بەهار موونزیر لەم سەردەمەدا هەر جارەی بابەتێك دەبێتە پرسی ڕۆژ و تیشکی دەخرێتە سەر، وەك بینیمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پرسی کوشتنی ژنان لە ناو خێزاندا بە هۆکاری نامووسەوە زۆر کرایە پرسی میدیا بە گشتی، تەنانەت تا ئەو جێگەیە ڕۆشت کە سەرۆکی حکومەتیش لەسەری هاتە دەنگ. لێرەدا دەپرسین، بۆ لە کاتێکی وا تایبەتدا ئەم پرسە هەڵدرایەوە و بووە بابەتیی گەرم و چەند ڕۆژیك لەسەری ڕۆیشتن؟ چین و توێژەکان گفتووگۆیان لەسەرکرد و هەر کەس لە دیدگای خۆیەوە هۆکارەکانی خستەڕوو و ڕێگەچارەی بۆ سنووردانانی خستە ڕوو، لە ڕێگەی جیاوازەوە بابەتەکە باسکرا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەگشتی قسەی لەسەر کرا، چ لە ناو کوردستان و چ کوردانی تاراوگەش، هەر لە نەفرەتەوە تاکو پشتیوانی لە بکوژانیش کرا، هەر لە پارێزەرەکانەوە، دادوەرەکان، سیاسیەکان، پەرلەمانتاران، رۆژنامەنووسانەوە، وەك هەموو کات نەفرەتی چالاکوانان و ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بە شێوەی دیار و بەرچاو لەسەری هاتنەدەنگ، لە شێوەی نامە و پۆستی فەیسبووك دەربڕینی هەڵوێست و درووستکردنی ڕاپۆرتی میدیایی...تاد لەم نووسینەدا دەمەوێت کەمتر بچمە سەر باسی کوشتنی ژنان بە شێوە گشتییەکەی و مێژووی زیادبوون و هۆکار و باکگراوند و درێژەپێدانی ئەم تاوانانە و بێباکی حکومەت و دەسەڵاتە جیاوازەکان، ئەمەش بەو هۆکارەی چەندینجار چ لە نووسیندا چ لە چاوپێکەتنەکاندا باسمکردەوە، لێرەدا وەك ئاماژەمپێکرد وەڵامی کۆمەلێك گرێ وگۆڵە دەدەمەوە،بە پێی توانا ئەزموونی کارکردنم لەم مەیدانەدا و بەدواداچوون و کارکردنم سەبارەت بە تاوانەکانی کوشتنی ژنان بە هۆکاری نامووسەوە. پێمباشە سەرەتا یەکێك لە دۆسییەکان بە نموونە بهێنمەوە و بیکەمە دەستپێکی وردەکاری باسەکەم، ئەویش تاوانی کوشتنی (زەهرا)یە، کە لە شاری هەولێر ڕۆژی ١٦ی ئەپریڵی ٢٠٢١ درایە بەر گولە و بە پێی زانیارییەكانی پۆلیس ١٣ گولەی بەرکەوتبوو، لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا بە هاوکاری کەسوکاری هاوسەرەکەی. جیاوازی ئەم تاوانە لەگەڵ تاوانەکانیتردا چییە؟ یەکەم/ ئەم کوشتنە پێش هەر شتێك کوشتنێك بوو کە لە ڕووی چاوی کامێراکانەوە گرنگی پێدرا و کوشتنێکی ڕوون و ئاشکرا بوو، نە بەشەو و لە تاریکیدا بوو نە بکوژ بە فەرمی نادیار بوو تاوانێكی ئاشکراو و بکوژیش دیار. . دووەم/ باوک و دایکی زەهرا نیشاندران و قسەیان لەسەر تاوانەكە و ڕووداوەکە کرد و باسی ژیانی خراپی کچەکەشیان کرد وە شاهدی ئەوەیان دا کە لەداڵدەدانی ژنان بوە چەند ڕۆژ و ژیانیکێ نەهامەتی و سەختی لەگەڵ هاوسەرەکەی بەڕێکردوە. سێیەم/ بەشداری ئەو مەلایە بوو کە مارەبڕینەکەی کردبوو، لە کاتی هاوسەرگیری زەهرا دا، راشکاوانە دانی بەوەدا نا کە کارێكی شەرعی کردوە نەك یاسایی چوارەم/ بوونی دەنگی خەڵك و ڕای گشتی، بەرامبەر بە تاوانەکە تا ئەو کاتەی ڕووداو بە تەلەفۆن گفتووگۆی لەگەڵ بکوژدا کرد و هەر لەوێدا دانی بە تاوانەکەیدا نا، ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی هەستی خەڵك دانا، بە ناو هێنانی بوونی پەیوەندی زەهرا لەگەڵ پیاوێكی تردا پێنجەم/ تەواوبوونی باسی کەیسەکەی بە لێدوانی فەرمی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئەوەی گوایا بکوژ هەڵهاتووە، بێ باسکردنی پلانی خۆیان کە چ ڕێگەیەکی تر دەگرنە بەر پێنجەم/ نەبوونی دەنگێکی بەهێز لە لایەن ڕێکخراوەکان بەتایبەتی وەك وەستانەوە و ڕێکخستنی چالاکی بەرچاو (ئەمەش دەکرێت هۆکاری بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاستەنگی درووست کردبێت) من دواتر لە باسەکەمدا باسی ئەم خاڵانەی سەرەوە دەکەم کە بۆ گرنگن، چۆن دەتوانن ببنە هەوێنی کاری ڕاستەو خۆ و بەرچاو لە کاری مەیدانی ناو ڕێکخراوەکان! لێرەدا پێویستە بپرسین، بە کوشتنی زەهرا، كێشەی ژنكوژی لەم كۆمەڵگەیە بەرەو كوێ دەچێت؟ ئایا بەو هۆکارەی سەرۆکی حکومەت داوای لێکۆڵینەوە و سزادانی تاوانباران دەکات دۆسیەکەی زەهرا، لەوانەی تر جیادەکرێتەوە؟ یاخود وەك هەردوو خوشکەکەی چەمچەماڵی لێدێت! یاخود بۆ ماوەیەك بێدەنگی لێدەکرێت و دۆسییەکە لەبەر هەڵهاتنی بکوژ لە بیر خەڵك دەبرێتەوە؟ ئایا پرسیارێكی تر بۆ ئێوە وەك من درووست نابێت خەیاڵمان بچێت بۆ ئەوەی ئەم تاوانە گەورەیە سوڵحێکی خێزانی تیادا بکرێت وەك تاوانی کوشتنی دونیا لە شارۆچکەی کەڵەکچی، كە بکوژ دانی بە تاوانەکەشی دا نا بەڵام باسی نامووسی تیا کرا هەستی ڕای گشتی گۆڕا حزبیش پشتوانی لە بکوژ کرد؟ ئەی ئەو دۆسییەی تاوانەش هەر وەك ئەم دۆسیەیە نەبوو؟ چی لێهات لە کاتێکدا بە منداڵی وەك زەهرا درا بوو بە شوو، شیربایی لە هاوسەرگیریەکەدا وەرگیرابوو! دواتر وەك بینیمان تاوانەکە بە سوڵحی عەشایەری یەكلابوویەوە و کەس پرسیاری نەمان ئێمە نەبێت. ئایا دۆسییەکانی کوشتنی ژنان لە کوێدا لەیەك دەچن و لە كویدا لە کوشتنی ئاسایی دا خۆیان جیادەکەنەوە؟ لێرەدا دەمەوێت وەڵامی گوتار و گفتووگۆیەك بدەمەوە کە پێم وایە نا-تێگەیشتنێك هەیە، ئەو گوتارەی دەیەوێت کوشتنی ژنان هەر وەك کوشتنیێکی تر ببینێت لە کاتێكدا کوشتنی ژن لەسەر نامووس بێت و تاکە هۆکار پەیوەندیی بێت؟ لەو کۆڕ و کۆبوونەوانەی بەشداریی تێدادەکەین زۆرجار گوێمان لێدەبیت کە دەوترێت کۆمەلگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی توندوتیژە و پێوستمان بەوەیە هەر لە سەرەتای پەروەردەكردنییەوە دەست پێبکیەن! من لەگەڵ ئەم گوتارە گشتییەدا کێشەم نییە وەك هیوایەك سەیری بکەین و کاری لەسەر بکەین، بەڵام ئایا ئەم گوتار و تێروانینە دەردی ئێمە چارە دەکات؟ یاخود دەمانبایتەوە بۆ ئەو جێگەیەی کە نزیکمان بكاتەوە لەوەی سنوور بۆ ئەو تاوانانانە دابنێرێت؟یاخود بنەبڕ بکرێت؟ بێگومان نەخێر. بە باوەڕی من ئەم دیدە و ئەم گوتارە کێشەکەی لەوێوە دەستپێدەكات كە نابەرپرسیارییەتی نیشاندەدات، بەڵكو کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە هەوڵی زۆر دراوە ساڵانێکە کێشەی تاوانەکانی ژنان بەم درووشمە بەردەوامی پێبدات و کێشەکە دەکاتە کێشەیەکی زۆر ئاسایی و لە پاڵ هەموو ڕۆژێکماندا و هەموو هەواڵێکدا دووبارە دەبێتەوە و گوێ بیستی دەبین، چەندینجار بۆ هێنانەوەی پاساوی کوشتنی ژنان بە هۆی نامووسەوە باس لە کوشتنی پیاوانیش دەکەن بە هەندێك لە توێژەرانی کۆمەڵایەتیشەوە، کە بە هەمان پرسی دادەنێن، واتە باکگراوندی تاوانەکان وەك یەك لە قەڵەم دەدەن! لە کاتێکدا کەمێك خۆیان ماندوو ناکەن بەدوای تاوانەکاندا بچن تاکو بزانن و تێبگەن لە باکگراوندی کێشەکە. ئەم یەکسانی کردنەوەیەی کوشتنی ژن و پیاو وا دەکات کاریگەریی هەبێت لەسەر زهنیی خەڵك تاکو بە وەڵام نەیەت لەسەر کوشتنی کچانیكی گەنج ، کە تاکە تاوانیان ئەگەری بوونی پەیوەندییەك بووە نەك ناڕێکی یاخود کێشە لەسەر پرسێکی تر، یاخود وێڵ بوونی بوە بۆ ژیانێكی بێ توندووتیژی لە لایەن باوک یان برا و هاوسەرەکانەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پیاوان بە شانازییەوە باس لە بوونی پەیوەندییە خۆشەویستییەکانی خۆیان یاخود سێکسییەکانی خۆیان دەکەن و لاف و گەزافیشی پێوەە لێدەدەن! لە چەندین سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکاندا چەندین کەسانی ناو حکومەت و کە خاوەنبەرپرسیاریەتین ئاماری کوشتنی وڵاتانی تر دەهێننەوە بۆ ئەوەی چاوپۆشی لەم تاوانە گەورانە بکرێت کە گوایە لە کوردستانیش هەمان شتە، پرسەکە لەسەر ئەوە نییە لێرە یان لەوێ ژن دەکوژرێت و جیاوازە، بەڵكو ئەوەی لێرە هەیە کوشتنە بەهۆی نامووسەوە نەك هەر کوشتنی ژن، دەبێت ئەمە ڕوونبێت لای هەمووان كە ئەم كووشتنە جیایە وە کاری زۆر ووردو هێز وەستانەوەی بەرفراوانی دەوێت بۆ ڕووبەڕووبونەوە. ئەگەر بمانەوێت دۆسییەکانی تر باس بکەین ئەوا دەبێت وردتر زانیاریمان هەبێت لەسەریان، تاکو تێبگەین کێشەکە چی بووە، نەك یەکسەر بڵاوکردنەوەی وێنەی کەسەکە و خۆمان لای خۆمان بیکەین بە خۆکوشتنی نامووسی! واتە نابێت کوشتنی هەر ژن و کچێك ببێتە کوشتنی ناموسی بەبێ دڵنیایی لە دۆسیەکە. بوونی زانیاریی وردتر تایبەت بە خۆکوشتەکان تێکەڵ نەکردنیان، پرسیارێكی تر ئەوەیە ئایا بڵاوکردنەوەی خۆکوژییەکان بەم شێوە بێ سنوورەی ئەمڕۆ چ زیانێك دەگەیەنێت؟ ئایا هیچ دیراسەیەك هەیە لە کوردستان کە کام ڕێگە باشە بگیرێتە بەر تاکو وا نەکات کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەنجەکان و کۆمەڵگە دانەنێت؟ پێموایە ئەم کارە کاری کەسانی ئەکادیمییە کە دەبێت چیتر ڕێگە نەدەن بەم شێوە بەرفراوانە ئەم دیاردانە بلاوبکرێنەوە، ئەرکی کەسانی دروونناسیشە کە گرنگی بەم لایەنە بدەن، بێنە دەرەوە و لە ناو کۆمەڵگەدا کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن. خۆکوشتنەکان و هۆکاری خۆکوشتنەکان، ئەوەی من زیاتر بینیم لەم دوو هەفتەیەی کۆتاییدا تێکەڵاوییەك هەبوو هەر لە دانانی وێنەی ئەوانەی بە هۆکاری نامووسی خۆیان کوشتبێت یاخۆد توندووتیژیەکی تری خێزانی بووبێت لەگەڵ گەنجانێكی دیکە کە بەداخەوە دەستیان چوبێتە گیانی خۆیان بە هەر هۆکارێکەوە بووبیت ژیانیان لە خۆیان سەندبێتەوە؛ بۆ نموونە: ئێمە چۆن زانیمان خۆ کوشتنەکەی شارۆچکەی ڕانیە کە تەلەبەیەکی کۆلێژی پزیشکی بوو، لەگەڵ خۆ کوشتنی کوڕێکی تەڵەبەی گەنج جیاوازیی هەیە؟ ئایا ئەم خۆیندکارە بەهۆی فشاری خێزانییەوە ئەم کارەی کرد یاخود فشارێکی تر بوو لەدەرەوەی فشارێکی نامووس؟ ئەمانە هەمووی تێرامان و پرسیارکردنیان دەوێت نەك تەنیا بۆ پڕکرنەوەی هەواڵ چ لە کەناڵەکان یاخود سوشیاڵ میدیا دەست نە پارێزن لە بڵاوکەدنەوەیان. ئەو پێنج خاڵەی لە جیاوازی دۆسیەی زەهرا-دا باسمکردن، بەو هۆکارە گرنگن کە دەیانجار ڕێکخراوەکان لە کاتی کارکردنماندا و لە ناو دادگاکان و قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە كەیسەكان، لەو جێگەیەی زانیاریمان دەویست دۆسیەکە دەوەستا و هیچی لەسەر نەدەکرا، لەبەر نەبوونی شایەت، نەبوونی دانپیانان لە لایەن بکوژ، نەبوونی خێزان وەك شکاتکار، نەناسینی دۆسیەکە لە لایەن ڕای گشتییەوە و..تاد بە پێچەوانەوە لەم تاوانە هەموو زانیارییەك و دۆکیۆمێنتێك هەیە بۆ ئەوەی کاری جددی لەسەر بکرێت و فشاری تەواو بۆ دامودەزگاکان بهێنیرێت بۆ دۆزینەوەی بکوژ و سزادانیی بە پێی گەورەیی تاوانەکە، ئەمەش بە کاری هاوبەشی دەکرێت کە هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان بێتە دەنگ لەسەری، تەنیا لە کاری ڕێکخراوەکانیشدا نەبینرێت؛ ڕای گشتی لەسەر درووستبكرێت، ئەم دۆسیەیە دەتوانێت کاریگەریی دابێت ئەگەر هەماهەنگیی باش بکرێت و نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشێك بن لەم کارە بەرفراوانە. لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، پێوسیتە پێش هەرکەسێك ڕیکخراوەکان و میدیاکاران وردتر و دەقیقتر بن لە کارکردن لەسەر دۆسییەکان و بڵاوکردنەوەیان لە ناو کۆمەڵگەدا، لە لایەکی تر دەمەوێت بڵێم تاکو ڕایگشتی چۆن لەسەر پرسی موچە، ئاو، کارەبا، خویندن، خراپی جادە و بان دێتە دەنگ بەو جۆرەش تاوانانی کوشتنەکانی کچانی گەنجی ئەم وڵاتە پێوستی بەو ڕا گشتیەیە کە بە پرسێكی نامۆرڤانە و قێزەونی بزانێت، ئەو ڕا گشتییە ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگی و ڕیگرییەکان ببێتەوە تاکو کۆمەڵگە بە شیوەیەکی گشتی ئەو بەرگە لە خۆی ڕاماڵێت کە لەشی ژن بۆی بوەتە تەوق و هەر ڕۆژەی بەرۆکی کچێکی گەنجی ئەم وڵاتە دەگرێت و کار بۆ ئازادیی هەڵبژاردن و ژیانیكی شایسە بکەین ، چیتر لێدوانی درۆیانەی هیچ کەس و لایەنیك بە هیچ بیانویەك قبووڵ نەکرێت..
تەنیا کوردی خەڵکێکی زۆر بە سیاسییەکانیشەوە دەپرسن، ئایا نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ؟ ھەتا لە بەغدایش شەقامی عێراقی بەخێرھاتنیان کردووە لە ھێزە سیاسییەکانەوە تا رای گشتی و چالاکوانان؛ ھەموو دەڵێن خۆت فێری زمانی عەرەبی بکە! ئەم رستەیە بۆ ئەوەیە کە بەغدا بەخێرھاتنی سەرۆکی داھاتووی کۆمار دەکات، ھەتا بەر لە دانانی سەرۆککۆمار کە د.بەرھەم ساڵح و د.فوئاد حوسێن کاندید بوون، موقتەدا سەدر دوای کرد کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆککۆمای عێراق بێت و پیشنیاری بۆ کرد کە بەماوەی یەک سەعات ھەموو ھێزە سیاسییەکان خۆشحاڵ دەبن، بەڵام نێچیرڤان بارزانی ڕەتیکردەوە کە ئەم پۆستە وەربگرێت و، د.بەرھەم ساڵح کرا بە سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ. پرسیارەکە لەوەدایە کە ئایا بارزانییەک دەبێ سەرۆککۆماری عێراق بێت؟ بەڵێ بەتەکید دەبێت، چونکە عێراقێک ئەگەر بنەمای فیدڕاڵی خۆی جێگیر بکات و لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوازن و تەوافق سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی ئەبدەیت بکاتەوە بۆچی نا؟ ھەروەک لە دەسپێکی حوکمڕانی دوای رژێمی سەددام، کاک مەسعوود بارزانی لەوێ لە ئەنجوومەنی حوکمدا سەرۆکایەتی عێراقی کرد. لە دیمانەی دوێنێی شەوی کەناڵی شەرقیە کاتێ لە نێچیرڤان بارزانیان پرسی دەبیتە سەرۆککۆمار؟ نێچیرڤان بارزانی گوتی، بۆ نا! بەڵام لە ئێستادا بیرم لەم بابەتە نەکردووەتەوە!!.." کە دووبارە لێیان پرسیەوە وەڵامی نێچیرڤان بارزانی ئەمەبوو؛ "سهرۆك كۆماری عێراق شتێکی کەم نییە، شەرەفێکی گەورەیە، لە هەر پێگەیەک بتوانم خزمەتێک بۆ هەموو ئەم وڵاتە بكهم، ئامادهم، بەڵام به ڕاستى ئێستا و لهم كاتهدا بەرنامەیەکی وا لە ئارادا نیيە." کەناڵە پرسیارەکە دەگۆڕێت، ئەمجارە دەڵێ، چاودێران لهوباوهڕهدان كاك نێچیرڤان بارزانی له سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان سهركهوتوو بووه، بهڵام ئهگهر بوو به سهرۆكی حكوومهتی فيدراڵى، ئایا لهو ئهركهیدا سهركهوتوو دهبێت؟ واتە لە سەرۆککۆمار بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ؟ ئەمە ھەر پرسیار و دیدگای کەناڵی شەرقییە نییە، بەڵکوو ھێزە سیاسییەکانی عێراق دەیانەوێ نێچیرڤان راکێشنە بەغدا.. نێچیرڤان بارزانی دەڵێ، تەحەدیاتی عیراق گەورەن و کەم نین، ئەوەی ئێستا جهنابى سهرۆك كۆمار بۆ بهرژهوهندیی عێراق دهیكات، کارێکی زۆر باش دهكات، ئەوەی سەرۆک بەرهەم ساڵح پیێ كرابێت تا ئێستا کردوویەتی، بێگومان هەرکەسێکیش ببێتە سهرۆك كۆمار چاوەڕوانی ئهو تهحهدیاتانه دهكات، بەڵام هەموومان دەبێت پێكهوه یارمەتیی سهرۆك كۆمار بدەین، یارمەتيی سهرۆك وهزیران بدەین بۆ ئەوەی بتوانن كارهكانیان بە ڕێکوپێکی جێبەجێ بکەن. نێچیرڤان بارزانی ئەگەر ببێتە سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ ئەوا د.بەرھەم ساڵح دەبێتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەم دوایەدا لە بابەت بودجەی پەسەندکراوی عێراقی فیدڕاڵ، بەرھەم ساڵح لە سێبەردا کاری زۆری کرد و بەھەموو ھێزێکەوە لە پشتی گەیشتن بەم رێککەوتنەی نێوان ھەولێر و بەغدا جوڵەی کرد. لە داھاتووی عێراقدا تایبەت دوای ھەڵبژاردن، شێوازی ھاوپەیمانی لە عێراقدا دەگۆڕێت، کورد و سونەو شیعە ھاوپەیمانێتی نوێ دەبەستن، کە لە ئێستادا سەدرییەکان بۆ ئەم ھاوپەیمانە دەست پێشخەرن و عەمار حەکیم و ھادی عامریش لەسەر ھێڵن، سونەکانیش. ھەروەک نێچیرڤان بارزانی لە پەیامیدا دوو بنەمای جێگیر و روونی بۆ رای گشتی عێراق بەیان کرد؛ یەکەم، کورد لە قوڵایی ستراتیژی عێراقدا مافەکانی خۆی دەوێ و لەگەڵ لۆژیکی ئێستادا مامەڵە دەکات.. دووەم، پێشکەوتنی عێراق واتە سەقامگیری زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵام کامە عێراق؟ عێراقێکی فیدڕاڵی ھاوسەنگ لە شەڕاکەت و ئامادە بۆ چارەکردنی کێشەکان. بۆیە ھەر ھاوپەیمانێتییەک لە داھاتوو لە ژێر چەتری نەھێشتنی رق و کینەی سیاسی دا دەبێ خۆی بنووسێتەوە. ئەگەر بنەمایەکی جێگیر لە عێراقدا بۆ سیستەمی فیدڕاڵی کەوتە جوڵە، تەکید کەشێکی نوێ لە عێراق دروست دەبێت، سەرۆککۆمار ئەوکاتە کاک نێچیرڤان بێت، یان کاک بەرھەم بمێنێتەوە، یانیش پۆستەکان ئالۆگۆر بکرێن سەرۆککۆمار و سەرۆکی ھەرێم، گرینترینیان وەک کاک نێچیرڤان دەڵێ، دامەزراوەیی بوون گرینگە، کە ھەمیشە جەخت لە عێراقێکی بنەما جێگیری فیدڕاڵ لەسەر حوکمڕانی تەندروست دەکاتەوە. ھەرخۆیشی عێراقییەکان تێدەگەن، نێچیرڤان بارزانی لە کوێ بێت، ئاشتەوایی لەو شوێنەدا بوونی دەبێت، چونکە کاریزمای نێچیرڤان لەوەدایە کە ھێزی خولقاندنی پێکەوە ژیانی ھەیە، ئەمەش یەکێک لەو زەروورەتەیە کە ئێستای عێراق پێویستی پێیەتی. ھەر لە پۆستی سەرۆککۆمار نا، بەڵکوو لە ھەرێمەوە دەتوانێ ھێزە سیاسییەکانی عێراق کۆ بکاتەوە، ھەمیشە راوێژیش لە ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم وەردەگرێ، وەک لە چەند رۆژی رابردوو ھەمان کاری کرد و دووبارەو چەند بارەیش دەیکاتەوە.
د. كامەران مەنتك مردن پڕۆسەیەكی سروشتیە، لەگەڵ پڕۆسەی لەدایك بووندا لەدیك دەبێت، لەنێوان لەدایك بوون و مردندا هێڵێكی باریك هەیە، كە پێی دەگوترێت ژیان، كاروانی گەشەسەندنی مرۆڤ لەسەر ئەو هێڵەدا لەدایك بەڕێوە دەچێت، گەمە سیاسیەكانیش بە هەمان شێوە لەسەر هەمان هێڵ دەگوزەرێن و هەندێك دەیانەوێت لەپێناو درێژە پێدان بەو قۆناغەو هێنانەدی بەختەوەری ، مردن وەك ئامڕازێك لەپێناو مانەوەی خۆیان بەكاربهێنن، بەڵام مردنی خۆیان نا بەڵكو مردنی خەڵكانی تر!. بۆیە مردن، كە خاڵی كۆتایی ژیانێكی سروشتیە و گەڕانەوەیە بۆ دۆخێكی ترو گەڕێكی تر، زۆرینەی هەرە زۆری مرۆڤەكان لێی دەترسن، لەبەرئەوەی سروشتی مرۆڤ وایە لە هەموو ئەو شتانە دەترسێت، كە ئەو دیو پەردەكەی لا روونیە!. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ترسە زۆر جار جوان دەكرێت و هانی خەڵك دەدرێت بۆئەوەی لەجیاتی درێژەپێدان بەژیان بەخۆشحاڵیەوە نەك تەنیا بەرەو مردن هەنگاو بنێن بەڵكو بەكارێكی پڕ شكۆو قارەمانانەشی ببینین. ئەو جۆرە مردنە لەئاینەكان و كەلتوورە شۆڕشگێریەكاندا زاراوەی شەهیدبوونیان بۆ داناوە، ئەو زاراوایە بەشێوەیەك پیرۆزكراوە، كە وا لە خەڵك دەكەن بەراكردن بەرەو مردن هەنگاو بنێت، كە ئەمە پێچەوانەی سروشتە، لەبەرئەوەی پڕۆسەی ژیان دەكەوێتە سەر ئەو هێڵەی لەنێوان لەدایك بوون و مردندا هەیە، بۆئەوەی پڕۆسەكە بەشێوەیەكی سروشتی بەڕێوەبچێت، بنەماكە ئەوەیە مرۆڤ بەشێوەیەكی سروشتی هەنگاوەكانی دوای لەدایك بوون ببڕێت و بەسەر هێڵەكەدا رەتبێت تا دەگاتە خاڵی كۆتایی، واتە مردنەكە، كورتی و درێژی هێڵەكە، واتە ئەو رێگایەی لەنێوان خاڵی یەكەم(لەدایك بوون) و خاڵی دووەم (مردنەكەدا) هەیە هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێت، لەبەرئەوەی ئەویش پڕۆسەیەكی پوختی سروشتەو هەندێك مرۆڤ بەهێزو هەندێكی تر بێهێزو هەندێك لەشساغ و هەندێكی تر بەكۆمەڵێك نەخۆشیەوە ژیان دەگوزەرێنن. ئەم دۆخە لەنێو هەموو بوونەوەرەكانی تر بە وەستاوو (داروبارەكان) بزۆكیانەوە(ئەوو بوونەوەرانەی تر، كە لەشوێنێكدا سەقامگیر نین، یا بەقاچەكانیان دەجولێنەوە یاخود بە باڵەكانیان دەفڕن، لەنێویشیاندا مرۆڤ. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لەو باسەدا ئەو یاریانە، كە لەسەر هێڵەكانی ژیان دەكرێت لەپێناو نزیك كردنەوەی مردن بۆ هەندێك كەس بە مەبەستی درێژكردنەوەی ژیانی هەندێكی ترە. كەواتە بەشێك لەمرۆڤەكان هانی خەڵكانی تر دەدەن لەپێناو مانەوەو درێژكردنەوەی ژیانی ئەواندا بمرن، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین رێگاو شێوازی جیاجیا بەكاردەهێنن و مردن لە پڕۆسەیەكی سروشتی دەكەنە ئەفسانەیەكی پڕ لە قارەمانیەتی، لە هەمان كاتدا ئەگەر مردنی كەسانی تر نەكەوێتە خزمەت مانەوە درێژكردنەوەی تەمەنی ئەوان، ئەوا مردنەكە هێندە ناشیرین و قێزەون دەكەن، بەشێوەیەك نەدرێت مەراسیمی لەگۆڕنان و شاردنەوە، بۆ وەك جەستەی مرۆڤێك بۆ كەسە مردووەكە ئەنجام بدرێت، وەك ئەوەی سۆفركلیس لە شانۆنامەی ئەنتگیونا باسی دەكات. سیاسەتمەداران و سەرمایەداران و پیاوانی ئاینی، هانی مرۆڤەكانی تر دەدەن بۆ ئەوەی هێلەكەی ژیانی خۆیان بپچڕێنن و لەپیناو گەیشتن بەو بەهەشتەی بۆیان دروست دەكەن و ئەو نیشتمانەی بۆیان دادەتاشن و ئەو ئازادیەی خۆیان لێیان زەوتكردوون، بمرن و ژیانی سروشتی خۆیان نەژین. واتە لەژێر دەیان بچم و ناوی جیا جیادا بە بێئەوەی بەخۆیان بزانن ژیانی خۆیان بكەنە قوربانی بەرژەوەندیەكانی ئەوان و لەپەنای بەهەشت و نیشتمان و ئازادیدا، ژیانی خۆیان لە پیناو مانەوەو خۆشگوزەرانی بەرژەوەندیەكانی ئەواندا بەخت بكەن!. بەداخەوە كەلتووری خۆشەویستكردنی مردن و خۆزگە خواستن بەمردن، لەناو كورددا ئێجگار بەهێزەو تەنانەت لەناو ئەدەب و رۆشنبیری و گۆرانی كوردیشدا رەنگی داوەتەوەو برەوی پێدراوە. كەم گۆرانی هەیە ئەوەی تییا نەبێت، كە كاكی گۆرانیبێژ حەز نەكات كاتێك تێر لە باڵای یاری رادەمێنێت، گیانی شیرینی دەرنەچێت، (راستە مردن ناخؤشە بەڵام ئاواتی منە!). ئەم بیركردنەوەیە ئەفسانەییە بێڕێزیكردنە بەرامبەر خودی پڕۆسەی ژیانەكە، چونكە ژیانە سروشتیەكە واناخوازێت لە یاری رامیێنێت و گیانی دەربچێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە وادەخوازێت، كە تا كۆتایی هێلەكەی ژیان لەگەڵیدا بمینێتەوەو بەو هۆیەوە بەختەوەری و ژیانێكی ئاسوودە بەدەست بێنێت!. كام گەنجی كورد هەبووە خەون بەوە نەبینیت لەسەر چیایەكەوە نەوەستابێت و تفەنگی لەدەست نەبێت و بەرگری لەوڵاتەكەی بكات و لەولاشەوە یارەكەی چركە ساتی ئاویكەو مردنەكەی ببینێت!. بڕۆ ناوچیرۆك و ئەفسانەو لاوك و حەیران و گۆرانی گوردی بەدەیان نمونەی لەو بابەتەت بەرچاو دەكەوێت. لەراستیدا ئەوە نەخۆشیەكە لەبیركردنەوەو پیویستی بەچارەسەری هەیە، بەرامبەر ئەوەی، كە چین و توێژو خەڵكانی سیاسەتمەدارو بەناوئایندار مردن خۆشەویست دەكەن، پێویستە رۆشنبیران و هزرمەندان مردن بخەنەوە چوارچێوەی پڕۆسە سروشتیەكەی خۆیەوەو رێگا نەدەن، هیچ كەسێك ژیانی كەسانی تر لەپێناو مانەوەو درێژەپێدان بەژیانی خۆی بەكاربێنێت، هێندەی پەیوەندی بە تاكی كوردیشەوە هەیە، دەبێت هان بدرێت و فێری هونەری ژیان بكرێت نەك هونەری مردن، لەبەرئەوەی تاوەكو لە بەهای ژیان تێنەگات هەرگیز ناتوانێت بەهای مردنەكەی بزانێت، چونكە ئەمانە هەمووی بەیەكەوە كۆی پڕۆسەیەكی تەواوە، (لەدایك بوون، ژیان و ئینجا مردن)، بەم چەشنە ژیان دەكەوێتە پێش مردنەكەو ئاسایی دەبێت ئەگەر لەپیناو مانەوەو ژیانەكەدا مردنیش هەڵبژێردرێت، ئەوكاتە بابەتەكە دەكەوێتە دووتوێی خەباتكردن لەپیناو مانەوەدا نەك مردن لەپیناو ژیانی فریوبازو سیاسی پیاوە ئاینی و ئایدیۆلۆژیستە ساختەچیەكانەوە!.
ستەم کامیل بواری ڕۆژنامەگەریی بە مانا هەرە فراوانەکەی لە هەرێمی کوردستان لە قەیراندایە، ئەم قەیرانە چەند ئاست و ڕەهەندێکی سیاسی، فکری و ئەخلاقی و پیشەیی هەیە، ئەوەی لەمڕۆدا پێویستە بە خێرایی بیرخۆمانی بهێنینەوە مەسەلەی ئامانج و ڕۆڵی سەرەکی بواری ڕۆژنامەگەرییە، ڕۆڵی سەرەکی بواری ڕۆژنامەگەری و میدیا بریتە لە پێدانی زانیاری دروست، سەرڕێگەخستنی گفتوگۆ و دایەلۆگ لە پانتای گشتیدا، هەروەها، ڕەخنەکردن، چاودێریکردن و پشکنی بڕیار و سیاسەتەکانی دەسەڵات و حکومەتە. بە مانایەکی تر، میدیا کاری ڕوناکی خستنە سەر جوگرافیا شاراوەکانە، ئەرکی دەرگیربونی ڕەخنەیی و پشکنینی وردی پرس و بڕیارە گشتیەکانە لە پێناو هێنانەدی و پاراستنی بەرژەوەندی گشتیدا. لە کوردستان، بواری ڕۆژنامەگەری بەگشتی و کایەی میدیا بە تایبەت، لە ئەرکی سەرەکی خۆی بەتاڵکراوەتەوە. میدیا و پرسیار و خەمە گشتیەکان بەشێک لە کاری میدیا کردنی پرسیاری گەورە گرنگە لە دۆخی سیاسی، ئابوری و کلتوری و یاسایی و، پشکنینی لایەنە نادیار و شاراوەکانی ژیانی گشتیە. میدیای سەرکەوتو لە دنیادا، بە پرسیارە جدیەکانیدا ئەناسرێتەوە نەک بەو وەڵامانەی کە ئەیانداتەوە. چونکە هەمیشە پرسیارە گەورە و گرنگەکان تەمەنیان زۆر درێژترە، وە بەردەوام وەڵامەکانیش چەند باش بن، کاتی و تێپەڕن. لە هەر سەردەمێکدا ژیابێت، مرۆڤ بەردەوام هەوڵی داوە چەندین پرسیاری گرنگ و گەورە لە خۆی بکات، هەمیشە پێویستمان بەوەیە بپرسین: ئایا چۆن کۆمەڵگەیەکی باشتر لە ڕوی دادپەروەری و یەکسانیەوە دروست بکەین؟ چۆن وا بکەین هەموان بە یەکسانی دەستمان بە کەرەستەکانی خۆشگوزەرانی بگات؟ چۆن یەکسانی لە بەردەم یاسادا فەراهەم دەبێت؟ داهاتی گشتی چۆن کۆدەکرێتەوە، چۆن دابەش دەکرێت و چی لێ بەرهەم دێت؟کێ حوکمڕانی دەکات و لەسەر چ بنەمایەک؟ دەیان و سەدان پرسیاری تری گرنگ. کاری زۆرێک لە میدیاکانی کوردستان ئەوەیە نیە ئەم پرسیارە گەورە و جدیانە بکەن، خەمی گشتیان هەبێت، بەڵکو بەردەوام خەریکی وەڵامدانەوە و بیانوهێنانەوەن بۆ دۆخی باو. کاتێک بەشێک لەو پرسیارانە بە بچوکراوەی ئەکەن، لە ڕوانگەی بڕوابونیان نیە بە کردنی پرسیاری گرنگ، بەڵکو لە گۆشەنیگای پێدانی وەڵامی ئامادە و حازر بەدەستەوەیە. بەمانایەکی تر، زۆرێک لە میدیاکان وا لە هاوڵاتیان ناکەن کە بیربکەنەوە و هەندێک لایەنی شارەوەی ژیانی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان بخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو هەوڵی قەناعەتپێکردنیان و هێشتنەوەی دۆخی باو دەدەن. ئەوان وەڵاممان ئەدەنێ نەک ڕوبەڕوی پرسیاری گەورەمان بکەنەوە. گەر کەسێک بیەوێت لە ئەمڕۆدا بزانێت پرسیارە گەورەکانی میدیای کوردی چیە، ئەبێت چی دەست بکەوێت؟ بەڵام زۆر ئاسان هەمان کەس ئەتوانێ کۆمەڵێک وەڵامی کۆن و سواو ئامادەی دەست بکەوێت. میدیا گەورەکان دۆخی باو و تێگەشتنی وەرگر ئەخەنە ژێر پرسیارەوە، نەک کاریان کوشتنی پرسیاری جدی و گەورە بێت. چونکە ئەوەی ئەمێنێتەوە پرسیار و خەمە گشتیەکانە، نەک وەڵامە تێپەڕەکان. میدیا و ئازادی کارکردن میدیا لە ئازادیدا ئەژی و لە کۆتکردندا ئەبێت بە پڕوپاگەندە و تەلقین و ئەمرێت. زۆرینەی میدیاکانی کوردستان لە قەفەسی بنەماڵە، سەرۆکی حزب، مەکتەبی سیاسی، حزب، گروپ، دەستە و تاقمە چەکداریەکاندان. هەر بۆیە کاری میدیا ئاراستەکردنی پرسیاری گەورە و گرنگ نیە لە دەسەڵات و مۆڵگەکانی هێز، بەڵکو پاراستن و جوانکردنی دەموچاو و هێشتنەوەی دۆخی باوە وەک خۆی. میدیا گەورەکانی ئێمە، میدیای دروستکردنی وێنەی جوانن بۆ خاوەنەکەی یاخود خاوەنەکانیان. بۆ ئەوەی بزانین ئەجندای کاری میدیایەک چیە، پێویستە سەیری ئەوە بکەین کە قسە لەسەر کێ و چی ناکات، نەک ئەوەی کە قسە لەسەر کێ و چی ئەکات. بەمانایەکی تر، بۆ زانینی ئەجندای شاراوەی هەر میدیایەک، ئەبێت بزانین کە قسە لەسەر کێ و چی بابەتێک ناکات. "میدیاکان"ی ئێمە زیاتر خەریکی تەلقین و پڕوپاگەندەن، نەك کاری ئازا و ئازاد، چونکە بارمتەی کاستی سیاسین و لە قەفەسی بەرژەوەندیەکانی ئەواندان. میدیا و متمانە متمانەی هاوڵاتی بە میدیایەک گرنگترین پێوەری سەرکەوتنە بۆ ئەو میدیایە. میدیا بۆ ئەوەی سەربکەوێت، پێویستە بەردەوام هەوڵی دروستکردنی متمانە بدات لە نێوان خۆی و خەڵکدا. ئەمەش لە ڕێگەی گواستنەوەی دروست و ڕاستەقینەی هەواڵ و زانیاری و شیکردنەوەکانەوە دەبێت. هەڵبەت ئەم متمانەیە ڕێژەییە و لە میدیایەک بۆ میدیایەکی تر، لە کۆمەڵگەیەک بۆ یەکێکی تر، لە کاتێک بۆ کاتێکی تر ئەگۆڕێت. لای ئێمە زۆرینەی میدیاکان، خەریکی کێبڕکێی لایک و کۆمێنت و خێرایین لەسەر حسابی ڕاستی و دروستی ڕوداو و زانیاریەکان، پێشبڕکێکە ئەوە نیە کە کێ زۆرترین ڕاستی ڕوداوەکانی لایە، بەڵکو ئەوەیە کە کێ بە زوترین کات، بەشێوەیەکی وروژێنەر قەزیەیەک دروست ئەکات تا زۆرترین کرتەی ئەلیکترۆنی هەبێت. لە ململانێیەکی لەم جۆرەدا، ئەوەی قوربانی یەکەمە گوێگر و بیسەر و خوێنەر و هەقیقەتە. میدیا و پاڵەوانی ساختە و ڕاستەقینە پرسیار و خەمە گشتیەکان ئەبێت پاڵەوانی میدیا بن، نەک کەس و فیگەرەکان. میدیا کاریگەرەکانی دنیا، خەریکی دروستکردنی فیگەر و پاڵەوانی ئەلیکترۆنی نین، بەڵکو خەریکی بە پاڵەوانکردنی پرس و بەرژەوەندی و خەمە گشتیەکانن. سەنتەری ئەم میدیایانە پرسە گشتیەکانە و ناو و فیگەرەکانیش هەر بۆ خزمەتی ئەم سەنتەرە دێنە سەر شاشە جۆراوجۆرەکان، لای ئێمە ئەم وێنەیە تەواو پێچەوانەیە زۆرێک لە میدیاکان کۆمەڵێک فیگەر و پاڵەوانی ساختەیان دروست کردوە کە هیچ سودێکی گشتیان نیە، وە پاڵەوانە ڕاستەقینەکەیان فەرامۆش کردوە کە بەرژەوەندی و سودی گشتیە. بۆ ئەوەی میدیاکانی ئێمە ببن بە میدیای کاریگەر و ڕاستەقینە، ئەبێت لە کارکردن بۆ خەمی شەخسی کەسەکان بپەڕنەوە بۆ کارکردن بۆ پرسە گشتیەکان. بەمانایەکی تر، ئەبێت سەنتەری میدیا پرسە گشتیەکان بێت نەک فیگەرە گشتیەکان. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و میدیا لە سەدەی بیست یەکدا، بەهۆی گەشەی بەرفراوانی تەکنەلۆجی و بچوکبونەوەی جیهانەوە (جیهانگیری)، ئێـمە مامەڵە لەگەڵ دنیای "زۆری زانیاری" و "لێشاوی زانیاری" دا ئەکەین. زیادەی زانیاری دۆخێکە کە مرۆڤ لە هەمو ڕویەکەوە زانیاری بەسەردا ئەبارێت. لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان بیگرە بۆ مۆبایل، لاپتۆپ و تابەکانەوە تا ڕادیۆ و سۆشیاڵ میدیا و ئەوانی تر. لەم دۆخەدا، ئینسان لەیەککاتدا، زانیاری جیاواز، زانیاری هەڵە، زانیاری بەمەبەست ئاراستەکراو، زانیاری دروستکراو، زانیاری درۆ، زانیاری دژ بەیەکی دەست ئەکەوێت. لێرەوە، ئەرکی مرۆڤ زۆر قورس بوە بۆ زانینی هەقیقەتی پرس و ڕوداوەکان. ئینسان بە قورسی بڕیاری بۆ ئەدرێت و بە ئاسانی بەلاڕێدا ئەبرێت. بۆیە، لە هەمو کات زیاتر پێویستمان بە توانستەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە. چەکی دەستی هاوڵاتیەکی کارا لە سەدەی بیست و یەکدا بیرکردنەوەی ڕەخنەییە، کاتێک لەگەڵ میدیایەکدا دەرگیر ئەبین پێویستە زۆر ڕەخنەییانە تەماشا بکەین، بخوێنینەوە و گوێبگرین ،نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ئەبێت زۆر ڕەخنەییانە دەرگیری پرۆسەی سیاسی و جوڵە کۆمەڵایەتیەکانیش بین. مرۆڤی بێ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، مرۆڤێکە ئاسان لە لایەن میدیاوە قوت ئەدرێت. کاتێک دێتە سەر زۆرێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان، چەکی دەستی وەرگر ئەبێت بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بێت. ئەبێت هەمیشە ئاگاداری وێنە بینراوەکان، مانشێت و هەواڵەکان، دەمو چاو و پاڵەوانەکان، جوڵە و قسەکان، هەواڵ و ڕیپۆرتاژەکان، ستون و پەیامنێرەکان و پەیامە شاراوەکانی پشت میدیا بین. یەکێک لە دەرچەکانی ئەم واقیعە، گەشەپێدان و بە کلتورکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە. هاوڵاتی هۆشیار ئەو کەسەیە کە ڕەخنەییانە بیرئەکاتەوە کاتێک کۆنتڕۆڵی تەلەفزیۆنەکەی بەدەستەوەیە، هەمان ئەو کەسەیە کە ڕەخنەییانە بیر ئەکاتەوە کاتێک لەسەر لاپەڕەکانی سۆشیاڵ میدیا دێتە خوارەوە. * مامۆستاى زانکۆ
سالار مەحمود رۆژنامەگەری کوردی هێشتا لۆکاڵیە دوای چارەک و سەدەیەک هێشتا رۆژنامەگەری کوردی لە دامێنی پرسی نیشتمانیدایە. سەرەڕای بونی یاسای رۆژنامەگەری و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری و یاسای چاپەمەنی. ئەم کایە تەژیە لە کێماسی. زمانی رۆژنامەوانی ناڕێکخراوەو کایەکە کەرتبوە بەسەر گروپ و حیزب و باڵەکانیدا. کاریگەری ئەم کەلێنانە بەسەر ژیانی گشتیەوە دیارە. زۆر جار وا هەست دەکەی رۆژنامەگەری لەبەرەی نەیاری ئازادیە گشتی و تاکەکەسیەکانە، لەبەرەی فراوانبونی توندوتیژیەکانە. سەرەڕای فرەیی کەناڵ و تۆڕەکانی پەخش و بڵاوکردنەوە سەرباری هەبوونی رۆژنامەنوسی کارامەو دەم و خامەی بەبڕشت پاشەکشەی زۆر هەیە لە ئاستی دەستگرتن بەبەهاکان. زمانی جیهانی و گەردوونی ونە لەناو میدیای کوردستانداو لەبازنەی داخراودا هەر خۆبەخۆ دەنگە دەنگ دەبیسترێت نەک گفتوگۆ. حکومەت و دەسەڵاتە گشتیەکان بێ کاریگەرو ئامانجن لە بایەخدان بە پاراستنی بێلایەنی کەناڵەکان و، نەبوونی کەناڵی فەرمی بۆشاییەکی ترە. لەکاتێکدا حوکمڕانان کەناڵی تایبەت بەخۆیان هەیە لەسەر سامان و خەزێنەی گشتی بەڕێوە دەبرێن. ئەم پرسە پێویستی بە توێژینەوەو ئینجا هەڵوەستەکردن هەیە، بەمژارکردن لەلایەن ناوەندە ئەکادیمیەکانەوە کە ئەوانیش هێشتا بێ سەنگن لە گۆڕینی پارسەنگەکان. بەپێوەری زانستی میدیا دوو ئەرکی سەرەکی هەیە لەبەجێهێنانیدا دەبێتە دەسەڵاتی چوارەم. یەکەم گەیاندنی زانیاری و بەدواداچوون، دووەم دروستکردنی رای گشتی. بەداخەوە میدیای کوردی بێبەریە لەبەدیهێنانی ئەم ئامانجانە.
سەلیم كۆیی (واز لە وتاری سەر شاشەکان بێنن و روفاتی کەس و کارمان بۆ بێنەوە) سەرەتا بەپێویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر ئەوەی تاکە شتێک هانی دابم لەسەر ئەم پرسە بنوسم ئەوەیە کەبەهۆکاری ئەوەی خۆم کەس وکاری ئەنفالم ولەنزیکەوە ئاگاداری دۆخەکە و ئازاریانم ئەگەرنا لەڕوانگەی سیاسی و خوێندنەوەی واقیعی دەسەڵاتی کوردی و حزبایەتی لەم هەرێمە هیچ ئومێدێکیان نەهێشتۆتەوە و بارودۆخەکە بەجۆرێک شپرزەو ئاڵۆزکراوە وەک دەڵێی لەوە خراپترە بەنوسین بخرێتەڕوو ! بەڵکو پڕۆسەی ئەنفال کراوە بەئامرازی دەستکەوت بۆ حزب و دەسەڵات. ڕاستی ئەوەیە هەر لە سەرەتاوە دیار بوو خوێنی ئەنفال کراوان بە هەدەر چوو،ئەوە بێخەمی بەرپرسانی شۆڕش و کوردایەتی بوو پێش پڕۆسەی ئەنفال کوردستانیان کردە مەیدانی جەنگی عێراق و ئێران ، چەندجار! عێراق ئێرانی لە بەسرەو فاو دەردەکرد کەچی ئێوە لە کوردستان داخلتان دەکردەوە هێنایەوە، ئەوە جگە لە لێدانی کەرکوک و هێنانی سوپای پاسداران بۆ ناو هەڵەبجە و چەند شوێنێکی تریش وەک بڵێی پێشتر نەخشەی بۆ دانرابێ کە ناوچەکە ئاوای لێ بکرێ،مەگەر دەتانویست خەبات و کوردایەتی بە سوپای پاسدارانەوە بکەن، کوردستان و خەڵکی بەش مەینەتی دێهاتەکانیش بەردەوام لەژێر هێرش و هەڕەشەی شەڕی ناوخۆ و ژیانی کولەمەرگی ناو کونە تەیارە و خزمەت کردنی دوشۆرش دورلە هەموو خزمەت گوزاری یەک جێبهێڵن و لە کۆتایی دا و لە پاداشتی ئەو هەموو ناخۆشی یە سەرانی شۆڕشگێڕ و حیزبەکان تەنانەت ئامادە نەبون ئاگاداری یەک دێهاتیش بکەنەوە کەحزبی بەعس بەرنامەیەکی نەگریس و گەڵاوی لەم جۆرەی هەیە، لەکیمیابارانکردنی هەڵەبجە بیانوتان ئەوەبوو کەئاگاداری پێش وەختەتان نەبوە کیمیاباران دەکرێت، ئەی بۆ ئەنفال چی دەڵێن؟! ئەنفال هەشت قۆناغ بوو لەماوەی شەش مانگ دا ئەنجام درا بۆ ئامادە نەبون یەك دێ یا ناوچەیەك ئاگادار بکەنەوە؟! ئێستا چی لە تاجەگوڵینەی درۆینە بکەین کە ئەوەش لە سەر قوتوت و موچەی بڕاوی ئەو خەڵکە یە! یادی سی و سێ ساڵ چی دەگەیەنێت کە تاکو ئێستا روفاتەکان هەر لە بیابانەکان و ناوەڕاستی عێراقن ، کەس وکاری ئەنفال چاوەڕوانی کامە ژیانی شایستە بێ کەنیە ،ئاخر زۆربەی زۆری کەس و کاری ئەنفالکراوان لە حەسرەتی چاوەڕوانی دا کۆچی دواییان کرد ،سی ساڵ بەس نی یە کە نەتان توانی ئەو خەڵکە لەژیانی کولە مەرگی رزگار بکەن. ئاهی مزلومیەتی ئەنفال کراوان سەران و بکەری ئەو تاوانە گەورەیە بوو کە تەخت و تاراجی لە حیزبی بەعس تێکداو و بەهیچ شتێکی خۆیان رانەگەیشتن بۆیە تا ماون دەبێت بەو دەردەوە بناڵێنن، ئێوەی دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردی واز لە وتاری سەر شاشەکان بێنن و روفاتی کەس و کارمان بۆ بێنەوە تا ئێمەش بە حەسرەتی ئەوانەوە سەرنەنێینەوە لەژیانی شایستەی ئێمە گەڕێن کە نایبینین ژیانی شایستە بۆخۆتان. سڵاو لەڕوحی سی وسێ سالەی ئەنفالکراوان بێت چاوەڕوانی تەرمی پیرۆزتانین.
رێبوار کەریم وەلی ئەگەرچی قانونی نوێی ھەڵبژاردنی بەغدا پڕ بەدڵی پارتی و یەکێتییە، کەچی چەند خاڵێک ھەن کە ئەو دڵخۆشییەی لێتێکداون و سەبەبی قەلەقین. * بەنسبەت پارتی و یەکێتی راستە کە ئەمجارە رێژەی بەشداریکردنی خەڵک کاریگەریی بەسەر ئەنجامەوە نابێ، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ھەر لایەنێک خۆی لە بەرەی بایکۆتکردنەوە بکاتە خاوەن دەبێتە براوەی بێ کورسی. * قەلەقییەکی دیکە رەنگبێ تەزویر بێت ئەگەر بە رێککەوتنێکی ھاوبەش نەکرێت؛ سیستەمەکە لە سۆنگەی ئیفلاسی سیاسی و جەماوەریی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رابردوو، بە دەیانھەزار دەنگی سەرگەردانی کۆڕۆنا گرتووی حزبەکانی دیکەی لەسەر سینیی زێڕ داناوە. ئەو دەنگانە چاوەڕێی ئەوە نین بچنە ناو ھیچ سندوقێکەوە، بەڵام گرفت ئەوەیە چۆن بتوانرێ لە سوچێکی سندوق قەرەنتینیان بکەن؟ ھاوکات بیانکەن بە پێوەرێک بۆ ژمارەی دەنگەکانیان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستاندا!؟ * بەنسبەت یەکێتی کە کۆنگرەی کردووە و تاڕاددەیەک سنوری بەرپرسیاریەتی و بڕیاردانیان لە ناوچە جیاجیاکاندا دابەش کردووە، جارێ لە رووی ناوخۆییەوە کێشمەکێشێکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە. بەتایبەتیش کە ئیتر کێشەی بەرھەم ساڵحیشیان نەماوە، بەڵام بە نسبەت پارتی، سەنگی مەحەک کۆنگرەی چاوەڕوانکراوە کە تا چ راددەیەک دەتوانێ ناوماڵی پارتی بە تۆکمەیی رابگرێت. * رەنگبێ لە رووی سیاسییەوە ھینە قۆڕەکەی ئەم ھەڵبژاردنانە و تەئەمولی قوڵ، جۆری مامەڵەی ھەردوو حزب لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بێت. گۆڕان تەنانەت گۆڕانی ھەڵبژاردنەکانی رابردووش نییە تا لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەی ھەیبووە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. * پارتی بۆ حوکمی ناوەندی و یەکێتیش بۆ حوکمی ناوچەیی پێویستییان پێیە، بەڵام لە راستیدا، بە پێی داتاکانی ھەڵبژاردنی پێشووش بێت، بەو سیستەمەی ئێستا، ھەرکەس یەک کورسیش بدات بە گۆڕان دەبێ وایدابنێ لە گیرفانی خۆی و لە مایەکەی بەخشیویەتی! بەتایبەتیش ئەگەر ھەندێک لە فیگەرە ناڕازییەکانی گۆڕان خۆیان کاندید بکەن، رەنگبێ رێکەوتنیش دادیان نەدات. * راستییەکەی کەس حاڵی بە حاڵی گۆڕانی سێ جار کۆیلە(ساحێبخانووەکان، پارتی و یەکێتی) نەبێت. تراژێدیایەکی سیاسیی حەزین و ئیمپراتۆرییەتێکی دەرۆزەکەر لە دەرۆزەکەران...ئەلفاتیحا!
چالاك ئاغجەلەری بەئاوڕدانەوە لە مێژووی دینی ئیبراهیمی و راکێشانی کێشمەکێشە سیاسیەکان و تێوەگلانی بە بابەتی جیاوازی لە مەعرفە و گەیاندنی ئیلهامی خوداکەیان، زۆرێک کێشە و گرێی نەکراوەی بەجێهێشت کە تائەم ساتەش هەر لەو کێڵگە ڕەقەدا تۆوەکەی ئەچێنن ، بێجگە لە ڕق و رووبەڕووبوونەوە هیچی لێ سەوز نەبووە، هەرچەندە ئەم ئەربابە پەیامبەرانە خوێنی یەکترن کە یەکێکیان سەر بە نەوەی ئیسماعیلە کە ئیسلامە و ئەوەی تریان سەر بە نەوەی یەعقوبە کە یەهودە لە کاتێکدا هەردووک لە خۆێنی ئیبراهیمن، ئەو کێڵگە ڕەقەش پێیدەڵێن فەلەستین یان پالەسیتاین. بەگێڕانەوە و گرێدانی ئەم مێژووە بۆ سەرهەڵدانەوەی کێشەکە بە نەمانی دەوڵەتی عوسمانی دێت کە ٤٠٠ ساڵ ئەو خاکەی لەژێر دەست بوو کەسێک نەبوو دەنگی خاوەندارێتی بەرزبکاتەوە لەمەڕ ئەو زەویە کارەسات هێنە، بەکۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم ساڵی ١٩١٧ بڕیاری دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ جوەکان درا لەسەر زەوی فەلەستین ، ئەم ئایدیایەش لە دایک بووی رەهەندی ئینگلیزبوو وەک براوەی جەنگ کارتەکەی خستە سەر مێزی بەشە بەشێنە و ئاکام دوای ئەو هەموو بەرهەڵستیەی نەوەی ئیسماعیلەکان، نەوەی یەعقوبی گەیشتنە خواستی خۆیان ساڵی ١٩٤٥ دەوڵەتی جوویان بۆ دەمەزراند بە ناوی ئیسرائیل. لەم ساڵەوە دەوڵەتی ئیسرائیل بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕۆژ بەڕۆژ و ساڵ بەساڵ بەهێزتر دەبوو، سەرباری کۆی ئەو ئاستەنگ و دژایەتیانەی بەرامبەری کرا وە یاخود ئەم بەرامبەر دژەکانی دەیکرد، ئەمەش بە پشتیوانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لەسەر جەم بوارەکاندا، کار گەیشتە ئەوەی ئەم دەوڵەتە ٨ مليۆنیە ببێتە خاوەن ٨ کڵاوەی ئەتۆمی ، ئەمەش بۆ خۆی زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەر هێرشێک بەروو ڕووی ببێتەوە. بە تێپەڕینی ساڵەکانی شەڕی سارد ،پێگە و مەکانەتی ئەم دەوڵەتە بۆ ڕۆژئاوا گەرمتر و پڕ بایەختر دەبوو هەرچەندە لە شەڕی نۆکەندی سوێسی ساڵی ١٩٥٦ بەرامبەر میسر ، ئەمریکا پشتیوانی نەکرد بەڵام پێگەی جيۆپۆلەتیکی هێند بەهێز بوو وەک پێگەی ستراتیژی بلۆکی ڕۆژئاوا خەسڵەتی گرتبوو، هەرچەندە ئەم گەرمو گوڕییە لەگەڵ ڕوخانی دیواری بەرلین ساردبوونەوەیەکی باشی بەخۆوە دی بەڵام لە بەهێزی خۆی چاوەکانی لەسەر لا نەچوون!! کێشە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەخیر دەرکەوتنی دەسەڵاتێکی ڕەشی وەک داعش ئەستێرەی جووەکانی گەشتر کردەوە و هەروەها پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئآشتی نێوان عەرەب-ئیسرائیل خاڵێکی بەهێزی ترە کە ئەمڕۆ دەوڵەت لە دوای دەوڵەت دەستی ئاشتی درێژ دەکەن بۆ جووەکان و ئەو شەرابە تاڵە( لە ئەجندای فیکری ناسیونالیزمی عەرەبدا) نۆش دەکەن ، کە کێشەی نێوانیان پێویستی بۆ دونیابینیەکی ترە بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆسپ و ئاستەنگەکاندا، ئەوەی ماوەتەوە دەست بۆ ئەوە ئاشتیە درێژ بکات دەوڵەتی عێراقە!، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی هەژموونی ئێرانگەرا ڕێگەکە پڕ هەڵدێرە لەم پەیوەندیە کە پێی ئەچێت حەوزەی نەجەف و سیستانی مەیلیان لێبێت ئەو ئاراستەیە بگرن ، ئەمەش کاتێک ڕوو دەدات کە ئێران لە حاشیەدا بێت. سەرە قەڵەمیش مەرج نیە سەتا سەت بۆ چوونەکە بپێکێت، بەڵام شرۆڤەیەکە بۆ ئەگەرێکی دوور مەودا هەروەها پاپای فاتیکانیش بەشێکە لە سیناریۆکە!!
حسێن عەلی شەریف لە شەوانی كۆتانەهاتووی باكوری نەرویجدا، لە چاوەڕوانی درێژخایەنی كەمپە دورەدەستەكەدا، لەیلا تاكە ڕۆشناییەك بوو بۆ هەمومان ! خەندەیەكی جوانی هەمیشەییو تیشكی چاوە سەوزەكانیو ڕوخساری ناسكی سەدەف ئاسای، ئەو دیمەنانە بوون كە تەواوی دانیشتوانی كەمپەكە وزەیان لێوەرئەگرت. لەیلا هەموو (موزڵیم)ەكانی خۆشئەویست، بەڵام لەبەرانبەر غەیرە موسڵمانەكاندا خۆی لائەداو نەیئەدواندن! هەر كەسێكی تازە ئەهاتە كەمپەكە، لەیلا لێی ئەپرسی: یو موزڵیم؟ ئیتر بە دیندارو بێدینەوە، بە ماركسیو عەلمانیەوە، بە كۆمۆنیستو ئیسلامیەوە بە كوردو ئەفغانیو سۆماڵیەوە هەر هەمومان لەبەرانبەر پرسیارەكەی لەیلادا ئەمانگوت: یەس ئایم ئە موسلیم! جوانیو میهرەبانیەكەی لەیلا، ئامرازێك بوو بۆ ئەوەی كە بێدینەكانیش ڕێز لە دیندارەكان بگرن. لەمانگی ڕەمەزاندا ئەوانەشی بەڕۆژو نەبوون لە ڕوویان نەئەهات لەبەرچاوی لەیلا نان بخۆن! كە نوێژیشی ئەكرد دەستەكانی جار جار ئەگرتو جاری واش ئەبوو لە كاتی خوێندنی ئەلحەمدودا بەدەنگی بەرز ئەیگووت: ئەلهەمدو لیلاهی رەبول ئالەمین ئەلرەهمانو رەهیم، هەردوو دەستەكانیشی بۆ ئاسمان بەرز ئەكردەوە. دیمەنی لەیلا لەكاتی نوێژكردندا كە بەشێوەی خۆی ئەیكرد هێندە جوانبوو كە هەمومانی ئەوەستاندو سەری پێ ئەكردینە خوار. ئەو ئەگەرچی جگە لە زمانی چیچانیو ڕوسی هیچ زمانێكی تری نەئەزانی، بەڵام تەنها بە خەندەو میهرەبانیەكەی لە هەمومان ئەگەشتو هەموشمان لەو ئەگەشتین. ئەو ڕۆژەی ئەبو مەروانو ژنەكەی هاتنە كەمپەكە، پێچەوانەی لەیلا جگە لەهەندێك عەرەب سڵاویان لەكەسی تر نەئەكرد. ئوم مەروان سەراپای داپۆشراو بوو، عەقڵو خەندەو ڕێزگرتنی بەرانبەریشی هەمانشێوە! لەیلا هەموو ئەوانەی كە بە زمان ئەیانگوت ئایم ئە موسلیم، بە براو خوشكی خۆی ئەزانیو هەرگیز شتەكانی تر بۆ گرنگ نەبوو. ئوم مەروان تەنها ئەو ژنانەی بە موسڵمان ئەزانی كە وەك خۆی داپۆشراو بوون، ئەبو مەروانیش جگە لە هەندێك كەس تەواوی دانیشتوانی بە كافر ئەبینیو كێشەی گەورەی لەگەڵ كوردە كافرەكانی (خۆی گوتەنی) دۆستی ئیسرائیلدا هەبوو. ئەوەی لێی ئەترساین ئەوە بوو كە ڕویدا، ئوم مەروانو لەیلا بوون بە هاوڕێ. ئیتر لەوێوە پرۆسەی ئەبێتو نابێتو جائیزەو ناجایزەو قەبوڵەو قەبوڵ نیە دەستی پێكرد. بەر لە هاتنی ئەو ماڵە فەلەستینیە، لەیلا خودای لەڕێگەی هزرو بیركردنەوەی خۆیەوە ئەناسیو عیبادەتی بەپێی ویستی دڵ ئەكرد، بەڵام دواتر خودایان لەڕێگەی دەقو یاسای مرۆڤەكانەوە پێناساندو عیبادەتیشیان لەڕێگەی قیلو قالەوە فێركرد. لەیلا لە خوشكە میهرەبانەكەی خۆی گوتەنی (موزڵیمەكانەوە) گۆڕا بۆ ئەو ژنەی كە جگە لە ماڵ ئەبو مەروان مەرحەبایی كەسی تر نەكات. لەیلا پێشوتر بەزمانە چیچانیەكەی خۆی قسەی لەگەڵ خودا ئەكردو ئەشیتوانی قسەكانی لە دڵیەوە بخاتە سەر زمانی، بەڵام كە دواتر فێریانكرد بە عەرەبی دۆعاكانی بكات، ئیتر جگە لەچەند داوایەكی بچوك كە بەهەڵە لە زمانیەوە ئەهاتە دەر هیچی تری نەئەتوانی. فێریانكرد كە دەستی ڕاستی بخاتە سەر دەستی چەپو لەسەر ناوكەی بیانگرێت، كە ئەشی پرسی بۆچی ئەبێت وابكەم؟ پێیان ئەگووت شەرع گوتویەتی ! لەیلایەكی ئیمانداری جوان ڕۆشتو لەیلایەكی دینداری داخراو هاتە جێگای! لەیلایەكی مرۆڤدۆستو خوداناسی جوان ڕۆشتو لەیلایەكی دورەپەرێزو دڵتەنگو ڕوودرژ هاتە جێگای! ئەو لەیلای كە بێدینەكانیش ڕێزیان لێئەگرتو شەرمیان لێئەكرد ڕۆشتو لەیلایەك هاتە جێگای كە ئیتر كەس گرنگی پێنەدات ! لەیلا ئیمانداربوو، بەڵام كردیان بە دیندار! باڵەكانی لەیلا لە كاتی ئیمانداریدا هێندە گەورەبوون كە ئەیتوانی بەئاسانی بگاتە لای خودا، بەڵام كاتێك كە ئەوان ڕێگای خودایان بۆ دیاریكرد ئیتر لەو باڵندە باڵكراوە ئەچوو كە تەنها چەند بستێك توانای بەرزبوونەوەی لە زەوی هەبێت! لەیلا سەد ڕێگەی هەبوو بۆ ناسینی خوداو بۆ خوداپەرستی، كەچی ئەوان نەوەدو نۆ ڕێگایان لێ داخستو تەنها یەك ڕێگایان بۆ هێشتەوە. بەدەست خۆم نەبوو لە دۆخی لەیلادا بیرم ڕۆشتەوە بۆ ئەو ساڵانەی تێكەڵی ئەبو مەروانە كوردەكان بووم، ئەو پیاوانەی كە عیبادەتی نەنە خەجێو خاڵۆ موستەفامیان بە عیبادەتی هەڵە ئەزانی، بەهۆی شێوەی دەستگرتنو قاچدانانی كاتی نوێژ. بیرم بۆ لای ئەو پیاوانە ڕۆشتەوە كە هەرچی ڕێگای خودا پەرستیە لە مرۆڤی ئەسەننەوە تەنها ئەو ڕێگا بە قەبوڵ ئەزانن كە خۆیان دیاری ئەكەن. لای ئەو پیاوانەی كە عیبادەت لایان تەنها خۆ برسیكردنو نوێژكردنەو ناشتنی نەمامو چارەسەری نەخۆشو دروستكردنی سەیارەو ئامێری پزێشكیو تەلەفۆنو فڕۆكە بە عیبادەت نازانن. بیرم لەو پیاوانە كردەوە كە هانی خەڵكی ئەدەن لە پێناوی خودادا مرۆڤ بكوژێتو ڕقی لە خەڵكانی تر بێت، لەكاتێكدا ئەبوو فێریان بكردایەن لەپێناوی خودادا ژیانی خەڵكمان ڕزگار بكردایەو لەپێناوی خودادا خەڵكیمان خۆش بویستایە!
پەیكار عوسمان (کوشتنی سیاسەت) کاتێ کە ئێمە پێمانوایە، سیاسەت یەعنی فڕو فێڵ و دزی و درۆو، ئیتر لەسەر ئەرزی واقعیش، هەر سیاسەتێکی لەو جۆرەمان ئەبێ و ناکرێ سیاسەتێکی ئەخلاقییمان هەبێ، لەکاتێکدا هەر خۆمان بڕوامان وایە کە سیاسەت شتێکی نائەخلاقییە. ئێمە لە تێگەیشتنمانەوە بۆ سیاسەت، سیاسەتمان کوشتووەو هەر لەوێشەوە ئەتوانین زیندوی بکەینەوە. سیاسەت یەعنی هاتنە دەرەوەی تۆ لە خۆت و کرانەوەت بە ڕووی ئەوانیترو فەزای گشتیدا. جا تۆ لە کوێ ی خۆتەوە دێتە دەرەوە؟ لە ئیرادەو ئاگایی و بەرپرسیارێتییەوە، یان لە ئەنانیەت و حەزی سوڵتەو بەرژەوەندییەوە؟ لەڕاستیدا ئەوە هاتنەوە دەرەوەی یەکەمیانە کە خودی سیاسەتە، ئەگەرچی هاتنە دەرەوەی دووەمیان باڵادەستە. باڵادەستبوونی دووەمیشیان ناکاتە ئەوەی کە ئیتر ئەوە شتەکەیە، وەکچۆن ئەگەر بە ڕۆژدا پەردەکان دادەیتەوە، بەوە دنیا نابێتە شەو. (کوشتنی ئەخلاق) ئەخلاق ئەوەیە کە عەقڵ و دڵ و ویژدان پشتگیری ئەکاو خۆی خۆیەتی و شتێکی تر ئەو نیە. کاتێك کە شتانێكی ترمان لێئەبێ بەو، ئیتر ئەخلاق ئەمرێ. تەنیا لەوێشەوە زیندو ئەبێتەوە، کە خۆمان لە بەدیلەکانی بتەکێنین و هۆشیاربینەوە بە خودی خۆی. خۆی ئەوەیە کە ناوەکیی و گشتییە. ناوەکییە چونکە لەناو خۆتدایەو تۆ هەر ئەونەی کە مرۆڤیت، ئیتر هەڵگری مرۆڤبوونیشیت. گشتییە چونکە مرۆڤبوون لەناو هەمووماندایە، کە ئەوەش عەدالەتی خوداو یەکسانیی ئێمەیە. بەڵام بەدیلەکانی ئەخلاق، ئەوانەن کە ناوچەیی و کاتی و دەرەکیین، یەعنی ئەشێ تۆ لەناو خۆتدا، بزانیت کە شتێك ڕەبتی بە ئەخلاقەوە نیە،، کەچی لە دەرەوەی تۆدا، کۆدەنگییەکی کۆمەڵایتی و نەریتی هەیە لەسەر ئەوەی کە شتەکە بابەتی ئەخلاق بێت! (کوشتنی خودا) کاتێ تۆ لەناو بەشە غەریزییە ئاژەڵییەکەی خۆتدا گیرئەخۆیت و خوداش دائەبەزێنیت بۆ ئەوێ، ئیتر ئەوە تەنیا کوشتنی ئەو نیە، بەڵکو کوشتنە بە سوکایەتی پێکردنیشەوە! حەزە سێکسییەکان، حەزی سوڵتەو زاڵێتی، پاڵنەرە غەریزی و سایکۆلۆژییەکان، داواکارییە نەریتی و کۆمەڵایەتییەکان.. ئەمانە هەن و بەشێکن لە ئێمە، بەڵام بەشە ئاگاکە نا. سادەترین ناسین و ڕێزگرتنیش لە خودا، ئەوەیە کە لینکی ئێمەو ئەو، لەڕێگەی بەشە ئاگاکەمانەوەبێت. کاتێکیش کە دین ئەبێت بە دوژمنی ئەم بەشەمان و کاری ئەبێت بە بێهۆشکردن و لێدانی عەقڵ، ئیتر ئەوە خواکوژی و پچڕانی لینکەکەیە. (کوشتنی مرۆڤ) کە سیاسەت کوژراو خاڵیکرایەوە لە ڕەهەندە ئەخلاقییەکەی. کە ئەخلاق کوژراو خاڵیکرایەوە لە خۆی و پڕکرا لە بەدیل و شەبیهەکانی. کە ئاگایی کوژراو هەر لەوێشدا خودا نێژرا. ئیتر سێکوچکەی مرۆڤبوون "جوانی و چاکی و ڕاستی" ئەمرێ. ئیتر ستەم و فەساد، جێگای چاکبوون ئەگرێتەوەو جەهل و وەهم، جێگای ڕاستی ئەگرێتەوەو جوانی ساختەو ڕووکەشیی، جێگای خودی جوانی ئەگرێتەوە. (کوشتنی کۆمەڵگا) کە مرۆڤبوونیش مرد، ئیتر کۆی شتەکان پێکەوە پاشەکشێ ئەکاو ئەوە وەهمەو ڕاست نیە، کە تۆ پێتوایە لە ڕووی زانست و تەکنەلۆژیاوە لەدواوەیت، بەڵام لە ڕووی ئەخلاق و خێزانەوە حاڵت باشە. بەڵکو لەڕاستیدا، سیاسەت و هونەرو زانست و ئەخلاق و خێزان و کۆی کایەکان، هەمووی پاکێجێکەو پێکەوە هەڵئەکشێ و دائەکشێ. (کوشتنی ژیان) کە کۆمەڵگاش مرد، ئیتر جەنگەڵ دەستپێئەکاو ساحەکە تەنیا هێزو کەڵبەی تیائەمێنێ و لێرەشەوە ژیان ئەمرێ. ئاخر فەزای ژیان هەر ئەوەیە کە حەق حوکمی ئەکاو فەزای مەرگیش هەر ئەوەیە کە هێز حوکمی ئەکات. (ژنکوشتن) کاتێکیش کە هێزو زاڵێتی، لەبری عەقڵ و حەق، سەروەرە، ئیتر ژن نابێتە هاومرۆڤی پیاو، بەڵکو ئەبێتە تەرەفی لاوازی هاوکێشەکەو بەشیشی هەر کوشتن و ستەملێکرانە. ئەمەش کۆتایی نایەت، تا کۆی تێگەیشتنمان بۆ سیاسەت، بۆ ئەخلاق، بۆ دین، بۆ مرۆڤ، بۆ ژیان، بۆ سێکس، بۆ شەرەف.. نەگۆڕین. یەعنی لەڕاستیدا ژنکوشتن تەنیا کاری پیاو نیە، بەڵکو کاری کۆی عەقڵیەتی کۆمەڵگاو ژینگەکەیەو ئەبێ کۆی ئەوەی کە هەیە بخەینە ژێر پرسیارەوە. ئەمەش بە دەسەڵات و ڕاگەیاندن و پەروەردەو یاساو مەلاو ڕۆشنبیرو هەموومان ئەکرێت.. بەڵام لە هەموو ئەو بوارە گشتییانە گرنگتر، ئەوە کە "من تۆ" خۆمان ئەو شتەی ناو سەرمان بخەینە ئیش و بیرێکی تر لە شتەکان بکەینەوە،، بەو هیوایەی کە عەقڵ ڕێگایەکی ترمان پیشان بداو لەوێشدا، ئیتر ئیرادەمان لە کۆتی نەریت و کۆمەڵگا وەرگرینەوەو بکەوێتەوە دەست خۆمان. مەبەستم خۆمانی مرۆڤ و ئازاد. (خۆکوشتن) کە شتەکانی دەرەوەی تۆ، مانایان نەماو یەك یەك بە بەرچاوتەوە کوژران، ئا لەوێدا هێشتا تۆ ماویت و تۆ دەستپێئەکەیت. بەجۆرێك کە لە عەقڵ و ئاگاییدا، ئەتوانی ماناو پێناسەیەکی تریان بدەیتێ و زیندویان بکەیتەوە. کاتێکیش کە ئەمە ناکەیت، ئیتر تۆش لەگەڵیاندا ئەمریت. کە خۆشت ئەکوژیت، تەنیا ئیعلانی ئەو مردنە ئەکەیت! ئەو کاتەی کە هەموو شتێك کۆتایی دێت، تۆ هێشتا کۆتاییت نەهاتووەو شتێك لە تۆدا هەیە، کە هەرگیز کۆتایی نایەت. بەڵام تۆ خۆت و ئەو شتە ناناسیت و هەموو ژیانت لێئەبێت بە عالەمە دەرەکییەکە، بۆیە لەگەڵ کۆتایی ئەودا، تۆش کۆتاییت دێت و خۆت ئەکوژیت. (کوشتنی دووەم) بەمجورە، وڵاتی ئێمە، وڵاتی کوشتنەکانەو هەموو شتەکانمان کوشت. تەرمی سیاسەت و هونەرو ئەخلاق و دین و مرۆڤ و هەموو حیکایەتەکان لەوناوەدا کەوتووەو شتێکیش هاتووە، یاری بە تەرمەکانیان ئەکاو جارێکی تریش ئەیانکوژێتەوە. ئەو شتە ناوی ڕاگەیاندنەو بۆ ڕاگەیاندنیش، تەنیا یەك وشەی سێ پیتیم هەیە: "یەع".
پەری مامەسێنی کوشتنی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە رێژەی ترسناک بەرزبۆتەوە، رۆژی نیە چیرۆکێکێ تری کوشتنی ئافرەتان روبەری میدیاکان نەگرێت کوردستانی عێراق یەکێکە لەو ناوچانەی جیهان کە هێشتا کوشتنی ناموسی تێیدا بڵاوە . بە وتەی رێخراوی وادی لە ١٩٩١ تا ٢٠٠٧ زیاتر لە ( ١٢) هەزار ژن لە کوردستانی عێراق کوژراون لە ٢٠٠٧ وە تا ئەمرۆ بە دەیان ھەزارانی تر چۆتە سەر ئەو ژمارەیە ھەرچەند ئاماریکی روون بەردەست نیە. بەداخەوە دووبارە بوونەوەی ئەم کارەساتانەو بەردەوامیان وایکردووە کە ببێتە هەواڵێکی ئاسایی و هیچ کاردانەوەیەکی جیدی و هەمەلایەنە بەرامبەر ئافرەت کوشتن بوونی نەبێت. زۆر جار یاسای دژە ژن بێدەنگی بەرامبەر ئەم کردەوانە دەکات و بەو پێیە رێگە بۆ دووبارە بوونەوەیان خۆش دەکات. ئاستی ترسناکی توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنی ناموسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە نەک تەنیا یاسادانانی بەهێزتر بەرامبەر بە تاوانەکانی سەر بە ڕەگەز بەڵکو سەپاندنی و سزایەکی بەهێزتر دەبێت ھەبێت تا ئەو دیاردە ناشیرینە ریگای لێ بگیریت. لە عەقڵییەتی زۆربەی خێڵە عێراقی و کوردییەکاندا ، بیرۆکەیەک هەیە کە کاتێک ژنێک دەکەوێتە خۆشەویستی پیاوەوە یان پەیوەندیەکی پتەوی لە دەرەوەی هاوسەرگیریدا هەیە ، دەبێت هەم ژنەکە و هەم پیاوەکە بکوژرێن بۆ ئەوەی شەرەفی خێزانە بەڕێزەکانیان " پاک " بکەنەوە کۆتایی هێنان بە کوشتنی ناموسی لە کوردستانی عێراق ، بریتی دەبێت پشتگیری کردن لە یاسایکی توند دژی بکوژ دواتر کارکردن لە گۆڕینی عەقڵییەتی خەڵک بە پارێزەر و دادوەر و پۆلیسەوە . ھەمومان ھاوراین کە ئەوە ئەو عەقڵییەتانەی کە پێویستە بگۆڕێن ژنان دەیانەوێت ژیانێکی خۆش بژین لە ناو گۆمەلگادا.
رێبوار كهریم وهلی راستییهكهی جوابی ئهو پرسیاره دوو لایهنی ههیه: یهكیان مهرجهعیهتی سیاسی و ئهوی دیكهیان مهرجهعیهتی نهتهوهییه. به درێژایی مێژووی كوردستان له ململانێ و شهڕی چهكداری لهگهڵ رژێمهكانی دهوروبهر و تهنانهت زلهێزهكانی وهكو ئینگلیزیش، قهت مهرجهعییهتێكی سیاسی و نهتهوهیی ئهوتۆ درووست نهبووه كه بتوانێ له ململانێی ناوخۆییدا، قسهی كۆتایی بكات، چونكه ههمیشه مهرجهعهكان خۆیان تهڕهفێكی بههێزی ململانێی سیاسی بوونه و ههوڵیانداوه نهیارهكانیان یان ئهوانهی وهكو ئهوان بیر ناكهنهوه تهسفییه بكهن. * ههمیشه لاقێكی سیاسهت له ناوخۆدا لهنگ بووه، ههر بۆیهشه له ههموو مامهڵهیهك لهگهڵ داگیركهراندا، سهركردایهتیی بزووتنهوهی چهكداری و سیاسی، له ههنگاوی یهكهمدا داوای گرنتی كردنی پێگهی سیاسی و حوكمڕانیی خۆیان كردووه. كهسانێك ئهگهر ویستبیان له دهرهوهی ویست و ئیرادهی ئهوان رێككهوتن لهگهڵ داگیركهراندا بكهن، به جاش و خائین وێنا كراون. * له دنیای ئهمڕۆدا، جگه له مهرجهعییهتی ئایینی و مهزههبی، مهرجهعییهتی سیاسی و نهتهوهیی و كۆكردنهوهی له یهك تاكه كهسدا باوی نهماوه، چونكه عاقیبهتهكهی دیاره؛ ئهو كهسه بیهوێ یان نهیهوێ ههر بهرهو تاكڕهوی دهڕوات و قهتیش ناتوانێ به یهكچاو سهیری ههموو كۆمهڵگا بكات. بۆیه مهرجهعی پایهداری ههموو میللهتێكی ئازاد و دیموكرات بریتییه لهو دامهزراوانهی كه به دهنگدانی راستهوخۆی خهڵك ههڵدهبژێردرێن. مهرجهعی ههره باڵای ههموو وڵاتان دهستوور و دهسهڵاتی دادوهرییه كه بچینهی قانوونهكانی وڵات و جێبهجێبوونیان زامن دهكهن. * پڕوپاگهنده و پێداگری لهسهر درووستكردنی مهرجهعییهت له دهرهوهی دامهزراوهكان و تهسلیمكردنی ههموو بڕیاره چارهنووسسازهكان به یهك كهس، له هیچ شوێنێكی دنیا سهركهوتوو نهبووه، یهكسانی و عهدالهتی بهرههم نههێناوه. به پێچهوانهوه ههمیشه كوتلهیهكی گهورهی ناڕازیی بهرههم هێناوه و ئهوانیش یان ههوڵی رووخاندنی مهرجهعیان داوه، یانیش مهرجهعێكی دیكهیان بۆخۆیان درووست كردووه. * زروفی كوردستان وا دهخوازێت كه به زووترین كات بیر له نووسینهوهی دهستوورێكی هاوچهرخ بكرێتهوه، یان ئهوهتا ههوڵهكانی رابردوو بۆ نووسینهوهی دهستوور زیندوو بكرێنهوه. دهستوورێك كه ببێ به مهرجەعی یهكلاكهرهوهی ههموو ئهرك و مافهكان و، دیاریكردنی ههموو چوارچێوهكان. دهستهڵاتی دادوهری لهژێر ههیمهنهی حزبهكان دهربهێندرێت و دادگایهكی دهستووریی دوور له دهستێوهردانی حزبهكان دروست بكرێت. هێز و دهسهڵات بۆ ئهو دامهزراوانه بگهڕێندرێنهوه كه به قانوونه بهركارهكانی پهرلهمان درووست كراون و ئیجماعی سیاسییان لهسهره.
کارۆخ خۆشناو دوێنێ پێنج وڵاتی زلهێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا) لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستێکی پڕ بایەخ و روون و ئاشکرایان نواند بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ئەم جۆرە هەڵوێستە ئەگەر کرداری بەدوادا بێت گرنگیەکی تایبەتی هەیە و دەکرێت هاوشان و هاوشێوەی (لۆبیکردن) وەبەرهێنانی دیپلۆماسی تێدا بکرێت، چونکە ئەم بەیاننامانە زەمینەسازی دەکەن بۆ ئەوەی بەرپرسانی هەرێم داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتی بکەن بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (140) و ئاساییکردنەوەی رەوشی ناوچە جێناکۆکەکان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم) و دانانی سنوورێک بۆ هێرشی میلیشیاکان و دوورخستنەوەیان لە سنوورەکانی هەرێم، لەبەرئەوەی ئەم میلیشیایانە بوونەتە هەڕەشەی جدی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان. ئەگەرچی لە دوایین گەڕی دانوستانەکانی نێوان (ئەمەریکا و عێراق) ئەمەریکا بڕیاریدا هەموو هێزە شەڕکەرەکانیان لە عێڕاق بکشێنێتەوە و تەنها راهێنەر و راوێژکاری سەربازی (لەسەر داوای حکومەتی عێراق) بهێڵێتەوە، ئەم بڕیارەش بەمەبەستی بڕینی بەهانەی گرووپ و میلیشاکان بوو، بۆ ئەوەی هێرش و فشارەکانیان کەمبکەنەوە و کەشێکی ئارام ساز بێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کە بڕیارە لە مانگی (10)ی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام لەوە ناچێت ئەم هەوڵەی ئەمەریکا سوودی هەبێت، چونکە هێرشی میلیشیاکان لە دوای ئەم بڕیارەی ئەمەریکا نەک تەنها نەوەستاون، بەڵکو زیادیشیان کردووە. رەفتارەکانی ئەم میلیشیا و گرووپانە لە شەش ساڵی رابردوودا سەلماندوویانە کەوا جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە لەگەڵ داعش، چونکە هەمان رەفتار و میکانیزم و ئامانج و ستراتیژیان هەیە، کە بریتییە لە هێرشکردنە سەر سەرباز و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان و تێکدان و شێواندنی ئاسایشی هەرێم، بۆیە دەکرێت بڵێین داعش و ئەم گرووپ و میلیشیانە دووڕووی یەک دراون! لە چوارچێوەی ئەم بەیاننامە و هەڵوێستەی ئەم پێنج وڵاتەدا دەکرێت بەرپرسانی هەرێم داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتی بکەن، تاکو فشار لە حکومەتی بەغدا بکەن و چاودێر بن لە جێبەجێکردنی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق، بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسی ئەو گرووپ و میلیشیانە لە سەر هەرێمی کوردستان و لە جێگایاندا هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ جێگیر بکرێن. ٭(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)
عەبدولرەزاق شەریف من نازانم پیاوانی ئاسایشو هەواڵگری هەرێم شەوی كەوتنی درۆنەكەی فڕۆكەخانەی هەولێر چۆنو چەندیان ئاگادارو چەن لە خەمی هەولێرو هەرێمەكەدا بون، بەڵام رۆژانی دواتر دەركەوت كە هەمویان كەمتەرخەمو خەمساردن، وەك هەر روداوێكی تیرۆر یان تەقینەوەی ئاسایی وەریانگرتو وێڵیانكرد، حكومەتو حیزبو پەرلەمانیش بەچەند وتارو بەیاننامەیەكی سەركۆنەكردن تفی خۆیان كردو رۆیشتن، هەمو ئەوانەش كە لە بەرژەوەندیان بو بە بكەرەكانیشەوە بە كەریمی تێپەڕین. ئێمە چیمان خوێندەوە !؟ دوای ئەو روداوە چیتر !؟ - هیچ كەسو دەزگاو شوێنێك لە هەرێم ئەمین نیەو ناتوانرێ لە هێرشی درۆنی دوژمنەكانمان بپارێزرێ. - ئاسایشو دەزگا هەواڵگرییەكانی هەرێم نەیانتوانیوەو ناتوانن لە مەحكەمترین شوێنی هەولێر كە فڕۆكەخانەیە، رێگری لە كاری گروپەكانی هاوكارو پشتیوانی دوژمن بگرن، بە كەماڵی ئیسراحەت لە چەندین شوێنی جیاوازەوە، لە ئانو ساتی تەقینەوەكەدا (وێنەی ڤیدیۆیی)یان گرتوەو بڵاوكردۆتەوە. - سەروەریو خاوەندارێتی هەرێمی كوردستان بەدەست هەر دەوڵەتێكەوەیە كە بیەوێت، كورد خۆی نەبێت. - سیستەمی خۆپارێزی لە موشەكی زەمینیو ئاسمانی لە هیچ شوێنێكی هەرێمدا نیە. - بیانییەكان، خاكی هەرێمی كوردستانو عێراق وەك سەرزەمینی خۆیانو مەیدانی شەڕی دوژمنەكانی خۆیان ئەبیننو پێناسە ئەكەن.! هاوزەمان هیچ بیرو پرۆژەیەكیان بۆ پاراستنی كوردو زامنكردنی مافەكانی كورد لە عێراقدا نیە. - حەشدی شەعبیو چەكدارو بێ چەكی حیزبو لایەنە عێراقیەكان، لە جەنگو شەڕی سەرزەمینی كوردستان چ دژی كورد بیكەن یان دژی هێزە هەرێمیو نێودەوڵەتییەكان بەشدارو ئاسودەو خۆشحاڵ ئەبن. - كۆماری ئیسلامی ئێران، پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندۆتە پلەیەكی باڵاو دەستی هەڕەشەی بۆ كۆمەڵی نێودەوڵەتی لە دەستی گفتوگۆی توندترو بەهێزتر كردوە، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەیان ئەمەی بەئاشكرا رایگەیاندوە. دەزگا دەوڵەتییەكانی تریشیان هەرێمی كوردستانیان لە سەرزەمینی برادەرو دۆستەكانیانەوە گۆڕیوە بۆ سەرزەمینی دوژمنەكانیان. - توركیە، جگە لەو روبەرەی هێزەكانی خۆیان تیایدا، بە ئازادی جموجۆڵ ئەكەن، هەمو ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان بە مۆڵگەی تیرۆریستان پێناسە دەكات. - هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیان، بیر لە یەكلاكردنەوەی ململانێكانیان لەسەر خاكی عێراقو كوردستان ئەكەنەوە، نەخشەی خۆپارێزیو تەسفیەی نەیارەكانیان، سەرلەبەر گۆڕانكاری بەسەردا دێتو هەرگیز وەك هەفتەی پێش درۆنە ئاگراوییەكە نابن. هەمو ئەوانەو چیتر ...؟ - ئەبێت دڕدۆنگیو ئاگاداریو هەتا هەڕەشەكانی هەرێم لەمڕۆوە روو لە حوكمدارانی بەغدا بێت، نەك پەیوەندیو نامە گۆڕینەوەی موجامەلەو هاوسۆزیو پێكەوەیی ... - بە ئاشكراو راشكاوی لەگەڵ گشت هێزە بێگانەكان، هەرێمیو نێودەوڵەتیەكان، لەسەر پاراستنی مافو ژیانی خاكو خەڵكی هەرێمی كوردستان قسە بكرێتو پەیامی رونو ئاشكرایان پێ بگەیەندرێو دڵنیایی دەستەبەربكرێ، گەر نا .! داوایان لێبكرێت ئۆردوی سەربازیو هەواڵگریان بپێچنەوەو هەرێمی كوردستان جێبهێڵن. نەتەوە یەكگرتووەكانو یەكێتی ئەوروپاش لەم پەیامە ئاگادار بكەنەوە. - پرۆژەی نەخشەو پاراستنی سەربازی ئەم نیوە هەرێمەی كە لەژێر دەسەڵاتی حیزبە كوردستانیەكاندا ماوە، بدرێتە دەست ئەفسەرەكانی ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگەو بە پەلە دور لە دەستی حیزبەكان جێبەجێی بكەن. - بە یاداشتێك تەواوی مافو داواكارییەكانی كورد لەعێراقدا، بە دیاریكردنی سەقفێكی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنیان، لە رێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە بدرێت بە حكومەتی عێراق. - تەواوی وەزیرو كاربەدەستەكانی نوێنەرایەتی هەرێم لە عێراقدا بكشێنەوە تا جێبەجێكردنی ئەو یاداشتەی پێشكەشی بەغدا ئەكرێت. - لە ناوخۆماندا، حوكمڕانی هەرێم لە دەستی گروپێكی گەمژەو نەزاندایە، لەسەریاندراوەو ئەژنۆیان لە گەچ ئەگرن..! بێ ئاگان تەنانەت لە روداوەكانی ناوخۆی كوردستانیش، كە بە ئاگایان ئەهێنیتەوە، لەجیاتی سوپاس، جنێو بارانت ئەكەن ..!! وەك ساڵانی پێشو، وەك دوێنێو وەك ئەمڕۆش بە قسەو راوێژی چەند دەڵاڵێكی بازاڕی نەوتو هەواڵگری نێونەتەوەییو بەرژەوەندیخوازی ناوخۆ ئەكەن .! كاردانەوەی ئەم كارە بەوان ناكرێ، شەڕ لەبەر دەرگایەو گەر بەو تاسو حەمامەی پێشو بەردەوامبن، دیسان وەك بەڵاكانی پێشترو وەك شانزەی ئۆكتۆبەر لە ناوخۆدا، ئەكەونە جنێودانو پەلاماردانی یەكتریو دواجار ئەبێ بڵێین (بەڵا لەخۆتان).
ئارام سەعید هاوڕێیان، ناتوانین لەمێژووی کوردستاندا سەردەمێک بدۆزینەوە کە تیایدا دەسەڵاتێکی قەزایی بەهێز و سەربەخۆ هەبووبێت،هەمیشە دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە پارتی و یەکێتی بوون خۆیان دادوەرەکان دادەمەزرینن و پلەیان بەرزدەکەنەوە وبودجەیان دابین دەکەن وهیچ جیاکردنەوەیەکی دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا بوونیی نیە. وەک دەزانن دەسەڵاتی قەزایی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سیستمە سیاسیەکەی هەرێم و هەمیشە بەرگری لەوەدەکات کە هاوڵاتی گوێرایەڵی دەسەڵات بێت، ئەو دادوەرانەی لەحکومەت ناڕازی بن سزادەدرێن یان دەگوازرێنەوە لە شوینەکانی خۆیان، لەرووی پێشەییەوە نایەڵن پێش بکەون. هەربۆیە کاتێک دەسەڵاتی سیاسی دەیەویت رۆژنامەنوس و ئەوانەی بە ئازادی رای خۆیان دەردەبرن بکاتە سیخوری بێگانە دادگاکاش ناچاردەکەن بەدوایاندا واپۆلێنیان بکەن کە ئەوانە دژی بەرژەوەندی حکومەت کاردەکەن... ئەمە سەرەرای ئەوەی هەندێ جار تەنگە نەفەسی سیاسیەکان ئەوەندە زۆرە نایەڵن کەیسەکە بگاتە دادگا و خۆیان رێوشوێنەکان دەگرنە بەر لە کوشتن و رفاندن و ئەشکەنجەی زۆرێک لە رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان. کە تا ئێستاش یەک کەیسی ئەو تاوانانە لە دادگا ئەنجامی نەبوە و کەس لێپرسینەوەی لێ نەکراوە لەسەر ئەو تاوانانە. لەسەردەمی شەری ناوخۆی حزبەکان و ململانێکانیاندا میدیا و دادگایان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێنا، هەرچەندە ئەو سەردەمە بەسەرچوە بەڵام هێشتا ژمارەیەک لەسیاسیەکان بە ئەقڵی ئەو سەردەمە بیر دەکەنەوەو ئەوەی لەبەرژەوەندی حزبەکەیان قسە نەکات ئەوا خیانەتکارەو دەبێت بە سیخور تۆمەتباربکرێت، ئەم بیرکردنەوەیەی سیاسیەکان کە هەموو رایەکی ئازاد بە خیانەتکار دەزانێت لە هەرێمیکدا کە خۆی دەیان کێشەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، لەهەرێمێکی ئاوا لەرزۆکدا نەک بەرەوباشی ناروات بگرە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو خراپتر دەروات و تا دێت متمانە بە دادگا و سیاسیەکان نامێنیت و بەرەو ئایندەیکی خراپ دەیبات. ئەگەر دادگا و دادوەرسەربەخۆ نەبن ئەوا دەسەڵاتی سیاسی لە رێگەی ئەوانەوە یاسا بەشێوازی خۆیان جێبەجی دەکەن، ئەوکات بەئارەزوەکانیان کار دەکەن و ویژدان وجودی نامێنێت. بێگومان ئەوەش لە بەرژەوەندی گشتی نابێت، دیموکراسیەت ئەدۆڕێت و ئازادی نامێنێت، بیریاران دەڵین" مێژووی کۆمەڵگاکان بریتیە لەمێژوی یاسا و دادپەروەری و گەر ئەو دوانەی لێ دەربێت ئەوا بریتی دەبێت لە میژووی دڕندەیی و زوڵم" بەبێ بونی دادپەروەری و دادگای سەربەخۆ لۆژیکی هێز دەکەوێتە کار، ئەوەی بەهێزە یاساکانی خۆی دەسەپێنێت، خۆی تۆمەتەکان دروست دەکات و دایان دەتاشێت بەو شێوەیەی لە بەرژەوەندیانە، بەخوێندنەوەی هۆبز مرۆڤ وەک گورگ وایە بۆ مرۆڤی هاوڕێی ئەگەر پەیمانی کۆمەلایەتی و کۆمەڵگە نەبێت، مرۆڤ مومارەسەی نادادپەروەری دەکات. ناکۆکیی و ململانێی خراپ روودەدات و کۆمەڵگە سەقامگیری نامێنێت هەرکەس بریاڕ لەسەر ئەوی تر دەدات وەک ئەوەیە گەلە گورگێک بەردەیتە ڕانە مەڕێک، بۆیە بونیی دادگا ودادپەروەری گرنگە بۆ کۆمەڵگە... لەولاتە دیموکراسیەکاندا تەنانەت لەکاتی جەنگ وئاڵۆزیە گەورەکانیشدا دەسەڵاتداران دەستیان نەبردوە بۆ دەسەڵاتی دادوەریی ورێگەیان نەداوە بەخۆیان دەستوەردان بکەن. یاسا و دادگا دەبێت لەدەستێکی ئەمیندا بێت و بۆئەوەی پرۆسەی دادگایکردن دادپەروەرانە بێت پێویستە ماف بدرێت بەوانەی تۆمەتباردەکرێن، چەندین دەستەی قەزایی جیاواز بۆی هەبێت وردبینی بکات و رێگە بگرن لە رودانی هەڵەو کەموکورتی قەزایی. چونکە لەبنەرەتدا یاسا بۆ پاراستنی قوربانیان و سزادانی تاوانبارانە بەڵام کە سیاسیەکان دادگا دەگرنە دەست ئەم هاوکێشە هەڵدەگەرێتەوە و قوربانیان تاوانبار دەکرین وتاوانباران ئازاد دەبن، ئەوەش تەمەنی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە کورت دەکاتەوە، چونکە هاوڵاتی هیچ متمانەیەکی بەو سیاسیانە نامێنێت کە نادادپەروەرن. ئازادی رادەربرین ئەوە ناگەیەنێت کە رۆژنامەنوس پارێزبەندی هەبێت لە داوا و شکاتی یاسایی، چونکە ئەو رۆژنامەنوسەی راستی بشێوینیت و بە دەستی ئانقەست روماڵیکی ناراست بکات ئەوە ئەو لایەنەی زەرەرمەند بیت مافی خۆیەتی داوای یاسای لەسەر بکات، بەلام رێزگرتن لە ئازادی رادەربرین و ئازادی رۆژنامەگەری لە کۆمەڵگەی دیموکراسیدا مانای ئەوەیە نوخبەی سیاسی و کۆمپانیاکان نابێت دەسەڵاتی قەزایی و دادگا بەکاربهێنن بۆ گرتن و راونانی ئەو رۆژنامەنوسانەی رەخنە دەگرن و لەریگەی دادگاوە تۆڵەیان لێ بکرێتەوە لەسەر نوسینەکانیان.