د. ئارام ره‌فعه‌ت دوێنێ ٣١ی ئازار لە باکوری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردن کرا. دەرەنجام و هاوکێشە تازەکانی دوای هەڵبژاردن بەمجۆرەیە: + یەکەم: تورکیا بەرەو عەلمانی/ کەمالیبوون دەچێت. براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکان جەهەپەیە. * جەهەپە لە ٢٠١٩ دا: - ١٤ ملیۆن دەنگ، رێژەی ٣٠٪ی بەدەست هێنا . - شارەوانی ٢١ پارێزگای گرتە دەست. * جەهەپە لە ٢٠٢٤: - زیاتر لە ١٧ ملیۆن دەنگ، رێژەی ٣٧،٥٪. - شارەوانی ٣٥ پارێزگای گرتەدەست (١٤ پارێزگا زیاتر لە ٢٠١٩) - بەبەراورد بە ٢٠١٩، دەنگەکانی ٣ ملیۆن و نیو زیاد کردووە + دووەم: سەردەمی ئەردۆغانیزم بەرەو کۆتایی دەچێت * دۆڕاوی سەرەکی ٢٠٢٤ ئاکەپەیە.٢٤. * ئاکەپە لە ٢٠١٩: - زیاتر لە ٢٠،٥ ملیۆن دەنگی هێنابو، رێژەی ٤٤،٣٪. - شارەوانی ٣٩ پارێزگای گرتە دەست. * ئاکەپە لە ٢٠٢٤، - ١٦،٣ ملیۆن دەنگی بەدەست هێناوە، رێژەی ٣٥،٥٪ - زیاتر لە ٤ ملیۆن دەنگ کەمی کردووە. - تەنها ٢٤ پارێزگای بەدەست هێناوە (١٥ پارێزگای لەدەست چووە) * سێیەم: مەهەپەی باخچەلی، هاوپەیمانی ئەردۆغانیش لە شکستدایە + مەهەپە لە ٢٠١٩: - ٣،٤ ملیۆن دەنگی هێنابو، رێژەی ٧،٣٪. - شارەوانی ١١ پارێزگای گرتە دەست. * مەهەپە لە ٢٠٢٤، - ٢،٣ ملیۆن دەنگی بەدەست هێناوە، رێژەی ٥٪ - زیاتر لە ١ ملیۆن دەنگ کەمی کردووە. - تەنها ٨ پارێزگای بەدەست هێناوە (٣ پارێزگای لەدەست چووە) * چوارەم، کورد (دەم پارتی) کەمێک بەهێزتر لە مەیداندا ماوەتەوە + هەدەپە لە ٢٠١٩: - نزیک بە ٢ ملیۆن دەنگی بەدەست هێنابو، رێژەی ٤،٢٪. - شارەوانی ٨ پارێزگا و ٥٠ شارۆچکەی گرتە دەست. -  تورکەکان سەرۆک شارەوانییەکانیان زیندانی کرد و قەیومیان لە جێگا دانان. + هەدەپە لە ٢٠٢٤: - ٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دەنگی بەدەست هێنا، رێژەی ٥،٧٪. -١٠ پارێزگا و ٦٥ شارۆچکەی بەدەست هێناوە. - ٢ پارێزگا و ١٥ شارۆچکە زیاتر بەبەراورد ٢٠١٩. - ٣ پارێزگا بە موئامەرە تورکەکان دەستیان بەسەرداگرت. - بەدلیس (جەهەپە دەنگەکانی خۆی دایە ئاکەپە)، - قارس (ئاکەپە دەنگەکانی دایە مەهەپە)، - شەرناخ (٦ هەزار ژاندرمە بە نایاسایی دەنگیان دایە ئاکەپە). - لە ٢٠٢٤ دەرسیم گەڕایەوە باوەشی کوردستان. - لە ٢٠٢٤ سەرجەم پارێزگا کوردستانییەکانی رۆژاوای فورات دەنگیان بە کاندیدی حیزبە تورکییەکان دا. * پێنجەم + لە ٢٠٢٤دا، هودا پارتی (حیزبوڵڵا) شکستێکی مێژوویی تۆمار کرد. - تەنها لە باتمان لەگەڵ حیزبی ریفاهی نوێ بەیەکەوە ٪١٥ی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە. - لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان نیمچە غائیبە. - لە باتمان کورد (دەم پارتی) ٦٥٪ی دەنگەکانی مسۆگەر کرد. هاوپێچ نەخشەی دابەشبوونی دەنگەکانە لەنێوان ٢٠١٩ و ٢٠٢٤دا


هاوڕێ تۆفیق ئەمڕۆ گەلی تورکیا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی شارەکانی ئەدات. ئەم هەڵبژاردنە لە وەختێکدایه‌ کە هەڵئاوسانی ئابوری رێژەی 70%ه‌. جەوهەری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر مەسەلەکانی دارایی و خزموتگوزارییە. چەند سەرنج و زانیارییەکی گشتی لەسەر هەڵبژاردنەکە: 1: لە هەموو شارەکان لە یەککاتدا وەکو یەکتری، کاتی دەنگدان دەستپێ ناکات، لە هەندێک شار کاتژمێر (7)ی بەیانی و لە هەندێک شوێنی تر کاتژمێر (8)ی بەیانیە. 2: لە یەککاتدا دەنگدەر، چەند دەنگێک دەدات، دەنگێک بۆ سەرۆکی گەورەی شارەوانی و دەنگێک بۆ سەرۆکی شارەوانی و دەنگێکی تر بۆ ئەندامانی شارەوانی و دەنگێک بۆ موختار. 3: دەوامی فەرمانگەکان و داودەزگای دەوڵەت ئاساییەو پشوو نیە. 4: ئیستانبوڵ دڵی هەڵبژاردنەکەیەو هەموو سیاسییەکان چاویان لەسەر ئەنجامەکەیەتی. ئاشکرایە پێگەی ژمارەی دانیشتوان و گرنگی گەشتیاری و بازرگانی شارەکە چەند گرنگە، لەلایەکی تر دوو خولە (کەمال ئوغلو) براوەیە، ئاشکرایە ناوبراو سەر بە پارتی گەلی کۆمارییە (جەهەپە) کە حیزبێکی کۆنی نەتەوەیی عەلمانی تورکییەو لەسەر دەستی ئەتاتورک دامەزراوە. لە راستیدا جەنگی هەڵبژاردنەکە لەسەر کەوتنی کەمال ئۆغلوە. چونکە ئەگەر جارێکی تر ئیستانبوڵ بباتەوە، بەختی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوی تورکیا زیاد دەکات. تەنانەت لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێشوو، بەهۆی رێگری قانونی نەتوانرا کاندید بکرێ، ئەگەر نا، ئەگەری سەرکەوتنی زۆر بەهێزبوو، لە ئێستادا دووبارە بەهێزەو ئەگەری بردنەوەی هەیە. 5: ئاکپارتی دەسەڵاتدار گرەو لەسەر بردنەوەی زۆرینەی شارەوانییەکان دەکات هەتاوەکو پێگەی خۆی بە تەواوی دابکوتێ، لە تورکیا هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا شارەوانییەکان حکومەتی خۆجێی راستەقینەن و دەسەڵاتی زۆرو فراوانی یاسایی و کارگێریی و دارایی و خزمەتگوزارییان هەیە. راستیەکیش هەیە، ئەو شارەوانیانەی کە بەدەست ئاکپارتیەوەن لەلایەنی پێشکەشکردنی خزموتگوزارییەوە لە شارەوانییەکانی تر باشترن، ئاکپاریی چەکی دەستی خزمەتگوزارییەو هەوڵئەدات پارێزگاری ئەم سیحرەی خۆی بکات. 6: شارە کوردەکان بە بارێکی تایبەتدا تێدەپەرن، سەرۆکی بەشی زۆری شارەوانییەکان لەناو زیندانن و دادپەروەری وەکو یەکی هەڵبژاردن نەڕەخساوە. لەلایەکی تر هەدەپ بە بریاری دادگا هەڵوەشاوەتەوە. لەئێستایا حزبێکی تازەیان دروستکردوە بەناوی (پارتی یەکسانی گەلان و دیموکراسی) کورتکراوەکەی (دەم)ە. بە تورکی ناوەکەی (Halkların Eşitlik ve Demokrasi)یە. ئەم پارتە جگە لە کورد تارادەیەک چەپەکانی تورکیاشی لەخۆی کۆکردۆتەوە. 7: کورد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێشووی تورکیا دەنگی بە کاندیدی جەهەپە دا. چاوەرێ ئەکرێ جارێکی تر کورد، تەرازوی بردنەوەی ئیستانبوڵ بەلایەکدا بخات و لە بەرژوەندی کەمال ئوغلۆ دەنگبدات و توڵە لە ئاکپارتی بکاتەوە. 8: لەڕووی سیاسییەوە، نرخی ئەم هەڵبژاردنە دیاریکردنی براوەی یەکەمە لەنێوان دوو لایەند رکابەرە تەقلیدەیەکەدا، ئەوانیش ئاکپارتی و جەهەپە، ئاکپارتی کە لۆگۆی حزبەکەی گڵۆپێکی زەردەو جەهەپەش ئاڵایەکی سور شەش تیری ئاڕاستەکراوی تێدایە کە هەر تیرێکی هێمایە بۆ دروشمێک ئەوانیش (حوکمی کۆماریی، نەتەوەیی، دەسەڵاتی دەوڵەت، میللەتگەرایی، چاکسازی، عەلمانیەتی) ئاشکرایە، جەهەپە هێشتا تاڵاوی دۆڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە قورگیدایەو هەوڵئەدات تۆڵەبکاتەوەو ئەو هەڵئاوسانە داراییەی بەرۆکی ژیان و گوزەرانی خەڵکی گرتۆتەوەو تەنگ پێ هەڵچنیون، ئۆباڵەکەی بخاتە سەر شانی ئاکپارتی، بەڵام تەنگ پێهەڵجنینەکەی بە ئاکپارتی هێشتا مسۆگەری سەرکەوتنی بۆ نەکردوە. ئاشکرایە جەهەپە دوای شکستی سەرۆکایەتی خۆی رێکخستۆتەوەو سەرۆکی پێشووی حزبەکە (کەمال ئۆغلۆ) دەستی لەکارکێشاوەتەوە، لە ساڵی 2023وە (ئۆزگور ئۆزیل)ی تەمەن 49 ساڵی دەرمانساز، بۆتە سەرۆک. نازانرێ ئەم دەرمانسازە کە دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازییە، دەرمانی دەردی دۆڕانی جەهەپەی پێیە، ئەم شەو ئەنجامەکان وەڵامەکەیمان پێ ئەڵێت.


ئارام عەلی، مامۆستای زانکۆ و خوێندکاری دکتۆرا لە ئەمریکا   ئایە پێداگری حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی “هەژماری من” تەنها بۆ ٢٥٠٠ دینار کرێی موچەی موچە خۆرە؟ یان مەبەستیان پاراستنی قەوارەی هەرێم و حکومەتی هەرێمە؟ یان شتێکی گەورەتر و گرنگتر لەو هۆکارانە هەیە؟ ‎ لە ٧/٣/٢٠٢٤ دا، ئەنجومەنی دادوەری دانیشتنێکیان کرد بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ڕوداوی سیخوڕی کردن و چاودێری کردنی هاوڵتیان و بازاڕکردنیان لە بانکێکی ئەمریکادا، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ئێف بی ئای هەستا بە ڕێکەوتن لەگەل بانکێکی ئەمریکی بۆ دەستخستنی زانیاری وورد دەربارەی هەر کەسێک کە لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراوی مانگی ١ی ٢٠٢١ لە واشنتن دی سی بازاڕیان کردووە. جۆردن پیتەرسن، وەک شایەتحاڵێکی شارەزا، لەبەردەم لیژنەکە ئامادەبوو بۆ شایەتیدان و باسکردنی مەترس هاوکاریکردنی حکومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ بانک و بازرگانیە گەورەکان بۆ چاودێری کردن و سیخوڕی کردن بەسەر هاوڵاتیانی ئەمریکاوە بۆ ئاگاداربوون لە هەرشتێک کە دەیکەن. جا چەقی گفتووگۆکە لەسەر هەستیاری داتای بانکی بوو کە هەموو وردەکاریەک دەربارەی خاوەن هەژماری بانکی لەخۆدەگرێت. پیتەرسن سەرەتای قسەکانی بە باسکردنی حکومەتی کۆمیونیستی سین دەستپێکرد، باسی شێوازی چڕ و پڕی سیخوڕیکردنی حکومەتی کرد بەسەر خەڵکەوە، کە زیاتر لە ٧٠٠،٠٠٠،٠٠٠ کامێرای چاودێریان داناوە تا چاودێری هاوڵاتی سینی بکەن. ئەو سیستەمە ناوی (Skynet) ە کە بەستراوەتەوە بە کرێدیت سیستێمی کۆمەڵایەتیەوە کە لەسەر پاداشت و سزا بنیات نراوە و هەڵسەنگاندن بۆ متمانەی هاوڵاتیان دەکات و ناچاریان دەکات پابەندبن بە یاسا و ڕێساکانی سینەوە. بەهۆی ئەو سیستەمە چڕ و پڕەی چاودێریکردنەوە، حکومەتی سین توانیویەتی کۆنتڕۆڵی هەموو کەل و پەل و جوڵە و پەیوەندیەکی هاوڵاتیانی بکات، بەجۆرێک کە ئەگەر هاوڵاتی بەشیک نەبێت لەو سیستەمە و کرێدیتی نەبێت یان لە ئاستی پێویست نەبێت، حکومەت هەموو پەیوەندیەکی دەپچڕێت لەگەڵ جیهانی دەرەوە و ژیانی لێ تێکدەدات. ئەو سیستەمە بووە بە هۆکارێک کە خەڵک ناچاربن ئەگەر بەبێ بەرامبەریش بێت ئیش بۆ حکومەت بکەن تا کرێدیتیان بەرز ببێتەوە و ئەو نەهامەتیەی حکومەت بەسەری هێناون لەسەریان سوک بکرێت. پیتەرسن پێیوایە کە ئەو سیستەمە جێگای مەترسیە بۆ سەر ڕۆژئاواش، چەنکە ئەو سیخوڕی و چاودێریە لە ڕێگای تەکنەلۆژیاوە دەکرێن و سەرچاوەی داهێنانە تەکنەلۆژیاکانیش ڕۆژاوایە. باسی ئەو مەترسیە گەورەیە دەکات کە ئێستا لەسەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی هەیە بەهۆی زۆری بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندی و بازاڕکردنی ئۆنلاینەوە، مرۆڤی دوونیای تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی مەترسیدار بچوک بۆتەوە لە داتادا؛ بەجۆرێک کە ئەم داتایانە پیشاندەری کەسێتی و کەسایەتی بەکاربەرە و  دەکرێت بە ئاسانترین شێوە کرداری کرین و فرۆشتنی پێوە بکرێت. ئەو داتا و ئەلگۆریتمانە نەک تەنها ڕەسم و شێوە، بەڵکو بیرکردنەوە و حەز و بڕیارەکانی تاکیش خەزن دەکەن. بەتایبەت لە کرداری بازاڕکردن و سیستەمی بانکیدا، کۆمپانیا (بانکیە) گەورەکان، توانای چاودێری کردنی مەبەست و کردارەکانی بەکاربەریان هەیە، وە هەروەها توانای پێشبینی بڕیار و کردارەکانی داهاتووی کەسەکانیشیان هەیە. بەجۆرێک، جگە لەوەی کە دەتوانن درک بکەن بەوەی کە بەکاربەر حەزی لێیە، دەشتوانن بڕیاربدەن کە چی پێویستە و ئاراستەی بکەن. جا حکومەتەکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە ڕێکدەکەون بۆ دەستخستنی مەبەست و کردار و هەتا پرۆسەی بیرکردنەوەی هاوڵاتیانیش! جگە لە ئاشکرا نەبوونی پۆخڵەواتی لیستی موچە، ئەو گرنگیە زۆرەی سیستمی بانکی هۆکارێکی تری سەرەکیە لەپشتی ئەو هەوڵە زۆرەی سەرانی هەرێمەوە بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەی “هەژماری من” و هێشتنەوەی جڵەوی کۆمەڵگا لای خۆیان. لە وڵاتێکی وەک و ئەمریکا، دەبێت حکومەت لەگەڵ بانک و کۆمپانیاکان ڕێکەوتن بکات تا دەستی بگات بە زانیاری هاوڵاتیان، بەراوردی بکەن بە هەرێمێکی بێ یاسا و دەستوور کە هەم حکومەت، هەم  هێزی پێشمەرگە، هەم بانک و “هەژماری من” هەمووی لەژێردەستی یەک کەسدا دەبێت و، حکومەت لەوەی کە ئێستا هەیە زیاتر دەبێت بە حکومەتێکی سیخوڕی و دەست بەسەر داتا و زانیاری وردی هەموو دانیشتوانی هەرێمدا دەگرن. ئەو پێشهاتە کاریگەری لەسەر هەموو دانیشتوانی کوردستان دەبێت، بەتایبەت دانیشتوانی سلێمانی چونکە دوای ئەوە، ئەوانیش وەک دانیشتوانی هەولێر، زیاتر لە ئێستا دەبن بە دەست و پێ بەستراوی بەردەستی حیزب وحکومەت. هەمان هاوکێشە بۆ بانکەکانی عیراقیش ڕاستە، بەڵام ئایا خەڵکی کوردستان زیاتر سیقە بە کامیان دەکات؟ ئایا کردار و بەڵێن و حوکمی سەرانی باشور لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابروودا، مافی ئەوەیان پێدەدات کە دەستیان بەسەر زانیاری ورد و هەستیاری هاوڵاتیان هەبێت؟    


رێبوار سیوەیلی (هەرکەس لەبارەی ئەم وتارەوە کۆمێنت بنووسێت پێوستی بە دە خولەک خوێندنەوەی هەیە..) 1. پار، پێرار؛ ساڵانی بەری هەتا دنیا حەز دەکا، لەم دەمەدا ئێوە خەریكی خاكفرۆشییەكی گەورە بوون. نەتەوەش هێشتا مەستی ئەو دەنگدانە مێژووییە بوو بۆ ئازادیی لە پاشكۆیەتی و پەراوێزبوونی میژوو. هەردووكیان تۆمار دەكرێن: خیانەت بۆ ئێوە و نشوستی بۆ نەتەوە. بەڵام، سەرشۆڕی بۆ ئێوە و سەربەرزی بۆ نەتەوە. پیرۆزبایی لە هەردووكتان دەكەم، ئەمڕۆ لە دوو یادی جیاوازدا دەژین.. 2. لەوساوە تا ئێستا، ئێمە لەسەر خاكیی خۆمان، "سالم"ئاسا، برینی جەستە و ڕۆحی خۆمان دەلێسینەوە و ئێوەش پاساوی قۆشمەئاسا بۆ وڵاتفرۆشی دەهێننەوە. وەلێ ئەمە هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت: ئێوە وەك ناپاكانی مێژوو دەمێننەوە و ئێمەش وەك قوربانیی و لە نیشتیمان نامۆكراو. سوپاس كە واتان كرد، قوربانییەكان سووربن لەسەر هەڵبژاردنەكەیان و زیاتر پشتی یەكتر بگرن. سوپاس لە ڕۆحمەوە، كە واتان كرد بۆ هەمیشە بكەونە بەر نەفرەتی مرۆڤایەتی و كوردە وڵاتدۆستەكانی سەراپای جیهان.. ڕاستە ئێوە لە دنیای لۆكاڵییدا ناپاكیتان كرد، بەڵام جیهان بەو ناپاكییەی ئێوەی زانی، بۆیە وا بیرمەكەنەوە كە مرۆڤایەتی و كوردەكان لەبیرتان دەكەن، چونكە لەبیركردنتان نیشانەی سەركەوتنتانە لە هاندانی خەڵك بۆ ئاساییكردنەوەی ناپاكییەكەتان و سپییكردنەوەی ڕووخسارتان.. ڕووخسارێك كە زمان هەڵدێنێتەوە و چاو دەپیتێنێ و نیگا دەكات، دەمێك كە دێتە گۆ و قۆشمەجاڕی لێوە دەڕژێ، ئەو شەرمەزارییە ناخەكییە دەهێنێتە دەرەوە كە ئێوە تیایدا دەژین. خووڕ خووڕ و خەست خەست لە هەر نیگایەك و لێوەلەرزەیەكتان دێتە خوارەوە شەرمەزاریی بەبێ ئەوەی ووشكایی دایەت لە شوێن و كاتدا.. وەكئەوەی ئێوە لە ئەزەلەوە بۆ ئەبەد بۆ ناپاكیی خوڵقابن.. 3. هیچ پاساوێك بۆ خۆفرۆشیی و خاكفرۆشیی نییە، جگە لەو خۆكووژییەی كە میژوو بە "خیانەت" وەسفی دەكات. هەرچەندە وشەكە كوردیی نییە، بەڵام ناچارم بەكاری بهێنم، تا بەو زمانە خیانەت لەسەرتان تۆمار بكرێت، كە زمانی داگیركارییە. ئێوە خۆتان كوشت، لە كاتێكدا من دەمەویست بۆ پاساودانەوەی كارە بەدەكانی ڕابردووتان، بەشێك لەو شانازییەتان پێببڕیت، كە هەر كوردێك لە ناخی خۆیدا هەستی پێدەكات. ڕیفراندۆمچییەكان لەم قسەیە باش تێدەگەن و ئەوانەش كە چەواشەتانكردن، لە ماناكەی حاڵیی دەبن، بەڵام خۆیان لە قەرەی ناوەڕۆكەكەی نادەن.. ئەوانیش بە دەمامكیی فەیسبووكییانەوە بێدەنگەیان هەڵبژاردووە تا ڕۆژێك دێ، خۆیانمان لێبكەنە شۆڕشگێڕ و داوامان لێبكەن، ساڵانی بێدەنگییان بە خەباتی نهێنی بۆ ئەژمار بكەین و پلەی سەربازییان بدرێتێ لەپای ئەو هەدادانەیاندا!. 4. سوپاس بۆ ئێوە كە ئێستا باشتر لە هەر كاتێك دەتانناسم. ئیتر پێویستیم بەوە نییە بچمەوە ناو میژووی بابان و سۆران و ئەردەڵان، تا ڕووخساری ئێوە لەشێوەی خزمەتكار و جاسووس و دەستەندەخۆری سەفەویی و قاجاریی و عوسمانییدا، بناسمەوە. ئێوە هەمان ئەركتان بۆ دووژمنان لەم سەردەمەدا كێشا، كە هاوخوێنە ناپاكەكانتان لە سەدەكانی پێشوودا ئەنجامیانداوە.. من ئێستا باشتر دەتانناسم، چونكە ئامادەییتان لەناو مێژووی هاوچەرخ و خەونی بوون بە نەتەوەدا، هەمان ناپاكیی و خۆفرۆشیی سەدەكانی پێشووتری هاوخوێنە ناپاكەكانی، بیر خستمەوە. 5. بۆیە یادی خیانەتكاریی و خاكفرۆشیی ئێوە، شاییەكە بۆ من و جەهەندەمێكە بۆ ئێوە. كاتێكیش لەم یادەدا بتانبینم هەڵدەپەڕن، باش تێدەگەم ئەوە هەڵپەڕینە لەسەر ئاگر، نەك لەسەر ئاوازی مۆسیقا. پێویستە ڕیفراندۆمچییەكان ئەو ڕۆژەتان بۆ هەمیشە لێبكەنە دۆزەخ تاكو واتان لێبێت، لە ئاوێنەشدا بوێریتان نەبێت تەماشای ڕووخساری خۆتان بكەن.. ڕیفراندۆم تا ئەو كاتەی شەرمەزاریی هەمیشەیی نەكاتە خۆراكیی ئەبەدیی ئێوە، بەردەوام دەبێت. 6. من دەمزانیی سیاسەت لە دنیای ئێمەدا هەمیشە یەكسانە بە (ڕامكردن) و (فێڵ) و (درۆ)، بۆیەش لەبەرەی نەتەوەدا مامەوە، چونكە ئەوان دەنگیان بە (ئازادی)دا، نەك (فێڵ) و (درۆ).. ئەوان نە ڕامكراوبوون و نە گەوجینرابوون، بەڵكو گوزارشیان لە ناخێك كرد و تینوێتییان بۆ ئازادییەك شكاند، كە بەری چەوسانەوەیەكی مێژوویی بوو. ڕێك لەو كاتەدا، كە ئەوان سیاسەتیان كردە كردەی واقیع بۆ سەلماندنی بوونێكی ڕاستەقینە، ئێوە لە شێوەی كۆمەڵێك ئەوباش و دەرمانخۆر و قۆشمەجاڕی فەیسبووكی و تۆڕی كۆمەڵایەتیدا، ڕەهەندە فێڵاوی و قۆشمەجاڕی و ڕامكەرەكەی سیاسەتتان خستەوە گەڕ.. بەڵام نە قۆشمەجاڕی سیاسەتە و نە تۆڕی كۆمەڵایەتی جێگەی سیاسەتكردن و نە دەرمانخۆرانیش دەتوانن نەتەوە بەرەو كەشتی ڕزگاریی، ببەن. مێژووش داوەریی خۆی بەو جۆرە ناكات كە مشتێك هەرزەی سیاسی دەیانەوێت. 7. سوپاستان دەكەم، كە مرۆڤبوون و كوردبوونتان لەلا شیرینتر كردم. ئەگەر ئێوە نەبوونایە هێشتا دارە دارەی تێگەیشتنم لە خۆم و كوردبوون و مرۆڤبوونم دەكرد، ئێوە فێرتان كردم، كە دەبێت لە ئاست كوردبوونی ڕاستەقینەدا (گومان) بكەمە سەرمەشق، تاكو بۆ هەمیشە لەسەرپێی نەتەوەیی خۆم بوەستم. چونكە هەموو كوردێك ناتوانێت كورد و مرۆڤ بێت، هەروەكچۆن ناشتوانێت ئازادیی بكاتە سەرمەشق.. ئێوە بیرتان خستینەوە، كە لە دەرەوەی ئازادیی، جگە لە كۆیلەیی و خاكفرۆشی و نوكتەبازیی و فوكاهەت و قۆشمەجاڕیی سیاسی و "جەمال لۆ مارێ"، هیچ شتێكیتر نییە. فێرتانكردین بۆ ئەوەی كورد و مرۆڤ و خاوەن كەرامەت بین، دەبێت ئێوە بناسین. ناسینی ئێوە پێشمەرجی كوردبوون ومرۆڤبوون و ئازادییخوازییە. ئێوە تەنیا شایانی ئەوەن ببنە وانەیەكی شەرمەزارانە لە سیستەمی خوێندنی ئێمەدا، لە قۆناغی زگی داییكەوە بۆ باخچەی ساوایان و بۆ ناو سیستەمی پەروەردەیی و ئەكادیمیی لەوێشەوە بۆ ناو یادوەریی هەمیشەیی مرۆڤبوون. سوپاس كە ئێوە وانەی (دەروونناسی ناپاكی) و (كۆمەڵناسیی ناپاكی) و (فەلسەفەی ناپاكی) و (مرۆڤناسیی ناپاكی) و (نیشانەناسیی ناپاكی) و (ئەدەبیانی ناپاكیی)تان بۆسەر كایە زانستییەكانی نێو سیستەمی پەروەردە و زانكۆكانی ئێمە زیاد كرد.. ئەو سیستەمەی ئێوە نەكاتە بابەتی خوێندن، ئێوە لە بیری خۆی و نەوەكانی داهاتوو دەباتەوە.. بەڵام بیرچوونەوەی ئێوە، خیانەتێكی گەورەیە لە ئازادی.. 8. بۆی هەیە لەناو بەشێك لەنەوەی ئێستادا، كە سەرگەرمی دنیای دیجیتاڵی و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانە، پەسەندیی كارەكەتان بەدەستبهێنن و لەپای هەرزانكردنی هێڵی ئینتەرنێت و سەرگەرمكردنیان، ئەو ناپاكییەی كردتان لەبیریان بەرنەوە، بۆی هەیە ئەمەشتان وەك سەركەوتنێك بۆ ئەژمار بكرێت و ئەوەش پاساوێك بێت بۆ سپییكردنەوەی ناپاكییەكەتان، بەڵام مێژوو ئەوە نییە كە ئێوە بە دووبارەكردنەوەی وەك ڕاستیی مێژوویی، دەیخەنە ڕوو، چونكە نەوەی داهاتوو، كە ڕۆڵەی ئەو شەهیدانەن ئێوە بەسەر لاشەكانیاندا تێپەڕین و نەوەی ئەو پێشمەرگانەن كە ئێوە لەناو سەنگەردا نائومێدتان كردن، بە ئاسانی لەو مێژووە دروستكراوەی ئێوە خۆش نابن و تۆڵەی زامەكانی خۆیان لە نەوەكانی ئێوە دەكەنەوە. داهاتووتان باش ناپاكان، لەناو ڕیسواییەكی هەمیشەییدا.. ٩. من لە شەوێکدا ئەم نامەیەتان بەبیر دەهێنمەوە، کە لە سەدا نەوەدی خەڵکی نیشتیمانەکەم دوای پارشێو خەوتوون..


د. كامەران مەنتك ئەو گۆڕانكارییە جیۆپۆلەتیكییەی دوای رووخانی بلۆكی رۆژهەڵات هاتە ئارا ودەرفەتی دروستبوونی هەرێمێكی هێنایە ئارا، كە دەكرا بكرێتە بنەمایەك بۆ گۆڕانكاری زۆر گەورەو چارەنوسئامێز لە هەموو بەشەكانی تری كوردستان، لەقۆناغەكانی كۆتایدایە، بۆیە چارەنووسی ئەو هەرێمەش بەو شێوەیەی ئێستا لەبەردەم مەترسییەكی جدی دایە. لەبەرئەوەی گۆڕانكارییەكان رێك پێچەوانەی ئەو ئاڕاستەیەن، كە لە نەوەدەكانەوە دەستیپێكردووە، ئەوەی جێگەی داخە بەناوی ئۆپۆزسیۆن بوون بەرگریكردن لەمافی خەڵك، چاوی بەشێكی زۆر گیراوەو بواری بینینی ئەو راستییە سادەیەیان نەماوە، یاخود نایانەوێت بیبینن! كورد لەماوەی سی و سێ ساڵی رابردوودا نەیتوانی پێگەی خۆی لە كۆی دیمەنە جیۆستراتیژییەكەدا بەوردی دیاریبكات وستراتیژێكی نەتەوەیی ونیشتیمانی دابڕێژێت، بۆیە بوو بەكارتێكی چرووك و بەكێشە ناوەخۆییەكانەوە خەریك كرا، ئەو دنیابینییە بە تەنیا هێزە باڵادەستەكانی هەرێمیان نەگرتەوە، دەتوانین بڵێین كۆی كۆمەڵگەی كوردی گرتەوەو دەنگێكی جیاواز نەبیسترا، ئەمە وایكرد لەژێر رۆشنایی ململانێیە بچووكەكانی ناوەخۆوە سەیری مەسەلەی نەتەوەیەك بكرێت وملشكاندنی یەكتر لەسەر حیسابی مەسەلە نەتەوەییەكان ببێتە ستراتیژی حیزبەكان، بەدەسەڵات وئۆپۆزسیۆنەوە، یاخود ئەوانەی چاویان لە پارچەیەك كێك بوو بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە كاریان دەكرد. ئێمە ئێستا لەكۆتایی قۆناغێكداین، یاخود دەرفەتێكداین، كە گۆڕانی هاوسەنگی جیهانی وسیستەمی تاكجەمسەری بۆی دروستكردین، نەخشەكان خەریكە بەشێوەیەك دادەڕێژریتەوە هەمدیس هیچ حیاسبێكی بۆ كوردو مەسەلەی كورد تێدا نییە، كەچی وەك ئەوەی سوێندیان خواردبێت لەبەرلووتی خۆیان زیاتر نەبینن، بەردەوامن لەو ململانێیە مناڵكارانەو بەرژەوەندیخوازانەی، كە بەروونی ئەوە نیشان دەدات، جگە لەمانەوەی خۆیان هیچ شتێكی تریان گەرەك نییە. سەیر لەوەدایە تاوەكو ئێستا لەو بڕوایەدان لەرێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانن هاوسەنگی هێز لەهەرێم بگۆڕن ولایەك ملی لاكەی تر بشكێنێت، بەبێئەوەی لەوە تێبگەن ئەو دابەشكارییەی هەرێم دابەشبوونێكی جیۆپۆلەتیكییەو پێویستی بە دنیابینییەكی قووڵتر هەیە، لەو ناوچە سەختانەی لەجیهاندا هەیە هیچ كاتێك هەڵبژاردنێكی بێگەرد ئەنجام نادرێت وگرەو كردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وەك گرەو كردن لەسەر ئەسپێكی تۆپیو وایە، ئەمە سەرباری ئەوەی خودی هەڵبژاردن وپڕۆسەی دیموكراسی لە دنیادا لە قۆناغەكانی چرووك بوون بێبایەخ بوون دایە ، هەڵبژاردنەكانی  خودی ئەمریكا گەواهی لەسەر ئەم راستییە دەدەن، گومان لەسەر دەرچوونی ترامپ و دواتر دەرنەچوونی باشترین بەڵگەن بۆ ئەم خوێندنەوەیە، لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی روسیاش، كە ئەمشەو سەركەوتنی پوتین راگەیەنراو ناڕەزایەتیەكی زۆری لێكەوتەوە، زیاتر گومانی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن دروست كردووە. لە راستیدا جیهانگەرایی وشۆڕشی گەیاندن درۆودەسەلەو تەشقەڵەكانی سیستەمی دیموكراسی وگەمەی سیستەمی سەرمایەداری خستە بەرچاوی هەمووان وبۆهەمووانی ئاشكرا كرد، ئەگینا ئەوەی پێی دەگوترێت سندووقی دەنگدان لەبنەڕەتدا گەمەیەكی سەرمایەداری و هەوڵدان بووە بۆ سەپاندنی ئەو ئاڕاستەیەی خزمەت بەو سیستەمە دەكات، لەكاتێكدا ئەگەر رووی راستەقینەی ئەو سیستەمەش بخوێنینەوە، بۆمان دەردەكەوێت، كە سەرمایەداری نەك خزمەت بە ئازادی ومافەكانی مرۆڤ ودادپەروەری كۆمەڵایەتی نەكرد، كە وەك دروشمێك بەرزیكردەوە و وەك سۆفت پاوەرێك لەگەمە جیهانییەكەی خۆیدا بەكاریهێنا، بگرە جۆرێك لە بەكۆیلەكردنی كۆی كۆمەڵگەی بەرهەمهێنا، كە بەنوێترین وگشتگیرترین نمونەی كۆیلایەتی دادەنرێت لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا. بۆیە گەلانی زیندوو چارەنووسی خۆیان بەو میكانیزمە سادەیە نابەستنەوە، كە تەنیا ئامڕازێكی گەمەكردنی سیاسییە لە دووتوێی ستراتیژێكی گەورەدا، كە لەسەر بنەمای جیۆستراتیژیاو پێگەو بەرژەوەندی وڵات لەو بلۆكە جیۆستراتیژییەدا دیاریدەكەن. مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵبژاردن ومیكانیزمەكانی ئەو سیستەمە، لە شوێنێكی وەك ەرێمی كوردستان، جگە لەدوو توێژ زیاتر بەرهەم ناهێنێت، كەسانێك بەناوی پاراستن وكەسانێكی تریش بەناوی بەرگرییەوە بازرگانی بەو دروشمە قەبانەی دیموكراسی دەكەن، ئەگەر لەوڵاتێكی وەكو ئەمریكاو تەنانەت بەشیكی زۆر لەوڵاتە ئەوروپییەكان، كە تەمەنێكیان لەگەڵ ئەو سیستەمەدا هەیەو خۆیان بەرهەمهێنەری سیستەمەكەن دۆخی هەڵبژاردن بەو شێوەیە بێت، دەبێت لەكۆمەلگەیەكی وەكو كوردستان چۆن بێت، كە تاوەكو ئێستا بە پڕۆسەكە نامۆیەو كەلتووری دیموكراسی لەنزمترین ئاستیدایەو سەرباری ئەمەش ئەو ململانێیە هەرێمی وجیهانییەی لەسەر خاكی كوردستان دەگوزەرێت ئەو پڕۆسەی نەك هەر ئاستەنگتر كردووە، بگرە كردویەتییە موستەحیل. چاوەڕوانكردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی شەشی ئەمساڵ، چاوەڕوانكردنی گۆدۆییانەیە، لەبەرئەوەی ئەو هەڵبژاردنە، بەگوێرەی ئەو دۆخە سیاسییەی ناوچەكەی پێیگەیشتووە، وا دێتە بەرچاو لە فریودان وخەریك كردنی خەڵكی كوردستان بەگەمەیەكی قێزەونی ناوەخۆییەوە زیاتر نەبێت، لەكاتێكدا ئەوان خەریكی دارشتنەوەی ناوچەكە، یاخود دابەشكردنەوەی كوردستانن ودەیانەوێت دوا بزماری ژەنگاوی لە خەونی كوردی بدەن، وەك لەزۆر شوێنی تر ئاماژەمان پێكردووە، ئەو دابەشكردنە نوێیەی كوردستان، كە بەكرداری كاری تیادەكرێت وبەڕیوەیە ودەرئەنجامی قۆناغی شۆڕشی گەیاندنە، زۆر لەو دابەشكردنەی كوردستان مەترسیدارترە، كە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی لەسەر بنەمای دابەشكردنی جوگرافی هاتە كایە وماوەی زیاتر لە سەدەیەكە كورد بە دەستییەوە دەناڵێنێت، ئەم دابەشكردنە نوێیە دابەشكردنێكە لەسەر بنەمای جوگرافیاو دیمۆگرافیای كوردستان، خەریكە مۆركی كوردبوون لە پانتاییەكی گەورەی جیۆپۆلەتیكی خاكی كوردستان دەسڕنەوە، واتە دەیانەوێن چارەسەری مەسەلەی كورد لەسەر بنەمای نەهێشتنی هەموو ئەو خاڵانە بكەن، كە كوردستان بەیەكەوە دەبەستێتەوە، ئەو پلانە گەورەیە لەرێگەی ئەو هەڵبژاردنەو هیچ هەڵبژاردنێكەوە چارەسەر ناكرێت، هەرچەندە هەموو ئاڕاستەكانیش زیاتر بەرەو ئەوە دەچن، كە ئەو هەڵبژاردنەش بە دەردی هەموار كردنەوەی بۆجە بچێت، كە بڕیار بوو لە ساڵی نوێدا ئەنجام بدرێت ودواتریش لەرێگەی بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵیدا ئەو هەمواركردنەوەیە لەتابوت نراو پڕۆژەكەی هەمواركردنەوەش لە سندووقی سەرۆكایەتی وەزیراندا زیندانی كرا، ئەگەرێكی زۆر و بەهێزیش هەیە لە دوا چركەدا هەڵبژاردنیش بە هەمان دەرد بچێت، ئەو رێكەوتنەی ئەم دواییەی نێوان ئێراق وتوركیا، كە دیارە لە بنەڕەتدا رێكەوتنی نێوان ئێران وتوركیاشەو ئەو لەشكركێشییەی لەناوچەكەدا بەڕێوە دەچێت، هەمووی ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لاوازتر دەكەن. كەواتە لەجیاتی ئەوەی كورد، خۆی بەو یارییە قێزەونەوە خەریك بكات ودواچركەكانی ئەزموونەكەی خۆی بەوە بكوژێت، واباشترە ئەو راستییە ببینێت، كە هەڵبژاردن وەك چۆن لە رابردوودا كێشەكانی نەك چارەسەر نەكرد، بەڵكو قووڵتریكردەوە، لە ئێستاشدا هەمان رۆڵ دەبینێت وكێشەكان نەك قووڵتر دەكاتەوە، بەڵكو رەنگە بەیەكدادانی سەربازیشی لێبكەوێتەوە، بۆئەوەی دەرفەتێكی باش بۆ هێزە هەرێمییەكان بگونجێت، كە ئەو مێردەزموكەی ناوی هەرێمی كوردستانە، بەیەكجاری لەگۆڕنێن، لەم دۆخەشدا، ئەوانەی پێیان وایە دەتوانن ملی لاكەی تر بشكێنن، خۆیان دەبنە قوربانی یەكەم، لەبەرئەوەی هەمووان لەناو یەك كەشتینە، كە لەهەموو لایەكدا كونی تێدەكرێت، بەداخەوە بەشێكی زۆر لەو كونكردنانە لەلایەن هێزە كوردیەكان خۆیانەوەیە. باشترین چارەسەر لەو دۆخەدا، بەستنی كۆنفراسێكی نەتەوەیی وهەوڵدانە بۆ بەیەكەوە كۆكردنەوەی هەموو هێزەكانی كوردی، نەك بەتەنیا لە باشووری كوردستان، بگرە لە هەموو كوردستان، چونكە پلانەكە ئەگەرچی لەسەر خاكی باشوور، كە گرنگترین پارچەی جیۆپۆلەتیكی كوردستانە دەگوزەرێت، چارەنووسی هەموو كورد دیار دەكات، لەو دۆخە ئاڵۆزە دەبێت هێزە كوردییە كار لەو ئەو خاڵانە بكەن، كە لەسەری كۆكن، هەرچەندە كەمیش بێت، نەك لەو خاڵانەی جیاوازیان هەیە، راستە ئەمە نەك هەر كارێكی ئاسان نییە، بەڵكو بەهۆی ئەو شەڕە میدیایی ودەروونییەی لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێت، جێگەی گاڵتەجاری بەشێكی زۆر لەخەڵكی هەرێمیش دەبێت، بەڵام چارەسەری راستەقینە ئەوەیەو كورد گەربیەوێت ئەو قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت، دەبێت بەناچاری مامەڵە لەگەڵ ئەو واقعەدا بكات، كە هەیەو نەك لەگەڵ ئەوەی خۆی دەیەوێت، دانیشتنی هەموو هێزە كوردییەكان بەیەكەوە ودانانی ستراتیژێكی نیشتمانی بۆ رزگاربوون لەو دۆخەدا، دەبێت زۆر كەس ناچار بكات، وەك كورد دەڵێت پێ لەجگەری حۆی بنێت وملكەچی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەو نیشتمانەكەی بێت، ئەگینا ئەوان بەرپرسی یەكەم دەبن هەر شتێك بەسەر كورد دابێت، جا ئەو بەررسیارییەتییە بەهەرشێوەیەك بەسەریان دابەشبكرێت وهەریەكەی بڕی چەندی بەردەكەوێت، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە بەرپرسیار دەبن بەرامبەر مێژوو بەر لەهەموو كەسیسش خۆیان بە پلەی یەكەم دەبنە قوربانی ئەو دۆخە، بۆیە بەكارهێنانی كارتی دوا چركە، رەنگ بێت چارەسەرێكی ئەفسووناوی نەبێت، بەڵام لەو دۆخەی دەگوزەرێت باشترین چارەسەرەو دەبێتە بنەمایەك بە لایەنی كەم بۆ ئایندەیەكی كەمێك رووناكتر.


د. سەردار عەیز یەکەم، پارتی بایکۆتی نەکردوە. وشەی بایکۆت بە هەڵە لە کوردیدا بەکاردەهێنرێت. پارتی ناڕەزایی دەربڕیوە، هەندێک گلەیی و خواستی هەیە، ئەگەر مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت بەشداریی هەڵبژاردن دەکات. بەو مانایە یانی بڕیاری بەشدارییکردنی نەداوە، چونکە ئەگەر وەها بکات ئەوا خواستەکانی یان داواکانی هیچ مانایەکی نیە. دووەم، پارتی هەست دەکات کە هەتا بێت زیاتر دەکەوێتە ژێر فشارەوە بۆیە دەبێت هەوڵی ڕێگریی لە فشارەکان بکات. هەوڵەکانی سەرەتای هیچ کاریگەرییەکیان نەبوو، بۆیە بە سوننەی تەدەروج زیادیان دەکات. سێیەم، دوا بەیاننامەی پارتی، کە لە مەکتەب سیاسییەوە دەرچوە، وەڵامدانەوە و سەنگی زیاتر بوو. تەنانەت وەهایکرد کە یونامی سەرنج بخاتە سەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت یاری پارتی و دادگایە. دادگا چەند گۆڵێکی هەیە، بەڵام پارتی هێشتا بێ گۆڵە. چوارهەم، پارتی هەستدەکات نەک تەنها دۆخێکی وەهایان دروستکردوە کە دەنگی کەمبکاتەوە، بەڵکو بەرنامە هەیە کە کورسییەکانی بگاتە نزیک سی کورسی و کەمتر. پلانەکەش ئەوەیە هەژمۆنی لە سەر حکومەتی هەرێم نەمێنێت، وەک بەشێک لە عێراقێکی ناوەندی نوێ. پێنجەم، لە هەموی سەختتر بۆ پارتی ئەو هەستەیە کە وەهای دەبینێت کە یەکێتی سودمەند دەبێت. لە کەلتوری نامۆدێرنی، نادەوڵەتی، خێلەکی کوردیدا، دەرەکی سودمەندبێت هێندەی ئەوە کێشە نیە کە ڕکەبەرە ناوخۆییەکەت سودمەندبێت. دیارە خەڵکی کوردستان بە گشتی لە سەر ئەم بەزمەن. شەشەم، نەوتراوێکی زۆر هەیە لە نێوان پارتی و بەغدادا. پرسی هەژماری من پرسێکی سەرەکییە، چ وەک دارایی و چ وەک ئاسایش و چ وەک دەسەڵات. حەوتەم، ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتودا جوڵەیەک دروست بێت، دیدار لە گەڵ دادگای فیدڕاڵی بکرێت دەربارەی پێناسەی یاسایی تەوتین. هەشتەم، سەرکێشییەکی سەخت دەبێت بۆ پارتی بەشداریی هەڵبژاردن نەکات. چونکە بەشدارییی نەکردن، تەنها بەشداریی نەکردن نیە، بەڵکو ئۆتۆماتیکی دەبێت ڕێگرییکردن. ئەم هەنگاوە بێزارییەکی زۆری نێودەوڵەتی لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت. وێنە گەورە و دوورمەوداکە کورد دوای سی ساڵ لە حوکمی خۆی لە قۆناغی داڕزاندایە. وەک خەڵکێکی نامۆدێرن توانای نەبوو فێری شێوازی پیادەکردنی مۆدێرن بێت لە دەسەڵاتداریی. کورد توانای نەبوو جیاوازییەکانی پۆلێن بکات، سنوربەندی لە نێوانیادا بکات، بنەما بۆ هاوبەشییەکان دروست بکات. بۆ دروستبونی ئەمە پێویست بوو ڕۆڵی شەخس و بنەماڵەکان کەمبکاتەوە، ڕۆڵی دەزگا و بونیادی نەرەتیڤێکی هاوبەش پەرە پێبدات. بەڵام ئەمە نەبوو. ئەمریکا زۆر هەوڵی دا و پشتگیربوو، بەڵام بێ سود بوو. تورکیا و ئێران لە گەڵ پەرتی وبنەماڵەیی و ململانێی سنورداردان. خەڵکی کوردستان کە هەمیشە دەبۆڵێنن، خۆی هۆکار و دروستکەری هەرە سەرەکی دۆخەکەیە، نەک قوربانی. بە لاوازبونی ئەمریکا، پەرتبونی کورد زیاتر دەچەسپێت. لاوازبون و دژایەتی زیاتر قوڵ دەبێتەوە. دەستوەردانی زیاتر دەبێت. ئێستا عێراق ڕەنگە بتوانێت موچە بدات کە نرخی نەوت بەرزە، بەڵام لە گەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا ناتوانرێت نزیکەی سیانزە ملیون کەس بژێنرێت.


د. ڕێبوار فەتاح   پارتی لە قەیراندایە – دادگای فیدڕاڵ پەڕوباڵی کردووە.  وەك هەمیشە دەیەوێ، زەبەلاحکردنی قەیران فریادڕەس بێ. بۆ بەختڕەشی پارتی، ئێستا پێشتر نیە. لە ١٩٩٦دا شەڕی پارتی تەنیا لەگەڵ یەکێتیدا بوو، سوپای سەدام ئاسان فریادڕەس بوو. لە ٢٠١٧ پارتی شارەزایانە قەیرانی خودی خۆی کرد بەوی هەموو کوردستان و حزبەکانی دیکەش ساویلکانە تێکەوتن. هێندەی کرا، پارتی سەرکەوتووانە لێیدەرچوو. ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ، هەروەك ئەوی ڕیفڕاندەمە، بەڵام ئێستا جیاوازە! پارتی بە تەنیایە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی لەدەستداوە، تەنیا حزبە. بەشداری نەکردنی حزبێك، لە وڵاتی دیمکراتدا، بەشێکە لە پڕۆسەی دیمکراتی – ئارەزووی خۆیەتی و نابێ بە قەیران، حزبی دیکە کەڵك لەو دەرفەتە وەردەگرن. ڕاستە عێراق جیاوازە، حزب حوکم دەکات. پشت بە چ فاکتەرێك پارتی ئەم بڕیارەی داوە؟ من هیچ فاکتەرێکی کوردستانی، عێراقی، ناوچەیی یان نێودەوڵەتی نابینم پشتگیری بڕیاری پارتی بێ. هیچ لایەنێك لەگەڵ پەكخستنی "پڕۆسەی دیموکراسی" عێراقدا نین. من عێراق بە دەوڵەتی شکست دەبینم. شکستی کوردستانیش، بەشێکە لە شکستی عێراق، بەڵام لە دیدی نێودەوڵەتیەوە، بڕیاری پارتی، گێرەشێوێنی سیاسیە. هەرچەند ئەقڵی خێڵ لەوە زیاتری پێناکرێ، پارتی پێویستە تەنیا لۆمەی خۆی بکات. گەر دەستگای قانونی هەرێم بمابا – پەڕلەمان، حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری، ڕەنگە بڕیاری بۆیکۆت کاریگەر بووایە. هەڵبەت ئەودەمیش گەلی کوردستان دەبووایە بنەمای قانونی هەبووایە لە بڕیاریدا. ئێستا پارتی دەیەوێ خۆی بکات بە ئەڵتەرنەتیڤی هەموو دەستگای قانونی هەرێم؛ ئەمیش هەوڵێکی نادەستوری و نەزۆکە. پارتی و یەکێتی، بە ڕەوتاری پێشینەیان پشتگیری خەڵکی هەرێمی کوردستانیان لە دەست داوە، دەنا ڕەنگە فشاری خەڵکی کوردستان لە پشتگیری بۆیکۆتدا کاریگەر بووایە. ئایا حزبێك لەنێو دەیان حزبی عێراقدا، بەبێ هاوکاری گەلی خۆی، بەبێ بوونی هیچ دەستگایەکی قانونی و بەبێ هاوکاری هیچ حزبێکی دیکەی کوردستان، دەبێ بتوانێ چی بکات! ئەو بڕیارانەش کە بەسەر پارتیدا سەپێنراوە، حکومەتی عێراق لە ڕێی دادگای فیدڕاڵەوە بۆیەی قانونی کردوون. هەرچەندە زۆرێك لەو بڕیارانە پێویست بوو لە پەڕلەمانی عێراق تاوتوێ بکرانایە، بەڵام لە نەبوونی نوێنەری قانونی خەڵکی هەرێمدا، واتە لە نەبوونی پەڕلەمانی کوردستاندا، حکومەتی عێرق زیرەکانە ئەو دەرفەتەی قواستەوە بۆ بچوكکردنەوەی قەواری پارتی، وەك کردی و وەك بەردەوامیشە. هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ نوێنەری قانونی نیە. دەرگای پەڕلەمان خڕ داخراوە و حکومەتیش کاربەڕێکارە، بێدەسەڵاتە. هەرچی دەسەڵاتی دادوەریە، پاراستن و ئاسایش جێیان گرتووەتەوە. تەنانەت ئاسایش نادەستوریانە، "دادگای لێکۆڵینەوەی" هەیە. ئیدی سەیرە، بەیاننامەی پارتی عێراق تاوانبار دەکات بە لاوازکردنی دابەشکردنی دەسەڵات و نادەستوری بوون. پارتی خۆی پێشەنگە. لە هەموو بڕیارێکیشدا پارتی دەیتوانی داکۆکی لە خۆی بکات، بەڵام بە لەخۆباییبوون حسابی بۆ نەکردن. خێر، ئێستا بە بەیاننامەیەکی حزب، بۆیکۆتی هەڵبژاردن دەکات. ئەمە مانای چیە؟ ئایا پارتی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکشێتەوە؟ گەر وابێ ئەوە خۆکوشتنی سیاسیە، ڕیفڕاندەمیکی دیکەیە، چونکە هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی، بە ئێرانیشەوە، پشتگیری گەڕانەوە لە پڕۆسەی "دیمکراتی" عێراق ناکەن.


رێبوار کەریم وەلی بەپێچەوانەی هێزە سیاسییەکانی دیکە جوڵانەوەی نەوەی نوێ (نون نون)، لە ئێستاوەڕا دەستی بە حەملەی هەڵبژاردن کردووە. رەنگبێ هۆکاری سەرەکی ئەوەش بگەڕێتەوە بۆ رەواندنەوەی ئەو شۆکەی لە ئەنجامی شکستیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک (کە قەرار بوو ئەوان پارێزگارەکەی دیاریی بکەن) تووشی بوون. * پێچکە کورسییەکیشیان نەهێنا! * فاکتەرێکی دیکەی گرنگیش بۆ ئەم پەلەپڕوزێیەی نون نون ئەوەیە کە هەست دەکات قاعیدەی یارییەکە گۆڕاوە؛ لەکاتێکدا، هەموو لایەک دەزانن کە لابردنی کورسی کۆتاکان (شا)کاری یەکێتی بووەو کەوتۆتەبەر لۆمە، کەچی سەرۆکی جوڵەنەوەکە لە میتینگێکیدا، لابردنی کورسی پێکهاتەکانی گرتە ئەستۆی خۆی و وەک دەستکەوتێکی سیاسیی گەورە (سوار)ی بوو. * راستییەک هەیە کە ئەم واقیعەی ئێستای کوردستان چەند ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی بێویژدانی، زوڵم و فەسادی دەستەڵاتدارانە هێندەش لە ئەستۆی ئەو هێزانەیە کە رۆژانێک ئیدیعای ئۆپۆزیسیۆن بونیان دەکردو، خەون و هیواکانی میللەتیان لەپێناوی تەوریسی سیاسیدا، بە با دا. سەیرترین دیاردەش لەو بەینەدا شاسوارو حزبەکەین کە لەسەر پەرچەکرداری دەنگدەرانی هەر دوولای هاوکێشەکە دەژین، بێ ئەوەی هیچ روئیایەکی سیاسیان نە بۆ دەستەڵاتداری و نە بۆ ئۆپۆزیسیۆن بوون پێ بێت. * رۆڵی شاسوار کە لەلایەن سیاستداڕێژەرانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە بۆ دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانی (ئەڵبەتە بە رەزامەندیی کوڕانی تاڵەبانی) دیاریکراوە، ئەوەیە کە لە ئەگەری هەر داڕمانێکدا کە رێگە بۆ نفوزی پارتی لە ناوچەکەدا خۆش بکات، شاسوار دەنگە ناڕازییەکان بۆ لای خۆی راکێشێت. بەوەش پارتی لە نەمانی تاڵەبانی و مستەفادا، پشکیان فەوزاو ئاژاوەی زیاتر بێت، نەک دەنگ و کورسی. * جوڵانەوەی نون نون، ئیمتیدادی سیاسیی کەمپینی (نەخێر لە ئێستادا)ی پێش ریفراندۆمە کە بە کردەوە گەورەترین خزمەتی بە ریفراندۆمچی و ئینفیساڵییەکان کرد بەوەی کە وایانکرد ئەوەی قەرار نەبوو بەشداریش بکات، لە رقی ئەوان بەشداریی کرد! ئەوە دەزاندرا، بەڵام ئایا سیاسەتداڕێژەرانیش جگە لە جەڕباندنی تواناکانی شاسوار، هەر مەبەستیان نەبوو کە ئینفیساڵییەکان پەلکێشی ئەو زەلکاوە بکەن کە بەرنامەی بۆ داندرابوو!؟ * دوای ئەو تەجروبەیە، بەلای خەڵکەوە لە پڕێکدا، بەلای سیاسەتداڕێژەرانەوە بە بەرنامەوە، جوڵانەوەی نون نون هاتە ناو کایەی سیاسی و گوڵەگەنمەکانی پشت دەڕڕاسەی کۆکردەوەو لە یەکەم تاقیکردنەوەدا، 8 کورسی پەرلەمانی بردو بەوەش دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی رەحمەتی بووە نیوە. پارتی 45 کورسیی برد، بەڵام پشکی لە زۆنی سەوز هەر ئەوە بوو کە هەبوو! * شاسوار پرۆژەیەکی سیاسییە کە رێگرە لەوەی دەنگی زۆنی سەوز لەو زۆنە بچێتە دەرەوە. ئەگەرنا خۆی، حزبەکەی و تەنانەت نوێنەرانیشیان لە پەرلەماندا، حزوری سیاسییان سفرە. پرۆژەیەکی پۆپۆلیستییە کە مەترسیی بۆ سەر هیچ لایەنێک نییەو، بەپێچەوانەوە، دەستباری کوڕانی تاڵەبانییە لە سیاسەتە ناوچەییەکاندا. تەنانەت جۆرێک لە دابەشکردنی رۆڵیش لە نێوانیاندا هەیە. * ئەگەر بافڵ تاڵەبانی وەکو متمانەپێکراوترین کەسی ئێران لە زۆنی سەوزدا، وێنا بکرێ، ئەوە بە دڵنیاییەوە شاسوار عەبدولواحید، کەسی دووەمە. گەورەترین فاکتەری مانەوەی و ئەو بێمنەتییەی بەرامبەر کوڕانی تاڵەبانی هەیەتی ئەوەیە کە هەردوولایان لەلایەن ئێرانەوە دەپارێزرێن. پتر لەوەی رکابەری یەکتری بن، هاوکاری یەکترین. * پوختەی کەلام، ئەم هەڵبژاردنە بۆ شاسوار حوکمی مان و نەمانە. لە دوولاوە دەکەوێتە ژێر فشارەوە. یەکەمیان: جێگیرکردنی پایەکانی قودرەت لەلایەن کوڕانی تاڵەبانی وا بکات کە ئیتر پێویست بە مانەوەی شاسوار نەکات (وەک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رووی دا). دووەمیان ئەگەر لاهور شێخ جەنگی حزبە نوێکەی بتوانن دەنگە ناڕازییەکانی دەڤەرەکە بۆ خۆیان ببەن (هاوکێشەکە لای سیاسەتداڕێژەڕان دەگۆڕێ)و، ئەوەش دیسان مانای کۆتاییی سیاسیی شاسوارە و ئیتر پێویست بە مانەوەی ناکات.  


سه‌ردار عه‌زیز مەبەستمان لە حوکمی دادگایی، پێچەوانەی حوکمی دیموکراسییە. لەکاتێکدا لە دیموکراسیدا خەڵک دەبێت حوکم بکەن، دیارە لە میانەی پرۆسەی نوێنەرایەتیدا، بەڵام دادگا، دادوەر، لە سەر بنەمای یاسا، هێز، لە گەڵ دەستور حوکم دەکەن، بەم پێیە دادوەرو دادگا دانراو و دەستنیشانکراون، نەک هەڵبژێردراو یان بڕوا پێبەخشراو. لەم ماوەی دواییەدا دادگای باڵای فیدراڵی بووە بە جێگای پیادەکردنی حوکم لە عێراقدا. ئەم دیاردەیە نوێیە، بەو پێیە دادگاکە هەرچەندە سەرەتای دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ بەڵام زۆربەی تەمەنی لە کارخراوبوو. وەک فایەق زەیدان دەڵێت، لە دایکبوونێکی سەختی هەبوو. لە هەمانکاتدا دەرئەنجامی خواستێکی هەنوکەیی سیاسییە، لەپێناو فەراهەمکردنی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١. ئەم (ولادة عسيرة) وەک فایەق زەیدان دەڵێت، بۆ هەمیشە مایەی گومان و لاوازیی و سیاسیبوونی دەزگاکە دەبێت، بۆیە دەبێت چارەسەریی بکات. کارابوونی دەزگا، ئاماژەیە بۆ پەککەوتنی ناوەندو دەزگاکانی تر. ئەوەی جێگای سەرنجە، دادگای فیدڕالی لە ئەمڕۆی عێراقدا بە غرورێکی زۆرەوە ڕوبەڕووی هەموو دەزگاکانی تری وەک پەرلەمان و سەرۆکایەتی دەبێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە دادگاکە کێشەی دەستوری و شەرعی و تێگەیشتنی ڕۆڵ کرداری زۆرە. بەڵام لەئێستادا بە ئەمری واقیع، کاراترین و کاریگەرترین دەزگای حوکمداریی وڵاتە. سەرەتای پاشخانێکی فیکریی بۆ دەزگاکە دەخەمەڕوو، پاشان سەرنج دەخەمە سەر ئەم بڕیارانەی دوایی. بیرۆکەو پلانی دادگای فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بۆ پۆل برێمەر. برێمەر پلانڕێژی بە لیبراڵکردنی عێراق بوو. دەستوری عێراقی کە لیبراڵترین دەستوری ناوچەکەیە دەرئەنجامی ئەمەیە. بۆیە پاشخانی ئەمریکایی بوونی دەزگاکە گرنگە. خەسڵەتی دەسەڵاتی لیبراڵ وەهایە؛ هەوڵدەدات کە دەسەڵات بەگشتی و بە زۆری لای هیچ کەس و ناوەندێک کۆنەبێتەوە، چونکە کۆبونەوەی دەسەڵات، دەبێتە مایەی خراپبوونی یان خراپ بەکارهێنانی. بۆیە جیاکاریی دەسەڵاتەکان، بە خەسڵەتی سەرەکی لیبراڵ دەناسرێتەوە. بیری جیاکاری لیبراڵ لە جۆن لۆکەوە دەستپێدەکات، مۆنتسکیو دادگەریی بۆ زیاد دەکات و پاشان لە سەردەستی باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا بەرجەستە دەبێت. لە هەمانکاتدا فیدڕاڵ خۆی وەک بونیادێک و شێوازێک لە دابەشکردنی دەسەڵات، لە هەناو کەلتوری دەسەڵاتی لیبراڵەوە هاتووە. ئەگەر جیاکاریی دەسەڵاتەکان جیاکارییەکی ئاسۆیی بێت، ئەوا فیدڕاڵ و هەموو شێوەکانی لامەرکەزی جیکاریی ستونییە. بەڵام نەبوونی تێگەیشتن و لاوازیی کەلتوری لیبراڵ لە هەناو کەلتوری سیاسی و ئاگایی گشتی عێراقدا، فیدراڵی کردوەتە مەترسی و مۆتەکە، بەجۆرێک ناوهێنانی وەک تابویەک و بڤەیەکی لێهاتوە. بۆ نمونە، وەک جۆرێک لە پەراوێزخستن و شاردنەوە، وشەی اتحادی عەرەبی کە لەبری فیدراڵ بەکاردێت، بە هیچ جۆرێک مانای فیدراڵ نادات، بەڵکو مانای یونیەن دەدات، کە لەو پاشخانەوە هاتوە، کە اتحاد، بەپێچەوانەی فیدراڵ، جەخت لە یەکبون دەکاتەوە نەک جودایی. بەڵام مەبەستی سەرەکی لە نەوتنی وشەکە نکوڵیکردنیەتی. دادگای فیدڕاڵی لە ئەمریکاش خۆی مایەی مشتومڕە. یەکێک لە باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا کە ئەلکسەندەر هاملتنە، وەها باسی دەکات کە دەزگایەکە نە گیرفانی هەیە، نە شمشێر، بە زمانی ئەوکاتەی ئەمریکا یانی نە سەرچاوەی پارەو دارایی هەیە، نە چەک و هێز. نەبوونی ئەم دوانەش وەها بینراوە کە مایەی لاوازی بێت. وەها دیارە ئەو سەردەمەی ئەمریکا وەک ئەمڕۆی عێراق وەهابووە کە چەک و دراو بنەمای دەسەڵات بوون. ئەم دەزگا یاساییە، وەک ڕۆبەرت دال ناوی دەبات، مایەی مشتومڕ بووە لە ئەمریکا. ڕەنگە توێژینەوە کورتەکەی بیرمەندی سیاسی گەورە ڕۆبەرت دال کە لە ساڵی ١٩٥٧ نوسراوە، یەکێک بێت لە هەرە توێژینەوە دیارەکان دەربارەی ئەم دەزگایە. لە ئاستی ئایدیالدا، دادگا بۆ ئەوە دامەزراوە، هەتا نا سیاسیانە، مشتومڕی نێوان ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات لە وڵاتدا یەکلایی بکاتەوە. چونکە وەک دەزانرێت هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن حیزبەکانەوە دیاری دەکرێن و هەمیشە دەبنە مایەی سیاسیی بوون لەناو کایەی دیموکراسیدا. ئەم ڕۆڵی ناسیاسی بوونە لەگەڵ، کۆتابوون و نەبونی توانای تانە لێداندا دەردەکەوێت، چونکە دادوەریی وەها دەبینرێت کە دەبێت یەکلاکەرەوەو کۆتایی پێهێنەربێت. بەڵام لەبەر نەبوونی گیرفان و شمشێر، دەسەڵاتی دادگای باڵا هەمیشە بە دەست جێبەجێکردنی ناتەواو و پشتگۆخستنەوە دەناڵێنێت. دیارە ڕایگشتیش ڕۆڵ دەبینێت، بەگشتی کاتێک بڕیاری دادگا لەلایەن خەڵکەوە پشتگیریی بکرێت ئەوا چانسی جێبەجێکردنی زیاترە، لەوەی لەلایەن خەڵکەوە نەیارێتی بکرێت. دادگای فیدڕاڵی عێراقی کۆمەڵێک کێشەی زۆری هەیە. یەکەم، بێلایەنی لە عێراقدا، بەمانای ئەوە دێت کە هەموان تیایدا بەشدارن، بەتایبەتی هەموو حیزبەکان، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بێلایەنی نیەو نابێتە مایەی بێلایەنی. دیارە ئەمە تەنها لە دادگا نیە بەڵکو لە هەموو دەزگاکانی تردا بوونی هەیە. ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە بێلایەنی دژ بە سروشتی بێلایەنیە. وەک کۆمیدیاکاری ناسراو ئەحمەد البشیر ئاماژەی پێدەدا، هەمیشە لەگەڵ ناوهێنانی بێلانی لە عێراق، دەبێت زیاتر پێبکەنین. دووەم، کێشە زاڵبوونی کەسی سەرۆکە بەسەر دادگاکەدا. وەک لە زۆر ناوەندی تردا دەبینرێت. ئەم دادوەرەش لە هێزێکی سیاسی تایبەتەوە نزیکە کە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش کوڕەکەیان بۆ پارێزگاری دیالە هەڵبژارد بەڵام لەبەر بچوکی تەمەن ڕێگریی لێکرا. سێیەم، نەبوونی کەلتورو تێگەیشتنی فیدڕاڵ لەهەناو کەلتوری یاسایی و خوێندنی عێراقدا، هەروەها لاوازبوون یان نەبوونی کەلتوری لیبرال یان تەنانەت دژایەتیکردنی زۆری لەلایەن نوخبەی سیاسی ئەمڕۆی عێراق و کوردستانەوە. دیارە ئەم کێشانە تەنها کێشەی دادگای فیدڕاڵی نین، بەڵکو هەموو دادگاکان بە دادگاکانی کوردستانیشەوە، بە دەست ئەم کێشانەوە دەناڵێنن. پاش ئەم پاشخانە کورتە: دەمەوێت بە کورتی باس لە دواین بڕیاری دادگا بکەم دەربارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. بڕیاری پێدانی موچە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، دەکرێت خوێندنەوەی باش و هەروەها نێگەتیفیشی بۆ بکرێت. ئەگەر حکومەتی ناوەند بەبێ هیچ ڕێگرییەک موچەی خەڵکی کوردستان بدات، ئەوا نەک تەنها بە سودی ئابوری، بەڵکو بە سودی زۆری دیموکراسی کوردستان دەشکێتەوە، چونکە ڕەنگە بۆ یەکەمجار ببێتە مایەی دروستبوونی چینی ناوەند لە وڵاتدا. چینی ناوەند ئەو چینەیە کە ئەگەر داهاتی مسۆگەر بکرێت ڕەنگە بایەخ بە جۆری خوێندن و ئازادی و ماف بدات. هەرچەندە توێژی فەرمانبەرانی کوردستان و عێراق کە دێتە سەر کەلتورو ڕۆشنبیریی و ماف و ئاگایی مایەی گریانن. چونکە ئەوان لە هەناو کەلتوری کرێخۆریدا بوون بە بەشێک لە سیستەمەکە، کە لەئەنجامدا عەقڵەیەتی کرێخۆرێتی دروستکردوە. بیرمەندی میسری حازم ببلاوی کاری باشی لەسەر ڕەهەندی عەقڵی ئەم بوارە کردوە. لە ساڵانی ڕابوردودا کە موچە کێشەی نەبوو، بە پلان و بە خواست، هەموو بوارەکانی وەک ماف و ئازادی و دەزگاو چۆنێتی دەسەڵاتەکان پشتگوێخران. ئەوەی موچەخۆران دەبێت بیزانن ئەوەیە کە بۆ مسۆگەرکردنی موچە دەبێت شەر بۆ زیاتر لە موچە بکەیت. لەهەناو سیستەمێکدا کە ماف و ئازادی و دیموکراسی هەبێت موچەش مسۆگەرە، بەڵام پێچەوانەکەی وەهانیە. دادگای فیدڕاڵی لەسەرووی هەموویەوە ئاماژەیە بۆ سەردەمێکی نوێ لە ڕێکخستنی هێز لە عێراق و ناوچەکە. کورد، پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، لە سی ساڵی ڕابوردودا بە ئاستێکی وەها لە ناوەو دەرەوە دۆخەکەیان خراپ کردوە، کە باشکردنی مەحاڵە. هەرێم چیدی بواری هەڵەو سەرکێشی نیە، چونکە ئێستا وەک کەلەبچەکراوێک وەهایە هەتا زیاتر بجوڵێت کەلەبچەکەی توندتر دەبێت لە مەچەکیدا. هەرێم نەک نەیتوانی سیستەمەکی وەها تۆکمە دروستبکات کە بەرگەی ئەم فشارانە بگرێت، بەڵکو هێندە لاوازی هەیە، بە هەبوونی هەر هێزێک و نیەتێک لە بەغداوە دژی بە ئاسانی لاواز دەبێت. کۆی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم لەسەر پارە بونیادنراوبوو، لەبەرامبەر پەکخستنی دەزگاکان، کە بە پەکخستنی پەرلەمان دەستیپێکرد، ئێستا کە پارە لە دەستی هەرێمدا نەمێنێت، کۆی سیستەمەکە لەبەر مەترسی نەماندایە. مەترسییە گەورەکەش ئەوەیە، ئەوەی خۆی بە نەیارو جیاواز دادەنێت زۆر زیاتر پولەکییە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆی. دادگا ئەگەر سەربەخۆ و بێلان بێت لە هەموو دەزگایەک زیاتر پێویستە بۆ حوکمرانی، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆر زیان بەخشە. بەڵام کوردستان ئەگەر بیەوێت ڕەخنە لە دادگای ناوەند بگرێت دەبێت بە نمونە بوون ڕەخنەی لێبگرێت، بەو مانایە سەرەتا دادگای خۆت بێلان و سەربەخۆ بکە، پاشان ڕەخنە بگرە.


رێبوار سیوەیلی 1. هیچ دەسەڵاتێك نییە كۆتاییەكەی خۆی لە هەناوی خۆیدا هەڵنەگرتبێت، تەنیا ئەو دەسەڵاتانە نەبن كە بەناوی "دەسەڵاتی پیرۆز"ـەوە درێژە بەخۆیان دەدەن، چونكە ئەمانە لە ناو خەڵكی ئاساییدان و هەر لەوێشدا دەمێننەوە. جگە لە مانە هەموو جۆرەكانی دیكەی دەسەڵات، ڕەوا و ناڕەوا، هەڵبژێردراو سەپێنراو، بێگانە و خۆیی، حزبی و بنەماڵەیی و.. مەحكوومن بە ڕووخان و كۆتایی. "كۆتایی" ئەو دێوەزمەیە هەرگیز لە دەسەڵات جیانابێتەوە و دەسەڵاتدارانیش لە هەر شێوە و بابەتێك بن، ئەم ڕاستییە باش دەزانن و هەموو هەوڵەكانیشان لە ڕێگە جۆربەجۆرەكانی درێژكردنەوەی دەسەڵاتەكەیانەوە، لە ڕێگەی ئامادەكردنی جێنشینەكانیانەوە، لە ڕێگەی هەر كارێكەوە كە دەیكەن بۆ ئەو مەبەستە، لە ترسی نەگەیشتن بەو "كۆتایی"ییەن. 2. كێشەی هەرەسەرەكی دەسەڵات ئەوەیە، وا دەزانێت یان وای لێكدەداتەوە، كە ئەو "كۆتایی"یە ناچارەكییە، یەكسان و هاوواتای "مردن"ـە. ئەمە تێگەیشتنێكی تەواو هەڵەیە، چونكە كۆتاییهاتن و مردن دوو ڕەوەند (پرۆسە)ی جیاوازن: مردن پەیوەستە بە سووڕی بایۆلۆجیانەی ژیانەوە. هەموو بووێك، مەرگی خۆی لەگەڵ هاتۆتە دنیاوە. لە كاتێكدا "كۆتایی"، پرۆسەیەكی كردەیی و مێژووییە. جاری وا هەیە تۆ دەژیت و كەچی مردوویت و وەك مردوو حسابت بۆ دەكرێت، جاریش هەیە تۆ كۆتاییت پیهاتووەو  كەچی هەر ماویت و دەژیت. پەیوەست بەوەی ئەو كاتەی دەژیت چی دەكەیت بۆ ئەوەی بمێنیتەوە و كێت لەدەورەیە و چەندە لەگەڵ كۆمەڵگەی خۆت ڕاستگۆ و لە پەیوەندیدات. هەر دەسەڵاتێك ئەم خەسڵەتانەی تێدا نەبوو، هەرچەندەش بە هۆی هەرچییەكەوە (بەهۆی پارە و سوپاكەیەوە، یان عەشیرەت و هاوپەیمانەكانییەوە)، بەپێوە بمێنێت، هەر وەك ڕووخاو دەبینرێت چونكە خەڵكەكەی لەگەڵ نییە. 3. ئەم شێوە دەسەڵاتدارییەی لە ئێستەی وڵاتی ئێمەدا (بە هەموو فۆرمەكانیەوە: ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و ئەوانەی لە ئۆپۆزیسیۆندا/ ئەوانەی لە دەوری دەسەڵات و ئەوانەی سەرسامی ئیۆپۆزیسیۆنن)، لە ئاستانەی سووڕگۆڕینی ژیانی خۆیاندان. ئەوەی بە پێوەماوە، یان هەرهیچ نەبێت خۆی بەوجۆرە دەبینێت و بەردەوامیشە لە جێبەجێكردن و بەڕێكردنی كارەكانی، دەسەڵاتێكی پیرۆز نییە و نەبووە. بۆیە مەحكوومە بەوەی كۆتایی خۆی ببینێت، بەڵام ئەو كۆتاییە مردنی نییە. ئەوكۆتاییە، كۆتاییە لەم پێگە مێژوویی و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەدا، كە ئیتر ناتوانێت دەسەڵاتێكی شوناسبەخش بێت چونكە پێشتر ئەوەی نەكردووە و ئێستە شوناسەكەی لێدەسەنرێتەوە. كاتێك تۆ نەتتوانیبێت خەڵكی خۆت دابین بكەیت، گوێت لە دڵسۆزەكانت نەگرتبێت، كۆمەڵگەت بۆ گرنگ نەبێت، بەبەرچاوتەوە نەوەیەك پەروەردەبووبێت، كە ئاگای لە میژووی نەتەوەكەی نەبێت و تۆش هەر خەریكی پڕۆژەی وەبەرهێنانی خیزانی بووبیت، خەڵكت لێ تەكیوەتەوە و نزیكەكانت بەسەرتەوە بوونەتە بەرژەوەندپەرست و مشەخۆر و چەندی لە دەرەوە گووشارت بهێنرێتە سەر، ئەوەندەش لەناوەوە كرم لە خۆت هەڵدێنی و لاشەت دەخۆن. ئەمە دۆخی ئێستەی دەسەڵاتە لەم هەرێمەی ئێمەدا. 4. بەڵام دەبێت واقیعی بین و بڵێین: ئەمە كێشەی ئۆپۆزیسیۆنیشە. چونكە ئەو دەردەی دەسەڵاتی ئێمەی بەم ڕۆژە گەیاند، هەمان دەردە كە ئۆپۆزیسۆنیشی تێوەگلاوە: بە درێژایی ئەم دەسەڵاتە لە هەرێمدا هیچ یەكگرتووییەك نەهاتە ئاراوە. نەبوونی چەمكی "یەكگرتوویی"، دابڕان دروستدەكات، لە دابڕاندا یار و نەیاری دیكە دێنە پێشەوە و بەبەرچاوی خۆتەوە بەشەكانی جەستەت دەڕۆن بۆ جووتبوونێكی ئۆرگانیانە لەگەڵ یار و نەیارەكانی دیكەدا. ئەمە شتێك بوو نە دەسەڵاتدارانی یەك خست نە ئۆپۆزیسۆنەكان، بۆیە دەردەكە دوولایەنەیە و ئەگەر هەرلێرەشەوە تەماشای دواڕۆژ بكەین، كە تیایدا ئەم دەسەڵاتە كۆتایی ئەم پنتە مێژووییەی خۆی پەسەند دەكات و ئۆپۆزیسۆن دێتە سەر حوكم، یان لە نێوخۆیاندا درێژەی پێدەدەن، كۆمەڵگەی ئێمە هەمان ئەم كێشانەی دەبێت، كە ئێستا پێیانەوە دەتلێتەوە و ئیشەكە دەبێتە دەموچاوگۆڕین، نەك گۆڕینی شێوازی حوكمكردن. 5. پاشان بە درێژایی ئەم دەسەڵاتە، هیچ لایەك لە دوو بنەماڵەحزبییە دەسەڵاتدارەكە، هێندە ڕێزی ئۆپۆزیسۆنیان نەگرت، كە پنتێكی هاوبەشی سیاسی، یان ئاكاری و نەتەوەیی پێكەوە كۆیان بكاتەوە. هێندە ڕێزی جیاوازییان نەگرت، كە ئۆپۆزیسۆن وابزانێت بەشێكی ڕەسەنی ئەم كۆمەڵگەیەیە، نەك جەستەیەكی نامۆ، ناڕەسەن، بەكرێگیراو، ناپاك و.. كۆی ئەو وێنایانەی دەسەڵات بۆ ئۆپۆزیسیۆنەكانی دروستكردن، فرێدانیان بوو بۆ ئەودیو چەپەری خیانەت و "بەدووژمنكردن". نەبوونی پنتێكی هابەشی بەهامەند كە لایەنە ناكۆكەكان لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكان كۆبكاتەوە، دابڕانێكی سیاسیی دروستكرد، كە پاشان بووە دابڕانێكی كۆمەڵایەتی و وا خەریكە دەشبێتە دابڕانێكی كولتووری لە نێوان هەردوو زۆنەكەدا. ئەوە تەنیا لە ماوەی كۆڕۆنادا بوو، كە ئۆپۆزیسۆن ملكەچبوو بۆ بڕیارەكانی حوكوومەت و ئەوەش كارێكی باش بوو، بەڵام دەسەڵات ئەوەشی لەبەرچاو نەگرت. بەمجۆرەش دابڕانێكی زۆر نەك تەنیا لە نێوان پنتە بنەماڵەیی و حزبییەكانی هەرێمدا دروستبوو، ئاواش پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەكان كەلێكی تێكەوت و ئاواش پەیوەندیی نێوان ئۆپۆزسیۆنەكان لە پەرتەوازەییدایە. 6. بۆیە كاتێك ئاوا تەماشای دۆخی نێوخۆیی دەكەین، ڕۆشناییەكی ئەوتۆی تێدا نابینرێت و بگرە لمبۆزیی دووژمنەكانیش نەك لەسەر سنوورەكانەوە بۆن بە داگیركردنەوەی كوردستانەوە دەكەن، بەڵكو تەواو هێنراونەتە ناو قووڵایی هەرێمەكەشەوە. لە هەر شار و شارەدێیەكی كوردستاندا پڕۆژە داگیركارییە وەبەرهێنەكان، یان ڕاستترە بگوترێت "پارەدارانی هەیكەلساز" پرۆسەی "تەعریبی مات"یان هێناوەتە نێو ماڵ و گەڕەكەكانەوەو مانەوەی عەرەبیان كردۆتە ئەمری واقیع. 7. بەم دۆخەوە، گۆڕانێك ڕوودەدات، بەڵام پێچەوانەی پرۆسەی (گۆڕان)خۆی دەبێت. پرۆسەیەكی دژەگۆڕانكاری دەبێت و ئەو گۆڕانەی بەڕێوەیە ڕووبدات نە بۆ دەسەڵاتەكان، نە بۆ بنەماڵەكان، نەبۆ ئۆپۆزیسیۆن و نەبۆ كۆمەڵگەكەش بەوجۆرە نابێت، كە هەركەس لەلای خۆیەوە چاوەڕێی دەكات. كەوتنەكە سەراپایی دەبێت و یەكلایەنی نابێت. بەتەنیا كەوتنی دەسەڵاتەكان نابێت ئەگەر كەوتن و كۆتایی ئۆپۆزیسیۆنەكانیش نەبێت، ئەمانیش بە خۆیانەوە كۆمەڵگەكەش دەڕمێنن. بۆیە دەبێت دەستپێشخەرییەكی سیاسی هەبێت بۆ ئەوەی ئەم ڕووخانە گەورەیە ڕوونەدات، كە دەبێتە مایەی شپرزەیی و دۆخێكی دەروونی سەراپاگیری دیپراسیو. پێویستە ئەو دەستپێشخەرییە پنتی "هاوبەش" بدۆزێتەوە و ئەوەش بكرێتە بنەمای گۆڕانێكی سەراپایی كە هەر لایەنە شوناسی خۆی دیار بێت. بەبێ ئەوەی پنتی هاوبەشی پیرۆز بدۆزرێتەوە، ئاژاوە و كارەسات چاوەڕێی نەك كۆمەڵگەی كوردی و هێزەكانی ناوی دەكات، بەڵكو ئاگر لە بوونی تاكەكەسیش بەردەبێت، چونكە ئەوەی باجی سەرەكیی دەدات تاكەكانن لەپێش هەمووانەوە. 8. لوتبەرزی و خۆبەشتزانی و فیزلێدان هەمیشە بەشێك بوون لە كاراكتەری كۆمەڵگە و مرۆڤی ئێمە. خۆبادان بە پۆست و پارە و هێز و ئامرازەكانەوە، هەردەم نیشانەی خۆبەگەورەزانیی مرۆڤی ئێمە بوون. لە ئێستادا دەسەڵات و ملهووڕییەكەی، سامانەكەی، قۆرخكارییەكەی و نەبینیی كۆمەڵگە وەك كۆمەڵگەیەكی فیزبەسەردا لێدراو، كردنی منداڵ و مەزنی لووسكە بە بڕیاردەر لەناو سیستەمەكەدا كە هیچ لەبارەی كۆمەڵگەی خۆیەوە نازانێت، وێرانەیەكیان بۆ ئەم دەسەڵاتە دروستكرووە و ئەمەش دابڕانێكی خستۆتە ناو حوكم و هاووڵاتییانەوە. ئەوانەی ئەم هەرێمەیان بەم ڕۆژە گەیاند، ئەم دەستەبژێرە ئەورووپازەدەیە بوون كە قات لەبەركردنیان خستە جێی بیركردنەوەی ورد. ئەمانە دووژمنە سەرەكییەكانی ئەم كۆمەڵگە و ئەم دەسەڵاتە و مشەخۆرەكانی پاشتری ئۆپۆزیسۆنیش دەبن.. ئەمانەن كە وایانكرد هەرێم بەپێوە بمرێت، پێش ئەوەی كۆتایی بێت، كۆتاییان پێهێنا.. ئەمانە ناوی وایان تێدایە، ئەگەر لەو پۆستەدا نەبن كە داگیریان كردووە، كەس بۆ یەك ڕۆژ ناویانی بیر نامێنێت.. ئەمانەن خیانەتكارانی سەرەكیی ئەم نەتەوەیە، كە دەبێت ڕۆژێك لیستی ناوەكانیان ئاشكرا بكرێن.. ئەمانە دژی هەر شتێكی نەتەوەیی بوون و هەرگیز هیچیان یەك ڕستەیان بە كوردی دەرنەبڕی، كەچی دەستیان خستە ناو هەموو دامەزراوەكانی زمان و كولتووری ئەم گەلەوە و بە ناوی دارچاندن و كوردایەتییەكی ساختەوە، خۆیان گەورەترین خەنجەریان لە پشتی نەتەوەی ئێمەدا.. هەولێر  


سه‌ردار عه‌زیز پاش کوشتنی سێ سەربازی و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆرتر، ئەمریکا پاش پێنج ڕۆژ، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر هێرشی کردەسەر بنکەو بارەگاکانی میلیشیاکانی سەربە ئێران لە عێراق و سوریا. ئەمریکا ئامانجی سەرەکی لەم هێرشە ئەوەبوو کە وەها لە میلیشیاکان و ئێران بکات جارێکی تر هێرش نەکەنەسەر ئەمریکا. ئایا ئەمریکا لەم هەوڵەیدا سەرکەوتوو بوو؟ ئەم پرۆسەیە بە ڕەدع، دیتێرەنس یان چاوترساندن ناسراوە. ئەم ستراتیژیە بەشێک بوو لە سیاسەتی بەرگریی ئەمریکا لە جەنگی سارددا، بەتایبەتی پاش گەشەی چەکی ئەتۆمی. هەبوونی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە، وەهای لە ئەوانیتر کرد کە بیر لەوە نەکەنەوە هێرش بکەنەسەری. پاشان کە سۆڤیەت بوو بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ترسی وێرانبوونی هەردوولا هاتە ئاراوە. بەمجۆرە جەنگی سارد بوو بە مۆدێلی باوی شەڕ. ڕەدع یان چاوترساندن لەسەر کۆمەڵێک بنەما بونیادنراوە، کە ترس و گەیاندنی پەیام و نمایش و چۆنێتی تێگەیشتنی ئەویتر لە مەترسییەکەو توانای ڕێگریی و بەرپەرچدانەوە وەستاوە. بە ڕای من لە ئێستادا کۆمەڵێک بنەما هاتونەتە ئاراوە کە وەها دەکات پرسی دروستکردنی ڕەدعی ئەمریکی سەخت بکات. لە سەرووی هەموویانەوە، هەبوونی سیستەمێکی ڕەدعی ئێرانی ئاڵۆزو بەهێز، کە خۆی لە میلیشیا دۆستەکانیدا دەبینێتەوە، لەهەناو کۆمەڵێک وڵاتی لاوازدا لە ناوچەکە. ئەم سیستەمی میلیشیایە لەسەر سیستەمی هاوتەریب بەڕێوەدەچێت کە یەکمجار موستەفا چەمران دایهێنا. ئێران لە ڕێگای میلیشیاکانەوە، چەند بنەمایەکی ڕەدع دادەڕێژێت، یەکەم، دروستکردنی مەترسی لەبەرامبەر هەڕەشەی مەترسی. بەو مانایە ئێران ئەوەی لە ئاگایی هەر هێزێکدا دروستکردوە کە بیر لە هێرشکردنەسەری بکاتەوە کە دەبێت بیر لە میلیشیاکانی ناوچەکە بکاتەوە، وەک ئەوەی لە پاش شەڕی غەزە دەیبینین؛ ئێران لەپێناوی ئەوەی خۆی لە هێرشی ڕاستەوخۆ بپارێزێت، هەموو میلیشیاکانی لە ناوچەکە خستوەتەگەڕ. خاڵێکی تر کە پێگەی ئەمریکای لاوازکردوە لە ناوچەکە، گۆڕانی دۆخی سیاسی ناوخۆی ئەمریکاو جیهانە. ئەم گۆڕانکارییانە وەهایانکردوە کە ئەمریکا بیر لە جێهێشتنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە. لەم پێناوەدا ئەمریکا لە چەند ساڵی رابوردوودا، چەندینجار هەوڵی ڕۆشتنی داوەو بەردەوام باس لە بە گرنگ نەمانی ناوچەکە دەکات. ئەم دۆخە وەهای لە وڵاتان و هێزەکانی ناوچەکە کردوە کە باوەڕ بە ئەمریکا کەمتر بکەن و بە دوای هێزی تردا بگەڕێن بۆ پشتیوانی. ئەم دۆخە سەرتاپای خزمەت بە پرۆسەی دروستکردنی ڕەدع ناکات، چونکە هێزێک بیەوێت لە ناوچەیەک بڕوات، ناتوانێت بەئاسانی ڕەدع لای ئەوانیتر دروستبکات. هۆکارێکی تر کە ڕەدعی ئەمریکی سەخت دەکات، لاوازبونی دۆستەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە. جاران تورکیاو ئیسرائیل وڵاتی ئیقلیمی بەهێزبوون لە ناوچەکەدا، بەڵام لەئێستادا، هەردوو بە دەست کێشەی زۆرەوە دەناڵێنن. تورکیا هەرچی دەکات ناتوانێت دۆخی ئابوری هەستێنێتەوە، ئیسرائیلیش لە پاش شەڕی غەزە ڕوبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە. ئەمە با ئەوە لەولاوە بوەستێت کە وڵاتانی عەرەبی کە دێتە سەر بواری سەربازی و ئاسایش و داکۆکی لەخۆکردن، لە دۆخێکی تەواو لاوازدان. لەهەمانکاتدا شەڕی غەزە لەئێستادا دۆخێکی وەهای لە شەقامی وڵاتانی ناوچەکە دروستکردوە کە ئەو وڵاتانە بە ئاسانی نەتوانن بەشداری لە هێرشی سەربە ئێران بکەن. ئەم هۆکارەشە وەهایکردوە کە ئەمریکا بە تەنها هێرش دەکاتە سەر میلیشیاکان. لە دۆخێکی وەهادا ئەمریکا هەوڵدەدات مەرجەکانی دروستکردنی رەدع بونیادبنێت. هەر سیستەمێکی ڕەدع کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە، کە بەگشتی بریتین لە چڕیی و گەورەیی توانا، توانای گەیشتن و پێکانی ئامانج، هەبوونی نیەت و بوێری دەستوەشاندن، لەگەڵ گەیاندنی پەیام بە لایەنی بەرامبەر. لێرەدا ڕامانێک لە جۆری چەک و تەقەمەنییەکان کە لە بۆمبارانەکەی میلیشیا عێراقی و سورییەکان بەکارهات جێگای سەرنجە، لەنێویاندا فڕۆکەی بی یەک. ئەم فڕۆکانە کە ڕاستەوخۆ لە تەکساسەوە فڕین، لە ئاسمان بەنزینیان کردوەو پاش ئەنجامدانی بۆمبارانەکە، گەڕاونەتەوە ئەمریکا. لەڕێگای ئەم نمایشەوە ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات کە پەیامی توانای خۆی بۆ ئێران و ئەوانیتر بنێرێت. دەیەوێت ئەوە بگەیەنێت کە توانای دەستوەشانی پەیوەست نیە بە بوونی لە ناوچەکە، بەڵکو دەتوانێت لە سەر خاکی خۆیەوە لە ئەمریکا، لە دووری چەندین هەزار کیلۆمەترەوە، بگاتە ئامانجەکانی و بگەڕێتەوە. دیارە ئەو جێگایانەی کە بۆمبارانکرابون گرنگ نەبوون، بەڵام ئەم پەیامە گرنگ بوو. بەڵام هەستناکرێت ئەم پەیامە بەباشی گەشتبێت یان ڕێگربێت لە ڕەدعی ئێران یان ببێت مایەی گۆڕینی ڕەفتاری. بەتایبەتی کاتێک هێرشەکان لەناو ئێراندا نین و نەبوونە هۆکاری کوشتنی هیچ بەرپرسێکی سەربازی یان سیاسی و هەروەها ئامانجیان شەڕ نەبوو. لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بە ڕەهەندێکی پرۆسەی چاوترساندن بکەم، ئەویش کەلتورە. لای ئەمریکاییەکان دەرخستنی هەبوونی توانای سەربازی و تەکنەلۆجی دەبێت وەها لە نەیارەکانی بکات کە ڕەفتاریان بگۆڕن، بەڵام مەرج نیە ئەم پەیامە بە هەمانشێوە لەلایەن ئێرانییەکانەوە وەربگیرێت، بەتایبەتی کاتێک کە کەسایەتییەکانیان و خاک و ڕژێمەکەیان سەلامەتن. لەکاتێکدا کە ئەمە دەڵێین دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، سیستەمی رەدعی ئێرانی لە دۆخێکی خراپدایەو هێرشەکانی ئەمدواییانە کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگ لەو بارەوە دەدەن. یەکەم، لەکاتێکدا ئەمریکا لە ئامادەکاری هێرشدا بوو ئێران ئامادەبوو بە خۆیدا بچێتەوەو وەها نیشان بدات کە جارێکی تر کاری وەها ناکات، لە ڕێگای فشاری بۆ وەستانی هێرشی میلیشیاکان، داخستنی میدیاکانیان، گەیاندنی پەیامی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کە ئەوان لە پشت کارەکەوە نەبوو. دیارە هەموو دەزانن کە ئێران لە پشت هێرشەکەی سەر ئوردون بوو، بەڵام پاشەکشێ لێی نیشانەی هەڵەو پەشیمانییە. ئەمە لە کاتێکدا کە ئێستا ئێران خۆی خستە خانەی ئەو وڵاتانەوە کە مەترسی هەیە لەسەر ئەمریکا نەک داواکاریی. هەرچەندە شارەزایەکی ئێرانی ئەوەی دوپاتدەکردەوە کە ئێران ناتوانێت دەستبەرداری دژایەتی ئەمریکا بێت چونکە زیانی زۆر بە ریسۆن دی تای (فەلسەفەی بوونی) ڕژێمەکە دەگەیەنێت، بەڵام ئێران دەزانێت کە جگە لە توانای سەربازی توانای سایبەرو هێرشی شاراوەو زۆر ڕێگای تر لەئارادایە، کە هەتا ئێستا ئەمریکا نەیویستوە بەڵام لەمەودوا ڕەنگە ناچار بێت، بەمانایەکی تر ئەگەر هەتا ئێستا ڕێسایەک هەبووبێت بۆ شەڕەکە، ئەوا ڕەنگە ڕێساکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. لایەنێکی تری لاوازبوونی سیستەمی رەدعی ئێرانی لەوەدایە کە میلیشیاکانی دۆستی یان لاواز دەبن یان دەخوازن خۆیانی لێ بە دوور بخەنەوە. هەموو دەزانین ئەو میلیشیایانەی کە پارەو بەرژەوەندییان لەعێراقدا هەیە ناخوازن دژ بە ئەمریکا بجەنگن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات هەر کاتێک ئێران لاوازبێت میلیشیاکان هەرزوو خۆیانی لێ بە دوور دەگرن. بە مانایەکی تر پەیوەندییەکە عەقیدەیی و باوەڕیی و دینی نیە، بەڵکو زیاتر بەرژەوەندییە. بۆ نمونە کاتێک ئێران فشاری نەدەکرد، سەرکردەی میلیشیا عێراقییەکان خۆشحاڵ بوون بە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا. لە هەمانکاتدا هێرشەکانی ئێران بۆ هەولێرو پاکستان دەرخەری ئەوەبوو کە سیستەمی ڕەدعی ئێرانی لە لاوازیدایەو پێویستی بە نمایش و هێرشە. ئێستا ئەمریکا دەیەوێت ئامرازەکانی ئێران لاواز بکات. هەندێک دەڵێن، ئەمە نابێتە مایەی لاوازی، هەندێکی تریش بە نەمانی بنەماکانی ڕەدعی ئێرانی دەبینن.


عەلی مەحمود كۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس 2024، وەك رابردوو لە چیاكانی ئەڵپ لە شارۆچكەی داڤۆسی بەڕێوەچوو، ئەمساڵ  كۆنگرەكە لەژێر ناونیشانی بنیاتنانەوەی متمانە بوو‌،  له‌راستیدا هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە سیستەمی كەپیتاڵستی، كە متمانەی لەدەستداوە، ئەمساڵ كۆڕبەندەكە بە بەشداری زیاتر لە  2800 كەسایەتی لە سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و نوێنەرانی كۆمپانیا زەبلاحە‌كانی جیهان لەنێویاندا نزیك 100 كەسیان ملیاردێرن،  وە زیاتر لە 2000 كەسایەتی سیاسی و سەرمایەداری گەورەو داهێنەرە ناسراوەكانی ئەمڕۆی جیهان لەبواری زیرەكی دەستكردو تەكنەلۆژیا، لەوانە نزیك 1000یان بەڕێوەبەری راپەڕاندنی كۆمپانیا زەبلاحە قۆرخكارەكانی جیهان بوون.  داڤۆس تەنها كۆبونە‌وەی ملیاردێرو سەرمایەدارە گەورەكانی جیهانە، كۆبونەوەی پاراستنی سەرمایەدارانی لیستی فۆربیسە، ئەوانەی سیاسەت و ئابووری و دارایی جیهان ئەمڕۆ بەڕێوە دەبەن. سەرمایەداری جیهانی لە رێگای چەندین تۆڕەوە خۆیان رێكخستووە، یەكیان كۆڕبەندی داڤۆسە. جەنگی ئۆكرانیاو روسیا، جەنگی ئیسرائیل-غەززە، هێرشی سەربازی ئەمریكاو بەریتانیا بۆسەر حوسییەكانی یەمەن، گرتنی دەروازی باب المندب لە دەریای سور، تەنگژەی دەریای باشوری چین و تایوان، شەڕی چیپ لەنێوان هاوپەیمانی پێنج قۆڵی ئەمەریكا، تایوان، كۆریای باشور، ژاپۆن، هۆڵەندا بەرامبەر چین لە گرنگترین بابەتە سیاسییە گەرمەكانی كۆڕبەندەكە بوون. لەكاتێكدا ئەمەریكا بۆ خۆی گەورەترین قەتڵگاكانی لەماوەی 54 ساڵی رابردوو بەسەر جیهاندا سەپاند، هەڵگیرسێنەری زیاتر لە 80%ی جەنگە ماڵویرانكارییەكانی جیهان بوو، كەچی كۆڕبەندی داڤۆس نیو سەدەیە لە ئاستیاندا لاڵ بووە. كێشەی زیرەكی دەستكرد، نەبوونی یاساو رێسایەكی جیهانی گشتگیر بۆ سودوەرگرتن لێی  مەترسییەكانی  كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی مرۆڤ و داهاتووی مرۆڤایەتی، وە كاریگەری لەسەر ئایندە بە سەربازی و ئابوری و سیاسییەوە بابەتی گەرمی كۆڕبەندەكە بوو، پرسیارێك هەمووانی شۆك كرد ئەویش ئایا زیرەكی دەستكرد دەبێتە مامانی لەدایكبوونی شۆڕشی پێنجەمی پیشەسازی؟. وەك رابردوو پیسكەرانی ژینگە، بێكاركەرانی بێكاران، برسیكەرانی جیهان، قۆرخكەرانی داودەرمان، باسی ژینگەو بێكاری و هەژاری و مەترسی پەتای داهاتوویان كرد. لەكاتێكدا خۆیان سودمەندی یەكەمن لە پیسكردنی ژینگە، قۆرخكردنی خۆراك.  قۆرخكردنی داودەرمان لەژێر بەهانەی مافی داهێنان، بێكاركردنی كرێكاران لەكاتێكدا كۆمپانیاكانیان قازانجیان چۆتە سەر، لە دوا پەیامیشیدا سەرۆكی تێسلا (ئیلۆن ماسك)  كە سەرمایەكەی خۆشبەختانە بۆ 198 ملیار دۆلار دابەزی داوای لە كرێكارانی تێسلا كرد لە پاڵ ماكینەكانی كاركردنەكەیان بخەون. گەڕان بە دوای مرۆڤایەتی بوون لە سیستەمی سەرمایەداریدا مه‌حاڵە، لێ لێرە لەم داڤوسە 54 ساڵە ئۆلیگارشییەكانی جیهان بە شێوازی خۆیان كە دەیانەوێت چیاكانی ئەڵپ بە دوای مرۆڤایەتیبووندا تەی دەكەن، وەلێ نەگەیشتن پێی نە دۆزیشانەوە،  وەك جیهانی دیلمۆن و بەهەشتی عەدەن، هەر ناشیدۆزنەوە. كەچی كۆنگرە دوای كۆنگرە هەر خودی ئەمانە نایەكسانی زیاتر دەكەن، ژینگە پیستر دەكەن و شەڕ بەرفراوانترو گەورەتر دەكەن و چەكەكانیان وێرانكەرتر دەبێت، سیستەمیش مەترسیدارتر، دەوڵەتی قوڵ قوڵتر دەبێت، دەپرسین ئایا داڤۆس ئەم شارۆچكە 10732 كەسییە به‌هەشتییە نوسخەیەكی باشتری سەرمایەداری پێیە بۆ مرۆڤایەتی؟، ئەم گەڕانەی سەرمایەداری بەدوای مرۆڤایەتیدا لە داڤۆس شانۆگەرییەكەو لە ناچارییەوەیە، چونكە ئۆلیگارشییەكان هەست بەوە دەكەن بەهۆی خولقاندنی نایەكسانییەكەیانەوە ئابلوقەدراون لە جیهان، ئەمڕۆ راپرسی دەزگاكانی راگەیاندنی خۆیان دەریدەخەن نایەكسانی و پیسكردنی ژینگەو جەنگە یەك لە دوای یەكەكانیان بووه‌تە دێوەزمە، ناڕەزایەتییەكان لە دژیان رۆژو ساڵ لەدوای ساڵ رێكخراوترو رادیكاڵترو فراوانتر دەبن، ئەوانیش چارەسەریان تائێستا بۆ ئەم نەخۆشییە كوشندەیە نەدۆزیوەتەوە، تاكو ئەوانیش بەڕێوەبەری جیهان بن نایدۆزنەوە، چونكە ڤایرۆسەكە خۆیانن، نەخۆشییەكە لە گیرفانەكانی ئەواندایە.  كۆڕبەندی دەوڵەمەندانی جیهان، رێكخەرانی ئەم سێركە گەورەیەی سەرمایەداری جیهانی، لەم نمایشە گاڵتەجاڕییەیاندا كە دەستەبژێری سەرمایەداری جیهانی بەشدارن تیایدا لەم خولەدا ژمارەیان 2800 كەسە، لە 200 كۆبونەوەدا قسەو باس لەسەر داهاتووی ئەستێرەكەمان كرد، گفتوگۆ لەسەر چاككردنی سستەمی سەرمایەداری و درێژەدان بەو سستەمە دەكەن، قسە لەسەر سفرەی بەردەست و جێگای خەوتن و هەوای ناو سییەكانمان دەكەن، باسی مۆبایلی گیرفان و فڕۆكە جەنگییەكانی ئاسمانەكانمان دەكەن، باسی درۆنەكان و ڤاكسینەكان و  نرخی دۆلارو عەرش و قورش دەكەن.  داڤوس شوێنی یەكتر بینینی ئەوانەی هۆكاری كێشەكانی نایەكسانی و پیسی ژینگەو شەڕن. لەم پەنجاو چوار ساڵەدا ژمارەی دانیشتوانی زەوی لە 3,7 ملیاردەوە بۆ زیاتر لە 8 ملیارد زیادیكرد. لەو ماوەیەدا ژمارەی ملیاردێرەكان سەدان جار زیادیكرد، بۆ یەكەمجار لە مێژوودا 12 ملیاردێری خاوەند زیاتر لە سەت ملیار دۆلار هەیە لە جیهان، ئێستا ئیلۆن ماسك خاوەنی زیاتر لە 198 ملیارد دۆلارە، غەززە تەخت بوو، بەفری گرینلاند توایەوە، گەرمای هیندستان تینی سەند، خۆڵبارینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سییەكانی لەكارخست، كەچی ئەمان هێشتا حەكایەتەكانی رابردوو دوبارە دەكەنەوە، باسی ژینگەو ئاشتی و یەكسانی دەكەن، تەنانەت بەخششەكانی گیتس و بافێت و 200 لە هەرە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا هیچی لە دەردو بەڵاكانی سەرمایەداری وەك زەكاتەكەی لەمەڕ خۆمان چارەسەرنەكرد، بگرە قەیرانەكان توندتربوونەوە. گیتس وێڕای بەخششەكانی لە دەیەی رابردو گەیشتە 45 ملیار دۆلار، كەچی 91 ملیار دۆلار قازانجی كردووە سەرمایەكەی بووە بە 144 ملیار دۆلار. وارن یافتیش بەخششترین سەرمایەداری جیهانە سەرمایەكەی تەنها لە 14 ساڵی رابردوو 38 ملیار دۆلار زیادیكردوەو بووە بە 128 ملیار دۆلار، هەرچەندە لەو ماوەیەدا 27,54 ملیار دۆلار بەخششی كردووە. پەنجاو چوار ساڵە ئۆلیگارشییەكان جیهان لەم داڤوسە كۆدەبنەوە، باسی  دیموكراسیمان بۆ دەكەن، كەچی سەرۆكەكان بە دەستیانەوە بوونەتە سەربازی شەترەنج، رۆژ بە رۆژ دەسەڵاتی سیاسییان زیاتر دەبێت، لە سستەمە روكەشه‌كه‌یاندا مام نازم بە عارەبانەكەیەوەو ئەحمەد ئیسماعیلەكەی لەمەڕ خۆمان هەردووكیان خاوەنی یەك دەنگن؟.  لە كۆڕبەندەكەیان گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی مرۆڤایەتی دەكەن، كەچی ساڵ لەدوای ساڵ بە سەرمایەی زیاترەوە دێنەوە بۆ هەمان شوێن، لەنێوان كۆنگرەی 2019 بۆ كۆنگرەی 2022 سەرمایەی ملیاردێرەكانی جیهان 4 و7 ترلیۆن دۆلار زیادیكردووە، ژمارەشیان 573 كەس چووە سەر، هەژارانیش 260 ملیۆن زیادیانكرد، لەولاوە نایەكسانی قولترو ژینگە پیسترو شەڕەكان ماڵوێرانكەرتر دەبن. ئەوان ناوێرن و نایانەوێ پەنجە بخەنە سەر سەرچاوەی كێشەكان و گوێ لە بیستنی چارەسەرە راستەقینەكان بگرن، كە هەموو دەردو بەڵاكان سیستەمەكەی ئەوانە، چارەسەریش  تەنها سستەمێكە لەسەر بنچینەی هەر كەس بەپێی كارو بەرهەمەكەی... موچەی بنەڕەتی بۆ هەمووان، ئاشتی و دادپەروەری دامەزرابێت. ئەوان كار ناكەن چۆركەكە گەورەتر بكەن بەشی هەموو مرۆڤایەتی بكات، ئەوان دەیانەوێت چۆركەكە بە بچووكی بمێنێتەوە هەر بۆ خۆیان بێت.  


د. كامەران مەنتك          یەكێك لە گۆڕانكارییە مەترسیدارەكانی كۆتاییەكانی ساڵی 2023 دایسانی شەڕی غەزە، یاخود وەك دەیانەوێت بانگەشەی بۆ بكەن شەڕی نێوان موسڵمان وجولەكەیە، لەراستیدا ئەو خوێندنەوە ساویلكانە پانتاییەكی فراوانی میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لە كوردستان گرتۆتەوەو هەندێك وەك غەزا سەیری دەكەن وپیاوانی ئاینی وهێزە ئیسلامییەكان وەك بەرگریكارێكی سەر سەخت لەغەزە، واتە ئیسلام نیشان خۆیان نمایش دەكەن وبەشێكی تریش بەناوی ناسیونالیستییەوە وەڵامیان دەدەنەوە، ئەو ململانێیە رادەی ساویلكەیی هێزە سیاسی ورۆشنبیرەكانی كۆمەڵگەی كوردی زۆر بەروونی دەخاتە بەرچاو، چونكە شەڕی غەزە نەشەڕی ئیسلام و جولەكەو نەشەڕی عەرەب وجولەكەیە، بەڵكو شەڕێكی جیۆستراتیژی جیهانییەو لایەنە شەڕكەرەكانی ئێستا وەك جەنگاوەری بەكرێگیراو بەكاردەهێنرێن وبە وەكالەت شەڕ بۆ هێزە جیهانییەكان، بەتایبەتیش بەرەی روسیاو ئەمریكا(رۆژئاوا) دەكەن         لەرووی جیۆپۆلەتیكییەوە شەڕی غەزە درێژكراوەی شەڕی عەفرینە، كە لەساڵی (2018) روویداو تیایدا عەفرین وتا رادەیەكی زۆریش مەسەلەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كرایە قوربانی، كە لەبنەڕەتدا ئەو شەڕە پاراستنی جێپێی روسەكان بوو لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، چونكە رۆژئاواییەكان دەیانویست كورد وەكو دیوارێك بەرامبەر بەرژەوەندییەكانی روسیا لە دەریای سپی بەكاربێنن، یاخود بەلایەنی كەم وەك هەڕەشەیەك ئەو سیناریۆیە یخەنە بەرچاو، لەبەرئەوەی گەیشتنی كورد بەدەریا، كە بەناو هاوپەیمانی ئەمریكابوو، ریسەكەی لەروسەكان دەكردەوە خوری وسەرلەبەری جیۆپۆلەتیكی ناوچەكەی هەڵدەوەشاندەوە وسەرلەنوێ دایدەڕشتنەوە، چونكە تا ئەو كاتە سوریا بنكەی سەرەكی سۆڤییەتی پێشوو وروسیای نوێ بوو لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، دروستكردنی دیوارێك لەسەر دەریا لەنێوان توركیاو سوریا، واتە دابڕینی روسیا بوو لەو دەریایە، كە ئەمە هاوكات بوو لەگەڵ گفتوگۆكانی ئۆكرانیا بۆ چوون بۆ ناو یەكێتی ئەوروپا، كە دیارە مەبەستی رۆژئاوا لەم هەنگاوە داخستنی دەروازەی دەریای رەش بوو لەبەردەم روسەكان، بەواتایەكی تر ئابڵووقەدانی روسیاو خنكاندنی بوو، ئەم رووداوانە لەنێوان ساڵانی (2014-2018) دا، رێك ئەو كاتەیە، كە مەسەلەی كورد تیایدا كەوتە پاشەكشەو تا ئێستاش لەو پاشەكشەو گەڕانەوە دواوەیە بەردەوامە!. لەبەرئەوەی لەو قۆناغەدا نزیكبوونەوەی كورد لە ئامانجەكانی گەیشتە لوتكە، بەواتایەكی تر هەڕەشەی كوردی بۆ سەر بەرژەوەندی روسیاو توركیا ودەوڵەتە هەرێمییەكانی تر گەیشتە لوتكە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی. كە روسیا پاڵپشتی توركیا بكات وكلیلی عەفرینی تەسلیم بكات،  هەنگاوە پڕ سەرەڕۆییەكانی كورد لەو كاتە، بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵاتی بەیەكتر دەبەستەوە، گەیشتنی كورد بەدەریا، كردنەوەی دەروازەیەكی تری جێگرەوە بوو بۆ دەروازەكانی توركیا، ئەمەش دەتوانین بڵێین بایەخی جیۆستراتیژی توركەكانی رێك دەكرد بە دوولەتەوە، بۆیە بەهەردوولایان، ئاستی گرژیەكانیان بەشێوەیەكی مەترسیدار بەرزكردەوەو ئەو هێڵە سوورەیان بەزاند، كە ئەمریكییەكان دایاننابوو، بۆیە ناچار ئەمریكا هەوڵیدا دڵی توركیا بداتەوەو رێگە نەدات بەیەكجاری بكەوێتە باوەشی روسیا، لەمەشدا قوربانییەكە وەك ئاماژەی پێكرا، عەفرین وگەلی كورد بوو لە رۆژئاوای كوردستان. نەهێشتنی ئەو بەربەستەی كوردی رێگەی بۆ روسەكان خۆشكرد، كە بەرژەوەەندی ئەمریكاو رۆژئاواییەكان بەشێوەیەكی گشتی لەدەریای سپی بخاتە مەترسییەوە، دیارە بەهێزبوونەوەی روسیا لەسوریا، واتە خۆسەپاندنی بەسەر پانتاییەكی زۆر فروان لەدەریای سپی ناوەڕاست، كەنزیكەی تا ئیسرائیل درێژدەبێتەوە، بە دایساندنی شەڕی غەزە، هەوڵیاندا  لەدواوە ئابڵووەی گرنگترین پێگەی جیۆپۆلەتیكی هاوپەیمانی سەرەكی رۆژئاواییەكان بدەن لەسەر دەریای سپی، ئەمەیە وا دەكات شەڕی غەزە رەهەندێكی جیۆستراتیژی ترسناك وەربگرێت وبەشكستی ئیسرائیل، مەترسییەكانی سەر دەریای سپی تا لێوارەكانی باكوری ئەفریقا وتا ئۆقیانووسی ئەتڵەسی درێژ دەبێتەوە، ئەمە ئەو ئەگەر زۆر بەهێز دەكات، كە روسەكان زیاتر فشار بخەنە سەر ئەمریكا وهەوڵی فراوانكردنی ئەو شەڕە بدەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆئەوەی لەلایەك هەژموونی ئەمریكا لەم ناوچەیە لاواز بكەن، لەلایەكی تر بارگرانی لەسەر شەڕی ئۆكرانیا كەم بكەنەوە، بۆیە كاتێك ئیسرائیل بەشەڕی غەزەوە خەریك كراوە، ئێران گەرووی باب ولمەندەبی خستۆتە مەترسییەوەو لەرێگەی حوسیەكانەوە سەقامگیری گەرووی هورمز، ئەو دەروازە دەریاییە ستراتیژییەی خستۆتە مەترسییەوە، كە نزیكەی زیاتر لە 20% كۆی بازرگانی نەوتی جیهانی پیادا تێپەڕ دەبێت بۆ دەریای سورو لەوێشەوە بۆ كەناڵی سوێس ودەریای سپی ودواتریش زۆرینەی ئەو نەوتە بۆ ئەوروپا دەڕوات، كەواتە ئێمە ئەگەر وەك شەڕكردن لەسەر بلۆكێكی جیۆستراتیژی سەیری ئەو گۆڕانكارییانە نەكەین، ناتوانین لە بنەماكانی شەڕی غەزەو ئەگەرەكانی فراوانبوونی بەرەو ئێران تێبگەین.       دیارە روسەكان نەك وەك ئیمراتۆریایەك، بگرە وەك شارستانییەكی سەربەخۆ لەئێران دەڕوانن وپێگەی ئێران شوێنێكی ستراتیژی گرنگی لە پڕۆژەی ئۆراسیای روسەكان داگیركردووە، كە لە ئێستادا بەگەرمی كاری بۆ دەكەن، راكێشانی ئێران بۆ ناو ئەو شەڕە بەشێوەیەكی راستەوخۆ، بەرژەوەندیەكانی رۆژئاوا، لە كەنداو، كە پڕە لە سەرچاوەكانی وزەو ئاسیای ناوەڕاست دەخاتەوە مەترسییەكی گەورەوە، ئێرانیش ئەمەی قۆستۆتەوەو باش لەو دەرفەتە مێژووییە تێدەگات، بۆیە بەهەموو توانایەكی هەوڵدەدات وەبەریبهێنێت وبەرژەوەندییە شارستانی ئیمپراتۆریاكانی لەناوچەكە بێنێتە دی، لەبەرئەوەی ئیسرائیلییەكان تاكە بەربەستێكی گەورەن لەبەردەم گەشەسەندنی ئیمپراتۆریای ئێرانی لە بواری ژیاری (المجال الحیوی) خۆیدا، خەریك بوونی ئیسرائیل بەو شەڕەو بچووكبونەوەیان راستەوخۆ خزمەت بە خەونە ستراتیژیەكانی ئێران دەكات، لەلایەكی تر، ئێران بۆ روسیا بایەخێكی هێندە گەورەی هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە هەر لێدانێك لە ئێران، راستەوخۆ روسیا بینێتە ناو شەڕەكەوە، ئەمە ئەو خاڵەیە، كە رۆژئاواییەكان لێی دەترسن وچاوەڕوانیشی دەكەن، كەواتە لەلایەك روسیا دەیەوێت ئێران وەك خۆراكێك بەكاربهێنێت بۆ لێدان لە هەژموونی ئەمریكا لەهەموو ناوچەكە، لەلایەكی تر دەیەوێت گۆڕەپانی شەڕەكە لەبەردەم ئەمریكا فراوانتر بكات وزیاتر تواناكانی بەهەدەر بدات، تا ئەو كاتەی ماندوو دەبێت وبەناچاری دەستبەرداری بەشێك لەبەرژەوەندییەكانی خۆی دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئاسیای ناوەڕاست.      بەروونی ئەوە دەكەوێتە بەرچاو، كە ئەمریكا نە ئیرادەو نەتوانای ئەوەی هەیە بچێتە ناوشەڕێكی وا فراوان، رەنگ بێت ئابووری ئەمریكا توانای ئەركی هەڵگرتنی شەڕێكی لەوجۆرەی نەبێت، چونكە ئەمریكای ئێستا زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەمریكای دوای نەوەدەكان، كە تاكلایەنە سیستەمی نوێی جیهانی راگەیاند، جێگرەوەی ئەو شەڕە بۆ ئەمریكا ئەوەیە، كە بەوێنەی شەڕی ساردی یەكەم(1945-1989) بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی پشت بە هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە ببەستێت، یەكێك لەو دەوڵەتانەش توركیایە، كەرازی بوونی بە وەرگیرانی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئاماژەیەكی روونە، كە لەم لایەنەوە هەنگاوی جدی چوونەتە پێشەوە، دیارە سازش كردنەكانی ئەمریكاش بۆ توركیا بەپلەی یەكەم لەسەر كوردو بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی كوردە، كە پێدەچێت لە پشت پەردەوە رێككەوتنی زۆر ترسناك كرابێت. هەرچۆنێك بێت، لەبەرئەو هۆكارانەی باس كرا، ئەگەری چوونە ناوەوەی ئێران لە ئێستادا ئەگەرێكی دوورە دەستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریكا ناچارە بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆی، دوای كوژرانی سەربازەكانی لە شانشینی ئەردەن، دەستێكی سەربازی گەورە لەبەرژەوەندییەكانی ئێران لە ناوچەكە بوەشێنێت، بەشێوەیەك پەرچەكرداری نەرێنیانی روسیای مسۆگەر كردبێت!.  لەگەڵ ئەوەشدا گومانی تیانییە، كە شەڕی غەزە ناتوانێت لە شوێنی خۆی بۆ ماوەیەكی زۆر بووەستێت پڕوشكی ناوچە جیۆستراتیژییەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگرێتەوە، هیچ ئاماژەیەك لە ئارادا نییە، كە ئەو شەڕە بە ماوەیەكی كەم بووەستێت، چونكە وەك بەرپرسانی ئیسرائیل راشكاوانە دانیان بەوە نا، كە ئەوان شەڕی هاوپەیمانییەك، كە مەبەستیان هاوپەیمانی روسەكان بوو، دەكەن!. بۆیە لە هەموو حالەتەكان، هەموو ئەگەرەكان كراوەن، بەڵام فراوانبوونی شەڕەكە بەو شێوەیەی ببێتە شەڕێكی جیهانی وزلهێزەكان راستەوخۆ بەشداری تیادا بكەن، گریمانەیەكە تاوەكو ئێستا بەلایەنی كەم بە نزیك نابینرێت.


رێبوار کەریم وەلی مەجموعەیەک ڤیدیۆچیی پڕۆفێشناڵ، بەو ناونیشانەی سەرەوە لە سۆشیال میدیا زنجیرە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردۆتەوە. هەندێک ئامارو داتای کەرتە جیاجیاکانی ژیانی کوردستانیان داناوە کە پێدەچێ هی کابینەی نۆیەمی حکومەتی سەنگافور یان هی کۆریای باشور بن نەک هی هەرێمی کوردستان! * یەکێک لە ڤیدیۆکانی باسی دروستکردنی رێگاوبان لە کوردستان دەکات کە گوایە لە سەردەمی کابینەی 9، بەدیاریکراوی، 48000 کیلۆمەتر رێگا دروست کراوەو قیرتاو کراوە! ئەمە نەک هەر درۆیە، بگرە شاخداریشە! روبەری تێکڕای هەرێمی کوردستان، نزیکەی 78736 کیلۆمەتری دوجایە! ئەو 48000 کیلۆمەترە لە کوێوە بۆ کوێ دروست کراوە؟ خۆشتر لەوەش ئەو پرۆژانەی پێی هەڵادادەدەن، هەمووی بێ ئیستیسنا لەسەردەمی کابینەکانی پێشوو، یان بەردی بناغەیان داندراوە، یانیش ئیفتیتاحەکانیان کەوتۆتە سەردەمی کابینەی نۆ. * بەراوردێکی دیکەش دەکەین. ئەردۆغان و حزبەکەی هەمیشە شانازی بە دروستکردنی رێگاوبان دەکەن لە سەردەمی خۆیاندا. ئەردۆغان دەڵێ لە ماوەی 20 ساڵی حوکمی ئەودا، 28550 کیلۆمەتر رێگاوبانیان دروست کردووە! کەواتا ئەوەی کابینەی نۆ بێ ئەوەی باسی سککەی قیتارەکەش بکەن، شاکارە! * ئینجا لە بەشەکانی دیکەدا، هەر بەگۆترە وەک ئەو نمونەیەی پێشوو پێیانداداوەو حەیای کابینەی نۆیان بردووە، تەنانەت پێوەری زیرەکی کارەبا کە لە 2010 لە کوردستان کاری پێدەکرێ کراوەتە دەستکەوتی کابینەی نۆ! ئینجا ئاستی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیان گەیاندۆتە ئاستی سویسراو مەکدۆناڵدیش لە سرەدایە بۆ کڕینی پەتاتەی کوردی! * بەڵام ئەو ڤیدیۆ چییانە لە بیر یان چووە ئەو پرسیارانە بکەن: ئەگەر ئەو سی ساڵە ئەم کابینە پۆلیسییە حوکمی هەموو کوردستانی کردبایە ئێستا چ دەبوو؟ 1- دەبوایە شەو و رۆژ دانیشین سەیری ڤیدیۆکانی ئەو ڤیدیۆچییانە بکەین و ئەشهەدوبیللایان بۆ بکەین. 2- مەعلوم نەبوو تا نوسینی ئەم وتارە زیندوو دەبووین یان بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دەدراین. 3- شتێک بەناوی میدیا نەدەبوو، دەزگایەکی پروپاگەندەی گۆبلز ئاسا شەو و رۆژ خەریکی بڵاوکردنەوەی درۆو دەلەسە دەبوو. 4- شتێک بەناوی ئینتەرنێتی ئازاد نەدەبوو، مەجراکانی سۆشیال میدیا هەمووی فیلتەر دەکران و دەبوایە خەڵک بە ڤی پی ئێن داخیلیان بێ. 5- برا بەسەر براوە دەبووە جاسوس و هاووڵاتیان شەو و رۆژ خەریکی تەقیرنووسین بوون لەبارەی یەکترییەوە. 6- بچووکترین ناڕەزایەتیی بە توندترین شێوە سزا دەدرا. دادگاکانی شۆڕش بەرپا دەکراو نیوەی وڵات بۆ تۆمەتی خیانەت لە زینداندا دەبوون. 7- گەورەترین دەستکەوتەکانی حکومەت بریتی بوو لە دروستکردنی سەدان زیندانی مۆدێرن! 8- ئازوقەو خواردن بە کۆبۆن بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکراو هەموو کەرتەکانی ژیان دەخرایە ژێر دەستی حکومەت. 9- لە وڵات یەک حزب دەبوو، بۆنە رەسمییەکان و جەژنە نیشتمانییەکان بریتی دەبوون لە یادی لەدایکبوونی سەرۆکە هەتاهەتاییەکان و تەنها لەو رۆژانەدا هاووڵاتیان دەیانتوانی بۆ چەپڵە لێدان گردبوونەوە ئەنجام بدەن…


ڕێبوارکەریم وەلی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەتایبەتیش لە کەرکوک، یەکەم ئەزمونی جووتبرا بوو لە دوای کۆنگرەوە. دۆڕانیان مانای کۆتایی تەمەنی سیاسییان دەبوو. بۆیە نەشتەرگەرییەکی سیاسیی گەورە گەرەک بوو تا حزبی جووتبرا، لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا رۆڵ و پێگەیەکی بەهێزیان هەبێ و بە هەمانشێوەش لە رۆڵ و پێگەی پارتی بدرێ. * وەکچۆن لە 2005، ئەمریکا و UN مەبەستیان بوو کە دەستوری عێراق بە هەر نرخێک بێ تێپەڕێ، ئەمجارەش چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێران هەمان مەتڵەبیان هەبوو کە لە بەرامبەر بایکۆتەکەی رەوتی سەدردا کەم نەهێنن و هەڵبژاردنەکان بکرێن. * ئەنجامەکان دیزاین کرابوون.بۆیە چاوپۆشی لە خروقات و تەزویر کرا. دەبوایە کوڕانی تاڵەبانی ئەنجامێکی وا بەدەست بێنن کە بەجۆرێک پاداشتیان درابێتەوە. * جارێ هەر ئەنجامی بەرایی دیارە، بەڵام لێرە بەدواوە پارتی لە کەرکوک قسەیەکی ئەوتۆی بۆ گوتن پێ نەماوە. لە رووی قوڵایی ستراتیژییەوە کەرکوک تەسلیمی کوڕانی تاڵەبانی کرا و دابەشکارییەکی وەک دوای ئۆکتۆبەری 1996 هاتە ئاراوە کە باری لەنگی جووتبرا لە هاوکێشەی سیاسیی ناوخۆی هەرێمیش راست دەکاتەوە. * نفوزی و تورکیا و پارتی لە کەرکوک، لە بەرامبەر هەژموونی ئێران و یەکێتی شکستی پێهێندرا. ئەو یەکێتییەی کە جاران لە پارتی دەپاڕایەوە بۆ پارێزگارێکی سەربەخۆی، ئەمڕۆ ئیتر بێمنەتە. * هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە بنەڕەتدا بۆ حوکمڕانیی لۆکاڵییە و هێندە شتێکی ستراتیژی نییە، بەڵام ئەمە سەرەتای نەخشەڕێگایەکی درێژترە؛ یەکێتیی کوڕانی تاڵەبانی ئیتر داشیان سوارە و بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش ئامادەن، چونکە ئەنجامی کەرکوک تەنها پارتیی ناکئاوت نەکردووە، بەڵکو نەوەی نوێشی تەخت کردووە و لەو کەشکەلانی فەلەکە هێنایاننە خوارێ! * بردنی کۆتای کەمینە ئایینییەکان لە لایەن کەسانی نزیک یان سەر بە یەکێتیش لە کەرکوک پەیامێکی دیکەیە کە ئیتر کەمینەکان لە رەهنی پارتی دەرهاتوون و رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی تەمسیلی کەمینەکان لە کوردستانیش بەشێکی رادەستی کوڕانی تاڵەبانی بکرێ. * پوختەی کەلام، کوڕانی تاڵەبانی براوەی ئەو هاوکێشە ئیقلیمی و ناوخۆییە بوون کە هەندێکی پاداشتی بەرزەفتکردنی پارتی بوو لە ساحەی سیاسیی عێراق و، هەندێکیشی وەکو عەسای سیحری، ئاییندەی سیاسەتی ناوخۆی هەرێمی پێ دیزاین کرایەوە. دیزاینێک کە لەمپەرەکانی بەردەم، ئەم دوو برایە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی هێزی دیکەش لە داهاتوودا، بەرتەسک دەکاتەوە و وێنەی پاڵەوانی نەتەوەییان پێدەبەخشێ. لە بەرامبەر پارتیشدا لە ناوخۆی هەرێم چیتر سەرکز و کۆڵەوار نین. * ئەم بردنەوەیە قازانجەکەی تەنها دەچێتە گیرفانی سیاسیی کوڕانی تاڵەبانی و بە مەترسیی هەژموونی کورد بەسەر داهاتووی کەرکوکەوە هەژمار ناکرێ؛ هەمواری دوو بڕگە لە قانونی ژمارە 12ی ساڵی 2018 دەڵێ: یەکەم ئەنجامی هەڵبژاردن ناتوانێ ببێ بە بنەمای بڕیاردان لە چارەنووسی کەرکوک و دووەمیش ئەنجام هەر چییەک بێ، دەبێ ئیدارەکەی 33بە 33 بە 33 بێ.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand