هەوڵی گۆڕینی ئەو ڕەوتەدا بوو، پێدەچێت بەرهەمێکی وای لێنەچنیبێتەوە. ئەوەی لە میدیاوە دەبینرێت، ئەمریکاو رۆژئاوا ویستی دەرچوون و هەڵیژاردنەوەی ئەردۆغانیان نیە.  بەرەی دژ بە ئەردۆغان، لە هەموو ئەم پرسانەدا، تا رێژەیەکی زۆر دژ بە ئەردۆغانن و بەنیازن زۆر بە زوویی تورکیا بگێرنەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی.. لە دەرەوەشدا وا بڕیارە کۆتایی بە سیاسەتی هێرشبەرانەی تورکیا بهێنن و بەجورئەتەوە رووبەڕووی کێشە ناوخۆییەکان ببنەوەو هەوڵی ناردنە دەرەوەی نەدەن. گەرچی ئەم پرۆسەیە هێندە ئاسان نابێت و دەنگی پتر لە 400 ئەندام پەرلەمانی دەوێت. بەڵام دۆڕانی ئەردۆغان دەکرێت سەرەتای ئەو رەوتە بێت بەرەو ئەو گۆڕانکاریانە. 2 – ناسۆنالیزم و ئایین ئەمڕۆ کۆمەڵگای تورکی بەهەموو مانایەک کۆمەڵگەیەکی ناسیۆنالیستیە. بە هاتنە سەرکاری ئاکەپە، زۆری لێ چاوەڕوان دەکرا: دەگوترا ئەم حیزبە دەتوانێت ریفۆرمێکی جیدی لە ئیسلامی سیاسیدا ئەنجام بدات و تەنانەت زۆرێک پێداگریان دەکرد کە ئاکەپە دەبێتە (حیزبی دیموکراتی مەسیحی) ئەڵمانەکان لە دنیای ئیسلامدا. سەرەتا بە نزیکبوونەوە لە ئەوروپاو ئازادکردنی بازاڕ ئەو بۆچونە زیاتر تۆخ دەبووەوە. بەڵام بە تێپەڕینی کات، دەرکەوت خەونی ئەردۆغان تەنها خەونێکی سوڵتانییەو جگە لەوە خاوەنی هیچ روئیایەک نیە. بە هاتنی چەند نەوەیەکی نۆێ لەکاتی هاتنە سەرکاری ئاکەپەوە، ئاین کەمەکێک ڕووی لە لاوازی کردوەو ئەردۆغان و حیزبەکەشی لەبەرانبەردا نەک رووەو کرانەوەو لیبرالیزم بەڵکو بەرەو ناسیۆنالیزمێکی توندڕەوانە رێدەکەن. سەرنجێکی خێرا لە هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان، وێنەیەکی روونی کۆمەڵگای تورکیامان نیشان ئەدات. بێگومان هاوبەشە بەهێزەکەی ئەردۆغان (بزوتنەوەی نەتەوەیی)ی باخچەلییە. کە دایکی گورگە بۆرەکانەو لە دەرەوەی تورکیادا (یەکێتی کۆمەڵە تورکییە دیموکراتە ئایدیالیستەکان) نوێنەرایەتی دەکات کە بە چەتری کۆکەرەوەی گورگەبۆرەکان هەژمار دەکرێت. هاوبەشێکی تری ئەردۆغان حیزبی (یەکێتی گەورە)یە کە ئەمیش لە گورگە بۆرەکانەوە لەدایکبووە. ئەم حیزبە ئیسلام بە گرنگ دەزانێت بۆ پێناسەی پانتورکیسم.هەروەک تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی زۆرێک لە کەسە لیبراڵ و ئازادەکان، لەوانە رۆژنامەنوسی بەناوبانگی ئەرمەن (هەرانت دینک). (حیزبوڵا)ی تورکیا کە خۆی بە بەدیلی ئاکەپە دەزانێت، لایەنگرێکی شەخسی ئەردۆغانە. ئەم حیزبە بەناوبانگە بە کوشتنی سەدان گەر نەڵێین هەزاران کەس بەتایبەت لە باشوری ئەنادۆڵ و سەراپای ناوچە کوردییەکان بەتایبەت لە دەیەی هەفتاو هەشتاکانی سەدەی رابوردودا. رەنگە جێی سەرنج بێت کە زیاتر لە 400 ئەندامی ئەم حیزبە تەنها لە ئەڵمانیادا لەژێر چاودێریدان. لە دەرەوەی حیزبەکاندا رێکخراوی (ماڵ - منزل) کە حکومەت کردیە جێگرەوەی کۆی رێکخراوە (گولەنییەکان)و بەهەزاران کارمەندو خۆبەخشی هەیە لەناوەوەو دەرەوەی تورکیاداو بۆتە ئەژدیها لەهەموو بوارەکانی رۆشنبیری و ئابوری و خزمەتگووزاریدا، ئەم رێکخراوە، دەزانێت بوون و مانەوەی بەندە بە مانەوەی ئەردۆغانەوەو هێشتا ئەردۆغان بە فەرمی خۆی کاندید نەکردبوو، ئەمان کەوتنە بانگەشە بۆی. رەنگە پرسی ئابوری، گرنگترین کێشەیەک بێت کە روبەروی ئەردۆغان بوبێتەوە. ئەم پرسە بەتایبەت بۆ نەوەی نوێ گرنگییەکی زیاتری هەیە. بڕیارە تاکڕەوییەکانی ئەردۆغان لەبواری ئابوریدا کە بەرنجامی تێروانینێکی خۆ بەسێنتەرزان و هەمەکارەیە، گەرەنتی هەستانەوەی ئابوری تورکیاو دابەزینی هەڵئاوسان و بەرزبونەوەی نرخی دراوی وڵاتەکەی ناکەن. بەتایبەت کە لەچەند ساڵێکی کەمدا 3 سەرۆکی بانکی مەرکەزی لەکارلاداو لەراستیدا ئەردۆغان خۆی رۆڵی سەرۆکی بانکی مەرکەزی دەبینێت. لەم بوارەدا ئەردۆغان پشتیبەستوە بە وزەی هەرزان کە تا ئێستا (هەرێمی کوردستان)، بۆی دابین ئەکرد، و پارەی مۆڵی قەتەرو ئیمارات و تەنانەت سعودیە، کە بەمدوایانە تەنازولی بۆ کردن. دیسانەوە دابەزاندنی نرخی سود بە مەبەستی وەبەرهێنانێکی بەرفراوان تا بتوانێت هەلی کار بۆ نەوە نوێکان و لە پاڵیشیدا نرخی لیرە بەرزبکاتەوە.  لەبەرانبەردا بەرەکەی تر گازەندەی خاوبونەوەی داهێنان و پێشکەوتن ئەکەن کە (ئەقڵی تورکی) وەک هیندو چینی لێهاتوەو تورکیا بەجێدەهێڵن و گومانیان لە ئایندەی ئابوری وڵاتەکەیان هەیە، کە لەلایەن دارو دەستەی ئەردۆغانەوە قۆرغکراوەو جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئابوری تورکیا لەدەست هەژمونی (قۆنتەراتچییەکانی) ئاکەپە دەربهێنن. بێگومان پرسی گەندەڵی بەتایبەت لە بابەتی خانوبەردەدا دوای بومەلەرزەکەی ئەمدواییە رووی هەڵماڵرا، گەرچی ئەردوغان بە قۆرغکردنی میدیای وڵاتەکەی توانیویەتی سەرنج لەسەر ئەم بابەتە دوربخاتەوە.بەڵام هێشتا زۆرێک بەدەست ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنن. کوردو ئەم هەڵبژاردنە وا نوێنەری زۆرینە دیموکراسی خوازەکەی کورد (هەدەپە)، بڕیاریدا دەنگ بداتە رکابەرەکەی ئەردۆغان. هەموو لێکدانەوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کوردەکان هیچ بژاردەیەکی تریان نەبوو.. لە رابوردودا هەوڵێکی زۆر درا تا ئەردۆغان بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەی کورد چارەسەر بکات، بەڵام هەموو کاتێک (پەکەکە)ی کردۆتە بەهانەو پشتیکردۆتە داخوازییه‌ ڕەواکانی کوردو ئەم پرسەی لە چەقبەستوویی و تاوانبارکردنی کوردا هێشتۆتەوە. لەراستیدا بژاردەکەی هەدەپە، دەنگدانە دژ بەو چەقبەستوویەو هەوڵێکە بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە.   رەنگە بەهێزترین خاڵی ئەردۆغان، لاوازی رکەبەرەکانی بێت. پارتی کۆماری لێدەرچێت، کە رێژەیەک لیبرالانە بیردەکەنەوە، (هێشتا ئەو پارتەش نیوەی هەڵگری چەپی نەتەوەیی و ئیسلامی نەتەوەیین)، پێنج حیزبەکەی تر نەتەوەیی و ئیسلامین. کە زۆرینەیان لەبەر چەند هۆکارێک ئاکەپەو حیزبەکەی باخچەلیان جێهێشتوەو هەمویان لە دوو سەرچاوەی پانتورکیزم و ئیسلامگەرایی عوسمانییەوە ئاودەخۆنەوە. من گەرەنتیەک شک نابەم بۆ باشی کلیچدارئۆغڵو، بەڵام گۆڕانکاری رەنگە تەکانێک بێت لانی کەم بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ.  


ئەنوەر حسێن (بازگر) یەكێك لە ڤایرۆسە كوشندەكانی كۆمەڵگای كوردستان-یش وەكو زۆر لە كۆمەڵگاكانی تر، (لۆمپەنەكان)- (لۆمپەنیزم)-ە، لەپاڵ سیاسی (پۆپۆلیست)و سیاسەتی (پۆپۆلیزم) كە كۆمەڵگا، حكومەت، حیزبی سیاسی و سۆسیال میدیای پڕكردوە لە خەڵكانی "شۆ و بێ ناوەڕۆك، فوتێكراو...". ئەم دوو مۆدێلە، كە بێ مۆڕاڵترین دیاردەی كۆمەڵگاكانی جیهانن، تادێت بە ماسكی جیاوازو زۆرجاریش بێ شەرم و بێ پڕەنسیپ خۆیان نمایش دەكەن، وەكو فریادڕەس، سیاسی، عەدالەتخواز، شۆڕشگێڕ، مەدەنی، ناسیۆنالیست، پسپۆڕو حوكمداری عادل، كەچی لە هەقیقەتدا، ئەهریمەن، تۆتالیتارو ئەنتی شۆڕش "هەندێكجار وەكو بەكرێگیراوی دەرەكی، خۆفرۆش، نامەدەنی، دژە نیشتیمان و نەتەوە، دژی ماف و ئازادییەكانی خەڵكن، دەیانبینین". كاتێك حوكمڕان بەردەوام درۆ لەگەڵ گەلەكەیدا دەكات. تەنها خەریكی شۆی ناو تیڤی و میدیاكانەو ناتوانێ شەقامێك جوان بكات. پەرلەمانتارێك شەق لە مامۆستا هەڵدەدات. خەڵك فڕاندن بۆ پارە دەبێتە حاڵەتێكی ئاسایی، كوشتن بەشێوەیەكی دڕندانە دەبێتە دیاردە. وەزیر هێندە ئاستی دادەبەزێت، لە ساڵێكدا دەیان بەڵێنی بێ بنەما دەدات، وەزیر هەیە هێشتا لە نۆستالۆژیای ڕابردووی دەژی و خیانەت لە ناخیدایە، هەیە هەر خەریكی شۆیە، ئەمانە ڕێكاوڕێك لۆمپەن و پۆپۆلیستن. (ماركس) بۆچوونی وابوو؛ ئەم دەستەوتاقمانەو دیاردەی "دزیكردن، لەشفرۆشی، قوماركردن، فێڵبازی و قاچاخچێتی" لەناو هەموو كۆمەڵگایەكدا هەن، دیارە مەبەستی كۆمەڵگای كوردستان-یشە. كە پڕیەتی لەم لۆمپەنانە، تەنانەت فۆڕمی "دزی و لەشفرۆشی" لە چاو دونیا دزتر و بێ ئابڕوترە. لانیكەم دز سزای هەیە و لەشفرۆشی بە یاسا ڕێكخراوە. جیا لەوانە هەندێك سیفاتی ئەم توێژانە بە ئاسانی جیادەكرێتەوە، لە بابەتی (نەخوێندەواری، بێموبالاتی، تێكشكاندنی عەقڵ و بەهاكان...). پەرلەمانتار هەیە؛ بكوژی خەڵكە، جوێنفرۆش و دەمپیس. هەیە هەموو زانیارییەكان دەداتە دەرەوە، هەیە سڵ لە هیچ كردەوەیەكی قێزەون ناكاتەوە، ئەی لۆمپەن چییە؟ كوڕو كچی هەژار بە دەستی هەندێك لە مناڵە مەسئولەكان بەناهەق دەكوژرێن و خوێنیان بەفیڕۆدەچێت "وەك ئەو پۆلیسەی هاتووچۆ بوە قوربانی، ئەو منداڵەی لەسەر فول لایتێك كوژرا- ئەو گەنجەی لە یەكێك لە سیتیەكان كوژرا... ". چەقۆوەشێنەكانی بازاڕەكانی ئەم وڵاتە، پیاو و ژنكوژەكان و بەناو مۆدێلیستە داشۆراوەكانی لە بەهای كۆمەڵایەتی، ژنكوشتنی ناو ماڵەكان، دزە گەورەكانی ناو دەسەڵات و دزە بچكۆڵەكانی ناو زیندان...، قاچاخچییەكانی نەوت، ماددەی هۆشبەر، جاسوس و جاسوسە (GPS) هەڵگرەكان و بكوژی نوسەران و ڕۆژنامەنووسان، هەموو ئەمانە نێچیرێكی ئاسانن بە مەبەستی بەكارهێنانیان، بۆ خزمەتی هەندێك ئامانجی قێزەون. لۆمپەنیزم و پۆپۆلیزمی بێ مۆڕاڵ، دەتوانێت خۆی وەكو شۆڕشگێڕو سیمبوڵ نیشان بدات، بەڵام لە هەمانكاتدا كاری كۆنتراگەریلاو شۆڕشگێڕ بۆ داگیركەر ئەنجامدەدات. خۆی وەكو فریادڕەس و ڕزگاركەری گەل و نیشتیمان نیشاندەدات، بەڵام ئەوەی ئەو بەسەر نیشتیمانیدا هێنا، پڕیەتی لە نەگبەتی و نەهامەتی. واتا بێ مۆڕاڵی خۆی تا ئاستێك نمایش دەكات، خۆفرۆشی لە ئاستی هەرە نزمیدا دەخاتە بازاڕی كڕین و فرۆشتنەوە، دژی نەتەوە و نیشتیمان. دەتوانی بچیتە ناو هەندێك لە چایخانەكانی شارەكان، گوێبگری كە چ لۆمپەنیزمێك خۆی جێ خستوە، چ بێ مۆڕاڵییەك لەناو ئەو لەشكرە بێ كارەدا خۆی حەشارداوە؟ لە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، مافیاگەرایی، بێ مۆڕاڵی لە دیالۆگ و گوتاریاندا! دەتوانی زانكۆكان، بپشكنی، كە چەندەها خاوەن بەناو ماستەرو دكتۆرای بێ توانای بەرهەمهێناوە، كە ئاكامەكەی جۆرە دكتۆرێك بەرهەم دێنێت، دەستدرێژی دەكاتە سەر نەخۆشەكانی. ئەندازیارێك بەرهەم دێنێت، فێڵ لە شەقام و باڵەخانەكان دەكات، پارێزەرێك ئامادە دەكات بكوژو كوژراو جیاوازی نییە لای. مەلای مزگەوت بەناو شەریعەتەوە هەرچی لە دەمی دێتە دەرەوە دەیڵێت. هەندێك لە مامۆستاكان "پرسیاری بەكالۆری" دەدزن و بە منداڵە خواپێداوەكانی دەفرۆشنەوەو ئەم منداڵە ناسك و خواپێداوانە هەر بە ڕاستی دەبنە دكتۆر، ئەندازیارو قارەمانی بێ مەعریفە، وەك ئەو بۆقەی ناو جەنگەڵ، كە هەر بەڕاستی بۆقن، بەڵام بۆیاخ كراون و دەیانەوێت بەكەناری پێمان بفرۆشن. سۆسیال میدیای بێ پڕەنسیپ و بێ ئەرزش ڕۆژانە، پۆپۆلیستانە و لۆمپەنانە خۆی دەخزێنێتە ناو مێشك و كونج و كەلەبەری ئەم كۆمەڵگایەوە و زۆرجاریش هەر بە مەبەست ئەم سۆسیال میدیا لۆمپەنە دەخرێتە بازاڕەوە بۆ چەواشەكردنی كۆمەڵگاو نەهێشتنی مۆڕاڵ و هەقیقەت. گروپێك لە فاشیلترین كەسانی ناو كۆمەڵگا، وەكو بانگخوازو سۆسیۆلۆگ، قادەی ڕەئی، یوتوبەرو ئامۆژگاریكارانی گەنجان و ژنان خۆیان نمایش دەكەن. بەبێ ئەوەی كەمترین مەعریفەیان هەبێت و ئازارەكانی تاك و كۆمەڵگا هەست پێ بكەن. بەشێك لە سەرمایەدارە ڕەسەنەكان، لەژێر هەڕەشەی ئەم لۆمپەنانە یان ئازار دەدرێن یان ناچار دەكرێن وڵات جێبهێڵن، لە شوێن ئەوە دروستكردنی سەرمایەدارو بزنیسمانی بێ بەها لە جیاتی ئەوان.  خەریكە وایلێدێت. لۆمپەنیزم و پۆپۆلیزم، لە زۆرینەی كوچەو كۆڵان و پنتەكانی كۆمەڵگا هەست پێ دەكەی. لۆمپەنەكان و پۆپۆلیستەكان، بە ئاسانی دەستت بەریان دەكەوێت و دیالۆگیان لەگەڵ دەكەیت، دەیانبینیت.  


چیا عەباس بەهۆی وردبینی و تێگەیشتنی کاک نەوشیروان كە كۆكەرەوەی بیرو بۆچونە جیاوازەكان بوو، لەڕاستەوە بۆ چەپ، لە بەدین و عەلمانییەکان، لە هەڵچو بۆ میانڕەو، لە نەتەوەخوازەوە بۆ لیبڕاڵ و لە گەنج و پیرو ژن و پیاو و هەمو چین و توێژەكان بزوتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی گەورەی جەماوەری هێنایە کایەی سیاسی نەتەوەی کوردەوە. ئێستا گەر حزبێک یاخود گردبونەوەیەک هەبێت لەم باشورە سەرلێشواوەی کوردستان ناسنامەو رەچەڵەکی خۆی لێبوبێت بەبارێکی قورس ئەوە گۆڕانی ئەم ساتانەیە. زیاترلە بیست ساڵ لەمەوپێش چەندین تێکۆشەرو کادرو رۆشنبیرو نوسەر لەگەڵ کاک نەوشیروان کاریان بۆ هزری گۆرانکاری کردوە. لەو سەردەمانەدا بەشێکی هەستیاری ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستای گۆڕان لە دەریای نیعمەت و چەورو خۆپەرستی یەکێتیدا تا سەر ئێسک تەڕ بووبوون. هەرچۆنێک بێت گزنگی سەرهەڵدانی هزری گۆڕانکاری هێدی هێدی لە ئاسۆدا دەبینرا، لەو ساتانەدا بەندە لەگەڵ چەند هاورێیەکی مەڵبەندی دەرەوە، بە بەرپرسی مەڵبەندەکەشەوە، بەباڵی ریفۆرم ناسراو بوین، کوتلەی سەر بە دەسەڵاتدارانی یەکێتی هەزارو یەک کێشەیان بۆ دروستدەکردین، ئێمە خۆراگر بووین و نەچوینە ژێرباری فشارو چاوسورکردنەوەکانی لوتکەی یەکێتی. لە ساڵی ٢٠٠٧ دەسەڵاتدارانی یەکێتی بریاری هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندی دەرەویان داو مەڵبەندێکی کارتۆنیان نزیک لە ماڵەکانی خۆیان لە "شارە حەیاتەکە" هەڵتۆقاندو بە بریارێکی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی ئەو سەردەمە کە لەسەر پارچە کاغەزێکی زەرد هەڵگەراو نوسراو بوو ئێمەمانیان لە ریزەکانی یەکێتی دەرکرد (کۆپی نامەکە پارێزراوە). زۆرینەی ئەم بەرێزە دەسەڵاتدرانەی ئێستای گۆڕان بەرپرسی هەستیاری ناو یەكیتی بوون. لەسەر ئەو هەنگاوانە کونجی بێدەنگیان بژاردە کرد. عبدالرزاق شریف لە زنجیرەیەک وتار بەناونیشانی: "ئیتر قسە دەکەم" بەوردی تیشکی خستۆتە سەر چۆنیەتی هاتنی بەشێک لەم بەرپرسانەی ئێستای گۆڕان بۆ ناو بزوتنەوەکە، بە کورتی و کوردی: دوو دڵ، ناجێگیر، مەرجدار، نائومێدی لە رەحمەتی مام جلال پێیان و ....تاد. کە هاتیشن سەرەتا بەناوی ینک-ریفۆرم هاتن.لام مەبەستە سەردێکی کورتی پەلەی ئەم زەمینە مێژوییە بکەم تا باشتر لە روداوەکان تێبگەین و کەسیش بە چیرۆکەکانی دەوری ئاگردان چەواشە نەکرێت. ئەوەی گرنگە هەڵوێست و رەفتاری چەند بەناو هەڵسوڕاوی گۆڕانە کە تا نەخۆشکەوتن و وەفاتی کاک نەوشیروان لە ئاستی بەرپرسیاریەتی هەستیار لەناو گۆڕاندا بوون و هاوکاری دێرین و نزیک بوون لە رێکخەری گشتی. پاش وەفاتی کاک نەوشیروان کێشەو ململانێ و تەکەتولگەری و رق و کینەو نیەتی تۆڵەسەندنەوە تەسفیەی حساباتی پێشو نێوان بەشێک لەو بەرپرسانەی گۆڕان هێدی هێدی سەرئاو دەکەوتن، چۆنیەتی هەڵبژاردنی یەکەم خانەی راپەراندن سەلماندەرێکی حاشا هەڵنەگری ئەو جۆرە ئەقڵیەتە داخراو و خۆپەرستەیە.  کاک نەوشیروان لەدوا هەفتەکانی ژیانیداو کاتێک رۆژانە لە لەندەن دەیبیست دۆخی ناوخۆی گۆڕان بەدەست ئەم هاوکارە دێرینانەیەوە دەناڵێنێت بڕیاری دروستکردنی گروپی راوێژی دا. بۆخۆم دژ بەو بریارە بووم و لەگەڵیدا بە حزوری حەمەتۆفیق لە ماڵەکەی کاک نەوشیروان لە لەندەن گوتم: کاک نەوشیروان لە دەقی بریارەکەت گروپی راوێژ زۆر مەتاتی و نادیار دارێژراوە، بە رەچاوکردنی ناسینی جەنابت بۆیان لەسەردەمی خەباتی شاخ و دوای راپەرینیش باشترە خاڵ لەسەر وشەکانی بریارەکەت دابنێێت، بەپێچەوانەوە چاوەڕوانیم بۆ ئیجابیەکانی کەمن. بە دەنگێکی حازمەوە گوتی: مانای دەستەواژەی راوێژ زۆر ئاشکراو رونەو ئەو برادەرانەش لێی تێدەگەن. حەمەتۆفیق هاوڕای بۆچونەکەی کاک نەوشیروان بوو.  پاش وەفاتی دەرکەوت بەشێک لەو هاوکارە دێرینانە چیان بەسەر گۆڕاندا هێنا، ژمارەیەکی کەم لێیان زوو لە دۆخەکە تێگەیشتن و ماڵئاواییان لە گۆڕان کرد. دۆخەکە گەیشتە ئاستی نزیک لە متمانەی سفری جەماوەری گۆڕان بە بەرپرسانی گۆڕان. ئەم دەستە شکستخواردووە بۆ شانۆگەری دەستیان لە کارکشانۆتەوە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا وەک ئەوەی نە بایان بینیوەو نە باران بەردەوامن لە بەرێوەبردنی گۆڕان. لە ئاکامدا بزوتنەوەکە بووە بە یانەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەک رەنگ و خواست بۆ بەسەربردنی کات و تەمەن و بەرێکردنی کاری ئۆفیسی و کۆبونەوە بێ ژمارەو بێ ئەنجامەکان. سەرەتا ئەوەی بەدڵیان نەبوو لە گۆڕان دەریانکردن، سزایان دان و جۆرەها تۆمەت و ناو و ناتۆرەیان بۆ هەڵبەستن، گوێیان لە هیچ رەخنەو پرۆژەو پێشنیازی بنیاتکەر نەگرت، هاوکاتیش دەست دەنێن بەسەر چەند ئەندامێکی گەندەڵی یانەکەیان و نازو رازیان پەسند دەکەن.  بزوتنەوەکە بووە بە یانەیەکی هوایەتەکان چونکە ئیرادەو نیەتی بزوێنەریان نیەو شکستی کەمەرشکێنەریان دروێنە کردوە لە کۆکردنەوەی جەماوەر لە دەوریان. وێرای ئەم سەرجەم شکست و پاشەکشانە سەرانی یانەی گۆڕان بۆ دابینکردنی دارایی و کەلوپەل و پێویستییەکانی یانەکەیان چەند ئەندامێکی دەستەی یانەکەیان دیاریکردووە: لە حوکمڕانی هەرێم، لە حوکمڕانییە لۆکاڵییەکان، لە پەیوەندییەکانیان و لە راگەیاندنیشدا، بۆ باقیش خوا کەریمە. سەرەڕای ئەم دۆخە تاڵەی یانەی گۆڕان هێشتا ئومێدێک ماوە بەو گەنج و ئیرادە زیندوانەی ناو ئەو یانەیە کە بە هەمو توانایەکیانەوە کار بۆ بەخشینەوەی ناسنامە رەسەنەکەی بزوتنەوە بە پرۆسەکە دەدەن. ئەوانەشی هێشتا لەوباوەڕەدان ئەم یانەیە بەهەندێک لەبغ و گەچکاری و پینە و پەرۆکردن و ریزکردنەوە و ئاڵوگۆڕی کەلوپەلەکانی و ...تاد هەڵدەسێتەوە پەنجەی پەشیمانی دەگەزێنن.... با بزانین بەچی دەگات! 


عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا من دڵنیام لەوەی ک ەئەم هەرێمە گچکەیە بۆتە زبڵخانەیەکی گەورە بۆ ساخکردنەوەی کاڵاو شمەکی خراپ و کوالێتی نزم و ناتەندروستی وڵاتانی دەرەوە بەگشتی و دراوسێکانمان بەتایبەتی. وە بێگومانیشم کە هەندێک بازرگانی بێویژدان و تەنها قازانجویست (لەگەڵ ڕێزی زۆردا بۆ زۆرێک لە بازرگانە ویژدان زیندووەکان) خۆیان داوای کاڵای کوالێتی نزم دەکەن و دەیهێننە هەرێم و، دەرخواردی هاونیشتمانییەکانی خۆیانی دەده‌ن، کە ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. باشە گریمان وڵاتان ناحەزمانن و کام کاڵاو شمەکەی خراپە هەناردەی ئەم مەملەکەتە خێر لەخۆنەدیوەی دەکەن وهاوڵاتییەکانی بەشێنەیی کۆمەڵکوژ دەکەن. بەڵام ئەوەچ کارەساتێکە بازرگانی خۆماڵی بە کاڵاو شمەکی دەرەکی هاوزمان وهاوشاری خۆی قڕبکات لەپێناو دەوڵەمەندبوون و پارەدارکردنی خۆی. بەداخەوە ماوەیەکە لەنێوخۆی کوردستان و لەنێو دوکان و خواردنگەو چێشتخانەکاندا هەم گوێمان لە وشەی سەیر دەبێت و، هەم چاومان بەخواردن و شمەکی سەمەرە دەکەوێت لەنمونەی (گۆشتفرۆشێک گۆشتی ئەسپی فرۆشتوە، لەچێشتخانەیەکدا گۆشتی گوێدرێژ دەرخواردی هاوڵاتیان دراوە، لەخواردنی نێو خواردنگەیەکدا چولەکەی مردارەوە بوو دۆزراوەتەوە، خواردنگەیەکی تر قیمەکەی لەئاوەستدا هەڵگرتوە، یەکێکی تر گۆشتی بۆگەن و قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، ماستی کەڕواوی و کرماوی دەستی بەسەرداگیراوە، دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک ماتۆڕو تەنکەردا کە ئاوی زێرابیان بەهاوڵاتیان و پڕۆژەکانی گەشتیاری فرۆشتوە) ئەمانە چەند نمونەیەکن کە لەلایەن لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و لیژنە قائیمقامیەتیەکان پێزانراون و سزادراون، کە بێگومان مشتێکن لە خەروارێک. باشە وتمان وڵاتان کاڵا خراپەکانیان بەسەر ئێمەدا ساخدەکەنەوە، وتیشمان هەندێ بازرگانی چاوچنۆک لەپێناو مشتێک پارەی زیاتر کاڵای خراپمان بۆ هاوردە دەکەن، ئەی ئەوانەی لەنێو بازاڕو خواردنگەو شوێنە گشتییەکاندا ژەهرمان دەرخوارد دەدەن ناوبنێین چی وچ پێناسەیەک هەڵدەگرن. میسرییەکان پەندێکی جوانیان هەیە کە دەڵێ (هێندە تەرکیزمان لەسەر مار بوو، کەچی خەریک بوو دوپشک بمانخوات) کە ئەم پەندە ڕێک پێمان دەڵێت ئێمە لە کاڵاو شمەک و خواردنی هاوردەی وڵاتان دەترساین کەچی لەناوخۆدا حاڵمان وێرانترەو مەترسی زیاتر لەسەر ژیانمانە. لێرەوە ئەو ڕاستیەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت کە مافی بەکاربەر لەم مەملەکەتەدا چەندە لەپەراوێزدایەو چەندیش مافخوراوە، لەهەموو دنیادا پێویستە بەکاربەر زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر ئەو کاڵاو خواردنانەی کە ڕۆژانە بەکاریدەهێنێت و دەیخوات لەڕووی جۆرو پێکهاتەی دروستکردن و تەندروستی و ماوەی دەرچون و بەسەرچونی. بۆیە پێویستە لیژنەکانی چاودێری بازاڕو شوێنە گشتییەکان کە بە کوڕە گەورەی مافی بەکاربەر ناسراون بەدواداچونەکانیان زیاتر بکەن، و زیاتر هاوکارییان بکرێت لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە، وە ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیانیشە کە زیاتر چاوکراوەو بەئاگاتر بن، و پاراستنی ژیان و تەندروستی خۆیان لەهەمووشت بەلاوە گرنگتربێت. لەکۆتاییدا پێویستە هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە بەرژەندی گشتی و سەلامەتی و تەندروستی هاونیشتمانییەکانی بخاتەپێش هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە،و هەموان پابەندی ئەو وتەیە ببین کە دەڵێت (ویژدان تاکە دادگایە کە پێویستی بەدادوەر نیە) چونکە کە ویژدان نەما هەموو بەهاکانی تر لەق دەبن.


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج به‌رپرسیاری یه‌كه‌می خراپی په‌یوه‌ندی و ناڕێكی ئه‌م كابینه‌یه‌ له‌ئه‌ستۆی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و حزبه‌ ده‌كات كه‌ زۆرترین كورسی پارله‌مانی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها كوڕی مه‌سعود بارزانیه‌، وێڕای تێبینی له‌ سه‌ره‌تای كابینه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌شێت ئه‌م حكومه‌ته‌ ئاڕاسته‌ی پۆلیسی وه‌ربگرێت، خه‌ڵكێك ئومێدێكیان هه‌بوو كه‌ مادام كابینه‌كه‌ كوڕی مه‌سعود بارزانی له‌ هه‌ره‌مه‌كه‌یه‌تی نه‌ك برازا، ئه‌وه‌ كابینه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌هاته‌دی، مه‌سرور بارزانیش وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، واته‌ سه‌رۆكی كابینه‌كه‌ نه‌یتوانی له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتووبێت كه‌ وه‌ك یه‌ك سه‌یری هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانی و هه‌ولێرو دهۆك بكات، هه‌روه‌ك له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو كه‌ ده‌بوو به‌ حوكمی سه‌رۆك وه‌زیران به‌رانبه‌ر جێگره‌كه‌ی و ئه‌وانی تر نه‌رمی بنواندایه‌، نه‌ینواند نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ بگره‌ په‌یوه‌ندی نێوان خۆی و جێگره‌كه‌ی كه‌ كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی بوو "ئه‌و پیاوه‌ی ماڵ به‌ماڵ ده‌نگی بۆ باوكی سه‌رۆكی حكومه‌ت كۆده‌كرده‌وه‌" گه‌یانده‌ مریشكه‌ڕه‌شه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی سیاسه‌توانێكی به‌ته‌مه‌نی وه‌ك مه‌حمود سۆرانی داوا بكات با سه‌رۆكی حكومه‌ت بڕوات چایه‌ك لای جێگره‌كه‌ی بخواته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌ت دوای هه‌ر پێشنیازێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی جێگره‌كه‌ی كه‌سێكی نزیكی خۆی راده‌سپێرێت كه‌ به‌ خراپترین شێوه‌ هێرشبكرێته‌ سه‌ر جێگره‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر مه‌سرور بارزانی نه‌بێت، هه‌رگیز نه‌ جوتیارو نه‌كه‌س بوێری ئه‌وه‌یان نیه‌ به‌وجۆره‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر قوبادو وه‌زیره‌ یه‌كێتییه‌كان. مه‌سرور بارزانی نه‌توانیتی قۆناغی جه‌لالی، مه‌لای كه‌ دواتر بووبه‌ جه‌لالی، مه‌سعودی تێپه‌ڕێنێ‌، نه‌توانیتی جیاوازی نیشانبدات، جیاوازی له‌ پێشخۆی به‌ باره‌ ئه‌رێنێكه‌یدا، تێنه‌په‌ڕاندنی ئه‌و مێژووه‌، دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان مێژوو به‌شێوه‌یه‌كی خراپتر هه‌رێمی كوردستانی گه‌یاندووه‌ته‌ كه‌ناری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و لێكترازانی ته‌واوه‌تی، هه‌رێم له‌كاتی شه‌ڕی ناوخۆیشدا به‌راده‌ی ئێستا بارو دۆخی خه‌راپ نه‌بوو، ئه‌وه‌ی ده‌توانێ‌ ئه‌مانه‌ چاكبكات خودی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی تائێستا نیازی هه‌قیقیانه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ده‌رنه‌بڕیووه‌و له‌هه‌موو هه‌نگاوێكیشدا بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ته‌نیشت ئه‌وه‌وه‌ یان له‌ خودی خۆیه‌وه‌ بۆچون و قسه‌و باسێك ریسه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌خوری، ئه‌زمونی جه‌لالی و مه‌لایی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداری كورد، ئه‌زمونێكی تاڵ و شكستخواردوه‌، هه‌موو پیلانه‌كانیش دژی یه‌كتر به‌ شكست كۆتای هاتووه‌، به‌و پیلانانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رودراوسێ‌ و وڵاتانی دیكه‌دا به‌ڕێوه‌چووه‌، بۆیه‌ ده‌بوو سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌گژ ئه‌و مێژووه‌دا بچێته‌وه‌و سه‌رده‌مێكی نوێ‌ ده‌ست پێبكات !! ئه‌م كابینه‌یه‌ كابینه‌ی كوشتنی جیاوازییه‌، كابینه‌ی گوێ‌ نه‌گرتنه‌ له‌ یه‌كترو كابینه‌ی " برا گه‌وره‌- بیك برازه‌ر"ه‌ به‌و مانایه‌ی ده‌بێت ئه‌وانی تر فێری گوێ‌ راگرتن و به‌ڵێ‌ كردن و سه‌رله‌قاندن بن، هه‌ڵبه‌ت ئێستا به‌ ڕوونیش ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت وه‌زیر هه‌یه‌ له‌م كابینه‌یه‌ به‌ڵێ‌ بۆ حزبه‌كه‌ی خۆی ناكات، به‌ڵام بۆ " براگه‌وره‌ی" ده‌كات. دیارده‌ی په‌نابردنه‌ به‌ر چه‌ك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان دروستكردنی میلیشیای ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت، كوشتنی گه‌نجان و خه‌ڵكی تر خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ بكه‌ره‌كان كه‌سوكاری ئه‌وانه‌ن كه‌ زۆر نزیكن له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ یان لانی كه‌م خۆیان وا نمایش ده‌كه‌ن، من ده‌زانم دیارده‌ی چه‌كداری و پڕچه‌ككردنی خه‌ڵك هه‌ر ئه‌وه‌ی لێچاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ ئێستا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ده‌زانم هۆكاری به‌ چه‌ك یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان لاسایكردنه‌وه‌ی كوێرانه‌ی حزبه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌و حزبانه‌یه‌ كه‌ به‌رانبه‌ر به‌ردی ده‌ستی دوو گه‌نج بۆ سه‌ر باره‌گایه‌كی حزبی به‌ گوله‌ وه‌ڵام ده‌درانه‌وه‌و شه‌هید ده‌كران، ئه‌مه‌ له‌ كوردستان، نه‌ك به‌غدا چونكه‌ له‌ به‌غدا باره‌گا سوتێنراو به‌ پاوه‌ چوونه‌ سه‌ر وێنه‌ی سه‌ركرده‌كانی حزبه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت هیچ نه‌كرا "خۆم له‌ كه‌ركوك نه‌ك به‌غدا وێنه‌ی بارزانی باوكم له‌ژێر پێی وله‌كه‌ عه‌ره‌با ده‌ركردووه‌و لێشی توڕه‌ بوومه‌". لۆژیكی كه‌ویكردنی ئه‌وانی تر به‌هه‌ر نرخێك بێت لۆژیكێكی ته‌واو ناجۆرانه‌یه‌و له‌ مێژوودا له‌وپه‌ڕی زه‌برو زه‌نگیشدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، ده‌شێت بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌و لۆژیكه‌ له‌لایه‌ن ده‌ورو به‌رو نزیكه‌كانه‌وه‌ شاباش بكرێت و ئافه‌رینی لێبكرێت، به‌ڵام له‌ دواجاردا ئه‌وانه‌ش لێی ده‌كشێنه‌وه‌و شكست دێنێت، هه‌ڵبه‌ت زه‌برو زه‌نگیش وه‌سایه‌ ده‌شێت نه‌یاران، یان جیاوازه‌كان بۆ ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ بكات، به‌ڵام هه‌تره‌شیان نابات، بڕوای ته‌واوم به‌وه‌یه‌ ده‌بێت كورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تائێستا نه‌ته‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی مێژوو، نه‌ته‌وه‌ی نێو هه‌ناوی خێڵ و بنه‌ماڵه‌و نه‌ته‌وه‌ی بێ‌ فۆڕمه‌ له‌ بابه‌تی كه‌ویكردنی جیاوازیدا ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ بێت كه‌ به‌و جۆره‌ ره‌فتار ده‌كه‌ن.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand