سەبارەت بە غیابی دادپەروەریی

2025-09-08 12:23:33
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
ڕەنگە لەناو هەموو بەها ئینسانیی و سیاسییەکاندا بەهای دادپەروەریی گرنگترین و بنەڕەتترین بەهایەک بێت، هەموو کۆمەڵگایەکی تەندروست پێویستی پێیبێت. کۆمەڵگای تەندروست کۆمەڵگایەکە هەم لەناو خۆیدا دادپەروەر و هەم خاوەنی سیستمێکی سیاسیی و حوکمڕانیی دادپەروەرە. ئامادەگیی دادپەروەریی لە هەردوو ئاستەکەدا پێداویستی سەرەکیی و ژمارەیەکە.
کە باس لە دادپەروەریی دەکەم باس لە قسەیەکی زارەکیی و چەمکێکی بۆش و بەتاڵى ناو قسەکردنی ڕۆژانەی ئەم یان ئەو سیاسیی ناپاک و، ئەم یان ئەو چاوساخی دینیی و ئەخلاقیی ساختە ناکەم. باس لە دادپەروەریی وەک بەشێک لە ریتۆریکی قسەکردنی رۆژانەی بێبنەما و بێبناغەش ناکەم، وەک گوتارێکی میدیایی پروپاگەندەخوازیش نایبینم، بەڵکو وەک بەهای ژمارە یەکی ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، وەک ئاکاری هەرەسەرکیی دامەزراوە سیاسیی و یاسایی و بیرۆکراسیی و کۆمەڵایتییەکان و وەک ژێرخانی پەیوەندیی مرۆڤەکانیش لەگەڵ یەکتریدا باسیدەکەم. هاوکات وەک مەسەلەی ژمارە یەک و هەرە سەرەکیی ناو فیکر و بیرکردنەوەش نمایشیدەکەم.
تەنها لە دۆخی ئامادەگییەکی هەمەلایەنی لەو جۆرەی دادپەروەریدا، دەکرێت قسە لە بوونی سیستمێکی حوکمڕانیی و لە ژینگە و کۆمەڵگایەکی تەندروست، بکەین. ونکردنی دادپەروەریی وونکردنی کۆڵەکەی یەکەم و هەرەسەرکی دروستکردنی دونیایەکی تەندروستە، تیایدا بکرێت مرۆڤەکان بە لانی هەرەکەمی دڵنیاییەوە بژین، ژیانێک نرخ و بەهایەکی ئینسانیی هەبێت. لە دۆخێکی لەو بابەتەدا دادپەروەریی هێزی نەفیکەریی جۆرە جیاوازەکانی غەدر و زوڵمی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەلایەتیی و فەرهەنگییە، بنەمای رێزگرتنی مرۆڤە وەک مرۆڤ.
لە فیکری سیاسیی کۆندا، بۆ نموونە لای ئەفلاتون، دادپەروەریی مانای بوونی جۆرێک لە هاوسەنگیی و هارمۆنیەتی ناوەکییە لەناو مرۆڤ خۆی و لە کۆمەڵگاشدا، بەشە جیاوازەکانی رۆحی تاکەکەس و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا رۆڵی دیاریکراو و تایبەت بە خۆیان هەیە کە پێویستە پێی هەڵبسن. مرۆڤ بۆ ئەوەی بوونەوەرێکی عەقلانیی و تەندروستبێت پێویستە دادپەروەر بێت. بێگومان دیدگای ئەفلاتون بۆ دادپەروەریی نووقسانی گەورە و هەمەلایەنی تێدایە، بەڵام خاڵێک لەم دیدگایەدا کە رەنگە تا ئێستاش زیندووبێت و بەکەڵک بێت، بە تایبەتی لە پەیوەندیدا بە سیستمی حوکمڕانییەوە، ئەو خاڵەبێت کە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت حوکمڕانان پێویستە کەسانێکبن رق و تەماح و خواستی ناعەقلانیی و رۆحی تۆڵەکردنەوە و بوغز و ئێرەیی ئاراستەیان نەکات، چونکە کەسایەتی لەوجۆرە نەک توانای سەرکردایەتیکردن و حوکمڕانیکردنی کۆمەڵگایان نییە، بەڵکو توانای حوکمڕانیکردن و ئاراستەکردنێکی عەقلانی خودی خۆیشیان نییە. بۆ ئەوەی حوکمڕانیش هەڵگری ئەو جۆرە ئاکارە نێگەتیڤ و خراپانە نەبێت، هەڵەیە چاوەروانی بوون و ئامادەگیی کەسایەتیەکی ئەخلاقیی بکەین، کە ئەخلاقیبوونەکەی وایلێبکات، دەسەڵاتەکانی خراپ بەکارنەهێنێت و کاری نەشیاو و نەگونجاوئەنجام نەدات، یان زوڵم و زۆر و نادادپەروەریی ئاکاری حوکمرانییەکەی نەبن. ئەخلاق حوکمرانیی چاک ناکات، حوکمڕان، هەرکەسێک بێت، پێویستیی بەوەیە بە شێوەیەکی بەردەوام ترسێکی یاسایی لە کردەی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و لابردن و سزادانی هەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە یاسا و دەزگای لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزادان هەبن و کاربکەن. ئەخلاقی باش حوکمڕانیی باش دروستناکات، بەڵکو یاسا و دەزگا و میکانیزمی بەهێزی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزادانی باش، حوکمڕانی باش دروستدەکات.
لە مێژووی فیکردا بیرۆکەی «مافی سروشتیی» کە لە سەدەی هەڤدەهەمدا بەتەواوی گەشەدەکات، وێنەیەک بۆ مرۆڤ دروستدەکات وەک خاوەنی کۆمەڵێک مافی سروشتیی کە هیچ حوکمرانێک ناتوانێت دەستدرێژیان بکاتە سەر، لەوانەش مافی ژیان و مافی ئازادیی و مافی هەبوونی موڵک و ماڵ. مرۆڤ لەم دیدگایەدا بوونەوەرێکە بەم مافانەوە لەدایکدەبێت. حوکمڕان و کۆمەڵگاش نابێت ناتوانن مرۆڤ لەژێر هیچ ناوێکدا، لەم مافانە بێبەش بکەن. چەند سەدەیەک دواتریش مرۆڤایەتی هەنگاوێکی دیکە دەنێت و قسە لەوەدەکات، کە ئەوەی یاسا و بەهاکان دروست و سەروەر دەکات، پادشا یان حوکمران نییە، بەڵکو خودی کۆمەڵگا و مرۆڤەکانی ناویەتی. ئەم مرۆڤانەش بەیەکتری یەکسانن و هەموویان خاوەنی هەمان ماف و هەمان بەرپرسیاریەتین، بێ گوێدانە دین و پاشخانی کۆمەڵایەتییان.
دادپەروەریی زیاد لە شێوازێکی هەیە کە دەشێت گرنگترینیان ئەم دوو شێوازە بێت. یەکەمیان، دادپەروەریی ئابووریی کە بەرگریکردنە لە دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ هەمووان، بەشێوەیەک کەرامەتی مرۆڤەکان بپارێزێت، ئەمەش مانای بوونی دەرفەت و ئەگەری ئابوریی یەکسان لەبەردەم هەموو کەسێکدا و رێگرتن لە دروستبوونی نایەکسانی ئابووریی گەورە لە کۆمەڵگادا. واتە رێگرتن لەوەی کەسانێک بە ئاسانی ببن بە ملیۆنێر و کەسانێکی دیکە کێشەیان لەگەڵ دابینکردنی بژێویی رۆژانەیاندا، هەبێت. دادپەروەریی لەم ئاستەدا مانای دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی سەروەت و سامانی نەتەوەیی و نیشتیمانیی، بە جۆرێک ئەندامانی کۆمەڵگاکە دەستیان بە سەرچاوەکانی داهات بگات و دەرفەت و ئەگەری یەکسانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییان لەبەردەمدابێت. خزمەتگوزاریی تەندروستیی و خوێندن و فێربوون و شوێنێکی گونجاو بۆ ژیان، بۆ هەمووان مەیسەر بکرێت. بە کورتییەکەی کۆمەڵگاکە خاوەنی ئەو «سەرەتا یەکسان»ە بێت کە فەیلەسوفی ئەمریکی جۆن راولز باسیدەکات.
دووهەمیان، دادپەروەریی کولتورییە، کە ئەمەیشیان رێزگرتن و بەیەکسان سەیرکردنی شوناس و دین و زمان و کەلەپوری کەسان و گروپە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگاکەیە. ئەمەش لە بنەڕەتدا مانای پاراستنی پلورالیزمی کولتوریی و پلورالیزمی ناسنامەی جیاواز، لە کۆمەڵگادا.
هەموو ئەم شتانە وادەکەن کۆمەڵگای دادپەروەر تەنها کۆمەڵگایەکی دادپەروەر نەبێت، چونکە زۆر زەحمەتە دادپەروەریی بەتەنها و بە دابڕاوی لە کۆمەلێک بەهای تر ئامادەبێت. دادپەروەریی هەمیشە پێویستی بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی هەیە کە تیایدا ئەو کۆمەڵگایە دادپەروەریی دەخاتە پەیوەندییەکی سەرەکییەوە لەگەڵ ئازادیی و یەکسانیی و ڕێزگرتنی مرۆڤەکان لەیەکتری. لەم دۆخەدا دادپەروەریی تەواو دوور و دابڕاوە لە بەخشینی ئیمتیازاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی، وەک شتێکی ئاسایی و سروشتیی، بەم یان بەو بەشی کۆمەڵگاکە و بێبەشکردن و لێسەندنەوەی لەم بەش یان ئەو بەشی کۆمەڵگاکە.
خاڵی سەرەکیی لە بنیادنانی سیستمێکی حوکمڕانیی دادپەروەر و لەوێشەوە کۆمەڵگایەکی دادپەروەر، بریتییە لە بەرقەرارکردنی «حوکمی یاسا»، حوکمێک کە دەزگاکانی داوەریی سەربەخۆیانە بیدەن، نەک بە تەلەفۆنی ئەم یان ئەو بەرپرسی سیاسیی، ئەم یان ئەو یاسا بە نیازی سزادان بەسەر ئەم یان ئەو کەسی دیاریکراودا، ئەو بڕیارانە بدەن. هاوکات یاسایەک کە بەسەر هەموواندا پیادەبکرێت، نەک بنەماڵە حوکمڕانەکان و هەڵگرانی دەسەڵات لەدەروەی یاساکاندا کار بکەن و هیچ یاسایەک نەتوانێت بەرپرسیاریان بکات و لێیان بپرسێتەوە. واتە یاساکان دەبێت روون و ئاشکرابن و بەیەکسانیی و بەبێ هیچ فەرق و جیاوازیکردنێک، بەسەر هەموواندا پیادەبکرێت.
خاڵێکی دیکە لە پەیوەندیدا بە یاسا و دەسەڵاتەوە بریتییە لە ڕێگرتن لە کۆبوونەوەی سەرجەمی دەسەڵاتەکان لە دەستی ئەم یان ئەو کەس و ئەم یان ئەو بازنەی بچووک و داخراودا، لەپێش هەمووانیشەوە خێزان و بنەماڵە حوکمرانەکان و نەوەکانیان. ئەمەش نەک تەنها پێویستی بە لێکجیاکردنەوەی دەسەلاتەکانە لەیەکتری، بێگومان بەشێوەیەکی کردەیی و راستەقینە، نەک بە قسە و گوفتاری ناو میدیا و کۆبوونەوەکان، بەڵکو پێویستی بە بوونی توانا و دەزگا و هێزی سەربەخۆی پیادەکردنی یاساکان هەیە.
خاڵێکی دیکەی سەرەکیی لە بوونی دادپەروەرییدا، پاراستنی سەرجەمی ئەو مافانەیە کە مرۆڤ هەیەتی. لەناویشیاندا پاراستنی ژیان و ئازادیی و کەرامەت و موڵک و ماڵ.
دادپەروەریی بەو مانایانەی لەسەرەوە باسمانکرد لەناو هیج یەکێک لە دەزگا سەرەکییەکانی حوکمرانیی و دەزگاکانی تری بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و فەرهەنگی هەرێمی کوردستاندا، بوونی نییە. ئەوەی ئەمرۆکە دەیبینین و رۆژانە رووبەروومان دەبێتەوە، لە گرتن و ئازاردانی خەڵکەوە بیگرە، بۆ سزادانی ئەو بەشەی کۆمەڵگاکە کە قسەدەکات، بە تێپەرین بەناو پەکخستنی سیستمی داوەریی و وێرانکردنی سیستمی خوێندن و فێربوندا، هێما بۆ ئەو نەبوونی و قاتوقڕییە گەورەیە لە دادپەروەریدا، دەکات. ئەوەی لە سی ساڵی رابردوودا ڕوویداوە رووتکردنەوەی کۆمەڵگاکەیە لەسەرجەمی ئەو دەزگا و میکانیزم و پرۆسانەی کە دەشێت بەرگریی لە بوون و کارکردنی لانی هەرکەمی دادپەروەریی بکات. نە سیستمە ئابورییەکە لانی هەرە هەرە کەمی دادپەروەریی تێدایە، منداڵە ملیۆنێر و ملیاردلێرەکانی بنەماڵە حوکمڕانەکان بەراورد بکەن بەو موچەخۆرە هەژارانەی چەندان مانگ بێموچە دەمێننەوە. نە سیستمە سیاسییەکە ئەو لانی هەرکەمەی دادپەروەریی تێدایە، چ منداڵێک لە کوردستاندا دەتوانێت خەونی ئەوە ببینێت ببێت بە «بەڕێوەبەری» قوتابخانەیەکی سەرەتایی بەبێ تێپەڕین بەناو تۆڕی پەیوەندییەکانی ڕازیبوونی بنەماڵە حوکمڕانەکاندا.
بە کورتییەکەی ئەوەی ئەمرۆکە بە ئاشکراو و بەبەرچاومانەوە رووئەدات، لەناوبردن و ناشتنی سیستماتیکی دادپەروەرییە لە سادەترین شێوەکانیدا. ئەمەش دۆخێکە تیایدا دەشێت چاوەڕوانی هەموو جۆرە جیاوازەکانی تەقینەوەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بکەین.
لەباتی و لە شوێنی دادپەروەریی، ئەوەی هەیە و ئامادەیە، ئەوەی حوکمڕانە، تێگەیشتن و قازانج و خواست و سایکۆلۆژیای چەند کەسێکی ناو بنەماڵە حوکمڕانەکان و ئەو نوخبە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازیی و ئابورییەیە بەدەوریاندا دروستبوون. ئەمەش رەچەتە و رێگایەکی تەواو ترسناکە بەرەو دونیایەکی تەواو تاریک.
