سالار مه‌حمود سەد ساڵە لەمەوبەر دابەشبوونێکی بنەڕەتی لە نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروستبوو، نەخشەی ناوچەکە لەسەر بنەمای لەگۆڕنانی رێکكەوتنامەی سیڤەرو لەبەرچاونەگرتنی بەشێک لە دیدگاکانی دانیشتنەکانی کۆنگرەی قاھیرە لە ساڵی ١٩٢٠ داڕێژرایەوە. کورد بووە قوربانی یەکەم و خاک و خەڵکەکەی دابەشکرا بەسەر وڵاتانی تازە دروستبوودا. بەر لە سەد ساڵ بەبێ ئامادەیی ھێزێکی سیاسی کاریگەری کوردستانی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەت بۆ کورد گەڵاڵە بوو. بەڵام تورکیا ئەو خەونەی بە پیلان و کەمپیەینی دیبلۆماسی گۆڕی بۆ سڕینەوەی خەونی کورد لە چواچێوەی لۆزاندا. نەک ھەر ئەوە بیرۆکەی دروستبوونی کۆماری سوری کوردستانیش لە سۆڤیەت لەلایەن تورکیا بە رێکكەوتن لەگەڵ یەکێتی شورەوی بەتاڵ کرایەوە. ئەوانەی بەناوی مارکسیەت و چەپەوە دروشمی بەرگریان لەخەباتی چەوساوەکان و گەلانی بندەست ھەڵگرتبوو بونە بەشێک لە پەرتکردن و راگواستنی کورد. لۆزان دەوڵەتێکی نوێی بەناوی تورکیا دروستکرد دەوڵەت بۆ تورکەکان و زیندانێکی گەورە بۆ کوردەکان. سڕینەوەی زمانی نەتەوەی دووەم لە تورکیا سەپاندنی زمانی تورک بەسەر گەلانی ناو وڵاتەکە. بۆچی کورد پرسی پێ نەکرا لە لۆزان؟ کورد خۆی بەچیەوە سەرقاڵکردبوو ئەو دەمە؟ بۆچی ئەرمەنەکان و لە رێگەی ئەوانیشەوە ئەوروپاییەکان ھاوسۆزنەبوون بۆ کورد؟ لە ١٤٣ مادەی لۆزاندا بۆ ناوی کورد نەھاتووەو رێکكەوتنی لەتکردنی خاک و خەڵکی کوردستان دراوە؟ لێکەوتەکانی لۆزان بۆ ھێشتا بەردەوامە؟ ھۆکارەکانی پشت رێکكەوتنی لۆزان چی بوو؟ پرسیارێکی زۆر لەم پرسەدا ھەن و پێویستیان بە گفتوگۆی ھێمن و زانستی ھەیە، دوور لە سۆزگەرایی و خۆ دزینەوە لە راستیە مێژووییەکان. لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا چەند کارەکتەری دەوڵەتی کارتێکەر ھەن لەوانە کارەکتەری دەوڵەتی و کارەکتەری نادەوڵەتی لەھەمان کاتدا کەسێتی دەرکەوتوو کارەکتەری کەسی لە سەروەختی لۆزاندا کورد ئەم کارەکتەرانەی نەبووە لە گۆشەیەکدا گەر ھەبووبن سەرقاڵکراون بە کاری لاوەکییەوە!. ھەر بۆیە لۆزان بەبێ ئامادەیی کورد کراو نەک مافی کوردی نەسەلماند بەڵکو دەرفەتی دا بەداگیرکەرانی کوردستان بەنەمان و سڕینەوەی ئەو گەلە دێرین و گەورەیەی ناوچەکە. لەناو ئەو نەخشە نوێیەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. کۆمەڵکوژی دەرسیم و کۆمەڵکوژی گەلی زیلان و کپکردنەوەی ناڕەزاییەکانی لۆزان و داگیرکاری بەر کوڵی ئەو رێکكەوتنەی وڵاتانی براوەی جەنگی جیھانی یەکەم و تورکیای نوێ بوو. لە دوای سەد ساڵ لە لۆزان. ئەوسا کورد پەرت و پەرش و بڵاو بوو. ئێستا کورد ئامادەیی ھەیە سەرباری درمە دێرینەکەی خۆخۆریی.ئەوسا کورد نەناسراو بوو پێگەکەی نەدەخونرایەوە. ئێستا کورد لەسەر ئاستی ھەموو جیھان ناسراوەو پێگەی سیاسی ھەیە لە رۆژئاوای کوردستان کانتۆنی ھەیە لە باشور ھەرێمێکی فیدراڵی ھەیە لەناو دەوڵەتی عیراق پێگەی دەوڵەتی ھەیە، لەوەش دڵخۆشکەر تر رەوەندێکی بەھێزی کوردستانی لەتاراوگە بوونی ھەیە. لەباکور فراکسیۆنی پەرلەمانی ھەیەو سەنگەرێکی بەھێزی ھەیە لەناو زیندانەکانی تورکیا. لەناو حوکمڕانی کوردستاندا لە باشورو رۆژاواش تارادەیەک بوونی گەندەڵی و پێشێلی مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی یەک گوتاری لە پرسە سیاسییەکاندا بە خراپ بۆ پێگە سیاسییەکەی کورد کەتونەتەوە، بەڵام ھێشتا ھەر ھێزەو گەر بەباشی بۆ پرسە باڵاکانی نیشتمان و خەڵک بەکاربھێنرێ زۆر بەدەسکەوت ئەبێ بەڵام گوڕە سیاسییەکە خراوەتە بەرژەوەندی خێڵ و ناوچەو ھێزی تەقلیدی کە داگیرکەرانی کوردستان بە سانایی دەتوانن لە خشتەیان بەرن یا دەلاقەی زیاتری تێ بخەن. ئەوسا کورد لە ئاستی ئەوروپاو دەرەوە کەمترن کوردی لێ بوو. ئێستا چەندان لورد پەرلەمانتارو ئەندامی ئەنجومەنی شارو سەدان مامۆستای زانکۆن لە زانکۆ گرنگەکانی دونیا ھەن. ئێستا دۆخی کورد گۆڕاوە بەڵام ھێشتا مەترسییەکانی لۆزان ھەر بەردەوامە. تورکیای دوای سەد ساڵ لە لۆزان تورکیایەکی ھێشتا ملھوڕە دان بەمافە سەرەتاییەکانی کورددا نانێت و راسپاردەی نێودەوڵەتیش سەبارەت بە پێدانی مافی مەدەنی و کەلتوریش بە کورد رەتدەکاتەوە. لە ساڵی ١٩٩٩ لە لوتکەی ھلسنکی یەکێتی ئەوروپا، تورکیا پاڵێورا بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپاو چەند مەرج و رێکاری بەدەنگەوەھاتنی یەکێتی ئەوروپای خرایە بەردەست بەڵام تورکیا لەماوەیەکی کەمدا دەریخست کە بەدەنگ ئەو داخوازیانەوە ناڕوات بۆیە لە لوتکەی برۆکس لە ساڵی ٢٠٠٦ لە وەک پاڵێوراویش ناوی سڕایەوە. ھەر سەبارەت بەم پرسە لە ٩٦ ساڵەی لۆزاندا ئەردۆگان گوتارێکی داو رایگەیاند کە شانازی بە لۆزان و دەستکەوتەکانیەوە دەکەن. باسی لە لابردنی مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەی لە باکوری سوریاو عیراقیش کرد، دیارە مەبەستی قەوارەکەی ھەردوو بەشەکەی کوردستان بوو کە بەمەترسی لەسەر خۆیانی دەزانن. لەم سۆنگەیەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە عەقڵیەتی بەڕێوبردن لە تورکیا لەماوەی ١٠٠ ساڵدا گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتوەو ھەر ھیوایەک بە حوکمڕانانی ئێستای تورکیا بێ سەمەرە. لۆزان ھەر بەرکارەو ھیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ کۆتایی پێ ھێنانی. بەڵام لەناو ھاوکێشەکانی ناوچەکەو جیھانیشدا ھێزو بەرژەوەندی دەتوانن گۆڕانکاری بنچینەیی دروست بکەن. لۆزان بۆ دابەشکردنی ناوچەکەو دابەشکردنی کوردیش بوو بەپلەی یەکەم و بەو دابەشکارییە کێشەیەکی قوڵیان بۆ ناوچەکەو نەتەوەکانی ناوچەکە بەجێھێشت. ھەموو پرۆسەکانی کۆمەڵکوژی و تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە دەرھەق بەکورد ئەنجام دراون لە لۆزانەوە سەرچاوە دەگرن. بە ئاوڕدانەوە لە ١٠٠ ساڵی رابردوو بۆ دونیا دەرکەوت کورد موعجیزەی مرۆڤایەتییە، بە بەرگەگرتنی ئەو ھەموو زلھێزە مرۆڤکوژو بێ بەزەییانە. کورد نەتەوەیەکی ئاسایی نیەو گەورەو کاریگەرە، لەباری کەلتورو زمان رەسەنایەتی و پەیوەستی بە نیشتمانەوە. لۆزان رەگێکی قوڵی لەمێژوودایەو لەئێستاماندا ھێشتا ھەر تۆز ئەکات، باسکردن لەو مێژووەش بۆ دەرس وەرگرتنە، بۆ ئەوانەی ئێستا کە خەریکی گەمەیەکی ھەرزانن بۆ بەرژەوەندی گروپێکی بچوک و بە رێگایەکی نانیشتمانی لەرێگەی یاریکردن بە سۆزی بەشێک لەخەڵکەوە دەیانەوێت ئەم جۆرە لە کوردایەتییە بێ پێزە بە جوانی وێنا بکەن. لەسەر دەستی خودویستی و رەچاوکردنی داگیرکەرانی کوردستان، وا ئەزموونی سی ساڵەی ھەرێم بەتاریکترین قۆناغەکانی سیاسی خۆیدا تێپەڕ دەبێت. لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانە دەنگە نیشتمانییەکان وزە نوێ و زانستییەکانی کوردستان لەماوەی لۆزانەوە بەردەوام بن لە رەخنەی زانستی ئەم قۆناغەو روونکردنەوەی تاریکایی دۆخی ئێستا ئەو ئێستایەی دەرفەتە گەورەکانی شاردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی ئابووری گروپی سیاسی بچوک. سەدەی نوێ سەدەی کوردو ھەڵگەڕانەوەی سەرجەم ھاوکێشەکان دەبێت، حەتمیەتی مێژووە درەنگ یا زوو ئەوە روو دەدات. تا ئەو ساتەی جیھان و ناوچەکە بە دەوڵەت و گەلانەوە دەگاتە ئەو باوەڕەی بەبێ راستکردنەوەی ھەڵەکانی مێژوو لەناویشیاندا لۆزان، ئەم ناوچەیە ھەرگیز ئۆقرەیی بە خۆوە نابینێ و کەس لەناو ئەم ھاوکێشەو لێکەوتانەی لۆزان وەک چۆن سەش ساڵە براوە نەبوە ئاوەھاش براوە نابێت. لە ئاوێنەی لۆزاندا کورد وەکو نوخبەی باڵادەستی سیاسی خۆی نابینێ و داگیرکەریش ناناسێ، بەو مانایەی ئەوەندەی گیانی خۆخۆری بۆ خۆشکاندن ئازاو ئامادەن ئەوەندە دوژمن و داگیرکەر ناخەنە ناو نیشانەی ستراتیژو کارەوە. لە ئاستی گەلدا، کورد لەھەموو سەردەمێک وشیارو بەئاگاترەو باش و خراپ جیا دەکاتەوەو چیتر بە پەیامی بێ کردارو بە بەناو تێزی بێ پێز ناچێتە ژێر باری رۆمانسیەتی فریودەر.


بەهرۆز جەعفەر پسپۆڕان لەوەدا هاوڕان کە لە سەدەی بیستو یەکدا; سروشتی «ڕووداو» لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا خێراو دراماتیکییە؛ ئەمەش وا لە ئەکتەرەکان و ناوچە جیاوازەکان دەکات کە هەم چانسیان هەبێت لە شوێن و کاتی خۆیدا «هەر ڕووداوێک» بکەنە دەرفەت و خاڵی بەهێز بۆ خۆیان، هەم وا دەکات لە ناکاو هەڵگەڕانەوە ڕووبدات، پاشان ڕووبەڕووی قەیران و داخرانی نوێیان بکاتەوە. ئابوریی سیاسی هەرێمی کوردستان بە دەرفەت و هەڕەشەی گەورە دەوردراوە. ئایا پرسی نەوت و گازی سروشتی هەرێمی کوردستان دەرچەیەکی نوێی بۆ هەیە؟ ئایا چۆن قەیرانەکان دەتوانن دەرفەتی نوێ لەگەڵ خۆیان بهێنن؟ یەکەم/ فاکتەری تورکیاو کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دادگای نێوبژیوانی پاریس -ICC، ئەگەرچی بووە هۆی ئەوەی تورکیا لەسەر داوای بەغدا  هەناردەی نەوتی کوردستان ڕابگرێت. بەڵام هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقی لەیەک نزیکتر کردەوە؛ دەنگوباسی ڕێککەوتنی نەوتیی هەرێم و بەغدا لە ئازاری ٢٠٢٣دا، بووە هۆی هەزاران هەواڵ و ڕاپۆرتی جیا-جیا لە میدیاو ناوەندە عێراقی و جیهانییەکاندا. ئەوە شەست و دوو ڕۆژ تێپەڕی بەسەر ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان تا ئێستا (٨) جار داوایان لە ئەنقەرە کردووە، تورکیا هەر هەرجارەی بیانوویەکی بۆ دەست پێنەکردنەوەی هەناردەکردنەکە هەیە. ئەوە ڕوونە کە ئاکپارتی و ئەردۆگان ئەم هەڵبژاردنەیان لەپەرلەماندا بردۆتەوە، ئەردۆگان بۆ جارێکی دیکە دەچێتەوە کۆشک و لە چانکایا درێژە بە سیاسەتەکانی دەدات. کورد لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەونەوە بەردەم گەڕێکی دیکەی توندو توندتری پەلامارەکانی تورکیا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک دەرکەوتووە کورد نەیتوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و پرسی «ژینای ئەمینی» دا هیچ شتێکی دەست بکەوێت. لە باشوری کوردستانیش تورکیا هەر لە مووسڵەوە تا دەگاتە خانەقین، شێوازێکی نوێ لە دەستتێوەردان پەیڕەو دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا مەرجی نوێی بەرانبەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت لە بەرانبەر دەست پێکردنەوەی هەناردەکردنەکە. ئەمەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیانی گەورە بە بوودجەی عێراق دەگەیەنێت.  عێراق لەناوخۆداو لەگەڵ جیهانی عەرەبی دا بۆ وەڵامدانەوەی کارەساتە ئابووریی و ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی خۆی سەرقاڵی داڕشتنی ڕێگای گەشەپێدانە.    دووەم/ فاکتەری بیرکردنەوە لە هێڵێکی نوێی وزە پێشووتر، لە پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، چەندین ڵێکۆڵینەوەمان سەبارەت بە جیۆپۆڵەتیک و حەوزەکانی وزە و کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە. هەرێمی کوردستان دەورە دراوە بە سێ هارتلاند یان سێ حەوزە یاخوود سێ کوتلەی جوودای وزە: - حەوزەی قەزوین، لە خۆرهەڵات و باکوری خۆرهەڵاتی کوردستانەوە. کە ڕووسیا نوێتەرایەتی دەکات، لەگەڵ ئێران نەک هەر یەک سیاسەتی وزە پەیڕەو دەکەن، دەیانەوێ بەشێک لەکێڵگەکانیان جۆین بکەن بەیەکەوە.  - حەوزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، کە دوانزە ساڵە بەهۆی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی گازی سرووشتییەوە لە میسر، قوبرس، ئیسرائیل سەدایەکی گەورەی لای ئەوروپاو ئەمریکا دروستکردووە، کۆمپانیای نۆبڵ ئینرجی -Noble Energy لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دیکە بەشێوەی پشک (١٩٠٠) کیلۆمەتر و بە تێچووی (٧) ملیار یۆرۆ بەژێر ئاودا هێڵی بۆڕییان لە نێوان قوبرس و ئیسرائیلەوە گەیاندۆتەوە دوورگەی کریت ی یۆنان و لەوێشەوە بۆ هەر کوێیەک.. لێرەدا یانەیەک یان لووتکەیەکی گرنگ هەیە بەناوی لووتکەی گازی سرووشتی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF) بە چاودێریی ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا ئەندامەکانی پێک دێت لە؛ میسر، فەڕەنسا، ئیسپانیا قوبرس، ئیتاڵیا، ئوردون، دەستەڵاتی فەلەستین، ئیسرائیل و تەواوی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە دەکەونە سەرئەم ڕێڕەوە دەریاییەو سنوری هاوبەشیان هەیە. تورکیا وڵاتێکی سەرەکییە لەسەر ئەم حەوزەیەو دە ساڵە داواو هاوار دەکات، بەشداریی پێناکەن لەم لووتکەیەدا. عێراق لە سییەکانی سەدەی ڕابردوەوە بە چەندین بۆڕی و شێواز ی جۆراوجۆر نەوتی هەناردەی دەریای ناوەڕاست کردووە. هەرێمی کوردستانیش لەوەتەی نەوت هەناردە دەکات بە بۆڕیی ناردوویەتی بۆ بەندەری جەیهانی تورکی کە هەر دەکەوێتە سەر دەریای سپی.  - حەوزەی سێهەم کەنداوی عەرەبییە، دەکەوێتە لای خواری هەرێمی کوردستانەوە. قەتەر سێهەمین یەدەگی گازی سروشتی جیهانی هەیە. ئیمارات گەورەترین کاریگەریی سیاسی و دیبلۆماسیی و ئابوریی هەیەو بەرهەمهێنەری نەوتە، لە شادەماری ئابووریی هەرێمی کوردستاندا کاردەکات کە «کێڵگەی کۆرمۆرە لە لایەن کریسنت پیترۆلیۆمی ئبماراتییەوە بەڕێوە دەبرێت». لەمەش واوەتر، سعودییەی یەکەم بەرهەمهێنەری ئۆپیک ( ڕۆژانە ٧.٤ ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات) بە ڕێبەرایەتی «محەمەد بن سەلمان» دەستی کردوووە بە کرانەوەیەکی گەورەی کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا. لەهەموو ئەمانەش سەرنجڕاکێشتر، ئیمارات لەگەڵ ئەوەی لەڕووی جوگرافییەوە ناکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، ئەندامە لە لووتکە گازییەکەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF).  بە نزیکەیی (٩٠٪) ئەو یەدەگە نەوتیی و گازییەی لە سوریا هەیە، دەکەونە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە «واتە ناوچە کوردییەکان»، لە دۆخێکی وادا بیرکردنەوە لەوەی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی هێڵێکی بۆڕییەکەی بەرەو باکوری سوریاو لەوێشەوە بۆسەر دەریای ناوەڕاست بگۆڕێت؛ نزیکترەو بابەتێکی مەحاڵ نییە. جەنگ لە سوریا بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەم بیرکردنەوەیە پاڵپشتی کەنداوییەکان و ئەوروپاو ئەمریکای مسۆگەرە. تەنانەت ئەمجارە بەغداش پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە بەغدا تووشی کێشەی ئەمنی {بەهۆی موسڵ و شەنگال} ەوە، هەروەها کێشەی ئاو دەبێتەوە لەگەڵ تورکیا. لێ میکانیزم و ئاستەکانی کار بۆ کردنی، بەرجەستەکردنی خەونە گەورەکە کێ ئیشی بۆ بکات لە هەرێمی کوردستانەوە؟!  بوونی دوو هێڵ -Pipeline گرنگە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستانیش. هەر لە بنچینەدا خۆی دوو هێڵ بووە لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانییەوە. کاتێک نەوتی کەرکوک ساڵی (١٩٢٧) دۆزرایەوە. بینییان تا دێت ژمارەی بیرە نەوتەکان زیاد دەکات..ئەو کاتە کۆمپانیای نەوتی باکور بە دەست ئینگلیزەکانەوە بووە. ئینگلیزەکان دەیانویست هێڵی هەناردەکردنەکە بچێتە "حەیفا"، فەڕەنسییەکانیآ دەیانویست بچێتە "بانیاس" ی سوریا. دواتر "مستەر پێنج لەسەت" واتە "کالۆست گۆڵبنگیان" وەک سەرمایەدارێکی ئەرمەنی-بەریتانی کە لە تورکیا لە دایک بووە، ڕێکی خستن و بە دوو هێڵ نەوتی کەرکوک و باکور هەناردە دەکرا: یەکەمیان بۆ حەیفا (لەسەر دەریای ناوەڕاستە)، ئەوەی تریش دەچووە سوریا؛ تەنانەت لەناو سوریا ش دەبووە دوو لق: لقێکیان دەچوو بۆ بەندەری بانیاسی سوریا (لەسەر دەریای ناوەڕاستە)، ئەوەی تریش هەر لەسەر دەریای ناوەڕاست بۆ تەرابلوسی لوبنان.    سێهەم/ سوریاو گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی: دەرفەتەکە هەیە، بەڵام کورد ئامادەیی نییە!  لە (١٩ی ئایاری ٢٠٢٣) بە فەرمی و بە ئامادەبوونی سەرۆکی سوریا «بەشار ئەسەد» دوای دوانزە ساڵ سوریا گەڕێنرایەوە  ناو کۆمکاریی عەرەبی لە لووتکەی « جەددە». لووتکەکە سەراپا باسکردن بوو لەو هەڕەشە ستراکچەراڵ و ستراتیجییانە کە ڕووبەڕووی جیهانی عەرەبی بۆتەوە لە  یەمەن و لیبیا و سودانەوە تا دەگاتە عێراق و سوریا. پاشان نیشاندانی دەمار « عەزەڵاتەکان» ەکانی سعودییەو ئیمارات بوو لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە بۆ سەرکردایەتیکردن و  زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا.  هەنگاوەکانی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی سوریا بەگشتی، گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی بێ ئاگاداریی ڕووسیاو ئێران نییە. دەستەڵاتی تەواوەتی لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ دیمەشق؛ ئەسەد، ڕێچکەیەکی نوێ هەڵدەبژێرێت یان نا، مانەوەو چارەنووسی کورد لە سوریا پەیوەستە بە بوون و پاڵپشتییەکانی ئەمریکاوە.  ئەمە تەختەی نوێی شانۆی حیهانییە؛ ڕۆڵی زلهێزو سۆپەر پاوەرەکان تەسکتر بۆتەوە، ڕۆڵی هێزە هەرێمیی یان ناوچەیییەکان زیاتری کردووەو دەکات. زیادبوونی ڕۆڵی هێزە ناوچەییەکان بۆ گەلێکی ژێردەستەی وەکو کورد کارەساتە. بەڵام بێ دەرفەتیش نییە؛ ئەوەتا شەمەندەنەفەرەکە وەستاوە، ئێوەی کورد سوار دەبن یان لە نێو خۆتاندا خەریکی «مەعمەعە» و بێنەو بەرەی لابەلا دەبن!؟   چوارەم/ فاکتەری هەرێمی کوردستان  سیاسەت، پەیوەستە بە «مرۆڤ» ەوە، لەبەرئەوەی مرۆڤە توانای بیرکردنەوە، قسەکردن، ڕەفتارکردنی، ئاڕاستەکردن، چاودێریکردن و ڕێکخستنی هەیە. وەکو فاکت ئێستا جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، هیچ مرۆڤ و کۆمەڵە کەسانێکی تر نییە کە توانای ڕەفتارکردن و ئاڕاستەکردنی ئابورییانە، دیبلۆماسییانەو سەربازییانەی هەبێت. بەغداو جیهان بەگشتی مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو هێزە «بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان» دەکات، ئێمەش وەکو توێژەر  مامەڵەو فۆکەس و گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو دوو هێزەیە سەبارەت بە گرفتەکان و دۆزینەوەی فۆڕمێکی نوێ و تێگەیشتنی ئەوان لەسەر دیاردەکان.  لەمیانەی کردنەوەی مۆزەخانەی سەرکردەی مێژوویی کورد خوالێخۆشبوو «مەلا مستەفا بارزانی» سێ هەنگاوی گەورە بە ڕێبەرایەتی کاک مەسعود بارزانی هاوێژرا: - دەستپێکردنی گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان گەرم و گووڕی تێکەوت، ئەنجامەکەی کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگیرەکەی بوو، کە ماوەی ساڵێک بوو گرفتیان هەبوو.  - وەک بینیمان، هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە مەراسیمەکەدا ئامادەییان هەبوو.  - ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان کە تا ئەوپەڕی ناڕازیی بوون لە سیاسەتەکانی دوو حیزبە فەرمانڕەواکەی هەرێم، پێشوازیی و دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی.  بەڵام، پێناچێت، ئەمە گرفتە قووڵەکانی یەکێتی لەناوخۆی خۆی لەلایەک، لەگەڵ پارتی لەلایەکی تر چارەسەربکات. پێناچێت بیرکردنەوەیەکی گەورەتر و تەماشاکردنێکی نوێی ئەو دوو هێزە بۆ سەرجەم بابەتەکان بهێنێتە ئاراوە. ئەوەتا یەکێک لە دەرەوەی حیزبەکان دەچێتە سەر مەزاری  «تاڵەبانی» جنێوی پێ دەدرێت، کەسێکییش سەردانی مەزاری «بارزانی» هەر جنێوی پێدەدرێت. هێشتا کەسێک ڕا-یەک و پرۆژەیەکی بۆ هێنانە ئاراوەی فۆڕمێکی نوێ هەبێت، لەبری بەرز-ڕاگرتنی بە هەردوولا کار لەسەر کووشتنی ئەو ڕۆحییەتە دەکەن. گەلێکی وا لەبری گوتاری پێکەوەیی و سروودی پێکەوەژیان لە پەرلەماندا شەڕە-شەق و شەڕە زللە بە پێش چاوی دونیاوە دەکەن! سەرئەنجام ئەمە شتەکان دەگەیەنێتە بێتاقەتی لای جیهانی دەرەوە، لای جەماوەر و چاودێران.    دەرئەنجامەکان یەک/ ئەگەرچی تورکیا هێزێکی ناوچەیی کاریگەر و کارتێکەرە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت لە ئێستاوە تا دوو ساڵی تر تووشی فەوزایەکی گەورەی ناوخۆیی و ناوچەیی ببێتەوە، بە هۆی قەیرانە دارایی و ئابورییەکەی، بەهۆی کێشە سیاسییە ناوخۆییەکانی، بەهۆی زیادبوونی ڕۆڵی هێزە ناوچەییەکانی تر وەکو: سعودییە، ئیسرائیل، میسر، ئیمارات، ئێران. هەروەها بەهۆی بەردەوامیی ئەردۆگان لە هەندێ لە هەڵچوونەکانی ئەمەش کارو کاردانەوەی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە. دووەم/ پێ ناچێت، هەرێمی کوردستان ئیرادەی وەرچەرخانێکی نوێی هەبێت، هەنگاوی وەها گەورە بهاوێژێ کە ئاوەدانی و ئاشتی زۆر گەورە بهاوێژێ، چوونکە ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەناوخۆی خۆیدا وەک پێویست نییە، ئەمەش وادەکات ڕەفتارەکانی بە ئاڕاستەی دەرەوەی خۆی دەوڵەتییانە دەرنەکەوێت. سێهەم/ دەکرێت، پارادایمێکی نوێ بۆ کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە، لەگەڵ بەغداو کۆمکاری عەرەبی بەشدارییەکی کارایان هەبێت لە رێگەی « سیاسەتی ڕێگای گەشەپێدان» ەوە. ئاسانتر لێرەوە دەتوانن هێڵێکی نوێی وزە بینا بکەن، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بپاڕێزن و ڕێگەش لە هەڕەشەکانی تورکیاش بگرن. 


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا له‌ ئێستادا، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، خواستی ئه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و وڵاته‌ رۆژئاوایی و دۆستانه‌ی كوردیشی تیایه‌ كه‌ پێگه‌ی دیبلۆماسییان له‌ هه‌رێم و عێراقدا هه‌یه‌، ناوبه‌ناویش به‌رپرسانی حزبه‌ كوردییه‌كان و كاربه‌ده‌ستانیان ئه‌بیننن و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا ده‌گرن. له‌و په‌یوه‌ندییانه‌یاندا، تێزی ئێستای رۆژئاواییه‌كان، به‌تایبه‌تی له‌ گه‌نگه‌شه‌كردنی دۆخی هه‌رێم و ململانێ و قه‌یرانه‌كانی ناوی، بریتییه‌ له‌ هاندانی گفتوگۆو داواكردنی چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كان، له‌ڕووی كرده‌ییشه‌وه‌ میكانیزمیان زیاتر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌‌ كه‌ ده‌ربڕی خیبره‌و كولتوری دیموكراسیی ئه‌وانه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ڵبژاردن، له‌ ئه‌زموونی وڵاتانی دیموكراسیدا، هه‌ندێجار، وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌كیش ئه‌بینرێت بۆ جڵه‌وكردنی ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی كه‌ وڵات تیایاندا قه‌یرانبار ده‌بێ و زیانی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت ‌و پارته‌ سیاسییه‌كانیش له‌ ململانێیه‌كی كراوه‌ی بێ ئاكامدا ده‌بن. له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دۆستانه‌ی كورد، پارتی دیموكراتی كوردستان دڵخوازی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌. ئه‌و پێی وایه‌ له‌ هیچ سه‌رده‌مێكی مێژووییدا نه‌بووه‌و رووی نه‌داوه‌ كه‌ هێزه‌ ركابه‌ره‌ ته‌قلیدییه‌‌ (50) ساڵییه‌كه‌ی رابردووی، كه‌ مه‌به‌ست له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌، وه‌ك ئێستا، گرفتی خۆئاماده‌كاریی هه‌بێت بۆ چوونه‌‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌سایه‌ی ئه‌و دۆخه‌ نائاساییه‌ی كه‌ تێدایه‌.   پارتی دڵنیایه‌ كه‌ هه‌لی گونجاوی وای بۆ هه‌ڵناكه‌وێت كه‌ تیایدا بتوانێت، ئه‌مجاره‌یان، پێگه‌ی خۆی بۆ نزیكی نیوه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌رزبكاته‌وه‌و له‌رێی كورسیی كۆتا-ی پێكهاته‌كانه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵی پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێم بكات. یه‌كێتیی نیشتمانی، پێده‌چێ ئێستا له‌م پێشهات و سیناریۆ دڵخوازه‌ی پارتی تێگه‌یشتبێت، بۆیه‌ ماوه‌یه‌كه‌، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی گرژدایه‌ له‌گه‌ڵ پارتی. راسته‌ كه‌یسه‌كانی ئه‌م گرژییه‌ زۆرن، به‌ڵام كه‌یسه‌ چاره‌نوسسازه‌كه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ خوازراوه‌یه‌‌ كه‌ پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی ده‌وێت، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌م هێزه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا، له‌یه‌ككاتدا، هه‌م ئاماژه‌یه‌كی گه‌مه‌ی په‌نابردنی بۆ كارتی پشتگیریكردنی جێگره‌وه‌ بۆ یه‌كێتی فڕێداوه‌ته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌‌، هه‌م كار له‌سه‌ر ترازاندنی ئه‌و به‌ره‌ دژه‌ پارتییه‌ش ده‌كات كه‌ یه‌كێتی له‌ ململانێیدا له‌گه‌ڵی، گره‌وی له‌سه‌ر ده‌كات.  پارتی دیموكرات، ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردن بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی لای حزبه‌‌ عێراقییه‌ شیعییه‌كانی دۆستی یه‌كێتی و لای ئێرانییه‌كانیش بكاته‌ پێوه‌ر، ناڕاسته‌وخۆ ئه‌و په‌یامه‌ بگات كه‌ ئه‌وان‌ ته‌نها دیفاكتۆی هێزی گه‌وره‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌رێم نین‌، به‌ڵكو هێزی خاوه‌ن پێگه‌ی په‌رله‌مانی و جه‌ماوه‌ریشین‌، ئه‌وه‌شی بیه‌وێت له‌ هاوكێشه‌كانی عێراقدا، چ له‌ ناوخۆی هه‌رێم و چ له‌ به‌غداش، پشتیوانی قورسایی سیاسیی كورد به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌وا بژارده‌ی تری بۆ نامێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ولێر. له‌م رووه‌وه‌، جاران، پارتی دیموكرات به‌ ته‌نها حزبه‌ سوننه‌كانی كردبووه‌ دۆستی خۆی، ئێستا، به‌ره‌ به‌ره‌، ده‌جوڵێت – ئه‌گه‌ر به‌ هه‌نگاوی سه‌ختیش بێت - بۆ ئه‌وه‌ی  زۆربه‌ی هێزه‌ شیعییه‌كانیش بكاته‌ پاڵپشتی هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌كانی، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌شێكی په‌یوه‌ندیی به‌ ئاماده‌بوونی جوڵه‌ی پارتییه‌وه‌ هه‌بێت له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا وه‌ك حزبێك كه‌ خاوه‌نی پرۆژه‌ی حزبی و سیاسیی تایبه‌تیی خۆیه‌تی، ئه‌وا به‌شه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ بۆشایی پرۆژه‌و دیدگای سیاسیی روونی یه‌كێتیی نیشتمانییه‌وه‌‌ هه‌یه‌ بۆ ژیانی حزبایه‌تی و سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌ نیشتمانی و عێراقی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.  زۆر ئاماژه‌ وا ده‌رده‌خه‌ن كه‌ یه‌كێتیی دوای تاڵه‌بانیی باوك، له‌ دۆخێكی سه‌ختی ململانێدا بێت‌. ئه‌مه‌ ئه‌و فاكته‌یه‌ كه‌ پارتی دیموكرات هانده‌دات بچێته‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا ته‌نها دوو بژارده‌ی قبوڵ بێت له‌ مامه‌ڵه‌كردندا له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانی، ئه‌وانیش به‌ ساده‌یی، ئه‌وه‌ن: یان خۆ ڕاده‌ستكردنی له‌سه‌رخۆی یه‌كێتی به‌ پرۆژه‌ی پارتی له‌ ناو كوردو عێراق و ناوچه‌كه‌دا‌، یان په‌راوێزخستنی له‌رێی ململانێ رۆژانه‌و كۆتایی هێنان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵیداو دروستكردنی كێشه‌و ناسه‌قامگیری بۆی، ئه‌مه‌ به‌ دواین هه‌وڵیشه‌وه‌ كه بریتییه‌‌ له‌‌ لێدانی پێگه‌ی یه‌كێتی له‌رێی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ كه‌ پێیوایه‌ هه‌م عێراقییه‌كان و هه‌م رۆژئاواییه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانیدان و بانگه‌وازی په‌ڵپ لێگرتنیشی، بێسووده‌!‌. به‌مانایه‌كی تر، لای پارتی دیموكرات و خودی سه‌رۆكی ئه‌م پارته‌و سه‌رۆك وه‌زیران و هه‌رێمیش، بابه‌تی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن یه‌كلابۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌م پرسه‌دا مابوو ته‌نها دۆزینه‌وه‌ی سه‌نه‌دی یاسایی بوو له‌رێی په‌رله‌مانه‌وه‌. ئه‌م حزبه‌، له‌م رۆژانه‌دا له‌ناو په‌رله‌مان، به‌بێ ره‌چاوكردنی یه‌كێتی و تاكلایه‌نانه‌‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌شی نا، حاڵی حازر كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش‌ ده‌كات كه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ باڵوێزخانه‌و كونسڵگه‌ری وڵاتان و نوێنه‌ری یۆنامی و ئه‌وروپییه‌كانیش بكات كه‌ پرۆسه‌كه‌ ئاسایی و شه‌رعییه‌، بگره‌ به‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و له‌رێی كاراكردنی كۆمسیۆنه‌وه،‌ هه‌نگاوی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌ ناوه‌ كه‌ وڵاتان له‌ هه‌رێمی داوا ده‌كه‌ن. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئایا بژارده‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی، چین؟. راستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ئه‌م حزبه‌ ماوه‌یه‌كه‌ گره‌وی له‌سه‌ر چوار پرسه‌: - گره‌وی یه‌كه‌میان، كاركردن له‌رێی به‌غداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی دیموكرات، به‌و سیناریۆیه‌ی كه‌ دایڕشتووه‌، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێنێت. ئه‌م گره‌وه‌ هێشتا به‌هێز نییه‌. ره‌نگه‌ یه‌كێتیی نیشتمانی له‌ هه‌ندێ كه‌یسدا له‌بابه‌ت سامانی سروشتی و پرسی داهاتی نه‌وتدا زیان له‌ پلانی ركابه‌ره‌كه‌ی و كابینه‌ی نۆ بدات، به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردن، تائێستا، نه‌چۆته‌ پێشه‌وه‌. - دووه‌م: گره‌وكردن له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و هه‌ندێ حزبی تری كوردی‌ كه‌ له‌ پرسی كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن له‌به‌ره‌ی ئه‌ودا بمێننه‌وه‌و لایه‌نگیری له‌و سیناریۆیه‌ی پارتی دیموكرات نه‌كه‌ن، له‌مه‌دا تا ئێستا كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، به‌ هه‌ندێ حساباتی حزبیی خۆیشییه‌وه‌، تا ڕاده‌یه‌ك هاوسه‌نگه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانییه‌‌، هه‌رچی گۆڕان-ه‌، ئه‌وا وه‌ك كۆنه‌ ركابه‌رێكی ته‌قلیدیی هه‌ردوو پارتی فه‌رمانڕه‌وا ده‌یه‌وێت پراگماتییانه‌ سیاسه‌ت بكاو سود له‌و ململانێیانه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی وه‌ربگرێت بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی تائێستا نه‌ لای پارتی و نه‌ لای یه‌كێتیشه‌وه‌ به‌ رێكه‌وتنێكی سیاسیی دیاریكراو گه‌یشتبێت كه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی بۆ ئاسان بكات. هه‌رچی یه‌كگرتووی ئیسلامییه‌، ئه‌وا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێزێكی به‌رهه‌ڵستكاره‌و پارتی زۆرجار ئازاری داوه‌، به‌ڵام به‌پێی راپۆرته‌ حزبییه‌كانیان و كه‌رنه‌ڤاڵی لایه‌نگرانیان، دۆخیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا باشتر ده‌بێت، بگره‌ گه‌شه‌یان كردووه‌، بۆیه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییاندا نییه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت و له‌م پرسه‌دا ناتوانن بچنه‌ پاڵ یه‌كێتیی نیشتمانی، زانیاری هه‌یه‌ كه‌ ئه‌نكه‌ره-‌ش ده‌ستێكی له‌ سه‌نگه‌ربه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمدا هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی كه، هه‌ر‌ وه‌ك توركیا زۆرجار رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانی و PKK و یه‌كێتیی نیشتمانی و هه‌سه‌ده‌ ئاسوده‌ نییه‌، بگره‌ به‌ كرده‌یی سزای سیاسی و ئابوریی سنوری نفوزی یه‌كێتیی نیشتمانی، ده‌دات‌.  - گره‌وی سێیه‌می یه‌كێتیی نیشتمانی، له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی بیانییه‌كانه‌ كه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمدان، به‌و ئومێده‌ی فشار له‌ پارتی بكه‌ن و بیهێننه‌ پای جێبه‌جێكردنی هه‌ندێ له‌ داواكارییه‌كانی یه‌كێتی. له‌مه‌دا، راسته‌ هه‌ندێ پاڵه‌په‌ستۆو داواكاری له‌سه‌ر پارتی هه‌بووه‌ بۆ گفتوگۆ و رێككه‌وتن، به‌ڵام نوێنه‌رانی وڵاتان، به‌گشتی، ناچنه‌ ناو ورده‌كاریی كه‌یسی ململانێكانی نێوان هه‌ردوولاوه‌ و لایه‌نگیرییش ناكه‌ن، به‌ڵام له‌پرسی هه‌ڵبژاردندا لایه‌نگری دواخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ نین، ئه‌مه‌ش گره‌وه‌كه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی ئاڵۆز كردووه‌. - گره‌وی چواره‌می ئه‌م هێزه‌ سیاسییه‌ بریتییه‌ له‌ كارتی دوو ئیداره‌یی، یان به‌ستنه‌وه‌ی كارگێڕی و داراییانه‌ی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌. ئه‌م گره‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌سازی ته‌شریعی و ده‌ستكاریكردنی یاساكانی ده‌وێت، هاوكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نفوزی پارتی دیموكرات له‌ به‌غداشدا هاوسۆزی نییه، به‌تایبه‌تی كه‌ حكومه‌تی سودانی، له‌بنه‌ڕه‌تدا، به‌ به‌شداری پارتیی دیموكرات پێكهاتووه‌‌، ئه‌وا زیاتر وه‌ك گره‌وێكی سیاسی ماوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئیستیجابه‌ی له‌به‌رامبه‌ردا نییه‌، له‌وه‌ش زیاتر پارتی دیموكرات نه‌رمی زۆری بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی ده‌ربڕیوه‌، هاوكات كار له‌سه‌ر رازیكردنی تاران و جێبه‌جێكردنی داوا سیاسییه‌كانی ده‌كات له‌ هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خودی یه‌كێتیی نیشتمانی خۆیشی، ئه‌م پرسه‌، زیاتر وه‌ك كارتێكی فشار ده‌جوڵێنێت ده‌نا وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك كه‌ فۆرمۆڵه‌ی واقعی ئیداریی هه‌رێم بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدادا، كاری له‌سه‌ر نه‌كردووه. به‌و مانایانه‌ی سه‌ره‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتمانی، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان، ناچاره‌ كه‌ یان ئازاری بژارده‌ی دووه‌می پارتی قبوڵ بكات كه‌ ململانێكردنه‌ له‌گه‌ڵیدا به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاسۆیه‌ك دیار بێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا بشكێته‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا ده‌چێته‌ رێككه‌وتنێكی نوێی سیاسییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا كه‌ تیایدا ناڕاسته‌وخۆ دیفاكتۆی پارتی قبوڵ بكات، یان ئه‌وه‌تا بژارده‌ی خۆی تاقیده‌كاته‌وه‌ كه‌ پشتبه‌ستنه‌ به‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ مومكینی خۆرێكخستنه‌وه‌و ریفۆرمكردنی خێرای دۆخی ناوخۆیی خۆی و ریزه‌كانی.  ئه‌م بژارده‌یه‌، ئه‌گه‌رچی، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ هه‌ردوو بژارده‌کەی تر، گونجاوترو به‌شكۆتر بێت، به‌ڵام كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ رێیدا، كاته‌. یه‌كێتیی نیشتمانی ده‌یتوانی پێش ساڵێك ئه‌م بژارده‌یه‌ی جێبه‌جێ بكردایه‌، كه‌ نه‌یكردووه‌، له‌ ئێستادا ئاسان نییه‌ كه‌ به‌ هه‌نگاوی ماراسۆنییانه‌ش فریای كۆكردنه‌وه‌ی خۆی و ئاشتكردنه‌وه‌ی كادیرو ئه‌ندام و لایه‌نگرانی تۆراوی خۆی بكه‌وێت. ئه‌مه‌ ده‌وترێ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م گره‌وه‌ به‌های خۆی بدۆڕێنێت، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ندێجار، له‌ سیاسه‌تدا، رووداوی له‌ناكاو و چاوه‌ڕواننه‌كراویش هه‌یه‌. *توێژه‌ر له‌ ناوه‌ندی ئه‌كادیمیی توێژینه‌وه‌ی نیشتمانی ACNS   


د. جەعفەر عەلی لۆنگریك لە كتێبی (چوار سەدە لە مێژووی عیراقی نوێ)دا، زاراوەی دروستكەری پاشا، یان مەلیك دروستكەر (King Maker)ی، وەك ئاماژەیەك بۆ كاریگەری هێزو دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان پاشای بابان، لە دانانی والی عوسمانی لەبەغدا بەكارهێناوە.  لەئێستاداو لەیەكلاكردنەوەی ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا، دەتوانین سینان ئۆغان وەك دروستكەری پاشا ناوبنێین. ئۆغان هێزی ئەوەی دەبێت، یەكێك لە دوو ڕكابەرەكەی سەرۆكایەتی، كەمال كڵچدارئۆغڵو یان ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، بگەیەنێت بە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار لە ئەنكەرە.  گومان لەوەدا نییە، ئۆغان بەحوكمی ئەو دەنگانەی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا هێناویەتی (5،17%)، ئەگەر توانای پاراستنی قەبارەی دەنگەكان و یەكڕیزی (هاوپەیمانی ئاتای) ناسیۆنالیست و ڕاستڕەوی هەبێت، دەتوانێت لە گەڕی دووەمدا، كاریگەری گەورەی هەبێت و دوورنییە ئەم قەبارەی كاریگەرییە هێزی ئەوەی هەبێت، دەرگای كۆشكی دۆڵمەباخچە بەڕووی یەكێك لە دوو كاندیدە ڕكابەرەكە بكاتەوەو وەك مەلیك بیخاتە سەر كورسی سەرۆكایەتی.   ئۆغان، لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە سەر بە دونیای فاشیزمی نەتەوەیی و ڕاستڕەوی توركیایە، كوردی نەك وەك مرۆڤێكی ئاسایی و مەدەنی، بەڵكو وەك بەكرێگیراو و نۆكەریش قبوڵ نییە، ئەو نەك بە بوونی هەدەپەو هەر نزیكبوونەوەیەك لێی بێزار دەبێت، بەڵكو بوونی هوداپاریش وەك هێزێكی سیاسی- ئیسلامی كوردی سەر بە هێڵی سیاسی و فیكری ئەردۆگانیش ڕەتدەكاتەوە. ناسیۆنالیزمی توندڕەو و هەڵكشاو بۆ ئاستی فاشیزم سەرچاوەی فیكری سیاسی ئۆغانە. ئەو ڕاستە لە ماڵی پارتی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە)ەوە هاتووەتەدەر، بەڵام ئەوەی ئەوی لەم پارتە هێناوەتەدەر، ناكۆكی فیكری لەبارەی هێڵی فاشیزمی نەتەوەیی مەهەپەو دژایەتیكردنی توندڕەوی نەتەوەیی نەبووە، بەڵكو هەوڵدان بووە بۆ گەیشتن بە لوتكەی دەسەڵات لەناو پارتەكەدا، بۆیە لە دەرەوەی ئەو پارتەش، وەك فیگەرو كارەكتەرێكی سیاسی، خەریكی كاركردن لەناو هەمان دونیابینی فاشیزم و دابەشكردنی كۆمەڵگەی توركیا بووە بۆ خوێنی پاك و خوێنی پیس، ڕوناكی و تاریكی، منی توركی فریشتەیی و ئەوی كوردی شەیتان.  ئێستا ئۆغان، وەك كەسایەتییەكی سیاسی و كاندیدێكی خولی یەكەمی ململانێی سەرۆكایەتی توركیا، دەنگی خۆی خستووەتە پاڵ دەنگی هاوپەیمانی كۆمارو ڕایگەیاندووە، لە خولی دووەمدا دەنگ بە ئەردۆگان دەدات. هۆكاری ئەم هەڵوێست و بڕیارەی ئۆغان ڕوونە، ئەردۆگان وەك شەیتانێكی سیاسی چەندین ساڵە، خەریكی پەلاماردانی هەموو بوونێكی سیاسی و كولتوری و مەدەنی كوردییە. لەڕێی پەلاماردان و زیندانیكردنەوە هەوڵدەدات ڕێگەكانی بەردەم خەبات و جوڵەی مەدەنی و دیموكراسی لە كورد دابخات. لە هەڵبژاردن و ململانێی دیموكراسیدا لێیدەبەیتەوە، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران هەڵدەگرێت و زیندانیان دەكات، لەململانێی سیاسی شارەوانییەكانیش شكست دەخوات، بە (سیستەمی قەیوم) ئەنجامی هەڵبژاردن بەتاڵ دەكاتەوه‌و خەڵكی خۆی وەك فەرمانبەر لە شوێنی سەرۆك شارەوانییە كوردە هەڵبژێردراوەكان دادەمەزرێنێت. پەنا بۆ چەك و خەباتی چەكداریش ببەیت دەڵێن، كوردەكان تیرۆریستن. هیوادارم پیاوە دینی و فەتواچییەكانی یەكێتی زانایان، ئەوانەی نە تەنیا چاو لە ئاستی ستەمكاری ئەردۆگان دادەخەن، بەڵكو پشتگیریش لە سیاسەتی نكوڵی لە بوونی سیاسی و كۆمەڵایەتی كورد دەكەن، ڕێگەی سێیەم بۆ تێكۆشان، بۆ داكۆكی لە بوونی سیاسی و كولتوری بدۆزنەوەو بۆ كوردی باكوری پێشنیار بكەن. ئەوەی دەنگی ئۆغانی وەك سیاسییەكی ناسیۆنالیستی ڕاستڕەو بردۆتە پاڵ دەنگی ئەردۆگان، نكوڵی لە بوونی سیاسییانەی كوردو بە تیرۆریست ناساندنی هەر جوڵەیەكی سیاسی و مەدەنی كوردە لەلایەن ئەردۆگان و باخچەلییەوە، جا ئەو جوڵەیە لە باكور، ڕۆژئاوا، یان باشوری كوردستان و هەر گۆشەیەكی دیكەی ئەم دونیایەدا بێت. واتە كۆكردنەوەی دەنگ لەسەر بنەمای مامەڵە بە خوێن و مافی نەتەوەیەكی دی، نەتەوەیەك، هیچ گوناهێكی لەوەدا نییە، كە خودا بوونێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی، زمان و كولتوری جیاواز لە توركی پێبەخشیووە.  سینان ئۆغان، لە خولی یەكەمدا، خاوەنی نزیكەی سێ ملیۆن دەنگی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە. ئەو خۆی نە حیزبی سیاسی هەیە، نە ئەندامی هیچ حیزبێكی سیاسیشە، بەڵكو كاندیدی هاوبەشی چەند پارتێكی نەتەوەیی توندڕەو بووە بۆ سەرۆكایەتی. بە ئەگەری زۆرەوەو هەر وەكو لە ئێستاوە ئاماژەكانی دەركەوتوون، (هاوپەیمانی ئاتا)، كە ئۆغانی كردووە بە كاندیدی هاوبەش، بە هاوبەشی ناچنە ژێر باڵی فەرمانەكانی ئۆغان لە دەنگدان بە ئەردۆگان، واتە بە ئەگەرێكی زۆرەوە هاوپەیمانێتییەكە بەسەر هەڵوێست و بڕیاری جیاوازی پارتەكانیدا دابەش دەبێت. دابەشبوونەوەی هاوپەیمانێتییەكە بەسەر پارتە جیاوازەكانیدا، بەر لە هەر شتێكی دی هەڵوێستی سیاسی و پێگەی كۆمەڵایەتی و جەماوەری ئۆغان لاواز دەكات، لێرەوە ئۆغان لەوە دەكەوێت لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، هێزی دروستكردنی مەلیكی لە كۆشكی دۆڵمەباخچەدا هەبێت.     بەبڕوای ئێمە، جگە لە پارتەكانی ناو هاوپەیمانێتی سێیەم (ئاتا)، كە هەڵوێستیان چی دەبێت، ملیۆنان دەنگی بایكۆت و ئەو دەنگانەیش لە خولی یەكەمدا بۆ ئەردۆگان و كڵچدار ئۆغڵو چوون، مەرج نییە وەك خۆی و بە جێگیری بمێننەوە. ڕەنگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی ئەستانبوڵ (٢٠١٩) باشترین نموونەی ئەم قسانەمان بێت. لە ٢٠١٩دا، (ئەكرەم ئیمام ئۆغڵوو)ی كاندیدی جەهەپە، بە ڕێژەیەكی كەم، نزیكەی پازدە هەزار دەنگ پێش (بن عەلی یڵدرم) سەرۆك وەزیرانی پێشوو و كاندیدی ئاكەپە كەوت و هەڵبژاردنەكەی بردەوە، بەڵام ئەردۆگان ئەنجامەكەی ڕەتكردەوەو هەڵبژاردنی دووبارەكردەوە. لە دووبارەكردنەوەدا، كاندیدەكەی جەهەپە بە ڕێژەیەكی زۆر زیاتر، نزیكەی هەشت سەد هەزار دەنگ پێش كاندیدەكەی ئاكەپە كەوت و ئەردۆگان و ئاكەپەی تووشی یەكەم شۆكی هەڵبژاردن لە ئەستانبوڵ و توركیا كرد. ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، ئایا گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا ئەردۆگان دەخاتەوە بەردەم وەستانەوە لەبەردەم شۆكی دووەم و گەورەتردا. بێگومان ئێمە دەزانین، ئەوەی ئێستا دەكرێت هەڵبژاردنی شارەوانی نییە، دەیشزانین لە خولی یەكەمدا، ئەردۆگان زیادتر لە دوو ملیۆن دەنگ پێش كڵچدار ئۆغڵوو كەوتووە، بەڵام ئەوەش ڕوونە، پێشبینیكردن بۆ دەرچوونی یەكێك لە كاندیدەكان لە گەڕی دووەمدا ئاسان نییە. ململانێكە، ململانێیەكی قورس و تا ڕادەیەكیش هاوسەنگە، ئەگەرەكانی سەركەوتنیش بۆ هیچ یەكێكیان مسۆگەر نییە، چونكە لەلایەكەوە، تا ڕادەیەك نزیكی ئەنجامەكانی خولی یەكەم لە یەكدی، لەلایەكی دی، ئەگەری گۆڕینی هەڵوێستی بەشێك لە دەنگدەران و گواستنەوەی دەنگدان لە كاندیدێكەوە بۆ یەكێكی دی، دەبێ هەمیشە وەك بەشێك لە ناجێگیری هەڵوێستی ژمارەیەكی زۆری دەنگدەر لەبەرچاو بگیرێت، جگە لە ئەگەری بەشداری زیادتری دەنگدەران و كەمبوونەوەی ڕێژەی بایكۆت، كاریگەری شێوەی كامپەینی هەڵبژاردن، زیادو كەمكردنی بەڵێنەكان، هەموو ئەوانە دەشێت كاریگەری بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكەوە جێبهێڵن. هەرچەندە لە ڕواڵەتدا لەوانەیە زۆربەی پێشبینییەكان ڕوو لە سەركەوتنی ئەردۆگان بن، بەڵام پێشبینی بە تەنیا لەسەر بنەمای ئەنجامەكانی گەڕی یەكەم، مەرج نییە ڕاست دەرچێت، بۆیە ئەگەری پێشكەوتنی كەمال كڵچدار ئۆغڵو و دووبارەكردنەوەی نموونەی شارەوانی ئەستانبوڵیش، ئەگەرێكی زیندووە. ئەگەرێكی لەم جۆرەش تەنیا ئەردۆگان و ئاكەپە شۆك ناكات، بەڵكو تێزی بینینی ئۆغانیش وەك مەلیك دروستكەر بەتاڵ دەكاتەوە.        


سه‌ردار عه‌زیز هەرچەندە گۆڤاری پۆلیتیکۆ ئاماژە بە پیازو بەرماڵ دەدات، بەڵام مەبەستی ئەو جیاوازە. مەبەستی پۆلیتیکۆ خوێندنەوەی پرۆسەی وروژانی کۆمەڵایەتییە، نەک ڕوانگەی دوو هێز بۆ ئێستاو داهاتووی تورکیا. ئێمە پیازو درۆن وەردەگرین بۆ قسەکردن لەسەر دوو هێزو ڕوانگەی زاڵ لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا. هەر کەسێک چاودێریی هەڵبژاردنەکانی تورکیای کردبێت بەئاگایە لە ئامادەیی پیاز، کاتێک کەمال کلیچدارئۆغلۆ سەرکە پیازی بە دەستیەوە دەگرت و دەیگوت، بە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان کیلۆی پیاز لە سی لیرەوە دەبێت بە سەد لیرە. کەمال کلیچدار کە وەهای دەگوت لە مەتبەخەکەیاندا دانیشت بوو، کە مەتبەخێکی زۆر ئاسایی بوو. هەموو ئەمانە ئاکتی پڕ لە ئاماژەن. ئەردۆگان لە وەڵامدا گوتی لەم وڵاتەدا کێشەی پیازنیە، کێشەی پەتاتە نیە، هەروەها تەناتەت کێشەی خەیاریش نیە. هەرچەندە ئێمە مەبەستمان هێندە ڕەهەندی هەڵاوسان و گرانی خواردن و سەختی ژیان نیە لێرەدا، بەڵام ئەو ڕەهەندەی لای خەڵکی ئاسایی تورک ڕوونە. سەرۆکی پێشووی تورکی سولەیمان دیمیریل قسەیەکی بە ناوبانگی هەیە دەڵێت هەموو حکومەتێک دەتوانرێت بە قاپی مەتبەخ بڕوخێنرێت. مەبەستی لە گرانبونی خواردن یان بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری ئابورییە. دیارە ئەمە تەنها هەتا ئاستێکی زۆر جیهانییە. لە سەردەمی کلینتۆندا قسەیەک هەبوو دەیگوت، ئابورییە، گەمژە. تێڕوانینی ئێمە بۆ ئەم دیاردەیە، لەو ڕوانگەیەوە کە ئەگەر کلیچدارئۆغلۆ بێتە سەر دەسەڵات ئەوا هەوڵی بۆ ئەوە دەبێت کە کار لە سەر ئابوری تورکی بکات. ئەم جەختکردنەوە لە سەر ئابوری، بە مانای ئەوەدێت کە تورکیای ژێر دەسەڵاتی چەهەپە، وڵاتێک دەبێت کە بۆ ناوەوەی خۆی دەڕوانێت نەک دەوروبەرو دەرەوە. ئەم سەرقاڵبونە بە ناوەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر کورد هەیە. بەپێچەوانەوە، کرۆکی بانگەشەی ئەردۆگان لەسەر کردنەوەی کارگەی سەربازیی و بنکەی ئەتۆمی و درۆن و کەشتی ئاسمانی بوو. ئەردۆگان دەیویست وەها دەربخات کە تورکیا گەورەیەو دەیەوێت لە ناوچەکەو دونیادا ڕۆڵی هەبێت و توانای دروستکردنی کاڵای سەربازیی هەیە. ئەم بانگەشەیە لەکاتێکدا پەیامی جیوپۆلەتیکی هەیە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە فراوانخوازی و دەستوەردان و کێشەدروستکردن، بەڵام لە هەمانکاتدا هەوڵێکە بۆ پۆشینی کێشەی گرانی. ئێستا کە مەبەستمەکەمان ڕونکردەوە، بابێینە سەر خوێندنەوەی بانگەشەکان. کەمال لە مەتبەخ و ئەردۆگان لە کارگە. لە هەمانکاتدا هەوڵدەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئایا کەمال باشە یان ڕەجەب؟ کاتێک کەمال کلچدارئۆغلۆ لە مەتبەخێکدا دانیشتوەو پیازێک ڕادەوەشێنێت دەیەوێت بڵێت سادەترین شت، سەوزەیەکی هەرزانی ڕۆژانە نرخی زۆر بەرزبوەتەوە، ژیان گران بووە، ئەردۆگان ژیان گرانتر دەکات، حکومەتی من بە ئاڕاستەی ئاسانکردنی ژیان و باشترکردنی ئابوری کاردەکات. جۆرێک لە هاودەنگی هەیە کە یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵاوسان لە تورکیا جۆری مامەڵەو تێگەیشتنی ئەردۆگانە بۆ ئابوری، کە بە پێچەوانەی هەموو دونیاوە، بڕوای وەهایە هەرزانکردنی پارە ڕێگاچارەی شیاوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵاوساندا. بەم پێیە حکومەتی کلیچدارئۆغلۆ کار لەسەر گەورەکردنی سەربازی و دەستوەردانی ئیقلیمی و شەڕ ناکات، چونکە دەیەوێت نرخی لیرە بەرزبێتەوە. هەموو خەڵک لە تورکیا هاوڕان لەگەڵ کەمال کلیچداردا، بەڵام باوەڕی پێناکەن کە کەسێکی گونجاوبێت هەتا بتوانێت دۆخەکە چارەسەر بکات، بۆیە هەر دەنگ بە ئەردۆگان دەدەن. لەئاستی جیوپۆلەتیکیدا، مانای ئەوەیە کە حکومەتی تورکی بە سەرۆکایەتی کلیچدارئۆغلۆ هەوڵی هەناردەی سەرباز بۆ دەرەوەی سنور نادات، هەوڵی دەستوەردان لە جەنگەکاندا ناکات، دەیەوێت لەگەڵ ئەوروپاو ئەمریکا پەیوەندییەکانی باش بکات، بۆ ئەمەش دەبێت پێچەوانەی ئەردۆگان بێت هەتا لیرە بەهای بۆ بگەڕێتەوە. ئەمە بۆ کورد یانی چی؟ هەردوو جەختکردنەوە لە پرسە ناوخۆییە ئابورییەکان و هەوڵی باشکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوادا بە سودی کورد دەشکێتەوە، بەپێچەوانەی ئەردۆگانەوە، کە لە هەوڵی پەلکێشانە بۆ دەرەوەو لە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتدا کە هەمویان دژ بە بوون و مافی کوردن. هەڵەی کامپی کەمال کلیچدار ئەوەیە کە سەر بە سەردەمێکە خەریکە کۆتایی دێت. پێشتر زۆرمان لەم ڕەخنانە لە کامپی ئەردۆگانەوە بیست بوو. کامپی ئەردۆگان وەها بیردەکەنەوە کە سەردەمی ڕۆژئاوا کۆتایی هاتووە، بۆیە ئەوان نابێت تەنها ڕوو لە ڕۆژئاوا بن، بەڵکو دەبێت وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ کار بکەن. ئەمەشە کە بانگەشەکەیان لەژێر دروشمی سەدەی تورکیدایە. بەڵام ڕێچکە پێشاندەری ئەم دیدە ئەمریکییەکان خۆیانن. کەسێکی وەک جۆرج فریدمان کە دامەزرێنەی ناوەندی ستارفۆرو پاشان داهاتووی جیوپۆلەتیکییە، کە ویکیلیکس بڕوای وەهایە سەر بە سی ئای ئەیە، لە نزیکەوە ڕاوێژکاری ئەردۆگانەو هانی دەدا کە وەک هێزێکی ئیقلیمی ڕۆل ببینێت. دەکرێت لەڕووی چیوپۆلەتیکەوە دیدەکەی کلیچدارئۆغلۆ بە لۆزانیزم ناو ببەین. کۆنگرەی لۆزان کە سەدەیەک لەمەوپێش سازکرا تورکیای ئەمڕۆی لە هەناو ئەو نەخشەیەدا قەتیسکرد. لۆزانیەت یانی تورکیا چونە دەرەوە بە ماف و ڕەوایی خۆی نازانێت. یانی دان بە سنورەکاندا دەنێت، یانی دەیەوێت لە میانەی پرۆسەی توانەوەدا گەلی تورک لە هەناو سنوری دەوڵەتی تورکیدا دروست بکات. گەلی کورد لە باکور زۆری ئازار بە دەست ئەم تێزە چەشتوە. بەڵام دیدی کامپی ئەردۆگان دیدی میساقی میللییە. میساقی میللی هەردوو میللەتچییەکان و ئیسلامییەکان کۆدەکاتەوە، کە دەکاتە تورکە فاشیستەکان و ئیسلامییەکان. رەنگە کەسایەتیەک کە ئەم دیدەی زۆر بە چڕی تیادا بەرجەستە دەبێت، کەسی سولەیمان سۆیلوە. لە دوا لێدوانیدا بەرامبەر پەنابەرە سورییەکان سۆیلۆ دەڵێت، زۆرینەی پەنابەران لە ناوچەی حەلەبەوە هاتوون، حەلەبیش بەپێی میساقی میللی بەشێکە لە تورکیا، بۆیە ئەوان هاوڵاتی ئەم وڵاتەن، پێویست ناکات بیاننێرینەوە. ئەم دیدی میساقی میللیە، هەتا کەرکوک لە خۆی دەگرێت لە باشور. بەم پێیە ئێمە لە بەرامبەر دوو قوتابخانەداین: یەکەمیان کە دەخوازێت تورکیا بەهێزبێت و بە دەوری خۆیدا پەلبهاوێت و سەدەی تورکی دروست بکات و ببێتە هێزێکی هەرێمی و لەنێوان زلهێزەکاندا یاری بکات بەبەرژەوەندی خۆی. ئەم دیدە لە چەندین ئاستدا لە سودی کورد نیە، چونکە دیدی تورکیای بەهێز یانی سەرکوتکردنی زیاتری کورد. درۆن لەسەر جەستەی کورد تاقیکرایەوە. کورد ئەو زەخیرە زیندوەیە کە درۆنی تورکی بەکاری دەبرد بۆ نمایشی خۆی. پشتکردن لە ڕۆژئاوا، لە ئێستادا بە سودی کورد نیە چونکە یانی هێرش یان فشاری زیاتر لە سەر ڕۆژئاڤاو باشور، بە تایبەتی سلێمانی. بەم پێیە ئەگەر بمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە ئەردۆگان یان کلیچدارئۆغلۆ بە تایبەتی لە ڕوانگەی کوردەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە کەمال. دیارە ئەم پرسیارە وەڵامدانەوەی لە کوردستان لەسەر بنەمای زانستی سیاسەت نیە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئایدەلۆژیاو بەرژەوەندییە. بێگومان ئەتاتورکیەت ئایدەلۆژیایەکی فاشییە، بەڵام، ئەتاتورکیەت هێندە بەهێزنیە کە بتوانێت کاری گەورە بکات، دەستوەردان لە دەرەوەی خۆی بکات، حکومەتی چەندین دەیەیی بەڕێوەببات. وەک ڕوونە کە پاش دەرچونەوەی ئەردۆگان دەستور دەگۆڕێت، هەندێک دەڵێن تەنها بڕگەی دوو دەورە لادەبات، هەندێکی تریش دەڵێن گۆڕانکاری زۆر لە دەستوردا دەکات، بە جۆرێک، ئەگەر لە ژیاندا بمێنێت هەتا ساڵی ٢٠٣٣ وەک سەرۆک کۆمار بمێنێتەوە. بەمجۆرە ئەردۆگان زیاتر لە واقیع دادەبڕێت، بڕوای بە خۆی زیاتر دەکات، هەوڵی عەزەمەتی زیاتر دەبێت و پەلکشان و گەورەکردنی تورکیا دەبێتە بەشێکی بنەڕەتی پلانەکانی، بە تایبەتی بە لاوازبوونی ڕۆژئاوا.


هێمن عەبدولقادر ژن و پیاوێکی پیری قوڕ بەسەر ، بە هەزار فەلاکەت و نەگبەتی، لە گوندێکی دورە دەست عومرێک ژیانیان بە ناچاری بێت یان بە چاری ، لەگەڵ یەک تێپەڕاندووە ،و لە کۆتا ساڵەکانی تەمەنیاندان ، لەپڕ مایک بەدەستێکی دەموچاو پلاستیکی، برژانگ سەناعی دەموچاو هەڵهاتووی لێو ئاوساوی ، لاشە دەستکرد،  ئەڵێی جوجکە و لە مەفقەسدا هاتۆتە دەرێ ، بێ ئەتەکێت،نەفام ، گێل. لە پڕ پەیامنێرەکە دەپرسێ :-  چۆنی ؟  بە خۆشەویستی زەواجتان کردووە ؟ بەتەما نیت بیکەیت بە دوان ؟ ژن خۆشە یان شووتی ؟ کاتی خۆی دڵداریت کردووە ؟ لەسەر ڕێگەی کانی رێگەت بەژنی تر گرتووە ؟ شەوان چۆن ئەخەوتن ؟ قەت نامەت بردووە بۆ خۆشەویستەکەت ؟ بە گەنجێتی کچ چاوبڕکێیان لەگەڵ کردوویت ؟ حاجی ژن پێی ماوە ؟  ئێ کچێکی گەنجی مناڵی نەفامی بێ مەعریفە ، پاوانەیەکی قاچ و سنگێکی ڕووت، ئەسڵەن مایکەکەی یەخەی و دەستی لەسەر بنەمای لەش و لاری دراوەتێ نەک لە سەر بنەمای هۆشیارییەکەی ، پیاوی قوڕبەسەری ئێمەش عومرێک دورخەوتن ، زەمەنێک قسەی تاڵ و توانج ، بەم ئازار شکێنە فریودەرانە لەخشتە ئەبرێت هەرچی کەفوکوڵی گەنجێتی و حەسرەتی بەدینەهاتووی هەیە ، وەک  بۆمبی نەتەقیو و خەفەبوو دێنێتەوە  سەر ڕێ و هەرهەمووی بەو مالەدا دەتەقێنێتەوە. ............... لەولاشەوە ژنێکی بەتەمەنی قوڕ بەسەر ، کە سەدان شەوی نەگبەتی و هەناسە سەردی و مناڵ بەخێوکردن و گاوانی و باخداری بەڕێکردووە ،لەسەر بانیژگەیەک ، یان لە لێواری تەنورێکدا یان لە ژێر ساباتێکدا هەر پیش دەخواتەوە ،  کەچۆن بابای پەیامنێری سەناعی دروستکراوی دەستکرد قاقا ئەتریقێتەوە و پێئەکەنێت ، پەیامنێری بێ ئەتەکێت ئەزانێت کە مامەلەیەکی باشی ئەنجامداوە و لە رێگەی ئەو قۆڵبڕین و فریودانە زیهنییەوە ، کالایەکی باشی دەستکەوتووە کە بیباتەوە بۆ شار وەک هێلکە و گەنمی جاران لایک و کۆمێنت و ناوبانگ و سەرمایەیەکی زۆر بۆخۆی پێکەوە دەنێت و ڕەنگە لە داهاتوشدا ژمارەیەک لەم بوکەڵە صەناعیانە ، بباتە پەرلەمان بەناوی زلە پێشکەشکار و زلە پەیامنێر. ....................... (شیرین ئەبو عەقڵە) هەتا ئەو ڕۆژەی کە لە لایەن ئیسرائیلییەکانەوە کوژرا ، بە قژێکی نەبەسترا و خوژەیەک و درعێکەوە هەمیشە نوێنەرایەتی هەزاران هەزار ئافرەتی خاوەن قەزیەی ئەکرد .  لای ئێمەش سەتڵێکی خستۆتە ژێر (گا)یەکەوە و گونی گاکەی گرتووە بەحسابی (گووان) بیدۆشێت،  پێشینان بەیەکێکی زۆر نەزان و نەفام ئەڵێن بابە لێیگەڕێ ئەوە (گا بەگونا ئەناسێتەوە) ئەم تایپە لە بەناو ڕاگەیاندنکار و پیشکەشکار ، کە( قول و فول) لەیەک ناکەنەوە ، جگە لە ئارایشت و جوانکاری و قسەی حەلەق و مەلەق و ڕەسم و سناپ و ستۆری ، کەوتوینەتە سەردەمێک تەنانەت (گا بەگونیشا ناناسنەوە)لە چەندین بەرنامەدا بە تەما بوون بیدۆشن. ...................... راگەیاندن و میدیا لە دنیادا کاری گەورەیان ئەنجام ئەداوە ، ئەوکاتەی (نیۆرک پۆست) بەدوای سکانداڵ و ئابڕوچونی (جۆ بایدن) و پەیوەندی بە کۆمپانیای گازی سروشی ئۆکرانیا بەناوی(بۆریسما) دەڕۆیشت ، میدیاکاری کورد گەورەترین پرسی ئەوەبوو ، حەزەکەی بیکەیت بە دوان؟ ڕۆژگارێک (واشنتۆن پۆست) دەستی بە (ریچارد نیکسۆن)ی سەرۆکی ئەمریکا دەکێشایەوە لەسەر ئابڕوچونەکانی (Watergate) ،  ئەنجوومەنی ئاسایشی ناچار دەکرد لەسەر (لۆکەربی) کۆببنەوە ، (ڕۆناڵد ڕیگان)ی لەسەر کڕینی چەک لە ئێران و بارمتە گرتنی ئەمریکیەکان لە لوبنان تا ڕادەی شکست ئەبرد ، بەناو میدیاکاری ئێمەش هەر دوان و سیان بە سواری تراکتۆر و ئەسپ و بە حیلکە حیلک و دەمپانکردنەوە ، ڕویان کردۆتە ئەو دەشت و دەر و شاخ و گوندانە و ئەو تالە دەزوەی کە دوا پیچی کڵافەی کۆمەڵایەتی بەناچاری و بەزۆر بادراوە ، بە لاشەیەکی صەناعی و بە  پرسیاری قۆڕ و بێمانا و موراهیقانە بۆ هەتا هەتایە دەیپچڕێنن و دەڕۆن. ................... ئەڵێن پاشایەک لەگەڵ دارودەستەکەی لە شار دەرچوون بینیان پیاوێکی بەتەمەن لە بن سێبەری دارێک بە کەماڵی دڵ پاڵکەوتبوو گۆرانی ئەوت ، پاشا و دارو دەستەکەی لێیان پرسی پیرە پیاو بۆ نایەیت تا شار ببینیت ، ئەو هەموو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییە چیت داوە لەم دەشت و دەرە ، کابرای پیریش وتی:-  زۆر باشە باشای پایە بەرز بەڵام پرسیارێکم هەیە ، ئێوە کە لەو ئاوەدانییە دڵتەنگ دەبن ڕو دەکەنە کوێ ؟ پاشا وتی دێین بۆ ئەم دەشت و دەرە ، کابرا وتی دەی وازم لێبێنە با هەر لێرەبم باشترە . ئەوان لە داخی ئێوە ڕوویان کردۆتە ئەو شاخ و داخ و کێوە ، دەی لێیان گەرێن با هەر لەوێ بمێننەوە ، نەچوونی ئێوە خێری زیاترە وەک لە چونتان ، چونکە ئێوە کالایەکی بازرگانین ، بازرگانێک چۆن بۆ ساغ کردنەوەی کالاکەی کۆمەلێک کارمەند ئەهێنێت بە تیلەی چاو و جوولە کریار ڕابکێشن ، میدیای کوردیش (میدیای پیاو) لەسەر هەمان میتۆد کار ئەکات کۆمەڵێک خەڵکی بەدبەختی هێناوە ، ریزێک جوانکاری و ژمارەیەک ئینارەی لێداوە و بۆ خۆی خەریکی مامەلەی سیاسی و ڕیکلامی بازرگانیین لەپشتەوە بەم گەنجانە ، بەم بەدبەختانە. ــــــــ ئەمڕۆ  بازرگانی کردن بەمرۆڤەوە تەنها لەسەر سنوور و لەناو یەخت و شاحینەدا ناکرێت ، ئەمڕۆ زۆرینەی مۆڵ و خاوەنکار و بازرگان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە فەرمی و تایبەتەکانیش خەریکی ئەم بازرگانیە بێ ئابڕوویەن، بازرگانێیەکی بێ ڕەوشتانە ، بەڵام لەژێر ناوی جیاجیا. حەمدی وتەنی :- ئەم کیبارانە سیغارن ، (حەمدیا) ئەربابی فەزڵ  لازمە پەروەردەیان کەن هەروەکوو تیفلێ بەشیر  ئەمانەی کە سوار سەری ڕاگەیاندن و میدیابوون و خۆیان لێبووە بەشت ، پیویستە لەلایەن خەڵکی شارەزا و بەئەزموونەوە فێری ئەدەب و ڕێز بکرێن هەروەکو منداڵێک کە هیچ نازانێت و فێری شیر خواردن ئەکرێ. نوقتە سەری دیر .... ................................................... مەهێڵن باوک و دایک و باپیر و برا و خوشک و کەسوکارتان لەژێر ناوی جاوپێکەوتن ببن بە قوربانی ئەم جۆرە بازرگانییە بێ ئابڕویانە،ئەمە کاری دەوڵەتە ئەم سوکایەتی و بازرگانیە ڕاگرێت کە لەژێر ناوی ڕاگەیاندندا بە کچی گەنج و خەڵکی فەقیر و کاسب و کشتیار و شوانکارە و هەموو چینەکان دەکرێت.


عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف سەرەتای ساڵی دووهەزاروحەوت، تازە کۆمپانیای وشە دامەزرابو، لەژمارە شەستویەکی رۆژنامەی ئاوێنەدا لەسەر سیناریۆکانی دوای مردنی مامجەلال وتارێکم بڵاوکردەوە تیایدا باسم لەپەیوەندییەکانی نێوان مامجەلال و نەوشیروان مستەفا کردبو، نوسیبوم: - دوانه‌یه‌كن به‌بێ‌ یه‌كتری‌‌و به‌ یه‌كیشه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ن. - هه‌تاكو ئێستا سه‌رچاوه‌ی‌ دارایی‌ یه‌كێتی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات به‌ پرۆژه‌ی‌ به‌رهه‌مهێن‌و مومته‌له‌كات‌و پاره‌ی‌ كاشی‌ بانكه‌وه‌ نه‌زانراوه‌، چه‌ند كه‌سێكی‌ خانه‌واده‌ی‌ مام جه‌لال نه‌بێت هیچ كام له‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ نازانن چه‌نده‌و چۆنه‌و له‌كوێیه‌. -  خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌تایی‌ بۆ رابردوی‌ ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی کۆمپانیای وشە، ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ كه‌ هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری‌ یه‌كێتی‌ نابن‌و ئه‌بن به‌ قه‌ڵغانی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ دابه‌شبون. - به‌بێ‌ ئاماده‌یی‌ ته‌واوی‌ هه‌ڤاڵانی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌، بێ‌ ته‌وافوق‌و پرس‌و رای‌ ئه‌وان (ی‌.ن.ك) ئه‌و ماڵه‌ ده‌بێت كه‌ لایه‌كی‌ رووخاوه‌و دیواره‌كه‌ی‌ روخاوه‌و عه‌یب‌و عاری‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و گۆڕه‌ی‌، ئه‌وجا روو له‌ هه‌ڵدێرو لاوازی‌ ده‌كات. چەند رۆژێکی کەم و لەگەڵ (خەلیل عەبدوڵا، عوسمان شاکرو عادل عەلی) لەگردی زەرگەتە سەردانمانکرد. ناڕاستەوخۆ ناوەڕۆکی وتارەکەی رۆژنامەی ئاوێنە بوە باس و پرسیاری دانیشتنەکەمان، من وتم: (تکایە یەکێتی جێمەهێڵە . مامجەلال نەخۆشەو لەمردنی ئەوا جگە لەتۆ کەسیترمان نیە). ئەوەندە بەس بو کەدەرگای قسەکانی بکاتەوەو بەشێوەیەک بدوێ من وەڵامی نوسینەکەی خۆشم وەربگرم: +  تۆ ئەزانی باوکی مامجەلال چەند ساڵێکە مردوە، ئەوانە بەبنەماڵە تەمەنیان درێژەو من پێش ئەو ئەمرم. + یەکێتی وەک ئەو لەوەڕە پاکژەی لێهاتوە کۆمەڵێک کەس تیایدا دەلەوەڕێن، ئەرکی من ئەوەنیە خەڵک لەناو یەکێتی بهێنمە دەرەوە بەڵکو کاردەکەم بۆ ئەوەی چیتر کەسیتر نەچێتە ناو ئەو لەوەڕگایە. هیچیان لەخەمی گشتیا نەماون و ئیش بۆ ماڵومناڵەکانیان ئەکەن. - دوای راپەڕینیش کە بێدەنگ بویت لەو نالەباریانەی پارتی بۆ بەهێزکردنی هەژمونی خۆی لە کوردستانا ئەیکرد، پێت ئەوتین ئێمە وەک ئەو دایکەمان لێهاتوە لەپێناوی ئەوەی مناڵەکەی نەبێ بەدو کەرتەوە ئەیبەخشێ بەژنێکیتر.. ئەمجارەش لەگەڵ یەکێتی ئەکەویتەوە سەر هەمان دوڕیان و ئەبێت مناڵەکە لەمردن رزگار بکەیت. بەدێڕێک وەڵام سەرسامی کردین کەوتی (ئەمجارە گەر بکەومە مەوقیفێکی لەوجۆرەوە، بەدەستی خۆم مناڵەکە ئەکوژم). نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەکەی، کامیان ئەویتریانی کوشت ؟ لەنیو سەدەو بەرەو ژوری تەمەنمدا، هیچ کەسێکم نەبینیوەو نەناسیوە وەک نەوشیروان مستەفا سود لەقسەکانی وەربگرم، هەمو جارێک و ئەگەر چەند دەیقەیەکیش دیدار بوبێت، شتێکی لێوە فێر بوم. ئەو کە قسەی لە بوارەکانی مەعریفە، سروشت و کایەکانی ژیان دەکرد،  شتێکی ئەوت کەس نەیبیستبوو ! بەشێوەیەک ئەدوا من هەرگیز قسەکانیم لەبیر نەئەچۆوە.  مەراقم ئەوە بو، کە بۆچی وەک هەندێک کەس زۆر نزیکی نەبوم ؟ لەکاتێکدا سێ دەیەو زیاتر بەرپرسی یەکەمی کاری سیاسی و رێکخراوەییم بو، ئێرەییشم بەوانە ئەبرد کە هاوتەمەن و هاوڕێی چەند ساڵەی بون و لەگەڵیا ژیابون. دوای مردنی ئنجا زانیم ئەوانەی من ئێرەییم پێبردون نەهیچی لێوە فێربون و نە ناسیویشیانە! عەجەب مابوم کە ئەمبینی، ئەمزانی و ئەمبیست هەندێکیان چ دوژمنێکی سەرسەختی مێژوی ئەو پیاوەو بیرکردنەوەو تەنانەت کەسایەتیەکەشی بون.  شەش ساڵ تێپەڕی و تەنیا یەک کەسیش لەوانەی وێنەو ناوی نەوشیروان مستەفاو ژیان و مەرگی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن، نەیانپرسی کچە تاقانەکەی خۆشەویستی نەوشیروان مستەفا لەکوێیە ؟ کەس بەتەلەفۆنێکیش گوێی لەدەنگی نەبوەو ناپرسن بۆ ؟ کەسیان نازانن ئەو کچەی کە هەمیشە لەئەقڵ و سەلاریدا باوکی باسیدەکردو شانازی پێوە دەکرد بۆچی سەری خۆی هەڵگرت و نەگەڕایەوە بۆ ئەو کوردستانەی باوکی هەمو ژیانی خۆی پێ بەخشی ؟  حەمە تۆفیقی کاندیدی سەرۆکی هەرێم چی بەسەرهات؟ خۆ هەموان دەزانن دکتۆر محەمەد عەلی رێکخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی، لەنوسینێکدا باسی تەکەتولەکەی حەمەتۆفیق و کۆبونەوەکانی بۆ دەرپەڕاندنی هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا کردبو کاتێک کە لەسەرەمەرگ و ئاویلکەدا بو! لەیەکەم رۆژی شین و پرسەکەشیدا هەر ئەو حەمەیە بەگوێی کوڕەکانیدا ئەیچرپاندو ئەیوت (قادر و عوسمان) بونە هۆی مردنی باوکتان نابێت بهێڵین بێنە پرسەکەیەوە !  کاتێک من بە (سەید عومەرم)م وت ئەو کوڕانە بانگ بکەو ئاگاداریان ببە چونکە کاکە حەمەو هەندێکیتریان قسەی خراپیان بۆ دەکەن لەوەڵامدا وتی ئەوە ئیشی خێزانی خۆیانە ! هەرگیز ئەو کۆبونەوەیەی یەکەم رۆژی مردن و پێش ناشتنیم بیرناچێتەوە کە بۆ خەرجی و مەراسیمی پرسەکە رێکخرا، ئاواتی شێخ جەناب وتی: + هیچ پارەیەکمان بۆ خەرجییەکانی ئەم تەعزێیە نیە چۆن و لەکێ داوا بکەین ؟ - برنج و شلەیەکی سادە بدەین بەو خەڵکەو بزانن کە خۆمان و بزوتنەوەکەمان پارەمان نیە جوانترو باشترە لەوەی بۆ ئەو مەراسیمە پارە لەخەڵک وەربگرین. کۆبونەوەکە، بڕوایان بەو وەڵامەی من هێنا بەڵام دواتر زانیم ئاوات چەندین دەفتەر دۆلاری لەماڵی مامجەلال بەناوی پرسەکەوە وەرگرتوە، سێ رۆژی نانخواردنی خەڵکەکەش بەو گەرمایە کەمێک مریشک و برنج و شلەی سادەی پەتاتەو فاسۆلیا بو ! کە هەموشیان دەیانزانی خوڵک و نەریتی خواردنی پرسەگێڕان لە کوردەواری، بەتایبەت شاری سلێمانی چۆنەو چ مانایەک دەبەخشێت. هاوڕێ بەناو نزیکەکانی لە سکرتێری جڤات کە خۆی خاوەن کارگەو رێکخەری ژورێک کۆمپانیاو یەکێ بەنزینخانەو مۆڵ، رێکخەری ژورێکیتر موڵکی گشتی داگیرکردبو، ئەویتریان زەوی کشتوکاڵی و غابات و...هتد  هەریەکەشیان ئەیانویست و کاریان بۆ ئەوە دەکرد نەوشیروان مستەفا لەخۆیان بچێت. هەریەکێکیان پەڵەی رەش بەکام دەستەیانەوە بوایە، ئەو دەستەیانی بەشانی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفادا دەهێنا! کردیان و ئێستا کوڕەکانی خاوەنی هەمو ئەو بەرژەوەندییە ناشەرعیانەن کە ئەوان بەتاک هەیانبوو، ئەشڵێن لەباوکمانەوە بۆمان جێماوە.  بەشبەحاڵی خۆم لەلایەک بەکوڕەکانی و لەلایەکیتر لەناو چڤاتی نیشتیمانیەکەیدا وتم: (مردنی نەوشیروان مستەفا بەدەست ئێوەو هاوڕێکانێتی، ئەتوانن بیکەن بەخاوەنی کارگەو موڵک و ماڵ و بۆ هەتایە بیکوژن! ئەشتوانن بڵێن خاوەنی یەک مەتر زەوی و هیچ پارەیەک نەبوە، بۆ هەتا هەتایە بژی و کورد شانازی پێوە بکات، گەر هەڵەیەکیشی کردبێ ئەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی جڤاتەکەیە راستیبکاتەوە). هەندێکیان بەگژما هاتنەوە ! کاتێکیش وتم پێویستە مەرحەبای پارتی نەکەین هەتا لەسەر بڕیارو فەرمانی گرتن و بەتیرۆریست ناساندنی رێکخەرە گشتیەکەمان داوای لێبوردن لە بزوتنەوەکەو خانەوادەکەی نەکات و مافی مێژویی بۆ نەگەڕێنێتەوە. هەموان بێدەنگ بون، یەک کەسیان دەستێک یانەخۆ دەنگێکی هەڵنەبڕی پشتیوانیم بکات! بەپێچەوانەوە ئەوان و کوڕەکانیشی لەبەرئەوەی لەچاوەڕوانی "پوڵ و پۆست و پاراستن"ی پارتی دیموکراتی کوردستانا بون بەهانەیان بۆ رێکەوتن و هاوپەیمانێتی دوو قۆڵی دەهێنایەوە. من ئەمزانی پیلانێکی کوشندە لەئارادایە، زۆر کەسم لێئاگادار کردەوە، لەناویانا ئاکۆ محەمەد وەهبی و مەحمود رەزا کە خۆیان بەدوو کەسی خزم و دڵسۆزی نەوشیروان مستەفا ئەزانی! کەمیش نەبون ئەوانەی بڕوایان وابو کە ئەو زاتە خۆی لەدوا مانگەکانی ژیانیدا، بڕوای بەو فیکرو بەرنامەیەی خۆی نەمابو وەک ئەوانەی ناو لەوەڕگاکەی یەکێتی نیشتیمانی لە خەمی کوڕەکانیدا بو! بەڵام من هەر ئەڵێم نەوشیروان مستەفا لە جۆزەردانا نەمرد !


سه‌ردار عه‌زیز یەکێک لە ڕەخنەکانی برادەرانی یەکگرتوو لە هەدەپە ئەوەیە کە دەبوو لەگەڵ ئەردۆگاندا حکومەتیان پێکبهێنایە بۆ ئەوەی بەر ئەو هەموو سزایە نەکەوتنایە. ئەمە تەنها ڕایەکی میدیایی نیە، بەڵکو خۆم لە زۆرێک لە کەسانی باڵای یەکگرتووم بیستوە. برادەرانی یەکگرتوو ئەم ڕایە وەها دەخەنە ناو گفتوگۆوە وەک ڕەوایی دانێک بێت بە ڕەفتارەکانی ئەردۆگان بەرامبەر هەدەپە، بەو پێیە هەدەپە نەیویستوە هاوکاری ئەردۆگان بێت بۆیە، سزا دەدرێت. ئەم دیدە لە چەند ئاستێکدا ترسناکە، لە ئاستی تێگەیشتن لە دیموکراسی، لە تێگەیشتن لە حوکومڕانی، لە ئازادی و چەندین بواری تر. بەڵام لە سەروی هەمویەوە ئەوەمان پێدەڵێت کە هێزێکی سیاسی دونیابینی چۆنەو ئەگەر سبەینێ بێتە سەر دەسەڵات چۆن ڕەفتار دەکات. بۆچی ترسناکە؟  گریمان ئەو تێزەی کە دەڵێت ئەگەر هەدەپە هاوکاری ئەردۆگان بوایە، وەهای بە سەر نەدەهات، ڕاستە. ئەم تێزە زەمینەی ئەو دیدەمان بۆ دەڕەخسێنێت کە ئێمە لەناو کایەی پاداشت و سزاین نەک دیموکراسی. بەم پێیە، لەناو ئەم کایەیەدا براوەی موتڵەق یان رەها هەیە لەگەڵ ئەوانەی تر کە نەک هەر دۆڕاون بەڵکو شایستەی ئەوەی یان دەکرێت سزا بدرێن. بەپێی ئەم دیدە ئەردۆگان مافی هەیە سزای هەدەپە بدات چونکە هاوکاری نەبووە. ئەمە دیموکراسی نیەو مۆدێلێکی ئێجگار ترسناکە بۆ حوکمڕانی.  بنەمای حوکمی دیموکراسی نابێت لەسەر براوەی ڕەهاو دۆڕاوی ڕەهای، یان لەسەر بوونی مافی سزادان بەوەی هاوکاری براوەنیت هەتا بگات بە ئامانجەکانی بونیادبنرێت. کرۆکی سیستەمی حوکمڕانی تەندروست ئەوەیە کە گشتگیربێت نەک پەرتکەرو سزادەرو بە شەیتانکردن. ئەگەر هەدەپە لەبەر ئەوەی هاوکار نەبووە ڕەوابێت سزا بدرێت، ئەوا زەمینە دەڕەخسێنەت بۆ ئەوەی هەمیشە بەهێز مافی هەبێت سزای لاواز بدات بەوەی کە گوێڕایەڵی نیە، ئەمەش لەڕووی ئەخلاقیی و مرۆییەوە تاوانە. برادەرانی یەکگرتوو دەبێت کەمێک فراوانتر بیر بکەنەوە. ئەوەی ئەردۆگان لە تورکیا دەیکات، مودیش لە هیند دەیکات، بەڵام لە هیند مودی سزای موسوڵمانان دەدات.  حوکمڕانی تەندروست لە سەر بنەمای هێز و سزادان و بێبەریکردن و بردنەوەی ڕەهانابێت، چونکە دەرئەنجامەکەی پەرتبون و قین و کینە و شلەژانە.  


 ئەبوكاروان- ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان دوای شەش مانگ لەشەڕی نێوان یەكێتیی و پارتی، ھێرشی ھەمەلایەن بۆسەر یەكتری بە ناشرینترین شێواز، كە خۆشبەختانە تاكە فیشەكێكی تێدا نەتەقێنراو لەچوارچێوەی (شەڕی میدیای)دا مایەوە، كۆتاییھات، بەڵام ئەمە كۆتایی چیرۆكەكە نییەو لەوەناچێت ناكۆكییەكانیان ھەرگیز كۆتایی بێت، بەڵكو جارێكی تر سەلماندیان شەڕی ئەم دوو لایەنە بەردەوامە، لەشەڕی ئەم شەش مانگەدا کار گەیشتە ئەوەی یەکدی بەخاکفرۆش و سەرانەسێن و تیرۆرست و گەندەڵ تۆمەتبار بکەن. پارتی لەسەرەتای دروستبوونییەوە بەو ئاڕاستەیە كاردەكات كە دەبێ خۆی حیزبی یەكەم و سەرۆك سەردار لەو بێ، یەكێتیش ھەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە وەكو بەدیلی پارتی خۆی ڕاگەیاند، ئەگەرچی لەچەندین قۆناغدا ھاوپیمان دەبن و پێكەوە كاردەكەن كە ھۆكارەكەی زۆرجار بۆ بەرژەوەندی ھاوبەش گەڕاوەتەوە. دوای شەش مانگ لە بایكۆتكردن و بەشدارنەبوون لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتیی گەڕانەوە بۆ كۆبونەوەكان سەرەڕای ئەوەی خەڵكی كوردستان ئەمن و ئاسایشی و ئازادی دەوێ، دژی ئاڵۆزی و كێشەو گرفتی لایەنەكانە، بەڵام خەڵك بەردەوام بڕوای بە نوسینی سەر كاغەز نییە، بەڵكو چاوی لەواقیع و جێبەجێكردنە، بۆیە ھەقیانە بپرسن و ئێمەیش لەگەڵیان دەپرسین بۆچی ئەو ھەڵایەتان دروستكرد؟ بۆچی بۆ ماوەی شەش مانگ خەڵكتان توشی دڵەڕاوكێ كرد؟ گەر كێشەكەتان لەسەر بابەتی ئەوەی كە موچە بكرێتە سیادی و بنەمای چل و حەوت لەسەدو پەنجاو سێ لە سەد نەمێنێ، دەپرسین بۆچی ئەو ڕێككەوتنەتان نوێ كردەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران مانگی حەوتی ٢٠٢١؟ ئەی ئێمە دەیانجار لە میدیاكان باسی ئەم ھەڵەیەمان نەكردو داوای چارەسەرمان نەكرد؟ ئەی باشە بۆچی ھەرخۆتان لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چارەسەرتان نەكرد؟ بەتایبەتیش كێشەی كورتھێنانی موچەو خەرجی لە سنوری سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین؟ گەر یەكێكی تر لە كێشەكان كەیسی كوژرانی ھاوكار جاف بوو، بەپێی چارەسەری كۆبونەوە ھاوبەشی یەكێتیی و پارتی، بۆچی ئەو شەڕەتان شەش مانگی خایاندو ئەو بڕیارەتان نەدا كە لێژنەی ھاوبەش دروستبكەن و دادگا یەكلای بكاتەوە؟ بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تیمی بزوتنەوەی گۆڕان ناڕازی بوونە لە ئەنجامی ئەو ڕێككەوتنەو دیدو بۆچوونەكانیان خستووەتەڕوو، من لێرەدا دەمەوێ بە بیری برادەرانی ئێستای گۆڕان بھێنمەوە كە ڕابردوو بەھەند وەرگرن، ھێندە بزانن گەر پارتی و یەكێتیی لەكاتێكدا ڕێكبكەون و یەكگرتووبن پێویستییان بە ھیچ لایەنێك نەبوەو نییەو خۆ گەر كێشەو ناكۆكیشیان ھەبێت ئەوا ڕێزیان لەچەند لایەنێك گرتووە بەمەبەستی پاراستنی تەرازووی ھێزو خێریان ڕژاندوەتە سەریان، دڵنیابن ھاوبەشی و شەریك لەگەڵ ئەو دوو لایەنە لەوە زیاتر خێر ناداتەوە برایانی گۆڕان. سروشتی پارتی و یەكێتیی وایە دەبێ جار جار شەڕ بكەن و جار جاریش ئاشتبوونەوە بەپێی بەرژەوەندییەكانیان، پێویستە لەسەر دڵەڕاوكی خەڵكی و ئازاردانی موچەخۆرانی سنوری سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین ئەم دوو لایەنە سزا بدرێن . لە كۆتایدا دەمەوێ بڵێم ئەوەی ڕوویدا ڕێککەوتن نەبوو، بەڵکو پینەوپەڕۆیەکی کاتی بوو بە فشاری دەرەوە، مێتودی سیاسەتی هەردوو حیزب نادیموکراتەو عەقڵیەتە سیاسییەکەیان بە لۆژیکی براوەو دۆڕاو مامەڵە دەکات، ئەم عەقڵییەتەش خۆی خوڵقێنەری قەیرانە..


چیا عەباس لە زۆربەی سیستەمە حوکمڕانییەکانی ئەم دنیایە هێزو گروپی ئۆپزسیۆن بوونیان هەیە، با ئاوڕدانەوەیەک لەم پرسە لە باشوری کوردستان بدەین تا بزانین بۆچی بەم رۆژەی ئێستای گەیشتوە. گەر بەئاگابوون و تێگەیشتنەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو مێژووە نەکەین ئەوا مێژوو ئیفلیج و چاوبەستیشمان دەکات. چوونە قوڵایی پرسی ئۆپزسیۆن لە مێژووی باشوری کوردستان کارێکی ئاسان نیە، چونکە بەڵگەو دۆکیۆمێنت و رووداوەکان پشتگیری بوونی ئەو جۆرە پرسە ناکەن، بۆیە دەبێت بەوردی دیدگاو هەڵدسەنگاندنمان بۆ کۆی گشتی رووداو و بیرەوەری و هەڵسەنگاندنەکان بە تەرازوی ویژدان و ئەقڵانیەت دارێژین. بەگشتی لە باشوری کوردستان تا دروستبوونی پەرلەمانی کوردستان دوای راپەرین پرسی ئۆپزسیۆنی بەرێکخراوەیی نەبووە، ئەوەی هەبووە ژمارەیەک سیاسی و خوێنەرو نوسەر رەخنەو گلەیی و گازندەیان هەبووە، بە وتارو هەڵبەست و پەخشان و تەنانەت چیرۆکیش پەنایان بۆ بردووە. ئەم دیاردەیە لەناو حزب و هێزە کوردییەکانیش روویداوە، کاتێک سنوری دەسەڵاتی حزبی و سەرکردەکان بەزێنراوە ئیتر بە پێوەرەکانی رێکخراوەیی و سیاسی و فکرییەوە مامەڵە لەگەڵیاندا کراوە، ئاکامەکانی شەرو پێکدادان و جیابونەوەو سەنگەرگۆڕین و گواستنەوە بوون. چەندین نمونەی ئەمجۆرە رووداوانە مێژووی خەباتی سەردەمی شاخی تەنیوە. دوای روداوی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨و دامەزراندنی کۆماری عێراق ئیتر هیچ بوارێک نەما نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ پێکهاتەکانی تری عێراقیش تا لە کەشوهەوایەکی کراوەو ئارامدا بۆچون و راو و داواکارییەکانی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا تاوتوێ بکەن. شەڕو کوشتن و گرتن و سوتاندنی تەڕو وشکی کوردستان و هێزو گروپە ناڕازییەکانی تری عێراقیش گۆڕەپانی سیاسی عێراقی بە دەریایەک لە خوێن تەنیبو. وڵاتی نێو دوو روبار چوەوە سەر رەچەڵەکە رەسەنەکەی خۆی کە لە مێژویدا زۆربەی ئیمام و سەرکردەو گەورە زانایانی ئیسلام تێیدا تەفروتونا کراون.  رووداوی جەلالی و مەلایی ناودارترین و کاریگەرترین نمونەی دیاردەی بەرەنگاربونەوەی نێو ماڵی کوردە، بەهیچ شێوەیەک لە دورو نزیکەوە پەیوەندی بە هزری ئۆپزسیۆن بوون نەبووە، ئەوکاتەی سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلول گوێی لە داواکارییەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی نەگرت نەدەبوو ئەو باڵە پەنا بۆ رژێمیکی دڕندەی ناوەندی عێراق ببات و خۆی وەک ئۆپزسیۆنی دەسەڵاتێکی شۆڕشی کورد رابگەیەنێت و شەڕیشی بکات.  بەرەچاوکردنی ئەوەی کە ناکۆکی و ململانێکانی نێو ریزەکانی بزافی کوردایەتی لە باشور زادەی خواستی دەسەڵاتپەرستی و تێکشکاندنی یەکترو بەشێک بوون لە سودبەخشین بە جەمسەرگەری ناوچەکە بۆیە هیچکات زەمینەخۆشکەرو بنیاتنەری هزرێکی دروستی ئۆپزسیۆن نەبوون. سەرجەم خولەکانی شەڕی ناوخۆو ئاکامەکانیشی لە ١٩٧٥ تا ئەم چرکەیەش هیچ پەیوەندی بە فکرو هزری گۆڕانکاری و چاکسازییەوە نەبووە، شەڕی دوو میرنشینی کوردی بووە لە پانتاییەکی بچوکی داخراو و گەمارۆدراو، ئەم واقیعە تا ئەم چرکەیەش ئەو هاوکێشەیە بەڕێوە دەبات. خاتونێکی دەسەڵاتداری ئەمریکی دێتە کوردستان و چاو لە پارتی و یەکێتیی سوردەکاتەوە، ئەوانیش یەکسەر پەنجەی رازیبون بەرزدەکەنەوە. خێرە پاش ئەو چەند ماوە درێژە لەدابڕان لەیەکترو بەدناوکردنی یەکتر دەرکیان بە بەرژەوەندییەکانی کوردو کوردستان نەکردبوو. کارەسەتاکانی کورد لە باشور لەم ئەقێلەتەوە سەریانهەڵداوە و گۆشەکراون و بە قەتماغەیەکی تەنکی هزری گۆڕانکاری و نیمچەئۆپزسیۆنی سێبەر دادەپۆشرێن.  کاک نەوشیروان لەگەڵ دامەزراندنی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی بازێکی زۆر گەورەی بەسەر ئەو مێژووە خوێناویەی دەیان ساڵەدا نا، مەبەست بوو تاکی هاوڵاتی رابهێنێت کە دەکرێت ئۆزسیۆن بێت و پەنا بۆ چەک و تێکدان و سڕینەوەی یەکتر نەبات. ئەزمونی گۆڕان وەک هێزێکی بنەرەتی ئۆپزسیۆنی سەردەمەکەی هەڵکشان و داكشانی هەستیاری بەخۆیەوە بینیوە، دوای دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم لە هەولێری پایتەخت ئیتر هیچ گومانێک نەما لەوەی ئیرس و ئەقڵیەتی سیاسی و فکری دەسەڵاتی کوردی رێگا نادات ئۆپزسیۆنێکی کاریگەرو بەهێز بوونی هەبێت، ئەوەی دەیەوێت ئۆپزسیۆنێکی دەستەمۆکراو و پۆپۆلیست و لەکەدارو لاواز بێت تا هەمیشە داشی بەسەریاندا زاڵ بێت و بۆ دنیای دەرەوش وەک ئارایشتەکردنێکی بێ پێزی پرۆسەی دیموکراسی نمایشی بکات. ساڵی پار بەتەلەفۆن تاوتوێکردنێکی گەرمی پرسی ئۆپزسیۆنم لەگەڵ شاسوار عه‌بدولواحید. سەرکردەی نەوەی نوێ، کرد، ئەو لەوباوەرەدایە هێدی هێدی بەرێگەی پەرلەمانەوە شوێن بەدەسەڵات لەق دەکرێت. ئەم بوچەنە راستە لە سیستەمێکی دیموکراسی و کۆمەڵگایەکی هۆشیارداو کاتێک یاسا سەروەر بێت. هەروەک مەلا بەختیار جارێک راستگۆیانە گوتی: یەکێتی گەر یەک کورسی پەرلەمانیشی هەبێت هەر یەکێتییە، بەواتایەکی تر بەزەبری مێژوو و چەک و پارە هەر فەرمانڕەواو دەسەڵاتدار دەبێت. لەوباوەرەدام ئەم واقعە نەخوازیارە تا ساڵانێکی درێژی تر بە پەرله‌مان ناگۆڕدرێت، ئەمە تەنها پەیوەندی بە دەسەڵاتی هەرێمەوە نیە بەڵکو سروشتی سیاسی ناوچەکەو خواستی ئەمریکاو دۆستەکانی بۆ راگرتنی ئەم دەسەڵاتە رۆڵی زۆر هەستیاریان هەبووەو هەشە لە بێ بەرەکەتی ئۆپزسیۆن. ئێستا لەم دۆخە زۆر دژوارو ئاڵۆزەی سیاسی و حوکمڕانی هەرێم بانگەشەکردن بۆ هزری گۆڕانکاری زۆر گەرم و بەجۆش بووە، تایبەت وا بریارە پاش نیو ساڵ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بکرێت. چەندین بەرەو هاوپەیمانی و گردبوونەوە کەتونەتە خۆیان، دەبینین موخەزرەمەکانی سیاسەت، تایبەت ئەوانەی کورد وتەنی: لە هەزار ئاویان داوە قولەپێیان تەڕ نەبووە، ئەوانەشی بە قورمیشکردنی بەغدا و تاران و ئەنکەرە و کارئاسانی بۆیان وروژاون فڕکەفڕکیانە. بێگومان مافی خۆیانە کار بۆ ئەو شتانە بکەن کە مەبەستی خۆیانە، بەڵام دڵگرانی و نیگەرانییەکە لەوەدایە پارچەپارچەن، کەسانێکی لەکەدارو گومانلێکراویان تێدایە، زۆربەیان خۆیان بەفریادڕەس نمایش دەکەن، هەندێکیشیان پەنا بۆ پرۆسەی چاکسازیی حزبی دەبەن، کە کارێکی مەحاڵە. لەسەروی ئەمانەشەوە لەبری ئەوەی قۆڵی لێهەڵماڵن و زەمینەخۆشکەر بن بۆ سەرهەڵدانی هێزێکی ئۆپزسیۆنی بەهێزو کاریگەر یاخود بەلایەنی کەمەوە بۆ سازدانی پانتاییەکی هاوبەش هەر سەرقاڵی فوکردنن لە ئاسنی سارد کە نەرمیش نابێت.  ئەوانەی بە هۆشیارییەوە دۆست داون دەبێت زۆر بە ئاگاو وردییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم هەڵمەتانە بکەن.


بەهرۆز جەعفەر  ئەمڕۆ ١٤ ی ئایاری ٢٠٢٣ ئەستێڵی مێژوو گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی بۆ تورکیاو ناوچەیی بۆ گەلانی ناوچەکەو جیهانی بۆ خۆرئاوا لە خۆ دەگرێت. ملیۆنەها کەس لە تورکیا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان: زیاتر لە (٦٤.١) شەستو چوار ملیۆن و سەت هەزار هاونیشتیمانیی تۆمارکراون، دەنگەکانیان دەخەنە ( ١٩١.٨٨٥) سەتو نەوەت و یەک هەزار و هەشت سەت و هەشتاو پێنج سندووقەوە. هەر دەنگدەرێک دوو دەنگ دەدات؛ یەکێک بۆ سەرۆک، یەکێکیش بۆ ئەو پەرلەمانتارەی هەڵیدەبژێرێت، هەریەکەیان بۆ ماوەی (٥) ساڵ نوێنەرایەتی خەیاڵدان و مافەکانی دەنگدەرانی تورکیا دەکەن. بەدیاریکراوی (٣٠) پارتی سیاسیی و (١٥٠) کاندیدی سەربەخۆ بۆ بە دەستخستنی (٦٠٠) کورسی پەرلەمان کێبڕکێیەکی تووند دەکەن. پێنج بلۆکی فرە حزبی لە کاندیدکردنەکەدا هەن: هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی نەتەوە، هاوپەیمانی باوباپیران، هاوپەیمانی کرێکاری و ئازادی، هاوپەیمانی یەکێتی هێزە سۆسیالیستەکان. ئەمەی لەسەرەوە باسکرا؛ تەنهاو تەنها وەک زانیاریی و شرۆڤەیەکی ڕۆژنامەوانییە. ئەوەی پێویستە توێژەرێک بە دوایدا بگەڕێت ئەوەیە؛ لە دوای بیستو چوار کاتژمێری دیکەوە تا چەند ساڵێکی دیکە چی لە تورکیا ڕوودەدات و کاریگەرییە هەمەجۆرەکانی بۆ ناوچەکە و جیهان چی و چۆن دەبێت؟ بۆچی تورکیا حاڵەتێکی تایبەتە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؟ سیفەتەکانی وەک: پێگەی جوگرافیی، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئاینی، سیستەمی سیاسیی، کاریگەریی لەسەر جەمسەرگیریی ناوچەیی و جیهانیی لە تورکیا وەک هیچ کام لە (١٩٦) دەوڵەتەکەی دیکەی جیهان نییە. لە سوید هەڵبژاردن دەکرێت، تەنها چوار حیزبن و ململانێیەکی دیاریکراویان هەیە لە نێوان پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی، حیزبی ناوەند، چەپەکان، سەوزەکان. هەموو شەن و کەوەکە لەوێدا تەواو دەبێت. یان لە یابان تەنها دوو حیزبن؛ حیزبی دیموکراتیی (مینشینتو) کە لە (٢٠٠٩) ەوە پارتی فەرمانڕەوایە، لەگەڵ پارتی دووەم کە حیزبی کە لیبراڵ- دیموکراتەکانن (جیمینتو) و دیدێکی کۆنزێرڤاتانەیان هەیە: ئیتر لێرەدا قسەو باس و حیکایەت تەواو دەبێ. بەڵام لە تورکیا وانییە. ڕەهەندەکانی ئێجگار زۆرن. - ڕەهەندی ناکۆکی لەسەر گۆڕینی شوناس و ناسنامەی تورکیا، ئایا عیلمانیەتێکی خۆرئاوایی (هاوشێوەی ئەوەی فەڕەنسا واتە؛ لایستێ) بێت یان ناسنامەیەکی کلاسیکی ئیسلامیی و بادانەوە بە ئاڕاستەی سەرکردایەتیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخوود ئیسلامێکی میانەڕەوی-پراگماتیکی وەک ئەو مۆدێلەی ئاکپارتی کە لە (٢٠٠٢ ەوە تا ٢٠١٥) بە سەرکەوتوویی هێنای.  - ڕەهەندی کودەتا: لە (١٩٦٠ ەوە تا ١٩٩٧) سەرباز چوار حکومەتی هەڵبژێردراوی ڕووخاندووە: بە کودەتاکانی ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٨٠ و بە بڕیاری سەربازی لە ساڵانی ١٩٧١ و ١٩٩٧. ئەوەی ئەمجارە وەک سیناریۆیەک (ئەگەرێک) ئەگەر ڕووبدات هاوشێوەی ئەو کودەتایە دەبێت کە (٦٣) ساڵ بەر لە ئێستا بە دیاریکراوی ئەم بەروارەی ئێستا ڕوویدا؛ لە ٢٧ ی ئایاری ١٩٦٠ دا یەکەم کودەتای کۆماری تورکیا ڕوویدا،  لەلایەن گروپێکی ٣٨ گەنجی ئەفسەری سەربازی تورکیاوە ئەنجامدرا، کە لە دەرەوەی زنجیرەی فەرماندەیی سەربازی مامەڵەیان دەکرد. ئەنجامەکەی دوورخستنەوەو لە داردانی سەرۆکوەزیران «عەدنان مەندەریس» بوو.  - ڕەهەندی ئیسلامی سیاسیی. لە ساڵی (١٩٧٣) ەوە تا ئەم چرکەساتەی (٢٠٢٣) ئیسلامی سیاسیی خەونی گەڕانەوەی هەیە بۆ زاڵکردنی گوتار و قەڵەمڕەویی خۆی لە تورکیا. هەموو جارەکانیش بە سەرکردایەتی باوکی ئیسلامی سیاسیی «نەجمەدین ئەربەکان» ئەمە دەکراو، هەموو جارەکانیش دەستەڵات بە بیانووی سەرپێچیی دەستووریی و تۆمەتی گۆڕینی ئاڕاستەی بیریی دەوڵەت حیزبەکانی دەداخرا، تا دواتر «حیزبی ڕەفاه» و پاشان «فەزیلە» و ئینجا «سەعادەت»، ئینجا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە پشتی باخچەکەی مامۆستاکەی «ئەربەکان» ەوە لە حەوشەکە هاتە دەرەوەو حیزبی دادو گەشەپێدانی تورکیی لە ( ١٤ ی ئابی ٢٠٠١) دا بە ئەمیندارێتی «فاتیح شاهین» و سەرکردەکانی وەک «بینالی یەڵدرم» و «عەبدولحەمید غەول» پێکهێنا. ئەگەر تێبینی مێژووەکە بکەین، هەرکاتێک هێزێک ویستوویەتی ناسنامەو شوناسی کۆمەڵگەو دەوڵەتی تورکیی بگۆڕێت، کودەتا ڕوویداوە (ئەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان)، بۆیە دەبینین کاراکتەرێکی وەک تورکوت ئۆزاڵ-  Turgut Özal لە سییستمەکەدا سەرکەوتوو بووە لە ماوەی (١٩٨٣ تا ١٩٨٩) سەرۆکوەزیران بوو،،لە (١٩٨٩ تا ١٩٩٣) سەرۆکی تورکیا بووە: هێڵێکی ناوەندیی گرتبوە بەر. بۆ ئەوەی دەرگای تورکیا بەرەو ڕووی خۆرئاواو کۆمپانیاکانیان بخاتە سەر پشت، بە شەوان لەگەڵ وەبەرهێنە ئەوروپییەکاندا مەی دەخواردەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگاو نوخبەی ترادیشناڵی ئاینی لە خۆی ڕازی بکات، بە ڕۆژ لە مزگەوتەکاندا نوێژی دەرکرد. پێگەی جوگرافیی تورکیا ڕەهەندە ستراتیجییە هەستیارەکەیە ئەو ناوچانەی تورکیا لینکی جوگرافیی ڕاستەوخۆی لەگەڵیدا هەیە، لە هەموو ڕوویەکەوە دڵی جیهانن: تورکیا لە قەوقاز، لە ناوچەی بولقان و دەریای ڕەش، تورکیا وەک پۆستێکی گەورەو گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئاسیادا، تورکیا وەک بۆردەرێک بۆ ئەوروپا کە خوازیارە هەموو (هەموو شتێک) هەموو هێڵێکی وزە بە خاکی تورکیادا بچێتە ئەوروپا نەک چەند دانەیەک. تورکیا لە دەریای سپی ناوەڕاست (میدیتریانە- Mediterranean) یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکان. لەم ناوچەیە یەکێک لە کێشە هەرە گەورە- مێژووییەکان لە نێوان یۆنان و تورکیا لە لایەک، هەموو ئەوروپاو تورکیا لە لایەکی تر بە هەڵواسراویی ماوەتەوە کە کێشەی دوورگەی قوبرسە. لەم ناوچەیە لووتکەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست هەیە کە هەموو وڵاتانی ناوچەکەی تێدایە جگە لە تورکیا. لەم ناوچەیە کێشەی سوریا و لیبیا هەیە، لەم ناوچەیە کێشەی لوبنان و ئیسرائیل هەیە، کێشەی کۆچبەر هەیە، کێشەی فەلەستین و ئیسرائیلیش هەیە. لە هەموویاندا تورکیا بەشێکی گرنگی قسەکردن و هاوکێشە ئەمنی و سیاسییەکان بووە. لە هەموو ئەمانەدا، حیزبی فەرمانڕەوا کە ئاکپارتییە بە ڕێبەرایەتی ئەردۆگان لە ساڵی (٢٠١٠) ەوە سەرئێشەیەکی گەورەی بۆ ئەوروپاو ئەمریکا درووست کردووە. ڕۆژێک لەگەڵ ئیسرائیل ناکۆکی و وتاری زبری هەیە کە لە (٢٠١٠ ەوە تا ئێستا) پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل نەگەیشتونەتەوە ئاستی متمانەیەکی تەواوەتی. ڕۆژێک لەگەڵ میسر، ڕۆژێک تورکیا وەک ئەندامی سەرەکی ناتۆ دەچێت مووشەکی ئێس-٤٠٠ لە ڕووسیا دەکڕێت. ڕۆژێک لەگەڵ پەکەکەو یەپەگە. ڕۆژێک وا دەزانێ ئەمریکا پۆلیسی ئەوە بە زۆر دەیەوێت «فەتحوڵا گویلەن» ی ڕادەست بکاتەوە. ڕۆژێک هەڕەشەی دەرگاکردنەوە لە کۆچبەران دەکات تا بگەنە ئەوروپا. ڕۆژێک لە سوریاوە گرووپی چەکداریی دەبات لە ئاوەکانی سنوری یۆنانەوە دەیان پەڕێنێتەوە بۆ لیبیا ! ڕۆژێک هەڕەشە لە یۆنان دەکات و دەڵێت: بەم زووانە، دەمەو بەیانێک بۆتان دادەبەزین. ڕۆژێک بە شازادەی سعوودییە دەڵێت: قەسابەکەی سعوودییە! هەربۆیە، هەموو ئاماژەکان لەسەرەتاوە تا ئێستا وایە؛ کە جیهان دەیەوێت ماڵئاوایی لە سیاسەتەکانی ئەردۆگان بکات. بۆ وێنە؛ باڵوێزی ئەمریکا لە ئەنکارا بە فەرمی لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردندا سەردانی سەرۆکی هاوپەیمانی میللەت «کڵیچدارئۆگلۆ» ی کرد و سەرۆکی هاوپەیمانی کۆمار «ئەردۆگان»ی توڕە کرد. میدیا ئەمریکی و ئەوروپییەکان بە ئاشکرا باس لە پێویستی کەوتنی ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن. جیهان پێویستی بەوە نییە دەوڵەتێکی کاریگەریی وەک تورکیا ڕەفتاری شۆڕشگێڕانەی هەبێت، بەڵکو پێویستی بە دیبلۆماسییەتێکی سەقامگیر و نەزمێکی نوێی بازرگانیی ئازاد هەیە.  شڵەژانە ئابورییەکان  بە پلەی یەکەم، پرسە ئابورییەکان دەبنە هۆی خستنی ئەردۆگان؛ تورکیا پێگەیەکی گەورەی ئابوریی هەیەو ڕۆڵی لە بەرهەمهێنانی جیهانییدا هەیە. پێش ساڵی (٢٠٠٢) پێگەی ئابوریی تورکیا لە (١٦٠) هەمینەکاندا بوو، ئیمڕۆکە بووەتە (١٩)یەمین پێگەی ئابوریی جیهان، ئەندامە لە گرووپی (G-20). بەڵام ئەم ئابورییە تووشی داخورمان و شڵەژان بووەتەوە. لیرەی تورکی دە ساڵ بەر لە ئێستا (١٥٠) لیرە بەرانبەر (١٠٠$) دۆلار بوو، ئیمڕۆکە (١٩٦٠) لیرە بەرانبەر (١٠٠) دۆلاری ئەمریکییە. وڵاتێکی وەکو عێراق لە (٢٠٢٣) دا یەدەگی بانکی ناوەندییەکەی (١٠٠) ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە، کەچی تورکیا یەدەگەکەی (١٩.٩٩) ملیار دۆلارە (واتە کەمتر لە ٢٠ ملیار دۆلارە) ئەوەش، دوای ئەوە دێت کە  لە ماوەی دوو ساڵدا سێ جار سەرۆکی بانکی ناوەندیی لە تورکیا گۆڕاوە. هەڵاوسانی ئابوریی پێویستە (٤٪) بێت تا (١٠٪) یش تاڕادەیەک لە بارودۆخێکدا ئاسایی وەردەگیرێت، کەچی لە تورکیا گەیشتۆتە (٨٠٪)! حکومەتەکە خۆی دەڵێ بێکاریی (١٠٪) ە بەڵام زۆر سەرچاوەی دیکە دەڵێن تا سەروو (٢٠٪) ە. لە دواهەمینیاندا، بوومەلەرزەکەی سەرەتای (٢٠٢٣) بووە هۆی گیانلەدەستدانی (٥٠٠٠٠) پەنجا هەزار کەس لە وڵاتەکەدا، کە بە پێی بانکی نێودەوڵەتی بونیادنانەوەی بینا داڕووخاوەکان پێویستی بە زیاتر لە (١٠٠) ملیار دۆلارە. خاڵێکی گرنگ نابێت لە بیر بکرێت، ئەوەیە کۆمەڵگەی تورکی کۆمەڵگەیەکی تەواو ئاوێتەیە؛ تۆ بچیتە ئەڵمانیا، نەرویج، ئەمریکا لەمسەر بۆ ئەوسەری وڵاتەکە ئەڵمانیاو نەرویج یان ئەمریکا دەبینیت. بەڵام لە تورکیا وانییە: لە ئامەد کورد دەبینی، لە عەنتاب و ئەدەنە عەرەبی مورتوربەکراو لەسەر کورد و تورک دەبینی، لە کۆنیا کەشێکی ئاینی هەیە، لەئیستانبوڵ جیهان بەگشتی و خۆرئاوا بە تایبەتی دەبینی، لە ئەنکارا نەزمێکی هێمن و زانستخواز دەبینی، لە ترابزۆن وا دەزانی ڕووسیاو جۆرجیات بینیوە، لە ئیزمیر چەپێکی- عیلمانیی تائەندازەیەک ڕەگەزپەرست دەبینی. لەناو هەموو ئەمانەدا تارمایی گویلەنییزم دەبینی،  گویلەنییەکان، وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، ئاینی، بازرگانیی ئۆرگانیزەکراوی تورکیی بەردەوام لە بۆسەی ئاکپارتی و ئەردۆگاندان. گویلەنییەکان لەگەڵ ئەوەی قەدەخەکراون، چەندین زانکۆ، نەخۆشخانە، دامەزراوەی پەروەدەیی و دارایی بەهێزیان لە شوێنە جیاوازەکانی دەرەوەی تورکیادا هەیە، لۆبییان هەیە، ئەزموونیان لە ناو سیستەم و دامەزراوەکانی تورکیادا هەیە. بابزانین کۆمەڵگایەکی وەها کێ هەڵدەبژێرێت: ئەوەی لە کۆتا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن چەپکە گوڵی لەسەر مەزاری ئەتاتۆرک دانا «کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ» یاخود ئەوەی سەردانی مزگەوت و ئایا سۆفیا ی کرد «ڕەجەب تەیب ئەردۆگان»؟! دەرئەنجامەکە فەوزایە ئەردۆگان زۆر نزیکە لە کەوتن، دەرچوونەوەی بە «سەرۆک» ی تورکیاش مەحاڵ نییە. ئەو سیاسییەکی تەواو لێزان و کاریگەرە. بەڵام تەحەداکانی بەردەمی یەک و دووان و سیان نیین. ناحەزەکانی لە گەنجە بێکارەکانی تورکیاوە، لە زیندانەکانەوە، لەوانەی مافیان پێشێلکراوە لە ئازادیی ڕادەربڕیندا دەست پێدەکات، بە جەهەپەو هەدەپەو پەکەکەو یەپەگەو گویلەنییەکان گەرمتر دەبێت، بە تووڕدانی لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیاو ئەوروپاوە کۆتایی دێت.  ڕۆیشتنی ئەردۆگان لە دەستەڵات بۆ کورد باش بێت یان نا: سەرئەنجامی ئەم دۆخە لە تورکیا هیچ نییە جگە لە پشێوییەکی گەورەو چەند ساڵە..کڵیچدار ئۆغلۆ کە سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی میللەت دەکات بیباتەوە: دەبێت چاوەڕێی فەوزای ناو هاوپەیمانێتییە شەش قۆڵییەکەی لەلایەک، گەڕێکی تری دژایەتی ئاکەپەو ئەردۆگان لەلایەکی تر بکات. ئەردۆگانیش بیباتەوە دەرئەنجامەکە هەر فەوزاو دڕودۆنگیی ناوچەیی و جیهانیی و ناوخۆیی دەبێت. بەهرۆز جەعفەر: دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی -MIRS.


خه‌بات عه‌بدوڵڵا • له‌وه‌ته‌ی‌ كۆماری‌ توركیا دامه‌زراوه‌، زۆر به‌ سه‌ختی‌ به‌ده‌ست‌ قه‌یرانی‌ شوناسه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت‌. له ‌ڕووی‌ ئایدۆلۆژییه‌وه‌ سیستمی حوکمڕانیی تورکی دیلی‌ كه‌مالیزمه‌ و میراتی‌ عه‌سكه‌ر تارماییه‌كی‌ ئێجگار قورسی‌ به‌سه‌ر كایه‌ سیاسیی ‌- كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ داناوه‌. ئایدۆلۆژیای‌ ڕه‌سمیی‌ ده‌وڵه‌ت تا هه‌نووكه‌ به‌ بنه‌ماكانی‌ میساقی‌ میللی‌ كه‌ له‌ بیسته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ پێشوو داڕێژراوه‌، كار ده‌كات. بۆیه‌ توركیا ده‌وڵه‌تێكه‌ تا نها له ‌ڕابردوودا ده‌ژی. • له‌پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ئیمپراتۆر‌ێتی‌ عوسمانی و تا هه‌نووكه‌، توركه‌كان بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ ته‌نگژه‌ی سیستم، (ده‌ره‌وه) ده‌که‌نه‌ نه‌یار و هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆیان ده‌كه‌ن. به‌شێكیش له‌ ده‌رهاویشته‌كانی‌ ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌‌ به ‌ڕه‌قیب ته‌ماشاكردنی‌ ده‌وروبه‌ره‌. توركیای‌ كۆماری نه‌ له‌گه‌ڵ‌ دراوسێكانیدا: یۆنان، قوبروس، بولگاریا، ئه‌رمه‌نستان، ڕوسیا، ئێران، عێراق، سووریا دۆستایه‌تییه‌كی‌ پته‌وی‌ دامه‌زراندووه‌، نه‌ ئاماده‌ش بووه‌‌ له ‌ناوخۆدا بۆ ساتێکیش ده‌ست له‌ سڕینەوەی‌ كورد هه‌ڵ بگرێت. • ئه‌و سیستمه‌ی‌ كه سەد ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌تاتورك له‌سه‌ر داروپه‌ردوی‌ ئیمپراتۆرێتی‌ عوسمانی‌ بینای‌ كرد، تا ڕۆژی‌ ئه‌مڕۆ سیستمێكی‌ ئاڵۆز و هه‌ڵگری‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی‌ توولانی‌ و چاره‌نه‌كراوه‌ كه ‌پێوه‌ندییان به‌ ئیده‌نتێتی و شوناس و جیهانبینیی‌ سیاسیی‌ توركییه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ كاتێكدا سیستمی تورکی سەد ساڵه‌ له‌ هه‌وڵی‌ خۆداماڵین له‌ خۆرهه‌ڵات و ڕاكردنیه‌تی‌ به‌ره‌و خۆرئاوا، كه‌چی‌ گه‌لانی‌ توركیا زاكیره ‌و خه‌یاڵدانێكی‌ ئیسلامی‌ و خۆرهه‌ڵاتیيان هه‌یه‌. توركیا ئه‌ندامی‌ ناتۆ و دۆستی‌ ستراتیژیی ئیسرائیله‌، كه‌چی‌ سەرۆکەکەی یەکێک لە ڕابەرە سەرسەختەکانی ئیخوانە. دەوڵەتی‌ توركی ئاماده‌ نییە‌‌ دان به‌وه‌دا بنێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ تورك، کوردیش وەکو گەلێکی جیاواز لەوان نیشته‌جێی‌ توركیان، كه‌چی‌ له‌سه‌ر كه‌مایه‌تییه‌ به‌ڕه‌گه‌ز توركه‌كانی‌ بولگاریا و قوبرس و عێراق، ئاماده‌ی‌ له‌شكركێشییه‌. تێڕوانینی دەوڵەتی تورک‌ لەمەڕ کورد هێنده‌ جێگه‌ی‌ پرسیاره‌، وای‌ له‌ نووسه‌ری‌ كورد محه‌مه‌د ئۆزۆن كرد بڵێت "بناغه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ تورك له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی‌ كورد دامه‌زراوه‌". • ‌توركیا تا ئه‌مڕۆ نه‌یتوانیوه‌ خۆی‌ له‌و كه‌ماسییه‌ سایكۆلۆژییه‌ ڕزگار بكات، كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركی له‌سه‌ر دروستكرا، ئه‌و كه‌ماسییه‌ی‌ كه‌ ڕه‌گه‌كانی‌ به ‌ناو قووڵایی‌ ناسیۆنالیزمی‌ توركیدا ڕۆچووه‌ و ژه‌نه‌ڕاڵه‌كان دنه‌ی‌ ده‌ده‌ن. هەر بۆیە بێ‌ تێگه‌یشتن له ‌ڕۆڵی‌ سوپا ناتوانین نه‌ سیستمی‌ سیاسیی‌ توركی‌ بخوێنینه‌وه‌، نه‌ ناوه‌نده‌كانی‌ بڕیاردان و سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌ڕه‌شه‌ بناسین.  •  ئه‌وه‌ قسه‌ی‌ پێناوێت، له‌ پشتی‌ دیموكراسیی‌ توركییەوە‌ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ فاشی‌ خۆی‌ مات داوه‌ كه ‌خۆی‌ له ‌ژه‌نه‌ڕاڵه‌كانی‌ سوپادا ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌وه‌ ڕاسته‌ كه ‌توركیای‌ كۆماری‌ له‌ ساڵی‌ ١٩٢٣دا‌ دامه‌زرا‌، به‌ڵام تا ساڵی‌ ١٩٥٠ كه ‌ته‌نها پارته‌كه‌ی‌ ئه‌تاتورك فه‌رمانڕه‌وا بووه‌، كه‌س ناتوانێت باس له‌ دیموكراسی‌ بكات. له‌ ساڵی‌ ١٩٥٠ بۆ یه‌كه‌مینجار پارتێكی‌ جیاواز له‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌تاتورك، كه ‌پارتی‌ دیموكراسی‌ بووه‌، ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست. ته‌نها ده‌ ساڵ دوای‌ له‌ دایكبوونی‌ دیموكراسی‌، سوپا یه‌كه‌مین كوده‌تای‌ خۆی‌ ده‌كات و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ له ‌سێداره‌ ده‌دات. • له‌ ژیانی‌ سیاسی‌ ناوخۆدا، سوپای‌ توركیا هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ تۆقێنه‌ر بووه‌. به‌پێی‌ ستاتسه‌ ڕه‌سمییه‌كان، له‌ ساڵی‌ ١٩٦٠ بەدواوە تا ده‌سه‌ڵاتی ئێستای پارتی داد و گه‌شه‌‌پێدان، سی‌ و پێنج حكومه‌ت له‌ توركیادا هاتوونه‌ته‌ سه‌ركار، له‌و ژماره‌یه‌ ته‌نها سێ‌ حكومه‌تیان – به ‌حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ئێستاشه‌وه‌ - ماوه‌ی‌ یاسایی‌ خۆیان له ‌ده‌سه‌ڵاتدا بردۆته‌ سه‌ر، هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر‌ یان ده‌ستیان له‌ کار کێشاوه‌ته‌وه‌ یاخود ده‌ستیان پێ‌ له‌ كار كێشراوه‌ته‌وه‌. ڕاستییه‌كه‌ی‌ وه‌كو محه‌مه‌د ئاڵتان ده‌ڵێت "له ‌توركیا حزبی‌ سیاسی‌ حوكم ناكات، به‌ڵكو ڕژێمێك حوكم ده‌كات، ئه‌و ڕژێمه‌ی‌ كه‌ عه‌سكه‌ره‌كان له‌ كوده‌تای‌ ١٩٨٠ه‌وه‌ ڕێوڕه‌سمیان بۆ داناوه‌، هه‌ر حیزبێك پێ‌ بخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و ڕژێمه‌، له ‌گه‌مه‌كه‌ ده‌كرێته‌ ده‌ره‌وه‌". له‌ خۆ‌ڕا نییه‌، له‌ ١٩٢٣ه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ دوو سه‌د حزبی‌ سیاسی‌ دامه‌زراون و سوپا تا ئێستا سێ جار كوده‌تای‌ دژ به حکومه‌ت‌ كردووه‌.  •  ڕۆڵی‌ سوپا له‌ توركیا ڕه‌گوڕیشه‌ی‌ مێژوویی‌ هه‌یه‌. ئه‌م ڕۆڵه‌ هه‌ر له‌ سوپای‌ ئینكشاریی عوسمانی‌ كه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر دانانی‌ سوڵتانه‌كان هه‌بووه‌، هه‌تا بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیتحاد و ته‌ره‌قی كه‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی‌ سوپا لێیه‌وه‌ توركیای‌ نوێیان دروست كرد، قووڵایی‌ هه‌یه‌. سوپا له‌ توركیا دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ پۆپۆلیسته‌ و خراوه‌ته‌ سه‌رووی‌ داموده‌زگاكانی‌ تری‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌،‌ ده‌وڵه‌ت له‌ توركیادا به‌جۆرێك ته‌ماهی‌ له‌گه‌ڵ سوپادا كردووه‌، هه‌ر كه‌ ئاماژه‌ بۆ سوپا بكرێت، ڕێک وه‌کو ئه‌وه‌ وایه‌ ئاماژه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت بکرێت. جگه‌ له‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ گه‌وره‌كانی‌ میدیای‌ توركی‌ له‌پشته ‌و هه‌ر كاتێك بیه‌وێت ڕای‌ گشتی‌ به‌ دڵی‌ ژه‌نه‌ڕاڵه‌كان ده‌خرۆشێنن، به‌ هه‌مان شێوه،‌ سوپا گه‌وره‌ كۆمپانیاكانیشی‌ له‌پشته‌. سوپای‌ توركی كه ‌خاوه‌نی‌ یه‌ك ملیۆن چه‌كداره‌، ‌ پاش ئه‌مه‌ریكا دووه‌مین سوپای‌ گه‌وره‌ی‌ ناتۆ و پڕ خه‌رجیترین ده‌زگای‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیاشه‌ كه ‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ كه‌رتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سه‌رمایه‌دارانی‌ تورکیای له‌سه‌ر وه‌ستاوه‌. جگه‌ له‌مه‌ش ‌توركه‌کان‌ له ‌بنه‌ڕه‌تدا عه‌قڵیه‌تێكی‌ عه‌سكه‌رییان‌ هه‌یه‌ و باوكان له‌ په‌سنی‌ منداڵه‌كانیاندا به‌ مه‌غزاوه‌ ده‌ڵێن: "كوڕه‌كه‌م كه‌ گه‌وره‌ بوو ده‌بێته‌ پاشا" (مه‌به‌ستیان له‌ پاشا، ژه‌نه‌راڵه‌). به‌وه‌ش که‌ حكومه‌ت له ‌توركیا هه‌میشه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ ناجێگیر، لاواز و پاشكۆی‌ ژه‌نه‌راڵه‌كان بووه‌، هاوڵاتی‌ توركی‌ هێنده‌ی‌ پشتی‌ به‌ سوپا ئه‌ستووره‌، هێنده‌ گوێی‌ نه‌داوه‌ته‌ حكومه‌ت. • به‌ڕای زۆربه‌ی چاودێران هیچ ده‌مێک هێنده‌ی ئێستا کۆمه‌ڵگه‌ی تورکی توشی دابه‌شبوون نەبووەتەوە. لە هەمان سۆنگەوە ترسێکی گەورە لە یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دەستێوەردان هەیە لەڕێگەی هێزەوە. ئەردۆگان چی تر ئەو ڕیفۆرمیستە ئیسلامییە مەدەنییە نییە کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا نەک هەر ئیسلامییەکان بەڵکو هێزە چەپ و دیموکراتەکانی تورکیاش دەنگیان پێ دا، ئەو ئێستا خۆی دیکتاتۆرێکی عەسکەرتار و خۆی تورکێکی فاشی و بەنیازی زیندووکردنەوەی قەڵەمڕۆی عوسمانییەکان، ئامادەیە شەڕ بە دنیا بفرۆشێت. ئەگەر جاران سوپا بەبیانووی پاراستنی کەلەپووری سیاسیی ئەتاتورک و سیستمی سێکیولار دژ بە هێزە ئیسلامییەکان دەستێوەردانی کردبێت، ئەوا ڕەنگە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ئەم ترسە ڕامکردنی سوپا بێت بۆ یەکەمین جار لە مێژووی تورکیای نوێدا لەلایەن سەرۆکە دیکتاتۆر و ئیخوانییەکەی تورکیاوە، ئەمەش پاش نابووتکردنی دەزگای عەسکەریی تورکی بەتایبەتیش پاش "کودەتا" شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ و هەروەها پاش هاوپەیمانێتیی ئەردۆگان لەگەڵ تورکە نەتەوەپەرستەکان کە لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆریان سەر بە ژەنەڕاڵەکانی سوپان.  • ناکرێت تەنها بە هۆی ڕقلێبوون لە ئەردۆگان، کورد هیوای زۆر بە ئۆپۆزسیۆن هەڵبچنێت. بە هەمان شێوەی دەسەڵات، تا ئێستا هیچ گەرەنتییەک بۆ چارەسەری دۆزی کورد لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە لە ئارادا نییە. بەڵام ئەمە نابێت هەرگیز بەو مانایە بێت کە مانەوەی ئەردۆگانمان لە دەسەڵاتدا پێ ئاسایی بێت. پێویستە سەردەمی ئەردۆگان کۆتایی پێ بهێنرێت. لە پێناوی دووبارەنەبوونەوەی ئەو ئەزموونە، حەق وایە ئۆپۆزسیۆن بیکاتە ئەرک، بە هۆکاری بەدبەکارهێنانی دەسەڵات، خۆی و نزیکەکانی بداتە دادگا.


دانا نه‌قی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم بەرپرسیارە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی ئابوری هەرێم. تەواوی ئەو قەیرانانەش ڕووی لە هەرێم کردووە لەسەر نەوت بووە، هەر ئەمەش وایکرد لەچەند کات و شوێنی جیاواز حکومەتی هەرێم درا بە دادگانی بازرگانی نێودەوڵەتی. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان گەر جارێک لە هەوڵدا بووبێت بۆ ناساندنی ئابوری سەربەخۆی هەرێم لەبواری وزە، ئەوا بەئێستاشەوە بەهۆی گەندەڵی و خراپ مامەڵەکردن بە کۆنتراکتەکانی نەوتی کوردستانی بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار ئاڕاستەکرد. مەلەفی نەوت و غاز زۆر کاریگەرن، دەبێت خەڵکی لێزان و کاریگەریش دابنێرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشهات و دواهاتانەی لە داهاتوودا گرنگ دەبن بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان. لە ڕابردوودا دەیان ملیار دۆلار بەهەدەردراون و نەماون، جگە لەمانەش وەزارەتی نەوتی هەرێم نەیتوانی کادری پێویست پەروەردە بکات لە بوارەکانی تەکنیکی و بەڕێوەبردنی گەشەی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان. گرنگە لەژێر ڕۆشنایی رێکكەوتنی هەرێم و بەغداد حکومەتی هەرێم بە لایەنی کەم ئەم گۆڕانکاریانە بکاتە ئەولەوێت لە وەزارەتی نەوتی خۆی ئەویش ئەم خاڵانەن: ١- گۆڕینی تەواوی ستافی پێشووی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم، بە خەڵکی لێهاتوو خاوەن باکگراوندی پاک، چونکە بەشێکی زۆر لە وانەی ئێستاو پێشوو تێوەگلاون لەگەڵ بازرگانانی نەوت و، کۆمپانیاکانی نەوت، ئەمەش وایکردوە بەهیچ شێوەیەک ڕێ بە چاکسازی نەبەن لە بواری نەوت و غاز. ٢- دانانی خەڵکی پسپۆڕو لێزان، کە هاوشان بێت لەگەڵ ئەو خەڵکە لێزانانەی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق. ٣- هێنانی خەڵکی یاسایی و کارامە لە یاسای نەوت و غاز، بۆ ئەوەی نەکەونە هەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق. ٤- پیاچونەوە بە گرێبەستی تەواوی هەموو کۆمپانیا نەوتییەکان لە سنورەکەدا، ئەمەش بە هاوکاری حکومەتی ناوەندیی، بەم هەنگاوەش داهاتێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سندوقەی دادەنرێت بۆ داهاتی نەوتی هەرێم. ٥- پەیماکانگایەکی پێگەیاندنی کادری نەوتی و غاز دابنرێت لەپێناو پەروەردەکردنی خەڵکی پێویست بۆ ئەو بوارە. ئەم پێنچ خاڵەو دەیان سەرەنجی تر هەیە لەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێم، بەڵام هێشتا زووە کارنامەی ئەم کابینە بوار بدات بە چاکسازیش لە نەوت و غازی هەرێم. وڵاتانی دەوروبەرو تەنانەت کەنداویش سەرمایەیان بە نەوت بنیات ناوە، بەس بەردەوامی و گەشەسەندن لە داهاتوودا بە پارەی نەوت دەتوانن گەشە لە بوارەکانی کشتوکاڵ و، مەعماریی و، تەکنەلۆجی هیتدد.


سەروەت هەڵەبجەیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەموو هەوڵێکی لە پێناو سەرکەوتن یان خۆدزینەوە لە شکست لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەکار هێناوە. ڕکابەرەکان و نەیارانی ئەردۆغان ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەگەر ناوبراو دۆڕاوی هەڵبژاردنەکان بێت، بە ڕێکاری نایاسایی و لە پێناو ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەنا بۆ توندووتیژی ببات. ئەمە بووەتە نیگەرانییەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە سەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا. ئەردۆغان لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە چەندین ئامرازی بۆ سەرکەوتنی خۆی و پارتەکەی تاقیکردەوە، لە کردنەوەی پرۆژەکان و ئەوانەی کە بە ناو دەسکەوتی سەربازی ناوی بردوون، زیاترکردنی مووچە بە تایبەت مووچەی کرێکاران تا لێخۆشبوون لە قەرزە بانکییەکان. ئەمانەش ڕەنگە یارمەتیدەری ئەردۆغان و ئاکەپە نەبێت. ئەوەی کە لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیا باس دەکرێت، سەرۆک کۆمار و تاقمە نزیکەکەی سەرقاڵی داڕشتنی پلانی جێگرەوەن تا لە ئەگەری دۆڕان و شکستی 14 ی ئایار، جێبەجێی بکەن، بە دیاریکراوی لە تورکیا باس لە ئەگەری توندووتیژی دەکرێت، بە تایبەت لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکان، لە بەر ئەوەی کە نەک تەنیا کێشە دەکەوێتە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بەڵکوو هەوڵی چالاکوانانی مەدەنی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی تەندرووست لە ناو دەبرێت. ئەگەر ئەردۆغان واز لە دەسەڵات نەهێنێت و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ئەگەری شکستی خۆی، ڕەتبکاتەوە، ڕەنگە توندووتیژی تورکیا بگرێتەوە و دوو جەمسەری یار و نەیاری سەرۆک کۆمار لەم وڵاتەدا ببینرێت. ئەگەر سەیری وتار و لێدوانەکانی ئەردۆغان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە زمانی هەڕەشەکانی ناوبراو بەرامبەر بە نەیارانی توندتر بووە و ئەمەش وایکردووە کە مەترسییەک لە سەر ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات هەبێت. لە تورکیا بە نیگەرانییەوە لە ڕۆژانی پاش هەڵبژاردنەکان دەڕوانرێت، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی 14 ی ئایار یان گەڕی دووەم کە دوو هەفتە پاشتر بەڕێوە دەچێت، سەرکەوتن بە دەست بێنێت، بەم لێدوانە توند و زمانی هەڕەشەی کاربەدەستانی باڵای حکومەتەوە، ئەگەری دەستاودەستنەکردنی دەسەڵات لە ئارادایە. تاقمە نزیکەکەی ئەردۆغان بە تایبەت وەزیری ناوخۆی تورکیا بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ناوبراو شکست بێنێت وەک کودەتایەکی سیاسی دەبێت. مەترسی توندووتیژی سیاسی لە تورکیا مێژوویەکی زۆری هەیە و ئەمەش وایکردووە کە بە نیگەرانییەوە لە دۆخی داهاتووی ئەم وڵاتە بڕوانرێت. ئێستا نیگەرانییەکان لەوەدایە کە ئەردۆغان تەنانەت ئەگەر ئاکەپەش لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە شکست بێنێت، دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بە دەستەوە نادات.


سه‌ردار عه‌زیز ئەردۆگان بیباتەوە یان بیدۆڕێنێت، حەکایەتەکەی تەواوبووە. حەکایەتی ئەردۆگان، حەکایەتی دین نیە، وەک لە دەرەوە هەوادارانی هەوڵی وێناکردنی دەدەن، بەڵکو وەک لە ئەدەبیاتی تورکیدا ئاماژەی پێدەدرێت، حەکایەتی تورکی ڕەش و تورکی سپییە. تورکیا هەمیشە بە دوو حەکایەت بەڕێوەچووە، یەکێکیان مۆدێرن، ئەویتریان کەلەپور یان ترادیشیون. کە لە پەنجاکان یەکەمجار دەرفەت دەڕەخسێت بۆ هەڵبژاردن، مۆدێرنە بەرامبەر ترادیشیون دەدۆڕێت. بەڵام چیرۆکی مۆدێرنەی تورکی هەمیشە چیرۆکی مۆدێرنەی زەبر بووە. مۆدێرنەی تورکی کە خۆی لە دەوڵەتگەرایی، سوپا، لاییک و ڕۆژئاواییەتیدا دەبینێتەوە، هەرگیز حیکایەتێکی ئاسان نەبووە. ئەم حیکایەت بەزۆری باوەڕوداران یان هەوادارانی خەڵکی شارە گەورەکان و شارە کەنارییەکان بوون، لە بەر کۆمەڵێک خەسڵەتی دیار وەک شاربوون، گەشتیاریی، بیرۆکراسییەت و خوێندەواریی. دیندارانی تورک هەمیشە هەستیانکردوە کە دەوڵەت بۆ ئەوان نیە، بۆیە خۆیان وەک تورکی ڕەش تەماشا دەکەن. لە کودەتای هەشتاوە، پۆستمۆدێرنەی تورکی دەستپێدەکات. دەوڵەت دەستبەرداری زۆر خەسڵەتی دەبێت بۆ بازاڕ. ئەو سەردەمە سەردەمی نیولیبرالیزمی تاتچەرو رێگن بوو لە ئاستی سیاسیدا. لە ئاستی فیکریدا جێگرتنەوە هایەک و فریدمان بوو بە مارکس و ئینجلز. پاڵەوانی ئەم قۆناغە سۆفییەکی نیمچەکوردی، نیمچە لیبرالی بەناوی ئۆزالە. لەوێوە موسوڵمانە تورکەکان دەبنە بۆرژوای بچوک. بەڵام ئێستا زۆریان سەرمایەدارن و مناڵەکانیان شارنشین و خاوەن بڕوانامەی زانکۆ دەرەکییەکان و زمانزانن. ئەوانیش سپی بوونەوە. نوخبەی ئاک پارتی پەرتبوون. گەندەڵ بوون. حەکایەتەکە تەواوبوو. حەکایەتی داهاتوو لە تورکیا، حەکایەتی دادپەروەریی و یەکسانیی و فرەیی دەبێت، بەڵام بە بوونی ڕێگریی زۆر. ئێستا حەکایەتی ترادیشیونخوازەکان پێگەو ڕۆڵ و گەورەیی تورکیایە، ئەم حەکایەتە دەمێنێتەوە. هەوڵئەدم بۆی بگەڕێمەوە، ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانم بە دڵ بێت.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand