Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

  (درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر بنەمای بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ ، غازی کێڵگەی کۆرمۆری لە کۆمپانیای ھیلالی ئیماراتی کڕیوە، حکومەتی ھەرێم و یەکێتی نیشتمانی بێئاگایی خۆیان لەم مامەڵەیە نیشان دەدەن. بەپێی سکاڵایەک کە پەرلەمانتار (عودەی عەواد) ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆماری کردووە، وەزارەتی نەوت بەپێی رێککەوتنێک غازی کێڵگەی (کۆرمۆر)ی لە کۆمپانیا ئیماراتییەکە کڕیوە. عودەی عەواد سکاڵاکەی لەسەر ھەریەکە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرانی نەوت و دارایی فیدراڵ تۆمارکردووە، داوا لە دادگا دەکات حوکم بدات بەوەی بڕیاری ژمارە (٢٣٣٩٢)ی ساڵی ٢٠٢٣ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نادروستە. ئەم بڕیارە کە عودەی عەواد داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکات دەڵێ" وەزارەتی نەوتی عێراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ کڕینی غاز لە کۆمپانیای (ھیلالی ئیماراتی کە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە ھەرێمی کوردستان کاردەکات)، ئەمە بەدەر لە ئامرازەکانی گرێبەست کە لەماددەی (٣)ی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکان ژمارەی (٢) ساڵی ٢٠١٤دا ھاتووە". ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد بۆری گواستنەوەی غازی کێڵگەی کۆرمۆری بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک تەواو کردووە، (درەو)  ھەر لە سەرەتاوە بەدواداچوونی بۆ بابەتە کرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و بەرپرسانی باڵای یەکێتیی وەکو دەسەڵاتدار بەسەر کێڵگەی کۆرمۆر، بێئاگایی خۆیان راگەیاند.


(درەو): ئەحمەد موفتی، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تایبەت بە (درەو)ی راگەیاند، ئەولەویەتی سەرەكیمان لە بابەتی غازدا تەنها بەكارهێنانێتی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانداو هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان لێی سودمەند بن، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ (درەو) جەختی لەوە كردەوە كە لە بابەتی غازدا جگە لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان هیچ مەبەستێكی ترمان نییە، ئامانجمان ئەوەیە كارەبای هەرێمی كوردستان زیادبكەین. ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق بەفەرمی گواستنەوەی غازی كێڵگەی كۆرمۆری بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك لەرێگەی بۆرییەوە ئاشكراكرد.


(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق گواستنەوەی غازی كێڵگەی كۆرمۆری بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك لەرێگەی بۆرییەوە ئاشكراكرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بێئاگایی خۆی رادەگەیەنێت، یەكێتیش وەكو دەسەڵاتداری سنورەكە رەتیدەكاتەوە هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی عێراق لەوبارەیەوە كردبێت. ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، پرۆژەی بۆری گواستنەوەی غازی كێڵگەی كۆرمۆری بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك كۆتایی هاتووە، بۆرییەكە 16 ئینجە‌و توانای هەیە رۆژانە (100 مقمق) غازی هەیە. غازی كۆرمۆر لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا لە چەند ساڵی رابردوو كێشمەكێشی لەسەر بووە، یەكێتیی لەسەرەتاوە خوازیاری ئەوە بوو كۆمپانیایەك دروستبكات‌و غازەكە بە بۆری بۆ ماڵان‌و كارگەكان بگوازرێتەوە‌و بەمە داهاتی سنوری دەسەڵاتی خۆی زیاد بكات، بەڵام پارتی پشتیوانی لەوە دەكرد غازەكە بەبۆری هاوشێوەی نەوت رەوانەی توركیا بكات، بۆ ئەمەش تەنانەت كۆمپانیای (كار)ی ناردە كێڵگەكە بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەی دروستكردنی بۆری هەناردەكردن بكات، بەڵام یەكێتیی رێگری لێكرد. سەرباری ئەمە لە چەند ساڵی رابردوودا یەكێتیی كاری لەسەر پرۆژەیەك كرد بۆ رادەستكردنی غازی كێڵگەكە بە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە بەهۆیەوە سلێمانی بتوانێت مامەڵەی دارایی راستتەوخۆ لەگەڵ بەغداد بكات‌و هەندێك لە هەژموونی حكومەتی هەرێم رزگاری ببێت كە پارتی كۆنترۆڵی بەسەردا هەیە. (درەو) بەدواداچوونی كرد لەبارەی بۆچوونی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم سەبارەت بە گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك، سەرچاوەیەك لە وەزارەتەكە رەتیكردەوە سامانە سروشتییەكان ئاگاداری دروستكردنی بۆرییەكە بێت‌و رایگەیاند، پێشتر ئەو پرۆژەیە هەبووەو لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانە غاز) كە لە كێڵگەی كۆرمۆر كاردەكات گفتوگۆیان كردووە‌و گواستنەوەی غازەكەیان بۆ كەركوك  رەتكردوەتەوە، بۆیە ئاگاداری دروستكردنی بۆرییەكە نەبوون. لەبەرامبەردا سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتیی بە (درەو)ی وت:" یەكێتیی ئاگاداری دروستكردنی بۆرییەكەو گواستنەوەی غازی كۆرمۆر نییە بۆ كەركوك، رێككەوتنەكە لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق‌و كۆمپانیا دانە غازدا كراوە". سبەینێ بڕیاری پارتی‌و یەكێتیی لە پیرمام كۆببنەوە، لە یەكێتیی هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی بەشدار دەبن، لە پارتیش نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی، پێشبینی دەكرێت گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك ببێت بە تەوەرێكی كۆبونەوەی سبەینێ. گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك لەسەروبەندی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە، پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو ركابەری بەهێزی كورد لە كەركوك بە لیستی جیا بەشداری دەكەن، یەكێتیی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگای كەركوكی لەدەستداوە، دەیەوێت ئەمجارە پۆستەكە وەربگرێتەوە، پارتیش كە لە چەند ساڵی رابردوودا كاری لەسەر ئەوە كردووە یەكێتیی لەبەرچاوی كەركوكییەكان وەكو بەرپرسیار لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو گەڕانەوەی هێزە فیدراڵییەكان بۆ كەركوك بناسێنێت، دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا بەرهەمی هەوڵ‌و گوتارە سیاسییەكەی بچنێتەوە، هەرچەندە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا كە 2021 بەڕێوەچوو، یەكێتیی جارێكی تر لە كەركوك زۆرینەی دەنگی كوردی بردەوە.  


(درەو):  غازی كێڵگەی كۆرمۆر لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیی بە بۆری گواسترایەوە بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم هیچ راگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە نییە‌و پێناچێت ئاگادار بێت، وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئاماژە بەوە ناكات بەپێی چ رێككەوتنێك غازەكەی گواستوەتەوە بۆ كەركوك.  كۆمپانیای هێڵەكانی بۆری نەوت پرۆژەی راكێشانی بۆری غازی وشكی كێڵگەی (كۆرمۆر)ی بۆ وێستگەی كارەبای غازی كەركوك تەواو كرد. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، درێژەی بۆرییەكە (1050) مەترە‌و لە دوو قۆناغ پێكدێت، ئەم بۆرییە (16 ئینج)ه‌و رۆژانە بڕی (100 مەقمەق) غاز دەگەیەنێتە وێستگەی كارەبای كەركوك‌و بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای وێستگەكە زیاد دەكات.  عەبدولكەریم موسەوی بەڕێوەبەری گشتی هێڵی بۆرییە نەوتییەكان دەڵێ: بۆرییەكە دەبێت بە لقێك لە بۆرییە سەرەكییەكە (وێستگەی جمبورو كۆمپانیای غازی باكور) بۆ ئەوەی غازی وشك بگەیەنێتە وێستگەی كارەبای كەركوك (وێستگەی تازە)، هەموو كارەكانی تایبەت بە بەستنەوەی بۆرییەكە‌و دانانی 3 قوفڵی بە قیاسی 16 ئینج تەواو بووە، ئەمە سەرباری دروستكردنی رێڕەوێك بۆ بۆرییەكە لەسەر رێگای سەرەكی (كەركوك- بەغداد) بەدرێژایی 60 مەترو رێڕەوی تر.  بەپێی قسەی موسەوی، كارەكانی دروستكردنی بۆری غازەكە بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كارەبای پارێزگای كەركوك‌و كۆمپانیای نەوت‌و غازی باكورو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆو رێگاوبان ئەنجامدراوە.  وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان تائێستا هیچ قسەیەكی لەبارەی دروستكردنی ئەم بۆرییە نەكردووە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئاماژەی بەوە نەكردووە ئایا بە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی یان حكومەتی هەرێم بۆرییەكەی دروستكردووە.  لەبارەی كۆرمۆرەوە  غازی كۆرمۆر یەكێك لەو بابەتانەیە كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا كێشەی لەسەرە، سەرەتای ساڵی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای بینی، ئەردۆغان داوای لێكرد هاوشێوەی نەوت، غازی هەرێم هەناردەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی وتی بۆ ئەو مەبەستە قسە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەكات، لەدوای ئەم سەردانە بوو كە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەركردو یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو كوردستانی پابەندكرد بەوەی نەوت‌و غازەكەی رادەستی حكومەتی عێراق بكات.  لەوكاتەوە ئیتر ستراتیژی پارتی بۆ هەناردەكردنی غازی هەرێم بۆ توركیا دەركەوت، لەبەرامبەر ئەمەدا یەكێتیش ستراتیژێكی پێچەوانەی پەیڕەو كرد كە رادەستكردنی غازەكە بوو بە حكومەتی عێراق. غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان كێڵگە سەرەكییەكەی لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدایە كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ە. ئەم كێڵگەیە پێداویستی رۆژانەی غازی ماڵان‌و وێستگەكانی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، لەپاڵ ئەمەدا نەوتی كۆندێنسەیت لەم كێڵگەیەدا بەرهەم دەهێنرێت كە پێداویستی سەرەكی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە‌و ئەم نەوتەی كۆرمۆر كاتێك تێكەڵ بە نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكرێت كوالیتییەكەی بەرزدەكاتەوە. ڕووبەری ئەم بلۆكە 135 كیلۆمەتری دووجایە، دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادركەرەم) لە قەزای چەمچەماڵ، تا ساڵی 1976 قادركەرەم سەربە قەزای (خورماتوو) بوو لە پارێزگای كەركوك، لەو ساڵەدا قەزای خورماتوو خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 ناحیەی (قادر كەرەم) خرایە سەر قەزای چەمچەماڵ‌و ئێستادا كێڵگەكە لە سنوری ئیداری چەمچەماڵدایە، ئەم كێلگەیە تاوەكو ساڵی 2003و رووخانی رژێمی سەددام لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بوو. سەرەتای دۆزینەوەی ئەم كێڵگەیە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1928، ئەوكات كۆمپانیای نەوتی ئینگلیز گەڕانێكی سەرەتایی تێدا كردووە‌و بیرێكی لێداوە، بەڵام نەوتی دەرنەهێناوە، ئیتر كاركردن لەم كێڵگەیە راوەستاوە تاوەكو ساڵی 1953 دەست بەكاركردن كراوەتەوە، ئەوكات پشكنەرەیان زیاتر بەدوای نەوتدا گەڕاون، بەڵام بۆیان دەركەوتووە (1.8 ترلیۆن) پێ سێجا گاز لە كێڵگەكەدا هەیە.  لە كۆتای شەڕی ئێران- عێراقدا، دوای چۆڵكردنی ناحیەی قادر كەرەم‌و شاڵاوی ئەنفال، حكومەتی عێراق جارێكی تر لەڕێگەی هەردوو كۆمپانیای نەوت‌و غازی باكورەوە دەستیكردوەتەوە بە كاركردن لە كێڵگەی كۆرمۆردا‌و چەند بیرێكی نوێی لێداوە.  لە ساڵی 1990 بەهۆی شەڕی كوەیت‌و گەمارۆی ئابوری سەر عێراقەوە، رژێمی پێشوو كارەكانی خۆی لە كۆرمۆر راگرت. لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا كێلگەكە كەوتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد واژۆ كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوت‌و گاز لە هەردوو بلۆكی كۆرمۆرو چەمچەمال بەخشی بەو دوو كۆمپانیایە.  دوای 15 مانگ كاركردن لە ئۆكتۆبەری 2008دا غاز لە كۆرمۆر بەرهەم هێنرا، لەڕێگای بۆرییەكی 24 ئینجی‌و بەدرێژایی 174 كیلۆمەتر غاز گەیەندرایە وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ‌و وێستگەی كارەبای هەولێر. لە ساڵی 2009وە هەندێك گۆڕانكاری لە پشكەكانی ئەو كۆمپانیایانەدا روویاندا كە گرێبەستی كۆرمۆریان وەرگرتبوو، بەڵام دواجار كارەكە لای كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی مایەوە. (دانە غاز) خۆی وەكو گەورەترین كۆمپانیای ناوچەیی تایبەت بە بەرهەمهێنانی غازی سروشی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەناسێنێت، ئەم كۆمپانیایە لە دێسەمبەری 2005 دامەزراوە‌و لە بازاڕی دراوی ئەبوزەبی تۆماركراوە، جگە لە هەرێمی كوردستان، لە میسر‌و ئیماراتی عەرەبیش كاردەكات. كێلگەی كۆرمۆر سێ جۆر بەرهەمی هەیە كە بریتین لە: - (غازی سروشتی) كە بە بۆری رەوانەی وێستگەكانی كارەبا دەكرێت لە چەمچەماڵ‌و هەولێر، بەپێی دواین راپۆرتی دانەغاز، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە لە غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر گەیشتوەتە (500) پێ سێجای رۆژانە، ئەمەش بەهۆی پرۆژەیەكی پەرەپێدانەوە كە بەمدواییە كۆمپانیاكە لە كێڵگەكەدا جێبەجێی كردووە.     - (كۆندێنسەیت) كە تێكەڵی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكرێت بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی، بەپێی دواین راپۆرتی داناغاز، بەرهەمی كۆندێنسەیت لە كۆرمۆر ئێستا رۆژانە بۆ (34 هەزارو 300) بەرمیل بەرزبوەتەوە  - غازی شلی ماڵان (LPG) كە پێداویستی غازی ماڵان‌و كارگەكان دابین دەكات، كۆمپانیای دانەغاز ئەم غازە دەفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، ئێستا كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی كڕین‌و گواستەوەی ئەم غازەی بەدەستەوەیە، رۆژانە لە كێڵگەكەدا زیاتر لە (هەزار) تەن غازی شل بەرهەم دەهێنرێت، كۆمپانیای ساوس كوردستان بە تانكەر غازەكە دابەش دەكات بەسەر شارەكانی هەرێمدا بەمجۆرە: - 12 تانكەر غاز بۆ هەولێر - 11 تانكەر بۆ سلێمانی - 7 تانكەر بۆ دهۆك  •    دانەغاز لە راپۆرتی خۆیدا بۆ (9) مانگی ساڵی 2022، بە تێكڕا بڕی (85) دۆلاری بۆ نرخی هەر بەرمیلێك (كۆندێنسەیت) دیاریكردووە، بڕی (43) دۆلاریشی بۆ نرخی هەرمیلێك غازی (LPG) دیاریكردووە. ساڵی رابردوو بەهۆی ناكۆكییەكانییەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی چۆنیەتی حومكڕانی، یەكێتیی جارێكی تر پرسی جیاكردنەوەی ئیدارەی سلێمانی لە هەولێر هێناوەتە پێشەوە، ئەگەر ئەمە رووبدات‌و كێڵگەی كۆرمۆر هەناردەی خۆی بۆ سنوری دەسەڵاتی پارتی رابگرێت، سنوری پارتی روبەڕووی قەیرانی غازی ماڵان (LPG) دەبێتەوە، هەروەها هەناردەی نەوتی هەرێمیش بەبێ (كۆندێنسەیت)ەكەی كۆرمۆر، كوالیتی دادەبەزێت‌و توشی قەیران دەبێت. كۆرمۆر كارتی بەهێزی دەستی یەكێتییە بۆ فشار لەسەر پارتی،  ساڵی 2022 بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی ئاماژە بەم كارتە كرد‌و وتی كۆندێنسەیتی ئێمە كوالیتی نەوتی هەرێمی بەرزكردوەتەوە، ئەگەر هەناردەی كۆرمۆر رابگرین پارتی زەرەر دەكات.  بەپێچەوانەی نەوتەوە بەگشتی داتاكانی كەرتی غاز لە بەرژەوەندی پارتیدا نین وەكو حزبی حوكمڕانی سەرەكی هەرێمی كوردستان، چونكە:   - یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا بە (18 ترلیۆن‌و 300 ملیار) پێ سێجا دەخەمڵێندرێت. - یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا كەمترەو بە (300 ملیار) پێ سێجا دەخەمڵێندرێت. ئەم ژمارانە نیشانی دەدەن، لە حاڵەتی دوو ئیدارەیدا غاز كارتی بەهێزی دەستی یەكێتییە، هەروەك چۆن ژمارەكان نیشاندەری ئەوەن نەوت كارتی بەهێزی دەستی پارتییە، چونكە زۆرینەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەسنوری پارتی بەرهەم دەهێنرێت‌و كۆنترۆڵی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بۆ توركیا هەر لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پارتی‌و یەكێتی لەبارەی چۆنیەتی ئیدارەدانی كەرتی غازەوە بەدیاریكراویش كێڵگەی غازی كۆرمۆر ناكۆكن، پارتی خەونی ئەوەبوو هاوشێوەی نەوتن غازەكەش رەوانەی توركیا‌و دەرەوە بكات، یەكێتیی پرۆژەیەكی تری بۆ غازی كۆرمۆر هەبوو‌، دەیویست كۆمپانیایەك دروست بكات‌و لەرێگەی ئەو كۆمپانیایەوە غازەكە بە بۆری بگوازێتەوە بۆ ماڵان، لەرێگەی ئەم كۆمپانیایەوە ئابوری خۆی بەهێز بكات، یەكێتیی بژاردەیەكی تریشی بۆ غازەكە لەبەردەستدایە كە تاوتوێی دەكات ئەویش رادەستكردنیەتی بە بەغداد لەبەرامبەر ئەوەی حكومەتی عێراق دور لە دەستی پارتی، موچە‌و بودجەی سلێمانی دابین بكات.  


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ساڵانێکی درێژ لەم ناوچەیەدا تێزێکی فیکریی هەبوو بەرگریی لەوەدەکرد کە لەم بەشەی جیهاندا «دەوڵەت» دەزگایەکە لەپێش کۆمەڵگاکەوەیە، لە کۆمەڵگاکە هۆشیارترو پێشکەوتوترو خەمخۆرترە. نەک هەر ئەمە، بەڵکو رۆڵێکی دروستکەرانە دەبینێت لە تازەکردنەوەو پێشخستنی کۆمەڵگادا. تێزەکە پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە کۆمەڵگاکان دابەشبوونی دینیی و کۆمەڵایەتیی و خێڵەکیی، ئینجا بەرزیی رادەی نەخوێندەواریی و گەمژەیی هەمەشێوە، کوشتونی. دەوڵەت ئەو دەزگا مۆدێرنەیە کە خەریکی چارەسەرکردنی ئەو دۆخە دواکەوتوە ترسناکەی کۆمەڵگاکەیەو لە خەمی پێشخستنیدایە. نموونەش بە دەوڵەتی ئەتاتورک و ناسرو بۆرقێبەو تەنانەت بەعسیش دەهێنرانەوە. تێزەکە دەڵێت راستە ئەم دەوڵەتانە دەوڵەتی ستەمگەرو دیکتاتۆریی بوون، بەڵام لە چەندان سەرەوە خەریکی تازەکردنەوەی ئەو کۆمەڵگا دواکەوتووە بوون کە حوکمڕانیان دەکردن. لە ئاستی تیوریشدا بۆ ئەو تێزەی فەیلەسوفی ئیتالی ئانتۆنیۆ گرامشی دەگەڕانەوە کە ناوی «شۆڕشی پایسڤ»ی لێنراوە، شۆڕشێک کۆمەڵگا خۆی بەرپای ناکات، بەڵکو دەوڵەت بەرپای دەکات و لەناو دەوڵەتەوە بۆناو کۆمەڵگا دایدەبەزێنێت. ئیتر باس لە بەرپاکردنی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی دەکرێت کە ئەو دەوڵەتە شۆڕشگێڕانە پێی هەڵدەستن: لەوانە، کردنەوەی دەرگای خوێندەواریی بەڕووی هەردوو رەگەزەکەدا، دروستکردنی زانکۆو پەیماناگاکان، دروستکردنی ڕێکخراوی مەدەنیی هەمەجۆر، تازەکردنەوەی ئابوریی، تازەکردنەوەی شارەکان، بەرەوپێشبردنی تواناکانی گوستنەوەو هاتوچۆکردن، باشترکردنی رێگاوبان، باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی، دروستکردنی دادگای تازەو دەرکردنی یاسای نوێ، تەنانەت دروستکردنی هێزی کۆمەڵایەتیی تازەش، لەوانە، بۆ نموونە، دروستکردنی چینێکی ناوەڕاستی خوێندەوار، هتد...   بە بۆچونی من بەشێکی ئەم تێزە لە بیست تا سی ساڵی یەکەمی قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزمدا شتێک لە ڕاستیی تێدایە، واتە تا ساڵانی هەفتای سەدەی بیستەم بەشێک لە کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە لەبەردەم ئەزمونێکی دەوڵەتیی لەم شێوەیەدا بوون، بەڵام لەوەبەدوا دۆخەکە لەم ناوچەیەدا دەگۆڕێت و ئەم تێزە لەم ناوچەیەدا وێنەیەکی تەواو هەڵەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگامان نیشانئەدات. ئەوەشی دۆخەکە دەگۆڕێت دوو شتە. یەکەمیان گۆڕانکارییە لە سیستمی ئابوریدا، کە تیایدا ئابوریی «ئابوریی دەوڵەتیی» بە هەموو کەرتە گشتییەکانییەوە، دەگۆڕێت بۆ ئابورییەکی نیو لیبرال، کە پرۆسەیەکی پەڕگیریی مافیایی بەتایبەتیکردن بەڕێوەی دەبات. ئەم بەتایبەتیکردنە لەسەرێکەوە هەژاریی زیاترو فرەجۆرتر بەرهەمدەهێنێت، لە سەرێکی دیکەوە نوخبەیەکی بچوکی ملیۆنێری تازەو دەوڵەمەند، کە زۆرجار هەم دەسەڵاتی سیاسیی و هەم دەسەڵاتی ئابوریی، لە دەستی خۆیاندا کۆدەکەنەوە. لە دەرەنجامیشدا نەک تەنها سەرجەمی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پەکیاندەکەوێت، بەڵکو بنەمایەکی مافیایی و نیمجەمافیاییش بەشێوازو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئابوریی لەم ناوچەیەدا دەبەخشێت. دووهەمیان، بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ئیسلامی سیاسیی، لە مۆدێلە خومەینییە ئێرانیەکەی و لە مۆدێلە سونییە جیهادیی و ئیخوانیەکەیدا، بەناوچەکەدا. ئەمه‌ش نەک تەنها بیرۆکەی دەوڵەت بەتەواوی دەشێوێنێت و دەوڵەت لە دەوڵەتی کۆمەڵگاوە دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی دین، بەڵکو خوازیاری دەسکاریکردنێکی ریشەیی هۆشیاریی مرۆڤەکانیشەو لەزۆرجاردا بردنەوەی ئەم هۆشیارییەیە بۆناو فەتواو فیقی ئەم یان ئەو فەقیهی دینیی بەر لە هەزاران ساڵ لەمەوبەر. ئەم دۆخە وادەکات لە ساڵانی هەشتا بەدواوە ئەم ناوچەیە لەبەردەم سێ تەحەدای گەورەدابێت. یەکەمیان، تەحەدای لە دەوڵەتخستنی خودی دەوڵەت. دووهەمیان، بە مافیاییبوونی ئابوریی، سێهەمیش، شێواندنێکی سیستماتیکی هۆشیاریی مرۆڤەکان. لەم مێژووە بەدوا دەزگاکانی دەوڵەت دەکەونە ژێر دەسەڵاتی نوخبەیەکی نوێ، کە بە زۆر مانا، لە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە نەخوێندەوارترو نەزانترو تاریکبیرترن. بە زۆر مانا، حوکمڕانانی ناوچەکە، زۆر لە دوای بەشێکی گەورەی خودی کۆمەڵگاکەوەن. عەقڵیەتێکی دینیی، خێزانیی، بنەماڵەیی، نوخبەیی، مەزهەبیی، دەوڵەت و حوکمڕانیی دەگرێتە دەست و لەسەرەوەڕا و لە ڕێگای بەکارهێنانی تواناکانی دەوڵەتەوە، خەریکی خراپکردنێکی بەردەوامی خودی کۆمەڵگاکان خۆیانن. لێرەدا «شۆڕشێکی پاسیڤ»ی تر دێتەکایەوە کە قۆرخکردنی دەسەڵات و پەکخستنی هۆشیاریی کۆمەڵگاکە ئاڕاستەی دەکات. خاڵی هەرەسەرەکیی لە هەر پرۆسەیەکی تازەبوونەوەدا بریتییە لە دابینکردنی هەرچی زیاتری سوودو قازانجی گشتیی، لە کۆمەڵگادا، ئەوەی لە فەلسەفەدا پێیدەگوترێت «نەفەعیەت»، واتە «سودمەندگەرایی»، بەڵام «سودمەندیی» بۆ کێ؟ بێگومان بۆ ئەم یان ئەو تاکەکەسی تایبەت، ئەم یان ئەو خێزان و گروپ و حیزبی سیاسیی تایبەت نا، بەڵکو «سوودمەندیی گشتیی»، مەسڵەحەت و قازانجی هەمووان، هی هەموو کۆمەڵگا وەک گشتێک. یەکەم شتێک ئەم جۆرە دیدگایە بۆ تازەکردنەوەی حوکمڕانیی داوای بکات ئەوەیە کە دەوڵەت خۆی، وەک ژێرخانی سەرەکیی حوکمڕانیی، پێویستە نوێنەری دەسەڵاتی پێکەوەیی و گشتیی کۆمەڵگاکە بێت، پیادەکەری ئەو دەسەڵاتە گشتییەش بێت، نەک موڵکی ئەم یان ئەو دین و ئایدیۆلۆژیاو خێزان و بنەماڵەو پارتی سیاسیی. دەسەڵاتی دەوڵەت هەمیشە دەسەڵاتێکە سەرچاوەکەی لەناو کۆمەڵگادایە، دەوڵەت دەسەڵات لە هیچ کەسێکەوە وەرناگرێت، لە کۆمەڵگا خۆی نەبێت، کۆمەڵگا وەک گشتێک کە جۆرێک لە «پەیمان»و «گرێبەستی کۆمەڵایەتیی»، کۆیکردونەتەوە. دەوڵەت خۆیشی ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی، بەو شێوەیە بەکاریدەهێنێت کە قازانجی هەموو کۆمەڵگاکەی، لێبکەوێتەوە. ئەوەی لە مێژووی ئێستای ئەم ناوچەیەدا غائیبە ئەم چەمکی «گشت»ەیە، نە دەوڵەت و نە حوکمڕانیی موڵکی «گشت»و هەمووان نین، بەڵکو گۆڕاون بۆ ئامرازیی دەستی خێزان و بنەماڵەو مەزهەب و گروپ و تاقمی بچووک و داخراو. کۆمەڵگا خۆیشی چەمکێکە بە توندیی بە چەمکی «گرێبەستی کۆمەڵایەتیی»ەوە گرێدراوە. کۆمەڵگا ئەو گشتەیە کە دەتوانێت گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی پێکەوەیی دروستبکات و لە دەوری ئەو گرێبەستە، کۆببێتەوە. لەناو ئەم گرێبەستەدا «قازانجی گشتیی» مانای سەرکەوتن بەسەر کۆی ئەو قازانجە تایبەت و سنوردارانەدا کە ڕێ لە دروستبوونی کۆگیریی کۆمەڵایەتیی دەگرن و دۆخی پارچەپارچەبوون و دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی، سەروەردەکەن. دیسانەوە ئەوەی لەئێستادا لەبەشێکی گەورەی ناوچەکەدا دەیبینین، ئەو راستییە سادەیە، کە دەوڵەت خۆی رێگرە لەبەردەم دروستبوونی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتیی و ئەو سودمەندبوونە گشتییەدا کە هەموو کۆمەڵگایەک پێویستییەکی گەورەی پێیەتیی، بۆئەوەی بتوانێت وەک کۆمەڵگا بمێنێتەوە. دەوڵەت لەم ناوچەیەدا لە دەزگای بەرجەستەکردنی ئەو گرێبەست و رێکەوتنە کۆمەڵایەتییەوە، گۆڕاوە بۆ ئامرازی تێکدان و لەناوبردن و رێگرتن لە دروستبوونی، ئەو گرێبەستە.    لێرەوە ئەوەی لە کوردستاندا لەنێوان حوکمڕانان و کۆمەڵگادا ھەیە، ئەوەی لە عێراق خۆیشیدا وەک دەوڵەت هەیەو کاردەکات، پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نییە کاری ئەوەبێت بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە دەوری یەکتری کۆبکاتەوە، بەڵکو ئەوەی هەیە پەیمانێکی ئەمنییە کە بەڵێنی دابینکردنی لانیکەمی ئاسایش دەدات. لەڕاستیدا ئەو ھێزانەی لە هەرێم و لە عێراقدا حوکمڕانان ناتوانن پەیمانی کۆمەڵایەتیی ببەستن. ئەوان، لە باشترین دۆخدا جگە لە پەیمانێکی ئەمنیی، توانای پیادەکردنی ھیچ پەیمانێکی دیکەیان نییە.  


سلێمان مستەفا - یاساناس بڕیار وایە بەیانی ٥ /١١ / ٢٠٢٣دادگای فیدراڵی لەسەر داوای ژمارە (٨٣ ) اتحادیە و داوا یەکخەرەکانی (١٣١ ، ١٨٥ ) ٢٠٢٣ اتحادیە ، دوای چەندین دادبینی و دواخستنی کۆببێتەوە ،و چاوەروان دەکرێت بڕیاری کۆتایی بدات ، سکاڵاکان لە لایەن بەرێزان ( زیاد جەبار ) و (ئامانج شەمعونەوە )تۆمار کراون داوادەکەن دادگا بڕیار بدات بە نادەستوری بوونی ماددەی ( ١ ، ٩ ، ١٥ ، ٢٢ ، ٣٦  )ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی سالی  ١٩٩٢ ی هەموار کراو ، ئەگەر سەرنج بدەین لە سەرتایی دەست پێکی دادبینەوە تا ئەمرۆ چەندین خوێندنەوەی جیاجیا بۆ بڕیارە چاوەڕوانکراوەکانی دادگای فیدراڵی کراون و لێکدانەوەی جیاجیاشیان بۆ کراوە ، بێ گومان بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی پرۆسەکە جێ هێشتوە ، لەوانە : (١) کارا نەبوونی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم (٢) ڕاسپاردنی کۆمسیۆنی فیدراڵی بە سەرپەرشتی کردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، بۆیە کۆمسیۆنی فیدراڵی پاڵپشت بە یاسای ژمارە ( ٣١)رێکارو سیستەمی جێبەجێ کردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات ، کار بەیاسای ژمارە (٣١) ی ساڵی ٢٠١٩ کۆمسیۆنی فیدراڵی و یاسای ژمارە (٣٦)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای حزبەکان دەکات ،  واتە کۆمسیۆنی فیدراڵی یاسای حزبەکانی فیدراڵ جێبەجێدەکات ،هەروەها  دەستەی دادوەری هەڵبژاردن کە لە لایەن ئەنجومەنی داوەری عێراقەوە پێکێهنراوە بەت لە کار وبڕیاکانی کۆمسیۆن دەدات، ئەمەش چەندین لێکەوتەو پرسیاری یاسایی لێدەکەوێتەوە ، بەڕای بەندەش و لێکەوتەکانیشی بە پێی بنەمای یاسایی (اللاحق یلغی السابق ) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ، وە بیرمان نەچێت بە پێی ماددەی (٢٦) یاسای کۆمسیۆن کار بەهیچ یاسایەک ناکرێت پێچەوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایەبن ، کەواتە گەر پرسیارێ بکەین ئەم دەست کراوەییەی کۆمسیۆن تا چەند گرێ کوێرەکان دەکاتەوە و هاوکار و وەڵامدەرەوەی داوکاری حزبەکان دەبێت و کەموو کوریە بەرچاوەکانی یاسا پەیوەندیدارەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن (   یاسای حزبەکان ، یاسای کۆمسیۆن ، یاسای هەڵبژاردن ، یاسای کۆمەکی حزبەکان )ی هەرێم پر دەکاتەوە ، پێش ئەوەی خوێندەوە بۆ بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی دادگای فیدراڵی بکەین ، پرسیارێ دەکەین ، ئایە سیستەم و رێکارەکانی کۆمسیۆن چ کاریگەریان جێ هێشتوە لەسەر داواکەی داگای فیدراڵی ؟ کۆمسیۆنی فیدراڵی سیستەمی  هەڵبژاردن و ئەژمارکردن و جیاکردنەوە ژمارە(١) ی ساڵی ٢٠٢٣ ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەندکردوە ، لەو سیستەمە پێناسەی تۆماری دەنگدەران دەکات تۆماری بایۆمەتری دەکاتە بنەما و وە هەر دەنگدەرێ خاون و هەڵگری کارتی بیۆمەتری درێژ مەودا نەبێت مافی دەنگدانی نابێت ، هەرەوها لە سیستەمەکەی کۆمسیۆندا پێناسەی ( حزب و کاندیدی تاکی کردوە ) بەمەش کۆمسیۆن چارەسەری کێشەی مادەی (١٥)ی تایبەت بە تۆماری دەنگدەرانی کردوە ، هەروەها لە ماددەی ( ٢٢) چارەسەری پرسی (حزب ، لیستی ) کردوە کە سکاڵایان لە بارەوە کراوە ، ئەوەی دەمێنیتەوە کە دادگا لە دادبینیەکەی بریاری لەبارەوە بدات هەریەک لە ماددەی ( ١ ، ٩ ، ٣٦ ) لێرەدا کارێکی قورس و گرانە پێشبینی بۆ بڕیاری دادگا بکەین ، بەلام لەناو یاساکانی هەرێمی کوردستان کون و کەلەبەری زۆر گەورەی تیادایە ، تەنانەت مرۆڤ ناتونێت خوێندنەوە بۆ حوکمەکانی ماددەی ( ١١٠ ، ١١٥، ١١٧ ، ١٢١ ) دەستوریش بکات ، تەنها ئەوە نەبێت بێ دەنگێ هەڵبژێرین ، بەداخەوە حزبە سیاسیەکان و چاودیران و یاساناسان بەیەکەوە بەشێکی ئەو کەم تەرخەمیەیان بەردەکەوێت ، دوای ئەم بارو دۆخە نەخوازراوە، کە دەرنجامی نەسازان و بەهەند وەرنەگرتنی گرنگی ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتیمانیان هەیە ، ئێستا زیاتر لە جاران کاریگەریان جێ هێشتوە ، نابێ بیشارینەوە کە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یاسای حزبەکان و یاسای کۆمسیۆن و یاسای کۆمەکی حزبەکان کەوموو کوری زۆریان تێدایە ، هەروەها نابێ ئەوەشمان بیر بچێت کە یاسای کۆمسیۆنی هەریم  و یاسای حزبەکانی هەرێم پێویستیان بە تێروانین و هەڵوەستە لەسەر کردن و بەراوەردکاری هەیە لەگەل یاسای کۆمسیۆنی فیدرالی و یاسای حزبەکانی فیدراڵی   سلێمان مستەفا  


چاوپێكەوتنی: درەو    "ژمارەیەكی زۆری خێزانی كورد لە غەزە دەژین، وەك هاوڵاتیانی دیكەی غەزە لە دۆخێكی سەختداین، دۆخی ژیانمان لەسەرو هێزو توانای مرۆڤەوەیە، هیچ مرۆڤێكی سەر زەوی ناتوانێت بەرگەی ئەم نەهامەتیانە بگرێت، ئاو و كارەباو سوتەمەنیمان نییە، خۆراكمان نەماوە، تەنها لە چاخی سەرەتاییدا مرۆڤ بەم جۆرە ژیاوە، ئەمڕۆ بە منداڵەكانم وت ئیتر بە ئاوو خورما خۆتان تێر بكەن، بۆردومانی غەزە ژیانی وەستاندووە، ناتوانین لە ماڵەكانمان بێینە دەرەوە، بە تۆن موشەك بەسەرماندا دەبارێت، خەڵكی فەلەستین كوردیان خۆش دەوێت، بە برای خۆیانی دەزانن" ئەمە وتەی (ئیبراهیم كوردییە)، هاوڵاتیەكی كوردی دانیشتووی غەزەیە، زیاتر لە سەدەیەكە باوو باپیرانی لە عێراقەوە چوونەتە فەلەستین. (درەو) پێشتر دیداری كوردێكی دانیشتووی ئیسرائیلی بڵاوكردەوە، دوای چەندین هەوڵ توانی كوردێكی دانیشتووی غەزە بدوێنێت و باس لە دۆخ و ژیانی ئێستایان بكات. (ئیبراهیم كوردی) هاوڵاتییەكی كوردی خانەنشینی دانیشتووی غەزەیە وەك خۆی دەڵێت "زیاتر لە سەدەیەكە باوو باپیرانی لە عێراقەوە هاتوونەتە فەلەستین و ئێستا وەك هاوڵاتیەكی فەلەستینی لەگەڵ چەندین خێزانی تری كوردی لەوێ دەژین. ئیبراهیم كوردی كە لەغەزە كارمەندی وەزارەتی وزە بووە لە فەلەستین تا ئە كاتەی خانەنشینبووە، دەڵێت" ژمارەیەكی زۆر لە خێزانی كورد لە غەزە نیشتەجێن، ئێمە كوردین بەڵام ئێستا دانیشتویی فەلەستینین، لێرە لە دایك بوین و لەگەڵ خەڵكی ئێرەدا لە رێگەی هاوسەرگیری و منداڵەوە تێكەڵبوین و زیاتر لە سەدەیەكە لەسەر ئەم خاكە دەژین" ئیبراهیم كوردی كە لە ئێستادا لەگەڵ خانەوادەكەی (كوڕو كچ و براو كەسە نزیكەكانی) لە شوقەیەكدا كۆبوونەوەتەوەو پێكەوە دەژین دەڵێت" بەردەوام بۆمب بەسەرماندا دەبارێت، لە چاوەڕوانی مەرگداین، ئەمە قەدەرێكەو فەرمانی خوایەو تاقی دەكرێینەوە، بەڵام دڵنیاین خۆشی و سەركەوتن لە دوای هەموو ئەم تەنگانەو ناخۆشییە دێت، ئێمە لە غەزە نیشتەجێین ئامادەنین چۆڵی بكەین، لە ساڵی (1948)ەوە ئاوارە كراین جارێكی تر نامانەوێت ئاوارەببینەوەو غەزە جێناهێڵین". (درەو) ئەو دیدارە كورتەی بە ماوەیەكی دوورودرێژ تۆماركرد، بەهۆی خراپی هێڵی ئینتەرنێت و پچڕانی بەردەوامی پەیوەندییەكە، ئەو سەبارەت بە تەلەفۆن و پەیوەندییان بە لەگەڵ دەوروبەرو كەسە نزیكەكانیان دەڵێت" بەهۆی نەبوونی كارەباوە گرفتێكی گەورە روبەڕوومان دەبێتەوە ئەویش شەحن كردنەوەی تەلەفۆنەكانمانە، بەهۆی نەبوونی كارەباوە ناچارین جێگەیەك پەیدا بكەین بە سود بینین لە وزەی خۆر توانیومانە كارەبا دابین بكەین، خەڵك بۆ شەحن كردنەوەی ئامێری تەلەفۆنەكانیان سەرەڕای ترسی زۆر لە بۆردومان و موشەك ئەو رێگە پڕ ترسە دەبڕن تا ئامێری تەلەفۆنەكانیان پڕ شەحن بێت"   نەبوونی ئاوی خواردنەوە یەكێكی دیكەیە لە كێشەو نەهامەتییەكان كە بۆ هاوڵاتیانی غەزە درووست وبوە (ئیبراهیم كوردی) دەڵێت" تەنانەت بۆ پەیداكردنی ئاوی خواردنەوە زەحمەت و ماندوبوونی زۆری دەوێت، چونكە بۆری ئاوی خواردنەوە نەماوە، خەڵكی پشت بە ئاوی بیرەكان دەبەستن، بەشێك لەو بیرانەش كە هەیە تەنها رێگایە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە ئەمەش بە ئاسانی پەیدا نابێت". بۆردوومان و شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ژیانی لە غەزە سەختكردووە "ئیبراهیم كوردی" وتی، بۆردومانی غەزە ژیانی وەستاندووە، ناتوانین لە ماڵەكانمان بێینە دەرەوە، بە تۆن موشەك بەسەر غەزەدا دەبارێت، زۆرینەی خزم و كەس و خێزانەكان لە شوێنێكدا كۆدەبنەوە كە زیاتر پارێزراو بێت، ئێستا من لە شوقەیەكدا دەژیم لە نهۆمەكانی خوارەوەی باڵەخانەكەم، بۆیە خێزان و منداڵەكانی خۆم، ماڵی براكەم، خێزان و منداڵی كوڕەكانم و كچەكانم هەمو لەو شوقەیەدا دەژین، نە ئاو نە كارەبا نە هیچ خزمەتگوزارییەك نییە، ئەگەركەمێك دارو تەختەمان دەستبكەوێت بۆ پێداویستی خۆمان دەیسوتێنین، ئێمە لە قۆناغێكی زۆر سەختداین، بەڵام دڵنیاین لەوەی ئەمە ویستی خوایە چۆن كۆتایی پێبێت ئێمە سەردەكەوین، مادام خوامان لەگەڵە ئیتر هیچ شتێك چەندە قورس و گرانیش بێت بێهیوامان ناكات" (درەو) سەبارەت بە هەڵوێستی خەڵكی غەزە بەرامبەر كردەوە سەربازییەكەی حەماس پرسیاری كرد كە ئایا خەڵك لە كردەوە سەربازییەكانی حەماس نیگەران نین كە بووە هۆی ئەم دۆخە سەختەی سەر هاوڵاتیانی غەزە، ئایا خەڵك نیگەران نین لە گروچەكانی غەزە (ئیبراهیم كوردی) وتی، خەڵكی غەزە خۆیان فیدای هێزەكانی بەرگری دەكەن، ئێمە زەویمان داگیركراوە، ئەوان ستەمكارن خۆ ناكرێت دابنیشین و چاوەڕێ بكەین دەبێت هەنگاو بۆ رزگاری بنێین" (درەو) سەبارەت بە كورد و هەرێمی كوردستان پرسیاری لە ئیبراهیم كوردی كرد،  ئەو زۆر بەخێرایی و بێ ئەوەی چاوەڕوانی ئەوە بكات پرسیارەكەمان تەواو بكەین وتی، "خەڵكی فەلەستین كوردیان خۆش دەوێت، هەموو مییلەتێكی ستەملێكراو دەبێت یەكترمان خۆشبوێت، ئەوەی لە میدیاكان دەوترێت بەشێكی راست نییە، من هیچ كات جگە لە خۆشەویستییان بۆ كورد لە خەڵكی فەلەستین هیچی ترم نەبیستووە، فەلەستینییەكان كوردەكان بە برای خۆیان دەزانن، حكومەتەكان هەرچۆن بن كاریگەری لەسەر رای خەڵك دروستناكات، خەڵكی ئێرە كوردیان خۆشدەوێت. (درەو) پرسیاری زۆری مابوو لە ئیبراهیم كوردی بكات، بەڵام خراپی و پچڕانی بەردەوامی هێڵی پەیوەندیكردن، كۆتایی بە دیدارەكە هێنا.  


 راپۆرتی: درەو 🔻 وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی (1 تشرینی دووەمی 2023) ئامارە سەرەتاییەکانی تایبەت بە پرۆسەی نەوتی عێراق بۆ مانگی تشرینی یەکەم بڵاو کردەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی لە ئەمساڵدا تۆمار کردووەو گەیشتووە بە زیاتر لە (109 ملیۆن و 589  هەزار) بەرمیل نەوت و بە تێكرا هەر بەرمیلێک بە (88 دۆلار و 26 سەنت) فرۆشراوەو کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (9 ملیار و 699 ملیۆن) دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستی داهاتی نەوتە بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو، بەم پێیەش؛ 🔹 لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا؛ عێراق زیاتر لە (ملیارێک و 21 ملیۆن و 137 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 358 هەزار) بەرمیل. لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە (ملیارێک و 5 ملیۆن و 381 هەزار) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 307 هەزار) بەرمیل فرۆشتبوو. 🔹 لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی تشرینی یەکەمی (2023)، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (79 دۆلار و 3 سەنت) فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە دە مانگی یەکەمی ساڵی پار بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (99 دۆلار و 7 سەنت). 🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە دە مانگی یەکەمی (2023)دا (80 ملیار و 856 ملیۆن و  302 هەزار) دۆلار بووە. لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشتبووە (99 ملیار و  670 ملیۆن و  643 هەزار) دۆلار. واتە لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی (18 ملیار و 814 ملیۆن و 341 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (19%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. یەکەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە دە مانگی یەکەمی ساڵی 2023 وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی (1 تشرینی دووەمی 2023) ئامارە سەرەتاییەکانی تایبەت بە پرۆسەی نەوتی عێراق بۆ مانگی تشرینی یەکەم بڵاو کردەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی لە ئەمساڵدا تۆمار کردووەو گەیشتووە بە زیاتر لە (109 ملیۆن و 589 هەزار) بەرمیل نەوت و بە تێكرا هەر بەرمیلێک بە (88 دۆلار و 26 سەنت) فرۆشراوەو کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (9 ملیار و 699 ملیۆن) دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستی داهاتی نەوتە بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو، بەم پێیەش؛ بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا بڕی (ملیارێک و 21 ملیۆن و 137 هەزار و 754) بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان ساغکردووەتەوە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 358 هەزار و 334) بەرمیلی فرۆشراو. لە مانگی (تشرینی یەکەم)یشدا زۆرترین بڕی نەوت فرۆشراوە بە قەبارەی (109 ملیۆن و 545 هەزار و 589) بەرمیل نەوت و کەمترینی لە مانگی (شوبات) بووە بە بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل.  هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (79) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (ئەیلول) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە سەروو (91) دۆلار فرۆشراوە، بە درێژایی هیچ یەک لەم دە مانگە تێکڕای نرخی نەوت نەهاتووەتە خوار (71) دۆلارەوە. هەر بەپێی داتاکان کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (80 ملیار و 856 ملیۆن و 302 هەزار) دۆلار. مانگی (تشرینی یەکەم)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکراوەتەوەو گەیشتووە بە (9 ملیار و 669 ملیۆن) دۆلار، هیچ مانگێکی ساڵەکەش داهاتی نەوتی فرۆشراو دانەبەزیوە بۆ خوار (7 ملیار) دۆلار.   دووەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە دە مانگی یەکەمی ساڵی 2022 بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)دا بڕی (ملیارێک و 5 ملیۆن و  381 هەزار و 631) بەرمیل نەوتی فرۆشتبوو، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 307 هەزار و 640) بەرمیلی فرۆشراو. لە مانگی (تشرینی یەکەم)یشدا زۆرترین بڕی نەوت فرۆشراوە بە قەبارەی (104 ملیۆن و 831 هەزار و 120) بەرمیل نەوت و کەمترینی لە مانگی (شوبات) بووە بە بڕی (92 ملیۆن و 790 هەزار و 173) بەرمیل نەوتی خاو.  هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لە دە مانگی یەکەمی (2022)دا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (99 دۆلارو 7 سەنت) فرۆشرابوو، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (حوزەیران) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە (112 دۆلار 20سەنت) فرۆشراوە، نزمترین نرخێکیش نەوتی پێ فرۆشرابێت مانگی (کانونی دووەم) بووەو بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی تێدا دراوەتە (83 دۆلار و 82 سەنت). هەر بە گەڕانەوە بۆ داتاکانی دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (99 ملیار و 670 ملیۆن و 643 هەزار) دۆلار. مانگی (ئایار)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکرابوویەوەو گەیشتبووە (11 ملیار و 477 ملیۆن و 496 هەزار) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە سەرەتاوە تا کۆتایی تشرینی یەکەمی (2022)دا لە مانگی (کانونی دووەم)دا بووەو بڕی (8 ملیار 322 ملیۆن و 679 هەزار) دۆلار داهاتی گشتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بووە. سێیەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە دە مانگی یەکەمی ساڵی 2023 بەراورد بە دە مانگی یەکەمی 2022 وەک ئاماژەمان پێدا لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی تشرینی یەکەمی ساڵی (2023)دا؛ عێراق (ملیارێک و 21 ملیۆن و 137 هەزار و 754) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی (3 ملیۆن و 358 هەزار و 334) بەرمیل. لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا (ملیارێک و 5 ملیۆن و 381 هەزار و 631) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی لە (3 ملیۆن و 307 هەزار و 640) بەرمیل فرۆشتبوو. بەم پێیەش بە تێکڕا لە دە مانگی یەکەمی ئەمساڵ تەنها بڕی (4 ملیۆن و 307 هەزار و 469) بەرمیل بە ڕێژەی (4%) نەوتی هەناردەکراو زیادی کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2022). (بۆ وردەکاری تێکڕای بڕی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (1))   هەرچی دەربارەی تێکڕای نرخی نەوتی خاوی عێراقە لە دە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (79 دۆلار و 3 سەنت) فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی پار بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (99 دۆلار و 7 سەنت). بەو واتایەی لە دە مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوت بڕی زیاتر لە (20) دۆلار و بە ڕێژەی (20%) بەهاکەی لە دەستداوە. (بۆ وردەکاری تێکڕای نرخی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (2)).   بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەکانی جیهان، کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتی گشتی نەوتی عێراق جێهێشتووە، بە جۆرێک؛ کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە دە مانگی یەکەمی (2023)دا (80 ملیار و 856 ملیۆن و 302 هەزار) دۆلار بووە. لە کاتێکدا لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشتبووە (99 ملیار و 670 ملیۆن و 643 هەزار) دۆلار. واتە لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی (18 ملیار و 814 ملیۆن و 341 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (19%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. (بۆ وردەکاری داهاتی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (3)).   سەرچاوەکان؛ ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە دە مانگی یەکەمی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=909 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=951 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1003 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1039 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر ایار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1099 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر حزيران الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1123 ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە دە مانگی یەکەمی ساڵی 2023، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1419 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1455 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1480 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1527 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر ایار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1555 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية الاولیة للصادرات النفطية لشهر حزيران الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1597 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر تموز الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1644 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر اب الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1695     -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر أيلول الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1754 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية الاولیة للصادرات النفطية لشهر تشرین الاول الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1767    


(درەو):   لە (300) رۆژی ساڵی 2023دا موچەخۆران تەنیا (7) موچەی مانگەكانی 2023یان وەرگرتووە ، ئەمساڵ (65) رۆژی ماوە، بەڵام هێشتا موچەی مانگی (8) دابەش نەكراوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت حكومەت تا كۆتایی ساڵ موچەی مانگی (9)ى2023 دابەشبكات و چارەنووسی موچەی مانگەكانی (10-11-12) بە نادیاری دەمێنێتەوە. بڕیارە لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی موچەی مانگی (8)ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رابگەیەنێت، چارەنووسی سێ موچە بە نادیاری دەمێنێتەوە.  لە ئێستادا (300) رۆژ لە ساڵی 2023 تێپەڕێوەو موچەخۆران لە مانگی (11) چاوەڕێی موچەی مانگی (8) دەكەن، ئەو (300) رۆژە دابەشی (7) موچە بكرێت دەكاتە (43) رۆژ واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023دا بە تێكڕا مانگانە بە (43) رۆژ موچەیەكی دابەشكردووە لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێم لە مانگی یەكدا موچەی مانگی (12)ی 2022ی دابەشكردووە بڕیارە لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا حكومەتی هرەێمی كوردستان موچەی مانگی (8) دابە بكات، بە زیاتر لە دوو هەفتە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی هرەێمی كوردستان تەنیا یەك موچەی تر موچەی مانگی (9) دابەش بكات، لە مانگی (12)دا ئەو كات موچەی مانگەكانی (10-11-12)ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە نادیاری دەمێنێتەوە. واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (356) رۆژی ساڵی 2023دا موچەی (90) رۆژی موچەخۆران پاشەكەوت دەكات و چارەنوسی ون دەبێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ موچەی موچەخۆران پێشت بە سێ سەرچاوەی داهات دەبەستێت: •    مانگانە بڕی (700) ملیار دینار بە قەرز لە بەغدادەوە وەردەگرێت •    داهاتی ناوخۆ مانگانە (346) ملیار دینارە بە پێی راپۆرتی شەش مانگی یەكەمی وەزارەتی دارایی •    مانگانە (28) ملیار دینار لە هاوپەیمانان وەردەگرێت بۆ موچەی لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە. لە ئێستادا ئامادەكاری دەكرێت بۆ هەمواری یاسای بودجەی عێراق بۆ 2024 كە ساڵانە خشتەو تەخسیساتەكانی ناو یاسای بودجە دەگڕدرێت و بڕیارە لەو هەموارەدا پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم جێگەی بكرێتەوەو جیابكرێتەوە لە شایستەكانی تری هەرێمی كوردستان.  


درەو: سبەینێ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەستپێدەكات، كورد لە چوارچێوەی (71) كورسی پارێزگاكانی (كەركوك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین) كێبەركێ دەكات، بە (هاوپەیمانێتی، لیستی سەربەخۆ، بایكۆت) بەشدارە لە هەڵبژاردنەكان، چاوەڕوان دەكرێت لایەنە كوردییەكان نزیكەی (20) لە (71) كورسی  ئەو چوار پارێزگایە ببەنەوە. ئەمڕۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لیستی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پەسەند كرد كە بەتێكڕا (5 هەزارو 915) كاندید كێبركێ دەكەن بۆ بردنەوەی كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لەم ژمارەیە: •   (4 ھەزارو 258) كەس لە كاندیدەكان پیاون •   (ھەزارو 657) كەس لە كاندیدەكان ژنن ئەنجومەنی كۆمسیارانی سەربە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆژی 2023/11/1ی دیاریكرد بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە لە رۆژی 2023/12/18 بەڕێوە بچێت، كە بەپێی راگەیاندراوی كۆمیسیۆن, (50) هاوپەیمانێتی سیاسی لە عێراق, كێبڕكێ‌ لەسەر بەدەستهێنانی (275) ئەنجومەنە خۆجێیەكان دەكەن لە (15) پارێزگای عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان: •   ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: 16 ملیۆن و 158 هەزارو 788 دەنگدەر •   دەنگدەری گشتی: 15 ملیۆن و 108 هەزارو 135 دەنگدەر •   ناوەندی دەنگدانی گشتی: 7 هەزارو 166 •   وێستگەی دەنگدانی گشتی: 35 هەزارو 553 •   دەنگدەری تایبەت: ملیۆنێك و 2 هەزارو 393 دەنگدەر •   ناوەندی دەنگدانی تایبەت: 565 بنكە •   وێستگەی دەنگدانی تایبەت: 2 هەزارو 260 •   ژمارەی دەنگدەری ئاوارە: 48 هەزارو 260 •   ناوەندی دەنگدانی ئاوارە: 35 •   وێستگەی دەنگدانی ئاوارە: 120 كورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لایەنە كوردیەكان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا, كێبڕكێی لەسەر (71) كورسی پارێزگاكانی (كەركوك و سەڵاحەدین و دیالەو نەینەوا) دەكەن. •   پاێزگای كەركوك (15) كورسی •   پارێزگای نەینەوا (26) كورسی •   پارێزگای سەڵاحەدین (15) كورسی •   پارێزگای دیالە (15) كورسی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە چەند شێوازێك بەشدارن لەوانە: •   هاوپەیمانی (كەركوك هێزو ئیرادەمانە), هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستانی. •   هاوپەیمانی (مەشخەڵی كەركوك), هاوپەیمانێتی نێوان یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان و  كۆمەڵی دادگەری كوردستانە. •   پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی ئیسلامی عێراقی و چەند لایەنێكی دیكە پێكەوە بەشدارن •   جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌, بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەكات. •   حزبی سۆسیالیستی كوردستان, بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەكات. •   بزوتنەوەی گۆڕان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە. كورد چەند كورسی دەباتەوە •    پارێزگای كەركوك لە پارێزگای كەركوك كە (15) كورسی بەدەكەوێت، چاوەڕوان دەكرێت لایەنە كوردییەكان (7-8) كورسی بەدەستبهێنن، كە بەسەر لیستەكانی (یەكێتی، پارتی، نەوەی نوێ) دابەشدەبێت. پێشبینی دەكرێت - یەكێتی: 5-6 كورسی بەدەستبهێنێت - پارتی: 1-2 كورسی بەدەستبهێنێت - نەوەی نوێ: 0-1 كورسی بەدەستبهێنێت. •   پارێزگای سەلاحەدین لە پارێزگای سەڵاحەدین كە (15) كورسی بۆ دیاریكراوە چاوەڕوان دەكرێت یەك كورسی بەدەستبهێنێت، ئەویش بۆ كاندیدەكەی یەكێتی دەبێت واتا یەكێتی كورسیەك بەدەستدەهێنێت لەو پارێزگایە. •   پارێزگای دیالە لە پارێزگای دیالە كە (15) كورسی بۆ دیاریكراوە، چاوەڕوان دەكرێت كورد (2-3) كورسی بەدەستبهێنێت، لەو ژمارەیە یەكێتی (2-3) كورسی و پارتی ئەگەری هەیە (1) كورسی بەدەستبهێنێت. •   پارێزگای نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا كە (26) كورسی بۆ دیاریكراوە چاوەڕوان دەركێت لایەنە كوردییەكان (8-11) كورسی بەدەستبهێنێت، لەوانە (7-9) بۆ پارتی و (1-2) كورسی بۆ یەكێتی. واتا لەكۆی (71) كورسی لایەنە كوردییەكان دەتوانن نزیكەی (20 - 22) كورسی لەو چوار پارێزگایە ببەنەوە   دەنگی كورد لە پارێزگای كەركوك لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا رێژەی دەنگی پێكهاتەكانی كەركوك بەم شێوەیەیە: بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك كە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو _ كە پارێزگاكە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێكهاتبوو لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەكەی هەڵبژاردن (409 هەزار و 494) دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێك؛ •    پێكهاتەی كورد زۆرینەی دەنگەكانی پارێزگاكەی بردووەتەوە بە (160 هەزار و 370) دەنگ. •    پێكهاتەی عەرەب بە پلەی دووەم دێت بە (120 هەزار و 672) دەنگ. •    پێكهاتەی تروكمان پلەی سێیەمی هەیە بە (45 هەزار و 773) دەنگی •    سەربەخۆكانیش (82 هەزار و 679) دەنگیان بەدەستهێناوە.        


درەو: (دامەزراوەی میدیایی درەو) كتێبێكی نوێی بڵاوكردەوە  (دۆخی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان) بە زمانەكانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی)  بە ئامارو داتا و گرافیك پێشێلكاری و رەوشی رۆژنامەگەری خراوەتەروو. کاری رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە پیشە سەخت و دژوارەکان، جارێک بەهۆی نائاسانی دەستگەیشتن بە زانیاری و داتای راست و دروست لە دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان. جارێکیش بە هۆی ئەوەی زۆرجار رۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان پێشێلکاری زۆریان بەرامبەر دەکرێت، لە دەرەوەی یاسای کاری رۆژنامەگەری ژمارە (35)ی ساڵی (2007) لە دادگاکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەوەی دووەمیان _پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان_ جێگەی بایەخی ئەم ڕاپۆرتە دەبێت. تێیدا تیشک دەخەینە سەر ڕاپۆرتەکانی هەردوو دامەزراوەی (سەندیکای رۆژنامەنوسان و سەنتەری میترۆ) کە دوو دامەزراوەن لە هەرێمی کوردستان داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان دەکەن، ساڵانە ڕاپۆرتی خۆیان لە بارەی ئەو پێشێلکارییانەوە بڵاو دەکەنەوە، کە دەرهەق بە رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. پاڵپشت بە داتاکانی سەنتەری میترۆ لە ماوەی (2011 - 2022)، واتە لە ماوەی (12) ساڵدا (3 هەزار و 468) پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەنوسان تۆمارکراوە. هاوکات بەپێ ئامارو راپۆرتەکانی سەندیکای رۆژنامەنوسان لە ماوەی (2008 - 2022)، واتە لە ماوەی (15) ساڵدا (هەزار و 289) پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەنوسان تۆمارکراوە. ئەم ئامارە بەرزانەی تۆمارکردنی پێشێلکاری لە هەرێمی کوردستان، زۆرجار رێکخراو و دامەرزاوە نێودەوڵەتییەکانی وەک رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، کۆمیتەی بەرگری رۆژنامەنوسان (CPJ) و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاو زۆرجاریش کونسوڵگەری و وڵاتانی بیانی هێناوەتە سەرخەت. لە لاپەڕەکانی دواتردا، بە گرافیک و خشتەو ئاماری گشتی و ساڵانەی هەردوو دامەزراوەی ناوبراو لە ساڵی (2008)ەوە بۆ کۆتایی ساڵی (2022) روندەکەینەوە.   لینكی كتێبی (دۆخی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان)  


  راپۆرتی: درەو 🔻 وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 تا کۆتایی ئابی ساڵی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر لە (77 ترلیۆن و 454 ملیار) دینار بووە، کە (92.6%)ی داهاتی نەوت و(7.4%)ی داهاتی نانەوتی بووە. نزیکەی (ترلیۆنێک و 983 ملیار) دینار لە داهاتی ئاڵوگۆڕ کورتهێنانی هەبووە، بە پوختی زیاتر لە (75 ترلیۆن و 471 ملیار) دیناری بۆ ماوەتەوە، واتە بە تێکڕا داهاتی مانگانە نزیک لە (9 ترلیۆن و 434 ملیار) دینار و رۆژانە زیاتر لە (314 ملیار و 465 ملیۆن) دینار بووە، كۆی خەرجیش بریتی بووە لە (65 ترلیۆن و 192 ملیار) دینار، 🔹 لە هەردوو مانگی تەموز و ئابدا داهاتی نانەوتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەراورد بە مانگەکانی پێشتر زیادی کردووە و لە مانگی تەموزدا گەیشتووە بە (2 ترلیۆن و 445 ملیار و 734 ملیۆن و 551 هەزار و 988) دینار و لە مانگی ئابدا گەیشتووە بە (947 ملیار و 194 ملیۆن و 906 هەزار و 115) دینار، ئەمە لە کاتێکدایە بەرزترین ئاستی داهاتی نانەوتی لە مانگەکانی پێشتردا لە مانگی حوزەیراندا تۆمار کراوەو تەنها (538 ملیار و 174 ملیۆن و 810 هەزار) دینار بووە. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان، دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (13.2%) و پتر لە (10 ترلیۆن 279 ملیار و 634) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەشت مانگی یەکەمی (2023)دا رۆژی (22ی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی تا کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەشت مانگی یەکەمی 2023 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ ئابی ساڵی (2023) لە (22ی تشرینی یەکەمی 2023) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (77 ترلیۆن و 454 ملیار و 775 ملیۆن و 344 هەزار و 113) دینار، بەجۆرێک بڕی (71 ترلیۆن و 497 ملیار و 920 ملیۆن و 354 هەزار و 643) دیناری بەڕێژەی (92.6%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە. بڕی (5 ترلیۆن و 956 ملیار و 854 ملیۆن و 989 هەزار و 470) دینار، بەڕێژەی (7.4%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە هەردوو مانگی تەموز و ئابدا داهاتی نانەوتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەراورد بە مانگەکانی پێشتر زیادی کردووە و لە مانگی تەموزدا گەیشتووە بە (2 ترلیۆن و 445 ملیار و 734 ملیۆن و 551 هەزار و 988) دینار و لە مانگی ئابدا گەیشتووە بە (947 ملیار و 194 ملیۆن و 906 هەزار و 115) دینار، ئەمە لە کاتێکدایە بەرزترین ئاستی داهاتی نانەوتی لە مانگەکانی پێشتردا لە مانگی حوزەیراندا تۆمار کراوەو تەنها (538 ملیار و 174 ملیۆن و 810 هەزار) دینار بووە. بڕی (ترلیۆنێک و 982 ملیار و 943 ملیۆن و 166 هەزار و 390) دیناری لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیە) کورتی هێناوە و بە پوختی (75 ترلیۆن و 471 ملیار و 832 ملیۆن و 177 هەزار و 723) دینار، کۆی داهاتی وەزارەتی دارایی بووە. بەم پێیەش و بە تێکڕا داهاتی مانگانە زیاتر لە (9 ترلیۆن و 433 ملیار) دینار و رۆژانە پتر لە (314 ملیار و 465 ملیۆن) دینار بووە. سەبارەت بە وردەکاری هەر یەک لە مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەموز و ئابی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)).   دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەشت مانگی یەکەمی 2023 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج و شەش، حەوت و هەشتی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (65 ترلیۆن و 192 ملیار و 197 ملیۆن و 634 هەزار و 682) دینار، بەجۆرێک بڕی (57 ترلیۆن و 269 ملیار و 783 ملیۆن و 694 هەزار و 54) دیناری بەڕێژەی (88%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (7 ترلیۆن و 922 ملیار و 413 ملیۆن و 940 هەزار و 628) دیناری بەڕێژەی (12%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایاری، حوزەیران، تەموز و ئابی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).   سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنانی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەشت مانگی یەکەمی 2023 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و ڕێگاوبان و  پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (7 ترلیۆن و 922 ملیار و 413 ملیۆن و 940 هەزار و 629) دیناری بەڕێژەی (12%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (395 ملیار و 589 ملیۆن و 272 هەزار و 829) دیناری بە ڕێژەی (5%)ی بۆ خەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (764 ملیار و 441 ملیۆن و 571 هەزار و 371) دیناری بە ڕێژەی (9.6%)ی بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (ترلیۆنێک و 909 ملیار و 241 ملیۆن و 516 هەزار و 628) دیناری بە ڕێژەی (24.1%)ی بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان بڕی (3 ترلیۆن و 935 ملیار و 599 ملیۆن و 239 هەزار و 167) دیناری بە ڕێژەی (49.7%)ی بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (917 ملیار و 542 ملیۆن و 340 هەزار و 634) دیناری بۆ بە ڕێژەی (11.6%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)).   چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەشت مانگی یەکەمی 2023 لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (65 ترلیۆن و 192 ملیار و 197 ملیۆن و 634 هەزار و 682) دینار. لە کاتێکدا کۆی پوختەی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (75 ترلیۆن و 471 ملیار و 832 ملیۆن و 177 هەزار و 723) دینار. واتە بڕی (10 ترلیۆن و 279 ملیار و 634 ملیۆن و 543 هەزار و 41) دیناری بەڕێژەی (13.2%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەموز و ئابی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)).   پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە هەشت مانگی یەکەمی 2023 لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 268 ملیار و 706 ملیۆن و 973 هەزار و 382) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (364 ملیار و 192 ملیۆن و 629 هەزار و 819) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (314 ملیۆن و 34 هەزار و 550) دیناری بە کەمتر لە (1%) خەرجییەکانی لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (36 ملیار و 860 ملیۆن و 165 هەزار و 573) دیناری خەرجکردووە، (100%)ی خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (5 ترلیۆن و 867 ملیار و 654 ملیۆن و 177 هەزار و 990) دیناری خەرجکردووە، بڕی (4 ترلیۆن و 447 ملیار و 26 ملیۆن و 315 هەزار و 211) دیناری بە ڕێژەی (76%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (ترلیۆنێک و 420 ملیار و 627 ملیۆن و 862 هەزار و 779) دیناری بە ڕێژەی (24%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)).     سەرچاوەکان؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، -    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة تموز لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة اب لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة سەرجەم ڕاپۆرتەکان لەم لینکەی خوارەوە بەردەستن؛ https://bitly.ws/YMZ3  


(درەو) دەقی تەواوی هەردوو بڕیاری (دادگای فیدراڵی عێراق) و ( دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس) سەبارەت بە نەوتی هەرێم یەکەم؛ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕۆژی 15/2/2022 ‌ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە ئامادەبوونی (9) ئەندامی دادگاکەو بە زۆرینەی دەنگی (7) ئەندام و (2) دەنگی پێچەوانە، بڕیارێکی له‌باره‌ی ناده‌ستوریبوونی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم و نادەستوریبوونی فرۆشتنی نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە‌ ده‌ركرد. بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند پێدەنێتە نێو قۆناغێکی نوێ لە کێشە و قەیران، بەتایبەت بڕیاری دادگا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم کە لە ساڵی (2007) ەوە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووەو ڕێگەی خۆشکردووە بۆ حکومەتی هەرێم بە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ گەڕان و پشکنین و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە کێڵگە نەوتییەکانی سنوری هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی (هەولێر و سلێمانی و دهۆک) سەرباری دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە بەشێک لە کێڵگەکانی پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک و سەلاحەدین بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەندی. بەپێی بڕیاری دادگاکە؛ 1.    یاسای نەوت و غازی هه‌رێم، ژماره‌ 22ی ساڵی 2007 نادەستوورییەو پێچه‌وانه‌ی ماده‌ ده‌ستووریه‌كانی (110، 111، 112، 115، 121 و 130)ە. 2.    حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە ڕاده‌ستكردنی سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌ریهێناون، به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق. 3.    ماف دراوە بە سکاڵاکار بەدواداچوون بكات بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێم‌ لەگەڵ لایەنە دەرەكی‌و دەوڵەت‌و كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوت‌و دەرهێنانی‌و هەناردەكردن‌و فرۆشتنی ئیمزای كردووە. 4.    بڕیارەکە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات ڕێگە بە وەزارەتی نه‌وتی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی به‌ هه‌موو گرێبه‌ست و مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌وتیدا بچنه‌وه‌، بۆ وردبینی و دیاریكردنی پابه‌ندییه‌ داراییه‌كان كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم، دواتریش له‌ ژێر رۆشنایی ئه‌وه‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی فیدرالی دیاریده‌كرێت.   دەقی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یاسای نەوتی هەرێم   دووەم: بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس سەبارەت بە نەوتی هەرێم بڕیارەكەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس كە بووە هۆی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە (277) لاپەڕە پێكهاتووەو لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرچووە. بە پێی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاركردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراو. بە پێی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە فەرەنسا: •    هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) ی ساڵی 1973 كە لە نێوان توركیا و عێراق واژووكراوە،  حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 2013ەوە بۆ گواستنەوە و باركردنی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە ڕاستەوخۆ بۆ توركیا كەڵكی وەرگرتووە، ئەمەش ناكۆكی درووستكردووە.   •    رێككەوتنی (ITP) نێوان عێراق - توركیا چیە؟ لە بڕیارەكەی دادگای ژووری نێوبژیوانی نێو دەوڵەتیدا بە ووردی باس لە رێككەوتنی( ITP) كراوەو هاتووە: لە ساڵی 1973   كۆماری عێراق و  كۆماری توركیا ڕێككەوتنی بۆری نەوتی خاویان واژۆكرد بۆ دابینكردن و كڕینی نەوتی خاو، ڕێككەوتننامەی بە ڕێككەوتنی بۆری عێراق - توركیا (ITP) ناسراوە. ‎ بەپێی ڕێككەوتنەكانی ( ITP) هەردوو لایەن ڕێككەوتن لەسەر دروستكردنی دوو بۆری نەوت كە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لە باكوری عێراقەوە بەرەو جەیهان كە شارێكی بەندەرییە لە باشووری توركیا (The Pipelines) دەڕوات.  جەیهان ناوەندێكی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتییە. ‎بە پێی ڕێككەوتننامەكانی(ITP ) هەردوو لا (دروستكردن، چاككردنەوە، بەڕێوەبردن و بەكارهێنانی بۆرییەكان و بەكارهێنانی) دامەزراوە پەیوەندیدارەكان لە جەیهان بۆ هەڵگرتن و باركردنی نەوتی خاو كە لە ڕێگەی بۆرییەكانەوە دەگوازرێتەوە بەڕێوەدەبەن.   بۆری یەكەم بەپێی ڕێككەوتنی ساڵی 1973  بۆری (40) ئینج ، بۆری دووەم (گەورەتر) دواتر لە ساڵی 1985 بۆری (46)  ئینج زیادكرا.  بەپێی ڕێككەوتنەكانی (ITP ) هەر لایەنێك دوو بۆرییەكە لە ناوچەكانی خۆیاندا دروست دەكەن و بەڕێوەی دەبەن و دەیپارێزن.  داواكار سوودمەند دەبێت لە كەناڵێكی نوێی هەناردەكردن بۆ نەوتەكەی و بەرامبەر زیاتر پەرەیان پێدەدات. لە بەرامبەر گواستنەوە و هەڵگرتن و باركردنی نەوتەكەی، داواكار كرێی گواستنەوە دەدات بە بەرامبەر.  هەروەها تا ساڵی 2010 بەشێكی دیاریكراو لە نەوتەكە بۆ كڕینی لەلایەن بەرامبەرەوە تەرخانكرابوو. حكومەتی عێراق بانگەشەی ئەوەی كردووە كە حكومەتی توركیا پێشێلی رێككەوتنی ( ITP)كردووە، چونكە ڕێگەی داوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆرییەكانەوە بڕوات، جكومەتی عێراق جەختی لەوە كردووەتەوە كە نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهان هەڵگیراوەو باركراوەو بەكارهێندراوە بە بێ رەزامەندی حكومەتی عێراق.     ‎     دەقی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یاسای نەوتی هەرێم دەقی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی لە پاریس    


درەو: راپۆرتی باكیر ئایدۆغان و محەمەد ئەلچا, كە پێگەی لە (Gulf International Forum) بڵاوكراوەتەوە, بە ناونیشانی (خەونی كۆتایهاتوی كوردستان, تێكۆشان و نائومێدی لەپشتی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد). 🔹لە (25) ئەیلولی (2017)دا, هەرێمی كوردستانی عێراق راپرسی سەربەخۆیی ئەنجامدا, ساتەوەختێكی مێژویی بوو, (93%) كوردەكان دەنگیان بەجیابونەوەدا, گومانی تیادانیە, بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن بەعس و كەمكردنەوەی بودجەو جیاكاری لە دوو دەیەی رابردوو, لەسایەی حكومەتی نوێدا لەبەغداد, هۆكاربوون بۆ بەهێزكردنی كەڵكەڵەی جوداخوازی. 🔹ئەو ماوەیەی پێش راپرسی, هەرێمی كوردستان خۆی لە پێگەیەكی ستراتیجی بەهێزدا دەبینیەوە, كۆنتڕۆڵی شاری كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوتی كردبوو, نەوتی بە سەربەخۆ بە توركیا دەفرۆشت, خۆرئاوا بەردەوامبوو لە پشتیوانیكردنی لەڕووی سەربازییەوە, ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی ستایشی هێزە كوردییەكانیان دەكرد, لە شكستپێهێنانی داعش. 🔹بەڵام دوای شەش ساڵ لە راپرسی, كوردەكان خۆیان بەدور دەبینن لە سەربەخۆیی, بەهۆی ململانێی سیاسی ناوخۆ و كۆمەڵێك قەیرانی ئابوری و ئەمنیی. 🔹حكومەتە یەك لە داوی یەكەكانی ناوەند لە بەغداد, بە پەسەندتریان زانیوە سزای كورد بدەن, لەبری گرتنەبەری هەنگاوەكانی پتەوكردنی ناسنامەی عێراقی هاوبەش. 🔹لە واقیعدا, بەغداد هەوڵی داوە بۆ سنورداركردنی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی هەرێمی كوردستانی عێراق, لە هەولێكدا بۆ ئەوەی كوردستان هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق لێبكات. 🔹ساڵەكانی دوای (2017), دەوڵەتی عێراق بۆ وردوخاشكردنی هەر هیوایەك بۆ سەربەخۆیی كوردستان كەوتە جوڵە, دوای كەمتر لە مانگێك لەسەر دەنگدان بە سەربەخۆیی, سوپای عێراق بە تەواوی كۆنتڕۆڵی شاری كەركوكی كرد, لەگەڵ ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەولێرو بەغداد. 🔹سیاسەتەكانی تاران و ئەنكەرە كە پێشەنگیان دا بە بەغداد, خەمی وڵاتانی خۆرئاواش بۆ یەكپارچەیی عێراق, هانی بەغدادی دا هەنگاوی توند بگرێتەبەر, بۆ بەهێزكردنی وەلائی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی فیدڕاڵی. 🔹دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا, فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە شێوەیەكی سەربەخۆ نایاساییە, هاوكات پەرلەمانی عێراقیش كۆتوبەندی توندتری خستە سەر پشكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. 🔹ئەمە رێگەی خۆشكرد بۆ ئەوەی بەغداد وەك دوو قەوارەی جیاواز مامەڵە لەگەڵ هەولێرو سلێمانی بكات لە ئانیدەدا. 🔹فشارە نێودەوڵەتیەكانیش بەشداریكرد لە دابڕانی هەرێمی كوردستان, لەمانگی ئازاری (2023), دادگای ناوبژیوانی لە پاریس دژی توركیا حكومی دەركرد, ئەنكەرەی ناچاركرد بە پێدانی نزیكەی(1.5) ملیار دۆلار بە عێراق, لە سزای هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان. 🔹توركیا هەناردەی نەوتی كوردستانی بۆ بەندەری جەیهان راگرت, ئەوەش كوردەكانی ناچاركرد رێككەوتن لەگەڵ بەغداد واژووبكەن, بۆ فرۆشتنی نەوت لەڕێی حكومەتی فیدڕاڵەوە. 🔹نامەكەی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی, سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جۆ بایدن, سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان, كە تیایدا داوای هاوكاری لێدەكات لەچارەسەركردنی قەیرانە ئابوری و سیاسیەكانی كوردستان, نیشانیەكی روونە لەسەر نائومێدی. 🔹ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان, دوای ماوەیەكی كەم لە راپرسی توندتر بووەوە, كاتێك پارتی یەكێتی تۆمەتباركرد بە ناپاكی, بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی سەر بە یەكێتی لە كەركوك لە(16) ئۆكتۆبەری (2017). 🔹پەیوەندی توندوڵی یەكێتی لەگەڵ شیعەكانی عێراق كە هاوپەیمانی ئێرانن, رێگرە لە پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەش, كە ئەولەویەت بدات بە بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان. 🔹ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی پێینایە قۆناغێكی مەترسیدارەوە, دوای ئەوەی دادگایەكی هەولێر حوكمی لە سێدارەدانی بۆ فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆری یەكێتی و پێنج ئەندامی تر دەركرد, بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە كوشتنی ئەفسەرێكی پێشوی یەكێتی لە هەولێر. 🔹هەوڵەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگەش ڕاگیرا, كە ئەو هەنگاوە لەلایەن ئەمریكاو هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانەوە پاڵپشتی دەكرا, سەرەڕای ئەوەی هەردوولا دەستیان كردووەتەوە بە گفتوگۆ لە ترسی بڕینی ئەو هاوكارییە مانگانەیەی كە بە (20) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت و ویلایەتە یەكگرتووەكان مانگانە دەیدات بە پێشمەرگە, بەڵام گفتوگۆكانیان هیچ ئەنجامێكی نەبووە. 🔹دوای شەش ساڵ لە ئاهەنگی سەركەوتن بەسەر رێكخراوی داعش, هێشتا كوردەكان لەناو سەنتەری ململانێ ئیقلیمی و ناوخۆییەكاندان. 🔹توركیا بەشێوەیەكی ڕێكخراو گورزی ئاسمانی و هێرش بە فرۆكەی بێفرۆكەوان دەكاتە سەر پارتی كرێكارانی كوردستان, بارەگا سەربازییەكانیشی لەهەرێمی كوردستانە, ئێرانیش هەوڵی داوە تۆڵە لەویلایەتە یەكگرتووەكان بكاتەوە بە بۆردومانكردنی هەولێر لە دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی, سەرەڕای ئەوەی هێرشێكی موشەكی كردووەتە سەر ماڵی كەسایەتیەكی باڵادەستی نەوتی كوردستان, بە بیانوی ئەوەی بنكەیەكی ئیسرائیلی لە هەولێر كردووەتە ئامانج. 🔹ئاپۆرای ئەو كوردانەی دەنگیاندا لە بەرژوەندی سەربەخۆیی پێش شەش ساڵ لەمەوبەر, ئێستا خۆپیشاندان دەكەن دژی كەمكردنەوەی بودجەكەیان لەلایەن بەغدادو رەوانە نەكردنی موچەی فەرمانبەران, یان بۆ كەمی ئاو و خراپی ئیدارەدان و گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان. 🔹هەڵبژاردنەكانی هەرێم بۆ زیاتر لە ساڵێكە دواخراوە, لەگەڵ ئەوەی ویلایەتی حكومەتی ئێستا كۆتایهاتووە, بەڵام سەركردەكانی تائێستا لەدەسەڵاتدان لەبری ئەوەی ببن بە حكومەتی كاربەڕێكەر. 🔹لەگەڵ ئەوەشدا, بەهۆی فشارە داراییەكانەوە, هاوڵاتیان وا تەماشی دواخستنی هەڵبژاردن ناكەن وەك ئەوەی خەمی سەرەكییان بێت, سەرەڕای ئەوەی كەمینەیەكی كوردەكان گەشبینن بەوەی, هەڵبژاردنی داهاتوو ببێتەمایەی گۆڕانی گەورە. 🔹حزبە كوردیە دەسەڵاتدارەكان كۆمەڵگەی كوردییان بەشێوەیەكی گەورە بێئومێكرد, بەجۆرێك گەنجەكان بەرەو وڵاتانی خۆرئاوا هەڵدین بۆ گەڕان بەدوای دەرفەتێكی باشتردا. 🔹دەستگیركردنی ستەمكارانەی رۆژنامەنوسان و چالاكان, هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانی هەرێمی كوردستانی, توشی نائومێدی كردووە. 🔹وادەردەكەوێت, كوردەكان كە لەئێستادا بەشێوەیەكی بەرچاو پشتیان بە بەغداد بەستوە, خەریكە ببنە پارێزگایەك وەك هەرپارێزگایەكی تر لە عێراق, بەجۆرێك نائومێد بوون كە خۆشییەكانی راپرسیان لەیاد نەماوە. 🔹ئەگەر یەكێتی و پارتی شكستبهێنن لە دۆزینەوەی چارسەرێكی واقیعی بۆ ئەو قەیرانە, رەنگە بەغداد كە گروپە هاوپەیمانەكانی ئێران هەژموونیان كردووە بەسەریدا, هەست بەوەبكات كە توانای هەیە دانوستان بكات لەبارەی دۆخی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بۆ هەتا هەتایە.


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   ماوەیەکی دریژە بەشێکی گەورەی مامۆستایانی کوردستان ماندەگرن و پۆلی وانەگوتنەوەی قوتابخانەکانیان چۆڵکردوە، سەدان هەزار قوتابی رێگای چوون بۆ قوتابخانەیان لەبەردەمدا داخراوە. ئەوەی دەیبینین دۆخی نارازیبوون و تووڕەبوونی کەرتێکی گەورەی کۆمەڵگایە، بە رووی فەشەلی ئەو حوکمرانییەدا کە زیاد لە سی ساڵە ئەندامانی چەند خێزانێکی دیاریکراو بە خواست و ئارەزووی خۆیان، بەڕێوەی دەبەن. ئەوەی دەیبینین ئەو بەشەی توڕەبوون و ناڕازیزبوونی خەڵکە، کە دەسەڵتداران نەیانتوانیوە کۆنترۆڵ وقۆرخی بکەن. لە کوردستاندا هەم سیاسەت و هەم ئابوریی و هەم حیزب و هەم هێزە چەکدارەکان و هەم سەرجەمی ماشێنی بیرۆکراسیەت و کۆیی دەزگاکانی حوکمڕانیی، قۆرخکراون. ئەوەی تا ئە ساتە قۆرخنەکراوە، ئەو توانای توورەبوونە کۆمەڵایەتییەیە، کە جار نە جار لەسەر شەقامەکان دەیانبینین و خۆیان بەسەر هۆشیاریی و تواناکانی بیرکردنەوەماندا، دەسەپێنن میلەتانی ئەم ناوچەیە لە قۆناغێکدان دەژین ناتوانن لەبەر خاتری هیچ شتێک لە دەسەڵاتداران و حوکمڕانەکانیان بێدەنگبن، نە لەبەرخاتری نەتەوە و نیشتیمان، نە لەبەر خاتری ئاسایشی گشتیی، نە لەبەر خاتری دین و خودا و پێغەمبەرەکانی. ھەموو سنوورێک تێپەڕێندراوە و هێڵێکی سور نەماوە، نەبەزاندرابێت. دۆخێک دروستبووە خەڵک ناچارکراوە بەرگریی لە خالە هەرە سەرەتاییەکانی بوونی خۆی بکات، بەرگریی لە پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکانی، لەو لانیکەمەی کەرامەت کە ژیانی مرۆڤ لە ژیانی ئاژەڵەکان، جیادەکاتەوە. هەموو ئەمانە لە سەردەمێکدا تیایدا ئینسانی ئێمە گۆرانکاریی گەورەی بەسەرداهاتووە و دید و روانین و تێگەیشپنی بۆ خۆی و بۆ ئەو جیهانەی خراوەتە ناوییەوە، گۆڕاوە. بە بۆچونی من بەشێکی بەرچاوی ئینسانی ئێمە لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا چیتر ئینسانی خێڵ و بنەماڵە و حیزب و گوند و ناوچە داخراوەکەی خۆی نییە، بەڵکو مرۆڤێکە خاوەن «ژیانی تایبەتیی» خۆی، خاوەن حەز و خواست و ویستی تایبەت، ھاوکات چاوەروانیی تایبەتی هەم لە خۆی هەیە و هەم لەو کۆمەڵگایەش لەناویدا دەژیی. مەرجی بۆ ژیانی خۆی و بۆ ئەو پەیوەندییانەش هەیە کە لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا دروستیاندەکات.  بە کورتییەکەی، لە دونیای ئێمەدا جۆرێک لە «تاکەکەس» لەدایکبووە کە دەیەوێت وەک تاکەکەس بژیی و وەک تاکەکەس مامەڵەبکرێت. لە رووی مێژوویشەوە لەدایکبوونی تاکەکەسیش هاوشانە بە لەدایکبوونی ماف، بە دەستەبەرکردنی لانی هەر کەمی ئازادیی و رێزگرتن لە هەڵبژاردن و ئیرادەی سەربەخۆ. بەبۆچونی من مێژووی ئایندەی ئێمە، ئایندەی کورت، چەند دەیەی داهاتوو، مێژووی ئامادەگیی سەختی ئەم تاکەکەسە دەبێت، مێژووی بەرگریکردنی ئەم تاکەکەسە لە ژیانی تایبەت و شەخسیی خۆی، لە ویست و خەون و مافەکانی، دژ بەو ژیانە گشتییە قۆرخکراوەی لە ئێساتدا هەموومان ساتەوەختە تاریکەکانی دەژین و دەبینین. ئەو ژیانە گشتییەی جارێک دین لەناو شوناشێکی بە موتڵەقکراو و جارێک نادین کۆی دەرکەوتە سەرەکییەکانی، قۆرخکردوە. ئێمە لەبەردەم لەدایکبوونی جۆرێک مرۆڤداین تەنها ئینتیمای بۆ دین و نەتەوە و نیشتیمان نییە، نایەوێت تەنها بە سیاسەت و خێری سیاسییەکان بژیی، تەنها بارەگای حیزبەکان و مزگەوتەکان نابینێت. ئێمە لەبەردەم مرۆڤێکداین ئینتیمای بۆ خودی خۆیشی هەیە، خواست و ویست و ئارەزووەکانی خۆیشی دەناسێت و دەنرخێنێت، بە تەنگ خەیاڵ و خەون و زمان و تواناکانی خۆشیەوەیەتی. کەسێک لەدایکبووە، بەبێئەوەی بکەوێتە ناو بیماریی نارسیزم و خودپەرستییەکی ناساغەوە، خەم لە ژیانی تایبەتی خۆی دەخوات و دەیەوێت خاوەنی ماف و رێز و کەرامەت بێت. هەرشتێک لەبەردەم دروستبوون و گەشەکردن و بەهێزبوونی ئەم ئینتیما شەخسیی و خودییەدا بوەستێت، هەر هێزێک ڕێگربێت لەبەردەم ئەم کردە و سیاسەتە تایبەتەی خودسازیدا، وەک تاوانبار دەبینێت.  گرنگ نییە ئەو رێگرە بەناوی چییەوە قسەدەکات، بەناوی خوداوە یان بەناوی نیشتیمانەوە، بەناوی دینەوە یان بەناوی نەتەوەوە، بەناوی خەباتی خێزان و بنەمالەی سیاسییەوە یان بەناوی بەڵێن و مژدەی درۆزنانەی هەمەجۆرەوە، ئەوەی گرنگە ئەو رێگرانە رێگرن، رێگرن لەبەردەم ئەوەدا ئەم مرۆڤە چۆن خۆی  خۆیدروستبکات و چۆن خۆی  خۆیدابهێنێت، چۆن خۆی ژیانی خۆی بنووسێتەوە و چۆن خۆیشی شێوەیەکی تایبەتی پێببەخشێت.   ئینتیما بۆ خود ئەو شێوازەیە لە ئینتیما کە لە دونیای ئێمەدا لەدایکبووە، ئینتیمایەکی تازەیە و لە قۆناغێکی هێچگار سەختی مێژووی ئێمەشدا لەدایکبووە. قۆناغێک لەسەرێکەوە هێزە سیاسیی و سەربازیی و دینییە مۆنۆپۆڵخوازەکان خەونی مۆنۆپۆڵکردنی هەمووشتێکیان هەیە، لەسەرێکی دیکەوە گوتارێکی بەهێزی خودنەفرەتیی لە ئارادایە و کاردەکات، کە سەرجەمی دەرکەوتەکانی مێژووی ئەم مرۆڤە و سەرجەم خەوان چاوەروانییەکانی وەک گەمژەیی و خورافەت و نەزانیی، سەیردەکاتو دەنرخێنێت . ئەم ئینتیما تازەیە رووی بەسەرجەمی ئینتیما و شوناس و گوتارە خۆسەپێن و چەپێنەرەکاندا دەتەقێتەوە، رێگای تر بۆ تەعبیرکردن لە خۆی و لە خواست و خەونەکانی دەدۆزێتەوە. ئەم تازەبوونەوەیەی ئینتیما، ئەم ئینتیمایە بۆ خود، کۆتایی بە فۆرمەکانی تری ئینتیما ناهێنێت، بەڵکو شێوازیتازە بۆ ئەوانیش ئەدۆزێتەوە، ئینتیما تەقلیدییەکانیش تازەدەکاتەوە. بۆ نموونە، داوای تێگەیشتنی نوێ بۆ شێوازەکانی تری ئینتیما و داوای تێگەیشتنی تازە لە ماناکانی نەتەوە و نیشتیمان و گەل و دەوڵەت و دین و حوکمرانیی، دەکات. تێگەیشتنێک دەتوانێت، لانیکەم، لە ئاستی فیکریدا، ئەم زەلکاوە بۆگەنەی ئێستا وشکبکاتەوە و کۆتایی بە بەشی هەرەزۆری دەرکەوت و بیمارییە ترسناکەکانی، بهێنێت. پێناسەکردنەوەی نەتەوە و نیشتیمان و دین و خودا و دەزگاکانی حوکمڕانیی بەشێکی سەرەکیی کاری ئەم تاکەکەسە نوێیە دەبێت. لەمەشدا وەک ووتم رووی بە سەرجەمی بونیادە گەورەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا دەتەقێتەوە. بێگومان من ناڵێم ئەم تاکەکەسە تازەیە ئەم جەنگە دەباتەوە، بەڵام ئەم شێوازە لە بەریەککەوتن و ململانێ، دەبنە ئاکاری ئەو مێژووە نزیکەی لە بەردەمماندایە. کەسێک  لەدایکدەبێت  نایەوێتنەتەوە وەک گشتێکی لێکچووی کۆپیکراو ببینێت، بەڵکو وەک کۆی ژمارەیەکی گەورە لە تاکەکەسی ئازاد و خاوەن ئیرادە وێنایدەکات.  کەسێکی وا رووی بەسەرجەمی ئەو هێز و کەسانەدا دەتەقێتەوە کە پێناسێکی هولامیی بۆ نەتەوە دەکەن و نەتەوە وەک قەرەباڵغیەکی بێکاراکتەری سەرلەقێن، وێنادەکەن. کەسێک دین وەک ئینتیمای خودێکی ئازاد بۆ موقەدەسێکی ئاسمانی ببینێت، رووی بە رووی هەموو ئەو بانگخواز و پارت و دەزگا و کەسایەتییە دینیانەدا دەتەقێتەوە کە لە هەوڵی قۆرخکردنی ماناکانی دین و قۆرخکردنی قسەکردندان، بەناوی دین و موقەدەس و خوداوە. دەسەڵتدارێتی، هەموو دەسەڵاتدارییەتییەک، پێویستە سێ ئاکاری سەرەکیی تێدابێت. یەکەمیان، دەسەڵاتدارییەکی چالاک و کردەیی بێت. دووهەمیان، دەسەڵاتدارییەکی کاتی بێت و نەهاتبێت بۆئەوەی بۆ هەتاهەتاییە بمێنێتەوە، سێهەمیان، پێویستە دەسەڵاتداریەتییەکی سنوورداربێت و چەندەها حەرامی نیشتیمانیی و ئینسانیی و یاسایی و مەدەنیی هەبێت نەتوانێت بیانبەزێنێت. لە دۆخی کۆمەڵگای ئێمەدا، دەشێت، بەبۆجونی من، خاڵی چوارهەمی بۆ زیادبکەین، کە پێویستە دەسەڵاتدارییەک بێت ئەگەری لەدایکبوون و گەشەکردن و بەهێزبوونی ئەم تاکەکەسە تازەیەی هەڵگرتبێت و تەواو بە کێشە و تەحەداکانی ئەم لەدایکبوونە، هۆشیاربێت.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand