Draw Media

درەو:   🔹 عێراق و گەلەکەی نزیک دەبێتەوە لە نۆیەمین هەڵبژاردنی گشتی لە دوای گۆڕینی ڕژێم لە ساڵی 2003. دوای تێپەڕبوونی پێنج خولی ئەنجومەنی نوێنەران و سێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئێستا لەبەردەم شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانین، کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت. 🔹 ئامارو داتاکان ئەوە بەدیاردەخەن، کە هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن لە عێراقدا، ئاست و ڕێژەی بەشدای هاوڵاتیان ڕوو لە پاشەکشە دەکات، هەر بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران، کە کانونی یەکەمی ساڵی (2005) لە کۆی (15.5 ملیۆن) دەنگدەر (11.89 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (79%) بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە، لە کاتێکدا لە دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لە کۆی (22.1 ملیۆن) دەنگدەر، تەنها (9.6 ملیۆن) کەس بەشداری پرۆسەکەیان کردووە بە ڕێژەی (43.5%). 🔹 هاوکات لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2009) لە کۆی نزیکەی (14.6 ملیۆن) دەنگدەر (7.14 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (48%) دەنگیان دابوو، بەڵام لە دواین ئەزمونی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی (2023) لە کۆی نزیکەی (16.2 ملیۆن) دەنگدەر (5.6 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (41%) دەنگیان دابوو. سەرەتا عێراق و گەلەکەی نزیک دەبێتەوە لە نۆیەمین هەڵبژاردنی گشتی لە دوای گۆڕینی ڕژێم لە ساڵی 2003. دوای تێپەڕبوونی پێنج خولی ئەنجومەنی نوێنەران و سێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئێستا لەبەردەم شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانین، کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت. گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان و پەرەسەندنی هۆشیاریی هاووڵاتییانی عێراقی بۆ سیستمی سیاسی و هەڵبژاردن، کاریگەری بەرچاوی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن و ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران هەبووە. بەڵام کوتلە سیاسییە گەورەکان توانیویانە بنکەیەکی جەماوەری بۆ هەڵبژاردنەکان بپارێزن، کە بتوانن لێیەوە دەستیان بگات بە بڕیاردان لە حکومەتی عێراقدا، ئەمەش دیمەنی سیاسی زیاتر ئاڵۆزتر دەکات و ئاستی کێبڕکێی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەرزتر دەکاتەوە. ئەم هەڵبژاردنانە چەندین ئاڵۆزی ئەمنی و سیاسیی تێدابووە، کە سێبەریان بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا خستووە، هەروەها ڕادەی ململانێی تائیفی لە نێوان هێزە سیاسییەکان بەرزترکردووەتەوە. لێرەدا پێداچوونەوەیەکی خێرا بە دیارترین ئەنجام و ڕووداوەکانی هەشت هەڵبژاردنەکە، هەروەها میزاج و هەڵسوکەوتی دەنگدەرانی عێراق بەو پێیە. یەکەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2005 یەکەم هەڵبژاردنی دوای گۆڕانی سیستەمی سیاسی و داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003، پەیوەست بوو بە خواستی جەماوەری بۆ بەشداریکردن لە دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی نوێ، هاوکات نیگەرانی لە سروشتی سیستمەکە وایکرد بەشێک لە سەرکردە سوننەکان داوای بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن. دوای چەند مانگێک لە دانوستان و ڕێککەوتن، بەشێک لە سەرکردە سوننەکان بڕیاریاندا بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن، کە لە ساڵی 2005 ئەنجامدرا. ئەم هەڵبژاردنانە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پشک پشکێنەی سیاسییان خستەڕوو. ناسنامەی تائیفی گرنگترین بزوێنەری بەشداری دەنگدەران بوو. شیعەکان دوای دەیان ساڵ لە پەراوێزخستن بۆ وەرگرتنەوەی مافە سیاسییەکانیان ڕوویان لە سندوقەکانی هەڵبژاردن کرد، لەسەر بنەمای ئەو دیدگایەی هەڵبژاردن وادەکات کە سەرکردە سیاسییە شیعەکان بەرەوپێشیان دەبەن. هاوکات کورد لە پاڵنەری نەتەوەیی و بە ئامانجی بەهێزکردنی نفوزی کورد لەناو حکومەتی عێراقدا، دەنگی خۆیان دا بە پارتە کوردییەکان و بەتایبەتیش دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان. هاوکات زۆرینەی سوننەکان بڕیاریاندا بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن و بە پرۆژەیەکی نانیشتمانپەروەری ئەمریکیان دەزانی. لەسەر ئەو بنەمایانەی پێشتر، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە سەرکەوتنی بەرچاوی لایەنی شیعە و هاوپەیمانی یەکگرتووی عێراقی (الائتلاف العراقي الموحد) بە سەرۆکایەتی عەبدولعەزیز ئەلحەکیم گەورەترین براوەی هەڵبژاردن بوو. ئەم هاوپەیمانییە بریتی بوو لە پارتە شیعەکانی وەکو ڕێکخراوی بەدر (15 کورسی)، حزبی دەعوە (25 کورسی)، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی (13 کورسی)، ڕەوتی سەدر (28 کورسی)، حزبی فەزیلە (15 کورسی). بەمەش کۆی گشتی کورسییەکانی هاوپەیمانێتییەکە لەگەڵ پارتەکانی دیکە و سەربەخۆکان گەیشتە (128) کورسی لە پەرلەمان، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. هەندێک لە ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دواتر ژمارەی کورسییەکانی بۆ (140) کورسی بەرزبووەتەوە و ژمارەی دەنگە بەدەستهاتووەکانیان لە هەڵبژاردنەکەدا گەیشتووەتە (4 ملیۆن و 75 هەزار) دەنگ. هاوپەیمانی کوردستانی پێکهاتوو لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی لە کوردستان، پارتی برایەتی تورکمان، پارتی زەحمەتکێشانی کوردستان و ژمارەیەک لە سەربەخۆکان، (53) کورسییان بەدەستهێناوە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش (5) کورسی بەدەستهێنا. بەرەی تەوافقی عێراقی (جبهة التوافق العراقية) بە سەرۆکایەتی عەدنان محەمەد سەلمان دلێمی توانی (44) کورسی بەدەستبهێنێت، کە پارتی ئیسلامی و ئەنجومەنی حواری وەتەنی و موئتەمەری ئەهلی عێراقی لەخۆگرتبوو. لیستی نیشتمانی عێراق (القائمة العراقية الوطنية) بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی و لە بزووتنەوەی وفاقی نیشتمانی و ژمارەیەک کەسایەتی سەربەخۆی عێراق (25) کورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێناو و بەرەی یەکگرتووی عێراقی (الجبهة العراقية الموحدة) بە سەرۆکایەتی ساڵح موتڵەق (11) کورسی بەدەستهێنا. دووەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی 2009 لەساڵی (2009) عێراق یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ئەنجامدا، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) و پارێزگاری کەرکوک، کە بەهۆی دۆخی ناکۆکییانەوە بێبەشکرا لە هەڵبژاردن. ئەم هەڵبژاردنە دوای شەڕێکی تائیفی هات، کە له ساڵانی (2006 و 2007) گەیشته لوتکە و گۆڕانکاری بەرفراوانی لەپێکهاتەی دیمۆگرافیای چەند پارێزگایەکدا به دواوه بوو، که دیارترینیان بەغدا بوو. هەروەها ئەم شەڕە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە ماوەی چەند مانگێکدا، کە بە ڕوونی لە ڕێژەی بەشداریکردن و دەرئەنجامەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێییدا ڕەنگدانەوەی هەبوو. ئەنجامەکان دەریانخستووە، کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی (126) کورسی لە سەرانسەری عێراق (14 پارێزگا کە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدرا) بەدەستهێناوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە بنکەی جەماوەری لەو هەڵبژاردنەدا کە (ملیۆنێک و 362 هەزار) دەنگی بەدەستهێنابوو، لیستی شەهیدی میحراب بە سەرۆکایەتی عەبدولعەزیز ئەلحەکیم بە مسۆگەر کردنی (52) کورسی و بەدەستهێنای (482 هەزار) دەنگ، پلەی دووەمی بەدەستهێنا. ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر توانی (43) کورسی بەدەست بهێنێت بە (434 هەزار) دەنگ. لیستی عێراقی بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی (26) کورسی بە (404 هەزار) دەنگ.بزووتنەوەی چاکسازی نیشتمانی (تيار الإصلاح الوطني) بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم جەعفەری (23) کورسی بە (273 هەزار) دەنگ بەدەستهێنا. هێزە سوننەکان بە کۆی گشتی (78) کورسییان بەدەستهێناوە، بەم شێوەیە دابەشکراون: تاریق هاشمی (23) کورسی و ساڵح موتڵەق (19) کورسی و ئەثیل نوجەیفی (19) کورسی و ئەحمەد ئەبو ڕیشە (8) کورسی بەدەستهێناوە، کە کۆی گشتی دەنگی لایەن سونییەکان (ملیۆنێک و 269 هەزار) دەنگ بووە. هەدوو پارتە سەرەکییەکەی کورد (یەکێتی و پارتی) بە (353 هەزار) دەنگ (20) کورسییان بەدەستهێنا.  هاوکات (72) کورسی بە حزب و هێزەکانی دیکە کەوت، بە کۆی گشتی دەنگی (2 ملیۆن و 562 هەزار) کەس. بەم ئەنجامانە، هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009 نەخشە و دیمەنی لەسەر ئاستی خۆجێیی (پارێزگاکان)ی عێراق گۆڕی و پێشەنگی بە هاوپەیمانیی مالیکی بەخشی و هێزی کاریگەری بەسەر لایەنە سوننەکان چەسپاند، لە کاتێکدا لایەنە کوردییەکان تووشی پاشەکشەیەکی ڕێژەیی بوون. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕوونی ئەو ناهاوسەنگییەیە لە هێزدا، کە دوای چەندین ساڵ لە توندوتیژی تائیفی سەریهەڵدا. سێیەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2010 هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2010 تیشکی خستەسەر بەهێزی هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان و کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی دەنگدانەکان، کە لەدوای پەنابردنی هاووڵاتیانی عێراقی بۆ هەستی تائیفی لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005، گەورەترین کوتلەی هەڵبژاردن بەرەو ڕێبازێکی نیشتمانی (ناسیۆنالیستی) گۆڕا، کە ئەوکاتە لەلایەن لیستی عێراقییەوە نوێنەرایەتی دەکرا، بە سەرۆکایەتی ئییاد عەللاوی، کە کاندیدەکانی مەزهەب و ئایینە جیاوازەکانی لەژێر ئاڵای یەکگرتوویی نەتەوەیی لەخۆگرتبوو. تەبەنی کردنی ئەم ڕێبازە قەومییە بووە هۆی ئەوەی لیستی عێراقییە (91) کورسی بەدەستبهێنێت، دواتر بەهۆی لێکترازانەوە بۆ (89) کورسی کەمکرایەوە. هاوکات حزبی دەعوە (21) کورسی لە کۆی (89) کورسی بەدەستهێنا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە لە ساڵی 2009 پێکهێنرا، هاوپەیمانی نیشتمانیش (70) کورسی بەدەستهێنا. دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پێکهێنانی هاوپەیمانی نیشتمانی ڕاگەیەندرا کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هێزەکانی دیکەی لەخۆگرتبوو، بەمەش کۆی گشتی هاوپەیمانییەکە گەیشتە (159) کورسی. هێزە کوردییەکان (پارتی و یەکێتی) چوونە ناو هاوپەیمانییەکەوە بە ناوی (هاوپەیمانی کوردستانی)، بەمەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران گەیشتە (43) کورسی، بزوتنەوەی گۆڕان (8) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (4) کورسی و پێکهاتەکانیش (8) کورسییان بەدەستهێنا. چوارەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی 2013 ساڵی 2013 یەکێک بوو قۆناغە ئاڵۆزەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق. ڕووداوە سیاسییەکان پەرەیان سەند و کاریگەرییان لەسەر شەقامی عێراقی دروستکرد، شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەری سەریهەڵداو داوای کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و پاراستنی سەروەری وڵات و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و کۆتاییهێنان بە بێکارییان دەکرد. ئەم ناڕەزایەتیانە پەرەیان سەند بۆ ڕووداوی ئەمنی، کە بەهۆی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، لەسەر فەرمانی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتە، گیانلەدەستدانی سەدان هاوڵاتی مەدەنییان لێکەوتەوە. سەرەڕای گرژییە ئەمنی و سیاسییەکان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەچوو و ژمارەی بەشداری (7 ملیۆن) دەنگدەری تێپەڕاند. بەهۆی ناڕەزایەتی توند لە پارێزگای نەینەوا و ئەنبار و سەرکوتکردنی چەکداری، هەردوو پارێزگاکە هەڵبژاردنیان تێدا ئەنجام نەدرا، بە هەمان شێوە لە پارێزگای کەرکوکیش وەک ناوچەی جێناکۆک هەڵبژاردن بەڕێوەنەچوو. لەسەر ئاستی ئەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام درا، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوت کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (102) کورسی بەدەستهێنا بە کۆکردنەوە (ملیۆنێک و 890 هەزار) دەنگ. ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە (943 هەزار) دەنگ (66) کورسی بەدەستهێنا. ڕەوتی سەدر بە (653 هەزار) دەنگ (٦٠) کورسی بەدەستهێنا. هاوپەیمانی یەکگرتوو بۆ چاکسازی (ئتلاف متحدون للإصلاح)، بە سەرۆکایەتی ئەثیل نوجەیفی، بە کۆکردنەوەی (518 هەزار) دەنگ (35) کورسی بەدەستهێنا. بەرەی عێراقی بۆ دیالۆگی نیشتمانی (الجبهة العراقية للحوار الوطني) بە سەرۆکایەتی ساڵح موتڵەق (18) کورسی بەدەستهێنا. لیستی کوردستانی (17) کورسی و بزووتنەوەی ڕێککەوتنی نیشتمانی (لحركة الوفاق الوطني) بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی (16) کورسی بەدەستهێنا. (133) کورسییەکەی دیکە بەسەر پارتەکانی دیکەدا دابەشکران و لیستی دڵسۆزی بۆ نەجەف (قائمة الوفاء للنجف) بە سەرۆکایەتی عەدنان زورفی 9 کورسی بەدەستهێنا. پێنجەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2014 یەکێک لە هەڵبژاردنە سەخت و ئاڵۆزەکان، به هۆی ئەو ڕووداوه ئەمنییانەی کە کاریگەری له سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەبوو، دەکرا ببێته هۆی گۆڕانکاری له پارتی دەسەڵاتداردا. بەڵام هاوپەیمانی نێوان هێزە سیاسییەکان ڕێگری لەم کارە دەکرد. لە ساڵی 2014 دوای چەند هەفتەیەک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێش پێکهێنانی حکومەتی نوێ، سوپای عێراق لە سێ پارێزگا کشایەوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق هات. ئەو کشانەوەیە دوای هێرشێکی داعش بوو بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، کە لە ئەنجامدا پارێزگای نەینەوا لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین ئەنبار و بەشێک لە پارێزگای دیالە داگیرکرا و بەهۆیەوە ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنی ئاوارە بوون و هەزاران کەسیش کوژران. لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (35) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ڕووداوە ئەمنییە گەورەکە مالیکی لە پۆستی سەرۆکی حکومەت دوورخستەوە، سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (92) کورسییان بەدەستهێنابوو، بەراورد بە (33) کورسی ڕەوتی سەدری، لەژێر ناوی هاوپەیمانی ئەحراردا. هاوپەیمانی هاووڵاتیان (ائتلاف المواطن) (30) کورسی و هاوپەیمانی یەکگرتوو بۆ چاکسازی (ائتلاف متحدون للإصلاح) (23) کورسی و هاوپەیمانی نیشتمانی (21) کورسی بەدەستهێنا.  لایەنە کوردستانییەکانیش (64) کورسییان بردەوە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کورستان (27) کورسی و  یەکێتی نیشتمانی کوردستان (21) کورسی و بزوتنەوەی گۆڕان (9) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی (4) کورسی و کۆمەڵی ئیسلامیش (3) کورسی بەدەستهێنابوو، کورسییەکانی دیکەش بەسەر حزبەکانی دیکەدا دابەشبوو. شەشەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2018 هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەژێر باردۆخێکی قورسدا بەڕێوەچوو، لەکاتێکدا سوپای عێراق شەڕی لەگەڵ پاشماوەکانی داعش کرد، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 شکستی هێنابوو، ئەم هەڵبژاردنە لە سەردەمی حەیدەر عەبادی وەک سەرۆک وەزیران ئەنجامدرا، ئەمەش تاڕادەیک بووە هۆی بەرزبوونەوەی ناو و ناوبانگی لای دەنگدەران. عەبادی بڕیاریدا سەرمایەگوزاری لەم جەماوەرەدا بکات، بە دامەزراندنی هاوپەیمانی سەرکەوتن (تحالف النصر) کە (42) کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. لە ڕیزبەندی لیستە براوەکاندا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، براوەی یەکەم هاوپەیمانی سائیرونی سەر بە ڕەوتی سەدری بوو کە (54) کورسی بەدەستهێنا، هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری کە (47) کورسی بەدەستهێنابوو. کاریگەری هەرە بەرچاوی ئەنجامەکان لەسەر دەوڵەتی یاسا بوو کە ژمارەی دەنگدەرەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی و لەڕووی ژمارەی کورسییەکانەوە پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا، بە (25) کورسی، هاوشێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە (26) کورسی هێنابوو. لیستی نیشتیمانی بە (21) کورسی پلەی شەشەمی بەدەستهێنا، دوای ئەویش ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە (19) کورسی،  یەکێتی نیشتمانی کوردستان (18) کورسی، لە دوای ئەویش هاوپەیمانی بڕیار (14) کورسی، کورسییەکانی دیکەش بەر لایەنە سیاسییەکانی دیکە کەوتن. بەکورتی لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (31) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران لایەنە کوردستانییەکانیش (57) کورسییان بردەوە دوای یەکێتی و پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان (5) کورسی و نەوەی نوێ (4) کورسی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی یەکی (2) کورسیان بەدەستهێنابوو. حەوتەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، کە لە سەرەتادا بڕیار بوو ساڵی 2022 ئەنجام بدرێت، ئەمەش بە پابەندبوون بوو بە داواکارییەکانی "شۆڕشی ئۆکتۆبەر"، کە حکومەتی عادل عەبدولمەهدی ڕووخاند. ئەنجامی کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوودا نەبوو. دوابەدوای چەندین بەربەست و کێبڕکێی لایەنە دۆڕاوەکان، بەشێک لە هێزە شیعەکان هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا، لەوانە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (38 کورسی)، بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی. هاوپەیمانی فەتح (17 کورسی) کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات. هاوپەیمانی گرێبەستی نیشتمانی (4 کورسی) بە سەرۆکایەتی فالح فەیاز. هێزەکانی دەوڵەت (٤ کورسی)، بە سەرۆکایەتی عەمار ئەلحەکیم و ژمارەیەک لیست کوتلەی دیکە. هاوپەیمانییەکیان بە ناوی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکهێنا و کۆی ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانییەکە گەیشتە نزیکەی (90) کورسی. لەلایەکی دیکەوە هاوپەیمانی ڕەوتی سەدری زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، کە (73) کورسی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (31 کورسی) و هاوپەیمانی پێشکەوتن (تقدم) (37 کورسی) و هاوپەیمانی عەزم (14 کورسی) بەدەستهێنا. ئەم ژمارەیە دوای زیادکردنی هێزی دیکە، لەژێر چەتری هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتمانی، بۆ (34) کورسی زیادی کرد، کە کۆی کورسییەکانی پەرلەمانیان گەیشتە (155) کورسی. ڕەوتی سەدری پاش ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێگری لە پێکهێنانی حکومەت کرد، کشایەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نوێنەرانی ڕەوتەکە دەست لەکار بکێشنەوە و (73) کورسی بە بەتاڵی مانەوە. چوارچێوەکە (40) کورسی لەو کورسیانە بەدەستهێنا. کورسییەکانی هاوپەیمانی فەتح بۆ (26) کورسی و هێزەکانی دەوڵەت بۆ (9) کورسی و گرێبەستی نیشتمانی بۆ (8) کورسی زیادی کرد، ئەمە جگە لەوەی کورسییەکانی دیکە بۆ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانییەکە ڕۆیشتن، بەمەش کۆی ژمارەی کورسییەکان گەیشتنە (130) کورسی. کورسییەکانی هاوپەیمانی تەقەدوم بۆ (39) کورسی، هاوپەیمانی عەزم بۆ (15) کورسی و بزووتنەوەی ئیمتیداد بۆ (9) کورسییان بەرزبوونەوە. بەکوردتی بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، جگە لە کاندیدە سەربەخۆکان کە ژمارەیان (33) کەس بوو لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (37) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران.  لایەنە کوردستانییەکانیش (63) کورسییان بردەوە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کورستان (32) کورسی و  یەکێتی نیشتمانی کوردستان (17) کورسی و نەوەی نوێ (9) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی (4) کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی (1) کورسی بردەوە. هەشتەم؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی 2023 هەڵبژاردنی ساڵی 2023 دوای (10) ساڵ بوو، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەویش بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەن پەرلەمانەوە لە ساڵی 2019، لە وەڵامی داواکاری و ناڕەزایەتییەکانی مانگی تشرینی یەکەمدا، کە بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بە زیادەڕۆیی لە قەڵەمدانیان. محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، دوای دەستبەکاربوونی لە کۆتایی ساڵی 2022، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگای فیدراڵی بوو کە تێیدا هاتووە هەڵبژاردنەکان دوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان ئەنجامبدرێت. پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنەکانی هەموارکردەوە و دەنگی لەسەردا و دواتر وادەی هەڵبژاردن دیاریکرا. هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا بە بەشداری زیاتر لە (6 ملیۆن دەنگدەر) و (15) پارێزگا بۆ یەکەمجار بەڕێوەچوو. هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنی هاوپەیمانی "ئێمە بنیات دەنێین (تحالف نبني)" بە سەرۆکایەتی هادی عامری لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراقدا (43) کورسییان بەدەستهێنا. دواتر هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (نووری مالیکی) توانی (35) کورسی بباتەوە، پاشان هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت (23) کورسییان بردەوە، هاوپەیمانی پێشکەوتن (تەقەدوم) بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی (21) کورسی بەدەستهێنا. دواتر هاوپەیمانی سەروەری (14) کورسی و هاوپەیمانی تەسمیم (12) کورسی و هاوپەیمانی عەزمی عێراق (10) کورسی و (8) کورسی بۆ حەسمی نیشتمانی (حسم الوطني) ڕۆیشتن. هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان (6) کورسی بەدەست هێنا، کورسیەکانی دیکەش بەر پارتە براوەکانی دیکە کەوتن. نۆیەم؛ ئاست و ڕێکەی بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراقدا ئامارو داتاکانی بەردەست، ئەوە بەدیاردەخەن، کە هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن لە عێراقدا، ئاست و ڕێژەی بەشدای هاوڵاتیان ڕوو لە پاشەکشە دەکات، هەر بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران، کە کانونی یەکەمی ساڵی (2005) لە کۆی (15.5 ملیۆن) دەنگدەر (11.89 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (79%) بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە. لە کاتێکدا لە دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لە کۆی (22.1 ملیۆن) دەنگدەر، تەنها (9.6 ملیۆن) کەس بەشداری پرۆسەکەیان کردووە بە ڕێژەی (43.5%). هاوکات لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2009) لە کۆی نزیکەی (14.6 ملیۆن) دەنگدەر (7.14 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (48%) دەنگیان دابوو، بەڵام لە دواین ئەزمونی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی (2023) لە کۆی نزیکەی (16.2 ملیۆن) دەنگدەر (5.6 ملیۆن) کەس بە ڕێژەی (41%) دەنگیان دابوو. وەک لە گرافیکەکەی خوارەوەدا ڕوونکردوەتەوە. گرافیک سەرچاوەکان؛ -    دامەزراوەی میدیایی درەو، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق... کورد لە پرۆسەی حوکمڕانیدا، چاپخانەی پاند، سلێمانی، چاپی یەکەم 2025.  https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20250918193348656697&lng=1 -    مركز المنصة للتنمية المستدامة، مجلة المنصة، العدد الثاني – ملف الانتخابات- تشرین الثاني 2023؛  https://shorturl.at/SPA0c -    صحافة البيانات-شبكة الساعة، المشاركة الشعبية والتحالفات السياسية: قراءة في مسار الانتخابات العراقية 2005 – 2023،  2025-09-16؛ https://shorturl.at/U3xCi    


  شیكاری: درەو 🔻 لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا ( هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان)  لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک بەدەستیان هێناوە، بەشێوەی فەرە لیستی (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی. 2.    نەوەی نوێ (1) کورسی. 3.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (1) کورسی. لە دۆخی هاوپەیمانی سەرجەم هێزو کەسایەتییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ئەنجامەکە ناگۆڕێت؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی. 2.    هاوپەیمانی هێزو کەسایەتییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی (2) کورسی دەبەنەوە. سەرەتا یەکی پێویست بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی تشرینی 2025، خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. لەماددەی (7)ی یاساکەدا هاتووە ماددەی (12)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە؛  دەنگە دروستەکانی هەر لیستێک دابەشی ژمارە (1.7، 3، 5، 7، 9 ...هتد) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەپێی ئەم دەقە لەم هەڵبژاردنەدا کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت . شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج ‌و سویددا بەكارهاتووە‌ بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە، ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات. بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) ‌و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو ‌و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (30ی نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام  بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوەتە (1.7). واتە لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...هتد)یان بكەین. لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران هەر پارێزگایەکی عێراق دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن و سەرتاسەری عێراق دابەشی سەر (83) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاساکە، ماددەی (12) کە هەمواری ماددەی (23)ی کردووە، دەقەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە؛ "پارێزگاکان بە سنورە کارگێڕییەکەی ئێستایانەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان. بەم پێیەش هەر پارێزگایەکی عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت. لەم ڕاپۆرتەدا بە پەیرەوکردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموار، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک شیکار دەکەین، بە هەردوو شێوازی فرە لیستی و هاوپەیمانی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، پاڵپشت بە دەنگی پارتە سیاسییەکان، کە لە دواین هەڵبژاردنی (20/10/2024) لە سەر ئاستی پارێزگای دهۆک بەدەستیان هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.   دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک پاڵپشت بەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای دهۆک بە سنورە ئیدارییەکەیەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (11) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت. بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (20/10/2024) لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو، لە سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک (548 هەزار و 15) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛ -    پارتی دیموکراتی کوردستان (402 هەزار و 157) دەنگی بە ڕێژەی (73%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. -    نەوەی نوێ (46 هەزار و 631) دەنگی بە ڕێژەی (9%) هێنابوو. -    یەکگرتووی ئیسلامی (42 هەزار و 732) دەنگی بە ڕێژەی (8%). -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (28 هەزار و 577) دەنگی بە ڕێژەی (5%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. -    ڕەوتی هەڵوێست (8 هەزار و 438) دەنگی بە ڕێژەی (2%). -    کۆمەڵی دادگەری (3 هەزار و 677) دەنگی بە ڕێژەی (1%). -    بەرەی گەل (2 هەزار و 605) دەنگی بە ڕێژەی کەمتر لە (1%). -    هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان تەنها (851) دەنگی بە ڕێژەی نزیک (2%). -    بزوتنەوەی گۆڕان تەنها (248) دەنگی بە ڕێژەی نزیک لە (0%). -    سەرجەم پێکهاتەکان و سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (12 هەزار و 99) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (2%). ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی بازنەکە، بەشێوەی فرە لیستی (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی. 2.    نەوەی نوێ (1) کورسی. 3.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (1) کورسی. بەڵام لە حاڵەتی دروستی کردنی هاوپەیمانی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، ئەنجامەکە گۆڕانی بەسەردا نایەت و ئەنجامی کورسییەکان وەک خۆی دەبێت، وەک ئەوەی لە خشتەی دووەمدا هاتووە، بەجۆرێک؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی. 2.    هاوپەیمانی هێزو کەسایەتییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی (2) کورسی، دەبەنەوە. خشتە    


   درەو: ماڵپه‌ڕی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی پارێزگای( سلێمانی و هەڵەبجە) و ئیدارەکانی (راپەڕین و گەرمیان) بڵاویكردەوە:  داهاتی هەفتەی رابردووی سنوری سلێمانی 13/9 – 19/9/2025: ( 11  ملیار و 59 ملیۆن )دینار بووە، بەجۆرێك كە 84%ـی داهاتەكە بەشێوەی نەختینەیە و 16%ـی داهاتەكە بەشێوەی چەك بووە.  داهاتی هەفتەی رابردووی سنوری سلێمانی 6/9 – 13/9/2025:: ( 13 ملیار و 288 ملیۆن )دینار بووە. سایتەكە بڵاویكردووەتەوە لە نێوان ئەو دوو هەفتەیە داهات بەڕێژەی (16%) كەمیكردووەبە زیاتر لە (2) ملیار دینار.    -    داهاتی مانگی ئەیلول سنوری سلێمانی تا ئێستا بریتی بووە له‌ ( 31 ملیار و 902 ملیۆن) دینار ، كه‌ 83%ی به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌ بوه‌ و 17%ی به‌شێوه‌ی چه‌ك بوه‌.  -   داهاتی مانگی ئابی سنوری سلێمانی تا ئێستا بریتی بووە له‌ ( 62 ملیار و 924 ملیۆن) دینار ، كه‌ 85%ی به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌ بوه‌ و 15%ی به‌شێوه‌ی چه‌ك بوه‌. -   داهاتی مانگی تەمووزی سنوری سلێمانی بریت بووە له‌ ( 118 ملیار و 926 ملیۆن) دینار ، كه‌ 28%ی به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌ بوه‌ و 67%ی مەقاسە بووەو 5% به‌شێوه‌ی چه‌ك بوه‌.  - داهاتی مانگی حوزەیرانی سنوری سلێمانی ( 139 ملیار و 173 ملیۆن دینار) بووە، كه‌ (76) ملیار دینار بەڕێژەی 54% كەمیكردووە.  


شیكاری: درەو بەشی دووەم:  لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی (سلێمانی و هەڵەبجە) بەدەستیان هێناوە، (6) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛ 1.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (8) کوردسی. 2.    نەوەی نوێ (4) کورسی. 3.    پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کورسی. 4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (2) کورسی. 5.    کۆمەڵی دادگەری (1) کورسی. 6.    ڕەوتی هەڵوێست (1) کورسی بەڵام رووداوو گۆڕانكارییەكان كاریگەری دەبێت لەسەر پێگەو دەنگ و كورسی لایەنە سیاسیەكان بۆ هەڵبژاردنی 11/11/2025ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.   سەرەتا یەکی پێویست بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی تشرینی 2025، خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. لەماددەی (7)ی یاساکەدا هاتووە ماددەی (12)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە؛  دەنگە دروستەکانی هەر لیستێک دابەشی ژمارە (1.7، 3، 5، 7، 9 ...هتد) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەپێی ئەم دەقە لەم هەڵبژاردنەدا کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت . شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج ‌و سویددا بەكارهاتووە‌ بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە، ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات. بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) ‌و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو ‌و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (30ی نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام  بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوەتە (1.7). واتە لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...هتد)یان بكەین. لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران هەر پارێزگایەکی عێراق دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن و سەرتاسەری عێراق دابەشی سەر (83) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاساکە، ماددەی (12) کە هەمواری ماددەی (23)ی کردووە، دەقەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە؛ "پارێزگاکان بە سنورە کارگێڕییەکەی ئێستایانەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان. بەم پێیەش هەر پارێزگایەکی عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت. لەم ڕاپۆرتەدا بە پەیرەوکردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی شیکار دەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی؛ 1.    پاڵپشت بە دەنگی هەر پارتێکی سیاسی، کە لە دواین هەڵبژاردن لە (20/10/2024) لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەدەستیان هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.   2.    لەم ڕاپۆرتەدا هیچ دۆخێکی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لە بەرچاو نەگیراوە، چونکە تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک لەو پارێزگایە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بۆیە دەکرێت هەر هاوپەیمانێتییەک گۆڕانکاری ڕێژەیی لەسەر دەرەنجامەکان دروست بکات. دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی پاڵپشت بەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای سلێمانی بە سنورە ئیدارییەکەیەوە (بە پارێزگای هەڵەبجەشەوە) بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (18) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت. بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (20/10/2024) لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو، بەبێ پارێزگای هەڵەبجەو تەنها لە سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی (626 هەزار و 224) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛ -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (257 هەزار و 359) دەنگی بە ڕێژەی (41%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. -    نەوەی نوێ (136 هەزار و 447) دەنگی بە ڕێژەی (22%) هێنابوو. -    پارتی دیموکراتی کوردستان (57 هەزار و 916) دەنگی بە ڕێژەی (9%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. -     یەکگرتووی ئیسلامی (42 هەزار و 687) دەنگی بە ڕێژەی (7%). -    کۆمەڵی دادگەری (36 هەزار و 707) دەنگی بە ڕێژەی (6%). -    ڕەوتی هەڵوێست (29 هەزار و 416) دەنگی بە ڕێژەی (5%)، -    بەرەی گەل (20 هەزار و 355) دەنگی بە ڕێژەی (3%). -    بزوتنەوەی گۆڕان (9 هەزار و 736) دەنگ بە ڕێژەی (2%). -    هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (8 هەزار و 399) دەنگ بە ڕێژەی (1%). -    دەنگی سەرجەم سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (27 هەزار و 202) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (4%). هاوکات لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە (38 هەزار و 936) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛ -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (12 هەزار و 530) دەنگی بە ڕێژەی (32%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. -    یەکگرتووی ئیسلامی (7 هەزار و 847) دەنگی بە ڕێژەی (20%). -    پارتی دیموکراتی کوردستان (4 هەزار و 940) دەنگی بە ڕێژەی (13%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. -    نەوەی نوێ (4 هەزار و 732) دەنگی بە ڕێژەی (12%) هێنابوو. -    کۆمەڵی دادگەری (4 هەزار و 215) دەنگی بە ڕێژەی (11%). -    ڕەوتی هەڵوێست (هەزار و 283) دەنگی بە ڕێژەی (3%)، -    بەرەی گەل (725) دەنگی بە ڕێژەی (2%). -    بزوتنەوەی گۆڕان (197) دەنگ بە ڕێژەی (1%). -    هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (518) دەنگ بە ڕێژەی (1%). -    دەنگی سەرجەم سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (هەزار و 949) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (5%). بەم پێیە لەسەر ئاستی سنوری ئیداری پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە) کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدەهێنن، لە دواین هەڵبژاردندا بۆ پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024؛ (665 هەزار و 160) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛ -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (269 هەزار و 889) دەنگی بە ڕێژەی (41%)ی دەنگە دروستەکانی هێنابوو. -    نەوەی نوێ (141 هەزار و 179) دەنگی بە ڕێژەی (21%) هێنابوو. -    پارتی دیموکراتی کوردستان (62 هەزار و 856) دەنگی بە ڕێژەی (9%)ی دەنگە دروستەکانی هێنابوو. -     یەکگرتووی ئیسلامی (50 هەزار و 534) دەنگی بە ڕێژەی (8%). -    کۆمەڵی دادگەری (40 هەزار و 922) دەنگی بە ڕێژەی (6%). -    ڕەوتی هەڵوێست (30 هەزار و 699) دەنگی بە ڕێژەی (5%)، -    بەرەی گەل (21 هەزار و 80) دەنگی بە ڕێژەی (3%). -    بزوتنەوەی گۆڕان (9 هەزار و 933) دەنگ بە ڕێژەی (1%). -    هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (8 هەزار و 917) دەنگ بە ڕێژەی (1%). -    دەنگی سەرجەم سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (29 هەزار و 151) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (4%). ئەگەر هێزە سیاسییەکان تاڕادەیەک بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی بازنەکە، (6) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن (وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە)، ئەوانیش؛ 1.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (8) کوردسی. 2.    نەوەی نوێ (4) کورسی. 3.    پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کورسی. 4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (2) کورسی. 5.    کۆمەڵی دادگەری (1) کورسی. 6.    ڕەوتی هەڵوێست (1) کورسی لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی تاڕادەیەک دابەشبوونی کورسییەکان بەربڵاوتردەبن لە نێوان هێزە سیاسییەکان بەراورد بازنەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەر هاوپەیمانێتییەکیش لەم بازنەیە کاریگەری لەسەر نەخشەی داشبوونی سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانی جێدەهێڵێت. خشتە     بەشی یەكەم/ هەولێر هەولێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا  


(درەو): ئەنجومەنی دەوڵەت نوسینەوەی بۆچوونی خۆی لەبارەی ناكۆكییەكانی هەولێرو بەغداد بۆ سەرەتای هەفتەی ئایندە دواخست، بەوئومێدەی نوێنەری هەرێم بەشداری لە كۆبوونەوەكەیدا بكات، وا دەردەكەوێت ئەم ئەنجومەنە نەیەوێت هاوشێوەی دادگای باڵای فیدراڵی لەماوەی رابردوودا، بكەوێتە بەرداشتی ناكۆكییە سیاسییەكانی حكومەتی هەرێم و بەغدادو پەلە بكات لە دەركردنی بڕیار.  بەهۆی جیاوازی بۆچوون لەناو ئەندامانی (ئەنجومەنی دەوڵەت)، ئەنجومەنەكە وەكو بڕیار بوو نەیتوانی بۆچوونی خۆی لەبارەی ناكۆییەكانی هەولێرو بەغداد سەبارەت بە (داهاتە نانەوتییەكانی كوردستان) بنوسێتەوە.   ئەمڕۆ چوارەم رۆژی لەسەر یەك بوو كە ئەنجومەنەكە شكستی هێنا لەوەی بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو كێشە بخاتەڕوو؛ كە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی و ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە ئاڕاستەی كراوە.  ئەنجومەنی دەوڵەت دەربڕینی بۆچوونی خۆی لەبارەی بابەتە كێشەلەسەرەكەی نێوان هەولێرو بەغداد بۆ سەرەتای هەفتەی ئایندە (یەكشەممە) دواخست. بۆ ئەوەی نوێنەری حكومەتی هەرێمیش یەكشەممە بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا بكات.  بڕیاربوو رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە هاوكات لەگەڵ وادەی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵدا، ئەنجومەنی دەوڵەت بۆچوونی خۆی بۆ حكومەتی فیدراڵ بگەڕێنێتەوە.  لە رۆژی یەكەمدا، ئەنجومەن داوای كرد دوو راوێژكار لە وەزارەتەكانی (دارایی + داد)ی هەرێم ئامادەی دانیشتنەكە ببن بۆ بڕیاردان، بەڵام تائیستا نوێنەری حكومەتی هەرێم بەشداری لە دانیشتنەكەی ئەم ئەنجومەنە نەكردووە، دیاریش نییە ئایا وەكو چاوەڕوان دەكرێت یەكشەممەی ئایندە نوێنەری هەرێم بەشدار دەبێت یاخود نا. دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی هەبوو، لەبارەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكان رایگەیاند" سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت، جەخت لەسەر تێڕوانینی دەستوریی و یاسایی خۆمان دەكەینەوە لەسەر پۆڵێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی کە پشت بە ماددەکانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بودجەی فیدراڵیی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە 224 لە 2024/2/21 دەبەستێت، کە ئەمانە هەمووی یاساو بڕیاری فیدڕاڵیین و بە دەقی ڕوون و ئاشکرا، پۆڵینی داهاتە ناوخۆییەکانی کردووەو بەشی هەر یەک لە گەنجینەی فیدڕاڵیی و هەرێمیشی دەستنیشانکردووە وەک لە دوا یاداشتی حکومەتی هەرێمدا هاتووە و بە فەرمی پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کراوە". بەهۆی ئەوەی بۆچوونەكەی لەبارەی ناكۆكی هەولێرو بەغداد سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكانی كوردستان پابەندكەر دەبێت، (ئەنجومەنی دەوڵەت) كە یەكەمجارە دەكەوێتە بەرداشی ناكۆكییەكانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی كوردستانەوە، نایەوێت روبەڕووی چارەنوسی دادگای فیدراڵی ببێتەوە كە سەرۆكەكەی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا، دەیەوێت هاوسەنگی خۆی لە بڕیارداندا بپارێزێت و وەكو دامەزراوەیەكی بێلایەن دەربكەوێت، بەتایبەتیش كە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی نوێدایەو روخساری حوكمڕانی ئایندەی عێراق هێشتا ناڕوونە.  


شیكاری: درەو بەشی یەكەم: لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای هەولێر ئەگەر هێزە سیاسییەکان بەشێوەیەکی ڕێژەیی بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی (سانتلیگۆی هەموارکراو) لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، تەنها (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی. 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (3) کوردسی. 3.    نەوەی نوێ (3) کورسی. بەڵام رووداوو گۆڕانكارییەكان كاریگەری دەبێت لەسەر پێگەو دەنگ و كورسی لایەنە سیاسیەكان بۆ هەڵبژاردنی 11/11/2025ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. سەرەتا بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی تشرینی 2025، خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. لەماددەی (7)ی یاساکەدا هاتووە ماددەی (12)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە؛  دەنگە دروستەکانی هەر لیستێک دابەشی ژمارە (1.7، 3، 5، 7، 9 ...هتد) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەپێی ئەم دەقە لەم هەڵبژاردنەدا کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت . شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج ‌و سویددا بەكارهاتوە‌ بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە بەهۆیەوە ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی قەوارە سیاسییە بچوكەكان شكایەوە. ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات. بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) ‌و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو ‌و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام  بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کراوەتەوە (1.7). واتە لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...هتد)یان بكەین. لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران پارێزگاکانی عێراق دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن و سەرتاسەری عێراق دابەشی سەر (83) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاساکە، ماددەی (12) کە هەمواری ماددەی (23)ی کردووە، دەقەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە؛ "پارێزگاکان بە سنورە کارگێڕییەکەی ئێستایانەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان. بەم پێیەش هەر پارێزگایەکی عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت. لەم ڕاپۆرتەدا بە پەیرەوکردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموار، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی بازنەی پارێزگای هەولێر شیکار دەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی؛ 1.    پاڵپشت بە دەنگی هەر پارتێکی سیاسی، کە لە دواین هەڵبژاردن لە (20/10/2024) لە سەر ئاستی پارێزگای هەولێر بەدەستیان هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.   2.    هیچ دۆخێکی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لە بەرچاو نەگیراوە، چونکە تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک لەو پارێزگایە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بۆ دەکرێت هەر هاوپەیمانێتییەک گۆڕانکاری ڕێژەیی لەسەر دەرەنجامەکان دروست بکات. دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر پاڵپشت بەپیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای هەولێر بە سنورە ئیدارییەکەیەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (15) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت. بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (20/10/2024) بەڕێوەچوو لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو، (669 هەزار و 273) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لە ژمارەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان (347 هەزار و 786) دەنگی بە ڕێژەی (52%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو، بە دوای ئەویشدا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (111 هەزار و 102) دەنگ بە ڕێژەی (17%)، نەوەی نوێ (104 هەزار و 222) دەنگ بە ڕێژەی (16%)، یەکگرتووی ئیسلامی (24 هەزار و 178) دەنگ بە ڕێژەی (4%)، کۆمەڵی دادگەری (20 هەزار و 265) دەنگ بە ڕێژەی (3%)، ڕەوتی هەڵوێست (16 هەزار و 871) دەنگ بە ڕێژەی (3%)، بەرەی گەل (9 هەزار و 776) دەنگ بە ڕێژەی (1%)، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (3 هەزار و 458) دەنگ بە ڕێژەی (1%)، بزوتنەوەی گۆڕان (هەزار و 455) دەنگ بە ڕێژەی کەمتر لە (1%) و سەرجەم دەنگی پێکهاتەو سەربەخۆکان و لیست قەوارەکانی دیکە (30 هەزار و 160) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (5%). ئەگەر هێزە سیاسییەکان بەشێوەیەکی ڕێژەیی بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن کە لە دوا هەڵبژاردندا بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، تەنها (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن (وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە)، ئەوانیش؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی. 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (3) کوردسی. 3.    نەوەی نوێ (3) کورسی.  ڕەنگە لەبەرچاوگرتنی ئەو شیکردنەوەیە، پاڵنەربێت بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکان هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانی بدەن، لەگەڵ یەکتردا. خشتە


راپۆرتی درەو   🔻 لە بازنەی پارێزگای دهۆک؛ 🔹 خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2010)دا (2) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی سێیەم لە ساڵی (2014)دا (3) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی چوارەم لە ساڵی (2018)دا (2) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی پێنجەم لە ساڵی (2021)دا (3) لیست و قەوارەی سیاسی  توانیویانە کورسی ئەنجومەنی نوێنەران مسۆگەر بکەن، لە نێویشیاندا پارتی هەمیشە (8) کورسی و زیاتری بازنەکەی بەدەستهێناوە لە کۆی (11) کورسی. 🔹 لە (7ی3ی2010)ەوە کە (574 هەزار و 138) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت و (940 هەزار و 496) هاوڵاتی مافی بەشداری هەیە، بەو مانایەی ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای دهۆک گەیشتووە بە (366 هەزار و 358) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (63.8%). 🔹 ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (424 هەزار و 715) بەشداربووەوە بۆ (396 هەزار و 4) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بە بڕی (28 هەزار و 711) بەشدابوو بە ڕێژەی (7%) کەمی کردووە. سەرەتا لەگەڵ ئەوەی چەندین هەڵبژاردنی گشتی بۆ (پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و  لە نێویشیدا لە پارێزگای دهۆک لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەڕێوەچووە، بەڵام سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسا بە سیستمی یەک بازنەیی بەڕێوەچووە، جگە لە دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20/10/2024 بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو. ئەوەشی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەیە، هەمیشە هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچووە، پارێزگای دهۆکیش بازنەیەکی سەربەخۆ بووە تا دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 کە تێدا پارێزگای دهۆک کرا بە (3) بازنەی هەڵبژاردن. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە تێیدا پارێزگای دهۆک وەک بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، وردەکاری و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەو بازنەیە ڕووندەکەینەوە، لەڕووی ژمارەی دەنگدەر، ڕێژەی بەشداری، ڕکابەری لایەنەکان و بەشداربووە سەرکەوتووەکان.  یەكەم/ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010 خولی دووەمی هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010)دا بەڕێوەچووە، بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە پارێزگای دهۆک (574 هەزار و 138) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (424 هەزار و 715) هاوڵاتی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (74%). پارێزگاكە (10) كورسی گشتی و کورسییەکی کۆتای مەسیحییەکانی لە پەرلەمانی عێراق بەردەكەوت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بەم جۆرە بوو؛  -    لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، کە لە یەکێتی و پارتی و چەند لایەنێکی دیکەی پێکهاتبوو (332 هەزار و 951) دەنگی بەدەستهێنا و (9) كورسی پەرلەمانیان بردەوە، کە سەرجەم کاندیدە سەرکەوتووەکان کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون؛ پارتی بەتەنها (283 هەزار و 69) دەنگی بەدەستهێنابوو. بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان تەنها (34 هەزار و 226) دەنگی بەدەستهێنابوو، هیچ کورسییەکی بازنەکەی نەبردەوە. -    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (59 هەزار و 969) دەنگی بەدەستهێنابوو (1) كورسی مسۆگەر کرد. -    لیستی بزوتنەوەی گۆڕان (23 هەزار 775) دەنگی بەدەستهێنابوو، هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێنا. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای دهۆک (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 1)  خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم/ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو، لە بازنەی پارێزگای دهۆک (612 هەزار و 66) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (490 هەزار و 452) هاوڵاتی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (80%)، بازنەی پارێزگای دهۆک (11) كورسی بەرکەوتبوو. ئەنجامەکەش بەجۆرێک بوو (3) لیست توانیان کورسییەکانی پارێزگاکە ببەنەوە لەو هەڵبژاردنەدا، بەجۆرێک؛  -    لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (304 هەزار و 869) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (62%)  و توانی (8) كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكات. -    لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (84 هەزار و 464) دەنگ و بەڕێژەی (17%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. -    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (33 هەزار و 583) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (7%) كە (1) كورسی بەدەستهێنا. -    لیستی گۆڕان توانی (20 هەزار و 645) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (4%) و هیچ کاندیدێکی سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا. -    لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (3 هەزار و 177) دەنگی بەڕێژەی (1%) بەدەستهێناو هیچ کورسییەکی بازنەکەی نەبردەوە. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای دهۆک (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 2) خشتە و چارتی ژمارە (2) سێیەم/ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە دهۆک (716 هەزار و 300) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (489 هەزار و 308) كەس بە دروستی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (68.3%)، و (11) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ دیاریكرابوو، تەنها دوو لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛ -    لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (354 هەزار و 102) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (72%)  و (10) كورسی مسۆگەر بكات. -    لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (43 هەزار و 525) دەنگ و بەڕێژەی (9%)ی دەنگە دروستەكان و (1) كورسی بەدەستهێنا. -    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (25 هەزار و 515) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (5%)ی دەنگە دروستەكان و كورسی بەدەستنەهێنا. -    نەوەی نوێ توانی (18 هەزار و 52) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (4%) و هیچ کاندیدێکی سەرنەکەوت. -    لیستی گۆڕان توانی (3 هەزار و 801) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (1%) و كورسی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا.  -    لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (3 هەزار و 628) دەنگی بەڕێژەی (1%)ی دەنگە دروستەکانی هێناو نەتوانی كورسی بەدەستبهێنێت. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای دهۆک (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 3) خشتە و چارتی ژمارە (3) چوارەم/ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەچوو، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەكە تەواو جیاواز بوو بەراورد بە خولەكانی پێش خۆی، یەکێک لەو جیاوازییانەش دابەشكردنی عێراق بوو لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن دابەش کرا. لەسەر ئەو بنەمایەش پارێزگای دهۆک كرا بە (3) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی هەر سێ بازنەکەی هەڵبژاردن، بەپێی داتاكانی كۆمسیۆنی عێراق لە پارێزگای دهۆک (882 هەزار و 703) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و (396 هەزار و 4) كەس دەنگی دروستیانداوە، بەرێژەی (45%) و (11) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكراوە، سێ لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛  -    لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (261 هەزار  و 543) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (66%)ی دەنگە دروستەكان و توانی (8) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. -    لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (81 هەزار و 144) دەنگ و بەڕێژەی (20.5%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. -    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (6.3%) كە (1) كورسی بەدەستهێنا. -    نەوەی نوێ توانی (19 هەزار و 292) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (4.9%) و هیچ كورسییەکی بەدەستنەهێنا. -    پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانیش (هەزار و 911) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (0.5%) و هیچ كاندیدێکی سەرنەكەوت. -    سەرجەم لایەن و كەسایەتییە سەربەخۆكانیش لەو پارێزگایە (7 هەزار و 74) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (1.8%) و هیچیان سەرنەكەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەکانی پارێزگای دهۆک (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 4) خشتە و چارتی ژمارە (4) پێنجەم/ ژمارەی دەنگدەر و ڕێژەی بەشداری بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2010 – 2025 لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەسەر بنەمای گەشەی دانیشتوان، ژمارەی دەنگدەریش ڕوو لە هەڵکشان دەکات، بەجۆرێک لە پارێزگای دهۆک، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کە لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو (574 هەزار و 138) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام بەپێی دواین ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کەوا بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت (940 هەزار و 496) هاوڵاتی لە پارێزگای دهۆک مافی بەشداریکردنی پرۆسەکەیان هەیە، بەم پێیە ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای دهۆک گەیشتووە بە (366 هەزار و 358) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (63.8%) لە ماوەی نێوان (2010 – 2025). هاوکات ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (424 هەزار و 715) دەنگدەرەوە بۆ (396 هەزار و 4) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بڕی (28 هەزار و 711) بەشدابوو بە ڕێژەی (7%) کەمی کردووە. بۆ بەرچاوڕوونی دەربارەی گەشەی ژمارەو ڕێژەی دەنگدەر و قەبارەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولەکانی ڕابردوودا لە بازنەی پارێزگای دهۆک (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 5) خشتە و چارتی ژمارە (5)      


(درەو): حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕی نەوت رادەستی (سۆمۆ) بكات، بەو مەرجەی تا كۆتایی ئەم هەفتەیە رێككەوتنی سێقۆڵی (وەزارەتی نەوتی فیدراڵ+ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان+ كۆمپانیا بیانییەكان) گەڵاڵە بكرێت.  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ كۆبووەوە، لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتەوە  بڕیاری خۆیدا، كە لە 25ی ئازاری 2023وە بەهۆی سكاڵای عێراق دژ بە توركیا لە دادگای ناوبژیوانی پاریس، هەناردەكردنی بەبۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راوەستاوە.   لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و پابەندییە دەستورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووەو هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستانە تەکنیکییانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی موچە. سەرۆكی حكومەت وتی: نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی موچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی یاسایی و ڕەوای خۆیانە موچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت. ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە راپۆرتێکدا، وردەکاریی دواپێشنیاری هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی خستوەتەڕوو سەبارەت بە پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، پەسەند کرا و ڕەوانەی بەغدا کرا. "بەپێی ئەم لەیەکگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیری لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا، کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات (جگە لە بڕی بەکارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناخەش لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانوستانەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەو بینیوە و وا چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو ڕێککەوتننامەیە گەڵاڵە بکرێت" راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم وا دەڵێ. ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، تا کاتی واژۆکردنی رێککەوتننامەی سێقۆڵی (مەبەست لە ریككەوتنی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ+ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم+ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمە)، هەرێمی کوردستان بەشەنەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەکات، بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش لە بەرانبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی موچە دەستبەجێ جێبەجێ بکات. لە كۆبوونەوەی دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، پێشنیاری ئیمزاكردنی رێككەوتنی سێقۆڵی رەوانەی وەزارەتی نەوت كراو بڕیارە وەزارەت لەماوەی 48 كاتژمێردا (لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەی دوێنێی حكومەتەوە) وەڵامی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بگێڕێتەوە. 


پێشەوا هەورامانی- وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان * لەکۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ٤۸ کاتژمێر دراوەتە وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەوەی بابەتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. * کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت ڕازیبوون بەوەی بەپێی یاساکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و، دەستبەرداری ئەو بابەتە بوون کە بە یاسا بیانییەکان مافی ئەوان پارێزراو بێت. *حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوی فەرمیکردووە کە بەشە نەوتی خۆی ڕادەستی سۆمۆ بکات. *پێویستە لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوت موچەی مانگی ۷ و مانگەکانی دواتری موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. *لە ئەسڵی بابەت، هیچ کام لەم ڕێوشوێنانە پێویست نەبوون، هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی موچەی هەرێمی کوردستان و تەنها یاساکانی بودجەو یاسای کارگێڕی دارایی ودەستور ببنە ناوبژیوان ئەوا یەک هۆکاریش نامێنێت بۆ خەرجکردنی موچە لەپاڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییەکان و ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردون و نەناردنی  موچە بێ موبەریرە! *ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایبوونەوە چووەو ڕۆژانە بڕی ۲۳۳ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت، دەستپێکردنی ناردنە دەرەوەی نەوت لە خزمەت دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. هەموو هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەو پێناوەیە کە هیچ موچەیەکی موچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت. *لەبابەتی داهاتی ناوخۆش یاسا چی بۆ ئێمە دیاریکردووە پێوەی پابەندین بێ زیاد و کەم.


(درەو): ئەنجومەنی دەوڵەت ئەمڕۆشی سپارد بە سبەینێ، سبەینێ كۆتایی هەفتەیە، بە ئەگەری زۆرەوە بڕیاردان لەسەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكەوێتەوەی هەفتەی ئایندە، موچەخۆرانی هەرێم ئەم رۆژانە بەهۆی ناكۆكییەكانی هەولێرو بەغدادەوە هەفتانە چاوەڕێی هاتنی سێ شەممە دەكەن كە وادەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵە.  بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەك، ئەمڕۆ (ئەنجومەنی دەوڵەت) نەیتوانی هیچ بڕیارێك بدات لەبارەی ناكۆكییەكانی هەولێرو بەغداد سەبارەت بە (داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان). 16ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاریدا نوسراوی بۆ (ئەنجومەنی دەوڵەت) بكات و، داوای لێ بكات رونكردنەوە بدات سەبارەت بەوەی كام جۆر لە داهاتی هەرێمی كوردستان پشكی حكومەتی فیدراڵی تێدایە، (ئەنجومەنی دەوڵەت) نوسراوەكەی پێگەیشتووە، دەبوو دوێنێ بڕیاری لێ بدات، بەڵام بڕیارەكەی بۆ ئەمڕۆ دواخست. (ئەنجومەنی دەوڵەت) ئەمڕۆش نەیتوانی بڕیاربدات و پرسەكەی سپارد بە سبەینێ. سەرباری بانگهێشتكردنی دوو راوێژكار لە وەزارەتەكانی (دارایی+ داد)ی هەرێم بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی بڕیاردان، تائێستا حكومەتی هەرێم هیچ نوێنەرێكی نەناردووەتە بەردەم ئەنجومەنەكە.  تەنانەت ئەگەر سبەینێش بڕیار بدات لەسەر یەكركردنەوەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە داهاتی نانەوتیی هەرێم، بڕیاردان لەسەر ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە ئەگەری زۆرەوە دەكەوێتەوە هەفتەی ئایندە، رەنگە بۆ (سێ شەممە)ی داهاتوو كە وادەی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵە.  لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵدا، جۆرە رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروستبوو، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە نیگەرانی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمەوە هەبوو. حكومەتی فیدراڵ قایل بووە بەوەی بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی كوردستان بدات بە كۆمپانیا نەوتییەكان، بۆ ئەمەش لەبری پارەی كاش، بڕیاردراوە نەوت بە كۆمپانیاكان بدرێت وەكو حەقدەستی بەرهەمهێنان، ئەمەش وادەكات كۆمپانیاكان چیتر نیگەرانی ئەوە نەبن پارەكانیان لەناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداددا بفەوتێت.  ئێستا ئەوەی ماوەتەوە لەبەردەم چارەسەری كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، تەنیا دەستپێكردنی رادەستكردنی نەوتی هەرێمە بە كۆمپانیای بەباواڕخستنی عیراق (سۆمۆ) بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، هەروەها یەكلابوونەوەی پرسی ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتە نانەوتییەكان.  بە یەكلابوونەوەی ئەم دوو بابەتە، دەبێت حكومەتی فیدراڵ سەرجەم موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ (6) مانگی ئەمساڵ خەرج بكات، بەتەواوبوونی ساڵی دارایی 2025، ئیتر یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقیش كۆتایی دێت و دەبێت لە یاسای بودجەی 2026دا هەولێرو بەغداد رێككەوتنی نوێ بكەن لەبارەی بوجەو نەوتەوە. 


(درەو): ئەنجومەنی دەوڵەت ئەمڕۆشی سپارد بە سبەینێ، سبەینێ كۆتایی هەفتەیە، بە ئەگەری زۆرەوە بڕیاردان لەسەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكەوێتەوەی هەفتەی ئایندە، موچەخۆرانی هەرێم ئەم رۆژانە بەهۆی ناكۆكییەكانی هەولێرو بەغدادەوە هەفتانە چاوەڕێی هاتنی سێ شەممە دەكەن كە وادەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵە.  بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەك، ئەمڕۆ (ئەنجومەنی دەوڵەت) نەیتوانی هیچ بڕیارێك بدات لەبارەی ناكۆكییەكانی هەولێرو بەغداد سەبارەت بە (داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان). 16ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاریدا نوسراوی بۆ (ئەنجومەنی دەوڵەت) بكات و، داوای لێ بكات رونكردنەوە بدات سەبارەت بەوەی كام جۆر لە داهاتی هەرێمی كوردستان پشكی حكومەتی فیدراڵی تێدایە، (ئەنجومەنی دەوڵەت) نوسراوەكەی پێگەیشتووە، دەبوو دوێنێ بڕیاری لێ بدات، بەڵام بڕیارەكەی بۆ ئەمڕۆ دواخست. (ئەنجومەنی دەوڵەت) ئەمڕۆش نەیتوانی بڕیاربدات و پرسەكەی سپارد بە سبەینێ. سەرباری بانگهێشتكردنی دوو راوێژكار لە وەزارەتەكانی (دارایی+ داد)ی هەرێم بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی بڕیاردان، تائێستا حكومەتی هەرێم هیچ نوێنەرێكی نەناردووەتە بەردەم ئەنجومەنەكە.  تەنانەت ئەگەر سبەینێش بڕیار بدات لەسەر یەكركردنەوەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە داهاتی نانەوتیی هەرێم، بڕیاردان لەسەر ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە ئەگەری زۆرەوە دەكەوێتەوە هەفتەی ئایندە، رەنگە بۆ (سێ شەممە)ی داهاتوو كە وادەی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵە.  لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵدا، جۆرە رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروستبوو، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە نیگەرانی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمەوە هەبوو. حكومەتی فیدراڵ قایل بووە بەوەی بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی كوردستان بدات بە كۆمپانیا نەوتییەكان، بۆ ئەمەش لەبری پارەی كاش، بڕیاردراوە نەوت بە كۆمپانیاكان بدرێت وەكو حەقدەستی بەرهەمهێنان، ئەمەش وادەكات كۆمپانیاكان چیتر نیگەرانی ئەوە نەبن پارەكانیان لەناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداددا بفەوتێت.  ئێستا ئەوەی ماوەتەوە لەبەردەم چارەسەری كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، تەنیا دەستپێكردنی رادەستكردنی نەوتی هەرێمە بە كۆمپانیای بەباواڕخستنی عیراق (سۆمۆ) بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، هەروەها یەكلابوونەوەی پرسی ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتە نانەوتییەكان.  بە یەكلابوونەوەی ئەم دوو بابەتە، دەبێت حكومەتی فیدراڵ سەرجەم موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ (6) مانگی ئەمساڵ خەرج بكات، بەتەواوبوونی ساڵی دارایی 2025، ئیتر یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقیش كۆتایی دێت و دەبێت لە یاسای بودجەی 2026دا هەولێرو بەغداد رێككەوتنی نوێ بكەن لەبارەی بوجەو نەوتەوە. 


(درەو): بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رازی بوو بەوەی لەبری پارەی كاش، نەوتی خاو بدرێت بە كۆمپانیاكان وەكو حەقدەستی دەرهێنانی نەوت.  كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ كۆتایی هات، هاوشێوەی كۆبوونەوەی هەفتەكانی پێشوو، ئەمڕۆش لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا قسەوباس كرا لەبارەی كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستان. بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان لە بەغدادەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ رەشنوسی لێكتێگەیشتنی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانی پەسەندكردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە پرسی بەكارهێنانی بڕی (50 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم و رادەستكردنی بەرهەمەكەی تر بە كۆمپانیای (سۆمۆ) بدرێت، جا چ ئەوەی هەناردەی دەرەوەی بكات یان ئەویش بۆ پێداویستی ناوخۆی عێراق سودی لێ ببینێت.  لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی شایستەی دارایی كۆمپانیاكان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێشنیاری كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی پەسەندكرد، سەبارەت بەوەی:  •    شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی كەرتی نەوتی هەرێم بە (نەوتی خاو) بدرێت نەك پارەی كاش، بۆ ئەوەی چیتر كۆمپانیاكان نیگەران نەبن لەوەی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە شایستەكانیان پێنەدرێت، بۆ ئەمەش كرێی دەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت وەكو ئەوەی لە هەمواری یاسای بودجەدا هاتووە بە بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوەو دەبێت هاوتای ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنن بەبەهای (16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك) لەبری پارەی كاش نەوتی خاو بە كۆمپانیاكان بدرێت، لەم حاڵەشدا هاوشێوەی ئەوەی لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتەوە (لە 25ی ئازاری 2023) كردویانە، دەبێت لەمەودواش كۆمپانیاكان خۆیان بازاڕ بۆ فرۆشتنی نەوتەكەیان بدۆزنەوە.  سەبارەت بە ئیمزاكردنی رێككەوتنی سێقۆڵی، كە حكومەتی هەرێم جەختی لێدەكاتەوە: •    ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئیمزاكردنی گرێبەستی سێقۆڵی لەنێوان (حكومەتی فیدراڵ+ حكومەتی هەرێمی كوردستان+ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم)، بەو مەرجەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ رەزامەندی لەسەر ئیمزاكردنی گرێبەستێكی لەمشێوەیە نیشان بدات، بۆ ئەمەش پرسەكە ئاڕاستەی وەزارەتی نەوت دەكرێت و بڕیارە ئەویش لەماوەی دوو رۆژدا بۆچوونی خۆی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بكاتەوە.  لەدوای ئەم رێككەوتنەوە دەبێت بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژانەی هەرێم دیاری بكرێت بەمەبەستی رادەستكردنی بە (سۆمۆ).  بەچارەسەربوونی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە، تاكە بەربەستی بەردەم چارەسەربوونی كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم تەنیا پرسی ناكۆكی دەبێت لەسەر داهاتە نانەوتییەكانی كوردستان، كە بڕیارە ئەویش سبەینێ لەلایەن (ئەنجومەنی دەوڵەت)ەوە قسەی كۆتایی لەبارەوە بكرێت. 


(درەو): ئەوەی چاوەڕوان دەكرا رووینەدا، نوێنەرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی (ئەنجومەنی دەوڵەت) بەشدارییان نەكردو ئەنجومەنەكەش بۆچوونی خۆی لەبارەی (داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان) یەكلانەكردەوە، بۆیە ئەمڕۆش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا هیچ بڕیارێك نادرێت لەبارەی چارەنوسی (6) مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی كوردستان.   ئەنجومەنی دەوڵەتی عێراق، دەربڕینی بۆچوونی خۆی لەبارەی نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ سەبارەت بە (داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان) بۆ سبەینێ دواخست. ئەنجومەنەكە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی دادوەر (کەریم خەسباک) كۆبووەوە، نوێنەرانی حكومەتی هەرێم بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو، ئەنجومەنەكە داوای كردبوو بۆ بڕیاردان لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم، دوو راوێژكار لە وەزارەتەكانی (دارایی و داد)ی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن.  ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ سێ شەممەی رابردوو (9ی ئەیلول) لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا پرسی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دارایی هەرێم رەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت بكات، بەمەبەستی بڕیارلێدان و یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان.  ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئێستا كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی هەیە، دەبوو ئەنجومەنی دەوڵەت ئەمڕۆ پێشوەختە بۆچوونی خۆی لەبارەی ناكۆكییە داراییەكەی هەولێرو بەغداد رەوانەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بكات و، دیاری بكات ئایا كام جۆرە داهاتانەی هەرێمی كوردستان پشكی حكومەتی فیدراڵی تێدایەو پشكی خەزێنەی گشتی دەوڵەت لەو داهاتانە چەندە، بەڵام بڕیاردانی لەسەر پرسەكە دواخست بۆ سبەینێ.  حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت تاڕادەیەك لە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە، بەربەستی سەرەكی ناكۆكییەكانیانە لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانەوە، بەهۆی ئەم ناكۆكییەوە چارەنوسی موچەیی 6 مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە.   


(درەو):  بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاشكرایكرد گرێبەستەكانیان لەگەڵ كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوت تەواوكردووەو ئامادەن بۆ وەرگرتنی نەوتی كوردستان، بەڵام تائێستا هیچ بڕە نەوتێكیان لە هەرێم وەرنەگرتووەو "لەئێستادا نەوتی كوردستان هەناردەی دەرەوە ناكرێت و تەنیا لەناوخۆدا بەكاردەهێنرێت".  عەلی نزار شەتری بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاند، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان روویدا، مەسەلەی لێكتێگەیشتن و دانانی میكانیزمی كاركردنەو، یاسا هەمووان دەگرێتەوە".  بەڕێوەبەری "سۆمۆ" لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق باسلەوە دەكات، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەناو یەك چوارچێوەدا كاردەكەن، بەوپێیەی نەوتی بەرهەمهێنراو نەوتی عێراقەو تایبەتمەندی تەنیا لە سروشت   پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و ئەو كۆمپانیایانەدایە كە لەوێ (مەبەستی لە هەرێمە) كاردەكەن.  "حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بەرهەمهێنەكان پێویستیان بە تەواوكردنی میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای بودجە هەیە، لەمبارەیەوە گەیشتوینەتە لێكتێگەیشتنی پێشكەوتوو.. هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهانی توركیا" بەڕێوەبەری "سۆمۆ" وا دەڵێ.  عەلی شەتری وتی: نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان ئێستا هەناردە ناكرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆو لەناو هەرێم بەكاردەهێنرێت، بەگوێرەی یاسای بودجەی 2025 كاردەكەین بۆ ئەوەی نەوتی زیادە لە بەكارهێنانی ناوخۆیی هەناردە بكەین.. تا ئێستا سۆمۆ هیچ بڕە نەوتێکی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم وەرنەگرتووە، پەیوەندی گرێبەستیش لەنێوان وەزارەت لە کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکاندا ماوەتەوە". ئاشكرایكرد" كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت هەموو گرێبەست و پابەندییەكانی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كە كڕیاری نەوتن تەواوكردووەو، ئامادەیە بۆ وەرگرتنی نەوت لەحاڵی ناردنی لەلایەن كۆمپانیا بەرهەمهێنەكان و حكومەتی هەرێمەوە".  "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن ناوبانگی عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بازاڕی ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە، کە تینووی ئەم جۆرەیە لە نەوت، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی قەیرانی روسیاو ئەوروپاو نەبوونی پێداویستی روسیا، بەو پێیەی نەوتی عێراق لەڕووی کوالیتییەوە هاوشێوەی نەوتی روسیایە". 


درەو:   🔹 لە ساڵی (1980)ەوە ئابوری عێراق کەڵەکەبوونی بەرفراوانی جۆرە جیاوازەکانی قەرزی بەخۆوە بینیوە، وڵاتەکە لە دۆخێکی نزیک لە بوونی هیچ قەرزێکی دەرەکیەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 2000، بۆ یەکێک لە قەرزدارترین وڵاتانی جیهان گۆڕا. 🔹 لە ئەنجامی کۆمەڵێک هەنگاوانەدا، قەرزی دەرەکی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، زیاتر لە (100 ملیار) دۆلاری قەرزەکانی لە نێوان ساڵانی (2003 بۆ 2010) سڕدراونەتەوە یان ڕێکخراونەتەوە. 🔹 تا ساڵی 2014 لە کۆی 73 وڵاتی قەرزدەر لە دەرەوەی یانەی پاریس، 65 وڵاتیان ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوەیان لەگەڵ عێراق ئەنجامدابوو، بەمەش تەنها مشتێک لە قەرزە سیادییەکانی مانەوە. 🔹 لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتەکانی عێراق پەنایان بردەبەر قەرزی ناوخۆ بۆ دابینکردنی کورتهێنانەکانیان، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێ وێنەی قەرزی گشتی ناوخۆ. لە ساڵی 2020 قەرزی ناوخۆ لە (38 ترلیۆن) دینارەوە بۆ (64 ترلیۆن) دینار بەرزبووەتەوە، دواتر لە ساڵی 2023دا (70 ترلیۆن) دیناری تێپەڕاندووە. 🔹 داتا فەرمییەکان مەزەندە دەکەن کە کۆی قەرزی گشتی عێراق نزیکەی (70 - 75 ملیار) دۆلارە، کە زۆربەی قەرزەکانی ناوخۆیە، لەکاتێکدا قەرزی دەرەکی ڕاستەقینەی نەدراو نزیکەی (20 ملیار) دۆلارە. 🔹 ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی بۆ کۆتایی ساڵی 2024 گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە کۆی سەروەت و سامانی دارایی خەزێنەی عێراق (189 ترلیۆن و 94 ملیار و 318 ملیۆن) دینار بووە. سەرەتا لە ساڵی (1980)ەوە ئابوری عێراق لە ئەنجامی شەڕ و ململانێ و گۆڕانکارییە ئابوورییەکان، کەڵەکەبوونی بەرفراوانی جۆرە جیاوازەکانی قەرزی بەخۆوە بینیوە، وڵاتەکە لە دۆخێکی نزیک لە بوونی هیچ قەرزێکی دەرەکیەوە لەماوەی کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ سەرەتای ساڵانی 2000، بۆ یەکێک لە قەرزدارترین وڵاتانی جیهان گۆڕا. تا کۆتایی ساڵی 2024 قەرزی دەرەکی عێراق گەیشتبووە زیاتر لە (14 ملیار) دۆلار، لەکاتێکدا قەرزی ناوخۆی عێراق زیاتر لە (63 ملیار) دۆلار بوو. قەرزەکان دابەش دەکرێن بەسەر قەرزی سیادی (گشتی)، لەگەڵ پێکهاتە دوولایەنە و فرەلایەنەکانی؛ قەرزی سەربازی؛ و قەرەبووکردنەوەی جەنگ کە بە بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان سەپێنراوە. قەرز لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا: شەڕی ئێران و عێراق (1980 – 1988) لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و عێراق لە ئەیلوولی 1980، عێراق ناچار بوو لە ماوەی هەشت ساڵدا پارەی بەڕێوەبردنی جەنگی دابین بکات، بەو بۆنەیەوە وڵاتەکە کە یەدەگی دارایی بەرچاوی هەبوو، گۆڕا بۆ وڵاتێک کە توشی بارگرانی گەورەی قەرزدار بوو. پێش جەنگ عێراق زیاتر لە (35 ملیار) دۆلاری یەدەگی دەرەکی هەبوو و هیچ قەرزێکی بەرچاویشی لەسەر نەبوو. بەڵام شەڕی وڵاتەکە لەگەڵ ئێران لەماوەی (1980 – 1988) خەزێنەی عێراقی بەتاڵ کردەوە و ناچاری کرد قەرزی بەرفراوان بکات، بەمەش تا کۆتایی جەنگ نزیکەی (80 ملیار) دۆلار قەرزی هاتەسەر. بەغدا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی یەدەگی دارایی و پاشان پشت بەستن بە قەرز و یارمەتییە داراییەکانی وڵاتانی دۆست، شەڕی دژی ئێرانی کرد. دیارترینیان وڵاتانی یارمەتیدەر ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بوون کە لە کاتی شەڕدا پاڵپشتی دارایی بەرچاویان پێشکەش بە عێراق کرد. دەوڵەتانی کەنداو (بەتایبەت سعودیە، کوەیت و ئیمارات) نزیکەی (40-50 ملیار) دۆلاریان لە بواری داراییدا بەخشی بە عێراق، کە لەو کاتەدا بە هاوکاری جەنگ دادەنرا. بەڵام دواتر لای خۆیان بە قەرزیان هەژمارکردبوو لەسەر عێراق و دوای شەڕ داوای ئەو پارانەیان دەکرد. ئەم بڕە پارانە هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی و گرێبەستی ڕوونیان نەبوو؛ زۆربەیان لە ڕێگەی ڕێککەوتنی زارەکی یان ڕێکخستنی سیاسییەوە گواستراونەتەوە و بە تەواوی لە تۆمارە فەرمییەکاندا بەڵگەدار نەبوون. ئەمەش دواتر بووە هۆی ناکۆکی لەسەر سروشتی یاسایییان. لە کاتێکدا سعودیە داوای سوودی لەسەر ئەو قەرزانە دەکرد، عێراق قەرزە ئەسڵیەکەی ڕەتکردەوە و بە هاوکاری نەگەڕاوەی لەقەڵەم دەدا. ئەمە جگە لە قەرزی دووقۆڵی لە بلۆکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات: لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، عێراق ڕووی کردە قەرزکردن لە زلهێزەکان و دامەزراوە بازرگانییەکان بە هۆی کەمبوونەوەی پشتیوانییەکانی کەنداو. عێراق قەرزی دووقۆڵی و قەرزی بە گەرەنتی قەرزی هەناردەکردن بەدەست هێنا، کە بۆ دابینکردنی دارایی گرێبەستی چەک و کەرەستەی سەربازی بەکاردەهێنرا. کۆی گشتی قەرزە فەرمییەکانی عێراق بە نزیکەی (40 ملیار) دۆلار خەمڵێندرابوو، لەگەڵ سوودی کۆکراوەی بەرچاو، ئەمە جگە لەوەی تا ساڵی (1990) بڕی (15 ملیار) دۆلار قەرزی بازرگانی بوو، یەکێتی سۆڤیەت بە بەهای (12.9 ملیار) دۆلار چەکی بۆ عێراق دابینکردبوو. تا ساڵی 1988، کۆی قەرزی دەرەکی عێراق بە نزیکەی (80 ملیار) دۆلار (بەبێ سوودی وەگیرابوو) خەمڵێندرا، کە یەکسانە بە زیاتر لە (1000%)ی بەرهەمی ناوخۆیی ئەوکاتە. شایانی باسە کە عێراق لە ڕاستیدا لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەهۆی فشارە داراییەکانەوە دەستی کرد بە نەدانەوەی بەشێک لە قەرزەکانی. جەنگی دووەمی کەنداو و سزاکان (1990 - 2003) شەڕ لەگەڵ ئێران لە ساڵی 1988 کۆتایی هات و عێراقیش کەوتە ژێر بارگرانی قەرز و ئاوەدانکردنەوەوە. سەرکردایەتی عێراق لەو کاتەدا هەوڵیدا لێخۆشبوون بۆ قەرزەکانی کەنداو بەدەستبهێنێت و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە کاتی شەڕدا پشتگیریان کردووە. بەڵام ئەمە ڕەت دەکرایەوە بە تایبەتی لە لایەن (کوێت و سعودییە)وە. ئەمەش قەیرانەکەی بۆ عێراق گەورەتر کرد، کاتێک عێراق لە مانگی ئابی (1990)دا کوەێتی داگیرکرد و شەڕی دووەمی کەنداو دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا سزای خنکێنەری نێودەوڵەتییەکان سەپێندرا. هەروەها لەشکرکێشی کوەێت بووە هۆی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بارگرانییەکی زۆری دارایی بەسەر عێراقدا سەپاند، دیارترینیان قەرەبووکردنەوەی جەنگ بوو. قەرەبووکردنەوەی لەشکرکێشی بۆ سەر کوەیت: ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارنامەی 687ی لە نیسانی 1991 دەرکرد، کە عێراقی پابەند کرد بە قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەی کە لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر کوەێتدا کەوتبووەوە. کۆمسیۆنی قەرەبووکردنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNCC) بە بڕیارنامەی 692 (1991) بۆ بەڕێوەبردنی داواکارییەکانی قەرەبووکردنەوە دامەزرا و بڕیار بوو (30%)ی داهاتی نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی دارایی سندوقەکە ببڕدرێت، کە دواتر لە دوای (2003) بۆ (5%) کەمکرایەوە. کۆمسیۆنەکە (2.7 ملیۆن) داواکاری وەرگرتووە و (52.4 ملیار) دۆلاری وەک قەرەبوو پەسەندکرد، کە گەورەترینیان (14.7 ملیار) دۆلار بووە بۆ کۆمپانیای نەوتی کوێت. عێراق پابەند بوو بە گەڕاندنەوەی ئەو داواکارییە بە دانانی بەشێک لە داهاتە نەوتییەکانی بۆ ناو سندوقێکی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو بە سەرکەوتوویی تەواوکردنی پارەدانەکە لە مانگی یەکی ساڵی 2022. دواجار دۆسیەی قەرەبووکردنەوەکە داخرا دوای دەرچوونی بڕیارنامەی 2621 لە شوباتی 2022. داکشانی ئابووری و سوودی کەڵەکەبوو: لە ماوەی سزاکان (1990 - 2003)، ئابووری عێراق بەهۆی گەمارۆی بازرگانی و داراییەوە تووشی داڕمانی سەخت بوو، ئەمەش بووە هۆی کەڵەکەبوونی قەرزی دەرەکی عێراق بە نزیکەی (120 - 130 ملیار) دۆلار. ئەم بارگرانییە داراییە گەورەیە بووە هۆی بەربەست لەبەردەم بوژانەوەی ئابووری، بەتایبەتی لەگەڵ زیادکردنی قەرەبووەکانی کوێت. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سەدام، بارگرانییەکە بە ناپایەدار وەسف کرا و پێویستی بە لێخۆشبوونی بەرفراوان هەبوو. لێخۆشبوون لە قەرزەکان و بونیادنانەوەی دوای ساڵی 2003 دوای گۆڕینی ڕژێم لە ساڵی 2003، کەمکردنەوەی قەرزەکان بۆ عێراق بوو بە ئەولەویەتێکی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاوەدانکردنەوە. ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو سەرکردایەتی هەوڵەکانیان کرد بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی عێراق، لە ئەنجامدا کەمکردنەوەی بەرچاوی قەرزە سیادییەکانی عێراقی لێکەوتەوە، ئەوانیش؛ ڕێککەوتنی نادی پاریس ٢٠٠٤: -    عێراق لەگەڵ نادی پاریس گەیشتە ڕێککەوتن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی قەرزە فەرمییەکانی. -    بڕی پارەی سەرەکی (38.9 ملیار) دۆلار بووە، 80%ی بە قۆناغ قۆناغ لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت، بە مەرجی چاکسازییە ئابوورییەکانی عێراق و چاودێریکردنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی. -    قۆناغی یەکەم: لێخۆشبوون بوو لە 30%ی قەرزەکە. -    قۆناغی دووەم: 30%ی لێخۆشبوونی دیکە زیاد دەکرێت. -    قۆناغی سێیەم: لە 20%ی ماوەتەوە لێخۆشبوون دوای تەواوبوونی بەرنامەی چاکسازی ئابووری سێ ساڵە. ئەنجامی ڕێککەوتنەکە: -    ڕێککەوتنەکە قەرزی فەرمی دوولایەنەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە. -    بەشداری کرد لە گەڕانەوەی عێراق بۆ سیستەمی دارایی جیهانی. -    وڵاتانی وەک ڕووسیا و فەرەنسا بە پێی ڕێژەی ڕێککەوتن، ئەو لێخۆشبوونەیان جێبەجێ کرد. قەرزەکانی وڵاتانی دەرەوەی نادی پاریس: دیپلۆماسیەتی عێراق بە هاوکاری ئەمریکا کاریان کرد بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی دوولایەنە لەگەڵ وڵاتانی غەیرە نادی پاریس. ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی کەمکردنەوەی بەرچاو لە قەرزەکان، بەم شێوەیەی خوارەوە: -    سلۆڤاکیا و قوبرس و ماڵتا (100%)ی قەرزەکانیان لەسەر عێراق هەڵوەشاندەوە. -    وڵاتی چین (80%)ی قەرزەکانی هەڵوەشاندەوە کە (نزیکەی 8.5 ملیار) دۆلار بوو. -    ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم قەرزەکانی سەر عێراق ڕاگەیاند، کە نزیکەی (4.2 ملیار) دۆلار بوو. -    میسر گەیشتە ڕێککەوتنێک بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی کە نزیکەی (800 ملیۆن) دۆلار بوو لە ڕێگەی ڕێکخستنێکەوە کە هاوردەکردنی نەوت و هاوکاری ئابووری لەخۆگرتبوو. -    تا ساڵی 2014 لە کۆی 73 وڵاتی قەرزدەر لە دەرەوەی یانەی پاریس، 65 وڵاتیان ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوەیان لەگەڵ عێراق ئەنجامدابوو، بەمەش تەنها مشتێک لە قەرزە سیادییەکانی مانەوە کە ڕازی نەبوون بە کەمکردنەوەی قەرزەکان یان داڕشتنەوەی دووبارە، دیارترینیان دەوڵەتانی کەنداو بوون. -    یەکلاکردنەوەی قەرزە بازرگانییەکان (لەندەن کڵەب): عێراق بە مەزەندەکردنی (20 ملیار) دۆلار قەرزاری قەرزدەرەکانی بازرگانی بووە. -    لە ساڵی 2005 حکومەتی عێراق ئۆفەرێکی پێشکەش بە قەرزدەرەکانی بازرگانی کرد بۆ سڕینەوەی (89.75%)ی قەرزەکان. -    قەرزدەرەکانی بازرگانی گەورە بە بۆندە سیادییە نوێیەکان قەرەبوو کرانەوە تا ساڵی 2028 بە پێگەیاندنی سوودی (5.8%). -    قەرزدەرەکانی بچووکتر بژاردەیان پێدرا لە نێوان قبوڵکردنی کەمکردنەوەی پارەی نەختینەیی یان بەشداریکردن لە بۆندە نوێیەکان. -    ئەم پڕۆسەیە بووە هۆی کەمکردنەوەی (19 ملیار) دۆلار قەرزی بازرگانی لە بەرامبەر دەرکردنی (2.7 ملیار) دۆلار بۆندی نوێ. ڕۆڵی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەمکردنەوەی قەرزەکان ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێگەی بڕیارنامەکانییەوە ئاسانکاری بۆ هەوڵەکانی کەمکردنەوەی قەرزەکان کرد. بڕیارنامەی 1483 (ئایاری 2003) داوای لە وڵاتانی قەرزدەر کردبوو کە بارگرانی قەرزەکانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە. هەروەها لە بڕیارنامەکەدا پارێزبەندی کاتی بۆ ئەو پارانەی عێراقی دانراون لە سندوقی گەشەپێدان بۆ عێراق تا کۆتایی ساڵی 2007 بۆ ڕێگریکردنی قەرزدەرەکان لە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی قەرزەکان لە ڕێگەی دادگاوە.  لە ئەنجامی ئەم هەنگاوانەدا، قەرزی دەرەکی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، زیاتر لە (100 ملیار) دۆلاری قەرزەکانی لە نێوان ساڵانی (2003 بۆ 2010) سڕدراونەتەوە یان ڕێکخراونەتەوە. داواکارییە یەکلانەکراوەکان (قەرزەکانی کەنداو و ئەوانی تر) هەرچەندە عێراق لە دوای ساڵی 2003 بە سەرکەوتوویی زۆربەی قەرزە سەروەرییەکانی یەکلایی کردۆتەوە، بەڵام هەندێک قەرز و داواکارییەکان بە یەکلانەکراوی ماون، دیارترینیان ئەو قەرزانەی کە لە دەوڵەتانی کەنداو قەرزیان کردووە، کە بە نزیکەی (40-50 ملیار) دۆلار خەمڵێنراون. گەورەترین قەرزدەری کەنداو سعودییەیە کە قەرزەکەی (30-14 ملیار) دۆلارە، لە دوای ئەویش کوێت دێت کە نزیکەی (8 - 14 ملیار) دۆلارە. ئەم قەرزانە بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەها و مەرجەکانیان یەکلایی نەکراونەتەوە. عێراق هەندێکیان بە یارمەتییە ڕاگەڕێندراوەکان دەزانێت، لەکاتێکدا وڵاتانی قەرزدەر پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە وەک قەرز لەسەر عێراقە. سەرەڕای بەڵێنەکانی کەنداو بۆ لێخۆشبوون لە قەرزەکانی عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ لێخۆشبوونی قەرزەکان واژۆ نەکراوە. بەڵام تێگەیشتنێکی ناڕاستەوخۆ هەیە کە ئەم وڵاتانە بە زۆر داوای گەڕاندنەوەی پارە لە عێراق ناکەن و لەوانەیە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی داهاتوو هەڵبوەشێنرێنەوە. زۆرێک لە شارەزایان ئەگەری داوای خەرجکردنی ئەو قەرزانەی عێراق بە دوور دەزانن، بەتایبەتی کە هەندێکیان بەڵگەنامەی یاسایی تەواویان نییە. داواکاری دیکە بۆ هەندێک قەرزی چارەسەرنەکراوی تر: جگە لە دەوڵەتانی کەنداو، چەند قەرزدەرێکی دیکەش هەبوون کە یەکلاییکردنەوەی فەرمییان لەگەڵ عێراق دواخست، وەک بەرازیل، پۆڵەندا، کۆریا، ئەسیوپیا و یۆنان. هەندێک لەو کەیسانە درەنگ یەکلایی کراونەتەوە، هەندێکی تریش بێ ڕاگەیەندراو ماونەتەوە، بەڵام کاریگەرییەکی کەمیان هەبووە. بۆ نموونە بەرازیل قەرزەکانی لە گرێبەستە بازرگانییەکاندا نەدراوە و ئامادەیی دەربڕی زۆربەیان بسڕێتەوە، بەڵام تا ساڵی 2019 هیچ بەڵگەنامەیەکی گشتی لەسەر ئەمە لەبەردەستدا نەبوو. پۆڵەندا کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا چەکی بۆ عێراق دابین دەکرد، یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی دواخست، لەوانەیە بەهۆی کێشەی ڕێکارەکانەوە بێت. زۆربەی ئەم حاڵەتە بچووکانە ئەمڕۆ وەک داواکاری ڕاستەقینە ڕاپۆرت ناکرێن و زۆرجار بە هێمنی چارەسەر دەکرێن یان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە یاسای بەسەرچوون دەسڕدرانەوە. شایانی باسە عێراق لە ساڵی 2011 ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یەکلاییکردنەوەی داواکارییەکانی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە لە کاتی شەڕی 1990دا بە بارمتە گیراون لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی داراییدا، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو داوایە یاساییانە بهێنێت کە لە دادگاکانی ئەمریکا تۆمارکراون. ئیدیعاکانی ئێران لە شەڕی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە: دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1988، ئێران داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگی کرد. بەڵام ڕێککەوتنی ئاگربەست مەرجی قەرەبووکردنەوەی لەخۆنەگرتبوو و هیچ بڕیارنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرنەچوو کە داوا لە عێراق بکات قەرەبووی ئێران بداتەوە. ئەم پرسە لە ڕووی سیاسییەوە بە هەڵواسراوی مایەوە و لە دوای ساڵی 2003 بە فەرمی لە لایەن لایەنی ئێرانییەوە لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا وروژێنرا. ئەمڕۆ، مانەوەی داواکارییە یەکلانەکراوەکانی عێراق لەسەر ئەو قەرزانە چڕبوونەتەوە کە قەرزاری دەوڵەتانی کەنداون، کە بەبێ ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوە ماونەتەوە. ئەم قەرزانە لە بەیاننامەکانی حکومەتی عێراقدا وەک بەشێک لە قەرزە گشتییە نەدراوەکان دانپێدانانیان پێناکرێت. چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی باشترکردنی پەیوەندییە ناوچەییەکان ڕێگەی خۆیان بۆ چارەسەرێک بدۆزنەوە. قەرزەکانی داوی ساڵی 2010 و پێشهاتە هەنوکەییەکان دوای ئەوەی لە کۆتایی دەیەی یەکەمی هەزار ساڵەدا لە گەردنی تەنگەبەری قەرزە کۆنەکانی دەرچوو، عێراق کەمترتوشی کورتهێنانی دارایی بەرچاو بوو، کاتێک پێی خستە دەیەی دووەمی ئەم سەدەیەوە و توانا ئابوورییەکەشی بۆ چەند ساڵێک سوودی بەرچاوەی لە بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت وەرگرت، بەمەش ڕێژەی قەرزەکانی تاڕادەیەک بە نزمی هێشتەوە. بەڵام زنجیرەیەک قەیرانی دواتر، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نوێی قەرزەکان، بۆ دابینکردنی دارایی کورتهێنانی بودجە. دۆخی ئێستا دەتوانرێت بەسەر چەند بوارێکی سەرەکیدا دابەش بکرێت: -    قەرزی فرەلایەنی نوێ (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی IMF و بانکی نێودەوڵەتی): لە دوای ساڵی 2003 عێراق قەرزی نوێی لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی وەرگرت. لە ساڵی 2004 قەرزێکی بەپەلەی لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەرگرتووە بە بەهای (436 ملیۆن) دۆلار، دواتر لە ساڵی 2016 ڕێککەوتنی ئامادەباشی لەگەڵ سندوقەکەدا بە بڕی (5.34 ملیار) دۆلار واژۆ کردووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نەوت و دابینکردنی دارایی شەڕی داعش. هەروەها قەرزی لە بانکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە بۆ دابینکردنی بودجەی ژێرخانی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە بە بەهای (500 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2005، (ملیارێک و 200 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2015، و (400 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2017. ئەم قەرزە فرەلایەنانە ڕێژەی سوودی کەمیان هەیە و ماوەی ئیمتیازێکی درێژخایەنیان تێدایە و بەشێکی بەرچاو لە قەرزە دەرەکییە مۆدێرنەکانی عێراق پێکدەهێنن. -    قەرزی نوێی دوو قۆڵی و بۆندە سیادییەکان: لە دوای ساڵی 2003 عێراق قەرزی دوولایەنەی بۆ دابینکردنی پێداویستییە تایبەتەکان مسۆگەر کرد، وەک قەرزی ژاپۆنی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا و قەرزی چینی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی وزە و ژێرخانی ئابووری. هەروەها عێراق بۆندە سیادییەکانی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دەرکرد، وەک بۆندێکی یۆرۆیی (یەک ملیار) دۆلاری لە ساڵی 2017 و بۆندێکی نێودەوڵەتی بە بڕی (2 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2015. ئەم دەرکردنانە قەرزی دەرەکی عێراقیان زیاد کرد، بەڵام لە چوارچێوەی سنوورێکدا کە بە وردی لەبەرچاو گیرابوو. -    بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆ: لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتەکانی عێراق پەنایان بردە بەر قەرزی ناوخۆ بۆ دابینکردنی کورتهێنانەکانیان، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێ وێنەی قەرزی گشتی ناوخۆ. لە ساڵی 2020 قەرزی ناوخۆ لە (38 ترلیۆن) دینارەوە بۆ (64 ترلیۆن) دینار بەرزبووەتەوە، دواتر لە ساڵی 2023دا (70 ترلیۆن) دیناری تێپەڕاندووە، کە دەکاتە (50 ملیار) دۆلار. هەرچەندە ڕێژەی قەرز بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی لە مەودای بەردەوامدا دەمێنێتەوە، بەڵام بەردەوامی پشتبەستن بە قەرزی ناوخۆیی نیگەرانی ئابووری دەوروژێنێت. زۆربەی قەرزە ناوخۆییەکان خاوەندارێتی بانکە حکومییەکانن و ساڵانە سوودی لە ڕێگەی بودجەوە دەدرێت، ئەمەش وایکردووە کەمتر مەترسیدار بێت لە چاو قەرزی دەرەکی. -    بارودۆخی هەنوکەیی (2025): بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ساڵی 2022-2023، عێراق توانی خەرجی وەبەرهێنان زیاد بکات و بەشێک لە قەرزە ناوخۆییەکانی بداتەوە، بەمەش گەشەی قەرزەکانی کەم کردەوە. داتا فەرمییەکان مەزەندە دەکەن کە کۆی قەرزی گشتی عێراق نزیکەی (70 - 75 ملیار) دۆلارە، کە زۆربەی قەرزەکانی ناوخۆیە، لەکاتێکدا قەرزی دەرەکی ڕاستەقینەی نەدراو نزیکەی (20 ملیار) دۆلارە. بەسەرچوونی بارگرانی قەرەبووکردنەوەی جەنگی کوەیت لە ساڵی 2022دا، نەزیفی دارایی دەیان ساڵەی نەهێشت و خزمەتگوزاری قەرزەکانی ئێستا سنووردارە بە بەراورد بە داهاتەکان بەهۆی ئەو مەرجە لەبارانەی کە عێراق لە کاتی داڕشتنەوەیدا بەدەستی هێنا. وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتی کردەوە که ئەو وڵاته دەتوانێت ئاستێکی سەقامگیری قەرزەکان بپارێزێت، لەگەڵ پلانی بەکارهێنانی زیادەی نەوت بۆ گەڕانەوەی زیاتری قەرزه ناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە قەرزکردن. قەبارەی قەرزکردنی دەرەکی و دامەزراوە قەرزدەرەکان تا کۆتایی ساڵی 2024 قەبارەی قەرزی دەرەکی گەیشتبووە (14.27 ملیار) دۆلار کە دەکاتە (18 ترلیۆن و 550 ملیار) دیناری عێراقی، سوودی بە (264 ملیۆن) دۆلار (343 ملیار دینار) خەمڵێندراوە، هاوکات دانەوەی قەرزی دەرەکی گەیشتووەتە (1.639 ملیار) دۆلار کە دەکاتە (2 ترلیۆن و 131 ملیار) دینار. عێراق بۆ قەرزکردنی دەرەکی پشت بە (21) دامەزراوەی بیانی دەبەستێت. لە پلەی یەکەمی قەرزدەری بیانی لە لیستەکەدا ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن JICA)) بوو، لە دوای ئەویش بانکی گەشەپێدانی ئەڵمانی KfW)) دەزگای هاوکاری ئاسایشی بەرگری ئەمریکا، بانکی نێودەوڵەتی و دارایی هەناردەکردنی بەریتانیاUKEF))، لە دوای ئەویش بانکە بیانییەکان، بەڵام بە گەرەنتی لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانی قەرزی هەناردەکردنەوە. هەروەها عێراق قەرزی لە سندوقی کوەیت بۆ گەشەپێدانی ئابووری عەرەبی، حکومەتی فەرەنسا، دەزگای گەشەپێدانی فەرەنسا، دەزگای قەرزی هەناردەکردنی بەریتانیا و ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆنJICA) ) بەپێی ڕێککەوتنی پێنجەمی قەرز بۆ پڕۆژەی (FCC) وەرگرتووە، هەروەها لە دەزگا نێودەوڵەتییەکانی قەرزی هەناردەکردن. قەرزدەرە دەرەکییە سەرەکییەکان؛ -    ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆنJICA)) -    بانکی گەشەپێدانی ئەڵمانیاKfW)) -    بانکی جیهانی -    دەزگای هاوکاری ئاسایشی بەرگری ئەمریکا بڕی قەرزی ناوخۆیی     قەرزی ناوخۆ تا کۆتایی ساڵی 2024 بڕی (63 ملیار و 875 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر (83 ترلیۆن و 37 ملیار) دینار بووە، سوودی قەرزی ناوخۆ (611 ملیۆن) دۆلار بووە بەرامبەر (794 ملیار) دینار، قیستەکانیش گەیشتووەتە (ملیارێک و 568 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 131 ملیار) دینار. پێداچوونەوەی دارایی بۆ ساڵی 2024 - سەروەت و سامانی دارایی؛ بەپێی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی بۆ کۆتایی ساڵی 2024 گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە کۆی سەروەت و سامانی دارایی خەزێنەی عێراق (189 ترلیۆن و 94 ملیار و 318 ملیۆن) دینار بووە، کە بەسەر یەدەگی زێڕدا دابەشکراوە بە بڕی (17 ترلیۆن و 837 ملیار و 890 ملیۆن) دینار، پارەی نەختینە و باڵانس لەگەڵ بانکە ناوەندییەکان بە بڕی (22 ترلیۆن و 250 ملیار و 319 ملیۆن) دینارە، هاوکات باڵانسی (30 ترلیۆن و 577 ملیار و 824 ملیۆن) دینار لەگەڵ بانک و دامەزراوە داراییەکانی تر. وەبەرهێنانی دارایی بە تێچووی خەرجکراو بڕی (58 تریلیۆن و 247 ملیار و 589 ملیۆن) دینار بووە و قەرزەکانی دراوە بە بانکە حکومی و بازرگانییەکان (12 تریلیۆن و 708 ملیار و 161 ملیۆن) دینار بووە، لە کاتێکدا باجەکانی وەزارەتی دارایی (42 تریلیۆن و 779 ملیار و 741 ملیۆن) دینار بووە، و بەهای موڵک و کەلوپەلەکان بڕەکەی (12 تریلیۆن و 708 ملیار و 161 ملیۆن) دینار بووە بۆ (یەک ترلیۆن و 348 ملیار و 38 ملیۆن) دینار و سامانی نابەرجەستە (8 ملیار و 366 ملیۆن) دینار و سامانی دیکەش (3 ترلیۆن و 339 ملیار و 123 ملیۆن) دینار بووە. سەروەت و سامانی دارایی دابەش دەبێت بەسەر پابەندێتی و پشکەکان پابەندێتی: کۆی بەهای پابەندییەکان (153 تریلیۆن و 168 ملیار و 982 ملیۆن) دینار بووە، بەم شێوەیە دابەشکراوە: پارەی نەختینەیی دەرچووە بۆ سووڕانەوە (تداول) بە بڕی (100 تریلیۆن و 543 ملیار و 204 ملیۆن) دینار و بۆندەکانی گەنجینەی دەرچوو بە بڕی (152 ملیار و 393 ملیۆن) دینار وەبەرهێنانی بانکە ناوخۆییەکان و دامەزراوە داراییەکانی دیکە بە بڕی (44  تریلیۆن و 155 ملیار و 267 ملیۆن) دینار و بەرکەوتەی حکومەت و بانکە بیانییەکان کە بڕی (51 ملیار و 393 ملیۆن) دینارە، ڕەسیدەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە بڕی (22 ملیۆن) دینارە، ڕەسیدی دامەزراوە حکومییەکان بە بڕی (7 تریلیۆن و 884 ملیار و 955 ملیۆن) دینار و پابەندییەکانی دیکە بڕی (381 ملیار و 748 ملیۆن) دینارە. پشک: کۆی گشتی پشکەکان (35 ترلیۆن و 925 ملیار و 336 ملیۆن) دینار بووە کە بەم شێوەیە دابەشکراوە: سەرمایە بە بەهای (10 ترلیۆن) دینار، یەدەگی گشتی بە بەهای (6 ترلیۆن و 310 ملیار و 317 ملیۆن) دینار، یەدەگی فریاگوزاری بە بەهای (6 تریلیۆن و 107 ملیار و 901 ملیۆن) دینار، یەدەگی بەهای زێڕ بە بەهای (7 تریلیۆن و 257 ملیار و 567 ملیۆن) دینار، یەدەگی بەهادانەوەی زەوی و بینا بە بەهای (346 ملیار و 119 ملیۆن) دینار، قازانجی هێڵراو بە بەهای (5 تریلیۆن و 903 ملیار و 432 ملیۆن) دینار.  بەم شێوەیە کۆی پابەندێتی و پشکەکان (189 تریلیۆن و 94 ملیار و 318 ملیۆن) دینار بووە.     سەرچاوە صحافة البيانات-شبكة الساعة، من الوفرة إلى العجز: ديون العراق (1980–2025)، 2025-08-20، علی الموقع؛ https://shorturl.at/TCg4h  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand