هەستیاری و گرنگی سیستمی بانکی

Draw Media

2024-03-25 16:57:30



ئارام عەلی، مامۆستای زانکۆ و خوێندکاری دکتۆرا لە ئەمریکا

 

ئایە پێداگری حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی “هەژماری من” تەنها بۆ ٢٥٠٠ دینار کرێی موچەی موچە خۆرە؟ یان مەبەستیان پاراستنی قەوارەی هەرێم و حکومەتی هەرێمە؟ یان شتێکی گەورەتر و گرنگتر لەو هۆکارانە هەیە؟

لە ٧/٣/٢٠٢٤ دا، ئەنجومەنی دادوەری دانیشتنێکیان کرد بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ڕوداوی سیخوڕی کردن و چاودێری کردنی هاوڵتیان و بازاڕکردنیان لە بانکێکی ئەمریکادا، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ئێف بی ئای هەستا بە ڕێکەوتن لەگەل بانکێکی ئەمریکی بۆ دەستخستنی زانیاری وورد دەربارەی هەر کەسێک کە لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراوی مانگی ١ی ٢٠٢١ لە واشنتن دی سی بازاڕیان کردووە.

جۆردن پیتەرسن، وەک شایەتحاڵێکی شارەزا، لەبەردەم لیژنەکە ئامادەبوو بۆ شایەتیدان و باسکردنی مەترس هاوکاریکردنی حکومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ بانک و بازرگانیە گەورەکان بۆ چاودێری کردن و سیخوڕی کردن بەسەر هاوڵاتیانی ئەمریکاوە بۆ ئاگاداربوون لە هەرشتێک کە دەیکەن. جا چەقی گفتووگۆکە لەسەر هەستیاری داتای بانکی بوو کە هەموو وردەکاریەک دەربارەی خاوەن هەژماری بانکی لەخۆدەگرێت.

پیتەرسن سەرەتای قسەکانی بە باسکردنی حکومەتی کۆمیونیستی سین دەستپێکرد، باسی شێوازی چڕ و پڕی سیخوڕیکردنی حکومەتی کرد بەسەر خەڵکەوە، کە زیاتر لە ٧٠٠،٠٠٠،٠٠٠ کامێرای چاودێریان داناوە تا چاودێری هاوڵاتی سینی بکەن. ئەو سیستەمە ناوی (Skynet) ە کە بەستراوەتەوە بە کرێدیت سیستێمی کۆمەڵایەتیەوە کە لەسەر پاداشت و سزا بنیات نراوە و هەڵسەنگاندن بۆ متمانەی هاوڵاتیان دەکات و ناچاریان دەکات پابەندبن بە یاسا و ڕێساکانی سینەوە. بەهۆی ئەو سیستەمە چڕ و پڕەی چاودێریکردنەوە، حکومەتی سین توانیویەتی کۆنتڕۆڵی هەموو کەل و پەل و جوڵە و پەیوەندیەکی هاوڵاتیانی بکات، بەجۆرێک کە ئەگەر هاوڵاتی بەشیک نەبێت لەو سیستەمە و کرێدیتی نەبێت یان لە ئاستی پێویست نەبێت، حکومەت هەموو پەیوەندیەکی دەپچڕێت لەگەڵ جیهانی دەرەوە و ژیانی لێ تێکدەدات. ئەو سیستەمە بووە بە هۆکارێک کە خەڵک ناچاربن ئەگەر بەبێ بەرامبەریش بێت ئیش بۆ حکومەت بکەن تا کرێدیتیان بەرز ببێتەوە و ئەو نەهامەتیەی حکومەت بەسەری هێناون لەسەریان سوک بکرێت.

پیتەرسن پێیوایە کە ئەو سیستەمە جێگای مەترسیە بۆ سەر ڕۆژئاواش، چەنکە ئەو سیخوڕی و چاودێریە لە ڕێگای تەکنەلۆژیاوە دەکرێن و سەرچاوەی داهێنانە تەکنەلۆژیاکانیش ڕۆژاوایە. باسی ئەو مەترسیە گەورەیە دەکات کە ئێستا لەسەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی هەیە بەهۆی زۆری بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندی و بازاڕکردنی ئۆنلاینەوە، مرۆڤی دوونیای تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی مەترسیدار بچوک بۆتەوە لە داتادا؛ بەجۆرێک کە ئەم داتایانە پیشاندەری کەسێتی و کەسایەتی بەکاربەرە و  دەکرێت بە ئاسانترین شێوە کرداری کرین و فرۆشتنی پێوە بکرێت. ئەو داتا و ئەلگۆریتمانە نەک تەنها ڕەسم و شێوە، بەڵکو بیرکردنەوە و حەز و بڕیارەکانی تاکیش خەزن دەکەن. بەتایبەت لە کرداری بازاڕکردن و سیستەمی بانکیدا، کۆمپانیا (بانکیە) گەورەکان، توانای چاودێری کردنی مەبەست و کردارەکانی بەکاربەریان هەیە، وە هەروەها توانای پێشبینی بڕیار و کردارەکانی داهاتووی کەسەکانیشیان هەیە. بەجۆرێک، جگە لەوەی کە دەتوانن درک بکەن بەوەی کە بەکاربەر حەزی لێیە، دەشتوانن بڕیاربدەن کە چی پێویستە و ئاراستەی بکەن. جا حکومەتەکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە ڕێکدەکەون بۆ دەستخستنی مەبەست و کردار و هەتا پرۆسەی بیرکردنەوەی هاوڵاتیانیش!

جگە لە ئاشکرا نەبوونی پۆخڵەواتی لیستی موچە، ئەو گرنگیە زۆرەی سیستمی بانکی هۆکارێکی تری سەرەکیە لەپشتی ئەو هەوڵە زۆرەی سەرانی هەرێمەوە بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەی “هەژماری من” و هێشتنەوەی جڵەوی کۆمەڵگا لای خۆیان. لە وڵاتێکی وەک و ئەمریکا، دەبێت حکومەت لەگەڵ بانک و کۆمپانیاکان ڕێکەوتن بکات تا دەستی بگات بە زانیاری هاوڵاتیان، بەراوردی بکەن بە هەرێمێکی بێ یاسا و دەستوور کە هەم حکومەت، هەم  هێزی پێشمەرگە، هەم بانک و “هەژماری من” هەمووی لەژێردەستی یەک کەسدا دەبێت و، حکومەت لەوەی کە ئێستا هەیە زیاتر دەبێت بە حکومەتێکی سیخوڕی و دەست بەسەر داتا و زانیاری وردی هەموو دانیشتوانی هەرێمدا دەگرن. ئەو پێشهاتە کاریگەری لەسەر هەموو دانیشتوانی کوردستان دەبێت، بەتایبەت دانیشتوانی سلێمانی چونکە دوای ئەوە، ئەوانیش وەک دانیشتوانی هەولێر، زیاتر لە ئێستا دەبن بە دەست و پێ بەستراوی بەردەستی حیزب وحکومەت. هەمان هاوکێشە بۆ بانکەکانی عیراقیش ڕاستە، بەڵام ئایا خەڵکی کوردستان زیاتر سیقە بە کامیان دەکات؟ ئایا کردار و بەڵێن و حوکمی سەرانی باشور لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابروودا، مافی ئەوەیان پێدەدات کە دەستیان بەسەر زانیاری ورد و هەستیاری هاوڵاتیان هەبێت؟
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand