عێراق ساڵانه‌ 4 ملیۆن ته‌ن خۆراك فڕێده‌دات

Draw Media

2024-01-27 15:50:18



 (دره‌و):
له‌ عێراق هه‌ر كه‌سێك ساڵانه‌ بڕی 120 كیلۆ خۆراك وه‌كو پاشماوه‌ فڕێده‌دات، كه‌چی به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ ساڵانه‌ زیاتر له‌ (760) كه‌س به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه‌ گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ به‌گوێره‌ی دوو راپۆرت كه‌ گۆڤارێكی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌مریكی له‌ بواری داتاكاندا. 
گۆڤاری CEOWORLDی ئه‌مریكی كه‌ له‌بواری داتا كارده‌كات، دوو راپۆرتی نوێی بڵاوكرده‌وه‌، راپۆرتی یه‌كه‌م له‌باره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌یه‌ كه‌ (زۆرترین و كه‌مترین رێژه‌ی مردنیان به‌هۆی به‌دخۆراكی)یه‌وه‌ هه‌یه‌، راپۆرتی دووه‌میش له‌سه‌ر (ئه‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین خۆراك فڕێ ده‌ده‌ن). 
به‌پێی راپۆرتی تایبه‌ت به‌ داتای فڕێدانی خۆراك له‌ وڵاتان، له‌كۆی نزیكه‌ی 200 وڵاتی جیهان، عێراق له‌ ریزبه‌ندی شه‌شه‌مدایه‌و پێش هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه‌ كه‌وتووه‌‌. 
به‌پێی راپۆرته‌كه‌، خۆراكی فڕێدراو له‌ عێراق رێژه‌ی نزیكه‌ی 40%ی ئه‌و پاشماوانه‌ پێكده‌هێنێت كه‌ هاوڵاتیانی عێراقی فڕێی ده‌ده‌ن، واتا له‌ كۆی (11 ملیۆن) پاشماوه‌  كه‌ ساڵانه‌ له‌ عێراق تۆمارده‌كرێت، زیاتر له‌ (4 ملیۆن) ته‌نی پاشماوه‌ی خۆراكه‌.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌، هه‌ر هاوڵاتییه‌كی عێراقی ساڵانه‌ نزیكه‌ی (120 كیلۆ) خۆراك فڕێ ده‌دات، ئه‌م بڕه‌ بۆ هه‌ر رۆژێك ده‌كاته‌ زیاتر له‌ 300 گرام خۆراكی فڕێدراو بۆ هه‌ر تاكه‌ كه‌سێك (واتا هه‌ر تاكێكی عێراقی رۆژانه‌ زیاتر له‌ چاره‌كه‌ كیلۆیه‌ك خۆراك بڕێده‌دات).
ئه‌م به‌هه‌ده‌ردانه‌ زۆره‌ی خۆراك له‌ كاتێكدایه‌، به‌پێی داتایه‌كی تر كه‌ هه‌مان گۆڤاری ئه‌مریكی له‌باره‌ی رێژه‌ی مردن به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئاماده‌یكردووه‌، ده‌ریده‌خات عێراق له‌رێژه‌ی مردن به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه‌ له‌كۆی 193 وڵات له‌ ریزبه‌ندی 110دایه‌. 
به‌گوێره‌ی داتاكه‌، له‌ عێراق له‌كۆی هه‌ر 100 هه‌زار كه‌سێك (1،77) كه‌س به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه‌ ده‌مرن، ئه‌مه‌ به‌واتای ئه‌وه‌ دێت له‌ عێراق ساڵانه‌ زیاتر له‌ (760) كه‌س به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه‌ ده‌مرن. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand