زەبەنگ بەهادین لە ساڵی 2017 دا بارزانی باوک بێ وەرگرتنی رەزامەندی ووڵاتانی هاوپەیمانان و بەرەنگار بوونەوەی ووڵاتانی دراوسێ تاکڕەوانە ریفراندۆمی ئەنجامدا ، هەموانیش بینیمان ئەنجامەکەی لەدەست دانی بەشێکی زۆری خاکی کوردوستان بوو کە بە خوێنی رۆڵەکانی کورد ئازاد کرابوو ، لە هەمان کاتدا زویر بوونی ئەو وولاتانەی پێش ئەو بەروارە پشتگیری کوردیان دەکرد ، ئەمەش سەرەنجامی بڕیاری تاکە کەسی و بێ بەرنامەی و گوێ نەگرتن بۆ شارەزایانی سیاسی لە ناوچەکەدا بە تایبەت ئەمریکیەکان، لەپاش ئەو شکستە گەورەیە بارزانی برازا توانی کەمێک لە هاوکێشەکان ڕاست بکاتەوە بەلام دوای داڕمانێکی زۆری ماڵی کورد. لە ئێستادا هەمان سینارێو دووبارە دەبێتەوە بەلام بە بەرگێکی جیاوازەوە کە هاوتەریبە بە بابەتی ریفراندۆم ، زیندانی کردنی چالاکوانی سیاسی و رۆژنامەنووسان لە بادینان چۆتەوە قاڵبی ریفراندۆمەکەی بارزانی لە ڕووی بەدەنگەوە هاتنی وولاتانی زلهێز و بەرز بوونەوەی دەنگی شەقامی کوردی لە بەرپەرچدانەوە و و رەتکردنەوەی کۆتا بڕیاری دادگا، لە سەرەتای زیندانی کردنی چالاکوانانی بادینان سەرۆکی حکومەت لە کۆنگرەیەکی میدیای دا تایبەت بە پرسی بودجە و مووچە کۆمەلی تۆمەتی درکان لەسەر چالاکوانە زیندانی کراوەکان وەک ئەوەی بڕیاری کۆتای دادگای درابێت ، لەو کاتەدا تۆمەتەکانی ئاراستەی چالاکوانانی سیاسی بادینان کرا شێواندنی دۆخی ناوخۆی هەرێم و پلان دانان بۆ کاری تیرۆریستی دژی کونسوڵگەری و بارەگای و ولاتان بوو لە هەرێم لەگەل کۆمەلێ تۆمەتی دی، ئەمە لە کاتێکدا بوو زیندانی کراوان نەچووبوونە بەر دەم دادگا، سەرەنجام دادگا بڕیاری زیندانی بۆ چالاکوانان دەرکرد بە تۆمەتێک کە هەر یەک لە کونسوڵگەری ئەمریکاو و ئەلمانیاش تاوانبار دەبن لەگەل ئەماندا بە پێی بڕیاری دادگا ، تا ئێرە بابەتەکە یاساییە و جێی دەهێلین بۆ شارەزایانی بواری یاسای. ئەوی ئێستا بابەتی زیندانیانی بادینان هاوتەریب دەکات بە ریفراندۆمەکەی بارزانی ئەو هەموو دەنگە نارازیەیە کە داوای ئازادکردنی ئەو چالاکوانانە دەکات، لە پاڵ ئەمەشدا هەر یەک لە کونسولگەری ئەمریکی و بەریتانی و ئەلمانی و کەنەدی تەنانەت ئەوروپاش داوای پێداچونەوە بە بڕیارەکەی دادگا دەکەن و داوای ئازادی رۆژنامەگەری دەکەن لە کوردوستان، لەگەل ئەم هەموو دەنگە ناڕازییە بەلام بارزانی کوڕ گوێ ناگرێت و لەسەر بڕیارە سەرەتای یەکەی سوور دەبێت، رەنگە ڕواڵەتی بابەتی ریفراندۆم و زیندانیان بادینان جیاواز بن بەلام لە سەرەنجام هەردوکیان هەمان رەنگدانەوەی خراپیان دەبێت بۆ سەر ئەزمونی هەرێمی کوردوستان، بە دڵنیای ئەگەر ئەو بڕیارە پێداچوونەوەی پێدا نەکرێت ئەنجامی نەرێنی زۆری دەبێت لە داهاتودا. وەک چۆن بارزانی برازا توانی دوای ریفراندۆم کەمێک لاسەنگی هاوکێشە کانی دوای ریفراندۆم رێکبخاتەوە ئێستاش بە هەمان شێوە هەمان فرسەت لە بەردەم سەرۆکی هەرێمە کە بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی زیندانیانی چالاکوانە کانی بادینان ئازاد بکات و دەرگای ئاشتەوای بکاتەوە بۆ جارێکی دی، بۆ رازیکردنی شەقامی کوردی و نیشاندانی وێنەیەکی جوان بە ولاتان تاکە رێگا ئازایەتی و بڕیاری دروستە لە لایەن بارزانی برازا کە لە ئێستادا سەرۆکی هەرێمە و دەسەلاتی ئەو لێبوردنەی هەیە. ،
ساڵح ژاژڵەیی پەڕلەمانی كوردستان لە دانیشتنی نا یاسایی ژمارە (1 ) ڕۆژی 6/1/2021 بە دەركردنی یاسای ژمارە (1) ساڵی 2021 خۆی خستۆتە هەڵەیەكی زۆر گەورەو پڕمەترسیدارەوە . بە پێی ئەو یاسایە شەرعیەت دراوە بە تاڵان فرۆشی موڵك ماڵی دەولەت لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بەدەر لە هەموو ڕێنمایە یاسییەكان . بەڵام بە پێیی یاسا موڵك و ماڵی دەوڵەت تەنها بە بڕیاری دەسەڵاتی تایبەتمەند لە كاتی هاتنەدی بەرژەوەندی گشتی دەفرۆشرێت یان بەكرێ دەدرێت بە مەرجێك لە بڕیارەكەدا جۆر و خەسڵەت وبڕی ئەو موڵك و ماڵە دیاری بكرێت كەبۆ فرۆشتن یان بە كرێدان دیاری بكرێت . خۆ ئەگەر بڕیاری فرۆشتن یان بە كرێدان درا دەبێت : سەرەتا لیژنەی خەمڵاندنی بۆ پێك بهێنرێت و ئیعلان بۆ فرۆشتن و بەكرێدانی موڵكو ماڵی دەوڵەت بكرێت بۆ ئەوەی خەڵك شانسی ئەوەی هەبێت بەشداری كێ بڕكێكە بكەن . بەڵام كارەساتەكەو هەڵە گەورەكە ئەوەیە كە لە مادەی (34) بەشی دووەمی یاساكە بەدەق هاتوەو دەڵێت ( ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە لە كاتی پێویست بڕیار بدات بە فرۆشتنی موڵك و ماڵە گوازراوەو نەگوازراوەكانی دەوڵەت یان بەكرێدانیان بەدەر لەوڕێكارانەی لەم یاسایەدا دەقیان لەسەر كراوە . واتە لە ئێستادا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی دەتوانن ڕێك بكەون و هەرچی ئەرزو ئاوی ئەم وڵاتە هەیە بیفرۆشن و كەسیش بۆی نابێت نقەی لێوەبێت چونكە لە پەڕلەمانەوە شەرعیەتیان پێدراوە . بۆ ئاگاداری هەموو لایەك ئەم یاسا نوێیەی پەڕلەمانی كوردستان دەری كردوە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ یاسا كۆنەكەی ژمارە ( 32)ساڵی 1986 سەردەمی حوكمی بەعس تەنها زیادكردنی دەسەڵاتە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران . هەر لەبەر ئەوەشە ناوی هەموار كردنی یاسای ( 32) لێ نەنراوە و بەیاسایەكی نوێ دەركراوە !!. جەماوەری خەڵك كوردستان ، ڕۆشنبیران ، خەمخۆرانی ئەم وڵاتە هەمومان ئاگادارین و باش ئاگاداری بارۆدۆخی هەرێمی كوردستانین . ئەوەتا بەئاشكراو بە بەرچاوی هەمومانەوە سامانی ئەم وڵاتە لە لایەن جۆت دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی ، كۆی سامانی ئەم وڵاتە بە تاڵان دەبەن و بە بەهانەی نەبونی پارەوە موچەكانمان بۆپاشەكەوت دەكەن و ئێستاش بە لێبڕینەوە موچەی هاوڵاتیان دەدەن ، لە كاتێكدا تەنها داهاتی نەوت زۆر زیاترە لە كۆی موچەی موچە خۆران . لە كاتێكدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی ڕەهایان نییەو بە پێیی یاسا بۆیان نییە هیچ بڕێارێك بدەن بۆ فرۆشتنی موڵكو ماڵی دەوڵەت بە دەر لە ڕێنماییە یاساییەكات ، هەرچی زەوی باش هەی بە ئارەزوی خۆیان دەستی بەسەردا دەگرن و بەناوی كۆمپانیای وەهمیەوە بۆ خۆیانی دەبەن هەرچەندە خەڵك هاوار دەكات و بەشێك لە ئەندام پەڕلەمانەكانیش بەدوادا چون بۆ ئەوە دەكەن ، بەڵام كەس نییە وەڵام بداتەوەو گوێ بەقسەی كەسیش نادەن ، چونكە ببڕو بكوژ هەر خۆیانن . ئەی كەواتە لێرە بەدواوە دەبێ چی بكەن كە سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان بە یاسا دەسەڵاتی پێدابن بە ئارەزوی خۆیان موڵك و ماڵی دەوڵەت بەدەر لە ڕێنماییەكان بفرۆشن یان بۆخۆیانی ببەن . لێرە بە دواوە یەكێتی لە سنوری خۆیی و پارتیش لە سنووری خۆی بێترس ئەوەشی ماوە حەپەلوشی دەكەن . ئەگەر 200 دۆنم زەوی بە یەك دیناری قەڵب بفرۆشن یان بیدەن بە كۆمپانیاكانی نزیك لە خۆیان ، كەس ناتوانێت پرسینەوەیان لەگەڵ بكات ، چونكە پەڕلەمانەكەی بەناو نوێنەری هاوڵاتیان دەسەڵاتی ڕەهای پێ داون . ئەم یاسا تازەیە لە 18 ی ئەم مانگەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و دوو مانگ بەسەر دەركردنێدا تێدەپەڕێت . ئەگەر بە نمونە شاری سلێمانی بهێنمەوە هێشتا ئەم یاسایە نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە دەبینی هەرچی زەوی باش و بەنرخ هەیە دەستی بەسەر دا گیراو ئەوەتا ئێستا كار گەیشتۆتە باسی فرۆشتنی قوتابخانەكان و فرۆشتنی خەستەخانەی فێركاری و بینای مەحكەمەی كۆن دەكرێت بە كەرتی تایبەت تەنانەت لە هەندێ شوێن ئەو زەویانەی بۆ باخچەش دیاری كراون ، دەستیان بەسەردا گیراوە . بەنزینخانەی چاڵەكە نزیك دادگای سلێمانی دوڕیانی سەرچنار بڕیار وابو بكرێـە باخچە بۆ جوانكردنی شارەكە ، ئەوەتا خەریكن تاوەری نیشتەجێبونی لێدروست دەكەن . بە سەدان پارچە زەوی بەبێ ئیفڕاز هەوایی دابەش كراون. لە ڕاپۆرتێكی تایبەتدا باسی زیادەڕەویەكانی ناو شاری سلێمانی دەكەم و گومانیشم نییە ئەوەی لە سنووری پارتی كراوەو دەكرێـت دوو ئەوەندەی سنووری یەكێتییە ، بۆ داهاتوش خوا ڕوحم بە هەمومان بكات و ئەگەر بێدەنگ بین خۆشمان دەفرۆشن . داواكارم لە هەموو لایەك بە زوترین كات بێنە دەنگ و داوابكەن مادەی ( 34) لەیاساكە لابەرن كە بە پێی ئەو مادەیە دەسەڵاتی ڕەها دراوە بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاڵان فرۆشی مومتەلەكاتی حكومەت بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەڵوەشێنرێـتەوە . ئەگەر خەڵك بێدەنگ بێت ، دواجار كەسیش حەقی گلەیی نابێت و مانای وایە هەموان ڕازین بە براگەورەیی ئەوانە . دڵنیاتان دەكەمەوە زوربەی ئەندام پەڕلەمانەكان خۆشیان ئاگاداری مەترسی دەركردنی ئەم یاسایەنین و ڕەنگە دەركیان پێ نەكردبێت و كڵاویان چوبێتەسەر . پرسیار ئەوەیە ئەگەر بڵێین ئەندامانی پەڕلەمانی پارتی و یەكێتی بە زۆرینەش ئەویاسایەنەیان تێپەڕاندبێت بۆ بەرژەوەندی حیزبەكەیان ، ئەی ئەندامانی پەڕلەمانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتو و نەوەی نوێ بۆچی هیچ كاردانەوەیە كیان نەبوەو بێدەنگ بون . ئەی باشە ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی بەردەوام بەدوای زیادەڕەویەكانەوەن و ڕاپۆت دەنوسن ، بۆچی نەهاتنە دەنگ ؟. ئەوە بەڵگەی ئەوەیە كە زوربەی ئەندام پەڕلەمانەكان ئاگاداری مەترسی ئەو بڕیارە نەبون كە خۆیان دەستیان هەبوە لە دەركردنی . یان ئاگادار بون و گوێرایەڵی حیزبەكانی خۆیان كردوە . ئەوەی زۆر گرنگەو شایانی باسە لێرەدا ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە : ئایا ئەم یاسایەی پەڕلەمان دەری كردوە بە حوكمی زۆرینەو كەمێنە پەسندكراوە ، یان بەسەریاندا تێ پەڕیوە ؟ ئەگەر بە حوكمی زۆرینەو كەمینە پەسند كرابێت ، ئەوە كارەساتێكی زۆر گەورەیە . ئەگەر بەسەریاندا تێپەڕیبێت ئەوە كارە ساتەكە زۆر گەورەتر و ترسناكترە . ئەوەی ماوەتە بیڵێم ئاماژە كردنە بە قسەی برای خۆشەویستم كاك ئەبوبەكر هەڵەدنی كە خۆشی هەر ئەندام پەڕلەمانە كە باسی نۆبە گاڕان و پەڕلەمانی كردبوو بەڕاستی نازانم دەقی قسەكەی چۆن بوەو بە بە هەڵە بە ناوی ئەوەوە قسە نەكەم ، بەڵام خۆم دەڵێم : تا ئەو كاتەی هەڵبژاردن و دیارێكردنی ئەندامانی پەڕلەمان بە پێی یاسای نۆبەگاڕانی گوندەكان بێت حاڵمان لەئێستا باشتر نابێـت و لێرەش بەدواوە سەد كەلاوە بە پۆلێك دەكڕیت . باهاوڵاتیان باش بیر بكەنەوەو كەمێك بێنەوە هۆش خۆیان كێیان كردۆتە نوێنەری خۆیان و لە داهاتوشدا دەبی َدەنگ بە كێ بدەن و وەكو دەڵێن ئەگەر ئەم جارە بە هەڵەیاندا بردم خوا بیانگرێت و حەقی منیان لێ بكاتەوە . خۆ ئەگەر جارێكی تر بە هەڵەیاندا بردم خوا خۆم بگرێت .
هیوا سەید سەلیم ئێمە لە هەرێمێک ژیان دەکەین پڕ لە رووداوی سەیرو سەمەرە، لە هەرێمی کوردستان ململانێی حزبی هەموو سنورێکی ئاسایی خۆی تێپەڕاندووە، لە یەکتر شکاندن بگرە، تا تۆمەت هەڵبەستن بۆیەکتری و تەنانەت پەنا بردنە بەر کارتی دووژمنان و نەیاران بۆ زەفەر بردن بە ئەویتر. بۆیە دەبێت هەموومان پێشبینی ئەوە بکەین تا دەگەینە رۆژی ١٠/١٠ /٢٠٢١، کە کاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، رۆژێک لە مانشێتی ماڵپەڕەکانی ئەو زۆنە بنووسرێت: " بەرپرسێکی ئەولا دەستی هەبووە لە کوشتنی جۆن کەندی سەرۆکی ئەمەریکا!!" جارێ بەبێ ئەوەی کەس لە راست ودرووستی هەواڵەکە وردببێتەوە، لایەنگرانی ئەو حزبە دێن وەک سەرچاوە راست هەواڵەکە وەرد دەگرن و بڵاوی دەکەنەوە، و کۆمێنتی خۆیان لەسەر دەنووسن، ئاخر ئەوە زانیاری ووردی حزبە!! پێویست بەوە ناکات کەس بپرسێت کە ئایا ئەو بەرپرسەی ئەولا کە تۆمەتەکەی خراوەتە پاڵ لە کاتی تیرۆری جۆن کەندی تەمەنی چەند بووە؟ تەنانەت بەلایانەوە گرنگ نیە کەسی تۆمتبار لە کاتی تیرۆری جۆن کەنەدی لە ژیاندابووە یان نا، گرنگ کەرستەی هەواڵەکەیە تا بازاڕی ململانێکەی پێ گەرم بکرێت. ئەمجارەیان رێک دوای ئەوە، لایەنی بەرامبەر دێت هەواڵێکی لەو شیوەیە لەسەر بەرپرسێکی زۆنی ئەوبەر دزە پێدەکات لە ماڵپەرەکەی نزیک لە خۆی دەنووسێت: " لە سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو کە ناوەکەی لای ئێمە پارێزراوە زانیومانە کە ئەو فڕۆکەیەی کە ئۆجالانی لە نەیرۆبی گواستۆتەوە بۆ تورکیا هی بەرپرسێکی باڵای حزبی ئەو بەرە!" ئیتر ئەمجارەیان پەیجەکانی ئەو بەر دەکەونە کار و ترش و خوێی هەواڵەکە دەکەن، یەک دەڵێت: "ئەو فڕۆکەیە بە پارەی دزراوی خەڵک کڕدراوە و خیانەتی پێدەکرێت" ئەویتر کۆمێنت دەنووسێت کە "زوو دەمانزانی گیرانی ئۆجالان بە پلانی ناوخۆیی ئەنجامدراوە" سەدان کۆمێنتی لەو شێوەیە. بەبێ ئەوەی کەس پرسیار بکات ئەرێ ساڵی ١٩٩٩ هیچ حزبێکی کوردستان فڕۆکەی هەبووە؟ بەڵام ئەو پرسیارە زۆر گرنگ نیە، چونکە ئەو سەرچاوەیەی ماڵپەڕە حزبیەکە پشتی پێ بەستووە هەرگیز هەواڵی ناڕاست بڵاوناکاتەوە، ئەمە قسەی موریدێکی حزبیە. وەرن سەیر بکەن لە وڵاتان کەرستەی بانگەشەی هەڵبژاردن بریتی دەبێت لە کارنامەی هەڵبژاردن و خزمەتەکانی ئەو لایەنانە کە پێشکەشی خەڵکیان کردووە. کەچی لێرە لە هەرێمی کوردستان دەبێت لە ئێستاوە چاوەڕوانی سەدان هەواڵی فەیک بین، کە لایەنەکان لە دژی یەکتری بڵاویدەکەنەوە، ئەویش بە هۆی ئەوەی لە کوردستان هیچ لایەنێک نەک لەسەر هەواڵی ناڕاست (فەیک) باج نادات، بگرە سەدان بەڵینی هەڵبژاردن جێبەجێ ناکرێت کەچی وەک ئەوەی هیچ رووینەدابێت. لە ئێستادا کە چوار مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەویش ئەگەر لە کاتی دیاریکراو ئەنجام بدرێت، دەبێت لەبەر شەڕی نادرووستی راگەیاندنی پارتی و یەکێتی، هەموومان دەستمان لەسەر دڵمان بێت، نەوەک ئەو شەڕە راگەیاندنە بگۆڕێت بۆ شەڕی چەکداری، چونکە ئێمە مارانگاز بووینە ناحەقمان نیە لە خشەی مار بترسین. دواجار دەڵێین نابێت شەڕی راگەیاندن و هەواڵە فەیکەکان، پرسە جدیەکانمان لەبیر ببەنەوە، چونکە خەڵکی کوردستان پێویستی بەوەیە کە لە سایەی ژیانێکی پڕ کەرامەت بژیت، نەک قوتی ژیان و ئازادی لێ زەوت بکرێت، و بەشەڕێک سەرقال بکرێت کە مەبەست لێی شاردنەوەی داوا ڕەواکانی خەڵکە، بەڵام وا بڕوات دەبێت چاوەڕوانی پێشهاتی سەیرتر بکەین.
سەلام عەبدوڵڵا دەستێوەردان ئەوە نییە مۆڵەت بدرێ بە دادگا و دادوەر بڕیاری سەربەخۆی بدات و بەپێی خاڵە یاساییەکان و لەبەر سێبەری یاسا بڕیارەکانی خۆی بدات. دادوەر کاتێک دەتوانێت بڕیار بدات کە چوارچێوە و شێوەیەکی تاوانەکەی لا دیار و ئاشکرا بێت و بەپێی بەڵگەکانی بەردەست بڕیار دەدات، بۆیە بۆ تانە لەو جۆرە بڕیارانە تەنیا دەبێ لەڕێی کەسانی شارەزا و پسپۆڕی یاسایییەوە بێت و ئەو دەقە یاسایییانە بەپێی یاسا رەت بکرێنەوە یان رەخنەیان لێبگیرێ. ئەوە کاری هەموو کەسێک نییە کە دەست بەرێت بۆ ئەو کارانەی کە پسپۆڕی دەوێت و کاری هەموو کەسێک نییە هەتا ئەگەر ئەو کەسە ئەندامی سەرکردایەتیی حزبێک یان سەرکردەیەکی سیاسیش بێت. لەراستیدا قسەکردنی کەسانی سیاسی و سەرەک فراکسیۆن و ئەندامی سەرکردایەتی لە مەڕ مەسەلەی دادگا و یاساکان ئەوە خۆی خودی دەستێوەردانە لە دادگا و یاسا. ئەوانەی سزادراون لە دادگایەکی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتان و UN و رۆژنامەنووسان دادگایی کراون و پارێزەری خۆشیان ئامادەی دادگا بووە و داکۆکیی یاسایی خۆی کردووە. دادگای بەرایی بڕیاری خۆی داوە بە زیندانیکردنی تۆمەتباران بە شەش ساڵ و پاشان رێچکەی ئوسولیی خۆی وەرگرتووە و لەدادگای پێداچوونەوەشدا ئەو سزایانە پشتڕاست کراونەتەوە و دانیان پێدا نراوە. بۆیە کێشەکە لەڕووی یاسایییەوە کۆتایی هاتووە، بەڵام دەستێوەردان ئەوەیە خەڵکانی ناپسپۆڕ و نەشارەزا و بۆ مەبەستی ئاژاوە و سواڵیی دەنگ تانە لە بڕیاری دادگا بدەن و وەک ناشرینکردنی هەرێم و دەزگا دەستوورییەکانی بەرانبەر جیهان بەکاری بهێنن، کە لەراستیدا ئەمە دەستێوەردانە نەک بڕیاری دادگا. گەر ئەوانەی بانگەشەی سەربەخۆییی دادگا و یاسا لە هەرێم دەکەن، دەبێ ئەوان خۆیان دەست لە چەواشەکاریی و ورووژاندنی خەڵک و لەکەدارکردنی هەرێم و دادگاکانی هەڵبگرن و چیدی جەماوەر بە لاڕێدا نەبەن و واز لە دادگا بهێنن با بڕیاری خۆی بەپێی یاسا بدات. لەکۆتاییدا دەڵێین: ئەو پێنج کەسە لەسەر فەرمانی دادگای لێکۆڵینەوەی دهۆک و بەپێی مادەی (156) لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە (21بۆ ساڵی2001) دەستگیر کرابوون. ئەم یاسایەش لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەموار کراوە و جێبەجێ دەکرێت و هەر بەم یاسایەش حوکم دراون.
د.هۆگر عومەر ماوەیەکە کۆمەڵێک میدیای ناوخۆی هەرێمی کوردستان بابەتێکی یاهو نیوزیان گەورە کردووە و خەڵکێکی زۆریان بە خۆیانەوە مەشغوڵ کردووە. ئەمە یەکەم جار نیە بابەتی کەم بایەخی لەم شێوازە گەورە دەکرێت و فوو بە نووسەرەکەیدا دەکرێت، بۆیە ویستم لەسەر ئەم بابەتە کەمێک بوەستین و ورد و دروستی ئەم ڕاپۆرتە ئاشکرا بکەین. نوسەری سەرەکی بابەتەکە کەسێکە بە ناوی جاک مۆرفی لەگەڵ کەسێکی نەناسراوی تر بە ناوی زاک دۆرفمان. جاک گەنجێکی ئەمریکیەو تەنها شەهادەی بەکالۆرێۆسی هەیە و لە ٢٠١٩ وە خۆی بە ڕۆژنامەوان ناساندوەو بەهیچ شێوەیەک لە هیچ دەزگایەکی ڕەگەیاندنی باوەڕپێکراودا بابەتی بڵاونەکردوەتەوە. جال دۆرفی پێشتر لەسوپای ئەمریکادا وەکو سەربازێکی ئاسای کاری کردوەو تەنها لە سوپادا وەکو قەناس بەدەست ئیشی کردوەو لە ساڵی ٢٠١٠ وە لە سوپادا نەماوە و لە هیچ شوێنێکی دیکەش بەرپرسیاریەتی نەبووە. لە ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٩ خۆی وەکو ڕۆماننوس و چیرۆکنووس ناساندوە لە کاتێکدا هیچ ڕۆمانێکی بڵاونەکردوەتەوە. زۆرجار ئەو کەسانەی کە لە سوپای ئەمریکا کاردەکەن تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی دەبنەوە و دوای ئەوەش کە دەسبەرداری کاری سەربازی ئەبن ڕێژەیەکی زۆریان بێکار ئەبن و ئەبن بە هۆملێس واتە ئەوانەی کەلەسەر کوچەو کۆڵانەکان دەمێننەوە، هەر لەبەر ئەمەش ڕێژەیەکی زۆریان تووشی ڕووداوی خۆکوشتن ئەبن. لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە کۆی ٦٣٠.٠٠٠ هۆملێسدا ٦٧،٠٠٠ ی ئەو ڕێژەیە ئەو سەربازانە بوون کە لە ڕیزی سوپای ئەمریکادا خزمەتیان کردبوو، وە لەهەر ڕۆژێکدا لە ئەمریکا ١٧ سەربازی پێشوو خۆیان دەکوژن کە دەکاتە نزیکەی ٦٢٠٠ کەس لە ساڵێکدا. جال مۆرفی پێشتر لە سوپای ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان کاری کردوەو دواتر کە دەستبەرداری سوپای ئەمریکا بووە وەکو هەر سەربازێکی تری ئاسای تووشی هەمان ئەو كێشانە بەووەتەوە. بۆیە زۆرجار بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان بابەتی فیکشن (ناڕاستی یان چیرۆکی دروستکراو) بۆ دەزگاکان دەنێرن لەبەرامبەر بڕە پارەیەکدا تاوەکو خوێنەری ئەو دەزگایانە زیاد بکات وە دووریش نیە لایەنێکی دیاریکراو وە بۆ مەبەستی دیاریکراو کەسانێکی لەو جۆرە بەکرێبگرێت بۆ دروستکردنی چیرۆکێک کەخزمەتی بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو بکات بە شێواندن و هەڵگەڕاندنەوەی ڕاستیەکان. سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە نوسەرەکە بە مەبەست یان بە نەزانی کۆمەڵێک هەڵەی ئەنجامداوە لە گرنگترینیان کاتێک باسی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستانی کردووە لینکی کردووە بەباتێکی ترەوە کە پۆڵاد تاڵەبانی بە سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان ناساندوە، لە کاتێکدا سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لای پارتی دیموکراتی کوردستانە و نوسەر بە هەڵە یان بە مەبەست ئەو کارەی کردوە. سەبارەت بە شێوازی کوشتن قاسم سلێمانی و ئەو لایەنانەی بەشداری هەڵمەتەکە بوون شتێکی شاراوە نیە و لە چەندین شوێن و میدیای باوەڕپێکراوی تردا ووردەکاریەکان بڵاوکراوەتەوە بەڵام هەرگیز ناوی هیچ لایەنێکی هەرێمی کوردستان نەهاتووە. ئەوەی ئاشکرایە کە چەندین هێزی تایبەتی ئەمریکا لەم کوشتنەدا بەشدار بوون بە هاوکاری لەگەڵ باڵێوزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کە چەندین مانگ پێشوەختە پلانی بۆ داڕێژراوە، هەموو ووردەکارییەکان و بەڵگەکان لە نیویۆرک تایمز و واشنتنپۆست دا باس کراوە و بەهیچ شێوەیەک باس لە دژەتیرۆری یەکێتی نەکراوە ، وە ئاشکراوە لای پسپۆرە ئەمریکەکان کە ئەم دوو ناوەندە میدیاییە بابەت و بلاوکراوەکانیان جێگەی بایەخ و برواپێکردنە ، بەپێچەوانەی یاهوو نیوز و نوسەری ناوبراو کە زۆرجار لە بەرامبەر برێک پارەدا ئامادەی هەموو جۆرە نوسینێکی نازانستی و بێبەڵگەن. ئەو نوسەرانەی کە لەبواری تیرۆر و دژە تیرۆر (تیرۆریزم و کاونتەر-تیرۆریزم) ئەنوسن و لێکۆڵینەوە ئەکەن لە ئەمریکادا بە گشتی کەسانی دیارن و نوسین و توێژینەوەکانیان جێگای بایەخی دەزگاو میدیا جیهانیەکانن بەڵام بە هیچ شیوەیەک کەسانی وەکو جاک مۆرفی هەرگیز نە لە ئەمریکا و نە لە دەرەی ئەمریکاش بەو پسپۆڕیەوە نەناسراون؛ چونکە لە ئێستادا بواری تیرۆریزم و کاونتەر-تیرۆریزم بوارێکی تایبەتە و لەزانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیە ئەمریکیەکاندا دەخوێنرێت. هەروەکو چۆن من لە زانکۆی جۆرجیا و لە سکوڵی سام نوون بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان بابەتی تیرۆریزمم بە ئەکادیمی خوێندوە و لە ژێر دەستی کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارەدا. بۆیە گرنگترین شت لە هەر بڵاوکراوەیەکدا ئەوەیە ئایا نوسەرەکەی تا چ ڕادەیەک نوسەرێکی باوەڕپێکراوە و وە تا چ ڕادەیەک جێگای بایەخی ناوەندە زانستیەکانە. ئەو دەزگایەی کە جاک مۆرفی ئەو نوسینەی تێدا بڵاوکردوەتەوە یاهو نیوزە، کە بە هیچ شیوەیەک دەزگایەکی میدیای باوەڕپێکراو نیەو ئەو نوسینانەی کە لەو دەزگایەدا بڵاو دەکرێتەوە بە هیچ شێوەیەک نە جێگای باوەڕ و نەجێگای بایەخی ناوەند و لایەنە ئەکادیمی و زانستیەکانە. یاهو زیاتر ئەو بابەتانە بڵاو دەکاتەوە کە ئەبێتە جێگای تێڕامان و سەرنج و هۆشی خەڵک بۆ لای خۆی ڕادەکێشیت و خوێنەری زیاد دەکات، ئەو بابەتەش کە بڵاوکراوەتەوە لە یاهو بەسەرسوڕمانیەوە لە کوردستان بایەخێکی زۆری پێدرا و گەورە کرا سەرنجی خەڵکانێکی زۆری بە لای خۆیدا ڕاکێشیا لە کاتێکدا کە ئەبوایە پشتگوێ بخرێت و شتی لەو شێوازە گەورە نەکرێت، بەڵام بە داخەوە یاهو لەم بابەتەدا سەرکەوتوو بوو لەوەی کە سەرنجی خەڵکانێکی زۆری بە لای خۆیدا ڕاکێشا. ئەمە وایکرد تەنانەت دەزگای دژە تیرۆری یەکێتیش ڕاگەیاندراوی ڕەسمی بڵاوبکاتەوە وەڵامی ئەو بابەتە بداتەوە کە بە بۆچوونی من پێویستی بە ڕوونکردنەوە نەبوو، چونکە نە نوسەرەکە و نە ئەو دەزگایەیەشی کە نوسینەکەی تێدا بڵاو بوەتەوە شایانی وەلامدانەوە نەبوون. یاهو لە ئەمریکا بەوە ناسراوە کە ئەو نوسینانەی تێدا بڵاو ئەکرێتەوە لایەنگیریانەیە وە ئەو بابەتانەی کە تێیدا بڵاو دەکرێتەوە لەسەر بنەمای فاکت یاخود بەڵگە نیە و بەڵکو ڕاو بۆچوونی نوسەرە هەربۆیە لە هیچ دەزگا و ناوەندێکی ئەکادیمی ئەو بابەتانە جێگای بایەخ نیە کە لە یاهودا بڵاو دەکرێنەوە. هەربۆیە دەتوانین بڵێین راپۆرتەکەی یاهوو نیوز و جاک مۆرفی بە تەواوی دوورە لە راستییە و پێچەوانەی ئەو بەڵگانەیە کە لە نیویۆرک تایمز و واشنتنپۆستدا هاتووە و ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێ کە نوسەر و سایتی ناوبراو بە بەرامبەر ئەم راپۆرتەیان نوسیووە. * شارەزای ئاسایشی نێودەوڵەتی و لێکۆڵەری بواری تیرۆریزم لە ئەمریکا
د. سەردار عەزیز وەها دیارە لە هەموو گەڕێکی پەرلەمانیدا، پرسی تێپەڕاندنی دەستور دەوروژێنرێت. دەستور وەها دەبینرێت کە یەکێک بێت لە پایەکانی حوکمڕانی. ئەم بێرە و بردەیە، کۆمەڵێک کاریگەریی هەیە، کە لە ئەنجامدا چیرۆکێک و بڕێکی زۆر لە تەمومژ و لێڵی لە دەوری چەمک و پرۆسەی دەستور دروست دەکات. کاتێک هەر پرسێک دێتە نێو کایەی گشتییەوە و مشتومڕی لە سەر دەکرێت، یان ئەوەیە زیاتر لە دۆخی سروشتی خۆی گەورە دەکرێت یان بێکەڵک دەکرێت. لە هەردوو دۆخەکەدا دۆخی ڕاستەقینەی پرسەکە وون دەبێت. دەستور دەکرێت چەندین مێژوی هەبێت، مێژوی کۆن، لە حەمورابییەوە، هەروەها مێژوی نوێ، لە مەگناکارتاوە، یان مێژوی زۆر نوێ لە پاش مۆدێلی ئەمریکییەوە. لە گەڵ بە ئەمریکاییبونی دونیا، دەستور وەک بەشێک لە پرۆسەی بە ئەمریکایی بون یان سەپاندنی سیستەمی لیبرال بە دونیادا بڵاوبوەوە. بۆیە چەمکی دەستورگەرێتی، یان کۆنستیتیوشنالیزم، هەمیشە وابەستەیە بە چەمکی حکومەتی بچوک، یان حکومەتی ناچاریی. بەو مانایە حکومەت دەبێت کاتێک هەبێت کە ناچارییە، ئەگینا دەبێت خۆی بە دوور بگرێت لە ژیان و ژیاری کەسەکان. جۆرێک لە لێزییە فێر laissez faire زۆر بە سادەیی دەستور دەقێکە کە تیایدا خەڵکانێک، لە جێگایەکی تایبەتدا، جاڕی خۆیان دەدەن کە کێن و چۆن دەیانەوێت حوکمی خۆیان بکەن و چی ڕێگەپێدراوەو و چی ڕێگە پێنەدراوە هەروەها چۆنێتی میکانیزمی بەڕێوەچونی دەستورەکە. زۆربەی زۆری دەستورەکانی دونیا قۆپییەن، یان لە یەکترەوە وەرگیراون. بۆیە لە سەردەمی نوێدا دەستور هەمیشە بە چاپ و بڵاوکردنەوە وە بەستراوەتەوە. هەرئەمەشە کە زۆربەی زۆری دەستورەکانی دونیا ئازادی ڕا دەربڕینیان تیادایە، لە کاتێکدا ئازادییەکانی تر هێندە بەرجەستە نین. بۆ ئەوەی دیدێکی واقیعیمان هەبێت دەبێت تەماشای مێژوی جیهانی ئەم دیاردەیە بکەین و زۆر واقیعییانە لێی بنوارین. بۆ مێژونوسێکی دیاری وەک لیندا کولی گەشەی دەستور ڕاستەوخۆ وابەستەیە بە جەنگەوە. وەک چۆن چارلس تیللی دەڵێت شەڕ دەوڵەت دروست دەکات و دەوڵەت شەڕ دەکات، لیندا کۆلیش لە کتێبی، چەک و کەشتی و پێنوسدا، ئارگومێنتی ئەوە دەهێنێتەوە کە شەڕ پاڵنەری هەرە سەرەکی دەستور بوە لە دونیادا Linda Colley THE GUN, THE SHIP, AND THE PEN: Warfare, Constitutions, and the Making of the Modern World بەم پێیە دەستور بریتی نەبوە لە خواستی گشتی و بەشێک نەبوە لە پرۆسەی دیموکراسی، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە شەڕ و مۆدێرنەوە. دەوڵەت لە ڕێگای دەستورەوە ناوەو دەرەوەی خۆی ڕێکدەخات. ئەگەر بە زمانی مۆدرێنە قسەبکەین دەستور پرۆسەی سنورڕێژییە. مەبەستمان لە پرۆسەی سنورڕێژیی ئەوەیە کە سنوری دەسەڵاتەکان دیاری دەکرێت، چۆنێتی پەیوەندییان دادەڕێژرێت، ئازادییەکان و مافەکان دیاری دەکرێن. هەمیشە هەندێک ماف و ئازادی وەلا دەخرێن. لە ئەنجامدا دەستور تەنها یەک لایەنە نیە: ببەخشێت یان ڕێگە بدات بەڵکو لە هەمانکاتدا دەکرێت ڕێگر بێت. بە گشتی دەستور ئامرازێکی تەکنەلۆجیای دەسەڵاتە، کە بنەمایەک دادەڕێژێت بۆ ئەوەی سیستەمی یاسایی لە هەناو کۆمەڵگادا بەڕێوەبچێت. لە هەمانکاتدا لە سایەیدا ڕۆژانە لە ئاساتە جیاوازەکاندا یاسا بەرهەم بێت. بۆیە دەستور چەندێکی نوسراوە، هەمیشە بڕی زۆری بە نەنوسراو دەمێنێتەوە. لێرەدا نەنوسراو مەبەستمان لە ئەو فۆرمیولەیە کە لە سیستەمی بەریتانیدا هەیە، کە لە سەر بنەمای پێشینەیی بەردەوام یاسا بەرهەمدێت. سادەترین ڕاستی لە ئەمەوە هەڵینجێنین ئەوەیە کە دەستور جێگای هەموو شتێکی تیادانابێتەوە و بەردەوام بە ئەبستراکت و ناڕون دەمێنێتەوە. لێرەدا بە تایبەت قسە لە سەر دەستور بە کوردی دەکەم. دەقی پرۆژەی دەستوری هەرێم، سەرەتا موکەڕەم تاڵەبانی بە زمانی عەرەبی نوسیویەتی و پاشان وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی. ئەمە لاوازییەکی گەورەیە. دەقی وەرگێڕدراو هەمیشە وابەستەی دونیابینی دەقی سەرەکییە، هەرگیز سەربەخۆیی خۆی بەدەست ناهێنێت. دیارە یاسا خوێندن و پیادەکردنی یاسا لە کوردستان بە عەرەبییە، بۆیە هەموو ئەوانەی لە سەر پرسی دەستور کاردەکەن زمانی کوردی بە باشی نازانن و ناتوانن بە کوردی یاساییانە بیربکەنەوە. دەتوانین بڵێین کە سەرتاپا ڕژێمی بیرکردنەوە کوردی نیە. (لێرەدا چەمکی ڕژێمی بیرکردنەوە فۆکۆییانە بەکاردەبەین، لە سەر هاوتای چەمکی ڕژێمی ڕاستی). زمانی کوردی زمانێکی ئێجگار دەوڵەمەندە، بەڵام وەک زۆر زمانەکانی تری ڕۆژهەڵات زمانی سیستەم نیە بەڵکو زمانی هەستە، بۆیە دەربڕینی هەست و سۆز، بە تایبەتی بە زمانێكی ئەدەبی، تیایدا ئاسانە، لە بەرامبەردا دەربڕین بە زمانی سیستەم ئاسان نیە، چونکە پێویستی بە بونیادنان و ئامادەکاری هەیە، ئەمەش لە توانای زۆربەی یاسا داڕێژەراندانیە لە کوردستان. بۆیە لیژنەی دەستور ئەگەر دروست بکرێت دەبێت شارەزاییەکی زمانی تیادابێت. سەرباری ئەمە دەقی دەستور زۆرجار پڕ لە پەنهان دەمێنێتەوە. ئەم دیاردەی شاعیریبونی دەقی یاسایی لە چین زۆر بڵاوەو کێشەی گەورە بۆ غەیرە چینییەکان دروست دەکات. لێرەدا پێم باشە ڕوداوێکی سەرنجڕاکێش لە مێژوی ئەمریکا بگێڕمەوە. ڕۆژێک لە ساڵی ١٩٤٧ سێ نیمچە شێت لە شاری پرینستۆنی ئەمریکییەوە بە ئۆتۆمبیل دەڕۆن بۆ ترینتۆن. سێ شێتەکە یەکێکیان ناوی ئاینشتاینە، کە ناسراوە، ئەویتریان ئۆسکار مۆرگنشتێرن، کە خاوەنی ئۆتۆمبیلەکە دەبێت و لە دونیادا بە ئەوە ناسراوە کە دۆزەرەوەی تیورەی یارییە game theory سێیەمیان فەیلەسوف و لۆجیکناسی ناسراو کوێرت گۆدێلە. هەرسێکەیان هەڵاتوی دەستی نازین. بۆنەکەش ئەوەیە کە کوێرت پاسەپۆرتی ئەمریکی وەردەگرێت. بۆ گاڵتە لە ڕێگادا ئاینشتاین سەردەخاتە سەر کوێرت و پێی دەڵێت، خۆت ئامادەکردوە بۆ تاقیکردنەوەکە؟ مەبەستی لە ئەوەیە کە لە کاتی پێدانی پاسەپۆرتدا پرسیار دەربارەی دەستوری ئەمریکی دەکەن. کوێرت لە وەڵامدا دەڵێت ماوەیەکە لە دەستوری ئەمریکی دەکۆڵمەوە، ئەوەم بۆ دەرکەوتوە کە لە ڕێگای ئەم دەستورەوە دەتوانیت جاڕی دیکتاتۆریەت بدەی بەبێ ئەوەی پێویستت بە کودەتا هەبێت. ئاینشتاین و مۆرگنشتێرن دەزانن کە کویرت گۆدێل بلیمەتە، بەڵام لە ئاستی سیاسیدا کەمێک سادەیە. بۆیە داوی لێدەکەن کە ئەو پرسە لە دادگا نەوروژێنێت. بەڵام ئەم ئامۆژگارییە هیچ سودی نیە، کوێرت پرسەکە لە دادگا دەوروژێنێت، بەڵام دادوەرەکە ئاینشتاین دەناسێت و ناهێڵیت کویرت زۆر قسە بکات دانیشتنەکە کۆتایی پێدێنێت. ئەمرۆ لە دونیادا لوپهۆڵ یان بۆشایی یاسایی گۆدێل ناسراوە. ئەوەی گۆدێل لە دەستوری ئەمریکیدا هەستی پێکردبوو ئەوەبو کە لە دەقی دەستورەکەدا بڕگەی هەموارکردنەوە هەیە. ئەمرۆ لە زۆربەی دەستورەکانی دونیادا، بڕگەیەک یان زیاتر دەربارەی هەموارکردنەوەی دەستور هەیە. گۆدێل دەڵێت بەپێی ئەم بڕگەی هەموارکردنەوەیە دەتوانرێت هەر ئەم بڕگەی هەموارکردنەوەیە لاببرێت، پاش ئەوەی کە لە قازانجی کەسی بە دیکتاتۆربودا هەموار دەکرێتەوە. ئەم دیاردەیە کەمێک هاوشێوەیی هەیە لە گەڵ یاسای ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا، کاتێک یاسا خۆی پەکدەخات، بە پێی خواست یان دەسەڵاتی سەروەر، بە پێی پێناسە بەناوبانگەکەی کارل شمت. ئەمە دەرخەری ڕەهەندە ترسناکەکەی دەستورە کە چەندێک دەتوانرێت بکرێت بە ئامرازی سەرکوتکردن. کاتێک لە هاوڕێیانم پرسی دەربارەی پێویست بونی دەستورێک بۆ هەرێم، بڕی زۆریان بە پێویستیان زانی بەڵام کۆمەڵێک نیگەرانیان هەبوو، لە هەر دیاریترینیان جێبەجێنەکردنیەتی. هەبونی دەستوری جوان بەڵام کار پێنەکراو، یەکێکە لە دیاردە بڵاوەکانی دونیا. ئەمە خەسڵەتی سیستەم سۆشیالیستییەکانە. لە کاتێکدا سیستەمە سۆشیالیستییەکان زۆر بەخشندەن لە وشەی بریقەدار، بەڵام لە بەر نەبونی ئازادی تیایاندا، هەمیشە دەستور تەنها بە دەقێکی پڕوپاگەندەیی دەمێنێتەوە. دەکرێت بڵێین وەک شتێکی جوانی بێکەڵک، تەنها سودی نۆرماتیڤیشی نیە، چونکە کەس بۆی نیە ڕەخنە بگرێت یان پەنای بۆ بەرێت یان سودی لێببینێت. بۆیە بنەمای پیادەکردنی دەستور بونی ئازادییەکانە. بەڵام بە سودبینین لە تێزی ئەمارتیا سین، ئازادی سودی نیە ئەگەر لە گەڵیدا زەمینەی پیادەکردنی گەشە نەکات. کەسێک بۆ ئەوەی ئازادبێت دەبێت توانای ئازادبون و پیادەکردنی ئازادی پێبەخشرابێت. زۆرجار ئەوە ڕودەدات کە دەستور دەرفێندرێت. مەبەستم لە ئەمە ئەوەیە کە بڕگەیەک یان چەند بڕگەیەک تیایدا زەق دەکرێتەوە و هەموو ئەوانیتر پشتگوێدەخرێت. ئەم جۆرە مامەڵەیە وەها دەکات کە دەستور نەبێتە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی کۆمەڵگا و خەڵکەکانی. دەستور دەبێت لەخۆگربێت، کۆکەرەوەبێت، کۆمەڵگای کوردستانی پێ بناسرێتەوە. ئەگەر سەیری پێشەکی پرۆژەی دەستور بکەیت، دەبینیت کە کۆمەڵێک تراژیدیای ڕیزکردوە و دەڵێت ئێمە کە ئەمانەمان بە سەر هاتوە ئەم دەستورە ڕادەگەیەنین. ئەگەر ئەخلاقی سیاسی ئێمە لە سەر بنەمای تراژیدیاکانمان بێت ئەوا دەبێت بنەمای ئەوە دابڕێژێت کە چۆن کۆتاییان پێبهێنرێت. بەم پێیە دەستور دەبێت جاڕنامەیەک بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار، بە مانا فراوانەکەی. لە دونیای ئەمڕۆدا دەستور ئەو گرنگییەی جارانی نەماوە، چونکە ڕەوشتگەڕێتی کۆتاییهاتوە. ئەوەی ڕەفتاری مرۆڤەکان دادەڕێژێت ئابورییە. لە هەمانکاتدا کۆمەڵە هێزێک کاریگەرن لە ژیان و ژیاری ئێمەدا کە هیچ دەسەڵاتێکمان بە سەریاندانیە، بۆ نمونە بازاڕی جیهانی، ململانێی زلهێزەکان، تەکنەلۆجیا، دراو و زۆر بواری تر.
لهتیف فاتیح فهرهج بهیانی ژاندارمێكی فاشیستی تورك بێت له ناو ماڵهكانتانا دهستی مناڵهكانتان كهله پچه بكات ناوێرن لهل بكهن چهند بۆیهك خڕن وهك كوردهكه دهڵێت داوهشێن ، ههر له پڕێكا ههرچی جنێو فرۆش و سوكی خۆتانه دهیهێنه سهر شاشهو پهلاماری یهكتری پێدهدهن " دهلێی تولهی بن ئاوهكهی گۆرانی شاعیرن ههرچی جنێوه كه به یهكتری دهدهن به خۆتانی دهدهن " ناوێرن له بهرانبهر فارسێك ، عهرهبێك ، توركێكا نقه بكهن كهچی بۆ گیان یهكتر شیرو تیر له یهك دهسون ، وهك چۆن بهشیر موشیر به ناویهوه گوتراوه : له ئاست یهكتر دڕن چهشنی ههڵۆ یهك دادهپاچن بۆ له بۆغهیره شڕن چهشنی پهڕۆ وهك دهست و قاچن بۆ ههزار تیرهو لك و هۆزن وهكو دوژمن له یهكناچن دهترسم رۆژێ لهم خاكه ههموو تیاچن وهكو سمكۆ ئاخر وهك تر دژه تیرۆی كوردستانتان له ئێمه كردوهته هێزی دهریای ئهمهریكاو كهس ناوێرێ له ماڵیشهوه باسی بكات ، كهچی خۆتان خهریكه شڵپ و شۆی یهكتر دهردهكهن ، به دوای سوككردنی یهكهوهن ، بۆ رازی كردنی دڵی ئهم ئاخوندو ئهو سوڵتان ئامادهن پشتی براكانی خۆتان بشكێنن ، توخوا ئێوه شایانی ئهوهن رێبهرایهتی گهلێك بكهن . ئیش و كارتان بووه به ههڵدانهوهی دۆسیه له سهر یهكتر ، بابه ئهگهر میلهت حسابتان له تهكا بكا له شهستهكانهوه تا ئهمڕۆ ئهوهی ئێوه كردوهتانه لهوه زیاتر دوژمن به كوردی كردووه دهبێدهنگ بن و سهری زێرابهكه ههڵمهدهنهوه ، ئێوه دیلی یهكترتان دهكوشت ، بۆ ئازارو سزای یهكتر لاسای عوسمانی و ئهتاتورك و سهدامتان دهكردهوه ، زیندانهكانی ئێوه هیچی له زیندانهكانی توركیاو بهعس كهمتر نیه ، بهڵام له زیندانهكانی ئێوهدا تۆمهت و سیناریۆو تاوان بێوێنهتره . شهرم بتانگرێ یهك رۆژ مرۆڤ و كورد بن ، سبهینێ جهژنه ئهو ههموو ژههره له كوێوه دێنن ، له بری یهكبوون خهریكی فریودانی ههواداران و لایهنگرانی یهكترن ، له داخی یهكتر ئامادهن میلهت به ڕوت و قوتی بخهنه بهردهست دوژمنهكان ، ئهوه كهس نیه ئهم زبڵ و زاكه كۆبكاتهوه ، كهس نیه ئهم ههموو جنێودان و سوكایهتیه رابگرێ ، كهس نیه لاپهڕهیهكی تازه ههڵداتهوه ، له" 2021"دان سهرتان هێشتا سهری "1964"ه . كهسێتی كوردتان وردو خاش كرد ، كوردتان فێری خیانهت ، خۆ فرۆشی و خاك فرۆشی ، نهوت و شوێنهوار دزین ، تاڵانی و راووڕووت كرد ، كوردتان كرده دوژمنی یهكتر ، ماڵهكانتان پڕكرد له ئاژاوهو شهڕو جنێو، له رێی كهناڵه سوك ومیت پهروهردهكانهوه واتان له كورد كرد تف له كوردبوونی خۆی بكات ، هیچتان به جوانی نههێشتهوه ، ههموو شتێكتان ناشرین كرد ، ئهوهی دوژمن به گهلی كوردی نهكرد ئێوه كردتان . له بری ئهم ههموو سوكایهتیه بڕۆن شیعروكانی حاجی قادرو خانی بخوێننهوه ، بڕۆن گوێ له محهمهد عارف جزیری و عهلی مهردان بگرن ، ئاوڕێك له ئاكاری شۆڕشگێڕان بدهنهوه ، كهمێك به خۆتانا بچنهوه ، خهڵك سی ساڵه ئێوه زۆر باش دهناسێ ، دهزانێ بای چهندن ، دهزانێ چین ، پێویست به كهش و فش و خۆبادان ناكات ، لێ خهڵك دهڵێت بهڵكو سبهی وهك ئهمڕۆ نهبن و باشتر بن . ئێستا له چاوی خهڵكا ئێوه له كۆمپانیای مافیای نهوت زیاتر نین ، له چاوی دهرو دراوسێشدا له باش جاسوس و راپۆرتی درۆزنانه نووس له سهر یهكتر باشتر نین ، ئێوه له دۆخی ئاشتی و پێكهوه ژیانی ئاشتیانهو لێبوردهیدا ناتوانن ههڵكهن ، دهعبایهكی سهیرن .
ئاری محەمەد هەرسین لە شەوانی مانگی ڕەمەزاندا درامایەک بە ناوی (گورگەکان) لە یەکێک لە کەناڵەکان پەخش کرا. بەندە ناچمە سەر شیکردنەوەی هونەری و تەکنیکی سینەمایی و تەلەفیزیۆنی دراماکە، چونکە ئەوە ئیشی کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارە یە. دراماکە باس لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان ئەکات. ئۆپەراسیۆنەکە لە دژی کۆمەڵێک خەڵکی مافیا ئاسایە کە ئەیانەوێت کەنزێکی نیشتیمانی بدزن. بەڵام ئەوە ی لە دراماکەدا سەرنج ڕاکێشە، تێوەگلانی ئەو مافیایانەیە لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال. بەکورتی، نوسەری دراماکە ڕێڕە وێکی نەتەوە یی و نیشتیمانی گرتۆتە بەر. ئەنجامی دراماکە بە دڵی منە، چونکە لە فلیمەکەدا، مافیاکان و پیاوە کانیان یان ئەگیرێن، یانیش ئەکوژرێن. هەمیشە قەناعەتم وابوە کە کرداری تۆڵەکردنەوە، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی عەشیرەتگەریە و هێمایەکە بۆ سەروەر نەبوونی قانون لە کۆمەڵگەیەکدا. بۆیە تۆڵەکردنەوەی شەخسی (تاکە کەس) بە دەمارگیری و بەرتەسکی بیرکردنەوە ئەبینم. خۆشحاڵی من لە سزادانی ئەو جۆرە تاوانبارانە لەبەر تاوانی دزی کردنیان نیە، بەڵکو لەبەر تۆڵەکردنەوە یە لێیان لە بەشداریکردنیا لە تاوانی بەدناوی ئەنفال. تاوانێک کە پێویستە ویژدانی هەموو ئینسانێکی مەبدە ئی و نیشتیمانپەروە ر بهەژێنێت. تۆڵەی نیشتیمانی و نەتەوەیی عەیبەو تاوان نیە، بەڵکو لەسەرخۆکردنەوە یە. پەیامێکی مەعنەوی و سیاسیە بۆ عەرەبی شۆڤێنی : ``قوبوڵ ناکەم بمتوێنیتەوە و، منیش وەک تۆ ئینسانم، زمان و مێژوو نیشتیمانی خۆم هە یە. تۆ بۆ ئەوەی خاوەندارێتی نیشتیمانەکەی من مسۆگەر بکەیت، ئەتەوێ من بتوێنیتەوە، بۆ ئەوەی کوردستان هیچ ئاسەوارێکی موڵکایەتی کوردی پێوە نەمێنێت``. ئەم جۆرە لە تۆڵە کردنەوە ڕوخساری عەقڵیەتی عەشیرە تچێتی پێوە دیار نیە، بەڵکو ڕاستکردنەوەی مێژوە. لە دوای ڕاپەڕین، دەبوو مەسەلەی بە جینۆساید ناساندنی کردەوەکانی عەرە بی شۆڤێنیست لە دژی میللەتی کورد لە ئەولەویاتی بەرنامەی سیاسەتی ستراتیژی ئێمەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان بوایە. بەڵام لەبەر سەرقاڵیمان بە شەڕی شەرمەزاری براکوژیەوە و، کۆ کردنەوەی سەروە ت و سامان (لە لایەن هەندێکمانەوە) و، گۆڕینی پیرۆزیەکانمان لە (نیشتیمان، میللەت، ئاڵا) بۆ (حیزب)، تۆڵەی نەتەوەییمان نەک هەر پێ نەکرایەوە، بەڵکو داڵدەی ئەنفالچیەکانمان دا. بەوەش قانون و ویژدانی کوردایەتیمان خستە ژێر پێمان. خۆزگە بیرۆکەی درامای گورگەکان جێبەجێ بکرایە… خۆزگە دەزگا ئەمنیەکانی کوردستان و دادگاکان دەستیان لە و کەسانە نە پاراستایە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کردەوە ی نا ئینسانی ئەنفالدا بەشدار و هاوکاری بەعس بوون. خۆزگە ئەو غیرە تە بیگرتینایە… خۆزگە ئەو ڕۆژە ئەهات…!
رێبوار محەمەد سەرەتا پێویستە ئاماژەبەوەبدەین کە ئەو بریارە نادروستەی کە لە لایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە درا بۆ درێژدکرنەوەی ماوەی خزمەتی دادوەرێکی دادگای پێداچوونەوە ، و سەرەڕای دژایەتی و ناڕازییبوونی پەرلەمان و دەستەی دەستپاکی و تەنانەت وەزارەتی دارایش ، بەڵام سەرئەنجام بریارەکەیان جێبەبەجێ کرد و ئەمەش ئەو دەرئەنجامە نایاسایی و نادادییەی لێکەوتەوە کە لە سزای رۆژنامەنوسانی بادینان دا بینرا . سزای رۆژنامەنووسانی بادینان بابەتی خانەنشیینیە نایاسایەکەی ئەنجومەنی دادوەری زیندووکردەوە چونکە بە راوبۆچوونی ئەو دادوەرە زۆرینەی دادگا دروست بوو بۆ پەسەندکردنی سزای ئاماژەپێکراو ، بنیاد لەسەر ئەمە دەتوانین بڵیین کە بریاری داگا بە سزادانی ئەو رۆژنامەنوسانە پووچەڵە و هیچ هێزێکی یاسایی نیە ، جگەلەو هەڵە و کەموومورتیە یاساییانەی لە کەیسەکەدا هەیە ، بەڵام ئێمە لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە کە بریاری دادگا یەکێک لەپایەکانی لەدەست داوە کە شەرعیەتی یاسایی یەکێک لەدادوەرەکانە ، واتە بۆئەوەی بڕیارێک بە بریاری دادوەری دابنرێت دەبێت لەلایەن دادوەرێکەوە دەرچووبێت کە لەماوەی خزمەتی یاساییدا بێت و ئەمەش پشت بەست بە بنەمای ( مایبنی علی الباطل فهو الباطل ) واتە هەرشتێک یان بڕیارێک کە بنەماکەی پووچەڵ بوو، ئەوەی لەسەری بنیادبنرێت بە پووچەڵ دائەنرێت، خۆئەگەر بووترێت دادوەری ناوبراو هێشتا بریاری خانەنشینبوونی دەرنەچووە بۆیە بڕیارەکەی دروستە ، لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێین بریاری خانەنشینکردن بریاریکی کاشفە ، و ئاسارەکەی لەورۆژەوە دروست دەبێت کە مەرجەیاساییەکانی خانەنشین بوون هاتووەتەدی و ئەمەش واتە هەر ممارەسەکردنێکی وەزیفی و دادوەری لەدوای ئەوماوەیە کرابێت پێچەوانەی یاسایە و هێزی یاسایی نابێت ، هەربۆیە ئەنجومەنی دادوەری لەرووانگەی زانستیان بەوەی باس کرا و بۆچارەسەری ئەم جۆرە کێشانە ، پرۆژەیاسای درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەرییان ئامادەکردووە . ئەنجومەنی دادوەری لە رێگەی پرۆژەی درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەریەوە دەیەوێ ئیدی بە یاسا لە خودی ئەنجومەنەوە خزمەتی دادوەران درێژبکاتەوە و شەرعیەتی یاسایی بۆ وەربگرێت، هەروەک لە مادەی ( ١) برگەی ( ٥ ) ی پرۆژەی ناوبراو دا هاتووە کە دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەنی دادوەری بۆ درێژکردنەوەی خزمەتی سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە و جێگرەکانی و ئەندامانی داگا و و دادوەران تا تەواوکردنی تەمەنی ٦٨ سالی و لەهەمان کاتدا دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەن بە خانەنشینکردنی دادوەران پێش تەواوکردنی ماوەی درێژکراوە ، ئەم خاڵە تێبینی ئەوە هەڵدەگرێت کە لە داهاتوودا خودی دادوەران رووبەرووی نادادی ببنەوە لە درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەرییان دا چونکە مادەی ئاماژەبۆکراو دەسەڵاتیکی رەهای داوە بە ئەنجومەن کە بۆ هەندێک درێژبکاتەوە و بۆ هەندێکی تر کۆتای بە خزمەتی بهێنرێت. و خاڵێکی تر لەم پرۆژەیەدا ئەوەیە کە لە هۆکارەکانی دەرچواندنی دا ( الاسباب الموجبة ) ئاماژەی بەوە داوە کە زۆرینەی ئەو دادوەرانەی تەمەنی ٦٥ ساڵییان تەواو کردووە خانەننشین کراون ، ئەمەش واتە هەندێکی تر سەرەرای ئەوەی تەمەنی خانشینی تەواو کردووە بەڵام بەردەوامن لە وەزیفە بەنایاسایی ئەمەش نادادییەکی ئاشکرای ئەنجومەنە لە نێوان دادوەران دا . هەرلەم پرۆژەیەدا ئەنجومەن داوای پێدانی دەسەلات دەکات بۆ درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەران وەک ئاماژەمان پێدا ، ئەمەش واتە دانپێدانانی خودی ئەنجومەنە بەوەی کە تا ئێستا هیچ یاسا و بنەمایەکی یاسایی نیە کە پشتی پێببەستێ بۆ درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەران و سەرجەم بڕیارەکانی پێشوویان لە درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەری پێچەوانەی یاسابووە و هێزی یاسایی نیە . وەجێگەی ئاماژەپێدانە کە پەسەند کردنی ئەم پرۆژەیە شەرعیەت نادات بە نایاسایی بوونی بریاری سزادانی رۆژنامەنووسان و هەروەها سودی یاسایی نابێت بۆ ئەو دادوەرانەی کە پێشتر ماوەی خزمەتیان کۆتای پێهاتووە و یاخود بە نایاسایی بەردەوام بوون لە خزمەت ، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە لە بنەمادا یاسا ناگەرێتەوە بۆ ڕابردوو ( لیس للقانون اثر الرجعی ) بەڵکو لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی بەسەر حاڵەتاکانی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێ . بنەمای نەگەڕانەوەی یاسا بۆ ڕابردوو بنەمایەکی ڕەها نیە ، بەڵکو کۆمەڵێک هەڵاوێردکردن ( استثناء ) ی تێدایە ، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لە یاساکەدا بە دەقێکی ئاشکرا ( نص الصریح) باسی گەرانەوەی یاساکە بکات بۆ رابردوو، بنیاد لەسەر ئەمە رەنگە ئەنجومەنی دادوەری دەقێکی لەم شێوەیە لە پرۆژەکەدا جێگیربکەن بۆئەوەی لەرێگەیەوە شەرعیەت بدەن بەو بڕیارانەی کە باسمان کرد ، لەحاڵەتێکی لە م شێوەدا ئەرکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانە کە رێگربن لەم جۆرە هەوڵانە و پێویستە هەمواری پرۆژەی ناوبراو بکەن بەشێوەیەک بگونجێ لەگەڵ فەلسەفەی دادپەروەری دا . لە کۆتاییدا دەڵین پێویستە ئەنجومەنی دادوەری و دادگاکان بەخۆیاندا بچنەوە و بگەرێنەوە سەر رێچکە دروستەکەی دادپەروەری و لەمانای ئەو ووتەیە تێبگەن کە ئەڵێ (( اللجوء الی المحاکم یعنی اللجوء الی العدالة )) واتە پەنابردن بۆ دادگاکان مانای پەنابردنە بۆ دادپەروەری ، ئەی ئەگەر خودی دادگاکان دادپەوەر نەبن ئیدی خەڵک پەنا بۆ کوێ ببات ؟ . * مامۆستای زانکۆ
عەلی کەریمی کورد دەڵێ قسەکردن بە زمانی مردووەوە کارێکی ناشایستە و هیچ جێ ناگرێ. هەرچەند لە دنیای سیاسەتی کوردی بەزمان سەرکردە ڕۆێشتووەکان قسەکردن و گێڕانەوە، بۆ مەرام و تەماحی شەخسی لە کۆنەوە باو بووە و زۆر کوڕ و برا گەورە هەبوون بۆ ئەوەی بەشە بابی خوشک و براکانی دیکەیان هەڵلووشن، دەیان درۆیان بە زمانی باوکی کوچکردوویان کردووە و دمی دەورووبەریشێان پێ داخستووە. لە ژیانی پێشمەرگایەتی و ئاوارەیشمدا زۆر بیرەوەری و داستانی جێی سەرنجم لابووە، کە دیومە یەک لە ئاکتەرەکانی داستانەکەم لە ژیاندا نەماوە و کۆچی دوایی کردووە، خۆم لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکە یان وەسییەتەکە پاراستووە و بە خۆمم گوتوە مادام لایەنەکەی دی نەماوە، باشترە وازی لێ بێنم و ئەم بەسەرهاتە حەواڵە بە خوا بکەم. گێڕانەوەی نەبەردەکانی پێشو و حەماسەکانی پێشمەرگایەتی ئێمەمانان لە سەدەی رابردوو یەک لەم رووداوانەیە کە دەزانم زۆربەی پێشمەرگەکان خۆیان لا دەدەن لە گێڕانەوەی، تەنیا لەبەر ئەوەی زۆرێک لە قارەمانەکانی ناو داستانەکە شەهید بوون و فیداکارییەکان و بەسەرهاتەکان بۆ ئەمڕۆ و لە ناو نەوەی نوێ لە وانەیە بۆنی فشە و خۆ بە قارەمانکردنی لێوە بێت. رەنگە کەسانێکی زۆر مابن کە بزانن لە چلوسێ ساڵی رابردوو، بە بەردەوامی هاتوچووی کاک نەوشیروانم کردووە و چ لە شاخ و چ لە ئەوروپا و چ لە سلێمانی لێی دوور نەبووم و بە سەدان جار لە خزمەتیدا دانیشتووم و گوێم لە بەسەرهات و ئەزموون و تەفسیرەکانی بووە. ئەم دارو پەردوویەی لە ئاخر ساڵانی ژیانی ، کاک نەوشیروان بینایەکی زخمی لەسەر بونیاد نا و لە ئاخر ڕۆژەکانی ژیانی هاتەوە تەرازی سەرکردە و حیزبەکانی مونافیسی و بۆ یەکەم جار لە مێژووی سیاسی هەرێم، ئۆپۆزیسۆن و بە سیستم کردن و سەربەخۆیی قەزا و دادگاکان و ئیدارەکانی لە ناوماندا باس و بڵاو کردەوە، ئەمڕۆکە ساحێبی هەیە و زۆرن ئەوانەی نانی لێ دەخۆن و گەیشتوون بە نەوایەک، رەنگە ئەم گێڕانەوەیان بەدڵ نەبێ و داوای لێبوردنیان لێدەکەم و دڵنیا بن بۆ بەرچاوروونی کۆمەلانی خەڵک، وەک خۆی دەیگێڕمەوە. هەتا بۆم کرابێ و رۆژنامەنووس بەرۆکی بەردابم زۆر جاران لە گێڕانەوە و لە بیرەوەریی لە گەڵ ئەم گەورە ڕۆشنبیرەی سەدەی ڕابردوو، خۆم بواردووە و زۆر قسە و ڕووداوم کە لێ بیستووە و لێم دیوە، بە پێویستم نەزانیوە بیانگێڕمەوە و خۆمی پێ فشکەمەوە. ئەوەی ئەم ڕۆژانە لەمەر سەربەخۆیی دادگاکان و ئەم درۆ شاخدارەی کە ئەلئەساس پارتی تەداخولی نییە لە حوکمدانی ئەم شەش ڕۆژنامەنووسەی بادینان، نیهایەت وای لێکردم ئەم قسەیەی کاک نەوشیروان هەر بگێڕمەوە جا کێ باوەڕ دەکات و كێ بە بوختان و درۆی پشتملی مردووی دادەنێت گەردنی خۆش و ئازا بێ! ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ بوو، کاک نەوشیروان بانگی ئۆپۆزیسۆن و گەندەڵی وسەرکۆنەی دەسەڵاتی کوردی بە ئاشکرا لێدەدا، زۆربەی ئێواران لە گردی عەلی ناجی دەچووم بۆ لای و بە دەم چا خواردنەوە و ئەو بە جگەرە کێشان و من بە پایپ، تەنووری رەخنە و قسەو باسانمان لە هەموو بوارێکدا گەرم دەبوو، هەڵبەت بە زۆری کاک نەوشیروان قسەیەکی هەڵدایساند و ئەوجار بێدەنگ دەبوو و گوێی لە شەڕە قسەی ئێمە و میوانەکان رادەگرت. ئێوارەیەک لە گەڵ یەک لە فەرماندە ئازاکان و پێشمەرگە سەرەتاییەکان و تیپەکانی سەردەمی بیدایەتی هەشتاکان لێی وەژوور کەوتین. ماوەیەک بوو لەم فەرماندەیە کە زۆر دۆستی من بوو و زۆریش بەیەکەوە دەگەڕاین، لالوت بوو و لێی عاجز بوو. باسوخواستی ئەو سەردەم یەکگرتنەوەی ئیدارەکان و لێک نزیکبوونەوەی مام جەلال و بارزانی بوو. کاک نەوشیروان گاڵتەی بە یەک ئیداری و تێکەڵ بوونەوە دەهات و وای نێشاندەدا پەشیمانی بەداودا دێ و هەموو کاڵەک بە ئەژنۆیان دەشکێنین! گوتی ئێستا وەک نموونە (بۆ ئەوەی فەرماندەکە بترسێنێت) ئەوان دەسەڵاتی سلێمانی و گەرمیانیان نییە و خۆمان بەڕێوەی دەبەین، بێتوو ئەوان دەسەڵات لەم ناوچانە بگرنە دەست هەر بە حوکمی یاسا و دادگا لەم گەرمیانە پیرەژنێک دەبینەوە و فێری دەکەن و پارەی پێدەدەن بێ بە حوکمی یاسا و مەدەنی شکایەت لەم فەرماندەیەی ئێمە بکات و لە دادگای سەربەوان حوکمی بدەن کە لە سەردەمی پێشمەرگایەتی باوکی پیرەژنەی کوشتووە وبە دەدوانزە ساڵ حوکمی بدەن و لە زیندانی قایم بکەن ئەگەر نەشیکوژن! مەبەستی ئەوە بوو بە سیستمکردن و سەروەری دادگاکان لە گەڵ ئەم خێڵ و عەشیرەیە ناکرێ و باشترە هەر لایە لە لای خۆی حەولی پێشەوە چوون و دوورکەوتنەوە لە گەندڵی بدات. ئەمڕۆژانە بە چاوی خۆم بینیم ئەم دادگایەی کاک نەوشیروان کاتی خۆی بۆی وێنا کردین، ئەوە خەریکە کارەکانی خۆی دەکات و کێشی بوێت بە حوکمی "سەربەخۆیی دادگا" نا، بەڵکوو بنەماڵە و ویستی ئەوان لە کونجی زیندانی دەخزێنێت! ویستان هەر ئەو کارەش بەرامبەر بە کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەتیش بکەن، ئەوکات بۆیان نەچووە سەر و دەروەستی نەهاتن!
عەدالەت عەبدوڵڵا كۆمەڵێك پرس هەن كۆنترۆڵی ئەو دیاردەیە دەكەن كە پێی دەوترێت رێككەوتن Agreement. ، كێن ئەو گروپانەی كە رێكدەكەون؟ ئەو ناكۆكییانە چین كە پێویستە كۆتاییان پێبهێنن؟ رێككەوتن لەسەر چ بنەمایەك دەبێت؟ لەچ هەلومەرجێكی مێژوویدا بەڕێوەدەچێت؟ بە چ میكانیزمێك جێبەجێدەكرێت؟ بەرژەوەندیی گروپە ناكۆكەكان چینو ئەو پێویستییانەش كامانەن كە بۆ رێككەوتن هەنو لەسەرو بەرژەوەندیی گروپەكانەوەن؟ ئەگەر وردتر تیۆریزەی كۆنسێپتی رێككەوتن بكرێت، رەنگە لیستی ئەو پرسیارانە زیادبكات، لەگەڵیدا ئاڵۆزیی ئەم بابەتە روونببێتەوەو بەو هۆكارە بونیادییەش Structural reason ئاشنا ببین كە لەپشت شكستی زۆرێك لەرێككەوتنەكانو ئاشتیو سەقامگیرییەوەن. پرسی رێككەوتن تەنها بەو باكگراوەندە سیاسییە كەمخوێنانە چارەسەر ناكرێت كە دەشێت سیاسییەكانو پارتەكانیان هەیانبێت. ئەم پرسە رەهەندی عەقڵانیو زانستیی هەیە، رەگی فەلسەفیی بیرۆكەی خودی رێككەوتن-ی تیا دیاریدەكرێت!. واتە لەیەككاتدا لەمەحەكدانی كولتوری سیاسیو تاقیكردنەوەی شارستانییەتی كۆمەڵگەشە، چونكە رێككەوتن، بەو چەمكە فەلسەفییەی كە راڤەی دەكەین، ئەو چوارچێوە سیاسییانە تێپەڕدەكات كە زۆرجار چارەنووسی رێككەوتنەكانیان بەدەستە، بەتایبەت رێككەوتنە كاتییەكان، یان ناچاریو نادڵخوازەكان، یان ترسئامێزو مل بۆ دراوەكان، یان ئەوانەی كە زادەی لاسەنگیی تەرازووی هێزو نابەرابەریی نێوان گروپەكانن. كۆنسێپتی رێككەوتن، ئەو چوارچێوانە بەبەشێك لەفەلسەفەی مرۆدۆستانەی رێككەوتن نازانێت، ئەوانە هیچیان ئەوسەریان دیار نییە!، خزمەت بەبەهاكانی ئاشتی، لێبوردەیی، فرەییو پێكەوەژیان ناكەن كە ئاینەكانو فەلسەفە مرۆڤگەراكان Humanism لەسەردەمی رێنیسانسەوە (سەدەی 16) بانگەوازیان بۆ دەكەن. رێككەوتن، ئەگەر بە فەلسەفەی هێز بەڕێوەچوو، ئەگەر تەنها بەرژەوەندیی گروپەكان ژێرخانی بێت، ئەگەر وابەستەی پێویستییەكی مێژوویی دیاریكراو بێت، ئەوا رێككەوتن نییە، بەڵكو راگرتنێكی لەرزۆكی ململانێكانە!. مێژووی زۆربەی جەنگەكانو بەریەككەوتنە خوێناوییەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییش، مێژوویی شكستی ئەو گرێبەست (ناوخۆیی)و رێككەوتنانەن (دەرەكی) كە كراون بەئامراز بۆ مەرامی تر نەك رێككەوتن خۆی!، مێژووی هەژموونی فەلسەفەیەكیشن بۆ رێككەوتن كە لەسەر بنەمای هێزو بەرژەوەندیی هێزە باڵادەستەكان دامەزراوە، یان دۆخی شكستو ناچاریی هێزە لاوازەكان!. ئەو رێككەوتنانەی كە كاتینو جێگیر نین، یان بە نابەدڵیو ناچارین، یان لەئەنجامی ترسو ملكەچین، یان بەپاڵنەرو بەرژەوەندییەكی مێژوویین، ناچنە نێو چوارچێوەی فەلسەفییانەی چەمكی رێككەوتنەوە. ئەو دیاردانە درێژەدانێكی ناڕاستەوخۆن بەلۆژیكی نەیارێتیو جەنگ. كەس نییە نەزانێت كە زۆرجار تەنانەت جەنگاوەرانیش لەجەنگدا پێویستییەكیان بەپشوو هەیە!، یان ئاگربڕو كپكردنەوەی شەڕگەكان!. رێككەوتن، بەم مانایە، ئاشتی ناهێنێت ئەگەر وەك پێویستییەك بێت بۆ جەنگێكی ناكۆتا. بێگومان راستە كە مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی ململانێیە Conflict. ئاگادارین كە ئەدەبیاتێكی فەلسەفیو سۆسیۆلۆژیی زۆرمان هەیە كە ململانێ وەك قەدەرێكی مرۆڤایەتی لەقەڵەمدەدات، هۆكارەكەشی بۆ نادادپەوەریی كۆمەڵایەتی دەگێڕێتەوە هەروەك ماركس دەڵێت، یان بەریەككەوتنی بەهاكانو ئارەزوو بۆ هێزو شكۆ هەروەك لای لویس كۆزەر-ی سۆسیۆلۆگی ئەمریكی دەیبینین. ئێمە ئاگادارین كە تائێستاش تیۆریزەكردن بۆ فۆرمە جیاوازەكانی ململانێ هەر بەردەوامە هەروەك لەتێزی "ململانێی شارستانییەكان"دا لای هانتینگتۆن بەدیدەكەین، بەڵام هاوكات دەزانین كە بانگەشەی گەورەی فەلسەفییش هەیە بۆ ئاشتیی هەمیشەیی هەروەك لای كانت دەیبینینەوە، یان بانگەواز بۆ دیالۆگو كۆمەنیكەیشن هەروەك لای هابرماس سەرنجی دەدەین. بێگومان رێككەوتن بۆ رێگرتن نییە لەململانێ، بەڵكو بۆ بەرگرتنە لەو توندوتیژیو تاوانانەی كە دەشێت بەبۆنەی ململانێوە پەنایان بۆ ببرێت. لەكوێدا ململانێ جەنگو تاوانكاری لێكەوتەوە، لەو شوێنەدا رێككەوتن دەبێتە پێویستی. رێككەوتن توند گرێدراوی چەمكی ئاشتیو مەدەنییەتە، بۆیە لەگەڵ دۆخی شەڕانگێزیو بەربەرییانەی ململانێدا هەڵناكات. ئێمە لەباشووری كوردستاندا، چەند پێویستیمان بەململانێی نێوان هێزە سیاسیو كۆمەڵایەتییەكانمان هەیە بۆ گۆڕانكاریو گەشەكردن، ئاوهاش پێویستیمان بەرێككەوتنی نێوانیان هەیە. فەلسەفەی ئەم رێككەوتنە دەستنیشانی بەهاكانی دوالیزمی خودی ململانێو رێككەوتنیشمان بۆ دەكات!. رێككەوتنمان هەرگیز سەقامگیرنابێت ئەگەر لەدۆخی ململانێی شەڕانگێزانەدا بژی، ئەگەر بەلۆژیكی هێز بسەپێنرێت، ئەگەر بارگاوی بكرێت بەتوندوتیژیی رەمزی، لەهەمانكاتدا ناشیەتەدی ئەگەر بەمانای سڕكردنی ململانێی شارستانیانەی نێوان ململانێكاران بێت، یان پەكخستنی جوڵەو دەستپێشخەریان، یان چالاكیو پێشبڕكێی نێوانیان. كاتێك هابرماس عەقڵانییەتی كۆمەنیكەیشن دەخاتەڕوو، مەبەستێتی كە ململانێكان بەردەوام بن، بەڵام بەدیالۆگو پەیوەندیی شارستانییانە، كەرەستەی ئەم پەیوەندییەش رەخنەگرتن بێت لەنێوان خود-خود، خودو ئەویتر، كرانەوەو كارلێكی نێوان جیاوازەكان بێت. ئەمڕۆ واقعی ئێمە پێویستییەكی زۆری بەم عەقڵانییەتە كۆمەنیكەیشنكارە هەیە، ئێمە بەبێ ئەم پرۆسەیە، ململانێكانمان دەبنەوە بەجەنگ، رێككەوتنەكانیشمان بەوەهم !.
مەجید ساڵح (بەبیانووی سەپاندنی سزای ناڕەوا بە سەرگیراوەکانی بادینان) دوای پەسەند کردنی حوکمی دادگا دەرحەق بە گیراوەکانی بادینان لەلایەن دادگای تەمیزی کوردستان، هەم لە بەیانی رەسمی حکومەت و هەم لەو بەیانانەی کە دامودەزگا جۆرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەریان کردوە، باس لە سەپاندنی قانون و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەستوەرنەدانیان لە یەکتری دەکەن. ئەم پاساوە، بەردەوام لە دەوڵەتە شمولیەکاندا دەهێنرێتەوە بۆ بێ دەنگ کردنی کردنی رای گشتی ناوخۆیی و چەواشەکردنی دنیای دەرەوە کە لە وڵاتەکانیاندا قانون سەروەرە. ساڵی ٢٠٠٥ بوو، ئێمە کۆمەڵێک کەس بووین لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە داوەت کرابووین بۆ ئاشنا بوونمان بە سیستمی سیاسی و ئیداری و یاسایی تورکیا. ئەو کاتە سێ ساڵێک بوو حیزبی داد و گەشەپێدان هاتبووە سەرکار و دوو ساڵێک بوو سەدام روخابوو. حکومەتی نوێی تورکیا دەیوسیت وێنەیەکی جیا لەو وێنەیەی جارانی پیشانی دەرودراوسێکانی بە کوردیشەوە بدات. یەکێک لەو محازرانە تەرخانکرابوو بۆ قسەکردن لەسەر سیستمی دادوەری لە تورکیا، سەرۆکی دادگای دەستوری تورکیا محازرەکەی بە پرسیارێک لە ئێمە دەست پێکرد "ئایا دەوڵەتی قانون باشە یان دەوڵەتی حقوق؟" هەر هەموومان وتمان دەوڵەتی قانوون! پێکەنی و وتی "خراپترین دەوڵەت دەوڵەتی قانوونە گەر لەسەر ئەساسی حقوق بونیاد نەنرابێت، باشترین نمونەش بۆ ئەوە تورکیایە بە قانون مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی لە بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی تورکیا سەندوەتەوە و ناهێڵێ قسەی پێ بکەن." مافی ناڕەزایی بوون و دەربڕینی ناڕەزایەتی، مافێکی گەردونییە و لە ساڵی ١٩٤٥ەوە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدا ناوە و بۆ هیچ حکومەتێک نییە لە هاوڵاتیانی وەرگرێتەوە، ئیتر بە قانون بێت یان رێگەی کوشت وبڕەوە. یەکێتی و پارتی لە ساڵانی دوای راپەڕینەوە، لەسەر ئەوە راهاتبوون لە سنوری دەسەڵادارێتیاندا هەرکەسێک دژایەتی بکردنایە، تیرۆر یان بێ سەروشوێنیان دەکرد، بەڵام یەک دوو ساڵێکە پەنا بۆ دادگا و قانون دەبەن. بەڵام کاتێک لە پرۆسەی دادگاییەکە ورد دەبیتەوە، دەبینی هەمان ئەنجامی پێشووی هەیە کە بریتیە لە سڕینەوە و نەهێشتنی لایەنە نەیار و ئۆپۆزسیۆنەکانیان بە کەڵک وەرگرتن لە قانون، بەبێ ئەوەی مافەکانیان لەبەرچاو بگرێ. بە مانایەکی دیکە سەربڕینە بە لۆکە. ئەم شێوازەی مامەڵە کردن لە گەڵ خەڵکانی ناڕازی، لە زۆربەی دەوڵەتە شمولیەکاندا تاقی کراوەتەوە، راستە بۆ ماوەیەک تەمەنیانی درێژ کردوەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ناچار بوون کۆڵ بدەن و بە لۆژیکی ماف لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیاندا مامەڵە بکەن. پینوشێ، موبارەک، بن عەلی و سەدام حسێن و دەیانی دیکە بەرقەرارکردنی قانونیان کردە دروشم، بەڵام گەیشتن بە کوێ؟ رای گشتی کوردستان و رێکخراوە جیهانیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ دەزانن ئەو دادگایی کردنەی گیراوەکانی بادینان پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و دادگایەکی نەزیهی تێدا رەچاو نەکراوە و حوکمەکەش حوکمێکی ستەمکارانەیە، ئیتر هیچ پاساوێک ناتوانێ ئەو حەقیقەتە داپۆشێ.
مەریوان وریا قانع یەکێک لە درۆ ھەرە گەورەکانی ناو ئەو حوکمڕانییە سوڵتانییەی لە ھەرێمدا دروستکراوە باسکردنی ئازادییە. ئازادیی لەم ھەرێمەدا ھەرچیەک بێت، پرنسیپێکی سەرەکیی نییە کە ئەزموونی حومکڕانییەکە و ئەخلاقی ھێزە سیاسییەکانی و ھەڵسوکەوتی بنەماڵە حوکمڕانەکان دەستنیشانبکات. جگە لە شتێکی کەم لە ئازادیی نووسین و بڵاوکردنەوە کە لە ئێستادا بە شێوازی جیاواز لە ژێر ھەڕەشە و فشاردایە و دەیان لەمپەری گەورەی بۆ دروستکراوە، ھیچ فۆرمێک لە فۆرمەکانی تری ئازادیی بوونی نییە. نە ئابوریی ئازادە، نە میدیا ئازادە، نە دەزگا بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت ئازادن، نە کۆمەڵگای مەدەنیی ئازادە و نە دادگاکانیش. لە ڕاستیدا شتێک بەناوی ئازادییەوە لە خەیاڵ و عەقڵیەتی سیاسیی خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ھەرێمدا بوونی نییە. ئەوەی ھەیە و لەئارادایە پرۆژەی بە ڕەعیەتکردنێکی تەواوی سەرجەمی کۆمەڵگاکەیە لە بەردەم دەسەڵاتی ئەو خێزان و بنەماڵە سوڵتانیانەدا، کە لەسەرێکەوە بەتەمان تا ڕۆژی قیامەت حوکمڕانبن و لەسەرێکی دیکەشەوە تا دێت ململانێی ناوەکیی نەوە گەنجەکانیان، ناشیرینتر وملشکێنتر و ترسناکتر دەبێت. بێگومان بڕ و ڕادە و شێوازی کۆنترۆڵکردنی ھەر یەکێک لەو بوارانەی ھێمامان پێکردن جیاوازە، ھەریەکێکیان بە شێوازی جیاواز دەستیان بەسەردا گیراوە و بە میکانیزمی تایبەتیش کۆنترۆڵکراون، یەکێکیان لەویتریان زیاتر و توندتر جڵەوکراوە. لە ھەمووان کۆنترۆڵکراوتر سێ بواری سەرەکیی ژیانن لە ھەرێمەکەدا. یەکەمیان کۆنترۆڵکردنی ئابورییە، کە بە پلەی یەکەم ئابوریی نەوت و وزەیە، تێکەڵ بە ئابوریی بازرگانی قاچاخ و ناقاچاخ لە ھەرێمەکەدا. دووھەمیان، دەزگا بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت خۆیەتی کە لە دامەزراندنی سادەترین کارمەندەوە تا دامەزراندنی گەورەترینیان، بە شێوەیەکی سەرتاسەریی کۆنترۆڵکراوە. سێھەمیشیان کۆنترۆڵکردنی سیستمی داوەریی و دادگاکانە. ئەمەی دواییان بۆ دوو مەبەست. لە سەرێکەوە بۆ پارستنی حوکمڕان و دارودەستەکەیان لە ھەر لێپریسنەوەیەکی یاسایی. لەسەرێکی دیکەوە بۆ دادگاییکردنی ھەر کەس و ھێز و لایەنەێک بیانەوێت تۆمەتباری بکەن و لە زیندان توندیبکەن. سیستمی داوەریی لە ھەرێمدا بە ھیچ مانایەک و لە ھیچ شێوەیەکەدا ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری تایبەتی خۆی نییە، حیزب و بنەماڵە سیاسییەکان تەواو کۆنترۆڵیانکردوە و بەوشێوەیە ئاراستەی دەکەن کە دەیانەوێت. کۆنترۆڵی ئەم سێ پێگە سەرەکییە، ئابوریی و بیرۆکراسیەت و اوەریی، ئاکاری ژمارەیەکی ئەو سیستمە سوڵتانییەیە لە ھەرێمەکەدا دروستکراوە. ئەوەشی ئەم سیستمە دەپارێزێت ئەو سوپا و ھێزە ئەمنیی و گروپە بەڵتەجییە تایبەتانەیە، کە بنەماڵە سیاسییەکان بۆپاراستنی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان، دروستیانکردوە. ئەوەی لێرەدا مایەی گریان و پێکەنینە ئەوەیە سەرە گەورەکانی ناو ئەم بنەماڵانە، کە دەسەڵاتدارە تاکڕەوەکانی ھەرێمن، وا دەزانن کەس ئەو وێنە ناشیرینە نابینێت، وادەزانن ھەم خەڵکی کوردستان و ھەم دونیای دەرەوە وەک پاڵەوانی بونیادنانی دیموکراسیەت و قارەمانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، دەیانبینن. کەی کێشەیەکیش دروستبوو ئەوان ھەم خۆیان و ھەم نوێنەرەکانیان دەتوانن بە دەرکردنی یەک دوو بەیاننامەی پڕ لە درۆ، جەوھەرە ناشیرن و ترسناکەکانی حوکمڕانییەکەیان بشارنەوە. ئەم خورافەتە تا دێت ھەم لەبەرچاوی خەڵکی کوردستان و ھەم لەبەرچاوی دونیای دەرەوە ناشیرینتر و قەبیحتریان دەکات. ئێستا ئیتر ڕەخنەکان تەنھا لەلایەن چەند ڕۆژنامە و سایتێکی ئەلکترۆنی و ڕۆشنبیر و چالاکەوانێکی ناوەکییەوە سەرچاوەناگرن، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ ئەو ھێزە نێودەوڵەتیانەش کە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە ھەرێم دەپارێزن، دوای پەڕینەوەیان بۆ لای دەیان ئۆرگانی نێودەوڵەتی گرنگ کە لە جیھاندا بەرگریی لە ماف و ئازادییەکان دەکەن و بەگژ گەندەڵیی و دزیی و جەردەیدا دەچنەوە. ئەم دۆخەی لەمڕۆدا دروستبووە گەورەترین ھەڕەشەیەکە لە ڕۆژی دروستبوونییەوە لەسەر ھەرێم و دانیشتوانەکەی دروستبووبێت . زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانەکانی بادینان لەڕێگای دادگاوە، ئەو مۆدێلە ”تازە - کۆنە“ی مامەڵەکردنی کۆمەڵگایە، کە شەرمی تەواوەتی لەوە شکاوە ناشیرینەکانی ببینرێن، باکی بەوە نییە دۆست و دوژمنەکانی وەک خراپەکارێک باسیبکەن، ھەم درۆ بۆ خۆی و ھەم درۆ بۆ کۆمەڵگاکەی و ھەم درۆ بۆ جیھان دەکات. ئەم شەرمشکينە ھەمەلایەنە، ئەم پیشەسازیی درۆکردنە و ئەم گەمژەییە سیاسییە ھەمەلایەنە، سەرەتای دروستکردنی جەھەنەمێکی نوێیە، جەھەنەمێک ئەمجارەیان ئاگرەکەی ھەمووان بەیەکەوە دەسوتێنێت.
عەبدولڕەزاق شەریف ساڵی نەوەدوپێنج و لە هەوڵەکاندا، بۆ ئاشتی و کۆتایی شەڕی ناوخۆ، دوای گفتوگۆ و دانوسان، پرۆژەی رێکەوتنی ( دبلن ) لە نێوان پارتی و یەکێتی هاتە ئارا .خاڵی پێنجەم و کۆتایی پرۆژەکە دانپێدانان بو بەوەی ( پ ک ک هێزێکی تیرۆریستە و نابێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ) . پرۆژەکە لە دەەرەوەی وڵات و بە ئاگاداری و نێوەندگیری بیانیی چێکرابو، لەناوخۆشدا، پێویستی بە زەمینە سازی و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبو . بەو مەبەستە نوێنەری ئاغای رەفسنجانی ( سەرۆک کۆمار )ی ئەوساڵ، سەردانی هەرێمی کوردستانیکرد، بەندە چانسی ئەوەم هەبو وەک نوێنەری تاڵەبانی لە مەرزی پەروێزخانەوە پێشوازیمکرد و گەیاندمە ژورە بچوکەکەی سکترتێری گشتی لە هەولێر، شاسوار ( مستەفا ئیبرایم ) یش لەوێ بو . هەر زو مام جەلال، بەدەم خواردنەوەی ساردییەکەوە رەشنوسی پرۆژەکەی بۆ خوێندەوە و مەلا یاسینی راسپارد ( کە تا ئەو کاتە لە نەو دەرگاکەدا بە پێوە راوەستابو ) ئەلبومی وێنەکان بۆ میوانەکە بهێنێ . بەدەم روانین لە وێنەکانی خۆی و عەبدوڵا ئۆچەلانەوە بە ( ئاغای نوریان ) ی وت : - بروانە روخساری ئاپۆ ! تەماشای زەردەخەنەکەی بکە ! ئەوە لە تیرۆریست ئەچێ !؟ بێ چاوەڕوانی وەڵامی میوانەکەی وتیشی ( دوێنێ وەفدی ئەمەریکاییەکانم لابوە، هەمان ئەو قسانەی بۆ تۆی ئەکەم بەوانیشم وتوە، ئێمە خاڵی پێنجەمی ئەو پرۆژەیە رەتدەکەینەوە و لەژێر هیچ فشارێکدا، ئامادە نین" پ ک ک " وەک هێزێکی تیرۆریستی بناسێنین ) . دوای چارەکە سەدەیەک و حیزب و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ئەبێ ئەو راستیە بزانن کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان، تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانەکانیان ( پ ک ک ) وەک هێزێکی تیرۆریستی ئەناسێنن، یاسای بەرەنگەربونەوەی تیرۆر کە بە ژمارە سێی ساڵی دوهەزاروشەش لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوە، بەمدواییەش بە دەنگی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی ( پارتی، یەکێتی، گۆڕان و یەکگرتو ) درێژکرایەوە، (هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، ئەو یاسایە بو کە نەوشیروان مستەفا لە باسیدا ئەیوت پارتی بەو یاسایە ئەتوانێ تورەکە بکاتە سەر هەرکەسێ کە بیەوێت ) تیایدا، چەمکەکانی ( تیرۆر و سەلامەتی گشتی ) وەک کاڵایەک بە باڵای پارتی و سیستەمی حوکمڕانیەکەیان دوراوە . ئەشتوانن بەو یاسایە هەمو گروپ چات و دەستە و کۆڕ و کۆبونەوەیەک کە دژی حکومەتی هەرێم و دەزگا رەسمییەکانی بێت، لە خانەی تیرۆردا چێ بکەن و پەیوەندیکردن بەو مەبەستە لەگەڵ کونسلخانە و دەزگا و لایەنە بێگانەکاندا، وەک کارێکی تیرۆریستی پێناسە کراوە . کەواتە حکومەتە ئیئتیلافیەکەی هەرێمی کوردستان و ستراتیژی کارکردنیشی هەمان روانین و ئاراستەی هەیە، یەکێتی و گۆڕانیش لە هەموان باشتر ئەزانن و لە سەرۆکایەتی هەرێم و لە ئەنجومەنی وەزیراندا، وەزیر و گزیریان هەیە و پشتیوان و هەماهەنگن ! ئەوانەشی لە مەسەلەی دادگاییکردن و زیندانیکردنی گروپی بادیناندا بەراستی پشتیوانن، تەنیا ئەو کەس و لایەنانەن کە دژی درێژکردنەوەی ئەو یاسایە دەنگیان بەرزکردەوە و دژی ستراتیژ و کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەستاونەتەوە . ئەوانەیشی کە بەشدار و پشتیوانی حکومەتی هەرێمن و لە هەولێر شادمان و لە سلێمانی بە قیژەوە فرمێسکی تیمساحی بۆ زیندانیکراوەکان دەڕێژن، درۆزنی گەورە و چەواشەکاری راستەقینەن.
نەبەز جەلال گەر بە ئازار و مێژوی نزیکی پڕ برینی ھێزی چەکداری باشوردا ڕۆچینە خوارەوەو سەرنج بدەین. ئەوا تێدەگەین کە تێنەگەیشتن و نەبونی زمانی لەیەکگەیشتن بۆ دروستکردنی ھاوسەنگییەکی بەھێز و تۆکمە، یەکێکە لە ھۆکارە سەختەکانی سەرنەکەوتن و بەردەوامبوونی کێشەو ململانێکانیشە بۆ شەڕی خۆ بە خۆ. لە نێوان بەرکاربوون و بەرکەوتنی ئاوەزی زانستی ڕامیاری و پارسەنگی ڕامیاری ھێزی بۆماوەی ناو ھێزەچەکدارەکانی شۆڕشی ئەم ھەرێمە، کەلە دامێنی کین و بوغزی کۆن و پەروەردەی پارت و سەرکردەی لوتبەرزی کاڵفام و شەڕی بچوکەوە خوڵقاوەو گواستراوەتەوە بۆ سەفرەو خوانی ئێستامان، وە دوورە لە زانست و خواستی پێکەوەیی کارکردن و خەباتی ھاوکاری و ھاوسەنگی، بۆ پێکەوەژیانی گشتی و ئاسودەیی بۆ کورد. بێگومان سەرەتای شەڕی سەنگ و پارسەنگ، ئەم ناوچەو مژارە دەکەوێتە سەرەتای بەرکەوتنی ھێزە چەک بەدەستەکانی ئەیلولی باڵی مەکتەبی سیاسی و بارزانی، دوایی باڵی جەلالی و مەلایی!. « ئاش بەتاڵ و ئاش بە خاڵ»، بۆ جێگرەوەو دەستکەوتی گرتنەوەدەستی دەسەڵاتی ھێزی قیادە موقەتەو شۆڕی نوێ. ھەردوو بە ناو ( یەکێتی نیشتیمانی و شۆڕشی گوڵانی پارتی ). ساڵانێک دژە تیرو مەچەکی ململانێی ھێزبوون بۆ سەرکەوتن و قبوڵکردنی بەرامبەر بە بچوکی و پارسەنگی یان بەشە جێگرەوە!. نەھامەتییەکانی برسێتی گوندو ڕاوەدوونان و ڕاگواستن و ئەنفال و کیمیاباران و شەڕی ھەزارن شەھید و قوربانی تەنھا بۆ سەرکەوتنی ھێزی یەکەم بوو وەک براوەی فوتێکراوی قیت و قۆڵ کە نەبای دیبێت نە باران!. نەک بۆ ئازادی و سەرکەوتنی ووڵات و ڕزگارکردنی خاک، بەوەدا کە پاداشتی شەھیدو قوربانیەکانیان خستۆتە بەردەستو ھەموان ژیانیان دەبینین بە ئازادییەکانەوە!. لای ھەموان ڕوونە، کە کورد بێ ھاوکاری نەیتوانیوە بەردێک بجوڵێنێ و بھاوێ!. ھەمووان بەرچاومان لەو ڕووەوە ڕوونە،کەسمان ناتوانین ڕاستی بشارینەوە، ھەر لە وەختی ھەرەس و ئاشبەتاڵی شۆڕشەوە تا ئێستاشی لەسەربێ؛ جگە لەو کۆمەکە شاراوەو چەپەکانەی بەنھێنی کراوون و دەکرێن و ھەمووی لای میللەتی ڕوونە. بۆیە تا ئەم شێوازی ئاوەزی پاڵەوان بازییە سەبارەت بە بردنەوەو سەرکەوتن لە سەرانی پارتی ڕامیاری کورد دوور نەخرێتەوەو، ئەو ئاڵۆشانە دانەمرکێنرێن، لەو خەون و خەیاڵە پووچە نەیەنە دەرەوەو، ھاوسەنگی نەبینن و کوردبون نەخەنەوە بەردەممان، ھەر بە " کورتی " دەمێنینەوەو، نابین بە " کورد " و دەربازمان نابێ. ھەڵە تێگەیشتنی سەنگ و پارسەنگی ھێزبوو، شەڕی خوێناوی ناوخۆی بەو ئاکارەدا برد!. نەبوونی ھاوسەنگی ھێزەکانی ئێران و تورکیابوو «٣١ ئاب» ی خوڵقاندو، پارتی کردە براوەی بڕیار و خاوەن ھێز لە ناوچەکەو، پشتگرو گرێدراوی ناڕاستەوخۆی ئەمریکاو، دۆستی نزیکی تورکیا. ئەمریکا بەزەبری ھێز، وویستی ھاوسەنگی گونجاوی خۆی سەپاندو، زۆنی سەوز و زەردی بە باڵاماندا وەک ئاودامانی نەفامی بڕی و پێیپۆشین، بڕیاری کۆتایی خستە دەست پارتی و، یەکێتیش ئەوکات باجی نزیکدۆستی خۆی لەگەڵ ئێراندا بەرکەوت. پارتی لێرەوە کەوشی یاخیبوونی پارسەنگی و ھێزگەلی لەخۆ بایی و ھەواشانیی بێمنەتی زیاتر لێ ھەڵکێشاو، کردیە پلان و کارینەکردەی بەردەست و، بە ھەنگاو و ڕێنوێنی وردەوە، لەگەڵ دۆخ و سەرکەوتنی قۆناغەکانی ناوچەکە چووە پێش و بوە لێخوڕەری بێ پسوڵەو، پێشەوایەکی خۆسەپێنی نەگەڕاوە بۆ ویستی خەڵک و، ئارەزوەکانی لە سنورەکە!. لێدانی ڕژێمی ئێراق و ئازادکردنی کەرکوک و خێرا دابەشکردنی ھێزەکانی زەرد و سەوز و، داگیرکردنی گەڕەک و ناوچەکانی کەرکوک بەنیەتی سەنگ و لاسەنگ، بەرھەمەکەی کردنە دەرەوەی کورد و ھەڵە تێگەیشتن و بێ متمانەیی ھێزە ھاوپەیمانەکان بوو بە کورد. دورخستنەوی ھێزە کوردییەکان بۆ دەرەوەی شار و، بێ بەریکردنییان لە شارەکە، دەرئەنجامی ئەو تێگەیشتنە بوو کە کورد لە کاتێکدا نەیدەتوانی ھاوسەنگی خۆیی خۆی وەک کورد لە جێنشینی خۆی بپارێزێ،چۆن دەتوانێ نوێنەرایەتی و ھاوسەنگی ھێزی کەمەنەتەواییەتییەکانی تر لە کەرکوک بپارێزێ.! ئێراق بەرەو دامەزراندنەوە، لە کاتی دروستبوونی مەجلیسی حوکمدا، داواکاری سەرانی ھێزە کوردییە باڵاکانی ئەودەم تەنھا تێچوو ، خەرجی و ویستەمادییەکانی خۆیان خستۆتە بەردەم. برێمەر بە کورتی دەڵێت: سەرانی کورد لە ھەمووشت زیاتر خەمی پارەیان بوو!؟. بێگومان ھەموان دەزانین کە پارەیان بۆ مەسەلەی پارسەنگی سیاسی بووە، نەک پێکەوەیی و ھاوسەنگی نیشتیمانی و سەرکەوتن بۆ ھەموان، کە ئێستا بەرھەمەکەیمان لەبەردەستە. کاتێک سەرککۆمار بەر کورد دەکەوێت تاڵەبانی دەچێتە بەغداد و بارزانیش دەبێتە سەرۆکی ھەرێم ئەمەش لە دیدگای سەنگ و لاسەنگی خۆ بە براوەو گەورەو بچوکەوە سەیرکراوە، لە کاتێکدا دەبوو تەواوکار و ھاوکاری یەکبن و بۆ یەکبن و پاداشتی چاکەی ئەو بەرکەوتنە حیزبیانەی بە زۆنی سەوز و مافەکانی ئەو ناوچەیەی لە دابڕان و نەبونی تاڵەبانی سەرککۆماردا بڕاوە بدرێن و وەربگیرێنەوە نەک فەرامۆش و بێدەسەڵات و کارتۆنی سەیربکرێن.! کاتێک کە کێشە دەکەوێتە نێوان ئێراق و ھەرێمەوە «مالیکی و بارزانی»یەوە بودجە و موچە دەبڕدرێت و بارزانی نەوت بە پیشتیوانی تورکیا و چاو نوقاندنی زلھێزەکانی ناوچەکە دەفرۆشێ، کورد باجی قورسی لە نەبونی ھاوسەنگی بڕیاری پێکەوەیدا دا، کە لە ڕاستیدا ئەمانە ھەمووی ھەنگاوی ڕێکخراوی ئامادەکاری و ڕێگا بەستێن بوون بۆ ھەموان و ، ڕاپێچکردنی بێ ویستی گشت لایەنی سیاسی و شەقامی کوردی بوو، بۆ ژێر چەترو پەلکێشکردنی چەند بڕیارێکی کارگێڕی بەیاساییکراوی نەبینراو و نەزانراو، کە بارزانی وەک سیاسەتێکی نوێی لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکان و کوردا بۆ یەکەم جارو لە کاتێکی ڕووگیری نەتەوەییداکاری پێبکاو وەک دەسەڵاتێکی یاسایش بەکاریبھێنێ لە پێگەی پۆستەکەیدا. کە دواجار بە پێچەوانەوەو لاسنگیەوە بە ڕوودارییەکی زۆرەوەو بێ گوێدانە یاسا ھەمان ڕێکار و جۆر لە بەکارھێنانی بڕیاری یاسای بە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و خۆی بەکارھێنراو وەک خۆبەسنگێک قبوڵی نەفەرموو!. شەڕی پارسەنگی و دەسەڵاتی سەنگ لە بەرەکانی جەنگ و دابەشکردنی پێداویستی و کۆمەک و شەڕگەکاندا بە ڕوونی دیارو بەرچابوون، لە پۆستە باڵاکانی حکومەتدا لە نوێنەرایەتی ووڵاتان و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکاندا، لە بودجەو موچەدا،لە ئەنجومەنی داد و دادوەریدا، لە مەلای مزگەوت و مینبەردا لەھەموو شوێنێکدا بوونی ھەبووە!. کێشەی سەنگ و ئاوەزی لاسەنگی قورسایی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی بوو، بارزانی سەرۆکایەتی ھەرێمی جێ نەدەھێشت، کاتێک کار لەکار ترازا ئیتر گێچەڵ و شەڕی قبوڵنەکردنی ھاوسەنگی دەستی پێکردوو، لە پێناو ڕازینەبوونی ھێزەکان و دەنگ بەرزکردنەوەیان لەو دۆخی مانەوەیەو شکستی بارزانی لە سەرکەوتن، ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند و شەڕی مانەوەو بەرگری بە تاکدەسەڵاتی ڕەھا و بە پشتیوانی گشت پیشتیوانە شاراوەو سێبەرەکان بەسەر خەڵکدا سەپاند. دانەنانی سەرۆککۆمار لەپارتی، تێکچوونی باری سەنگی پارتی بوو بۆیە نەیدەتوانی قبوڵی بکات، بردنەوەی ھاوسەرۆکە گەنجەکانی یەکێتی لە حیزبدا، لاسەنگی سەرۆکایەتی پارتی و بارزانی بوو ، بۆیە نەیدەتوانی سەردانیان بکات و پیرۆزبایی بەدڵیان لێبکات، لاسەنگی گەورەیی و دەسەڵاتە کە کاتێک سەرۆکی پارتە سیاسییەکان کۆ دەبنەو باسی کێشەکانی ناوخۆی ھرێم دەکەن و بارزانی ناچێ.! گرێی دەروونی «سەنگ و لاسەنگ و پارسەنگە » کە پەرلەمان بە زۆرینە بڕیار دەچووێنێ و، ویستی خەڵک و پرۆژەی کەمینە ژێرپێ دەنرێ!. کێشەی لاسەنگی و پارسەنگیە پۆستی تەواوکاری لە شوێن پایەی بڕیاردەرو باڵا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەدرێتە نوێنەری نوێنەرایەتی چەند سەت دەنگێکی نادیار.! لاسەنگی و کەم سەنگییە بە بڕگەکانی یاسا و ڕێ و شوێنی کارگێڕییەوە خواستەکانی خەڵک درێژ و کورت دەکرێنەوەو فەرامۆشدەکرێن و بەخواست و ئارەوز باسیاندەکرێ. لاسەنگی و پارسەنگییە حیزبێک زۆرینەی دەسەڵاتەکانی لابێ و یاساش بە ویستی خۆی بەرقەراربێ. لاسەنگی و بێ سەنگییە لە کۆتا دەسەڵاتی بڕیارداندا سێ کەسیان پارتی و دووکەسیان خەڵکبێ، پیشانیشمان بدەن کە ئەوان خاوەن بڕیار و وڵات و بەدەستن و دەبێت لەوانەوە سەڕی دێڕی نوێ بنوسرێ.! پارتی بە ڕوونی لە کۆبەرھەمی سیاسی ئەو سەنگ و لاسنگ و پارسەنگەوە بە ڕاشکاوی و بێ کێشە بەھەموان و ناوچەکە دەڵێن : تا ئێوە نەتوانن ھاوسەنگی ڕاستەقینە دروست بکەن و، لاسەنگی ڕێکبکەنەوە، ئەوا ئێمە پلەی سەنگ و پارسەنگی دەستمان بەوانە دەبەخشین کە دەمانەوێ، کە لەڕاستیدا بەم جۆرە بیرکردنەوەیە جگە لە نەیاری گرێی زیاتر، یار بە خۆیەوە ناگرێ و کوردیش نابێ بەھیچ، بێگومان بەرەی بەرامبەریش لێناگەڕێ شەوچەرەی خەونی درێژ و ڕابوردویان بێ ڕێککردنەوەو ھاوبەشی خەڵک بخۆن.