(درەو): کۆمپانیای ئەسترازینیکا (AstraZeneca) کە کۆمپانیایەکی بەریتانی- سویدیە دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی بڕی (٢ ملیار) دانە لە جۆرە ڤاکسینێکی دژە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩. بەرهەمهێنانی ئەو بڕە زۆرە لە ڤاکسین وەکو سەرچڵییەکی ئابوری لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە تەماشادەکرێت بەتایبەت لەکاتێکدا ئەنجامی کۆتایی تێستەکانی دەرمانەکە دەرنەچووە. پاسکاڵ سۆریوس سەرۆکی کۆمپانیاکە رایگەیاند، هێشتا ڤاکسینەکەیان لەژێر تێستدایە، بەڵام ناچارن لەئێستاوە سەرچڵییەکی دارایی بکەن بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە، بۆئەوەی لەحاڵی سەلماندنی کاریگەریی ڤاکسینەکە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاستی خواست لەسەر دەرمانەکە پڕبکەنەوە. لە لێدوانێکدا بۆ BBC، سەرۆکی کۆمپانیاکە وتی:" لە ئێستاوە دەستمانکردووە بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەو پێویستە کاتێک دەرمانەکە ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان، ئاستی پێویستمان بەرهەم هێنابێت". کۆمپانیاکە دەڵێ لەتوانایدایە (٢ ملیار) دانە لە ڤاکسینە نوێیەکە بەرهەم بهێنێت و دەخوازێت قازانج بکات لەڕێگەی خشتنەبازاری چارەسەری کۆرۆنا کە هەموو جیهان چاوەڕوانی دەکات. هەندێک دەڵێن سەرباری ئەوەی هێشتا ئەنجامی کۆتایی تێستەکانی لەسەر دەرمانەکە دەرنەچووە، بەڵام کۆمپانیاکە بەڕێژەی ٨٠٪ دڵنیایە لەوەی ڤاکسینەکەی سەرکەوتووە لە روبەڕووبونەوەی کۆرۆنای نوێ، بۆیە ئەو سەرچڵییە گەورە داراییە دەکات و دەستی بەبەرهەمهێنانی دەرمانەکەی کردووە. رۆژی پێنج شەممە کۆمپانیاکە دوو گرێبەستی نوێی لەبارەی ڤاکسینەکەی ئیمزاکرد، یەکێک لە گرێبەستەکان لەگەڵ ملیاردێری بەناوبانگ (بیڵ گەیتس) بوو، رەنگە ئەمە هۆکارەکە بێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا گەیتس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی سکای نیوز وتی: تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ رەنگە چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەم بهێنرێت. کۆمپانیای ئەسترازینیکا کە لەگەڵ زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆرد خەریکی دروستکردنی ڤاکسینەکەیە، رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی نیوەی ئەو دوو ملیار ڤاکسینەی کە بەرهەمی دەهێنێت رەوانە وڵاتانی هەژارو ئەوانە بکات کە داهاتیان مامناوەندە. بەپێی ئەوەی شارەزایان باسی دەکەن، ڤاکسینەکەی کۆمپانیای ئەسترازینیکا لە کانونی دووەمی رابردوودا لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆرد دروستکراوەو ئەنجامی کۆتایی تێستی ڤاکسینەکەی لە مانگی (١٠)ی ئەمساڵ دەردەچێت، کۆمپانیاکە دەیەوێت چاەسەرەکەی جیهانی بێت و هەموان سودی ببینن و لەلایەن ئەو وڵاتەوە قۆرخ نەکرێت کە تێیدا بەرهەم هێنراوە. ڤاکسینەکە پێکهاتەی بۆماوەیی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا دانراوە، بە جۆرێک دروسکراوە هەر کەسێک بەکاری بهێنێت، لەناو لەشیدا جۆرە پرۆتینێک دەردەدات، ئەو پرۆتینە سیستمی بەرگری لەشی هاندەندات دژە تەن دروست بکات، کاتێک مرۆڤ روبەرووی ڤایرۆسە راستەقینەکە (کۆڤید-١٩) دەبێتەوە، سیستمی بەرگری لەشی دەیناسێتەوەو وەکو تەنێکی نامۆ مامەڵەی لەگەڵدەکات و دەکەوێتە شەڕەوە بۆ لەناوبردنی و ناهێڵێت کەسەکە دوچاری پەتاکە ببێت. لە تێستە بەراییەکاندا کۆمپانیاکە لەوە دڵنیا بووە چارەسەرەکەی هیچ لێکەوتێکی خراپی تەندروسی لەسەر ئەو کەسانە نییە کە بەکاریدەهێنن، ئەمەش بەشێکی تری ئەو متمانەیەیە کە کۆمپانیاکە بە چارەسەرەکەی هەیەتی، قۆناغێکی تری تێستەکان دەریخستووە ڤاکسینەکە بەبێ جیاوازی لەسەر هەموو تەمەنە جیاوازەکان هەمان کاریگەری خۆی هەیە. ئەوەی تێستەکان دەریانخستووە، ڤاکسینەکە رێگری تەواو ناکات لەوەی بەکارهێنەرەکانی دوچاری کۆرۆنا نەبن، بەڵام کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئەوەی ئەگەر دوچاری کۆرۆناش ببن، نیشانەکانی لەسەریان توند نەبێت. https://www.facebook.com/watch/live/?v=272461197291741&ref=watch_permalink
(درەو): هاوسەری ئەو پۆلیسەی کە لە شاری مینیاپۆلیس-ی ئەمریکا پیاوێکی رەشپێستی کوشت، بەنیازە لە پیاوەکەی جیاببێتەوە. دیمەنی کوشتنی پیاوێکی بەڕەگەز ئەفریقی بەناوی (جۆرج فلۆید)، چەند رۆژێکە رایگشتی لە ئەمریکاو لەسەر ئاستی جیهانیش وروژاندووە. لە چەند شارێکی ئەمریکا خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەچوو، پێکدادان لەنێوان پۆلیس و خەڵکدا رویداو تائێستا کەسێک لە خۆپیشاندەران کوژراوە. (دیریک شاوفین) کە ئەفسەرێکی پۆلیس بوو لە شاری مینیاپۆلیس-ی سەربە ویلایەتی مینیسوتا، هەفتەی رابردوو لەکاتی دەستگیرکردنی پیاوێکی رەشپێستدا، بۆ ماوەی (٨ خولەک) ئەژنۆی لەسەر گەردنی پیاوکە دانا تاوەکو گیانی لەدەستدا، دیمەنی ئەم روداوە لەلایەن هەندێک خەڵکەوە لەو شوێنە تۆمارکرا، دوای بڵاوبونەوەی لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموو جیهانی وروژاند. خەڵکێکی زۆر کوشتنی ئەو پیاوە رەشپێستە بەو شێوەیە، وەکو جیاکاری رەگەزیی لە ئەمریکا وێنا دەکەن، بەتایبەتیش کە جیاکاری لە ئەمریکا مێژوویەکی هەیەو کوشتنی رەشپێستەکان لەسەر دەستی پۆلیس دوبارە دەبێتەوە. ئەو کاردانەوە بەهێزەی کە لەسەر کوشتنی پیاوە رەشپێستەکە دروستبووە، تەنانەت گەیشتووەتە ناو خانەوادەی پۆلیسەکەش. کیلی شاوفین هاوسەری دیریک شاوفینی ئەفسەری پۆلیس کە وەکو بکوژی سەرەکی پیاوە رەشپێستەکە تۆمەتبارکراوە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەنیازە داوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی بکات. کیلی دەڵێ: کوژرانی فلۆید لەسەر دەستی هاوسەرەکەم، شتێکی وێرانکەر بوو بۆ من، هاوسۆزی تەواوەتی خۆم بۆ فلۆیدو هەموو خۆشەویستان و ئەوانەی خەمباربوون بەم کارەساتە، رادەگەیەنم. کیلی هەر لەو بەیاننامەیەدا داوای کرد، لەم ساتە ناخۆشەدا، تایبەتمەندی و پارێزگاری بە خانەوادەکەی بدرێت. دیریک شاوفین ئێستا لەلایەن دادگاوە روبەڕووی تۆمەتی کوشتنی "پلە سێ" کراوەتەوە، ئەو ئەفسەرانەی تریش کە لەکاتی روداوەکەدا ئامادەبوون، لە ریزەکانی پۆلیس دورخراونەتەوە، بەڵام ئەمە توڕەیی خەڵکی هێورنەکردوەتەوە. دەسەڵاتداران بۆ کۆنترۆلکردنی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە شاری مینیاپۆلیس قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاند. ناڕەزایەتییەکان گەیشتە شاری واشنتۆنی پایتەختیش، لە واشنتۆن خۆپیشاندەران دروشمی " دادپەروەری.. ئەگەرنا ئارامی نامێنێت" وتەوە، واتا تا ساتی بەسزاگەیاندنی بکوژانی ئەو پیاوە رەشپێستە بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی و کۆڵ نادەن، هەندێک دروشمی تر بەرزکرانەوە لەوانە "دادپەروەری خێرا"و "دادپەروەری لەپێناو فلۆیددا" هەروەها دروشمی "ژیانی رەشپێستەکان گرنگە"، "کوشتنی رەشپێستەکان لەسەردەستی پۆلیس رابگرن". هەر لە واشنتۆن خۆپیشاندانێک بە ئاڕاستەی کۆشکی سپی رێکخرا، هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە خۆپیشاندەران کرد بگەنە ناو بینای کۆشکی سپی، خۆپیشاندەران لەبەردەم کۆشکی سپیدا ئاڵای وڵاتەکەیان سوتاند. لە نیویۆرک و ئەتلەنتاو دیترۆیت خۆپیشاندان کرا، لە ئەتلەنتا خۆپیشاندەران پەلاماری بارەگای کەناڵی CNN یان دا.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت لەڕێگەی ژن و ژنخوازییەوە بوون بە هاوبەشی یەکتر، ئەم لە دەسەڵات و ئەوی تر لە ئابوریدا، ئەمە یەکێک لە نمونە دیارەکانی هاوسەرگیری دەسەڵاتە لەگەڵ سەرمایەدا، ئەم هاوسەرگیرییە ئێستا کێشەی تێکەوتووە، بنەماڵەی ئەسەدو مەخلوف لەسەروبەندی تەڵاقدان. ئەسەد؛ مەخلوف بلۆک دەکات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ حکومەتی سوریا بڕیارێکی دەرکردووە بۆ دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی رامی مەخلوف و خانەوادەکەی. ئەمە بەپێی نوسراوێکە کە وەزیری دارایی سوریا ئیمزای لەسەرکردووەو نوسراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، دەستدەگیرێت بەسەر موڵک و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەی مەخلوف و هاوسەرەکەیدا بۆ زامنکردنی وەرگرتنەوەی ئەو پارانەیە کە وەکو قەرز کەوتوەتەسەر کۆمپانیاکەی مەخلوف لە بواری پەیوەندییەکاندا. رامی مەخلوف کە کوڕی خاڵی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریایە، رۆژی دووشەممە لەڕێگەی ئەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، نوسراوێکی بڵاوکردەوەو باسی لەوەکرد ئەو قسانەی کە دەستەی پەیوەندییەکان دەیکات لەبارەی ئەوەی کۆمپانیاکەی (کۆمپانیای سیرتێل بۆ پەیوەندییەکان) ئامادە نییە ئەو شایستە داراییانە بدات بە حکومەت کە کەوتووەتە سەری، راست نین. مەخلوف باسی لەوەکرد، ئەو نوسراوە کە رۆژی ١٠ی ئایار تۆمارکراوە، دەریدەخات کۆمپانیای سیرتێل ئامادەیی نیشانداوە ئەو پارانە بدات کە داوای لێکراوە، بەڵام کۆمپانیاکەی داوایکردووە پرۆسەی پێدانی پارەکەو ئەو سودەی کە دەکەوێتەسەری، بۆ بکرێت بە قیست. دەستەی پەیوەندییەکانی سوریا وەڵامی قسەکانی مەخلوفی دایەوەو رایگەیاند، ئەو قسانەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمپانیای سیرتێل کردوویەتی لەچوارچێوەی هەڵمەتی فڕوفێڵدایە بۆ خۆدزینەوە لە پێدانی ئەو پارانە بە خەزێنەی گشتی کە دەکەوێتە سەرشانی و مەخلوف ئامادە نییە دەسەڵات بە تیمی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەی بدات ئیمزا لەسەر رادەستکردنی پارەکان بکەن. لە هاوینی ٢٠١٩وە رامی مەخلوف کەوتووەتە ناو ململانێیەکەوە لەگەڵ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، ئەمە دوای ئەوەهات دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەستیان خستە ناو کارەکانی (کۆمەڵەی البستان) کە رامی مەخلوف سەرۆکایەتی دەکات و بووە بە کەڤەرێکی مرۆیی بۆ کارە بازرگانییەکانی لەماوەی ساڵانی جەنگی ناوخۆیی لە سوریا، حکومەتی سوریا هاوکات گروپی چەکداری تایبەت بە مەخلوفی هەڵوەشاندەوە. مانگی دێسەمبەر حکومەتی سوریا زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد بۆ دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی ژمارەیەک لە گەورە سەرمایەدارانی وڵاتدا، یەکێک لەوانە رامی مەخلوف و هاوسەرەکەی و هاوبەشە بازرگانییەکانی بوو. حکومەتی سوریا ئەو سەرمایەدارانەی تۆمەتبارکرد بەوەی خۆیان دزیوەتەوە لە پێدانی باج و لەماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆیدا کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستیپێکرد، بەشێوەی نایاسایی قازانجێکی زۆریان کردووە. رۆژی یەکشەممە رامی مەخلوف وتی:" دەوڵەت دەیەوێت رێژەی ٥٠٪ی قەبارەی کارە بازرگانیەکان ببات واتە رێژەی ١٢٠٪ی قازانج، ئەگەرنا مۆڵەت کارکردن لە کۆمپانیاکەمان وەردەگرێتەوەو دەستی بەسەردا دەگرێت". رامی مەخلوف سەرباری ئەوەی کوڕە خاڵی بەشار ئەسەدە، بەدرێژایی ساڵانی جەنگی ناوخۆیی خۆی بەدورگرت لە شانۆ سیاسی و سەربازییەکان. مەخلوف بەمدواییە باسی لەوەکرد دەسەڵاتداران داوا لە بڕی (١٨٥ ملیۆن) دۆلار لە کۆمپانیای سێرتێل دەکەن و، ئەو داوای لە بەشار ئەسەد کردووە دەستوەردان بکات و جارێکی تر خشتەی پارەکان رێکبخاتەوە. دوای ئەمە، دەستەی رێکخەری پۆستەو گەیاندنی سوریا رایگەیاند، هەموو رێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی دەوڵەت کە لای کۆمپانیای سیرتێل-ە. لەدوای گەیشتنی بەشار ئەسەد بە دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٠ دوای کۆچی دوایی حافز ئەسەدی باوکی، رامی مەخلوف بە یەکێک لە پایەکانی رژێمەکەی ئەژماردەکرێت. رامی کە باڵی بازرگانی حافز ئەسەدی باوک بووە، چەند مانگێکە کەوتووەتە ململانێ لەگەڵ بەشار ئەسەدی کوڕیدا. لەبارەی رامی مەخلوفەوە رامی مەخلوف ساڵی ١٩٦٩ لەدایکبووە، گەورەترین سەرمایەداری سوریایە، کوڕی گەورەی سەرمایەدار محەمەد مەخلوفە کە لەسەردەمی حوکمڕانی حافز ئەسەددا بانکێکی خانوبەرەی بەڕێوەدەبرد. پەیوەندییەکی بازرگانی بەهێز هەردوو خانەوادەی ئەسەدو مەخلوفی پێکەوە کۆکردووەتەوە، ئەمە سەرباری پەیوەندی ژن و ژنخوازیی کە بووە بە نمونەیەکی ڕوون بۆ هاوسەرگیری دەسەڵات لەگەڵ سەرمایەدا. کۆتاییەکانی ٢٠١٩ رێکخراوی "گڵۆباڵ ویتنس" بۆ روبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکرد، خانەوادەی مەخلوف کۆنترۆڵی رێژەی ٦٠٪ی ئابوری سوریایان کردووە. سەرباری کۆمپانیای بواری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، خانەوادەی مەخلوف خاوەنی چەندین کۆمپانیای بوار بیناسازی و نەوتن. بەپێی قسەی هەمان رێکخراو، بەبەهای (٤٠ ملیۆن) دۆلار خانو و موڵک و ماڵیان لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا هەیە. ساڵی ٢٠١١ کە لەچوارچێوەی "بەهاری عەرەبی"دا شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیش گەیشتە سوریا، خەڵک بەرلەوەی دروشمی روخانی رژێم بڵێنەوە، دروشمیان دژی بنەماڵەی مەخلوف دەوت و ئەوکات چەند ئۆفێسێکی کۆمپانیا سیرتێل لە شاری (درعا)ی لانکەی یەکەمی ناڕەزایەتیەکان، سوتێندران. ئەوکات بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی خەڵک، رامی مەخلوف رایگەیاند، واز لەکاری بازرگانی دەهێنێت و خۆی یەکلادەکاتەوە بۆ کاری خێرخوازی. تەلەفزیۆنی فەرمی سوریا لەزاری خۆیەوە رایگەیاند، رامی مەخلوف بەشێک لە پشکەکانی کۆمپانیای سیرتێل دەخاتە خزمەتی رەخساندنی هەلی کار و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە داهاتیان سنوردارە. ساڵی ٢٠١١ یەکێتی ئەوروپا ناوی رامی مەخلوفی خستە ناو لیستی سزاکانییەوەو سەروەت و سامانەکەی لە دەرەوە بلۆک کردو گەشتکردنیشی بۆ خاکی ئەوروپا لێ قەدەغەکرد. ئەمە لەکاتێکدا بوو پێشترو لە ساڵی ٢٠٠٨دا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای ئابوری بەسەر مەخلوفدا سەپاندبوو، بەتۆمەتی تێوەگلان لە هەوڵی تێکدانی حوکمڕانی لە عێراق و لوبنان. لەسەرەتای راپەڕینی سوریادا مەخلوف لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز وتی:" رژێمی سوریا تەسلیم نابێت و تا کۆتایی دەجەنگێت". باسی لەوەکرد دوای دروستبوونی قەیرانەکە دەستەبژێری دەسەڵاتداری سوریا زیاتر یەکگرتوو بوون و سەرباری ئەوەی قسەی کۆتایی لای ئەسەدە، بەڵام سیاسەتی گشتی وڵات بەبەشداری هەموان دادەڕێژرێت. جەنگێکی نوێ لەناو دڵی رژێمەوە ناکۆکی نێوان بەشار ئەسەدو رامی مەخلوف وەکو کوڕانی دوو بنەماڵەی هاوبەشی بازرگانیی، قسەوباسی جۆراجۆری دروستکردووە. هەندێک دەڵێن ئەوەی رودەدات تەنیا کێشەیەکی خێزانییە کە هۆکارەکەی ناکۆکی ئابوری بچوکە، هەندێکی تر دەڵێن ئەمە بەڵگەی سەرەتای دەستپکردنی ناکۆکییەکی سیاسییە لەسەر دەسەڵات کە پەیوەندی بە میحوەری روسیاو ئێرانە هەیە بۆ دەستگرتن بەسەر سوریادا. ماهیر شەرەفەدین کە یەکێک لە نوسەرەکانی سوریایە دەڵێ:" پەنابردنی رامی مەخلوف بۆ قسەکردن لەگەڵ بەشار ئەسەد لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەواتای ئەوەدێت چیتر لەلای ئەسەد رەتکراوەیەو هەموو رێگاکان لەبەردەمیدا بەستراوەو ناتوانێت ئەسەد ببینێت". بەڵام رۆژنامەنوس مەعن خزر تێڕوانینێکی تری هەیەو پێیوایە ئەمەی رودەدات جۆرێکە لە ململانێ لەنێوان دوان لە دیارترین ئاڕاستەکانی ئابوری لە سوریا، کە یەکەمیان ئەسما ئەسدی هاوسەری بەشار ئەسەدو ئەوی تر بنەماڵەی مەخلوفە. نوسەر ئیبراهیم کابن دەڵێ هەر ئەوەی کە جەمسەرەکانی رژێمی سوریا گەیشتونەتە قۆناغی بەریەککەوتن لەڕووی میدیاییەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت گەیشتونەتە حاڵەتی یەکترخواردن.
نوسینی: فرناندۆ دوارتە- BBC وەرگێڕانی لە فارسییەوە: فازل حەمەڕەفعەت رەنگە تا بەر لە چەند مانگێك هیچ شتێكت لەبارەی ئەنفلۆنزای ئیسپانییەوە نەبیستبێت، بەڵام پێدەچێت بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تێگەیشتبیت، كە ڤایرۆسێكی كوشندە لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا جیهانی دیل كردووە. ئەم نەخۆشییە كە هەندێك بە "دایكی هەموو پەتاكان" ناوی دەبەن، لەنێوان ساڵەكانی 1918و 1920 بووەهۆی مردنی (20 بۆ 50 ملیۆن) كەس. زانایانو مێژوونوسان باوەڕیانوایە یەك لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان كە ئەو سەردەمە (ملیارێكو 800 ملیۆن) كەس بووە، دوچاری ئەم نەخۆشییە بوون، زیانەكانی ئەم پەتایە لە جەنگی یەكەمی جیهانی كە تازە كۆتایی هاتبوو، زیاتر بوو. ئێستا كە جیهان دوچاری قەیرانی كۆڤید-19 بووە، رێگەبدە چاوێك بخشێنین بە دواینجاردا كە تێیدا بەهۆی پەتایەكەوە چەرخی جیهان لە جوڵە كەوتووە- جیهان دوای ئەو كارەساتە چی بەسەرهات ؟ 1921- جیهانێكی تەواو جیاواز پزیشكو پەرەستارانی ئەمریكی لەسەردەمی پەتای ئەنفلۆنزای ساڵی 1918 گومانی تێدا نییە كە لە 100 ساڵی رابردوودا زۆرێك لە شتەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە. زانستی پزیشكی توانای كەمتری هەبوو بۆ روبەڕووبونەوەی لەگەڵ نەخۆشییەكاندا، پزیشكەكان دەیانزانی ئەنفلۆنزای ئیسپانی لە میكرۆبەوە دروستبووەو نەخۆشییەكە دەتوانێت لە كەسێكەوە بگوازرێتەوە بۆ كەسانی تر، بەڵام گومانیان لەوە هەبوو هۆكاری نەخۆشییەكە بەكتریایەكە نەك ڤایرۆس. بارودۆخی چارەسەریش سنوردار بوو- جیهان هێشتا حەوت ساڵی مابوو تاوەكو یەكەمین ئەنتی بایۆتیك بدۆزێتەوە. یەكەمین ڤاكسینی ئەنفلۆنزا لە دەیەی 1940 گەیشتە دەستی خەڵك. خاڵێكی تر كە زۆر گرنگە ئەوەیە، سیستمی چارەسەری جیهانی دروست نەبوبوو. تەنانەت لە وڵاتە دەوڵەمەندەكانیشدا تەندروستی گشتی وەكو بابەتێكی كەمالیات تەماشادەكرا. لارا ئسپینی نوسەری بواری زانستیو نوسەری كتێبێك لەبارەی كاریگەرییەكانی ئەنفلۆنزای ئیسپانی لەسەر جیهان دەڵێ:" لە وڵاتە پیشەسازییەكاندا پزیشكان زیاتر بۆ خۆیان كاریان دەكرد یاخود لەڕێگەی رێكخراوە ئاینییەكانەوە سەرچاوەی داراییان بۆ دابین دەكرا، زۆرێك لە خەڵك تەنانەت دەستیان بە پزیشك نەدەگەیشت". گەنجترو هەژارتر وێنەی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە توشبوانی ئەنفلۆنزای ئیسپانیی شتێك كە بارودۆخەكەی خراپتر كرد، جیاوازی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بوو لەگەڵ ئەنفلۆنزاكانی پێش خۆی، لەنمونەی پەتای 1889-1890، كە بوو بەهۆی مردنی ملیۆنێك كەس لەسەرتاسەری جیهان. زۆرینەی ئەوانەی گیانیان لەدەستدا تەمەنیان لەنێوان (20 بۆ 40) ساڵدا بوو، زیانەكان لەسەر پیاوان بەشێوەیەك زیاتربوو كە بەراوردناكرێت- رەنگە ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە پەتاكە لە كەمپە قەرەباڵغەكانی بەرەی خۆرئاوا دەركەوتبوو و لەگەڵ كۆتایهاتنی جەنگو گەڕانەوەی سەربازەكان بۆ ماڵەكانیان، بڵاوبوو بووەوە. لە هەمان كاتدا نەخۆشییەكە زیانی زیاتری بە وڵاتە هەژارەكان گەیاند. ئەنجامی كۆتایی لێكۆڵینەوەی فرانك بارو توێژەری زانكۆی هارڤارد دەریدەخات 0,5%ی دانیشتوانی ئەمریكا- نزیكەی 550 هەزار كەس بەهۆی ئەنفلۆنزای ئیسپانییەوە گیانیان لەدەستداوە، لە حاڵێكدا كە ئەم نەخۆشییە لە هیندستان بوو بەهۆی مردنی 5,2%ی دانیشتوان- نزیكەی 17 ملیۆن كەس. نوسەر كاترین ئارنۆڵد دەڵێ:" زیانەكانی جەنگی یەكەمی جیهانو ئەنفلۆنزای ئیسپانی بووەهۆی رودانی كارەساتێكی ئابوری". باپیرەو داپیرەی ئەو نوسەرە لەوانەبوون كە بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە لە بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە. بەوتەی ئەو:" لە زۆرێك لە وڵاتانی تر پیاوانی گەنج نەمابوون كارو كەسابەت بكەنو خێزان بەڕێوەببەن، كشتوكاڵ بكەن، فێری پیشەی نوێ ببن، هاوسەرگیری بكەنو منداڵ بخەنەوە بۆ ئەوەی شوێنی ئەو ملیۆنان مردوو پڕبكەنەوە، نەمانی پیاو بووە هۆی دروستبوونی كێشەیەك بەناوی "زیادبوونی ژنان"، ملیۆنان ژن كە هاوسەرێكی گونجاویان دەست نەدەكەوت. كارمەندانی ژن ئەنفلۆنزای ئیسپانی وایكرد ژنان بەشێوەیەكی زیاتر بچنە ناو بواری كاركردنەوە سەرباری ئەوەی ئەنفلۆنزای ئیسپانی نەبووە هۆی رودانی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی گەورە- بۆ نمونە ئەگەر بەراوردی بكەی بە كەوتنی فیوداڵیزم بەهۆی پەتای تاعونەوە لە سەدەی چواردەهەمدا- بەڵام لە زۆرێك لە وڵاتاندا كێشەی لە هاوسەنگی رەگەزیی دروستكرد. كریستین بلكبرن لێكۆڵەری زانكۆی كشتوكاڵو بنیادنان لە تێگزاز بەو ئەنجامە گەیشتووە كە كەمبونەوەی كرێكار لە ئەمریكا رێگای لەبەردەم ژناندا كردوەتەوە بچنە ناو هێزی كارەوە. ئەو دەڵێ:" كەمبونەوەی كرێكار بەهۆی پەتاو جەنگی یەكەمی جیهانییەوە پێی ژنانی خستە ناو بازاڕەوە، ساڵی 1920 ژنان رێژەی 21%ی كۆی دەستی كاریان لە وڵاتدا پێكدەهێنا". هەمان ساڵ كۆنگرێس دەنگیدا لەسەر پاشكۆی نۆزدەیەمی دەستورو بەوەش مافی دەنگدان بە ژنان درا. خاتوو بلكبرن دەڵێ:" بەڵگە هەیە نیشانی دەدات پەتاكەی ساڵی 1918 لە زۆرێك لە وڵاتان كاریگەری لەسەر مافەكانی ژنان هەبووە". هەروەك كەمبونەوەی هێزی كار بووە هۆی بەرزبونەوەی كرێی كار، لە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئامارەكانی دەوڵەت نیشانی دەدەن ناوەندی كرێی كار لە كەرتی پیشەسازیدا لە 21 سەنت بۆ یەك كاتژمێری كار لە ساڵی 1920دا بەرزبووەتەوە بۆ 56 سەنت لە ساڵی 1925دا. میراتییەكی ناخۆش بۆ تازەلەدایكبوان ئەو منداڵانەی كە لەكاتی پەتاكەی 1918دا لەدایكبوون ئەگەر دوچاربونیان بە نەخۆشی دڵ زیاتر بوو زانایان لێكۆڵینەوەیان لەسەر ئەو منداڵانەش كردووە كە لە پەتاكەی ساڵی 1918 لەدایكبوون، بۆیان دەركەوتووە ئەگەری بوونی كێشە لەنمونەی نەخۆشی دڵ لەو كەسانەدا زیاتربووە لەو منداڵانەی كە بەر لە پەتاكە یان دوای بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە لەدایكبوون. شیكاریی ئامارەكان دەریدەخەن رێژەی كاردانەوە بۆ خوێندنو كار لەنێو ئەو منداڵانەی كە ساڵەكانی 1918 بۆ 1919 لە بەریتانیاو بەرازیل لەدایبكوون، كەمتر بووە. هەندێك پێیانوایە ئەو فشارەی كە بەهۆی پەتاكەوە لەسەر دایكان دروستبووە، كاریگەری لەسەر گەشەی جینەكان دروستكردووە، زانیاری سەربازپیشەكانی ئەمریكا سەرەداوی تر بەدەستەوە دەدات: لەنێو ئەوانەدا كە ساڵەكانی 1915 تاوەكو 1922 لەدایكبوون، ئەوانەی لە ساڵی 1919دا لەدایكبوون (یەك سانتیمەتر) كورتتر بوون لە منداڵەكانی تر. هەستی دژ بە ئیمپریالیستیو هاوكاری نێودەوڵەتی گاندیو نەتەوەپەرەستەكانی هیندستان بەباشی سودیان لە قەیرانی ئەنفلۆنزا وەرگرت هیندستان لە ساڵی 1918دا زیاتر لە 100 ساڵ بوو كە وەكو موستەعمەرەیەكی بەریتانی ئەژماردەكرا. ئەنفلۆنزای ئیسپانی لە مانگی (مەی)ی ئەو ساڵەدا چووە ناو ئەو وڵاتەوە، ئەو زیانەی كە بەهیندییەكانی گەیاند زیاتر بوو لەوەی كە بە كۆچبەرە بەریتانییەكانی گەیاند، ئامارەكانی نیشانی دەدەن رێژەی مردن لەنێو خەڵكی هەژاری هیندستاندا گەیشتوەتە نزیكەی 6,2%، لەحاڵێكدا رێژەكە لەناو ئەوروپاییەكاندا تەنانەت نەگەیشتووەتە 1%. نەتەوەپەرەستەكانی هیندستان بەباشی سودیان لەو هەستە وەرگرت كە بەریتانییەكان بەشێوەیەكی لاواز مامەڵەیان لەگەڵ بەڕێوەبردنی قەیرانەكەدا كردووە، لە ساڵی 1919دا یەكێك لە ژمارەكانی گۆڤاری "هیندی لاو" كە لەلایەن گاندییەوە بڵاودەكرایەوە، بەتوندترین شێوە رەخنە لە دەسەڵاتدارانی بەریتانی گرت بەمشێوەیە:" لە هیچ وڵاتێكی شارستانی تردا بە ئەندازەی حكومەتی هیندستان، دەوڵەت نەیدەتوانی لە كارەساتی پەتادا بەوشێوەیە پشت لە بەرپرسیارێتییەكانی خۆی بكات". بەڵام ئەنفلۆنزای ئیسپانی لە هەمان كاتدا بایەخی هاوكاری نێودەوڵەتی سەلماند- ئەمە سەرباری مۆتەكەی جیۆپۆلەتیكیی كە جەنگی یەكەمی جیهانی لەدوای خۆی بەجێی هێشتبوو. كۆمەڵەی نەتەوەكان كە رێكخراوێكی فرەلایەن بوو بەر لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ساڵی 1923دا رێكخراوی تەندروستی دامەزراند، دامەزراوەیەكی تەكنیكی كە سیستمێكی نوێی بۆ كۆنترۆڵی پەتا دۆزییەوە، بەپێچەوانەی رێكخراوی پێشتر واتە نوسینگەی نێودەڵەتی بۆ تەندروستی گشتیی، كە لەلایەن ژمارەیەك دیپلۆماتكارەوە بەڕێوەدەبرا، درایە دەست شارەزایانی زانستی پزیشكیی. جیهان هێشتا ماوەیەكی زۆری مابوو بۆ دامەزراندنی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی لە ساڵی 1948دا. پێشكەوتن لە بواری تەندروستی گشتیدا پەتاكە بووەهۆی پێشكەوتنی بواری تەندروستی گشتی زیانەكانی ئەو پەتایە بووەهۆی پێشكەوتن لەبواری تەندروستی گشتیدا، بەتایبەتیش دۆزینەوەی سیستمەكانی چارەسەری سۆسیالیستی. یەكەمین سیستمی چاودێری تەندروستی گشتی لە ساڵی 1920 لە روسیا دروستكرا، زۆری نەخایاند وڵاتانی تریش هەمان كاریان كرد. لارا ئسپینی دەڵێ:" زۆرێك لە وڵاتان لە دەیەی 1920دا دەستیان برد بۆ دامەزراندن یاخود چاكسازیكردن لە وەزارەتی تەندروستیدا. ئەمە ئەنجامی راستەوخۆی پەتاكە بوو. لەوكاتەدا بەرپرسانی تەندروستی گشتی یان لە دانیشتنەكانی حكومەت بەشدارنەدەبوون یان ناچاربوون بچن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر بۆ بەدەستهێنانی بودجەو دەسەڵاتەكان". جێنیفەر كۆڵ زانای بواری ئەنترۆپۆلۆژیا (مرۆڤناسیی) لە زانكۆی رۆیاڵ هالووی لەندەن باوەڕیوایە ریشەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی لە زۆرێك لە وڵاتەكان دەبێت لە تێكەڵەیەكی جەنگو پەتا دروستبكرێت. بەوتەی ئەو:" پێشتر ژمارەی بێوەژنو منداڵانی بێ باوكو پەككەوتەكان زۆر بووە، دەوڵەت وەكو فەراهەمكارێكی خۆشگوزەرانیی گشتی لەناو دڵی ئەم واقیعەوە هاتوەتە دەرەوە. وادێتە پێش چاو پەتاكان رۆڵی ئاوێنە دەبینن بۆ كۆمەڵگە، كۆمەڵگە دەتوانێت دوای پەتا دادپەروەرو یەكسانتر بێت". كاریگەری ئەرێنی مانەوە لەماڵو دورەپەرێزیی كۆمەڵایەتی لە ئەنفلۆنزای ئیسپانیشدا خۆپارێزیو دروكەوتنەوەی لە قەرەباڵغی خالێكی گرنگ بوو چیرۆكی دوو شار: لە سێپتێمبەری 1918دا شارە جیاوازەكانی ئەمریكا ئامادەكارییان دەكرد بۆ فێستیڤاڵی بانگەشەكردن بۆ كارتی سەنەدی جەنگیی، ئامانج لە فرۆشتنی ئەم كاغەزانە دابینكردنی بودجەی جەنگ بوو كە هێشتا كۆتایی نەهاتبوو. كاتێك ژمارەی توشبووان بە ئەنفلۆنزای ئیسپانی زیاتر بوو، ئەو رێوشوێنەی كە ئەو دوو شارە گرتیانەبەر بەتەواوەتی دژبەیەك بوو: فیلادلفیا بڕیاریدا فێستسڤاڵەكەی بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە ئەنجام بدرێت، سانت لویس بڕیاریدا فێستیڤاڵەكەی هەڵوەشێنێتەوە. یەك مانگ دواتر، زیاتر لە 10 هەزار كەس لە فیلادلفیا بەهۆی توشیبوون بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستدا، بەڵام ژمارەی مردوان لە سانت لویس لە 700 كەس تێنەپەڕی. ئەم جیاوازییە بووەهۆی ئەوە دوروپەرێزیی كۆمەڵایەتی وەكو هەنگاوێكی كاریگەر بۆ كۆنترۆڵكردنی پەتاكە تەماشا بكرێت. لێكۆڵینەوە لە هەنگاوی شارە جیاوازەكانی ئەمریكا لە ساڵی 1918دا نیشانی دەدات، رێژەی مەرگ لەو شارانەی كە زوتر سینەما، كڵێساو خوێندنگەكانیان داخست، زۆر كەمتر بوو. هەروەك گروپێك لە ئابوریناسانی ئەمریكی بە شیكردنەوەی رێوشوێنەكانی ساڵی 1918 بەو ئەنجامە گەیشتوون كە دوای كۆتایهاتنی پەتاكە، ئەو شارانەی كە بەشێوەیەكی توندتر مامەڵەیان كردووە، دۆخی ئابورییان زوتر ئاسایی بوەتەوە. پەتا فەرامۆش كراوە ؟ پۆرترێتی خۆم لەگەڵ ئەنفلۆنزای ئیسپانی- كاری هونەرمەند ئیدوارد مۆنك سەرباری وانە گرنگەكانی، ئەنفلۆنزای ئیسپانی لە زۆر رووەوە پەتایەكی فەرامۆشكراو بوو. لە بواری گشتیدا كەوتەژێر سێبەری جەنگی یەكەمی جیهانەوە، زۆرێك لە دەوڵەتان بڵاوكردنەوەی هەواڵیان لەبارەی كاریگەری ئەو پەتایە لەسەردەمی جەنگدا قەدەغەكردبوو. نەبوونی هەواڵ ورد لەبارەی ئەو پەتایە بەواتای ئەوەدێت، ئەو قەیرانە ئامادەگییەكی زۆری لەناو كتێبە مێژووییەكانو رۆشنبیری گشتیدا نییە. مارك هۆنیگزبام مێژوونوسی پزیشكی دەڵێ:" تەنانەت لە یادی 100 ساڵەی ئەو پەتایەدا (2018) هێشتا پرۆگرامێكی تایبەت بەو یادە بەڕێوەنەچوو. تەنیا چەند گۆڕستانێك پرۆگرامیان بۆ یادكردنەوەی قوربانیدانی پزیشكو پەرەستاران رێكخست. ئەمە بەراورد بكە نەخۆشی ئایدز. تەنانەت ژمارەی كاری هونەری، رۆمانو شیعرەكان كە لەو سەردەمەدا باس لە پەتاكە دەكەن، زۆر كەمن". ئەمە جگە لە "پۆرترێتی خۆم لەگەڵ ئەنفلۆنزای ئیسپانی" كە كاری ئیدوارد مۆنك-ەو ئەو هونەرمەندە نەرویژییە لەكاتی دوچاربوونی بە نەخۆشییەكە كێشاویەتی. هونیگزبام لەهەمان كاتدا لەباسی ئەم بابەتەدا ئاماژە بە بیبلۆگرافیای بەریتانیكا دەكات لە ساڵی 1924، كە لە سەرەتادا "پڕ رووداوترین ساڵەكانی سەدەی بیستەم" تەنانەت ئاماژەی بەم پەتایە نەكردووە، یەكەمین كتێبە مێژوویەكان كە باسی ئەم پەتایەیان لە خۆگرتووە لە دەورەبەری ساڵی 1968دا بڵاوبونەتەوە. كۆڤید-19 بەتەواوەتی بیرەوەری خەڵكی زیندووكردوەتەوە. فرانسیسكۆ پاولا رۆدریگۆس سەرۆك وەزیرانی بەرازیل كە بەهۆی ئەنفلۆنزای ئیسپانییەوە مرد
راپۆرتی: درەو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەپێچەوانەی دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتەكەی، پێداگری دەكات كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەتاقیگەیەكی چین_ییەوە بڵاوبووتەوەو، ئاماژە بە بوونی بەڵگەش دەكات. پێشتر بەڕێوەبەری نوسینگەی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریكا ڕایگەیاند: هێشتا لێكۆڵینەوە لەچۆنییەتی دەستپێكردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە دەكات. بەڵام نوسینگەكە ڕایگەیاند: كۆڤید_19 لەدروستكراوی مرۆڤ نییە، یاخود دەستكاری بۆهێڵی كرابێت. چین تیرۆری دروستكردنی ڤایرۆسەكەی ڕەتكردووەتەوە لە تاقیگەو، ڕەخنەی لەمامەڵەی ویلایەتەیەكگرتووەكان گرتووە لەگەڵ قەیرانی كۆڤید_19. لەسەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسەكە لەچین لەساڵی ڕابردووەوە، زیاتر لە 230 هەزار كەسی كووشتوە لەسەرانسەری جیهان، كە63 هەزار كەسیان لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بوون. نزیكەی 3ملیۆنو 200 هەزار كەسیش لەجیهان تووشی پەتاكەبوون، كە ملیۆنێكیان لە ئەمریكان، لەسەرەتای بڵاووونەوەی ڤایرۆسەكە لەشاری وۆهانی چینەوە. ترەمپ چی ووت؟ ڕۆژی پێنج شەمە یەكێك لە ڕۆژنامەنوسەكان لەكۆشكی سپی پرسیاری لەترەمپ كرد:" هیچ شتێكت لەم قۆناغەدا بینیوە، متمانەیەكی تەواوت بداتێ كە پەیمانگای وۆهان شوێنی ڕاستەقینەی ئەم ڤایرۆسەیە؟" ترەمپ وەڵامی دایەوەو وتی:"بەڵێ، بەڵێ، لامە" بێئەوەی سەرچاوەی متمانەكەی بەو دەرەنجامە دیاریبكات. وتیشی:" پێموایە ڕێكخراوی تەندروستی جیهان پێویستە شەرم لەخۆی بكات لەبەر ئەوەی وەك ئاژانسی پەیوەندییە گشتییەكانی چینی لێهاتووە". كاتێك دوای لێكرد ڕوونكردنەوەی زیاتر لەبارەی سەرنجەكەی بدات، وتی:" ناتوانم ئەوەت پێبلێم، ڕێگەم پێنەدراوە ئەوەت پێڕابگەیەنم". بە ڕۆژنامەنوسانیشی وت:" ئەگەر چینییەكان هەڵەشیان كردبێت، یان كارەكە وەك هەڵەیەك دەستیپێكردبێت دواتر هەڵەیەكی تریان كرد، یان كەسێك بەدەستی ئەنقەسەت كردبێتی، من تێناگەم چۆن ڕێگە بەخەڵكی درا لە وۆهانەوە بچنە ناوچەكانی تری چین، بگرە ڕێگەیان پێدرا گەشت بكەن بۆ وڵاتانی جیهان، ئەمە كارێكی خراپە، ئەوە پرسیارێكە قورسە بۆیان وەڵامی بدەنەوە". ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ڕۆژی پێنج شەمە ڕایگەیاند: گەورە بەرپرسان لەكۆشكی سپی داوایان لە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا كردووە لێكۆڵینەوە بكەن بۆ دیاریكردنی ئەگەری ئەوەی ئەو ڤایرۆسە لە پەیمانگای لێكۆڵینەوەی وۆهانەوە سەریهەڵدابێت. تۆڕی هەواڵی "ئەی بی سی نیوز" لەزاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، ئاژانسی هەواڵگریش ڕاسپێردراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەگەری ئەوەی چینو ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەسەرەتادا زانیاریان لەبارەی ڤایرۆسەكەوە شاردبێتەوە. هەواڵگری چی وت؟ لەبەیاننامەیەكی ئاشكرای دەگمەندا، بەڕێوەبەری نوسینگەی هەواڵگری نیشتمانی كە سەرپەرشتی ئاژانسە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا دەكات ڕایگەیاند: ئەو لەگەڵ كۆدەنگی فراوانی زانستیدا هاوڕایە "سەبارەت بە بنەچەی سروشتیی كۆڤید_19". وتیشی:" دەزگا هەواڵگرییەكان بەردەوامدەن لەپشكنینی زانیارییەكان بە ووردییەكی زۆرەوە، بۆ دیاریكردنی ئەگەری ئەوەی پەتاكە لەڕێی پەیوەندی بەئاژەڵی تووشبووەوە بڵاوبووتەوە یاخود لەئەنجامی ڕووداوێك بووە لە تاقیگەی وۆهان".
(درەو): هێشتا دەنگدانەوەی هەڵدانی مانگە دەستكردە سەربازییەكەی ئێران كە ناوی "نور_1"ی هەڵگرتووە، لەنێوەندە ئەمریكییەكان دەبیسترێت، واشنتۆنو ئیدارەی ترەمب لەزیاد لەبۆنەیەكدا بێزاری خۆیان لەو هەنگاوە پیشانداوە. ئێران ڕایگەیاند، ئەو مانگە دەستكردە سەربازییە"نور_1" لەڕێی موشەكێكی جۆری "قاسد" بەدوو قۆناغی هەڵدراوە، توانیویەتی بچێتە ناو بۆشایی ئاسمانو لەخولگەی خۆی سەقامیگربێت بەدووری 425 كلم لەرڕووی زەوییەوە. مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ویلایەتەیە كگرتووەكانی ئەمریكا لێپرسینەوە لەئێران دەكات لەسەر هەڵدانی ئەو مووشەكە كە مانگێكی دەستكردنی سەربازی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە. مانگە ئێرانییەكە سوپای پاسدارنی ئێران ڕایگەیاند، یەكەم مانگی دەستكردی سەربازی وڵاتەكەیان بەسەركەوتوویی هەڵداوە بۆ خولگەكەی، ئەوەش لەكاتێكدا پەیوەندی تارانو واشنتۆن لەدۆخێكی ئاڵۆزدایە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمیو مووشەكییەكەی. سوپای پاسداران لەبەیاننامەیەكدا كە لەسەر پێگەی ئەلەكترۆنی خۆی بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت: مانگی دەستكردی (نور) لەخولگەكەی دەسوڕێتەوە كە 425 كیلۆمەتر لەڕووی زەوییەوە دوورە. ئاماژە بەوەشدەكات: مووشەكی (قاسد)ی بەكارهێناوە بۆ هەڵدانی مانگە دەستكردەكە، بەڵام نەچووەتە وردەكاری تر لەبارەی ئەو تەكنەلۆجیایەی بەكارهاتووە. ڕاشیگەیاندووە: مووشەكە تێكەڵەیەك لە سوتەمەنی شڵو ڕەق بەكاردەهێنێت. بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن، ترسیان هەیە لەوەی تەكنەلۆجیای بالیستی دوور مەودای بەكارهاتوو لە ناردنی مانگە دەستكردەكە بۆ خولگەكەی، بەكاربهێنرێت لە هاویشتنی مووشەكی هەڵگری كڵاوی جەنگی ئەتۆمی. لەبەرامبەردا ئێران ئەم بۆچوونەی ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕەتدەكاتەوە بەوەی ئەو چالاكییە ڕوپۆشێك بێت بۆ پێشختنی مووشەكە بالیستییەكانیو، ڕایدەگەیەنێت، هەرگیز هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی نەداوە. نامەكانی ئێران محەمەد غروری، شرۆڤەكاری سیاسی ئێران دەڵێت: "ئەمریكا دەیەوێت بەم قسانە لەبارەی مانگە دەستكردەكەی ئێران تەمومژ بۆ ئەم پرسە دروستبكات، بەجۆرێك بتوانێت هەندێك دەستكەوتی سیاسی بچنێتەوە، لەسایەی ئەو دۆخەی واشنتۆن تێیدا دەژی لەسەر ئاستی سیاسی، یاخود قەیرانی تەندروستی بەهۆی كۆرۆنا". ئەو شرۆڤەكارە ئێرانییە لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی سپۆتنینگ دەشڵێت: "ترەمپ بەدوای دەرچەیەكی دەرەكیدا دەگەڕێت دەرفەتی قسەكردنی بداتێ لەبارەی پرسە نێودەوڵەتییەكان، فشارەكان لەسەر ئیدارەی ئەمریكا خاو بكاتەوەو، لەو گێژاوە دەربازی بێت كە خۆی تێخستووە". ئاماژە بەوەشدەكات: "مووشەكەكەی ئێران كۆمەڵێك پەیام لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان ئەوەیە ئەمریكا وێڕایی فشارە بەهێزەكانی لەڕێی سزا توندەكانییەوە، نەیتوانیوە چۆك بەگەلی ئێران دابدات لەڕووی سیاسییەوەو، سەركردایەتییەكەی ناچار بكات بۆ گەڕانەوە بۆسەر مێژزی گفتوگۆ، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت سزاكان كاریگەریان لەسەر بڕیاری سیاسی ئێران نەبووە". جەختیشدەكات:"مووشەكەی ئێران لەكاتێكدا هەڵدرا ئەمریكا بەدەست سەرلێشواییەكی زۆرەوە دەناڵێنێت، هەروەها لەڕێی سوپای پاسدارنەوە هەڵدراوە، كە ئەمریكا لەچوارچێوەی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكاندا پۆلێنی كردووە، ئەوەش بایەخی واشنتۆنی بۆ مووشەكەكە زیاتر كردووە. وێڕای ئەوەش مووشەكو مانگە دەستكردەكە دروستكراوی تەواوەتی ئێران خۆیەتی، هەڵدانیشی بۆ مەبەستی سەربازی بەرگرییە، نەك مرۆیی، ئەوەش جێگەی مەترسی ئەمریكایە". لەدرێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاندووە"هەڵدانی ئەو مووشەكە ئێران دەخاتەڕیزی ئەو وڵاتانەی خاوەنی مووشەكی كیشوەر بڕن، دەتوانێت هەر ئامانجێك بپێكێت لەهەر خاڵێكی جیهاندابێت، ئەوەش خۆی لەخۆیدا ئەو پەیامە دەگەیەنێت كە ئێران چۆكی دانەداوە بۆ ئەمریكا". ئاڵۆزییەكی ئامادە لای خۆیەوە، عیماد ئەبشناس شرۆڤەكاری سیاسی ئێران دەڵێت:" ئەو مانگە دەستكردە سەربازییە ئێرانییە كە سوپای پاسدارانو وەزارەتی بەرگری هەڵیانداوە، دەتوانێت ڕووپێوی خاكی ئیسرائیلو ئەمریكا بكات، لەڕێی وێنەگرتنو چاودێریكردنی هەواڵگری ئەلەكترۆنی". ڕاشیگەیاندووە:"ئەو كارە بووەتە هۆی توڕەكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئێران بە ئەنقەست ئەو كارەی كرد بەڕاگەیاندنی بەشێوەیەكی فەرمی هەڵدانی ئەو مانگە دەستكردە سەربازییە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، بەتایبەت لەسایەی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی كە لەنێوان هەردوولادایە". توڕەیی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: وڵاتەكەی لێپرسینەوە لەئێران دەكات لەسەر هەڵدانی ئەو مووشەكەی كە مانگی دەستكردی سەربازیی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە. پۆمپیۆ وتویەتی:" پێویستە لەسەر جیهان لێپرسینەوە لەئێران بكات لەسەر پێشێلكارییە جیاوازەكانیو، واشنتۆن سەرجەم ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەربازو دبلۆماتكارەكانی لەناوچە جیاوازەكانی جیهان". وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردوە:"هەڵدانی مووشەك لەلایەن ئێرانەوە كە هەڵگری مانگی دەستكردی سەربازیی بووە بۆ ئاسمانی دەرەكی، پێشێلكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەو، دەبێت بەرپرسیارێتی ئەوە لەئەستۆ بگرن". دوای ڕاگەیاندنی هەڵدانی مانگی دەستكردی سەربازی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ترەمپ لەتویتەر نوسی" فەرمانم داوە بەهێزی دەریایی ئەمریكا بەتێكشكاندنی هەر بەلەمێكی سەربازی ئێرانی ئەگەر پەڵپ بە كەشتییەكانمان بگرێت لەناو دەریا". ئێران لەم ماوەیەی دواییدا بەدەست شكستهێنانی هەڵدانی مانگی دەستكردەوە دەیناڵاند، دواین تاقیكردنەوەی شكستخواردوو لەمانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا بوو، كە بەهۆی تەقینەوەی مووشەكەكە لەسەر سەكۆی هەڵدانی لەسەنتەری ئیمام خومەینی ئاسمانیی لەباكوری ئێران پێش هەڵدانی، سەركەتوو نەبوو. سەرچاوە: سپۆتینگ
🔻 "داوای دەکرد سیستمی حوکمڕانیی سعودیە بکرێت بە پادشایەتی دەستوریی" (درەو): دوێنێ لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزاندا، عەبدوڵا حامید لە زیندانی سعودیە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد. عەبدوڵا حامید یەکێک لە دیارترین زیندانییە سیاسییەکان بوو لە سعودیە، ئەو کەسێکی مافناس بوو، بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە حوکمڕانیی لەسعودیە، (٧) جار دەستگیرکراوەو لە دواینجاردا لە ساڵی ٢٠١٣دا حوکمی (١١ ساڵ) زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە. حامید کە تەمەنی (٦٩ ساڵ) بوو، لە ساڵی ٢٠١٣وە ژیانی لە یەکێک لە زیندانەکانی سعودیە بەسەردەبرد، بەمداییە لە زیندانی دوچاری جەڵتەی مێشک بوو، چالاکوانان داوای ئازادکردنیان دەکرد، بەڵام ئازاد نەکرا. عەبدوڵا حامید بەر لە چەند مانگێک نەشتەرگەرییەکی دڵی بۆکراوەو دوای ئەو نەشتەرگەرییە توشی جەڵتەی مێشک بووە، ئێستا کە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە کۆچی داوایی کردووە، رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ دەڵێن دەسەڵاتدارانی سعودیە بەئەنقەست باری تەندروستییان پشتگوێ خستووە بۆ ئەوەی بمرێت. عەبدوڵا حامید ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ مافناسەکانی کۆمەڵەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی دامەزراند کە بە "حسم" ناسرابوو، رێکخراوەکە دەسەڵاتدارانی سعودیەی تۆمەتباردەکرد بە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی سەدان کەس بەهۆکاری سیاسیی. ساڵی ٢٠١٤ دادگای ریاز بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەکەی عەبدوڵا حامید، بە بەهانەی نەبوونی مۆڵەتی کارکردن. هەما ساڵ رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئیدانەی دەستگیرکردنی عەبدوڵا حامیدو محەمەد قەحتانیی هاوڕێی کردو وەکو دەستگیرکراوانی بیروڕا ناوی هێنان و دوایکرد ئازاد بکرێن. هەندێک عەبدوڵا حامیدو هاوڕێکانی وەکو خەڵکانی ریفۆرمخواز لە سعودیە ناودەبەن، بەتایبەتیش لەوەدا ئەوان پێیانوابووە سیستمی حوکمڕانی لە سعودیە پادشایەتی رەهایەو دەبێت چاکسازی تێدا بکرێت و بکرێت بە پادشایەتییەکی دەستوریی. عەبدوڵا حامید هاوکات لەگەڵ ئەوەی مافناس بووە، توێژەرو بیرمەندو شاعیریش بووە، بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری ئەدەبدا لە زانکۆی ئەزهەر هەبووە. ماوەیەک مامۆستای زانکۆ بووە لە سعودیەو لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە چالاکییەکانی کردووە لە بواری مافەکانی مرۆڤداو چەند کتێبێکیشی هەیە. لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە لە سعودیە عەبدوڵا حامید قسەیەکی هەیە کە دەڵێ:" ناتوانین لە توندوتیژیی و توندڕەوەی رزگارمان ببێت مەگەر بەوەی رێگە بە خەڵک بدەین بەبێ هیچ فشارێک بیروبۆچونی خۆیان دەرببڕن، چونکە کۆتوبەندکردنی ئازادی رادەربڕین وادەکات خەڵک پەنا بۆتوندوتیژی ببەن". مردنی عەبدوڵا حامید بۆ قەتەرو رەوتی ئیخوان موسلیمین کاڵایەکی باشی میدیایی بوو بۆ رەخنەگرتن لە سعودیە بەتایبەتیش لەکاتێکدا ئەوان هێشتا کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس (جەمال خاشوقچییان دانەخستووە). عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی موسوڵمانی جیهان دوای مردنی رایگەیاند:" عەبدوڵا حامید شەهیدی رێگای ئازادی بوو".
(درەو): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕووبەڕووی گەورەترین نەهامەتی بووەتەوە لەمێژووی خۆیدا، بەتایبەت كە چەند مانگێكی تر و بەدیاریكراوی لەمانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەچێتەوە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی. داڕمانی كارەساتاوی نرخی نەوت، هەڕەشە لە ئایندەی سیاسی خۆیو پارتی كۆماری دەكات لە ویلایەتە نەوتییە گرنگەكان لەخۆرئاواو ناوەڕاستی خۆرئاوای ئەمریكا، هاوشانی دروستكردنی فشارێكی چڕ لەسەری لەلایەن لۆبی كۆمپانیا نەوتییەكانو پشتیوانەكانی لە كۆنگرێس. ئەو كۆمپانیایانە لەپشتیوانە بەهێزەكانی بوون لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016دا، بەوەش هەر دەستبەردابونێك لێیان، ئایندەی سیاسی ترەمپ ڕووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە. لەگەڵ ئەوەی ترەمپ چەندین جار بەڵێنیداوە بە ڕزگاركردنی ئەو كۆمپانیایانە لەداڕمان، ڕەنگە لەئێستادا كەرەستەیەكی كەمی لەبەردەستدابێت بۆ ڕزگاركردنیان. ترەمپ ئێوارەی سێ شەمەی ڕابردوو لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" ڕێگەنادەین پیشەسازی نەوتو غاز ئەمریكی دووچاری داڕمانبێت، داوامان لە وەزیرانی ووزەو گەنجینە كردووە پلانێك دابڕێژن بۆ ڕەخساندنی هاوكاریكردنی ئەو كۆمپانیا گرنگانەو، وەزیفەكان تێیاندا سەقامیگربن لەئایندەدا ". بازاڕەكانی نەوت دەكەون دوای "دووشەمەی ڕەش" پیشەسازی نەوتی ئەمریكا نزیكەی 10 ملیۆن كارمەندی خستوتەكار، پێش داڕمانی نەوت بەوشێوە مەترسیدارە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نزیكەی 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بەرهەمدەهێنا. بەڵام سیناریۆ پێشنیازكراوەكان بۆ ڕزگاركردنی پیشەسازی نەوتی ئەمریكی كامانەن، بەتایبەت ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان ڕووبەڕووی مایە پووچبوون دەبنەوە، دوای ئەوەی بڕە پارەیەكی زۆریان داوە بە كڕیاران بۆ ڕزگاربوون لە گرێبەستەكانی ئایار، بەهۆی نەبوونی شوێنی ئەمباكردن بۆ نەوتەكانیان؟. تائێستا ترەمپ سێ پێشنیازی لەبەردەمدایە، ئەویش پێشكەشەكردنی پشتیوانی دارایی ڕاستەوخۆ پێیان تابتوانن قەرزەكانیان بدەنەوەو، دەستەبەركردنی شوێنی ئەمباركردن لە گەنجینەی یەدەگی ستراتیجی ئەمریكی، یاخود قەدەغەكردنی هاوردەی نەوت لەو وڵاتانەی نەوت بۆ ئەمریكا هەناردە دەكەن. لەسەر ئاستی دەستەبەركردنی هاوكاری دارایی، لۆبی كۆمپانیا نەوتییەكان لەكۆنگرێس داوا لە بانكی یەدەگی فیدراڵی"بانكی ناوەندی ئەمریكا" دەكات، بە دروستكردنی میكانیزمێكی نوێ بۆ هاوكاریو بەوپێیەش قەرز پێشكەش بە كۆمپانیاكان بكرێت كە بەهاكەی بە نزیكەی 600 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەوەش بەگوێرەی شیكردنەوەیەك كە "ئۆیەڵ پرایس"بڵاویكردووتەوە. زۆرێك لەكۆمپانیا نەوتییەكانی ئەمریكا لەسەرەتای جەنگی نەوتی نێوان ڕیازو مۆسكۆو داخستنی ئابوری ئەمریكاو ئەو ئابورییانەی لەئاسیاو ئەوروپا نەوتی خاوی هاوردە دەكەن، بەدەست كێشەی بەڕێكردنی بەرهەمەنەوتییەكانییەوە دەناڵێنن. لەئێستادا دەیان بارهەڵگری زەبەلاحی نەوت لەكەناراوەكانی كالیفۆرنیا لەنگەریانگرتووەو چاوەڕێی كڕیار دەكەن. شرۆڤكاران پێیانوایە، مایەپووچبوونی كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان تەنها لەخاوەنەكانیاندا ناوەستێت، بەڵكو لێكەوتەكانی ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بانكەكانی ئەمریكاو بازاڕی سەندەدات. بەگوێرەی ڕۆژنامەی "فاینانشناڵ تایمز" گەورە قەرزدەرەكان بەم كۆمپانیایانە بانكە گەورەكانی لەنمونەی "جی بی مۆرگان"و"سیتی گروپ"و "بانك ئۆف ئەمریكا"و "وێل فارگۆ"ن. ئەوەش بەونامایەی، ڕزگارنەكردنیان دروستبوونی قەیران لەكەرتی بانكی دەگەیەنێت كە ڕووبەڕووی داڕمان بووەتەوە لەنرخی پشكەكانی لەبازاڕی"وۆڵ ستریت". سەبارەت بە بژاردەی دووەمیش بۆ ڕزگاركردنی كۆمانیا نەوتییە بەردینەكان، ئەوەیە قەدەغەی هاوردەی نەوت لەسعودیەوە بكرێتو، ڕەنگە لەسەرجەم وڵاتانی "ئۆپێك پلەس" بەڕوسیاشەوە. ئەوەش یەكێك لەو بژاردانەی ترمەپ لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ڕۆژی شەمەی ڕابردوودا قسەی لەبارەوەكرد. ئەم بژاردەیە ڕەنگە لەلایەن كۆنگرێسەوە بەخێرایی پەسەندبكرێت، بەهۆی توڕەیی سیاسییەكانی ئەمریكا لە نوقمكردنی بازاڕی نەوت لەلایەن كۆمپانیای ئارامكۆو چالاككردنی قەیرانی داڕمانی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو. بەڵام شرۆڤەكاران دەڵێن، ڕەنگە ئەم بژاردەیە پیشەسازی نەوت ڕزگارنەكات، چونكە ئەو نەوتەی ئەمریكا لەوڵاتانی "ئۆپێك پڵەس" هاوردەی دەكات 3 ملیۆن بەرمیل تێپەڕناكات، كە زۆربەی لە سعودیەو ڕوسیاوەیە. بانكی "گۆڵد ساكس" ڕۆژی سێ شەممە لەیاداشتێكدا ڕایگەیاند:" پیشەسازی نەوتی ئەمریكا چەند ملیۆن بەرمیل نەوتێك لەهەفتەكانی داهاتوودا لەدەستدەدات". بانكەكە پێشبینی كردووە: فشار لەسەر گرێبەستەكانی نەوتی خاوی تەكساس بۆ مانگەكانی حوزەیران هاوشێوەی مانگی ئایار بەردەوامبێت. ترەمپو سعودیە.. ئیبتیزازكردن كۆتایی نایەت شارەزایانی بواری نەوت بەدووری نازانن لەمانگی داهاتوودا نەوتی خاوی كۆمپانیاكان ڕووبەڕووی "قەسابخانەی نرخەكان" ببێتەوەو ئەمریكا ناچاربكات بە داخستنی دەیان بیرە نەوتی بەردین. مایكل گارفی سەرۆكی بەشی ووزە لەبانكی "ئادۆر كابیتاڵ" وەبەرهێنانی سویسری پێیوایە، گەڕانەوەی نرخەكان بۆ ئاستی سروشتی خۆی، ڕەنگە پێویستی بە ماوەیەكی درێژبێت. گارفی لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری فۆربس ڕایگەیاندووە:"ئێمە لەسەرەتای ماوەی تاقیكردنەوەی پیشەسازی نەوتیداین". هەرچی بژاردەی سێیەمیشە، كە تەرخانكردنی ڕووبەڕێكە لە گەنجینە نەوتییەكان لە گەنجینەی یەدەگی ستراتیجی ئەمریكا بۆ بەرهەمی كۆمپانیا نەوتییەكان، ترەمپ وتی: ڕووبەڕبەڕی 77 ملیۆن بەرمیل لە گەنجینەی ستراتیجی دەدات بە كۆمپانیا نەوتییە بەردینەكان. بەڵام شارەزایان پێیانوایە، ئەو بڕە تەنها بەشی چەند ڕۆژێك دەكات بۆ گلدانەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا كە لەئێستادا بەرهەمهێنانی نزیكەی 12 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەیە، شارەزایان پێشبینی دەكەن، ئەمبارە نەوتییە بازرگانییەكان لە ناوچەی كاشینگ لە ئۆكلاهۆما لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا پڕببن. هاوكات بانكی "گۆڵدمان ساكس" پێشبینی دەكات، لەباشترین حاڵەتدا قەیرانی نرخ لەمانگی حوزەیران بەردەوام بێت. ئەوەش بەومانایەی بەشێوەیەكی كرداری لەماوەی هاویندا بەكارهێنانی نەوتی ئەمریكی بەرزدەبێتەوە، ڕەنگە لەدەرەوەی پلانی بەرزبوونەوەی داواكاری بێت لەسەر وزە لەویلایەتە یەكگرتووەكان. لەنێو بژاردە پێشنیازكراوەكانی تریشدا، فشاركردنە لەسەر "ئۆپێك پڵەس" بۆ جێبەجێكردنی زیاتری كەمكردنەوەی تێكڕای بەرهەمهێنان. بەڵام پێدەچێت ئەم بژاردەیە سەرنەگرێت، بەهۆی ئەو لێدوانانەی لە مۆسكۆوە بڵاوبووتەوە. بەگوێرەی ڕۆیتەرز، كریملین ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندووە: هێشتا زۆر زووە بۆ هەڵهێنجانی هەر ئەنجامێك سەبارەت بەگرتنبەری هەنگاوی زیاتر بۆ ڕێگەگرتن لەدابەزینی نرخی نەوت پێش ئەوەی ڕێككەوتنی جیهانی كە كۆمەڵەی "ئۆپێك پڵەس" بچێتە بواری جێبەجێكردنەوەی لە سەرەتای مانگی ئایار. سەرچاوە: ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"
(درەو): نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی تاكساس بۆ خوار سفر دابەزی، بەڵام نرخی نەوتی خاو (21 )دۆلار و برێنت (26) دۆلار راوەستاوە، دابەزینی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی تایبەتە بە بازاڕی نرخی نەوتی ئەمریكاوە بەڵام بێكاریگەری نابێت لەسەر بازاڕی نەوتی جیهان. كەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت لە بازاڕی جهانیدا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی خۆرئاوای تێكساس بۆ كەمتر لە سفر دابەزاند، ئەمە دابەزینێكی مێژوویی بوو لە نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی هاوكات لەگەڵ پڕبوونی ئەمبارەكانی نەوتدا. چاودێرانی بازاڕی نەوت دەڵێن، ئەوەی رویداوە حاڵەتێكی تایبەتە بە بازاڕی نەوتی ئەمریكی و بەهای نەوتی برێنت لە شوێنی خۆیدایەو ئەمڕۆ گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوە نەبینیوە. هۆكاری دابەزینی نرخی نەوتی تاكساس دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمبارەكانی نەوت لە ئەمریكا پڕبوون، خەرجی ئەمباركردن زیاتربووە، فرۆشیارەكان دەیانەوێت بەشێوەیەكی خێرا خۆیان لە نەوتی ئەمباركراوی مانگی ئازار رزگاربكەن، بۆیە نرخی نەوتیان توشی داڕمان كرد. دابەزینە مێژوییەكەی ئەمڕۆی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكیی، بەڕای هەندێك لە چاودێران دەریخست ئەو رێككەوتنەی كە سەرەتای ئەم مانگە رێكخراوی "ئۆپێك پڵەس" كردی بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەمەبەستی جێگیركردنی نرخ لە بازاڕدا، هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییەو ناتوانێت لەم كاتەدا كە جیهان بەدەست قەیرانی كۆرۆناوە دەناڵێنێت نرخی نەوت سەقامگیر بكات. لە ساڵی ١٩٨٣وە كە دەستكراوە بە فرۆشتنی نەوتی خاوی ئەمریكی بەشێوەی گرێبەست، ئەمە نزمترین ئاستی نرخ بوو كە ئەمڕۆ نەوتی خاوی ئەمریكیی تۆماریكرد. 🔸ئەمریكا رۆژانە (15 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸سعودیە رۆژانە (12 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸روسیا رۆژانە (10 ملیۆن و 800 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸عێراق رۆژانە (4 ملیۆن و 450 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. لەبارەی نەوتی خاوی (تاكساس) ئەمریكیەوە 🔹نەوتی خاوی ئەمریكی كە بە نەوتی خۆرئاوای تاكساس ناسراوە، خراپترین جۆری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان لەرووی كوالێتیەوە كە نەوتێكی سوكەو كەمترین چڕی هەیە، نرخەكەی هەمیشە لە نەوتی خاوو برێنت كەمترە لە بازاڕەكانی جیهان، نەوتی خاوی تەكساس بریتیە لەو نەوتە سوكەی لە (تاكساس و لویزیانا و باكوری داكۆتا)ی ئەمریكا بەرهەمدەهێنرێت. 🔹 نەوتی برێنت كە لە بازاڕەكانی جیهاندا نرخەكەی ئێستا (26) دۆلارەو بەشێوەیەكی كەم نرخەكەی دابەزی، ئەو نەوتەیە كە لە (دەریای باكور لە نێوان دوورگەكانی شێتلاندی بەریتانیا و وڵاتی نەرویج) بەرهەم دەهێنرێت. 🔹نەوتی خاوی ئۆپێك كە ئێستا نرخەكەی (21) دۆلارە ئەو نەوتەیە كە لە وڵاتەكانی (عێراق، ئێران، سعودیە، كوەیت ، بەحرەین ، ئیمارات، عومان، نەیجیریا، لیبیا، جەزائیر، ئەنگۆلا، كۆنگۆ، كۆڵۆمبیا، ڤەنزوێلا، گینیای ئیستیوائی و گابۆن)، بەرهەمدەهێنرێت و زۆرترین بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێكدێنێت.
(درەو): لەكاتێكدا چین ڕووبەڕووی هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی بێوێنە بووەتەوە، بەهۆی مامەڵەكردنی لەگەڵ قەیرانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە تایبەت لەلایەن ویلایەتەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، پەكین بەهێواشی پشتیوانییەكانی فراوان دەكات لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا. ڕۆژنامەی "ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست" لەژمارەی دوێنێ یەكشەممەدا بڵاویكردەوە، چین لەئێستا ڕۆلێكی میحوەری دەگێڕێت لەوەی كە ئێستا بە" دبلۆماسیەتی دەمامكی خۆپارێزی" ناسراوە، بۆ ڕاكێشانی بەڕەكە لەژێر پێكانی واشنتۆن لەوڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا. پەكین بەم دواییە تیمی شارەزایانی ڕەوانەی هەریەك لە كەمبۆدیاو فلیپینو میانمارو پاكستان كردووە، بەمنزیكانەش ڕەوانەی مالیزیای دەكات، بۆ گواستنەوەی ئەزموونیان بۆ ئەو وڵاتانە سەبارەت بە چۆنییەتی ڕوبەڕووبونەوەی پەتای كۆرۆنا. هەروەك چین دەمامكی خۆپارێزیو ئامێری هەناسەدانی دەستكردی بەخشی یان ئاسنكاریكرد بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستیان پێیەتی لە باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا، كە لەلایەن خۆیانەوە پێشوازیان لەو هاوكارییانە كرد. ئامادەیی وێڕایی گومان چین زنجیرەیەك لە كۆبونەوەی تایبەتی لەڕێی ئینتەرنێتەوە لەگەڵ هاوسێ ئاسیاییەكانی ئەنجامداوە، كە دواترینیان ڕۆژی سێ شممەی ڕابردوو بوو، تێیدا (لی چیانگ) سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت تاتوێی ئەزموونی وڵاتەكەی كرد لە قەلاچۆكردنی نەخۆشییەكەو دووبارە خستنەوەگەڕی دامەزراوە ئابورییەكانی، لەگەڵ سەركردەكانی گروپی وڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا ناسراو بە (ئاسیان)، لەگەڵ ژاپۆنو كۆریای باشوریشدا. ژمارەیەك لە سیاسییەكانی خۆرئاوا بە ئاشكرا گومانیان هەیە لەڕۆڵی پەكین لەچارەسەری قەیرانی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنادا، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو، تۆمەتباریدەكەن بە ناشەفافی، سەبارەت بە ژمارەی مردوانو ئەوتووشبوانەی ڕایگەیاندووە. بەڵام سەركردە ئاسیاییەكان، لەنێویاندا ڕۆدریگۆ دۆتیرتی سەرۆكی فلیپینو، شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن، هیچ لۆمەكی چین_یان نەكرد، كە نزیكترینن لێی لەڕووی جوگرافییەوە، هەروەك سنورەكانیان بەشێوەیەكی تەواوەتیش لەگەڵی دانەخست. ڕۆژنامە چینییەكە لەزاری بەرپرسێكی ئاسیاییەوە كە ناوەكەی نەهێناوە، بڵاویكردووتەوە، دواكەوتنی وەڵامدانەوەی حكومەتەكانی وڵاتانی خۆرئاوا لەمامەڵەكردن لەگەڵ بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا تایبەتمەندی بەچین بەخشی، سەرەڕای ئەوەی لەسەرەتاوە بەشێوەیەكی شەفاف سەبارەت بە بڵاوبونەوەی پەتاكە مامەڵەی نەكرد. وتوشیەتی: خۆرئاوا كارێكی باشتر لەو چوارچێوەیەدا ناكات، جەختیشی كردووە، حكومەتەكەی ئاماژەی لە پەكینەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە بایەخی بەكارهێنانی ڕیكلامی میدیایی لەدروستكردنی ڕای گشتیو بەهێزكردنی هەستو سۆزی نیشتمانی لەساتەوەختی قەیرانەكاندان. دبلۆماسیەت لەنێوەندی قەیراندا شارەزایانی ئاسیایی جەخت دەكەن، هەڵمەتی چڕی دبلۆماسیەتی پەكین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو زیانەی بەر ناوبانگی كەوتووە بەهۆی مامەڵەی لەگەڵ قەیرانی كۆرۆنا، لە ئاسیا ڕووبەڕووی بەرەنگارییەكی كەمتر بووەتەوە بە بەراورد بەو گومانەی وڵاتانی خۆرئاوا هەیانە. ڕیچارد هیداریان، ئەكادیمی نیشتەجێ لە مانێلای پایتەختی فلیپین دەڵێت: بەدرێژایی دوو مانگی ڕابردوو، چین هەوڵێكی زۆریداوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو بۆچوونەی دەڵێت، چین بەرپرسیارە لەو پەتا جیهانییە. هیدریان ڕاشیگەیاندووە:بۆچوونی ئەمریكا هیچ هاوكارییەكی ئەووڵاتەی نەكردووە لە دەربازبوون لە قەیرانەكەی، جەختیشی كردووە: سەرۆك ترەمپ زیاتر بایەخ بە گەمەی لۆمەكردن دەدات لەبری هەڵسوكەوتكردن وەك ڕابەرێكی جیهانی. لای خۆیەوە، شەهرمان لۆكمان، گەورە شرۆڤەكار لە پەیمانگای مالیزیا بۆ دیراساتی ستراتیجیو نێودەوڵەتی، دەڵێت: لەكاتێكدا ئەمریكا سەرقاڵی لەناوبردنی پەتاكە بوو، چین خاكێكی بەپیتی دۆزییەوە لە وڵاتانی باشوری ئاسیا بۆ دروستكردنی وێنەی ڕزگاركەر بۆ خۆی. لۆكمان ڕوونیشیدەكاتەوە: سەردانی وەفدەكانی پەكین لەو وڵاتانە ڕوومالێكی میدیایی گەورە كرا، هەروەك پێشكەشكردنی هاوكاری پزیشكی بەو وڵاتانە ناوبانگی پەكینی باشكرد لایان، حكومەتی چین لەوەدا بەشێوەیەكی بەرچاو سەركەتووبوو. *سكای نیوز عەرەبیە
(درەو): پرۆفیسۆرێكی ئەڵمانی كە بەرێوەبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ڤایرۆساتە رایدەگەیەنێت" زۆرێك لەو زانیارییانەی لەبارەی كۆرۆناوە بڵاوكراونەتەوە ناڕاستن و كەرەنتینەكردن لە ماڵەكاندا سودی نیەو كۆرۆنا بە دەستلێدان و تەوقەكردن ناگوازرێتەوە". "هندریك شتریك" پرۆفیسۆری ئەڵمانی و بەڕێوبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ڤایرۆساتو لاوازی بەرگری جەستەیی لەزانكۆی بۆن، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (ZDF) ئەڵمانی زۆرێك لەو زانیارییە باوانەی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لەبارەی ڤایرۆسەكەوە بڵاوكراونەتەوە، ڕەتیدەكاتەوەو دەڵێت: 🔹زۆرێك لەو زانیارییانەی ڕاگەیاندنەكان بڵاویانكردووەتەوە ناڕاستن. 🔹 كۆڤید_19 لەسەر ڕووكاری شتەكان ناژی. 🔹ڕووپێوێكمان لەسەر كێلونی دەرگای ئەو ماڵانە ئەنجامداوە كەچەندین تووشبووی تێدابووەو هیچ ڤایرۆسكمان نەدۆزیوەتەوە. 🔹 ڤایرۆسەكە بە دەست لێدانو تەوقەكردن ناگوێزرێتەوە. 🔹 پشیلە بەتەواوی سەلامەتە لەڤایرۆسی كۆرۆنا. 🔹 ڤایرۆسەكە تەنها لەڕێی هەواوە لەكەسی تووشبووەوە دەگوزرێتەوە بۆ كەسی بەرامبەر لەڕێی كۆكەو پژمین یان زۆر نزیكبوونەوە لێی. 🔹 كەرەنتینەكردنی كۆی خەڵك لەماڵەكانیان سودی نییە. 🔹 پێویستە تەنها ئەوانە كەرەنتینە بكرێن كە تووشبون دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكیو تاقیگەیی. لینكی وتەكانی پرۆفیسۆر هندریك شتریك
(درەو): پسپۆڕانی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دیراسەیەكیان لەبارەی دۆخی جیهان دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجامداوەو گە یشتونەتە ئەو ئەنجامەی، ڤایرۆسەكە كاریگەرییە تەندروتستییەكانی لەسەر خەڵك تێدەپەڕێنێو زەمین لەرزەیەكی سیاسیو ئابوری دەخولقێنێ، گوزر لە بازرگانی جیهان دەداتو، سەقامگیری لەژمارەیەك لەوڵاتانی جیهان دەهەژێنێت. ئامادەكارانی دیراسەكە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی: 🔹 جیهانگیریو بازرگانی ئازاد لەجیهان وەك پێش بڵاوبونەوەی كۆرۆنا نامێنێت. 🔹جیهان بەرەو قەیرانێكی ئابوری گەورە هەنگاودەنێت بە قەبارەی ئەو قەیرانەی كە لەكۆتایی بیستەكانو سەرەتای سیییەكانی سەدەی ڕابردوودا سەریهەڵدا. 🔹بەرهەمی ناوخۆیی كەرەستەی خاو لەجیهان تائێستا بەڕێژەی 12% دابەزیووەو پێشبینی دەكرێت لەمانگەكانی داهاتوو دابەزینەكە بەردەوامبێت. 🔹 بەرزبوونەوەی بەرچاو هەیە لە ڕێژەی بێكاری بەتایبەت لەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو وڵاتانی جیهان. 🔹 هاوشانی قەیرانی ئابوری كێبڕكێو، ناكۆكی سیاسیو ڕەنگە سەربازیش لەنێوان وڵاتان دروستبێت لەسەر بەدەستهێنانی كەرەستەی پزیشكی. 🔹 بەهۆی پەككەوتنی جوڵەی فرۆكەوانی جۆرێكی تر لە بازرگانی جیهانی دادەمەزرێو بازرگانی ئازاد بەمشێوەیەی ئێستا نەمێنێت. 🔹ڕەنگە وڵاتان پەنابەرنە بەر كۆتوبەندكردنی بەرهەمهێنانو ئاراستەكردنی زیاتر بۆ ناوخۆ بەتایبەت لەو بوارانەی زۆر گرنگن بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، سەرەڕایی زۆری تێچووەكەی. 🔹 ڕەنگە وڵاتان كۆتوبەند بخەنە سەر هەناردەكردنی كەرەستەی گرنگ، وەك ئامێری پزیشكی، لەڕێی سەپاندنی باجو هەندێ كۆتو بەندی تری تایبەت بە هەناردەكردنو هاوردەكردن. 🔹 كۆرۆنا دەبێتە هۆكاری خێراكردنی گەورەبوونی ڕۆڵی چین وەك دەوڵەتێكی مەزنی جیهانی. 🔹ئەو هاوكارییانەی كە چین پێشكەشی وڵاتانی زەرەرمەندی دەكاتو،غیابی ئەمریكا، پێگەی چینی بەهێزتركردووە بە بەراورد بە ئەمریكا. 🔹 گۆڕانی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتە زلهێزە، ئاڵۆزییەكانی ئێستا قوڵتر دەكاتەوە. 🔹پێشبینی دەكات كۆرۆرنا قەیرانی سیاسیو سەربازی ناوخۆییو دەرەكی نوێ لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بخولقێنێو، ڕەنگە سەقامگیری هەندێك وڵاتی وەك میسرو ئوردون بهەژێنێت. 🔹 بلاوبونەوەی كۆرۆنا ئەوەی ماوەی لەئابوری ئێران وێرانی دەكات. 🔹 ڕەنگە ئەو قەیرانە جیهانییە ببێتە هۆی فراوانكردنی ڕۆڵی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكانی وەك داعشو قاعیدە. سەرچاوە:شەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان:درەو زاناكانو لێكۆڵەرەوەكان لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەوەستان لەهەوڵەكانی زانینی سەرچاوەی پەتاكە. لەسایەی نادیاری شوێنی دروستبوونی ڤایرۆسەكە تازەكە، تێۆری جۆراوجۆری بێبەڵگە بڵاوبووەوە كە لەچوارچێوەی هەوڵە شێلگیرەكاندایە بۆ زانینی سەرچاوەی ڤایرۆسەكە. هەندێك پێیانوایە ڤایرۆسی كۆرۆنا پیلانگێڕییەكی ئابورییە، هەندێكی تر تەكنەلۆجیای نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت تۆمەتباردەكەن، لەكاتێكدا تێۆرێكی تر هەیە دەڵێت، چەكێكی بایۆلۆجیە لەچین دروستكراوە، یان سوپای ئەمریكا دروستیكردووەو هێناویەتی بۆ چین، بەڵام زۆرترین ئەو تێۆرانەی لەناو خەڵكدا باوە جەختدەكات، سەرچاوەكەی بازاڕی شاری وۆهانە. تۆڕی "CNN"ی ئەمریكی لەزاری ژمارەیەك شارەزای بواری ڤایرۆساتەوە بڵاویكردووەتەوە، هەر كەسێك بانگەشەی ئەوە بكات سەرچاوەی "كۆڤید_19" دەزانێت خەمڵاندن دەكات، جەختیشدەكەن كە هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت حكومەتی چین یان ئەمریكا ڤایرۆسەكەی لەناو خەڵك بەدەستی ئەنقەست بڵاوكردووەتەوە، تائێستاش ئەگەری هەر لەنزیك لەواقیعەوە ئەوەیە، ڤایرۆسەكە لەشەمشەكوێرەوە گوازرابێتەوە. لەگەڵ ئەوەی زاناكان تێۆری پیلانگێڕی بەدوور دەزانن سەبارەت بەوەی ڤایرۆسەكە وەك چەكێكی بایۆلۆجی بەكارهاتبێت، بەڵام ئەوان لەبارەی هەندێ پرسی ترەوە دابەشبوون، بەو تێۆرەشەوە كە بەلای زۆرێكەوە پەسەندە بەوەی ڤایرۆسەكە لە بازاڕێكی وۆهان دروستبووە، ئەوانەی لایەنگری ئەم تێۆرەن پێیانوایە ئەو بازاڕە قەرەباڵغە بەخەڵكو ئاژەڵی كێوی بەهێزترین ئەگەرە. بەڵام ئەوانەی گومانیان هەیە لەودیراسەیە جەختدەكەن چەندین كەس لە تووشبووەكانی سەرەتا هیچ پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان نەبووە لەگەڵ بازاڕەكە. ڕووداوێكی ڕێكەوت بووە لەسەرەتای مانگی شوباتدا دوو لێكۆڵەرەوەی چینی تیۆرەیەكیان خستەڕوو كە جەختدەكات ئەسڵی ڤایرۆسەكە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێكی ڕێكەوت لەیەكێك لەو دوو تاقیگەیەی دەكەوێتە نزیك شاری وۆهان. بەڵام زۆربەی شارەزایان ئەو تێۆرەیان ڕەتكردەوەو، ڕایانگەیاند هیچ بەڵگەیەك پاڵشپتی ئەتیۆرە ناكات، هەروەك حكومەتی چین ئەو تیۆرەی بەتوندی ڕەتكردەوە. لەبەرامبەردا، ڕیچارد ئەبرایت پسپۆڕی بواری چەكی بایەلۆجی لەزانكۆی ڕۆتجەر ڕایگەیاند،" تیۆری ڕووداو پێدەچێت لۆژیكی بێت و، ئەگەری گەیشتنی ڤایرۆسەكە بە مرۆڤ لەڕێی ڕووداوێكی تاقیگەوە بەدوور نازانرێت". تیۆری بازاڕ بەدوور دەزانێت وپێیوایە هیچ پەیوەندییەكی بەدروستبوونی ڤایرۆسەكەوە نییە، ڕەنگە بەشداریكردبێت لە بڵاوبوونەوەیدا، بەڵام لەشوێنێكی تری وۆهان دروستبووە نزیكەی مانگێك لەوەو پێش. لێكۆڵەرەوەكان كۆكن لەسەر ئەوەی ڤایرۆسەكە لە ئاژەڵەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ، 27 لێكۆڵەر لەبواری تەندروستی گشتی لەسەرانسەری جیهان، نامەیەكیان لە گۆڤاری "زە لانسێت"ی پزیشكی نوسیو تێیدا ئیدانەی تیۆری پیلانگێڕیان كردو، ئاماژەیان بەوەكرد:" تیۆرەكانی پیلانگێڕی هیچ ناكات جگە لەخولقاندنی ترسو پروپاگەندەو، ئەو لایەنداریانەی دەبنە بەربەست لەبەردەم هاوكاری جیهانی بۆ قەلاچۆكردنی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە". ئەو شارەزایانە بەڵگەی زانستیان خستووەتەڕوو كەپشتیوانی ئەو تیۆرە دەكات بەوەی ڤایرۆسەكە لەسەر زەوی درستبووە، یەكێك لەوانەش (بیتەر داسزاك)ە، كە شارەزایەكی دیاری ڤایرۆساتەو ماوەی 10ساڵە لە چین كاردەكاتو، ڕایگەیاندووە، ئەوان دڵنیان كە "كۆڤید_19" لە شەمشە كوێرەوە هاتووە، بەڵام بەدیاریكراوی ئەو ناوچەیە نازانن كە لێوەی سەریهەڵداوە، یان بەدیاریكراوی لەچی جۆرە شەمشە كوێرەیەكەوە بووە، هەروەك نازانن ژمارەی ئەو ڤایرۆسانەی تر كە بوونیان هەیەو ڕەنگە لەئایندەدا دەربكەون. شەمشەمە كوێرە لەلایەكی ترەوە، مشتومڕ سەبارەت بەوەیە ئاخۆ ڤایرۆسەكە ڕاستەوخۆ لە شەمشەمە كوێرەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، یاخود ئاژەڵێكی تر هەیە لەو نێوەندەدا، داسزاك پێیوایە ڕەنگە شەمشەمە كوێرەیەك ئاژەڵێكی ماڵی لە مەزرایەك توشكردبێت، دواتر ئەو ئاژەڵە بەزویندووی هێنرابێتە بازاڕ، لەنێو خەڵكدا ماوەتەوە لەیەكێك لە گونجاوترین شوێنەكان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسات، كەئەویش بازاڕی وۆهانی شێدارە. بەڵام ئەو دیراسەیەی كە گۆڤاری " زە لانسێت" بڵاویكردووەتەوە، هەندێك گومانی وروژاندووە سەبارەت بەو تیۆرەو، ڕونیكردووتەوە كە" نزیكەی یەك لەسەرسێی نەخۆشە سەرەتاییەكان پەیوەندییان نەبووە بە بازاڕەكەوە، لەنێو ئەوانەشدا یەكەم نەخۆش كە لە 1 كانوونی دووەم نیشانەكان لەسەری دەركەوتن، كە هیچ پەیوەندییەكەی پەتایی لەنێوان ئەو و حاڵەتەكانی دوای ئەودا نەدۆزرایەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، فنسنت راكانیلۆ مامۆستای زانستی زیندەوەرزانی وورد لەزانكۆی كۆلۆمبیا پێیوایە خەڵك چونەتە بازاڕی فرۆشتنی ماسیو هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون. ئەو تیۆرەیەكی تر بە ڕاست دەزانێتو پێیوایە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جوتیارێك بووە، ڤایرۆسەكە لە پیسایی شەمشەمە كوێرەدایە كە جوتیارەكان لەچەندین وڵات وڵات بەكاریدێنن بۆ بەپیتكردنی زەوییەكانیان، دوای تووشبوونی، ئەو جوتیارە چووەتە وۆهانو خەڵكی تری تووشكردووە. سەرچاوە: عەرەبی جەدید
درەو: 🔻 نەوتی برێنت لە 23دۆلارەوە بۆ 31 دۆلار بەرزبوەوە 🔻 نەوتی خاو لە 20 دۆلارەوە بۆ 25 دۆلار بەرزبوەوە درەو: نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوەوە لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سوعودیە . لەدوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەوە ترەمپ رایگەیاند پێشبینی دەكەم رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبكرێـەوە بەوەش راستەوخۆ نرخی نەوتی بەرزكردەوە بە جۆرێك نرخی نەوتی برێنت لە 23 دۆلارەوە بۆ 31 دۆلار بەرزبوەوەو نرخی نەوتی خاویش لە 20 دۆلارەوە بۆ 25 دۆلار بەرزبوەوە. 🔹 ئێستا نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا بەم شێوەیەیە: 🔸 نەوتی برێنت: 31.68 دۆلارە 🔸 نەوتی خاو : 25.87 دۆلارە 🔹 بەڵام لە 2020/3/30 نرخی نەوت بەم شێوەیە بوو : 🔸 نرخی نەوتی برێنت : 23.3 دۆلار 🔸 نرخی نەوتی خاو : 20.34 دۆلار
درەو: لەكاتی سەرهەڵدانی بەڵای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، زاناكان دەستەواژەی كۆڤید_19 یان بەكارهێنا وەك ناوی فەرمی بۆ ڤایرۆسەكە. بەسادەیی، دەكرێت دەستەواژەی كۆڤید_19 دابەشبكرێت بۆ "CO" كوتكراوەی(كۆرۆنا)، (VI) كورتكراوەی (ڤایرۆس)، پیتی (D)یش كورتكراوەی وشەی نەخۆشییە(Disease)، ژمارە 19ش، ئاماژەیە بۆ ساڵی 2019، ئەو ساڵەی بۆ یەكەم جار ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا دەركەوت. لەسایەی ئەو دۆخی شڵەژانەی لەئاكامی ڕێوشوێنی توندی حكومەتەكان بۆ ڕاگرتنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە هاتوەتە ئاراوە، پرسیارەكان لەبارەی ڤایرۆسەكە زۆتردەبن، بەجۆرێك زۆرێك دەیانەوێت تەواوی زانیاریو وردەكاری لەبارەیەوە بزانن. لەگەڵ ئەوەی ئاشكراكردنی هەموو دەستەواژە زانستییەكان ڕەنگە دۆخی دڵەڕاوكێ سەبارەت بە تەندروستیمانو، ڕەنگە ببێتە هۆی فشارێكی ناپێویستیش لەدۆخێكی ناهەمواری وەك ئێستادا. لەنێو ئەو پرسیارانەدا كە زۆر دەكرێن لەبارەی كۆرۆنا ئەوەیە، ناوی كۆڤید_19 واتای چییەو، بۆچی ئەو دەستەواژەیە بەكاردەهێنرێت؟. بەسادەیی، دەكرێت دەستەواژەی كۆڤید_19 دابەشبكرێت بۆ "CO" كوتكراوەی(كۆرۆنا)، (VI) كورتكراوەی (ڤایرۆس)، پیتی (D)یش كورتكراوەی وشەی نەخۆشییە(Disease)، ژمارە 19ش، ئاماژەیە بۆ ساڵی 2019، ئەو ساڵەی بۆ یەكەم جار ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا دەركەوت. ئەو نەخۆشییەی كە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە سەریهەڵدا، لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە ئەم ناوەی لێنراو لەوبارەیەشەوە دەڵێت:"بوونی ناوێك گرنگە بۆ ڕێگریكردن لەبەكارهێنانی ناوی تر كە ڕەنگە ووردودروست نەبێت. شارەزایانیش دەڵێن: ناوی نەخۆشی سود بەخشە لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتاكە. پێش ئەوەی بە فەرمی ناوی بنرێت COVID-19، زانایان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان دەوت nCoV-2019))، ئەوەش مانای ڤایرۆسی تاجی نوێی لەساڵی 2019. ڤایرۆسی تاجی نوێ SARS-CoV-2 یشی پێدەڵێن، پێشتر بە ناوی nCoV-2019))، ئاماژەی پێدەكرا، كە وەچەیەكی نوێیە لەلایەن مرۆڤەوە پێشتر دیارینەكراوە. ڤایرۆسی تاجی گروپێكی گەورەن لەو ڤایرۆسانەی كە دەكرێت ببنە هۆی نەخۆشی لەنێوان هەڵامەت بۆ نەخۆشی مەترسیدارتری هەناسەدان (MERS)و هەوكردنی توندی سیییەكان .(SARS) لەگەڵ ئاشكراكردنی بۆ یەكەمجار لە شاری وۆهانی چینی لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2019، بەشێوەیەكی خێرا بڵاوبووەوە، بەجۆرێك ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كۆڤید_19ی بە بەڵایەكی جیهانی ناوبرد. نیشانە سەرەتاییەكانی كۆڤید_19 خۆی لە تاو كۆكەو قورسی هەناسەدانو ئازاری ماسولكەكانو ماندووبوون دەبینێتەوە. ئەو حاڵەتانەشی كە مەترسیدارترن، دەبنە هۆی هەوكردنی توندی سیییەكانو توندیی هەناسەدان. هەواڵی خۆش سەبارەت بە كۆڤید_19 ئەوەیە، 80% نەخۆشەكان چاكدەبنەوە، لەكاتێكدا تەنها 6% تووشبوان بەتوندی پێوەی دەناڵێنن. لەگەڵ ئەوەی هەموو ڕۆژێك ژمارەی كەسانی تووشبو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرزدەبێتەوە، دەتوانین هەریەكەمان ڕۆڵمان هەبێت لە سنورداركردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە، لەڕێی پیادەكردنی ئەو ڕێنماییانەی حكومەت دایناون، كە خۆی لەمانەوە لەماڵەوە دەبینێتەوە، لەگەڵ دەست شۆردن بەسابوون بەشێوەیەكی ڕێكوپێك. سەرچاوە: ڕۆژنامەی زە سەن
