ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە نیوەی یەکەمی 2025
.png)
2025-08-07 16:37:14
تەرازووی بازرگانی لە بەرژەوەندی عێراقدا بووە بە بڕی (2.4 ملیار) دۆلار
راپۆرتی: درەو
🔻 داتا گومرگییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوە ڕوندەکەنەوە، کە دابەزینی بەرچاوی بەهای هەناردەکردن، بۆ عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی (2025)دا ڕوویداوە.
🔹 هەناردەی عێراق بۆ ئەمەریکا -کە نەوتی خاو زۆرترین پشکی پێکهێناوە- لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە بەهای (3.1 ملیار) دۆلار.
🔹 قەبارەی ئاڵوگۆڕی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 گەیشتووەتە (3.9 ملیار) دۆلار.
🔹 سەرەڕای دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، تەرازووی بازرگانی لە نیوەی یەکەمی 2025دا لە بەرژەوەندی عێراقدا ماوەتەوە و بڕی (2 ملیار و 400 ملیۆن) دۆلار بووە.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نیوەی یەکەمی 2025
داتا گومرگییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوە ڕوندەکەنەوە، کە دابەزینی بەرچاوی بەهای هەناردەکردن، بۆ عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی (2025)دا ڕوویداوە، بە بەراورد بە نیوەی یەکەم و دووەمی ساڵی 2024.
بۆ نمونە دابەزینێکی بەرچاو لە هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل، ئامێرە کارەباییەکان، میوە، گوێز، بەرهەمە خۆراکییە ئامادەکراوەکان و گۆشت تۆمارکراوە. لەکاتێکدا هەناردەکردنی دانەوێڵە، بەرهەمە دەرمانییەکان، سووتەمەنی و لێگیراوەکانی نەوت زیادیکردووە.
لەبەرامبەردا هەناردەی عێراق بۆ ئەمەریکا -کە نەوتی خاو زۆرترین پشکی پێکهێناوە- بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 بەڕێژەی 16% و بە بەراورد بە نیوەی دووەمی ساڵی 2024 بەڕێژەی (24%) کەمیکردووە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە بەهای (3.1 ملیار) دۆلار، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا گەیشتووەتە (3.6 ملیار) دۆلار و لە نیوەی دووەمی ساڵی 2024دا (3.9 ملیار) دۆلار بووە.
ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانی گواستنەوە لە ڕیزی ئەو کاڵایانەن کە زۆرترین ڕێژەی کەمبوونەوەی هەناردە تێیدا ڕوویداوەو تەنها ئۆتۆمبێلەکان نزیکەی 26%ی کۆی هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ عێراق پێکدەهێنن. هەناردەی ئۆتۆمبێلی ئەمەریکا بۆ عێراق دابەزینی بەخۆیەوە بینی لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 بەهاکەی (268 ملیۆن) دۆلار و لە نیوەی دووەمی ساڵی 2024دا (244 ملیۆن) دۆلار بوو بۆ تەنها (197 ملیۆن) دۆلار لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 دابەزیوە.
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
قەبارەی ئاڵوگۆڕی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 گەیشتووەتە (3.9 ملیار) دۆلار، بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 کە گەیشتبووە (4.5 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (15%) کەمبووەتەوە و بە بەراورد بە نیوەی دووەمی ساڵی 2024 کە گەیشتبووە (4.7 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی 20% کەمبووەتەوە.
تەرازووی بازرگانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
سەرەڕای دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، تەرازووی بازرگانی لە نیوەی یەکەمی 2025دا لە بەرژەوەندی عێراقدا ماوەتەوە و بڕی (2 ملیار و 400 ملیۆن) دۆلاربووە. بەڵام ئەم زیادەیە بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 کە (2 ملیار 800 ملیۆن) دۆلار بووە بە ڕێژەی 18% کەمیکردووە و بە بەراورد بە نیوەی دووەمی ساڵی 2024 کە (3 ملیار دۆلار) بووە بە ڕێژەی 30% کەمیکردووە.
بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە خشتەی هاوپێچ
