سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی بەریەککەوتنەکان دەکەوێتە چەقی ململانێ ی ناوچەییەوە کە درێژکراوەی ململانێ گەورە و جیهانیەکانە ، خۆ ئەگەر قۆناغی دوای سەدام لە عێراقدا چانسی کورد بۆ حکومڕانی و بەشداری لە ناوەندا دروست بوبێ ئەوا لە قۆناغی داعشدا جۆرێک لە سەربەخۆی خۆی وەردەگرێ تا ئەو ئاستەی جیاواز لە عێراق وەک هەرێمێکی فیدڕال مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ ، وە دەتوانین بڵێین هەرێم کەوتۆتە سەر هێڵی بەرژەوەندی ئەمریکا لەلایەک و ڕوسیا و چین لە لایەکی تر، ئێران لەلایەک و تورکیا لەلاکەی تر بەغدادیش بێ هەرێم ناتوانێ لە ئێستادا هەناسە بدات ئەگەر چی بەغداد بۆ هەرێم وەک قاچەکانی وایە ، لێرەوە ئەگەر بمانەوێ دۆخی گشی هەرێم بخوێنینەوە ئەوا دەبێت لە بازنە گەورەکەوە سەیری هەرێم بکەین ، کە لە ئێستادا پڕۆژەی ئۆڤاکۆ یەکێکە لە کارتەکانی وڵاتانی ڕوس و ئێران و تورکیا ( وڵاتانی ڕێککەتننامەی ئەستانە) کە هەر کاتێ بیانەوێ بەکاری دێنن کە بەرژەوەندیان نەما. پڕۆژەی ئۆڤاکۆ و بەندەری فاو ئەو دوو دەروازە جیۆئابوریەن کە بەردەوام قسەی لەسەر دەکرێ خۆ ئەگەر ئەمریکا نەبوایە کە هاوپەیمانی کوردە ئەوا تورکیا دەیویست پڕۆژەی ئۆڤاکۆ بگەیەنێتە موسڵ و لەوێشەوە بۆ بەغداد پاشان بیگەنێتە بەندەری فاو ، پرۆژەی ئۆڤاکۆ دەروازەیەکە لە نێوان تورکیا عێراقدا ڕێگەیەکە لەسەرەتاوە بە ١٢ کم دەست پێدەکات لە تەلعەفەرەوە دێتە عێراق و تورکیا بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و قەتەر و کویەت و ئیمارات لە ڕێگەی عێراقەوە بە تورکیا و لەوێشەوە بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە ، وەک بەدیلی نۆکەندی سوێس سەیر دەکرێ و لەگەڵ ڕێگای هاتوچۆی بازرگانی هێڵی شەمەندەفەریش لە خۆ دەگرێ کە لە مێرسینەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی کەنداو . لەگەڵ ئۆڤاکۆدا بەندەری فاو کە یەکێکە لە گرنگترین بەندەرەکانی جیهان لە ئێستادا لەسەر نەخشەی ڕێگەی ئاوریشمی (یەک پشتێن و یەک ڕێگا ) کاری بۆ دەکرێ تا ببێتە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ڕێگەی ئاورشمی و کە یەکێک لە ڕێگاکانی بەم بەندەرەدا تێدەپەڕێ ، لە پلانیاندا هەیە ( روس و چین و ئێران و تورکیا ) کە بەندەری فاو ببەستنەوە بە ڕێگەی ئۆڤاکۆوە . لە ساڵی ٢٠١٧ دوای ڕیفراندوم و سەردانی کازمی بۆ تورکیا زیاتر ئەم پڕۆژەیە هاتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ جێبەجێ کردن لەگەڵ کێشەی شاخی بێخێر و شەنگالدا ، کە ئەگەر ئەمە بکرایە ئەوا هەرێمی کوردستان پەراوێز دەخرا ، چونکە ڕێگەکە دەبوە هۆێ سفرکردنەوەی هەمو دەروازە سنوریەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و ئەو مامەڵەشی کە ئێران هەیەتی لە دەروازەکانەوە بە هۆی ئەم پڕۆژەیەوە کەم دەبوەوە ، شاخی شەنگال و پڕۆژەی ئۆڤاکۆ و بەندەری فاو ئەو سێ پلانەن کە لە زەرەری کوردی باشور و ڕۆژئاوا دەکرێ ، ئەگەر چی داود ئۆغڵۆ وتی ئەم پڕۆژەیە بە مانای لاوازکردنی هەولێر نایە بەڵام لە ڕاستیدا بۆ خنکاندنی هەرێمە ، ئۆڤاکۆ و شاخی شنگال ئەو دو ئامانجە بون کە تورکیا بە گڵۆپی سەوزی ئێرانیەوە دەیەوێ هەم هەرێم قەید بکا و هەم پەیوەندی نێوان هەرێم و ڕۆژئاوا بپچڕێت و لەوێوە پەکەکە لە ڕۆژئاوا داببڕیت بە هۆی ئەو هێزە سەربازیەوە کە دادەنرێت بۆ پارێزگاری قافڵەی سەیارەی بازرگانی ، بەڵام بەهۆی هەوڵی ئەمریکا و بە تایبەت ماکگرۆک ئەم پڕۆژەیە وەستا وەک دۆستێکی ڕۆژئاوا و باشوری کورستان . ئەو کاتەی ئەمریکا گەمارۆی ئابوری خستە سەر ئێران و تورکیا ، ئەم دوو وڵاتە زیاتر پێویستیان بە هەرێم هەبو هەم وەک بازرگانی هەم وەک غازو نەوت بەتایبەت تورکیا هەر بۆیە ئەوانیش دوای رێفراندۆم بە ناچاری هاتنەوە سەر سفرەی هەرێم و پەیوەندیەکانیان لەسەر بناغەی بەرژەوەندیان گرێدایەوە . هەر بەم پێودانگە ئەگەر ئەمریکا لە یەکێک لە وێستگەی بەرژەوەندیەکانیدا لەگەڵ تورکیا و چین ڕێکبکەوێ ئەگەری ئەوە هەیە ئەم کارتە بفرۆشێ ، ئەگەر چی لە ئێستادا پلانەکە وەستاوە بەڵام ئەگەر لە یەکێک لە حاڵەتی گۆڕانکاری لە ڕوداوەکاندا ئەگەری هەیە ببێتە مەترسی بۆ سەر هەرێم .
كەمال چۆمانی میراتی سیاسیی ئەو دەستکەوتە مادیی و مەعنەوییانەن کە سیاسەتمەدارێک\حکومڕانێک لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا بۆ خزمەتی گەل و وڵاتەکەی بەدەستیهێناون، یان ئەو یادەوەریی و سۆز و بیر و دونیابینییەن کە سیاسەتمەدارەکە لە یادەوەریی خەڵکی بەجێیهێشتون. هەمو دەستکەوتە مادییەکان، بۆ نمونە قانونێک بۆ نەهێشتنی هەژاریی و بەدەستهێنانی یەکسانیی لە داهاتدا یان پۆڵسی\پڕۆژەیەکی سیاسیی جێبەجێکراو بۆ بەستنەوەی کۆی وڵات بە هێڵی قیتاڕ، هەروەها هەمو دەستکەوتە مەعنەوییەکان، بۆ نمونە کاتێک سیاسەتمەدارێک کار لەسەر بنبڕکردنی رەگەزپەرستیی و هەڵاوێردنی سیاسیی و رەگەزیی و جێندەریی دەکات، پێویستە هێندە گرنگ بن کاریگەرییەکانیان دوای خۆشیان بەجێبهێڵن و ببنە میراتێک هەم بۆ سیاسەتمەدارانی داهاتو کاری لەسەر بکەن و لە ناوەندەکانی پۆڵسی داڕشتن و سیاسەت و قانون-داڕشتندا جێی گفتوگۆ بن، هەمیش لە یادەوەریی خەڵک بمێننەوە و خەڵکی پێ گۆش بکەن و ئەو هەست و بیر و پۆڵسییانە ببنە وێردی سەر زمانی خەڵک. هەر سیاسەتمەدارێک لە دونیادا دەیەوێت دوای خۆی میراتێکی سیاسیی وا بەجێبهێڵێت کە هەم لەڕوی دەستەکەوتەکانەوە دوای خانەنشینبونی شانازیی پێوە بکات، هەمیش ببێتە هۆی کارتێکردن لە خەڵک و سەرچاوەی سروش بۆیان. سەرۆک کۆماری عێڕاق بەرهەم ساڵح لە سەرەتای ٢٠٠٠ەکانەوە لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتوە. سەرەتا وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم-ئیدارەی سلێمانیی، دواتر وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی عێڕاق و وەزیر، دواتریش وەک سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دواجاریش وەک سەرۆک کۆماری عێراق. واتا لەوەتەی گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، پچڕ-پچڕ نەبێت، هەمیشە یا لە عێڕاق یا لە هەرێمی کوردستان لە لوتکەی دەستەڵات بوە. لەگەڵ ئەوەی ئەو هەمو ساڵە لە لوتکەی دەستەڵات بوە، کەچی ئەو رۆژەی بەرهەم ساڵح ئۆفیس بەجێدەهێڵێت، کاریگەریی تەنها بەسەر ئەوانەدا بەجێدەهێڵێت کە دواجار لەگەڵ ویدا پۆستی پێدان. هۆکاری ئەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەرهەم ساڵح سیاسەتمەدارێکە بۆ ئەوە ئیش ناکات چۆن سیاسەتکردن بخاتە خزمەتی خەڵک و وڵاتەوە، ئەو سیاسەت بۆ ئەوە دەکات چۆن سیاسەت بخاتە خزمەتی خۆیەوە. ئەو دو جار هەوڵی دروستکردنی حیزبیدا، هەردو جار شکستیهێنا، ناوەندی بڕیار و هاوپەیمانیی نیشتیمانیی. شکستی بەرهەم ساڵح بە هۆی ئەوە نەبو توانای نەبێ، یاخود لێهاتویی ئەوەی تێدا نەبێ حیزبێک بەڕێوەببات، بەڵکو بە هۆی ئەوە بو ئەو ئامانجی دورمەودای لە سیاسەتدا نییە، ئامانجەکانی گەل و وڵات نین، ئامانجەکانی وی بەر لە هەرشتێک خۆیەتی. واتا، ببینن چەندە سەرکەوتو بو لەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بباتەوە، لەبەرئەوەی بردنەوەی ئەو پۆستەش هی توانای خۆی نەبوە، هەمیشە لە سێبەری ئەوانیدی سیاسەت دەکات جا چ سێبەری یەکێتیی و ماڵی تاڵەبانیی بێت یان سێبەری مەسعود بارزانیی و پارتیی. بۆ نمونە، بێهەڵوێستییەکانی بەرانبەر داگیرکاریی تورکیا و بێدەنگیی نواندنی بەرانبەر گرتن و سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاکان لە هەولێر. ئەو ئەخلاقە خۆپەرستانەی بەرهەم ساڵح و هەمیشە سیاسەتکردن لە سێبەری ئەوانیدیکە، وای کردوە بەرهەم ساڵح هیچ سودێک لە توانا و لێهاتویییەکانی نەبینێت و سیاسەتمەدارێکی بێکەڵک بێت. کاتێک سەردەشت عوسمان تیرۆرکرا، کاتێک خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات بەر گولە دران، بەرهەم ساڵح بێدەنگ بو. وا بۆ چوار ساڵ دەڕوات بەرهەم ساڵح لە بەغدادە، ئێستا ئەگەر لێی بپرسین ئەو میراتە چییە لەو چوار ساڵە دروستتکردوە، مەگەر وەڵامەکەی تەنها ئەوە بێت کە سەردانێکی شەقامەکانی بەغدادی کردوە. زۆر گرنگە سیاسەتمەدار میراتێکی سیاسیی پڕ شانازیی بەجێبهێڵیت، میراتێک سیاسەتمەدارانی دوای خۆت نەتوانن سیاسەتەکانن ئاسان وەلابنێن و بشبیتە سەرچاوەی هاندان و سروش بۆ نەوەی سیاسەتکاری دوای خۆت. بەڵام بەرهەم ساڵح سیاسەتکردنی لە خۆیدا کورتکردەوە، خەونە سیاسییەکانی لەو شوێنە کۆتایی دێن کە بەو پۆستە دەگات کە خۆی دەیەوێت. نیگەرانییەکانی بەرهەم ساڵح لە سیستەمی سیاسیی و ئابوریی هەرێمی کوردستان تەنها ئەو کاتە بوە کە خۆی لە دەرەوەی سیستەم بوە، کەچی کاتێک خۆی دەخرێتەوە ناو سیستەم، تەنانەت دۆستە هەرە نزیکەکانیشی جێدەهێڵێت، هەربۆیەشە بەشێکی سەرەکیی نەیارانی بەرهەم ساڵح ئەوانەن کە پێشتر بەرهەم پۆستی باڵای پێدابون. بەرهەم ساڵح لەوانەیە چوار ساڵی تریش ببێتەوە سەرۆک کۆمار، لەوانەیە پۆستی باڵاتریش وەربگرێت، بەڵام چونکە میراتی سیاسەتەکردنەکەی تەنها بۆ خودی خۆی بوە، دوای ئەوەی ئۆفیس بەجێدەهێڵێت، کەسێک نابێت ئەو میراتەی لێ وەربگرێت. بەرهەم ساڵح نە توانی رەوتێک دروستبکات، نە فیکرێک پێشبخات، تەنانەت نەیتوانی کۆمەڵێک پۆڵسییش پێشبخات، ئەوانەی پێشیشخستن کوژران چونکە خۆی لە سێبەری ئەوانیدی سیاسەتی کرد و دەکات نەک خۆی سیاسەت بسەپێنێت. بەرهەم ساڵح پۆتێنشیەڵی ئەوەی تێدا بو نوێنەرایەتیی رەوتێک بکات. داخستنی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی و پەیوەندییکردنەوە بە یەکێتییشی بەوە پاساودا کە دەیەوێت لە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە شتەکان بگۆڕێت و تێکشکانی وێنەکەی خۆی راستدەکاتەوە، بەڵام چوار ساڵی رابردو نیشانیداین ئەو هەر دەیەوێت لە سێبەری ئەوانیدی بێت، ئەو هەر دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و خەونی وی بونەوە سەرۆک کۆمار و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیەتی نەک گۆڕانێکی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. بێگومان من ئاگایی ئەوەم هەیە بەرهەم ساڵح بە بەراورد بە زۆربەی سیاسەتمەدارەکانی تردا تواناکانی زیاترن، سەردەمی ئەویش کۆمەڵێک پڕۆژە ئەنجامدراون، بەڵام ئەو پڕۆژانە ئەگەر بەرهەم ساڵحیش نەبوایە، کەسێکی تر دەیکرد لەوانەیە بەرهەم ساڵح باشتر کردبێتی، بەڵام ئەوە میراتی سیاسیی نییە، ئەوەی بەرهەم ساڵح کردی بودجەی بەغداد و نەوت و فشاری جەماوەر بو. بەڵام ئاکاری هەرەناشیرین کە بەرهەم ساڵح دروستیکرد، ئەوە نەبو وەک هەندێک دەڵێن خەڵکی لە سیاسەتکردن بێئومێد کرد، چونکە ئەو تەنها گروپێک کەسی دەوروبەری خۆی بێئومێد کرد نەک خەڵک، بەڵکو ئەوە بو کە دیاردەیەکی هێنایە ناو سیاسەتی کوردییەوە کە بۆ بەدەستهێنانی خەونە سیاسییەکەت، زۆر ئاسایییە هەمو بەهایەکی پێشتر کە بڕوات پێبوە بەجێیبهێڵیت. لەوەشیاندا زیاتر رێچکەی جەلال تاڵەبانیی مامۆستاکەی گرت کە هەمان کاری ئەنجامدا و مێژوی تەواوی یەکێتیی و ململانێی لەگەڵ پارتیی و ماڵی بارزانیی بە نەفرەت کرد بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار.
رێبوار كهریم وهلی كه شای ئێران ههڵات گووتیان:" بهغدا نیوهی رێگهت بێت." بهغدا زۆر دوور بوو. * توركیش دهڵێن:" حیسابێك ههڵهی تێدا بێت، له بهغداش بێت ههر دهگهڕێتهوه...لهوێش بهغدا زۆر دووره. * ئهگهرچی ئێستا بهغدا بووهته رێگهی سهرئاو، بهڵام هێشتا ههر شوێنی تهسفییهی حیساباته. كوردیش حیسابی پاك نییه. بۆیه كه دهگاته موحاسهبه، وهك منداڵه دهوڵهمهندهكهی گهڕهك تۆپی فوتبۆڵهكه ههڵدهگرێ و بۆی دهردهچێ و یارییهكه تێك دهدات. * ئههالیی مووچهخۆر، به ئینفیساڵییهكانیشهوه، ههر چاوهڕێی ئهوهن كهی شاندی ههرێم دهچێته بهغدا و كهی دهگهڕێتهوه به دهستبهتاڵی. لێدوانهكانی قوباد تاڵهبانی به درێژایی ئهو هاموشۆیهی بهغدا (كه ههر بۆخۆی بۆته كۆرسێكی مهیدانیی زمانی عارهبی و ئیتر پێویستیی به مامۆستای تایبهتی نهماوه)، وهك لێدوانهكانی ئهردۆغانن؛ ئهوه دوو ساڵه رۆژ نییه ئهردۆغان باسی موژدهیهك نهكات كه بهو نزیكانه رایدهگهیهنێ، جا ههرجارهی لهبارهی شتێكه، یان ئاڵای توركیا دهبهنه سهر مانگ، یان موردا و جهمیلیش دهچنه لای ئاپۆ، یان توركیا گازی سروشتی به ئازهربایجان دهفرۆشێ و یانیش توركیا لهمهودوا دهبێته ئهندامی ئۆپێك و بڕیار لهسهر نرخی نهوتی ههناردهكراوی خۆی دهدات! پهكوو...تهنانهت باسكردنیش قورسه!بهڵام ئههالیی تورك حهزیان له فانتازیای سیاسییه. دوایی تهماشا دهكهی هیچ موژدهیهكی دیكهی پێ نهماوه، خهریكی بڕینهوهی ئهو دارانهیه كه كاك قوباد چاندبوونی! * كاك قوبادیش ئهڵبهته بۆ ئههالی تهنها باسی دوو شت دهكات، یان رێك- كهوتوون یانیش خهریكه رێك – دهكهون، بهڵام له ههردوو حاڵهتدا ههر (دهكهون)، بهڵام چونكه حكومهتهكهی ئێمه قهمبوره، مهعلوم نییه ئهمجاره بهكام لادا دهكهوێ؟ كاك قوبادیش لهوه تێگهیشتووه كه ئههالی حهزیان له فانتازیای سیاسیه و، ئهویش قسوری ناكات. موژدهیان دهداتێ، دیسان موژدهیان دهداتێ، دوای ههموو ئهو موژدانه ئههالی چاوهڕێن، كهچی حكومهت موچهیان ناداتێ! ئهویش له شوێنی خۆیهوه مانگ نییه دوو یان سێ موژده بهسهر یهكهوه بهسهر خهڵكدا دابهش نهكات. وایلێهاتووه خهڵك نازانن چی لێبكهن؟ * پوختهی كهلام ئهوهیه كهئهو فلیمه ههتا سهر ههر ئاوا بهردهوام نابێ له شوێنێك ههر دهپچڕێت. ئهدی عیلاج چییه؟ بهسهری ئێوه منیش نازانم.
فازڵ کوردی وەک سەربازێکی وون و کەسێکی سەربەخۆ هەر کارێکم کردبێ، بابەتێکم نوسیبێ، یان دیمانەیەکم کردبێ هەمووی گوزارشت لە بیروبۆچوونەکانی خۆمیان کردوە، پەیوەندی بەهیچ لایەنێکەوە نەبووە. وەک دیموکراتخوازێکیش بەرگری و داکۆکی سەرسەختم کردوە و لە پایەکانی دیموکراسی لەمانە: سەروەری یاسا، خەباتی مەدەنی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، ئازادی بیروڕا، سەربەخۆیی دادگاکان، بێلایەنی هێزی چەکدار لە ململانێ سیاسیەکان، مافی چارەنوس و پێکەوەژیانی نەتەوە و پێکهاتەکان. لە هەمان کات وەک هاوڵاتیەکی ئەمریکی بەڕەگەز کورد، لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکاری سەرسەخستی ئەو پرینسیپ و بەها دیموکراتیانەم کە مرۆڤایەتی لەسەر دەمەزراوە، لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکان بەڵام هەر بەردەوامم. بۆسەرخستنی ئەم پرینسیپانە، پڕیارم داوە شەو و ڕۆژ بخەمە سەریەکتر بۆ ڕیسواکردنی تێکدەرانی پلان و ستراتیجی ئەمریکا لە دیموکراتیزە کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و میزۆپۆتامیا و کوردستان بەتایبەتی لە ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی، چاکسازی لە سیستەمی کارگێڕی، بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی، ئازادیە تاک و گشتیەکان. ئەمریکا تاکە ووڵاتە هەوڵی بەردەوامی بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان دەدات بە گشتی لە عیراق و سوریا بە تایبەتی! باشترین نمونەی پشتگیری سیاسی، نامەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو بۆ دواخستنی گاڵتەجاڕی ڕیفراندۆم بۆ ساڵێک پاشان بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان، ئەمریکا ئامادەبوو کە دۆسیەی خەڵکی کوردستان بباتە نەتەوەیەکگرتوەکان و مەجلیسی ئەمن بۆ یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی گەلی کوردستان لەڕووی سیاسیەوە! تاکە دۆکیومەنت هەتا ئێستا خەڵکی کوردستان دەستی کەوتبێ لە ووڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا ئەو نامەیەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو کە ئەوکات (تێلەرسن)! بەڵام کەسانی نەزان و نەخوێندەوار ئەم کارتەیان لەباربرد و سوتاندیان. ئەگەر قسە لەسەر کوردستانی ڕۆژئاڤا بێ، ئەوا وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە هاوکاریەکان و پشتگیری ئەمریکا بۆ ئەم پارچەی کوردستان! بەڵام ئەگەر قسە لەسەر هەرێمی کوردستانی عیراق بێ، لە مێژووی ئەمریکا هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمە بەم جۆرە ئەمریکا پشتیوانی لێکردبێت لە هەموو ڕوێکەوە، تاکە دۆست و پشتیوانی بۆ دۆسیەی گەلی کوردستان هەتا ئێستا تەنها ئەمریکا بووە: ئەمریکا لە ١٩٩١وە کوردستان دەپارێزێت، شەڕی ناوخۆی ڕاگرت، ھاریکاری کوردستانی کرد بۆئەوی ھەڵبژاردن بکەن و سیستمی دەسەڵات بە دامەزراوەیی بکەن، لە دەستوری عێراقدا مافی کوردستانی بەرجەستە کرد، جارێکی تر لە ھێرشی داعش کوردستانی پاراست! ئەوە دەسەڵاتی کوردیە کەخێڵەکی و چەتەگەری پیادە کرد و پەرلەمانی داخست و ووڵاتی تاڵان کرد، خیانەت ھەر ئەوە نییە ھێزێکی دەرەکی بێنیتە سەر خاکەکەت! خیانەت دزینی قوتی ھەژارانە، ھەڕاج کردنی نەوتی کوردستانە! بە پێچەوانەوە ئەمریکا ھەل و کەرەستە وئامێری تەواوی خستە بەردەست تا سیستمێکی دیموکراسی و دامەزراوەیی دروست بێ بەڵام دوای دەیان ساڵ نەیان کرد، لە جێی ئەوە کیانێکی سەراوژوری فشەلەی خێڵەکی گەندەڵیان دروست کرد کە خاڵی بوو لە ئینتیما کە بە فویەک هەرەس دێنی و دادەڕمێ.. نموونەی هەرەس و داڕمانەکان زۆرن! لە بارەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار لە عیراق و کوردستان، بەشانازیەوە خۆم بە یەکێک لە ئەندازیارانی ئەم پرۆسەیە دەزانم. ئاشکرایە بیرۆکەی ئازادکردنی عیراق لە دیکتاتۆری لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئەوە بوو کە ووڵاتێکی هاوشێوەی کۆریای باشوور دروست بکرێ وە ببێتە پێشەنگی حوکمی دیموکراسی و بوژانەوی لایەنەکانی تری ژیان وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست! ئەم ئامانجەی ئەمریکا شکستی هێنا لەبەر چەندین هۆکار، کە گرنگترینیان دەست تێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە بوو کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بە دیموکراسی بوون و بوژانەوەی عیراق نەبوون چونکە لە بەرژەوەندیان نەبوو! هەروەها: *دابەشبوونی شیعە و دروست بوونی چەندین هیزی سیاسی و چەکداری پرۆکسی. *بایکۆتکردنی سوننە لە حوکمڕانی عیراق و ڕووکردنە هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان. *دابەشبوونی کوردستان بەسەر دوو بەرە (زۆنی زەرد و زۆنی کەسک-سەوز). پێویستە بووترێ لەم جەنجاڵەی عیراق پاش ئازادبوونی لە دیکتاتۆریەت، کوردستان هەلی زێڕینی لەبەر دەستدابوو بۆ پێشەنگی دیموکراسی و نوێنەرایەتی گەلی کوردستان بکا، بەڵام خۆگرێدانی هەردوو زۆنەکە بە ئەجێندای وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، ئەو هەلەیان لەدەست دا!! پرسیارە گەوهەرەکە ئەوەیە، ئایا ئەمریکا بێ هیوا بووە و دەستی هەڵگرتوە لە عیراق و کوردستان؟ بە مسۆگەری نەخێر! بەپێ ئاگاداریم لە بەرنامەکان و پرۆگرامەکانی ئەمریکا بۆ عیراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی، لە سەرووی هەموویانەوە لە ڕووی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار و تەرخان کردنی دەیان ملیۆن دۆلار و ئامادەکردن و ڕاهێنانی چەندین ڕاوێژکار کە من خۆم بەڕێوەبەری بەشێک بوم لەم پرۆگرامە کە چەند ساڵێکە دەستی پێکردوە و بەردەوامی هەیە. (ئەم پرۆگرامە بۆ ئەفغانستانیش ڕاستە، لە ئەفغانستان بەرنامەکە زۆر بەچاکی بەرێوەدەچی و بەردەوامیشە)! لە هاوینی ٢٠١٨ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەوکات و سەرۆکی هەرێمی ئێستا کۆبوومەوە بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرۆگرامە لە ژێر ڕۆشنایی کوردستانی عیراق و کوردستانی سوریا کە خاوەن دوو هیزی چەکدارن و وێنا کراون لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانان بە دوو هێزی دژە تیرۆر و ئاشتی پارێز! پێویستە بووترێ: (لە ڕوانگەی ئەمریکا، کوردستان یەک ناوچەی جوگرافیە – ئەم تێڕوانینە زۆر گرنگە پێویستە وەبەرهێنانی لەسەر بکرێ، بەڵام تا ئێستا وەک پێویست نەکراوە)! ئەوەی دڵخۆشکەرە لە کوردستانی سوریا هێزی چەکدار ڕێکخراوە لەژێر ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵام گەورەترین بەربەست لەپێش ئەم پرۆگرامە هێزە چەکدارە حیزبیە نا ڕێکخراوەکەی کوردستانی عیراقە! بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە و بە تەنسیق لەگەڵ (ملحق عسکری) لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە زستانی ٢٠١٩ لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێم (مستەفا سەید قادر) کۆبوومەوە، بەڕێزیان ووتی لە سەرۆکایەتی هەرێم بە ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان ڕەشنووسی پڕۆژەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدارمان لە کوردستان ئامادەکردوە و لە سەرەتای سالی ٢٠٢٠ بریاری سەرۆکایەتی هەرێمی بۆ دەردەکەین و دەیکەین بە بڕیار، ئەوکات ئامادە دەبێ بۆ جێبەجێ کردن. پەیوەندیم کرد بە ملحقی عسکری باڵوێزخانەی ئەمریکا، ووتی سەردانێکی هەولێر دەکەم و لە قونسولگەری یەکتر دەبینین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداربم لە جولە دیپلۆماسیەکان، ئەوە بوو لە هەفتەی یەکەمی ٢٠٢٠ هات بۆ هەولێر و کۆبوونەوەکی بەرهەمدارمان ئەمجام دا. ئەوەی کە کوورتی هێناوە هەتا ئێستا و پاش چەندین بەدواداچوون لەگەڵ کاک مستەفا و چەندین برادەری تری گرنگی دەر بەم پرسە، ئێستاش ئەم ڕەشنووسەمان بەدەست نەگەیشتوە!! سەرنجی گرافیکەکەی سەرەوە بدەن، بەڕوونی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار بناغەی پتەوی کرۆکی چاکسازیە!! چونکە بەبێ هێزی چەکداری ڕێکخراو: *نە ئەمن و ئاسایش دەپارێزرێ *نە دامودەزگاکانی حکومەت تۆکمە دەبن و ووڵاتی متمانەیان پێدەکا *نە یاسا سەروەر دەبێ *نە بووژانەوەی ئابووری گەشە دەکا ئەوەی کە پێویستە دەستوبردی لێبکرێ بەتایبەتی لە سەروبەندی پرسی داڕشتنەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، بەبێ هێزێکی ڕێکخراوی بێلایەن ناکرێ پارێزگاری لە دەستوور بکرێ! *تەواوکردنی ڕەشنووسەکە و دەرکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمە بەزووترین کات. *پتەوکردنی پەیوەندی نێوان باشوور و ڕۆژئاڤا تا دەگاتە مۆرکردنی پەیمانی ستراتیجی. *ڕۆڵی هەرێم لە زیندوو کردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. *نموونەیەکی بچوکیش: شەڕی (کەپکی حەمەد ئاغا) لە تەنگژەی (وەرتێ) دووبارە نەبێتەوە. (هیوادارم پڕۆژەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار لە عیراق و کوردستان بە دەردی پڕۆژەکانی تر نەچێ کە لەم دواییە دەست پێکراوە)!! * سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری کوردستان - Kurdistan Aid-KAID
چیا عەباس بیرمهندی فهرهنسی Charles Montesquieu ( ١٦٨٩ - ١٧٥٦) له ساڵی ١٧٤٨ له زنجیرهیهک نوسیندا، ٣١ نوسین، له ژمارە ١١ ەدا بهناونیشانی " رۆحی یاساکان" بۆچونهکانی لهمهر سێ کوچکهی دهسهڵات باس دهکات. ئهم سێ کوچکهیه دواتر بونه بنهمای زۆر گرنگ بۆ دروستکردنی دهوڵهت له جیهاندا. چهمکی جیاکردنهوهی سێ دهسهڵاته سهرهکیهکه ناوهرۆکی بۆچونهکانی بو. له ئێستادا له زۆربهی وڵاتهکانی ئهوروپا جیاکردنهوهی دهسهلاتهکان گۆڕاوه به جۆرێک له دابهشکردنی ئەرکەکان، ههروهها لهم سهردهمهدا کۆنترۆڵکردن و هاوسهنگی له سیستهمی بهڕیوهبردنی وڵاتدا چهمکی گرنگن و دابینی ئازادی هاوڵاتیان دهکهن. بۆچونهکانی ئهم بیرمهنده گهورهیه بونهته بنهمای زۆربهی دهستوری وڵاتانی رۆژئاوا، بهتایبهت دهستوری ئهمریکا(١٧٨٩) و دهستوری فهرهنسا (١٧٩١). به ههڵسهنگاندنی مۆنتیسیکو ئهوانهی دهسهڵاتیان بهدهستهوهیه نیهتیان ههیه به خراپی بهکاری بهێنن، بۆیه پێویسته کۆنترۆڵ و هاوسهنگی تێههڵکێشی هاوکێشهکه بکرێن تا هیچ کهسێک زۆربهی دهسهڵاتی بهدهستهوه نهبێت، بۆیه بهمهترسی زانیوه دهسهڵاتی یاسا دانان و جێبەجێکردن له ههمان دهستدا بن. بنەماکانی دەستور دەبێت دەستور بناغەی بنەرەتی سیستەمی دادی کۆمەڵگا و بەرێوەبردنی بێت، مافە بنەرەتیەکان و ئازادی بۆ هاوڵاتی زامن بکات، هاوکات پێویستە دەستور سنور بۆ ئەم مافانەش دیاری بکات تا پراکتیزەکردنیان نەبنە هۆکار بۆ ئەو کارانەی نائارامی و تاوان دروستدەکەن. بەگشتی مافە بنەرەتیەکان بەسەر دو جۆری سەرەکیدا دابەش دەبن: ١- مافە بنەرەتیە کلاسیکیەکان: مافەکانی سیاسی و هاوڵاتیبون، وەک کاندیدکردن، ئازادی رادەربرین، ئازادی ئاینی و قەدەغەکردنی مامەڵەی جیاوازی هاوڵاتیان، ٢- مافە بنەرەتیە کۆمەڵایەتیەکان، مافەکانی بواری ئابوری، گوزەرانی و کڵتوری، وەک نیشتەجێبون، هاریکاری کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریەکان و ....تاد. پێکهاتەی دەوڵەت لە هەمو دەستورێکدا بناغەی جۆری دەوڵەت دیاری دەکرێت، بۆ نمونە: ١- چۆنیەتی هەڵبژاردنی دەزگاکانی دەوڵەت ( وەک پەرلەمان، سەرۆکایەتی دەوڵەت...تاد) یاخود چۆنیەتی دانان ( وەک وەزیر و جێگرەکانیان و دادوەران ) و دیاریکردنی دەسەڵات و ئەرکەکانیان. ٢- چۆنیەتی سازدانی یاساکان و چۆنیەتی گۆرینی دەستور، ٣- بەرێوەبردنی پارێزگا و شارەوانیەکان، ٤- لە سیستەمی پاشایەتیدا دیاریکردنی دەسەڵات و ئەرکەکانی پاشا و خێزان و بنەماڵەکانیان. لە وڵاتە پێشکەوتو و بە دامەزراوەکراوەکانی دنیا مافە بنەرەتیەکان لە لایەن دەستور و پەیمانە نێو دەوڵەتیەکانەوە دەپاریزرێن، وەک مافەکانی مرۆڤ و ئازادی، هاوڵاتی دەتوانێت بەرێگەی ئەم پەیمانانەوە لەو دیو سنوری وڵاتەکەشی سکاڵا دژ بە پێشێلکاری مافەکانی تۆمار بکات. ماوەیەکە لە کوردستان لەلایەن بازنەکانی دەوری دەسەڵاتەوە پرسی دەستور وروژێنراوەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەی دەستورێک بەرچاو دەکەوێت، لێرەدا چەند پرسیارێکی بنەرەتی سەرئاو کەوتون: یەکەم: دارێژەرانی ئەو پرۆژەیە کێن؟ دوەم: ئایا پرۆژەکە مافە بنەرەتیەکانی هاوڵاتی دابین دەکەن و دەیان پارێزن؟ سێیەم: ئایا لەم دۆخەی ئێستادا ئەو جۆرە پرۆژەیەی پێویستە؟ بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستە ئاورێکی جدی لە رابوردو بدەینەوە، دۆخی هەرێم و زەمینەی پرۆژەکە بە قوڵی بکێڵین، پرۆژەکە لە چوارچێوەی دۆخی سیاسی و حوکمرانی ئێستای هەرێم و عێراقد ببینین. پێشەکی دەستور بۆ جێبەجێکردن و چاودێریکردنی پێویستی بە دامەزراوە یاساییە سەربەخۆ و لێهاتوەکان هەیە، بۆ دارشتنیشی پێویستە سەرجەم گروپ و توێژەکانی کۆمەڵگا بەشداربن، بۆ نمونە لە هەرێمی کوردستان لە دوا هەڵبژاردندا زیاتر لە ٤٠% هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردن نەبون بۆیە ئەم رێژە زۆرەی هاوڵاتیان دەبێت لە دارشتنی پرۆژەی دەستور بەشدار بن، چونکە دەستور لە بنەرەتدا بۆهاوڵاتیە. دەستوری هەمیشەیی عێراق بە موبارەکەی ئەمریکا و نزیکەی ٨٥% ی دەنگی هاوڵاتیانی عێراق پەسند کراوە، سەیری وێرانەی ئێستای عێراق بکەین دەبێت پرسیاریش بکەین بەها و ماهیەتی ئەو دەستورە بۆ عێراق پاش ١٦ ساڵ لە پەسندکردنی چین؟ ئەوەندەی دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم دەسەڵاتدارانی عێراق، بەوانەی کوردستانیشەوە، تا ئەم چرکەیە دەستورەکە وەک قەمیسەکەی عوسمان بەکار دەهێنن، بێ ئەو دەستورە ناتوانن بەیاسایی بۆ رۆژێک خاوەنی دەسەڵات بن و پێگە و بەرژەوەندیەکانیشیان بپارێزن. بۆ خۆم شارەزای دەستور و یاسا نیم، بەڵام باوەری تەواوم هەیە لە وڵاتێکدا مرۆڤ وەک گیانلەبەرێکی بێ بەها ببینرێت و بەهۆکاری باوەری سیاسی و رادەربرین و چالاکی کۆمەڵایەتیەوە بکوژرێت، سزا بدرێت. نانبر بکرێت، لەکار دەکرێت و زیندانی بکرێت ئیتر دەستور و یاسا چ مانایەکیان دەمێنێت؟ سیستەمە دکتاتۆر و تۆتالیتارەکانی دنیا خاوەنی دەستور بون و هەن، لە دارشتنەوەدا جوان و قەشەنگ لە پراکتیکدا کوشندە و ماڵوێرانی. ئەم پرۆژەیەی ئێستا لە پرۆژە سەرەتاییەکی چەند پسپۆرێکی یاسایی سەرچاوەی کردوە، کاری من نیە بچمە وردەکاری مادە و برگەکانی، ئەوەی بەلای خۆمەوە گرنگە کە پێویستە هاوڵاتی بزانێت نیەتەکانی پشت پرۆژەکە، هۆکار و زەمینەکانی لە ئێستادا چین..گرنگیش نیە سیستەمی حوکمرانی سەرۆکایەتی یاخود پەرلەمانی بێت، ئەوەی گرنگە لە هەر یەک لەو جۆرە سیستەمەدا مافە بنەرەتیەکانی هاوڵاتی پارێزراو بن، یاسا سەروەر بێت، سەروەری هەرێم پارێزراو بێت، دەسەڵات هەم یاسادانەر و هەم جێبەجێکەر نەبێت و .... تاد. ئەزمونەکانی رابوردو دەیسەلمێنن دەسەڵاتی هەرێم و چۆنیەتی بەرێوەبردنی هەرێم دڵنیاکەر و ئومێدبەخش نین بۆ دەستورێک بەقەد باڵایان دابرێژرێت و پەسند بکرێت. دەشێت بتوانن دەستورێکی نیوەچڵ بکەنە ئەمری واقیع، بەڵام ئەوە چارەی کێشە و نەهامەتیەکانی ئەم خاک و نیشتمانە ناکات. لەو باوەرەدام نەبونی دەستور لە دەستورێک لە سایەی دەسەڵاتێکی باوەرپێنەکراو باشترە، چونکە بەلایەنی کەمەوە شەرعیەتی رەفتار و کار و هەڵوێستەکانی لەدەست دەدات. با چاوەروان بین!
د. ئیسماعیل نامیق دوێنێ پیاوێکی داماوە لەڕانیە ھەر ئەوەندە ووتی من پێغەمبەرم، بێ ھیچ پرسیار و وەڵامێک بەربوونە وێزەی و فەلاقەیان کرد. کەمەشھەدی فەلاقەکردنی ئەم داماوەم بینی، بۆم دەرکەوت کەکاری پێغەمبەران چەند قورس بووە. ئایا ئەزانن زۆربەی پێغەمبەران زۆر لەم پیاوە خراپتریان بەرامبەر کراوە، ئەم پیاوە پۆلیس ھەندێک پاراستی، پێغەمبەری ئیسلام جگە لەئەبوتالیبی مامی کەسی تر نەبوو پارێزگاریی لێبکات، بەویان ئەوت شێت، بەمیش ئەڵێن نەخۆشی دەروونیی ھەیە، ئەو پێغەمبەر بوو، ئەم داماو و بێخەبەر. ئێستا ئەزانم ئەرکی پێغەمبەران و چاکەخوازان چەند قورس و ئەستەمە، چەند سەختە کەسێک خاوەنی پەیامی گۆڕانکاریی بێت و بیەوێت کۆمەڵگەیەکی دەقگرتوو لەسەر عورف و بیر و باوەڕی کۆن بگۆڕێت. ئەم پیاوە داماوە باوەڕ ناکەم ستەمی لەکەس کردبێت، نەکەسی کوشتووە، نەکەسی چەوساندۆتەوە، نەدزیی لەکەس کردووە، نەسەروەت و سامانی میللەتی خواردووە، رەنگە تەنھا کاریگەریی نەخۆشیەکەی پاڵی پێوەنابێت ئەو قسەیە بکات، کەچی بینیمان پەرچەکرداری نائاگایانەی کۆمەڵگە چ رۆژە رەشێکی بەسەرھێنا. باشە ئەگەر گوێیان لێبگرتبا باشتر نەبوو؟ چونکە ئەگەر قسە یان پەیامێکی باشی پێبوایە سودی بۆ کۆمەڵگە ئەبوو، خۆ ئەگەریش ھیچی پێنەبوایە گوێگرتن و بەنەرمی مامەڵەکردن لەتەکیدا سوودی بۆنەخۆشییەکەی ئەبوو. ئەی کەواتە ئەو خەڵکە بۆ وایان کرد؟ ئەمە پرسیارە جەوھەرییەکەیە لای من. راستە سروشتی مرۆڤ وایە، زۆرجار واز لەبیرکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی خۆی دەھێنێت و دوای مێگەل ئەکەوێت، چونکە دوای مێگەل کەوتن سەلامەتترین و ئاسانترین رێگەیە، نەبیرکردنەوەی ئەوێت، نەمەترسیشی ھەیە. رۆیشتن بەئاراستەیەکی پێچەوانەی ئاراستەی مێگەلدا، با ئاراستە دروستەکەش بێت،کارێکی ھەتا بڵێی دژوار و سەختە، لەوە سەختتر و دژوارتر ، بتەوێت ئاراستەی مێگەلەکە خۆی بگۆڕیت، لەھەموو ئەوانە سەختتر و قورستر، مانەوە و بەردەوامبوونە لەسەر ئاراستەی پێچەوانەی دروست، ھەروەھا رێگە گرتنە لە مێگەلبوون و دروستبوونی ئاراستە و خوی مێگەلیی. ھەموو ئەوانە بەئازادکردنی عەقڵ و ماڵ و ھاندانی بیرکردنەوە دەکرێت، لەبەرئەوەی وابەستەبوون لەڕوی عەقڵ و ماڵەوە بەگروپ و کەسی دیکەوە، ئازادیی بیرکردنەوە و ھەڵسوکەوتکردن لەکەسی وابەستەبوو دەسێنێتەوە، دەرەنجام دەیکاتە رەگەزێکی ھەڵمەتبەری مێگەلەکە. پەیامی ھەموو ئایینەکان و پێغەمبەرانیش، ئازادکردنی عەقڵ و ماڵ و ھاندانی بیرکردنەوە بووە، لەپێناو رێگریی کردن لەمێگەلبوون و دوای مێگەل کەوتن، بەڵام بەداخەوە ھەر دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر ھاتن و رۆیشتنیاندا، خودی ئایینەکە و پێغەمبەرەکەش کراون بەئامرازی مێگەلبوون، دوای مێگەل کەوتن.
پەیكار عوسمان ١- تورکیا لە چەن دەرگایەکەوە دێتە ژوورەوە. دەرگای یەکەم ستەمکاریی و تەماعی خۆیەتی و ئەمە خاڵێکە کە نابێ بیپەڕێنین. ئاخر ئەگەر لێرەوە دەستپێنەکەین، ئیتر ئەبین بە بەشێك لە ستەمکارییەکە. چونکە چاوپۆشی لە ستەمکاریی، بەشێکە لە ستەمکاریی! ستەمکاری تورکەکانیش ڕەگێکی قووڵیی هەیەو بەشێکی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە، هەر لە ئەساسەوە، ئەم ناوچەیە شوێنی سروشتی ئەوان نیەو جێگایەکیش کە هی خۆت نەبوو، ئیتر سنورت نیەو هەرچەنێك بڕۆیت، هەر هی خۆت نیەو هەر بە هێز ئەیکەیت بە هی خۆت! دەی تورکیش چ لە فۆڕمی قەبیلەداو چ لە فۆڕمی ئیمپراتۆریداو چ لە فۆڕمی دەوڵەت نەتەوەدا، هەر وای کردوەو تەنانەت دەوڵەتی مۆدێرنیش، نەیتوانیوە بیخاتە ناو سنورەوە،، لەکاتێکا "سنور" یەکێکە لە سیماکانی دەوڵەتی مۆدێرن و سیستەمی نوێ ی جیهان! سەیرکە کورد چونکە لەسەر خاکی خۆیەتی، ئیتر سنوری خۆشی ئەزانێ. مەسەلەن ئێمە تا "حەمرین" بە هی خۆمان ئەزانین و هێزیشمان هەبێت، عوزێم و خالس بە هی خۆمان نازانین. بەڵام تورك ئەو حەمرینەی نیەو تا بەسرەش بە هی خۆی ئەزانێت، چونکە لە ئەساسا هیچی هی ئەو نیەو ئەمدیو و ئەودیوی حەمرینەکان، بۆ ئەو فەرقێکی نیە! خۆ ئەوەی کە کورد داگیرکاریی ناکات، مەسەلەکە هەر ئەوەنیە، کە کورد دایمە کێشەی ناوخۆی هەبووەو سەری چوونە دەرەوەی نەپەرژاوە. هەر ئەوەش نیە کە دایمە ژێردەستەبووەو هێزو دەرفەتی ئەوەی نەبووە. بەڵکو هۆکارێکی تریش، ئەوەیە کە کورد، چونکە لەسەر خاکی خۆیەتی، ئیتر ئەشزانێ کامە ماڵی ئەوەو کامە ماڵی ئەو نیە. ئاخر عادەتەن "حەق" سنوردارەو "ساحێبی حەق" داوای شتێکی ڕوون و دیاریکراو ئەکات. مەسەلەن کورد کە داوای کوردستان ئەکات، ئەزانێ داوای کوێ ئەکات. لەکاتێکا "تەڵەبی ناحەق" هەمیشە غامزو نادیارەو مەسەلەن ئەوەی کە تورکەکان ئەیانەوێ، لەڕاستیدا خۆشیان نازانن کوێیەو هەر ڕۆژەی لە شوێنێکی ئەم جیهانەوە پەلێك ئەهاون! خۆ چ لە کۆنداو چ لە ئێستاشدا، ململانێ و سیاسەت، هەر "هێز" حوکمی ئەکاو هیشتا مرۆڤایەتی نەپەڕیوەتەوە بۆ ئەو قۆناغە باڵایەی کە عەقڵ و حەق و عەدالەت حوکم بکەن. بەڵام لەناو حوکمی هێزیشدا، جۆرێكمان هەیە، کە هێزێکی ڕووتەو جگە لە هێز خۆی، هەڵگری هیچ مانایەکی تر نیە. مەسەلەن شاڵاوی مەغول، تەنیا هێزو زاڵێتییەکی پەتییەو هیچی تر، بۆیە نەشیتوانی حەزارەت دروست بکات. بەڵام شاڵاوی ڕۆم، ئەگەرچی ئەویش هەر داگیرکاری و هێزو عەزەڵاتە، وەلێ بڕێك ماناو حیکایەتیشی هەیە، بۆیە ئەتوانێ حەزارەت دروستبکاو چەن شانۆیەکی ڕۆمانی و چەن فەیلەسوفێك بەجێ بێڵێ! عەرەب لە قۆناغی جاهیلیدا، داگیرکاریی ناکات، بەڵکو تەنیا تاڵانیی ئەکات. یەعنی قەبیلەیەك ئەدا بەسەر قەبیلەیەکی ترداو ئەگەڕێتەوە، نەك ئەوەی داگیری بکاو بمێنێتەوە. بەڵام لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا، غەزەوات ئەگۆڕێ بۆ فتوحات و لە تاڵانییەکی ڕووت و بێ پەردەوە، شتەکە ئەبێتە غەنیمەو پاساوی شەرعی بۆ دروستئەبێ، "داگیرکاری و مانەوەش" سەرهەڵدا بە بیانوی بڵاوکردنەوەی دین.. ئەمەش بۆ قەبیلە توركەکان، هەلێکی زێڕینەو پاساوێکی شەرعییان ئەداتێ بۆ کارەکەی خۆیان "داگیرکاری و تاڵانکاریی". بۆیە زۆر بە خێرایی لەگەڵ مەنزومەی خیلافەتدا ئەگونجێن و تێکەڵئەبن. بەڵام کورد تموحەکەی ئەوەنیەو تەنیا ئەیەوێ سەروەری ماڵی خۆی بێت، بۆیە لەگەڵ مەنزومەی خیلافەت، باش تێکەڵ نابێ و بەو جۆرە ناچێتە پێشەوە کە تورك چوو. ئاخر خودی خیلافەت، ئەداتێکە بۆ زاڵێتی و داگیرکاری و تەنیا ئەوانە تێیدا جێ ئەگرن، کە ئامانجیان ئەوەیە! چیرۆکی تورك و ئیسلامیش، تەنیا مەسەلەی داگیرکاری و تاڵانکاری و هێزو سوڵتەیە، نەك مەسەلەی قیەم و ئیمان و ئەخلاق.. یەعنی لە شوێنیکدا عەرەب دینەکە هەڵئەگێڕێتەوە بۆ وەسیلەی سوڵتەو داگیرکاری، ئا لەم مەیدانەشدا، تورك ئەسپی خۆی تاوئەداو پێشی عەرەبیش ئەداتەوە، بۆیە عەرەب خۆشیان، سەدان ساڵ ئەبنە ژێردەستەی تورك! ئەم عەقڵیەتی داگیرکاری و تاڵانییەش، تورك هەر لە قەبیلەوە هێناویەتی، تاکو خیلافەت و تاکو دەوڵەت نەتەوەو تاکو تێکەڵکردنی هەردو نەزعەی قەومی و دینی، یاخود هەردو نەزعەی دەوڵەتیی و ئیمپراتۆریی لەلایەن ئەردۆگانەوەو لە هیچ قۆناغێکدا دەستی لێ ی بەرنەبووە،، کە ئەمەش هەمیشە کێشەیە بۆ خۆی و بۆ ئەوانیتریش. هەڵبەتە کە ئەڵێم ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین و تورك لەسەر خاکی خۆی نیە، ئەمە بە دیوێکی ڕەگەزپەرستانەدا ناڵێم و تەنیا مەبەستم شیکردنەوەو تەفسیری مێژوویەك و دۆخێکە.. ئەگینا لە بیرو باوەڕی مندا، هیچ خاکێك هی کەس نیەو هەمووی هەر هی پێکەوەژیانە. چ ئەوەی ئێمە، کە خاکی خۆمانەو چ ئەوەی تورکەکانیش، کە خاکی خۆیان نیە، هەمووی هەر هی پێکەوەژیانە. یەعنی نە مەنتقی خاوەن ماڵیی و نە مەنتقی هێز، هیچیان مەنتقی پێکەوەژیان بەتاڵ ناکەنەوەو "پێکەوەژیان" سەرداری هەموو حەقەکانەو هەر حەقێك تەجاوزی بنەمای پێکەوەژیان بکات، لەڕاستیدا باتڵەو لە حەقێتی کەوتووە! * جا کێشەی عەقڵیەتی تورك، هەر ئەوەنیە کە عەقڵێکی هێز سەنتەرە. بەڵکو هێز سەنتەرێکی پەتی و مەغۆلییەو جگە لە زاڵێتی هیچ ماناو حیکایەتێکی تری نیە. ئا لێرەشەوەیە کە جگە لە مرۆڤەکان و شارەکان، تەنانەت مریشك و دارو درەخت و ئاژەڵیش لە دەستیان پارێزراو نیە. ماویەتی
د. كامەران مەنتك یاخود پڕۆسەی سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی كوردستان!؟ خوێندنەوەیەك بۆ هێرشەكانی توركیا بۆسەر باشووری كوردستان بەگوێرەی مادەی سێیەمی رێكەوتننامەی لۆزان، بڕیاردا هەردوو وڵاتی ئێراق و توركیا بەیەكەوە رێككەون بۆ دیاریكردنی سنووری نێوانیان، ئەگەر نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنیك، بابەتەكە بدەنە دەست كۆمەڵەی گەلان. دوای ئەوە بەگوێرەی رێكەوتننامەی ئەنقەرە هێڵی برۆكسل، وەك سنوورێك دیاریكرا، كە لەسێگۆشەی سوریا- ئێراق- توركیاوە دەست پێدەكات بۆ سێگۆشەی توركیا-ئێراق- ئێران. توركیا ململانێیی لەسەر ئەوەبوو، كە هێڵی برۆكسلیش بكەوێتە ناو چوارچێوەی وڵاتەكەی و سنووری ئێراق و لە خوار هێڵی برۆكسلەوە دەست پێبكات، واتە هەموو ئەوناوچە شاخاویانە بخاتە سەر توركیا، كە لە باكوری زاخۆوە دەست درێژدەبێتەوە تا دەگاتە مەتیناو لەوێشەوە بۆ باكووری رواندز، واتە رواندز دەكەوێتە ژێر هێڵی برۆكسل. بەڵام دواتر دەمی توركیا بە پشكی 10% نەوتی ئێراق بۆ ماوەی 25 ساڵ چەوركرا و ناچار بوو لەژێر فشارەكانی بەریتانیا بەهێڵی برۆكسڵ رازیبێت. دوای هەڵوەشانەوەی بلۆكی رۆژهەڵات و دروستبوونی هەرێمی كوردستان، توركیا پێ بە پێ هەنگاوی نا بۆئەوەی ئەو ناوچەیەی پێشتر وەك هێڵی سنووری داوای دەكرد، بەزیادەوە بە وڵاتەكەی بلكینیتەوە. لە سەرەتادا نەخشەی دوای نەمانی سیستەمی دوو جەمسەری و قۆناغی تاكجەمسەری ئەمریكی، وا دەهاتە بەرچاو، كە ئێراق هەڵدەوەشێتەوە، پڕژەی جیهانگەرایی ئەمریكاش كاری بۆ هەڵوەشاندنەوەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرد، بۆیە توركیا كاری بۆ ئەوە دەكرد، هەموو هەریمی كوردستان، بخاتە ناوسنووری توركیا، واتە دەتوانین ستراتیژی توركیا بۆ ئەو ناوچەیە لەدوو خاڵی سەرەكی كۆبكەینەوە: 1- گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ناوچەیەی، كە لەدوای ساڵانی نەوەدی سەدەی بیستەمدا كەوتە ژێر هەژموونی ئەو، واتە ئەوەی دواتر پێی دەگوترا دەڤەری زەرد بۆ سەرتوركیا تا ئەو خاڵەی، هەژموونی ئێران تیایدا دەستی پێدەكرد، لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین دوای راپەڕین و لەرێگای شەڕی ناوخۆوە هەرێمی كوردستان بەسەر دوو ناوچەی هەژموونی دابەشكرا(ناوچەی سەوز) هەژموونی ئێران و (ناوچەی زەرد) هەژموونی توركیا، واتە بەشێكی گرنگ لەویلایەتی مووسڵ بگەڕێنێتەوە بۆ سەر توركیا. ئەو هەنگاوەشی بە یەكەم شەڕی گەورەی ناوەخۆی كوردی، كە بەناوی حكومەتی هەرێمەوە لەژێر شەرعیەتپێدانی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان لە 5\10\1992 دەستیپێكرد، دوای ئەوە توركیا وردە وردە هاتە پێشەوە، دوا چەقی پڕگاڵەكەی توركیا زینی وەرتێ بوو(مانگی نیسانی 2020)، بۆئەوەی ئەو ناوچەیەی لە سنوورەكانی توركیاوە درێژدەبێتەوە تاوەكو دەگاتە زینی وەرتێ بەیەكەوە ببەستێتەوە. دەبینین دوای كێشەی زینی وەرتێ، هێرشەكانی توركیا بەدرێژایی ئەو ناوچە سنووریەی لە سنوورەكانی توركیا لە زاخۆوە تا دەگاتە زینی وەرتێ چڕ ترو گەرمتر بووە. 2- گەڕاندنەوەی ناوچەسنووریەكان و هەمواركردنەوەی سنووری نێوان ئێراق و توركیا بۆ خوار هێڵی برۆكسڵ، واتە ئەوەی توركیا لەساڵی (1924-1925) داوای دەكردو دواتر لەژێر كاریگەری خاوەی پشكی 10% نەوتی ئێراق بۆ ماوەی 25 ساڵ، كە تا ساڵی (1925) خایاند، بە خەتی برۆكسڵ رازی بوو. تا ئێستاش ستراتیژی توركیا لە دەوری ئەو خاڵەدا دەخولێتەوە و دەیەوێت حالەتێكی دیافاكتۆ دامەزرێنێت، بۆئەوەی بەگوێڕەی گۆڕانكاریەكان و هەمواربوونەوەی سیستەمی نوێی جیهان و هاوسەنگی هێزی جیهانی، ئەو بڕیاری خۆی بدات. دیارە لە ئێستادا ئێمە لەكۆتایی قۆناغێكی ئێجگار هەستیار دەژین و واپێدەچێت هەمدیس سازشەكان لەسەر حیسابی مەسەلەی كورد دەبن، بۆیە توركیا هەنگاوەكانی خێراتركردووە و هێرشەكانی چڕتر كردۆتەوە، دەیەوێت كاتێك رێككەوتن لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە دەكرێت، ئەو داشی سواربێت و مەرجەكانی خۆی بسەپێنێت، كە ئەمەش لە چەند ئەگەرێك زیاتر بەخۆوە ناگرێت: 1- فراوانبوونی چوارچێوەی شەڕەكان و هەڵوەشانەوەی ئێراق، ئەوكاتە ئەو بەئاسنی دەتوانێت راستەوخۆ كۆنترۆڵكردنی دەڤەری زەردی هەرێمی كوردستان رابگەیەنێت. كە ئەم ئەگەرە لە ستراتیژی ئۆراسی روسیا نزیكترە، كە دەیەوێت شوینەواری قۆناغی مۆدێرنیتەو نەخشەی مۆدێرنیتە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی بەتەواوی هەڵبوەشێنیتەوە قۆناغی ئیمپراتۆریاكان، (ئیمپراتۆریای عوسمانی نوێ و سەفەوی نوێ)، كە لەژێر جڵەو هەوساری خۆیدا بن زیندوو بكاتەوە، كە ئەمە بەروونی لە پەیوەندیەكالنی روسیا لەگەڵ هەریەك لەئێران و توركیا بەدیاردەكەوێت، تەنانەت بۆ ئەوەی ئەو دۆخە نوییە بسەپێنیت، كار بۆ ئەوە دەكات هەردوو وڵات لەژێر سەرپەرشتی و كۆدی ئەودا ببنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی. 2- ئەگەر بێت و شەڕەكە بوەستێت و لایەنە جیهانیەكان لەسەر ناوچەی هەژموونی خۆیان ریككەون، ئەو كاتە توركیا بەلایەنی كەم هێلی برۆكسلی خستۆتەوە ژێر دەسەلاتی خۆی و داوای هەموار كردنەوەی سنوورەكانی دەكات بۆ خوار خەتی برۆكسل، وەك ئەوەی لەساڵی (1924-1925) داوی دەكرد. شایەنی ئاماژە بۆ كردنە ئەو خەتە هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، كە ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستانی تیا باڵادەستە(سەیری نەخشەی خوارەوە بكە). دیمەنی كۆی رووداوەكان وانیشان دەدات، كە هاتنەدی پێشبینی ئەگەر دووەم بەهیزتر بێت، لەبەرئەوەی ئێستا جۆرە ریككەوتنێكی هەرێمی هەستی پێدەكرێت بۆ ئەو رەفتارانەی توركیا، لەبەرئەوەی سەرباری ئەوەی توركیا ئەو بەشەی باشووری كوردستانی نەك هەرداگیر دەكات، بگرە وا سووتماكیشی دەكات، لەكاتیكدا نە ئێراق و نە ئێران و نەهیچ دەوێەتێكی تری رۆژئاوایی نە هیزە ئۆراسیەكان (روسیاو هاوپەیمانەكانی) دەنگیان لیوە نایەت، واتە جۆرە رێككەوتنێك بەدیدەكرێت لەنێوان ئەمریكاو ئەوروپا، لەگەل روس و ئەوانەی لەبەرەی ئەودان، ئەگینا ناچێتە ئاوەزەوە ولاتیكی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، بەوشێوە ولاتیك داگیربكات و تاوانی جەنگ ئەنجام بدات، لیی بێدەنگ بن و هیچ پەرچەكرداریكیان نەبێت، وادیارە ئێراقیش بە ئەگەری دووەم رازیە، چونكە لەماوەی رابردوودا بەشێكی زۆر لە سیاسەتمەدارانی ئیراق راشكاوانە داوای جیابوونەوەی هەرێمی كوردستانیان كردوە بەو نەخشەیەی، كە ئەوان خۆیان دەیانەوێت، واتە بە بێ ئەو ناوچانەی، كە جێگای داخە بە ناوچە دابڕێنراوەكان و ناوچەی م140 ناو دەبرێت، لەبەرئەوەی ئەوانیش پێیان وایە ئەو ناوچەیە جگە لەكێشە هیچی تری بۆ ئێراق نیە. تەنانەت واپێدەچێت سەركردایەتی باشووریش بەو دۆخە نوێیە رازی بووبێت، لەبەرئەوەی ئەوان هەمیشە كارتی چوونە پاڵ توركیایان وەك كارتێكی فشار بۆ سەر ئێراق هەژمار كردووە، لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا زۆرجار بانگەشەیان بۆ ئەوە كردووە، كە لە ئەگەر باشووری كوردستان بە توركیا بلكێنرێتەوە، زیاتر خزمەتی مەسەلەی كورد دەكات، لەبەرئەوەی بەشێوەیەك لە شێوەكان واتای یەكگرتنەوەی دوو پارچەی كوردستانەوە توركیاش لە ئێراق باشترەو دەوازەیەكیش لەبەردەم كورد بۆ ئەوروپا دەكرێتەوە، كە دیارە ئەمە ساویكەییەكی سیاسی و تنەگەیشتنیكی قوولە لە ستراتیژی دەوڵەتان. جێگای داخی كاركردنی بەشێكی هێزە كوردیەكانیش، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە گەورەترین سنووری لەگەڵ توركیا هەیە بەو ئاڕاستەیە بووە، تازە خەریكە لە ستراتیژی توركیا تێدەگەن و لێوی خۆیان دەگەزنەوە، بەڵام دوای چی!؟ شایەنی باسە جگە لە هەمواركردنەوەی سنوور وەك ئەوەی توركییا دەیەوێت، كە واتای قۆناغێكی تری دابەشكردنەوەی كوردستانە، كە ئەمجارەیان سنوورەكان بەشێوەیەكی وا دادەڕێژنەوە، هیچ بواریكی بەرگریكردن بۆ كورد تیا نامێنیتەوە، واتە گەورەترین دۆستی كورد، كە چیاكانە لێی دەسەننەوە، ئەو كاتە چیاكان نەك هەر دۆست نامێنیتەوە بەڵكو دەبنە گەورەترین دوژمنیش، چونكە راستە چییاكان پەسارێكی باشن بۆ بەریگریكردن بەڵام ئەگەر كەوتە بەردەستی دوژمن، رۆڵیكی ریك پێچەوانە دەبینێت و رزگاركردنی ئاسان نیە. بەم چەشنە قۆناغی دوای ئەو داگیكردنە دەستپێدەكات، كە قۆناغی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچە سنووریانە، بەمەش لە قووڵایی ستراتیژی دوواوەی بەشەكانی كوردستان پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیاكە دەست پێدەكەن و تورك و عەرەب و خەڵكانی تری ناكورد نیشتەجێ دەكەن، كە پێشتر ئەو گۆڕینی دیمۆگرافیایە تەنیا لەو سنوورانەوە دەگوزەرا، كە دەكەوتە نیوان كوردو دەسەلاتە مەركەزیەكان. كە ئەمەش واتای ئەوەیە كوردستان دەكەوێتە نێو بەرداشی دوو پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیاوە، واتە كوردستان سەرلەنوێ لەخاچ دەدەنەوە.
سلێمان سەبری لە دوای دروست بوونی ھزری سیاسی و کایەی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی، پارتە سیاسیەکان بە شێوازی کۆن و نوێ ھاتنە کایەوە لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان وەک ئامرازێک بۆ ئاراستە کردنی کۆمەڵگا و پرۆسەی سیاسی بە شێوازێکی تەندروست! واتا لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان بە تایبەت کۆمەڵگا دیموکراتیەکان، پارتە سیاسیەکان ئامراز بوون بۆ ئاراستە کردنی کۆمەڵگا و پرۆسەی سیاسی نەک ئامانج! ئەگەر باسی ڕۆل و دامەزراندنی پارتە کوردییەکان بکەین لە لەو بەشەی کە لە ژێر دەستی عێراقدایە (باشوری کوردستان) لە دوای دروست بوونی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ کۆمەڵێک پارت دروست بوون سەرەتا بە ئامانجی ئەوەی کە ببنە ئامرازێک بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوییەکانی کورد ھەر پارتێک لەسەر کۆمەڵێک بەھا و پڕێنسپ دامەزرا! بۆ نموونە پارتی دیمکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ دامەزرا، یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٦ دامەزرا، ئەگەر باسی ئەو دوو پارتە سیاسیە بکەین لە باشوری کوردستان(کوردستانی عێراق) کە ڕۆلێکی بەرچاویان ھەبووە لە ئیدارەدانی کوردستان لە دوای ساڵی ١٩٩١ بەڵام ئایا ئەو رۆلە باش بووە یان خەراب؟ دوای ساڵی ١٩٩١ پارتی و یەکێتی ھەڵبژاردنیان کردوو دوای ماوەیەک شەڕی ناوەخۆیی دروست بوو دواتر قۆناغی ئاگربەست ، دوای ڕێکەوتنی ئاشتی! لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێڕاق و کۆتایی ھاتنی ڕژێمی دکتاتۆری سەدام، پارتی و یەکێتی رۆلی زیاتریان پێ درا لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا( ھاوپەیمانان) لە دروست کردنی حکومەتی نوێی عێراق و پڕۆسەی سیاسی! بەڵام تاکو ئێستا ئەو دوو پارتە سەرکەوتوو نە بوون چ لەسەر ئاستی دەرەوە بۆ زیاتر ناساندنی کێشەی کورد بە جیھانی دەرەوە، باشترین نمونە نەیان توانی لە ساڵی ٢٠١٧ قەناعەت بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێنن بۆ ئەوەی ھەر ھیچ نەبێ دژایەتی ڕیفراندۆم نەکەن! لەسەر ئاستی ناوەخۆش کوردستان لە کاتی ئێستادا بە کۆمەڵێک قەیرانی قوڵ تێدەپەڕێ گرینگترینیان قەیرانی ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستانە! چونکە ئێمە ناتوانین بڵین قەیرانی دارایمان ھەیە!لەبەر ئەوەی کوردستان بە ڕادەیەکی باش دەوڵەمەندە لە ھەموو ڕوێکەوە! ئەو قەیرانەی ھەیە قەیرانی گەندەڵی و بەھەدەر دانی سامانی نشتیمانیە! لە لایەن کۆمەڵێک کار بەدەستی ھەردوو پارتە دەسەڵات دارەکەدا! کەواتە ئەگەر سەیر بکەین پارتی سیاسی لە پرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان ئامانجە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵێک کەس نەک ئامراز! وە پارتە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان نەیان توانیوە رۆلیکی ئیجابی ببینن لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگا بە شێوازێکی تەندروست! وە ھەروەھا نەیان توانیوە وەکو پێویست ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزن لەبەر بەرژەوەندی حزبی خۆیان! بەڵکو پارتی و یەکێتێ زیانی گەورەیان داوە لە ئاسایشی نەتەوەیی ھەرێمی کوردستان! بەوەی پارتی لەبەر بەرژەوەندی بازرگانی خۆی و دژایەتی پەکەکە، رێیخۆشکردووە بۆ تورکیا کە ھەژموونی سەربازی و ئابووری گەورەی ھەبێت بەسەر ھەرێم، یەکێتیش لەبەر بەرژەوەندی خۆی و دژایەتی پارتی، ڕێیخۆشکردووە ئێران زۆنی سەوز بکاتە بازاڕێکی سەرەکی بۆ شمەک و ھەژموونی کلتوریو سیاسی خۆی! * قوتابی ماستەر لە زانستە سیاسیەکان
شوان سدیق: ئیتاڵیا ڕۆژی ١١ی ئایار لەکاتی گەیشتنی ژمارەیەک کۆچبەر بۆ دوورگەی لامپێدوسیای ھەرێمی سیچیلیای ئیتاڵیا. گەنجێکی ئیتاڵی لەنزیک کۆچبەرەکان ھاواری دەکرد "ئێوە بۆچی ھاتوون بۆ ئێرە؟ "ئێمە خۆمان کێشەی زۆرمان ھەیە، پێویستە حکوومەت ئەم ھەڵەیە ڕاست بکاتەوە ڕێگەندات ئێوەی کۆچبەر بێنە ئیتاڵیا". ئەم گرتەڤیدیۆیە بەردی دەکرد بەئاو ھێندە ئازاربەخش بوو کەسانێکی زۆریش وەک پشتیوانی کۆمێنتیان بۆ ئەم گەنجە دەنووسی. بەڵێ ئەمە کۆچبەریە خەڵکی ئیتاڵیا نان لەگەڵ کۆچبەران و بێگانە لەت دەکەن، بەڵام دیارە ھاتنی زۆری کۆچبەرو کێشەی کۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابووری بەھۆی کۆرۆناوە بارودۆخەکەی پێچەوانە کردۆتەوەو خەڵکی لە کۆچبەر و بێگانە وەڕەس بوونە! بەبۆچوونی من، ھەرکەس ھانی ھاوڕێ و ھاونیشتمانیەکەی بدات بۆ کۆچکردن، ھانی دەدات بۆ ئەوەی ئەم مرۆڤە بکەوێتە نێو جیھانێک بەرپرسیاریەتیەکی قورسی دەکەوێتە ئەستۆ تا خۆی دەدۆزێتەوە.. کۆچبەری ئەزموونێکی تاڵە، ژیان لە کۆچبەری و مەنفان ھیچ مانایەک بۆ مرۆڤ نایەڵێتەوە شانازی بەخۆیەوە بکات. دەبێ ئەو مرۆڤە شەو ڕۆژ بخاتە سەر یەک سەرلەنوێ شانازی بۆ خۆی دروست بکات، بەڵام ئایا زوو دەرفەتی ئەوەی بۆ دەرخسێت ئەم مرۆڤە ھەڵبستێتەوەو گەشە بکات، بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی من دەڵێم نەخێر زۆر قورسە! کۆچبەر پێی نایە نێو خاکی مەنفا خاڵی دەبێتەوە پێویستە سەر لەنوێ خۆی دروست بکات، چۆن خۆی پێ دەگەیەنێ ئەمە ئەرکێکی قورس و بابەتێکی دیکەیە بەڵام دەبێ ئەو پرسیارەیش لە خودی کۆچبەرەکە خۆی بکرێت.. پرسیارە جدیەکە ئەمە ئایا دەرفەتی خۆ پێگەیاندنی کۆچبەری نایاسایی لە ئێستەدا ماوە لە ڕۆژئاوا؟ تاچەند کۆچبەر لەم زەمەنە نوێیە دەتوانێ خۆی بدۆزێتەوە؟ من چەند خاڵێک ڕوون دەکەمەوە. یەکەم: پێویستە وەکو دەستپێکی ژیانی ئەو کۆچبەرە مافی مانەوە_ئیقامەی ھەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ ژیانێکی ئاسایی بژی. دووەم: ئیقامە بۆ کۆچبەران زۆر قورسەو ڕەوشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گۆڕاوە، جەنگ لە عێراقیش نەماوەو داعشیش نییە. ئەی کۆچبەری کورد دێتە ڕۆژئاوا چی دەڵێت؟ پاشان کۆچبەری کوردی باشوور کۆچبەری سیاسیش نین، ئەوان ناتوانن بەگەیشتنیان بەڕۆژئاوا خەیاڵ و فیکریان لای وڵات و کوردستان نەمێنێ و خۆیان بۆ ئێرە تەرخان بکەن! پاشان، کۆمەڵێک بابەت ھەیە نابنە جێگای متمانە بۆ ئەوەی کۆچبەر مافی پەنابەری وەربگرن، بەتایبەتی کێشەی بێکاری و ئابووری و نەبوونی دەرفەتی کار! وڵاتە ڕۆژئاواییەکان ھەرێمی کوردستانی عێراقیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق جیاکردۆتەوە، وەکو ناوچەیەکی باش و گونجاو ناوزەندیان کردوە، بۆیە ئەرکی کۆچبەری باشوور قورسترە لە بەرامبەر وەرگرتنی مافی پەنابەری! سێیەم: لەگەڵ ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخەکە چەند قات خراپتر بووە. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا وەکو پێویست بەدەم داخوازی کۆچبەرانەوە نایەن، لەسەر ئاستی گشتی خەڵکی ئەمڕۆ خۆی دوورە پەرێز دەگرێ لەیەک ھەموو ئەمانە لەبەرژەوەندی کۆچبەراندانین. کاتێ کۆچبەر ھەست بەم پەراوێزخستنە دەکات پەنجەی خۆی دەگەزێ چی ھەڵەیەکی کردوە. بۆیە من دەڵێم تکایە مەیەن ببنە کۆچبەر بەئاسانی شوێنتان نابێتەوە!
شوان سدیق: ئیتاڵیا ڕۆژی ١١ی ئایار لەکاتی گەیشتنی ژمارەیەک کۆچبەر بۆ دوورگەی لامپێدوسیای ھەرێمی سیچیلیای ئیتاڵیا. گەنجێکی ئیتاڵی لەنزیک کۆچبەرەکان ھاواری دەکرد "ئێوە بۆچی ھاتوون بۆ ئێرە؟ "ئێمە خۆمان کێشەی زۆرمان ھەیە، پێویستە حکوومەت ئەم ھەڵەیە ڕاست بکاتەوە ڕێگەندات ئێوەی کۆچبەر بێنە ئیتاڵیا". ئەم گرتەڤیدیۆیە بەردی دەکرد بەئاو ھێندە ئازاربەخش بوو کەسانێکی زۆریش وەک پشتیوانی کۆمێنتیان بۆ ئەم گەنجە دەنووسی. بەڵێ ئەمە کۆچبەریە خەڵکی ئیتاڵیا نان لەگەڵ کۆچبەران و بێگانە لەت دەکەن، بەڵام دیارە ھاتنی زۆری کۆچبەرو کێشەی کۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابووری بەھۆی کۆرۆناوە بارودۆخەکەی پێچەوانە کردۆتەوەو خەڵکی لە کۆچبەر و بێگانە وەڕەس بوونە! بەبۆچوونی من، ھەرکەس ھانی ھاوڕێ و ھاونیشتمانیەکەی بدات بۆ کۆچکردن، ھانی دەدات بۆ ئەوەی ئەم مرۆڤە بکەوێتە نێو جیھانێک بەرپرسیاریەتیەکی قورسی دەکەوێتە ئەستۆ تا خۆی دەدۆزێتەوە.. کۆچبەری ئەزموونێکی تاڵە، ژیان لە کۆچبەری و مەنفان ھیچ مانایەک بۆ مرۆڤ نایەڵێتەوە شانازی بەخۆیەوە بکات. دەبێ ئەو مرۆڤە شەو ڕۆژ بخاتە سەر یەک سەرلەنوێ شانازی بۆ خۆی دروست بکات، بەڵام ئایا زوو دەرفەتی ئەوەی بۆ دەرخسێت ئەم مرۆڤە ھەڵبستێتەوەو گەشە بکات، بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی من دەڵێم نەخێر زۆر قورسە! کۆچبەر پێی نایە نێو خاکی مەنفا خاڵی دەبێتەوە پێویستە سەر لەنوێ خۆی دروست بکات، چۆن خۆی پێ دەگەیەنێ ئەمە ئەرکێکی قورس و بابەتێکی دیکەیە بەڵام دەبێ ئەو پرسیارەیش لە خودی کۆچبەرەکە خۆی بکرێت.. پرسیارە جدیەکە ئەمە ئایا دەرفەتی خۆ پێگەیاندنی کۆچبەری نایاسایی لە ئێستەدا ماوە لە ڕۆژئاوا؟ تاچەند کۆچبەر لەم زەمەنە نوێیە دەتوانێ خۆی بدۆزێتەوە؟ من چەند خاڵێک ڕوون دەکەمەوە. یەکەم: پێویستە وەکو دەستپێکی ژیانی ئەو کۆچبەرە مافی مانەوە_ئیقامەی ھەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ ژیانێکی ئاسایی بژی. دووەم: ئیقامە بۆ کۆچبەران زۆر قورسەو ڕەوشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گۆڕاوە، جەنگ لە عێراقیش نەماوەو داعشیش نییە. ئەی کۆچبەری کورد دێتە ڕۆژئاوا چی دەڵێت؟ پاشان کۆچبەری کوردی باشوور کۆچبەری سیاسیش نین، ئەوان ناتوانن بەگەیشتنیان بەڕۆژئاوا خەیاڵ و فیکریان لای وڵات و کوردستان نەمێنێ و خۆیان بۆ ئێرە تەرخان بکەن! پاشان، کۆمەڵێک بابەت ھەیە نابنە جێگای متمانە بۆ ئەوەی کۆچبەر مافی پەنابەری وەربگرن، بەتایبەتی کێشەی بێکاری و ئابووری و نەبوونی دەرفەتی کار! وڵاتە ڕۆژئاواییەکان ھەرێمی کوردستانی عێراقیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق جیاکردۆتەوە، وەکو ناوچەیەکی باش و گونجاو ناوزەندیان کردوە، بۆیە ئەرکی کۆچبەری باشوور قورسترە لە بەرامبەر وەرگرتنی مافی پەنابەری! سێیەم: لەگەڵ ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخەکە چەند قات خراپتر بووە. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا وەکو پێویست بەدەم داخوازی کۆچبەرانەوە نایەن، لەسەر ئاستی گشتی خەڵکی ئەمڕۆ خۆی دوورە پەرێز دەگرێ لەیەک ھەموو ئەمانە لەبەرژەوەندی کۆچبەراندانین. کاتێ کۆچبەر ھەست بەم پەراوێزخستنە دەکات پەنجەی خۆی دەگەزێ چی ھەڵەیەکی کردوە. بۆیە من دەڵێم تکایە مەیەن ببنە کۆچبەر بەئاسانی شوێنتان نابێتەوە!
ئەبو كاروان چەمكی دەوڵەتی قوڵ یان ڕوونتر بڵێم دەسەڵاتی قوڵ، كە لێرەدا مەبەستمە گفتوگۆی لەسەر بكەم، زۆرجار بەهەمان مانای دەسەڵاتی قوڵ بەكارهاتووە، بابەتێكی سیاسی نوێ نییەو چەندین سەرچاوەو كتێبو نوسین لەوبارەیەوە بڵاوكراوەتەوە. جەوهەری بابەتەكە ئەوەیە كە كەسانێك لەپشتی دەزگاو دامەزراوەكانەوە بڕیاردەدەنو هیچ پۆستێكی فەرمیان نییە لە دەزگاكانی تەشریعیو جێبەجێكردنو دادوەریدا، هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن توركیا یەكەمین دەوڵەتە كە چەمكی دەوڵەتێ قوڵی تێدا بەرجەستەكراوە، بەوپێیەی مستەفا كەمال ئەتاتورك هەندێ دەسەڵاتی لەسەروی دەسەڵاتەكانی تر بەخشیە سوپاو جەنەراڵەكانی، بەپاساوی پارێزگاریكردن لە عەلمانیەتی توركیا. ئەم شێوازە حوكمڕانییە بە زاراوەی جیاواز پێناسەكراوە لەوانە (دەوڵەت لە نا دەوڵەت یان دەسەڵات لەناو دەسەڵات، لە پشتەوە حوكمڕانی، هاوتەریب، پاراڵێڵ.. هتد). كەواتە دەتوانین بەشێوەییەكی تر پێناسەی بكەین، كە ئەویش كۆمەڵە كەسانێكن بۆ خزمەتی بەرژەوەندی تایبەتی سیاسییو داراییو كۆمەڵایەتی خۆیان كاردەكەنو كۆسپن لەبەردەم بەدیموكراتیزەكردنی دەسەڵاتو دەستاودەستكردنی دەسەڵات، كۆسپن لەسەر پرۆسەی سیاسیو حوكمی یاساو مافی مرۆڤو ئازادییەكان، لە سەرووی لێپرسینەوەی فەرمی دەسەڵاتدان. دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنو پێكهێنانی حكومەتو پەرلەمان لە ساڵی 1992، دوو حزبی سیاسی (پارتیو یەكێتی) دەسەڵاتی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانییان كەوتەدەستو بەشێوازی پەنجا بە پەنجا سەرجەم كایەكانی بەڕێوەبردنیان دابەشكردو هەرچی بنەمای حوكمڕانی باش هەیە پشتگۆێیان خستو بەپێچەوانەوە كاریانكرد. هەر لەسەرەتاوە ئەم شێوە حوكمڕانییە لەلایەن حزبو لایەنە سیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیو رۆشنبیرانو نوسەرانو سەرجەم چینو تۆێژەكانەوە رەتكرایەوە، ئەوانەی كە ناڕازی بوون لەم دەسەڵاتە، خەباتو تێكۆشانییان چڕكردەوە لە ڕەخنەگرتنو یاداشتو نوسینو زۆرجاریش پرتەو بۆڵەو لێدوانی شەرمنانە، ئەو بابەتانەی كە گفتوگۆیان لەسەر دەكرد لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە جێی بایەخ نەبوونو بەهەند وەرنەدەگیران، داخوازییەكانیان لە دورخستنەوەی دەستی حزب، بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكان، پێشیلكردنی یاساو رێساكانو مافەكانی مرۆڤ، یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، تاڵانكردنی سەروەتو سامان، چاكسازی بووە دروشمو بەرامەی ئەو حزبانە، كەچی دەسەڵاتداران لە یەكەمین كابینەوە بچوكترین هەنگاوی چارەسەریان نەبوو، چونكی لای ئەوان بەرژەوەندی حزبو كەسایەتیو بنەماڵە لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی گەلو نیشتمانەوە بوون. بۆیە لێرەدا بنەماكانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان وەك دەسەڵاتی قوڵو ئامرازەكانی ڕەگداكوتانی پایەكانی دەسەڵاتی قوڵ كە حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات پەی پێنابەنو خۆیان كڕكردووە لە ئاستیدا دەخەمەڕوو: یەكەم/ دەستێوردانی حیزب، لە هەرێمی كوردستان دووحزبی سیاسی حوكمڕانی دەكەنو لەپشتەوەو بە ئاشكرایش جومگەكانی دەسەڵات بەڕێوەدەبەنو بەرپرسە باڵاكان خاوەن كۆتا بڕیارن لە دامەزراندی بەڕێوەبەرێكەوە تا ئاستی پلە باڵاكان، زۆرجار لە پرسە چارەنوسازەكاندا بەئاشكرا دەوترێ بڕیاری كۆتایی لای فڵان سەركردەو فڵان سەرۆكە، ئەم جۆرە حوكمڕانییە لە هیچ دونیایەكدا بوونی نییە، هاوڵاتیو ئەندامەكانی حزبەكانی تر هەرچییەك بێت تواناو لێهاتو و پسپۆریان لەخواری پلە دووەونو لە هەموو كایەكان بێبەش كروانو مافی هاوڵاتیبوونیان لێ زەوتكراوە، كەواتا دەسەڵاتی حیزب لەسەرووی كۆی دامەزراوەكانی حكومەتو پەرلەمانو دەسەڵاتی دادوەریو پەیوەندییەكانی دەرەوەو بازاڕەوەیە. دووهەم/ پێشیلكردنی یاسا، ئەم دووحزبە رۆژێك نییە سەركردەو كادرەكانیان یاسا پێشیل نەكەن، خۆیان لەسەرووی یاساوە دادەنێن، تاوانبار داڵدەدەدەن، لەژێر چەتری یاسادا دەیان كەس تۆمەتبارو زیندانی دەكەن. سێهەم/ پێشمەرگەو ئاسایش، دوو هێزی حزبینو تائێستا یەكنەخراوون، تەنها بۆ وەرگرتنی مووچەو پێداویستییەكانییان گرێدراون بە وەزارەتەكانەوەو پارەیەكی یەكجار زۆریان بۆ خەرج دەكرێت، لە زۆنی زەرد یەكەی 80و زێرەڤانییان هەیەو دوو ناوەندی بەڕێوەبردنی جیاوازیان هەیە، لە زۆنی سەوز یەكەی 70و بەرگریو فریاكەوتنیان هەیەو دوو ناوەندی بەڕێوەبردنی جیاوازیان هەیە، هەتا ئەو لیواو یەكانەی كە بەناو یەكخراونو سەربە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەن، دیسان ئەوانیش بە پەنجا بە پەنجا لەنێوان هەر دوو حیزب دابەشكراون، گەر فەرماندەی لیواكە یەكیتی بێت ئەوا جێگرەكەی پارتییەو ئەم دابەشكردنە شۆڕبوەتەوە بۆ فەوجو یەكەكانی خوارەوەیش. شەڕی ناخۆی ساڵی 1994و رووداوەكانی 16ی ئۆكتوبەر، سەلماندیان كە ئەم هێزانەی پێشمەرگە وەلائیان بۆ حزبەكانیان لەسەرووی وەلائیانەوەیە بۆ نیشتمان سەرەڕای رێزم بۆ قوربانیو شەهیدەكانیان، لە دروستبوونی هەر كێشەیەكدا لەنێوان ئەم دوو حیزبە لە چاوتروكانێكدا دابەش دەبنو سەنگەر لەیەك دەگرنو چاوەڕوانی فەرمانی حیزبەكانیانن بۆ دەستپێكردنی شەڕ. بەهەمان شێوە هێزەكانی ئاسایش دوو هێزی حیزبینو دابەشبوونە لەنێوان هێزەكانی پاراستنو هێزەكانی زانیاریدا. ئەم دوو هێزەی ئاسایش سەرەڕای ئەوەی ساڵانیكە یاسایەك دەرچووە بۆ یەكخستنەوەیان تائیستا تاكە كۆبونەوەیەكیان پێكەوە ئەنجام نەداوە، لەوە سەیرتر ئەوەیە زۆرجار كارمەندی یەكتر زیندانی دەكەن بەتۆمەتی جاسوسیكردن بۆ لایەنی بەرانبەرو راپێچی دادگایان دەكەن. چوارهەم/ حزبی خاوەن پارە، ئاشكرایە لای هەمووان ئەم دوو حزبەو سەركردەو سێبەرەكانیان بونەتە ملیار دێرو ملوێنێر، لەبەرانبەردا حكومەتیكی قەرزارو توانای پێدانی موچەی مووچە خۆرانی نییە، هەرچی كۆمپانیایە هەیە لە هەرێم سەربە ئەم دوو لایەنەنو لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێنو بوونەتە سەرچاوەی كۆكردنەوەی پارە بۆ حیزبو سەركردەكانیان. ئەم دوو حیزبە لەڕێگای دەسەڵاتەكەیانەوە بە هەموو شێوازێك كاریانكردوەو كاردەكەن بۆ كۆكردنەوەی پارەو دەستكەوتی زیاتر بۆ حزبەكانیان، بۆ نموونە لەسەروبەندی بە یاساییكردنی بوجەی حزبەكان كە دواتر بە یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2014 دەرچوێنرا، لە راپورتی هەردوو لیژنەی داراییو ئابوریو لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستاندا ئاماژە دراوە بەوەی كە پێشتر حزبەكانی كوردستان چەند بودجەی مانگانەیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە، ئەوەی تۆماركراوە بۆ پارتیو یەكیتی هەر یەكێكیان مانگانە (35 ملیون) دولاریان وەرگرتووە. پێشتریش عەدنان موفتی سەرۆكی پێشتری پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا دەڵێ:" لە ساڵی 2004وە پارتیو یەكێتی هەر لایەكیان 35 ملیون دولاریان بردوە بۆ خۆیان وەك حیزب"، تەماشاكەن ئەوە یەكێكە لە ئامرازەكانی كۆكردنەوەی پارە بۆ حزبەكانی دەسەڵات لەپاڵ دەیان شێوازی تر، هەربۆیە دەبینرێ حیزب خاوەن پارەیەو حكومەتیش قاسەی بەتاڵ. پێنجەم/ شەرعیەتی هەڵبژاردن، بنەمای حوكمڕانی ئەم دەسەڵاتە لە هەڵبژاردنێكی پڕ سەختەكارییەوە دەستیپێكردو لەیەكەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە دونیایەك تەزویریان كردو لە ئەنجامدا خودی هەردوو حیزب شەرعییەتی هەڵبژاردنەكەیان رەتكردەوە شان بەشانی حزبەكانی تر، تا كار گەیشتە ئەوەی سیستمی پەنجا بە پەنجا پەیڕەو بكەنو بڕیاردرا دوای شەش مانگ هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە، هەربۆیە لەسەر بنەمای ئەم هەڵبژاردنە ساختەكارییە درێژەیان بەحوكمڕانییان دا تاكو ساڵی 2005. ئەم دوو لایەنە سیاسییە لەژێر ناوی شەرعیەتی هەڵبژاردن ساڵ بە ساڵو رۆژ لەدوای رۆژ، پێگەی خۆیان بەهێزكردو بەهێزی دەكەن، هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن ساختەكارییان بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوامی هەیەو هەبووە، جگە لە بەكارهێنانی هێزی سەربازیو چاوسوركردنەوەو هەڕەشەی نانبڕینو پارە بەخشینەوەو بەكارهێنانی دامودەزگای گشتیو یاریكردن بە ئەنجامی دەنگدان... لە كۆتاییدا دەڵێم، بە پشتبەستن بەو بوارانەی كە لەسەرەوە باسمكردن كە لە هەرێمی كوردستان بە زەقی بوونی هەیەو پەیڕەو دەكرێ، بنەماكانی دەوڵەتی قوڵ یان دەسەڵاتی قوڵمان بۆ دەردەخاتو ئامرازەكانی چەسپاندنی ئەو دەسەڵاتەمان بۆ دەردەكەوێ، كەوا پێویست دەكات بەشیوازی جۆراوجۆر روبەڕووی ببینەوەو لەئاستیدا بێ دەنگ نەبین.
مەحمو رەزا ئەمین رۆژی ١٩ی مانگ نەوەیەکی مەسعود بەرزانی، بە ناوی زانکۆکەی باوکییەوە، لە هەولێر، حیزبەکەی باپیری و چوار حیزبی تری کوردستانی کۆ کردەوە بۆ قسەکردن لە سەر: "یەکڕیزی و دەستور!". کەسی یەکەمی حیزبەکانی تر لەو پانێڵەدا سەبارەت بە دەستور و یەکڕیزی قسەی باشیان کرد. بەڵام ئەوەی بە لای منەوە، رەنگە بەلای زۆر کەسی تریشەوە، باش نە بو بێ، ستایش و پیاهەڵدانیان بو بە نێچیروان بەرزانی دا. بەندە لە هیچ بۆنەیەک و لە هیچ کاتێک و لە هیچ شوێنێک، رۆژێک لە رۆژان سەقفێک لەگەڵ هیچ کارەکتەرێکی موتەنەفیزی بنەماڵەی بەرزانیدا کۆی نە کردومەتەوە. شوێنی ژیانی حەوتپشتی هەردولامان بە سەدان کیلۆمەتر لێک دور بون و هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و نیزاعی موڵک لە نێوانمانا نە بوە و نیە و ناش بێ. هیچ دوژمنایەتییەکی شەخسیشم لەگەڵ هیچ فیگەر و کاراکتەرێکی ئەم بنەماڵەیەدا نیە. بەڵام چونکە بنەماڵەکەیان نزیکەی سێچارەکە سەدەیە بە زۆر بو بێ یان بە خوایشت، خۆیان سەپاندوە بەسەرمانا و یاری بە چارەنوسی چوارپارچەی کوردستان و دانیشتوانەکانیانەوە ئەکەن؛ چونکە بە زەبری چەک و پارە بو بێ یان بە خوایشت، دەیان ساڵە فیگەرەکانیان رۆڵی کەسایەتی گشتی ئە بینن، مافی من و هەمو تاکێکی کوردستانییە هەڵسوکەوت و رەفتاریان بداتە بەر نەشتەری رەخنە، چونکە: لە کۆمەڵی زیندوا کەسایەتی گشتی ئەبێ هەمیشە لە ژێر چاودێری میدیا و خەڵک دا بێ. لە کۆمەڵی زیندوا باش کارکردن بۆ بەرژەوەندیی گشتی، ئەرکی سیاسی و قانونی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی کەسایەتی گشتییە. لە کۆمەڵی زیندوا میدیا و خەڵک بۆ کاری باش دەسخۆشی لە کەسایەتی گشتی نا کەن. چونکە ئەگەر بی کا، ئەرکی سەرشانی جێبەجێ ئەکا. ئەگەر نەی کا، خەتا ئەکا و ئەبێ بدرێتە بەر رەخنە و سەرزەنشت بکرێ. چونکە موچە و زێدەمافەکانی، کە لە هی خەڵکانی تر زیاترن، بۆ ئەوە زیادن تا کاری باش بکا و جوڵەکانی ببنە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ گەل و نیشتمان. مەخابن، لە وڵاتی ئێمە دا، چ خەڵک و چ سەرکردەی حیزبەکان و ئەندامەکانیان، چونکە کۆمەڵێکی نیمچە زینو و نیمچە مردوین، کەسێتییەکی گشتی، ئەگەر بەساڵ ئیشێ، رەفتارێ، بەرهەمێکی باشی لێ نە بینی، کەس لە شوێنی پێویستا نەشتەرێکی رەخنەی پیا نا کا، تا تۆزێک هۆشی بهێنێتەوە. کەچی ئەگەر هەنگاوێکی بە جدی یا بە رواڵەت باش بنێ، شانامەی پیا هەڵەدەن. رێک ئەوە لە پانێڵەکەی ١٩ی ٥ی ٢٠٢١، لە سەرکردەی حیزبەکانی تر روی دا. هەمویان زۆر ستایشی هەنگاوەکەی نێچیروان بەرزانییان کرد کە، سەردانی کردون و بۆ "یەکڕیزی!" و "بوژاندنەوەی پرسی دەستور!" لوتفی نواندوە تەشریفی بردوە بۆ لایان! جارێ با بپرسین بۆچی نێچیروان بەرزانی ئەم هەنگاوەی نا و بۆچی ئەرکی "خڕکردنەوەی!" حیزبەکانی سپارد بە کوڕەکەی؟: یەکەم: پارتی و لە سەروی پارتییەوە بنەماڵەی بەرزانی پێیان وایە ئێستا لە هەمو کاتێک بەهێزترن و لەم هەلومەرجەدا هەرچییەکیان بوێ ئەتوانن لە ناو حوکمەت و پارلەمانا بیکەن و تێی پەڕێنن. دوەم: پێیان وایە ئەتوانن لە پرۆژەی دەستورا سیستمی سەرۆکایەتی بچەسپێنن. سێیەم: نێچیروان بە شەخسی تەماحی لەوەیە دەستور و سیستمی سەرۆکایەتی بە پەلە تێپەڕێن و خۆی ببێ بە کاندیدی سەرۆکی هەرێم و دەر چێ و بە شێوازەکەی مامی ئیدارەی هەرێم بدا! چوارەم: ئەگەر تا پێش هەڵبژاردنی پێشخراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەم خەونەی نە یەتە دی، خەیاڵی رەحەت بێ بۆ خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆماری عیراق. هەرچەن ئەم خەیاڵە ٢ فاکتەر بەتاڵی ئەکەنەوە: فاکتەری نەبونی بڕوانامەی پێویست و فاکتەری نەزانینی زمانی عەرەبی، ئەگەر پێوەندیی گوماناوی بنەماڵەی بەرزانی و رژێمی تورکیاشی نە چێتە سەر. پێنجەم: مەسروری ئامۆزای بە جۆرێک پەراوێزی خستوە، هەنێ جار "دەسەڵاتی حصري"ـشی بەکار ئەهێنێ بێ ئەوەی پرسی پێ بکا. ئەوەی بۆ ماوەتەوە، تا لە بیری خەڵک نە چێتەوە، جار جار هەلێک بۆ دەرکەوتنی خۆی بسازێنێ. شەشەم: پەیامێکی نارد بۆ یار و نەیار: وا ئیدریسی کوڕیشم پێگەیشت، نەک هەر خۆم بەڵکو کوڕەکەشم ئەتوانێ کەی بیەوێ "خڕتان بکاتەوە!". تا بەد نە بینی، بەدخانە بەیاد ناکەی!: تا نزیک یەقین پێم وایە، پیاهەڵدانی سەرکردەکان بە نێچیروان بەرزانیا، حوببی عەلی نە بو، بوغزی عومەر بو. رونتر بڵێم: لە رقی مەسرور بە نێچیریانا هەڵدا. چونکە ئەوەی مەسرور لە دو ساڵی رابردوا بەم هەرێمەی کردوە، بارتەقای چەندین ساڵ خراپ ئیدارەدانی باوکی و ئامۆزاکەیەتی. ئەگەر ئەم بۆچونەم دروست بێ، ئەوا پیاهەڵدانەکەی ئەوان نا دروست بو. چونکە نێچیروان زیاتر لە ٢٠ ساڵ، خولێک جێگری سەرۆکی حوکمەت و باقییەکەی سەرۆکی حوکمەت بوە: لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا دۆسێی نەوت بو بە رەگی گولی و چوە گەردنی خەڵکی کوردستان. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا ئابوریی سەربەخۆ خۆیانی کردە خاوەنی دەیان ملیار دۆلار، ماڵی خۆیان ئاوەدان و هی خەڵکیش وێران. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا هەرێم خرایە ژێر باری قەرزی دەیان ملیار دۆلاری. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا روبعە موچە و نیوە موچە بونە خۆشترین هەواڵی رۆژ. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا ئەو روبعە موچە و نیوە موچەیەش چەند مانگ جارێک ئە درا. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا ژمارەی موچەخۆری بندیوار و خانەنشینی نا قانونی و "جاش شەهید!" بونە دەیان و سەدان هەزار. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغا قوڵ و قوڵتر بونەوە. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا نوسەر کوشتن بو بە باو و روبەری ئازادییە گشتییەکانی خەڵک رۆژ لە رۆژ تەسکتر بوەوە. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا میدیای ئەهلی ئیفلاسی پێ کرا و میدیای نەوتاوی جێگەی گرتەوە. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا تەزویرکردنی هەڵبژاردن و کڕینی دەنگ و ویژدان و کۆیلەکردنی تاکی کورد بونە مۆدێل و ئامرازی درێژەپێدانی زوڵم و ستەم. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا لەسەر دەنگ نە دان بە حیزبی زاڵ، خەڵک نانبڕاو و لە وەزیفە دەرەکران. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا مامۆستا و پزیشک و ئەندازیار و دارا و نەدار، بە بەرچاوی کامێراکانەوە درانە بەر شەق و شەقوەشێن پاداشت و شەق تێ هەڵدراو سزا درا. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا دەسخرایە بینەقاقای دەسەڵاتی قەزایی و دادگاکان و کادری حیزب کۆنترۆڵی کردن. لە سەردەمی ئەوا خوێندن و زانست کرانە گاڵەجاڕ... تەندروستی خەڵک کرا بە کاڵای بازرگانی و سەرچاوەی دەوڵەمەن بونی نا شەرعی! لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا بە کاوەخۆ حیزب حوکمەتی قوت دا، هیچ دەزگایەکی نیشتمانی دروست نە بو. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا نیوەی خاکی مێژویی هەرێممان بە قوماری ریفراندۆم دۆڕاند. لە سەردەمی ئەو و لە ژێر سایەی ئەوا سپای تورک و میتی تورکی نیوەی هەرێمەکەمانیان داگیر کرد. کەواتە، ئەگەر پیاهەڵدانەکەتان لە حوببی عەلی بو بێ، هەڵە و کورتبین بون. چونکە لە ئەسڵا نێچیروان بەردی بناغەی کاولکردن و زەلیلکردنی کوردستانی دانا. خۆ ئەگەر لە بوغزی عومەریش بو بێ، هەڵە ترن. چونکە حیزبی سیاسی ئەبێ خەونی گەورەی هەبێ و بە کاردانەوە سیاسەت نەکا... لە رقی بەدتر ستایشی بەد نەکا! لە راستیا خەڵک کاتێک ئومێدیان بە ئێوە زینو ئە بوەوە، ئەگەر لەو پانێڵەیا بەرەوڕوی نێچیروان و بنەماڵەکەی بتان وتایە: "تا ئێرە و بەس... هەموتانمان تاقی کردەوە و چ خێرێکمان لێ نە دین. ئێوە ئەهلی دەوڵەتداری نین. هەمو ئاوەز و رەفتارتان هی خێڵە و هەمو خەون و خەیاڵتان لای بەرژەوەندی خۆتان و بنەماڵەکەتانە. ئێوە ٣٠ ساڵە لە خراپەوە ئەمان بەن بۆ خراپتر؛ لە قەیرانێکەوە ئەمان دەنە دەس قەیرانێکی قوڵتر؛ رۆحی ئینتیماتان لە تاکی کوردا کوشت؛ دەرگای سنورەکانتان کردۆتەوە بۆ تەراتێنی نەیاران و ناحەزان و داگیرکەران؛ تا دێ زوڵم و ستەم و سەرکوتکردن و فەساد و بێ ویژدانیتان زیاد ئەکا؛ بە تەمان تاکەی بی رانن و تاکەی بی خۆن...؟ گیان گەیشتۆتە لوتمان و ئیتر بە زوڕناتان هەڵ نا پەڕین... خۆمان ئامادە ئەکەین لە هەڵبژاردنی داهاتوا دەس بخەینە ناو دەسی یەکتری و ئێوە بگێڕینەوە بۆ قەبارە راستەقینەکەی خۆتان... هەتا ئەوە نە یەتە دی، باسی یەکڕیزی مەکەن، چونکە یەکڕیزی لای ئێوە ئەوەیە خۆتان ئاغا و باقی کۆیلە و شوێنکەوتەتان بن... هەتا ئەوە نە یەتە دی، دەرگای باسی دەستور مەکەنەوە. چونکە بێ دەستوری گەلێک باشترە لە بونی دەستورێک، بنەماڵەیەک یان دوان بکا بە سوڵتان و گەلێکیش بە گەدا".
پەیكار عوسمان (١) - فرەیی بۆ ئەوەیە، کە ڕەنگە جیاوازەکان، خاڵی هاوبەش بدۆزنەوەو کاری پێکەوەیی بکەن و ڕەنگاوڕەنگیی بخولقێنن. نەکئەوەی هەر یەکەو لەسەر بنەمای یەکڕەنگ کردن و نەفیکردنەوەی ئەویتر دامەزرابێ و "نەگونجان" بنەمای سیاسەت بێت. * لێرەشدا فرەیی سیاسی ئێمە، لە جۆری دووەمیانەو هەر یەکێك لە ئەندامەکانی ئەم فرەییە، خۆی لە خۆیدا تاکڕەهەندێکەو دژێکە بە خودی فرەیی! - دیموکراسی بۆ ئەوەیە کە گفتوگۆ دروستببێ، نەكئەوەی تەرەفی زاڵ، بە حوکمی زۆرینەو مەنتقی هێز، گفتوگۆ کۆتایی پێبهێنێ و ڕایەك بسەپێنێ. دیموکراسی بۆ ئەوەیە کە مرۆڤ شکۆمەندبێ و فرەییش لەسەر بنەمایەکی عەقڵانی و ئازادانە دامەزرابێ و جیاوازییەکانیش لێرەوە دروستبووبێ. نەك ئەوەی فرەییەکە، فرەیی مێگەلەکانبێ و کۆمەڵێك مێگەلت هەبێ، کە تەنیا لە بەرژەوەندیدا جیاوازبن و هەموویان لە لێدانی عەقڵ و ئیرادەی ئینساندا، هاوشێوەبن! * لێرەشدا دیوکراسییەکەی ئێمە، لە جۆری دووەمیانەو دیموکراسییەکی ئینتیحارییە. یەعنی دیموکراسییەکە بۆ کوشتنی دیموکراسی. - هەڵبژاردن شتێکە بۆ ئەپدەیتی پرۆسەی سیاسی. ئەپدەیت بەو مانایەی کە نەیەڵێ پەتەکە ببێ بە گرێ و چوار ساڵ جارێك، بڕێك بیکاتەوە. نەكئەوەی تەنیا مونافەسەیەکی ڕووتبێ و هەر گرێ کۆنەکان توندبکاتەوەو گرێ ی نوێشی بخاتە سەر! * هەڵبژاردنی ئێمە، لەوەی دووەمیانەو دەرفەتێك نیە بۆ کردنەوەی گرێکان و دەرچوون لە چاڵەکان. بەڵکو وێستگەیەکە بۆ توندکردنەوەی گرێکان و قووڵکردنەوەی چاڵەکان و چەقینێکی زیاتر تیایاندا. - دەسەڵات بۆ چەسپاندنی مەبدەئی عەدالەت و هاوڵاتیبوونە. نەك ئەوەی وەسیلەی بەدەستهێنانی هێزو بەرژەوەندی بێت، بۆ خۆسەپاندن و چنینەوەی وەلائاتی ناچاری. * ئەوەی ئێمە لە جۆری دووەمیانەو دەسەڵات، لە ڕێگەی ناعەدالەتی و فەسادو ستەمەوە، خەریکی بە بارمتەگرتنی ئینسانەو بوونی ئازادانەو تاکانەی ئەو ئەسڕێتەوەو ئەیکات بە بەشێك لە جەستەی مێگەل. لەوێشەوە ئیتر پاداشت و حسابی ئەو کەسە، جیایە لە هی کەسێکی ئازاد، یان لە هی کەسێکی سەر بە مێگەلەکەی تر. کە ئەم جیاکارییەش، رێك پێچەوانەی بنەمای عەدالەت و هاوڵاتیبوون و حوکدارییەکی ڕەشیدە. - ئۆپۆزسیۆنیش بۆ ئەوەیە کە دەستەکەی تری کۆمەڵگابێت، بۆ بیناو چاكکردن. چاوەکەی تری کۆمەڵگابێت، بۆ بینی ئەوەی کە چاوی یەکەم نایبینێت. نەكئەوەی نیوەکی تری سێوە گەنیوەکە بێت. * موعارەزەی ئێمە، لە جۆری دووەمیانەو دەستەکەی تری تێکدان و چاوەکەی تری چاوبەست و کارگەکەی تری نائومێدییە. - پرۆسەی سیاسی، بۆئەوەیە کە کۆمەڵگا بگات بە باشترین ئاستی بەڕێوەبردنی خۆی. نەك بۆ ئەوەی کە نوخبەیەك بگەنە باشترین دۆخی سواربوون و لێخوڕینی کومەڵگا. * پرۆسەی سیاسی ئێمە، لەمەی دووەمیانەو هێشتا مەیدانی چاکەی گشتی نیەو مەیدانی حەزو غەریزەو عەزەڵات و عوقدەی کەسییە. (٢) ئەمەوێ بڵێم، کێشەی ئێمە، گرگنیی سیاسیی و چەقینە لە شتە بچوکەکاندا. کایەکانی سیاسەت و ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرییشمان.. لەبری ئەوەی دەرفەتێك بن، بۆ هەڵکشان و باڵایی، مەیدانێکن بۆ گرگنیی و داکشانی زیاتر. مەسەلەن ئێمە لە کۆنەوەو هەر لە خێڵ و میرنشینەکانەوە، کێشەی ڕق و خۆخۆریمان هەیەو کاتێکیش، حیزب و هەڵبژاردن و سیاسەت و دەزگای مۆدێرن دێتە گۆڕێ،، ڕق و خۆخۆریی هەر لە شوێنی خۆیدایەو بە هەردو شیوازە کۆن و نوێکە، هەر گرگنیی خۆمان تۆخئەکەینەوەو هەر نەگەیشتین بەوەی کە هاوبەشەو کە گشتییە! ئەگەر "ڕق و دەمارگیریی" خاڵی گرگنیمان بێت. ئەبینین، سیاسەت و میدیاو هەڵبژاردن و فرەحیزبی و جیاوازیی فیکرییمان.. هەمووی هەر هەمان خاڵ تۆخ ئەکەنەوەو هیچیان نەبوونە ڕێگایەك بۆ تێپەڕاندنی گرگنیی. مەسەلەن ئەگەر دەسەودیاری ڕەوتی قەومیی، دنیایەك ڕقی حیزبی و خێڵەکی و ناوچەگەریی و شەڕی ناوخۆبێت.. دەی لەولاوە ئاڕاستەی "دژەقەومی" ئەبوو کێشەی لەگەڵ ئەو ڕقسازییەدا هەبێت، نەكئەوەی ئەویش ڕقێکی ئەستوری تربێت لەولاوە! ئەگەر دیندارەکان دینیان لا ڕەحمەتە، ئەبوو ئەو هەموو ڕقە بەسەر نەیارانیاندا نەبارێنن. چونکە ڕەحمەتێتی شتەکە، لەوێدایە کە گشتیبێ و بۆ جیاوازەکانیش بێت. خۆ ئەگەر ڕەحمەتەکەی هەر بۆ لێکچووەکان بێت، ئەوە فەزیلەت و هونەرێکی تێدانیەو ئەسڵەن لەوێدا کە ئەبێتە مایەی ڕق و دابەشکاری و جیاکاریی، ئیتر ئەوە ڕەحمەتیش نیەو لەعنەتە! ئەگەریش چەپ و علمانی و دژەدینەکان، ئەوەی خۆیان لا کرانەوەو پێشکەوتنە،، ئەبوو پێش هەر شتێ، گرێ ی ڕق و دەمارگیری و تاکڕەهەندی بکەنەوە. چونکە ئەوێ خاڵی داخران و چەقینەو پێچەوانەی کرانەوەو چوونە پێشە. (٣) ئەمەوێ بڵێم، ئەو شەڕو چەلەحانێیەی کە دزەکان سازاندویانە، شەڕی ئێمە نیە. بەڵکو شەڕکردن لەگەڵ کۆی دزی و دزەکان، شەڕی ئێمەیە. بەڵام شەڕەکە بەو جۆرە نا، کە ئەوان دوو جەبهەی ڕقیان بەرامبەر یەکتر کردۆتەوە، ئێمەش جەبهەی سێیەمی ڕق بەرامبەر ئەوان بکەینەوەو لەوێوە بچینەوە ناو هەمان بازنەو خاڵی سفر. بەڵکو شەڕەکە بەو جۆرەی کە سەرەتا، لەوان نەچین و دز نەبین. دواتریش نەچینە ناو بازنەی ڕقبازییەوە، کە کەشی ونبوونی حەقیقەت و بازاڕی لەباری دزەکانە! مەسەلەن هەر ئەوە بەس نیە، کە نەچیتە ناو کەفوکوڵی هەڵبژاردنێکی گاڵتییەوە، کە حیزبەکان تەنیا ڕق و کۆنەقینەکانی خۆیانی تیا دەمەزەرد ئەکەنەوە. بەڵکو ئەوەش گرنگە، کە دوورە پەرێزییەکەت، نەکەیت بە جەبهەیەکی تری ڕق و لەوێوە بچیتەوە ناو هەمان یاریی. یەعنی تەرەفی سێییەم و خەتی سێیەم، یەکسان نیە بە ڕقی سێیەم، کە لێرەدا هەر ئەبینەوە بە کۆپییەکی ڕقی یەکەم و دووەم. بەڵکو خەتی سێیەم ئەوەیە کە ڕق نیەو هۆشیارییە! یەعنی ئەوەی کە لە ڕقی ئەو ئەیکەیت و ئەوەی کە لە ڕقی ئەم نایکەیت، هیچ فەرقی نیەو هەردوکی لە ڕقایەو هیچی لە هۆشیارییدا نیە. ئەوەشی کە لە ڕقدایە، بە هەموو ڕەنگ و دیوێکا هەر زەرەرو گرگنییەو ئەوەشی کە لە هۆشیارییدایە، بە هەموو ڕەنگ و دیوێکا، هەر قازانج و باڵاییە. دواجار باڵاکانی ناو هەموو ڕەنگەکانیش، لەوەدا ئەگەنەوە یەك، کە گشتی و هابەشەو گرگنەکانی ناو هەموو ئاڕاستەکانیش، لە قوڕاوی شەڕو ڕق و دەمارگیریدا چەقیون و هەرگیز ناگەنە خاڵە هاوبەش و گشتییەکان! (٤) ئەخلاق بەگشتی و "ئەخلاقی سیاسی" بەتایبەتی، دوو بنەمای سادەی هەیە: (ئەوەی کە خۆی چاکە)و (ئەوەی کە بۆ تۆ چاکە). یەکەمیان بناغە گشتییەکەیەو ئەگەر لەوێوە دەستپێبکەین، ئیتر دووەمەکە، دژ ناوەستێتەوە لەگەڵ یەکەمەکەداو بەرژەوەندی و خۆپەرستی، سەری ئەخلاق و بەرپرسیارێتی ناخوات. کێشەی ئێمەش ئەوەیە کە، بناغەکەمان نیەو ڕاستەوخۆ دووەمەکە بووە بە یەکەم و ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی! مەسەلەن دزی خۆی لەخۆیدا خراپە. ئەمە بنەمایەکی گشتییەو ئەگەر لێرەوە دەستپێبکەین، ئیتر تۆ سەوزبیت و زەردبیت و شین بیت.. کێشەیەك نیەو نابیتە دز. بەڵام ئەگەر ئەوە نەبێ و یەکسەر لە گیرفانی خۆمانەوە دەستپێبکەین،، ئیتر بە هەر ڕەنگێکەوەبێ، هەر ئەکەوینەوە ناو دزی. چونکە لێرەدا، ئەوەی کە ئەخلاقییەو گشتییە، نیتەو یەکسەر لەوێوە دەستت پێکردوە، کە بەرژەوەندییەو ناگشتییە. کاتێکیش کە سیاسەت ئەبێتە مەیدانی لێدانی بنەما ئەخلاقییەکەو چەسپاندنی بنەما مەسڵەحەتییەکە، ئیتر چارەسەر ئەوەنیە کە ئەم ڕەنگ بگۆڕیت بەو ڕەنگ و بە ڕەنگێکی ترەوە بچیتەوە ناو هەمان یاریی. بەڵکو تەنیا زانینی ڕاستییەکەو ناسینی یارییەکە، بەسە بۆ خۆتەکاندن و چوونە دەرەوە لێ ی! (٥) سەیرکە خلیجییەکان بە سیستەمی مەلەکی و دەسەڵاتی پشتاوپشت، ڕق و خۆخۆرییان تێپەڕاندو چوونە قۆناغی ئیستقرارو هاوبەشی و ئەمەش بۆ ئەوان باڵایی بوو. ئەوروپییەکان بە پێچەوانەوە، حوکمی ڕەهای کەنیسەو پاشایان تێپەڕاندو بە هەڵبژاردن و دەساودەس، ڕۆشتن بەرەو ئیستقرارو باڵایی خۆیان. سەیرکە هەر یەکەو بە شێوازی خۆی، چارەسەری گرگنیی خۆی ئەکات. ئێمەش ئەبێ ئەو شێوازەی خۆمان بیدۆزینەوە، نەكئەوەی لاسایی هەڵبژاردنەکەی ئەمیان و لاسایی پشتاپشتەکەی ئەویان بکەینەوە، کە هیچیان بۆ ئێمە نەبوو بە ئیستقرارو هەردوکی هەر فەوزاو گرگنییەکی زیاترە! من نازانم ئەو شیوازەی خۆمان، چیەو چۆنە، بەڵام ئەزانم هەرچییەك بێت، ئەوەیە کە ڕاستییەو درۆ نیە. تەجروبەی ڕاستییش، ئەوەیە کە ئیتر فەوزا نیەو کۆمەڵگا لەوێدا ئەگاتە ئیستقرارو شکڵی خۆی وەرئەگرێ و مرۆڤەکان لە جۆرەکانی تێکبەربوونەوە ئەپەڕنەوە بۆ جۆرێکی پێکەوەبوون. تەجروبەی خلیجییەکان بۆیە سەرکەوتووبوو، چونکە لەوێدا کۆمەڵگای قەبەلیی و دەسەڵاتی قەبەلیی، ڕاستگۆیانە ئاوێنەی یەکن و هیچیان درۆی غەربی بۆ ئەویتریان ناکات، لە بابەتی ئەو درۆیانەی کە دەسەڵاتە جمهورییەکانی عیڕاق و میسرو لیبیا بانگەشەیان بۆ ئەکرد! تەجروبەی ئەوروپا بۆیە سەرکەوتووبوو، چونکە کۆمەڵگای دیموکراسی و دەسەڵاتی دیموکراسی، ئاوێنەی یەکن و هیچیان ئەوەنیە کە لە ڕووکەشدا شتێكبێت و لەناوەوە شتێکی تربێت. بەڵام ئەزمونەکەی ئێمە، هەر لەوێوە فاشیل نیە، کە دوژمنی دەرەکیی زۆرە. بەڵکو لەناوەوەو هەر لەوێوە فاشیلە، کە درۆیەو کە کۆمەڵگاو دەسەڵاتی ئێمە، ئاوێنەی یەکترنین و هێشتا دۆخی ڕاستگۆیی خۆیان نەدۆزیوەتەوەو خەریکی درۆو نمایشن بۆ یەکتر! ئا لێرەشەوە، ئیتر خێڵت هەیە لەبەرگی حیزبداو حیزبت هەیە بە عەقڵی خێڵەوەو هەڵبژاردنیشت هەیە، بۆ دەساودەسە ئەوروپییەکە نا، بەڵکو بۆ میکیاجی پشتاوپشتە خلیجییەکە! من نازانم ئەو شێوازەی کە ئاپۆ تەرحی کردوە، چەنێك ئاوێنە ڕاستگۆکەی ماڵ و حاڵی ئێمەیە. بەڵام هەر ئەونەی کە عەقڵی بەوە شکاوە، کە شێوازەکانی تر بۆ ئێمە نابێ و ئێمە ئەبێ شێوازی خۆمان هەبێت. هەر ئەونە گرنگەو لە ئاگاییەکی بەرزەوە هاتووە. ئەو ئاگاییەی کە نوخبەی ئێمە، نیانەو لەم نەبوونەشەوە ئیتر، یان خەریکی پیاهەڵدانی تەجروبە غەربییەکەن و حەزئەکەن هەموو جومعەو خەمیسێك هەڵبژاردن بێت. یان سەت و هەشتا پلە بایئەدەنەوە بەلای تەجروبەی سعودی و پشتاوپشتی بنەماڵەییدا. یان نموزەجی لینینی و ماویی و لیبرال دیموکراتی ئەمریکیمان لێ بارئەکەن، یانیش خیلافەتی سەلەفی و ئیخوانیی.. کە ئەمانە هیچی بۆی نابێ و برغووەکەی ئێمە، ئیسپانەکەی لە خۆیدایەو ئەبێ لەناو خۆیدا بۆی بگەڕێین و بدۆزینەوە. مەسەلەن کێشەی تۆ دزییە. سەت دەستورت هەبێ و هەزار هەڵبژاردن بکەیت و دنیایەك ناوی وەکو دیموکرات و سۆسیالدیموکرات و لیبرالیزم و ییزمەکانی تریش ڕیزکەیت.. هیچ لەوە ناگۆڕێت کە پێویستە بگۆڕێت. ئەوەشی کە پێویستە بگۆڕێت، خودی دزییەکەیەو ئەگەر ڕاستەوخۆ نەچینە سەر ئەوێ، ئیتر شتەکان، هەر دیکۆرەو بۆ خۆ دزینەوەیە لە چارەسەر! دەستوریش هەر بۆ دۆزینەوەی ئەو کۆدە خۆماڵییانە باشە، نەك ئەوەی برغوە هەشتییە خۆماڵییەکە، بە ئیسپانەی شانزەی دەرەکیی بکاتەوە. کە ئەم جۆرە کردنەوەیە، ڕێك یەعنی نەکردنەوەو مانەوەی کێشەکان وەکو خۆی. (٦) دیموکراسی شتێکی جیهانییەو ئێمەش برینی خۆماڵیمان هەیە. مەسەلەن هەر لە عەیامی مەلایی و جەلالییەوە برینێكمان هەیە،، چوارساڵ جارێك، هەڵبژاردن دێت، خوێی تێئەکاو قووڵتری ئەکاتەوە. یەعنی هەڵبژاردنی ئێمە، نە خزمەتی دەساودەس و پرەنسیپە جیهانییەکە ئەکات، نە خزمەتی یەکبوون و ساڕێژی برینە خۆماڵییەکە. بەڵکو هەر مەکینەیەکی پەرتبوون و ڕق و دەمارگیری و مانەوەیە لە گرگنیدا. جا هەڵبژاردنێك کە سەرەتاکەی هاڕینی یەکترو ناوەڕاستەکەی تەزویرو ئەخیرەکەی دەساودەس نەکردن بێت،، نە کەری ئێمەی تیایە نە بار، بۆیە پێویست ناکا هەچە هەچەی تێدا بکەین.
یاسین تەها گردبوونەوەی چەند گروپێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوزی بەغداو داخستنی دەروازەكانی ئەم ناوچەیە كە گرنگترین بنكەو بارەگا عێراقیو نێودەوڵەتییەكان لەخۆی دەگرێت (26 ئایار) وەك هەر كودەتایەكی تری تەقلیدی لە عێراقدا هێزی سەربازی تێدا جوڵێنراو خەڵكی پایتەختی خستە دڵەخورتێوە. لە زنجیرەی ئەو بەریەككەوتننانەی كە ناوبەناو لەنێوان مستەفا كازمیو گروپە چەكدارەكاندا روودەدەن، ئەمە پێشهاتێكی گرژو پڕ مەترسیش بوو لە كێشمەكێشی هێزەكانی لایەنگری دەوڵەتو ئەو هێزانەشی پێیان دەوترێت “لا دولە”. بەریەككەوتنی ئەمجارەشیان لە كاتێكدایە كە وڵات خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادە دەكات. جوڵەی ئەمجارەی چەكدارە وەلائییەكان بۆ نمایشی هێز نەبوو وەك ئەوەی دوو مانگ لەمەوبەرو (25 ئازار) كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقو رەبعوڵڵا هەر لە بەغدا ئەنجامیان دا. یان وەكوو وەك كاردانەوەو ركابەریكردنی نمایشی پێشووتری “سرایا السلام”ی سەدرییەكان (8 شوباتی 2021) نەبوو. بەڵكوو، گردبوونەوەی ئەمجارە بۆ ئازادكردنی یەكێك لەفەرماندە حەشدییە سەر بەگۆبەنەكان بوو كە قاسم موسڵیحی ئامر لیوای “الطفوف”و فەرماندەی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبییە، كە بەفەرمانی كازمیو بەپێی مادەی 4ی تیرۆر، تەنها چەند كاتژمێرێك لەوەوپێش بەسەرپەرشتی ئەحمەد ئەبو رەغیف بریكاری وەزیری ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری دەستگیر كرابوو. هەرچەند تۆمەتەكانی قاسم موسڵیح، دۆسییەكانی تیرۆرە، بەڵام لە راگەیەنراوە فەرمییەكانیش بەدیاریكراوی ڕوون نەكراوەتەوە كە چیو چین، بەڵام بەپێی دزەپێكردنەكان، هێرشكردنە سەر بنكەی (عین الاسد)ی ئەمەریكییەكانو تیرۆركردنی چالاكڤانانی خۆپیشاندانی تشرین دەگرێتەخۆ، بەتایبەت ئیهاب وەزنی كە لە كۆتاییەكانی رەمەزانی رابردوو (9 ئایار) لە سەنتەری كەربەلای پیرۆز لای ملیۆنەها شیعە، كرایە دوا تیرۆری چالاكڤانەكانە تشرینییە مەدەنیو راپەڕیوەكان. بەهۆی ئەوەشەوە ئەم هەفتەیە (25 ئایار) خۆپیشاندەرانی باشووری عێراق لە هەموولایەكەوە رژانە گۆڕەپانی تەحریرو گۆڕەپانی نسوری بەغدای پایتەختو دروشمی “كێ كوشتمی؟”یان گوتەوەو جموجوڵەكەی خۆشیان ناونا “شۆڕشی ئیهاب وەزنی” و دوایان لە حكومەتی كازمی كرد بەرەنگاری میلیشیاكان ببێتەوەو بكوژی چالاكڤانەكانیان ئاشكراو دادگایی بكات، هەر لەم میانەیەشدا هەندێك لەو هێزو گروپانەی تشرینییەكان، وەك ناڕەزاییو تووڕەیی، بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی چاوەڕوانكراویان داو بەمەش هیواكانی گۆڕانكاریی لەرێگەی پرۆسەی دیموكراسیو دەنگدانەوە پاشەكشەیەكی گەورەی كرد. قاسم موسڵیح، كە پێشترو لەسەردەمی شەڕی داعش فەرماندەی لیوایەكی سەر بەعەتەبەكانی مەرجەعیەتی نەجەف بووە (الطفوف)، بەر لەوەی سەنگەر بگوازێتەوە بۆ بەرەی وەلائییەكانی ئێران، لەگەڵ براكەیدا (عەلی موسڵیح) پێشینەو پەرێزێكی خراپیان هەیە لەناو خەڵك لە دۆسیەكانی سەركوتكردنی ناڕازییەكانو گەندەڵی داراییو سەرانە وەرگرتنو سپیكردنەوەی پارەو بودجەی هێزەكانی حەشد. هەر لەم میانەیەشدا دایكی ئیهاب وەزنی، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بەدڵنیاییەوە دەڵێت، قاسم موسڵیح هەڕەشەی توندی لە كوڕەكەی كردووە "ئەگەر یەك رۆژیشم مابێت لە ژیاندا هەر دەتكوژم". هەندێكی تر پێیانوایە كاری قاسم موسڵیح گەورەترە لە تیرۆرو سەرانەوەرگرتنو ترساندنی خەڵك، چونكە ناوبراو لەسەردەمی ژیانو چالاكی قاسم سولەیمانیدا (كانونی دووەمی 2020 تیرۆر كرا) بووەتە جێگە متمانەی سوپای پاسدارانو سەرپەرشتیكردنی دۆسیەی ئەمنی میحوەری ئەنباری پێ سپێردراوە كە شیعەی عێراقو ئێران دەبەستێتەوە بە سوریاو مۆڵگەی پێشووی ڕێكخراوەكانی ئەلقاعیدەو داعشیش بووە، هەر ئەمەش قاسم موسڵیحی كردووەتە یەكێك لە ئایكۆنەكانی حەشدی وەلائی لەسەر ئاستی عێراقو پێگەشی لەناو دەستەی حەشدی شەعبی بەهێز كردووە كە بەفەرمی سەر بەدەوڵەتەو بودجەی ساڵانەی لە دوو ملیار دۆلار زیاترە. ئەو هێزانەی لەسەر قاسم موسڵیح چوونە سەر ناوچەی سەوز دەموچاویان پێچرابوو، هیچ لۆگۆو ناونیشانێكیشیان بە ئاشكرا هەڵنەگرتبوو، بەڵام ئەو لایەنانەی زۆر لەڕێگەی بەیاننامەو لێدوانی میدیاییەوە پشتیوانییان كردن، زیاتر بریتی بوون لە عەسایبو كەتیبەكانی حیزبوڵڵاو بزوتنەوەی نوجەبا كە بڕبڕەی پشتی پرۆژەی وەلائییەكان لەناو حەشدی شەعبیدا پێكدەهێنن. ئەم هێزانە بە پاڵپشتیكردنی جموجوڵە سەربازییەكە جارێكی تر جاڕی یاخیبوونیان لە فەرمانەكانی سەرۆك وەزیران راگەیاند، هەروەها بەكردەیی كۆتاییان بەو قسەیەش هێنا كە زۆرجار دەگوترێتەوە كە گوایە دەستەی حەشدی شەعبیو چەكدارەكانی سەر بەسەرۆك وەزیراننو بەشێكن لە پێكهاتە ئەمنییەكانی دەوڵەتو لەژێر ئاڕاستەكردنی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكاندان. هەرچی بەسەر قاسم موسڵیح ئیدانە بكرێت یان ئازاد بكرێت (ئەگەری دووەم زاڵترە)، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت كە گرژییەكانی چوارشەممەی بەغدا خەونی دەوڵەتداریی لەعێراقدا لە سایەی چەكی بەرەڵاو فرەیی مەرجەعیەتی ئاڕاستەكردنی گروپەكان، خستە گیانەڵڵا. لەدوای ئەم رووداوەشەوە جارێكی تر ئەستەمە هیچ كەس باس لە شكۆی دەوڵەت یان قەتیسكردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا بكات، بەتایبەت پاش ئەوەی چەكدارەكان یەكڕاست گەمارۆی سەرۆكایەتی وەزیرانو ماڵی پلەدارە باڵاكانی دەوڵەتیان داو لەهەندێ گرتەی ڤیدیۆییشدا بەلاقرتێوە هەواڵیان دەپرسین كە ئاخۆ چیتر بەتەمای چینو لەكوێن؟ هەڵكشانی پێگەی گروپەكان لەسەر حسابی دەوڵەت، پێش لەسەرهەڵدانی داعشو راگەیەندنی حەشد بەفەرمی (2014) بەردی بناغەی دانراوە، حكومەتەكانی پێشووش (عەبادیو عەبدولمەهدی) لەگەڵیدا ژیاونو بەڕێیان كردووە، بەڵام ناو بەناو كازمی بە دەستبردن بۆ ئەو پرسانەو گوشاری خۆپیشاندەرانی تشرین بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتو میلیشیاكان، هەمووجارێ قەتماغەی برینەكانی سەر جەستەی عێراق لادەبەنو هەمووجارێك گروپەكان هەنگاوێك زیاتر دەچنەپێش لە خۆسەپاندن. بەڵام دیارە خۆیان نایانەوێت كۆنتڕۆڵی تەواوەتی دۆخەكە بكەن چونكە كەرەستەو ئامادەیی ئەوەیان نییە دواتر ئیدارەی دۆخی عێراق بدەن، ئەویش لە سایەی ئابوورییەكی داتەپیو و پێویستییەكی زۆری عێراقدا بە كۆمەكو پەیوەندییە دەرەكییەكان بەتایبەت ئەمەریكاو ئەوروپا كە ئێستا لە دەستی كازمیدایە. سەرەتای بەریەككەوتنی ئاشكرای حكومەتی مستەفا كازمیو گروپە چەكدارە وەلائییەكان دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی 2020، كاتێك كازمی 14 كەسی لە كەتیبەكانی حیزبوڵڵا دەستگیركرد كە تۆمەتباربوون بە هاویشتنی موشەك بۆسەر باڵیۆزخانەو بنكەكانی ئەمەریكا. دواتر چەكدارەكانی ئەم گروپە كە دڕترینو ڕێكخراوترین گروپە وەلائییەكانی ئێرانن هەڵیانكوتایە سەر ناوچەی سەوزو بەنێوانگری مالیكیو سەركردەكانی تری شیعە سەرۆك وەزیرانیان ناچاركرد، بەبێ هیچ سزاو ڕێوشوێنێك گیراوەكان ئازاد بكات. ئەمە لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردووش (2020) دووبارەبوویەوە، كاتێك هێزە ئەمنییەكانی عێراق كادرێكی بزوتنەوەی عەسایبیان بەتۆمەتی تێوەگلان لە هاویشتنی رۆكێت بۆ باڵیۆزخانەكان دەستگیركرد (حسام زریجاوی)و دواتر چەكدارەكانی عەسایب رژانە سەر شەقام بۆ ئازاداكردنیو دۆسیەكەش دیزەبەدەرخۆنە كرا. لە دەستگیركردنی قاسم موسڵحیشدا گەڕێكی تری ئەم بەریەككەوتنە دووبارە بوویەوەو لەبەر رۆشنایی ئەو دوو ئەزموونەی پێشووش، باوەڕێكی زاڵ هەیە كە چارەنووسی قاسم موسڵیحیش هەر ئازادكردنو كۆتاییهاتنی دۆسییەكەیەتی، چونكە ناوبراو ئەڵقەیەكە لە زنجیرەیەكی قایمتر كە حەشدی شەعبییەو سەرانی ناهێڵن بۆ پاراستنی سەركردەكانی تریان لە دوورمەودادا هیچ كەلەبەر و درزێكیان تێ بكەوێت.