هاوڕێ تۆفیق کێشەکان چین؟ بەگوێرەی بریاری دادگای فیدراڵی ژمارە  (٢٣٣) لە بەرواری ٢٠٢٣/٥/٣٠ تایبەت بە رەتکردنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان. پەرلەمان تەمەنی یاسایی تەنها بۆ چوار ساڵەو هەموو ئەو قانون و بڕیارانەی کە لەماوەی تەواوبوونی یاسایی پەرلەماندا دەرچون هەڵوەشاوەن و پێچەوانەی دەستورن. بەوهۆیەوە بڕیاری کێشەداری درێژکردنەوەی ولایەتی ئەنجومەنی کۆمیسۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمیش هاوشێوەی قانون و بریارەکانی تر هەڵوەشاوەن. ئاشکرایە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت سێ پێداویستی سەرەکی و بنچینەیی هەن کە پێویستە هەبن و پێیاندەوترێت کۆڵەکەی هەڵبژاردن. ئەوانیش (قانونی هەڵبژاردن، کۆمیسۆنی هەڵبژاردن، بودجەی دابینکراو لەلایەن حکومەتەوە). لە کوردستان لەو سێ پێویستیە، تەنها یەک دانەیان بەردەستە. ئەویش قانونی هەڵبژاردنی ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو، باقیەکی تری، نە کۆمیسۆن رەوایی یاسایی ماوەو نەحکومەتیش هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ دابینکردنی بودجەی هەڵبژاردن و تەواوی پێداویستییە کارگێریی و دارایی و ئەمنییەکان دابینکردوە، ئەمە جگە لەو راستیەی کە خودی قانونی هەڵبژاردنی هەموارکراویش دڵخوازی گشتی هەموو لایەنەکان نیەو بەڵکو بەپێچەوانەوە سەرچاوەی دروستکردنی ناکۆکی سیاسییە. کەواتە چۆن هەڵبژاردن لە کوردستان دەکرێت؟ یەکەم، بە ناچاری دەبێ کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقی هەڵبژاردنی کوردستان بکات. بەڵام بۆ بێبەختی کورد، ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق، ئەویش تەمەنی یاسایی نزیکە لە تەواوبوون. ئاشکرایە بەگوێرەی قانونی ژمارە (٣١)ی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٩ بەگوێرەی مادەی (٧) بڕگەی یەکەم تەمەنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران تەنها بۆ چوارساڵەو شایەنی درێژکردنەوە نیە. بەو پێیەش تەمەنی یاسایی ئەندامانیان. تەنها نزیکەی حەوت مانگی یاسایی ماوە. کەواتە ئەمە کێشەیەکی ترەو دەچێتە سەر باقی کێشەکانی تر. بەگوێرەی مادەی (٣)ی قانونی کۆمیسۆن، ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە (نۆ ) ئەندام پێکهاتوە، بەگوێرەی بڕگەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم ) لە مادەی (٣)، پێنج لە ئەندامانیان داوەرن لە پۆلینی یەک و لەلایەن ئەنجومەنی داوەریی عێراقەوە کاندید دەکرێن. دوو ئەندامی تریان لەلەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمەوە کاندید دەکرێن. دوو ئەندامەکەی تریشیان راوێژکاری یاسایین و لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە کاندید دەکرێن. لەلایەکی تر ئێستا لە عێراقدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکرێ، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی عێراقی پێشینەی دارایی یەکەمی بۆ کۆمیسۆن دابینکردوە. کەواتە دوو کێشەی تر، جگە لە کێشەکانی کوردستان بۆ هەڵبژاردن هاتونەتە پێشەوە. یەکەمیان، کۆمیسۆنی عێراق تەمەنی یاسایی تەواو دەبێ و پێویستە چارەسەر بکرێ، دووەمیان لە عێراق وابڕیارە مانگی یانزە هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکەن. بۆیە هاوتەریب لەیەک کاتدا دوو هەڵبژاردن پێکەوە بۆ کۆمیسۆنی عێراق بۆیان قورسە. هەرچەندە لە رابردوو چەندینجار دوو هەڵبژاردن پێکەوە لە یەککاتدا کراون. بۆ نمونە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەرێم و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکەوە لە یەک رۆژدا کراون و ئەم ئەزمونە تاقیکراوتەوە. سیناریۆی چارەسەری پێشبینیکراو؛ ١: بەگوێرەی قانونی کۆمیسۆنی عێراق بەهەمان شێوازی رابردوو (نۆ) ئەندامی تر لە ئەنجومەنی دادوەریی و ئەنجومەنی دەوڵەت کاندید بکرێن. ٢: ئەم ئەندامانەی ئێستای ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەلایەن پەرلەمانەوە تەمەنی یاساییان بۆ درێژبکەنەوە .ئەویش لە رێگای هەمواری قانونیەوە ، بەڵام ئەم سینارۆیە لاوازترینە. ٣: بەشێوەی پشکپشکێنەی حزبیی لەسەر بنچینەی نەتەوەیی و تایفی پەرلەمانی عێراق (نۆ) ئەندامی تر دابنێ و هەمواری قانونی کۆمیسۆن بکرێ. ٤: دادگای فیدراڵی مافی دەستوریی هەیە هەندیک مادەی قانونی هەڵبژاردنی هەرێم رەتبکاتەوە .بەو پێیەی ناکۆکە لەگەڵ دادپەروەری هەڵبژاردن و دەستور. سیناریۆی خراپ: عێراق کێشەی سیاسی شاراوەی هەیەو کێشەی تەمەنی یاسایی کۆمیسۆنی عێراق بکەنە بەهانەو پاساو، هەتاوەکو هەڵبژاردنی پارێزگاکان نەکەن و هەڵبژاردنی کوردستانیش هەتاوەکو ساڵێکی تر دوابخرێ بەمەش پێگەی دەستوریی و قانونی هەرێم لاوازبکرێ.


گوڵاڵه‌ سدیق ــ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵێک نزیکەی ١٦ تریلیۆن و ٢٥٦ ملیار دینارە، وەک دەستنیشانکراوە، ٩ تریلیۆنی بۆ موچەیە، ٢ تریلیۆن بۆ خەرجی، ٥ تریلیۆن بۆ پڕۆژە. وە لەیاسای ژمێریارییدا دەتوانرێت گواستنەوە (مناقلة) بکرێت لەنێوان بابەکانی خەرجییەکاندا (واتە دەتوانرێت خەرجی شوێنێک بگوێزرێتەوە بۆ شوێنێکی تر بەپێی پێویستی خەرجییەکە). ــ واتە مانگانە نزیکەی بڕی یەک تریلیۆن و ٣٥٤ ملیار دینار دێت بۆ هەرێمی کوردستان. ئەگەر خەرجییەکان بەم شێوەیە دابەشبکرێت:ـ ١ـ مانگانە، بڕی ٩١٠ ملیار دینار بۆ موچە. ٢ـ ئەگەر پلەبەرزکرنەوەش بگەڕێتەوە، مانگانە نزیکەی ٤٠ ملیار دیناری پێویستە. ٣ـ ئەگەر ١٠%ی پاشەکەوت بە (پلەبەرزکردنەوەشەوە) بگەڕێتەوە نزیکەی ٩٥ ملیار دیناری پێویستە. ٤ـ قەرزی بانکەکان مانگانە نزیکەی ٨٥ ملیار دیناری پێویستە. واتە سەرجەم ئەو چوار خاڵەی سەرەوە (موچەو پلەبەرزکردنەوەو پاشەکەوت و قەرزی بانکەکان)، مانگانە، بڕی یەک تریلیۆن و ١٣٠ ملیاری پێویستە لەکۆی یەک تریلیۆن و ٣٥٠ ملیار دیناری مانگانە. بەمشێوەیەش، حکومەتی هەرێم، مانگانە بڕی ٢٢٤ ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە لەکۆی ئەو بڕە پارەی مانگانە لە بەغدادەوە دێت. وە ئەگەر داهاتی ناوخۆو خاڵە سنورییەکانیش تەنها ٢٠٠ ملیار دینار هەژمار بکەین (کە ئەم بڕە بریتییە لە کەمە دیارەکە، زۆرە نادیارەکە کەس نازانێت چەندە!)، ئەوا حکومەتی هەرێم مانگانە نزیکەی ٤٢٤ ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە، کە دەکاتە نیو موچەی تر، وە ئەگەر ئەم بڕەیە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشبکرێت ئەوا حکومەتی هەرێم دەتوانێت هەمو پڕۆژەیەکی پێ بکات. کەواتە، هەر قسەو لێکدانەوەیەکی تر بۆ ئەو بڕە پارەی لە بەغدادەوە دێت، قسەی بەتاڵەو ئاو دەکاتە ئاشی دەسەڵاتەوەو بیانوو دەداتە دەست حکومەتی هەرێم کەمتەرخەم بێت بەرامبەر پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆران و فەرمانبەران!


چیا عەباس چیرۆکێک لە مێژودا شوین و کات: دەربەندی رایات، بارەگای یەکێتی قوتابیانی کوردستان، شۆڕشی ئەیلول، مانگی مارچی ١٩٧٤، لەو ساتانەدا ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوم و بارەگای رێکخراوەکەمان لەسەر چەمەکەی دەربەندی رایات لەسەر رێگای هامیڵتۆن لە ناوجەرگەی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول بو. لەرێگەی هاوڕێیانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا پەیامێکمان پێگەیشت کە کۆنگرەی گشتی یەکێتی گشتی خوێندکارانی جیهان مانگی ئەپریڵ لە بودابستی پایتەختی هەنگاریا بەڕێوەدەچێت و گەر بمانەوێت دەتوانین لە سایەی شاندی ئەوان لە کۆنگرەکە بەشداربین. بڕیار درا خوالێخۆشبوو عادل مورادو بەندە بەشدار بین، لە دەربەندی رایاتەوە بەرێکەوتین بەرەو تاران، بە کارئاسانی نوێنەرایەتی شۆڕشی ئەیلول لە تاران و دەزگا ئێرانییەکان بەرەو بەیروت بەرێکەوتین. کارتی خۆم لە کۆنگرەکەدا هەڵمگرتوە. لە بەیروت خوالێخۆشبوو عەزیز شێخ رەزا، نوێنەری شۆڕشی ئەیلول، و چەند تێکۆشەرێکی تر رێنماییان کردین و کارئاسانیان بۆ کردین. لە ئۆفیسێکی پۆستی بەیروت و لە کۆنترۆڵێکی ئاساییدا عادل موراد بە چەکەوە گیرا، ئەویان بردو هیچیان لە من نەکرد. بەپەلە گەڕامەوە بۆ لای کاک عەزیزو روداوەکەم بۆ گێڕایەوە، پێی باشبوو بۆ چەند شەوێک لە شوقەکەی ئەو بمێنمەوەو نەگەڕێمەوە بۆ هوتێل، منیش گوێرایەڵی رێنماییەکەیم کرد. پاش دو رۆژ کاک عەزیز پێی گوتم باشترە خۆم تەسلیمی پۆلیس بکەم چونکە کاک عادل لە ئیفادەکەیدا گوتویەتی کە دەمانچەکەی لە کەسێکی نەناسراو کڕیوە بە نرخێکی هەرزان و من تەنها شاهیدی ئەو روداوەم. بۆیە گەڕامەوە بۆ هوتێلەکە، لە هۆڵەکەدا ژمارەیەک پۆلیس و چەند کەسێکیش بە چاکەت و پانتۆڵی رەشەوە وەستابوون. کە منیان بینی دوو کەس لێیان هات بەرەو روم، یەکێکیان گوتی: دەبێت لەگەڵمان بۆ بنکەی پۆلیس بێیت و چیت لە جلوبەرگ پێویستە بڕۆ بیهێنە. کە رۆیشتم کەسێک لەگەڵ چەند پیاوێکی تر لە هۆڵەکە دانیشتبوون هات بۆ لام و گوتی: من کۆسرەتم و کاک عەزیز ئاگاداری کردوین، چیت دەوێت تا بیکەین (ئەوە یەکەمجار بوو لە ژیانمدا کاک کۆسرەت ببینم کە خولێکی کشتوکاڵی لە بولگاریا جێهێشتبوو و بەرەو ناوچە ئازداکراوەکانی شۆڕشی ئەیلول لە کوردستان دەرۆیشت). لە وەڵامدا پێمگوت: ئێمە ژمارەیەکی زۆر بەیانمان بە زمانی عەرەبی لێرە چاپکردوە کە دژ بە حکومەتی عێراقەو لای کاک غازی لە دوکانەکەی دامان ناوە، تکایە ئاگاداری بکەن لەوێ لای ببات چونکە کاک عەزیز پێی گوتم پۆلیس ئاگاداری ئەو بەیانەیە. لە وەڵامدا کاک کۆسرەت گوتی خەمت نەبێت. دوای خواحافیزی پۆلیس زۆر هێمنانە منیان بۆ بنکەیەکی پۆلیس برد. لە ژوری تەوقیف بەتەنیا دانرام، لە پەنجەرەکەیەوە بینیم لە ژوری بەرامبەرم کاک عادل بوو، پێی گوتم لێرە زۆر بەرێزەوە مامەڵە دەکەن و فەرمانبەری لێکۆڵینەوە کوڕێکی گەنجی مەسیحیەو زۆر نەرم و نیانە. لە لێکۆڵینەوە لەگەڵمدا هەر وادەرچوو. کاک کۆسرەتیش ئاگادری کاک غازی کردبو و ئەویش مشوری بەیاننامەکەی خواردبوو. پاش لێکۆڵینەوە بردیانین بۆ ژورێکی زیندان کە زۆر پیس و تاریک بوو، بۆنی پیسایی و سیسرک و قالۆنچە هەراسانیان دەکردیت. زەلامێکی تریشی لێبو کە چەکدارێکی بزوتنەوەی فەتحی یاسر عەرەفات بوو بە پەنجا کلاشینکۆفەوە گیرابوو. ئەو سەردەمە خوێندکاری دوا ساڵی کۆلێژی پزیشکی بووم لە زانکۆی بەغداو بەهۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەگەڵ حکومەتی عێراق نەمتوانی لە بەغدا بمێنمەوە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی یەک بەشی خوێندنەکەم کە نەمکردبوو، بانگێشی پاسەوانەکەم کردو پێم گوت من پزیشکم و برادەرەکەم باری تەندروستی خراپەو پێویستە پزیشکێک بیبینێت، پزیشک هات، کوڕێکی گەنجی بەڕەوشت و دۆستانە بوو، پاش خۆناسینمان رەچەتەی نوسی بۆ هەمو ئەو شتانەی پێویست بوون بۆ پاککردنەوەی ژوری زیندانەکە. دوای دو رۆژ ئێمەیان گواستەوە بۆ بنکەیەکی تری پۆلیس و لەوی ئاگادار کراین دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لوبنان جێبهێڵین. کاک عەزیز پێی گوتین: حکومەتی عێراق بەفەرمی داوای لە لوبنان کردوە ئێوەیان تەسلیم بکات و لە رۆژنامەی النهاری بەیروت هەواڵەکە بڵاوکرابووەوە. لە درێژەدا خوالێخۆشبوو گوتی: کوڕەکەی تقی الدین صلح (سەرۆک وەزیرانی لوبنان بوو لەوکاتەدا) سەر بە بەعسی عێراقەو لەپشتی مەسەلەکەیە، هەرچۆنێک بێت لەسەر داوای خودی مەلا مستەفا لە دوو سەرکردەی کریستانییەکانی لوبنان ئێوە ئازادکراون و لێرە بڕۆن. پاش سوپاس و وەرگرتنەوەی بەیاننامەکە بەرەو یۆگۆسلاڤیا بەرێکەوتین. (کاک غازی کوردێکی لوبنان، بەداخێکی زۆرەوە بو چەند ساڵێک دواتر لە شەڕیکدا کە هاریکاری فەلەستینییەکانی دەکرد شەهید بوو). گەیشتینە بلگرادی پایتەختی جارانی یۆگۆسلاڤیاو چاومان بە خاتو شیرین كه‌وت. کچی شەهید عیزەت عبدالعزیز بوو ( یەکێک لە چوار ئەفسەرەکەی لە ١٩-٦-١٩٤٧ لە سێدارەدران)، کاک عادل و خۆشم دەمان ناسی لەسەردانەکانی بۆ ماڵی باوکی لە بەغدا دەهات بۆ بارەگای یەکێتی قوتابیان، لە بەلگراد لە کۆلێژی پزیشکی دەیخوێندو بەرپرسی کۆمەڵەی خوێنکارانی کورد بوو لە یۆگۆسلاڤیا. رێکەوتین بە شەمەندەفەر بەرەو بودابست بچین، هەرچۆنێک بێت دوای چەند رۆژێک لە بودابست بوین. شاندی کۆمەڵەی خوێندکاران لەگەڵ شیرین خان پێکهاتبوو لە بەرێزان: تارق ئەکراوی، فەرهاد سۆفی، خوالێخۆشبوو تەحسین ئەکراوی کە لە بودابست دەژیا، لەگەڵ کاک عادل و بەندە. بەرێزیش ئازاد بامەرنی کە لە بودابست پزیشکی دەخوێند دەیتوانی لەگەڵ شاندەکە بێت. تێبینی: کاک تارق و شیرین خان دواتر ژیانی هاوسەریان پێکهێنا، کاک تارق باڵیۆزی عێراق بوو لە نەمسا، کاک فەرهاد لە پۆڵۆنیا دەژیاو دواتر لە ئەڵمانیا نیشتەجێبو مەخابن هەواڵی نازانم، کاک تەحسین تێکۆشەرێکی دێرین چەند ساڵیک لەمەوبەر وەفاتی کرد، کاک ئازادیش خوێندنی تەواو کردو لە ئەڵمانیا نیشتەجێبوو و لە لیستی یەکێتی بۆ چوار ساڵ ئەندامی خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بوو و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی. کۆمینیستەکانی عێراق (اتحاد العام لطلبة العالم) رێکخراویکی زۆر گەورەی سەر بە فەلەکی روسیای ئەو سەردەمە بوو، بەشێکی بەرچاو لە خوێندکارە کۆمینستەکانی عێراق بە رێگەی زەمالەکانی پارتی کۆمینیستی عێراق (حزب الشیوعي العراقي) لە هەموو وڵاتانی ئەوروپای سەر بەفەلەکی روسیا دەیانخوێند، بەشێکی بەرچاو لێشیان خویندکاری کورد بوون. لەو ساتانەدا جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە کۆمینیستێکی عەرەبی عێراقی بوو کە کەسایەتیەکی ناودار بوو (ناوەکەیم بەتەواوی لەبیر نەماوە.. حافظ.. و دوای روخاندنی سەدام لە خولێکدا وەزیر بوو)، پارتی کۆمینیستی عێراق هاوپەیمانیان لەگەڵ سەدام هەبوو، بۆیە ئەو بەرپرسە باڵایەیان داوای لە رێکخراوی خوێندکارانی جیهان کردبوو عادل مورادو من لە کۆنگرەکە دەرکەن بەبیانووی ئەوەی بەرێگای ئێرانەوە هاتووین و ساواکی ئێرانی کارئاسانی بۆ کردوین، سەرۆکی رێکخراوەکە کە روسی بوو پێشنیازەکەی رەتکردبووەوە، سەرەڕای ئەم شکستە ئەندامە کۆمینستەکانی عێراق بە کوردەکانیشەوە بەردەوامبوون لە دروستکردنی کۆسپ و کێشە بۆمان، تەنانەت بەهات و هاوار دەهاتنە ناو هۆڵی کۆبونەوەکان و بەزمانی عەرەبی و کوردی هاواریان دەکرد: مژدەیەکی خۆش ... ئێستا سوپای عێراق گەمارۆی بارەگای بارزانی داوەو گرتنیان لە سات و ئاندایە...تاد. دانوبی شین دوەم درێژترین روبارێکی رەنگینی درێژی ئەوروپایە کە چوار پایتەختی ئەوروپای لە ئامێزی خۆی گرتووە (ڤێنا، براتیسلاڤیا، بودابست و بەلگراد)، تەلاری کۆبونەوەکان و تەلاری کۆماری لەسەر روبارەکە بوون. لە یەکێک لە کۆبونەوەکان هاوسەری سلڤادۆر ئەڵێندی، سەرۆک کۆماری شیلی لە ١١ سێپتەمبەری ١٩٧٣ بە کودەتایەکی سەربازی و هاریکاری ئەمریکا لابراو لە دۆخێکی تەمومژاویدا وەفاتی کرد، هۆرتێنسیا بوسی و کچەکەی وتارێکی پێشکەش کرد، کۆمەڵەی خوێنکارانی کورد ئەو شەرەفەی بە مندا کە چەپکەگوڵێک لەسەر شانۆکە بە جلی کوردییەوە پێشکەش بەو خانمە رێزدارە بکەم، کۆمینستەکانی عێراق بەمه‌ چاویان چووە پشت سەریان. لە ئاهەنگی سەرۆک کۆماری هەنگاریا بۆ بەشداربوانی کۆنگرەکە شیرین خان و بەندە بە جڵی کوردییەوە وێنەمان لەگەڵ سەرۆک کۆمار گرت کە دواتر لە  رۆژنامەکانی هەنگاریا بڵاوکرابووەوە. روداوەکانی ئەم گەشتە تەنها بەشێک نین لە مێژوی خۆم، ئاوێنەیەکیشە کە تێێدا دۆخی کوردایەتی و ئاڵۆزیەکانی سەردەمەکەی تێدا بەرچاو دەکەون. سەرەڕای هەموو شتێک پەیامەکەی چەمەکەی دەربەندمان ئەمەکانە بە دانوبی شین گەیاند. رۆتەردام: ٧ جونی ٢٠٢٣          


د. یەحیا عومەر رێشاوى باوه‌ڕ ده‌كه‌یت یان نا ! له‌م ڕۆژانه‌دا له‌ شوێنێك بووم، براده‌رێك باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵه‌ منداڵێك بۆ بژێوی ژیانیان له‌ نێو خاشاك و پاشماوه‌ی فڕێدراودا ده‌ستیانكردووه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی (پلاستیك)و ده‌یفرۆشنه‌وه‌، ئۆرگانێكی حزبیی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و ناوچه‌یه به‌مه‌ی زانیوه‌و‌ به‌رپرسێكی بۆ ئه‌و شوێنه‌ داناوه‌و هه‌ركه‌س له‌ باره‌گاكه‌ی ئه‌وه‌وه‌ مۆڵه‌تێكی نوسراوی پێنه‌بێت ڕێگه‌ی پێنادرێت (پلاستیك !) كۆبكاته‌وه‌ !! ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا مونافه‌سه‌یه‌كی ناشه‌ریفانه‌ له‌نێوان هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه‌ بۆ كۆنترۆڵكردن و به‌ حزبیكردنی هه‌موو شت: بازاڕ، زانكۆ، مه‌كته‌ب، مزگه‌وت، میدیا، موختار، موه‌لیده‌ی گه‌ڕه‌ك هتد، هه‌ربۆیه‌ هیچ سه‌یر نییه‌ كاتێك وه‌زاره‌تێكی حكومیی (دوو وه‌زاره‌ت) له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێت كه‌ كۆنترۆڵی ژینگه‌ی میدیایی بكات و بیه‌وێت ئه‌ده‌بیاتی په‌نجا ساڵ پێشتر زیندووبكاته‌وه‌. (ئه‌گه‌ر ڕاستیشت ده‌وێ هه‌ر سروشتی ده‌سه‌ڵات وه‌هایه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بیری لای كۆنترۆڵكردنه‌، ئه‌وه‌نده‌ نایه‌وێت به‌ ئاره‌زووی خۆت چیت بوێ بیڵێیت). دیاره‌ له‌ چه‌ند ساڵی پێشوو هه‌ندێك هه‌وڵ هه‌بوون به‌م ئاڕاسته‌یه‌، له‌وانه‌ هه‌وڵێك بۆ دروستكردنی ئه‌نجومه‌نێكی باڵای ڕاگه‌یاندن، كه ناونیشان و ئامانجێكی جوان بوو، به‌ڵام به‌لاڕێدا براو هه‌ركام له‌و دوو حزبه‌ پێش دروستكردنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌بیری ئه‌وه‌دا بوون چۆن (وه‌ك برا !) ده‌سته‌ی باڵاكه‌ دابه‌شبكه‌ن و چۆن چۆنی پله‌ی وه‌زیریی و وه‌كیل وه‌زیریی به‌سه‌ریاندا بپژێنن! هه‌وڵی دووه‌م داڕشتنی یاسایه‌ك بوو بۆ میدیای ئه‌لیكترۆنیی، كه‌ ئه‌ویش به‌ هه‌مان نه‌فه‌سی كۆنتڕۆڵكردن و موحاسه‌به‌كردن و سزادان داڕێژرا، به‌ڵام پاشتر چاوی به‌ دونیا هه‌ڵنه‌هێنا. دیاره‌ بۆ كه‌سانێكی وه‌ك ئێمه‌ كه‌ له‌ ژینگه‌ی ئه‌كادیمیدا ده‌ژین و ئاگامان له‌ خه‌وش و كێشه‌كانی میدیایه‌، ناكرێت و ناسروشتییه‌ پشتیوانی له‌: (چاودێریكردن – ڕێنمایی – ڕێكخستن) نه‌كه‌ین، چون میدیا هه‌میشه‌ ئاتاجی پێداچوونه‌وه‌و ڕه‌خنه‌ لێگرتن و جه‌م و جۆركردنه‌، نه‌خاسمه‌ له‌ سه‌رده‌مێك كه‌ میدیا له‌ گه‌شه‌یه‌كی شێتانه‌دایه‌و وه‌ك چۆن له‌ كۆشكی سه‌ركرده‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ ژووری نوستنه‌كانیشمانه‌، له‌ هه‌موو وڵاتێك وه‌ك چۆن ژینگه‌ی ته‌ندروستیی پێویستیی به‌ چاودێریكردن و ڕێنماییه‌، وه‌ك چۆن ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویستی به‌ ئاڕاسته‌كردن و هۆشیاركردنه‌وه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش ژینگه‌ی میدیایی نابێت بدرێته‌ ده‌ست فه‌وزاو ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی هه‌ركه‌س بۆ خۆی، به‌ڵام چۆن چۆنی؟ پێش هه‌موو شت ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بزانێت (میدیا) ده‌سه‌ڵاتێكه‌ وه‌ك ئه‌و، نه‌ك فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومیی و فه‌رمانی بۆ ده‌ربكات و پێی بڵێ ئه‌مه‌ بكه‌و ئه‌وه‌ مه‌كه‌، به‌مانا له‌ سیستمێكی دیموكراسی و بوونی قه‌ناعه‌تێكی ڕاستگۆیانه‌ به‌ ئازادی ڕاده‌بڕین، (میدیا) پێویسته‌ به‌ فیعلی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م بێت و به‌ ئیشی خۆی هه‌ستێت، ئه‌و (میدیا) چاودێریی حكومه‌ت بكات نه‌ك‌ پێچه‌وانه‌وه‌كه‌ی ! پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانیدا ڕه‌نگیدایه‌وه،‌ ئه‌وكات ئه‌مه‌ ڕێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ دروستبوونی متمانه‌ به‌ پێكهێنانی هه‌ر داموده‌زگایه‌ك یا لیژنه‌و ئه‌نجومه‌نێك كه‌ چاودێریی ڕه‌وشی میدیایی بكات و لێپرسینه‌وه‌ له‌م و له‌و بكات، دیاره‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ یا فه‌رمانگه‌یه‌ یا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ یا هه‌ر ناوێكی دیكه‌ی هه‌بێت، ده‌بێت به‌ ته‌واوی دووربن له‌ (هه‌له‌و) (هه‌له‌و)ی ئۆرگان و ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسی حزبیی و كارێكی پیشه‌ییانه‌ بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانیان هه‌بێت بۆ‌ چاودێریی و لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌زگا میدیاییه‌كان و ئه‌م ئه‌زموونه‌ش له‌ زۆر وڵاتی پێشكه‌وتووی دونیا هه‌یه‌، ئیتر خۆتان ببنه‌ حه‌كه‌م ئایا ئه‌مه‌ له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ دا كه‌ تا ئێسته‌ش سنوری دێگه‌ڵه‌و دوو زۆن هه‌ن كه‌ رۆژ به‌ رۆژ ڕه‌نگه‌كانیان تۆختر ده‌بنه‌وه‌، تا چه‌ند ئه‌مه‌ مه‌یسه‌ر ده‌بێت و ئه‌م مرۆڤه‌ (ناحزبیی و به‌رپرسیارو به‌جورئه‌ت)انه‌ هان له‌ كوێ؟! پاشتر ئه‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین كه‌ ئایا له‌ سه‌رده‌می گه‌شه‌كردنی ته‌كنه‌لۆجیای ڕاگه‌یاندن و هاوڵاتی رۆژنامه‌نووس و لایڤ و میتاڤێرس و سكایب و چات جی پی تی و زیره‌كی ده‌ستكرد و سناپ چات و ئه‌وانی تردا، ئایا تا چه‌ند ئاسانه‌ بتوانیت میدیاو ده‌زگا میدیاییه‌كان كۆنتڕۆڵ بكه‌یت و ڕۆژنامه‌نووسان ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ حه‌زو ویست و ئایدۆلۆجیای ئه‌م حزب و ئه‌و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌دا بگونجێت؟! ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ له‌ هه‌زاره‌ی سێهه‌م و له‌ ساڵی (2023) دا جێبه‌جێكردنیان ڕووبه‌ڕووی هه‌زار ئاسته‌نگی ته‌كنه‌لۆجیی و گه‌شه‌ی میدیایی ده‌بێته‌وه‌‌، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ گریمانه‌یی نیه‌تێكی باشیش له‌ پشتیانه‌وه‌ هه‌بن.. ئه‌وا جێبه‌جێكردنیان نزیكه‌ له‌ ئه‌سته‌م. دواجار بریا ئه‌م ڕێنماییانه‌ به‌و په‌له‌ په‌له‌یی‌ و له‌ سه‌رده‌می حكومه‌تێكی كاربه‌رێكه‌رو له‌ ئان و ساتی چاوه‌ڕوانی خه‌ڵك بۆ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌و مه‌ترسییه‌كانی دوو ئیداره‌ییدا ده‌رنه‌كرایه‌.. له‌ ژینگه‌یه‌كی له‌باری سیاسیی و ئابوریداو له‌ پاش ئه‌وه‌ی جۆره‌ متمانه‌و قه‌ناعه‌تێك دروستبوو به‌ دیموكراسیه‌تێكی حه‌قیقیی و هه‌ڵبژاردنێكی دوور له‌ ساخته‌كاریی و ئابورییه‌كی دوور له‌ حزبایه‌تی و دادگایه‌كی دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌م و ئه‌و.. ئه‌و كات ڕێنماییه‌كانتان سه‌ر سه‌رو سه‌رچاو.


كاوه‌ مه‌حمود- سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان بنبەستی سیاسی لە ڕەوشی هەرێمی کوردستاندا، ڕەنگدانەوەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکە، کە چەندین ساڵە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی بنیاتنراوە و، ئاکامەکەی نەبوونی دەستوور و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانە و، بازدانە بەسەریان و کەمتەرخەمییە لە ئەنجامدانیاندا، کە بە ناوی درووستکردنی کۆکبوون و ڕچاوکردنی ڕەهەندی نیشتمانی کرا كە هەڵەیەکی مەزن بوو، لە کاتێکدا بوونی دەستوور و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ڕەهەندی نیشتمانییە نەک بە پێچەوانەوە. ئاکامی پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە بە لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و زەمینەخۆشکردنی مانۆرەکانی نەیارانی گەلەی کوردستان بۆ سەپاندنی ئاراستەی ناوەندێتی ڕەها لە حوکمی عێڕاق و، سەپاندنی ئەجیندە و زیادبوونی دەستتێوەردانی دەوڵەتانی دەوروبەر و، لاوازی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، کۆتایی هات. ئەم ڕەوشەی، کە ئێستا بنبەستی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا درووست کردووە، ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک بابەت، کە ناکرێ هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بازی بەسەردا بدەن و بەهەند وەرینەگرن و چارەسەری گونجاوی بۆ نەبیننەوە. بنبەستی سیاسی لەم ڕەوشەی کوردستاندا ئاماژەیە بەوەی، کە لاینەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا چەمکی (ئیدارەی قەیرانەکان) لە ئەجیندەی سیاسییاندا و لە پێشبینی بۆ ڕووداوەکاندا نییە و، ئاراستەی هەڵوێستەکان لۆجیکی کار و کاردانەوە بەڕێوەی دەبات. خاڵی دووەم لە هۆکاری بنبەستی سیاسیی نەبوونی ئامادەییە لە لایەن هێزە سیاسییەکانی دەسەڵاتەوە، کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە کاروان و ئەزموونی حوکمرانی لە ڕاپەڕینی ئاداری 1991وە تا ئەمڕۆ، هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی ڕەخنەگرانەی بۆ بکەن و، ئایا ئەوەی پەیڕەوی دەکەن لە گەڵ چەمک و بنەماکانی (حوکمرانی باش) گونجاوە؟! خاڵی سێیەم، کە لایەنی حوکمران و سەرجەم هێزی سیاسی بە هەند وەرینەگرتووە، هەڵسەنگاندنی بەشداریبوونی کوردستانی باشورە لە پرۆسەی سیاسیی عێڕاق و، ئەو کارتانەی لەو پرۆسەیە لە سایەی گۆڕانکارییەکانی بواری هاوسەنگی ھێزەكان و ڕەوشی هەرێمایەتی و نێودەوڵتی ڕووی داوە، بەکاری دەهێنێت. خاڵی گرنگ کە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەسەری کۆکبن، ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە هەرێمێکە لە دەوڵەتی فیدڕاڵدا، لە مامەڵەکردن لە گەڵ بەغدا داواکاری نییە، بەڵکو مافی هەیە و، گرنگە هەر شاندیکی دانوستانی کوردستانی لەگەڵ عێراقدا بە لۆجیکی ماف، نەک داواکاری مامەڵە بکات. لە کاروانی پێداچوونەوە بە سیاسەتە ناوخۆییەکان و مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانیش، نابێ ئەوەش لە یاد بکرێت، کە چەمکیک هەیە پێی دەڵێن قۆناغی رزگاری نیشتمانی و، بزووتنەوەیەكیش هەیە پێی دەڵین بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانی. ئیدارەکردنی قەیرانەکان سەرەتایەکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و، ئەم سەرەتایە پێویستی بە دیالۆگی نیشتمانی و پاراستنی ئازادییەکانی خەڵک و بەشداریپێکردنیانە لە تێکڕای ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە چارەنووسیانەوە هەیە و، ئەوەش پێویستی بە گەڕِاندنەوەی متمانەی خەڵکە و، بە پێچەوانەشەوە بەردەوامبوونی بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا نیشانەی نەبوونی بەرپرسیاریی دەسەڵاتە بەرامبەر چارەنووسی خەڵک.


سه‌ردار عه‌زیز ڕۆژێک لە گوندێک لە هیند: کە دانیشتوانەکەی تێکەڵە لە موسوڵمان و هیندۆس، قاو بڵاودەێتەوە کە ماڵێکی موسوڵمان گوێرەکەیەکیان سەربڕیوە. گروپێکی هیندی توندڕەو دەچنە ماڵە موسوڵمانەکەو لە سەلاجەکەیاندا گۆشت دەدۆزنەوە. ئەمە بەسە بۆ ئەوەی توندڕەوە هیندۆسەکان کابرای خاوەن ماڵ بکوژن. ئەم ڕوداوە، لەکاتێکدا تراژیدیایە بەڵام لە هەناویدا کۆمەڵێک وانەی زۆرمان بۆ هەڵدەگرێت، بەتایبەتی دەرباری کۆمەڵێک کێشە کە ئەمڕۆی کوردستانی باشور بە دەستیەوە دەناڵێنێت. هەوڵئەدەم بە کورتی لە ڕوانگەی هاوسۆزییەوە قسە لەسەر ئەم پرسە بکەم. هیند هەتا پێش هاتنی ناريندرا مودی وەک وڵاتێکی عەلمانی دیموکراسی دەناسرا. بەڵام پاش هاتنی مودی ئاڕاستەی وڵات گۆڕا بەوەی هیند وڵاتی هیندۆسەکانە. هیندۆسییەت تێکەڵەیەکە لە ئاین و نەتەوەییەتی لەم دۆخەدا. ڕێک وەک پارتی دادو گەشەپێدانی ئەردۆگان. مودی بەوە ناسراوە کە پۆپیولیستە، بەو مانایە چوارچێوەیەکی تایبەتی بۆ چیەتی خەڵک داڕشتوەو خۆی کردوە بە نوێنەری، بەمجۆرە خەڵک بریتییە لەوەی کە مودی پێی قبوڵەو ئەوەی وەها نەبێت دژ بە خەڵکە. [لە ماوەی رابوردودا هەندێک کەس هەوڵدەدەن هەندێک هێز لە کوردستان بە پۆپیولیست لە قەڵەم بدەن بەوەی هەوڵی وروژانی جەماوەری دەدەن، ئەمەش پێناسەیەکی هەڵەیە]. کاتێک هیند دەبێتە وڵاتی هیندۆسەکان و هیندۆسییەت هەوڵدەدات بەهاکانی خۆی زاڵبکات بەسەر کۆمەڵگاو حکومەتدا، ئەوا هیچ بوارێک بۆ ئەویتری جیاواز نامێنێتەوە، بەڵکو دەستوبرد دەبێتە نەیار یان دوژمن. ئەم بە دوژمنکردنە بەشێکی پێویستە لە میانەی پرۆسەی زاڵکردنی تاک شوناسی ئاینی و سیاسی. لە دۆخێکی وەهادا موسوڵمانانی هیند قوربانی گەورەی ئەم پرسەن. هیند کاتێک لە چلەکان سەربەخۆیی ڕاگەیاندا وەک وڵاتێکی دیموکراسی و عەلمانی شوناسی خۆی دیاریکرد. لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو بەشەی کە ناوی لە خۆی نا پاکستان لێی جودابووەوە. گەر تەماشای ناوی پاکستان بکەیت بەمانای سەرزەمینی پاکەکان دێت. کە مەبەست لێی بەشەکەی تری هیند پیسە. [چیرۆکی پاکستان تراژیدیایەکی ترە، بەڵام بە شێوازی جیاواز]. ئێستا کە هیند وەک پاکستانی لێدێت موسوڵمانان دەبنە ڕەگەزە پیسەکە. ئەمەش تەنها دەربڕینێک یان بانگەشەیەکی سیاسی و دینی نیە، بەڵکو مایەی ئازارو برسێتی و ئاوارەیی ملیونان مرۆڤە. هەرچەندە بیرم لە ئەوەکردەوە کە بەراوردێک لەنێوان مودی و ئەردۆگاندا بکەم کە چۆن کوتومت هاوشێوەن لەوەی کە دژ بە نوخبەی تەقلیدی وڵاتن، لای ئەردۆگان کەمالییەکان، لای مودی نەهرۆییەکان، مەبەست لێی ئەو نوخبەیەیەی کە جەواهیر لال نەهرۆ بەرهەمی هێنا. ئەردۆگان دەیەوێی وڵات بکات بە ئیسلامی، مودی بە هیندۆس. ئەردۆگان دەڵێت شانازیی و پێگە بۆ خەڵکە ستەملێکراوەکە دەگەڕێنێتەوە، مودی هەروەها. مودی لە ڕوی ئابورییەوە زۆر سەرکەوتوەو هیند لە هەڵکشاندایە، تورکیاش بۆ ماوەیەک وەهابوو. زۆر خەسڵەتی هاوبەشی تر هەیە لە نێوانیاندا. بەڵام لێرەدا زیاتر جەخت لەسەر چەمکی هاوسۆزی دەکەمەوە بەتایبەتی لە باشور. لێرەدا هاوسۆزی وەک وەرگێڕانێک بۆ چەمکی empathy بەکاردەبەم. بە دیدی بیرمەندی ئەمریکی جۆرج لاکۆف هاوسۆزی کرۆکی دیموکراسییە. ئەو دەڵێت لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لە باوکم پرسی دیموکراسی چیە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: دیموکراسی ئەوەیە کە کەس لە تۆ زیاتر نیەو کەسیش لە تۆ کەمترنیە. بەم پێیە هاوسۆزی جۆری پەیوەندییە لەنێوان مرۆڤەکاندا لە دۆخێکی تایبەتدا. بەڵام هاوسۆزی تەنها یەکسانی نێوان کەسەکان نیە. بەڵکو لە هەمانکاتدا بریتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەویتردا بە سۆزەوە، نەک بە کینەو تۆڵەو توندوتیژییەوە. ئەمە زۆر بەتایبەتی کاتێک کە کەسێک دەچێتە خانەی نەیارەوە یان هەڵەیەک دەکات. ئەمڕۆ لە دونیادا دوو جۆر هەڵوێست بەگشتی زاڵە بەسەر مرۆڤەکاندا، هەڵوێستێکیان ئەوەیە کە کاتێک کەسێک جودایە لە تۆ لە زۆر ئاستدا، ئایا بە سۆزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت؟ یان بە رەفزکردنەوە. مامەڵەی سۆزی مانای قبوڵکردن یان دانپیانان نیە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە لێی تێدەگەیەت بەڵام مەرج نیە قبوڵی بکەیت. بەومانایە کاتێک ڕووبەڕووی کەسێکی جیاواز دەبیتەوە، هیندۆسێک بۆ موسوڵمان لە هیند، ئیسلامییەک بۆ عەلمانی لە تورکیا، ئەوا بە نەفرەت و توندوتیژی و هەوڵی سڕینەوە مامەڵەی لەگەڵ ناکەیت بەڵکو بە سۆزەوە. مرۆڤێک گەر شوناسی تایبەتی ئاینی هەبێت ناتوانێت لەگەڵ ئەوانیتردا هاوسۆزبێت، ئەمە تایبەت نیە بە هیچ دینێک بەڵکو هەموو دینیەکان و هەروەها ئایدلۆژدارەکان بەتایبەتی چەپەکان هاوشێوەن. مامەڵەی ئەویتراندن لەنێو چەپەکاندا زۆر خراپترە لە مرۆڤە دیدنییەکان. ئێمە ڕۆژانە ڕووبەڕووی چوارچێوەو ئاگایی و دەربڕینی جۆراوجۆریی دژ بە هاوسۆزی دەبینەوە لە کوردستان. هەرکاتێک کەسێک یان گروپێک جیاواز- دەکرێت خێرا پرسی کەمینەو زۆرینە بەرامبەری بەکاردێت. هەمیشە دەوترێت؛ زۆرینەی کۆمەڵگا وەهایە یان ئەمەیە. لۆجیکی زۆرینەو کەمینە، بە مانای باش و خراپ نایەت. بەو مانایە مانای وەهانیە ئەگەر کەمینە بوه‌یت خراپیت، و زۆرینەی بوویت باشبیت. بەم پێیە موسوڵمانانی هیند کە کەمینەن خراپن و نابێت گۆشتی مانگا بخۆن چونکە مانگا لای هیندۆس پیرۆزە، خواردنی مانگا سوکایەتی دەکات بە پیرۆزی زۆرینە. ئێمە لە کوردستان بەردەوام لە بەردەم لۆجیکی پیرۆزی زۆرینەین، کە ناڕاستیەکی خەیاڵیکراوە. ئێمە هەموومان لە خێزانی موسوڵمانەوە هاتوین. ئیسلامی دایکم ئیسلامی تاعەت و زیارەت و بەشکردنی خواردنی خۆش لەگەڵ دەرودراوسێدا، ئەگەر عەرەبیش بن، پێدانی پاشەڕۆکانە بە پشیلەو سەگەکان، بەبێ هیچ مەبەستێک جگە لەوەی کە خودا پێی خۆشە. لە ئیسلامی دایکمدا خودا سۆزی هەیە، هاوسۆزی هەیە، نەک تەنها بەرامبەر مرۆڤەکان بەڵکو بەرامبەر ئاژەڵ و بونەوەرەکانی تریش. بەڵام ئیسلامی سیاسی پڕاوپڕ جودایە لەمە. جگە لە دەسەڵاتخوازی و بازرگانی و وەرگرتنی ملیون لە وڵاتانی ترو پەرتکردنی کۆمەڵگاو پڕکردنی دونیا لە ڕق و کینەو بەتاڵکردنەوەی مرۆڤەکان لە سنگفراوانی، لە هاوسۆزی و لە قبوڵکردنی جیاواز هیچی تر نیە. ئەمەمان زۆر بەڕوونی بەرامبەر ئێزیدییەکان بینی. بە کورتی مامەڵەکردن لەگەڵ لاوازدا، پاڵەوانی نواندن لەبەرامبەر لاوازدا، بۆ بەدەستهێنانی پارەو پێگەی دونیایی دوری ئاسمان دورە لەو ئیسلامەی کە خودا بە هاوسۆزی دەبینێت و ناتۆقێت لە بوونی جودایەک یان جیاوازێک. نەبوونی هاوسۆزی لەنێوا ئیسلامییەکاندا تەنها بەرامبەر ئەویتری غەیرە موسوڵمان نیە. ئەوەی کەمێک بە ووردی لە دۆخی باشور بنواڕێت دەبینێت کە ململانێی نێو حیزبە ئیسلامییەکان زۆریان لەسەر پارەو کورسی و دەسەڵات، پاڵنەری سەرەکی ئەو دۆخەیە. لە ڕاستیدا ئیسلامییەکی سەر بە خەتێکی فیکریی یان دارایی جیاواز زۆر بێ هاوسۆزترە بەرامبەر ئیسلامییەکەی تر هەتا نائیسلامییەک. ئەمە بنەمای کۆمەڵگایەکی هەمیشە ناسەقامگیرە. کۆمەڵگایەک کە تیایدا کەسەکان دەترسن لەوەی ئەویتر بگاتە دەسەڵات و ئەم بسڕێتەوە. هاوسۆزی کرۆکی دیموکراسییەو تەنها لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتدا پیادەدەبێت. بەڵام کرۆکی ئەم هاوسۆزییە لە عەلمانیەتدایە. عەلمانیەت هەوڵدەدرێت وەک کوفری لێبکرێت، کە جۆرێکی باڵایە لە گەوجاندن. ئەگەر هاوسۆزی بە مانای ئەوەبێت کە لەگەڵ ئەویتری جودادا بە سۆزەوە مامەڵە بکەیت بە مانای ئەوەدێت کە لە ڕوانگەی باوەڕو بەهاو پیرۆزی خۆتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەویتردا نەکەیت. ئەمەش تاکە مانای عەلمانیەتە. عەلمانیەت یانی دینی خۆت بۆ خۆت، دینی خۆم بۆ خۆم: لَكُمْ دِينُكُمْ ولي دين. مرۆڤی هاوسۆز مرۆڤێکی تەندروست ترو ئارامترو سەقامگیرترە.


عه‌بدوڵای مه‌لا نوری یەک: کەیسی پەرلەمان: - ١٤ ساڵ پێش ئێستا، بۆ یەکەمجار کاک نەوشیروان دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان سکاڵای لە دادگای فیدراڵی کرد، بەڵام ئەوکات لەبەرئەوەی پارتی و یەکێتیی هەم پێکەوە بوون، هەم لە هەرێم و بەغداش بەهێزو گوێ لێگیراوبوون، دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی کاک نەوشیروانی رەتکردەوە. - لە ٣٠ی حوزیرانی ٢٠١٣، پەرلەمانتارانی کۆمەڵ و یەکگرتوو و گۆڕان، لەسەر پرسی درێژکردنەوەی ویلایەتی پەرلەمان و مەسعود بارزانی گەورەترین شەڕی دەستەویەخەمان کرد. - لە ٢٠١٥، دیسان بەهۆی هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ سەپاندنی سیستمی سەرۆکایەتی و تاک حیزبی و بێبایەخکردنی هەڵبژاردن و سیستمی پەرلەمانی، لەلایەن پارتییەوە دەرگای پەرلەمان داخراو خەریک بوو شەڕی ناوخۆش دروست ببێت. - لەم خولەی پەرلەماندا پەرلەمانتارانی یەکگرتوو پێش هەموان، دواتر سەربەخۆکان و کۆمەڵ ئیستیقالەیان کرد، برادەرانی نەوەی نوێ تا دوێنێش پێش دەرچونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، هەر پەرلەمانتار بوون. دوو: کەیسی کامێرای پۆینت تو پۆینت: لەسەر ئەم کەیسە زۆرێک قسەیان کرد، پەرلەمانتار، چالاکوان، مێدیا، برادەرانی نەوەی نوێ ئاخر کەسبوون کە قسەیان لەسەر کرد. سێ: کەیسی پاشەکەوتی موچە: لە رابردوودا مامۆستایان و چالاکوانان هەزاران جار قسەیان لەسەر پاشەکەوت کرد، خۆپیشاندانی لەسەر کرا، خەڵک گیرا، لێیان درا، بایکۆتی دەوامی لەسەر کرا. ئەوەی زۆر ناشرینەو هی ئەوە نیە مرۆڤ لێی بێدەنگبێت، ئەوەیە: برادەرانی نەوەی نوێ زۆر بە رەهایی و بێشەرمانەو بێباکانە بە جۆرێک لەسەر ئەو سێ کەیسە قسە دەکەن، وەک ئەوەی پێشتر کەسی تر هیچی نەکردبێت، هەموان ترسنۆک دۆڕاو بن و تەنها نەوی نوێ نوێ شتی کردبێت. کورت و پوخت لەبەرئەوەی ئەو برادەرانە مێدیایەکی زەبەلاح و سەدان پەیجی فەیکیان لەبەردەستە، بە ئارەزوی خۆیان سواری کۆڵی هەموو کەیسێک دەبن و دەستبەسەر قوربانیدان و رەنج و ماندوبوونی رابردوی هەمو کەس و لایەنێکدا دەگرن. هەر کەسێکیش بڵێ وا نییە زۆر فاشیانە، بە قسەی ناڕاست و نائەخلاقی هێرشی دەکەنەسەرو هەوڵی شکاندنی دەدەن. برادەرانی نەوەی نوێ دەبێ بزانن، ١٠ ساڵی تر موعارەزەبن ناتوانن هێندەی پەرلەمانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ پرۆژەو قسەی جدی و شەڕ لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکدا بکەن. ئەسڵەن حەقە لە خۆتان بپرسن لەم ماوەیەدا چ شتێکتان کردووە کە پێش ئێوە کاری لە سەر نەکرابێت؟! رێگای راست ئەوەیە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی خۆتاندا، هەوڵ و ماندوبونی ئەوانی تریش لەبەرچاو بگرن. کاتی خۆی گۆڕان کە دروست بوو، بەرهەمی پێکەوەگرێدانی خەباتی چەندین ساڵ رەخنەی نوسەران و مێدیای ئازادی وەک رۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنەو لڤین و تێکۆشانی کۆمەڵێک سیاسی ئازاو خاوەن روئیا بوو. ئەگەر ئێوە بتانەوێ رێزلێگیراوبن و وەک جەستەیەکی نامۆی بێزراو تەماشا نەکرێن و توانای بەردەوامیتان هەبێ، ئەوا دەبێ بابەتیانەو راستگۆیانە وێنەکە وەک خۆی ببینن، نەک وەک ئەوەی کە خۆتان دەتانەوێ هەمو راستییەکان دەشێوێنن، کورت و پوخت ئێوە پەیڕەوی سیاسەتی درۆ بکە درۆ بکە تا خەڵک بڕوا دەکەن، دەکەن.


سه‌ردار عه‌زیز پرۆژەیەک لە ئارادایە کە کەنداوی عەرەبی بە تورکیاوە ببەستێت لەڕێگای هێڵی شەمەندەفەرو ڕێگای خێرا. ڕۆژی شەممە لە کۆشکی کۆماریی لە بەغدا کۆنفراسێکی تایبەت بە وەزیرانی گواستنەوە لەنێوان وڵاتانی کەنداو و ئوردن و تورکیادا بەسترا. ئەم ڕێگایە چەندین ناوی هەبوو، بەڵام لەدوا سەردانی محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ ئەنکەرە، ئەردۆگان پرۆژەکەی ناو نا ڕێگای گەشە. ڕێگای گەشە ناوێکی گشتی بریقەداری بێناوەڕۆکە. هەمومان دەزانین کە گەشە بەشێکە لە خیتابی پارتی دادو گەشەپێدان. هەروەها وەک مێژوی ئەو پارتە دەریخست کە وەک جێگرەوەی دیموکراسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەم ڕێگایە لە چەندین ئاستدا کاریگەریی هەیە لەسەر ناوچەکەو کوردستان. لەم نوسینەدا سەرەتا باس لە واقیعیبوونی ڕێگاکە دەکەین، پاشان لە ئەگەری بوونیدا چۆن دەبێت، ئینجا کاریگەری لەسەر کوردستان. لەگەڵ گەشەی چیندا دیاردەیەک هاتە ئاراوە، کە دەتوانین بە ژێرخان بەرامبەر دەزگا ناوی بەرین. بەو مانایە مۆدێلی چینی، هەروەها تورکیش بەتایبەتی لەسەردەمی ئیسلامییەکاندا، خەسڵەتێک لەخۆی دەگرێت کە مۆدێلی ڕۆژئاوایی کێشەی هەیە بەدەستیەوە، ئەویش ئاسانی بونیادنانی ژێرخان. وڵاتانی وەک چین و تورکیا، کە خاوەنی تەکنەلۆجیاو دەستی هەرزان و دۆخێکی تایبەتن لە نەبوونی مافی کرێکارو ئینشورانس و دڵنیایی و زۆر بواری تر وەهایکردووە کە بتوانن پرۆژەی ژێرخانی گەورە ئەنجام بدەن بە هەرزانترو خێراتر لە وڵاتانی تری ڕۆژئاوا. لە ڕۆژئاوا بەهۆی بوونی دەستی کاری گران و دڵنیایی و گرانی دراو و زۆر بواری تر ئەنجامدانی کاری ژێرخانی زۆر سەخت دەکات. ئەم ئاسانییە بۆ ژێرخان زیانێکی گەورەی داوە لە دەزگا. چونکە ئەم وڵاتانە نایانەوێت دەزگاکان دروست بن، یان خەمی دروستبوونی دەزگاکانیان نیە. لای ئەم وڵاتانە، پرسی ژینگە، مافی مرۆڤ، دڵنیایی جۆری و زۆر بواری تر گرنگ نیە. هەروەها لە ڕێگای ئەم پرۆژانەوە دەسەڵاتداران دەیانەوێت سۆزو سەرنجی خەڵک ڕابکێشن لەکاتێکدا مافەکانیان لێ وەردەگرنەوە. پرۆژەی گەشەی عێراق لەنێوان هەردوو چین و تورکیادایە. عێراق دەیەوێت لەهەردوو وڵات سودمەندبێت. لە ئاستێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە چین یان ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەستێت، کە زۆرێک لە چاودێران وەهای دەبینن کە بانگەشەیەکی بێ بنەمایە. چونکە بڕی بازرگانی چینی لەگەڵ ئەوروپادا هێندە زۆرە ناتوانرێت لە ڕێگای بەندەرێکی لاچەپی وەک بەندەری فاوەوە بکرێت. تەنها لە یەک ساڵدا زیاتر لە بیست ملیۆن حاوییە (کۆنتەینەر) لە چین دەگوێزرێتەوە بۆ ئەوروپا، جگە لە ڕێساکانی قازانج و سود، ئەو کۆمپانیایانە بە هیچ یاساو ڕێسایەکەوە پابەند نابن. بەڵام گریمان پرۆژەکە لەئاستی پێکەوە گڕێدانی ئاسیاو ئەوروپا بایەخی نیە بەڵام لە ئاستی هەرێمیدا بایەخی دەبێت. پێش ئەوەی بێین بۆ ئەم ڕەهەندە هەرێمییەی یەکێک لە ڕەخنەکان ئاڕاستەتی ئەم پرۆژەیە دەکرێت پرسی ئەنجام نەدانی جەدوایە. لەڕاستیدا پرسی ئەنجامدانی ئەم جەدوایە دراوه‌ بە کۆمپانیایەکی زۆر بچوکی ئیتالی کە لەلایەن خێزانێکەوە بەڕێوەدەبرێت لە ڕۆما. ئەم لاوازی جەدوایە وەها دەکات کە گومانی گەندەڵی یەکەم گومان بێت بەرامبەر ئەم پرۆژەیە. عێراق وەک یەکێک لە هەرە گەندەڵترین وڵاتانی دونیا زۆربەری زۆری پرۆژەکانی یان وەهمین یان سەرچاوەی گەندەڵین، بۆیە گومانی گەندەڵی دەبێت گومانی یەکەم بێت دەربارەی ئەم پرۆژەیە. ئێمە دەزانین کە هەتا پرۆژەی گەورەبێت ئەگەری گەندەڵی گەورەترە. نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی وردی ئابوریی بۆ پرۆژەکەو گوماناویبوونی کۆمپانیای لێکۆڵەر، زیاتر گومانی گەندەڵی زیاد دەکات. کێ لە پرۆژەکە سودمەند دەبێت؟ ئەگەر ئەو ئەگەرەی کە دەڵێت بازرگانی ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەستێت وەک خیتابێکی فریودان وەربگرین، ئەوا دەبێت بیر لە ڕەهەندە ئیقلیمییەکانی بکەینەوە. پرۆژەکە تورکیاو کەنداو بەیەکەوە دەبەستێت. هەردوولا چەندین کاڵایان هەیە کە دەتوانن لەگەڵ یەکتردا بیگۆڕنەوە. کەنداو کە توانای کشتوکاڵی نیەو هەروەها عێراق بەتایبەتی باشور کە توانای کشتوکاڵی نامێنێت، بەهۆی کەمیی ئاو و گۆڕانی ژینگە لە داهاتوودا، ئەوا دەبنە بازاڕێکی باشی خۆراکی تورکی. ئەمە سەرباری کاڵاکانی تورکیا کە جۆریان باشترەو نرخیان کەمترە لە کاڵاکانی تر. تورکیا پێویستی بە غازو نەوت و بەربومەکانی پیترۆکیمیاوییە کە عێراق پلانی هەیە بەرهەمیان بهێنێت. پێکەوەگردانی کەنداو و تورکیا لەڕێگای تورکیاوە، وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ دوورخستنەوەی تورکیا لە ڕوسیا، کە بەلای ڕۆژئاواو هەنگاوێکی گونجاوە. تەنها بیر لە گرنگی بازاڕی ڕوسی بکەرەوە بۆ ساغکردنەوەی بەروبومی تورکی. بۆ تورکیا هەنگاوێکی جیوپۆلەتیکی گرنگە بۆ گەیشتن بە قوڵایی عەرەبی، بەتایبەتی ئەو پانتاییەی کە وزەو پارەی زۆری تیادایە. ئەم فاکتە جیوپۆلەتیکییە هەمیشە پاڵنەرێکی تورکیا بوو بۆ ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی هەرێم و دروستبوونی ڕۆژئاڤا، چونکە بوونی هەرێم و ڕۆژئاڤا پێکەوە دابڕانێک لەنێوان تورکیاو قوڵایی عەرەبیدا دروست دەکات. کەواتە پێش هەموان تورکیا سودمەندە کە کاڵاکانی بە وزە دەگۆڕێتەوە. عێراق پلانی وەهایە کە سەد هەزار دەرفەتی کار برەخسێنێت. ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە. بەڵام ئەم ژمارانە لەسەر هیچ بنەمایەکی زانستی پشتڕاست نەکراونەتەوە. وەک گوتمان کۆمپانیا ئیتالییەکە هەتا ئێستا تەنها لە بواری پاڵاوگەدا کاری کردوە. ئالنگارییەکان چین؟ یەکەم، لەبەر هۆکاری ئەمنی و ڕێگرییکردن لە بوژانەوەی کوردستانی باکور هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچە کوردییەکاندا نیە یان زۆر خراپە. ئایا تورکیا چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەکات، بە دانانی پارێزەر بۆ هێڵەکان کە تێچووی پرۆژەکە زۆر زیاتر دەکات یان پرسی کورد چارەسەر دەکات، کە لە ئێستادا چاوەڕوان نەکراوە. دووەم، لەسەرتاپای عێراق هێڵی شەمەندەفەری نوێ و تایبەت بە گواستنەوەی شەمەندەفەری تەنکەریی لەگەڵ ڕێگای خێرای های وەی بوونی نیە. لە عێراقدا دروستکردنی پرۆژەکان بە پشک و پشکێنە کۆمپانیا تایبەتەکانی گروپ و حیزب و میلیشیاکانە. ئەمەش کار دەکات سەر بڕی تێچون و جۆری پرۆژە. سێیەم، ڕێگاکە بە هەرێمدا تێدەپەڕێت لەشاری زاخۆ بە مەودای چوار کیلۆمەتر. ئەگەر هەوڵبدرێت لە کوردستان بە دورر بگیرێت، ئەوا نابێتە ڕێگایەکی ئابوری بەڵکو دەبێت به‌ ڕێگایەکی سیاسی. لەم دۆخەدا دەبێت، بە سوریادا تێپەڕێت، هەروەها سوپای عێراقی بگاتە سەر سنور، تورکیا بێتە ناو سوریاوە، دەسەڵاتی ڕۆژئاڤا دووربخرێتەوە، سوریا بهێنرێتە ئەو ناوچەیە. بەڵام لەم دۆخەدا ئەمریکا ناڕازییە، چونکە دەبێتە هۆی شکانی ئابلۆقەی سەر ئەسەد، هەروەها دابینکردنی ئەمنی سەختتر دەبێت. هەموو ئەمانە دەرخەریی ئەوەن کە هیچ کۆمپانیایەکی گواستنەوەی جیهانیی نیە کە بیەوێت ئەم هەموو سەرکێشییە بکات. هەروەها بازاڕەکانی ئەوروپا ناتوانن پشت بە ڕێگایەکی وەها ببەستن کە هێندە ڕێگریی و کێشەی هەبێت. وەک لە کۆنگرەکەدا دەرکەوت سوریا پێداگریی دەکات لەوەی کە ئەم پرۆژەیە بۆ بەندەرەکانی ئەو بڕوات، لەم دۆخەدا تورکیا دژ دەبێت و بەهیچ جۆرێک نابێتە ڕێگایەکی جیهانیی، وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، لەبەر دۆخی شەڕو ناسەقامگیریی و ئابلۆقەی سوریا. ئیماراتییەکان داوا دەکەن ڕێگایەکە ببەسترێتەوە بە هێڵی شەمەندەفەری کەنداوەوە. ئەگەر هەنگاوێکی وەها بنرێت ئەوا مانای وەهایە هەموو پرۆژەی بەندەری فاو لاوەکی و کەم سود دەبێت. لە هەمانکاتدا ئێرانییەکان دەیانەوێت شەلەمچە بە بەسرەوە ببەستنەوە. ئایا ئەم پرۆژەیە بۆ کورد چی دەگەیەنێت؟ یەکەم، هاتنی پرۆژەکە ئەگەر مەبەست لێی سەقامگیریی بێت، ئەوا دەبێت کوردیش لێی سودمەندبێت، چونکە هەرچەندە بە هەولێردا تێناپەڕێت، بەڵام لێیەوە دوور نابێت. تەنها سلێمانی لەم پرۆژەیە بەدوور دەبێت. بەڵام ئەوەی هەستی پێدەکرێت کە تورکیا هەندێک پرسی ئاسایشی دەبەستێتەوە بەم پرۆژەیەوە بە تایبەتی پرسی کامپی مەخمورو شەنگال، کە ڕێگاکە بە نزیکیاندا تێدەپەڕێت. ئەوەی لە کۆنفرانسەکەدا بینیمان زیاتر نمایشکردنی ئایدیایەک بوو، هەموو بەشداربوان لە هەڵسەنگاندنی ئەوەدان کە چۆن لێی سودمەندبن. ئایا پرۆژەکە دەتوانێت هەموان سودمەند بکات؟


كاوه‌ مه‌حمود- سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان ماراتۆنی ململانێ سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی دەوڵەتی عێراقدا، بەشێکە لە ناکۆکی سیاسی سەبارەت بە شوناسی پرۆسەی سیاسیی، کە بیست ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوەو دەقەکانی دەستوری ساڵی 2005ی دەوڵەتی عێراق، نەک بەڕوونی توانای یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نەبووە، بەڵکو بەشێکی تەواوی ماددەکانی خودی ئەو دەستوورە لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا جێبەجێنەکراوە. سیناریۆی باسکردنی ماف و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە سایەی حوکمی دەوڵەتی فیدڕاڵیدا، لەسەرەتاوە بە زنجیرەی ناڕەزاییەکان دژ بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە دەستپێدەکات و، دواتر دوای هەر دانوستانێکی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، کە کار بگاتە ڕێکكەوتنی سیاسی، ئەوا مارتۆنی ونکە دروستکردن لە جێبەجێکردنداو هەڵوەشاندنی ڕێکكەوتننامەکان سەرهەڵدەدا، هەروەک بابەتی ناردنی پشکی دوو سەد ملیارەکەی ساڵانی پێشتر، کە لە ساڵێکدا دوو یان سێ جار دەنێردراو، کاتێکیش سەرۆک وەزیران قایل دەبوو، وەزیری دارایی لەمپەری دادەناو، مەسەلەکەش دەگەیشتە کۆسپدانانی بەڕێوبەرێکی گشتی و بەرپرسی بانک و، دەرەئەنجام ئەندامێکی پەرلەمانی نەتەوەو تایفەی زۆربە لە دادگای ئیتحادی سکاڵای دەکردو، بڕیارەکانی دادگای ئیتحادیش وەک چەکوشی ئامادەکراو بەسەر هەرێمی کوردستاندا بەرزدەکرایەوە. سیناریۆی ئەمجارەی پشکی هەرێم لە بودجەی عێڕاقدا دوای بڕیاڕی دادگای پاریس، ڕێکكەوتنی هەردوو حکومەتی عێڕاق و حکومەتی کوردستانی لێهاتەکایەوەو، هەرچەندە حکومەتی هەرێم دانبەوەدانانێت، کە بڕیاری دادگای پاریس و ڕێکكەوتنی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوت کە تائێستا نەفرۆشراوەو، پشکی هەرێم پاشەکشەیەو، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا لەوەدەچێ بەو پاشەکشەیەش قایل نەبن و، لەسەر ڕێبازی کارکردن بۆ سەپاندنی خولیای ناوەندیتی ڕەها لە حوکمی دەوڵەتی عێراق بەردەوامن و، ئەمجارەش حکومەتی ناوەند هەروەک ڕەفتاری جارانیان، لەسەرەتاوە بەوپەڕی پشوودرێژی دانوستان دەکات و لەچوارچێوەی هاوسەنگی هێزەکان و بە ڕه‌چاوکردنی فشاری جۆراجۆریش ڕێکكەوتن دەکات، بەڵام کاتێک کار دەگاتە جێبەجێکردن، مانۆڕەکان لە لێژنە تایبەتمەندییەکان و لە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکات و، کار بۆ بڕگە لادان و بڕگە زیادکردن دەکرێت، هەروەک لە قانونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان سەبارەت بە هەڵبژاردن لە کەرکوک کردیان. ئەم لۆجیکەی دەسەڵاتدارانی بەغدا لە بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی دەوڵەتی عێراقدا دووبارەکرایەوەو، هەرچەندە ڕێکكەوتن لەنێوان هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، کە ئەمەش تەواوکەری بابەتی پێکهاتنی حکومەتی نوێی عێراق و بەشداری لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە تیایدا، بەڵام خودی پەرلەمانتارانی حوکمڕان لە لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆمەڵێک خاڵ و مەرج و لەمپەریان لەبەردەم دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەکارهێنانی پشکی هەرێم لەو بودجەیە داناوە، کە کرۆکی ئەو خاڵانە بریتییە لە وشککردن و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەی ئابوری و، مامەڵەکردن لە گەڵ هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەک و، چەمکی فیدڕاڵیش لە دەوڵەتدا دەکا بە حوکمە زاتییە کارتۆنییەکەی سەردەمی بەعس. بەو مەبەستەی تەواوی تابلۆی سیاسیمان بۆ دەرکەوێت ئەم هەنگاوەی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناکرێت لە کۆمەڵێک بابەتی دیکە جیابکرێتەوە لەوانە: بەردەوامبوونی تەعریب و شاڵاوی عەرەبی هاوردە لە تۆپزاوەو داواکردنی قەرەبووکردنەوەی بیست ساڵ و هێنانی بڕیاری دادگای عێراق بۆ ئەم مەبەستە، لەکاتێکدا تاپۆی ئەو زەوی کشتوکاڵیانە بە ناوی جوتیارە کوردە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەیەن و، بابەتی وەرنەگرتنی سەرجەم داهاتی گەنم و جۆی جوتیارانی کوردستان لەکاتێکدا تەواوی داهاتی جوتیارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەردەگیری و، جگە لە بریاری ڕاگرتنی تێپەڕاندنی هێڵی ئاسنینی نێوان بەندەری فاو بۆ تورکیا بە خاکی کوردستانی باشورەوە. هەرچەندە هەموو ئەزمونەکانی بنیاتنانی فیدڕاڵی ئەوەمان پێدەڵێت، کە پەیڕەوکردنی فیدراڵیزم بێ دیموکراسی و شەراکەت و بابەتی هاوڵاتیبوون نایەتەدێ و، ئەم سێ فاکترە لە ڕەوشی عێراقدا ونە و، لەهیچ کاتێکدا سازدانی هەڵبژاردن بە دیموکراسی یەکسان نییە، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە سەرجەم پاشەکشەکانی هەرێمی کوردستان لە دانوستانەکان و دواتر لە جێبەجێکردنیاندا، بریتییە لە کۆمەڵێک فاکتر، لەوانە: ــ نەبوونی یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی لایەنەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو بابەتانە و، کارکردن بە سیاسەت (کارو کاردانەوە) له‌نێوان خۆیان لەچوارچێوەی ململانێ و بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی لە هەرێمی کوردستاندا. ـ گواستنەوەی گۆڕەپانی ناکۆکی و ململانێکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی کوردستان پێشتر دەیانوت: ئەگەر لە کوردستاندا ناکۆکیش بین، لە بەغدا سەبارەت بە مافەکانی گەلی کوردستان یەکهەڵوێست دەبین. بەڵام هەڵوێست و کارەکانی حوکمڕانانی کوردستان گواستنەوەی ململانێکان بۆ بەغدا بوو. ـ بەردەوام شاندی هەرێمی کوردستان لە دانوستاندا لەگەڵ بەغدا بە عەقلیەت و مۆرکی شاندێکی فەرمانبەرانی حکومی لەگەڵ شاندێکی دەستەیەکی حکومی سەروتری خۆی بابەتی پشک و مافەکانی هەرێمی کوردستانی خستۆتەڕوو، چاوەڕێی قایلبوونی بەرامبەر بووەو، ئەمەش بەپێچەوانەی چەمکی توافق و شەراکەت و هاوسەنگییە، کە پرۆسەی سیاسیی پێکهێنانی عێراقی نوێی لەسەر بنیاتنراوەو، جێبەجێکردنی ئەم ئاڕاستەیەش وا دەخوازێ، کە شوناسی هەر شاندێکی هەرێمی کوردستان شوناسی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان و ئەرکەکانی ئەم بزوتنەوەیەی لەخۆبگرێت و، بابه‌تەکان لەبواری ئیداری و دارایی فراوانترە. لە ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و دوای لاوازی کارتێکردنمان لەسەر دۆستانی گەلەکەمان و، بەهۆی لاوازی متمانەی خەڵک بە توانای دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان و، بەهۆی ئەو پاشەکشەیەی کە لە ئاکامی بڕیاری دادگای پاریس و، هەڵوێستی نەیاری هەرێمایەتی لەئارادایەو، لە ئاکامی لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی دۆستان و، دوای سوتانی چەندین کارت لە ململانێ لەگەڵ بەغدا بۆ وەدیهێنان و پاراستنی ڕادەی نزمی مافەکانمان، لەوانەش کارتی وازهێنان لە بەشداریکردنی پرۆسەی سیاسی عێڕاق، تەنیا کارت بۆ زەمینەی کاراکردنی بەرەنگاربوونەوەو متمانەوەرگرتنەوەی تەواوی خەڵکی کوردستان و، بەردەوامبوونی ململانێ بەشێوەیکی گشتگیرو، بۆ پاراستنی ڕادەی نزمی پشکی هەرێم لە بودجەی دەوڵەتی عێراقدا لەم هەلومەرجەدا یەکهەڵوێستی کوردستانی پێویستە.


د. دانا حەمەعەزیز  لە بیست ساڵی رابردوودا، ئەردۆغان دەستی بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیا بردوە بە سوپاو دادگاو هەواڵگری و بانك و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە. سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، هەموو دەرگاکانی بۆ خستەسەر پشت کە ئیدی بێ ترس و بە متمانەی خەڵکەوە، پرۆژەی بە دیکتاتۆریبوونی سیستەمی تورکیا تەواو دەکات و بێ دوودڵیی جومگەکانی حکومڕانی بەتەواوی دەخاتە بندەستی خۆیەوە.  وتاری ئەردۆغان لە ڕابردوودا بۆ تورکەکان "تورکیایەکی  مەزن دایکی یەك نەتەوەی تورك " بووە، هەرئەمەش زامنی بردنەوەی بوو لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا! پێنج ساڵی ڕابردووی حکومڕانی ئەردۆغان بۆ خۆرئاوا، ئەزمونێکی تاڵ بوو، ئەردۆغان پەنای بۆ هەموو جۆرەکانی دژایەتیکردنی ئەوروپاو ئەمریکاو "ناتۆ"ش برد، هەر لە بەکارهێنانی کارتی پەنابەران و سوکایەتیکردن بە باڵوێزخانەو کونسڵگەرییەکانیان لە ئانکەرەو ئەستانبوڵ هەتا دەگاتە هاوکاری سەربازی لەگەڵ "داعش"و ڕوسیاو دژایەتیکردنی سوید.  پەیامی دوای هەڵبژاردنی ئەردۆغان بۆ خۆرئاوا جیاواز بەڵام بەئازارتر دەبێ، ئەمجارەیان ئەردۆغان بە متمانەی خەڵکەوە بە ئەوروپییەکان و بە  ئەمریکا دەڵێت، تورکیا زلهێزێکی دنیایەو زەمانەتی ئەو گەورەیەشی، ڕیگەی ڕوسیاو چین و ئێرانی دراوسێیەتی کە بچوکترین تێبینیان نیە لەسەر مەسەلەکانی تایبەت بە کەمینەی کوردو دیمۆکراسی و ئازادی.  وەك نەریتێکی دوای هەڵبژاردن، پەیامی براوە، یەکێتیی و یەکڕیزیی یە. هەرچەند ئەردۆغان باسی یەکڕیزیی کرد، بەڵام پەیامەکەی پڕبوو لەخۆبایبوون و سوکایەتیکردن بە ڕکابەرەکانی. وەك میدیاکانی خۆرئاوا نوسیویانە "پەیامی ئەردۆغان بۆ یەکڕیزیی بێ مانایە، لەکاتێکدا سەلاحەدین دەمیرتاش سەرکردەی سێیەم گەورەترین پارتی سیاسی تورکیا لە زیندانە". لە پەیامەکەیدا ئەردۆغان بێمنەتانە بە کلیچدارئۆغلۆی وت "بای بای کەمال!"، ئەو قسە بازاڕییەی ئەردۆغان وەك سوکایەتی بە نیوەی خەڵکی تورکیا، سەرەتای دەسپێکردنی جەنگی دابەشبوونی کۆمەڵگەی تورکیایە کە ئایندەیەکی مەترسیداری دەبێت بەتایبەتی کە کلیچکدارئۆغڵۆ نزیکەی نیوەی تورکیای لەگەڵدایە بە کوردیشەوە! شەڕی ئەمجارەی تورکیا لەناوخۆدا، هەر لەگەڵ کورددا نیە، ئەو خۆی بۆ شاڵاوێکی گەوره‌تری سەرکوتکردن و پاکتاوکردنی ڕکابەرەکانی لە دیاربەکرەوە تا ئیزمیرو ئەستەمبوڵ، ئامادەکردوە. وەك بەڵێنیشی بە نەتەوەی تورك داوە، لەبەرامبەر خۆرئاوادا، بەڵێنەکانی لە قسەو وڕكگرتنەوە بکاتە کردارو تەنانەت لەگەڵیاندا بیگەیەنێتە مریشکە ڕەشە. بەڵام بەم دابەشبوونە قوڵە ناوخۆیی و بەم ئابورییە نالەبارەوە، ئایا تورکیا بەرگەی شەڕی ناوخۆو بەرگەی بچوکترین گەمارۆی ئابوری خۆرئاوا دەگرێت؟!  


ئارام سه‌عید عیسای مەسیح دەفەرموێت" "هەموو مەملەکەتێک کە لەدژی خۆی دابەشبووبێت، دەڕوا بەرەو وێرانکاری." بەر لە دەستپێکردنی هەر دانوستانێک هەرکات کێشەو ناکۆکی ناوخۆیی هەبوو ئەوا چاوەڕوان بە لایەنی بەرامبەر ئەوە بەکاردەهێنێت و بەجیا لەگەڵ ناکۆکەکان دادەنیشیت و نفوزی خۆی زیاد ەکات. کاریکی تر کە دەیکات ئەوەیە چەند پەیامێک ئاڕاستە دەکات کە دەبێتە هۆی قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکییەکان... بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنی کوردستانی ئەگەرەکانی بەردەمی رێکكەوتنی تەسک دەبێتەوەو دەبێتە هۆی دواکەوتنی دانوستانەکان. "یەکگرتووبین بەپێوە وەستاوین، دابەشبووین دەکەوین". لەم دانوستانانەدا لایەنەکانی بەغدا متمانەو ڕێزیان بۆ لایەنی کورد کەم دەبێتەوە کاتێک دەبینن کورد پەرش و بڵاو و نارێکخراوەو گیرۆدەی ناکۆکی ناوخۆییە، چونکە ناتوانیت بڕوا بەجێبەجێکردنی ئەو رێکكەوتنە بکات و گومان دەکات لەکاتیدا لایەنێکی کوردی ناڕازیە، هەربۆیە دەرئەنجام کەوتنە. بەکورتی دانوستانی کاریگەر پێویستی بەوەیە لایەنی کوردی بەیەک بەرەوە بچیتە دانوستانەکەوە، ئامانجەکانی روون و ئاشکرا بن، سازشکردن پێویستە بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە دەرئەنجام تەنانەت ئەگەر ئەوە هەندی گروپ نیگەران بکات کە رەنگە لەبەرژەوەندیان بدرێت چونکە لەکۆتاییدا ئەندامانی دانوستکار دەبێت کار بۆ بەرژەوەندی گشتی بکەن و خۆشگوزەرانی خەڵک لەسەرو هەموو ئارەزوە شەخسیی و حزبیەکانەوە بێت. کانتی فەیلەسوف لەمبارەیەوە دەڵێت" ئەگەر ئاشتیت دەوێت دەبێت ئامادە بیت بۆ رێکكەوتن" بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەک نیە کە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتیی ئامادەبن بۆ رێکكەوتن و نزیکەی چل ساڵە رێک ناکەون و ناگەنە ئەنجام، لەکاتێکدا لەحکومەتدا پێکەوەن، بەڵام ئایا لە رێکكەوتنەکاندا بەرژەوەندی گشتی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان ئەولەویەتە؟ یان بەرژەوەندی حزبی و فراوانکردنی دەسەڵاتەکەیان لەپێشەوەی بەرژەوەندی هاوڵاتیانە، ئایا دروستە لایەنی کوردی بەتەنها پارتی بێت؟ یان پارتی و یەکێتیی بەجیا دانوستان بکەن؟ ئەی ئەو هێزانەی تر لە کوێی ئەم دانوستانەدان؟ دەبوایە دەیان کۆبونەوەو راوێژی ئاشکرا لەگەڵ هێزەکانی تر هەبوایە بەر لەدەستپیکردنی دانوستانەکان. تۆ بڵێی هەرێمی کوردستان بەخاک و خەلکەکەیەوە موڵکی پارتی و یەکێتیی بن؟ لەکۆتاییدا پاش ململانێی سەختی چل ساڵی رابردوو، هەموو دانوستانەکان بەم دەردە دەچێت، هەربۆیە ئومێدێک نیە کە بتوانن لەهیچ دۆسیەیەکی کوردستاندا بیبەنەوەو کۆتاییەکەی دەبێتە لەدەستدانی ئەوەی ماوە لە دەستیانداو هاولاتیانیش بەشێوەیەک بیزارن لەم دەسەڵاتە حوکمی بەغدایان پێباشترە لەوەی ئێستای کوردستان لەکاتێکدا دەرفەتی زێڕین هەبوەو دەسەلات لەدەستیداوە نەک هاوڵاتیان. پەنابردن بۆ حوکمی بەغدا بەم بیرکردنەوەو ئاڕاستەیەی ئێستای دەسەڵاتدارانی بەغدا وێرانکارییەکی ترە بەڵام لای هاوڵاتیان سزادانێکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتی ئێستای کوردستان کە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەرئەنجامەکانی تەواو دەردەکەوێت....


چیا عەباس خوالێخۆشبوو دکتۆر کەمال فواد، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی لەسەر هەوڵە بێ ژمارەکان بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی ناوخۆ لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ نوسینێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی: عەبە بازدەدات، لەڕاستیدا باش لێی تێگەیشتبوو تا ئەم چرکەیەش عەبە هەر بازەکەی نەداوە. کێرڤی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی تایبەت دوای وەفاتی مام جه‌لال (باسم لە ساڵەکانی شەڕی ناوخۆ نیە) هیچکات هەڵکشانی بچوک و داكشانی زەقی بەرچاوی ناجێگیری بەو جۆرەی ئەو چەند ساڵەی دوایی بە خۆیەوە نەبینیوە. کورد نامۆ نیە بەم دیاردە کوشندەیەی دەیان ساڵە، سەرەڕای ئەوەی دیاردەکە لە بنەڕەتدا زەمینەیەکی بەهێزی مێژویی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا زەمینەی ئاگری ئەو پیرە بورکانە گڕدارترو خۆشەتر دەکات چەندین گەمەکەرو فاکتەری ترن کە تێهەڵکێشی پێکهاتەکانی زەمینەکەی جاران بوون. پێش روخاندنی سەدام نەتەوەکانی عێراق بە کوردیشەوە نزاو دوعای دیموکراسیەتیان بەهەر وشکەدارێک و تاشە بەردێکەوە دەلکان، روکەشانە بۆ ئایندەی عێراق سەرسامی ئەو دەستەواژە تەماویەوە بوون. پاش نەمانی سەدام بە رەچەتەی ئەمریکا ئیبداعی تێدا کراو ناویان نا " دیموکراسی تەوافق" تا هەموو پێکهاتەکانی عێراق رازی بکەن و لە سایەیدا ئەمریکا بتوانێت کاری خۆی بکات. نوێنەرانی کورد لەناچاری و تەماعەکانیان لە عێراقی " نوێدا " قۆڵیان لێهەڵماڵی و بوونە داشی دامەی ئەو ئیبداعە، ئەزمونەکانی مەجلسی حوکم و یاسای قۆناغی گواستنەوەو پشکی سەرۆکێک بۆ کۆماری نوێ بۆ کوردو چۆنیەتی داڕشتنی دەستوری هەمیشەیی عێراق و دەغدەدانی کورد بە مادەی ١٤٠و بودجە زەمینەخۆشکەری نەشتەرگەریەکی جوانکاری ساختە بوون کە گروتینی ئەو بورکانە پیرەی نەک زیندو راگرت بەڵکو چاوچنۆک و درەندەتریشی کرد.  رێكکەوتنی ستراتیژی ئەمنی نێوان ئەمریکاو عێراق کە هیچ برگەیەکی متمانەپێکراوی بۆ کورد لە خۆ نەگرتوە، روداوەکانی دوای شکستی سەربازی داعش، کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەرو شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و لەدەستدانی کەرکوک و چەند ناوچەیەکی تری کوردستان بە رەزامەندی ئەمریکا ئەو سەلـمێنەرە یەکلاکەرەوانەن کە چۆن پرسی کورد لە داوێکی سەرسەختی ئاڵۆزدا گیری خواردوە. نە کوردو نە پێکهاتەکانی تری عێراقیش ( تایبەت گۆشەکراوانی مەزهەبی و نەتەوەپەرستی و شۆڤینزم) ئەهلی هیچ جۆرێک لە دیموکراسی راستەقینە نەبوون، ئێستاشی لەگەڵدا بێت وڵاتی نێو دوو روباری خوێناوی، کە ئیستا دەیان میلیشیای مەزهەبی توندڕەو و خوێنڕێژ بەڕێوەی دەبەن، پێویستی بەسەرکردەیەکی دەستوریی دەسەڵاتداری بە ویژدان و عادل هەیە، هەمان راستیش بۆ بەشەکەی کوردستانیش دروستە، تایبەت هەرێم خاوەنی دەستور نیەو یاساش سەروەر نیە، حزبایەتی و سەرکردەو بنەماڵە بوونەتە جێگرەوەی ئەو بۆشاییە ئازاردەرانە.  دیاردە کوشندەکەی کوردی باشور لەم روداو و گۆڕانکاریانەدا زیندو راگیراوەو مێژوو و زەبری هێزو بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیش زامنی شەرعیەتدانن پێی، پەرلەمانە کارتۆنیەکەش پەکخراوەو هیچی جەوهەریشی پێناکرێت. ناشێت بازێک بەسەر رۆڵی گرنگی وڵاتانی ناوچەکە بدەین، زۆر تایبەت شۆڤینزمی نەتەوەیی و مەزهەبی لە بەغدا، کە دیاردە کوشندەکەی کورد دەقۆزێتەوە کاتێک بەشێکی پاسەوانە گەورەکانی بورکانەکە ئارەزومەندانە لە دەروازەکانیان دەدەن و داوا دەکەن ئاگری بورکانە بڕێک خۆش بکەن. هەرچۆنێک بێت پاش چەندین پاشەکشەکردن بە سەروەری سیاسی هەرێم و زەوتکردنەوەی چەندین ناوچەی هەستیاری کوردستان و سنوردارکردنی دەسەڵاتی هەرێم لە پرسی نەوتدا ئێستا کێشەکانی بودجەو پێشنیاز کە حکومەتی بەغدا بکرێت بە نیمچە وەصیەک بەسەر بەشێکی ئەرکەکانی حکومەتی هەرێم زادەی سیاسەتە خۆپەرست و هەڵەکانی دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەشن لە هەرێم. ئەم گەمەیە گەر وا بەردەوام بێت وەک رۆڵێتی روسی دەبێت بۆ کورد، چونکە هەر هەموو سیاسەت و هەنگاوەکانی بەغداو دەرودرواسێش پێمان دەڵێن دەیانەوێت ئەم هەرێمە بگەڕێننەوە بۆ ئەو سەردەمەی بە دەڵەمە دەشوبهێنرا.


زكری مووسا ئەو دەسكارییانەی لە لایەن لیژنەی داراییەوە خراونەتە پڕۆژەی بودجەی عێراقی، زۆر عەجیب و غەریبن و بە نەفەسێكی تاییفی و حقد و تۆڵەسەندنەوە نووسراون. لەوەش سەیرتر ئەو نوێنەرە كوردانەن كە پشتگیریی ئەو دەسكاریكردنانەیان كردووە. ئەو كوردانە یان زۆر نەزان و بەدبەخت و ماڵوێرانن یانیش ڕق و حقد كوێری كردوون، چونكە لە ڕاستیدا ئەو دەستكاریانە هیچ ڕێز و پێگە و دەستەڵاتێك بۆ كیانی هەرێمی كوردستان بە خەڵك و بە حكوومەت و ئەحزاب و دامەزراوەكانیەوە ناهێڵێتەوە. دەسكارییەكان لە واقعدا بەمشێوەیەن: 1. هەرێم هیچ دەستەڵاتێكی دارایی و سەرچاوەیەكی داهاتی نامێنێ، لەگەڵ ئەوەش دەبێ 10%ی پاشەكەوتی مووچە بداتەوە. دیار نیە كە دەبێ لە كوێ ئەو پارەیە بهێنێت و لەبری پاشەكەوت بیداتەوە. 2. هەرێم دەبێ 400 هەزار بەرمیل نەوت دەربهێنێت بەڵام لەو ناوچانە نا كە دەكەونە نێو پارێزگای موسڵ و كەركووك (كە بەشێكن لە كوردستان)، دواتر كە ئەو نەوتەی دەرهێنا دەبێ نەوتەكە تەحویلی حكوومەتی عێراقی بدات بێ ئەوەی دەستەڵاتی ئەوەی هەبێت تەعامول بەو داهاتە بكات كە لە ئەنجامی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی خۆی هاتووەتە دی. واتە نەوت بداتە عێراق و هیچ وەرنەگرێ تەنیا ئەگەر وەزیری دارایی عێراق حەزی كرد ئینجا هەندێك پارە بنێرێت. ئەوە ڕێك هەمان سیستەمی كۆیلایەتییە. كاتی خۆی كۆیلەكان كاریان دەكرد و فیودال و كۆیلەدارەكان بڕیاریان دەدا كەی کۆیلە بەختڕەشەکان نان بخۆن و چەندیش بخۆن. 3. پرسیار ئەوەیە بەپێی ئەو لۆژیكە سەیرە ئەگەر هەرێمی كوردستان ئەو 400 هەزار بەرمیلەی نەبێت یان كۆتایی بە نەوت بێت، پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا بە چ شێوەیەك دەبێت؟  4. لە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەو دەستكاریانەی ئەو برادەرانە ئیمزایان كردووە لە بودجەی گشتیدا كاریگەریی سلبی دەخرێتە سەر كەرتی تایبەتی هەرێمش و ئەو جموجۆڵە ئابووری و گەشتیاری و سەقامگیرییەی لە هەرێم هەیە تووشی كۆسپی گەورە دەبێت و بە دەیانهەزار گەنج كارەكانیان لەدەست دەدەن. 5. بابەتێكی تر مەسەلەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی پارێزگاكانی هەرێمە لەگەڵ حكوومەتی بەغدا كە مەبەست لێی پارێزگای سلێمانیە. دەمێكە باس و خواس و هەڕەشەی ئەوە دەكرێت كە سلێمانی جیا دەكرێتەوە و ڕاستەوخۆ پارە لە بەغدا وەردەگیرێت. بەڵام ڕاستیەك هەیە پێویستە تاك تاكی دانیشتوانی خۆشەویستی سلێمانی بزانن. مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سلێمانی هەرگیز ڕوو نادات. بۆ ڕوونادات؟؟ وەڵامەكەی سادەیە. عێراق هیچ كات ئامادە نابێت لە هیچ و خۆڕایی مانگانە 600 ملیار دینار بۆ سلێمانی بنێرێت. ئەوان پرسیار دەكەن باشە بۆ دەبێ لە هیچ و خۆڕایی پارە بۆ سلێمانی بنێرین؟ خۆ خوا لێی نەگۆڕیوین. بەڵام ئەو بابەتە وەك كارتێكی گوشار بەكار دەهێنن بۆ لەیەكترترازانی زیاتری هەرێمی كوردستان و لایەنە كوردییەكان. ئەوەی ڕووی داوە تۆڵەسەندنەوەیە لە كورد كە  هەوڵی داوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت. هەندێ نەزانی كوردیش كە ڕق لە پارتی كوێری كردوون بەدوای ئەو مەوزوعە كەوتوون وەك بڵێی شاكارێكی گەورەیان كردبێت. جێگەی داخێكی زۆرە میللەتێك دڕندانە ئەنفال و جینۆساید كرابێت ئێستا پێی ڕەوا نەبینرێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت بۆ ئەوەی بتوانێ سامان و سرووشتی خۆی بۆ ئاوەدانی و سەقامگیری بەكار بهێنێت. ئەگەر هەموو شتێك سرووشتی با و لە شوێن خۆی با دەبوایە تاهەتایە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەو زوڵم و جینۆسایدەی كردبا كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە. نەدەبوا یەك بەرپرسی عێراقی جورئەتی ئەوەی هەبا سەیری چاوی كوردێكی كردبا و دەبوایە هەمیشە چاوشۆڕ و شەرمەزار با.


کاروان مەحمود حاجی   پرۆسەی نەوتیی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای هاتنی (داعش)، گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی کورد بوو! بەڵام کە پارەکەی لەلایەن سەرانی دوو بنەماڵەو دوو حیزبی حوکمڕانەوە ئەدزرا، بوو بەگەورەترین بەڵا بۆ ئێستاو ئایندەی کورد. گەر پارەی نەوتی ئەو خەڵکەی هەرێمی کوردستان نەدزرایە، پانزە ساڵ زۆر بوو، کوردستانیان بکردایە بە هەرێمێکی پێشکەوتووی بوارەکانی ئابوری، ئاوەدانی، ئەمنی، ئازادی و دیموکراسی، دەخلی ساڵانەی تاکی کوردیان بەرزکردایەتەوە، لەجیاتی داگیرکردن و تاڵانی موڵکی گشتی و برەویان بەو کەرتە بدایە بەتایبەت لەبوارەکانی خوێندن و تەندروستی، بیمەی ژیان و بیمەی موڵک و ماڵیان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمەکە دابینبکردایە، هێزێکی تۆکمەی پێشمەرگەی نیشتیمانیان بۆ پارێزگاری هەرێمەکە دروستبکردایە.. بەدڵنیاییەوە گەر وابا گەلی کورد لەهەمو کونجێکی دنیاوە بۆ پارێزگاریکردن لەو هەرێمە ئامادەی گیانفیدایی ئەبوو، هیچ کوردێکیش سازش و تەسلیمبونی بۆکەس قەبوڵ نەئەکرد . ئەگەر ماڵی مەسولەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، خاوەنی هێزی تایبەت بەخۆیان و کەناڵی راگەیاندنی تایبەت و کۆمپانیای تایبەت بەخۆیان نەبونایە، گەمژەو نەزانیان نەخستایەتە جومگەکانی بەڕێوەبردنی کاری فکرو سیاسەت و رێکخراوەیی،  جاشیان نەکردایە بەباش و باشیش بەجاش... کورد توشی ئەو خود نەفرەتیە نەدەبوو، ئەو رقەی لەخۆی و نیشتیمان و مێژووەکەی نەدەبووەوه‌! تۆوی ئەو رقە بەپلان و پیلان لەناخی کوردا چێنرا .گەر وانەبا کەس زاتی ئەوەی نەدەکرد وەک نوێنەری هەڵبژێردراوی کورد دەنگ بەلاوازکردنی پێگەی هەرێم لەبەغدا بدات. دەستوری عێراق لەوپەڕی هێزی کوردو لاوازی ئەوانیترا نوسراوەتەوە، ماف و ئیمتیازی زۆری بۆ گەلی کوردستان و ئەو پارێزگایانە دەستەبەر کردوە کە لە هەرێمێکدا، رێکخراون، مافی بڕیارو نوسینەوەی دەستوری تایبەت بەخۆیان، دروستکردنی هێزی نیشتیمانی تایبەت بۆ پارێزگاریکردن و فەرزیشی کردوە کە بەپێی سەرژمێری دانیشتوان میزانیەی تایبەت بەخۆی لەناوەندەوە بۆ دابینبکرێت .  دەکرێت پابەندی دەستوری عێراق و دیدو روانینێکی جیاوازتر لەو پۆخڵەواتەی پارتی و یەکێتی ببین، ئاخر ئەوان گەر ئامانجیان دروستکردنی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز بوایە لەعێراقا ئەبوایە لای کەمی لەو سێ بەندە دەستوریە ( کە لەدەستی خۆیاندا بووە) یەکێکیان جێبەجێبکردایە. جگەلەوەش دەستوری عێراق مافی داوە بەدانیشتوانی هەر پارێزگایەکی عێراق، بەهەرێمی کوردستانیشەوە، کە بتوانن بەدەنگی زۆرینە هەرێمێکی سەربەخۆ بەهەمو ئیمتیازو مافە دەستورییەکانەوە دروستبکەن . ئێمە چەند هاوڕێیەک پرۆژەیەکمان بۆ (بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی) نوسی، کاری باشمان بۆ کرد، بەڵام دواجار بنکەو بارەگاکەیان بەتۆپزی پێچاینەوە، ئێمەش (لاحول و لا قوە) کارەکەمان لەبەغدا کەوتە نێو ململانێی هێزە عێراقییەکان و دیسانەوە یەکێتی و پارتییەوە.  دەسەڵاتدارانی یەکێتی، هەرکات لەسەر پلەو پۆست و پارە لەگەڵ پارتی رێکنەکەون هەڕەشەی رێکكەوتنی تاکلایەنە لەگەڵ بەغدا ئەکەن بەمەبەستی وەرگرتنی میزانیەی پارێزگای سلێمانی بەڵام هەرگیز جورئەتی باسکردنی هەرێمی سلێمانیان نیە چونکە لەبنەڕەتدا، کارەکەیان بۆ موزایەدەو بەدەستخستی ئیمتیازاتی زیاترە لە هەولێر، دەنا وەرگرتنی موچەی فەرمانەرانی پارێزگای سلێمانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکێتی و تەنانەت پارێزگارەکەشیەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوری نیە. ئەگەر راستدەکەن و لەخەمی غەدری پارێزگای سلێمانیدان با روون و ئاشکرا لە حکومەتی هەرێم بکشێنەوەو تەبەنی پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی بکەن کەهەمو رێکارێکی یاسایی خۆی بڕیوە و بەدەست نوێنەرەکانی پارتی و یەکێتیەوە لەبەغدا گیریخواردوە .


د. كامەران مەنتك  ئەگەر خەنجەرت لە بەر پشتی خۆت بینی، بزانە خەڵكیش پیاوە! (رەسول هەمزەتۆڤ) ئەو بەخ و لەخۆباییبوون و لوتبەرزییەی پارتی، ئەو تاكڕەوی و بێمنەتیەی بەرامبەر هێزو لایەنەكان و خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی هەیەتی، كوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات، لەجیاتی ئەوەی باوەش بۆ هێزەكانی تر بكاتەوەو هەوڵبدات كەشێكی ئاشتەوایی سەقامگیر بێنێتە بەرهەم، رۆژ بەرۆژ زیاتر رق و كینە لەناو كۆمەڵگەی كوردی دەچێنێت، ئێستا دۆخی هەرێم لەناوەوە دەكوڵێت و خەڵك ئامادەیە دەستی ئەهریمەنیش ماچ بكات، تەنیا لەدەست ئەو لوتبەرزییەی پارتی و ئەو بێهەڵوێستییەی یەكێتیی رزگاری ببێت، دیارە یەكێتیش لەپارتی كەمتری نەكردووە، بەڵام لەئێستادا یەكێتیی وەك ئەسپێكی بریندارو زوڕهانێكە لەسەرەمەرگدایەو پەلدەهاوێژێت، بۆیە لەكایەی سیاسی ئەمڕۆی هەرێم جگە لە هەڕەشەكردن و دەستبردن بۆ هێڵە نیشتمانییە سورەكان، ناتوانێت هەڵوێستێكی تری هەبێت، هەموو رەفتارەكانی یەكێتیی لە قۆناغی ئێستادا پەرچەكردارە بۆ هەڵوێستەكانی پارتی، بۆیە دەبێت بەر لەیەكێتیی رەخنە لە پارتی بگیرێت، كە كوردستانی بەم دۆخەی ئەمڕۆ گەیاندووە. لەو ماوەیەدا خەڵكی كوردستان  بەداخەوە ئومێدێكی تراویلكە ئاسایی بە پرۆژەی بوجەی ئێراق هەبوو، پێی وابوو ئەو رێككەوتننامەی نێوان هەولێرو بەغدا( لەنوسینیكدا بە ملكەچبووننامە پێناسەم كرد) دەتوانێت دەروویەكی خێری لێبكاتەوەو هەناسەیەك بەبەر دۆخی دارایی هەرێم بێنێتەوە، كەچی بەگوێرەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەلایەن لێژنەی دارایی پەرلەمانی ئێراقەوە لەو مادانە كراوە، كە پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان، كێشەكان قوڵتر دەكاتەوەو قەیرانەكە گەورەتر دەكات، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە هەردوو دەڤەری سەوزو زەرد بەیەكجاری لەیەكتردەكاتەوەو دەیكاتە دوو هەرێمی جیاواز، ئەو گۆڕانكارییە بەشێوەیەك لەشێوەكان زیندووكردنەوەی هەمان ئەو رێككەوتنەیە، كە تاڵەبانی لەساڵی 2003 لەگەڵ ئەمریكییەكان ئیمزای كرد، مەبەستم ئیمزاكردنی فیدراڵی پارێزگاكانە. دەستەواژەی پارێزگای ناڕازی و پارێزگای رازی داهێنانێكی زمانەوانییە بۆ ئەو لەتكردنەی هەرێم، هاوكات مەسەلەی دانەوەی 10%ی مانگانە، لە پاشەكەوتی فەرمانبەرانی هەرێم، دێوجامەیەكی ترسناكە بۆ شاردنەوەی ئەو راستییەو هەوڵێكە بۆ سڕكردنی خەڵكی كوردستان، كە هەموو یارییە قێزەونەكان لەلایەن هەولێرو بەغدا دژی ئەو، واتە خەڵكی كوردستان دەگوزەرێت. لەراستیدا ئەو بێڕێزییەی پارتی بەداموزەگاكانی هەرێم و هێزەكان و خەڵكی كوردستانی دەكات، ئەوەی لێدەكەوێتەوەوهەر ئەو هەڵوێستەی لێچاوەڕوان دەكرێت، ئەو سیناریۆ قێزەونەی لەپەرلەمان روویدا ئەو یارییە دزێو و مناڵانەی لە پەرلەمان كردیان، بەرهەمەكەی واژووی یەكێتیی بوو لەسەر ئەو بوجەیەی، كە هەوڵیكی جدیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم، كورد دەڵێت، ئەگەر وڵاخ زۆر ماندوو بكەی، خۆی لەچیا هەڵدەدێرێنێت، یەكێتیش لە رقی پارتی خۆی هەڵدەدێرێنێت و هەموو كوردستانیش لەگەڵ خۆی نوقمی وێرانكاری دەكات، بۆیە دەبێت ئەو گەمە ناشارستانییە سیاسییەی هەرێم رابگیرێت و بەرژەوەندی خەلكی كوردستان پێش بەرژەوەندی ئەو حیزبانە بخرێت!. بە بۆچوونی من ئەو هەڵبژاردنەی دادێت، ئەگەر بكرێت! زۆر جیاوازتر دەبێت لەو هەڵبژاردنانەی، لەماوەی سی ساڵی رابردوودا كراوە، (دیارە ئەگەر نەكرێت كارەساتەكە گەورەتر دەبێت)، دەبێت دڵسۆزانی كورد لە جیاتی بایكۆت و پشتتێكردن، ئەمجارەیان هەوڵدەن لیستی نوێ دروستبكەن و لە دەرەوەی ئەو هێزانە كورسی پەرلەمانی بەدەستبێنن، لەو قۆناغەی ئێستادا پیموا نییە، یەكێتیی و پارتی دیسان بە هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز هاوسەنگی كۆن رابگرن، چونكە كۆمەڵێك هێز لە دەرەوە وەستاون و چاوەڕوانی كارێكی لەو شێوەیە دەكەن، بۆئەوەی پەلاماری هەرێم بدەن، كە رەنگ بێت لەمەدا زۆرینەی خەڵكی كوردستانیش پێشوازییان بكات، وەك پەرچەكردارێك بۆ حوكمی سەقەتی سی ساڵەی ئەو دوو حیزبەو لەپەنای گەڕاندنەوەی سەقامگیری، شوێنە هەستیارەكانی هەرێم بخەنەوە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان، بۆیە رەنگ بێت لەئێستادا، واتە بەرلەوەی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بۆجە بدات، پارتی وەك گەڕاندنەوەی رێز، دەستبەرداری هەندێك شت بێت بۆ یەكێتیی و رازی بكات، بەلایەنی كەم لە مەسەلەی دانیشتنەكەی پەرلەمان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هەرچەندە پەرلەمانی ئێراق، بەو پێكهاتە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەی هەیەتی، باوەڕ ناكەم دەرەفەتێكی وا لەدەستبدات، كە بەوردی كاری بۆ كردووە، بەڵام لەهەموو دۆخەكاندا هەر ئەو ئەلتەرناتیڤە لەبەردەستدایە، كەسی خنكاو ئومێد لەسەر ته‌ڵه‌ پووشێكیش دەچنێت!.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand