Draw Media

پارتی كورسییەكەی خانەقین لە یەكێتیی دەسەنێت

پارتی كورسییەكەی خانەقین لە یەكێتیی دەسەنێت

2025-11-13 12:37:19


(درەو): 
پارتی كورسییەكەی خانەقینی لە یەكێتیی وەرگرتووە، ئەگەرێكی لاواز هەیە گۆڕانكاریی لە ئەنجامەكەدا رووبدات، سەرەتا هەفتەی ئایندە چارەنوسی كورسییەكە بەتەواوەتیی یەكلادەبێتەوە. 

وا دەردەكەوێ ئەنجامی هەڵبژاردن لە پارێزگای دیالە بەدیاریكراویش لە شاری (خانەقین) گۆڕانكارییەكی بێ پێشینەی بەخۆوە بینیوە. بەرپرسانی پارتی باسلەوە دەكەن، پارتی توانیویەتی لەم هەڵبژاردنەدا بۆ جاری یەكەم لە قەزای خانەقین تاكە كوردسییەكەی كورد لە یەكێتیی وەربگرێتەوە. 
لەماوەی 5 خولی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كورسییەكەی خانەقین بەردەوام لای یەكێتیی بووە. 
سایتی (شەفەق نیوز)ی نزیك لە پارتی لەزاری سەرچاوەكانییەوە رایگەیاند، پارتی بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەیەوە لەگەڵ لیستی (عەزم) لە دیالە، توانیویەتی ئەو كورسییەی خانەقین لە یەكێتیی وەربگرێت. 
"پەرتبوونی ناوخۆی ماڵی كوردو بەریەككەوتنی حزبە شیعەو سوننەكانی هاوپەیمانی یەكێتیی هەموو هۆكار بوون بۆ پاشەكشێی بەرچاوی یەكێتیی، تا وای لێهاتووە كورسییە مێژووییەكەی خۆی لەدەستبدات كە لە 2003وە پارێزگاری لێكردبوو" سایتەكە ئەمە بە هۆكارێكی تری لەدەستدانی كورسییەكەی یەكێتیی لە خانەقین لێكدەداتەوە. 
لەپاڵ ئەو هۆكارانە، باسلەوەشدەكات، یەكێتیی لە ساڵانی رابردوودا شكستی هێناوە لە پارێزگاریكردن لە بنكەی جەماوەریی خۆی لە خانەقین، ئەمەش بەهۆی كاندیدكردنی كەسانێكەوە كە نوێنەرایەتی باری دەروونی گشتیی پێكهاتەی كوردیان نەكردووە لە قەزاكەدا، ئەمە جگە لە زۆری كاندیدەكان و لاوازیی ئامادەگی جەماوەرییان، كە بووەتە هۆی دابەشبوونی دەنگەكان و لەدەستدانی دەرفەتی بردنەوەی كورسی. 
لەلایەكی ترەوە، هەندێك لە چاودێران پێیانوایە حزبە شیعەكان بەرپرسن لەوەی كورسییەكەی خانەقین لەدەستبدرێت و بڕوات بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبڕوای ئەوان دەبوو حزبە شیعەكان رێكبكەون لەسەر كاندیدێكی تەوافوقی كە نوێنەرایەتی زۆرینەی دانیشتووانی كوردی شیعەی ناوچەكە بكات، كە ئەمەیان نەكردووە دەرگایان لەبەردەم پارتیدا كردوەتەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بكات لەسەر ئەو دابەشبوونەیان و ئەو پێشكەوتنە بێ وێنەیە بەدەستبهێنێت. 
هەندێكی تر دەڵێن پارتی سەركەوتوو بووە لە دانانی پلان و دیسپلینی ورد بۆ بنكەی هەڵبژاردنەكانی لە بەدیهێنانی ئەم سەركەوتنە چاوەڕواننەكراوە، سەرباری ئەوەی ژمارەی دەنگەكانی لە خانەقین 10 هەزار دەنگی تێنەپەڕاندووە، بەڵام ئەم ژمارەیە بەس بووە بۆ ئەوەی تاكە كورسییەكەی پەرلەمان لە خانەقین بباتەوە. 
عەلی كەریم بەرێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەكان لە دیالە بە (شەفەق نیوز)ی وتووە:" ئەو ئەنجامانەی راگەیەندراوی ئەنجامی بەرایین و وەكو ئەنجامی كۆتایی ئەژمار ناكرێن تا ئەوكاتەی پەسەند نەكرێن،  گۆڕانكاری لە نەخشەی بردنەوەو دۆڕان ئەگەرێكی لاوازە، بەڵام دەشكرێت رووبدات، چونكە 6 وێستگە كە 1940 دەنگی دەنگدانی گشتی لەخۆدەگرێت هەروەها 299 دەنگی دەنگدانی تایبەت بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە تائێستا ئەنجامەكانیان رەوانەی ناوەندی نیشتمانی نەكراوە. 
"ئەنجانی دەنگدانی ئەو وێستگانە سەرەتای هەفتەی ئایندە رەوانە دەكرێن و ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلادەبێتەوە".
بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن كە دوێنێ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، لە پارێزگای دیالە رێكخراوی (بەدر) لە پلەی یەكەمدایە، حزبی تەقەدومی محەمەج حەلبوسی دووەم و، هاوپەیمانی (سیادە) سێیەمە. پارتی دیموكراتی كوردستانیش كاندیدی خۆی لەناو لیستی (عەزم) داناوە، كاندیدێكی بەناوی (نازك ئەحمەد) كورسییەكەی خانەقینی بۆ خۆی بردووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand