(درەو):  حكومەتی عێراق بڕی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دیناری تر قەرز بە حكومەتی هەرێم دەدات، ئەم قەرزە لە شایستەی دارایی هەرێم لە بودجەی 2023 دەبڕدرێت، ئەگەر شایستەی هەرێم لە 2023دا بەشی پێدانەوەی قەرزەكانی نەكرد، لە شایستەی هەرێم بۆ ساڵی 2024 دەبڕدرێت، واتا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ وه‌رگرتنی ئه‌م قه‌رزه‌ لێكه‌وت له‌سه‌ر ساڵی دارایی داهاتووی هه‌رێم به‌جێبهێڵێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ مانگه‌دا هه‌ردوو حكومه‌ت نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنێكی ریشه‌یی له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ یاسای بودجه‌.  نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەقی بڕیاری كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی لەبارەی ناردنی پارە بە قەرز بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە. ئەم بڕیارە دوای سەردان‌و رێككەوتنی رۆژی 14ی ئەم مانگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دێت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق. بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا هیچ بڕیارێكی نوێ لەبارەی پێدانی قەرزو ناردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەرنەچووە، ئەوەی كراوە هەمواری بڕیاری كۆبونەوەی رۆژی 3ی ئەم مانگەی حكومەتی عێراق بووە، كۆبونەوەیەك كە تێیدا بڕیار درا بۆ ماوەی (3) مانگ، مانگانە بڕی (500 ملیار) دینار قەرز بە هەرێمی كوردستان بدرێت بەمەبەستی دابینكردنی خەرجی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حكومەتی هەرێم پێی قایل نەبوو، وتی: بەشی خەرجی موچەی موچەخۆران ناكات.  ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەمشێوەیە هەمواری بڕیارەكەی رۆژی 3ی ئەم مانگەی كردووە:   •    لەپێناو پێدانی موچەی فەرمانبەران‌و ئەوانەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەگەڵ خانەنشینان، تا ئەوكاتەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ پاكتاوی ئەوانە دەكات كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، وەكو جێبەجێكردنی یاسای گشتی بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵانی (2023، 2024، 2025)، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە هەمواركردنی بڕیاری ژمارە (23500)ی ساڵی 2023، بەمشێوەیە:  1-    بانكەكانی رافیدەین‌و رەشید‌و (TBI) بڕی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دینار بۆ ئەمساڵی دارایی وەكو قەرز بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن‌و بە سێ جاری هاوتا بە (700 ملیار) دینار بۆ هەرجارێك، لە مانگی ئەیلولەوە ئەم پارە دەدرێت.  2-    وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی قەرزی ناوبراو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، لە تەرخانكراوەكانی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 دەدات، ئەمەش دوای پاكتاوكردنی ئەوەی لە ئەستۆیدایە (مەبەستی پابەندییە داراییەكانی سەر شانی هەرێمە).  3-    ئەگەر ئەوەی لە پشكی هەرێم دەمێنێتەوە بەشی پێدانەوەی قەرزەكانی نەكرد بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی (2) لە سەرەوە، ئەوا وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی قەرزی ناوبراو لە تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی (2024) بەو بانكانە دەداتەوە كە ناویان هاتووە یان لە هەر شایستەیەكی دارایی تری تر دەیداتەوە، بەر لە پێدانی هەر شایستەیەك بە هەرێم.  4-    وەزارەتی دارایی دانراوێكی بانكیی لای ئەو بانكانە دادەنێت كە ناویان هێنراوە، دانراوەكە هاوتایە لەگەڵ بڕی قەرزی هەریەكەیان‌و دوای جێبەجێكردنی هەردوو بڕگەی (2،3)ی سەرەوە دەكشێندرێتەوە.  5-    دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، وردبینی دەكات لە ژمارەی فەرمانبەران‌و ئەوانەی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی‌و خانەنشین دەیانگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بڕی موچەكانیان، بەگوێرەی لیستی رادەستكراو بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەمەش لەماوەیەكدا كە لە (30) رۆژ زیاتر نەبێت لە رێكەوتی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، بەگوێرەی ئەو مەرجانەی لەلایەن هەردوو دیوانەكەوە دانراوە. 


(درەو):  وەفدی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و ئەندامێتی (قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم،  ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) گەیشتە بەغداد.  سەردانەكە دوای ئەوە دێت هەردوو حكومەتی هەرێم‌و عێراقی فیدراڵی لایخۆیانەوە شكستی دانوستانەكانیان لەبارەی یاسای بودجەو پشكی هەرێم لە یاساكەدا راگەیاند.  بەر لەم سەردانە وەفدێكی یەكێتیی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی تارانی كرد، گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بینی، هاوكات لە هەولێریش سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ هەردوو باڵیۆزی ئێران‌و ئەمریكا لە عێراق گفتوگۆی لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد كرد.  لەدوای ئەم جموجوڵانە، یەكێتیی‌و بەدیاریكراویش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كە ماوەیەك بوو لە وەفدەكانی هەرێم بۆ بەغداد دووركەوتبووەوە، گەڕایەوە ناو وەفدەكە.  لەسەرەتای 2023ەوە، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (19) جار چوونە بەغداد، بەڵام ئەم سەردانە زۆرانە نەیتوانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یاسای بودجەدا زامن بكات، ئەمەش لەسەردەمێكدا كە حكومەتی هەرێم نزیكەی 80%ی داهاتەكانی لەدەستداوە، بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتەوە لەرێگەی توركیا، لە 26ی حوزەیرانی رابردووەوە یاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن كە بۆ ماوەی سێ ساڵە (2023-2024-2025)، هەردوو حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم تێگەیشتنیان لەبارەی بڕگەكانی یاسای بودجە جیاوازو ناكۆكە، حكومەتی هەرێم پێیوایە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە بودجەكەدا  (16 ترلیۆن‌و 498) ملیار دینارە بۆ یەك ساڵی دارایی، واتا مانگانە بڕی (1 ترلیۆن‌و 375) ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە (906) ملیار دیناری بەتەنیا تەرخانكراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە.  بەڵام وەزیری دارایی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕ‌ێژەی یەك لەسەر دوانزەی رێككەوتنی فیعلی لەگەڵ هەرێم كارمانكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنەش هەرێمی كوردستان تەنها 2 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار شایستەیەتی، بەپێی ئامارەكان لەماوەی ئەو 6 مانگەدا حكومەتی هەرێم بەداهاتی نەوتی‌و نانەوتی زیاتر لە 8 ترلیۆن دینار داهاتی هەبووە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم (5 ترلیۆن‌و 800 ملیار) دینار بگەڕ‌ێنێتەوە بۆ حكومەتی ناوەند. لەماوەی رابردوودا هەولێرو بەغداد لە بارەی پاكتاوی حساباتی ساڵانی رابردوو هەروەها داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان‌و خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەناو یاسای بودجەدا ناكۆك بوون، ناكۆكییەك كە هێشتا بەردەوامە‌و ئەوانەی لە نزیكەوە ئاگادارن دەڵێن بە گفتوگۆكردن لەبارەی ژمارەكانەوە هەرگیز ناگاتە چارەسەرو پێویستی بە دانوستان‌و رێككەوتنی سیاسی هەیە. ئەم بارودۆخە بارگرانییەكی نوێی بۆ موچەخۆران لە هەرێم دروستكردووە، هێشتا موچەی مانگەكانی تەموزو ئابیان وەرنەگرتووە، بەگوێرەی ئاژانسی ئەلمۆنیتەری ئەمریكی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی ئەم دۆخە سەختەوە نامەیەكی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نوسیوە‌و داوای لێكردوە پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان بكات.   


(درەو):  لە یەك رۆژدا باڵیۆزی ئەمریكاو ئێران هاتونەتە هەولێر بۆ ئەوەی ئاگادار بكرێن لە دۆخی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای بودجەوە، بەپێی قسەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، نوێنەرانی كورد تا كۆتایی ئەم هەفتەیە مۆڵەتیان داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، دوای ئەوە هەموو بژاردەیەك لەبەردەمیاندا كراوە دەبێت. خاتوو ئەلینا رۆمەناوسكی باڵیۆزی ئەمریكا‌و ئاغای محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران هەردووكیان ئەمڕۆ لە شاری هەولێر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بینی. بەپێی ئەوەی لە راگەیەندراوەكانی حكومەتدا ئاماژەی بۆ كراوە، سەردانی باڵیۆزی ئەمریكا‌و ئێران بۆ هەولێر پەیوەندی بە پرسی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغدادەوە هەیە سەبارەت بە یاسای بودجە. هاوكات لەگەڵ ئەم جموجوڵانەدا، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی، بەناوی نوێنەرانی كوردەوە لە هەموو فراكسیۆنەكان (جگە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ) رایگەیاند، نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق تا كۆتایی ئەم هەفتەیە چاوەڕوانی دەكەن بۆ چارەسەركردنی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، دوای ئەم وادەیە هەموو بژاردەیەك لەبەردەمیاندا كراوەیە.  جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە نەكردووە ئایا نوێنەرانی كورد بە پەرلەمانتارو وەزیرەوە دەست بۆ بژاردەی كشانەوە لە بەغداد دەبەن یاخود نا، بەڵام ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە هەردوو حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم بەفەرمی شكستی دانوستانەكانیان لەبارەی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی 2023ی عێراق راگەیاندووە.  رۆژی 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) كەوتە بواری جێبەجێكردن، لەوكاتەوە نوێنەرانی هەردوو حكومەت چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوەی دانوستان، ئەنجامی دانوستانەكانی دەریخست، هەردوولا بە روانگەی خۆیانەوە لێكدانەوە بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا دەكەن، هەردوولا یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەوەی پابەندییەكانیان لە بودجەدا جێبەجێ نەكردووە، هەولێرو بەغداد لە یاسای بودجەدا لەبارەی خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت، خەرجی نانەوتیی‌و پاكتاوكردنی حساباتی ساڵانی رابردوو، ناكۆكن.  موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول نزیكدەبنەوە، كەچی هێشتا موچەی مانگەكانی (تەموزو ئاب)یان پێنەدراوە، ئەمەش فشارێكی توندی لەسەر حكومەتی هەرێم دروستكردووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرەتای بایكۆتكردنی دەوام لەلایەن فەرمانبەرانەوە دەستیپێكردووە.  حكومەتی فیدراڵی عێراق بۆ هەر سێ مانگی (9-10-11)ی ئەمساڵ مانگانە وەكو قەرز بڕی (500 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخانكردووە، بەو ئومێدەی لەم سێ مانگەدا هەردوولا بگەنە رێككەوتنێك لەبارەی یاسای بودجەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم دەڵێ (500 ملیار) دیناری مانگانە بەشی ناكات بۆ ئەوەی خەرجی موچە دابین بكات كە مانگانە (944 ملیار) دینارە.  تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق چووە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەوێ وتی:" پابەندییە داراییەكانی سەر شانی هەرێم زۆر زیاتر لە شایستە داراییەكانی لە بودجەدا". بریكاری وەزیری دارایی عێراق مەسعود حەیدەرە كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمڕۆ قسەی كرد، رایگەیاند" لێكدانەوەكانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەدا دروست نییە، تەنیا پشكی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاساكەدا مانگانە 775 ملیار دینارە".  ئێستا كە ئیتر هەردوو حكومەت لە گفتوگۆو دانوستان ماندوو بوون‌و ناگەنە رێككەوتن، لە هەرێمی كوردستانەوە هەوڵی بە نێودەوڵەتیكردنی پرسەكە دەستیپێكردووە، بەتایبەتیش سەردانی ئەمڕۆی هەردوو باڵیۆزی ئێران‌و ئەمریكا بۆ هەولێر. هاتنە ناوەوەی لایەنی سێیەم بۆ چارەسەری كێشەی نێوان هەولێرو بەغداد لەكاتێكدایە لەیاسای بودجەدا رێوشوێن دانراوە بۆ ئەگەری دروستبوونی كێشە لەنێوان هەردوولادا، رێوشوێنەكە ئەوەیە لیژنەی هاوبەشی هەردوو حكومەت راپۆرتی خۆیان لەبارەی ناكۆكییەكانیان لەبارەی یاسای بودجە بەرزبكەنەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی پەرلەمان بڕیاری لێبدات، بەمدواییە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەم بڕگەی دەستكاریكرد‌و رایگەیاند، ئەوەی دەسەڵاتی هەیە بڕیار لە كێشەی نێوان هەولێرو بەغداد لەسەر یاسای بودجەدا بدات پەرلەمانی عێراق نییە، بەڵكو ئەم دەسەڵاتە بە دادگای فیدراڵی دراوە.   


 (درەو): 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئابی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (8 ملیارو 846ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (106 ملیۆن و  122ھەزارو 874) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 423ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (83,35) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.   🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی تەمووزی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (8 ملیارو 293 ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (106 ملیۆن و  755 ھەزارو 169 ) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 444 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (77,69) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.    🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی حوزەیرانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 115ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (100ملیۆن و  59ھەزارو 52) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 335ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,11) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.   🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئایاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 306ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (102 ملیۆن و 436ھەزارو 387) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 305ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,3) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.   🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی  نیسانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 796ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت ( 98 ملیۆن و 634 ھەزارو 947) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و  288 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (79) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.


(درەو):  كۆتایی ئابە، موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان موچەی تەموزیان وەرنەگرتووە، وەفدێكی تر بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب بۆ موچە بەرەو بەغداد بەرێكەوت، هەرێم‌و بەغداد هێشتا لەبارەی یاسای بودجەوە ناكۆكن، یاسای بودجە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادی داوەتە دەست لیژنەیەكی هاوبەش، لیژنە هاوبەشەكە دەبێت راپۆرتی خۆی بۆ دادگای فیدراڵی بەرزبكاتەوە، بەڵام ئەمە نەكراوە‌و هێشتا هەردوو حكومەت لە دانوستاندان.  جارێكی تر لە هەولێرەوە وەفد بەرەو بەغداد بەڕێكەوت، وەفدی ئەمجارە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و ئابوری سەرۆكایەتی دەكات، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش لەناو وەفدەكەدایە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كاروباری هەرێمی سپاردووە بە بەڕێوەبەرێكی گشتی وەزارەتەكەی، هێشتا دیار نییە ئایا ئەمجارە ئامادەیە خۆی وەفدی هەرێم ببینێت یاخود نا.  ئەمڕۆ 30 ئابە، هێشتا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی تەموزیان وەرنەگرتووە، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، وەفدەكە بۆ بەدواداچوونی موچەی ئەو دوو مانگە سەردانی بەغداد دەكات.  لە 26ی حوزەیرانی رابردووەوە یاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن كە بۆ سێ ساڵی دارایی (2023-2024-2025)، بەگوێرەی ئەم یاسایە هەرێمی كوردستان دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بكات‌و داهاتەكەی لە بانكی ناوەندیی عێراقدا دابنرێت، ئەمە لەپاڵ رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم‌و پاكتاوكردنی حساباتی نێوان هەردوو حكومەت لەماوەی ساڵانی (2004 بۆ 2022). لەوكاتەوە تائێستا حكومەتی هەرێم چەندین وەفدی ناردووە بۆ بەغداد بۆ پاكتاوی حسابات‌و دیاریكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراقدا، بەڵام وەفدەكان بەبێ گەیشتن بە هیچ رێككەوتنێك گەڕاونەتەوە.  ئەوەی زیاتر كێشەی لەسەرە بابەتی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرێمی كوردستان كە یاسای بودجە بە نرخێكی كەمتر دیاریكردووە، ئەمە جگە لە ناكۆكییەكان لەبارەی رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانە كە تائێستا لەنێوان هەردوو حكومەت رێككەوتنی لەسەر نەكراوە.  دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە شوباتی ئەمساڵدا، توركیا لە 25ی ئازارەوە بە ناچاری هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرت، چونكە دادگای نێودەوڵەتی لەبارەی بەكارهێنانی هێڵی بۆری عێراق- توركیا بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق، لەبەرژەوەندی عێراق بڕیاریداو توركیای ناچاركرد بڕی نزیكەی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بە عێراق بدات.   لەدوای ئەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتە بواری جێبەجێكردن، دەبوو بەگوێرەی یاساكە هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات‌و داهاتەكەی رادەستی حكومەتی عێراق بكات، بەڵام بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە، ئەمە نەكرا، لایەنی عێراقی بەگوێرەی یاسای بودجە دەستی بۆ بژاردەی دووەم برد، كە بەكارهێنانی نەوتی هەرێمە بۆ پێداویستی ناوخۆ، لە ئێستادا هەرێم رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی حكومەتی عێراق دەكات‌و بڕیارە ئەم بڕە رۆژانە بۆ 150 هەزار بەرمیل زیاد بكات.   هەموو ئەم ناكۆكییانە وایكردووە، لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەوە سەرباری چاوەڕوانییەكان بۆ باشبوونی دۆخی موچەی فەرمانبەران، سەرلەنوێ گرفت بۆ دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دروست ببێتەوە.  وەزارەتی دارایی عێراق لەروانگەی خۆیەوە خەمڵاندن بۆ پشكی هەرێم لە یاسای بودجەدا دەكات، وەفدەكانی حكومەتی هەرێمیش بەڕوانگەیەكی ترەوە قسە دەكەن. سكاڵای مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی یاسای بودجەوە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە رەتكرایەوە، ئەمەش ئەوەندەی تر هەولێری بێئومێد كرد.  بەپێی یاسای بودجە، ئەگەر لەبارەی ماف‌و پابەندییە داراییەكانی هەرێم ناكۆكی لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراقی فیدراڵدا دروستبووە، دەبێت لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەت راپۆرتێك ئامادە بكەن‌و بەرزی بكەنەوە بۆ ئەوەی لەماوەی (30) رۆژدا ناكۆكییەكە چارەسەر بكرێت، ئەگەر نەكرا، پەرلەمانی عێراق بڕیاری لێبدات، بەڵام دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵاكەی مەسرور بارزانی ئەوەی رەتكردەوە پەرلەمانی عێراق بڕیار لە چارەنوسی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداد بدات، رایگەیاند" بڕیاردان لەم بابەتە بەپێی دەستور لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدایە".  ماوەی دوو مانگە حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە لە پەیوەندیدار بە پشكی هەرێمەوە ناكۆكن‌و ئەم ناكۆكییە گرفتی بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستكردووە، بەڵام لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتەكە هیچ قسەو راپۆرتێكیان ئامادە نەكردووە‌و هەولێرو بەغداد هێشتا سەرقاڵی دانوستانن.  ناكۆكی نێوان هەرێم‌و بەغداد لەسەر شێوازی رادەستكردنی داهاتی ناوخۆیی‌و ژمارەی موچەخۆرانە، بەغداد دەڵێ دەبێت هەرێم تەواوی داهاتەكەی رادەست بكات‌و (50%) داهاتە فیدراڵییەكان بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە، هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەكات تەنیا (50%)ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵیەكان ببڕدرێت نەك تەواوی داهاتە نانەوتییەكان رادەست بكات. مانگی رابردوو لە بەغداوە (598) ملیار دینار بۆ موچە رەوانەی هەرێم كرا، ئەمە لەكاتێكدا بوو بۆ ئەو مانگە حكومەتی هەرێمی كوردستان (942) ملیار دیناری بۆ خەرجی موچە پێویست بوو، بە (25) ملیار دینارەكەی هاوپەیمانانیشەوە بۆ هێزی پێشمەرگە، مانگی رابردوو حكومەتی هەرێم (319) ملیار دینار كورتهێنانی بۆ خەرجی موچە هەبوو. پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، بۆ ئەم مانگەش حكومەتی عێراق هەمان بڕی واتای (598 ملیار) دینار بۆ هەرێم بنێرێت، ئەمە لەكاتێكدایە وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێ" ماف‌و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجە مانگانە زیاتر لە (1 ترلیۆن 384 ملیار) دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران‌و خانەنشیان‌و پێشمەرگە مانگانە (906 ملیار) لە یاساكە تەرخان كراوە". ئەو بڕە پارەی كە حكومەتی هەرێم بەپێی یاسای بودجە مانگانە داوای دەكات زۆر زیاترە لەو بڕە پارەی كە حكومەتی فیدراڵ مانگانە وەكو پشكی هەرێم دیاریكردووە.  


(درەو):  رێككەوتنە داراییەكەی نێوان پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی بەڕێوەبردنی داهات‌و خەرجییەكان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێی ئەم رێككەوتنە بوو كە تیمی یەكێتیی كۆتایی بە بایكۆت هێناو گەڕایەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت.  وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان، ژمارە (307)ی رۆژنامەی وەقایعی كوردستانی بڵاوكردەوە، رۆژنامەكە ژمارەیەك بڕیاری تێدا تۆمار كراوە كە لەكاتی بڵاوبونەوەیانەوە دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، یەكێك لەوانە بڕیاری ژمارەی (216)ی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی وەزیرانە لەبارەی (بەناوەندیكردنی داهات سیولە- خەرجییەكان موچە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان). ئەم بڕیارە دوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دوای 6 مانگ لە بایكۆت دەركرا، قوباد تاڵەبانی‌و مەسرور بارزانی ئەوكات كۆبونەوە، یەكێتیی وەرەقەیەكی دارایی خستە بەردەم پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە كۆبونەوەی 24ی ئایاری ئەمساڵی حكومەتدا پەسەندی كرد‌و كرا بە بڕیار.  بەپێی ئەم رێككەوتنە كە كراوە بە بڕیار، دوای بڕیاری بە لامەركەزیكردنی كۆكردنەوەی داهات‌و خەرجییەكان لەسەرەتای كابینەی نۆیەمدا، جارێكی تر لەسەر داوای یەكێتیی بابەتی (داهات- نەختیە- خەرجی- موچە) بەناوەندی كرانەوە.  یەكێتیی كە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەدەست نەمانی نەختینە لە بانكەكان لەكاتی دابەشكردنی موچەدا گیری خواردبوو، لەم رێككەوتنەدا پارتی قایل كرد بەوەی ئیتر بابەتی موچە بكرێت بە خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان.  دەقی بڕیاری حكومەت‌و رێككەوتنەكە: 


   (درەو): 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی تەمووزی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (8 ملیارو 1293 ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (106 ملیۆن و  755 ھەزارو 169 ) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 444 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (77,69) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.    🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی حوزەیرانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 115ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (100ملیۆن و  59ھەزارو 52) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 335ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,11) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.   🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئایاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 306ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (102 ملیۆن و 436ھەزارو 387) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 305ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,3) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.   🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی  نیسانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 796ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت ( 98 ملیۆن و 634 ھەزارو 947) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و  288 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (79) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.


درەو: بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا بەغداد پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت كە بڕەكەی زیاتر لە (900) ملیار دینارە. لەدوای رێككەوتنی نێوان وەفدی هەرێم و بەغداد، پێنجشەممەی رابردوو ئومێد سەباح سەرۆكی وەفدی هەرێم رایگەیاند لە زووترین كاتدا بەغداد تەمویلی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و دەستبەدابەشكردنی موچە دەكرێت، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا بەغداد بڕێك پارە بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان. بە پێی لبێكدانەوەكان ئەو بڕەی بەغداد بۆ موچەی دەنێرێت، مانگانە (775) ملیار دینار بۆ موچەخۆران و (112) ملیار دینار بۆ خانەنشینان و (19) ملیار دینارە بۆ پێشمەرگە، كە دەكاتە (906) ملیار دینار. كۆی موچەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێم كە ( ملیۆنێك و 255) هەزار موچەخۆرە بڕی(912) ملیار دیناری پێویستە، كە مانگانە (462) ملیار دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی مەدەنییە بەرێژەی (51%) و  (450) ملیار دیناری بۆ موچەی موچەخۆرانی سەربازیییە بەرێژەی (49%)،، كە ژمارەی هێزە ئەمنییەكان (433) هەزار كەسە بە (پێشمەرگە، ناوخۆ، ئاسایش، خانەنشینی سەربازی). بە پێی یاسای بودجەی عێراق و خاڵی دووەمی رێككەوتنی نێوان وەفدی هەرێم و بەغداد، هەرێمی كوردستان سەرەڕای نەوتەكەی دەبێت تەواوی داهاتە نانەوتییەكانیش رادەستی بەغداد بكات پشتبەست بە( یاسای ئیدارەی مالی)، لەبەرامبەردا بەغداد شایستەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت لەگەڵ گەڕانەوەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان كە بەنزیكەی (65) ملیار دیاری كراوە بۆ هەرێم. 🔸ئەو پارەیەی بڕیارە لە بەغدادەوە بێت: 🔹بۆ موچەی فەرمانبەران ساڵانە ( 9 ترلیۆن و 300 ملیار دینار) مانگانە دەكاتە (775) ملیار دینار. 🔹بۆ موچەی خانەنشینی، ساڵانە ( ترلیۆنێك و 346 ملیار) دینار، مانگانە دەكاتە (112 ) ملیار دینار. 🔹بۆ موچەی پێشمەرگە، ساڵانە (228) ملیار دینار، مانگانە دەكاتە (19 ملیار) دینار. 🔹كۆی گشتی ئەو پارەیەی بڕیارە لە بەغدادەوە بێت ساڵانە (10 ترلیۆن و 874 ملیار) دینارەو مانگانە دەكاتە (906) ملیار دینار. 🔸لەبەرامبەردا پابەندییەكانی هەرێم: 🔹هەرێم رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ دەكات كە داهاتەكەی بە (ترلیۆنێك و 92 ملیار) دینار خەمڵێندراوە. 🔹رادەستكردنی (100%) داهاتی نانەوتی و گەڕانەوەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ هەرێم كە داهاتی دەروازە سنورییەكان بە (130) ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتا (65) ملیار دینار بۆ هەرێم دەگەڕێندرێتەوە 🔸پێویستی هەرێم بۆ موچەی موچەخۆران: ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ( ملیۆنێك و 255 هەزارو 273) كەسە، موچەی مانگەیان (912 ) ملیار دینارە،  ئەو ژمارەیە دابەش بووە بەسەر دوو بەشدا: 🔹فەرمانبەران: 752 هەزارو 959 فەرمانبەری فیعلی كە 60%ی كۆی موچەخۆران پێكدێنن 🔹خانەنشینی و شەهیدان و كۆمەڵایەتی: 502 هەزارو 364 كەسە رێژەی 40%ی موچەخۆران پێكدێنن 🔸فەرمانبەران پێكهاتووە لە : 🔹مەدەنی : 430 هەزارو 231   🔹سەربازی: 217 هەزارو 979 🔹 پۆلیس و ئاساییش:: 104 هەزارو 699 🔹كۆی گشتی: 752 هەزارو 959 كۆی موچەی مانگانەیان  نزیكەی (730 ملیار) دینارە بەرێژەی (80%) 🔸خانەنشینی و شەهیدان و كۆمەڵایەتی: 🔹خانەنشینی ( سەربازی و مەدەنی): 246 هەزارو 269 🔹كۆمەڵایەتی: 159 هەزارو 159 🔹شەهیدان: 96 هەزارو 937 🔹كۆی گشتی: ( 502 هەزارو 364 هەزار) كۆی موچەی مانگانەیان نزیكەی (182 ملیار) دینارە بەرێژەی (20%) 🔸ژمارەی هێزە ئەمنییەكان 🔹پێشمەرگەو ناوخۆ: 217 هەزارو 979 كەس 🔹 پۆلیس و ئاساییش:: 104 هەزارو 699 كەس 🔹 خانەنشینی سەربازی: 110 هەزارو 729 كەس كۆی گشتی هێزی سەربازی: 433 هەزارو 407 كەس 🔸موچەی مانگانەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان: 🔹وەزارەتی ناوخۆ : 178 ملیار و 489 ملیۆن دینار 🔹وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار و 61 ملیۆن دینار 🔹ئەنجومەنی ئاساییش و دەزگا: 62 ملیارو 997 ملیۆن دینار 🔹خانەنشینی سەربازی: 75ملیار و 630 ملیۆن دینار 🔹كۆی گشتی: (450 ملیارو 177 ملیۆن) دینارە، دەكاتە 49%ی كۆی موچەی موچەخۆران كە بۆ مانگێك (912 ملیار) دینارە 🔹 بۆ كۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لای بەغداد بە (682) هەزار فەرمانبەر دیاریكراوە،  مانگانە (775) ملیار دینار دیاریكراوە، لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم (85%) دەكات. 🔹بۆ كۆی موچەی خانەنشینان كە (246) هەزار خانەنشین هەیە (سەربازی و مەدەنی) لە هەرێم، مانگانە (112) ملیار دیناری لە بەغدادەوە تەرخانكراوە كە هەرێم مانگانە پێویستی بە (116) ملیار دینارە، واتا (96%)ی كۆی موچەی خانەنشینانە. 🔹بۆ كۆی موچەی پێشمەرگە كە لە هەرێم (120) هەزارە، مانگانە (19) ملیار دینار دیاریكراوە كە مانگانە پێویستی بە (133) ملیار دینارە، واتا (19) ملیاری بەغداد دەكاتە رێژەی(14%)ی كۆی موچەی پێشمەرگەیە، بە  (31) ملیاری هاوپەیمانانەوە دەكاتە مانگانە (50) ملیار دینار بۆ پێشمەرگە رێژەی (38%)ی كۆی موچەی پێشمەرگەیە. بەو پێیە لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە (912) ملیارە، (112) ملیاری خانەنشینی و (19) ملیار دیناری پێشمەرگەی لێدەربكرێت، كە دەكاتە (131) ملیار دینار، ئەوەی دەمێنێتەوە (781) ملیار دینارە، ئەوەی بەغداد دەینێرێت (775) ملیار دینارە، واتا تەنیا (6) ملیار دیناری كەمترە لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.    


یاسین تەها، خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاكان، هەروەها شارەزا لە كاروباری عێراق تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵە لە حوزەیرانی 2023 ئەگەرچی زیاتر لە شەش مانگ لە ساڵی دارایی دواكەوت، بەڵام ڕووداوێكی بێپێشینە بوو لە مێژووی عێراقدا. بەگوێرەی ئەم یاسایە تا سێ ساڵی تر حكومەتی سودانی دەبێتە خاوەن بودجەو، لە مشتومڕو سازشەكانی تێپەڕاندنی ڕزگاری دەبێت كە سیمای زاڵی بودجەكانی ئەم ساڵانەی دوایییە. بۆ دوو ساڵی ئایندە (2024و 2025) ئەنجومەنی وەزیران تەنیا خشتەی نوێی داهات و خەرجیی پێش كۆتایهاتنی ساڵی دارایی دەنێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی پەسەندكردنی. سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش بودجەكە لایەنی باش و لێكەوتەی خراپیشی هەیە. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات ئاماژە بە گرنگترین لێكەوتە سیاسی و ئابورییەكانی تێپەڕاندنی یاساكە لەسەر هەرێمی كوردستان بكات. هەرێم لە ژمارەكانی بودجەدا پرۆژەی بودجەی گشتیی فیدراڵی عێراق لە 13ی ئازاری 2023 ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرا. لە پرۆژەكەی حكومەتی سودانی، ڕەچاوی بەرنامەی كاری پەسەندكراوی كابینەكەو ڕێككەوتنی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم كرابوو لەبارەی نەوت و پشكی هەرێم و شایستە دارایییەكانی([1])، بەڵام لەماوەی سێ مانگ تاوتوێكردنی پرۆژەكە لە لیژنەی دارایی و فلتەرەكانی پەرلەمان و لە شەوەكانی دەنگدان لەسەر ماددەكان و لە دوا خولەكەكانی پەسەندكردندا لە سپێدەی 12ی حوزەیرانی 2023، گۆڕانكاریی جۆراوجۆر بەسەر بڕگەو ماددەكانی پرۆژەكەی حكومەتدا هات؛ چ ئەوانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان و چ ئەو بڕگەو ماددانەی تری پەیوەست بە حكومەتی فیدراڵ. لە یاساكەدا بودجەكە بۆ ئەمساڵ (2023) لەسەر 196 ترلیۆن دینارو كورتهێنانی 64 ترلیۆن خەمڵێنراوە، لەسەر بنەمای نرخی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بە هەناردەی 3.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا؛ لەنێو ئەو بڕە نەوتەیش 400 هەزار بەرمیلی، دەبێت لە هەرێمی كوردستانەوە بێت، ئیتر چ بە هەناردەكردن یان بەكارهێنانی بۆ پاڵاوتنی ناوخۆ([2]). پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە لەڕووی ڕێژەوە بە 12.67% دیاری كراوە، بەڵام بەشێكیشی به ‌پارە نییه، بەڵكە لە شێوەی بەشەخۆراك و دەرمان و كۆمەڵێك بڕ‌گەی دیكەی خەرجی جۆراوجۆرە كە لەسەر هەرێمی كوردستان ئەژمار كراوەو "خەرجیی سیادی"یە. بە گوێرەی داتاكانی لیژنەی داراییی پەرلەمان، بڕیارە ساڵانە ترلیۆنێك و نزیكەی 250 ملیار دینار بگاتە هەرێمی كوردستان كە بەشێكی شتومەكەو پارەی كاش نییەو، ئەوەی پارەیە دەچێتە سەروو 15 ترلیۆن؛ لەم بڕەیش دەوروبەری 9 ترلیۆنی دەڕوات بۆ موچە. بەگوێرەی یاساكەیش حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبێت ئەولەوییەت بدات بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان؛ هەروەها پشكی پارێزگاكان بەپێی بودجەی پڕ‌ۆژەكان و بەپێی ئەو پێوەرانەی لەناو پرۆژەیاسای بودجەدا دانراون دابەش بكات كە ڕێژەی دانیشتووان و ئاستی هەژارییە‌([3]). بەپێی وردكردنەوەی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش، بڕی شایستە دارایییەكانی هەرێم بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت([4]): ـ 9 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ موچەی 681 هەزارو 979 فەرمانبەر بە مانگانەی 775 ملیار دینار ـ  ترلیۆنێك و 346 ملیار دینار بۆ خانەنشینی هەرێم بە مانگانەی 112 ملیار دینار كە كەمترە لە 2021. ـ 228 ملیارو 304 ملیۆن دینار بۆ پێشمەرگە بە مانگانەی 19 ملیار دینارو، ئەمەیش پاڵپشتییەكی یاسایییە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگەی هەرێم بەشێكە لە سیستەمی بەرگری. شایستە دارایییەكانی هەرێم مەرجدار كراوە بە كۆمەڵێك پابەندی كە بریتین لەمانەی خوارەوە: ـ باركردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چ بۆ هەناردە یان پاڵاوتن. ـ گیڕانەوەی 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان بۆ خەزێنەی فیدراڵی. ـ گیڕانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانیی عێراقی (TBI) بەشێوەی قیست. ـ وردبینیی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی بەغداو هەرێم و ڕاسپاردنی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بۆ وردبینیی داهات و خەرجیی هەرێم. گرێی بڕگەی 8ی ماددەی 13 لە یاسای بودجەدا ئەو ماددەو بڕگانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان، بریتین لە 11و 12و 13. یەكێك لە بڕگەكانی ماددەی 13 بە دەق باس لەوە دەكات؛ ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی بودجەدا یەكسانی و دادپەروەریی پەیڕەو نەكرد، ئەوا سەرۆكوەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەستوەردان دەكات بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە‌یاساكه،‌ تەنانەت ئەگەر به ‌پێدانی پارەیش بێت (تمویل) بەو پارێزگایەی هەرێم كە ناڕ‌ازییە. ئەم بڕگەیە كە زیادكراوی ناو لیژنەی داراییەو هەموو پاڵپشتییەكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران، كێشمەكێش و مشتومڕی زۆری دروستكردووە لەبارەی گونجانی لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی و دژوەستانەوەی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ تا ئەو ئاستەی سەرۆكوەزیران، هەڵوێستی پشتیوانانی تێپەڕاندنی ئەم بڕگەی، پەیوەست كردەوە بە "ناپاكیی نیشتمانفرۆشی"و بە هەوڵی لاوازكردنی هەرێمی كوردستان و پێشێلكردنی مافە دەستورییەكانی لە قەڵەمدا([5])، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە لەم بڕگەیەدا "كوردستانی دیموكرات و كوردایەتیی ڕاستەقینە بەسەر مەیلی جیاكاری و ناوەندێتیی حوكمڕانیدا سەر كەوت"([6]). هەروەها فراكسیۆنەكەیشی پێدادەگرێت لەسەر ئەوەی هیچ مەترسییەك لەم بڕگەیەدا نییە، چونكە "ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایە لە دادپەروەری، ئەم بڕگەیە هیچ مانایەكی نامێنێت بەڵكو كۆتاییی پێ دێت"([7]). لە كاتی تێپەڕاندنی ئەم بڕگەیەیشدا لە پەرلەمان، هەراو بشێوی هۆڵەكەی گرتەوە بەهۆی ناڕەزاییی پەرلەمانتارانی پارتییەوە؛ لە دەمی تێپەڕاندنیشیدا فراكسیۆنی پارتی چوونە دەرەوەی هۆڵەكەو پەرلەمانتارە شیعە ڕكابەرو نەیارەكانیشیان دەستیان كردە چەپڵەڕێزان و خۆشیدەربڕین و دواتریش "سەركەوتنیان بەسەر هەرێمی كوردستان" ڕاگەیاند([8]).  داوە دارایییەكانی بودجە لەسەر ئاستی فەرمی لە كوردستان تێپەڕاندنی بودجە وەك دیفاكتۆ قبووڵ كرا؛ بەهۆی ئەوەیشی پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە پلانگێڕیی گەورەتر لە بودجەدا هەبووە، خێرا پەڕییەوە بۆ قۆناغی پاش پەسەندكردنی بودجەو چاودێریكردنی چۆنێتیی جێبەجێكردنی([9])و، پاشان سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەولێر تانەی دا لە ماددەكانی (2، 11، 12، 13)ی بودجە([10]). لە دەرەوەی ئەم هەڵوێستە فەرمییەو ڕازیبوونی فراكسیۆنە كوردییەكان بە كۆی بودجەكە، هێشتا هەر مەترسی و نیگەرانی و بەدگومانیی زۆر هەن لە "مینەكانی بودجە" كە هەندێك بە "تەڵە" ناوی دەبەن لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە([11]): ـ  لە ماددەی 12یشدا كە تایبەتە بە ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم، خەرجكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەسەر هەمان پشكی تەرخانكراو بۆ هەرێم ئەژمار كراوە. ـ واڵاكردنی دەستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دەستوەردان لە خەرجییە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەگەری گۆڕانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق بۆ فیدراڵیزمی پارێزگاكان لەڕووی دارایییەوە لانی كەم. ـ حیسابنەكردن بۆ گرانیی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە نەوتی بەغداو قورسكردنی باری بەشە بودجەی هەرێم بە خستنەئەستۆی تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوت كە دەگاتە نزیكەی 4 ترلیۆن و 500 هەزار دینار لە كۆی 16 ترلیۆن كە كۆی گشتیی پشكی هەرێم. ـ هەرزانیی نرخی نەوتی بەكارهاتووی هەرێمی كوردستان لە ناوخۆ بەراورد بە هەناردە، پاش ڕاگرتنی بۆریی توركیا. ئەمەیش كۆمپانیاكان تووشی مایەپووچی و زیانی زۆر و ئەگەری دەستبەرداربوون لە نەوتی هەرێم دەكاتەوەو، سەرەنجامیش دەبێتە شكست بۆ كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان. هەندێكی تر لە شارەزایانی كارگێڕی و دارایی لەوە زیاتر ڕەشبینن و پێ دادەگرن لەسەر ئەوەی تەنانەت یەك ماددەو بڕگەیش نییە لە بودجەكە كە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بێت، لەبەر هۆكارێكی سەرەكی ئەویش ئەوەیە كە، لە سەرجەم ماددەو بڕگەكانی پەیوەست بە داهات و كۆكردنەوەی، هەرێمی كوردستان خراوەتە پاڵ پارێزگاكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ و ناچار كراوە بە بەشداریكردن لە پارەداركردنی خەزێنەی گشتی، بەڵام بەپێچەوانەی ئەمەوە لە خەرجییەكان و تەرخانكردنەكان هەرێمی كوردستان هەڵاواردە كراوەو وەك پارێزگاكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی سودمەند نابێت لە خەرجییەكان([12]). بەپێی زانیارییە فەرمییەكانیش ئەگەر نەوتی هەرێم بە نرخی كۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت، زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار دەكات بۆ ساڵی 2023 ([13])؛ جگە لە داهاتەكانی ناوخۆ كە بەپێی بودجە، دەبێت 50% بگەڕێتەوە بۆ بەغدا وەك پێشتر ئاماژەی پێ كرا. لێكەوتە سیاسییەكانی ناوەندگەراییی دارایی گەڕانەوەی داراییی هەرێمی كوردستان بۆ ژێر دەستی حكومەتی فیدراڵی لە بودجەی سێ ساڵە، تەنیا دۆسیەی نەوت ناگرێتەوە، بەڵكو هەموو ئەو داهاتانەی دەست هەرێمی كوردستان دەكەون ملكەچ دەبن بۆ وردبینی و چاودێریی داراییی بەغدا. جگە لەوەیش دەسەڵاتی خەرجكردنیش لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیسانەوە ملكەچە بۆ ئەگەری دەستوەردان، كە ئەمەیش لێكەوتەیەكی سیاسیی هەیە كە مافی دەستوەردانە لە كێشەو سكاڵا كوردییە ناوخۆیییەكان؛ ئەمە لە كاتێكدا كۆی دۆسیە دارایی و ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان ملكەچە بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی كە جگە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم (شوباتی 2022) دوا داوا كە دادبینیی تێدا كردووە، سكاڵای پەرلەمانتارێكی بەسرەی سەر بە "بزووتنەوەی عەسائیب"ە لەبارەی هەژماری بانكیی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان لە Citibankو، سەرنەگرتنی سكاڵاكەیش بەهۆی ئەوە بووە ئەم ڕێكارە لە یاسای بودجەدا هەڵگیراوەو دادگەكەیش دەڵێت "تەنیا دادبینی لە یاساو ڕێنماییی بەركاردا دەكات" ([14]). لە یاسای بودجەداو لە ماددەی 13 كە لە پەرلەمان داڕێژرایەوە، دوو هەژماری بانكی دەكرێنەوە: هەژماری یەكەم تایبەتە بە حیسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم؛ ئەم هەژمارە سەر بە وەزارەتی دارایی دەبێت لە بانكی ناوەندیی عێراق و، كەسی تر مافی نییە هیچ بڕەپارەیەكی لێ گل بداتەوە، تەنانەت بۆ هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان و خەرجیی گواستنەوەكەیشی. هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا سەرجەم هەژمارەكانی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەخرێن، لەناویشیاندا هەژماری Citibank كە تاوەكو 25-03-2023 داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەو بانكە نێودەوڵەتییە گل دەدرایەوە([15]). بەپێی هەندێك هەڵسەنگاندیش كە لە ناوەندی ئەمریكییەكان بڵاوكراونەتەوە، كۆی ئەم پاشەكشەی لە بودجەدا بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا هات، بە دیوێكی تردا پاشەكشەیە لە حوكمڕانی و گەشەپێدان؛ هەروەها لاوازیی توانای هەرێم پیشان دەدات لە بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز. لەمەیش خراپتر، متمانەو پێگەی حكومەتی هەرێم لە ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەخاتە بەر مەترسی، بەتایبەت كە لەكاتی مشتومڕی بودجەدا كە زۆر هەستیارە، لایەنە كوردییەكان نەیانتوانی سیاسەتێكی هاوسەنگ دابڕێژن و لەسەر بنەماو نەگۆڕەكانی پەیوەست بە پێگەو دۆخی هەرێمی كوردستان ڕێكبكەون؛ بگرە بەپێچەوانەوە "خەریكی زیانگەیاندن بوون بە خۆیان". ئەمەیش هەرێمی لە هەموو كات لاوازتر كرد([16]). هەندێكی تر لە شارەزایانی ئەمریكی باس لەوە دەكەن، ڕەنگە بودجەی ئێستای عێراق ببێتە هۆی ئەوەی حكومەتی فیدراڵ زیاتر كۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی كوردستان بكا. لەم نێوەیشدا ئیمیلی هاوسۆرن، گەورە شرۆڤەكاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و باكووری ئەفریقا لە كۆمپانیای RANE دەڵێت: "نەوت بەرامبەر بە پێدانی پارە لە بودجەكەدا زیاتر كۆد كراوە." هەروەها ڤلادیمیر ڤان ویلگنبێرگ، پسپۆڕی كاروباری كورد، باسی لەوە كردووە ڕەنگە ئەو بودجەیە پلانی بووژاندنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ڕاوەستاویش لە هەرێم ئاڵۆزتر بكات"([17]).  دیوە سیاسییە پشتپەردەكانی بودجەكە ئەگەرچی ئامادەكردن و پەسەندكردنی بودجە پرۆسەیەكی ئابوری و دارایییە، بەڵام بەدەر نییە لە هەژموونی سیاسەت و هەڵوێستی هێزە حوكمڕانەكان. لە تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵەدا ئاماژەكانی هەوڵی كەمكردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستوری لەسەر حسابی ناوەند، تا ڕاددەیەكی زۆر ڕوون بوون، بەتایبەت لە ڕێگەی گروپێكی بچوككراوە لە پەرلەمانتارانی هێزە شیعەكانەوە كە لە میدیادا بە "هەڵۆكانی لیژنەی دارایی" ناسران. ئەم پەرلەمانتارانە بەشی زۆریان لینكی بەهێزیان لەگەڵ هێزە ڕاستڕەوەكانی حەشدی شەعبی هەیە([18])؛ هەندێكیشیان بەكردەیی هەر ئەندامی گرووپ و هێزە شیعەكانن وەك: بزوتنەوەی عەسائیب (عودەی عەواد)، كەتیبەكانی حزبوڵڵا (حسێن موئنیس)؛ هەیشیانە پێشتر بەرپرسیارێتیی لە حەشدی شەعبی هەبووە (یوسف كیلابی)، ئەوانی تریش كە لەم گرووپە پەرلەمانییەن یان پاڵپشتییان لێ دەكەن، هەر لە بەرەی حەشدن (مستەفا سەنەد) یان لەو بازنەیەن كە لە ئەدەبیاتی شیعیدا ناو نراوە "أمە الحشد". ئەم گرووپە پەرلەمانتارە شیعەیە كە دوا خولەكی تێپەڕاندنی بودجە خۆیان وەك ڕكابەرو نەیاری هەرێمی كوردستان ناساند، كەڵكی زۆریان لە دابەشبوون و پەرتەوازەییی هێزە كوردییەكان لە هۆڵی پەرلەمان وەرگرت. ئەم گرووپە ئەگەر بە ئاراستەكردنی ڕاستەوخۆی چوارچێوەی شیعە كاریان نەكردبێت، ئەوە بەناڕاستەوخۆ خزمەتی زۆریان بە سیاسەتەكانی چوارچێوەی شیعەی حوكمڕان كردووە لە بەهێزكردنی ناوەندگەرایی و سنورداركردنی تواناو پێگەو دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كە سەرباری هەموو كێشە كەڵەكەبووەكانی ناوخۆی، لە ئێستادا تەنیا قەوارەی خۆبەڕێوەبەرە لە چوارچێوەی سیستەمێكی شلۆق و نەمەییوی فیدراڵی لە عێراق. یارمەتیدەرو هاندەری ئەم گرووپەو چوارچێوەی شیعەیش لە سنورداركردنی توانای جموجۆڵی هەرێم، جگە لە پلانە شیعییەكان دوو فاكتەری تر بوون كە یەكەمیان كێشە ناوخۆیییەكانی هەرێم و دابەشبوونی قووڵی هەردوو جەمسەری حوكمڕانی (پارتی و یەكێتی) بوو لەناو پەرلەمان؛ دووەمیشیان كەڵكوەرگرتنی پەرلەمانتارانی شیعەیە لەو ناڕەزایی و گلەیی و ڕەخنە ناوخۆیییانەی هەرێم كە لەشێوازی حوكمڕانی و سیاسەتی نەوت و كێشەو لێكەوتە خراپەكانی ئابوریی سەربەخۆ هەبوون و، لەم چوارچێوەیەیشدا ئەو پەرلەمانتارە شیعانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ ناڕازییەكانی هەرێم كردووەو پێشوازییان لێ كردوون و لە گوتارو بەیاننامەكانیشیاندا هەوڵیان داوە بیاندوێنن و سەرنجیان ڕابكێشن([19]). ئەگەر بارودۆخە سیاسییە شڵۆقەكەیش نەبێت، لە ڕووی یاسایییەوە لیژنەی داراییی پەرلەمان و هیچ گرووپێكی تری پەرلەمانی بەپێی دوو بڕیاری پێشووی دادگەی فیدراڵی (25/2012) و (35/2021)، دەسەڵاتی ئەوەی نییە هەمواری جەوهەری لە پرۆژەیاسای بودجەی ڕەوانەكراو لە حكومەتەوە بكات. هەر بەهۆی ئەم پڕەنسیپە یاسایییەیشەوە، حەیدەر عەبادی لە كابینەی خۆیدا (2017) كۆمەڵێك تانەی یاساییی دژی هەمواری بودجە لە پەرلەمان بردەوەو جێبەجێكردنی ئەو ماددانەیشی ڕاگرت كە پەرلەمان بۆ پرۆژەكەی حكومەت زیادی كردبوو([20]). تانەی بەغداو تانەی هەرێم وەك چاوەڕوان دەكرا حكومەتی فیدراڵی تانەی لە یاسای بودجە دا، پاش بڵاوبوونەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی، بەڵام سەرباری ئەوەی ماددەكانی پەیوەست بە هەرێم (11، 12، 13) جیاواز لە كارنامەی پەسەندكراو تێپەڕێنران و ناڕەزاییی توندی وەزارەتی دارایی و سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەدوادا هات، بەڵام هیچ لە تانەكانی حكومەتی سودانی، كە سێ هەفتە پاش پەسەندكردنی بودجە پێشكەش كران، بە لای پشكی هەرێمدا نەچوون و بەڵكوو 12 ماددەی پەیوەست بە گرێبەست و دامەزراندن و قەرەبووكردنەوە و لێبڕینی موچەی لەخۆگرتبوو كە خۆیان لە ماددەكانی 2، 16، 20، 28، 62، 63، 65، 70، 71، 72 و 75دا دەبیننەوە([21]). ئەمەیش گومانی ئەوە دروستدەكات كە سەرجەم دەستكارییەكانی پشكی هەرێم، كاری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بێت. تانەكانی سودانییش تەنیا لەو ماددانەیە كە بارگرانیی بودجە زیاتر دەكەن؛ ئەمەیش پێچەوانەو دژ نییە لەگەڵ خواست و سیاسەتی چوارچێوەی شیعە كە لەگەڵ كەمكردنەوەی خەرجیدان و، ئەمەیش بەڕوونی لە لێدوانی سەركردەكانیاندا دیارەو لەم چوارچێوەیەیشدا عەممار حەكیم لە وتاری نوێژی جەژنی قوربان باسی لەوە كرد؛ دامەزراندنی زۆر لە كەرتی گشتی، بۆمبێكی چێنراوە لەناو بودجەو كاتێك دێت بتەقێتەوە([22]). باوەڕێكیش هەیە لە پەرلەمان كە حكومەت تانەكەی بباتەوە چونكە دادگەی فیدراڵی بە فرمانی سالاری (ولائی) جێبەجێكردنی هەڵپەساردوون تا یەكلاییكردنەوەیان؛ ئەگەریش ماددەكان جێبەجێ بكرێن، ئەوە بوودجە كورتهێنانی زۆری دەبێت و بە ڕاگرتنیشیان دەستكارییەكانی لیژنەی دارایی و فراوانكردنی خەرجی كەم دەبنەوە([23]). ئەوەیشی پەیوەندیی بە هەرێمەوە هەیە، هەر ئەوەی كە هیچ تانەیەكی حكومەت گۆڕانكارییەكانی ماددەكانی پەیوەست بە هەرێم ناگرێتەوە، ئاماژەیەكە كە ئەگەرچی چوارچێوەی شیعەو حكومەتی سودانی بەڕواڵەت پشتیوانی "هەڵۆكانی داراییی پەرلەمان" نەبوون، بەڵام لە ناوەڕۆكدا ئەم گرووپە بەرنامەی پشتپەردەی چوارچێوەی شیعەیان جێبەجێ كردووە یان خزمەتی گەورەیان پێشكەش كردوون بەبێ ئەوەی لەڕووی سیاسییەوە لەسەریان بكەوێت. پوختە ـ بودجەی سێ ساڵە هەنگاوێكی بێپێشینە بوو لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەشپرزەییی زۆرەوە چووە ناو ئەم نەخشەڕێ ئابوری و دارایییەی، كە بارودۆخی پاش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەسەربەخۆ ڕێكدەخات و سەردەم و قۆناغێكی جومگەیی و نوێیە. ـ دۆخی خراپی هەرێمی كوردستان لەم بودجەیەدا بەرەنجام و ڕەنگدانەوەی دابەشبوون و كێشە ناوخۆیییەكانی هەردوو جەمسەری حوكمڕانین لە كوردستان. جگە لەوەیش لێكەوتەی كێشە كەڵەكەبووەكانی دۆسیەی نەوت و هەبوونی ناڕەزایین لە ناوخۆی كوردستان؛ بە جۆرێك دەنگێكی بیستراو هەیە لەبەر بێهیوایی بە ناوخۆ، بەغدا وەك چارەسەرو فریادڕەس دەبینێت و بە دوای ئۆقرەییی دارایی و ئابووریدا دەگەڕێت كە نزیكەی 10 ساڵە شلۆق و شێواوە.  ـ ئەم بودجەیە سیاسەتی پشتپەردەو ڕاستەقینەی چوارچێوەی شیعەی بۆ حوكمڕانیی عێراق و مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێم ئاشكرا كرد لە ڕێگەی بێدەنگی لە هەموارەكانی لیژنەی دارایی و مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەنجامی بودجە؛ لە كاتێكدا حكومەتەكەی، تانەی لەو ماددەو بڕگانە دا كە بارگرانی بوون بۆ بودجەی فیدراڵی لەسەر ئاستی ناوەند. ـ ماددەو بڕگەكانی بودجە پێشینەو بنەما دەبن بۆ یاسای نەوت و گازی فیدراڵی كە بڕیارە لە وەرزی نوێی یاسادانان لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەدا بێت كە تێدەپەڕێنرێت. ـ بودجەی سێ ساڵی لێكەوتەی سیاسیی دەبێت لەسەر دۆخ و پێگەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە كاتی جێبەجێكردن. ئەمەیش وریایی و پەیوەندیی بەردەوامی پێویستە لەگەڵ بەغدا بۆ زاڵبوون بەسەر كەندو كۆسپەكانی ئەو "داو"انەی لە بودجەدا هەن لەم ڕێگەیانەی خوارەوە: - چڕكردنەوەی هەوڵ بۆ چارەسەركردنی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەسەر بنەمایەكی گونجاو بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی شكستهێنانی پیشەسازیی نەوت. - هەوڵدانی بەردەوام بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و كەڵكوەرگرتن لە نرخەكانی سۆمۆ. دەستپێكردنەوەی هەناردە بە میكانیزمی نوێ، كوردستان دەخاتەوە سەر نەخشەی وزە لە لایەك و، نرخە نوێیەكانیش چارەسەری ناڕەزایی و كێشە كەڵەكەبووەكانی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ دەكات. - هەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی ڕەوشی داراییی هەرێم لە ململانێ سیاسییە ناوخۆیییەكانی هەرێم و لە ناكۆكییە درێژخایەنە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەوپێیەی دۆسیەی دارایی هۆكارێكە بۆ ڕاگرتنی ئۆقرەییی سیاسی و كۆمەڵایەتی. ([1])https://2u.pw/EoLJHyt ([2])https://moj.gov.iq/view.7273/ ([3])https://2u.pw/8Zqfv3M ([4])https://2u.pw/52PjdJR ([5])https://2u.pw/OyqNn26 ([6])https://2u.pw/RDuliwu ([7])https://2u.pw/uXmkCXj ([8])https://2u.pw/bOeSZYo ([9])https://2u.pw/rJ8psXV ([10])https://2u.pw/uJMlyq4 ([11])https://2u.pw/B8cFPLs ([12])https://2u.pw/mFEty7X ([13])https://2u.pw/GwOlJNu ([14])https://2u.pw/hm4zE0z ([15])https://2u.pw/GwOlJNu ([16])https://2u.pw/iSc7TxY ([17])https://2u.pw/ZyXZJhI ([18])https://2u.pw/bOeSZYo ([19])https://2u.pw/HhCY0PR ؛ https://2u.pw/yBGfmaJ ؛ https://2u.pw/uGm7qge ؛ https://2u.pw/tqIGDVe ([20])https://2u.pw/FuexlyU ([21])https://2u.pw/cnXeFsN ([22])https://2u.pw/MTaHyQu ([23])https://2u.pw/odKUchJ


(درەو): دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای سەرۆك وەزیرانی عێراق، كارپێكردنی ژمارەیەك ماددەو بڕگەی بودجەی راگرت كە پەیوەندیدارن بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان‌و تەرخانكردنی پارە بۆ پارێزگاكان، ئەم راگرتنە تا یەكلابوونەوەی ئەنجامی سكاڵاكان، بەردەوام دەبێت.  مادده‌كان چین ؟ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق فەرمانی سالاری "ولائی" لەبارەی ژمارەیەك لە ماددەكانی یاسای بودجەی عێراق دەركرد. بەگوێرەی ئەم فەرمانە، هەموو ئەو ماددانەی بودجە كە سكاڵای یاساییان لەسەرە، كارپێكردنیان رادەگیرێت تا ئەوكاتەی سكاڵاكان یەكلایی دەكرێنەوە. رۆژی 3ی ئەم مانگە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سكاڵای لەسەر (12) ماددەی یاسای بودجە لە دادگا تۆماركرد، بەوپێیەی پەرلەمان بەپێچەوانەی دەستورەوە دەستكاری ئەو ماددانەی كردووە.  ئەو ماددانەی كە دادگای فیدراڵی فەرمانی سالاری بۆ دەركردوون‌و جێبەجێكردنی راگرتوون بریتین لە: •    ماددەی (28/چوارەم: ا-ب): ئەم مادەیە وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند دەكات بەوەی رێژەی (یەك لە هەزار)ی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت (جگە لە وەزارەتی ناوخۆ) ببڕێت‌و بیخاتە (سندوقی شەهیدان)ەوە‌و بەگوێرەی یاسای دەزگای شەهیدان بۆ ئەو كەسانەی خەرج بكات كە ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە، بەهەمان شێوە رێژەی (یەك لە هەزار)ی موچەی خانەنشینی بۆ ئەم مەبەستە ببڕدرێت. سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر ئەم دوو بڕگەی یاسای بودجە تۆماركردووە‌و دەڵێ" ئەمە پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەتە كە دەیەوێت قورسایی لەسەر شانی فەرمانبەران‌و خانەنشینان كەمبكاتەوە، سەرباری ئەمە یاسای شەهیدانی پۆلیس سەرچاوەی دارایی بۆ سندوقەكە دیاری كردووە، هەروەك رێژەی لێبڕینەكەش لە موچەی فەرمانبەران وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە ناڕوونە‌و نازانرێت لە موچەو دەرماڵە پێكەوە دەبڕدرێت ؟ ئایا مانگانەیە یان ساڵانە". •    ماددەی (57/ یەكەم-ج): ئەم ماددەیە كە دادگای فیدراڵی كارپێكردنی راگرتووە باس لە دروستكردنی سندوقێك دەكات بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەناوی "سندوقی پەرەپێدان‌و پاڵپشتی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ"، ئەم ماددەی بودجە چەند سەرچاوەیەكی دیاریكردووە بۆ پارەداركردنی سندوقەكە، یەكێك لە سەرچاوەكان بریتییە لە لێبڕینی رێژەی (یەك لە هەزار)ی موچەی كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆیە (بە مەدەنی‌و سەربازییەوە) بەجۆرێك ئەم لێبڕینە بڕەكەی لە (هەزار دینار بۆ هەر كارمەندێك) زیاتر نەبێت. •    ماددەی (65/دووەم)، كاركردن بەم بڕگەی یاسای بودجە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە راگیراوە تا ئەوكاتەی سكاڵاكەی سەرۆك وەزیران یەكلادەبێتەوە، ئەم بڕگەیە دەڵێ" ئەنجومەنی زانكۆكان دەتوانن گرێبەستی هاوبەشیی لەگەڵ كەرتی تایبەتدا بكەن لەبواری دروستكردنی نەخۆشخانەی فێركاری‌و تاقیگە‌و كارگەی زانستی‌و وەبەرهێنانی كشتوكاڵی‌و ئاژەڵی. سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا، دژی ئەم بڕگەیە، دەڵێ ئەمە دەستوەردانە لە كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بەدیاریكراویش ئەنجومەنی وەزیران كە بەرپرسە لە پلان‌و جێبەجێكردنی سیاسەتی گشتیی دەوڵەت، راكێشانی كەرتی تایبەت بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی فێركاری‌و كارگەی زانستی دەكرێت كاردانەوەی نەرێنی لەسەر ئەم كەرتە هەبێت، چونكە كەرتی تایبەت مەحكومە بە بنەمای قازانج‌و زەرەرەوە.  •    ماددەی (70/ دووەم)، ئەم ماددەیە كە دادگای فیدراڵی كارپێكردنی راگرتووە باس لە دابینكردنی پارە دەكات لەلایەن وەزارەتی داراییەوە  بۆ پرۆژە تەواوبووەكانی لە پارێزگاكان لەچوارچێوەی پلانی گەشەپێدانی هەرێمەكان لەماوەی (1/1/2023) بۆ (1/6/2023)‌و ئەم پارانەش وەكو تەرخانكراوی زیادە بۆ پارێزگاكان ئەژمار بكرێت.  سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا دەڵێ پەرلەمان بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەت ئەم بڕگەی زیادكردووەو بەپێی دەستور بۆی نییە، چونكە ئەم بڕگەیە لێكەوتی دارایی لەسەر حكومەت بەجێدەهێڵێت، سەرباری ئەمە حكومەت تێبینی لەسەر ئەو میكانیزمە هەیە كە پەرلەمان بۆ پارەداركردن لەم بوارەدا پشتی پێبەستووە، دەڵێ پێوەری حكومەت لەم بوارەدا بریتییە لە خەرجكردنی پارە بۆ ئەو پرۆژانەی كە زۆرترین بەشیان تەواوكراوە.  •    ماددەی (71)، دادگای فیدراڵی كاركردنی بەم ماددەیەش راگرتووە كە باس لە دەبێت حكومەت تاوەكو رۆژی (30/11/2023) كۆتایی بهێنێت بە بەڕێوەبردنی هەموو فەرمانگەكانی دەوڵەت بەشێوەی وەكالەت، ئەگەر لەدوای ئەو رێكەوتەوە ئەم كارە نەكرا، هەموو تەرخانكراوی دارایی‌و دەسەڵاتی ئیداری لەو فەرمانگانە وەربگیرێنەوە كە بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرێن. سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا دژی ئەم ماددەیە، دەڵێ ئەمە دەستوەردانی پەرلەمانە لە كاروباری دەسەڵاتی جێبەجێكردن‌و پێچەوانەی بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانە لە یەكتر‌و ئەم بابەتە بەتەواوتی پەیوەندی بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە هەیە نەك دەسەڵاتی یاسادانان.  •    ماددەی (75)، ئەم ماددەی بودجە كە دادگای فیدراڵی كارپێكردنی راگرتووە دەڵێ" سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 315ی ساڵی 2019 تایبەت بە وەزارەت‌و ئەو لایەنانەی بە وەزارەتەوە نەبەستراون، لەبری رۆژی 31/12/2019 پشت بە 2/10/2019 دەبەسترێت".  سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا دەڵێ گۆڕینی ئەو رێكەوتە خۆلادانە لە پرۆژەی حكومەت بۆ راگرتنی گرێبەست‌و دامەزراندن، ئەگەر پشتی پێ ببەسترێت خەرجی گشتی زیاد دەكات‌و بارگرانی دارایی دروست دەبێت.   كوردو سكاڵاكەی سودانی سكاڵاكەی سودانی لەبارەی یاسای بودجەوە، هیچ یەكێك لەو ماددانە لەخۆناگرێت كە پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە (واتا ماددەكانی 11و 12و 13)، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم دەڵێ پەرلەمان دەستكاری رێككەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغدادی كردووە تایبەت بە موچە‌و نەوت. بەگوێرەی دەستوری عێراق، دوای ناردنی پرۆژە یاسای بودجە لە حكومەتەوە بۆ پەرلەمان، پەرلەمان جگە لە گواستنەوە‌و كەمكردنەوە، دەسەڵاتی ئەوەی نییە هیچ گۆڕانكارییەك لە دەقەكانی حكومەتدا بكات، سودانی لەسەر ئەم بنەما دەستورییە سكاڵای لەسەر یاسای بودجە تۆماركردووە.  دادگای فیدراڵیش بۆ ئەوەی هیچ بارگرانییەك لەسەر فەرمانبەران‌و حكومەت دروست نەبێت، بەر لەوەی یاسای بودجە لەم مانگەوە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنی، بەم بڕیارە وەلائییە كاركردنی بە ژمارەیەك لەو ماددە‌و بڕگانە راگرت كە سەرۆك وەزیران سكاڵای لەسەر تۆماركردوون، تا ئەوكاتەی سكاڵاكە یەكلایی دەبێتەوە.   


راپۆرتی؛ ئەنوەر کەریم  دواجار بودجەی گشتی عێراق تێپەڕێنراو پشكی هەرێمی کوردستان بە (16 تریلیۆن و 609 ملیار) دینار بۆ ئەمساڵ جێگیرکرا. بە نزیکەی تا ساڵی 2025 ئەم پشکە جێگیر دەبێت، ئەگەر نرخی نەوت لە (70) دۆلاردا بمێنێتەوە، وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، پێشبینی مانەوەی ئەو نرخەش بە ئاسانی ئەکرێت، ئەگەر نرخی نەوت چەند دۆلارێک زیاتر یان کەمتر بکات، ئەوا گۆڕانکاری زۆر ڕوونادات بەڕێژەیەک کە کاریگەری گەورەی هەبێت. پشکی شێری بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا ئەڕوات بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم کە بڕەکەی (912 ملیار) دینارە بۆ هەر مانگێک، هاوکات بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش قەبارەکەی گەورە نیە و (6) مانگی یەکەمی ئەمساڵ تێپەڕیوە تا بتوانرێت هەموو ئەو بودجەیە خەرجبکرێت. لەبەر ئەوە نیوەی پارەی تەرخانکراو خەرجدەکرێت، ئەمیش ئەو قەبارەیە نیە تابتوانرێت سوڕی ئابوری بە ڕادەیەکی باش گەشە پێ بدات، وەک ئاشکرایە؛ کۆی بەرهەمی ناوخۆ = خەرجی بەکاربەران + خەرجیەکانی حکومەت + وەبەرهێنان + باڵانسی بازرگانی ئەگەر سەیری ئەم هاوکێشەیەی سەرەوە بکەین، خەرجیەکانی حکومەت زۆر کەمن، هەروەها وەبەرهێنان زۆر کەمبۆتەوە بەتایبەتی لە سێکتەری پیشەسازی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، لەو کاتەی پارەیەکی زۆر لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانیەوە دەڕژایە ناو سێکتەری نەوت و گازەوە، ئابوری کوردستان گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینی، بۆیە کێشە گەورەکە لێرەوە دەستپێدەکات بۆ گەشەی گەورەی ئابوری هەرێم، پرسیارەکە ئەوەیە، چۆن دەتوانێت ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە؟ وەڵامی سادەش ئەوەیە فرە چەشنکردنی ئابوری لە هەموو سێکتەرەکانی تری ئابوریدا هەر لە کەرتی کشتوکاڵی، کەرتی پێشەسازی قورس و سوک، کەرتی پەروەردە کە بتوانێت کەرتێکی داهێنەر بێت لە تەکنلۆژیاو زانستدا، هەر ووڵاتێک ئەگەر بێەوێت پێشبکەوێت دەبێت پەرە بە (FTSM) واتە (ماتماتیک و زانست و تەکنلۆژیاو دارایی) و کەرتی گەشتیاری بدات و دەتوانن ڕۆڵی گرنگ ببینێت لە گەشەکردنی ئابوریدا. دیارە ئەم دۆخە لە ئێستادا تاڕادەیەکی گونجاو لە بارە بۆ هەرێمی کوردستان بە هۆی تێپەڕاندانی بودجەی عێراقەوە، تا ڕادەیەک سەقامگیری دارایی و ئابوری دەدات بەهەرێـم، دیارە بۆ گەشەکردنی ئابوری پێویستمان بە (Monetary policy) هەیە، واتە ڕێژەی سوودی بانکی و خستنەڕووی پارە لە عێراقدا ئێستادا ڕێژەی سوودی بانکی ناوەندی عێراق بڕەکەی (4%) ئەم ڕێژەیە بەراورد بە زۆربەی ووڵاتان تا ڕادەیەک زۆر باشە، هەروەها دۆخی دراوی وڵات (Exchange Foreign) و هەروەها مەرج و دۆخی دارایی (Financial Condition) کە زۆر گرنگە، تا چۆن پارە بکەوێتە دەست هاوڵاتیان بۆ ئەوەی دراوی وڵات بسوڕیتەوە لە دەستی خەڵکدا، بۆ کار و بازرگانی لە هەموو سێکتەرەکانی ئابوریدا، بەمەش هەلی کارو کەرتی تایبەت بە هێز دەبێت و ڕیژەی بێکاری و هەژاری کەمدەبێتەوە، حکومەت دەتوانێت باجی زیاتر کۆبکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی حکومەت و زیاتر کردنی خزمەتگوزاریەکان و خۆشگوزەرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆ خەڵک، مەرج و دۆخی دارایی دادەمەزرێت تەنها لە ڕێگای دامەزراندنی بانکی پێشکەوتوو لە خزمەتگوزاری و پڕ سەرمایە. ڕێگاکانی بەردەمی حکومەتی هەرێم 1.    ڕێگاپێدان بە کردنەوەی لقی بانکەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەرێمدا بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان سودمەندبن لەوەرگەرتنی قەرز لەو بانکانە. 2.    ڕاکێشانی بانکی گەورەی وەبەر‌هێنانی بیانی بەسەرمایەی گەورەوە بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی هەرێم، تابتوانن قەرز بدەن بە هەموو سێکتەرەکانی ئابوری. بانکەکان جۆریان زۆرە وەک بانکی پیشەسازی، بانکی کشتوکاڵی و بانکی خانوو بەرە. لە ئەنجامی نەبونی ئەم بانکانە هەمیشە خستنەڕوی پارە کەمبووتەوە لە هەرێم و عێراقدا.  کەواتە بۆچی خستنەڕووی پارە کەمە لە عێراق و هەرێمی کەردستان 1.    لەبەرنەبوونی حسابی بانکی لەلایەن هاوڵاتیانەوەو نەبوونی بانکی زۆر لە عێراق و هەرێمدا، بۆیە هەمیشە خستنەڕووی پارە کەمە. 2.    بوونی قەیرانی دارایی و کێشە ناوخۆیەکان وایانکردوە، کە خەڵک نەتوانێت پارە پاشەکەوت بکات. 3.    تا ئێستا سیستمی کاش پەیڕەو دەکرێت لە عێراق و هەرێمدا، ئەمەش وایکردوە خەڵک لە بانک دوور بکەوێتەوە، زیاتر پێویستیان بە بانک نەبێت. گەندەڵیەکی زۆر بکرێت لە لایەن بەرپرسە سیاسیەکانەوە تابتوانن پارە ڕەوانەی دەرەوەی ووڵاتی بکەن . بە هۆی سەقامگیری ئابوری هەرێم بۆ چەند ساڵی داهاتوو پێویستە حکومەتی هەرێم ئابوریەکەی زیاتر گەشە پێبکات و ئامادەبێت بۆ دۆخی نەخوازراوی تری ئابوری.  


  شیكاری: درەو کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوەو لێبڕدراوە دەکاتە؛ # (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو" # (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" # (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" # (900 ملیار) دینار "موچەی مانگی (6)ی 2023" دواکەوتووە # کەواتە سەرجەم ئەو موچە شایستانەی لە کابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە (9 ترلیۆن 63 ملیار) دینارە. پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران. سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، تەنها لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترە لە (9 ترلیۆن) دینار. قۆناغی پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا. بەڵام لە کابینەی نۆیەم دا پرسی موچە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە کە ئەویش لە بری پاشەکەوت داهێنانی لێبڕین بوو، لەم کابینەیەدا موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020) خەرج نەکرا (9) موچەش بە لێبڕینی (21%) و موچەیەکیش بە لێبڕینی (18%)ەوە لە ساڵانی (2021 - 2022)ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە. کەواتە ئەگەر کۆی خەرجی موچە بە (900 ملیار) دیناری مانگانە بخەمڵێنین، ئەوا کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوەو بۆیان خەرج نەکراوە بریتیە لە؛ •    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار •    (9) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار •    (1) مانگ بە لێبڕینی (18%)  X (162 ملیار) دینار = (162 ملیار) دینار •    لە ئێستاشدا کە مانگی (6)ی (2023) تێپەڕیوە بەڵام موچەی موچەخۆران دابەشنەکراوە کە زیاتر لە (900 ملیار دینار)ە. کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو"+ (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" + (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" + (900 ملیار) دینار "موچەی مانگی (6)ی 2023" = (9 ترلیۆن 63 ملیار) دینار.  


د. ئامانج رەحیم- سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران یەکەم: سەرەتای دوو زۆنی دارایی: لە ساڵی ٢٠٠٦ کە هەردوو ئیدارەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هەولێر یەکیانگرتەوەو کابینەی پێنجەمی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ پێکهات، بەڵام وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری)و (ناوخۆ)و (پێشمەرگە)و (داد) هەر بە دوو ئیدارەیی مانەوە لە کابینەکە. هەرچەندە لە کابینەی شەشەم و کابینەکانی دواتردا وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری دارایی و ئابووری هەڵوەشایەوەو بوو بە یەک وەزارەتی دارایی و ئابووری و کاک شێخ باییز تاڵەبانی (یادی پڕ خێر بێ) بوو بە وەزیری دارایی هەرێم، بەڵام لەواقیعدا لێکەوت و کاریگەریی دوو دارایی بەردەوام بوو، بەتایبەتیش دابەشکاریی بودجە لەسەر بنەمای رێژەی ٤٣%و ٥٧% کە ئەم رێژەکارییەش لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەی (نەوت بەرامبەر خۆراک)ی پێش ساڵی ٢٠٠٣، بەجۆرێک تەنانەت لە ساڵانی ٢٠٠٦ تاوەکو ٢٠١٤ کە مانگانە بەشە بودجەی هەرێم بە رێکی لە بەغداوە دەهات، لەلایەن هەرێمەوە هەر بەو دوو رێژەیە بەسەر دوو زۆنی ئیدارەی پێشووی سلێمانی و هەولێر دابەشدەکرا، ئەمە سەرەڕای جیاوازی لە رێنمایی و پرۆسەو رێکارە داراییەکانی کۆکردنەوەی داهات و بڕو رێژەکان لە هەردوو زۆنەکە. دووەم: بڕیاری (٢١٩)ی ئەنجومەنی وەزیران: ئەنجومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەم لە کۆبوونەوەی ژمارە (١١٠) لە رۆژی ٢٤/٥/٢٠٢٣ و بەبڕیاری ژمارە (٢١٩) لە هەنگاوێکی گرنگدا بە کۆدەنگی بەڕێزان سەرۆک و جێگرو ئەندامەکانی بڕیاریدا بە سەرلەنوێ رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە لێکەوتەکانی دابەشکاریی دوو دارایی، کە لە ٢٠٠٦ەوە بۆ ١٧ ساڵە کاریگەرییەکانی بەردەوام بوو. بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران کە لە (١٠) دە بڕگەو (١٠) دە لاپەڕە پێکهاتووە، وردەکاریی و میکانیزمی وردی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی لە خۆگرتووەو لە رۆژنامەی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە. بڕیارەکە دابەش بووە بەسەر بڕگەکانی (بنەما سەرەکییەکان، بۆردی باڵای جێبەجێکردن، داهات، گومرگ، دەروازە سنورییەکان، باج، رسومات، خەرجی، سیولە، گەنجینەکان، بانکەکان و پڕکردنەوەی کورتهێنان). سێیەم: یەک سەبەتەی دارایی: لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، کە بۆ لەمەودوا داهات و خەرجییەکان بە ناوەندیی دەکرێن و رێنمایی و رێکارە داراییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان یەکدەخرێن و بە یەک رێنمایی و رێکارو پرۆسەی یەکگرتوو لە سەرتاسەری هەرێم داهاتی گشتی کۆدەکرێتەوە. داهاتەکان لە سەرتاسەری هەرێم بەبێ رەچاوکردنی شوێنی جوگرافی سەرچاوەی داهاتەکە، بەبێ هیچ لێبڕین و گلدانەوەو (استقطاع)ێک دەچێتە ناو یەک سەبەتەی دارایی و یەک حسابی بانکی لە وەزارەتی دارایی و هەموو حسابە بانکییە لاوەکییەکانیش، کە سەرچاوەکانی داهاتیان تێدا دادەنرێن، لە هەر پارێزگاو ئیدارەیەک بن بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی پێکەوە گرێ دەدرێن و راستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە وەزارەتی دارایی و ئابووری. چوارەم: پێشینە (ئەولەویەت) بە موچەو پەیڕەوکردنی ژمارەی دانیشتوان لە بودجەی بەکارخستن و پڕۆژەکان بەگوێرەی بڕیارەکە وەزارەتی دارایی و ئابووری پابەند کراوە لە رۆژی ٢٤/٥/٢٠٢٣ەوە ئەولەویەت لە خەرجییەکان بۆ موچە بێت، واتە لەو داهاتەی کە لە سەرتاسەری هەرێمدا کۆدەکرێتەوە، دەبێت یەکەم شت موچەی موچەخۆرانی هەرێمی لێ بدرێت و موچەخۆرەکە لە هەر پارێزگاو ئیدارەیەک بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لەدوای موچە بۆ خەرجی بەکارخستن و پڕۆژەکان خەرج دەکرێت، ئەویش لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان نەک رێژەکاریی دوو زۆنی. پێنجەم: یەکخستنەوەی ڕێنماییە داراییەکان و پرۆسە و رێکاریی داهاتەکان و هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی نایاسایی باج و گومرگ: لە بڕیارەکەدا ئاماژە دراوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەر لێخۆشبوونێکی نایاسایی لە پێدانی باج و گومرگ و رسومات، هەروەها هەڵسەنگاندنی بەرپرسەکانی گومرگ و دەروازە سنورییەکان و ئۆفیسەکانی باج و رسومات لەسەر بنەمای لێهاتوویی و دڵسۆزی. شەشەم: یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان: بەڵام لە هەموو ئەمانەش گرنگترو کاریگەرتر بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە دوو دارایی لە هەرێم، هەروەک لەناو هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمیش هاتووە بەرجەستەکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانە لە ناو یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، کە بە هۆی تەواوبوونی ئەرکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەستەمە یاسای بودجەی هەرێم هەبێت، کە لە دوای ٢٠١٣ەوە ئەوە بۆ ١٠ ساڵە یاسای بودجە لە هەرێم نییە، بەهۆی ئەو ئاڵەنگارییە سیاسی و داراییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەوە. گرنگی یاسای بودجە لەوەدایە، کە تێیدا هەم داهات و خەرجییەکان بە ناوەندیی دەکرێن و هەم بە شێوازێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە و شایستەبوون لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان داهاتەکان دابەش بکرێن، شێوازی پڕکردنەوەی کورتهێنان دیار دەبێت و تەواوی داهات و خەرجی و قەرزو پابەندییەکانی هەرێم بە ژمارە و داتای پێویست لە خشتەکانی بودجەی هەرێم دەخرێنەڕوو، هەتاوەکو هەم شەفافیەت بەرپابێت لە داهاتەکان و دادپەروەرییش لە دابەشکردنی لە سەرتاسەری هەرێم روون بێت بۆ هەموو لایەک و داهاتەکان بخرێنە یەک سەبەتەو ئەوکات دەسەڵاتەکانی خەرجییش بە پێوەری گونجاو رێکبخرێنەوە، بە ئاڕاستەی یەک دارایی و یەک ئیدارەیی. حەوتەم: لە کۆتاییدا عیبرەت لە جێبەجێکردنە: لە ناو ئەم کەشە ناسەقامگیرە سیاسییەی ئێستای هەرێمی کوردستان، ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم. ئەوەش لەبیر نەکەین کە عیبرەت لە جێبەجێکردنە، وەک ئیمامی عومەری کوڕی خەتاب لە وەسیەتی بۆ ئەبو موسای ئەشعەری فەرمویەتی (فإنه لا ينفع تكلُّمٌ بحقٍّ لا نفاذ له)، بڕیارەکان چەند ڕێکوپێک بن لە داڕشتن و دانانی میکانیزم، لە کۆتاییدا گرنگە خەڵک لەسەر ئەرزی واقیع دەرئەنجامەکانی ببینێت. هەر بەم ئاڕاستەیەش بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە، بۆردێکی تایبەت بە سەرۆکایەتی بەڕێز سەرۆک وەزیران و جێگرایەتی بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران و ئەندامێتی بەڕێزان وەزیرە پەیوەندیدارەکان دروستکراوە، ئەم بۆردە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی پێدراوە بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیارەکەو لابردنی هەر ئاستەنگێک کە دێتەپێش لەمبارەیەوە. بۆردەکە هەر زوو کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداو رێکارو میکانیزمی پێویستیش بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دانراو یەکەم ئەنجامی بڕیارەکەش لە دابەشکردنی موچەی مانگی (٥)ی ساڵی ٢٠٢٣ رەنگی دایەوەو سەرجەم موچەخۆران لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەیەکەوە لە پێش جەژنی پیرۆزی قوربان موچەیان پێدرا.


درەو: بڕیارە وەفدێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بچێتە بەغداد، لەبارەی چۆنیەتی ناردنی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق و پاكتاوی شەش مانگی رابردووی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆ بكەن. •    شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ موچە مانگانە نزیكەی (906) ملیار دینار و ساڵانە (5 ترلیۆن و 436ملیار) دینارە، ئەمە سەرەڕای بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و خەرجیەكانی دیكە. •    پاكتاوی دارایی سەر هەرێمی كوردستانیش بۆ شەش مانگی رابردوو تایبەتە بە ( نەوتی سێ مانگی 2023،  50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان، قەرزی بانكی بازرگانی ، قەرزی 400 ملیار دینارەكە) بگەڕێنێتەوە، كە بۆ ئەو شەش مانگە دەكاتە نزیكەی (5 ترلیۆن و 406 ملیار) دینار. یاسای بودجە دوای ئەوەی لە رۆژنامەی (وەقائیع)دا بڵاوكرایەوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە،  لەبەر ئەوەی یاسای بودجە (اثر رجعی) هەیە بۆیە لە 1/1/2023ەوە ئەژمار دەكرێت، بۆ هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە پاكتاو هەیە، وەفدەكەی وەزارەتی دارایی كە زیاتر تەكنیكی و ژمێریارییەو پێش پشووەكانی جەژنی قوربانیش سەردانی بەغدادیان كردووە، بەمەبەستی ووردەكاری جێبەجێكردنی یاسای بودجەو پشكی هەرێم و پاكتاوی شەش مانگی رابردووە.   كورد لە بودجە دواجار، یاسای بودجەی 2023ی عێراق لە پەرلەمان پەسەند كراو لە رۆژنامەی وەقائیعدا بڵاوكراوەیەوەو، راستەوەخۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە. ماددەكانی (11، 12، 13)ی بودجە تایبەتن بە هەرێمی كوردستانەوە، ئەمە سەرباری چەندین بڕگەی تر كە لەناو بودجەكەدا هەرێم دەگرێتەوە. بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە: •    لە ئەگەری خەرجكردنی رێژەی 100%ی شایستە داراییەكانی هەرێمدا وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، بۆ ساڵی 2023 تێكڕای شایستەی هەرێمی كوردستان لەناو بودجەدا بریتی دەبێت لەبڕی (18 ترلیۆن‌و 310 ملیار) دینار، واتا مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 526 ملیار) دینار. •    لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەم شایستە داراییەدا، هەرێمی كوردستانیش پابەندی دارایی دەكەوێتە سەر شان‌و دەبێت بەپێی یاسای بودجە بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، تێكڕای ئەو پابەندییە داراییەی كە بۆ ساڵێك دەكەوێتە سەر شانی حكومەتی هەرێم بڕەكەی (14 ترلیۆن‌و 520 ملیار) دینارە، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار. واتا بەگوێرەی ئەم هاوكێشەیە، هەرێم مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 526 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت‌و لەبەرامبەردا بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار بۆ بەغداد دەگەڕێنێتەوە، لەم جیاوازییەدا بڕی (310) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە. بەگوێرەی حیساباتێك كە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی، تێكڕای شایستە داراییەكانی هەرێم: یەكەم: قەرەبووی فەرمانبەران بە تێكڕا موچەی فەرمانبەران ، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ ساڵی 2023 بڕەكەی دەكاتە (10 ترلیۆن و 876 ملیار) دینار، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (906) ملیار دینار. موچە لەناو بوجەدا تەرخانكراوی موچە یەكێك لە پایە گرنگەكانی پشكی هەرێمی كوردستانە لەناو بودجەی فیدراڵی عێراقدا، سێ جۆر تەرخانكراوی موچە لە ناو بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە كە ئەمانەن: •    بڕی (9 ترلیۆن‌و 300 ملیار) دیناری خەرجی رەوەن (النفقات الجاریە) بۆ موچەی (681 هەزارو 979) فەرمانبەری هەرێم تەرخانكراوە، ئەم بڕە پارەیە بۆ هەر مانگێك دەكاتە (775) ملیار دینار. •    بڕی (ترلیۆنێك‌و 346 ملیار) دینار بۆ خەرجی موچەی خانەنشینی واتا مانگانە بڕی (112) ملیار دینار. •    بڕی (228 ملیارو 304 ملیۆن) دینار بۆ یەك ساڵی خەرجی موچەی پێشمەرگە واتا مانگانە بڕی (19 ملیار) دینار. بەپێی ئەم هاوكێشەیە، بە تێكڕا هەرێم مانگانە تەنیا بۆ موچە بڕی (906 ملیار) دیناری لە بودجەی گشتی عێراق بەردەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین مانگ، تێكڕای خەرجی مانگانەی موچە لە هەرێمی كوردستان بڕەكەی (912 ملیار) دینارە. بە لێدەركردنی ئەو بڕە پارەی كە مانگانە لە بودجەی عێراق بۆ موچەی هەرێم تەرخان دەكرێت (واتا 906 ملیار دینار) لەگەڵ خەرجی راستەقینەی موچە لە هەرێم (واتا 912 ملیار)، دەردەكەوێت لەدوای جێبەجێكردنی یاسای بودجە، مانگانە حكومەتی هەرێم بڕی (6 ملیار) دینار كورتهێنانی لە دابینكردنی خەرجی موچەدا دەبێت. كورتهێنانی خەرجی موچە چۆن پڕدەكرێتەوە ؟ بەپێی یاسای بودجەی 2023ی عێراق، هەرێمی كوردستان مانگانە دەبێت رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، تێكڕای داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم لە بودجەدا بۆ ماوەی ساڵێك بەبڕی (ترلیۆنێك‌و 560 ملیار) دینار دیاریكراوە، واتا هەر مانگێك (130) ملیار دینار وەكو داهاتی دەروازە سنورییەكان دیاریكراوە، ئەم داهاتە بەشێوەی مەقاصە (50%) دەگەڕێتەوە بۆ عێراق‌و (50%)ی تری بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار) دینارە. سەرباری 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان، لەدوای پەسەندكردنی بودجەوە حكومەتی هەرێم چەند داهاتێكی تریشی هەر لەبەردەستدا دەمێنێت، لەوانە: •    بڕی (30) ملیار دیناری مانگانەی یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە. •    داهاتی تری ناوخۆیی لە باج‌و رسومات (جگە لە فەرمانگە فیدراڵییەكان) كە مانگانە بە زیاتر لە (100 ملیار) دینار دەخەمڵێندرێت، واتا ئەگەر حكومەتی هەرێم مانگانە بە تەواوەتیش پابەندییە داراییەكانی  خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ بكات، هێشتا نزیكەی (200 ملیار) دینار داهات لە ناوخۆدا كۆدەكاتەوە، ئەم بڕە پارەیەش دەتوانێت بێ كێشە (6 ملیار) دینارەكەی كورتهێنانی خەرجی موچە پڕبكاتەوە. پاكتاوی شەش مانگی رابردوو بەپێی یاسای بودجە، یاساكە لە رۆژی 1/1/2023 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە نەك لەو رۆژەی كە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی عێراقی بڵاو دەكرێتەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت یاسای بودجە (اثر رجعی) تێدایە، واتا شایستە‌و پایەندی شەش مانگی رابردووی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت. شایستە‌و پابەندی هەرێم لە یاسای بودجە بۆ (6) مانگی ئەمساڵ چۆن پاكتاو دەكرێت ؟ پاكتاوی (6) مانگی ئەمساڵ لەرێگەی هاوكێشەی (شایستەی موچەی هەرێم – پابەندییەكانی سەر شانی هەرێم) دەردەهێنرێت، با ئەم هاوكێشەیە بكەین بە ژمارە: •    تێكڕای شایستەی موچە هەرێم لە ناو بودجە مانگانە بڕەكەی (906) ملیار دینارە، بڕی ئەم پارەیە بۆ ماوەی (6) مانگ دەكاتە (5 ترلیۆن‌و 436 ملیار) دینار.   •    تێكڕای پابەندییە داراییەكانی (6) مانگی رابردووی سەر شانی هەرێم كە دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بریتییە لەمانە: -    بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجەوە، لە (6) مانگی رابردوودا هەرێم بڕی (ترلیۆنێك و 600 ملیار) دینار وەكو قەرز لە بەغدادەوە وەرگرتووە‌و بەڵێنیداوە دوای پەسەندكردنی بودجە  بیگەڕێنێتەوە -    قەرزی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) كە مانگانە بڕەگەی (53 ملیارو 700 ملیۆن) دینارەو بۆ شەش مانگ تێكڕای ئەم پارەیە دەكاتە (322 ملیارو 200 ملیۆن) دینار. -    داهاتی بەدەستهاتووی نەوتی هەرێم لە 1/1/2023 بۆ 25/3/2023 كە بڕەكەی مانگانە (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینارە بۆ ئەو سێ مانگە (جگە لە پێنج رۆژی مانگی ئازار) بە تێكڕا دەكاتە (3 ترلیۆن‌و 94 ملیار) دینار. -    كۆی گشتی داهاتی خاڵە سنورییەكان كە مانگانە (130) ملیار دینار دیاریكراوە، رێژەی (50%)ی ئەم داهاتە بۆ بەغداد دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار) دینارە، كۆی شەش مانگی رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەكاتە (390 ملیار) دینار. بە كۆكردنەوەی ئەم ژمارانەی سەرەوە،  تێكڕای ئەو پابەندییە داراییانە دەردەكەوێت كە لەناوەی 6 مانگی رابردوودا دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم‌و دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بڕەكەی (5 ترلیۆن‌و 406 ملیار) دینارە. پاكتاوی 6ی مانگی رابردوو لەنێوان هەولێرو بەغداد بەپێی یاسای بودجە، لەم هاوكێشەیەدا دەردەهێنرێت: شایستەی موچەی هەرێم - پابەندییەكانی هەرێم= پوختەی پاكتاوكراو 5 ترلیۆن و 436 ملیار- 5 ترلیۆن‌و 406 ملیار دینار = 30 ملیار دینار واتا لەم پاكتاوەدا دەبێت حكومەتی فیدراڵ بڕی (30 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە. پارەی نەوتی هەرێم لە كوێ دادەنرێت ؟ بەرەبەیانی 25ی ئازاری رابردوو، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگرت، ئەمەش وەكو وڵامدانەوە‌و كاردانەوەیەك بۆ بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سكاڵای عێراق. لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، حكومەتی هەرێم هیچ چارەیەكی تری لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی هەناردەی نەوت رادەستی كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان هەولێرو بەغداد. بڕگەی یەكەم لە ماددەی (13)ی بودجەی پەسەندكراوی عێراق دەڵێ: •    تێكڕای داهاتی نەوتی هەناردەكراو و فرۆشراو لە ناوخۆدا، لەو كێڵگانەی كە دەكەونە هەرێمی كوردستانەوە، لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت كە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لای بانكی ناوەندیی عێراق دەیكاتەوە‌و هەموو ئەو داهاتانەی تێدا دادەنێت كە لە هەناردەو فرۆشی نەوتی خاو‌و بەرهەمەكانییەوە بەدەستدەهێنرێن، بەبێ هیچ لێبڕینێك. هەموو حساب بانكییە هاوشێوەكان دادەخرێن. بەگوێرەی ئەم بڕگەی بودجە، سەرلەبەری رێككەوتنی پێشووی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ هەڵوەشێندراوەتەوە‌و لەمەودوا تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم كە بە دۆلار دەگەڕێتەوە، دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق‌و وەزارەتی دارایی بە دیناری عێراقی شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت. هەرچی هەژماری بانكیی دووەمە كە لە مادەی 13دا هاتووە، ئەمەیان تایبەتە بە دانانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجە كە ئەم هەژمارەیان بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكێكی باوەڕپێكراوی نێوخۆیی سەر بە بانكی ناوەندیی عێراق دەكرێتەوەو دەسەڵاتی خەرجكردن لەم هەژمارە بانكییە بۆ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان یان ئەوەی كە ئەو تەخویلی دەكات كە لەم حسابەوە پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەمویل بكات، بەڵام ئیداعی پارە لەم هەژمارە وابەستەیە بە حسابی یەكەم كە حسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتەكەیە كە ئەگەر هەژماری بانكیی یەكەم كە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراقە، پارەی تێنەچێت و ئیلتیزامی 400 هەزار بەرمیلەكە جێبەجێ نەكرێت، ئەوا هیچ پارەیەك نایەتە هەژماری دووەم.  


   (درەو): 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی حوزەیرانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 115ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (100ملیۆن و  59ھەزارو 52) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 335ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,11) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.   🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئایاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 306ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (102 ملیۆن و 436ھەزارو 387) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 305ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,3) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.   🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی  نیسانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 796ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت ( 98 ملیۆن و 634 ھەزارو 947) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و  288 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (79) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand