(درەو): پرۆفیسۆرو زانایەكی ناوداری ئەمریكی كە پێشتر پێشبینی كردبوو كۆرۆنا بەجیهاندا بڵاوبێتەوە، دەڵێت: بەمزوانە كۆرۆنا كۆتایدێت. ڕۆژنامەی "لۆس ئەنجلس تایمس" بڵاویكردەوە: (مایكل لیفیت) زانای بواری كیمیا لەزانكۆی ستانفۆرد كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە، ڕایگەیاندووە: "هەموو شتێك باش دەبێت"، پێشبینیشی كردووە پەتای كۆڤید_19 كە هۆكارەكەی ڤایرۆسی SARS_CoV_2 بەمزوانە كۆتایبێت. (مایكل لیفیت) لەمانگی شوباتی ڕابردوودا پێشبینیكرد ڤایرۆسەكە لەچین پەرەبسێنێت، تەواوی قسەكانیشی وەك خۆی هاتەدی. بەجۆرێك خاڵی وەرچەرخانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەو سەرەتاو كۆتایهاتنو كەمبونەوەی ژمارەی مردوانی لەچین دەستنیشانكرد. هەروەك پێشبینی كرد ژمارەی ئەوكەسانەی بەهۆی پەتاكەوە لەچین دەمرن بگاتە (3250)كەس، ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكەش دەبن بگاتە (80 هەزار) كەس. ڕاستییەكان، پێشبینییەكانی ئەو زانایە تەئكید دەكەنەوە، لەچین (81)هەزار تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، (3200)كەسیش گیانیان لەدەستدا. بەپێی پێشبینییە نوێكانی ئەو زانایە، لەوادەیەكی زۆر نزیكدا ئەو پەتایە لەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو ناوچەكانی تری جیهان كۆتایدێت، ڕاشیگەیاندووە:خاڵی هەرە گرنگ لەئێستادا كۆنتڕۆڵكردنی ترسو پشێوییە. ژمارەیەك شارەزای تریش پشتیوانی ئەو پێشبینیانە دەكەن لە نێویاندا (سێرگی كیسیلیۆف)، بەڕێوەبەری سەنتەری تەكنیكی شانەكان لە پەیمانگای بافلۆف بۆ بۆماوەیی گشتیو،ڕایگەیاندووە: ڤایرۆسەكە لاواز دەبێت، نیشانەكانی بەو بەهێزییە دەرناكەونو سوك دەبن. لای خۆیەوە، دكتۆر (ئەلكسەندەر میاسنیكۆف) دەڵێت: هەموو نەخۆشییەكی ڤایرۆسی سنوری هەیە، بە تەواوبوونی، ڤایرۆسەكە كە هۆكاری نەخۆشییەكە دەمرێت.
نووسینی: یۆڤاڵ نوح هەراری وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هیوا فایەق ئەم زریانە تێدەپەڕێت، بەڵام ئەو بژاردانەی کە لەبەردەمماندایە ژیانمان بۆ ساڵانی داهاتوو دەگۆڕێت ئێستا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی قەیرانێکی جیهانی بۆتەوە، پێدەچێت ئەمەش بۆ نەوەی ئێمە گەورەترین قەیران بێت. بڕیارەکانی خەڵک و حکومەت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕەنگە فۆرمی چەند ساڵی داهاتووی جیهانمان بۆ دروست بکات. ئەوەش بەتەنها فۆرمی سیستەمی کەرتی تەندروستی ناگرێتەوە، بەڵکو فۆرمی ئابووری و سیاسەت و کەلتوریشمان بۆ دیاری دەکات. دەبێت زۆر بە پەلەو یەکلاکەرانەوە کاربکەین. واش پێویست دەکات کە حسابی دەرنجامی مەودای دووری ئەم ئاکشنەمان بکەین. کاتێک لەنێوان ئاڵتەرناتیڤەکاندا دەمانەوێت یەکێکیان هەڵبژێرین، باشتر وایە بەتەنها پرسیاری ئەوە لەخۆمان نەکەین کە ئایا چۆن بەسەر ئەم هەرەشەیەی ئێستادا سەردەکەوین، بەڵکو لەهەمانکاتدا پرسیاری ئەوەش لە خۆمانبکەین کە ئایا ئێمە لە داهاتوودا لە چ دنیایەکدا دەژین ئەو کاتەی ئەم زریانەمان تێپەڕاند. بەڵێ، ئەم زریانە تێدەپەڕێت، مرۆڤایەتی ڕزگاری دەبێت و زۆرێکیشمان لە ژیاندا دەمێنێتەوە، بەڵام ئێمە ئەو کاتە لە دنیایەکی جیاوازدا دەژین. زۆرێک لەو ڕێوشوێنە فریاگوزارییە مەودا کورت و کاتیانە دەبنە هەمیشەیی لە ژیانماندا. ئەمە سروشتی حاڵەتە فریاگوزارییەکانە. ئا ئەمەشە کە ڕەوڕەوەی مێژوو خێراتر دەکات. ئەو بڕیارانەی کە گفتوگۆکردن لەسەری لە کاتە ئاساییەکاندا ساڵانێکی دەخایاند، ئێستا بە چەند کاژێرێک تێپەردەبێت. هەموو تەکنەلۆژیا نا کامڵەکان و تەنانەت مەترسیدارکانیش خراونەتە ئیشەوە، لەبەر ئەوەی مەترسییەکانی ئەوەی کە هیچ شتێک نەکرێت گەلێک گەورەیە. هەموو دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی فراوان بوونەتە بەرازی تاقیکردنەوەی ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان. باشە چی روودەدات ئەگەر هەموو کەسێک لە ماڵەوە ئیشەکانی خۆی بکات و تەنها لە دوورەوە لە پەیوەندی کردندابن لەگەڵ یەکتریدا؟ ئەی چی روودەدات ئەگەر سەرجەم خوێندنی قوتابخانەکان و زانکۆکان بە ئۆنلاین ئەنجام بدرێت؟ لەکاتی ئاسایدا، نە حکومەت، نە کۆمپانیاکان و بۆردە فێرکارییەکان رەزامەندی لەسەر ئەم جۆرە ئەزموونە دەرنابڕن. بەڵام ئەم کاتانەی ئێستا هیچ ئاسایی نین. ئێمە ئا لەم ساتەوەختە قەیراناوییەدا، لەبەردەم دوو هەڵبژاردەداین. هەڵبژاردەی یەکەم لەنێوان چاودێریکردنێکی تۆتالیتاریی و دەسەڵاتی هاوولاتی دایە. هەڵبژاردەی دووهەمیش لە نێوان خۆگۆشەگیرکردنێکی نەتەوەیانەو هاوکاریکردنی نێو دەوڵەتییدایە. چاودێریکردن لەژێر پێستەوە بۆئەوەی چیتر ئەم پەتایە بوەستێنین، پێویستە هەموو هاووڵاتیان بچنە ژێرباری ئەو ڕێساو یاسایانەی کە دانراوە. دوو ڕێگای سەرەکیمان لەبەردەمدایە تاوەکو ئەمە بە ئەنجام بگەێنین. ڕێگایەکیان ئەوەیە حکومەت چاودێری خەڵک بکات و سزای ئەو کەسانە بدات کە پێچەوانەی یاسا و ڕێساکان دەجوڵێنەوە. ئەمرۆ بۆ یەکەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەهۆی تەکنەلۆجیاوە دەتوانرێت لە هەموو ساتەوەختێکدا هەموو کەسێک چاودێری بکرێت. پەنجا ساڵێک لەمەوبەر، KGB توانای ئەوەی نەبووە رۆژی ۲٤ سەعات چاودێری ۲٤٠ ملیۆن سۆڤێتی بکات. تەنانەت بەخەویش ئەوەیان نەدەبینی دوایی چۆن ئەو هەموو زانیارییە کۆکراوەیە بە شێوەیەکی کارا شیبکەنەوە. KGB پشتی بە سیخورەکانی خۆی بەستبوو بۆ شیکارکردنی ئەو زانیاریانە، هەروەها توانای ئەوەشی نەبووە بۆ هەر هاوولاتییەک سیخوڕێک دابنێ تا چاودێری بکات. بەڵام ئەمرۆ حکومەتەکان دەتوانن پشت ببەستن بەو سانسۆرکردنە باو و توانا خواریزمیانەی کە لە ئێستادا هەیە لەبری بەکارهێنانی گۆشت و خوێنی تارماییئاسا. حکومەتەکان بۆ شەڕکردن لە دژی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆرێک لە ئامرازی چاودێریکردنی مۆدێرنیان خستۆتەگەڕ. دیارترینیشان کەیسی ووڵاتی چینە. ئەویش لە ڕێگەی ئەو چاودێریکردنە ووردەی کە لەسەر مۆبایلە زیرەکەکانی خەڵک دەکرێت، یان بەهۆی ئەو سەدەها ملیۆن کامێرایەی کە رووخساری مرۆڤەکان دەناسێتەوە، هەروەها سەپاندنی پشکنینی گشتی بەسەر خەڵکداو ناچارکردنیان تا پلەی گەرمی خۆیان وەربگرن، پاشان بە ڕاپۆرتێک دۆخی تەندروستی خۆیان بنێرن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان. حکومەتی چین بەتەنها و بەخێرایی دەستنیشانی ئەو کەسانە ناکات کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەڵکو تەنانەت چاودێری جوڵەکانیان دەکات تا بزانێت لەگەڵ کێ بەرکەوتنیان هەبووە. زۆرێک لە ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایل هاووڵاتیانی لەو کەسانەی بوونەتە هەڵگری ڤایرۆسەکە و نەخۆش کەوتون، ئاگادار کردۆتەوە. ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایانە بەتەنها لەسنووری رۆژهەڵاتی ئاسیادا نییە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆ، ئەوەندە نابێت کە ڕێگەی بە دەزگای ئاسایشی ئیسرائیلیدا تابتوانن چاودێری ئەو کەسانە بکەن کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەخۆش کەوتون کە خۆی لە بنەڕەتدا یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی تێرۆر بوو، لەکاتێکدا ئەو لیژنە پەرلەمانییەی کە لێپرسراو بوو لەم کەیسە ئەم شێوازی چاودێریکردنەی رەت کردبۆوە، بەڵام نەتەنیاهۆ لەژێر ناوی" حالەتی لەناکاو" دا خستە بواری جێبەجێکردنەوە رەنگە ئێستا تۆ بڵێیت ئینجا خۆ ئەمە هیچ شتێکی تازەی تیا نییە. لەم چەند ساڵەی پێشوودا حکومەتەکان و کۆمپانیاکان پێشکەووتوترین تەکنۆلۆژیایان بۆ شوێن کەوتن و چاودێریکردن و یاریپێکردنی خەڵک خستە گەڕ. ئەگەر ئێمە ئاگاداری ئەم حاڵەتە نەبین، ئەوا ئەم پەتایە دەبێتە خاڵی وەرچەرخاندنێکی گرنگ لە مێژووی چاودێریکردندا. ئەمەش نەک تەنها لەبەرئەوەی هەوڵبدرێت کە بڵاوەپێکردنی ئامرازەکانی چاودێریکردن بە شێوەیەکی بەرفراوان ئاسایی بکرێتەوە لەو ووڵاتانەی کە تا ئەم ساتەوەختە رەتی دەکەنەوە، بەڵکو زۆر لەوە زیاترە، چونکە دەبێتە هۆی گۆرانکارییەکی دراماتیکی لە چاودێری کردنی سەر پێستەوە بۆ چاودێریکردنی ژێر پێست. هەتاوەکو ئەم ساتەوەختە، کاتێک کە پەنجەت دەخەیتە سەر شاشەی مۆبایلە زیرەکەکەت و کلیک لەسەر لینکێک دەکەیت، حکومەت دەیەوێت بە تەواوی بزانێت پەنجەت لەسەر چ شتێک کلیک کردوە، بەڵام لە گەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرنجدان لەسەر شتەکان گۆرانکاری بەسەردا دێت. ئێستا حکومەت دەیەوێت بزانێت پلەی گەرمی پەنجەت وفشاری خوێنت لەژێر پێستەوە چەندە. حەڵوای ئێمێرجنسی یەکێک لەو کێشانەی لە کاتی ئیشکردنماندا ڕووبەڕوی دەبینەوە ئەوەیە کە کەس لە ئێمە بە تەواوەتی نازانێت چۆن چاودێری دەکرێین، هەروەها ساڵانی داهاتوو چی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. تەکنۆلۆژیای چاودێریکردن بە خێراییەکی ترسناک لە گەشەسەندندایە، ئەوەی کە ۱٠ ساڵ لەمەوبەر خەیاڵی زانستی بوو، ئەمڕۆ دەبێتە هەواڵێکی کۆن. وەک ئەزموونێکی فکری، بیر لەوە بکەرەوە کە حکومەتێکی گریمانکراو هەبێت، داوای ئەوە لە هەموو هاووڵاتیەکانی خۆی بکات هەریەکەو بازنێک بکاتە دەستی تاوەکو چاودێری پلەی گەرمی لەشیان بکات و بشزانێت رۆژانە لە ۲٤ کاژێردا چەند جار ترپەی دڵیان لێدەدات. ئەنجامی ئەم زانیاریانەش کۆدەکرێتەوە و پاشان هەڵدەگیرێت، ئینجا بەهۆی حکومەتێکی خواریزمییەوە شیکاری بۆدەکرێت. ئەم خواریزمییەتەش دەتوانێت تەنانەت پێش تۆ درک بەوەبکات تۆ نەخۆشی، هەروەها دەشزانێت لە کوێ بوویت و لەگەڵ کێشدا بوویت. ئابەم شێوەیە دەتوانرێت ڕێگای تووش بوون بەشێوەیەکی بەرچاو کورت بکرێتەوە، تەنانەت بەتەواوی لەیەکیان داببڕێت. ئائەم جۆرە سیستمانە توانای ئەوەی هەیە لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا کاریگەری ئەو پەتایە بوەستێنێت. ئەمەش شتێکی خۆشە، وانییە؟ بێگومان لایەنی خراپەکەی ئەمە ئەوەیە کە شەرعیەت بەم سیستمە تازە و ترسناکەی چاودێریکردن دەدات. ئەگەر بزانێت، هەر بۆ نموونە، کە من زیاتر کلیکم لەسەر لینکی فۆکس نیوز کردوە وەک لە لینکی سی ئێن ئێن، ئەوا دەتوانێت ئاراستە و تێروانینی سیاسی منت پێبڵێ، تەنانەت رەنگە پێت بڵێ کە کارەکتەری من چۆنە. بەڵام ئەگەر تۆ بتوانیت چاودێری ئەوەم بکەیت کە پلەی گەرمی لەشم چەندە، چی بەسەر فشاری خوێن و ترپەی دڵی من دێت لەکاتی سەیرکردنی پارچەیەک ڤیدیۆ ، ئەو کاتەش دەزانیت چی من دەخاتە پێکەنین و چ شتێکیتریش دەمخاتە گریان، چیش بەتەواوی واملێدەکات کە توڕەبم. گرنگە ئەوەشت لە بیر بێت کە توڕەبوون، خۆشی ، بێزاربوون و خۆشەویستی هەروەکو کۆکەو تا، دەرکەوتەی بایۆلۆژین. هەمان ئەو تەکنەلۆژیایەی کە دەتوانێت دەستنیشانی کۆکەیەک بکات، لە هەمان کاتدا دەتوانێت دەستنیشانی پێکەنینەکانیشت بکات. ئەگەر کۆمپانیا و حکومەتەکان دەست بکەن بە کۆکردنەوەی سەرجەم زانیارییە بایۆمیترییەکانمان، ئەوا ئەوان لە خۆمان باشتر ئێمە دەناسن. ئەوان بەتەنها پێشبینی بە چۆنییەتی هەستکردنی ئێمە ناکەن، بەڵکو یاریشی پێدەکەن و دەتوانن ئەوەشمان پێبفرۆشن کە خۆیان دەیانەوێت، ئیتر ئەگەر بەرهەمێک بێت یان کەسێکی سیاسی بێت. چاودێریکردنی بایۆمێتری وادەکات ئەو زانیارییانەی کە کاتی خۆی کامبرج ئەنالیتیک هاکی کردن، وەک ئەوەیە شتێک بێت لە چاخی بەردینەوە هاتبێت. تۆ کۆریای باکور لە ساڵی۲٠۳٠ بهێنەرەپێش چاوی خۆت کاتێک هەموو هاوڵاتیەک ئەوەی بەسەردا دەسەپێنن کە ۲٤ کاژێر بازنێکی بایۆمیتری لە مەچەکدا بێت. ئەگەر گوێ لە ووتاری سەرۆکی مەزن بگریت و پاشان بازنەکە لەکاتی ووتارەکەدا ئاماژەی تورەبوونەکانی تۆی تۆمار کردبێت، ئەوا رۆژت تەواوبووە. بێگومان دەتوانیت ئەم کەیسی چاودێریکردنی بایۆمیترییە وەک رێوشوێنکی کاتی لە حاڵەتە کتوپڕو لەناکاوەکاندا وەربگریت و لەکاتی کۆتایی هاتنی حاڵەتەکدا کۆتایی پێ بهێنرێت. بەڵام رێوشوێنی کاتی دەبێتە خویەکی قێزەوەن ئەگەر دوای حالەتە لەناکاوەکان درێژە بکێشێت، بەتایبەت لەوکاتانەدا کە هەمیشە لە ئاسۆوە خەریکە حاڵەتێکی نوێی کتوپڕ و لەناکاو خۆی دەردەخات. ئیسرائیل کە ووڵاتی منە، بۆ نموونە، لە ساڵی ۱۹٤۸ وە دوای شەڕی سەربەخۆیی حاڵەتی لە ناکاوی راگەیاندوە بە بیانوی کۆمەڵێک رێوشوێنی کاتی هەر لە سانسۆرکردنی رۆژنامەگەری و داگیرکردنی زەوییەوە، بگرە تاوەکو دروستکردنی حەڵواش ( گاڵتەت لەگەڵ ناکەم). دەمێکە شەڕی سەربەخۆیی براوەتەوە، بەڵام ئیسرائیل بەهیچ جۆرێک کۆتایی بە دۆخی لەناکاو ناهێنێت. شکستیشی لە زۆرێک لە رێوشوێنە کاتییە لەناکاوەکانی ساڵی ۱۹٤۸ هێناوە ( لە ساڵی ۲٠۱۱ بوو کە مەرسومێک بۆ رەتکردنەوەی حاڵەتی لەناکاوی حەڵوا راگەێندرا). تەنانەت کاتێک کە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەبەزێت بۆ سفر، هەندێک لەو حکومەتانەی تینووی زانیاری خەڵکن، هەر بە بیانوی هێرشی شەپۆلی دووهەمی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێویستیان بە هێشتنەوەی سیستەمی چاودێرکردنی بایۆمیتری دەبێت، یان بە بیانووی گەشەسەندنی شانەیەکی تازەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ناوەراستی ئەفریقاوە، یاوەخود بە هۆی....تێگەشتیت. لەم چەند ساڵەی رابردوودا شەڕێکی گەورەو سەخت لەسەر تایبەتمەندێکانمان هەڵگیرسا. رەنگە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتە خاڵی وەرچەرخانی ئەم جەنگە. کاتێک کە خەڵک دەکەوێتە نێوان بژاردەی تایبەتمەندێتی یان تەندروستییەوە، ئەوا عادەتەن تەندروستی هەڵدەبژێرێت. پۆلیسی دەست شتن خەڵک خستنە بەردەم ئەوەی کە لە نێوان پاراستنی تایبەتمەندێتی یان تەندروستیەوە یەکێکیان هەڵبژێرێت، لە راستیدا ئەوە بە تەواوی ڕەگی گرفتەکەیە. لەبەرئەوەی ئەوە هەڵبژاردنێکی تەواو هەڵەیە. ئێمە دەتوانین لە یەککاتدا سوود لە هەردوو هەڵبژاردەکە ببینین. بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تەندروستیمان بکەین و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەستێنین، دەتوانین تەندروستی هەڵبژێرین بەبێ ئەوەی پێویستمان بە دەزگای چاودێریکردنێکی سەر بە ڕژێمێکی ستەمکارانە هەبێت، بەڵام ئێمە زیاتر پێویستمان بە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان هەیە. لەو چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، هەندێک هەوڵی سەرکەووتوو درا بۆ تەنگ پێهەڵچنینی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ووڵاتانی کۆریای باشور ، تایوان و سەنگافورە. ئا لەو کاتانەی کە ئەم ووڵاتانە خۆیان چەند ئەپلیکەشنێک تاقی دەکەنەوە، لەهەمان کاتدا پشت دەبەستن بە تاقیکردنەوەیەکی فراوان و راپۆرتی راست و دروست و هەروەها هاوکاری وەگرتن لە تەواوی ئەو کەسانەی کە هۆشیارییەکی بەرزیان لەسەر سروشتی ڤایرۆسەکە هەیە. بەسێنتڕالکردنی چاودێریکردن و سزادانی قورسی ئەو کەسانەی کە ملکەچی ئەو ڕێ پیشاندەرە بەسوودانە نین، ئەوە تاکە ڕێگە چارە نییە. کاتێک حەقیقەتە زانستیەکان بۆ خەڵک دەخەیتە ڕوو، وەکاتێکیش خەڵک باوەڕ بە ئەو دەستەڵاتە گشتییە دەکەن کە ئەو حەقیقەتانەیان بۆ دەسەلمێنێت، ئەوا هاووڵاتیان بە بێئەوەی (براگەورە) بە سەر سەریانەوە بیێت و سەیریان بکات، ئەوکاتە دەزانن چی پێویستە لەسەر خۆیان کە بیکەن. خۆ هاندان و پڕ زانیاریکردنی هاووڵاتیان زۆر لە دەستەڵاتی پۆلیس و گەمژە کردنی خەڵک بەهێزتر و کاریگەرترە. بروانە، هەر بۆ نموونە، دەست شتن بە سابوون، ئەمە یەكێکە لە گەورەترین و پێشەنگترینی کاری مرۆڤایەتی بۆ پاکوخاوێنی. ئائەم کردارە سادەیە ساڵانە ژیانی ملیۆنەها خەڵک ڕزگار دەکات. زاناکان ئەم عادەتی دەست شتنەیان لە سەدەی نۆزدەهەمدا دۆزییەوە و بە گرنگیان زانی کە دەستەکان دەبێت بە سابوون بشۆردرێن. لە پێش ئەوە تەنانەت دکتۆر و پەرستیارەکان کاتێک نەشتەرگەرییەکیان دەکردو دەچوونە نەشتەرگەرییەکی دیکەوە، دەستەکانیان نەدەشووشت. ئەمڕۆ بە ملیارەها خەڵک رۆژانە دەستەکانیان دەشۆن، ئەمە نەک لەبەرئەوەی ئەوان لە پۆلیسی سابوون دەترسن، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە حەقیقەتەکانی تێگەیشتوون. من کە دەستەکانم بە سابوون دەشۆم لەبەر ئەوەیە کە بیستوومە ڤایرۆس و بەکتریا هەیە، لەوەش تێگەیشتووم کە ئەم بوونەوەرە ووردانە هۆکاری نەخۆشیەکانن و دەشزانم ئەم سابوونە پاکیان دەکاتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامی ئەم ئاستە لە ملەکەچی و هاوکاریکردن، پێویستمان بەمتمانە هەیە. خەڵک پێویستی بەوەهەیە متمانەی بە زانست هەبێت، بە دەستەلاتی گشتی هەبێت، متمانەی بە میدیا هەبێت. لە ساڵانی ڕابردووەوە، سیاسییە نا بەرپرسەکان هەر بەدەستی ئەنقەست ڕۆڵیان لە سستکردنی متمانە بوون بە زانست و دەسەڵاتی گشتی و میدیا هەبووە، ئێستاش هەمان ئەو سیاسییە نابەرپرسانە دەیانەوێت بەرەو حوکمێکی ستەمکارانەمان بەرن گوایە ناتوانین باوەڕ بە دەستەڵاتی گشتی بکەین کە کاری ڕاستمان بۆ بکات. ئەوە شتێکی ئاساییە ناتوانین ئەو متمانەیەی کە ساڵانێکە لەدەست چووە بە شەورۆژێک دروستی بکەینەوە. بەڵام لەم کاتانەدا هیچ ئاسایی نین و لەساتەوەختی ئەم جۆرە قەیرانانەدا زۆر بە خێرای بیروبۆچونەکان گۆرانکاری بەسەردا دێت. ئەگەر ساڵانێک لەگەڵ خوشک وبراکانتدا لە گفتووگۆیەکی تاڵدا بووبیت، بەڵام کاتێک کە حاڵەتێکی لەناکاو ڕوتان تێدەکات، یەکسەر گەنجینەیەک لە متمانەو هاودەمی خۆی دەردەخات و هەریەکە و پەلەیتی یارمەتی ئەوی دیکە بدات. لەبری دروستکردنی ڕژێمێکی چاودێریکەر ، ئێستاش درەنگ نییە بۆ بنیاتنانەوەی متمانەی خەڵک بە زانست، بە دەسەلاتی گشتی و بە میدیا. ئێمەش بەدڵنیاییەوە دەبێت تەکنەلۆژیای نوێ بەکاربهێنین، بەڵام ئەم تەکنەلۆژیایە دەبێت هاووڵاتیان سەرپشک بکات. من حەز دەکەم چاودێری پلەی گەرمی لەشم بکەم و بزانم فشاری خوێنم چەندە، بەڵام ئەم زانیاریانە نابێت هەمووی بۆ بەهێز کردنی دەسەلاتی حکومەت بێت. باشتروایە ئەم زانیاریانە وا لەمن بکات زیاتر زانیاریم لەسەر هەڵبژاردنی پێداویستییەکانی خۆم دەستبکەوێت، هەروەها حکومەتیش بتوانێت لێپرسراویتێکانی خۆی هەڵبگرێت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر شتەکان بدات. ئەگەر من توانای ئەوەم هەبوو هەموو رۆژێک ۲٤ کاژێر ئاگام لە حاڵەتی تەندروستی خۆم بێت، ئەوا ئەوکات دەشزانم نەک بەتەنها بووبێتم بە مەترسی بۆسەر تەندروستی چواردەورەکەم، بەڵکو ئەو خووانەش دەناسمەوە کە منی گەیاندوە بەو بارە تەندروستییە. ئەگەر من ڕێگەی ئەوەم پێبدرایە کە شیتەڵکاریم بکردایە بۆ ئەو ژمارە باوەڕپێکراوانەی دەربارەی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، ئەوا دەمتوانی حوکمی ئەوە بدەم کە ئایا حکومەت حەقیقەتەکانم پێدەڵێت، ئاخۆ ئامادەشە کە ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر و سیاسەتی ڕاست بەکار بهێنێت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم پەتایە. ئەو کاتەی خەڵک قسە لەبارەی چاودێریکردنەوە دەکەن، بیرت نەچێ کەهەمان ئەو تەکنۆلۆژیای چاودێریکردنەی هەیە، بەتەنها بۆ ئەوە نییە کە حکومەت بتوانێت چاودێری تاکی پێبکات، بەڵکو لەهەمانکاتدا تاکیش دەتوانێت چاودێری حکومەت بکات. بەم جۆرە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا تاقیکردنەوەیەکی سەرەکییە بۆ هاووڵاتیان. ڕۆژانی داهاتوو ، هەر یەکێک لە ئێمە پێویستە ئەوەی هەڵبژاردبێت کە متمانەمان بەو زانیارییە زانستیانە و پاشان پسپۆڕی ئەو دەزگا تەندروستیانە هەبێت یان خۆمان تەسلیم بکەین بە تیۆری پیلانگێڕی و قسەی ئەوسیاسیانەی لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا دەیکەن. ئەگەر شکستمانهێنا لەوەی کە بڕیارێکی ڕاست بدەین، ئەوا ئێمە وازمان لە بەنرخترین بەهای خۆمان هێناوە کە ئازادییە و دەگەینە ئەو بڕوایەی کە هیچ چارەیەکمان نییەو ئەمە تاکە ڕێگەیەکە بۆ پاراستنی تەندروستیمان. پێویستیمان بە پلانێکی جیهانییە دووهەم گرنگترین هەڵبژاردە بۆ رووبەڕونەوەمان کە دەبێت بیکەین لە نێوان دابڕانی نەتەوەیی و هاوکاری جیهانیدایە. خودی پەتاکە و قەیرانە ئابوورییەکانی وەک دەرنجامێک، هەردووکیان دوو کێشەی جیهانین. تەنها لە ڕێگەی هاوکاریکردنی جیهانییەوە دەتوانرێت ئەم كێشانە بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەر بکرێن. پێش هەموو شتێک، لە پێناوی ئەوەی بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا سەرکەوین، پێویستمان بەوەیە کە هەموو جیهان زانیارییەکان لەگەڵ یەکتریدا بەشبکەن، ئەمە دەبێتە گەورەترین دەستکەوت بەسەر ڤایرۆسەکەدا. بە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا، ئەو دوو ووڵاتە نەیانتوانیوە زانیاری ئاڵوگۆڕبکەن لەسەر ئەوەی چۆن بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بەڵام چین دەتوانێت هەندێک وانەی بەنرخ دەربارەی ڤایرۆسەکەو چۆنێتی هەڵسوکەوت لەگەڵیدا فێری ئەمریکا بکات. ئەوەی کە دکتۆرێک لە شاری میلانی ئیتالیا لە بەرەبەیانێکدا دەیدۆزێتەوە رەنگە سەر لەئێوارەکەی لە شاری تاران ژیانی خەڵکێکی زۆر ڕزگار بکات. کاتێکیش کە حکومەتی بەریتانیا نازانێت لەناو کۆمەڵێک ڕێکاردا کام سیاسەتەیان پەیڕەو بکات، دەتوانێت ئامۆژگاری لە کۆریاوە وەربگرێت کە مانگێک لەمەوبەر بەهەمان شێوە رووبەڕووی ئەویش بوو بۆوە. بۆ ئەوەی ئەمەش رووبدات، پێویستمان بە رۆحی هاوکاری جیهانی و متمانە هەیە. هەموو ووڵاتان پێویستیان بەوەهەیە ئامادەبن زانیارییەکانیان لەگەڵ یەکدا بەش بکەن و زۆر لە خۆبردوانە داوای ئامۆژگاری لەیەکتری بکەن و دەبێت متمانەشیان بەو زانیاری و تێگەیشتنە قووڵە هەبێت کە وەریدەگرن. هەروەها ئێمە پێویستمان بەو هەوڵە جیهانیانە هەیە کە بەرهەم و ئامێرە پزیشکییەکان دابەش دەکات. بەتایبەت پێداویستی پشکنین و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد. لەبری ئەوەی هەموو ووڵاتێک هەوڵی ئەوە بدات لە ناوخۆی خۆیدا دروستی بکات و هەرچی هەیەو نییە بەکاریبهێنێت نەیمێنێت، هاوئاهەنگییە جیهانییەکان دەتوانێت زۆر بەخێرای و بە مەزنی ئەو پێداویستیانە دروست بکات و پاشان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشبکرێت و ژیانی زۆرێکی پێ رزگار بکرێت. هەروەک ئەوەی کە دەوڵەتەکان لە کاتی جەنگدا سێکتەری پیشەسازییە سەرەکییەکانیان خۆماڵی دەکرد، ئەم جەنگی مرۆڤایەتییەش دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستی بە"مرۆڤدۆستی" کردنی هێڵەکانی بەرهەم هێنان و یەکلاکردنەوەی هەیە. ئابەم جۆرە ئەو ووڵاتە دەوڵەمەنانەی کە کەمتر دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، دەتوانن ئامێرە بەهادارەکان بۆ ووڵاتە هەژارەکان ڕەوانە بکەن بۆ زۆر لەحاڵەتەکان بەکار بهێنرێت، بێگومان متمانەی ئەوەش دروست بێت کە ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئەوان تووشی کەم بوونەوەی پێویستییەکان بوون، هەمان یارمەتی لەووڵاتانیترەوە بۆ دابین بکرێت. وا پێویست دەکات ئێمە ڕەچاوی هەمان ئەوهەوڵە جیهانییە بۆ تیمە پزیشکێکانیش بکەین. ئەو ووڵاتانەی کە لە ئێستادا کەمتر لێکەوتەکانی ئەم پەتایەی بەسەرەوە دیارە دەتوانن تیمە پزیشکییەکانیان بنێرنە ئەو ووڵاتانەی لە جیهاندا حاڵیان زۆر خراپە. ئەمەش لەبەر دوو هۆکار، تاوەکو یارمەتی پێویستییەکانیان بدەن، وە هەروەها بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئەزموونە بەنرخەی کە وەریان گرتووە. ئەگەر لەدوایشدا پەتاکە روویخۆی وەرگێرا بۆ ئەو ووڵاتانەی کە تیمە پزیشکێکانیان ناردوە، دەبێت لە بەرامبەردا هەمان یارمەتی وەربگرێتەوە. ئەم هەمئاهەنگییە جیهانییە بەهەمان شێوە لەئاستی ئابووریشدا زۆر پێویستە. بە چاو پیاخشاندنی سروشتی ئابووری جیهان، ئەگەر هەرحکومەتێک سەربەخۆیانە بەبێ گەرانەوە بۆ ووڵاتانیتر هەڵسوکەوت بکات، ئەوا ئەنجامەکەی خوڵقاندی گێرەشێوێنی و قووڵبوونەوی قەیرانەکە دەبێت. ئەم کردارەش پێویستی بە پلانێکی زۆر بەپەلەی جیهانی هەیە. یەکێک لە داواکارییەکانی تر گەیشتنە بە ڕێکەوتنێکی جیهانی سەبارەت بە گەشتکردن. هەڵسپاردنی کۆی گەشتە نێودەوڵتییەکان نارەحەتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. پێویستە ووڵاتەکان هاوکاری تەواوی یەکتری بکەن تاوەکو بەلایەنی کەمەوە ڕێگە بە گەشتکردنی موسافیرە سەرەکییەکان بدەن وەک زانا و دکتۆرەکان، رۆژنامەنووس و سیاسییەکان و هەروەها سەرمایەدارەکان. ئەمەش دەکرێت لەڕێگەی رێکەوتنێکی جیهانییەوە بکرێت و ئەو کەسانەشی کە گەشت دەکەن پێش گەشتکردنەکەیان لەووڵاتەکانی خۆیاندا پشکنینیان بۆ بکرێت. ئەگەر ئەوەش زانرا کە ئەو موسافیرانە پشکنیان بۆ ئەنجامدراوە ئینجا ڕێگەی گەشتکردنیان پێدراوە، ئەوکاتە زۆر بەگەرمی پێشوازی لێدەکەیت کە پێبخەنە ووڵاتەکەتانەوە. بەداخەوە، لە ئێستادا ووڵاتەکان زۆر بەزەحمەت ئەم شتانە دەکەن. ئەمەش کۆمەڵە نێودەوڵەتێکانی ئیفلیج کردووە. وا دەردەکەوێت لە ناو ژوورەکەدا خەڵکانێکی عاقڵی تێدا نەبێت. یەکێک لەوشتانەی کە چاوەڕوان دەکرا لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەنجام بدرایە، کۆبونەوەیەکی بە پەلەی سەرکردە جیهانییەکان بوو تاوەکو پلان و ئەرکەکانیان دەستنیشان بکردایە. سەرکردەکانی G7 ئەم هەفتەیە ڤیدیۆ کۆنفراسییەکیان ئەنجامدا، بەڵام ئەنجامەکەی هیچ یەکێک لەو پلانانەی لە خۆ نەگرتبوو. لە قەیرانەکانی پێشوودا وەک قەیرانی ئابووری ساڵی ۲٠٠۸ و پەتای ئیبۆلا لە ساڵی ۲٠۱٤ دا، رۆڵی ئەمریکا ئەوکات سەرکردایەتیکردنی جیهان بوو. بەڵام ئەم ئیدارە تازەیەی ئەمریکا لە ئێستادا ئەو ئەرکی سەرکردایەتییەی لەدەست داوە، ئەوەش هەتا بڵێی ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمریکا ئەوەندەی لە خەمی مەزنبوونی ئەمریکادایە ئەوەندە لە خەمی داهاتووی مرۆڤایەتیدا نییە. ئەم ئیدارە تازەیە تەنانەت وازی لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی خۆشی هێناوە. ئەوکاتەی سەرجەم گەشتی هاتن و چوونی بۆ ئەوروپا هەڵسپارد، هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختی نەکردن ـ واز لە ئەورپا بهێنە با خۆیان گفتووگۆ لەسەر ئەو ڕێوشوێنە توندانە بکەن. ئەمە جگە لەو ئابڕووچونە گەورەیەی کە ئۆفەری یەک ملیار دۆلاری ئەو کۆمپانیا دەرمانسازییەی ئەڵمانیای کردبوو بەرامبەر مافی مۆنۆپۆڵکردنی ئەو ڤاکسینیە نوێیەی کە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنایە. تەنانەت ئەم ئیدارەیەی ئێستا ئەگەر لە کۆتایشدا ئەم هەڵسوکەوتەی خۆی بگۆڕێت و پلان و کرداری جیهانی بخاتە بەردەست، ئەوا زۆر کەمن ئەوانەی دوای سەرکردەیەک بکەون کە هیچ لێپرسراوێتیەک ناگرێتە ئەستۆی خۆی و هەرگیزیش دان بە هەڵەکانی خۆیدا نەنێت، جگە لەوەی بە شێوەیەکی ڕۆتینیش هەموو سەرکەوتنەکان بۆ خۆی حساب دەکات لەکاتێکدا هەر لۆمە کردنێکیش بێتە ئاراوە دەیخاتە ئەستۆی ئەوانی دیکە. ئەگەر ئەو بۆشاییەی کە ئەمریکا دروستی کردوە لە لایەن ووڵاتانی ترەوە پڕنەکرێتەوە، ئەوە نەک بە تەنها وەستاندی ئەم پەتایە لە ئێستادا کارێکی گەلێک قورس دەبێت، بەڵکو ئەم میراتییە بەردەوام پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان لە ساڵانی داهاتوودا ژەهراوی دەکات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەموو قەیرانێک هەلێکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. دەبێت هیواخوازی ئەوەبین کە ئەم پەتایەی ئێستا بەڵکو یارمەتی مرۆڤایەتی بدات تاوەکو لەو مەترسییە گەورەیەی ئەم درز و کەلێنە جیهانییە تێبگات. مرۆڤایەتی پێویستی بەوەیە شتێک هەڵبژێرێت، ئایا ئێمە بەرەو لێکترازان هەنگاو بنێین، یاخود رێگەیەک بۆ هاوکاریکردنی جیهانی بگرینەبەر؟ ئەگەر ئێمە لێکترازان هەڵدەبژێرین ، ئەوە نەک بەتەنها قەیرانەکە درێژ دەکەینەوە، بەڵکو رەنگە دەرەنجامی زۆر وێرانکەرتری هەبێت لە داهاتوودا. ئەگەر هاوکاریکردنی جیهانیش هەڵدەبژێرین، ئەوە دەبێتە سەرکەوتن بەسەر نەک تەنها ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵکو بەسەر هەموو ئەو پەتاو قەیرانانەی کە رەنگە لەسەدەی بیست و یەکدا یەخەی مرۆڤایەتی بگرێت.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە کە بە "کۆڤید-۱۹" ناسراوە، زانایان لەسەرتاسەری جیهان لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشیەکەدان. بەپێی راپۆرتی تۆڕی هەواڵی (BBC)، لەسەر ئاستی جیهان (۸) تیمی پزیشکی سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرن، بەڵام تائێستا چارەسەر نەدۆزراوەتەوەو ئەوەی باسدەکرێت چارەسەر نییە، بەڵکو هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرە لەڕێگەی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکان و زانینی ئاستی کاریگەرییان لەسەر ڤایرۆسە نوێیەکە. پسپۆڕان دەڵین چارەسەرەکانی نەخۆشی ئەنفلۆنزاو مەلاریاو هەوکردنی جومگەکان و ڤایرۆسی کەمی بەرگریی لەش لەو چارەسەرانەن کە دەرکەوتووە ئومێدیان لێ دەکرێت بۆ چارەسەری "کۆڤید-۱۹". سایتی (زە سەن) لە راپۆرتێکدا باسی هەندێک لەو هەوڵانەی کردووە کە خراونەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ. 🔹 هیدروكسی كلوروكوین (Hydroxychloroquine) ئەم چارەسەرە کە بۆ نەخۆشی مەلاریا بەکاردەهێنرێت، یەکەمین چارەسەرە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی دراوە بۆ چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ. بەپێی راپۆرتەکان، بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و چارەسەرەکان لە ئەمریکا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر بەکارهێنانی (هیدروكسی كلوروكوین)و دەکرێت وەکو چارەسەرێکی پزیشکی خێرا ناوببرێت. ئەم دەرمانە کە لەژێر ناونیشانی بازرگانی (Plaquenil) دەفرۆشرێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاوە کە بە (NHS) ناسراوە، وەکو چارەسەر بۆ هەوکردنی جومگەکان و مەلاریا ناسێندراوە. بەپێی راپۆرتی (سکای نیوز)، کاریگەری ئەم دەرمانە لەسەر نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیاش خەمڵاندنی بۆ دەکرێت. 🔹 فافیبیرافیر (Favipiravir) بەرپرسانی تەندروستی لە چین دەڵێن یەکێک لە پێکهاتە کاراکانی دەرمانی ئەنفلۆنزا (Avigan) کە بە "فافیبیرافیر" ناسراوە، ئەنجامی باشی هەبووە لەسەر ئەو کەسانەی کە دوچاری "کۆڤید-۱۹" بوون. چانگ شین مین بەرپرس لە وەزارەتی زانست و تەکنەلۆژیای چین دەڵێ:" دەرمانەکە دراوە بە ۳٤۰ نەخۆش لە وۆهان و شنچن". چانگ شێن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: فافیبیرافیر یارمەتی چاکبونەوەی ئەو نەخۆشانەی داوە، بەبێ دروستبوونی هیچ لێکەوتێکی لابەلای روون لەسەر تەندروستییان. دەوترێت رەگەزی کارای ناو ئەو دەرمانە رێگری دەکات لە زیادبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو جەستەی کەسانی توشبوودا. ئەم دەرمانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاوە بەکارناهێنرێت و لەلایەن کۆمپانیایەکی سەربە (Fujifilm) لە ژاپۆن بەرهەمدەهێنرێت. 🔹 ئیبوبروفین پسپۆڕانی پزیشکی ئاشکرایان کردووە کە (ئیبوبروفین) پشتی پێنابەسترێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە دانیشتنیکی راوێژکاری لیژنەی (Health Select)دا، پاتریک فالانس گەورە راوێژکارانی زانستی وتی:" نمونەی ئیبوبروفین، دەکرێت راست بێت یان نا، نازانم، بەڵام ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە ئەو دەرمانە لە ئێستادا وەرنەگیرێت، چارەسەرێکی تر بەکاربهێنرێت لە نمونەی پاراسیتامۆڵ". بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا دەڵێ:" لەکاتێکدا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی بەهێز نییە لەبارەی ئەوەی ئیبوبروفین دەکرێت ڤایرۆسی کۆڤید-۱۹ خراپتر بکات، تا ئەوکاتەی زانیاری زیاترمان دەستدەکەوێت، با پاراسیتامۆڵ بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەری نیشانەکانی کۆرۆنا، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر پزیشک ئاگادارت نەکات لەوەی کە بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ بۆ تۆ گونجاو نییە. دەکرێت هەریەکە لە پاراسیتامۆڵ و ئیبوبروفین پلەی گەرمی (تا) داببەزێنن و چارەسەری ئەو نیشانانە بکەن کە هاوشێوەی ئەنفلۆنزان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیبوبروفین و دەرمانەکانی تری دژە هەوکردن، جگە لە ستیرویدی (NSAIDs) گونجاو نین بۆ هەموو کەسێک، رەنگە لێکەوتی تریان هەبێت لەسەر تەندروستی، بەتایبەتیش لەسەر ئەو کەسانەی کە نەخۆشی رەبۆ و دڵ و کێشەی سوڕی خوێنیان هەیە. هەندێک بەڵگە هەن کە ئیبوبروفین دەبەستنەوە بە نەخۆشییەکی زۆر مەترسیدارەوە کە پەیوەندیدارە بە هەوکردنی کۆئەندامەکانی تری هەناسەوە. 🔹 دەرمانی هەوکردنی جومگەکان دەرمانی چارەسەری هەوکردنی جومگەکان (rheumatoid) کەناوی (Sarilumab)ەو بەناوی (Kevzara) دەخرێتە بازاڕەوە، بەپێی راپۆرتەکان، تاقیدەکرێتەوە لەسەر نەخۆشیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم دەرمانە کە لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاش هەیە، لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دەرمان (Sanofi)و (Regeneron) دەدرێت بەو کەسانەی کە بەدەست "کۆڤید-۱۹"وە دەناڵێنن، بەمەبەستی زانینی کاریگەری دەرمانەکە لەسەر وەڵامدانەوەی توانای بەرگری لەش بەرامبەر بە ڤایرۆسەکە. دەرمانەکە کاردەکات لەسەر بەستنی بەشێک لە سیستمی بەرگری، کە رەنگە ببێتەهۆی هەوکردن، ئەمەش شتێکی باوە لای ئەو کەسانەی کە هەوکردنی جومگە (rheumatoid)یان هەیە. 🔹لوبینافیر/ ریتونافیر ئەم دەرمانە کە لەژێر ناوەکانی (Kaletra)و (Aluvia) دەفرۆشرێت، بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە کێشەی کەمی بەرگریی لەشیان هەیە، بۆ رێگریکرن لەوەی حاڵەتەکەیان،سەربکێشێت بۆ ئایدز. زانایان دەڵێن ئەم دەرمانە لە بواری روبەڕووبونەوەی کۆڤید-۱۹دا کاریگەری دەرکەوتووە، دەکرێت ببێت بەرێگر لەبەردەم خۆنوێکردنەوەی ڤایرۆسەکەو بڵاوبونەوەی زیاتری پەتاکە. چین بەکارهێنانی ئەم دەرمانەی بۆ چارەسەری کۆرۆنا راگەیاندووە، بەڵام بەشێوەیەکی زانستیانە سەلمێندراوە. 🔸 سەرچاوەی زانیارییەکان: زە سەن- بی بی سی
ئامادەكردنی: هونەر حاجی جاسم- خوێندكاری دكتۆرا –روسیا پرۆسەی خوێندن لەو 10 دەوڵەش وەستاوە كە خاوەنی باشترین سیستەمی خوێندن، دەرگای خوێندن بەڕویی زیاتر لە (850 ) ملیۆن قوتابیدا داخراوە، پرۆسەی وەستانی خوێندن هەر شەش كیشوەرەكەی دونیای گرتۆتەوە، زۆرترین ئەو وڵاتانەی خوێندنیانیان تێدا وەستاوە له كیشوەری ئەوروپان، سەرەرای قوتابخانەكان ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتە هۆی وەستانی سەدان كۆنفرانس و داخستنی سەدان ناوەندی توێژینەوەی زانستی. سەرەتا: دەكرێت بلێین پرۆسەی خوێندن گەورەترین پڕۆسەی گەشەی مرۆییە، كە مێژووی مرۆڤایەتی شانازی پێوە دەكات. هەر ئەمەش وایكردوە گەشەكردنی هەر كات و زەمەنێكیش ببسترێتەوە بە ئاستی گەشەی پڕۆسەی خوێندن بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. چونكە لەوەتەی بەشەریەت لەسەر روخساری زەوی بونی هەیە پێویستی بە زانست و زانیاریە، چونكە هەر ئەم زانست و زنیاریە وایكردوە رەو ڕەوەی مێژووی ئادەمیزاد بگۆرێت بە ئاستێكی پێشكەوتوو. هەر ئەم تایبەتیمەندیشە وایكردوە مێژووی پرشنگداری یۆنانیەكان ببسترێتەوە بە پڕۆسەی فەلسفەی خوێندن نەك بە پرۆسەی سەربازی و كایەكانی تری شارشتانیەتی یۆنانیەكان. پسپۆڕانی بواری پەروەردە و فێركردن پێیان وایە كە كەوتنی پڕۆسەی خوێندن یەكسانە بە دامەزاروەكانی دەولەت و نیشتمان گەشەپێدانی مرۆیی و داهێنانەكانی مرۆڤ، وە بە پێچەوانەش هەر پرۆسەی خوێندنە كە دامەزراوە نیشتمانیەكان پڕۆسەی ژیاری بەهێز دەكات. دوای بلاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر روخساری زەوی بەشێوەیێكی گشتی، پڕۆسەی خوێندن كەوتە قەیرانێكی گەورە. چونكە لەبەردەم وەستانێكی گەورەو پرسیارێكی گەورە دایە، بەهۆی بلاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمەش وایكردوە چەند پرسیارێك بە دوای خۆی دابێنێت، یەكێك لەم پرسیارانەش بریتیە لە زیانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ سەر كەرتی پەروەردە و خوێندنی بالا ؟. وە هەروەها كاریگەرەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆسەر پرۆسەی خوێندن بە گشتی چین؟. پرۆسەی خوێندن و ڤایرۆسی كۆڕۆنا: پێوەری پێشكەوتنی پرۆسەی خوێندن بەستراوەتەوە بە ئاستی پێشكەوتنی ولات، چونكە پێوەری پێشكەتنی هەر كۆمەلگایێك بەستروەتەوە بە ئاستی خوێندنی خوێندنگەو ڕانكینگی زانكۆكانی لەسەر كۆمەلگای نێودەولەتی. هەر ئەمەش وایكردوە، ئەو ولاتانەی باشترین سیستەمی خوێندنیان هەیە لە دونیا، لە هەرە ولاتە پێشكەوتوەكانی دونیان، بڕوانە خشتەی ژ (1). لیستی ئەم دە ولاتیە كە لە سالی 2020 باشترین سیستەمی خوێندنیان هەبووە، لەسەر ئاستی جیهان. بەلام لە ناوەراستی مانگی ئاداری سالی 2020 لە 100% ئەم ولاتانەی باشترین سیستەمی خوێندنیان هەیە، پرۆسەی خوێندنیان تێدا وەستاوە لەبەر مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا. خشتەی باشترین ولات لە پرۆسەی خوێندن لەسەر ئاستی جیهان بۆ سالی 2020 مەبەست لە پرۆسەی خوێندن بریتیە له پرۆسەی پەروەردە و فێركردن, هەم لە كەرتی پەروەردە، وە هەمیش لە كەرتی خوێندنی بالا. هەروەها پسپۆڕانی بواری پەروردە پێیان وایه، ئەمە سەد سالیش دەبێت گورزێكی وا گەورە بەر ژێرخانی پڕۆسەی خوێندن نەكەوتەوە. بۆیە ئەمەش وا دەكات لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا وا بە ئاسانی نەڕوات لەسەر پرۆسەی خوێندن، چونكە بلاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە كاتێك دابوو، كە نیوەی وەرزی دوەمی خوێندن بوو، ئەمەش گومانی تێدانیە كە زیانی زۆر ئەرێنی دەبێت لە زۆر لایەنەوە. هەروەها روداوی ئەم جارهی بەسەر پڕۆسەی خوێندن هاتوە لەسەر دەستی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتە هۆی ڕاگرتنی ژیانی كۆمەلگای مرۆیی لە كۆی كایە ژیاریەكاندا بە تایبەت پڕۆسەی خوێندن. ئەمەش بە كارەساتی مرۆیی لێك دەدرێتەوە، هەر چەندە لە زۆربەی ولاتە پێشكەوتوەكان پرۆسەی خوێندن كراوەتە ئۆنلاین، بەلام ئەم هەر چارەسەری بنەڕەتی ناهێنتە كایەوە. كاتێك تەماشای لیستی ژمارە دوو دەكەین بۆمان روون دەبێتەوە كە ئەو ولاتانەی بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانیش لە هەرە ولاتە پێشكەوتوەكانن دونیان لە سیستەمی پەروردە، پرۆسەی خوێندن لە سەدا 90% ئەم ولاتانە وەستاوە. بڕوانە خشتەی ژمارە (2). خشتەی باشترین سیستەمی پەروەردە لەسەر ئاستی جیهان بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان لە 2020 زیانەكانی ڤایرۆسەكە لەسەر پڕۆسەی خوێندن: رێكخراوی یۆنسكۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا بە گەورەترین روداوی كارەساتبار دادەنێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، وە پسپۆرانی پەروەرده و خوێندنی بالاش لە رێكخراوی یونسكۆ، پێیان وایە ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە هۆی دابەشبونی دوو قۆناغی مێژووی. بە جۆرێك ئەگەر قسە لەسەر پڕۆسەی خوێندن بكرێت، دەبێت بلێین پرۆسەی خوێندن پێش ڤایرۆسی كۆرۆنا یان دوای ڤایرۆسی كۆرۆنا. تاكو ئێستا هیچ رێكخراوەیێكی یان دامەزاراوەیێكی پەروردەی ئاماری وردی زیانەكان نازانێت. ئەوەی هەیە لە رێگای ڕیكخراوی یونسكۆ رۆژانە بلاو دەكرێتەوە، لەسەر زیانەكانی پڕۆسەی خوێندن لەسەر ئاستی ولاتانی دونیادا. بەلام ئەوەی لە ئیستادا بلاو دەكرێتەوە تەنیا ناوی ئەم ولاتانەیە بە گوێرەی كیشورەكان كە خوێندنیان تێدا وەستاوە.بروانە خشتەكانی ( ژمارە 3 تاكو ژمارە 7 ). لێرە هەندێك لەم زیانانە ئاماژە پێ دەكەین، كە راستەوخۆی كاریگەریان لەسەر پرۆسەی خوێندن هەیە!. یەكەم. بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی یونسكۆ تاكو ئیستا لەسەر ئاستی جیهان تاكو 20 ئادار 850 ملیۆن فێرخواز گەنج لەسەر ئاستی جیهان لە خوێندن بێ بەش بوینە. دووەم. هەلوەشاندنەوەی سەدان كۆنفرانسی زانستی لەسەر ئاستی دونیا. سێیەم. هەلوەشاندنەوەی هەزاران كۆرسی زمان لەسەر ئاستی ولاتان، بە تیابەتیش ولاتانی ڕۆژئاوا. چوارەم. بێ كار بوونی ملیۆنان فەرمانبەران و ستافی وانەبێژو فەرمانبەر لە كەرتی پەروەردە و خوێندنی بالا. پێنجەم. وەستانی سەدان ناوەندنی توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی ئەو ولاتانەی كە ڤایرۆسەكەی تێدا تۆمار كراوە. شەشەم. هەلوەشانەوە وەستانی هەزاران زەمالەی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان، لەسەر ئاستی جیهان. خشتەی ژمارە (3) ولاتانی كیشوەری ئاسیا خشتهی ژماره (4) ولاتانی کیشوهری ئهوروپا خشتهی ژماره (5) ولاتانی کیشوهری ئهفریقیا خشتهی ژماره (6) ولاتانی کیشوهری ئهمریکای لاتینی خشتهی ژماره (7) ولاتانی کیشوهری ئهمریکای باکوور دەرەنجام: وەستانی پرۆسەی پەروەردە یەكسانە بە وەستانی پرۆسەی گەشەی مرۆیی. كۆرۆنا بۆتە هۆی راوەستانی زانكۆ و قوتابخانە و باخچەی ساوایان. لە هەر 10 دەولەتی باشترین سیستەمی خوێندنیان هەیە پرۆسەی خوێندن تێدا وەستاوە. هەروەها زیاد لە 850 ملیۆن قوتابی لەسەر ئاستی دونیا لە خوێندن بێ بەش بوینە. لە هەر شەش كیشوەری دونیا پرۆسەی وەستانی خوێندنی گرتۆتەوە. زۆرترین ئەو ولاتانەی خوێندنیانشیان تێدا وەستاوە له كیشوەری ئەوروپان، وە هەروەها زۆرترین ولاتی پێشكەوتوو پڕۆسەی خوێندنیان تێدا وەستاوە. ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتە هۆی وەستانی سەدان كۆنفرانس و داخستنی سەدان ناوەندی توێژینەوەی زانستی.
درەو: لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا لە ئیتالیا (3 هەزارو 590) كەس توشی كۆرۆنا بوون و (368) كەس مردوون و (369) كەس چاكبونەتەوە. لەسەر ئاستی جیهانیش ( 12هەزارو 771) كەس توشبوون و (681)كەس مردوون (هەزارو 837) كەس چاكبونەتەوە. دوێنی 15/3/2020 🔹توشبون: 21.157 🔹مـــردن : 1.441 🔹چاكبوەوە: 1.966 🔹كەیسی ماوە: 17.750 ئەمرۆ 16/3/2020 🔹توشبون: 24.747 🔹مـــردن : 1.806 🔹چاكبوەوە: 2.335 🔹كەیسی ماوە: 20.603 لەسەر ئاستی جیهان دوێنێ 15/3/2020 🔹توشبوو: 157.300 🔹مردن: 5.844 🔹چاكبوەوە: 75.941 ئەمرۆ 16/3/2020 🔹توشبوو: 170.071 🔹مردن: 6.525 🔹چاكبوەوە: 77.778 ئامارەكان لەم لینكەوە وەردەگیرێت
درەو: بەراورد بە 48 كاتژمێری رابردوو زیادبونی رێژەی توشبون و مردن بە كۆرۆنا لە جیهاندا بە رێژەی (50%) كەمیكردووە. لە ماوەی 48 كاتژمێری رابردوو ( 2020/3/13 - 2020/3/14 ) ژمارەی توشبوان( 16 هەزارو 86 )كەس زیادیكردووە و ژمارەی مردن بە كۆرۆنا( 718) كەس زیادیكردووە، بەڵام لە 24 كاتژمێری رابردوودا ( 2020/3/14 - 2020/3/15 ) ژمارەی توشبوان ( 8 هەزارو 740 ) كەس زیادی كردووەو ژمارەی مردووان (287) كەس زیادی كردووە، واتا رێژەی توشبون و مردن لە نێوان 48 كاتژمێری رابردوودا بەرێژەی زیاتر لە (50%) كەمیكردووە. كاتژمێر شەشی ئێوارە ئامارەكان وەرگیراوە لە (worldometers.info) تەنها لەماوەی 24 كاتژمێردا بەراوردی نێوان ( 2020/3/14 - 2020/3/15 ) 🔹11 وڵاتی دیكە توش بوون بە كۆرۆنای راگەیاند 🔹287 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹1975 كەس چاكبونەتەوە 🔹 8740كەس توش بون لە كاتێكدا لەماوەی 24 كاتژمێردا لە نێوان ( 2020/3/13 - 2020/3/14 ) 🔹15 وڵاتی دیكە توش بوون بە كۆرۆنای راگەیاند 🔹718 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹3572 كەس چاكبونەتەوە 🔹 16086كەس توش بون 13/3/2020 🔹131 وڵات توش بوون بە كۆرۆنای 🔹5.080 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹70.690 كەس چاكبونەتەوە 🔹 138.132كەس توش بون 14/3/2020 🔹146 وڵات توش بوون بە كۆرۆنای 🔹5.798 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹74.262كەس چاكبونەتەوە 🔹 154.218كەس توش بون 15/3/2020 🔹157 وڵات توش بوون بە كۆرۆنای 🔹6.085 كەس بە كۆرۆنا مردون 🔹76.219كەس چاكبونەتەوە 🔹 162.958كەس توش بون
درەو: كۆرۆنا بەملیارەها دۆلار زیانی لە سەرمایەدارو دەوڵەمەندانی جیهان داوە: 🔹 جیف بیزۆس دامەزرێنەری ئەمازۆن ( 8 ) ملیار دۆلار 🔹بێرنارد ئارنۆ خاوەنی لویس فویتۆن و دیور" ( 7.7 )ملیار دۆلار 🔹مارك زوكەربێرگ دامەزرێنەری فەیسبوك ( 5.7) ملیار دۆلار 🔹 بیل گیتس دامەزرێنەری هاوبەشی مایكرۆسۆفت (5.3 )ملیار دۆلار 🔹لاری بیدج یەكێك لە دامەزرێنەرانی گوگل (4 )ملیار دۆلار سەرچاوە: RT
درەو: راپۆرتی: BBC (ڤلادیمێر پۆتن) سەرۆكی ڕوسیا لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا وتی، پشتیوانی دەركردنی یاسایەك دەكات ڕێگەی بدات خۆی بۆ دوو خولی تری سەرۆكایەتی كاندیدبكات، كارێك كە دەستوری ڕوسیا تائێستا قەدەغەی كردووە، بەوەش سەرۆكی ڕوسیا دەبێتە تازەترین لەو زنجیرە درێژەی دەسەڵاتدارانی وڵاتان، كە نەیانویستووە دەسەڵات بەجێبهێڵن. چی وا لەكەسەكان دەكات دەسەت بەدەسەڵاتەوە بگرن تا ئاستی ئەنجامدانی گۆڕانكاركاری، تەنانەت پێشێلكردنی ڕێساكانیش لەپێناو مانەوە لەدەسەڵاتدا؟. سامان؟ (نیك چیسمان) نوسەری بەشدار لە كتێبی(چۆن هەڵبژاردنەكان ساختەدەكەیت) دەڵێت: "وەڵامەكە ئاسانە ئەویش گەندەڵییە، دەتوانن پارەیەكی زیاتر بەدەستبهێننو، بمێننەوە بۆ پارێزگاریكردن لە سامانەكەیان، بەڵام واقیع ئاماژە بە كۆمەڵێك شتی ئاڵۆزتر دەكات ". بەوتەی چیسمان، ئەوەی دەسەڵاتداران لە لەدەستدانی سامانەكەیان زیاتر لێدەترسن، دادگایكردنیانە دوای وازهێنایان لەدەسەڵات، هۆكارگەلێكی لۆژیكیشیان هەیە وایان لێبكات بترسن. بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەی كە چیسمان لەكتێبەكەیدا بڵاویكردووەتەوە، 43% لەو سەركردەكانی ئەفریكا كە وازیان لەدەسەڵات هێناوە دادگایكراون، نەفیكراون یان لەسێدارەدراون، لەنێوان ساڵانی 1960بۆ 2010. ئەمە مەترسییەكی گەورەیە بەڵام هەموو مەسەلەكە نییە. كەسە نزیكەكان سەركردەكان هەست بە فشاری ئەوانە دەكەن كە لەدەوروبەریانن، لەنمونەی خانەوادەكانیانو هاوپەیمانە سیاسییەكانیان تەنانەت فەرماندەكانی پۆلیسو سوپاش. ئەمانە كە هاوكارییان پێشكەش بەسەركردەكان كردووە لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات. چیسمان دەڵێت:"تەنانەت كاتێك كە پێتوایە كاتی بڕیاردان هاتووە، كۆمەڵێك كەس دەبینیت لە دەرگاكەت دەدەن و پێت دەڵێن(نەكەی) ئەمە لەبەرخاتری تۆنییە، پرسەكە پەیوەستەبەهەزاران كەس، ئەوانەی كاریانكردووەلەپێناوتو قوربانیان داوە بۆت". چیسمان گەیشتووتە بە بەڵگەیەك كە ئاماژە بەوە دەكات ئەو كەسانەی كە لەدەوری ڕۆبەرت مۆگابی سەرۆكی پێشوی زیمبابۆی بوون لەم ساڵانەی دوایدا، لەوانەبوون كە كاریگەرییان هەبوو لەدەستگرتنی بەدەسەڵاتەوە. بەڵام پێدەچێت پرسێك هەبێت لەو یارییە قوڵتربێت، یان شتێك كە پەیوەستە بەهەژموون، كە دەسەڵات خۆی لەخۆیدا هەیەتی. خێوی دەسەڵات نوسەر (داتشەر كیلتنر) زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر لەكتێبەكەی بە ناونیشانی ( موفارەقەی دەسەڵات) لەسەر ئەمە قسەی كردووە. دوو بارییەكە لەوەدایە ئەو كەسانەی دەگەنە سەر كورسی دەسەڵات كەسانی كۆمەڵایەتیو خۆشەویستن، متمنانەی چواردەوریان بەدەستدەهێنن، ئەگەر سەرۆكی یانەیەكی تێنسی لۆكاڵی بێت، بۆ نمونە، یان كۆمپانیایەك، یاخود سەرۆكی دەوڵەتێك بێت. بەڵام كاتێك ئەمانە دەسەڵات دەگرنە دەست، بەتەواوی دەبنە خێوێكی تر. كۆمەڵێك لێكۆڵینەوە لەوباریەوە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی پێدانی دەسەڵات بە كەسەكان، تەنانەت ئەگەر بەهەڕەمەكیش دیاریبكرێنو بۆ ماوەیەكی كورتیش بێت، دەبێتە هۆی گۆڕینی هەڵسوكەوتیان، بەجۆرێك مامەڵە دەكەن كەسوودی لێببینن، سۆزیان بەرامبەر ئەوانی تر لەدەستدەدەن، وێڕای ئەوەی زۆرربەی جار وا هەستدەكەن ئەوان لەسەر هەقن. دەبنە كەسانی قێزەونو هەڵپەكار، ڕەنگە بایكۆتی ئەوانی تر بكەن، یاخود خۆیان بەدوور بگرن لەتەماشاكردنی ئەو كەسانەی قسەیان بۆ دەكەن. یەكێك لە بەناوبانگترین تاقیكردنەوەكانی (كیلنتر) سەبارەت بەو دیاردەیە لە نەوەدەكانی سەدەی پێشوودا ئەنجامدراوەو، لەسەر كۆمەڵێك خوێندكاری زانكۆ كراوە، دابەشی گروپی بچوك كراون، هەر گروپێكیان لە سێ كەس پێكاهاتوون، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دەسەڵات دراوە بە كەسێكیان. دەڵێت:"پێمان ڕاگەیاندن بەپێی دەرخستەكانمان ئێوە لێهاتوویی باشی سەركردایەتیكردنتان تێدایە" ئەوە درۆیەك بوو، هەریەك لەمانە ئەركێكیان بە گروپەكەیان سپارد، دوای 30 خولەك، لێكۆڵەرەوەكان بڕێك بسكویت_یان لەبەردەم هەر گروپێك دانا. ئەو كەسەی كە دەسەڵاتی پێدراوبوو بەشێوەیەكی سەرەنجڕاكیش زیاتر لەبەشی شایستەی خۆی بیسكویتەكەی خوارد، بەشێوەیەكی نا ئاسایی بسكویتەكەی دەخواردو دەنگی دەهاتو پارچەی لێدەكەوتەخوار. هەستكردن بەدەسەڵاتداری خۆشە لێكۆلێنەوەكان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كاتێك دەسەڵات دەدەیت بە كەسانێك، وایانلێدێت كەمتر هەست بە كۆتو بەند بكەن. هەروەك لێكۆڵینەوەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، منداڵانی دەوڵەمەند زیاتر مەیلیان بۆ دزینی شتی بچوك هەبێت لە كۆگاكان، بەبەراورد بە منداڵی هەژارەكان، یاخود تێكەڵاوبوون بە هەڵسوكەوتی سێكسی نائاسایی دوای باڵغبوون، یان خراپەكاریكردن لەگەڵ هاوڕێكانیان. كیلتنر دوای ئەوەی بەشێوەیەكی چڕ دیراسەی دەسەڵاتی كردووە لەژینگەی كۆمپانیاكان، دەڵێت:"ئەو كەسانەی هەژموونی زۆریان هەیە، لەسێ كار كە ئەنجامی دەدەن دوانیان خەسڵەتی نا سەقامگیری تێدایە". كیلتنر پێیوایە، خاوەن دەسەڵات تووشی جۆرێك لە ئالودەبوون دەبێت، بەبێ سەپاندنی كۆتو بەند، كەسەكان بەدوای بەدیهێنانی بەرژوەندیو حەزو چێژەكانیادا دەگەڕێن. دەشڵێت:" ئەوانەی خاوەن دەسەڵاتن هەست بەخۆشی زیاتر دەكەن، هەستدەكەن خاوەنی پێگەو ڕێزێكی زیاترن. مێشكیان ئارامترەو تەندروستیان باشترە، هەروەك هەست بە باشبوونی دۆخیان دەكەن لەژیاندا". ڕیاكاران كیلتنر دەڵێت، دەسەڵاتداران مەیلیان هەیە هاوشێوەی ئەو نەخۆشانە مامەڵە بكەن كە بەشی هەڵسوكەوتی نامەدروسو هەڵپەكارانە لەمێشكیاندا تووشی پوكانەوە بووە، ئاماژەی بەوەشكردووە، لێكۆڵینەوەكەی سوخمایندەر زانای بواری مێشك لەم بوارەدایە. ئەو سەرنجە بەفیعلی بووەتە هۆی هەندێك كاردانەوە كە شایەنی بایەخدانن لەلایەن كەسانێكەوە كە بەدەست كێشەی مێشكەوە دەناڵێنن. كیلتنر دەڵێت:" یەكێك لەوانە بۆی نوسیم(توشبووی نەخۆشی مشێك)" چۆن جورئەتی ئەوە دەكەیت؟ من لەهەڵسوكەوتەكانمدا لێهاتوترم بە بەراورد بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا. بۆیە شتێكی لۆژیكییە سەرۆكی بەهێز لەخۆبایی بێت، چونكە پێیوایە ئەو تاكە كەسە كە دەتوانێت سەركردایەتی بكات. چیسمان دەڵێت: "شتێكی تر ئەوەیە ساڵانە كەسانێك دادەمەزرێنن كە پشتیوانیان دەكەن، ئەوانەش دوور دەخنەوە كە نەیارییان دەكەن، ڕەنگە هیچ خەمڵاندنێكیان نەبێت بۆ ئەوەی كە دەیكەن هەڵەیە". هەروەك لەدەستدانی دەسەڵاتیش، كاریگەری دەرونیی زۆر گەورەی دەبێت، بەجۆرێك لێكۆڵینەوەكان گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی كاتێك خاوەن دەسەڵاتەكان هەست بە لەدەستدانی دەسەڵات دەكەن، بەشێوەیەكی توندتیژ هەڵدەچنو ڕەفتاردەكەن. تاقیكردنەوەی مەعدەنی كەس پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر دەسەڵات كەسەكان گەندەڵ دەكات، بۆچی هەموو سەركردەكان خەسڵەتی سەركوتكاریو لەناوبردنیان تێدانییە؟ ئەلكساندەر سیسلاك، مامۆستای زانستی دەرونی لە وارشۆ، ساڵی 2018 دوو لایەنی زۆر جیاوازو تەواو ناكۆكو ناتەبای لەلایەنەكانی دەسەڵات دەستنیشانكردووە. دەسەڵات توانای كۆنترۆڵكردنی ژیانی كەسانی تر دەدا بە كەسی دەسەڵاتداری بەهێز، هەروەك كۆنتڕۆڵكردنی زیاتری ژیانی خۆشی پێدەبەخشێت. مەبەستی كەسەكان ئەوەیە، كاتێك دەڵێن كەسێك خاوەنی دەسەڵاتە، كاتێك كەسێك هەژموونی زیاتری دەبێت بەسەر ژیانیدا، زۆربەی كات هەڵسوكەوتێكی ئەرێنی دەگرێتەبەر. دەسەڵات هەندێك ئاسەواری ئیجابیشی هەیە. بەڵام لەحاڵەتی لەدەستی ئەم كۆنتڕۆڵەدا، بۆ نمونە با بڵێن ئەو دەوڵەتەی كە تۆ بەرپرسیاری لێی لەحاڵەتێكی پشێویدایە، لەوكاتەدا ڕەنگە كاریگەری گەندەڵبوونی دەسەڵات زیاتربێت لە كاریگەرییە ئەرێنییەكەی. سیسلاك دەڵێت:" دەسەڵات باشەو دەكرێت لەپێناو بەرژوەندی گشتی بەكاربهێنرێت، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەو نرخە بیت كە ئەو دەسەڵاتە دەیسەپێنێت". دەشڵێت: ئەگەر سەركردەكان زانیاری ئەو دوو بارییەیان هەبێت، دەكرێت دەست بەلایەنە باشەكەیەوە بگیرێتو دەستبەرداری لایەنە خراپەكەی بن. لەسەر ئەو بنەمایەش، ئەو قسەیەی دەدرێتە پاڵ ئەبراهام لینكۆڵن سەرۆكی ئەمریكا پێدەچێت لۆژیكی بێت كە دەڵێت: "زۆرینەی پیاوان دەتوانن بەرگەی سەختییەكان بگرن، بەڵام ئەگەر ویستت مەعدەنی پیاوێك تاقیبكەیتەوە، دەسەڵاتی بدەرێ". سەرچاوە: بی بی سی
درەو: دیراسەیەكی ئەڵمانی تازە سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ "كۆڤید 19" ئاشكرایكردووە، ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكە بوون لەڕۆژانی سەرەتای توشبوونیاندا بڕێكی زۆر لە ڤایرۆسەكە بڵاودەكەنەوە. پێشبینی دەكرێت ئەم دیراسەیە هاوكاربێت بۆ شرۆڤەكردنی ئەو ڕێگا خێراو چالاكەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بەهۆیەوە لەسەرانسەری جیهان بڵاوبووەوە. دیراسەكە ئاماژە بەوەدەدات، ئەنجامی پشكنینی ئەو نەخۆشانەی كە بەشێوەیەكی مامناوەند دووچاری نەخۆشییەكە بوون یان دۆخی تەندروستییان مامناوەندە، دوای 10 ڕۆژ لەتوشبوونو دەركەوتنی نیشانەكان تێیاندا، نابنە هۆی گوێزانەوەی نەخۆشییەكە بۆ خەڵكانی تر. ئەم دیراسەیە، كە زانایان لەهەردوو شاری (بەرلینو میونشن) لەئەڵمانیا ئەنجامیدانداوە، بەیەكەم دیراسە دادەنرێت كە لەدەرەوەی وڵاتی چین ئەنجامدرابێت، كە بۆ یەكەمجار نەخۆشییەكە لەوێوە سەریهەڵداو لەزیاتر 100 وڵاتی جیهان بڵاوبونەوەتەوەو، بووەتە هۆی توشبوونی نزیكەی 120 هەزار كەس لەجیهانو، مردنی زیاتر لە 4 هەزار كەسی دیكەش. هاوكات بەیەكێك لەو دیراسە پێشەنگانەش دادەنرێت كە هەوڵی كێشانی ئەو نەخشەیە دەدات، چی كاتێك نەخۆشەكان دەبنە هۆی تووشكردنی ئەوانی تر. بەوتەی (مایكل ئوستەر هۆلم)، بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوە لەنەخۆشییە گوازراوەكان لەزانكۆی مینیسۆتا، ئەم دیراسەیە بەشدارییەكی زۆر گرنگە لە تێگەیشتنی مێژوویی سروشتی نەخۆشی "كۆڤید 19" و هەروەها ڕەنگدانەوەو ناوەرۆكی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە لەسەر تەندروستی گشتی. لەدیراسەكەدا، لێكۆڵەرەوەكان چاودێری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەیان كردووە لە 9 كەسی تووشبوو، تاقیكردنەوەیان لەسەر ئەنجامداونو، گەڕاون بەدوای پاشماوەی DNA-RNA ڤایرۆسەكە(زانیاری بۆماوەیی سەبارەت بەزیادبوونو گەشەكردنی ڤایرۆسەكە). هەوڵیشانداوە ڤایرۆس بەرهەمبهێنن لە (بەڵغەمو خوێنو میزو پیسایی) وەرگیراوی نەخۆشەكان لەڕێی چاندن، ئەوەش پرسێكی زۆر گرنگە لە هەوڵدوان بۆ دەستنیشانكردنی چۆنیەتی تووشكردنی كەسێك لەلایەن كەسێكی ترەوەو، ئەو ماوەیەی كە كەسی توشبوو دەبێتە مەترسی بۆسەر كەسەكانی تر. لەوەش گرنگر ئەوەیە زاناكان نەیانتواینوە ڤایرۆس بەرهەمبهێنن لەو نمونانەی لەنەخۆشەكانیان وەرگرتووە دوای ڕۆژی هەشتەم لەتوشبوونیان بە نەخۆشییەكە بەشێوەیەكی مامناوەند، یاخود لەو كەسانەی كە پێدەچێت نیشانەكانیان بەشێوەیەكی سوك لەسەر دەركەوتبێت. لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامەی زانایان پێگەیشتوون، دەرچوونی نەخۆش لەحاڵەتی دابڕانی پزیشكی ئارەزوومەندانە لەماڵەوە دەكرێت دوای 10 ڕۆژ لەدەركەوتنی حاڵەتەكە ئەنجامبدریت، بەوپێیەی مەترسی بڵاوكردنەوەی نەخۆشییەكە زۆر كەمدەبێتەوە. زاناكان ڕوونیان كردووەتەوە، توشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڕۆژانی سەرەتادا دەتوانن هەزار هێندەی توشبوانی نەخۆشی سارس لەڕۆژانی سەرەتادا، نەخۆشییەكە بڵاوبكەنەوە. ئەو ڕاستیەش هۆكاری خێرا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ شیدەكاتەوە دەكات، كە 120 هەزار كەس لەسەرانسەری جیهان توشی بوون، بەرامبەر بە تەنها 8 هەزار لە ڤایرۆسی كۆرۆنای سارس. دیراسەكە گومانی خۆی پیشانداوە لەئەگەری بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە لەڕێی پیساییەوە، ئەوەش پرسێكە كە زۆرێك لە لێكۆڵینەوەكانی ئەم دواییە سەبارەت بە ڤایرۆرسی كۆرۆنای نوێ لەچین ئاماژەیان پێكردووە، لێكۆڵەرەوە ئەڵمانیانییەكان لە 13 نمونەی وەرگیراو لە پیسایی ئاستێكی باڵای پاشماوەی ڤایرۆسەكەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە لە هیچكامیان ڤایرۆس بەرهەمبهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، دیراسەكە تێبینی ئەوەی كردووە كە سەرجەم نەخۆشەكان نەخۆشییەكەیان سوك بووە، نەدۆزینەوەی ڤایرۆسەكەش لەپیسایی ئەو نەخۆشانەدا مانای ئەوەی نییە كە لەحاڵەتەكانی تردا نەخۆشییەكە ناگوێزرێتەوە، ئەوەش پاڵی بە لێكۆڵەرەوەكانو زاناكان ناوە بۆ ئەنجامدانی دیراسەو لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئەم مەسەلەیە. زاناكان ڕایانگەیاندووە، بەپێی ئەو ئەنجامانەی پێیگەیشتوون پێویستە ئامادەكاریو ڕێوشێنەكانی خۆپاراستن بۆ ڕاگرتنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە تەركیز بخاتە سەر كۆئەندامی هەناسەو، پاراستنی ئەوانی تر لە كۆكەو پژمینی كەسانی توشبوو بە ڤایرۆسەكە. لێكۆڵەرەوەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، ناتوانرێت ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی لە نمونەی وەرگیراوی خوێنو میزی نەخۆشەكان بچێنرێت، بەڵام ڕایانگەیاندووە، لەئەنجامە گرنگەكانی دیراسەكە ئەوەیە ئەو كەسانەی توشبوون بەخێرایی دەستدەكەن بە گەشەكردنی لاشەی دژە ڤایرۆسەكە لەماوەی 6 بۆ 12 ڕۆژدا، ئەوەش شرۆڤەی هۆكاری توشنەبوونی نزیكەی 80% نەخۆشەكانی "كۆڤید 19" دەكات بە نیشانەی مەترسیدار. سەرچاوە: یۆرۆ تایمز
میشل رۆبەرتس- نوسەری كاروباری تەندروستی لە BBC وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، زۆربەی ئەوانەی كە دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن، دوای نزیكەی (5) رۆژ نیشانەكانیان تێدا دەردەكەوێت، زۆر كەسیش هەڵگری ڤایرۆسەكەنو هەرگیز نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت، پسپۆڕێك دەڵێ:" هیچ بەڵگەیەك نییە لەبارەی ئەوەی ئەو كەسانەی نیشانەكانیان تێدا نییە بەڵام هەڵگری ڤایرۆسەكەن، دەتوانن ڤایرۆسەكە بۆ كەسانی تر بگوازنەوە". دەقی راپۆرتەكەی BBC زانایان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنا پێویستی بە (پێنج) رۆژ هەیە بۆ ئەوەی نیشانەكانی لە كەسی توشبوودا دەركەوێت، ئەمەش ماوەی جێگیربوونی ڤایرۆسەكەیە. ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ناوە زانستییەكەی بە "كۆڤید-19" ناسراوەو لەوانەیە ببێتە هۆی (تا، كۆكەو كێشەی هەناسەدان)، ئێستا بەردەوامە لە بڵاوبونەوە لەسەرتاسەری جیهاندا، زیاتر لە 114 هەزاری كەسی توش كردووە. تیمێك لە زاناكانی ئەمریكا لێكۆڵینەوەیان كردووە لەسەر چەندین حاڵەتی دوچاربوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چینو وڵاتانی تر، ئەمە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەو نەخۆشیەی كە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە رودەدات. تیمی لێكۆڵەرەوان گەیشتونەتە ئەوەی، لە زۆربەی ئەو كەسانەی كە دوچاری ڤایرۆسەكە بوون، نیشانەكان لە رۆژی پێنجەمدا تێیاندا دەردەكەوێت. سەبارەت بەو كەسانەی كە لەماوەی 12 رۆژدا نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت، پێشبینی ناكرێت هەرگیز نیشانەكانی تێدا دەركەوێت، بەڵام هەڵگری ڤایرۆسەكە دەبێت. ئەو كەسانەی كە رەنگە هەڵگری ڤایرۆسەكە بن، چ ئەوەی نیشانەكان تێیاندا دەركەوتبێت یان دەرنەكەوتبێت، توێژەران رێنماییان دەكەن بەوەی بۆ ماوەی 14 رۆژ خۆیان دابڕن (خۆیان كەرەنتینە بكەن) بۆ خۆبەدروگرتن لە گواستنەوەی پەتاكە بۆ كەسانی تر. ئەگەر ئەو كەسانە، ئەو رێنماییانە جێبەجێ بكەن كە لە بەریتانیاو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی كردەیی پشتیان پێبەستراوە، ئەوكاتە لەكۆی هەر 100 كەسێك كە بۆ ماوەی دوو هەفتە كەرەنتینە دەكرێن، تەنیا یەك كەسیان دوای دەرچوون لە كەرەنتینە نیشانەكانیان تێدا دەردەكەوێت، ئەمە بەپێی توێژینەوەیەك كە لە بڵاوكراوەی "ساڵنامەی پزیشكی هەناوی"دا بڵاوكراوەتەوە. جاستین لیسلەر مامۆستا لە كۆلیژی جونز هۆبكنو بلۆمبێرگ-ی تەندروستی گشتی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو سەرپەرەشتیاری ئەم توێژینەوەیە وتی: ئەو ئەنجامانە باشترین خەمڵاندنی "خێرا" بوو لای ئێمە تاوەكو ئێستا، توێژینەوەكە بەكۆی گشتی 181 حاڵەتی لەخۆدەگرت. بەڵام دەڵێ: هێشتا زۆر شت لەبەردەمماندا ماون كە دەبێت لەبارەی ڤایرۆسەكەوە بیزانین. هێشتا ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی گشتی نیشانەكانیان تێدا دەردەكەوێت ناڕوونە، توێژینەوەكە هیچ خەمڵاندنێكی بۆ ئەمە نەكردووە. پسپۆڕان لەوباوەڕەدان زۆرینەی ئەو كەسانەی كە دوچاری پەتاكە دەبن، جگە لە چەند كێشەیەكی بچوكی تەندروستی هیچ شتێكیان نییە، هەندێكی تر هەرگیز نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت، واتە هەڵگری ڤایرۆسەكەن بەڵام نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت. بەڵام ئەو نەخۆشییە رەنگە بۆ هەندێك زۆر مەترسیدارو كوشندەبێت، بەتایبەتیش ئەوانەی تەمەنیان هەڵكشاوەو بەدەست كیشەی تەندروستی پێشترەوە دەناڵێنن. جۆناسان پۆڵ پسپۆڕ لە زانستی ڤایرۆسەكاندا لە زانكۆی نۆتنگهام لە بەریتانیا وتی: توێژینەوەكە جەختی كردووە لەسەر ئەوەی زۆرینەی حاڵەتەكان، ماوەی جێگیربوونو دواتریش ماوەی كەرەنتینە ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا دەگاتە 14 رۆژ. لەو شتانەی كە دڵنیایی دەدەن ئەوەیە" هیچ بەڵگەیەك نییە لەبارەی ئەوەی دەكرێت خەڵك بەشێوەیەكی رۆتینی ڤایرۆسەكە بگوازنەوە لەو ماوەیەدا كە نیشانەكان دەرناكەون". باوەڕوایە ئەو كەسانەی كە زیاتر ئەگەری گواستنەوەی پەتاكەیان هەیە ئەوانەن كە بەشێوەیەكی روون نیشانەكانیان تێدایە وەكو كۆكەو تا. پێدەچێت ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەكە هەبێت بەر لە دەركەوتنی نیشانەكان، بەڵام باوەڕ بەوە ناكرێت كە ئەمە رێگەی سەرەكی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە بێت. باشترین رێگە بۆ خۆپاراستنو رێگری لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە ئەمانەن: • خۆبەدورگرتن لەو كەسانەی كە وا دەردەكەون تەندورستییان باش نییە. • خۆبەدورگرتن لە دەستدان لە چاو و لوت و دەمت، كاتێك دەستەكانت نەشتووە. • كلینێكس بەكاربهێنە لەكاتی باوێشكو كۆكەدا، دواتر كلینێكسەكە فڕێبدە ناو زبڵدانو دەستەكانت بشۆ. • دەستەكانت زۆر بشۆ بە ئاو و سابون.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئایندەی سیاسی ئەفغانستان جارێكی تر كەوتەوە بەردەم دوڕیانێك، سبەینێ رۆژێكی یەكلاكەرەوەیە، ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، لە یەك كاتدا لە دوو شوێنی جیاوازی كابولی پایتەخت دوو كەس وەكو سەرۆكی وڵات سوێندی یاسایی دەخۆن، ئەمە چیرۆكی وڵاتێكە كە خەڵكەكەی بەدەست مەحسوبیەتو گەندەڵییەوە دەناڵێننو ئومێدیان بە چینی دەسەڵاتداری وڵاتەكەیان نەماوە چاكسازییان بۆ بكات. دوو سەرۆكو یەك سوێند بڕیارە سبەینێ محەمەد ئەشرەف غەنی جارێكی تر وەكو سەرۆك كۆماری ئەفغانستان لە مەراسیمێكدا سوێندی یاسایی بخوات، عەبدوڵا عەبدوڵای ركابەری بەنیازە لە هەمان كاتدا لە مەراسیمێكدا وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی بخوات، واتە لە یەككاتدا دوو كەس وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی دەخۆن. تاكە چارەسەر بۆ رێگریكردن لە دابەشبوونی ئەفغانستان لەنێوان دوو سەرۆكدا، ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەیە كە لە باڵیۆزخانەكانەوە لە كابول بەڕێوەدەچێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەنێوان ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵادا. ئەشرەف غەنی سەرۆك كۆمارە، عەبدوڵا عەبدوڵای ركابەری سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، ئەم دوو پیاوە ئەمە بۆ جاری دووەمە لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵات ناكۆكن، لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا عەبدوڵا عەبدوڵا بەرامبەر بە ئەشرەف غەنی شكستی هێناوەو دانی بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا نەناوە. بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئەفغانستان تیمی ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵا بۆ لێدان لە مەعنەویاتی یەكتر وێنەی نامەی بانگهێشتنامەكانیان بۆ كەسایەتییەكان بەمەبەستی ئامادەبوون لە مەراسیمی سوێندخواردن وەكو سەرۆكی وڵات بڵاودەكەنەوە. غولام بەهادین جیلانی سەرۆكی دەستەی ئامادەكاری مەراسیمی سوێندخواردنی ئەشرەف غەنی بە تۆڕی هەواڵی (بی بی سی فارسی) وتووە:" ئامادەكارییەكانیان بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی ئەشرەف غەنی وەكو سەرۆكی وڵات تەواو كردووە". تەلەفزیۆنی فەرمی ئەفغانستان رایگەیاند، سبەینێ بەبۆنەی سوێندخواردنی سەرۆك كۆمارەوە لە كابولی پایتەخت پشووە. بانگهێشتنامە ئاڕاستەی ئاڕاستەی باڵیۆزی وڵاتان كراوە بۆ بەشداریكردنیان لە مەراسیمەكە، باڵیۆزی وڵاتان تێیدا ماونەتەوەو نازانن بەشداری لەكام مەراسیمیان بكەن. سەرچاوەیەك لە نوسینگەی عەبدوڵا عەبدوڵای سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە ئەفغانستان بە (بی بی سی فارسی) رایگەیاندووە، لەلایەن باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاوە نێوەندگیری لەنێوان ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵا دەكرێت تاوەكو سبەینێ مەراسیمی سوێندخواردنی ئەشرەف غەنی بەڕێوەنەچێت. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، ئەگەر تاوەكو كۆتایی ئەمڕۆ نەگەنە رێككەوتن، بەدڵنیایی سبەینێ دوو مەراسیمی سوێندخواردن لە كۆشكی سەرۆكایەتیو بارەگای سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەڕێوەدەچێت. حیكمەتوڵڵا حیكمەت وتەبێژی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی عەبدوڵا عەبدوڵا دوێنێ وتی:" عەبدوڵا عەبدوڵا لە كۆشكی سپیدار وەكو سەرۆكی وڵات سوێندی یاسایی دەخوات". بەقسەی ئەو ژمارەیەك لە سیاسەتمەدارانی گەورەو دیپلۆماتكارانی بیانی بانگهێشتكراون بۆ بەشداربوون لەو مەراسیمە، پشتڕاستیكردەوە كە لەنێوان هەردولادا گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر دروستكردنی یەك حكومەتی هاوبەش. ئەنجامی هەڵبژاردنو ناكۆكییەكان كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە ئەفغانستان ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵاتو سەركەوتنی ئەشرەف غەنی لە هەڵبژاردنەكە راگەیاند، بەڵام عەبدوڵا عەبدوڵا ئەنجامەكان رەتدەكاتەوەو دەڵێ ئەو براوەی هەڵبژاردنەكەیە. هەفتەیەك لەمەوبەر ئەشرەف غەنی بەنیاز بوو وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام ئەوكاتیش عەبدوڵا عەبدوڵا هەڕەشەی كرد هاوكات ئەویش وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی بخوات، بۆیە سوێندخواردنەكەی ئەشرەف غەنی كێشەی تێكەوتو دواخرا، بەڵام ئەوكات سەرۆكایەتی كۆماری ئەفغانستان هۆكاری دواخستنی مەراسیمی سوێندخواردنەكەی ئەشرەف غەنی گەڕاندەوە بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بووەتە كێشە بۆ ئامادەبوونی میوانانی بیانیو رایگەیاند، ئامادەكاری هونەری زیاتر دەكرێت تاوەكو مەراسیمێكی بەشكۆ بەو بۆنەیەوە سازبكرێت، بەڵام عەبدوڵا عەبدوڵا وتی:" دواخستنی مەراسیمی سوێندخواردنەكەی ئەشرەف غەنی بۆ ئەوە بووە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانەی كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە دروستبووە". بەپێی ئەو ئەنجامەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڵاویكردوەتەوە، ئەشرەف غەنی رێژەی 50.64%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا عەبدوڵا عەبدوڵا رێژەی 39.52%ی دەنگەكانی هێناوە. عەبدوڵا عەبدوڵا هاوشێوەی هەڵبژاردنی رابردووی سەرۆكایەتی ئەفغانستان بەدوای رێگەچارەیەكی نوێدا دەگەڕێت، خۆی ئەو رێگەچارەیەی ناوناوە "تەدبیرو حیكمەتو ئایندەگیریی". رۆژی 28ی ئەیلولی 2019 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەفغانستان بەڕێوەچوو، راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن نزیكەی پێنج مانگ لەوادەی خۆی دواكەوت، كاتێكیش ئەنجام راگەیەندرا، هەردوولا (ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵا) خۆیان وەكو براوەی هەڵبژاردنەكە راگەیاند. ئەمە لەكاتێكدا بوو بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەشرەف غەنی (923 هەزارو 592) دەنگی بەدەستهێنابوو، عەبدوڵا عەبدوڵا (720 هەزارو 841) دەنگی بەدەستهێنابوو. رێژەی دەنگی پشتڕاستكراوەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنەوە بەكۆی گشتی (ملیۆنێكو 823 هەزارو 48) دەنگ بوو، نزیكەی (3 ملیۆن) دەنگ بەهۆی نادروستبونیانەوە پوچەڵكرانەوە، بەبەراورد بە رێژەی دانیشتوانی ئەفغانستان كە (35 ملیۆن) كەسە هەروەها ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو كە (9 ملیۆنو 600 هەزار) كەس بوو، ئاستی بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنەدا بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو كەمترین رێژەی تۆماركرد. زۆرێك لە دەنگدەران بەهۆی هەڕەشەكانی بزوتنەوەی تالیبان بۆ بەئامانجگرتنی بنكەكانی دەنگدانو بێئومێدبوون لە چینی سیاسیو دەسەڵاتداری وڵات، بەشداری پرۆسەكەیان نەكرد، لە وڵاتێكدا كە بەدەست مەحسوبیەتو گەندەڵییەوە دەناڵێنێت. هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشووتر، تیمی بانگەشەی هەڵبژاردن بەر لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تۆمەتبار كرد بەوەی لایەنداری بۆ ئەشرەف غەنی دەكاتو رایگەیاند، تا ئەوكاتەی ئەو كارتانەی دەنگدان كە دروست نین، پوچەڵ نەكرێنەوە، دان بە ئەنجامەكاندا نانێن. ئەوكات تیمی عەبدوڵا عەبدوڵا باسیان لەوەدەكرد نزیكەی (300 هەزار) دەنگی نادروستی هەڵبژاردنەكە داخڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە كراوە، تیمەكە چەندین سكاڵایان لەدژی ئەو دەنگانە لە كۆمسیۆن تۆماركرد، بەڵام سكاڵاكانیان هیچ شتێكی ئەوتۆی لێ سەوز نەبوو. ئەمە دوبارەبوونەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2014 بوو، كە ئەوكاتیش عەبدوڵا عەبدوڵا باسی لە پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەدا دەكردو دواجار بە نێوەندگیری ئەمریكا لەگەڵ ئەشرەف غەنی رێككەوتنێكیان واژۆ كردو پێكەوە حكومەتێكیان دروستكرد بەناوی حكومەتی "وەحدەتی میللی"، لە ئەنجامی ئەو رێككەوتنەدا ئەشرەف غەنی بوو بە سەرۆك كۆمارو عەبدوڵا عەبدوڵاش بوو بە سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن. ئاشتی لەگەڵ تالیبان ناكۆكی ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵا لە كابول لەسەر دەسەڵات وەكو لێدانی گورزێك لێكدەدرێتەوە لەو رێككەوتنەی كە بەمدواییە ئەمریكا لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان ئیمزای كرد بۆ بەرقەراركردنی ئاشتیو سەقامیگری لە ئەفغانستانو هاندانی حكومەتی ئەفغانستان بۆ سازدانی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ تالیبان. ئەمریكییەكان بڕیاربوو بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەفغانستان رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان ئیمزا بكەن، بەڵام رێككەوتنەكەیان بۆ گرنگ بوو، نەیانویست بدەنە دەست چارەنوسێكی نادیار، بۆیە دوایانخست بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، تاوەكو لێیان روون بێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو كێ سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە دەكات، ئایا سەرۆكی نوێ ئامادەیە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ تالیبان دەستپێبكات یاخود نا، دروستبوونەوەی ناكۆكی لەسەر دەسەڵات لە كابولی پایتەخت ئەمریكییەكانی نیگەران كردووە بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەشرەف غەنیو عەبدوڵا عەبدوڵا تێگەیشتی جیاوازیان هەیە بۆ چۆنیەتی گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ تالیباندا وەكو گەورەترین مەترسی بۆسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە.
راپۆرتی: درەو شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز، كە تاقە برای دایكو باوكیی پادشای سعودییە ئێستا لەژیاندا مابێت، ڕەنگە فەرمانی لەسێدەران یان حوكمی هەتا هەتایی بەسەردا بسەپێنرێت، ئەو كە ئێستا بەتۆمەتی "ناپاكی گەورە" دەستگیركراوە، دووجار لەڕیزبەندی گەیشتن بە تەختی پادشایەتی دوور خراوەتەوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز چەند مانگێك لەمەوبەر ئاماژەی بە قوڵبوونەوەی كێشەكانی ناو خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودییە كرد، باسی لەكاریگەری ئەم شازادیە كردووە كە زۆرێك لە ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودییە چاویان لەدەستی بووە گۆڕانكارییەك دروستبكاو، لە جێنشینی پادشای ئێستا بیانپارێزێت. بەرەبەیانی ئەمڕۆ میدیاكانی ئەمریكا لەهەوالێكی بەپەلەدا دەستگیركردنی ژمارەیەك لە شازادەكانی سعودییەیان بڵاوكردەوە، كە لەنێوانیاندا برایەكی شا سەلمان پادشای سعودییەی تێدایە. پرۆسەیەك لەدۆخێكی تەواو نادیارو تەمومژاویدا ئەنجامدراوە كە دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ دێت لەشەپۆلی یەكەمی دەستگیركردنی دەیان شازادەو بەرپرسی گەورەو دەوڵەمەندو بزنسمانی ئەو وڵاتە. پێگەی ئەلەكترۆنی "جەزیرە"ی قەتەری بڵاویكردووەتەوە: دەسەڵاتدارانی سعودییە لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتێكی دەستگیركردنیان ئەنجامداوە كە ژمارەیەك شازادەی لە خانەوادەی دەسەڵاتدار گرتووەتەوە. بەگوێرەی سەرچاوەكە: ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دیوانی شانشین جوڵەیەكی نا سروشتی بەخۆوە بینیوەو، بەدوایدا شازادەكان دەستگیركراون، بێئەوەی ناوەكانیان ئاشكرابكات. ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"و "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی كە هەواڵەكەیان بڵاوكردووە، لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە ڕایانگەیاند: شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز برای پادشای سعودییەو، شازادە محەمەد بن نایف جێنشینی پێشو پادشا دەستگیركراون، هاوكات شازادە نەواف بن نایف برای جێنشینی پێشووش دەستگیركراوە. ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ئاماژەی بەوەشكردووە، كە محەمەد بن نایف لەدوای ئەوەی لەپۆستی جێنشینی پادشا دوورخراوەتەوە، لەژێر مانەوەی زۆرە ملێدا بووە لەلایەن محمەد بن سەلمان جێنشینی ئێستای پادشای سعودییەوە. بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەش، ژمارەیەك ئەفسەر لە دەزگاكانی ئاسایش و سوپاو پاسەوان كە گوماندەكرێت وەلائیان بۆ ئەحمەد بن عەبدولعەزیزو محەمەد بن نایف بێت دەستگیركراون. هەوڵی كودەتایان داوە؟ ئەو سەرچاوانەی هەواڵی دەستگیركردنی شازادەكانیان بڵاوكردووەتەوە، تائێستا یەكلایان نەكردووەتەوە هۆكاری دەستگیردنەكە چییە، هەرچەندە هەندێك سەرچاوە ئاماژە بە "ناپاكی" دەكەن. ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" باس لەوە دەكات كە هەردووو شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز و محەمەد بن نایف پەیوەندییان بە هەوڵی كودەتایەكەوە هەبووە كە بانگەشەی بۆ دەكرێتو، دەسەڵاتدارانی سعودییە بە ئەنجامدانی "ناپاكی گەورە" تۆمەتباریان دەكەن، بەوەش ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، یان زیندانی هەتاهەتایی. هەندێك لە شرۆڤەكاران گریمانەی كودەتای ناوخۆیی بەدوور دەزاننو، دەڵێن ڕەنگە دەستیگركردنەكە بەهۆی ناڕەزاییان بوبێت لەو گۆڕانكارییەكانی شازادەی جێنشین ئەنجامیدەدات. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز وەك یەكێك لەسەرچاوەكانی گواستنەوەی هەواڵەكە ئاماژەی بەوەكردووە، هەندێك لە ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتداری سعودییە هەوڵی گۆڕینی ڕیزبەندی چونە سەرتەختی پادشایەتیان داوەو، شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز_یان وەك یەكێك لەو بژاردانە پێشنیازكردووە كە لەلایەن ئەندامانی خێزانی دەسەڵاتداری سعودییەوەو دەزگا ئەمنییەكانو هەندێك لەوڵاتانی خۆرئاواوە پشتیوانی دەكرێت. ئاژانسی هەواڵی "فرانس 24" پرۆسەی دەستگیركردنی شازادەكانی بە ئاماژەیەكی ڕوون بۆ شوێن پێقایمكردنی محمەد بن سەلمان لەدەسەڵات لێكداتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا "بیكا فاسر" شرۆڤەكاری سیاسی لەدامەزراوەی "ڕاند" ی ئەمریكی بۆ دیراسات دەڵێت: شازادە محەمەد بن سەلمان دەستكراوە تربووە، پێشتر توانی هەموو هەڕەشەكانی بەردەم سەركەوتنی لابەرێت هەر لەزیندانیكردنی نەیارانییەوە تادەگاتە كوشتنیان بێئەوەی هیچ لێكەوتێكی هەبێت، ئەم پرۆسەیەش هەنگاوێكی ترە بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتەكەیو پەیامێكیش بۆ هەمووان، بە ئەندامانی خانەوادەی شانشینیشەوە، كە نەبنە بەربەست لەبەردەمیدا. هاوكات، جێفری مارتن لە ڕۆژنامەی "نیوز ویك" لەوتارێكدا نوسیویەتی:" دەستگیركردنەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی لەگەڵ دابەزینی داهاتەكانی نەوتدا بن سەلمان شوێنپێی خۆی قایم دەكات". كاتێكی هەستیار ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ئەوەشی نوسیووە، ئەم دەستگیركردنە تازانە لەدۆخێكی تایبەتو زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت بۆ سعودییەو خانەوادەی دەسەڵاتدارو ناوچەكەش بەگشتیو. بڕیارەكەی محمەد بن سەلمان لەبارەی ڕاگرتنی گەشتی ئاینی بۆ شاری مەكە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ناڕەزایی لێكەوتووەتەوە. وەك سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، لەكاتێكدا ئاهەنگەكانی ڕابواردنو پێدانی ڤیزای گەشتیاری بەردەوامە، مەكە خاڵیكراوە لەتەوافكاران. ڕەنگە ئەمەش بەشێكی تربێت لەمەترسییەكانی شازادەی جێنشینو هەستیكردووە ئەم دۆسییە لەدژی دەوروژێنرێت. لەكاردانەوەی ئەوەدا فەرمانی داوە بە دەستگیركردنی شازادەكان، بە تایبەت كە ترسێكی بەردەوامی هەبووە لە شازادە دەستیگركراوەكانو ئەگەری قۆستنەوەی هەر دۆسیەیەك لەدژی. جێگرەوەیەكی چاوەڕواننكراو ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا ڕاپۆرتێكی بڵاویكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتدارو دەستەبژێری پیاوانی خاوەنكار لەسعودییە دووچاری نائومێدی بوون لەسەركردایەتی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین، دوای هێرشە موشەكیەكەی حوسییەكان بۆ سەر ژێرخانی نەوتی سعودییە كە زیانێكی ماڵی گەورەی پێگەیاند. ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتەكەیدا ڕایگەیاندبوو، هەندێ لە شازادەكانی سعودییە وەك جێگرەوەیەك لە شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیزی تەمەن 77 ساڵ دەڕوانن، كە تاكە برای شاە سەلمانە لەدایكو باوكی لەژیاندا مابێتەوەو، لەلایەن ئەندامانی خانەوادەی دەسەڵاتدارو دەزگای ئاسایشو هەندێك لەهێزە خۆرئاواییەكانەوە پشتیوانی دەكرێت. یەكێك لەگەورە پیاوانی خاوەنكاری سعودی كە بۆ ڕۆیتەرز قسەی كردووە، وتویوتی، هەموویان چاویان لە شازادە ئەحمەدە بزانن چی دەكات، خانەوادەكە پێیانوایە ئەو تاكە كەسە بتوانێت پارێزگارییان لێبكات. ڕۆیتەرز لەبەشێكی تری ڕاپۆرتەكەیدا لەزاری چاودێرانی سعودییەوە ڕایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت شازادە ئەحمەد ئامادەبێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت،. هیچ ڕۆلێكی فەرمیش ناگێڕێتو بەردەوام خۆی بەدوور گرتووە. شازادە ئەحمەد تاكە كەس بوو لەو سێ كەسەی ئەندامانی دەستەی بەیعەت كە لەساڵی 2017 ڕەتیكردووەتەوە شازادە محەمەد بن سەلمان ببێت بە جێنشینی پادشای سعودییە. شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز كێیە؟ + ساڵی 1942 لەدایكبووە. + سیو یەكەمین كوڕی شا عەبدولعەزیز ئال سعودە. + سەر بە باڵی ئەلسدێرییە كە دەسەڵاتدارترینن لەناو خانەوادەی پادشایەتیدا. + برای دایكو باوكیی شا فەهدو شازادە سوڵتانو شازادە توركیو شازادە نایفو شازادە عەبدولرەحمانو شا سەلمان پادشای ئێستای سعودییە. + خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی سیاسی. + 37 ساڵ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی سعودییە بووە. + دووجار لە ڕیزبەندی گەیشتن بە تەختی پادشایەتی لابراوە، جارێك شاعەبدوڵا شازادە موقرینی برابچوكی پێشخستو، جاری دووەمیش شا سەلمان دەسەڵاتی گواستەوە بۆ نەوەكانو لەجێی ئەو كوڕەكەی خۆی دانا.
راپۆرتی: درەو لەدوای هێرشەكانی رژێمی سوریا بۆ سەر ئیدلیبو ناوچەكانی باكوری خۆئاراوای سوریا كە بەدواین مۆڵگەی گروپە توندڕەوەكانی نزیك لە توركیا دادەنرێت، ڕێككەوتنی سوچی بەشێوەیەكی كرداری كۆتایهات، لەئێستادا واقیعێكی تازە لەسەر زەمینی ئەو ناوچانە هاتووەتە گۆڕێ. رژێمی سوریا لەسەر حسابی گروپە چەكدارەكانی نزیك لەتوركیا باڵادەستی لەزۆرێك لەو ناوچانە سەپاندووە، توركیاش نایەوێت ئەو واقیعە تازەیە قبوڵبكات. بەنیازە ئەوەی لەمەیدان لەدەستی داوە لە گفتوگۆی دبلۆماسیو بەكارهێنانی كارتی سیاسی جیاوازدا بەدەستی بهێنێتەوە، یان لایەنی كەم بەكەمترین زیان لێی دەرچێت. دوای ئاڵۆزبونی دۆخی ئیدلیبو كوژرانو برینداربوونی دەیان سەربازی توركیا، ئەمڕۆ جارێكی تر (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) گەیشتەوە مۆسكۆو لەگەڵ هاوتا ڕوسییەكەی (ڤلادیمێر پۆتن) كۆبوەوە. سەرەتای دیدارەكەیان، پۆتن سەرەخۆشی لە ئەردۆغان كرد بە بۆنەی كوژرانی سەربازەكانی توركیا لە سوریاو وتی:"سەربازانی ڕوسیاو سوریا زانیارییان لەبارەی شوێنی سەربازەكانی توركیا نەبووە، سوپای سوریاش ئەم ماوەیە زیانی زۆری پێگەیشتووە". پۆتن وتیشی:" دۆخی ئیدلیب بەجۆرێك بە جۆرێك ئاڵۆزبووە پێویستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوانمان بوو". تەئكیدیشی لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی ئەو ئاڵۆزییانەو كاركردن بۆ دووبارە نەبوونەوەی كردەوە. پۆتن لەقسەكانی ڕویكردەوە ئەردۆغان وتی:" وەك ئەوەی داواتان كردبوو ئامادەین بۆ دەستكردن بە قسە ڕووبەڕوو، دواتر بەرپرسانی هەردوو حكومەتی ڕوسیا و توركیا بەشداربن لە گفتوگۆكان". لای خۆیەوە،(ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) هیوای خواست ئەو بڕیارانەی لەم كۆبونەوەیەدا دەدرێن بێتە مایەی هێوركردنەوەی دۆخەكە لەئیدلیب، وتیشی:"پەیوەندییەكانی توركیاو ڕوسیا لەلوتكەدایەو دەمانەوێت بەهێزتربێت". پێش دانوستان ئیشی خۆیانكرد بەپێی شرۆڤەیەك كە ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەنجامیداوە لەبارەی گەشتە ئاسمانییەكانو چاودێری گەشتی دەریاوانی لە گەروی بۆسفۆر، لە ڕۆژی 28 شوباتەوە كە دەكاتە ڕۆژێك دوای كوژرانی 34 سەربازی توركی لەگورزێكی ئاسمانی سوپای سوریادا، ڕوسیا بەشێوەیەكی بەرچاو گەشتە ئاسمانیو دەریاوانییەكانی بۆ سوریا زیادكردووە. بەگوێرەی ئاژانسەكە، ڕوسیا لەماوەی 6 ڕۆژدا 5 كەشتی جەنگیی ڕەوانەی سوریا كردووە كە ئاستی ئاسایی ناردنی كەشتییەك یان دوو كەشتی جەنگییە لەماوەی هەفتەیەكدا. لەبەرامبەر ئەو جوڵانەی ڕوسیادا پێش ئەنجامدانی كۆبونەوەكەی (پۆتن_ئەردۆغان)، خواستێكی توركی بەهێز هەیە كە گفتوگۆكانی ئەمڕۆی مۆسكۆ ئەنجامی خێراو بەرجەستەی لێبكەوێتەوە بۆ وەستاندنی شەڕ لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی سوچی. هەوڵی زیندوكردنەوەی سوچی دەدات بەپێی ڕێككەوتنی سوچی كە لە 17ی ئەیلولی ساڵی 2018 لەنێوان (ڤلادیمێر پۆتنو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) لەهاوینەواری سوچی لەڕوسیا ئیمزاكرا، بڕیاردرا بەپێكهێنانی ناوچەیەكی داماڵڕاو لەچەك لەئیدلیب بە پانتایی 15بۆ 20 كیلۆمەتر بەدرێژایی سنورەكانی بەریەككەوتن لەنێوان سوپای سوریاو گروپە چەكدارەكان. هێرشەكانی ئەم دواییەی سوپای سوریا بۆ باكوری خۆرئاوای سوریاو بەدیاركراوی بۆ ئیدلیب بەتەواوی ڕوخساری ئەو ڕێككەوتنی گۆڕیو، زۆرێك لەو ناوچانەی كەهیڵی جیاكەرەوەو، ناوچەی هێوركردنەوەی توندتیژی بوون، لەچەند هەفتەی ڕابردودا بوونە گۆڕەپانی شەڕو زۆرێكی لەلایەن سوپای سوریاوە كۆنتڕۆڵكرانەوە. كشانەوەی هێزەكانی رژێمی سوریا لە ئیدلیب بۆ دوای ئەو سنورانەی بەپێی ڕێككەوتنی سوچی ئەنكەرەو مۆسكۆ لەسەری ڕێككەوتوون، یەكێكە لەداواكارییە سەرەكییەكانی حكومەتی توركیا، ئەمە تاكە دەرچەیە توركیا بە چارەسەرێكی ئاشتیانەی بزانێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە بەكەمترین زیان، بۆیە بەهەموو توانایەوە هەوڵی زیندكردنەوەی دەدات، بەڵام مامەڵەی ڕوسیاو دیمەشقو هەنگاوەكانیان ئەوە دەردەخات كە وەك مردوو تەماشای ڕێككەوتنی سوچی دەكەنو، لەپێشەوە دەڕوانن، بەنیازی ئاوڕدانەوەنین لەدواوە. بژاردەكانی ئەنكەرە سەربازیی: بەكارهێنانی هێز یەكێكبووە لەو بژاردانەی حكومەتی توركیا لەم پێشهاتە نوێیانەی ئیدلیب دا پەنای بۆ برد، بەڵام بەشێوەیەكی سنوردارو بە ڕێككەوتن لەگەڵ ڕوسیا، بەتایبەت دوای كوژرانو برینداربوونی دەیان سەربازی لە بۆردومانی سوپای سوریادا، توركیا زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەودۆخە دەكات و نایەوێت هیچ بەریەككەوتنێكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سوپای ڕوسیا لەسوریا بۆ دروستبێت، چونكە ئەزمونێكی تاڵی هەیە لەمامەڵەكردن لەگەڵ ڕوسەكان بە تایبەت دوای بەردانەوەی فرۆكە ڕوسییەكە كە پۆتن ئەردۆغانی ناچاركرد داوای لێبوردن لە ڕوسیا بكات، وێڕایی ئەوەی زیانی ملیارەها دۆلاری بە ئابوری توركیا گەیاند. ئەو هێرشە سەربازییانەی توركیا لە ئێستادا ئەنجامیدەدات زیاتر بۆ هەڵلوشینی توڕەیی ناوخۆیی وڵاتەكەیو تۆڵكردنەوەیە لەرژێمی سوریا، بەدەر لەوە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر گۆڕینی هاوكێشەی هێز و نەخشەی شەڕەكە نابێت. هەڕەشە: لەدوای هێرشەكانی سوپای سوریاوە بۆ ئیدلیب، ئەردۆغان تاكۆتایی مانگی شوباتی بۆ رژێمی سوریا دیاریكرد بۆ كشانەوەی هێزەكانی بەپێچەوانەوە، هەڕەشەی ئەنجامدانی پرۆسەیەكی سەربازی كرد بۆ وەدەرنانی سوپای سوریا لەو ناوچانە، بەڵام سوپای توركیا لەبری ئەو پرۆسەیە دوای كوژرانی 34 سەربازەكەی، پرۆسەی (قەڵغانی بەهاری) ڕاگەیاند، كە خۆی لەئەنجامدانی كۆمەڵێك گورزی ئاسمانیدا دەبینێتەوە بۆ سەر سوپای سوریاو، ئەو پرۆسەیەی پێشتر هەڕەشەی ئەنجامدانی كرد نەیتوانی جێبەجێبكات. پەنابەران: دۆسیەی پەنابەران یەكێكی ترە لەو كارتانەی توركیا بۆ دروستكردنی فشار لەسەر وڵاتانی ئەوروپا بەكاریدەهێنێت تا وەك هاوپەیمانێكی ڕێكخراوی ناتۆ لەمەسەلەی ئیدلیب ئاوڕی لێبدنەوەو، بەتەنیا لەبەردەم ڕوسیا بەجێی نەهێڵن. گەرچی توركیا لەڕابردودا توانیویەتی ئەم دۆسیەیە مرۆییە وەك كارتێكی سیاسیو هەڕەشەی بەردەوام بە باشی بەكاربهێنیو، فشاری توند لەسەر وڵاتانی ئەوروپا دروست بكات، بەڵام پێنناچێت ئەمجارە ئەوروپییەكان بەهەمان سنگ فراوانی ڕابردوەوە مامەڵەی لەگەڵ بكەن. دوێنی وەزیرانی ناوخۆی یەكێتی ئەوروپا لەكۆبونەوەیەكدا بەكارهێنانی پەنابەرانیان وەك كارتو فشاری سیاسی لەلایەن توركیاوە بەتوندی ڕەتكردەوەو، داوایان لە ئەنكەرە كرد سەرجەم بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێبكات كە ساڵی 2016 لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا ئیمزای كردووە.
راپۆرتی: درەو ئەمڕۆ جارێكی تر "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" داوای لەسوپای سوریا كرد لەباكوری خۆرئاوای وڵاتەكەیان پاشەكشێی بكەن بۆ ئەو هێڵانەی توركیا دەستنیشانی كردووە، وتیشی: ئەو زیانانەی سوپای سوریا بەهۆی هێرشەكانی توركیاو گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە دووچاری بووە، تەنها سەرەتایە. ئەردۆغان لەمیانی بەشداریكردنی لەچالاكییەكی حزبەكەی لەئەنكەرە لەوتەیەكدا ڕاشیگەیاند: "گەورەترین زیانمان لەرژێمی سوریا داوە بەدرێژایی مێژوویی خۆی، ئەگەر بەزووترین كاتیش نەكشێنەوە بۆ ئەو هێڵانەی كە توركیا دیاریكردووە، ئەوا سەریان پێوەنابێت لەسەرو شانیانەوە" . ئەو هەڕەشانەی ئەردۆغان لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەردانی ڕوسیا دەكاتو، لەگەڵ "ڤلادیمێر پۆتن" دواین پێشهاتو ئاڵۆزییەكانی دۆخی ئیدلیب تاتوێدەكات. هاوكات "دیمتری بیسكۆف" وتەبێژی "كرملین" لەبارەی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی "ئەردۆغان" بۆ ڕوسیا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو "پۆتین" لەگەڵ هاوتا توركییەكەی تاوتوێی دۆخی سوریا دەكات، وتیشی: پابەندین بە ڕێككەوتنی سوچیو، یەكێتی خاكی سوریاو، پشتیوانی قەلاچۆكردنی تیرۆرستان دەكەین. پێشهاتەكان لەبەرژوەندی ئەنكەرە نییە "ئەردۆغان" لەكاتێكدا هەڕەشە لەسوپای سوریا دەكاو، سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنیشە بۆ گەشتێكی دبلۆماسی بە ئامانجی بەرگرتن لەهەر گۆڕانكارییەكی نوێ لەنەخشەی سیاسی باكوری خۆرئاوای سوریا. پێشهاتە مەیدانییەكان لەو ناوچەیە لە گۆڕانكاری خێرادانو، دۆخەكە تەواو پێچەوانەی چەند ڕۆژێك لەمەوبەرە كە ئەردۆغان پێیوابوو، پارسەنگی هێز لەبەرژوەندی توركیا گۆڕانی بەسەرهاتووە. بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی "سپۆتینگ" ڕوسی، شەوی ڕابردوو سوپای سوریا هێرشێكی فراوانی كردووەتە سەر پێگەی گروپە تیرۆرستییەكان لەشاری سەراقیبو دەوروبەری كە تا بەیانی ئەمڕۆ بەردەوامبووە، سەرەنجام توانیویەتی كۆنتڕۆڵی شارەكە بكاتەوە. لەدوای دەستپێكردنی هێرشەكانی ئیدلیبەوە ئەوە جاری دووەمە سوپای سوریا شاری سەراقیب لەچنگی گروپە توندڕەوەكانی نزیك لەتوركیا دەردێنێت. هەر لەوچوارچێوەیەدا، سەنتەری ئاشتبونەوەی ڕوسی لەسوریا لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: پۆلیسی سەربازیی ڕوسیا بەفەرمی چووتە ناو شاری سەراقیب-وە. بەگوێرەی بەیاننامەی سەنتەرەكە، لەپێناو زامنكردنی جوڵەی بارهەڵگرەكانو هاوڵاتیان بەدرێژایی هەردوو ڕێگای خێرای (ئێم4 و ئێم5)، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكەكەكانی پۆلیسی سەربازیی ڕوسیا چونەتە ناو شاری سەراقیب_وە. لەچەند ڕۆژی ڕبردودا گروپە توندڕەوەكان لەچوارچێوەی پرۆسەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ یەكەكانی كۆماندۆزی توركی توانیان شاری سەراقیب كۆنتڕۆڵ بكەنەوە. بەڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەمڕۆی لەلایەن سوپای سوریاوەو سپاردنی ئاسایشی شارەكە بە پۆلیسی سەربازیی ڕوسیا، پەلاماردانی سەرلەنوێی شارەكە لەلایەن گروپە توندڕەوەكانو سوپای توركیاوە كارێكی ئەستەمە، چونكە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی سوپای ڕوسیا دەبنەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە، دوای پێنج لەڕاوەستاندنی، ئەمڕۆ سوپای سوریا پرۆسە سەربازییەكانی لەناوچەی "جەبەل زاویە" لەریفی باشوری ئیدلیب دەستپێكردووەتەوەو، توانیویەتی شارۆچكەكانی "حەزارینو دار ئەلكەبیرە" كۆنتڕۆڵبكاتەوە. كرملین هۆشداریدەدات لەچوارچێوەی سنورداركردنی جوڵەكانی توركیا لە باكوری خۆرئاوای سوریا بەگشتیو شاری ئیدلیب بە تایبەتی، ڕوسیاو سوریا گەمارۆكانی سەر توركیایان بەتەواوی توندتر كردووەتەوەو، هەموو جوڵەیەكی فرۆكەوانی ئەنكەرەیان لەو ناوچەیە قەدەغەكرد، لەوبارەیەوە ئەمڕۆ "كرملین" ڕایگەیاند: وەزارەتی بەرگری ڕوسی هۆشداریداوەتە توركیا كە مۆسكۆ ناتوانێت زەمانەتی سەلامەتی فرۆكەكانی توركیا بكات كە بەسەر ناوچەی ئیدلیبی سوریادا دەفڕن، دوای ئەوەی دیمەشق بڕیاریدا ئاسمانی ناوچەكە دابخات. دوێنێ یەك شەممە حكومەتی سوریا، داخستنی بواری ئاسمانی بۆ گەشتی فرۆكەو هەر فرۆكەیەكی بێفرۆكەوان قەدەغەكرد لەئاسمانی ناوچەی باكوری خۆرئاوای سوریاو بەتایبەتی لەئیدلیب، بەگوێرەی بڕیارەكەی حكومەتی سوریا مامەڵەی فرۆكەی دوژمن لەگەڵ هەر فرۆكەیەكدا دەكەن كە ئاسمانی وڵاتەكەی ببەزێنێت. لەم سەروبەندەشدا، وەزیری بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هیچ پشتیوانیەكی ئاسمانی پێشكەش بە توركیا ناكات لە میانی ئەو پرۆسە سەربازییەی لە ئیدلیب ئەنجامیدەدات. "مایك ئەسپێر" وەزیری بەرگری ئەمریكا لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا سەبارەت بە ئەگەری پشتیوانی ئاسمانی توركیا لە ئیدلیب وتی: نەخێر ، ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەزیادكردنی هاوكارییە مرۆییەكانی دەڕوانێت بۆ خەڵكی سوریا.
(درەو): 10 ئاستەنگ ڕێگرن لەبەردەم گەیشتنی (مۆسكۆ و ئەنكەرە)بە ڕێككەوتنێكی نوێ سەبارەت بە ئیدلیب، ئەوە لەكاتێكدا هەردوو سەرۆك (ڤلادیمێر پۆتنو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) پەیامی فشاركردن ئاڵوگۆڕدەكەن بۆ بەهێزكردنی مەرجەكانیان بۆ هەر لێكگەیشتنێكی نوێ لە نێوان لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا، لەگەڵ بەردەوامی دانوستانەكانو، كۆتایهاتنی ئەو مۆڵەتەی ئەردۆغان دیاری كردبوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیو، گەڕاندنەوەی سوپای سوریا بۆ پشتی هیڵەكانی ڕێككەوتنی سوچی. (پۆتن) لەمیانی پەیوەندیكردنی بە ئەردۆغان دوای كوژرانی 33 سەربازی توركیا لە بۆردومانێكی سوریا لە ئیدلیب، بڕیاریدا وەفدێك ڕەوانەی ئەنكەرە بكات بۆ ئەنجامدانی دانوستانێكی بەپەلە. لەگەڵ ئەوەی وەفدەكەی ڕوسیا نەرمی لەپێشنیازەكانیدا دەربڕی، بەڵام نەگەیشتە ئەو ئاستەی توركیا خوازیار بوو. ڕوسیا خوازیاری ڕێككەوتنێكی نوێیە، توركیاش ترسی هەیەو، بۆ ئەوەی جارێكی تر "سیاسەتی گەزتنی ڕوسی" دووبارەنەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی (پۆتن و ئەردۆغان) پەرۆشن بۆ پاراستنی شكۆیان دوای ئەوەی هەریەكەیان دووچاری گورزێكی بە ئازاربوون لە ئیدلیب. مێزی دانوستان بوونی 10 گرێی لەنێوان هەردوولا دەرخست كە ئەوانیش: 1- ڕووبەر: لایەنی توركی پێداگری دەكات لەسەر ئەوەی ڕوسیا هێزەكانی سوریا دوربخاتەوە بۆ پشتی خاڵەكانی چاودێری توركیا كە لەباكوری حەماو باشوری ئیدلیب جێگیركراون، بەپێی ڕێككەوتنی سوچی كە لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2018دا ئیمزاكرا، لایەنی ڕوسی لەدواین دانیشتندا لەهەڵوێستەكەی پاشگەزبووەوە، بەجۆرێك نەخشەیەكی پێشەكەش نەكرد تەنها پەیوەست بێت بەبڵاوبونەوەی سوپای توركیا لە شریتی سنوریی بە قوڵایی نێوان 5بۆ 10 كیلۆمەتر، وەك ئەوەی پێشتر كراوە. بەڵام تائێستا داواكاری توركیا ڕەتدەكاتەوە، ئەوەش دەرفەت دەكاتەوە بۆ ئەگەری چارەسەرێكی مامناوەند كە ڕەنگە مۆسكۆ پێش تەواوبوونی ماوەكە پێشكەشی بكات، بەپێی بڕیارێكی پۆتن. 2- ماوەی زەمەنی: مۆسكۆ دەیەوێت ڕێككەوتنەكە بۆ ماوەیەكی دیاریكراوبێتو، پابەندبن بە بڕگەی سەرەكی ڕێككەوتنی سوچیو بڕیاری 2254 بە ( ڕێزگرتن لە سەروەریو یەكێتی خاكی كۆماری عەرەبی سوری)، ئەنكەرەش داوا دەكات رێككەوتنەكە هەمیشەیی بێت.لێرەوە، ڕەنگە لایەنی ڕوسی بیەوێت هەر لێكگەیشتنێكی نوێ بكات، بیخاتە چوارچێوەی ڕێككەوتنی (ئەدەنە) لەنێوان (دیمەشق و ئەنكەرە) ساڵی 1998 كە ڕێگە بە سوپای توركیا دەدات بۆ ڕاوەدونانی "تیرۆستان" بە قوڵایی 5 كیلۆمەتر بچێتە ناوخاكی سوریاوە، ئەگەر ئەوە ڕوبدات، مانای شەرعیەتدان بە بوونی توركیا بە گەرەنتیكردنی لەلایەن ڕوسیاوە. 3- تیرۆرستان: لایەنی ڕوسی بە توركیای ڕاگەیاندووە، مافی هێزەكانی سوریایە تیرۆرستەكان بكەنە ئامانج كە بەپێی بریاری ئەنجومەنی ئاسایش دەستنیشانكراون، لایەنی توركی ڕازییە لەسەر جیاكردنەوەی تیرۆرستەكان لە میانڕەواكان. بەڵام زیاتر لە 3.5 ملیۆن كەس لە ئیدلیب دەژین، هەمویان تیرۆست نین، ئەمەش وادەكات دۆسیەی تیرۆر پێویستی بە ڕێگا چارەیەكی وورد هەبێت. 4- میكانیزمی چاودێری: تائێستا مۆسكۆ پێداگرە لەسەر ئەوەی هەر ڕێككەوتنێك لەنێوان هەردوولادا بكرێت لەلایەن ڕوسیا و توركیاوە چاودێری بكرێت، ڕێگریش دروست نەكرێت بۆ هاتنە ناوەوەی ئێران كە شەریك بووە لەهەردوو ڕێككەوتنی (ئەستانەو شوچی) بەڵام وڵاتانی خۆرئاوا سەرەنجیان هەیە لەسەر ڕۆڵی ئێران. توركیاش داوای چاودێرییەكی نێودەوڵەتی فراوانتر دەكات. 5- دووڕێگا سەرەكییەكە: مۆسكۆ دەیەوێت هەردوو ڕێگای حەلەب_دیمەشق و حەلەب_لازقییە بكرێتەوەو بكەوێتەكار، هێزەكانی حكومەتی سوریا ڕێگای دووەمیان كردەوە، بەڵام گروپەكانی نزیك لەئەنكەرە سەرلەنوێ لەچەند ناوچەیەكدا بەربەستیان بۆ دروستكردووەتەوەو، تائێستاش نێوانی سەراقیب و جسر ئەلشغوریان لە ڕێگای یەكەم لەژێر كۆنتڕۆڵدایە. 6- كاروانی هاوبەش: پێشتر هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر بەڕێكردنی كاروانی سەربازیی لەیەككاتدا لەناوچەی دابڕاو، ئەو ناوچانەی كە لەڕێككەوتنەكەدا بە ناوچەی كەمكردنەوەی ئاڵۆزی ناویان هاتووە، بەڵام لەئێستادا قسە لەسەر بەڕێكردنی كاروانی سەربازییە لەهەردوولای دوو ڕێگا سەرەكییەكە، بەجۆرێك لایەنی ڕوسی زامنی هێزەكانی سوریاو ئێران دەكات، توركیاش ناوچەكانی گروپە چەكدارەكان. 7- سەراقیب: مۆسكۆ پشتیوانی هەوڵەكانی دیمەشق دەكات بۆ گرتنەوەی شاری سەراقیبی ستراتیجی و دەرپەڕاندنی گروپە چەكدارەكانو سوپای توركیا. ڕەنگە یەكێك لەچارەسەرەكان كردنی ئەم شارەبێت بە بارەگای ڕوسی_توركی بۆ چاودێریكردنی هەر ڕێككەوتنێی نوێو، بەكارهێنانی هەردوو ڕێگا سەرەكییەكە بۆ جوڵەی هاوڵاتیانو بازرگانی. 8- جەبەل زاویە: مۆسكۆ فشار دەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی جەبەل زاویە لەلایەن سوپای سوریاوە بۆ گەیشتن بەڕێگای حەلەب_جسر ئەلشغور_لازقییە، لەكاتێكدا گروپە چەكدارەكانو، توركیا هەوڵی وەردەنانی سوپای سوریا دەدەن لەو ناوچەیە. 9- سوپای توركیا: ئەنكەرە پێداگرە لەهێشتنەوەی سوپاو چەكەكانی لەباكوری خۆرئاوای سوریاو لەخاڵەكانی چاودێری كە ڕەنگە بگاتە 50 خاڵ لە ڕیفەكانی حەلەب و حەماو ئیدلیب، ڕوسیاش ڕێگری ناكات لەمانەوەی خاڵەكانی چاودێری بۆ كاتێكی درێژتر بەبێ مانەوەیەكی سەربازیی هەمیشەیی. 10-گەمارۆی ئاسمانیی: لایەنی توركی داوا دەكات هەر ڕێككەوتنێكی نوێ گەمارۆی ئاسمانیی فڕینی فرۆكەی جەنگی ڕوسی و سوری لەخۆبگرێتو لەڕێگەی فرۆكەی بێفرۆكەوان (درون) چاودێری بكرێت، بەپێی لێكگەیشتنی نێوان ئەنكەرەو مۆسكۆو فشاری وڵاتانی خۆرئاوا هاوشێوەی ناوچەكانی (قەڵغانی فورات و چڵە زەیتون و كانی ئاشتی) تائیستا ڕوسیا ڕەزامەندی لەسەر ئەو داواكارییە پیشان نەداوە. سەرچاوە: شەرقلئەوسەت
